Saturday, August 30, 2008

Friday, August 29, 2008

ستاندارد دروست ده‌بێت دروست ناکرێت


ستاندارد دروست ده‌بێت دروست ناکرێت

پرۆفسۆر د. وریا عومه‌ر ئه‌مین

هه‌موو زمانێک له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕینانه‌ی به‌ سه‌ریا دێت ده‌بێته‌ چه‌ند شێوه‌یێکی ناوچه‌یی.. چه‌ند کاتی به‌ سه‌را تێپه‌ڕێ شێوه‌کان زیاتر لێک ده‌ترازێن و لێک دوور ده‌که‌ونه‌وه‌ و جیاوازیی نێوانیان له‌ ڕێزمان و فه‌رهه‌نگ و یاسا ده‌نگییه‌کاندا زیاتر ده‌بێ.واتا هه‌ر شێوه‌یه‌ک ده‌بێ به‌ سیسته‌مێکی سه‌ربه‌خۆ بۆخۆی، جیا له‌ وانی تر. هیچ هێزێ نییه‌ بتوانێ لێکیان داته‌وه‌ و بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بارودۆخی پێشوویان و بیانکاته‌وه‌ به‌ یه‌ک سیسته‌م .
هێندێک وای بۆ ده‌چن که‌ ستاندارد ئه‌وه‌یه‌ شێوه‌کان وه‌ک مزاش تێکه‌ڵ به‌ یه‌کتر بکرێن و یه‌ک شێوه‌یان لێ دروست بکرێ، شتی وا له‌ مێژوو دا ڕووی نه‌داوه‌ و هه‌رگیز ڕوو نادات. ئه‌گه‌ر دوو سیسته‌م لێک بدرێن و بکرێن به‌ یه‌ک هه‌ر دوو تیا ده‌چن.
له‌ ئه‌نجامی چه‌ند هۆکارێکی مێژوویی وه‌ک سه‌رهه‌ڵدانی ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری یا بازرگانی یا ئایینی له‌ یه‌كێ له‌ ناوچه‌کاندا، قسه‌که‌رانی سه‌ر به‌ ناوچه‌ و شێوه‌کانی تر، بۆ ئه‌نجامدانی کاروباری بازرگانی یا ئایینی و ڕۆشنبیریان ڕووی تێ ده‌که‌ن و به‌و شێوه‌یه‌ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن وده‌نووسن.. شتێکی سروشتییه‌ گه‌ڵی وشه‌ و ده‌ربڕین و لایه‌نه‌کانی شێوه‌زاره‌کانیان بخشێنه‌ ناو شێوه‌ (وه‌رگیراوه‌که‌).ئه‌نجام له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێ و نه‌شونما ئه‌کات و په‌ره‌ ده‌سه‌نێ ( ته‌نها لای چینه‌ ڕۆشنبیره‌که‌)، به‌ڵام له‌ ناو خه‌ڵکه‌که‌ وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ شێوه‌ی سلێمانی له‌ کوردستانی خواروودا که‌ بۆته‌ بناغه‌ و ناووکی پێکهاتنی زمانێکی ستاندارد له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا. گه‌ر ستاندارده‌که‌ به‌راورد بکه‌ی له‌ گه‌ڵ قسه‌ی ئاخاوتنی خه‌ڵکی سلێمانی، ده‌رده‌که‌وێ که‌ زۆر جیاوازن.
ستاندارد وه‌ک زمانێکی دووه‌می لێ دێ و قسه‌که‌رانی سه‌ر به‌ شێوه‌ جیاوازه‌کانی تری زمانه‌که‌ فێری ده‌بن.
زمان دیارده‌یه‌کی ڕه‌مه‌کییه‌ له‌ ژێر ڕکێفی یاسا سروشتییه‌کاندا کار ده‌کا و هه‌ڵده‌سووڕێ.. هه‌رگیز هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێک ناتوانێ ده‌سکاریی بکات و دوا ڕۆژه‌که‌ی ده‌سنیشان بکات. هیچ ئه‌کادێمییایێک و ناوه‌ندێکی ده‌سه‌ڵات ناتوانن بڕیار له‌ سه‌ر ده‌ستنیشانکردن و هێنانه‌ ئارای زمانی ستاندارد بده‌ن.(ستاندارد دروست ده‌بێ،دروست ناکرێ).
که‌ باسی ستاندارد ده‌کرێ، هه‌ر ناوی دوو زاراوه‌ که‌ کرمانجی ژوور و خواروو، ده‌هێنرێ، که‌چی زمانی کوردی به‌ لای که‌می چوار زاراوه‌ی ناوه‌ندیی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وان بڵێین چی ؟
ئه‌و ڕایه‌ی که‌ ده‌ڵێ با به‌هه‌ر دوو زاراوه‌ بنووسرێ و بخوێنرێ به‌لای منه‌وه‌ دیارده‌یێکی ئاساییه‌.هه‌ر چۆن ئێستا به‌ دوو زاراوه‌که‌ ده‌نووسرێ و له‌ میدیاکاندا ده‌نگ و باس و پڕۆگرام پێشکه‌ش ده‌کرێ با هه‌روا بێت هیچ ترسی له‌ سه‌ر نییه‌. مێژوو خۆی سه‌روبه‌ری ده‌کات و یه‌کلایی ده‌کاته‌وه‌ به‌ مه‌رجێ ناوچه‌ په‌رست و ده‌ڤه‌رپه‌رستان ده‌ستی تێوه‌رنه‌ده‌ن و هه‌وڵی لێک دوور خستنه‌وه‌یان نه‌ده‌ن... ئێستا زۆر وڵات و میلله‌ت هه‌ن دوو ستانداردیان هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ نه‌رویجی [ نۆروێژی] دووستانداردی هه‌یه‌ ( بووکمۆل و نی نۆرشک).
با ئه‌مه‌ نه‌بێته‌ هۆکارێک بۆ دروستکردنی دووبه‌ره‌کی و کێشه‌یێکی بێ ئه‌نجام له‌ نێوانمان که‌ له‌ زیان زیاتر هیچمان پێ ناگه‌یێنێ..
ئه‌زموونی هه‌موو میلله‌تانی تر به‌ شێوه‌یێکی سروشتی و عه‌فه‌وی و بێ گیروگرفت ئه‌نجام دراوه‌.. له‌ مێژووی زمانه‌وانیدا نه‌بیستراوه‌ ئه‌م جۆره‌ کێشه‌یه‌ له‌ هیچ شوێنێکدا ڕووی دابێ وزمانه‌وان یان ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ری کردبێ.. له‌ هه‌ر وڵات و شوێنێکدا بووبێت، که‌ شێوه‌یێک بۆته‌ هه‌وێنی زمانی ستاندارد قبووڵیان کردووه‌ چونکه‌ ئه‌و شێوه‌یه‌ش هه‌ر زمانی خۆیان بووه‌ و به‌ بیانی سه‌یریان نه‌کردووه‌.
زۆر میلله‌ت هه‌ن زمانێکی تر ستانداردیانه‌. به‌ زمان و شێوه‌کانی خۆیان ده‌دوێن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کتر دا ده‌که‌ن و شێعر و ئه‌ده‌ب ده‌نووسن، بۆ شته‌ زانستی و گشتییه‌کان زمانه‌ بێگانه‌که‌ به‌ کار ده‌هێنن و هۆکاری سه‌ره‌کی لێک به‌ستنیانه‌ ( بۆ نموونه‌ له‌ هیند دا ).
ئامانجی سه‌ره‌کیمان ده‌بێ لێک نزیککردنه‌وه‌یان بێ. ئه‌مه‌ش نایه‌ته‌ دی ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و میدیاکان وشه‌ و ده‌ربڕینی یه‌کتری به‌ کار نه‌هێنن و ڕۆشنبیر و نووسه‌ران بڵاوکراوه‌کانی هه‌ردوولا به‌ به‌ به‌رده‌وامی نه‌خوێننه‌وه‌ و نه‌بیستن.
یه‌که‌م هه‌نگاوی سه‌ره‌کی بۆ نزیکبوونه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ فۆڕمه‌کانی زمانی کارگێڕیی فه‌رمانگا و ده‌زگا ڕه‌سمییه‌کان بکرێن به‌ یه‌ک .
ئێستا له‌ سه‌رده‌مێکی یه‌کجار ناسکداین. گه‌لێ گیروگرفتی ئاڵۆزمان له‌ به‌ر ده‌مه‌ هه‌رگیز کاتی ئه‌وه‌ نییه‌ خۆمان خه‌ریکی مه‌سه‌له‌یه‌کی وا بکه‌ین، ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌کانمان له‌ ده‌ست بدات.


تێبینی : ئه‌م نووسراوه‌یه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ بڵاوکراوه‌یه‌ک به‌ ناوی "بابه‌ته‌کانی زمانی ستاندارد" که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌کادیمیای کوردی یه‌وه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، وه‌رگیراوه‌

Wednesday, August 27, 2008

زمانی نی نۆرشک ی نۆروێژ ، لارش س. ڤیکور





ئیڤار ئۆسێن شۆڕشگێڕی زمانی و بابه‌ گه‌وره‌ی زمانی نی نۆرشک ی
( Nynorsk ) نۆروێژ
1813-1896


نووسینی :لارش ئێس. ڤیکور
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی

تێبینی وه‌رگێڕ: ئه‌م نووسراوه‌یه‌ی لارش ئێس. ڤیکور،Lars S. Vikør پرۆفێسۆری زمانناسیی زمانه‌ سکاندیناڤیاییه‌کان له‌ زانکۆی ئۆسلۆ وئیدیتۆری سه‌ره‌کی قامووسی نۆروێژی(Norsk Ordbok)،قامووسێکی زانستی سه‌باره‌ت به‌ نی نۆرشک و له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان، سێیه‌مین بابه‌ته‌ ‌ له‌ لایه‌ن ئه‌م وه‌رگێڕه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ناسیاوبوونی هۆگرانی بابه‌تی ناسک و گرینگی زمانناسانه‌ له‌ کوردستان له‌ گه‌ڵ بارودۆخی زمانی له‌ نۆروێژ وه‌ک وڵاتێک که‌ دوو ستانداردی زمانی هه‌یه‌ وه‌رگێردراوه‌. ئه‌م بابه‌ته به‌ پێچه‌وانه‌ی وتاری پێشوو‌ له‌ ڕوانگه‌ی له‌سه‌رکردنه‌وه‌ی نی نۆرشکه‌وه‌ نووسراوه‌


نی نۆرشک چییه‌ ؟

نێ نۆرشک شێوه‌زارێکی ستانداردیی نووسینی زمانی نۆروێژییه‌. وشه‌که‌ بۆ خۆی مانای " نۆروێژی نوێ " یان " نۆروێژی مۆدێرن "ه‌. ئه‌م زمانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان داندراوه‌، که‌ له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م دا زمانناس و شاعیر ئیڤار ئۆسێن Ivar Aasen قاعیده‌ و ڕێسای پێنووسینی له‌ شێوه‌ی هه‌ره‌ به‌ڕایی خۆیدا بۆ داڕشت، و له‌ ساڵی 1885وه‌ شان به‌ شانی زمانی ستانداردی نه‌ریتی ، که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک دانمارکی بوو، به‌ڵام به‌ره‌ به‌ره‌ بوو به‌ " بووکمۆلی نۆڕوێژی" ددانی پێدا هاتووه‌ و وه‌کوو زمانی نۆڕوێژیی پێنووسین به‌ ڕه‌سمی ناسراوه‌. بووکمۆل و نی نۆرشک به‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ له‌ هاوژینی هێمنانه‌ دا بوون وهه‌ن ، به‌ڵام هه‌ر وه‌ها له‌ سه‌رانسه‌ری سه‌ده‌ی ڕابردوو دا له‌ ڕکه‌به‌ری به‌رده‌وام و خه‌بات ( شه‌ڕه‌ قسه‌شدا‌) بوون. ئه‌م وتاره‌ زانیاریی سه‌ره‌تایی له‌مه‌ڕ نی نۆرشک و بارودۆخی زمانی نۆروێژی له‌ ڕوانگه‌ی نی نۆڕشکه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

پێشینه‌ی مێژوویی

زمانی نۆروێژی سه‌ربه‌ بنه‌ماڵه‌ی زمانیی ژێرمه‌نییه‌‌، که‌ به‌ئاسایی به‌ لکی زمانانی ژێرمه‌نی ڕۆژئاوایی ( ئینگلیسی، ئاڵمانی، هۆله‌ندی، فریسییایی و ئیدیکه‌.) و لکی زمانانی ژێرمه‌نیی باکووری ( نۆروێژی، سوێدی، دانمارکی، ئایسله‌ندی، فارئۆێسه‌یی) دابه‌ش ده‌کرێ. نۆروێژی زۆر له‌ سوێدی و دانمارکی نزیکه‌، و ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه‌ له‌ یه‌کتری تێده‌گه‌ن.
له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستدا، نۆروێژ شانشینێکی سه‌ربه‌خۆ بوو وله‌وێدا به‌ له‌هجه‌ جیاوازه‌کانی زمانی نۆرسێی کۆن Old Norse قسه‌ ده‌کرا، ئه‌و زمانه‌ به‌ ته‌نیشت زمانی لاتینییه‌وه‌ وه‌کوو زمانی ڕه‌سمیی نووسینیش ده‌کار ده‌کرا. به‌ڵام له‌ ساڵی 1380 به‌ دواوه‌، نۆروێژ شای خۆی له‌ گه‌ڵ دانمارک به‌ش کرد، و به‌ره‌ به‌ره‌ بوو به‌ ژێرده‌سته‌ی ئه‌و وڵاته‌. بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌کانی پازده‌ و شازده‌ی زایینیدا زمانی دانمارکی وه‌کوو زمانی ستانداردی نووسین جێگه‌ی نۆرسێی کۆنی گرته‌وه‌. به‌ڵام، له‌ ئاستی قسه‌کردن دا له‌هجه‌ نۆڕوێژییه‌کان له‌ نه‌ریتی خۆیان هه‌ڵنه‌بڕان و به‌کار ده‌هێندران و ڕێزمانه‌کانییان له‌ ڕووی زمانی نۆرسێی کۆنه‌وه‌ که‌ ده‌زگایه‌کی زۆر پێچه‌ڵپێچی گه‌ردان کردنی هه‌بوو ساده‌ کرانه‌وه‌ و بناخه‌یه‌کی هاسانی مۆدێڕنیان په‌یدا کرد به‌ سیستمێکی گه‌ردان کردنی زۆر که‌مه‌وه‌.
له‌ ساڵی 1814ی زایینیدا، نۆڕوێژ له‌ دانمارک جوێ بووه‌وه‌. دوای حه‌ولێکی نیوه‌ ته‌واو بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ ببێ به‌ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، له‌ گه‌ڵ سوێد که‌وت و یه‌کێتییه‌کی له‌ گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ پێک هێنا، به‌ڵام تا ده‌ره‌جه‌یه‌کی زۆر حوکم و فه‌رمانڕه‌وایی نێوخۆیی هه‌بوو، و له‌گه‌ڵ شتی دیکه‌ دا، پارڵمان، حکوومه‌ت و سیستێمی قه‌زایی له‌ مه‌ڕ خۆی هه‌بوو.
له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا کۆڕوکۆمه‌ڵی نوخبه‌ی نۆڕوێژ به‌ زمانی دانمارکی ده‌یاننووسی و له‌ قسه‌کردنیشدا له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌زگای فۆنێتیکی نۆروێژی شێوه‌یه‌کی ئاڵوگۆڕکراوی ئه‌و زمانه‌یان به‌کار ده‌هێنا. سوێدییه‌کان قه‌ت حه‌ولیان نه‌دا زمانی خۆیان به‌ سه‌ر نۆروێژییه‌کاندا بسه‌پێنن، جا بۆیه‌ ده‌سته‌ڵاتی زمانی دانمارکی هه‌روا به‌رده‌وام بوو و چ قۆرتی له‌ سه‌ر ڕێ نه‌بوو.
سه‌رهه‌ڵهێنانی ناسیۆنالیزم و ڕۆمانتیسیزمی نه‌ته‌وه‌یی ، که‌ له‌ ئاڵمانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت و له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا رێگه‌ی بۆ نێو زۆر وڵاتان ده‌ر کردبوو پڕیشکی گه‌یشته‌ نۆڕوێژیش، ئه‌مه‌ له‌ نێو کۆر و کۆمه‌ڵی ده‌ستڕۆیوی نۆڕوێژ ناڕه‌زایه‌تێکی وه‌رووژاند سه‌باره‌ت به‌و ڕاستییه‌ی که‌ زمانێکی جیاوازی نۆروێژی له‌ گۆڕێدا نه‌بوو‌، جگه‌ له‌ له‌هجه‌کان نه‌بێ ، که‌ زۆر له‌ نیشانه‌کانی زمانی نۆرسێی کۆنیان پاراستبوو‌ و به‌رگه‌ی ئه‌وه‌یان گرتبوو‌ که‌ زمانی دانمارکی له‌ نێو خۆیدا نه‌یان تووێنێته‌وه‌ و به‌ ڕوونی له‌و زمانه‌ جیاوازبوون. ڕۆمانتیسیزمی نه‌ته‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ نه‌ته‌وه‌ چێکردنی کولتووری له‌ نۆروێژ، و به‌شێکی گرینگ و گه‌وره‌ له‌ چالاکییه‌کانی بریتی بوو له‌ کۆکردنه‌وه‌ وبڵاو کردنه‌وه‌ی فۆلکلۆر ( چیرۆک و حه‌قایه‌ت، ئه‌فسانه‌ی بوومی، به‌یت وباو، مووزیکی فۆلکلۆری جۆر به‌ جۆر)، و کۆ کردنه‌وه‌ی ده‌ق به‌ زمانی نۆرسێی کۆنOld Norse ( که‌ زۆر جار بنچینه‌ی ئایسله‌ندییان هه‌بوو)، گرده‌وه‌کۆیی مێژووی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست و کۆنینه‌ ناسی و چالاکی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌. لێکۆڵینه‌وه‌ و " ئاشکراکردنی" له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان به‌شێک له‌و خه‌باته‌ بوو. ئیڤار ئۆسێن Ivar Aasen (96- 1813) ، کوڕی جووتێرکی خه‌ڵکی ڕۆژئاوای نۆڕوێژ شانی وه‌به‌ر ئه‌وکار دا، که‌ که‌متا زۆر له‌ لای خۆی چه‌ندین زمان و له‌وانه‌ نۆرسێی کۆن، زمانناسی به‌راوه‌ردکارانه‌، و له‌هجه‌ی خۆی فێر ببوو و ڕێزمانێکی بۆ دانا و وشه‌کانی له‌ کتێبێکدا شی کرده‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌ی سه‌لته‌نه‌تی زانسته‌کان، که‌ داوودزگایه‌کی تایبه‌تی و ناده‌وڵه‌تی بوو له‌ شاری ترۆندهایم، یارمه‌تی ماڵی پێکرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا بگرێ و سه‌باره‌ت به‌ له‌هجه‌کان زانیاری کۆکاته‌وه‌؛ پڕۆژه‌یه‌ک که‌ چوارساڵی خایاند، و له‌ ساڵی 1848 دا ئیڤار ئۆسێن ڕێزمانێکی به‌راو‌ردیی له‌مه‌ر له‌هجه‌ نۆڕوێژییه‌کان بڵاو کرده‌وه‌ که‌ ده‌یسه‌لماند ئه‌وان ده‌کرێ وه‌کوو زمانی نۆڕوێژی خه‌سڵه‌ت و هه‌بوونێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ ، له‌ گوێن و هاوشان له‌ گه‌ڵ زمانانی سوێدی و دانمارکی. دوو ساڵ دواتر ئه‌و قامووسێکی تێر و ته‌سه‌لی بڵاو کرده‌وه‌.
له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیارییانه‌ی کۆی کردبوونه‌وه‌، ئاسێن قاعیده‌ و ڕێسای زمانێکی نووسینی داڕشت که‌ ده‌کرا وه‌کوو
" شێوه‌زاری سه‌ره‌تایی" بێ بۆ له‌هجه‌کان؛ واته‌ ئه‌و له‌هجه‌کانی له‌ گه‌ڵ یه‌کتری و له‌ گه‌ڵ زمانی نۆرسێی کۆن له‌ به‌ر یه‌ک ڕۆنا، و تێکۆشا ئه‌و خاڵه‌ بدۆزێته‌وه‌ که‌ ئه‌وانی له‌ یه‌کتری جوێ ده‌کرده‌وه‌‌. به‌ سازدانه‌وه‌ی فۆڕمی هاوبه‌ش که‌ ئه‌و هه‌ستی ده‌کرد له‌ بناخه‌ی ڕاستینه‌ و شێوه‌ جیاوازه‌کانی قسه‌ کردن داهه‌بوون،ئۆسێن به‌و ئاکامه‌ گه‌یشت که‌ بنچینه‌یه‌کی هاوبه‌شی بۆ زمانێکی نۆروێژی ستاندارد دۆزیوه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵی 1853 دا، ئیڤار ئۆسێن کتێبێکی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ ده‌قی له‌هجه‌ جیاوازه‌کانی تێدابوو و هه‌ر وه‌ها سه‌باره‌ت به‌و زمانه‌ ستاندارده‌ی که‌ پێشنیاری ده‌کرد و نێوی لێنابوو " Landsmål "، واته‌ زمانی وڵات ( له‌ وشه‌ی " وڵات" مه‌به‌ستی نۆڕوێژ بوو، ئه‌گه‌رچی زۆر جار ئه‌و نێوه‌ به‌ مانای دووه‌می، واته‌، " گوند و ده‌ره‌وه‌ی شاران" لێکده‌درایه‌وه‌). ئاسێن درێژه‌ی به‌ کاره‌کانی خۆی دا و له‌ ساڵی 1864 دا ڕێزمانێکی پێوه‌ردانه‌ری گه‌وره‌ی بڵاو کرده‌وه‌ و له‌ ساڵی 1873 ش دا قامووسێکی پێوه‌ردانه‌ری هه‌موولایه‌نه‌ی بڵاو کرده‌وه‌ و به‌و کاره‌ی له‌وبڕوایه‌ دابوو که‌ ستاندارده‌که‌ی بڕاوه‌ته‌وه‌ و ته‌واوه‌.

ئاسێن به‌ زمانی خۆی هۆنراوه‌شی بڵاو کرده‌وه‌، که‌ ئێمه‌ پێی ده‌ڵێن نی نۆرشک ئه‌گه‌رچی ئه‌م نێوه‌ به‌ ڕه‌سمیی ته‌نێ له‌ ساڵی 1929دا وه‌خۆ کرا. نووسه‌رانی دیکه‌ش به‌ ڕێپێڵگه‌ی ئاسێن داچوون و هێنده‌ی پێنه‌چوو‌ زمانه‌که‌ بۆ نووسینی مژارو بابه‌تی جۆر به‌جۆر به‌کار هێندرا، هۆنراوه‌، په‌خشانی داستانی . په‌خشانی ناداستانی، ڕۆژنامه نووسی، کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندن، دراما و شانۆ. ئه‌و فۆرمه‌ی ئاسێن بۆ زمانه‌که‌ی داڕشتبوو له‌ لایه‌ن زۆر که‌سانه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ک به‌ کۆن داده‌ندرا، به‌ڵام به‌کارهێنه‌رانی له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌کانی وڵات دا زمانه‌که‌یان تیفتیفه‌ دا و هاسانتریان کرد به‌ داهێنانی شێوه‌ی خۆیان له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ هه‌رێمییه‌کانی زێدی خۆیان.

نی نۆرشک به‌ پێی بڕیارێکی پارلمانی له‌ ساڵی 1885 دا به‌ڕه‌سمی وه‌ک زمانێکی یه‌کسان له‌ گه‌ڵ دانمارکی ڕاگه‌یێندرا، و له‌ ساڵی 1892 دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ پێک هات که‌ وه‌کوو زمانی خوێندن له‌ فێرگه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا بخوێندرێ. له‌ ماوه‌ی سی ساڵی دواتر دا زۆر به‌ خێرایی په‌ره‌ی سه‌ند؛ و تا ساڵانی 1920 ، بوو به‌ زمانی بانده‌ست و زاڵ له‌ به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاران له‌ نۆڕوێژ، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕۆژئاوای نۆڕوێژ، به‌ڵام هه‌ر له‌وێش نا. له‌ ساڵی 1902 دا وه‌ک زمانی تۆبزی لێهات بۆ په‌روه‌رده‌ی مامۆستا و فێرکاران و له‌ ساڵی 1907 ته‌نانه‌ت له‌ تاقیکردنه‌وه‌کانی خوێندنی ئاماده‌ییشدا تۆبزی بوو، به‌ ته‌نیشت زمانه‌که‌ی دیکه‌وه‌ ، دانمارکی ( که‌ به‌ڕێگه‌ی چاکسازی له‌ ڕێنووس دا له‌ سالانی 1907 و 1917 دا نوروێژێندرابوو له‌ سه‌ر بنه‌مای شێوه‌ قسه‌ کردنی باشووری – ڕۆژهه‌ڵات، و بووکمۆلی مۆدێڕنی لێ ساز بوو). له‌ ساڵی 1930 دا، بڕیار درا‌ حکوومه‌ت ده‌بێ به‌ پێی ویست و داوخوازی شارۆمه‌ندان و ئه‌وه‌ی که‌ کامیان هه‌ڵده‌بژێرن هه‌ر دووک زمانه‌کان به‌کار بهێنێ.( و ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ‌کۆمه‌ڵێک ڕێسا و په‌سندکراوی ڕه‌سمی دا شیکرایه‌وه‌)

هه‌رله‌و سه‌روبه‌نده‌ دا ڕواڵه‌تی زمان گۆڕدرا.حکوومه‌ت حه‌ولی دا دوو شێوه‌زاره‌کان له‌ یه‌ک نزیک کاته‌وه‌ ودواجار به‌ ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ک چاکسازی له‌ ڕێنووس دا به‌ به‌کارهێنانی شێوه‌کانی قسه‌کردنی ڕۆژهه‌ڵاتی و باکووری،له‌ جیات شێوه‌کانی ڕۆژئاوایی له‌ نی نۆرشک و شێوه‌ی دانمارکی له‌ بووکمول داهه‌ردووک شێوه‌زاره‌کان تێکه‌لاو بکا و له‌ یه‌کتریاندا بتووێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ گه‌ڵ خۆڕاگری و دژایه‌تییه‌کی زۆر به‌ره‌وو ڕوو بووه‌وه‌ و له‌ ساڵانی 1960کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دا به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌ستی لێهه‌ڵگیرا. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئاکامی ئه‌وه‌ی لێ که‌وته‌وه‌ ، که‌ ستانداردی نووسینی نی نۆرشک له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ ڕۆژئاواییه‌کان که‌متر بێته‌وه‌ و ئێستا ئه‌مه‌ له‌ به‌کارهێناندا بانده‌سته‌. به‌ڵام نۆڕمی نووسینی ڕه‌سمی نه‌رمونیانه‌، واته‌ ده‌کرێ مرۆ به‌ پێی شێوه‌زاره‌کانی هه‌رێمی نی نۆرشک بنووسێ، یان به‌ره‌و بووکمۆل لێی نزیک بێته‌وه‌ یان به‌ ئاراسته‌ی دیکه‌ دا، به‌ره‌و فۆرمێکی زۆر نه‌ریتیترکه ‌له‌ سه‌ر بنه‌مای ‌ داڕشتنی ئێڤار ئۆسێنه‌.
له‌ کرده‌وه‌ دا، په‌ره‌سه‌ندنی نی نۆرشک به‌ هۆی له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌ به‌رته‌سک کرا، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو‌ که‌ نی نۆرشک قه‌ت نه‌یتوانی شارۆچکه‌ یان شارێک داگیر بکا. له‌ شارۆچکه‌ وشاراندا ده‌سته‌ڵاتی بووکمۆل بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا بوو، هه‌م توانایی و هه‌م لاوازیی نی نۆرشک له‌ به‌ر ئه‌و جیاوازییانه‌ و تا ڕاده‌یه‌کیش ئه‌و دژایه‌تی و ناکۆکییانه بوو که‌ له‌ نێوان شارنشینی نۆروێژ و گوند نشینی نۆڕوێژ له‌ گۆڕێدا بوون؛ نی نۆرشک ڕه‌مزی " گوندایه‌تی " بوو، و له‌ سه‌رده‌می ڕۆمانتیسیزمی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ له‌ هێز وتوانایی نرخه‌کانی گوندێتی نۆروێژ که‌لکی وه‌رده‌گرت .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ دوای شه‌ڕی دوویه‌می جیهانی ئاڵوگۆڕی به‌سه‌رداهات. به‌ سنعاتی بوونی وڵات و به‌ره‌وپێشچوونی گه‌یاندن و تێکنۆلۆژی مۆدێڕن، شارنشینی و ناوه‌ندێتی زیادی کرد و په‌ره‌ی ئه‌ستاند ، که‌ ئه‌مه‌ش بووکمۆلی به‌هێز کرد و بووه‌ هۆی لاوازی نی نۆرشک.جا بۆیه‌، به‌ ده‌م ساڵانی په‌نجا و شێسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م،‌ نی نۆرشک زۆربه‌ی هه‌ڵویست و پله‌ی خۆی له‌ فێرگه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا له‌ ده‌ست دا، و ته‌نێ له‌ ساڵانی حه‌فتاکاندا له‌ چه‌قی ناوچه‌ی خۆی ئاهێکی به‌ به‌ردا هاته‌وه‌، که‌ له‌ به‌شی دواتر دا باسی لێوه‌ ده‌که‌ین. به‌ پێی " تێکه‌ڵاوێک له‌ بیرهه‌ڵسه‌نگاندن و شیکردنه‌وه‌ی دێمۆگرافی" ئێستا وا داده‌ندرێ که‌ نی نۆرشک له‌ لایه‌ن 10 تا % 15 دانیشتووانی نۆڕوێژه‌وه‌ به‌کار بهێندرێ؛ ئه‌مه‌ ده‌کاته‌ نیومیلیۆن نه‌فه‌ر. له‌ ئاستی سه‌رتاسه‌ری، هه‌رله‌و سه‌روبه‌نده‌ دا نی نۆڕشک راهێزێندراوه‌ ‌، به‌ ڕێگه‌ی ده‌رفه‌ت پێدانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌زگای وه‌شانی ده‌وله‌تی دا به‌ کار بهێندرێ، و به‌ ڕێگه‌ی پێشخستنی داو و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی کولتووریی به‌ هێزی نی نۆرشک. سه‌رباقی ئه‌وه‌ش، حه‌وجێ به‌ خه‌باتێکی به‌رده‌وام هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نی نۆرشک بتوانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی جوگرافیایی خۆی، خۆی بپارێزدرێ.

سنووردانانی جوگرافیایی

له‌ ڕووی جوگرافیاییه‌وه‌، مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی نی نۆرشک به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م بریتییه‌ له‌ ڕۆژئاوای نۆروێژی گوند نشین و ده‌وه‌ره‌کانی ده‌وروبه‌ری ( زۆربه‌یان دۆڵ و ده‌ره‌ی شاخاوین له‌ باشووری نۆڕوێژ). شارۆچکه‌کان هێشتا ملی لێ ده‌سوون و وه‌خۆی ناکه‌ن، به‌ڵام له‌ نۆڕوێژی ڕۆژئاوا دا ژماره‌یه‌ک شارۆچکه‌ی "نوێ" قوت بوونه‌ته‌وه‌ بۆ پیشه‌سازی ئێلێکترۆ – شیمی و ئێلێکترۆ – متالیک، یان ئه‌رک و کاری کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی یان نێوه‌ندگه‌لی میدیا،و لێره‌دا، نی نۆرشک پله‌ و هه‌ڵکه‌وتی تا ڕاده‌یه‌ک به‌ هێزی به‌ده‌ست هێناوه‌ و وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش له‌ گشت ئه‌ر‌که ‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌کار ده‌هێندرێ و به‌م پێیه‌ زمانه‌که به‌شێک له‌‌‌ " شارستانی بوونی " به‌ ده‌ست هێناوه‌.

سنووردانانی زمانی

له‌باری زمانییه‌وه‌، زۆر جار بۆ بێگانان ئاسته‌مه‌‌ له‌پێوه‌ندییه‌کانی نێوان نی نۆرشک و بووکمۆل تێبگه‌ن. ئه‌وان زۆر وه‌یه‌کتری ده‌چن، به‌شێکی له‌ به‌ر نزیکی و وه‌یه‌کچوونی ته‌واو له‌ نێو گشت زمانه‌ سکاندیناڤیاییه‌کان و، به‌شێکیشی له‌به‌ر سیاسه‌تی ڕه‌سمی دۆستانه‌ و ئاشتیانه‌ی زمانی، به‌ڵام زیاتر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر دووک زمانه‌کان به‌ به‌رده‌وامی له‌ عه‌ینی به‌ستێن و چوار چێوه‌ دا ده‌کار کراون ، ئه‌وه‌کارێکی وای کردووه‌ هه‌موو نۆڕوێژییه‌کان ناچالاکانه‌ش بێ هه‌ردووکییان بزانن، جا بۆیه‌ جێکردنه‌وه‌ی هه‌ر دووکیان له‌ بارودۆخی پێوه‌ندی ته‌بیعی و ئاسایی دا ڕێگه‌ی کردووه‌ته‌وه‌ بۆ زۆر شێوه‌ی دیکه‌ی نێوه‌ڕاست و تێکه‌ڵاو " دیاره‌ زۆر زیاتر به‌ چوونی نی نۆرشک به‌ ره‌و ئاراسته‌ی بووکمۆل ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ‌ بووکمۆل لایه‌نی به‌هێزتره‌"، به‌ڵام دیاره‌ هه‌میشه‌ش ئاوانییه‌. زۆربه‌ی نۆروێژییه‌کان به‌ له‌هجان ‌، یان شێوه‌ی ئاڵوگۆڕکراوی له‌هجان قسه‌ ده‌که‌ن ، که‌ تێیاندا تۆوی شێوه‌ی بووکمۆل و شێوه‌ی نی نۆرشک هه‌ن.
جیاوازی سه‌ره‌کی له‌ نێوان بووکمۆل و نی نۆرشک له‌ بناخه‌ی وشه‌ و وشه‌ ڕۆنان دایه‌. زۆربه‌ی ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ مه‌ڕ فۆڕمی دیارن، نه‌ک چین و ده‌سته‌ی وشان، به‌ڵام هێندێک جیاوازی ئه‌وتۆش هه‌ن وهه‌ر دووک زمانه‌که‌ " ده‌رخه‌ر" ی ناسراوی له‌ مه‌ڕ خۆیان هه‌یه‌. له‌ گه‌ردانکردنی ناو دا، نی نۆرشک سیستێمێکی سێ زایه‌ندی هه‌یه‌ که‌ له‌ نۆرسێی کۆنه‌وه‌ بۆی به‌ میرات ماوه‌ته‌وه‌، له‌ کاتێکدا ناو له‌ بووکمۆلی دا دوو زایه‌ندی هه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌شی له‌ دانمارکییه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌، کاتێک که‌، نێر و مێ له‌ " زایه‌ندێکی هاوبه‌ش" دا تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌ و لێک ده‌به‌سترێن. له‌بار ئه‌وه‌ی ته‌قریبه‌ن گشت له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان له‌و خاڵه‌ دا له‌ گه‌ڵ سیستێمی نی نۆرشک هاوبه‌شن، ته‌نانه‌ت ئه‌و له‌هجانه‌ش که‌ له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵات و له‌ چه‌قی پێگه‌ی بووکمۆلی مۆدێرن دا به‌کار ده‌هێندرێن، ئه‌م شێوه‌زاره‌ زۆر فۆرمی مێی ناوانی وه‌خۆ کردووه‌ که‌ وێده‌چێ له‌ قۆناخی تێپه‌ڕێن دا مابنه‌وه‌‌ له‌ نێوان دوو زایه‌ندی و سێ زایه‌ندی دا. بناخه‌ی وشه‌ و وشه‌ ڕۆنان له‌ نی نۆرشک دا زۆر له‌ بووکمۆل پێچه‌ڵپێچتر، به‌ڵام زۆر به‌ قاعیده‌تریشه‌.
له‌باری ده‌نگسازییه‌وه‌ (phonology (،به‌ته‌واوی وه‌ک یه‌ک وان؛ واته‌ هه‌ر دووکیان ده‌کرێ به‌ ڕاوێژی جیاوازی هه‌رێمی ته‌له‌فوز بکرێن وهه‌ر کامیان زیاتر ده‌ناو خۆیاندا جیاوازی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ تا ئه‌وه‌ی له‌ ئاست یه‌کتری جیاوازبن. له‌ ڕووی نه‌حویشه‌وه‌، ئه‌وان ته‌واو وه‌ک یه‌ک وان، ئه‌گه‌رچی لهنی نۆرشک دا گوشارێکی به‌هێزتری پێوه‌ریی هه‌یه‌ به‌ره‌و ڕسته‌ دارشتنی ساکار تر " له‌ سه‌ر بنه‌مای زمانی زاره‌کی"، به‌ بڕبڕ وێژی و ڕسته‌ی کورتتر له چاو‌ بووکمۆل ، که‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ جیاوازی گه‌وره‌تری هه‌یه‌ ده‌ناو شێوه‌ی به کارهێنانی جۆربه‌جۆردا. به‌ڵام له‌م بواره‌ش دا که‌متازۆر پێکهاتن و نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی له‌خۆوه‌ ڕووده‌دا، ئه‌ویش له‌ به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ هه‌ر دووکیان له‌ عه‌ینی کۆمه‌ڵگه‌ دان، و گشت نۆڕوێژییه‌کان که‌متازۆر نۆڕم و قاعیده‌کانی هه‌ر دووک زمانه‌کانیان ده‌ مێشکی دایه‌ وکاتێک که‌ ده‌نووسن له‌ بن کارلێکه‌ری هه‌ر دووکیان دان.
جیاوازی وشه‌ییان له‌ نێو دا هه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و جیاوازییانه‌ زۆر زیاتر بوون: له‌ کاتێکدا‌ بووکمۆل بۆ هه‌نبانه‌ی وشانیش پشتی به‌ دانمارکی ده‌به‌ست، و به‌ لێشاو وشه‌ی لێ ده‌خواسته‌وه،نی نۆرشک په‌تیگه‌ری ده‌کرد و پشتی به‌ وشه‌ی خۆماڵی ده‌به‌ست ، که‌ زۆر جار له‌ له‌هجانی وه‌رده‌گرت یان دای ده‌تاشین. به‌ڵام ئه‌و جیاوازییانه‌ که‌متر بوونه‌ته‌وه‌: بووکمۆل زۆر وشه‌ی له‌ له‌هجان وه‌رگرتووه‌، له‌ هه‌مانکاتدا ‌ نی نۆرشک ده‌ستی له‌ په‌تیگه‌ری هه‌ڵگرتووه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئه‌ووشه‌ نێونه‌ته‌وییانه‌ی که‌ ڕیشه‌ی یۆنانی- لاتینیان هه‌یه‌. دیاره‌ نی نۆرشک هێشتا مه‌یلی په‌تیگه‌ری پاراستووه‌ له‌ هه‌مبه‌ر وشه‌ی خوازراوه‌ له‌ زمانی دانمارکی و له‌ زمانی ئاڵمانی نه‌وی Low German ڕا ( که‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر به‌هێزی وشه‌ به‌قه‌رزدان بوو به‌ زمانه‌ سکاندیناڤیاییه‌کان له‌ ڕابردوو دا)، چونکوو ئه‌و جۆره‌ وشانه‌ له‌ نووسینی نی نۆرشک دا به‌ وشه‌ی " بووکمۆل" و دواجار به‌ " خراپ" داده‌ندرێن، ئه‌گه‌رچی زۆر له‌وان له‌ زمانی قسه‌کردندا ئاسایی و باون. ژماره‌یه‌کی له‌زێده‌ له‌و جۆره‌ وشانه‌ له‌ ستانداری نی نۆرشکیش دا وه‌خۆ کراون، و زۆر له‌ به‌کارهێنه‌ران بۆیان ئاسته‌مه‌ که‌ وشه‌ی شیاوی په‌سند کردن و ناپه‌سند لێک بکه‌نه‌وه‌، جا بۆیه‌ ئه‌و په‌تیگه‌رییه‌ زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی.

هه‌ڵکه‌وت و پله‌ی قانوونی

به‌پێی قانوون نی نۆرشک له‌ گه‌ڵ بووکمۆل یه‌کسانه‌. ئه‌وقانوونی زمانییه‌ی که‌‌ ئێستا له‌‌ بواری خزمه‌ته‌ گشتییه‌کاندا کاری پێده‌کرێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1980، و ئه‌و پرێنسیپه‌ی تیدا گونجێندراوه‌، که‌ دیاره‌ زۆر کۆنتر دامه‌زراوه‌ و کاری پێکراوه‌. ئه‌و قانوونه‌ به‌ وردی باسی گشت ئه‌و ئه‌رکانه‌ ده‌کا که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی حکوومه‌ت بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و دوو شێوه‌زارانه‌ له‌ بواری گشتیدا: ئه‌ونامانه‌ی له‌ لایه‌ن شارۆمه‌ندان ڕا بۆ داو ودزگا حکوومه‌تییه‌کان ده‌نێردرێن ده‌بێ به‌و شێوه‌زاره‌ زمانییه‌ وڵام بدرێنه‌وه‌ که‌ نامه‌که‌ی پێ نووسراوه‌. فۆرم و پرسنامه‌ی جۆر به‌ جۆر که‌ ده‌رده‌کرێن ده‌بێ به‌ هه‌ردووک شێوه‌زاره‌کان، یان هێندێکیان هه‌ر به‌ بووکمۆلی و هێندێکیان هه‌ر به‌ نی نۆرشکی بن. هه‌ر شاردارییه‌ک بۆی هه‌یه‌ شێوه‌زارێک وه‌کوو زمانی ڕه‌سمی خۆی هه‌ڵبژێرێ، و حکوومه‌ت له‌ پێوه‌ندییه‌کانی خۆیدا له‌ته‌ک ئه‌و شاردارییه‌ دا ده‌بێ ئه‌و شێوه‌زاره‌ به‌کار بهێنێ.ئه‌و شێوه‌زاره‌ی بۆ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ دابه‌شکراوی‌ ئیداری‌ گه‌وره‌تر له‌ شاردارییه‌کان (وه‌کوو ئه‌ستانه‌کان) به‌کار ده‌هێندرێ به‌پێی کۆمه‌ڵێک ڕێسای دیکه‌ دیاری ده‌کرێ و ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ژماره‌ی ئه‌و شاردارییانه‌ی که‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ر کام له ئه‌ستانه‌کاندا ئه‌م یان ئه‌و شێوه‌زاریان هه‌ڵبژاردووه‌. نزیکه‌ی یه‌ک له‌ له‌ چواری شاردارییه‌کان نی نۆرشکیان هه‌ڵبژاردووه‌، گشتیان له‌ نێو ئه‌و ناوچه‌ جوگرافیاییه‌یدا هه‌ڵکه‌توون که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باس کرا. ئه‌وانی دی، زۆر له‌ شاردارییه‌کان بووکمۆلیان هه‌ڵبژاردووه‌، له‌ کاتێکدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش بێلایه‌نن که‌ ئه‌مه‌ش به‌ ئاسایی مانای وایه‌ که‌ له‌واندا هه‌م بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاروباره‌کانی خۆیان و هه‌م له‌ پێوه‌ندییه‌کانیان له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تدا بووکمۆل بانده‌ست و زاڵه‌. دیاره‌ ده‌بێ ئاماژه‌ی پێبکرێ که‌ ئه‌و قانوونه‌ زۆر جار پێشێل ده‌کرێ و له‌وجێیه‌ی ده‌بێ نی نۆرشک به‌کاربهێندرێ، بووکمۆل ده‌کار ده‌کردرێ؛ ئه‌مه‌ گیروگرفتێکی باوه‌ و زۆر جار دووپاته‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ پێداویستی ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته‌ گۆڕێ که‌ ڕێکخراوه‌کانی پارێزه‌ری نی نۆرشک حه‌ول بده‌ن تا ئه‌وجێیه‌ی ده‌کرێ ئه‌و ناحه‌قییه‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌.

پله‌و هه‌ڵکه‌وتی شێوه‌زاره‌کان له‌ په‌روه‌رده‌ دا

نی نۆرشک زمانی یه‌که‌می % 15 منداڵه‌ مه‌دره‌سه‌ییه‌کانه‌ له‌نۆروێژ، که‌ زۆربه‌یان له‌ مه‌ڵبه‌ندی جوگرافییای به‌هێزی ئه‌و شێوه‌زاره‌دا ده‌ژین. بۆ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک، زمانی په‌روه‌رده‌ یان به‌ڕێگه‌ی هه‌مووپرسییه‌کی گشتیی خۆجێیی ، یان ( به‌ر له‌ ساڵی 1915) به‌ ڕێگه‌ی بڕیارێک له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ناوچه‌یی قوتابخانه‌ دیاری ده‌کرێ، یان ئه‌گه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشووتر قه‌ت هیچ بڕیارێک وه‌رنه‌گیرابێ بووکمۆل به‌کارده‌هێندرێ وه‌کوو دانمارکی پێشوو. قانوون ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ دانیشتووانی ناوچه‌یه‌ک داوخوازی گۆڕینی زمانی په‌روه‌رده‌ بکه‌ن، له‌ ناوچه‌که‌ هه‌مووپرسییه‌کی گشتی ده‌کرێ، به‌ڵام ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ بڕیار ده‌دا، بێتوو ژماره‌یه‌کی که‌م له‌ ده‌نگده‌ران له‌ هه‌مووپرسییه‌که‌ دا به‌شداری بکه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌لانی که‌مه‌وه‌ ده‌سه‌رخێزان ( دایکوباوک) بیانه‌وێ ،منداڵه‌کانیان به‌ شێوه‌زارێکی دیکه‌ بخوێنن، ئه‌وده‌می پۆلێکی هاوشانی پۆله‌کانی دیکه‌یان به‌و شێوه‌زاره‌ بۆ رێک ده‌خه‌ن. بۆیه‌ زۆر له‌ قوتابخانه‌کان به‌ کرده‌وه‌ هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌کان به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وه‌ مانای وایه‌ که‌ بووکمۆل له‌ زۆرێک له‌ قوتابخانه‌ بووکمۆلییه‌کان به‌کار ده‌هێندرێ، به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌ر ڕاسته‌، و له‌ قوتابخانه‌کانی هێندێک له‌ شارو شارۆچکه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کان ، له‌ وانه‌ ئۆسلۆش، پۆل هه‌نه‌ که‌ منداڵان تێیاندا فێری نی نۆرشک ده‌بن ، ئه‌گه‌رچیش ژماره‌ی ئه‌و جۆره‌ پۆلانه‌ زۆرکه‌من.
قوتابیان له‌ ساڵی هه‌شته‌می خوێندندا، بۆ خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن وه‌کوو " شێوه‌زاری سه‌ره‌کی" بووکمۆل یان نی نۆرشک هه‌ڵبژێرن. به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ده‌بێ شێوه‌زاره‌که‌ی دیکه‌ش وه‌کوو " شێوه‌زاری دوویه‌م" بخوێنن، و ئه‌وان له‌ تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتاییدا که‌ به‌ئاسایی له‌ ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ساڵاندا ده‌کرێ ده‌بێ ئینشایه‌ک به‌ هه‌ر دوو شێوه‌زاره‌کان بنووسن.
بۆیه‌ نی نۆرشک له‌ هه‌موو وڵات دا ئاماده‌یه‌، به‌ڵام زیاتر وه‌کوو" شێوه‌زارێکی دوویه‌م".
به‌پێی ڕێسای په‌روه‌رده‌ گشت که‌ره‌سته‌ و کتێبی خوێندن له‌ قوتابخانه‌کانی نوروێژ دا ده‌بێ له‌ سه‌ربنه‌مای بووکمۆل و نی نۆرشک گه‌ڵاڵه‌ کرابن بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی به‌کارهێنانیان بدرێ. ئه‌مه‌ش، دوای خه‌باتێکی دوورودرێژ له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی نی نۆرشک و ئێستا به‌ یارمه‌تی دارایی به‌رچاوی ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بۆ زۆربه‌ی کتێبه‌کان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌ گه‌وره‌کانی خوێندن جێ به‌ جێ کراوه‌، له‌ کاتێکدا بۆ بابه‌ته‌ پچووکتره‌کان، هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌کان له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌کانی کتێبێکدا جێیان کراوه‌ته‌و. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بارودۆخی به‌ کار هێنانی هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌کان له‌ میدیای ئێلێکترۆنی مۆدێرن دا هیچ ڕێسایه‌کی ئه‌وتۆی بۆ دانه‌ندراوه‌.
له‌ زانکۆکان و کۆلیجه‌ هه‌رێمییه‌کان که‌ ئێستا له‌ هه‌موو ئه‌ستانه‌کانی وڵاتدا دامه‌زراون، نی نۆرشک زیاتر به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌کارهێنه‌رانی تاک. نی نۆرشک له‌ چه‌قی مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی خۆی ، له‌ کۆلیجه‌کانی Sogn og Fjordane و Telemarkو Møre og Romsdal زاڵه‌ ،دیاره‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ هه‌رواش بێ. له‌ هێندێک دامه‌زراوه‌ی دیکه‌ی به‌رزی خوێندندا، وه‌کوو زانکۆی بێرگن، نی نۆرشک به‌ ڕێژه‌ به‌ به‌ربڵاوی ده‌کار ده‌کرێ، و له‌ زانکۆکانی دیکه‌شدا، تا ڕاده‌یه‌ک ده‌رفه‌ت ده‌درێ به‌ به‌کارهێنانی. له‌ هێندێک ده‌وروبه‌ری پچووکتری ئاکادێمی دا ‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ به‌کارهێنه‌رانی نی نۆرشک کۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ بواری زانستییه‌ مرۆییه‌کاندا. له‌ بابه‌تی " زمان و ئه‌ده‌بییاتی سکاندیناڤیایی، به‌ تایبه‌تی زمانی نوروێژی" دا، هه‌ڵبه‌ت نی نۆرشک وه‌کوو تۆوێکی گرینگ ده‌پارێزدرێ. نێوه‌نده‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی نی نۆرشک له‌ دنیای ئاکادێمی دا بریتین له‌ ئه‌نیستیووی ئیڤار ئاسێن له‌ کۆلێجی Møre og Romsdal ( له‌ ڤۆڵدا، نزیکی شوێنی له‌دایکبوونی ئیڤار ئاسێن) و به‌شی نی نۆرشکی دیپارتمانی قامووسنووسی و له‌هجه‌ناسیی نوروێژی زانکۆی ئۆسلۆ.

پله‌ و هه‌ڵکه‌وتی نی نۆرشک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ دا به‌ گشتی

له‌ بواری میدیا دا، نی نۆرشک هه‌ڵکه‌وتی به‌هێزه‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م له‌ مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی خۆی و له‌ هێندێک له‌ دامه‌زراوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کاندا. نۆڕوێژ زۆر ڕۆژنامه‌ی هه‌رێمی و ناوچه‌یی هه‌یه‌، له‌وانه‌ له‌ ناوچه‌ی نی نۆرشک دا، ئه‌گه‌رچی زۆریان به‌ تیراژێکی که‌م بڵاوده‌بنه‌وه‌. ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری ڕۆژانه‌ به‌ نی نۆرشک نییه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو دا هه‌بوو. به‌ڵام حه‌وتوونامه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ نێوی Dag og Tid ( ڕۆژ و کات )، که‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی بیریه‌ و باسی بابه‌تگه‌لی سیاسی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کا. له‌ زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ دا که‌‌ ‌ به‌ بووکمۆلی ده‌رده‌که‌ون، له‌وانه‌یه‌ نی نۆرشک له‌ لایه‌ن نووسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژنامه‌کان ڕا به‌کاربهێندرێ، به‌ڵام زۆر که‌م له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئه‌و ڕۆژنامانه‌وه ده‌کار ده‌کرێ‌. ڕۆژنامه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و پڕ خوێنه‌ره‌وه‌‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کان لاپه‌ڕه‌کانی خۆیان به‌ڕووی نی نۆرشک دا داخستووه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی له‌ ڕۆژئاوای نۆڕوێژ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی هه‌ره‌ به‌ ڕمێنی Bergens Tidende ، به‌ ڕێژه‌ جێیه‌کی باش ده‌ده‌ن به‌ که‌ره‌سته‌ی نی نۆرشک ، هه‌رچه‌ندیش به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م بووکمۆلی به‌کارده‌هێنن.
له‌ بواری وه‌شانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی دا، نۆڕوێژ له‌ ساڵانی 1980کاندا له‌بارودۆخی ئینحیساری ده‌وڵه‌تییه‌ وه‌ ( ده‌گازی وه‌شانی ده‌وڵه‌تی نۆڕوێژ یانNRK ) به‌ره‌و سیستێمێکی ڕکه‌به‌ری تایبه‌تی گۆڕا به‌ چه‌ندین کاناڵی تێلێڤیزیۆنی و زۆر ئیستگه‌ی ڕادیۆیی ناوچه‌ییه‌وه‌. له‌ وه‌شانه‌کانی NRK دا بووکمۆل هه‌میشه‌ زاڵ و بانده‌ست بووه‌، به‌ڵام نی نۆرشک و له‌هجه‌ هه‌رێمییه‌کان له‌و ده‌زگایه‌ دا به‌ ڕێژه‌ هه‌میشه‌ جێیه‌کی سه‌لامه‌تی که‌مایه‌تییان هه‌بووه‌. له‌ ساڵی 1970 دا پارلمانی نۆڕوێژ ڕایگه‌یاند NRK ده‌بێ حه‌ول بدا ئامانجی ئه‌وه‌ بێ که‌ %25 وه‌شانه‌ زاره‌کییه‌کانی به‌ نی نۆرشک بێ، ئامانجێکی که‌ هه‌تا ئێستا قه‌ت پێی نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام به‌ ئاسایی ڕێژه‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ به‌ نی نۆرشک له‌ نێوان 10 و 20 له‌ سه‌د له‌ ڕایه‌ڵه‌ دا بووه. به‌کارهێنانی له‌هجه‌کان له‌ ساڵی 1970وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کردووه‌، و نۆروێژی کردووه‌ به‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی هه‌ره‌ له‌سه‌ره‌خۆ و هه‌ڵکه‌ر له‌و بواره‌ دا، ئه‌گه‌رچی زۆرکه‌سیش، به‌ تایبه‌تی ده‌ناو ئاخێوه‌رانی شارنشینی بووکمۆل دا، به‌ئاشکرایی ئه‌و هه‌ڵکردن و ڕێگه‌ پێدانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ‌ له‌ هجه‌ جیاوازه‌کان ، و بووکمۆل و نی نۆرشک به‌ گشتی چاک له‌ یه‌کتری تێده‌گه‌ن‌، بارودۆخێکی ئه‌وتۆ ڕه‌خساوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ گیروگرفتێکی گه‌وره‌ بێته‌ گۆڕێ. NRK هێشتا سه‌ره‌کیترین و گه‌وره‌ترین کۆمپانی وه‌شانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنییه‌ له‌ نۆڕوێژ، به‌ڵام ده‌زگای وه‌شانی هه‌ره‌ گرینگی تایبه‌تی ، واته‌ TV2، ئه‌گه‌رچی ملی نه‌داوه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌رنامه‌یه‌کی زۆر به‌ نی نۆرشک بڵاو بکاته‌وه‌، به‌ڵام باوه‌شی بۆ له‌هجه‌کان کردووه‌ته‌وه‌، و ئه‌مه‌ش به‌ جوانی ده‌یسله‌مێنێ که‌ زۆربه‌ی بیسته‌ران ئه‌وه‌یان به‌لاوه‌ په‌سنده‌ و قه‌بووڵی ده‌که‌ن. هه‌لبه‌ت له‌ ڕادیۆ ناوچه‌ییه‌کاندا، له‌هجه‌کان زۆر ده‌کار ده‌کرێن.
وه‌زعی نی نۆرشک له‌ بواری شانۆ دا به‌هێزه‌ ئه‌مه‌ش له‌ سایه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یدا که‌ یه‌کێک له‌ تیاتره‌‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کان له‌ ئۆسلۆ(Det Norske Teatret) ، له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی نی نۆرشکه‌وه‌ دامه‌زرا و کاره‌کانی ته‌نێ به‌ نی نۆرشک پێشکێش ده‌کا. دامه‌زرانی ئه‌و تیاتره‌ ‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1913، ویه‌ک له‌ شانۆ هه‌ره‌ چالاکه‌کانه‌ بۆ پێشکێش کردنی نواندنی موزیکال له‌ نۆڕوێژ. له‌ ساڵانی 1970 به‌ملایانه‌وه‌، زۆر تیاتری هه‌رێمی دامه‌زراون ( جگه‌ له‌وانه‌ی که‌ پێشتر له‌ شاره‌گه‌وره‌کاندا هه‌بوون). نی نۆرشک به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌ تیاتره‌کانی نۆروێژی ڕۆژئاوا، و به‌ڕاده‌یه‌کی که‌متر،له‌ جێگه‌ی دیکه‌ش به‌ کار ده‌هێندرێ. دیاره‌ زۆربه‌ی شانۆکان کلاسیکین، و زۆر جار له‌ زمانی ماکی بێگانه‌وه‌ وه‌رگێڕدراون، یان وه‌خۆ کردنی ئه‌ده‌بییاتی کلاسیکن. له‌ زه‌مانی ئیبسێن Ibsen، به‌ملایه‌وه‌ درامای نۆروێژی هێنده‌ زۆر چالاک نه‌بووه‌، به‌ڵام یه‌کێک له‌ دراماتیسته‌ هه‌ره‌ کارامه‌ و پڕ به‌رهه‌مه‌کان له‌و ساڵانه‌ی دواییدا که‌ له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا به‌ نێوبانگه‌ واته‌ یۆن فۆسێ Jon Fosse (1959- )، به‌ نی نۆرشک ده‌نووسێ

به‌ نی نۆرشک فیلم زۆرکه‌م ساز ده‌کرێ، ته‌نێ چه‌ند فیلمێک نه‌بێ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌بییاتی کلاسیکی نی نۆرشک.

له‌نێو کلیسای ( لوتێری ده‌وڵه‌تی) دا ( که‌ %85 دانیشتوان به‌ قسه‌ سه‌ر به‌و ڕێڕه‌وه‌ن)، نی نۆرشک له‌ چه‌قی
ناوچه‌ی به‌هێزی خۆیدا هه‌ڵکه‌وت و پله‌ی پته‌وه‌. یارمه‌تیدانی سه‌ره‌کی نی نۆرشک به‌ ژیانی کلیسایی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دا هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک سروودی دینییه‌ به‌ نی نۆرشک ، که‌ به‌نێوبانگن و له‌ هه‌موو جێیه‌ک ده‌خوێندرێنه‌وه‌. کتێبی ئینجیل، هه‌ڵبه‌ت هه‌م به‌ بووکمۆل و هه‌م به‌ نی نۆرشک هه‌یه‌ ( یان چاپی جیاواز به‌ هه‌ردووکیان که‌ له‌ سه‌رده‌می جیاواز دا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ زمانی ده‌قه‌کاندا حه‌ول دراوه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ هه‌ر دوو شێوه‌زاره‌کاندا ڕوویان داوه‌ ڕه‌نگ بداته‌وه‌).
له‌ زۆربه‌ی ڕێکخراوه‌کاندا ( سێندیکا پیشه‌ییه‌کان، ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیپارێز یان کۆمه‌ڵه‌ دڵخوازانه‌کان)، له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێگه‌ی ناوچه‌ی نی نۆرشک، بووکمۆل بانده‌سته‌، جگه‌ له‌ ڕێکخراوه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کاندا نه‌بێ که‌ له‌ ئاکامی بزووتنه‌وه‌ی پاراستنی نی نۆرشک دا سه‌ریان هه‌ڵهێناوه‌ و سه‌ربه‌ کولتووری گوندیانه‌ و ده‌ره‌وه‌ی شارانی نی نۆرشکن. پارتییه‌‌ سیاسییه‌کان زۆرتر بووکمۆل به‌کارده‌هێنن، به‌ڵام له‌ پێگه‌ی نی نۆرشک و جار جار له‌ بۆنه‌ و به‌ستێنی دیکه‌ش دا نی نۆرشک ده‌کار ده‌که‌ن.
له‌ ژیانی بیزنس و ته‌جاره‌ت ، له‌ رێکلامی بازرگانی، وبواری دیکه‌ی ئه‌وتۆ دا، هێزه‌کانی بازاری ئازاد مه‌یلیان به‌ره‌و به‌کار هێنانی شێوه‌زاری هه‌ره‌ گه‌وره‌ واته‌ بووکمۆله‌، ته‌نێ له‌ هێندێک به‌ستێنی تایبه‌تی دا که‌ به‌ "بێلایه‌ن" دا ده‌ندرێ ڕێگه‌ ده‌ده‌ن به‌ که‌مایه‌تی خۆی بنوێنێ. له‌وبوارانه‌دا نی نۆرشک جگه‌ له‌ چه‌قی ناوچه‌ی خۆی ڕۆژئاوای نۆروێژ نه‌بێ ده‌نگی نییه‌.

ئه‌ده‌بییات

ئه‌ده‌بییات هه‌میشه‌ و ئێستاش یه‌ک له‌ بواره‌ به‌هێزه‌کانی نی نۆرشک بووه‌‌. ئیڤار ئاسێن به‌ته‌نیشت زمانناس بوون و زمانداڕێژ بوونه‌یه‌وه‌ شاعیریش بوو، و کۆمه‌ڵێک له‌ شێعره‌کانی و ئه‌و گۆرانییانه‌ی له‌ سه‌ر شێعره‌کانی وی ساز کراون هێشتاش زۆر خۆشه‌ویست و گه‌لویستن. زۆر له‌ نووسه‌رانی ئه‌ده‌بییات ڕێچکه‌ی ئه‌ویان گرت، و زمانه‌که‌یان ده‌وڵه‌ومه‌ند کرد و به‌ بۆن و به‌رامه‌ی جیاوازی به‌شه‌جیاوازه‌کانی وڵات خه‌مڵاندیان و به‌ره‌وپێشیان برد، و په‌ڕه‌یان دا به‌ شێواز و بابه‌ته جیاوازه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان. دوو شاعیر و نووسه‌ری هه‌ره‌ گرینگ و‌ به‌نێوبانگ که‌ به‌ دووی ئیڤار ئاسێن دا هاتن ئاسموند ئوولاڤسۆن ڤینیێ Aasmund Olavsson Vinje (1818-70) و ئارنێ گاربۆری Arne Garborg (1851-1924) بوون. ئه‌وان زۆریان له‌ سامانی شێعری به‌کارهێنه‌رانی دواتری نی نۆرشک زیاد کرد و شێوازی مۆدێڕنی نی نۆرشکیان له‌ به‌ستێنی ڕۆژنامه‌نووسی و وتارنووسی دا به‌ره‌وپێش برد و خه‌مڵاندیان.له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نی نۆرشک له‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ دا بوو له‌ چواردیواری " فۆلکلۆر" و کولتۆرێکی زمانی که‌ هه‌ر چاوی له‌ ڕابردووبێ، قه‌تیس بێ. ڤینیێ و گاربۆری ده‌ورێکی بڕیار ده‌ر و سه‌ره‌کییان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی زمانه‌که‌ بکه‌ن به‌ ئامرازی ده‌ربڕینی بیر و ڕامانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هاوچه‌رخ ، و یارمه‌تیان کرد به‌ ڕادیکاڵ بوون و دێمۆکراتیک کردنی بزووتنه‌وه‌که‌ له‌و سه‌روبه‌ندی دا. گاربۆری ڕۆماننووسیش بوو، و سه‌رچاوه‌ی نووسینه‌کانی له‌و زانیاری و لێزانییه‌دا بوو که‌ سه‌باره‌ت به‌ کولتووری دینی ناوچه‌ی گوندیی زێدی خۆی له‌ باشووری ڕۆژئاوای نۆڕوێژ وله‌مه‌ڕ ڕه‌وته‌ ئانارشیست و نیهیلیسته‌کان ده‌نێو ڕووناکبیران و " بۆهێمییه‌کان" ی پێته‌خت دا هه‌یبوو.
به‌دوای تێوه‌رسووڕانه‌وه‌ی سه‌ده‌ دا ئه‌ده‌بییاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رین په‌یدا بوو. لێره‌ دا باسی چه‌ند نووسه‌ری هه‌ره‌ ناسراو و هه‌ڵکه‌وتوو ده‌که‌ین. ئوولاڤ دوون Olav Duun (1876-1939)، ‌ به‌ ڕۆمانه‌کانی که‌ بارودۆخی زێدی خۆی له‌ ده‌وه‌ری قه‌راخ ده‌ریا له‌ Trøndelag, باکوور ده‌گێڕنه‌وه‌ وله‌باری ده‌روونییه‌وه‌ شوێنێکی زۆر له‌ سه‌رمرۆ ده‌که‌ن، له‌ ساڵانی 1920کاندا له‌وانه‌ بوو خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بییات بباته‌وه‌؛ تاریێی ڤێساس Tarjei Vesaas (1897-1970) که‌ له‌ ساڵانی په‌نجاکان و شێسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دا چه‌ندین ڕۆمانی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ کارتێکه‌رییه‌کی قووڵی ڕه‌مزیان هه‌بوو وله‌ وه‌جی سه‌رده‌می خۆیدا بوو به‌ یه‌ک له‌ نووسه‌رانی هه‌ره‌ خۆشه‌ویستی نۆڕوێژ، و ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی نێوه‌نه‌ته‌وه‌ییشدا. ؛ شارتان فلوێگستاد Kjartan Fløgstad (1944- ) ، که‌ جارێکی دیکه‌ ئه‌ده‌بییاتی نی نۆرشکی نوێ کرده‌وه‌ به‌ نووسینه‌ گاڵته‌ ئاماله‌کانی خۆی، له‌ ژێر کارتێکه‌ریی رێئالیزمی جادوویی ئه‌مریکای لاتین دا، و زۆر جاربه‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌ بارودۆخی شارۆچکه‌ سنعاتییه‌کانی باشووری نۆروێژ یان ده‌وروپشتی کۆمه‌ڵگه‌کانی نزیکی ده‌ریا ‌، نووسینه‌کانی بۆن و به‌رامه‌ی سیاسییان هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌زه‌قی وشێوه‌یه‌کی بانگه‌شه‌ده‌رانه‌؛ ئێدڤارد هوم Edvard Hoem (1949- )، زۆرتر ڕۆمانی سیاسی ده‌نووسێ و بارو دۆخی ده‌ره‌وه‌ی شاران یان شاره‌ پچووکه‌کانی ڕۆژئاوای نۆروێژ ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ ته‌نێ چه‌ند نووسه‌رێک بوون ده‌ناو ژماره‌یه‌کی زۆر دا، به‌ڵام له‌ به‌رئه‌وه‌ی که‌ کاره‌کانی زۆربه‌ی ئه‌وان وه‌رنه‌گێردراون " به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ شێعره‌ به‌رزانه‌ی که‌ به‌ نی نۆرشک هۆندراونه‌ته‌وه‌" پێویست ناکا زیاتری له‌ سه‌ر بڕۆین. ‌ جگه‌ له‌ ئاماژه‌ به نێوی ‌ ئوولاڤ ئێچ. هاوگ Olav H.Hauge 1908-1984 نه‌بێ ، شاعیرێک که‌ کاره‌کانی وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی ئینگلیسی، و یه‌ک له‌ شاعیره‌ هه‌ره‌ به‌نێوبانگه‌کانی وه‌جی خۆیه‌تی.
هه‌بوونی کۆمه‌ڵێکی زۆری کاری ئه‌ده‌بی هۆیه‌کی گرینگه‌ که‌ نی نۆرشک توانیویه‌تی ئاوا به‌ باشی خۆی بپارێزێ و بمێنێته‌وه‌، چونکوو به‌گشتی به‌شێکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بییاتی نۆروێژی که‌ هه‌موان ده‌بێ فێری ئه‌و ئه‌ده‌بییاته‌ بن و لێی بزانن جا خۆیان چ ئاخێوه‌ر و به‌کارهێنه‌ری بووکمۆل بان یان نی نۆرشک ( له‌ هه‌مان کاتدا ئاخێوه‌ر و به‌کارهێنه‌رانی نینۆرشکیش ده‌بێ له‌ گه‌ڵ ئه‌ده‌بییاتی ده‌وڵه‌مه‌ندی بووکمۆل ناسیاوی په‌یدا که‌ن و لێی فێربن). به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره‌ نی نۆرشک نووسانه‌ له‌ لایه‌ن وشانخانه‌ی جۆر به‌ جۆره‌وه‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ بڵاوکه‌ره‌وه‌ی ئه‌وتۆش هه‌بوون که‌ هه‌ستێکی تایبه‌تی به‌رپرسیارانه‌یان له‌ ئاست نی نۆرشک له‌ خۆیانه‌وه‌ نیشان داوه‌. وه‌شانخانه‌ی , Det Norske Samlaget ( له‌ ئۆسلۆ)، که‌ له‌ ساڵی 1868 دامه‌زراوه‌، له‌ ساڵانی 1960 کانه‌وه‌ وه‌کوو یه‌ک له‌ بڵاوکه‌ره‌وه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی نی نۆرشک خۆی دامه‌زراندووه‌.

سه‌رچاوه‌ به‌ زمانی نی نۆرشک

بۆ ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێ فێری نی نۆرشک ببن ، سه‌رچاوه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌نده‌ش نین که‌ دڵ پێیده‌وێ. لێره‌ دا باسی سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌کییه‌کان ده‌که‌ین

کتێبی سه‌ره‌تایی

بۆ ئه‌وانه‌ی نۆروێژیی بووکمۆل، دانمارکی، یان سوێدی ده‌زانن، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌تایی بۆ فێربوونی نی نۆرشک زۆرن، که‌ زۆربه‌یان بۆ فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی و نێوه‌ندی نووسراون ( زۆربه‌یان به‌ نی نۆرشک. ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ یه‌کێک له‌ شێوه‌کانی سکاندیناڤیایی بزانن ده‌توانن ده‌قی نی نۆرشک تا ڕاده‌یه‌کی زۆر بخوێننه‌وه‌ و لێی تێبگه‌ن، ئه‌گه‌رچی کتێبێکی سه‌ره‌تایی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ فێر بێ چالاکانه‌ له‌ زمانه‌که‌ ڕابێ و به‌کاری بهێنێ).
ڕێزمان
هێندێک کتێبی سه‌ره‌کی ڕێزمان به‌ نی نۆرشک نووسراون. ته‌نیا کتێبی ڕێزمان که‌ به‌ ئینگلیسی له‌ سه‌ر ڕێزمانی نی نۆرشک نووسرابێ کتێنی په‌ر مۆن و په‌ر- بیۆرن پێدرسنه‌. ڕێزمانی نۆروێژی:
Per Moen and Per-Bjørn Pedersen: Norwegian
grammar (1983
قامووس
چه‌ندین قامووس و وشه‌نامه‌ی نۆروێژی – ئینگلیسی بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. باشترینیان قامووسی نۆروێژی – ئینگلیسییه ئاینار هاوگن‌ گرده‌وه‌کۆیی کردووه‌، که‌ هه‌م فۆرمی بووکمۆل و هه‌م نی نۆرشک ی تێدایه‌
Einar Haugen 1965



نووسه‌ر پڕۆفێسۆر لارش س.ڤیکور مامۆستای زمانناسی زانکۆی ئۆسلۆ - نۆروێژ

تێبینی : ئه‌م وتاره‌ی پرۆفێسۆر لارش ئێس. ڤیکور مامۆستای زمانناسیی سکاندیناڤیایی له‌ زانکۆی ئۆسلۆ، نۆڕوێژ له‌ ماڵپه‌ڕی نێوه‌ندی ئیڤار ئۆسێن Ivar Aasen- Tunet به‌ زمانی ئینگلیسی بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

http://www.aasentunet.no/default.asp?menu=94&id=453

وێنه‌ی لارش س.ڤیکور وێنه‌گرMartin Toft هه‌ڵیگرتووه‌
وێنه‌ی ئیڤار ئاسێن بابه‌گه‌وره‌ی نی نۆرشک له‌ گووگل وه‌رگیراوه‌

Monday, August 25, 2008

زمانی کوردی و کورد بوون




زمانی کوردی و کوردبوون


کاوه‌ ئه‌مین


بڕبڕه‌ی پشتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک زمانه‌که‌یه‌تی، به‌ تایبه‌تی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراوی وه‌کو کورد که‌ زۆر جار زمانه‌که‌ی ته‌نها چه‌کێک بووه‌ بۆ خۆپاراستن و مانه‌وه‌ی له‌ نێو گه‌له‌ گوورگی داگیرکه‌راندا. به‌ڵام له‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆدا ته‌نها زمان نییه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی هه‌ندێک تاکی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ هه‌چ هۆیه‌که‌وه‌ بێت زمانی کوردی نازانن، به‌ڵام که‌ دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئاخۆ کوردن یانیش سه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ن که‌ به‌ زمانه‌که‌ی ده‌ئاخفن، ئه‌وا بێ سێ و دوو، خۆیان به‌ کورد ده‌زانن، نموونه‌ی له‌م جۆره‌ زۆرن به‌تایبه‌تی له‌ باکووری کوردستاندا، ته‌نانه‌ت زۆرێک له‌و ڕێگایه‌دا شه‌هیدیش بوون و یه‌ک وشه‌ی کوردیشیان نه‌زانیوه‌. مه‌به‌ست له‌م چه‌ند دێره‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ پاساو بۆ ئه‌وانه‌ بهێنمه‌وه‌ که‌ کوردی نازانن، به‌ڵکو له‌ هه‌موو رۆژێک زیاتر کورد پێویستی به‌ زمانه‌که‌یه‌تی، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ده‌یان و سه‌دان زمان له‌ دنیادا به‌ره‌و نه‌مان ده‌چن. کێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ که‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆ و له‌ داهاتوویشدا رووبه‌روومان ده‌بێته‌وه‌، هه‌بوونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ دیالێکت و زاراوانه‌یه‌ که‌ زمانی کوردیان لێ پێکهاتووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی لێکتێنگه‌یشتن، ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک نووسه‌ر و زانستکاری بیانی و ته‌نانه‌ت خۆماڵیشه‌وه‌، بانگاشه‌ی فره‌ زمانی کوردی بکرێت، به‌تایبه‌تیش که‌ ئه‌مڕۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌کو سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌ لایه‌ن ڕۆژئاواوه‌ چاوی تێ بڕاوه‌ و سیاسه‌تی په‌رتکه‌ و زاڵبه‌ دیسان بره‌وی په‌یدا کردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌تا به‌ ده‌ستی بێگانه‌ی دوور و نزیک ده‌یانه‌وێت ئێزیدی و شه‌به‌ک و که‌ڵهوڕ و زازاک و هه‌وارمیش هه‌ڵاوێرن، له‌ ئه‌ڵمانیا و سوێد و له‌ کوردستانیش هه‌وڵی له‌و بابه‌ته‌ له‌ ئارادان. شان به‌ شانی ئه‌و هه‌وڵانه‌، ئێستا گفتووگۆیه‌ک له‌ نێوان هه‌ردک دیالێکتی کورمانجی سه‌روو و خوارو(سۆرانی) له‌لایه‌ن هه‌ندێک نووسه‌ری کورده‌وه‌ که‌ گومان له‌ دڵسۆزی هه‌ندێکیان نییه‌، رووپه‌ری رۆژنامه‌کانیان داگیرکردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌و گفتووگۆیه‌ شین بووه‌، دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ نه‌ک له‌یه‌ک نزیکردنه‌وه‌ دیالێکته‌کان، ئه‌وه‌یش له‌ ناشاره‌زاییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، چونکه‌ هه‌ندێک له‌وانه‌ی داوای یه‌ک دیالێکتی ده‌که‌ن، ته‌نها له‌ دیدێکی عه‌تفی و ئیدیۆلۆگی بۆ مه‌سه‌له‌که‌ ده‌ڕوانن، ئاخر به‌شێکی زۆریان نه‌ک زمانزان نین، به‌ڵکو خۆشیان به‌ کوردییه‌کی سه‌قه‌ت ده‌نووسن. خۆشیمان بێت و ترشیمان بێت، ئه‌مڕۆ زمانی کوردی بۆ دوو دیالێکتی سه‌ره‌کی و دوو شێوه‌ی نووسین که‌ ده‌بێت به‌ هه‌ردووکیان بوترێت ئه‌لفبای کوردی، دابه‌ش بووه، یه‌کگرتنه‌وه و تێکه‌ڵکردنی ئه‌و دوو دیالێکته‌ له‌مڕۆدا وه‌کو خه‌وێک وایه‌ که‌ زۆر محاڵه‌ له‌ کرداردا بێته‌ دی، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ دژی بیرکردنه‌وه‌ و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییشمه‌ به‌ڵام من پێم وایه‌ له‌ داهاتوودا، هه‌ردوو دیالێکته‌که‌ وه‌کو زمانی نه‌رویجی و سوێدیان لێ دێت، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ هه‌ردووک لا خۆیان به‌ کورد ده‌زانن و مێژووی سه‌دان ساڵه‌مان ده‌مێکه‌ بۆی له‌ پشتی مل داوین، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یش بێت وای له‌ کورد کردبێت به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو داگیرکارییه‌ی گرتبێت و وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی هاوخوێن مابێته‌وه‌. سۆرانی، کرمانجی، زازاکی، هه‌ورامی، ئێزیدی، موسڵمان و مه‌وسیحی ده‌بین با ببین، به‌ڵام‌ پاسۆک وته‌نی: گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێک بین کورد بین.


تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ گۆڤاری کۆوار دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌‌‌


سه‌رچاوه‌ : وێبنووسی وه‌ڵات
http://www.welat.blogspot.com/

Monday, August 18, 2008

سه‌باره‌ت به‌ زمانی نۆروێژی، سڤێن ماگنێ سیرنێس




سه‌باره‌ت به‌ زمانی نۆروێژی

تێبینیی وه‌رگێر : ئه‌م وتاره‌ Svein Magne Sirnes مامۆستای پێشووی ئه‌نیستیتووی به‌رگریی زمانی له‌ ‌ Monterey کالیفۆرنیا و جێگری ئێستای سه‌رۆکی خوێندنگه‌ی دواناوه‌ندی Oppegård له‌ ئۆسلۆ _ نۆروێژ نووسیویه‌. له‌م نووسراوه‌یه‌ دا لایه‌نی مێژوویی پێشکه‌وتنی ستاندارده‌ کانی زمانی نۆروێژی واته‌، Bokmål (زمانی کتێب ، یان زمانی دانمارکیی نۆروێژی Dano-Norwegian) و Nynorsk( زمانی نوێی نۆڕوێژی ) شیکراوه‌ته‌وه‌. مه‌به‌ست له‌ وه‌رگێرانی ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌کوو بابه‌تی پێشوو ئاگاداربوونی زیادتری خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد به‌گشتی و به‌ تایبه‌تی هۆگرانی ڕه‌نگاوڕه‌نگی و فره‌چه‌شنی زمانی و کولتوورییه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان. بێگومان دیتنه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌سه‌ری هه‌ره‌ به‌دڵ و له‌بار بۆ پێوه‌ ‌چاران به‌ زمان/ شێوه‌زاره‌ کوردییه‌کان و به‌ره‌وپێشبردنیان ده‌بێ له‌گوێن هه‌لومه‌رجی هه‌نووکه‌یی ئه‌وان بێ، به‌ڵام له‌و ڕێبازه‌ دا ئاگاداری له‌ بارودۆخی زمانان و ئه‌زموونی وڵاتانی دی بێ که‌لک نییه‌. نووسه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌ ڕوانگه‌ی پشتیوانی له‌ شێوه‌زاری Bokmål نووسیوه‌،به‌ دوای ئه‌م بابه‌ته‌ دا نووسینێک که‌ له‌ ڕوانگه‌ی داکۆکی کردن له‌Nynorsk نووسراوه‌، پێشکێش ده‌کری.

نووسه‌ر : سڤێن ماگنێ سیرنێس
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌ : حه‌سه‌نی قازی

دوو بۆچوون

وه‌کوو زمانه‌کانی دیکه‌ی‌ سکاندیناڤیا، نۆڕوێژی له‌ زمانێکی هاوبه‌شی سکاندیناوییاییه‌وه‌ که‌وتووه‌ته‌ که‌ ده‌کرێ به‌ڕێگه‌ی به‌ردنووسه‌کانی رونیک runic تا سه‌ده‌ی سێیه‌می دوای زایین شوێنگێڕی بکرێ. ئه‌لفوبێی لاتینی ، که‌ جێگه‌‌ی نیشانه‌کانی رونیک ی گرته‌وه‌ هاوکات له‌ گه‌ڵ هاتنی مه‌سیحییه‌ت وه‌خۆ کرا، و زمانێکی جوێی نۆروێژی له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی یازده‌هه‌م دا پێگه‌یشت. به‌ ده‌م سه‌ده‌کانی دواتر دا، زمانی نۆڕوێژی که‌وته‌ به‌ر کارلێکه‌ری زمانی دانمارکی، ئاڵمانی نه‌وی(Low german)، و زمانی سوێدی.
له‌ سه‌رانسه‌ی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستدا، دانمارک ده‌سته‌ڵاتی هه‌ره‌به‌هێزی سیاسی و ئابووری بوو له‌ باکووری [ئوڕووپا]، له‌ ساڵانی 1400 تا 1520ی زایینیدا، فه‌رمانڕه‌وایانی دانمارکی هه‌وڵیان دا نۆروێژ، سوێد و دانمارک له‌ یه‌کێتییه‌ک دا به‌ نێوی یه‌کێتی کالمار یه‌ک بخه‌ن که‌ له‌ کۆپێنهاگه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌کرا. ئاشکرایه‌ له‌و سه‌روبه‌ندی دا زمانی دانمارکی وه‌کوو زمانی ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ورێکی سه‌ره‌کی له‌و قه‌ڵه‌مڕۆیه‌ دا ده‌گێڕا.
له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1525 دا زمانی دانمارکی وه‌کوو زمانی وڵاتی نوڕوێژ به‌ته‌واوی جێی به‌ نۆڕوێژی چۆل کرد و شوێنی گرته‌وه‌. به‌ دوای چاکسازی لوتێری له‌ ساڵی 1536 دا، دوای ئه‌وه‌ی لاتین وه‌کوو زمانی کلیسایی و دینی بره‌وی نه‌ما،زمانی دانمارکی جێی گرته‌وه‌. ئینجیلی دانمارکی کریستیانی سێیه‌م له‌ نۆروێژیش،بڵاو کرایه‌وه‌، به‌ڵام تا سه‌رده‌می نوێ هیچ وه‌رگێڕاوێکی ئه‌و کتێبه‌ به‌ زمانی نۆڕوێژی له‌ به‌رده‌ست دانه‌بوو.
ده‌ ڕاستییدا تا نیوه‌ی دوویه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م زمانی دانمارکی تاقه‌ زمانی نووسین بوو که‌ له‌ نۆڕوێژ کاری پێده‌کرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌هجه‌ نۆڕوێژییه‌کان وه‌کوو زمانی قسه‌ پێکردن به‌کار ده‌هاتن، و له‌ شاره‌کاندا، شێوه‌زارێکی قسه‌ پێکردن که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای دانمارکی هه‌ڵنرابوو به‌ره‌ به‌ره‌ سه‌ری هه‌ڵهێنا، به‌ تایبه‌تی له‌ به‌کارهێنانی ڕه‌سمیی
دوای جوێبوونه‌وی نۆڕوێژ له‌ دانمارک له‌ ساڵی 1814ی زایینییدا، ئه‌و بارو دۆخه‌ به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام هه‌تا بڵێی به‌ گرفتێکی گه‌وره‌ داده‌ندرا. ئوڕووپا، سکاندیناڤیاش له‌گه‌ڵ، خه‌ریک بوو ده‌هاته‌ نێو سه‌رده‌م و چاخی ڕۆمییه‌وه‌، و یه‌ك له‌و دیتنه‌ نوێیانه‌ی له‌ ئارا دابوو پێوه‌ندی نزیک له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ و زمانه‌که‌ی دابوو.له‌ئاکامی ئه‌وه‌ دا، نه‌خشه‌ی سازکردنی زمانێکی نۆڕوێژی جوێ له‌ دایک بوو. له‌ نێوان ساڵانی 1830 و 1860 دا، دوو بۆچوونی جیاواز له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵهێنا.
یه‌ک له‌و بۆچوونانه‌ بۆچوونی زمانناسی خۆ په‌روه‌رده‌ کردوو ئیڤار ئاسێن (Ivar Aasen(96- 1813 بوو. ئه‌و کوڕی جوتێرێکی ڕۆژئاوای نۆڕوێژ بوو. ئاسن فێری زمانه‌ کلاسیکه‌کانی لاتین و یۆنانی و زمانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئوڕووپای ڕۆژئاوا ببوو. دوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هه‌موولایه‌نه‌ توانی ئاکامی کاری به‌راورد کاری و پێکگرانه‌ی خۆی‌ له‌ نێوان له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کاندا پێشکێش بکا. له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و که‌ره‌سته‌یه‌، ئیڤار ئاسێن نۆڕمێکی ستانداردی نووسینی بۆ نۆڕوێژی مۆدێڕن پێشخست. ئه‌وه‌ بوو به‌ بنه‌مای نی نۆرشک Nynorsk ( یان لاندس مۆل (زمانی وڵات) ، به‌وجۆره‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نێوزه‌د ده‌کرا).
بۆچوونه‌که‌ی دی ئه‌وه‌ بوو که‌ زمانی دانمارکی وه‌کوو بنه‌مایه‌ک به‌کاربهێندرێ و به‌پێی پێوه‌ره‌کانی قسه‌کردنی ئه‌ندامانی چینی سه‌ره‌وه‌ی شارنشین بنۆروێژێندرێ. یه‌ک له‌ لایه‌نگرانی هه‌ره‌ گرینگی ئه‌و فکره‌‌ کنوود کنوودسێن ( Knud Knudsen (1813-95 ، مامۆستایه‌کی مه‌دره‌سه‌ی ئاماده‌یی بوو له‌ شاری کریستانیا ( یان ئۆسڵۆ). ئه‌و شێوه‌زاره‌ی له‌و حه‌وله‌ که‌وته‌وه‌ بوو به‌ بنه‌مای بووکمۆل ( زمانی کتێب) ی مۆدێڕن ( که‌ تا ساڵی 1929 به‌ ڕیکسمۆل (زمانی سه‌تاسه‌ری) نێوزه‌د ده‌کرا، به‌ ئینگلیسی زمانی دانمارکێی نۆروێژی ) ‌
له‌ بناوانه‌وه‌ ، خه‌بات له‌ پێناو زمانی نۆڕوێژی دا ده‌کرێ وه‌کوو خه‌باتێک ببیندرێ که‌ له‌ ڕکه‌به‌ری ‌ نێوان دوو سیاسه‌ت ‌ و ئه‌و دوو شێوه‌زاری‌ زمانی‌ واته‌ - نی نۆرشک و بووکمۆل – که‌وتووه‌ته‌وه‌.
تا ساڵی 1920، نێ نۆرشک وه‌کوو زمانی زاڵی په‌روه‌رده‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ڕۆژئاوای نۆڕوێژ و هێندێک به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی نۆڕوێژ خۆی دامه‌زراند. زۆر له‌ نووسه‌ران مه‌یلێکی زۆریان نیشان دا بۆ نووسین به‌ نۆڕوێژی نوێ ( نی نۆرشک)، و زمانه‌که‌ له‌ گشت ساڵانی نێوان 1900، تا ده‌گاته‌ 1944 ده‌ستکه‌وتی سه‌ره‌کی وه‌ده‌ست هێنا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شار و شارۆچکه‌کانی لای به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی باشووری وڵات ، نزیکه‌ی له‌ سه‌تاسه‌ت وه‌کوو خاک و که‌وشه‌نی بووکمۆل مانه‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی نی نۆرشک ئه‌زموونێکی خێرای په‌ره‌سه‌ندن و بڵاو بوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ دی، به‌ڵام بووکمۆل هه‌ر وا درێژه‌ی به‌ مانه‌وه‌ی خۆیدا وه‌کوو زمانی نووسینی زۆربه‌ی نۆڕوێژییه‌کان.
به‌پێی ڕێژه‌ی به‌ کارهێنانی که‌ ئه‌مڕۆ هه‌رکام له‌ لایه‌نه‌کانی زمانه‌کان ئیدیعای ده‌که‌ن ، به‌ جوانی ده‌رده‌که‌وێ که‌ بووکمۆل زاڵه‌، بارو دۆخێکی که‌ هه‌میشه‌ بوویه‌تی. بووکمۆل زمانی ڕۆژنامه‌ و گۆواره‌ سه‌ره‌کییه‌کانه‌ و له‌ بازرگانی. سنعات، و ڕێکلامدا زمانی بانده‌سته‌.
بووکمۆل
له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1900ی زایینیدا، هێندێکان بیریان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو شێوه‌زاره‌ نۆڕوێژییه‌ -- نی نۆرشک ( نۆروێژی نوێ ) و بووکمۆل ( زمانی دانمارکیی نۆروێژی ) به‌ڕێژه‌ ئه‌وه‌نده‌ که‌مه‌ که‌ ده‌کرێ که‌لێنی نێوانیان پڕ بکرێته‌وه‌ و ببن به‌ "یه‌ک".
فکری ئه‌وه‌ هاته‌ گۆڕێ ‌ به‌ره‌به‌ره‌ لێک بدرێن و دواجار زمانی سامنۆڕشکsamnorsk ( یان زمانێکی گشتگره‌وه‌ی نۆڕوێژی)یان لێ ساز بکرێ. ئه‌و بۆچوونه‌ له‌ ساڵانی 1880ه‌کانه‌وه‌ هاتبووه‌ گۆڕێ، به‌ڵام جارێکی دیکه‌ تازه‌ کرایه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن Venstre ( پارتیی لیبێرال ) Arbeidepartiet‌ ( پارتی کار) پشتیوانی لێکرا.
له‌ ساڵی 1917 و 1938 دا ، دوو چاکسازی زۆر به‌رزه‌فڕانه‌ له‌ ڕێنووس دا ڕاگه‌یێندران به‌ مه‌به‌ستی لێک نزیککردنه‌وه‌ی نۆروێژیی نوێ و دانمارکیی نۆروێژی، دوای چه‌ندین ساڵ مشتومڕ و له‌ سه‌ر دووان.
دوای شه‌ڕی جیهانی دوویه‌م، کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌ دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ په‌یدا بوو، به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌ن بووکمۆلییه‌کانه‌وه‌. بزووتنه‌وه‌یه‌کی پرۆتێست و ناڕه‌زایه‌تی وه‌ڕێ که‌وت، و دایکوباوکان له‌ کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندنی منداڵه‌کانیاندا ده‌ستیان کرد به‌ گۆڕینی ئه‌و شێوه‌ ڕێنووسه‌ی که‌ داهێندرابوو و کردیاننه‌وه‌ به‌ نۆرمه‌ نه‌ریتی و " پاوانکراوه‌کان". ئه‌وخه‌باته‌ توند و تیژه‌ له‌ مه‌ڕ سامنۆرشک ( زمانی یه‌کگرتووی نۆروێژی) له‌ ساڵانی 1950 کان و 1960 ه‌ کاندا به‌رده‌وام بوو. له‌ هه‌مان کاتدا، نی نۆرشک ( نۆروێژیی نوێ) له‌ زۆر ناوچه‌ و ده‌وه‌ران وه‌کوو زمانی په‌روه‌رده‌ تووشی گرفت هات و له‌ کورتێی دا.
گوشاری پشتیوانانی ڕێنووسی نه‌ریتی له‌ نێو به‌کارهێنه‌رانی بووکمۆل دا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ‌ زۆرێک له‌و شێوانه‌ی له‌ ساڵانی 1959 و 1981 دا داهێندرابوون ده‌ستیان لێهه‌ڵبگیرێ وبابدرێته‌وه‌ سه‌ر ڕێنووسی کۆن. ورده‌ ورده‌ ده‌ست له‌ سیاسه‌تی ڕه‌سمیی تێکه‌ڵکردن و ئاوێته‌ کردنی زمانه‌کان هه‌ڵگیرا.
له‌وده‌مییه‌وه‌ بووکمۆلی نه‌ریتی بووه‌ به‌ زمانی زاڵ، و هیچ گومانی تێدانییه‌ که‌ ئه‌مه‌ زمانی نۆڕوێژی داهاتوو یه‌.
له‌ ساڵی 1944، له‌ نێو گشت ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ ده‌چوونه‌ مه‌دره‌سه‌، 34 له‌ سه‌د نی نۆڕشکNynorsk یان وه‌کوو زمانی یه‌که‌می خۆیان ڕاگه‌یاند. ئێستا ئه‌م ڕێژه‌یه‌ 17 له‌ سه‌ده‌. ئه‌و له‌ کورتیدانه‌ نه‌ک هه‌ر زه‌ربه‌یه‌که‌ وه‌ نی نۆرشک که‌وتووه‌ -- به‌ڵکوو به‌و مانایه‌شه‌ که‌ پارتییه‌ سیاسییه‌کان چبڕ ئیدی گوێناده‌نه‌ گرووپه‌ گوشاره‌کانی لایه‌نگری نی نۆرشک. شارنشینی و سنعاتی بوونی وڵات هه‌ڵکه‌وتی نی نۆرشکی کز کردووه‌.
ئێستا پێوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو شێوه‌زاره‌ی نووسینی ڕه‌سمیی نۆروێژی باشه‌. بووکمۆل بانده‌سته‌ و گوشار ده‌خاته‌ سه‌ر نی نۆرشک. هێز و قه‌وه‌تی بووکمۆل له‌ڕاده‌ به‌ده‌ره‌: نه‌ک ته‌نیا زمانی 80 له‌ سه‌دی نۆڕوێژییه‌کانه‌ ، به‌ڵکوو له‌ به‌کار هێنانی قسه‌ کردنی ڕۆژانه‌شدا هه‌ر په‌ره‌گرتر ده‌بێ.
نوروێژی نوێ ( نی نۆرشک) زمانێکی نووسینی ئه‌وتۆیه‌ که‌ سیستێمێکی زۆر پێچه‌ڵپێچ و ئاڵۆزی گه‌ردانکردنی هه‌یه‌.زمانێکی ده‌ستکرده‌ که‌ که‌م که‌س فۆرمی قسه‌ پێکردنی به‌کار ده‌هێنێ. دروشمی تێکۆشه‌رانی ڕێبازی به‌کارهێنانی نۆروێژی نوێ ( نی نۆرشک) ئه‌وه‌یه‌ ‌ مرۆ ده‌بێ له‌هجه‌ی ناوچه‌یی خۆی به‌کار بهێنێ و به‌ نۆروێژی نوێ بنووسێ، وه‌کوو " مه‌خره‌جی هاوبه‌شی گشت له‌هجه‌کان". یه‌ک له‌ ئاکامه‌کانی ئه‌و بۆچوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆر له‌ به‌کارهێنه‌رانی نۆروێژی نوێ ( نی نۆرشک) به‌ تێکه‌ڵاوێکی نا سیستماتیکی له‌هجه‌کان، نی نۆرشک و بووکمۆل ده‌نووسن. هێندێکان ده‌ڵێن ئه‌مه‌ زمانه‌که‌یان ته‌نانه‌ت زیاتریش کز ده‌کا..
پشکی زۆروزه‌وه‌ند
کاتێک قوتابییه‌کی نۆڕوێژی مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌ستپێده‌کا نامیلکه‌یه‌کی پچووکی ده‌درێتێ به‌ نێوی “ordliste”(یان وشه‌نامه‌). ئه‌وه‌ قامووسێکی نه‌ریتییه‌، چونکوو هیچ ناساندنێکی تێدانییه‌، ته‌نێ ئه‌وه‌نده‌ نیشان ده‌دا که‌ وشه‌کان چون ده‌نووسرێن و ڕێنووسیان چییه‌، له‌گه‌ڵ شێوه‌ی گه‌ردانکردنی کردار و نێوان.
چ پێویست ده‌کا کتێبێکی ئه‌وتۆ بدرێ به‌ هه‌موو قوتابییه‌ک ؟ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی نۆروێژی، واته‌ هه‌م بووکمۆل (زمانی دانمارکیی نۆروێژی) و هه‌م نی نۆرشک ( زمانی نۆروێژی نوێ)، ژماره‌یه‌کی زۆر به‌دیلی ڕینووسی وشانیان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ ئاکامی ئه‌و هه‌موو چاکسازییه‌ ڕێنووسیانه‌یه‌‌ که‌ هه‌ر دووک زمانه‌کان له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوو دا به‌خۆیانه‌وه‌ دیوه‌.
با نموونه‌یه‌ک باس بکه‌ین. ڕسته‌ی " ژنه‌که‌ ده‌ستی به‌رز کرده‌وه‌" ده‌کرێ به‌ بووکمۆلییه‌کی باش وه‌کوو “Kvinnen hevet hånden “ وه‌ربگێردرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مرۆ ناچار نییه‌ ڕسته‌که‌ ئاوا بنووسێ . بووکمۆل چه‌ندین پشکی نووسینی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی هه‌یه‌ و گشتیشیان وه‌کوو یه‌ک شێوای په‌سندن.

kvinnen hevet hånden
kvinnen heva hånden
kvinnen hevet hånda
kvinnen heva hånda
kvinnen hevet handa
kvinnen hevde hånda
kvinnen heva handa
kvinna hevet hånden
kvinnen heva hånden
kvinna hevde handa

ئه‌وه‌ کاره‌که‌ هه‌م بۆ قوتابیان و هه‌م فێرکاران وه‌کوو یه‌ک ئاسته‌م ده‌کا، چ ده‌گا به‌ جه‌ماوه‌ر به‌ گشتی. یه‌ک له‌ ئاکامه‌کانی ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌بوونی شێلگیری و دڵگیریی به‌رده‌وامه‌. له‌وانه‌یه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی 45ی کتێبێک دا شێوه‌ی نووسینی ڕسته‌که‌ وه‌کوو به‌دیلی 3، و له‌ لاپه‌ڕه‌که‌ی دیکه‌یدا به‌دیلی 6 بێ و ئاوا. ئه‌وه‌ بۆخۆی، ئاکامی درێژخایه‌نی لێده‌که‌وێته‌وه‌، که‌ نه‌بوونی ڕێز بۆ نۆڕمی زمانی و ڕه‌چاو نه‌کردنی ئاکامی هه‌ره‌ مه‌ترسیداریانه‌.
کاتێک ده‌ستخه‌تی که‌ره‌سته‌ و کتێبی خوێندن بۆ چاپ ده‌نێردرێنه‌ چاپخانه‌کانی نۆڕوێژی، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بکرێ به‌ چاپکردنیان ده‌بێ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی Norsk språkråd کۆنترۆڵ بکرێن . زۆر جاران وه‌شانگه‌ران ده‌بێ زمانناسی ئه‌وتۆ ببیننه‌وه‌ که‌ بتوانن به‌ ده‌ستخه‌ته‌کاندا بێنه‌وه‌ له‌به‌ر ناشێلگیربوونی نووسه‌ر و بێمه‌یلی ئه‌و بۆ ڕه‌چاو کردنی نۆرم. ئه‌و کاره‌ هه‌م کاتێکی زۆر ده‌با و هه‌میش به‌گران ڕاده‌وه‌ستێ.
ئه‌ندامانی شوورای زمانیی نۆروێژ هه‌ستیان کردووه‌ به‌ پێویستی که‌مکردنه‌وه‌ی به‌دیل له‌ رێنووسی نۆڕوێژی، هه‌م له‌ بووکمۆل و هه‌م له‌ نی نۆرشک دا. وێده‌چێ له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا گۆڕانێک ڕووبدا.
نۆروینگلیسی
ئه‌مڕۆ هه‌رکه‌س لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆژنامه‌یه‌کی نۆڕوێژی هه‌ڵداته‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆروزه‌وه‌ند وشه‌ وزاراوه‌ی ئینگلیسی و ئه‌مریکایی ده‌بینێته‌وه‌ که‌ هێنراونه‌ته‌ نێو نوروێژی مۆدێرن .
به‌ساڵان سیاسه‌تی Norsk språkråd ( ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی ) ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ پێشی ئه‌و پێشوه‌چوونه‌ بگرێ و له‌جیاتیان به‌کارهێنانی وشه‌ی باشی نۆڕوێژی پێشنیار بکا بۆ نموونه‌ پرۆگرام ڤارێ programvare له‌ جیات software ، ئی – پۆست e – post له‌ جیات e – mail ، داتا ماشین datamaskin، له‌جیات computer ، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند نموونه‌یه‌کم باس کردبێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر له‌ نۆروێژییه‌کان ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆڕوێژی ڕه‌چاو ناکه‌ن و وشه‌ ئینگلیسییه‌کانیان له‌ به‌دیله‌ نۆروێژییه‌کانیان لا په‌سندتره‌.
له‌ هێندێک نمووناندا وشه‌ ئینگلیسییه‌که‌ ڕێنووسی خۆی پاراستووه‌ به‌ ڵام به‌ ته‌له‌فوزی نۆروێژی ده‌ردبڕدرێ . وێنه‌یه‌ک وشه‌ی یاز jazz ه‌. ئه‌مڕۆ هیچکس ئه‌م وشه‌یه‌ ئه‌وجۆره‌ی له‌ ئینگلیسیدا ده‌یڵێن ته‌له‌فوز ناکا.
له‌ هێندێک نموونه‌ی دیکه‌دا، ئه‌نجومه‌نی زمان -- هه‌میشه‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ نا -- ڕێنووسی نۆڕوێژی پێشنیار کردووه‌ ، وه‌کوو teip بۆ tape، یان sørvis بۆ service .
کارلێکه‌ریی ئینگلیسی ده‌کرێ به‌ ڕێگه‌ی دیکه‌شدا ببیندرێ، به‌کارهێنانی ئاپۆسترۆف ‘ له‌ نۆروێژی مۆدێرن دا نموونه‌یه‌کێتی. ئاپۆسترۆف له‌ هه‌ردووک زمانه‌کاندا وه‌کوو یه‌ک ده‌کار ناکرێن. له‌ زمانی ئینگلیسییدا، ئاپۆسترۆف دۆخی خاوه‌نێتی ناوێک نیشان ده‌دا: the boy’s book ،the woman’s bag . له‌ زمانی نۆروێژی دا خاوه‌نێتی به‌ بێ ‘ ساز ده‌کرێ( مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ناوکه‌ به‌ ' s ' یان به‌ ده‌نگێکی 's ' کۆتایی بێ): guttens bok ، damens veske . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ نۆروێژییه‌کان به‌ هه‌ڵه‌ وه‌کوو ئینگلیسی ئاپۆسترۆف به‌کار ده‌هێنن و ده‌نووسن gutten’s bok، damen’s veske . ئه‌وه‌ به‌تایبه‌تی زۆر باوتره‌‌ بێتوو ناوه‌که‌ ناوی ساده‌ یان سه‌ر وشه‌ بێ ، وه‌کوو Tor’s gatekjøkken ( ناوی خواردنگه‌ی خێرایه‌) یان NATO’s hovedkvarter. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌مه‌ ئاکامی ئه‌و گوشاره‌یه‌ که‌ زمانی ئینگلیسی له‌ سه‌ر زمانی نۆروێژی هه‌یه‌تی.
با ئێستا له‌ بوارێکی دیکه‌ بڕوانین که‌ کارلێکه‌ری زمانی ئینگلیسی پێوه‌ دیاره‌. له‌زمانی نۆڕوێژیدا ناوێکی لێکدراو هه‌میشه‌ ده‌بێ به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ بنووسرێ، بۆ نموونه‌ bilforhandle, ( ماشێن فرۆش ) ، skoleår (ساڵی خوێندن ). له‌ هێندێک شوێندا ده‌بێ ته‌قه‌ڵ ده‌کار بکردرێ : FN- delegasjon ( ده‌سته‌ی نارده‌ی کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان). 50-årsjubileum( جێژنی تێوه‌رسووڕانی 50 ساڵه‌). بۆیه‌ نووسینی ئه‌م ناوه‌ لێکدراوه‌ وه‌کوو bil forhandler ( دوو وشه‌ی جوێ ) هه‌ڵه‌یه‌. به‌ڵام ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ نۆروێژییه‌کان ئه‌و جۆره‌ ناوه‌ لێکدراوانه‌ به‌ جوێ ده‌نووسن. ته‌نانه‌ت ناوی داو وده‌زگا و رێکخراوانیش وایان لێ به‌سه‌ر هاتووه‌ :
Norsk Brannvern Forening Selvaag Gruppen
هێنده‌ له‌مێژ نییه‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌ شارۆمه‌ندانی خه‌مخۆر که‌ ده‌یانه‌وێ دژی دیارده‌یه‌کی ئه‌وتۆ تێبکۆشن کۆمه‌ڵه‌یه‌کیان پێکه‌وه‌ ناوه‌ به‌ناوی ئه‌ستێره‌ناسانی دژی دابڕانی وشان و ئێستا ماڵپه‌ڕێکیشیان ساز کردووه‌ !
ئه‌ی بڵێی کارلێکه‌ری به‌ باری دیدا چۆن بێ ؟ گه‌لۆ ئینگلیسی هیچ وشه‌یه‌کی ماکی نۆڕوێژی وه‌رگرتووه‌؟ ئه‌رێ وه‌ریگرتووه‌. وشه‌ی وه‌کوو ombudsman ( نوێنه‌ر ) ، slalom ، ( جۆره‌یه‌ک خلیسکێنی مارپێچی ) ، ski (خلیسکێن) هه‌موویان نوروێژینه‌ ( یان سکاندیناڤیایینه‌). له‌ ڕاستتیدا زیاتر له‌ 50 وشه‌ی ماک نۆروێژی ( یان نۆرسه‌ ی کۆن) له‌ زمانی ئینگلیسی دا هه‌ن. زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ له‌ لایه‌ن ڤیکینگه‌کانی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌شته‌می زایینی له‌ زمانی ئینگلیسییه‌وه‌ هاتوون. له‌ پێشدا وشه‌ی له‌مه‌ڕ ده‌ریاپێوی و شه‌ڕی ده‌ریایی ؛ دواتر ئه‌و وشانه‌ی که‌ له‌ سیستێمی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ری سکاندیناڤیایی دا به‌ کار ده‌بران چوونه‌ نێو زمانی ئینگلیسی --- بۆ نموونه‌ وشه‌ی law قانوون ---
به‌کارهێنانی له‌هجه‌ نوروێژییه‌کان
چاوه‌دێرانی ژیانی سیاسی بارودۆخی‌ نۆڕوێژ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌‌ڕێکن که‌ له‌ سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ دا به زه‌حمه‌ت پارلمانێکی نه‌ته‌وه‌یی دیکه‌ هه‌یه‌ ئه‌ندامه‌کانی به‌ زۆر له‌هجه‌ی جیاوازی زمانی وڵاته‌که‌ یان زمانانی وڵاته‌که‌ قسه‌ بکه‌ن به‌وجۆره‌ی که‌ له‌ پارلمانی نۆروێژ Storting دا ده‌کرێ. هه‌رهه‌مان شت ده‌کرێ له‌مه‌ڕ به‌رنامه‌کانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی نۆروێژی و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی بکوترێ : له‌ زۆر چوارچێوه‌ و به‌ستنی جیاواز دا مرۆ ده‌کرێ له‌هجه‌ی جۆربه‌جۆر ببیستێ له‌ کاتێکدا ئاڵمانییه‌کان ، ئه‌مریکاییه‌کان ، سوێدییه‌کان و دانمارکییه‌کان زمانی ستانداردیان لا په‌سندتره‌.له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ خسله‌تێکی کۆمه‌ڵگه‌ی نۆروێژییه‌ که‌ ده‌گمه‌نه‌. به‌ڵام گه‌لۆ هۆی ئه‌مه‌ چییه‌؟
هێندێکان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ له‌ به‌ر قه‌ڵشتی نێوان بووکمۆلی ستاندارد ( ئه‌و شێوه‌زاره‌ی نۆروێژی که‌ زۆربه‌ی خه‌ڵک بۆ نووسین به‌کاری ده‌هێنن) و زۆربه‌ی له‌هجه‌کانه‌. ئه‌وه‌ به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌و له‌هجانه‌ی که‌ له‌ ڕۆژئاوای نۆڕوێژ به‌کارده‌هێندرێن وایه‌.
هه‌ڵبه‌ت زۆر نۆروێژی هه‌نه‌ که‌ له‌بارودۆخی ڕه‌سمی دا ( له‌ شوێن و دۆخی دیکه‌شدا) لایان په‌سنده‌ نۆرمی ستاندارد به‌کاربهێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گوشار بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و نۆرمه‌ ، با به‌ نموونه‌ بڵێین، له‌ فه‌رانسه‌ و ئاڵمان زۆر که‌متر و لاوازتره‌. له‌ ڕاستیدا، پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته‌، ئه‌گه‌ر مرۆ له‌به‌ر هێندێک هۆ زمانه‌که‌ی بگۆڕێ، مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ شه‌قڵی خۆ به‌ زلزان و به‌خۆ فشی لێبدرێ. له‌وانه‌شه‌ مرۆ نه‌توانێ به‌ته‌واوی له‌ له‌هجه‌ گۆڕین دا سه‌رکه‌وێ ---- و دواجار شتان تێکه‌ڵ کا و هیچ شێلگیر نه‌بێ ( زۆر له‌ نۆروێژییه‌کان به‌ که‌سێکی ئه‌وتۆ ده‌ڵێن "knot " و ئه‌گه‌ر نێوێکی وا به‌ مرۆوه‌وه‌ بنووسێ نیشانه‌ی ئه‌و‌ه‌یه‌ که‌ گوناهێکی گه‌وره‌ی کردووه‌).
گه‌لۆ به‌کارهێنانی به‌ربڵاوی له‌هجه‌کان له‌ نێو نۆروێژییه‌کاندا گێر و گرفت ساز ناکا؟ دیاره‌، گیرو گرفت هه‌یه‌. ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ وه‌کوو بێگانه‌ فێری زمانی نۆڕوێژی ده‌بن زۆر جار بۆیان ئه‌سته‌مه‌ له‌و زمانه‌ تێبگه‌ن که‌ له‌ ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن دا به‌کارده‌هێندرێن له‌ لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵکانه‌وه‌ ئه‌وان له‌ سه‌رشه‌قامان ، له‌ فێرگه‌یان و له‌ ماڵاندا ده‌یانبینن.
گرفتێکی دیکه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ زۆر جیدیتر بێ، زمانی نۆڕوێژی هه‌مان شێوه‌ نۆرمی زمانی نه‌ته‌وه‌یی قسه‌ پێکردن پێش ناخا، بۆ وێنه‌، به‌وجۆره‌ی که‌ له‌ فه‌رانسه‌ ده‌کرێ. ئه‌مه‌ش، به‌ نۆره‌ی خۆی ، کاردانه‌وه‌ی ده‌بێ له‌ سه‌ر هه‌ستی نوروێژی ئاخێوه‌ران له‌مه‌ڕ نۆرمی نووسینی زمانه‌که‌ش.
به‌ڵام با لایه‌نه‌ پۆزیتیڤه‌کانی ئه‌مه‌‌ ‌ له‌بیر نه‌که‌ین : له‌هجه‌ جۆر به‌جۆر و چه‌شناوچه‌شنه‌کان ڕه‌نگو وبۆیه‌کی هه‌ستیارانه‌ له‌ نۆروێژی قسه‌ پێکردن زیاد ده‌که‌ن و ده‌یخه‌مڵێنن، و هه‌لی ئه‌وه‌ ده‌ڕه‌خسێنن نۆروێژییه‌کان خۆیان بن و له‌هجه‌ی خۆجێی ده‌وه‌ری خۆیان به‌کار بهێنن له‌ هه‌رشوێنێکی‌ ده‌بن بڵا ببن.
گه‌لۆ له‌هجه‌ جۆربه‌جۆره‌کان پله‌ و هه‌ڵکه‌وتی وه‌کوو یه‌کیان هه‌یه‌؟ به‌ لێبڕاوانه‌ و گردبڕی نا. دیاره‌ زمانناسان ده‌ڵێن، که‌ هیچ پێوه‌ر و پێوانه‌یه‌ک نییه‌ بۆ نرخاندنی له‌هجه‌ی زمانان به‌ پێی بناوانی جوانی ناسی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێندێک تیۆری یان مودێل هه‌ن که‌ هێنراونه‌ته‌ گۆڕێ ، و چه‌ندین له‌وان ده‌یسه‌لمێنن که‌ هه‌رکه‌س له‌ کۆمه‌ڵگه‌ دا دراو، پله‌وپایه‌ و ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ ، ده‌شتوانێ بڕیار بدا که‌ چ به‌ دروست و جوان و سپه‌هی دابندرێ. هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و زمانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی بوومی به‌شه‌ ڕۆژئاواییه‌کانی ئۆسلۆ قسه‌ی پێده‌کرێ ( زمانێک که‌ به‌ڕێژه‌ له‌ ستانداردی بووکمۆل نزیکه‌) پله‌ و پایه‌یه‌کی باڵاتری هه‌یه‌، با بڵێین له‌و له‌هجانه‌ی وا له‌ ناوچه‌کانی په‌رت و دووره‌ده‌ست دا هه‌ن.
شتێکی چاوڕاکێش قه‌وما کاتێک شاری ستاڤانگرStavanger له‌ ساڵانی 1970کاندا وه‌کوو پێته‌ختی نه‌وتی نۆڕوێژ خۆی دامه‌زراند. به‌ره‌به‌ره‌ ، ده‌سته‌ی مۆسیقا وگۆرانیبێژی گه‌له‌ری هه‌لیان بۆ ڕه‌خسا به‌ له‌هجه‌ی ستاڤانگر بچڕن و له‌ هه‌مان کاتدا مۆسیقا و ده‌نگه‌که‌یان به‌ هه‌موو وڵاتدا بڵاو بووه‌وه‌ و بره‌وی په‌یدا کرد. شتێکی ئه‌وتۆ چه‌ند ساڵ به‌ر له‌ فیچقه‌ی نه‌وت هه‌ر به‌زه‌ینیشدا ڕانه‌ده‌برد.
" سی و چوار " یان " چوار و سی " ؟ -
وای دانێن ڕۆژێک له‌ سه‌ره‌تای مانگی سێپتامبر [ که‌ به‌راییه‌کانی ساڵی خوێندنه‌ له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی ئوڕووپایی – وه‌رگێڕ ] کوڕه‌که‌تان یان کچه‌که‌تان که‌ له‌ پۆلی سێیه‌می مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تاییدا ده‌خوێنێ بێته‌وه‌ ماڵێ و پێتان بڵێ مامۆستایه‌که‌ی زمانی ئینگلیسییان شێوه‌یه‌کی نوێی ژماردنی فێر کردوون . له‌ جیات ئه‌وه‌ی بڵێن " سی و چوار " ، ئێستا ده‌بێ بڵێن و بنووسن " چوار و سی " .
به‌راستیش ، ئه‌مه‌ له‌ ساڵی 1951 له‌ نۆڕوێژ ڕوویدا ( ته‌نیا به‌ پێچه‌وانه‌که‌ی : ئه‌وان له‌ " چوار و سی " یه‌وه‌ به‌ره‌و " سی و چوار " چوون" ) . له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ قوتابخانه‌کانی وڵات ، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ ساده‌یی ڕایگه‌یاند که‌ شێوه‌یه‌کی نۆێی ژماردن ده‌بێ په‌یڕه‌و بکرێ.
گشت فێرکار و مامۆستایان ، نووسه‌رانی کتێبی خوێندن، و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرا ده‌ستبه‌جێ ئه‌و سیستێمه‌ نوێیه‌ به‌کار بهێنن ، له‌وانه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ش که‌ له‌ ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی نۆڕوێژ NRK دا کاریان ده‌کرد.
ئاکامی ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی په‌یدا بوون و پێشوه‌چوونی دوو سیستێمی ژماردن . ئه‌مڕۆ په‌نجا ساڵ دواتر، بارودۆخه‌که‌ له‌ نوڕوێژ هه‌ر ئاوایه‌، له‌ پراتیکدا هیچکه‌س شیڵگیر نییه‌. زۆربه‌ی نۆروێژییه‌کان تێکه‌ڵاوێک له‌ هه‌ر دووک سیستێمه‌کان به‌کار ده‌هێنن.
پنکته‌ لاوازه‌کان ئاشکرا و به‌ده‌ره‌وه‌ن : ئه‌و بێگانانه‌ی ده‌یانه‌وێ فێری زمانی نوروێژی بن بۆیان زۆر ئاسته‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دووسیستێمانه‌ ده‌رببن و خۆیانی له‌گه‌ڵ بگونجێنن
کچه‌ زمانناسێکی گه‌نج ، ڤیبکێ لاوریتزێن ، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاوی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ کردووه‌، و له‌ تێزه‌که‌ی دا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاکامه‌ی که‌ شێوه‌ی نوێی ‌ژماردن ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ که‌ لایه‌نگران و داڕێژه‌رانی چاوه‌ڕێی بوون. بۆیه‌ ، ئێستا نۆڕوێژ به‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ دوو سیستێمی ‌ژماردنی هه‌یه‌ و هێچکامیان شێلگێرانه‌ ڕه‌چاو ناکرێن . حه‌وجێ به‌ کوتن ناکا،ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاڵۆزی و سه‌ره‌گێژه‌یه‌کی زۆر.
له‌ زۆر بارانه‌وه‌ ئه‌م ئه‌زموونکارییه‌ لایه‌نێکی کۆمه‌ڵگه‌ی نۆڕوێژ له‌ دوای شه‌ڕی دوویه‌می جیهانی نیشان ده‌دا : سۆسیال دێمۆکڕاته‌کان له‌و باوه‌ڕه‌ دابوون له‌وزه‌یان دایه‌ هه‌رچییه‌کی بیانه‌وێ بیگۆڕن، له‌وانه‌ خوو خده‌ی زمانی. به‌ڵام مێژوو سه‌لماندوویه‌ ‌ ئه‌وان له‌وباره‌یه‌ زۆر زیاتر له‌وه‌ی ده‌بێ گه‌شبین بوون.

ده‌ی ئێستا ده‌بێ نۆڕوێژییه‌کان چ بکه‌ن؟ گه‌لۆ ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و بادانه‌وه‌ سه‌ر سیستێمی کۆن --- یان ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ ئه‌و شێوه‌ نوێیه‌ی ‌ژماردنه‌ زۆر به‌گوڕتر و به‌هێزتر بخه‌نه‌ بواری کردارییه‌وه‌؟ ئه‌من به‌ شه‌خسه‌ پێم وایه‌ ئیدی چبڕ ناکرێ ده‌ست له‌ سیستێمی نوێ هه‌ڵگیرێ. هه‌رچۆنێک بێ له‌ لایه‌ن قوتابیانی گه‌نج و له‌ به‌ستێن و چوارچێوه‌ی ڕه‌سمیدا به‌کار ده‌هێندرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژ ، Norsk språkråd، ده‌بێ حه‌ول بدا ته‌وافوقێکی گشتی به‌ده‌وری ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ سازکا و هیوا داربێ ‌ سیستێمی نوێ جێی ئه‌وی کۆن بگرێته‌وه‌، که‌ هێشتا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ نۆروێژییه‌کان ‌ ، له‌وانه‌ بازرگانان، و چاپه‌مه‌نی به‌پارێز لایه‌نگری لێده‌که‌ن.


نووسه‌ری میوان : سڤێن ماگنێ سیرنێس، جێگری پرۆفسۆری لێکدانه‌وه‌ی زمانی له‌ ئه‌نیستیتووی به‌رگری زمانی له‌ مۆنتێرێری ، کالیفۆرنیا، ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا.
وه‌ک له‌ تێبنی سه‌ره‌تاوه‌ باس کرا، سڤێن ماگنێ سیرنێس ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نۆڕوێژ و جێگری سه‌رۆکی خوێندنگه‌یه‌کی دوا ناوه‌ندییه‌ له‌ شاری ئۆسلۆ و کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندن ده‌نووسێ و سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی زمانناسانه‌ وتار بڵاو ده‌کاته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ : ماڵپه‌ڕی ڕه‌سمی نوڕوێژ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان
‌ http://www.norway.org/News/archive/2001/200105language.htm

Saturday, August 16, 2008

خه‌لک دێ بریارا ستانداردکرنا زمانێ کوردی ده‌ت



ئه‌ڤرۆ،هژمار 251، چوارشه‌مب 13/8/2998 ڕووپه‌ر 16
http://www.evropress.com/251-13-8-2008/251-16.pdf

Friday, August 15, 2008

وتاری "دڵمه‌زنیی زمانی" له‌ ژماره‌ی 279ی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌دا، یه‌کشه‌مۆ 10/8/2008. بۆچوونی مه‌زن عوسمان و ژیار له‌مه‌ڕئه‌م وتاره‌ له‌ ڕێنێسانسدا




مه‌زن عوسمان
زۆر سوپاس مامۆستای ماندوونه‌ناسی به‌ستانداردکردنی زمان. زۆر خۆشحاڵ بووم که‌ ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌ت دا له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی من.
مامۆستا گیان له‌ خوێندنه‌وه‌که‌ی دووه‌مدا سه‌ره‌ بابه‌ته‌که‌مت پێکاوه‌. من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو سود له‌ هه‌موو ئه‌و بیرانه‌ وه‌ربگیرێت، که‌ به‌ ته‌نگ زمانێکی ستاندارده‌وه‌ن. واته‌ بۆچوونی که‌سێک نه‌کرێته‌ پێوه‌ر بۆ ئه‌م هه‌موو شێوه‌زارانه‌ی زمانه‌که‌مان، واتا (کۆبیرێکی لۆجیکی فره‌ ڕه‌هه‌ند کار له‌ سه‌ر ستانداردبوون که‌ن)هه‌روه‌ها ویستم بڵێم کار له‌سه‌ر ستاندارد بوون که‌ین نه‌ک ستاندارد کردن.
سوپاس و به‌ هیوای ڕێنوێنی زیاترم

ژیار
کاک حه‌سه‌ن ماندوو نه‌بی
له‌ به‌ر ئه‌و وتاره‌ی تۆ چووم بۆچوونه‌که‌ی مه‌زن عوسمانم خوێنده‌وه‌؛ هه‌ر نه‌مخوێندبایه‌وه‌ باشتر بوو، چوونکه‌ ئه‌وه‌ی تووشی هاتم ته‌نیا کاڵ و کرچییه‌کی زمانی و مه‌عریفی بوو و هیچی دیکه‌.
زۆر سه‌یره ئه‌وڕۆ هه‌رچی ڕاست ده‌بێته‌وه‌ بۆچوونی هه‌یه‌، که‌چی که‌ چاو له‌ بۆچوونه‌که‌ی ده‌که‌ی چه‌ند شتی بێ ئه‌سڵ و ئه‌ساسی به‌دوای یه‌کدا ڕیز کردووه‌ و ئیدعای ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ چاره‌نووسی زمان و مه‌عریفه‌ی کوردیمان بۆ ده‌ستنیشنان بکا. (لێره‌دا مه‌به‌ستم کاک مه‌زن نییه‌، به‌ڵکوو زیاتر مامۆستاکانیم مه‌به‌سته‌) وتار و بۆچوونی له‌و چه‌شنانه‌ نه‌ده‌بوو ڕووی مه‌جلیسانیان هه‌بێ به‌ڵام ده‌ڵێی چی ... مه‌گه‌ر هه‌ر خوا یارمه‌‌تی[ت-مان] بدا

با ره‌خنه‌یه‌کیش له‌ تۆ بگرم، به‌نده‌ ئۆگری وتاره‌کانی تۆم و هه‌ڵوێسته‌کانتم به‌ دڵه‌، به‌ڵام قسه‌ی خۆمان بێ ئه‌تۆش زۆر جار له‌ جیاتی وشه‌ی ناسراو و باوی کوردی، هێندێک وشه‌ی هه‌رێمی ده‌کار ده‌که‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ زیاتر له‌ سابڵاغێ باو بن. ئه‌تۆ که‌ ڕه‌خنه‌ت هه‌یه‌ له‌ جوامێر و هاوبیرانی، نه‌ده‌بوو شتی هه‌رێمی تێکه‌ڵی شتی گشتی بکه‌ی. ئه‌وه‌ بڕێک زه‌ربه‌ له‌ ئه‌زموونه‌که‌ت ده‌دا... پێم وابێ ڕه‌خنه‌ی ئێوه‌ش [ئێمه‌ش] له‌ براده‌رانی سلێمانخواز (مه‌به‌ست ئه‌وانه‌یه‌ وا شیوه‌زاری سلێمانی به‌ په‌سند ده‌زانن بۆ زمانی فه‌رمی) ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ هه‌رێمییه‌ و شێوه‌کانی دیکه‌ بێبه‌ش ده‌کا ...

هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بی

Thursday, August 14, 2008

سڵاو ده‌ستی ماندووتان ده‌کوشم


سڵاو ده‌ستی ماندووتان ده‌کوشم ...

به‌ڕێزم ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ئێستا ، تێبینییه‌کی زمانیم له‌ وێبنووسه‌که‌تاندا خوێنده‌وه‌، له‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی،‌ له‌ تابڵۆ هه‌ڵوه‌سراوه‌کانی سه‌ر دیواری خوێندنگایه‌کان، به‌ڕێزت نموونه‌ت به‌ (خوێندنگای حاجی قادری سه‌ره‌تایی) هێنابووه‌وه‌ و (خوێندنگای سه‌ره‌تایی حاجی قادر)ت به‌ ڕاست زانیبوو.به‌ڵام من ده‌مه‌وێ زێتر له‌ سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بنووسی بۆ نموونه‌ (قوتابخانه‌ (خوێندنگای ئاماده‌یی سۆرانی کوڕان) چۆن بنووسرێت ؟ تا له‌ گه‌ڵ ده‌ستووری زمانه‌که‌مان بگونجێت، یان (قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی حاجی قادری تێکه‌ڵاو) چۆن بنووسرێت ؟ ده‌کرێت بنووسین (قوتابخانه‌ (خوێندنگا)ی ئاماده‌یی کوڕانی سۆران) یان بنووسین ( قوتابخانه‌ی تێکه‌ڵاوی حاجی قادر). گه‌ر ده‌کرێ چۆنه؟ گه‌ر ناشکرێت بۆچی ؟ هه‌ر سه‌رکه‌وتووبیت.

خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی به‌ڕێزی ڕوانگه‌ ئه‌م پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌ی کردووه‌. به‌رله‌هه‌مووشت سپاست ده‌که‌م بۆ به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ت و هێنانه‌ گۆڕی ئه‌م پرسیاره‌.ئه‌و بۆچوونه‌ی باست لێوه‌ کردووه‌ له‌وانه‌یه‌ پێشتر له‌ نێواخنی نووسینی خوێنه‌ره‌وه‌یه‌ک، له‌ ڕوانگه‌ دا بڵاو بووبێته‌وه‌، به‌ڵام من خۆم وه‌بیرم نایه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ هیچم نووسیبێ. بۆ ئه‌وه‌ی پرسیاری به‌ڕێزت بێ وڵام نه‌هێڵمه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌کورتی وڵامی پرسیاره‌که‌ت ده‌ده‌مه‌وه‌.
وابزانم هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ئاوا ڕوو ده‌دا و زۆرجاریش دووپاته‌ ده‌‌ ببێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ بۆ وێنه‌ که‌سێک که‌ ده‌نووسێ : "خوێندنگای حاجی قادری سه‌ره‌تایی " له‌ پێشدا ده‌سته‌ وشه‌که‌ به‌ پێی ڕێسای زمانێکی دیکه‌ داده‌ڕێژێ و دوایه‌ وشه‌کان ده‌کا به‌کوردی و ده‌یاننوسێ. له‌ شێوه‌زاری کوردیی نێوه‌ڕاست دا ئه‌گه‌ر نێوێک به‌ نێوکی دیکه‌وه‌ بلکێنین : خوێندنگا +ی + حاجی قادر، و بمانه‌وێ به‌ وشه‌یه‌کی دیکه‌ ئه‌رکی پێوه‌لکێندراو > حاجی قادر ڕوونتر که‌یه‌نه‌وه‌، ئه‌م دیارخه‌ره‌ > سه‌ره‌تایی، ده‌که‌وێته‌ نێوان ناوی یه‌که‌م > قوتابخانه‌ و ئه‌و ناوه‌ی که‌ پێوه‌ی لکێندراوه‌‌ > حاجی قادر، چونکوو ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ین جێی ده‌رخه‌ر > سه‌ره‌تایی و پێوه‌لکێندراو > حاجی قادر تاق وجووت که‌ین ئه‌وده‌می جێگه‌ی پێوه‌لکێن و پێوه‌لکێندراو ده‌شێوێ‌ و ڕسته‌که‌ مانای مه‌به‌ست ناگه‌یێنێ. جیاوازی واتایی ئاشکرا هه‌یه‌ ‌ له‌نێوان ڕسته‌ی " خوێندنگای سه‌ره‌تایی حاجی قادر" و " خوێندنگای حاجی قادری سه‌ره‌تایی " له‌ ڕسته‌ی دووهه‌‌مدا وشه‌ی پێوه‌ لکێندراوی دووه‌م نیسبه‌ته‌ بۆ حاجی قادر و ده‌رخه‌ری وشه‌ی یه‌که‌م و ڕوونکه‌ره‌وه‌ی ئه‌رکی وی نییه‌. ئه‌وجار ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌ ده‌رخه‌رێکی دیکه‌ ئه‌رکی ناوی پێوه‌لکێن زێده‌که‌ین، ده‌رخه‌ری دوویه‌م به‌ دوای یه‌که‌مدا دێ و پێوه‌لکێندراوی یه‌که‌م هه‌ر له‌ جێی خۆی واته‌ له‌ کۆتایی ڕسته‌ دا‌ ده‌مێنێته‌وه‌: ناو + ی + ده‌رخه‌ر(1) + ده‌خه‌ر (2) + پێوه‌لکێندراو .که‌وابێ :" خوێندنگا‌ی سه‌ره‌تایی تێکه‌ڵاوی حاجی قادر" ، "قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی کوڕانی سۆران "مانای مه‌به‌ست ڕاستتر ده‌گه‌یێنن. هیوادارم ئه‌و شیکردنه‌وه‌یه‌ تاڕاده‌یه‌ک وڵامی پرسیاره‌که‌تی دابێته‌وه‌.
با به‌ کورتی شتێکیش له‌ سه‌ر پاشگری "گا" و " گه‌" بلێم که‌ به‌ لکاندن و به‌ دمه‌وه‌ کردنی ڕیشه‌ی کار یان ناو ، ناوی شوێن یان لێ ساز ده‌کرێ. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی‌ له‌ زۆر وشه‌ی کۆنی کوردیی دا پاشگری "گه‌" ده‌کار کراوه‌ وه‌کوو دانگه‌، مۆڵگه‌، جۆگه‌، شه‌رگه‌، هه‌وارگه‌، خیگه‌، بۆ وشه‌ی تازه‌ کووره‌ و داتاشراو پاشگری "گه‌" م له‌ "گا" له‌ به‌ر گوێیان خۆشتره‌ وه‌ک "خوێندنگه‌" له‌ بری " خوێندگا". منیش داوای سه‌رکه‌وتنت ده‌که‌م. تکایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وجار پێوه‌ندیت به‌ " ڕوانگه‌" وه‌ کرد نێو و ئی- مه‌یلی خۆشت بنووسه‌.

حه‌سه‌نی قازی

Wednesday, August 13, 2008

له‌ سه‌ر زاراوه‌ کورد نه‌بوغزێنین


له‌ سه‌ر زاراوه‌ کورد نه‌بوغزێنین
وێڕای سڵاو وده‌ستخۆشی له‌کاک حه‌سه‌نی به‌ڕیز و هه‌موو ئه‌و به‌ڕیزانه‌ی دی که‌ خۆیان به‌ چه‌مکی زمان وزمانه‌وانی یه‌وه‌ ماندوو کردووه‌ وده‌یکه‌ن ،من به‌ وردی هه‌موو ئه‌و نووسراوانه‌ ده‌ سایتی ڕوانگه‌دا ده‌خوێنمه‌وه‌ وجا چ ئه‌وانه‌ی دژبه‌ر به‌ هه‌ڵوێسته‌کانی دوکتور حه‌سه‌نپوورن و چ ئه‌وانه‌ی له‌ گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌کانی به‌ڕێزیانن و چ ئه‌وانه‌ی له‌ ڕاست نووسراوه‌کانی ماموستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز هێندێک ده‌مارگرژ بوون وچ ئه‌وانه‌ی پێی ڕازی بوون ، ئێمه‌ وه‌ک کورد جا سۆرانی ،بادینی ،کرمانجی ،هه‌ورامی ، زازاکی ، یان هه‌ر زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردی که‌ قسه‌ی پێده‌که‌ین ده‌بێ ئه‌و واقیعییه‌ته‌ بسه‌لمێنین که‌ کورد یه‌ک گه‌لی دابه‌شکراوه‌ و خاوه‌نی یه‌ک فه‌رهه‌نگی سه‌تاسه‌ت هاوبه‌ش نییه‌ و ئه‌و زاراوانه‌ی که‌ له‌ سه‌ر سنووره‌کانه‌ی ئێران و تورکییه‌ قسه‌ی پێده‌که‌ن جێوازیان هه‌یه‌ بۆیه‌شه‌ له‌ دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێی ده‌گوترێ شکاکی و له‌ باکوور پێی ده‌گوترێ کرمانجی ،هه‌ر وه‌ها له‌ سنووری ئێڕاق و تورکییه‌ له‌ دیوی باشووری کوردستان پێی ده‌گوترێ به‌هدینان یان بادینان و له‌ باکوور پێی ده‌گوترێ کرمانجی ، هه‌ڵبه‌ت ڕنگه‌ زۆر به‌ جوانیش له‌ یه‌کتری حاڵی ببن به‌ڵام جێوازیان هه‌ر هه‌یه‌ وه‌ک ده‌ به‌شی زاراوه‌ی سۆرانی دا زاراوه‌ی مه‌هابادی ، بۆکانی وبانه‌یی و مه‌ریوانی و سنه‌یی ، وده‌زاراوه‌ کرماشانی و ئیلامی وکره‌ندی و قه‌سری شیرینی دا جێوازی هه‌یه‌ ،به‌ڵام سه‌ر جه‌می ئه‌وانه‌ هه‌موو کوردن ، جا ئه‌گه‌ر دوکتور حه‌سه‌نپوور باسی جووت ستانداردی زمانی کوردی ده‌کا ،به‌ڕیزیان وه‌ نه‌بێ که‌ به‌ردی به‌ ئاسمانێدا داداوه‌ و حاشا له‌ کورد ده‌کا و خۆی پێ کورد نییه‌ و یان خه‌ریکه‌ دووبه‌ره‌کی ده‌خاته‌ نێوان کورده‌وه‌ ، نا وانییه‌ ،هه‌ڵبه‌ت من خۆم زمانناس و زمانه‌وان نیم به‌ڵام کوردی ده‌زانم و هیچ ده‌مارگرژ نیم له‌ وه‌یکه‌ کورد له‌ سه‌ر زاراواه‌ی سۆرانی یان کرمانجی ساغ بێته‌وه‌ وه‌ک زمانی ستاندارد و فه‌رمی بۆ نووسین و خوێندنه‌وه‌ ، ئێمه‌ چ بمانه‌وێ ونه‌مانه‌وێ ئه‌و له‌تانه‌ی کوردستان که‌ به‌ ئێران و ئێڕاق و تورکییه‌ و سوورییه‌وه‌ لکێندراون بێجگه‌ له‌ تێکه‌ڵاوی فه‌رهه‌نگی ده‌گه‌ڵ گه‌لانی سه‌ر ده‌ستی ئه‌و وڵاتانه‌ وه‌ک فارس و تورک و عه‌ڕه‌ب ،تێکه‌ڵاوی ز‌مانیشمان ئێگجار زۆره‌ و هێج عه‌یبیش نییه‌ چون تاوانی ئه‌و تێکه‌ڵاوییه‌ به‌ ویستی خۆمان نه‌بووه‌ ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ نییه‌ ، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ وردی سرنجێک بده‌ینه‌ ئه‌و سایتانه‌ یان ئه‌و تله‌ویزیۆنانه‌ی که‌ له‌ باشوور بڵاو ده‌بنه‌وه‌ وشه‌ی عه‌ڕه‌بییان زۆر ده‌گه‌ڵه‌ یان ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات وشه‌ی فارسییان ده‌گه‌ڵه‌ ، جا مه‌به‌ستی من له‌و چه‌ند دێڕه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ئێستا هیچ نه‌بووه‌ له‌ خۆڕا ئه‌و و ئه‌م تاوانبار نه‌که‌ین که‌ خه‌ریکه‌ زاراوه‌ی سۆرانی یان کرمانجی به‌ سه‌ر کورددا داده‌سه‌پێنن یان کورد نین و حاشا له‌ کورد ده‌که‌ن ویان له‌ گوێن ئه‌و جوره‌ تاوانه‌ بێ بنه‌مایانه‌ ، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر سرنجێک بده‌ینه‌ وڵاتانی ده‌ور وبه‌ری که‌نداوی فارس هه‌ر هه‌موویان عه‌ڕه‌بن ،ڕه‌نگبێ خاڵوزا وئامۆزا و خزمی نیزیکیش بن که‌ هه‌ن ،وڕه‌نگه‌ جێوازی زاراوه‌ییشان له‌ ئی ئێمه‌ی کورد زه‌قتر و به‌رچاوتر بێ و به‌ جوانیش له‌ یه‌کتر نه‌گه‌ن که‌ ئه‌گه‌ر هه‌موویان کۆکه‌ینه‌وه‌ به‌ قه‌رای کرماشان و سنه‌ وهه‌ولێر وسلێمانیان حه‌شیمه‌ت نییه‌ به‌ڵام نیزیکه‌ی به‌ ده‌ ده‌وڵه‌تن و هه‌ر یه‌که‌ش بۆخۆی نێوێکی هه‌یه‌ وه‌ک کوێت ،دوبێ ، ئه‌بوزه‌بی ، شارجه‌، قه‌ته‌ر ، یه‌مه‌ن ،..هتد جا ئێمه‌ش وه‌ک کورد ڕۆژێک له‌ ڕۆژان دیمان له‌ باری ز‌مان و زاراوه‌ و یه‌کگرتنه‌وه‌ی خاک موشکیله‌مان بۆ په‌یدا ده‌بێ و ده‌بته‌ هۆی شه‌ڕ و براکوژی و له‌یه‌کتر دابڕانی هه‌میشه‌یی ، با کوردیش ببته‌ چوار ده‌وڵه‌ت وه‌ک ئێستا که‌ به‌ نێوی باشوور وباکوور وڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا که‌وتۆته‌ سه‌رزاران با ئه‌وده‌میش ببته‌ ده‌وڵه‌تی کوردستانی باشوور له‌ جیاتی باشووری کوردستان یان ده‌وڵه‌تی کوردستانی باکوور له‌ جیاتی باکووری کوردستان ، ..هتد ، ئێمه‌ وه‌ک کورد که‌ ئێستا باشوور نیوچه‌ ئازادبوونێکی به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌ بیپارێزین جا چاکه‌ یان خه‌راپه‌ جێی باسی ئه‌و نووسراوه‌یه‌ نییه‌ ، وه‌رن با خۆمان ئاماده‌ بکه‌ین بۆ درووستکردن و بنیاتنان نه‌ک بۆ تێکدان و شێواندن و له‌ بناغه‌ ده‌رێنان ، با کوردیش ببته‌ چوار ده‌وڵه‌ت چ ده‌بێ مه‌به‌ست له‌ ئازاد بوونی ئه‌و چوار پارچه‌یه‌ جا با یه‌کنه‌گرنه‌وه‌ و هه‌ر یه‌ک ببته‌ ده‌وڵه‌تێک و هه‌ر ده‌و جوغرافییایه‌دا به‌و زاراوه‌ قسه‌ بکه‌ن و بیکه‌نه‌ زمانی ستاندارد ، یان دروشمه‌ و خۆ ڕانان ؟ یه‌ک واقیعییه‌تیشه‌ ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ سه‌ر زمان و زمانه‌وانی نووسیویانه‌ بێجگه‌ له‌ یه‌ک دوو که‌سیان نه‌بێ ، ئه‌وانیدی هه‌ر هه‌موو به‌ منه‌وه‌ هه‌ر وا سه‌رزاره‌کی شتێک ده‌نووسین ده‌نا هیچمان له‌و بواره‌دا پسپۆڕ نین به‌ڵام هه‌موو که‌س مافی قسه‌ کردنی ده‌و بواره‌دا سه‌تاسه‌ت ده‌بێ پارێزرابێ وه‌ک تا ئێستا پارێزراوه‌ ، زمان شتێک نییه‌ که‌ به‌ حیزب و سیاسه‌ت چاره‌ی بکرێ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ شتێکه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌ و ئه‌وانه‌ی که‌ خۆیانی له‌ قه‌ره‌ی ده‌ده‌ن ده‌بێ زانا وپسپۆڕ ده‌و بواره‌دا بن و بیلایه‌ن له‌ هه‌موو زاراوه‌ ، ئیدۆئۆلۆژی ،ناوچه‌چێتی‌ ، حیزبایه‌تی ،بیر وباوه‌ڕ بن ، ته‌نیا له‌ سه‌ر پێکهاته‌ و مێژوو و زمانه‌وانی زمانی کوردی وه‌ک تاقمێک ئاکادێمیست و لێزان هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌گه‌ڵ بکه‌ن چون زمان هی فڵان سه‌رؤک و سه‌روه‌ر و ئاغا و سواڵکه‌ر و سیاسه‌توان و عاشیره‌ و عێل و هۆز نییه‌ به‌ڵکوو هی گه‌لێکه‌ و به‌س که‌ ده‌بێ به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌گه‌ڵ بکرێ .هه‌ڵبه‌ت با ئه‌و هه‌له‌ش بقۆزمه‌وه‌ و هێندێک گله‌یی له‌و نووسه‌ر و شاعیره‌ به‌ڕیزانه‌ بکه‌م که‌ ده‌و ڕۆژنامه‌ و سایتانه‌ی باشووردا شت و بابه‌ت بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هێندێک ڕه‌وتی ز‌مانه‌وانی و ڕێنووس و ڕیزمان و وشه‌ی ڕه‌سه‌ن ڕه‌چاو بکه‌ن و ئه‌و وشه‌ عه‌ڕه‌بی و فارسییانه‌ وا سه‌ر و کلک قرتاو به‌ جێی وشه‌ی کوردی ده‌خواردی ئه‌و گه‌له‌ کۆڵه‌واره‌ مه‌ده‌ن ئه‌و کاره‌ ده‌ دوا ڕۆژدا ده‌بته‌ کۆسپێک له‌ سه‌ر ڕێی زمانی پاراو وڕه‌سه‌نی کوردی و کورد گوته‌نی قسه‌ که‌وته‌ زارێکی ده‌که‌وێته‌ شارێکی دوایه‌ ئه‌و وشانه‌مان بۆ له‌ زاران کۆ نابته‌وه‌ و داده‌سه‌پێن وه‌ک وشه‌ ی پۆزش و ته‌نسیق و ته‌ناول ، ته‌نویر و، ته‌ته‌وڕات ، ئیستیحاله‌ ، مڕاسلات و موبڵییات و مراودات وناوزه‌د ، له‌ میانه‌ ، و سه‌تان وده‌یان وشه‌ی ناله‌بار و بێ تامی له‌ گوێن ئه‌وانه‌ ، هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و تێکه‌ڵ پێکه‌ڵ بوونه‌یه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ی باشوور بۆ ده‌رمان یه‌ک ڕسته‌ی ده‌ وشه‌ییان ڕه‌وان و بێ نه‌قه‌ نه‌ق و منگه‌ منگ بۆ ناوترێ ، چون نه‌ فارسیی ڕه‌سه‌نه‌ نه‌ عه‌ڕه‌بی ڕه‌سه‌نه‌ و نه‌ کوردی ڕه‌سه‌ن ، باشه‌ ئێمه‌ی کڵۆڵ به‌ قه‌ولی ناسری ڕه‌ززازی له‌ دیوی ڕۆژهه‌ڵات ته‌نانه‌ت ناوی کوردیشمان لێ پاوان بوو ئه‌گه‌ر ئاوامان ده‌ گه‌ڵ زمانی کوردی هه‌ڵسوکه‌وت کردبا ،جێی ڕه‌خنه‌ و گازنده‌ نه‌بووین به‌ڵام خۆ ئێوه‌ نیزیکه‌ی به‌ په‌نجا ساڵه‌ کوردی ده‌خوێنن و ئه‌وه‌ حه‌فده‌ ساڵه‌ نیوه‌ ده‌وڵه‌تێکیشتان هه‌یه‌ به‌ڵام وا ده‌ گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن هه‌ر ده‌ڵێی به‌ زۆری کوردیتان قسه‌ پێده‌که‌ن ، تکایه‌ به‌رپرسیاره‌تی خۆتان ده‌وبواره‌دا زیاد بکه‌ن و به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی وا ده‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و سایتانه‌دا بابه‌ت ده‌نووسن ، من بۆ نموونه‌ی ئه‌وڕۆ که‌ دڵۆپێکه‌ له‌ ده‌ریایه‌ک ، سه‌رذێڕی سایتی په‌یامنێرتان که‌ زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی کوردستانه‌ بۆ دێنمه‌وه‌ بزانن ئه‌وه‌ی نووسیوێتی .لێی تێده‌گا عێراقی - پرۆسه‌ی موژده‌كانی چاكه‌ راگیرا ، که‌س نییه‌ له‌و به‌رێزه‌ بپرسێ ئه‌و ڕسته‌ لێنگ قووچه‌ و لاق له‌ حه‌وایه‌ چییه‌ ؟ نه‌ سه‌ری دیاره‌ و نه‌ به‌ری ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که‌شی ده‌خوێنێوه‌ هه‌ر ده‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ردێڕه‌ ناگونجێ ، هه‌ر ئه‌وی به‌ سه‌ر زارمان دا هات نابێ بیاننووسین ، من به‌شبه‌حاڵی خۆم چه‌نه‌م چووه‌ ئه‌وه‌نده‌یان بۆ بنووسم به‌ڵام وه‌ک نه‌ بای هاتبێ و نه‌ باران ، به‌ داخه‌وه‌ هێندێک له‌و سایتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیش تووشیان به‌ تووشی ئه‌و ئازاره‌وه‌ بووه‌ هیوادارم وه‌دڵی نه‌گرن و وه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌کی دلسۆزانه‌ بۆ زمانی کوردی وه‌ربگیرێ و وه‌رن با به‌ هه‌موومان حه‌ولی ڕاستکردنه‌وه‌ و پاراوی ئه‌و زمانه‌ بده‌ین و وه‌ک سیاسه‌ته‌که‌مانی لێنه‌که‌ین و هه‌ر تاقمێکمان ببینه‌ ده‌روێشی ئه‌و ڕێبه‌ر و ئه‌و سه‌رۆک و خه‌ڵکمان کردبێته‌ کۆتاڵی نێو دوکانه‌که‌مان ، هه‌ر که‌سیش ئاسته‌مه‌ ڕه‌خنه‌یه‌کی گرت زوویه‌کی ته‌مرێکی دوو قه‌بزه‌ی لێ قایم بکه‌ن و تاوانباری به‌ تێکده‌ر و ڕووخێنه‌ر و ......هتد بکه‌ن سه‌رکه‌وتوو بن
حه‌سه‌ن ڕ

Sunday, August 10, 2008

نۆروێژی وه‌کوو زمانێکی ئاسایی، نووسینی پیتر ترادگیل




تێبینی وه‌رگێر: ئه‌م وتاره‌ی پیتر ترادگیل، یه‌ک له‌ زمانناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ناسراوی ئه‌م بواره‌، به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی لێدوان و یارمه‌تی کردنی زیاتر به‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕێبازی چلۆنایه‌تی پێوه‌چاران به‌ زمان/ شێوه‌زاره‌ کوردییه‌کان وه‌رگێڕدراوه‌‌. ئاشکرایه‌ لێدوان و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئافرێنه‌ر به‌ بێ پشتبه‌ستن به‌ تیۆری زمانی، و به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵناسیی زمانی له‌مه‌ر بارودۆخی زمان/شێوه‌زاره‌ کوردییه‌کان هیچی لێ شین نابێ. به‌ دوای ئه‌و نووسینه‌ی پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل دا، دوو نووسینی دیکه‌ ش سه‌باره‌ت به‌ زمانی جووتستانداری نۆڕوێژی که‌ زیاتر باسی لایه‌نی پێشوه‌چوونی مێژوویی ئه‌و ستانداردانه‌ ده‌که‌ن و له‌ ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ نووسراون بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وانی هۆگری بابه‌تی زمانناسانه‌ پێشکێش ده‌کرێ.


نۆڕوێژی وه‌کوو زمانێکی ئاسایی
پیتر ترادگیل
وه‌ڕگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی

نوروێژییه‌کان زیاتر پێیان خۆشه‌ وا بیر بکه‌نه‌وه له‌وانه‌یه‌،‌‌ بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی،سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نائاسایی بێ. تا ئه‌وجێیه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رتێگه‌یشتنی یه‌که‌م، ئه‌من له‌جێی دیکه‌ش دا باسم کردووه‌ ( بۆ وێنه‌، بڕوانه‌ Trudgill,1995 ) که‌، ئه‌و بارودۆخه‌ی زمانی نۆڕوێژی تێدایه‌‌ نه‌ک هه‌ر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ نییه‌، به‌ڵکوو زۆریش هێمن و مه‌عقولانه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ڕوانگه‌ی ته‌حه‌مولی زمانی و دێمۆکراسی زمانییه‌وه‌ و له‌ زۆر ڕووه‌وه‌‌ ده‌کرێ جێی لێفێربوون و ته‌نانه‌ت لاساییکردنه‌وه‌ و پیاده‌ کردن بێ له‌ زۆرێک له‌ به‌شه‌کانی دنیادا. له‌م وتاره‌ دا، ئه‌من به‌شی دوویه‌می ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ واته‌ گۆیا نائاسایی بوونی بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی شی ده‌که‌مه‌وه‌. ئه‌من ده‌ڵێم ‌، ئه‌گه‌رچی له‌ چه‌ند لایه‌نێکه‌وه‌ بارودۆخی زمانی له‌ نۆروێژ زۆر ده‌گمه‌نه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ئاسۆیه‌کی به‌رفره‌وانتر دا لێی بڕواندرێ ، له‌ ڕاستیدا سه‌یر نییه‌. دیاره‌ کارێکی هاسانه‌ ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ‌ زیاده‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ بوونی کۆمه‌ڵناسیی زمانی مۆدێرنی نۆروێژی گه‌وره‌کاته‌وه‌. ئه‌من له‌خواره‌وه‌ هێندێک له‌ولایه‌نانه‌ چڕ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ده‌یسه‌لمێنن له‌ ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسیی زمانه‌وه‌ نۆڕوێژی به‌ته‌واوی زمانێکی ئاساییه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌که‌م ‌ له‌زۆر شوێنی دیکه‌ له‌ سه‌رانسه‌ی دنیا بارودۆخی زمانیی ئه‌وتۆ هه‌ن که‌ زۆر له‌ نزیکه‌وه‌ وه‌ بارودۆخی زمانی نوروێژی ده‌چن. نوروێژی وه‌کوو زمانێکی ئاوسباو
زۆر خه‌ڵک له‌ نۆروێژ وا وێده‌چێ پیان وابێ‌ ساز کردنی گۆیا " ده‌سکردانه‌"ی نی نۆرشک (نۆروێژی نوێ) تا ڕاده‌یه‌ک سه‌یره‌، و ئا‌ماژه‌ به‌و ڕاستییه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌و زمانه‌ هیچ ئاخێوه‌ری بوومی نییه‌، له‌ ڕاستییدا ئه‌مه‌ به‌ته‌واوی شتێکی ئاساییه‌ و زۆرێک له‌ شێوه‌زاره‌ ستانداردکراوه‌کان له‌ سه‌رانسه‌ی دنیا دا سازکراوه‌ی ده‌سکردن که‌ له‌لایه‌ن پلانداڕێژانی زمانه‌وه‌ پێش خراون که‌ زۆر جار له‌ سه‌ر بنه‌مای دۆزینه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی نێوان له‌هجه‌کانی قسه‌پێکردنی خۆڕسکی ئه‌وکاره‌یان ڕاپه‌ڕاندووه‌.
سه‌رباقی ئه‌مه‌ش لایه‌نێکی پێوه‌ندیدار و ڕه‌نگه‌ زۆر گرینگتر هه‌یه‌ که‌ ده‌یسلمێنی به‌ره‌وپێشچوونی ستانداردی نی نۆرشک ده‌کرێ به‌ته‌واوی به‌ ڕه‌وتێکی ئاسایی دابندرێ. رێگه‌یه‌ک بۆ تێگه‌یشتنی ڕوونتر سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی ده‌کرێ ورد بوونه‌وه‌ له‌و لایه‌نه‌ی بارودۆخی زمانی بێ‌ که‌ ئه‌من نێوم لێناوه‌ "زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاوسباو " ( بڕوانه‌ ( 1992a;1992b Trudgill . ئه‌م زه‌مینه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و جوێکردنه‌وه‌یه‌ داندراوه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هاینس کلۆس Heinz Kloss (1967)ئه‌نجامی دا، له‌ نێوان ئه‌وه‌ی ئه‌و پێیان ده‌ڵێ " زمانانی ئاپشتانت" Abstandsprache یان " زمانان‌ له‌ ڕووی مه‌ودا "و " زمانانی ئاوسباو" Ausbausprache " زمانان له‌ ڕووی دڕێژ بوونه‌وه‌ ".
گشت زمانناسان زۆر به‌چاکی له‌وه‌ئاگادارن مانای " زمانێک " ، ته‌نیا به‌شێکی به‌ پێی پێوه‌ره‌ زمانناسییه‌کانه وه‌ ‌ دیاری ده‌کرێ. ئێمه‌ به‌ هه‌موو قوتابییه‌کانمان که‌ تازه‌ له‌ لای ئێمه‌ ده‌ست به‌ خوێندن ده‌که‌ن ده‌ڵێین ، ئه‌و پرسیاره‌ی گه‌لۆ شێوه‌زاری زمانێک ده‌بێ به‌ " زمانێک " یان " له‌هجه‌یه‌ک " دابندرێ ( یان دیسان شتێکی دیکه‌) به‌ هیچجۆر هه‌ر به‌ پێی بڕیارێکی زمانناسانه‌ دیاری ناکرێ. له‌و باره‌یه‌وه‌ هۆکاره‌کانی کولتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و مێژوویی ش ده‌کرێ ده‌وری زۆر قووڵیان‌ هه‌بێ. ‌کلۆس Kloss، به‌ ئاماژه‌ کردن به‌وه‌ی که‌ ده‌کرێ هێندێک له‌زمانان ته‌نیا و ته‌نیا به‌ پێی پێوه‌ری زمانناسانه‌ به‌ زمانی جیاواز دابندرێن، ڕووناکایی ده‌خاته‌ سه‌رئه‌م بابه‌ته‌ --- ئه‌وه‌ش له‌به‌ر دووری و مه‌ودای زمانیی ئه‌وان له‌ گه‌ڵ گشت شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی که‌ هه‌ن. له‌ چوارچێوه‌ی ئوڕووپا دا، زۆر جار زمانی باسک وه‌کوو نموونه‌یه‌کی ئاشکرای زمانی ئاپشتاند باسی لێوه‌ ده‌کرێ. چونکوو هێچ خزمێکی نزیکی له‌ نێو زمانانی دوه‌ر و به‌ری خۆیدا نییه‌، و قه‌ت ڕێی تێناچێ بکرێ وه‌کوو له‌هجه‌ی زمانێکی دیکه‌ دابندرێ.
به‌ڵام، زۆربه‌ی زمانانی دیکه‌ ‌ --- زمانانی ئاوسباو --- ن ، واته‌ له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌‌ بارودۆخی زنجیره‌ی زمانی دا ڕوویان داوه‌ که‌وتوونه‌ته‌وه‌ و په‌یدا بوون و ئه‌وه‌ی که‌ به‌زمانانی جیاواز له‌ یه‌کتری داده‌ندرێن به‌هیچجۆر به‌ ته‌واوی له‌ به‌ر پێوانه‌ی زمانی نییه‌،نموونه‌ی کلاسیکی له‌ ئورووپای ڕۆژئاوا که‌ ته‌بیعه‌تی زمانانی ئاوسباو نیشان ده‌دا له‌ جیاوازی نێوان زمانی ئاڵمانی و زمانی هۆله‌ندی دا ده‌رده‌که‌ێ. به‌ڵام، ده‌کرێ ئاماژه‌ به‌ زۆر نموونه‌ی دیکه‌ش بکرێ وه‌کوو جیاوازییه‌کانی نێوان زمانانی له‌هیستانی، سڵۆڤاکی و چێکی؛ یان نۆروێژی، سوێدی و دانمارکی؛ یان پورتوگاڵی ، ئێسپانیایی و کاتاڵانی. سه‌باره‌ت به‌ نموونه‌ی ئاڵمانی/ هوله‌ندی، ده‌کرێ بڵێین ( بڕوانه‌ Chambers و Trudgill ، 1997) که‌ زنجیره‌یه‌کی له‌هجه‌ ڕۆژئاواییه‌کانی ژێرمه‌نی هه‌بوون‌ که‌ له‌ هه‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ له‌‌ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌دان دا دوو زمانی ستانداردی جیاواز سه‌ریان هه‌ڵهێناوه‌، واته‌ هۆله‌ندی و ئاڵمانی. ئێمه‌ له‌هجه‌‌کانی ئه‌و زنجیره‌ی زمانییه‌ که‌ له‌ هۆله‌ند و بێلژیک قسه‌یان پێده‌کرێ به‌ له‌هجه‌ی زمانی هوله‌ندی و ئه‌و له‌هجانه‌ی ده‌نێو زنجیره‌ی زمانی ئاڵمان، سویس و ئوتریش دا قسه‌یان پێده‌کرێ به‌ له‌هجه‌ی سه‌ر به‌ زمانی ئاڵمانی داده‌نێین --- ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی له‌به‌ر هۆی غه‌یری زمانی.
به‌ به‌کارهێنانی قسه‌ی هاوگنHaugen)1968) ده‌ڵێم ، له‌هجه‌کانی زمانی هۆله‌ندی ئه‌و له‌هجانه‌ن که‌ به‌سترانه‌وه‌یه‌ک به‌ ستانداردی هۆله‌ندییه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن: واته‌، ئه‌وان پشت به‌ ستانداردی هۆله‌ندی ده‌به‌ستن به‌و مانایه‌ی ‌ ئاخێوه‌رانیان وه‌کوو زمانی ستاندارد چاو له‌ هۆله‌ندی ده‌که‌ن که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی خۆڕسکی له‌ گه‌ڵ شێوه‌ زمانی خۆیان ده‌گونجێ ، و ئه‌وان هۆله‌ندی ستاندارد به‌ مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ و پێ نووسین فێر ده‌بن. هه‌رئاواش ، له‌هجه‌ ئاڵمانییه‌کان ،ئه‌وله‌هجه‌ ڕؤژئاواییه‌ ژێرمه‌نییانه‌ن که‌ پشت به‌ ستانداردی ئاڵمانی ده‌به‌ستن و پێڕۆیی لێ ده‌که‌ن، هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆی له‌مه‌ڕ هۆله‌ندی باسمان کرد. (سنووری جوگرافیایی له‌ نێوان له‌هجه‌ هۆله‌ندییه‌کان و له‌هجه‌کانی زمانی ئاڵمانی به‌ وردی ده‌بێ له‌و شوێنه‌ دیاری بکرێ که‌ سنووری سیاسییه‌ له‌ نێوان وڵاتانی هۆله‌ند و ئاڵمان دا.) ئه‌و دوو زمانه‌ ستانداردانه‌ که‌ قاعیده‌ و ڕێسایان بۆ داندراوه‌ واته‌ کتێبی ڕێزمان وقامووسیان بۆ داندراوه‌، و خاوه‌نی سامانی ئه‌دبین که‌ به‌وستانداردانه‌ نووسراون ، هه‌ر یه‌که‌ی به‌سه‌ری خۆیان ده‌بێ به‌ سه‌ربه‌خۆ دابندرێن – ده‌توانین بڵێین ، هه‌رکام له‌وان هه‌بوونێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه‌. به‌م پێیه‌ ده‌توانین چه‌مکی زمانی ئاوسباو بناسێنین و بڵێین زمانێکی ئاوسباو چییه‌: زمانی ئاوسباو زمانێکه‌ که‌ شێوه‌زارێکی ستاندارد کراوی هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ گشت شێوه‌زاره‌ ناستانداره‌کان که‌ له‌ ئاست ئه‌و ستاندارده‌ په‌یوه‌ست بوون و به‌سترانه‌وه‌یه‌ک له‌ خۆیانه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن.
ئه‌م ناساندنه‌ به‌ جوانی ڕوونی ده‌کاته‌وه‌ که‌ زمانان ته‌نێ سازکراوه‌ی کولتووری نین به‌ڵکوو له‌ باری توانایه‌کییه‌وه‌ سازکراوه‌ی له‌ گۆڕانهاتووشن. له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌‌ سه‌ربه‌خۆیی دیاره‌ده‌یه‌کی سیاسی و کولتوورییه‌ تا ئه‌وه‌ی که‌ دیارده‌ییه‌کی زمانناسی بێ، شێوه‌زاره‌کان ده‌کرێ سه‌ربه‌خۆیی وه‌ده‌ست بهێنن یان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ ده‌ست بده‌ن.سکاتله‌ندی، ئاڵمانیی ته‌ختاییان ( Plattdeutsch ) و پڕۆڤێنسال گشتیان نموونه‌ی ئه‌و زمانانه‌ن که‌ بوون به‌ له‌هجه‌: ئه‌وان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ ده‌ست دا و بوونه‌ پاشکۆ و گرێدراوی زمانانی دیکه‌ ( واته‌ ئینگلیسی، ئاڵمانی و فه‌ڕانسه‌یی). به‌ڵام زمانی دیکه‌ی ئه‌وتۆ هه‌ن که‌ سه‌ربه‌خۆیییان وه‌ده‌ست هێناوه‌: ئه‌فریکانس و مه‌قدوونییه‌یی هه‌ر دووکیان له‌هجه‌ی ( هۆله‌ندی و بوڵغاری – یان ڕه‌نگه‌ سربی ) ن که‌ ئێستا بوونه‌ته‌ زمان : ئه‌و دوو زمانه‌ زمانی ئاوسباون که‌ درێژ کراونه‌ته‌وه‌ یان ساز دراون یان له‌ له‌هجه‌کانی پێشووه‌وه‌ پێش خراون و په‌یدابوون.
دوولایه‌نی ئه‌م بابه‌ته‌‌ له‌گه‌ڵ باسکردنی بارودۆخی زمانی نۆروێژی دا ده‌گۆنجێن. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئێمه‌ جیاوازی نێوان زمانانی ئاوسباو و ئاپشتانتمان ده‌ست نیشان کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م ده‌ستنیشانکردنه‌ی جیاوازیان‌ جۆره‌یه‌ک ساده‌کردنه‌وه‌یه‌. چونکوو، ئاشکرایه‌ ، ئاپشتانت یان مه‌ودای زمانی دیارده‌یه‌که‌ که‌متازۆر ڕێگه‌ ده‌دا به‌ ده‌ره‌جه‌ی ئه‌و مه‌ودایه‌.خاڵی دوویه‌م ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ گوتمان‌ ‌ خه‌سله‌ته‌کانی زمانی زۆر گرینگترین بۆ پێناسه‌ کردنی زمانانی ئاپشتانت و ئه‌و گرینگییه‌یان بۆ زمانانی ئاوسباو نییه‌، به‌ڵام ده‌شزانین که‌ پێوه‌ندییه‌کی سه‌رنجڕاکێش له‌ نێوان ئه‌م دوانه‌ دا هه‌یه‌. کاتێک ‌ به‌ ئانقه‌سته‌ حه‌ول ده‌درێ بۆ تێکدانی پله‌ و هه‌ڵکه‌وتی زمان به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی شێوه‌زاره‌ ستاندارده‌کان – زۆر جار به‌ مه‌به‌ستی سیاسی – به‌ ئاسایی مه‌ودا و دووری زمانی ده‌بێ له‌به‌ر چاوبگیرێ. بۆیه‌، له‌ سالانی 1930 یه‌کانی ئێسپانیای فاشیست دا که‌ سیاسه‌تێکی به‌ناوه‌نده‌وه‌ گرێدان به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، فڕانکۆی دیکتاتۆر هێرشی برده‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی زمانی کاتاڵانی به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌شی زمان و ئه‌ده‌بییاتی کاتاڵانی له‌ زانکۆی بارثێلۆنا و وه‌شان و بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌و زمانه‌ قه‌ده‌غه‌ کرد، سه‌رباقی ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌شی هه‌بوو حکوومه‌ته‌که‌ی بڵێ که‌ کاتاڵانی " به‌ڕاستی زمانێک نییه‌" به‌ڵکوو ته‌نێ " له‌هجه‌یه‌کی ئێسپانیاییه‌" ئه‌وه‌ش له‌ به‌ر وه‌یه‌کچوونی ئاشکرای زمانی ئه‌و دراوسێیانه‌ و په‌یوه‌ست بوونیان له‌ زنجیره‌ی جوگرافیایی له‌هجه‌یی دا.
به‌ پێچه‌وانه‌، و زۆر گرینگتر بۆ شێکردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌به‌سته‌ی لێره‌ باسی لێوه‌ ده‌که‌ین ، ئێمه‌ هه‌موومان گوێمان له‌و مه‌تۆڵه‌که‌ بووه‌ که‌ " زمان له‌هجه‌یه‌که‌ که‌ ئه‌ڕته‌ش و هێزی ده‌ریایی هه‌بێ‌"، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا به‌ ئاسایی هه‌بوونی ئه‌ڕته‌شێک و هێزێکی ده‌ریایی به‌س نییه‌( له‌وانه‌یه‌ به‌ پێویستی هۆکاری زۆر سه‌ره‌کیش نه‌بن، ته‌نانه‌ت بۆ زمانانی ئاوسباویش، وه‌ک نموونه‌ی بووژانه‌وه‌ و زیندوو بوونه‌وه‌ی زمانی کاتاڵانی ده‌یسه‌لمێنی، به‌ڵام ئه‌مه‌ باسێکی دیکه‌یه‌). جا بۆیه‌ حه‌ولدانی به‌ ئانقه‌ست بۆ ئه‌وه‌ی له‌هجه بکرێ‌ به‌ زمان به‌ئاسایی ده‌بێ گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی ئاپشتانتی زمانیشی له‌گه‌ڵدا بێ واته‌ مه‌ودای دوور بکرێته‌وه‌، و هه‌ر وه‌ها پێشخستنی ئامرازی دیکه‌ بۆ وه‌دی هێنانی پڕۆژه‌یه‌کی تایبه‌تی، وه‌کوو به‌کارهێنانی ڕێنووسێکی نوێ یان ته‌نانه‌ت ده‌کارکردنی ئه‌لفوبێیه‌کی به‌ ته‌واوی جیاواز. بۆ نموونه‌، ستانداردی زمانی مه‌قدوونییه‌یی تا ڕاده‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش ، به‌ ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی پڵانداڕشتنی زمانی پێش خرا، له‌ سه‌ر بنه‌مای زنجیره‌ی له‌هجه‌ سڵاڤییه‌ باشوورییه‌کان، که‌ له‌باری جوگرافیایی‌ و هه‌ر وه‌ها زمانییه‌وه‌، له‌هجه‌گه‌لی هه‌ره‌دووربوون له‌ زمانی بوڵغاری و له‌ زمانی سڕبۆ-کڕواتی --- واته‌ له‌هجه‌کانی باشووری ڕۆژئاوای مه‌قدوونییه‌. دیاره‌ به‌ هه‌ڵکه‌وت ئه‌وه‌ نه‌کرا. ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ ئیدیعا بکا له‌هجه‌که‌ی خۆی له‌ ڕاستیدا زمانێکه‌ ئه‌و ده‌می مرۆ ده‌بێ ده‌سته‌و داوێنی ته‌پکه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی بێ وه‌کوو هه‌بوونی قامووس، کتێبی ڕێزمان ، و ڕێنووس ، و زۆر له‌مانه‌ش گرینگتر، هه‌بوونی نێوێک بۆ زمانه‌که‌. به‌ڵام گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ که‌ مرۆ هه‌تا مه‌ودا و دووری نێوان زمانه‌که‌ی خۆی و دراوسێیه‌کانی،به‌رینتر کا، که‌ قه‌فی زنجیره‌ی له‌هجه‌یی هاوبه‌شن، باشتره.‌ به‌م ڕێگایه‌ دا مرۆ ئه‌و مه‌ترسییه‌ که‌م ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وانیتر ئیدیعا بکه‌ن که‌ زمانه‌که‌ی مڕۆ " له‌ ڕاستیدا " هێشتا له‌هجه‌ی زمانێکی دیکه‌یه‌.
لێره‌، له‌ باسی زمانی نۆڕوێژی دا، ئێمه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ بکه‌ین به‌و جه‌خته‌ تایبه‌تییه‌ی که‌ ئیڤار ئاسێن Ivar Aasen له‌ سه‌ر له‌هجه‌ ڕۆژئاواییه‌کانی نۆڕوێژی کردی. ئه‌وه‌ زۆر جار وه‌کوو سه‌رنجدان و ئیستگرتن له‌ سه‌ر ئه‌و له‌هجانه‌ نیشان دراوه‌ که‌ ئه‌و به‌ " پاکترین " یان " تێکنه‌چووترین" شێوه‌زاری زمانه‌که‌ی داده‌نان. به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت یه‌ک له‌وشتانه‌ی که‌ ئاسێن حه‌ولی ده‌دا بیکا ئه‌وه‌ بوو ‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ زمانی نۆڕوێژی وه‌ده‌ست بهێنێ، واته‌ جوێبوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی له‌ زمانی دانمارکی هاوته‌ریبی سه‌ربه‌خۆبوون و جوێبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی نۆڕوێژ له‌ وڵاتی دانمارک . جا بۆیه‌، هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی که‌ زمانی مه‌قدوونییه‌یی سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ سڕبۆ- كڕۆواتی و بوڵغاری جوێ بووه‌ته‌وه‌ به‌ ڕێگه‌ی جه‌خت کردن له‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ره‌جه‌یه‌ له‌ خۆ دوورخستنه‌وه‌ی زمانی که‌ پێی کراوه‌ بیکا، ئاسێن یش زۆر به‌ وردی ئه‌و له‌هجه‌ نۆڕوێژییانه‌ی هه‌ڵبژارد که‌ دوورترین له‌هجه‌ بوون له‌ زنجیره‌ی له‌هجه‌یی دانمارکی ( هه‌ر وه‌ها سوێدی )، و له‌ باری زمانییه‌وه‌ له‌هجه‌ی هه‌ره‌ دوور بوون له‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌هجانه‌ ببن به‌ بنه‌مای زمانێکی ستاندارد کراوی نوێ، که‌ دوا جار بوو به‌ زمانی نۆڕوێژی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وه‌ کارێکی هه‌ره‌ مه‌عقوول، و به‌ته‌واوی ئاسایی بوو که‌ ده‌بوو بیکا. "
نۆڕوێژی وه‌کوو زمانێکی فره‌نۆرم
هۆکارێکی دیکه‌ی که‌ به‌ چاوی خه‌ڵکێکی زۆر وه‌کوو بارودۆخی نائاسایی زمانی نۆڕوێژی ده‌بیندرێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ زمانی نۆڕوێژی تاقه‌ حه‌ولی ئیڤار ئاسێن نه‌بوو، به‌ڵکوو ئاکامی کاره‌که‌ی گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا ئه‌م زمانه‌ دوو شێوه‌ی ستانداردی هه‌یه‌: نی نۆرشک ( نۆروێژی نوێ )، ڕۆڵه‌ی شێوه‌زارێک که‌ ده‌ره‌جه‌ی ئاپشتاندی واته‌ مه‌ودای له‌زمانه‌ ده‌رو ‌دراوسێکان هه‌ره‌ دووره‌؛ و بووکمۆل ( زمانی دانمارکیی نۆڕوێژی) که‌ زۆر وه‌ زمانی دانمارکی ده‌چێ به‌ڵام ئێستا جیاوازی ڕێزمانی ، وشه‌ و ڕێنووسی له‌ گه‌ڵ دانمارکی ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ که‌ ناکرێ به‌ زمانی دانمارکی دابندرێ، جگه‌ له‌هێندێک له‌ پشتیوانانی نی نۆڕشک نه‌بێ که‌ هه‌تا ئێستاش بووکمۆل نه‌ک به‌ نۆڕوێژی، به‌ڵکوو به‌ دانمارکی ده‌زانن.
ئه‌مه‌ گرینگه‌ لێی تێبگه‌یشترێ که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌م بارودۆخه‌ش ده‌گمه‌ن نییه‌. به‌ر له‌هه‌مووشت له‌ ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه‌ ده‌گمه‌ن نییه‌. نۆڕوێژی تاقه‌ زمانێکی ئوڕووپایی نییه‌ که‌ له‌کاتی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی نه‌ته‌وه‌ دا دوو ڕێگه‌ چاره‌سه‌ری ڕکه‌به‌ری هه‌بووبێ بۆ دامه‌زراندنی زمانی ستاندارد. له‌ پڕۆسه‌ی پێشوه‌چوونی ستانداردی مۆدێڕنی زمانی یۆنانیش دا لاری و ناڕێکی هه‌بوو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ‌ کامه‌ ڕێباز وه‌به‌ربگیرێ . له‌ یۆنانیش دوولایه‌نی چاره‌سه‌ری ڕکه‌به‌ر له‌به‌رانبه‌ر یه‌کتری دا ڕاوه‌ستابوون، یه‌کیان ده‌یه‌ویست ئه‌و ستاندارده‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای شێوه‌زاری دێمۆتیکی ساز بکرێ که‌ له‌ سه‌ر بن _ له‌هجه‌‌ بوومییه‌کان پێک هاتبوو، لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ش ده‌یه‌ویست شێوه‌زارێکی دیکه‌ که‌ زۆر ئێلیتیستی [ شێوه‌زمانی نوخبه‌]تر بوو، واته‌ کاتارێڤووسا Katharevousa پێش بخرێ. ئه‌گه‌رچی، له‌و نموونه‌یه‌ دا ( بڕوانه‌ Jahrو Trudgill، 1993)، مه‌سه‌له‌ی ئاپشتانت و ئاوسباو له‌ گۆڕێدا نه‌بوو، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ زمانی یۆنانی زمانێکی ئاوسباو نییه‌ و هێجۆره‌ پێوه‌ندی و خزمایه‌تییه‌کی زمانی له‌ گه‌ڵ زمانی ترکی دا نییه، که‌ زمانی ده‌سته‌لاتی کۆلۆنیالی پێشوو بوو له‌ یۆنان. له‌و ساڵانه‌ی دواییدا، ڕکه‌ به‌ری و کێشه‌که‌ یه‌ک لا کراوه‌ته‌وه‌، و یۆنانی دێمۆتیکی جێگه‌ی کاتارێڤووسا یان یۆنانی په‌تی و پاکی ته‌قریبه‌ن له‌ گشت به‌ستێن و چوارچێوه‌یه‌کدا گرتووه‌ته‌وه‌. له‌ نۆروێژی هه‌تا بڵێی دێمۆکراتیک دا، جێگه‌ی هه‌بوون و مانه‌وه‌ی هه‌ر دوو چاره‌سه‌رییه‌کان واته‌ جووتستانداردی کراوه‌ته‌وه‌.
له‌مه‌ش زیاتر، خاڵی دوویه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه‌ یانی له‌م زه‌مانه‌دا ته‌ماشای ئه‌م دیارده‌یه‌ بکه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ‌ هیچ نائاسایی نییه که‌‌ زمانێکی تاقانه‌ زیاترله‌ یه‌ک ستانداردی هه‌بێ. شێوه‌یه‌ک له‌ تێڕوانین له‌ بارودۆخی زمانی نۆروێژی ئه‌وه‌یه‌ بگوترێ نوروێژی زمانێکی تاقانه‌ی جووتستاندارده‌. لێره‌ دا ده‌بێ ئه‌مه‌شمان له‌به‌رچاو بێ که‌ سه‌ربه‌خۆییش ، وه‌کوو ئاپشتانت ، دیارده‌یه‌کی ئاڵۆزه‌ که‌ که‌متازۆر ڕێگه‌ ده‌دا به‌ هه‌بوونی ده‌ره‌جه‌ی مه‌ودای دووری و نزیکی. سه‌باره‌ت به‌ زمانی نۆروێژی مۆدێرن ده‌توانین بڵێین که‌ جۆره‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ نێوان بووکمۆل و نێ نۆرشک دا که‌ هه‌ردووکیان شێوه‌زاری سه‌ربه‌خۆن که‌ به‌ وردی له‌ عه‌ینی زنجیره‌ی له‌هجه‌یی که‌وتوونه‌ته‌وه‌ و په‌یدا بوون، ئه‌گه‌رچی ده‌شکرێ نێ نۆرشک به‌ تایبه‌تی به‌ ڕۆژئاوای نۆڕوێژ ( و بووکمۆل، ڕه‌نگه‌ بکرێ، به‌ تایبه‌تی به‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی نۆڕوێژه‌وه‌ بلکێنین ).
ئه‌و پێچه‌ڵپێچی و ئاڵۆزییانه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی زمانی هێنده‌ش نائاسایی نین. بۆ وێنه‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ بکه‌ین به‌ شێوه‌جیاوازه‌کانی ئینگلیسی ستاندارد که‌ له‌ دنیای ئینگلیسی زمان داهه‌ن ، که‌ جیاوازییه‌کانیان له‌هه‌موو بواره‌کانی زمانیدا ‌ و هه‌ر وه‌ها له‌ رێنووسیشدا ده‌بیندرێ، و ئه‌مه‌ گرفتێک بۆ تێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی زمانی ساز ده‌کا. هێندێک له‌و شێوه‌زاره‌ ستانداردانه‌ به‌ ڕوونی زۆر پله‌و هه‌ڵکه‌وتی یه‌کسانتریان هه‌یه‌ له‌ ئه‌وانیدی، ستاندارده‌ ئینگلیسییه‌کانی ئوسترالیایی، نیوزیله‌ندی، ئه‌فریقای باشووری، کاراییبی، سکاتله‌ندی و ئیرله‌ندی به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوان مافیان له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌دا له‌ ستانداردی ئینگلیسیی ئینگلیسی و ستانداردی ئینگلیسیی ئه‌مریکایی که‌متره‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاشکرا و ڕوونه‌ که‌ زمانی ئینگلیسی، وه‌کوو زمانێکی فره‌ناوه‌ند، وه‌ک نۆڕوێژی، زیاتر له‌ یه‌ک شێوه‌ی ستانداردی هه‌یه‌. نموونه‌ی دیکه‌ی ئه‌وتۆ له‌ ئێسپانیایی، پورتوگالی، هۆله‌ندی و ژماره‌یه‌کی تری زماناندا ده‌بینین.
له‌ مه‌ڕبارودۆخی زمانی ئینگلیسی ڕه‌نگه‌ ‌ باشترین شێوه‌ ئه‌وه‌بێ وه‌کوو نوێنه‌ری نموونه‌ی نیوه- سه‌ربه‌خۆی نێوزه‌د بکه‌ین بۆ شێوه‌زاره‌ جیاوازه‌ نه‌ته‌وه‌ییکان. و نیشانه‌کانی ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ڕا ده‌ناسرێته‌وه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک شێوه‌زاری ستاندارد کراوی جیاوازی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو که‌س به‌ عه‌ینی زمانی داده‌نێ که‌ له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌ جیاوازه‌کانی له‌هجه‌ ناستاندارده‌کان له‌ وڵاتانی جیاواز دا خۆی ده‌گونجێنێ. له‌وانه‌یه‌ هه‌بن دژی ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌رکه‌ون، به‌ڵام شتی سه‌یر سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی ئه‌وه‌یه‌، که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی زمانی ئینگلیسی، دووستانداردی ئه‌م زمانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتێک له‌ سه‌ربه‌خۆیی دا هاوبه‌شن. پاڵپشتی ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر پته‌وه‌. بارودۆخه‌کان جیاوازن، بۆیه‌ ئێمه‌ ناتوانین به‌ هاسانی وه‌کوو زمانێکی فره‌ناوه‌ند ئاماژه‌ به‌ زمانی نۆڕوێژی بکه‌ین.
ئێمه‌ حه‌وجێمان به‌ باسکردنی نموونه‌ی ڕوونتر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین که‌ بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی شتێکی ده‌گمه‌ن و ڕێزپه‌ڕ نییه‌. ئه‌مه‌ دوو نموونه‌ی دیکه‌. هیندی و ئۆردوو زۆرجار وه‌کوو زمانی جیاواز داده‌ندرێن. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕێگه‌ی واقعیتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان، به‌ عه‌ینی زمان دابندرێن به‌ دوو ستانداردی سه‌ربه‌خۆ وه‌ ، که‌ جار جار به‌ زمانی هیندووستانی نێوزه‌د ده‌کرێ. وئه‌گه‌رچی زمانی ئۆردوو تاقه‌ زمانی ڕه‌سمییه‌ له‌ پاکستان، به‌ڵام له‌ هیندووستان هه‌م هیندی و هه‌م ئۆردوو به‌ دوو زمانی ڕه‌سمی ده‌ناسرێن . ئه‌گه‌ر له‌ هیندووستان له‌ که‌سێک بپرسی گه‌لۆ ئه‌و به‌ زمانی هیندی یان ئۆردوو قسه‌ ده‌کا : وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ نوروێژ له‌ که‌سێک پرسیار بکه‌ی گه‌لۆ به‌ بووکمۆل یان به‌ نی نۆرشک قسه‌ ده‌کا: زۆرجار پرسیارێکی ئه‌وتۆ هیچ وڵامی بۆ نییه‌. له‌ ئاستی قسه‌ پێکردندا ،ئه‌و " زمانانه‌" له‌ یه‌کتری جوێ ناکرێنه‌وه‌.جیاوازییه‌که‌یان له‌ نووسین دایه‌، هیندی به‌ ئه‌لفوبێی دێڤاناگاری، و ئۆردوو به‌ ئه‌لفوبێی عه‌ڕه‌بی ده‌نووسرێ. له‌ ئاستی به‌کارهێنانی وشه‌ش دا، جیاوازن ، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ جیاوازییه‌ی که‌ له‌ نێوان نی نۆرشک و بووکمۆل دا هه‌یه‌، هیندی زۆر وشه‌ی له‌ سانسکریته‌وه‌ خواستووه‌ته‌وه‌، و ئۆردوو له‌ عه‌ڕه‌بی و فارسییه‌وه‌.
سڕبۆ- کڕۆواتی نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی زۆرچاکه‌. له‌ یۆگۆسڵاڤیای پێشوو دا، زمانی سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یی به‌و نێوه‌ ده‌ناسرا و به‌و ته‌قه‌ڵه‌ ئینگلیسییه‌ی که‌ له‌ نێوانیاندا داندراوه‌ به‌ جوانی و به‌ ڕوونی نیشان ده‌درێ که‌ ئێمه‌ باسی زمانێکی تاقانه‌ ده‌که‌ین به‌ دوو نۆڕمی جیاوازه‌وه‌. هه‌ر وه‌کوو هیندی/ئوردوو، ئه‌لفوبێی جیاواز بۆ نووسینیان ده‌کار ده‌کرێ، شێوه‌ی کڕۆواتی ئه‌لفوبێی لاتینی به‌کار ده‌هێنێ و شێوه‌ی سڕبی ئه‌لفۆبێی سیریلیک. جیاوازی فۆنۆلۆژی، ڕێزمانی و وشه‌ییش له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. هه‌روه‌ک نۆڕوێژی جیاوازییه‌کی جوگرافیاییش له‌ په‌ره‌سه‌ندیاندا به‌دی ده‌کرێ، شێوه‌ی کڕۆواتی زیاتر له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ ڕۆژئاواییه‌کان و سڕبی زیاتر له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان پێگه‌یشتوون. دیسان وه‌کوو نۆڕوێژی، ئه‌گه‌رچی ، له‌ یۆگسڵاڤیای پێشوو زۆر ئاڵۆزتر بوو ، وهه‌ر وه‌کوو هیندی/ئۆردوو، ئه‌وه‌ی که‌ ئاخێوه‌ران کامه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان بۆ نووسین به‌کار بهێنن تاڕاده‌یه‌کی زۆر به‌سترابووه‌وه‌ به‌ ناسێنه‌ی ئێتنیکی و دینی ئه‌وان تا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ به‌ر لایه‌نی زمانی بێ. جا بۆیه‌ پرسیار کردن له‌ که‌سێک گه‌لۆ به‌ سڕبی یان کڕۆواتی قسه‌ ده‌کا ده‌کرا له‌ ئه‌و په‌ڕی ڕۆژئاوا و ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات به‌ پێی به‌سترانه‌وه‌ی زمانی وڵام درابایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ناوچه‌ ناوه‌ندییه‌کانی وڵات وڵامی پرسیاره‌که‌ به‌ پێی به‌سترانه‌وه‌ی ئێتنیکی ده‌درایه‌وه‌.
له‌وه‌تا هه‌ڵوه‌شانی یۆگۆسڵاڤیا، بارودۆخه‌که‌ له‌ به‌ر‌ حه‌ولی حکوومه‌ته‌کانی كڕۆاتیا و سڕبستان که‌ ئیدیعا ده‌که‌ن له‌ ڕاستیدا ئه‌مانه‌ دوو زمانی جیاوازن زۆر ئاڵۆزتر و پێچه‌ڵپێچتر بووه‌ . له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و حه‌ولانه‌ ژیانی له‌ موسوڵمانه‌کانی بۆسنیایی که‌ له‌ باری جوگرافیاییه‌وه‌ له‌ ناوه‌ند ده‌ژین دژوار کردووه‌ ( بڕوانه‌ Trudgill، 1995). له‌کاتێکدا هێندێک کڕۆوات له‌ سارایێڤۆ له‌وانه‌یه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ وڵام بده‌نه‌وه‌ که‌ به‌ کڕۆواتی قسه‌ ده‌که‌ن ، و هێندێک سڕبی له‌ عه‌ینی شار دا که‌ به‌ وردی به‌ هه‌مان له‌هجه‌ قسه‌ ده‌که‌ن له‌وانه‌یه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ بڵێن که‌ به‌ سڕبی قسه‌‌ ده‌که‌ن، ڕوون نییه‌ موسوڵمانه‌کان، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یان نه‌درێ له‌ وڵامدا زاراوه‌ی سڕبو- کڕۆواتی به‌کار بهێنن، ده‌بێ بڵێن به‌ چ زمانێک قسه‌ ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش په‌پێی ویست و دڵخوازی حکوومه‌ته‌کانی کڕۆواتیا و سڕبستان. جا بۆیه‌ هیچ سه‌یر نییه‌ که‌ ئێستا حکوومه‌تی بۆسنیا ڕایگه‌یاندووه‌ ‌ پێی خۆشه‌ زمانه‌که‌یان به‌ نێوی بۆسنیایی هه‌ڵبدرێ. هه‌نگین زۆر وێده‌چێ زمانێک که‌ به‌ پێی پێوه‌ری زمانی هێشتا مه‌عقوولانه‌یه‌ پێی بگوترێ سڕبۆ-کڕۆواتی له‌ داهاتوویه‌کی نزیک دا دوو شێوه‌ نا به‌ڵکوو سێ شێوه‌ی ستانداردکراوی لێ بکه‌وێته‌وه‌.
ئاخێوه‌رانی موسوڵمانی ئۆردوو و ئاخێوه‌رانی هیندووی هیندی پێویست ناکا هه‌میشه‌ پێیان خۆش بێ پێیان بگوترێ ئه‌وان زمانه‌که‌یان یه‌که‌ و عه‌ینی زمانه‌، هه‌روه‌ک به‌کارهێنانی زاراوه‌ی سڕبۆ- کڕۆواتی له‌ لای ناسیۆنالیستانی کڕۆوات و ناسیۆنالیستانی سڕب وه‌ک کفرێکی ڕه‌های لێهاتووه‌. هه‌ر ئاواش، دیاره‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر نه‌رمتر، هێندێک له‌ نۆڕوێژییه‌کان دژی ئه‌وه‌ن بگوترێ که‌ نێ نۆرشک و بووکمۆل زمانانی جیاواز نین و شێوه‌ی جیاوازی زمانێکی تاقانه‌ن --- لێره‌ دا بابه‌تگه‌لی گرینگی ناسێنه‌ی گرووپی و تاکی سه‌ر هه‌ڵده‌دا.
به‌ڵام چاودێرێکی بێلایه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕا، ئه‌من پێم وایه‌، بتوانێ ‌ ته‌واو به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڵێ ، که‌ لێره‌ دا، له‌ گشت سێ نموونه‌کاندا،باس باسی زمانانی تاقانه‌ن که‌ خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی هاوبه‌شن. ئێمه‌ ده‌کرێ وه‌کوو زمانانی فره‌ نۆڕم ئاماژه‌ به‌و جۆره‌ زمانانه‌ بکه‌ین. وه‌بیر بهێننه‌وه‌ ئه‌و ناساندنه‌ی وا بۆ ئاوسباو بوونی زمانێک له‌ سه‌ره‌وه‌ دا باسمان کرد واته‌: زمانێکی که‌ له‌ شێوه‌زارێکی سه‌ربه‌خۆی ستاندارد و له‌هجه‌ ناستانداره‌ده‌کان پێک دێ که‌ ئه‌م له‌هجانه‌ به‌و ستاندارده‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌. جا بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ دوو زمانی جیاواز دابندرێن شه‌رت هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ دوو ستانداردی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ دوو کۆمه‌ڵه‌ له‌هجه‌شیان هه‌بێ. ئاڵمانی و هۆله‌ندی دوو شێوه‌زاری ستانداردی سه‌ربه‌خۆن که‌ له‌گه‌ڵ دووبه‌شی جیاوازی زنجیره‌ی له‌هجه‌یی ده‌گونجێن. ئه‌وه‌ ڕاسته‌ که‌ له‌ نموونه‌ی سڕبۆ-کڕۆواتی، نموونه‌ی بووکمۆل/ نی نۆرشک و هیندی/ئۆردوو دا دوو ( یان زیاتر) شێوه‌زاری ستاندارد هه‌ن. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی لێره‌ دا گرێنگ بێ ئه‌وه‌یه‌ که له‌مه‌ڕ هه‌رکامێکیان‌ ته‌نیا یه‌ک کۆمه‌ڵه‌ له‌هجه‌ به‌وان به‌ستراونه‌ته‌وه‌، جا بۆیه‌ ئه‌وان یه‌ک زمانن. و ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاخێوه‌رانی ئاڵمانی یان هۆله‌ندی، ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه‌ی باسمان کردن بۆیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ستاندارده‌کاندا سه‌رپشک بن.
ئه‌مه‌ ده‌مانگه‌یێنێته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ مانای ناساندنی زمان ئاڵوگۆڕ که‌ین وبڵێین " زمانێک بریتیه‌ له‌ یه‌ک یان زیاتر شێوه‌زاری سه‌ربه‌خۆی ستاندارد له‌ گه‌ڵ گشت ئه‌و شێوه‌زاره‌ ناستانداردانه‌ی که‌ به‌و یان به‌ ئه‌وان به‌ستراونه‌ته‌وه‌". و ئه‌وه‌ ناساندنێکی ته‌واو و بێ ئه‌ملاو ئه‌ولامان سه‌باره‌ت به‌ زمانی فره‌ نۆڕم له‌ به‌ر ده‌م ڕۆ ده‌نێ، وبه‌و پێیه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ زمانی نۆڕوێژی نمونه‌یه‌کی به‌رز و بێ کون وکه‌له‌به‌ری ئه‌وتۆیه‌: زمانێک که‌ دوو یان زیاتر فۆڕمی ستاندرادکراوی هه‌یه‌ به‌ تاقه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ له‌هجه‌ی نا ستاندارده‌وه‌.‌

ژێده‌ره‌کان
References
Chambers, J.K., and Peter Trudgill 1997Dialectology Cambridge: Cambridge University Press, 2nd edition

Haugen, Einar 1966The Scandinavian languages as cultural artifacts. In J. Fishman et al. (eds) Language problems in developing nations. New York: Wiley
Jahr, Ernst Hakon, and Peter Trudgill 1993Parallels and differences in the linguistic development of Modern Greek and Modern Norwegian. In E. H. Jahr (ed.), Language conflict and language planning. Berlin: Mouton de Gruyter. pp. 83–98Kloss, Heinz 1967Abstand- languages and Ausbau-languages. Anthropological linguistics 9, 29–41

Trudgill, Peter 1992aThe Ausbau sociolinguistics of Greek as a majority and minority language. In M. Makri-Tsilipakou (ed.), Proceedings of the 6th International Symposium on the Description and/or Comparison of English and Greek. Thessaloniki: Aristotle University. pp. 213–35
Trudgill, Peter 1992bAusbau sociolinguistics and the perception of language status in
contemporary Europe. International Journal of Applied Linguistics vol. 2.2: 167–77
Trudgill, Peter 1995Sociolinguistics: an introduction to language and society. London: Penguin
3rd edition
[1] Peter Trudgill is now Professor of English Linguistics at Norwich. We wish to thank Professor Trudgill for giving us permission to publish this article on the web
پیتر ترادگیل ئێستا پرۆفێسۆری زمانناسیی ئینگلیسییه‌ له‌ زانکۆی ناروێچ له‌ ئینگلیستان. ئێمه‌ سپاسی پرۆفێسۆر ترادگیل ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی پێداین که‌ ئه‌م وتاره‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌مان دا بڵاو بکه‌ینه‌وه‌. (ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی )
دوایین نوێکردنه‌وه‌ 14 –ی ژووییه‌ی 2006


سه‌رچاوه‌ : ئه‌م ده‌قه‌ به‌سپاسه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی Språkrådet (ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی ) وه‌رگیراوه‌ و وه‌گێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی