Friday, November 23, 2012

پێواژۆی ئاشتی و چاره‌سه‌ری کێشەکان‌

پێواژۆی ئاشتی و چاره‌سه‌ری کێشەکان‌

ووتاری پرۆفێسۆر یووهان گاڵتونگ له‌ کۆنفڕانسی " کورده‌کان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی له‌ حاڵی گۆڕان دا"

لەندەن، سواس شه‌ممه‌ - یه‌کشه‌ممه‌ ١٧ و ١٨ی نۆڤامبری ٢٠١٢

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی

  تێبینی: پڕۆفێسۆر یووهان گاڵتۆنگ زانای ناسراوی جیهانی سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە لە یەکەم پانێلی کۆنفڕانسەکە دا لە ئەمەریکاوە بە ڕێگای سکایپی بەشدار بوو. دوکتور جەنگیز گوینەش یەک لە ڕێکخەرانی کۆنفڕانسەکە ئەوی ئاوا ناساند:

جەنگیز گوینەش: زۆر سپاس پڕۆفێسۆر. پڕۆفێسۆر گاڵتونگ دامەزرێنەری ئەنیستیتووی ئاشتی یە لە ئۆسڵۆ لە نۆڕوێژ و ئەمڕۆ سەبارەت بە چارەسەر کردنی کێشان قسەمان بۆ دەکا، هەر وەها سەبارەت بە دامەزراندنی ئاشتی بەگشتی و قسەکانی دەباتەوە سەر دۆزی کورد . فەرموو پڕۆفێسۆر دەکرێ قسەکانت دەست پێ بکەی!

یووهان گاڵتونگ: ئەمن زۆر سپاستان دەکەم، زۆر خۆشحاڵم و بە قووڵی هەست بە شانازی دەکەم لەگەڵتانم، حەول دەدەم سەرمقەستی ئەو بابەتەتان لەگەڵ بهێنمە گۆڕێ.ئەگەر ئێمە دەمانەوێ کێشەیەک چارەسەر بکەین و ئاشتی دامەزرێنین بۆ ئەو مەبەستە یەکەم کاری کە دەبێ بیکەین ئەوەیە کێشەکە بناسین، بزانین چییە؟ دەبێ ئاشت بوونەوە دەستەبەر بکەین و ئەو برینە دەروونیانە ساڕێژ بکەینەوە کە لە لەشی هەموو لایەکاندا هەن. دەبێ جۆرەیەک لە هاوکاری پێک بهێنین کە هەر دووک لایەنی کێشەکە قازانجی لێ بکەن.

ڕێگام بدەن لەوەوە دەست پێ بکەم با بزانین ئەوە چییە کە کێشە و دژواری ساز دەکا؟ توند و تیژی بناخەیی یان زاتی نێو کۆمەڵەیەک یەک لە هۆ سەرەکییەکانی سازبوونی کێشەیە. هەر ئێستا کە ئەمن قسەتان لە گەڵ دەکەم نموونەی ئەوە لە غەززە دەبینین. ئیسراییل لە غەززە دەدا و ئەو کردەوەیەی خۆشی وەک مافی خۆپاراستن پاساو دەدا، بەڵام، هەموومان دەزانین هۆی سەرەکی ئەو کێشەیە داگیرکاری یە، ئەوەی کە ئیسراییل نێوی لێ دەنێ ڕاستی سەر عەرزی واقیع. و، ئەوە کارێکی ئەوتۆ دەکا لە ڕاستیدا ئیسراییل وەک زیندانێک لە گەڵ غەززە هەڵس و کەوت بکا. ئەگەر بمانەوێ ئەو کێشەیە بەلایەکدا بخرێ دەبێ ئیسراییل لەوێ دەرکەوێ، دەبێ کۆتایی بهێندرێ بە داگیرکاری، دوای ئەوە دەکرێ پێوەندی باش لە نێوان فەلەستین و ئیسراییل دابمەزرێندرێ، پێم وایە نەتەوەیەکی ڕۆژئاوایی لە دەستی دی ئەوە بکا، دەی جارێ با ئەو مەسەلەیە بەلاو نێین.

ڕێگام بدەن بۆ دەقیقەیەک لە سەر کۆیلەداری ئیست بگرم. بابڵێین کۆیلە کە کارێکی توند و تیژ دەکا سەبارەت بە کۆیلە دار، ئەویش ئیدیعا دەکا مافی خۆپاراستنی هەیە، کۆیلەکە دەکووژێ، دەیسووتێنێ، لە نێوی دەبا. هەموومان دەزانێن هۆی قووڵی ئەوە سیستمی کۆیلەداری یە، توندو تیژی بەشێکی بناخەییە لە سیستمی کۆیلەداری، کۆیلەداری دەبێ هەڵوەشێ و نەمێنێ و ئەوەش پێوەندی بە دۆخی ئێوە واتە دۆخی گەلی کورد پەیدا دەکاتەوە.

گەلی کورد یەکێک لە گەلە هەرە گەورەکانی دنیایە، ئی هەرە گەورە کە دەوڵەتی لەمەڕ خۆی نییە، ماڵێکی لەمەڕ خۆی نییە.هەڵبەت ئێوەش ئەو فکرە دەناسن کە دەڵێ دەوڵەت زیندانی نەتەوانە. توند و تیژی بناخەیی یانی حکوومەتی زۆربە و ئەوە دەتوانێ تورکییە،ئێران، سوورییە و عێڕاق بێ و لێرە دا کوردەکان وەکوو کەمایەتییەک دە قولینچکێک دەپەستێودرێن و زوڵمیان لێ دەچێ. دەرفەتی ئەوەیان پێ نادرێ بیروڕای خۆیان دەرببڕن سەبارەت بە ناسێنەی تایبەتی خۆیان. لێرە دایە، لەو دۆخە دایە کە ئێوەی کورد دەست دەکەن بە خۆڕاگری و بەرەوپێشبردنی خەباتی خۆتان. بە بۆچوونی من باشترین شێوەی ئەو خەباتە بەکار هێنانی شێوازی ناتوند وتێژییە- بە هیچ جۆر مەبەستم ڕەخنەگرتن لە خەباتی ئێوە نییە. ڕەنگە کەمایەسی گەورە لەو نموونەیە دا حوکم کردنی زۆربە و دەپەراوێز خستنی کەمایەتی بێ.
دوو چارەسەری، یان ووردتر سێ چارەسەری هەیە یەکیان دیڤولووشن ( ئۆتۆنۆمی، خۆ بەڕێوەبردن) ە، یەکیان فێدراسیۆن و یەکیان کۆنفێدراسیۆنە، گشت ئەو مۆدێلانە لە ڕێکخستنێکی سنوور تێپەڕی جوگرافیایی – زەوینی دا باسیان لێوە کراوە کە ئەمن لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ژنە ژاپۆنییەکەم دامانمەزراند و ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ ئەندامی هەیە لە ٨٠ ووڵات دا و کارێکی زۆر دەکا بۆ نەهێشتنی کێشەکان. لەمەڕ کوردەکان ئەوەی ئێمە دەیڵێین بریتی یە لەمانەی خوارەوە: هەنگاوی یەکەم دابین کردنی مافی مرۆڤ ە بۆ کوردەکان. ئەوەی مرۆڤ بتوانێ بڵێ ئەمن کوردم و ئەوە بە زمانی کوردی بڵێ و بە ئاشکرایی خۆی وەک کورد بناسێنێ. ئەمن وەبیرم دێ جارێک لە گەڵ کاربەدەستێکی تورک لە ئەرزەڕووم لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە قسەم دەکرد ، کاتێک باسی کوردەکانم لەگەڵ دەکرد، پێی گوتم، مەبەستت تورکە شاخاوییەکانە؟ ئێوە هەمووتان مێژووی ئەو قسەیە لەمن باشتر دەزانن، بەڵام ئەوە حاشا کردن بوو لە ناسێنەی ئێوە. کوردەکان خەباتیان کردووە، شەڕیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو ناسێنەیان بە ڕەسمی بناسرێ و ددانی پێدا بهێندرێ و ئەوە دەبێ شانازی پێوە بکرێ. ئێستا لە سەر و بەندی ئەردۆغان دا هێندێک هەنگاو هەڵهێندراونەتەوە، بە دەست ڕێبەریی ئێستا لە تورکییە شتەکان بەرەو پێش دەچن. هەنگاوی دووەم دەکرێ نێوی لێ بندرێ خۆ بەڕێوەبەری واتە ئۆتۆنۆمی. ئۆتۆنۆمییەک بۆ کوردەکان دە نێو تورکییە، سوورییە، ئێران و عێڕاق دا. لە بەر هێندێک هەلومەرجی تایبەتی ئێستا ئەو ئۆتۆنۆمییە لە عێڕاق هەیە. ئەو ناوچانەی کە کوردەکانی تێدا دەژین لە نیزیک سنوورە دەوڵەتییەکانن و لەوانەیە ببنە بابەتی قڕە و مشتومڕی گەرم، ئامۆژگاری من لەو بارەیەوە ئەوەیە مرۆڤ پشووی لە سەرەخۆ بێ و بە دڵنزمی بجووڵێتەوە. مەبەست هەبوونی ئۆتۆنۆمییەکی بەربڵاوە لە ناوچەیەکی بەربڵاو دا. تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر ئۆتۆنۆمی کوردان لە عێڕاق هێڵەکەی بە شێوەی ئاسۆگی دیاری کراوە و ئێمە هەمومان دەزانین ڕەنگە هێڵێکی دی زۆر زیادتر نوێنەرایەتی ئەو هەلومەرجە بکا کە هەیە واتە هەموو ناوچە کوردنشینەکان وەبەر بگرێ.
هەر وەها هەموومان ئەوەش دەزانین ئێستا لە سوورییە حەولێک هەیە و شەڕێک هەیە لە نێوان دیکتاتۆڕی کەمایەتی شیعە و دیکتاتۆری زۆربەیەکی سوننی و مەسەلەی ئۆتۆنۆمی و ڕێز گرتن لە کەمایەتییەکان، یەکێک لەوان کوردن هەتا بڵێی گرینگە. ئۆتۆنۆمی واتە خۆ بەڕێوەبردن و ئەوە هەر وەها دەتوانێ بەشێک بێ لە پێواژۆیەک کە هەر چوار ووڵاتەکە بکاتە فێدێڕاڵ. لەوێدا مرۆڤ یەکسانی و وەکوویەکی دەبێ، مڕۆڤ ڕێز لەوەدەگرێ کە کورد حوکمی خۆیی یان هەبێ و دەزگایەکی ناوەندیش دەبێ کە بەرپرسیاریی هەموو ووڵاتەکەی بەئەستۆ وە دەبێ بەگشتی و سیاسەتی دەرەوە، سیاسەتی ‌ئەمنییەت، سیاسەتی دارایی بەدەستەوە دەبێ لەگەڵ دەرەجەیەکی بەرز لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان.
خۆبەڕێوەبردن ئەوەیە کە لەندەن داویە بە وەیلز،بە سکاتلەند و بە ئیرلەندی باکوور، بە پارڵمانی جیاوازی خۆیانەوە و بەرەو شێوەیەک لە فێدراسیۆن، واتە ڕێز گرتن لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەو خۆ بەڕێوەبردنە. وەک دەزانین سکاتلەندییەکان ئەوەیان پێ بەس نییە و دەیانەوێ سەبارەت بە ئەوەی دەنێو بریتانیا دا بمێننەوە یان نا هەموو پرسییەک بکەن کە ئەوەش بەزوویی بەڕێوە دەچێ.
هەنگاوی دووەم، ئێستا با وای دابنێین کە چوار هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردمان هەیە بە دەرەجەیەکی بەرز لە حوکمی خۆیی کە سنووریان لە یەک دەگەڕێتەوە لەو ناوچە بەرتەنگە دا کە کەم تا زۆر چوار ووڵاتەکە بەیەک دەگەنەوە. دوای ئەوە کۆنفێدراسیۆنێک لەو ناوچە ئۆتۆنۆمانە ساز دەکرێ و ئەو کۆنفێدراسیۆنەی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان سنوورە دەوڵەتییەکان یەک میلیمیتریش چییە تێک نادا، بەڵام دەکرێ داو دەزگای لەمەڕ خۆی هەبێ، دەکرێ پارڵمانێکی هەبێ، دەتوانێ لکێکی بەڕێوەبەریی هەبێ بۆ کاروباری لە مەڕ کوردان، دەبێ لە گەڵ چوارووڵاتەکان دا وتووێژ بکا لە سەر ئەوەی کە چەندە ئۆتۆنۆمی هەیە و دیارە چوار ووڵاتەکە جیاوازن لەوەی دا ئیستیعدادیان بۆ ئیمتیاز دان چەندە بێ، بەڵام هەر وەک لە کاتی پێشنیاز کردنی ئەو گەڵایە دا ئاماژەم پێ کردووە ، ناوی ئەوە ئەوجێیە کۆنفێدراسیۆنە ئۆتۆنۆمەکانی کوردستان ە.و، ئەو خەڵکانەی لەوێندەرێ دەژین مافی هەبوونی پاسپۆرتیان هەیە و هەر پاسپۆرتێکی کە دەر بکرێ دەبێ دوو نێوی لە سەر بێ: تورکییە لە بنەوە کوردستان، کۆماری ئیسلامی، لە بنەوە کوردستان و... جا ئەوە دەبێتە ناسێنەیەکی دوو لایەنە و ئەو ناسێنە دوو فاقییە دەتوانێ دۆزی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بەرێ. داخودا ئەوە لە داهاتوو دا دەبێ بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان نا ئەوە باسێکی دیکەیە. لە ڕوانگەی منەوە وەکوو ئەندامێکی ڕێکخراوەیەکی نا حکوومەتی ناوبژیوان جارێ داوخوازێکی ئاوا ناهێنمە گۆڕێ ، بەڵکوو دەڵێم با کاروبارەکان پێش بکەون و بە باشی کەلکیان لێ وەربگیرێ.
ڕێگام بدەن قسەکانم دووپاتە کەمەوە. ئێمە دەمانەوێ کێشە بەلا دا بخەین، گەڵاڵەکەمان یەکسانی یە، بەرژەوەندی دوو لایەنە و بەرژەوەندی هاوسان و هاوکارییە. لە چوارچێوەی فێدراسێۆنێک دا مرۆڤ دەکرێ ئەوانە وەدی بهێنێ. تێیدا بەشەکانی ووڵات هاوکاری یەک دەکەن. وەک ئێستا کە بەشەکانی سویس هاوکاری یەک دەکەن، بەشەکانی هیندووستان هاوکاری یەک دەکەن، بەشەکان مالێزیا، بەشەکانی بێلژیک. کە بەو دواییانە لە گەڵ کلووبی فێدراسیۆنەکان کەوتوون بە پێی نەزمی نەتەوەیی. لە نێو ئەواندا، لە نێوان ئەو دەستانەی دا کە لە ڕووی کولتوورییەوە سنووریان دیاریی کراوە. دەستەی کە لە ڕووی زمانییەوە، لە ڕووی باوەڕەوە، لە ڕووی مێژوو و لە ڕووی بەسترانەوەی جوگرافیاییان دیاریی کراون، مرۆف حەوجێی بە جۆرێک هارمۆنی هەیە.
پێویستی بەوە هەیە کە تورکەکان وەزعی کوردەکان تێبگەن و کوردەکانیش لە وەزعی تورکەکان تێبگەن، ئەو خۆ لە جێی یەکتری دانانە پێی دەگوتری ئیمپەتی. لە کاتێک دا هەبوونی کێشە بە پێچەوانەی ئەوەیە. سیمپاتی بۆ لایەک ساز دەکا، لایەنەکەی دی لە ئینسان بوون دەشواتەوە. پێویستی بە گەڕانەوە سەر پێوەندیی ئینسانی هەیە، بۆ نموونە لە بەشێکی هەراو لە تورکییە دەبێ پێوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە.مرۆڤ حەوجێی بەوە هەیە چاو لە ڕابردوو بکا. لەو زەربە ڕووحییانەی وەخەڵک کەوتوون بکۆڵێتەوە، لە وانە بڕوانێ کەهەست دەکەن سووکایەتییان پێ کراوە و ڕەنگە برینی قووڵیان دە ڕوحی دابێ.جا بۆیە لە دۆخی ئاوا دا فکرێکی کە دەستبەجێ بە مێشک دا ڕادەبرێ تۆڵەیە؛ تۆڵە سەندنەوە و ئەوە نیشانەیەکی هەمیشەیی یە لە مێژووی ئەو پێوەندییە دا. بۆ ئەوەی مرۆڤ بە شێوەیەک و لە شوێنێک خۆی لە کۆڵ ئەوە بکاتەوە، حەوجێی بە جۆرێک لە ئەستڕینەوەی ڕابردوو هەیە. لایەنەکان دەبێ لەوە تێبگەن کە توندو تێژی بناخەیی چیدیکە بۆ ئەوانەی لە خوارەوەن تەحەمول ناکرێ و بۆ ئەوانەش کە لە سەرەوە بوون دەبێ بزانن ئەو هۆیانەی بۆ پاراستنی خۆیان باسیان لێوە کردوون باش نەبوون. جابۆیە پاک کردنەوە و ئەستڕینەوەی پەڵەی ڕابردوو دەبێ لەپێناو سازکردنی داهاتوو دا بێ.
ئاماژەم پێکرد چ بە سەر دوو نموونەکە هات نموونەی دووەم کۆیلەداری بڕاوە، دۆڕاندی. لە پرێنسیپ دا لە یەکی ژانڤییەی ١٩٦٣ دا، لەو ووڵاتەی کە ئێستا ئەمن لەوێوە قسە دەکەم لە پڕاتیک دا زۆری خایاند. چونکە پێواژۆی دامەزراندنی یەکسانی، پێک هێنانی هارمۆنی،هەبوونی ئێمپەتی بۆ یەکتری وگۆشتەزوون بوونەوەی برینە دەروونییەکان کات دەبا و مەهارەتی دەوێ، ئەو مەهارەتانەی مرۆڤ دەکرێ فێریان بێ. ئەوەی لەو ڕووەوە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دا توانی سەرکەوێ؛ تا ڕادەیەکی زۆر. ئەگەرچی خۆڕاگری بۆ پاراستنی کۆیلەداری زۆر بوو. ئەمن پێموایە ئەو پێواژۆیە لە ئیسراییلیش سەردەکەوێ.ئیسراییل دەبێ لەوە بترسێ کە بە سەر رێژیمی ئاپارتاید هات لە ئەفریقای باشوور. ئەفریقای باشوور درێژە بە ژیانی دەدا بەڵام ڕێژیمەکەی گۆڕاوە. ئیسراییلیش بەردەوام دەبێ، بەڵام ڕێژیمەکەی لە زایۆنیزمێکی توندئاژۆوە دەگۆڕدرێ بەرەو زایۆنیزمی نەرمی ئالىێرت ئانشتاین و مارتین بولێر، هێزی ئاوا پەیدا دەبن کە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچن.
لە نموونەی ئێوە کوردەکان دا، ئێوەش بەرەو پێش دەچن. لەوەتی من بۆ یەکەم جار دەرفەتم دەست کەوت لە گەڵ کوردەکان دیالۆگم هەبێ لە نێوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ کاندا، پێشوەچوون بووە، جا بۆیە ڕێگام بدەن ئەم کورتە باسەی خۆم تەواو بکەم و سپاستان بکەم بۆ ئەوەی شانازی ئەوەتان پێدام ئەم قسانە بکەم لە کۆنفڕانسەکەتاندا. ئاواتە خوازی باشترینم بۆتان لە ڕێبازی خەباتتان دا و بەشێک لەو ئاواتەشم وەکارخستنی تواناییتانە بۆ دیتنی کێشە لە لایەکەی هەمبەرتان. زۆر سپاستان دەکەم.

 
چەپڵەی گەرمی ئامادەبووانی کۆنفڕانس.

 
دوکتور جەنگیز گوینەش: زۆر سپاس پڕۆفێسۆر، دەکرێ لە لایەن بەشدارانی کۆنفڕانسەوە هێندێک پرسیارت لێ بکرێ؟

  پڕۆفێسۆر یووهان گاڵتۆنگ: یەکجار زۆرم پێ خۆشە، بەڵام خەت خراپە، جەنگیز ڕەنگە باشتر بێ پرسیارەکان بنووسی و پێم بڵێی.

  جەنگیز گوینەش: باشە دەینووسم و بۆخۆم لێت دەپرسم، تەنێ دوو پرسیار وەرد دەگرین. فەرموو حەسەنی قازی!

حەسەنی قازی: بەڕێز گاڵتونگ ئێوە لە کۆنفڕانسێک دا لە مەڕ کوردان کە لە سوێد بەڕێوە چوو بە دوور و درێژی باستان لەوە کرد کە ئاو و سەرچاوەی ئاو لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنانەت لە نەوت گرینگترە بۆ ژیانی خەڵک، دەکرێ ئەو بابەتە شی کەنەوە؟

  خانمێکی بەشدار: ئەمن دەمەویست دیتنی پڕۆفێسۆر گاڵتونگ سەبارەت بە مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانەکانی تورکییە دا بزانم وەکوو شێوەیەک لە پڕۆتێستی ئاشتیخوازانە؟

  پرسیاری سێیەم لە لایەن خانمێکی دیکەوە: ڕۆژباش پڕۆفێسۆر، سپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمانی. ئەمن دەمەویست پرسم، لە قسەکانت دا گوتت کوردەکان لە تورکییە بەرەوپێش دەچن، بە بەراورد کردن لە گەڵ بزووتنەوەی دیکە لە مێژوو دا هێشتا هەن. دەمەویست بزانم، بە بۆچوونی ئێوە ئێمە پێویستیمان بە چییە بیکەین کە ئەو گوڕە بەرەو پێش بەرین و داخودا پێتان وایە ئیدی ڕەنگە سەردەمی ناسیۆنالیسم بە سەر چووبێ بۆ یەک خستن و دامەزراندنی یەکێتی لە نێو کوردان دا کە هێشتا بەشێوەی لە یەک بڵاو خەبات دەکەن، چۆن بتوانن بەیەکەوە کار بکەن؟

  گوینەش: [ پرسیارەکان دەڵێتەوە ] فەرموو لە پێشدا ووڵامی پرسیاری یەکەم بدەوە.

  گاڵتونگ: دەست بەجێ ووڵام دەدەمەوە. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕووی سەرچاوەی ئاوی نموونەیەکی زۆر باشە و ئەوە هێندێک هەرێمی کوردیش دەگرێتەوە. وەک هەمووتان دەزانن ئاو بۆ عەڕەبان لە ناوچەی تورکی یەوە دێ وەک فورات و دەجلە و ئیسراییلیش چۆمی لیتانی و ئۆردۆن کۆنترٶڵ دەکا. کانگای ئاو زۆرە. دوو ڕێگا هەیە بۆ بەڕێوەبردن و دابەشکردنی ئاو. ڕێگای یەکەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئاسیای ڕۆژئاواییت هەبێ کە لە سەر بنەما و وەکوو کۆمەڵگەی ئوڕووپا پێک هاتبێ، کە لە یەکەمی ژانڤییەی ساڵی ١٩٥٨ دەستی پێکرد. ئەو کۆمەڵگەیە لە شووڕایەکی وەزیران پێکهاتووە بۆ دەوڵەتەکان و کۆمیسیۆنێک بۆ ئەرکەکان و یەک لەوانە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئاسیای ڕۆژئاوایە بە هەبوونی کۆمیسیۆنێ بۆ کارو باری ئاو و هەڵبەت ئەگەر کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیی هەبێ واتە ئیسراییل و ووڵاتە هاوسنوورەکانی ، لوبنان، سوورییە، فەلەستین کە بە تەواوی بە ڕەسمی بناسرێ ، ئۆردۆن و میسر، کۆمیسیۆنێکی ئاوی دەبێ کە چاوی بە سەر ئەوەوە دەبێ کە دابەشکردنی ئاو لە هەرێمەکە دا عادڵانە بێ.
ئێستا ئێمە باسی ئاوی چۆمەکان دەکەین، ئاوی کۆکراوە لە بارانیش کە بەشێوەی مەعقوول ئەنبار بکرێ، ئەوەش چارەسەری ژمارە ٢ی بەدوو دا دێ و چارەسەری ژمارە دوو ئاوی مدیترانەیە. ئێمە سەرچاوەی گەورە و لە بنە نەهاتووی ئاومان هەیە، مەسەلەی پاک کردنەوە، کۆ کردنەوەی ئاوی باران و تێکەڵکردنی لەگەڵ هێندێک سەرچاوەی کانگایی دیکە، بە شێوەیەک کە بۆ بەدەنی ئینسان باش بێ دەکرێ بەڕێگای مانگیلە دا بکرێ و لە هەرێمی مدیترانە ڕۆژ زۆر گەرم داییسێ و لە هەرێمی کوردیش دا هەر ئاوایە.
بە گوتنێکی دی وای دابنێین یەکێک لە سنوورەکانی نێوان ئیسراییل و لوبنان و یەکێک لە سنوورەکانی نێوان ئیسراییل و فەلەستین [ غەززە] ببێ بە مەکۆی پیشەسازییەکی گەورە و ببێتە پیشەسازییەکی هاوبەش و دوولایەنە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێ داهاتوو بکاتە شتێکی کۆنکرێت. ئەمن زۆر سپاسی ئەو بەڕێزە دەکەم کە ئەو پرسیارەی کرد و هیوادارم ئەو قسانە بۆچوونی منی لەو ڕووەوە ڕوون کردبێتەوە. دەی پرسیاری دووەم.

 گوینەش: ئەگەر رێگام بدەی هەر دوو پرسیاری دووەم و سێیەم بەیەکەوە دەپرسم. گوینەش پرسیارەکان بۆ گالتونگ دەخوێنێتەوە.

  گاڵتونگ: ئەو مانگرتنە قارەمانانەیە، ئەمن ستایشی ئەو کەسانە دەکەم ئێستا مانیان گرتووە. ئەوە کارێکی مەترسی دارە، بەڵام پێم وایە تەجروبە پێمان دەڵێ ئەو جۆرە پڕۆتێستە کاردانەوەی قووڵی دەبێ لە سەر دەستەڵاتداران. ئەو کاردانەوەیە ئەوەیە کە تۆ بە ڕێگای مانگرتن دا هێندێک پەیام دەنێری کە بۆ تۆ زۆر گرینگن، ئەوە هەر لایەنی ئیدێئۆلۆژی نییە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە تۆ ئامادە دەبی لەو پێناوە دا ژیانی خۆت لە مەترسی باوێژی. ئەو کارە داوخوازێک دەردەبڕێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمن بە ئیحتیاتەوە ئەو قسانە دەکەم، ئێوە باش دەزانن، ئێمە بە بێ هەوا تەنێ یەک دوو دەقیقە دەتوانین بژین، بە بێ ئاو ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژتر و، بە بێ خواردن بۆ مانگێک و ئەوە ڕاستەوڕاست ئەمن دەبا بەرەو پرسیاری سێیەم. ناسیۆنالیزم یانی بەسترانەوە بە دۆزێک کە ئەتوو بە دۆزی خۆتی دەزانی . بۆ من نەتەوە بریتییە لە پێکهاتەیەک لە زمان، دین ؛ لە نموونەی ئێوە دا ئیسلامی سوننی، کە ئەوەش بە مانای کێشەیەکە نەک هەر لە گەڵ تورکییە، بەڵکوو لە گەڵ ئێران، لە گەڵ ڕێژیمی ئێستای عێڕاق و کێشەیەکی کەمتر لە گەڵ ڕێژیمی بەعس لە سوورییە، کە زۆربەی سوننی ملی دە بەر ملی ناوە.
بەڵام، ناسیۆنالیزم، بە مانای مێژووشە، یانی مێژووی کورد، بە مانای داهاتووی کوردیشە و هەر وەها بە مانای بەسترانەوەیە بە چوار هەرێم. ناسیۆنالیزم گشت ئەوانەیە، بەڵام ئەوە بەسەری خۆی باش نییە و بەس نییە. ئێمە شتێکی دیکەشمان پێویستە. ئێمە پێویستیمان بە ڕوانگە و دیمەنێکی داهاتوو هەیە. هەتا زیاتر لە گەڵ یەک دابنیشن و نیشان بدەن و بیسەلمێنن کە ئێوە هیچ هەڕەشەیەک نین لە سەر ئەو دەوڵەتانەی کە تێیاندا زیندانی کراون، با لێرە دا گەڵاڵەی لێنین م دەکار کردبێ ، کە گەڵاڵەیەکی زۆر بەهێزە. ئێوە دەبێ ئەو هەستەی ئەوان کە پێیان وابێ دەبن هەڕەشەی ئێوە دان بگەیێننە لانی کەم و داوای ئیمتیاز بکەن. داوای شێوەی نوێی داوخواز کردن بکەن. دوایە ئەوە دیاریی بکەن هاوکارییە یەکسانەکەتان لە گەڵیان چۆنە؟ ئەوەی کە دەتانەوێ هەتان بێ، نەک هەر کورد لە گەڵ کوردەکان لە تورکییە، عێڕاق، سوورییە و ئێران بەڵکوو کورد لە گەڵ تورکییە، کورد لە گەڵ سوورییە، هەر شێوەیەک بە خۆیەوە بگرێ، کورد لە گەڵ ئێران، کورد لە گەڵ عێڕاق، ئەوەش بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و بێ هەڕەشە بدرکێنن و ڕێگا کراوەیە و ئەوەتان پێ دەکرێ.

  دوکتور جەنگیز گوینەش: گەلێک سپاس پڕۆفێسۆر گاڵتونگ. بە ناوی فۆرومی ئاکادێمیکی کورد و لە لایەن ئامادەبووانی ئەم کۆنفڕانسەوە زۆر سپاست دەکەم بۆ ئە کاتەی پێت داین بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسەکەماندا و سپاس بۆ تێکۆشانەکانتان.

  پڕۆفێسۆر یووهان گاڵتونگ: زۆر خۆشە لە ئەمەریکا دابنیشی و لەوێوە قسە بکەی بۆ خەڵکی چوار ووڵات لە ئینگلیستان. سپاس بۆ ئێوە.

  چەپڵەی بەشداران