Tuesday, November 15, 2016

ئەردۆغان: یەکێک بۆ هەموان ، هەموان بۆ یەکێک ؟

چاوەدێران دەڵێن ...
لاپەڕیەک بۆ بۆچوونی پسپۆڕان و خاوەن ڕایان
ماڵپەڕی بی بی سی فارسی ئانڵاین
ئەردۆغان: یەکێک بۆ هەموان ، هەموان بۆ یەکێک ؟
٩ نۆڤامبری ٢٠١٦ - ١٩- ی خەزەڵوەری ١٣٩٥
کامڕان مەتین وانەبێژی پێوەندییە ناونەتەوەییەکان، زانکۆی ساسێکس ، بریتانیا
ئاکامەکانی کۆدەتای تێک شکاوی تورکییە کۆتایی نایە. لە دەرکردنی لایەنگرانی گولەن و مامۆستایانی زانکۆ وە بگرە تا گوشار بۆ سەر چاپەمەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی. خاڵی وەرچەرخانی هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکییە گرتنی دوو لە ڕێبەڕانی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ، پارتیی لایەنگری کوردان لە پارڵمانی تورکییە دا بوو  و هەر وەها دە ئەندامی دیکەی پارڵمانی ئەو ووڵاتە و ئەوە بووە هۆی کاردانەوەی زۆر. کامڕان مەتین وانەبێژی پێوەندییە ناونەتەوەییەکان، زانکۆی ساسێکس ، لە ووتارێک دا کە بۆ لاپەڕەی ' چاوەدێران' ی نووسیوە ئەو گرتنانە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە هەنگاوەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان دەزانێ. بە پێی نووسینی مەتین، هیچ گومانێک لە گرینگی دەوری ئەردۆغان دا نییە وەکوو ' ڕێبەری کاریزماتیک'. بەڵام دەور گێڕانی ئەردۆغان نابێ سەرنج هەتەڵە بکا لە سەر دینامیزمی قەوارەیی بەرەوپێشبردنی ژیانی سیاسی تورکییە لە ژێر حکوومەتی پارتیی دەستەڵاتدار دا.

گیرانی ڕێبەران و شارەدارانی ' پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ' ( هەدەپە) لە حەوتووی ڕابردوو دا  کۆدەتای – ناو – کۆدەتای ئەردۆغانی گەیاندە دووندی خۆی.
دەکرێ ئەوە لە هێندێک ڕووەوە بە خاڵێکی وەرچەرخانی ستڕاتێژیکیش دابندرێ  بۆ تەواو کردنی دژە کودەتای ئەردۆغانیش. هۆی ئەو کارە لێکدانەوە سیاسییەکانی ئەردۆغانە بە دوای شکانی پارتییەکەی، ' پارتیی داد و گەشەپێدان ' ، ( ئاکەپە) بۆ درێژە دان بە هەبوونی زۆربەی دەنگ لە پارڵمان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پارڵمانی  لە ساڵی ٢٠١٥ دایە . لایەنەکانی ئەو شکانە دەکرێ بڵێین هاوتەریب بوو  لەگەڵ ڕەهەندەکانی سەرکەوتنی ' پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان'،(هەدەپە) و ئەو توندو تیژییە سیاسییانەش کە بە دوای دا هات نزیکەی تەواوی هەدەپەی کردە ئامانجی خۆی.

لەو کاتە بەدواوە لاواز کردنی توندی ڕێبەریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەدەپە بوو بە کاری مان و نەمان بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە و لە پێناو وەدیهێنانی پڕۆژەی بنەڕەتی ئەو ڕەوتە بۆ تێپەڕبوون بەرەو سیستمی سیاسی ' سەرۆکایەتی ' بە دانی دەستەڵاتی بەربڵاو بە سەرۆک کۆمار ، بە تایبەتی ئەوەی کە هەدەپە و هاوسەرۆکی ئەو پارتییە ، سەلاحەدین دەمیرتاش، بەو پەڕی ڕاشکاوی ڕایان گەیاند پێش بە وەدیهاتنی پڕۆژەی ' دەوڵەتی تاقە ڕەگە' دەگرن کە لە زەینی ئەردۆغان دایە و ئەوەیان بە یەکێک لە ئامانجە ستراتێژیکەکانی خۆیان دانا.
دەست پێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ' پارتیی کرێکارانی کوردستان ' ( پ.ک.ک) بیانووی سەرەتایی بوو و زەمینەی پێویستی خۆش کرد بۆ سەرکوتکردنی هەدەپە بە دەست ئاکەپە کە گرینگترینیان پێشنیازبرێاری حەسانە ئەستاندنەوەی پاڕلمانی لە نوێنەرانی پارڵمان بوو. کودەتای مانگی ژوییەی ڕابردووش دەرەتانی بەکردەوەی سەرکوتی هەموولایەنەی دژبەرانی سیاسی ئاکەپەی  بۆ ئەردۆغان بە دیاری هێنا، لە لایەنگرانی گولەن و چاپەمەنی سەربەخۆوە بگرە تا مامۆستایانی زانکۆ  و کۆمەڵگەی مەدەنی ؛ شتێکی کە کودەتای تێکشکاوی هاوینی ڕابردوو لە لایەن ئەردۆغانەوە وەک نیعمەتی ئیلاهی وەسف کردن مانادار دەکا.
مەنتقی گشتی بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆرییە ناوخۆییەکان کە لە سەرەوە چاومان پێداخشاند لە شانۆی سیاسەتی دەرەوەیی دەوڵەتی ئاکەپەش دا هەبووە و لە بنەڕەت دا لەو کەوتووەتەوە و تەواوی دەکا.

گرینگترین تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی هەرێمی دەوڵەتی ئاکەپە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا سەرمایەدانانی ستڕاتێژیک بۆ تێکەوەپێچانی ڕێژیمی ئەسەد، بەربەست کردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە کوردستانی سوورییە، دەور گێڕانی ڕاستەوخۆ و کاریگەرتر لە ئاڵوگۆڕەکانی عێڕاق دا بە دوای سەرهەلدان و ئاوا بوونی داعش بووە.ئەو نموونەیەی دوایی بە ئامادەسازی دیپڵۆماتیک و عەسکەری تورکییە لەو حەوتووانەی دواییدا بۆ دەستێوەردانێکی عەسکەری ڕاستەوخۆی موحتەمەل لە عێڕاق دا لە قۆناغی تێکهەڵچوونی عەسکەری لەگەڵ عێڕاق نزیک بووەتەوە.
پێداچوونەوەیەکی سەرپێی ئالوگۆڕەکانی چەند ساڵی ڕابردوو کە لە سەرەوە دا ئاماژەیان پێ کرا و هەر وەها بە سەرنجدان لە پێوەندی نێوان قسەکان و هەڵوێستە شەخسییەکانی ئەردۆغان و ئەو ڕووداوانەی بەدوایان دا دێ لە زۆر کەسان دا ئەو تەسەورەی ساز کردووە و دەکا کە شەخسی ئەردۆغان خۆی مەکۆ یان هۆکاری بڕیاردەرە لە دیاریکردنی ڕێبازو ڕەوتی ژیانی سیاسی لە تورکییە لە دە ساڵی ڕابردوو دا، بەتایبەتی لە زەمانی دەستپێکردنی ''بەهاری عەڕەبی' ، و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە سوورییە دا.
هیچ گومان نییە لە گرینگی دەوری ئەردۆغان وەکوو ' ڕێبەری کاریزماتیک' . بەڵام دەور ئافراندنی ئەردۆغان نابێ سەرنج هەتەڵە بکا لە دینامیزمی قەوارەیی بەرەو پێشبردنی ژیانی سیاسی تورکییە لە ژێر حکوومەتی ئاکەپە دا. لە ڕاستیدا دەرەتان هەبوون و دەور ئافرێنەری ئەردۆغان خۆی تا ڕادەیەکی زۆر ، بەڵام نەک بە لێبڕاوی و تەواو، لە هێزگەلی قەوارەی سیاسی – کۆمەڵایەتی و ناونەتەوەیی کەوتووەتەوە کە بە بێ شرۆڤە کردنیان ناکرێ لێکدانەوەیەکی جێی باوەر بەدەستەوە بدرێ سەبارەت بە ئالوگۆڕەکانی تورکییە لە ساڵانی ڕابردووی نزیک دا.
لە ڕووی چەمکەوە دا ئەو دینامیزمە قەوارەییە دەکرێ وەک میسداقێک لە چەمکەکانی  ' ئەمپریالیسمی کۆمەڵایەتی' و ' پرسیاری کۆمەڵایەتی ' شرۆڤە بکرێ.

چەمکی ' ئەمپریالیزمی کۆمەڵایەتی ' لە لایەن هێندێک لە لێکۆلەرەوەکانی مێژووی مۆدێڕنی ئەڵمانەوە گەڵاڵە کراوە و بریتییە لە ستڕاتێژی چینی دەسەڵاتداری سیاسی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ناکۆکییەکان و یا ئاڵنگارییە 'ناوخۆییەکان' بە ڕێگای تێکهەڵچوون و تەنانەت بە ساز کردنی کێشە ' دەرەوەییەکان'. * ئەو ستڕاتێژییە زۆر جار لەو ووڵاتانە دێتە گۆڕێ کە تێیاندا گەشە سەندنی خێرای پێوەندییە سەرمایەدارییەکان بە پشتیوانی دەوڵەت ناکۆکی نوێی کۆمەڵایەتی  دەئافرێنن و یان / ئەو ناکۆکییە سیاسی – کۆمەڵایەتییانەی  کە لە ڕابردووەوە هەبوون توندو تیژتر دەکەن یان تووشی تەکانێکی ناوەرۆکیی دەکەن بە شێوەیەکی ئاوا کە ئەو قالب و دامەزراوە سیاسی – حقووقیانەی کە هەن ناتوانن چارە یان ئیدارەیان بکەن بە بێ بێ کەلک کردن یان هەڕەشەی جیدی لە  پێگەی دەستەڵاتی سیاسی چینی دەستەڵاتداری دەوڵەتی.
ئەو چلۆنایەتییە لە شکانهاتووییەی سیستمی سیاسی لەمەڕ ئەڵمان لە دەساڵی بەر لە کۆماری وایمار هێندێکان بە ناوی سەرهەڵدانی ' پرسیاری کۆمەڵایەتی '  لێکیان داوەتەوە. چەمکی پرسیاری کۆمەڵایەتی ئاماژە دەکا بە زیاد بوونی خێرای قورسایی سیاسی – کۆمەڵایەتی چینی کرێکار لە ئەڵمانی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم و ئەو هەڕەشانەی کە ئەو وەزعە لە دەوڵەتی ئاریستۆکڕاتیک – مل هوڕی ئەڵمانی قەیسەری دەکرد. جێی سەرنجە ئاڵنگاری سیاسی پرسیاری کۆمەڵایەتی خۆی لە پڕۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی بەرگریانەی دەوڵەتی ئەڵمانی قەیسەری لە دایک ببوو کە بووە هۆی قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی توندی ڕەوتی سەنعەتی بوونی سەرمایەدارانە کە لە ژێڕ ڕێبەری چینە خاوەن زەوییەکانی پرووس و ئەڵمان یان هەمان ' یونکرەکان ' دا بوو.
ساز کردنی ' دەوڵەتی بە ئیروو ' بۆ تەماع وەبەرنان و بەربەستکردنی سیاسی چینی کرێکار و پارتیی بەهێزی سۆسیال دێمۆکڕاتی ئەڵمان تەوەرێکی ووڵامی یونکرەکان بوو بۆ پرسیاری کۆمەڵایەتی . لایەکی دیکەی ستڕاتێژی سیاسی ئەوان  ' پەرەسەندن خوازی ' هەرێمی و ورووژاندنی کێشە لە ' دەرەوە' بوو. ئەوە ڕەهەندی پێوەلکاوی 'ئەمپریالیزمی کۆمەڵایەتی ' ئەڵمان و یەکێک لە هۆیەکانی هەلئاییسانی شەڕی جیهانی یەکەم بوو.
 توندتر بوونی وێژیاکی ناسیۆنالیزمی مەزن خواز بە داگرتنەوەی شەڕی جوولەکە و پیرۆز کردنی ' ڕێبەری هەڵکەوتوو و بەتوانا' بەشێک لەو ڕەوتە گشتییە بوو کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی ئەوەندەی دیکەش پەرەگرتر بوو کە لە فاشیسمی نازییەکان دا گەیشتە دوندی مەنتقی خۆی.

لەمەڕ تورکییە کورت کردنەوەی دەستی سەرمایەداریی دەوڵەتی کەماڵیستی ، کە لە سەر بنەمای سنعاتی گەورە بە پاڵپشتی دەوڵەت و لە ڕووی جوغرافیاییەوە لە ناوچەکانی مێدینتەڕانەیی و ڕۆژئاوای تورکییە هەڵکەوتبوو ، و هەر وەها هێژێمۆنیک کردنی خێرای نوێ لیبێڕالیسم بە چاری  ئیسلامییەوە و بە پاڵپشتی ' بەورەکانی ئانادۆڵی' – یان هەمان چینە سەرمایەدارە نەریتی و خۆ پارێز
ەکان کە لە ژێر هێژێمۆنی کەمالیستەکان و هەڵکەوتوو لە ناوچە ناوەندییەکان و ڕۆژهەڵاتی تورکییە – لە لایەن ئاکەپەوە دەکرێ بە هاوتای مێژوویی ' مۆدێرنیزاسیۆنی بەرگریی' ئەڵمانی قەیسەری دابندرێ.

بەڵام لە مەڕ تورکییە دەکرێ بەڵگە بەدەستەو بدرێ کە پرسیاری کۆمەڵایەتی،یا بەلانی کەمەوە ڕەهەندێکی سیاسی وی، لە توند و تیژ کردن و یان تەکانی ناوەرۆکی ئەوەی بە ' مەسەلەی کورد ' بەناو دەکرێ دەرکەوێ .
سەرکەوتنی ئاکەپە لە کۆتایی دان بە دەسەڵاتی سیاسی کەمالیسم لە تورکییە لە بەستێنی قەیرانی ماڵی – ئابووری نەتەوەیی و جیهانی لە کۆتاییەکانی دەیەکانی ساڵانی ١٩٩٠ کانی زایینی دا مەیسەر ببوو. بە لەبەرچاوگرتنی کری قەوارەی سیاسی تورکییە لەلایەن کەماڵیستەکانەوە لە ٧٠ ساڵ دا بە سەرکەوتنی ئاکەپە لە هەڵبژاردن دا لەگەڕانەوە نەشیاوی دەسەڵاتی سیاسی کەمالیسم لە لایەن ئاکەپەوە بەسترابووەوە بە گۆڕانی قەوارەیی لە سیستمی سیاسی – ئیداری و هەر وەها عەسکەری – ئەمنییەتی تورکییە .
بە لەبەرچاو گرتنی وەزن و ڕێز بەستنی هێزە سیاسی – کۆمەڵایەتییەکان  کە ئاکەپە لەگەلێان ڕووبەڕوو بوو، پەرەگرتنی پێگەی دەستەڵاتی پارڵمانیی ئاکەپە هەنگاوی هەرە دەستبەجێ و هەرە گرینگ بوو. ئەو کارە بە ڕێگای ڕاکێشانی دەنگی کوردەکان و توێژە کەم داهاتەکان و لە ڕووی کولتووری – کۆمەڵایەتییەوە  ئی خۆپارێزتری کۆمەڵی تورکییە مەیسەر دەبوو. یەکەمیان دەستپێکردنی ڕەوتی موزاکەرە بۆ سازان لەگەڵ ' پارتیی کرێکارانی کوردستان ' (پ.ک.ک) ، و ئەوی دووەمیان پۆپۆلیسمی سیاسی – کۆمەڵایەتی  ئاکەپە لە چەند ساڵی یەکەمیی توانایی بەدەستهێنانی شی دەکاتەوە.

دەستپێکردنی ڕاپەڕینە دێمۆکڕاتیکەکان کە بە  ' بەهاری عەڕەبی ' بەناو دەکرێن ئامرزاێکی تازەی بۆ پتەو کردنی توانایی سیاسی – ئابووری ئاکەپە ئامادە کرد کە بە خێرایی  گەڵاڵەی خاوی سەرەتایی  کە بە ' نوێ – عوسمانیسم'  بە ناو دەکرێ خستە بواری کردارییەوە.
بەڵام ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان بە دوای جووڵەی سەرەتایی ئاکەپە لە هەر دوو شانۆ دا جیاواز بوو لە چاوەڕوانییەکانی ئاکەپە و بەربەست کردن یان دانانەوەی ئاراستەیەکی خێرا بوو بە سەرقاڵیی سەرەکی ئاکەپە.
تێکشکانی ئیخوانولموسلیمین  لە میسر بە دەست عەسکەران بە ڕێبەرایەتی ژەنەڕاڵ سیسی ، بەرتەنگی بەرچاوی تورکییە بۆ دەور گێڕان لە لیبی و ناچار بوونی ' نیهزەتی ئیسلامی ' تونس بۆ سازان لەگەڵ پارتییە سکولارەکان سوورییەی کرد بە تەنیا شانۆی بەرەوپێشبردنی نۆێ – عوسمانیسمی ئاکەپە؛ شانۆێک کە وێدەچێ ئاکەپە بە تەختەی پەڕینی هەرێمی خۆی دانابێ بۆ پەرەپێدانی هێژێمۆنی سیاسی – ئابووریی هەریمی خۆی لە دەورەی دواتر دا.
بەڵام لاواز کرانی توندی دەوڵەتی ئەسەد، کە هەر وەک ئاماژەی پێ کرا بەشێکی لە بەر پشتیوانی ئاکەپە لە دژبەرە ئیسلامیستەکانی ئەسەد بوو، هاوکات سەرهەڵدانی کوردەکان و وەجووڵە کەوتنی ڕەوتی خۆ گرتنی پڕۆژەی  'کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک ' ی لە کوردستانی سوورییە ( ڕۆژئاوا ) ش ئامادە کرد. بە هەمان ڕادەی کە ڕەوتی پڕۆژەی ' کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک ' لە ڕۆژئاوا قووڵ بووەوە و سەقامگیر بوو، سەرەتی دانی ئاکەپەش لە سەرەونخوون کردنەوەی ئەسەدەوە گۆڕا بەرەو بەربەست کردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا.
هۆی ئەمەش هەر وەک ئاماژەی پێ کرا ئەوە بوو کە نەرمی بە ڕواڵەتی ئاکەپە بۆ جێ بە جێ کردنی مەسەلەی کورد لەناوخۆی تورکییە ناوەرۆکێکی تاکتیکی هەبوو بۆ ئەو پارتییە و ئامانجی سەرەکی وەدەست خستنی دەنگی کوردەکان لە بری دانی فەزایەکی مانۆری سیاسی بەرتەنگ و کۆنکرێت بە کوردەکان لە تورکییە دا بوو  بە بێ ئیزن دان بەوەی کە ئەو وەزعییەتە ببێتە هۆی پەیدا بوونی قەوارەیەکی سیاسەت کردنی کوردی لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئاکەپە.

لە هەمان کات دا بەربەست کردنی سیاسی – ژێئۆپۆلیتیکی  ڕۆژئاوا لە ڕێگای پشتیوانی ناڕاستەوخۆ لە داعش و هێزە جیهادییەکانی دیکە لە سوورییە بە شێوەیەکی لە زێدە چەتی لە دەرەتانی ڕاکێشانی دەنگی کوردەکان دەخست؛ ڕەوتێک کە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٥ دا بە لە دەستدانی زۆربەی پارڵمانی ئاکەپە و سەرکەوتنی چاوڕاکێشی  هەدەپە تەواو بوو.

لەو قۆناغە ڕا بە دوایە پرسیاری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی لە زێدە پەرەی دا بە ئەمپریالیسمی کۆمەڵایەتی ئاکەپە. ئەو وەزعییەتە لە شێوەی توند و تیژی بێ پێشینەی وێژیاکی شۆوێنیسمی تورک لە پڕۆپاگاندەی ئاکەپە دا خۆی دەرخست. هۆی وەبەر گرتنی ئەو وێژیاکە بە مەبەستی  ڕاکێشانی دەنگی ناسیۆنالیستە تیژپەڕەکانی لایەنگری
' پارتیی حەڕەکەتی نەتەوەیی ' ، ( مەهەپە ) و هەر وەها هێندێک بەشی خۆپارێزی لایەنگرانی ' پارتیی کۆمارخوازی گەل' (جەهەپە) بۆ تێهەڵێنانەوەی ئەو دەنگانە بوو کە ئاکەپە بە هەدەپەی دۆڕاند بوو ؛ دەنگی ئەوتۆی کە ئاکەپە حەوجێیەکی زۆری پێی بوو بۆ ئەوەی دەرەتانی ڕێفراندۆم کردن لە سەر گەڵاڵەی گۆڕینی قانوونی بنچینەیی تورکییە و دەرباز بوون بۆ سیستمی سەرۆکایەتی کۆمار بلوێنێ کە لە زەینی ئەردۆغان دایە. دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ پ.ک.ک  و وەبەرگرتنی  ' ڕێگای چارەسەری سریلانکایی '  بۆ مەسەلەی کورد ، و حەولی بە تەگبیر بۆ تێکشکاندنی قەوارەی سیاسی هەدەپە لەو مانگانە و بەتایبەتی لەو حەوتووانەی دواییدا دڕێژەی مەنتقی ئەو سیاسەتەیە.
دینامیسم و مەنتقی قەوارەیی سیاسەتی نەتەوەیی ، هەرێمی و جیهانی تورکییە هێشتا نەهێشتووە ئاکەپە بگا بەو ئامانجانەی دە سەری دایە و یان گەیشتنی ڕێژەیی بەو ئامانجانەی بەستووەتەوە بە دانی تێچووی ئەوتۆ کە لە نیوە –خایەن دا لەوانەیە بە لە دست دانی هێژێمۆنی سیاسی ئەو پارتییە لە ناوخۆی تورکییە تەواو بێ. ئەو وەزعییەتە لەمەو دواش درێژەی دەبێ. سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا دا تەنێ ئاڵۆزی ئەو دینامیزمە قەوارەییە زیاتر دەکا و لەوانەیە سنوور و سەراوەردی ژێئۆپۆلیتیکی بەکاری ئەمپریالیسمی کۆمەڵایەتی ئەردۆغان لە سەڕ ڕا بناسێنێتەوە.
.

*مارکسیستەکان لە سەروبەندێک دا چەمکی ' سۆسیال ئەمپریالیسم ' یان بۆ ناساندنی ناوەرۆکی سیاسەتی یەکێتیی سوڤییەت  دەکار دەکرد. ئاشکرایە  کە لێرە دا مەبەست ئەو مانایەی ئەو چەمکە نییە


وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی 

Sunday, November 6, 2016

هەڤپەیڤینێک لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین لە سەر هێندێک چەمکی تیوری


 هەڤپەیڤینێک لەگەڵ دوکتور کامران مەتین لە سەر هێندێک چەمکی تیۆری
ئەو گوتوبێژە ڕۆژی یەکشەمە ٣- فێڤرییەی ٢٠١٣ لە بەرنامەی ' ڕاوێژ' لە تێلێڤیزۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.  لە بەر گرینگی ئەو بابەتانەی لەو بەرنامەیە دا تاو توێ کراون لێرە دا دامان بەزاندووە و هەر وەها  ڤیدێئۆی بەرنامەکەمان لە ماڵی ڕاوێژ لە فەیس بووک و لە تۆڕی کۆمەڵی ' یووتویب' دا دیسان بڵاو کردووەتەوە.

نۆڤامبری ٢٠١٦/ خەزەڵوەری ١٣٩٥- ی هەتاوی

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی  ' ڕاوێژ'. لە بەرنامەی ' ڕاوێژ' ی ئەمجارەمان دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز مامۆستا دوکتور کامڕانی مەتین ، پسپۆڕی پێوەندیی نێونەتەوایەتی لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا. زۆر زۆر بە خێر بێی مامۆستا!

مەتین: زۆر سپاس

قازی: دیارە ئێمە زۆر پێمان خۆشە جەنابت لەو بەرنامەیە دا بەشداری لە بەر ئەوەیکە دەمانەویست هێندێک لایەنی تێئۆریک لەو بەرنامەیە دا باس بکەین کە دەزانین مەسەلەی تیۆری بۆ کوردانیش زۆر زۆر گرینگە لە هەموو بوارێک دا . ئێوە وەکوو پسپۆڕی پێوەندییە نێونەتەوایەتییەکان ، دیارە پێوەندیی نێونەتەوەیی زۆر دیسیپلین دەگرێتەوە. پێم خۆش بوو ئەگەر بکرێ ئەو مەسەلەیە هێندێک شی بکەنەوە کە پێوەندیی نێونەتەوەیی چییە لە ڕووی تێئۆریکەوە؟

مەتین: بەڵێ، منیش پێشەکی زۆر سپاستان دەکەم ئەو مەجالەتان ڕەخساندووە بۆ من لەم بەرنامەیە دا بەشداری بکەم. پێوەندیی نێونەتەوەیی وەکوو ڕشتەیەک، دیسیپلینێکی جیاوازی ئاکادێمیک لە سەرەتای سەدەی بیستەم ە، دوا بە دوای کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی بە شێوەیەکی ڕەسمی دامەزراوە  و لە ووڵاتی بریتانیا لە شاری ئابریستویت (وەیلز) بۆ ئەوەڵین جار کورسی پەیوەندیی نێونەتەوەیی دامەزرا و هۆی ئەسڵی دامەزرانی وەها دیسپلینک ئەوە بوو کە ئەو دەمی مەسەلەی شەڕ لە دونیا دا، بە تایبەتی لە ئوڕووپا دا پرسێکی زۆر گرینگ بوو و دوای شەڕی جیهانی بیرۆکەی لیبێڕالیسم کە زۆر بەهێز بوو پێش ئەم شەڕە؛ ئەو بیرۆکەیە لە سەر ئەوە دامەزرابوو کە بە تێگەیشتنی خەڵک لە حەق و حقووقی خۆیان ، بە دێمۆکڕاتیکتر بوونی دەوڵەتەکان و بە ئامرازی پەروەردە کردنی گشتی کە دەوڵەتە مۆدێڕنە ئوڕووپاییەکان  بە تایبەت پەرەیان پێ دابوو، ئیحتیمالی شەڕ کەم و کەمتر دەبێ، بەهۆی ئەوەی کە هەمو گەلەکان دیارە چونکە  دەنگیان هەبوو لە بەڕێوەبردنی حکوومەتەکانی خۆیان، لەو حکوومەتە دێمۆکڕاتیکانە دا ، لە ڕوانگەی بیرۆکەی لیبێڕاڵەوە زۆر دوور بوو کە خەڵکی ئەو ووڵاتانە ڕەئی بدەن یان دەنگ بدەن پشتگیری دەوڵەتەکانی خۆیان بکەن بۆ وەی کە شەڕ دژی یەک بکەن چونکە دیارە باری ئەسڵی وەها شەڕێک دەکەوتە سەر شانی خەڵکی ئەو ووڵاتانە، بەڵام شەڕی ئەوەڵی جیهانی ئەو بیرۆکەیەی ڕووبەڕووی قەیرانێکی زۆر کردەوە بە هۆی گەورەیی و درێژ خایەنی شەڕی ئەوەڵی جیهانی. بۆیە دیسیپلینی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان ئەو موشکیلە بنەڕەتی یەی کە  دەیەویست ووڵامی بداتەوە ئەوە بوو کە بۆشەڕ هەڵداییسێ؟  بۆ شەڕ ڕودەدا لە نێو ووڵاتان و لە نێو گەلان دا ؟


قازی: یانی لە نێوان سیستمی حکوومەتەکان، ببوورە..

مەتین: بەڵێ ، لە نێوان حکوومەتەکان زۆرتر. ئەگەر چاو لێ بکەن نێوی ئینگلیسی ئەو چەمکەش ئینترنەشناڵە، مەبەستیان نەیشن ستەیت بووە تا گەلەکان بە شێوەی جیاواز. بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەم بەو لایە زۆر گۆڕانکاری دیارە لە نێو ئاکادێمییا و لە نێو زانستگاکان پێک هاتووە و تەنها لەو مەسەلە تایبەتییەی شەڕ و ئاشتی دا نەماوە و چوارچێوەکەی زۆر گەورەتر بووە ، زۆر شتی دیکەش لەبەرچاو دەگیرێ . بۆ وێنە ئەمن کاری لێکۆڵینەوەی خۆم زۆرتر دەکەوێتە ژێر عونوانی جامعە شناسی تاریخی یان بڵێین کۆمەڵناسینی مێژوویی. و ئەوە زۆر شت دەگرێتەوە ، بە تایبەت کۆمەڵناسیی مێژوویی مەسەلە یان بڵێین پرسی مۆدێرنیتە، چۆنیەتی تێپەڕبوون یا چۆنیەتی گەیشتن بە قۆناغی مۆدێڕن لە دنیا دا  چاو لێ دەکا. وە بە تایبەتی چاو لە پێوەندی نێوان ڕەوتی گەشەی ووڵاتێکی تایبەتی و پێوەندیی ئەو گەشەیە لەگەڵ پێوەندی ئەو ووڵاتە لەگەڵ ووڵاتەکانی تر و لەگەڵ کۆمەڵگاکانی تر چاو لێ دەکا، یانی زۆرتر لە سەر ئەوە دەکۆڵێتەوە ئایا ئێمە دەتوانین تێگەیشتنێکی باشمان هەبێ یا دروستمان هەبێ لە ڕەوتی گەشەی ووڵاتێکی تایبەت بە بێ ئەوەی کە پێوەندییەکانی ئەو ووڵاتە لەگەڵ ووڵاتەکانی دیکە و لەگەڵ دنیای دەوروبەری خۆی نەخەینە ژێر چاوەدێری. و بەتایبەت دەیهەوێ ، ئەو ڕوانگەیە دەیهەوێ چوارچێوەیەکی تێئۆریک بدا بەوە، چونکە لە زۆربەی بڵێین زانستگەلی کۆمەڵایەتی مۆدێڕن یا زانستی مۆدێڕن دا بناغە لە سەر ئەوەی دادەندرێ کە ئێمە دەتوانین ووڵاتێک بە چاو لێ کردن لە دینامیسم و میکانیسمەکانی ناو خۆیەوە بناسین. فاکتەری دەرەکی بە ئیستیلاح ئەو جۆرەی کە باس دەکرێ ، تەنها فاکتەرن، یانی شوێن یا جێگایەکی ئەساسییان نییە. بەڵام لە دیسیپلینی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی مۆدێڕن دا  و بە  تایبەت باڵی ڕادیکاڵی ئەم دیسیپلینە دا ئەوە دەخرێتە ژێر پرسیار و زۆر کەس، زۆر پسپۆڕ هەن کە ویستوویانە یا بە کردەوە نیشانیان داوە کە تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی ووڵاتانی ، بە تایبەت ووڵاتانی غەیرە ئوڕووپایی لە زەمینەی قۆناغی بوون بە مۆدێڕن یان مۆدێرنیان  دا بە بێ چاو لێ کردن لە پێوەندییەکانی دەرەوەیان ئیمکانی نییە و چونکە ئەگەر ئەم شتە لەبەر چاو نەگیرێ دیاردەیەکی زۆر گەورە فەرزەن بڵێین ئیستیعمار یان کۆلۆنیالیسم لە ژێر لێکۆڵینەوە لا دەچێ بە تەواوی . بەڵام وەختێک پێوەندیی نێونەتەوەیی دێنییە نێو پرسی مۆدێرنیتە دا ئەوە خۆی لە خۆی دا دەبێتە بەشێک لە پرسەکە و لە پرسیارەکە کە دەبێ ووڵامی پێ بدرێتەوە. بۆیە ئەگەر جەمعبەندێک بکەم ، پێوەندیی نێونەتەوەیی وەکوو دیسپلین یان بڵێین دیسپلینێکی چووکەتر لە نێو خۆیدا ئەو کۆمەڵناسینی تاریخی یە کە لە سەر پرسی مۆدێڕنیتە زۆر تەمەرکوزی هەیە.

قازی: پێم وایە لەو بارەیەوە ئێستا نووسینی کتێبێکتان بە دەستەوەیە دواتر دەگەڕێینەوە سەری. بەڵام پێم خۆش بوو بزانم بە بۆچوونی ئێوە سیاسەتداڕێژانی دەوڵەتانی ئێستا، زیاتر دیارە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی تا چ ڕادەیەک گوێ دەدەنە ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئاکادێمیسیەنان دەیکەن لە سەر پێوەندییە نێونەتەوەییەکان؟

مەتین: تا ڕادەیەکی زۆر. ئێوە ئەگەر هەر بۆ وێنە چاو لێ بکەن، بۆ وێنە کۆندالیزا ڕایس تا بەر لەوەی کە ببێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تا چەند ساڵ لەوە پێش لە یەکێک لە زانستگە گەورەکانی ئەمریکا دەرسی دەگوت و ئێستاش هەر چووەتەوە سەر کاری دەرس گوتنی پاش وەی کە کاری وەزیری دەرەوە بوونی بە جێ هێشت. بەڵام ئەگەر چاو لێ بکەین لە بواری مێژووییەوە بەتایبەتی لەو ووڵاتانەی کە مێژووی ئیمپریالیزم یا بڵێین ئێمپایر یان بڵێین کۆلۆنیالیسمیان هەبووە پێوەندێکی چڕ و پڕ هەبووە هەمیشە بەینی پسپۆڕانی ووڵاتانی غەیری ئوڕووپایی و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەوان کردوویانە لە سەر ئەو ووڵاتانە و چۆن ئەو لێکۆڵینەوانە بوونەتە هەوێنی سیاسەتداڕشتنی ئەو ووڵاتانە لە ڕوبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ ووڵاتانی دیکە. بە تایبەت لە ئەمریکا ئەمە زۆر پڕ ڕەنگترە بەڵام شایەد لە ئوڕووپا ئەوە هێندێک کەمترە لە بەر ئەوەیکە دوای شەڕی سارد بە لانی کەم  زانکۆکان مەجالی ئەوەیان پێ دراوە کە بیرۆکەی جیاواز، خەڵکانێک بە بیری جیاواز لە نێو زانستگاکان بن کە هەموو ئەو خەڵکانە حازر نین یا کارەکانیان یا لێکۆلێنەوەکانیان جۆرێک ڕانەپەڕاندووە کە تایبەتی پۆلیسی یا سیاسەتداڕشتن بەشێک لەوە بێ. ئەوەی کە دەوڵەتەکان بێن و کەڵکی لێ وەربگرن ئەوە مەسەلەی خۆیانە بەڵام مەبەستم ئەوەیە ، کە بەشێک پسپۆڕ هەنە کە تایبەتی ئەو کارەی دەکەن یانی پرسێکی تایبەتی هەڵدەبژێرن بۆ وێنە بڵێین مەسەلەی ' چەک داماڵینی ناوەکی' ئەوە وێڕای ئەوەی کە پرسێکی نێونەتەوەیی یە لە هەمان کات دا دەبێتە پرسێکی ئاکادێمیک و زانکۆییش و ئەو پێوەندییانە پێک دێن و بەو شێوەیە دەتوانم بڵێم کە بەشێکی سەرەکی لە کاری لێکۆڵینەوە لە زانکۆکانی غەرب دا ، لە ڕۆژئاوا کەڵکی لێ وەردەگیرێ بەڵام واش هەیە کە نە تەنها کەلکی لێ وەرناگیرێ بەڵكوو ئەو لێکۆڵینەوانە دژ بە سیاسەتەکانی زاڵی ئەو دەوڵەتانە دەکرێن و بارە مەنفییەکان  یان خراپەکانی ئەوانە زۆر پڕ ڕەنگ دەکەنەوە.

قازی: یانی ئەگەر بڵێین لایەنی ڕەخنەگرانە بۆ وێنە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە لێکۆڵینەوەیەک دا لایەنی ڕەخنەگرانە زۆر توند بێ دە ڕاستییدا ئەوە تەئسیری پۆزیتیڤی دەبێ بۆ سیاسەتدارێژان یا بە پێچەوانە. چۆناوچۆنە؟ بۆ وێنە نوام چامسکی ڕەخنەگرێکی زۆر گەورەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە هەر سیستمێک دا کە بووبێ چ دێمۆکڕات لە سەر کار بووبن یان کۆمارخوازەکان. یانی بۆچوونی ئاوا ڕادیکاڵ دژی سیاسەتی دەرەوەیی ئەوانەی کە بڕیار دەدەن چەندە ئەوە بە جیدی دەگرن؟

مەتین: کاردانەوەکەی ڕاستەوڕاست نییە یانی وا نییە کە سیاسەتدارێژەرەکانی بۆ وێنە بڵێین ئەمریکا گوێ ڕابگرن بۆ کەسانی وەکوو چامسکی. بەڵام کەسانی وەک چامسکی دەتوانن لە سەر بیر و بۆچوونی خەڵکی ئاسایی کاردانەوەیان هەبێ . ئەوانە ئەو خەڵکانەن کە لە هەڵبژادنەکاندا لە ئینتیخاباتەکان دا دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن. لە ئوڕووپا، دیسانیش ئەگەر بەراورد بکەین لە ئوڕووپا ئەو ڕەوتە یا ئەو چوارچێوەیە کارایی زۆرتر بووە و زۆرترە بەڵام لە ئەمریکا لە بەر ئەوەی کە سیاسەتی ئەمریکا لە نێوان دوو حیزبی زۆر تایبەت و زاڵ دابەش بووە ئیمکانی هەڵبژاردنێکی زۆر جیاواز لە خەڵک تەقریبەن ئەستێندراوە. بەڵام دیسانیش کاردانەوەی خۆی تا ڕادەیەک دەبێ، بەڵام هەر ئەو جوورەی کە گوتم لە ڕێگای خەڵک و لە گۆمەڵگاوە ئەو تەئسیر دەچتەوە سەر دەوڵەت نەک دەوڵەت بێن بە تایبەتی گوێ ڕابگرن بۆ ئەو ڵێکۆلەرەوە ڕادیکاڵانە.

قازی: باشە، لە هێندێک لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وێنە لە ووڵاتی وەکوو تورکییە، وەکوو ئێران و ووڵاتانی عەڕەبی لەوێ چۆنە، لەوێش دیارە  ' تینک تانک ' و ئەوانە هەن لەوێ چۆنە؟ ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەوێ دەکرێن پێت وا هەیە چەندە تەئسیری هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیی دا؟

مەتین: پێوەندی بەوەوە هەیە کە لێکۆڵینەوەکە لە سەر چ پرسیارێک یا پرسێکی تایبەتی بێ ئەگەر لایەنی یا بڵێین ڕەهەندی سیاسی بابەتەکە جۆرێک بێ کە لەگەڵ سیاسەتی گشتی  ئەو دەوڵەتانە ڕێک نەکەوێ دیارە  لەبەر  ئەوەی کە زانکۆکان و مەدرەسە و سیستمی ڕاهێنان و پەروەردە کردن زۆر دەوڵەتییە و دەوڵەت تەئسیرێکی تایبەتی لە سەری هەیە و دەتوانێ ئەو جۆرەی کە بۆخۆیان دەیانهەوێ  چوارچێوە گشتییەکانی بۆ دادەڕێژن ، بۆیە ئیمکانی لێکۆڵینەوەیەکی حەتا بێ لایەن نەک بڵیین دژ بە حکوومەتی مەوجوودیش زۆر موشکیل دەبێ ، مەگەر ئەوەیکە شتەکە یانی ئەو کارەی کە لێکۆڵینەوەی لە سەر دەکرێ هیچ لایەنی سیاسی نەبێ، بڵێین چووزانم لە سەر کشتوکاڵ بێت یا لە سەر مەسەلەی سەنعەتی، تێکنیکی یا شتی ئاوا بێت. بەڵام  لە بەشی زانستی ئینسانی یا زانستە سیاسییەکان و ئەوانە دا بە پێی دێمۆکڕاتیک بوونی ئەو ووڵاتانە کاری ئەو ووڵاتانەش  تەنەوعی زۆرتر تێدا دەبێ و هەم ئیمکانی ئەوەش هەیە کە دژ بە حکوومەت یا دژ بە خەتی سیاسی حاكم لە دەوڵەت دا کار بکردرێ و شت بنوسرێ وەکوو ئەوەی کە دەتوانین بڵێین ئەوە لە تورکییە ئیمکانی زۆرترە ئەگەر لەگەڵ ئێرانێی موقایەسە بکەین یا ئێرانێ لەگەڵ  فەرزەن لە گەڵ حکوومەتی عێڕاق لە ژێر حکوومەتی سەدام حوسێن موقایەسە بکەین هێندێک  لە جیاوازی هەیە بەڵام  بەگشتی لەچاو ووڵاتانی لێبڕاڵ دێمۆکڕات و ئەمریکا کە ئەو پێوەندییە ڕاستەوڕاست و چڕوپڕە لە نێوان زانکۆ و حکوومەت دا  نییە لە ڕاستیدا ، کاری لێکۆڵینەوەی بێ لایەن یا دژ بە حکوومەتیش کەمتر دەکرێ ئەنجام بدرێ.

قازی: باشە، ئەگەر وەبیرت بێ وا بزانم لە مانگی نۆڤامبر [ ساڵی ٢٠١٢ ]  بوو ، لە بریتانیا ، لە سواس لە لەندەن  کۆنفڕانسێک هەبوو کە بەرێزیشت لەوێ بابەتێکت پێشکێش کرد و لەوێدا باسی ئەوەت کرد و لە چەند نووسینێکیشت دا ئاماژەت پێ کردووە کە بۆچوونێکی ڕەخنەگرانەت هەیە لە سەر مارکسیسم و بە تایبەتیش دوای هەڵوەشانی سیستمی سۆسیالیسمی هەیی ، سۆسیالیسمی مەوجوود لە سۆڤییەت ، ئەو باسانە هەرچەند ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناو کوردان و لە ناو ئێرانییان دا  زۆر گەرم و گوڕیش بوو بەڵام  ئێستا هێندێک کەمڕەنگتر بووەتەوە . هۆیەکانی شکانی مارکسیسم لە سیستمی شووڕەوی دا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
دیارە ئەوە باسێکی بەربڵاوە، کاتمان هەیە بۆی!

مەتین: بۆچوونی ڕەخنەگرانەی من لە مارکسیسم خۆی مارکسیستی یە. سەرەتا ئەوەی بڵێم  بەشێک لە کاری لێکۆڵینەوەی من ئەوە بوو کە نیشان بدا کە دیارە بۆ خودی خۆشم دەرکەوت لە پڕۆسەی ئەو لێکۆڵینەوانە دا کە مارکسیسم سەرچاوەی یەکجار زۆری هەیە کە کەڵکی لێ وەرنەگیراوە  بە تایبەتی لە ووڵاتانی وەکوو ئێران، ئەوەش هۆی تایبەتی ئەوە بووە کە ڕوانگەیەکی تایبەت لە مارکسیسم کە ئەمن بە ستالینیسمی ناو دەبەم ئەوە زاڵ بووە.  هەم لە بەر نزیکی لە یەکێتی سۆڤییەت و هەم  کاریگەرییەکی یەکجار زۆر کە بۆ دەورەیەکی دوور و درێژ حیزبە ستالینیستییەکان لە ئێران بۆ وێنە حیزبی تودە هەیبووە لە سەر کۆمەڵگای ئێران و لەسەر چەپی ئێران.  ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە چ ئەوانەی ڕەخنە لە مارکسیسم دەگرن لەو ووڵاتانە و چ مارکسیستەکان بۆخۆشیان حەتتا ئاگاییان ، زانیارییان نەبێ لە سەر ئەوەی  کە بۆ وێنە یەکێتیی سۆڤییەت هەر لە ڕۆژی یەکی دامەزرانییەوە و حەتتا لە پێش دامەزرانییەوە کەسانێک هەبوون لە ناو خۆی بڵێین حیزبی بۆڵشڤیک یا حیزبی سۆسیال ذێمۆکڕاتیی کرێکاری، پێشتر ناوی ئەوە بوو ، و دوایەش بۆ دەورەیەکی چەندین ساڵە کە دژ بەو ڕەوتە بوون کە سەرەنجام دەستەڵاتی بە دەستەوە گرت لە یەکێتیی سۆڤییەت وە دوای وەش دوای وەی کە یەکێتیی سۆڤییەت هاتە ژێڕ ڕکێفی بڵێین ستالینیسم ، لە ئوڕووپای غەڕبی، لە ئوڕووپای ڕۆژئاوا دا زۆر لکی جیاواز هەبوون لە مارکسیسم، کەسانێک هەبوون کە بیر و بۆچوونی مارکسیسمیان بە ڕێگایەکی زۆر جیاواز و زۆر دێمۆکڕاتیکتر و زۆر دەوڵەمەندتر لە باری نەزەرییەوە  گەشە پێداوە، بەڵام ئێمە بە تایبەت چون کاری تەرجومە لە دەست ئێلیتێک دا بووە کە ئەوانە خۆیان سەمپاتییان هەبووە یان لایەنگری خەتێکی تایبەتی لە مارکسیسم بوونە لەوانە ستالینیسم ، ئەو سەرچاوانە ، ئەو ئیمکاناتانە بۆ ئێمە زۆر نەناسراون . من دەتوانم لە ووڵامدانەوە بەو پرسیارە کۆنکرێتەی کە کردتان کە ئینسان  شکانی یەکێتیی سۆڤییەت چۆن دەتوانێ هەڵبەسەنگێنێ یا شی کاتەوە بڵێم ،  ئەگەر چاو لێ بکەین یەکێک لە ؛ دیارە دوو ڕێبەری ئەسڵی بڵێین شۆڕشی ئۆکتۆبر یەکیان لێنین بوو ، بەڵام دوای وی تڕۆتسکی بوو. هەم لێنین و هەم تڕۆتسکی ئەگەر چاو لە نووسراوەکانیان بکەن ئەوان هەردووکیان و بە تایبەت تڕۆتسکی زۆر زۆرتر لە لێنین بە تایبەت لە ڕوانگەیەکی تێئۆریکەوە پێیان وا نەبوو ، یانی لە ژێر ئەو خەون و خەیاڵە دا نەبوون کە لە ڕووسییەیەکی دواکەتوو لە باری ئابووری و سەنعەتییەوە کە پێوەندییەکانی حەتتا فێئۆداڵی ، بڵێین  پێش سەرمایەداری زۆر غاڵب بوو، لە ووڵاتێکی ئاوا دا بتوانن سۆسیالیسم دابنێن، دروست بکەن ، لەبەر ئەوەی ئەوەیکە یەکێک لە ئەلفوبێی مارکسیسم ئەوەیە کە سۆسیالیسم سیستمێکی کۆمەڵایەتی یە کە لە سەر بناغەی پێشکەوتنەکانی سەرمایەداری دا دادەمەزرێ. بەڵام ئەوان تەعریفێک یان بڵێین بۆچوونێکی جیاوازیان هەبوو بەو مەعنایەی کە پێیان وابوو بە گەیشتنی سەرمایەداری بە دەورانی بوحڕان  ئیمکانی وەی هەیە کە لە ووڵاتانێکی دواکەوتووتر بڵێین پۆلوو  یان بڵێین ئەوەڵین شۆڕشی کرێکاری یا سۆسیالیستی روو بدا ، بەڵام ئەو شۆڕشانە ناتوانن لە نێوخۆی ئەو ووڵاتانە سەرکەوتوو بن بەڵکوو ئەو شٶڕشانە کاریان ئەوەیە ، لە ڕوانگەیەکی بەربڵاوی مێژوویی دا کە شۆڕش لە ووڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری دا هەڵبگیرسێنن یانی خۆشیان خۆیان ئاوا تەعریف دەکرد کە ئەوان پێشەنگی شۆڕشێکن کە ئەڕتەشەکەی لە شوێنێکی دیکەیە. بۆیە، پاش ئەوەی کە شۆڕش لە ڕوسییە ڕوویدا و ئەو جۆرەی ئەوان پێیان وا بوو ئەو شۆڕشە ڕووی نەدا لە ڕۆژئاوا  بە تایبەت لە ئەڵمان ، هەم تڕۆتسکی و هەم لێنین پێیان وا بوو کە شۆڕشی کرێکاری لە ئەڵمان پێشمەرجی سەرکەوتنی شۆڕش لە ڕوسییەیە. پاش وەی کە ئەو شۆڕشە ڕووی نەدا لە ئەڵمان کە ئەویش دیارە هۆی خۆی هەیە دەکرێ باسی بکەین ، بەحسێکی زۆر گەرم و گوڕ لە ناو خۆی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤییەت ڕووی دا، لە لایەک ستالین و هاوڕێکانی بوون کە ئەوان پێیان وا بوو هەر وەک هەموومان دەزانین  تێزی  'سۆسیالیسم لە یەک ووڵات ' یان هێنا گۆڕێ ، کە سۆسیالیسم دەکرێ لە یەک ووڵات دروست بکرێ. هەرچی تڕۆتسکیستەکان بوون، دیارە لێنین نەمابوو لە گۆڕێ دا ، ئەوان بە پێی ئەو تێئۆرییەی کە باسم کرد پێیان وا بوو پێوەندی ناو ووڵاتەکان دا تەئسیری لە سەر داهاتوو و ئیمکانی شۆڕش هەیە لە ووڵاتانی دیکەش دا ، ئەوان بەرگرییان لەو ڕوانگەیە دەکرد  کە شۆڕشی سۆسیالیستی یا ڕوو نادا یا دەبێ شۆڕشێکی جیهانی بێت. یانی هاوکات لە چەندین ووڵاتی لانی کەم  پێشکەوتوو دا بکرێ ،

قازی: و بەردەوامیش بێ.

مەتین: بەڵێ تڕۆتسکی ئەو تێزەی هەبوو کە شۆڕش لە ڕووسییە دا  دەتوانێ شۆڕشێکی بەردەوام بێ بەو مەعنایەی کە ڕووسییەکی دواکەوتوو دەتوانێ بێ ئەوەی کە لە دەورانێکی دوور و درێژی سەرمایەداری تێپەڕ بێ یەکسەر لە فێئۆدالیسم ڕا بچێتە سۆسیالیسم، بۆیە نێویشی نابوو شۆڕشی بەردەوام یا بە ئینگلیسی پێرمێنێنت ڕێفۆلووشن ، بەڵام پێی وا بوو کە ئەو شۆڕشە بەردەوامە ئیمکانی سەرکەوتنی نییە بێ ئەوەی کە لە ووڵاتانی پێشکەوتوو دا کرێکارانی ئەو ووڵاتانە یا چەپەکانی ئەو ووڵاتانە حکوومەت بە دەستەوە بگرن و بە یارمەتی ئەوان بێ.

قازی: باشە با لێرە دا پەڕانتێزێکی چکۆڵە بکەینەوە چونکوو دەزانین کە ئەو مەسەلەیە بە زاڵ بوونی ستالین و دوای ساڵی ١٩٢٤ کە لێنین نەما ، دیارە ستالینینش خۆی بە لایەنگری تێزەکانی لێنین، بیرۆکەی لێنین دا دەنا، بەڵام باشە جیاوازی بۆچوونەکانی لێنین و تڕۆتسکی تا چ ڕادەیەک بوو ؟ دیارە لە کۆن دا خیلافیان هەبوو، بەڵام پاشتر تڕۆتسکیستەکان و تڕۆتسکی بۆخۆی دەڵێ کە من و لێنین بۆچوونەکانمان لە یەک نزیک بووەوە. وەکوو تر جیاوازییەکانیان چ بوو؟

مەتین: بەشێکی ئەوە بوو کە چون تڕۆتسکی وەک شایەد بزانن لەو کۆنگرەیەی دا کە بوو بە هۆی لەتبوونی حیزبی بۆلشڤیک، کەمایەتی و زۆرایەتی، لە نێوان بۆڵشڤیک و مێنشڤیکەکان دا

قازی: ئەکسەرییەت و ئەقەلییەت!

مەتین: بەڵێ، ئەکسەرییەت و ئەقەلییەتی ئەو دەم بە هەڵکەوت تڕۆتسکی دژ بە لێنین بوو و لایەنگری مێنشڤیکەکان بوو بەڵام هەر چی لە ١٩٠٣ نزیک دەبووینەوە، بە تایبەت  شۆڕشی ١٩٠٥ کە تڕۆتسکی لە سەنت پێترزبورگ بە تایبەت ڕۆڵێکی زۆر سەرەکی گێڕا و ئەو شۆڕشە خۆی بووە هۆی ئەوەیکە تڕۆتسکی پێداچوونەوەیەکی هەبێ بە سەر بیروبۆچوونی خۆیدا لە بارەی ئیمکانی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ووڵاتانی دواکەتوو دا ، باوەکوو ئەوەش ترۆتسکی و لێنین پێوەندییەکی بڵێین شەخسییان  نەمابوو چیدیکە، بەڵام هەردووکیان بە دوو شێوەی جیاواز خەریک بوون بە یەک نەتیجە دەگەیشتن ئەوەش ئەوە بوو کە شۆڕش لە ڕووسییەی مومکینە ، بەڵام سەرکەوتنی مۆمکین نییە بە بێ ئەوەی شۆڕش لە ووڵاتەکانی دیکەی ئوڕووپایی ڕوو بدا. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی کاریزمای لێنین و خۆشەویستی و کاریگەرییەکی کە هەیبوو ، پاش ئەوەی کە لێنین نەما تڕۆتسکی جاری وایە حەتتا زیادە لەوەی کە هەش بوو بیر وبۆچوونەکانی خۆی وا بە حیزب و بە ئەتڕافیان و بە دەرەوە نیشان دەدا کە گۆیا عەینی ئەو شتە بووە کە لێنین دەیکوت بەڵام جیاوزازیگەلێکیان هەبوو، جیاوازییەکەش ئەوە بوو کە لە پێداچوونەوەی تڕۆتسکی بۆ مارکسیسمی ئۆرتۆدۆکس یان بڵێین مارکسیسمی کلاسیکی ئەو دەم زۆر قووڵتر بوو لەو شتەی کە لێنین بڵێین لە ئاستێکی تاکتیکی دا بۆی دەچوو. دیارە لە ئاستی سیاسی دا هەردووکیان بەرەو یەک شوێن دەڕۆیشتن ، بەڵام لە بارەی تڕۆتسکی دا ئەو تاکتیکە ڕیشەیەکی زۆر قووڵتری لە پێداچوونەوەیەکی زۆر ڕەخنەگرانە هەبوو. یانی پێی وا بوو کە زنجیرەیەک لە چەمکەکانی زۆر بنەڕەتی یا ئەساسی مارکسیسم دەبێ لە ژێر ڕووناکایی مەسەلەی پێوەندیی نێونەتەوەیی دا دووبارە تەعریف بکرێنەوە.

قازی: باشە ئێوە پێتان وایە کە لە هەلومەرجی ئێستا دا وەکی دەردەکەوێ ئیدێئۆلۆژی ئەو کاریگەری و ئەو بڕەی قەدیمی نەماوە بەو شێوەیە؟ پێتان وایە جارێکی دیکە ئەوە بتوانێ زیندوو بێتەوە و خۆی بگرێتەوە؟ یا دەبێ گۆڕانێک لە خۆی دا پێک بێنێ؟

مەتین: من پێم وایە ، دیارە وا بزانم  مەبەستتان مارکسیسم بێ .

قازی: بەڵێ.

مەتین: مارکسیسم دەکرێ بە چەند جۆرە چاوی لێ بکەین. بە هەڵکەوت مەسەلەی ئیدێئۆلۆژی سیاسی یا بەرنامەیەکی سیاسی دیاریکراو بەشێکی جیانەکراوە لە مارکسیسم نییە ،  مارکسیسم بەر لە هەموو شتێک ئەو جۆرە کە مارکس هەر بۆخۆشی باسی دەکا ئامرازی ناسینی مێژوو و کۆمەڵگایە. یانی بەر لە هەموو شتێک ئامرازی ناسینێکی ڕەخنەگرانە لە کۆمەڵگات پێ دەدا. جا ئەگەر ئینسان بێتوو لەوەی کەلک وەربگرێ بۆ ئەوەی کە بەرنامەیەکی سیاسیش دابمەزرێنێ دیارە ئەوە شتێکی بێ ڕەبت نییە مەربووتە ، بەڵام کۆی ئەسڵی مارکسیسم لە ڕاستیدا ڕوانگەیەک یا بڵێین تێئۆرییەکی ڕەخنەگرانەیە. ئەگەر لەو ڕوانگەیە ڕا چاوی لێ بکەین ئێستا لە هەموو وەختێک زیاتر ئیمکانی زۆرتر بۆ مارکسیسمی هەیە، ئێمە بوحڕان و قەیرانی سەرمایەداری دەبینین کە خەریکە جیهانی دەهەژێنێ. هەر لەو ئوڕووپایە زۆرێک لەو دەستکەوتانەی کۆمەڵگا و چینی زەحمەتکێش و کرێکار کە لە دەورانی شەڕی سارد دا لەبەر هەبوونی یەکیتیی سۆڤییەت هەیان بوو ، ئەوانە خەریکە لە دەست دەچێتەوە و ئەو قەیرانانە خۆیان کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە ، ڕو دەدەنەوە کارایی یا بڵێین کاریگەری مارکسیسم لە شیکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئەو قەیرانانە،  بوحڕانانە ڕوو دەدن لە  سیستمێکی سەرمایەداری دا ، لە هەمیشە بە بڕوای من پترە و ئەگەر چاویشتان لێ کرد بێ حەتتا لە قەیرانی ساڵی ١٩٩٨ ئەوەی کە لە ئاسیا ڕووی دا و لەو دواییانەش دا ئەوەی کە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد  لە هەر دووک جاران دا ڕۆژنامە زۆر مەشهوورەکانی ووڵاتانی سەرمایەداری لەوانە : فاینانشێل تایمز یا واڵستریت جورناڵ و ئەوانە ڕوویان تێ کردبووە کە بچن مارکس بخوێننەوە، کتێبی  'سەرمایە' ی مارکس بخوێننەوە کە بۆچی سەرمایەداری ئەو قەیرانانەی لێ بە دەست دێ؟ مەبەستم ئەوەیە مارکسیسم بە مانای ئامرازی نەزەری  ڕەخنەگرتن نە تەنها لە سەرمایەداری بەڵکوو لە هەموو سیستمێکی کۆمەڵایەتی کارایی خۆی هەر هەیە، بەڵام ئەوەیکە چۆن ئەو چوارچێوە فکری و تێئۆریکە تەرجومە دەکرێتەوە بە کاری سیاسی ئەوە شتێکە ئامرازەکەی بە شێوەی ئامادە  لە نێو مارکسیسم دا نییە، ئەوە هەر کەسە و هەر ووڵاتە و  ڕووناکبیرانی هەر ووڵاتە بە پێی خۆیان لێی حاڵی بوونە و بەکاریان هێناوە. دیارە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر مەسەلەی شووڕەوی ئەوە زۆر سەیر نەبوو وەختێک کە بۆچی بەرەی ستالین بردییەوە لەو بەحسەی دا کە ئەو دەم رووی دا کە  ئایا سۆسیالیسم لە ڕووسییەی مومکینە بە تەنێ یان نا؟  ئەو لایەنە بردیانەوە چون ئەگەر ئینسان لەباری مەنتقییەوە چاو لێ بکا چەپەکان شۆڕشێکیان کرد بوو، دەوڵەتێک ڕووخا بوو ، حکوومەتیان بە دەستەوە بوو ، هەرچی ستالین و لایەنگرانی ستالین بوون دەیانگوت باشە  ئێستا ئێمە دەوڵەتمان ڕووخاندووە چ بکەین؟ ئێوە دەڵێن ئێمە حکوومەت یا قودرەت، دەسەڵاتی سیاسی بدەین بە چینی بورژوازی کە ئەوان سەرمایەداری پەرە پێ بدەن و دوای چەندین ساڵ کە کەس نازانێ کەنگێ دەبێت، ئەودەم ڕووسییە ئامادە بوو ، پێش کەوت ئێمە جا ئەو دەمی سۆسیالیسمی دادەنێین ؟ جا خۆ ئەوە ناکرێ ئێمە تازە قودرەتی سیاسیمان بە دەستەوەیە و دەسەڵاتمان هەیە جا با هەوڵێکی بدەین بزانین دەبێت یا نابێتێ؟ بۆیەش جوابی ستالینی شتێکی کۆنکرێت و موشەخەستر بوو  بە پرسێکی موشەخەس. جوابی لایەنەکانی کە تڕۆتسکی نوێنەرایەتی دەکردن جوابێک بوو کە پێشمەرجەکانی، پێشمەرجگەلی ئاوا بوون کە لە خودی ڕووسییەی ئەنجام نەدەدرا یانی ئەوەی کە شۆڕش لە ئەڵمانێ دەکرێ یا ناکرێ شتێک بوو کە  خەڵکی ڕووسییە یا چینی کرێکاری ڕووسییە تا حەدێکی زۆر کەم دەیانتوانی کاریگەریان هەبێ لە سەری. چونکە دواجار  ئەوان ووڵاتێک بوون ئەوانیش لە ووڵاتێکی دیکە. بۆیە مەبەستم ئەوەیە ئەوانە هەموو  هۆی تایبەتی خۆیان هەبوو و لەبەر ئەوەی  نەبوونە کە گۆیا نوسخەیەکی تایبەتی لە کارەکانی مارکس دا هەیە کە دەتوانین خەتێکی ڕاست بکێشین  بەینی مارکس و بەینی ئەو شتەی کە لە ڕووسییەی  ڕووی دا یا لە چین ڕووی داوە یا لە کورەی باکووری ڕوو دەدا. بە بڕوای من ئەو خەتە وجوودی نییە.

قازی: زۆر باشە، ئێوە باسی هێندێک لە فێرکردەکانی حیزبی توودەتان کرد، یانی لە فەرهەنگی  ئێرانێ دا ئەگەر بڵیین بە  گشتی. دیارە باسی ئەوەشتان کرد کە لە هەلومەرجی خۆیدا ڕەنگە ، لە بارودۆخی خۆیدا  نەزاندرابێ بەڵام دواتر  زاندراوە. بۆ نموونە ڕەنگە ئێوە ئاگادار بن لە کارەکانی  لێکۆلەرەوەیەکی مێژووی حەڕەکەتی کرێکاری لە ئێران ؛ خوسرەوی شاکری کە زۆر بە دوور و درێژی  باسی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چەپەی دەکا  لە زەمانی ستالین دا کە  ڕەچەڵەکی ئێرانییان هەبووە، ئەوانەی کە لە قەفقاز ژیاون ، یانی تا ڕادەیەک ئەوە پێی زاندراوە. ئەو مەسەلەیە لە ووڵاتانی دیکە چۆن بووە بۆ وێنە لە ووڵاتانی عەڕەب زمان و ئەو جۆرە شوێنانە؟ دیارە تکایە بە کورتی چونکە بە هەموو شتەکان ڕاناگەین!

 مەتین: بەڵێ زۆر چاکە.  ئەمن پێم وایە ئەو جیاوازیانەی کە لە ناوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ڕووسییە دا ڕوویدا لە هەموو ووڵاتەکان ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو. بەڵام دواجار  چونکە ئەو بەشە لە حیزبی کۆمۆنیست دەسەڵاتی  بە دەستەوە گرت لە ڕووسییە، لە یەکێتیی سۆڤییەت کە بڕوای بە سازکردنی سۆسیالیسم لە یەک ووڵاتدا هەبوو، بە هۆی ئەوە لەو ووڵاتانەی دیکەش  ئەو جەرەیانانە، ئەو جیناحانە یان بڵێین ئەو باڵانەی ئەو حیزبە چەپانە کە  نزیکتر بوون لەو بۆچوونە ئەوانیش هەر قودرەتیان بەدەستەوە گرت. بەڵام ئەو بەشەی بە کورتی بڵێم کە من باسی ئەوەم کرد کە  نەزاندراوە ، دیارە زۆرتر مەبەستم  ئەو ووردە ڕیشاڵە یا بڵێم ئەو  ووردەکارییە تاریخییانە بوو ، بەڵام لەوی گرینگتر مەبەستم  لەوە بوو کە خوێندەوەی جیاوازی تێئۆریک هەبوو مەسەلەن ئێمە مارکسیستێکی زۆر بە ناوبانگمان هەیە کە لە ئوڕووپا هەموو کەس دەیناسێ بەڵام لە ئێران زۆر کەم دەیناسن، ئێستاش زۆر کەم ناسراوە وەکوو ئانتۆنیۆ گڕامشی کە ، گڕامشی مارکسیستێکی ئیتالیایی بوو و ئەویش ڕووبەڕووی پرسی وەی بوو کە لە ئیتالیا بۆ فاشیزم  هاتە سەر کار و دەسڵاتی بە دەستەوە گرت؟ بۆ لە ووڵاتێکی ئوڕووپایی دا ئێمە دەوڵەتێکی فاشیستیمان هەیە ؟ گڕامشی هەر لە زیندانێ کە کاری لە سەر ئەو مەسەلەیەی کرد هات شتێکی تازەی لە مارکسیزم زیاد کرد ئەویش مەسەلەی هێژێمۆنی بوو. ئەو نیشانی دا کە مەسەلەی کولتوور یا فەرهەنگ ڕۆلێکی زۆر گرینگ دەگێڕێ لە درێژە کێشان  بڵێین تەداومی حوکمی سیاسی چینی دارا یا بڵێین سەرمایەدار یا لیبڕاڵ یا هەرچی نێوی دەنێی ، دە حاڵێکدا تا بەر لەوی مەسەلەی فەرهەنگ شتێکی بڵێین شتێکی پەراوێز بوو لە بیری مارکسیستی دا. کەسمان هەیە، مارکسیستگەلی زۆر لێ هاتوو لە ووڵاتانی غەربی، هەر لە بریتانیا کەسانی وەک پێری ئاندرسۆن، ئالێکس گالینیکۆس، تۆنی کلیف زۆر کەس هەنە  کاری زۆر جیدییان کردووە، کاری زۆر قووڵیان کردووە لە بارەی تیۆری مارکسیستی دا بەڵام تا ئەو جێیەی من دەزانم لە ئێرانێ یا نەناسراون ...

قازی: پێم وایە هێندێک لە کارەکانی تۆنی کلیف وەرگێڕدراوە!

مەتین:  شایەد لەو دواییانەدا . بەڵام کاری زۆر کراوە لە ڕوانگەی مارکسیستی ڕا بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە کە هەم تازەییان هەیە هەم جیاوازن لەو شتەی کە لە ئێرانێ ئێمە وەکوو مارکسیزم دەیناسین.


قازی: بەڵێ، ئێستا بێینە، دیارە وەکوو باسم کرد ئێمە هەر سەعاتێکمان وەختە، زۆر باسی دیکەش هەیە بۆیە داوا دەکەم هێندێک کورتتر ووڵامم بدەیەوە ئەگەر ئیمکانی هەبێ. یەک لەو بابەتانە مەسەلەی ناسیۆنالیسمە. ئێوە لە جێگایەک دا ، لە یەک دوو جێگا دا کە من خوێندوومەتەوە باسی ئەوە دەکەن، پێتان وایە کە  مارکسیزم قەت بۆچوونێکی ئاوا بە قەولی فارسی شۆستە ڕۆفتە و تەواوی نەبووە لە سەر چەمکی ناسیۆنالیزم. یەکەم ئەوە بە چی دەبەستنەوە؟ و دووهەمیش ئەوەی دەزانین لە نەریتی چەپایەتی دا بە تایبەتی ئەو زەمانی کە بۆچوونەکان و پێناسەی ستالین لە سەر مەسەلەی ناسیۆنالیسم باوی زۆر بوو ، جار جار خەڵک هەڵیان دەسەنگاند ئایا لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ ئەوە دەگۆنجێن ئەو دەمی بەخۆیان بڵێن نەتەوەن یا نەتەوە نین. ئەگەر دەکرێ لە سەر چەمکی ناسیۆنالیسم و ئەو فکرانەی کە دواتر لەو بارەیەوە هاتوونە گۆڕێ بدوێن. دەزانین کە زۆر بیرمەندی دیکە لەو بارەیەوە بۆچوونی تازەیان هێناوەتە گۆڕێ وەکوو گێلنێر، هاوبسبام و ئەو کەسەش کە ئێوە بە شێوەی ڕەخنەگرانە لە سەرتان نووسیوە، وەک بێنێدیک ئاندرسۆن. هێندێک لەو ڕووەوە فەرموو!

مەتین: بەڵێ! دیارە پرسیارەکەتان دوو بەشی هەیە . ئەو بەشەی کە دەگەڕێتەوە سەر مارکسیزم و ناسیۆنالیزم  تا ئەو جێیەی بە مارکس و ئینگێلس، بە تایبەتی دەگەڕێتەوە سەر ئەوان، ئەوان لە دەورەیەک دا دەژیان کە ئوڕووپا شاهیدی ئەو شۆڕشانە بوو کە ئێستا نێویان نراوە شۆڕشه بورژوا – دێمۆکڕاتیکەکان . یانی دەوڵەتانی سەرەڕۆ و ئاریستۆکڕاتیک خەریک بوون دەگۆڕدران و دەبوونە دەوڵەتگەلی دێمۆکڕاتیک و کە سیستمی دەنگدان و ئەوانە ساز دەبوو، بۆیە لە باری ستراتێژی سیاسییەوە بۆ وان گرینگی مەسەلەی لەناوچوونی ئەو دەوڵەتە ئیستیبدادییانە و هاتنە سەر کاری دەوڵەتگەلی دێمۆکڕاتیک لە ڕوانگەی ئەوانەوە  هەنگاوێک بەرەپێش بوو، بەرەو ئیمکانی ئەوەی کە چینی کرێکار بتوانێ خۆی سازمان بدا و  خۆی ڕێک بخا و بتوانێ دەستەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست. بۆیە ئەوان هەموو شتێکیان لە چوارچێوەی ئەوەی کە ئایا یارمەتی ئەو هەنگاوە دەدا ، یارمەتی دێمۆکڕاتیک بوونی ئەو ووڵاتانە دەدا یان نا چاو لێ دەکرد. بۆیە مەسەلەی نەتەوەییشیان لەو ڕوانگەیەوە چاو لێ دەکرد و هیچ وەختیش نەهاتن، نە مارکس، نە ئێنگێلس  تێئۆرییەک لە سەر ناسیۆنالیزم بنووسن یا باسی نەتەوەیان بەو شێوەیە نەکردووە. هەرچی هەمانە لە پێوەندی لەگەڵ ناسیۆنالیزم لە نەریتی مارکسیستی دا دواتر هاتووە. لەوانە ئۆتۆ باور مارکسیستێکی ئوتریشی بوو ، دوایە ستالین کە فۆرمووڵێکی زۆر مەشهووری داوە کە نەتەوە چییە؟ ئەوانە دیارە مارکسیست بوون، بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە مارکس خۆی تێئۆرییەکی تایبەتی لەبارەی ناسیۆنالیزم دا نەبووە. بەڵام، ئەوەی کە بۆ نەبووە ئەوە پرسیارێکە کە تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە سەر کاری لێکٶلێنەوەی منیش. دیارە بە تایبەتی  نەک لە مەڕ ناسیۆنالیزم ، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی شۆڕش، مەسەلەی مۆدێرنیتە، مەسەلەی گۆڕانی کۆمەڵگاکان لە قۆناغێکی مێژوویی بۆ قۆناغێکی تر، هەموو بە بڕوای من دەگەڕێتەوە سەر موشکیلێک  کە نەک لە مارکسیزم دا بەڵکوو لە گشت بیری مۆدێرنی ڕۆژئاوا دا هەیە. ئەویش ئەوەیە، هەر وەک کە زۆر بە کورتی ئیشاڕەم پێکرد ئەوەیە کە تەواوی ئەو تێئۆرییانە، تەواوی ئەو فۆڕموولبەندییانە کە مێژوو چۆن بەرەو پێش دەچێ و کۆمەڵگاکان چۆن بەرەو پێش دەچن یا چۆن دەگۆڕێن لە سەر وەی دامەزراوە کە ئێمە چاو لە ناو کۆمەڵگایەکی تایبەتی بکەین ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئەو شتەی کە لە ئینگلیسی دا بە ' ئۆنتۆلۆجی ' ناسراوە یا بڵێین جیهان ناسییەک کە لە پشت ئەو تێئۆرییەیە بناغەکەی لە سەر ئەوەیە کە لە سەر یەک کۆمەڵی تاقکەتوو یا بڵێین بەتەنێ داندراوە. یانی ئەو مەسەلەیە، ئەو واقعییەتە، ئەو ڕاستیە کە ئێمە هیچ کۆمەڵگایەک لە مێژوو دا نابینینەوە کە لە هیچ دەورەیەکی مێژوویی خۆی دا بەتەنێ ژیابێ ، یانی ئێمە هەمیشە لە یەک کۆمەڵگامان زۆرتر هەبووە ،

قازی: مەگەر ئەوەی کە کەشف نەکرابێ ، پێی نەزاندرابێ

مەتین. بەڵێ. حەتتا لەو بارەیەش دا بۆ وێنە ئەگەر چاو لێ کەین، بڵێین قاڕەی ئەمریکا دواتر کەشف کراوە بەڵام خۆ لە نێو خودی ئەمریکا ، ئەو قاڕەی کە ئێمە پێی دەڵێین ئەمریکا زۆرتر لە کۆمەڵگایەک هەبووە. لەو جێگایەی ئێستا مێکزیکۆیە بۆ وێنە ئارتێک هەبووە ، تەمەدوون یا بڵێین شارستانیگەلی جیاواز هەبوونە. ئەو مەسەلەی کە کۆمەڵگاکان هەمیشە بەیەکەوە بوونەوە قەت بە تەنێ نەبووونە و ئەو جەمع بوونە ئاکامی چییە،  چ کاردانەوەیەکی لە سەر گەشە و ڕوشدی ناوخۆی ئەو ووڵاتانە هەیە  لە باری تێئۆریکەوە نەناسراوە نە لە مارکسیزم دا ، نە لە لیبڕالیزم دا کە دوو بۆچوونی زۆر زاڵن لە بیرکردنەوەی غەڕب دا. ئەوە بووەتە هۆی ئەوەیکە هێندێک دیاردە تەوسیفەکەیان و تەعریفەکەیان تەنیا و تەنیا  لە تەجروبەی ئوڕووپا ڕا وەرگیراوە، یانی چاو لە ئوڕووپا کراوە،

قازی: بەڵام پێت وایە ئەوە نەبووەتە شتێکی جیهانی؟

مەتین: نا، بەو مەعنایەی کە چەمکەکان، یا بڵێین تێئۆرییەکان بە چاو لێ کردن لە تەجروبەی ئوڕووپا وەرگیراوە و دوایە چون کوتوویانە خۆ کۆمەڵگای ئینسانی دواجار هەموویان هەر وەکوو یەکن بۆیە هەر ئەو تاریخە یا هەر ئەو مێژوویە کە هەر ئەو چەمکە نوێنەرایەتی دەکا یا پیشانی دەدا  لەو ووڵاتانەش هەر ڕوودەدا بیانهەوێ یا نەیانهەوێ. بەڵام وەختێک کە ڕوو نادا ، بڵێین وەختێک لە ووڵاتانی ئیسلامی دێمۆکڕاسی ڕوو نادا، ئەو دەمە ئەو تێئۆرییانە بە بونبەست دەگەن ، ئەو بونبەستەش چۆن حەل دەکەن بەوەی کە فاکتەرگەلێک دێنن کە زۆر تایبەتی ئەو ووڵاتانەیە. جا ئەو فاکتەرانە دەتوانێ مەزهەب بێ، دەتوانێ کولتوور بێ و دەڵێن: ئا! چونکە مەزهەب ئەوەیە یا کولتوور ئەوەیە کەوابوو  بۆیە دێمۆکڕاسی جێ بە جێ نابێ یا بۆیە دێمۆکڕاتیزە ناکرێ. 

قازی: بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە دێمۆکڕاسی جێ بە جێ دەبێ یان نا؟ بەڵام  فۆنکسیۆن و شێوازی جووڵانەوەی ئەو دەوڵەتانە سەرەڕای ئیدێئۆلۆژییەکەیان، سەرەڕای ئەوەی کە دێمۆکڕاسییان قەبووڵ بێ یا نەبێ گەلۆ هەر لە چوارچێوەی ئەو بەستێنە گشتییە جیهانییە دا نییە؟ بۆ نموونە لە کۆنسێپتی دەوڵەت – نەتەوە دا؟
مەسەلەن ئایا عەڕەبستانی سعوودی ئەو کۆنسێپتانەی نییە لە پێوەندییەکانی نێو نەتەوەیی دا؟

مەتین: بەڵێ! دیارە ئەو بەشەی قسەکانم زۆرتر لە ڕوانگەی ئاکادێمیکەوە بوو بەڵام ، هێنذێک دیاردە، یان هێندێک لەو کۆنسێپتانەی کە ئەو دیاردانە نیشان دەدەن بوونەتە شتێکی جیهانی لەوە دا هیچ قسەیەک نییە بەڵام، زۆرجار قەوارەیەکی سیاسی بە پێویستی مەزرووفەکەی یا بڵێین ئەو شتەی لە نێوی دایە لەگەڵ ئەو قەوارەیەی کە لە ڕۆژئاوا چی تێدایە وجوودی نییە. ئێمە دەوڵەت – میللەتمان ئیستا تەقریبەن لە هەموو دنیایێ هەیە . دەوڵەت – میللەت یا دەوڵەت – نەتەوە لە ڕاستیدا  بەردی بناغەی ساختاری سیاسی ئەوڕۆی دنیا یە. بەڵام ئەگەر دەوڵەت – میللەت لە ئوڕووپا لە دەورانی خۆیدا ، هێندێک شتی دیکەشی لەگەڵ هەبوو. دەوڵەت – میللەت بۆ وێنە لە فەڕانسە ، لە ئەڵمان ، حەتتا لە بریتانیا هەموویان هاوکات بوون لەگەڵ شۆڕشه دێمۆکڕاتیکەکان، یانی حکوومەت دێمۆکڕاتیک دەبوو، ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە لە باری سیاسی و حقووقییەوە، بەڵام نەک لە باری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، دەیانتوانی یەکسان بن و ئەو دەم دەتتوانی  باس لە نەتەوە وەکوو جەمعێک بکەی کە هەموو لە باری سیاسییەوە بەرابەرن. دە حاڵێک دا لەو ووڵاتانەی کە دواتر هاتنە ناو ڕەوتی مۆدێرنیزاتسیۆن یا بڵێین دێنە ناو  ڕەوتی  ئەو شتەی کە نێوی مۆدێرنیتەیە ، قەوارەکان زۆر جار وەردەگیرێن، نەک زۆر جار هەمیشە وەردەگیرێن بێ ئەوەی کە مەزرووفەکەیان ، ناوەرۆکەکەیان وجودی هەبێت. و لەبەر ئەوەی کە قەوارە پێش ناوەرۆک بێ خودی ئەو قەوارەیە زنجیرەیەک مەحدوودییەت و  زنجیرەیەک تایبەتمەندی دەخاتە سەر ئەو  ناوەرۆکەی کە دواتر ساز دەکرێ. بۆ وێنە سەنعەتی بوون لە ئینگلیستان ئەگەر لە سەدەی شازدەهەم، لە سەدەی شازدە، حەڤدە دا بڵێین ڕەوتێک یا پڕۆسەیەک بوو لە خوارەوە  دەستی پێ دەکرد چینە کۆمەڵایەتییەکان  خەریک بوون کۆمەڵگایان سەنعەتی دەکرد و بە پێی ئەوەش دەوڵەت دەگۆڕا و سیاسەت تەغییری پەیدا دەکرد ، لە تەواوی ئەو ووڵاتانەی کە دوای ئینگلیستان دەست بە پڕۆسەی سەنعەتی بوون دەکەن ، سەنعەتی بوون پڕۆژەیەکە کە دەوڵەت سازی دەکا و لە بەر ئەوەی دەوڵەت سازی دەکا هەمیشە قودرەتی سیاسی، دەسەڵاتی سیاسی و توندوتیژی سیاسی  دەبێتە پێناسەی زاڵ لەو کۆمەڵگایانە دا یانی زۆر بە سوتفە نییە بە قەولی خۆمان کە  ئەو ووڵاتانەی کە دواتر دێنە ناو سەنعەتی بوون  هەموویان لە دەورەیەک یا بڵێین دەورانی فاشیزم ، یا دەوڵەتگەلی زۆر غەیرە دێمۆکڕاتیک  تێپەڕ دەبن. چاو لە ڕووسییە کەن، چاو لە ئەڵمان کەن، چاو لە ژاپۆن کەن، چاو لە چین کەن ، ئێرانی خۆمان تا حدوودێک. هەموی ئەوانە هۆیان هەیە. یانی وا نییە کە  ئەو جورەی کە شەرقشناسەکان یا ئۆریانتالیستەکان دەڵێن لەبەر ئەوەی کە گۆیا مەسەلەن ئیسلام یا مەزهەبی ژاپۆنییەکان یا فەرهەنگی چینییەکان  پێوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ زەخت و زۆری هەیە وا نییە. هۆی تاریخی هەیە، هۆی تاریخییەکەشی ئەوەیە کە ئەو ووڵاتانە ڕووبەڕووی هێزی مۆدێڕنی غەڕب، ڕۆژئاوا دەبن کە خەریکە، دەیهەوێ داگیریان کا، وەختی خۆی ئیستیعمار و ئەوانە کاریان هەر ئەوە بوو  و ئەوانە دەیانەوێ خۆیان سازمان بدەن دژی ئەو شتەی. بەشێک لەو سازمان دانە ئەوەیە کە خۆیان سەنعەتی بکەن و بۆ ئەوەی خۆیان سەنعەتی بکەن دێن دیسیپلینێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی دادەسەپێنن بە سەر کۆمەڵەکەیان دا. ئەو دیسیپلینە بۆ ئەوەیە کە خەڵک بەرنە ناو شێوەیەکی تازە لە داهێنان لە کاری کۆمەڵایەتی دا . بەشێک لەو دیسیپلینە زمانی یەکگرتوویە ، بەشێک لەو دیسیپلینە بوروکڕاسییەکی مەرکەزیە ، سێنترالیزە یە و هەمووی ئەوانە پێداویستییان بە توندو تیژییە، و ئەو توند و تیژییانە مەبەستم ئەوەیە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بەحسە تێئۆریکەکەمان بە چاو لێ کردن تەنێ  لە خۆی ئەو ووڵاتانە  شی ناکرێتەوە بەڵکوو دەبێ چاو لێ بکەین کە لە چ هەلومەرجێکی نێونەتەوەیی دا  ژیاون کە هێندێک کاری تایبەت لە کاناڵی سیاسی  بڵێین پڕۆژەی سیاسی ، بە وان تەحمیل دەبێ،دیارە لە مەحدوودەیەکی موشەخەس دا  تا ڕادەیەک ئیمکانی هەڵبژاردن هەیە بەڵام  دواجار  ئەو هەڵبژاردنانە بێ ئەندازە نین.  چەند مۆدێلی موشەخەس هەنە کە  لەو دەورانە دا کار دەکەن. مۆدێلی ئەڵمان شایەد مۆدێلێک بێ کە دوایە زۆر لاسایی لێ کراوە، لە ڕووسییەش لاسایی کراوەتەوە کە ئەوە بوو دەوڵەتێکی مەرکەزی مۆدێڕن وەستۆی خۆی دەگرێ کە کۆمەڵەکەی سەنعەتی بکا بەڵام هەزینەی ئەو سەنعەتی بوونە  بڵێین قیمەتی ئەو سەنعەتی بوونە ئەوەیە کە ژیانی سیاسی کۆمەڵگا دێتە ژێر ڕکێفی حکوومەتێکی مەرکەزی و ئەوە هەر خۆی لە خۆی دا مانای ئەوەیە  دێمۆکڕاسی بەو مەعنایەی کە فەرزەن لە ووڵاتانی ئانگڵۆ ساکسۆنی  ڕۆژئاوا ، ئەمریکا، ئینگلیستان  یا تا ڕادەیەک لە فەرانسە هەبوو  چون لە خوارەوە ڕا  دەرقوڵا بوو لەوێ  بە پێچەوانە لە سەرێ ڕا دێێە خوارێ یانی لە دەوڵەت  ڕا بۆ خوارێ بۆیە ئینسان دەتوانێ  تەفاوەتی سیستمی سیاسی ئەو ووڵاتانە  ببینێ کە لە پێوەندییەکانیان ڕا ساز دەبێ. ئەڵمان خەریک بوو  ، دەیهەویست لە ئینگلیستان وەپاش نەکەوێ  و پێی وابوو ئینگلیستان ئەوە خەریکە ئوڕووپا داگیر دەکا ، شەڕی ناپلیۆن هەر ئەو  فشارانەی دێنا. ڕووسییە هەمیشە پێی وابوو کە دەبێ لە بەرابەر  فرەخوازییەکانی یان بڵێین دەسەڵاتگرتنی ئەڵمان  گۆڕانکاری دە خۆیدا پێک بێنێ و هەمووی ئەوانە لە دەوڵەت ڕا دەستی پێ دەکرد.

قازی: باشە، ئێوە باسی ئۆریانتالیزمتان کرد، دیارە لە هێندێک لە نووسینەکانیشت دا باسی ' یوروسێنتریسم ' یشت کردووە ، یانی بە پێی بەهاکانی ئوڕووپا دیاردەکان هەڵسەنگاندن. یەک ، جیاوازی چییە لە نێوان ' ئۆریانتالیسم ' و  'یۆرۆسێنتریسم' ، و دوایە لە جێیەک دا  ' مارکسیسم ' یش بە یۆرۆسێنتریک دا دەنێی گوتیشتان کە بە پێی بارودۆخی ناوخۆیی ووڵاتێکی موعەین مرۆڤ ناتوانێ بارودۆخەکەی شی کاتەوە و هەموو بەیەکەوە بەستراونەتەوە.   ئەوە نەوعێک ناکۆکی نییە یا چۆنە؟

مەتین:  بەڵێ، ئۆریانتالیسم ئەو جۆرەی کە ئێدوارد سەعید  بیرمەندی فەلەستینی ئەمریکایی بۆ یەکەم جار  بەو مانایەی کە ئێمە ئێستا دەیناسین تەعریفی کرد  ئەویش ئەوە بوو کە ' ئۆریانتالیسم'  دنیا بە دوو جەمسەر دابەش دەکا ، ئەو شتەی کە ئۆریانت یا بڵێین ڕۆژهەڵات و ئەوەی کە ئۆکسیدانت  کە غەرب، ڕۆژئاوایە.  و بەحسی وی ئەوە بوو کە غەرب یا ڕۆژئاوا خۆی لە ڕۆژهەڵات دا دەناسێنێ ، بە چ شێوەیەک ، شێوەی ئەوەی کە تەواوی  ئەو سفەتە مەنفییە، سەلبییانەی کە  پێی وایە بۆ خۆی نییەتی دەدا بە ڕۆژهەڵات . بۆ نموونە دەڵێ کۆمەڵگا  یان خەڵکانی ڕۆژهەڵات  ئیڕەشناڵ ن ، مەنتقی نین،  تەنبەڵن ، شەهامەتی تاریخییان نییە، ئەوە ئەو سفەتانەن کە گۆیا ئوڕووپا ، ڕۆژئاوا  ئەو سفەتانەی نییە ، یانی بڵێین هینێکی، لایەنێکی هێگلی هەیە کە ئینسان خۆی دەناسێ  یان  ئەو شتەی کە  لە ئینگلیسی دا دەڵێن  سێڵف  ، بە خۆ ناسینی خۆی وەختێک دەگا کە  ئەو شتەی بۆخۆی نییە دەبینێتەوە.  و ئێدوارد سەعید پێی وا بوو کە  ئەو بیرە ، یانی ئەوەی کە هەرچی خراپە ، هەرچی باش نییە لە مێژوو دا بیدەی بە  بەشێک لە دنیا و هەرچی گویا  باشە و هەمبەر و دژبەری ئەو شتانەیە  ئی غەربە ئەوە نەخشێک یا ڕۆڵێکی زۆر  سەرەکی هەبووە لە پاساو دانی ئیستیعمار دا. یانی وەختێک ڕۆژئاوا دەچێ  ئەفریقا یا ئاسیا ئیستعمار دەکا  و داگیریان دەکا هیچ  ئیحساسێکی ناخۆشیان نییە بەڵکوو ئەوان دەڵێن کە  ئێمە لە جێدا  دێین خزمەتێکیش بەوانە دەکەین  چونکە ئەوانە خەڵکانێکن کە  ئەسڵەن مێژوویان  ئەوەیە ، لە نێو خۆیان دا هیچ تەغییرێک ناتوانێ ڕوو بدا و ئێمەین  وەکوو بەشی ڕۆشنبیری دنیا  و وەکوو بەشی پێشکەوتوو لە خەڵکی دنیا ئەسڵەن ئەرکمان ئەوەیە کە بێین ئەوانە بێنینە ژێر حکوومەت و دەسەڵاتی خۆمان. بۆیە  دواجار  ئێدوارد سەعید پێی وابوو ئۆریانتالیزم  وەکوو دیسیپلینێکی زانستی و زانکۆیی  هەمیشە لە خزمەتی داگیر کاری و ئیستعماری ڕۆژاوا دا بووە. بەوە مەعنایە ئۆریانتالیزم شەباهەت یا بڵێین وێچوونێکی لەگەڵ یۆرۆسێنتریسم هەیە بەڵام یەک شت نین. یۆرۆسێنتریسم  جۆرێک لە بیر کردنەوەیە کە نە تەنها دنیای بە بەهای ئوڕووپا یا بڵێین ڕۆژاوا هەڵدەسەنگێنێ ، بەڵکوو تیئۆرییەکانی کۆمەڵایەتی و تاریخییەکەی ، مەسالحەکەی، بەردی بناغەکانی لە ئوڕووپا وەرگیراوە، بە بڕوای من ئەو بەشە گرینگترە لەو بەشەی کە بڵێین بەهاکانی یانی بەو مەعنایەی بڵێین ئوڕووپا باڵاترە، ئورووپا باشترە، ئەوە شتێکە ئینسان دەتوانێ لەگەڵی زۆر بە ڕاحەتی بەرخورد بکا بەڵام، ئەگەر ئەتوو تێئۆرییەکی مێژووت هەبێ ، تێئۆرییەکی تاریخت هەبێ کە بە پێی تەجروبەی ئوڕووپا دامەزراوە دوایە بێنی ئەوەی بە ووڵاتانی دیکە شموول بدەی ، کەلکی لێ وەربگری ڕووبەڕووی زۆر کۆسپت دەکاتەوە کە ئاکامەکانی زۆر لەوەی خراپترە کە تەنێ بڵێین ئوڕووپا باڵاترە، بەو مەعنایە لە کارەکانی خۆم دا پێم وایە ئەو عیباڕەتە بەکار دێنم  بە نێوی ' ئینترنالیزم ' نەک یۆرۆسێنتریسم. یۆرۆسێنتریسم وێنەیەکە لە ئینترنالیزم. ئینترنالیزم بەو مەعنایەی کە تۆ بتەوێ بەردەوام ووڵاتی خۆت، کۆمەڵگای خۆت بە قووڵتر کردنی ناسینی خۆت لەو ووڵاتە بە دەست بێنی لە حاڵێکدا ناسینەکەت بەرفراوانتر نەکەیەوە ، ووڵاتانی دیکە، کولتووری دیکە ، فەرهەنگی دیکە و پێوەندییەکانی نێو کۆمەڵگاکان نەهێنییە نێو ئەو فۆرموولە تێئۆریکە.
بەو مەعنایە هەر وەکوو کوتم مارکسیزم و هەموو مەکتەبە فکرییەکانی ئوڕووپایی بە بڕوای من ئەو موشکیلەیان هەیە چونکە لە سەر ئۆتۆلۆژی یان بڵێین جیهانناسییەکی تاقکەوتوو یا سینگولار بە ئینگلیسی داڕێژراوە. ئەتوو  هەر کە دەستت پێ کرد  لە یەک ووڵاتی تاقانە، بە تەنێ دەستت پێ کرد تەواوی تێئۆرییەکانت حاڵەتێکی زۆر ڕێک و پێک و بە قەولی جەنابت لە ئەوڵێ دا فەرمووت شوستە و روفتەیان دەبێ،  هەر کە شتێک لەو شوستە روفتە بوونە دا جێگای نییە یا لەو چوارچێوە موشەخەسە دا جێی نابێتەوە موشکیلێکی زۆر عەزیمی تێئۆریک ساز دەکا بەڵام وەختێک  ئەتوو نیشان دەدەی کە ئەو شتەی لە نێو یەک ووڵات دا ڕوو دەدا ، لە باری تێئۆریکەوە، نەک هەر لە باری تەجروبی و  ئەمپێریکەوە ، بەلکوو لە باری تێئۆریکەوە تەنێ وەختێک شی دەکرێتەوە  کە توو ببینی گەشەی مێژوویی ئەو ووڵاتە  قەت بە تەنێ نەبووە، هەمیشە لەگەڵ وڵاتانی دیکە بووە. و بەتایبەت لە ووڵاتانی ، لە کوردستان، لە ئێران یا ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەو مەسەلەیە حەتتا زۆر گرینگترە  لەبەر ئەوەی کە ئەگەر چاو لە  نەخشەی دنیایێ بکەین دیارە خاوەرمیانە یا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نوقتەیەک واقع بووە کە زۆرترین و فشوردەترین  و بڵێین درێژترین  تەعامول یا بڵێین ڕووبەڕوبوونەوەی لەگەڵ ووڵاتانی دیکە هەبووە. چونکە لە سەر چوار ڕێیانی دنیایە  هەڵکەوتووە . هەر ئەگەر چاو لە تاریخی ئێرانێ بکەین هیچ بەشێک لە مێژووی ئێرانێ نییە  کە شتێکی دەرەکی بە قەولی مەعڕووف ، بە ئیستیلاح ڕووی نەدابێ لە پەلاماری مەغولان ڕا بگرە تا مەسەلەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی تا روسییە هەمووی ئەوانە ڕۆلێ تایبەتییان هەبووە لەوەی کە ئەو شتەی ئێمە نێوی دەنێین ئێران بۆ بووەتە ئەو شتەی کە ئێستا هەیە. دە حاڵێکدا ئەگەر ئێمە هەر ئەو شتەی بە ئێرانی دەناسین ، تەنێ تاریخ / مێژووی ئەو ووڵاتە چاو لێ بکەین بێ ئەوەی کە ئەو دیاردە دەرەکییانە کە ئێمە بە ، دیارە مەبەستی من ئەوەیە وەختێک ئەو پێوەندییانە ئێمە دەیانکەینە شتێکی تێئۆریک مەسەلەی دەرەکی، ناوەکی تا ڕادەیەک زۆر کەمڕەنگ ، یانی ڵێڵ دەبێ. یانی لە ڕاستیدا لە باری نەزەرییەوە زۆر موشکیلە کە ئەتوو بڵێی کامەیان بە تەواوەتی دەرەکی یە و کامەیان ناوەکی چون ئەوەی کە دەرەکی یە دەبێتە بەشێک لە ناوەکی و ئەوەی کە ناوەکی یە دەبێتە شتێکی دەرەکی. بەڵام لە باری تەحلیلییەوە دەتوانین بە شێوەی کاتی ئەو سنوورە بکێشین کە  شتێک هەیە بە نێوی دەرەوە و ژوورەوە ، بەڵام لە باری تێئۆریکەوە بە بڕوای من هەمیشە دەبێ ئەو دوو شتانە لە پێوەندییەکی دیالێکتیک دا بنیندرێن . مێژووی ڕووسییە بە بێ مێژووی ئەڵمان مەعنایەکی تایبەتی ناتوانی لێ دەربکێشی.

قازی: زۆر باشە ، ئێمە ئیدی بە داخەوە نزیکەی دە دوازدە دەقیقەیەکمان وەخت ماوە ، دوو باسی زۆر گرینگیش هەیە بەشێکیان هێندێک پرسیارە کە بە ڕێگای لاپەڕەی فەیس بووکی ' ڕاوێژ ' دا بۆمان هاتووە، پێم خۆشە ووڵامی ئەوانیش بدەیەوە، بەڵام  بەر لەوە پێم خۆش بوو باسی کتێبەکەشت بکەی، بەڵام دیارە چوکە کتێبەکەت بە ئینگلیسی یە، موشکیلە نییە بە کوردی لە سەری بدوێی چونکە هێشتا چاپ نەبووە.

مەتین: بە کوردیش با موشکیە نەبوو.

قازی" پێم وا بێ ناوی کتێبەکە کوردەکەی دەبێ بە ' داڕشتنەوەی ئێران ، باسی مۆدێرنیتی '  وا بزانم تا چەند مانگێکی دیکە دەردەکەوێ ئەگەر بکرێ بە گشتی بیناسێنی. باسی زەمانی شۆڕشی مەشڕووتەی تێدایە، باسی ڕەزا شای تێدایە، باسی موسەدیقی تێدایە. دیارە بڕێکیش کات بمێنێتەوە بۆ جوابی پرسیاری بینەران!

مەتین: با هەر زۆر بە کورت بیڵێم. ناوی کتێبەکە، عینوانی کتێبەکە بە ئینگلیسی  ئەگەر تەرجومەی کەینەوە دەبێتە:
' داڕشتنەوەی ئێران ، پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی، مۆدێرنیتە  یا شۆڕش ' . ئەو کتێبە لە سەرەتا دا حەولێک بوو کە

قازی: ببوورە لە چوارچێوەی ئەو بۆچوونی  ' بەرەوپێش کەوتنی ناڕێک و بەردەوام ' دا نووسیوتە؟

مەتین:  ' ناڕێک و بەردەوام ' تەرجومەیەکی زۆر باش بوو ئەمن نەم دەزانی بە کوردی چۆنی تەرجومە کەمەوە.  
 ئەو کتێبە لە سەرتا دا حەولێک بوو کە لە چوار چێوەی فکری ' گەشەی  ناڕێک و موڕەکەب ' شایەد باشتر بێ.    حەولێک بۆ لێکدانەوەیەک لە شۆڕشی ٥٧  ی ئێران بکەین. بۆ ئەو شۆڕشە بوو ؟ بۆچی ئەو شۆڕشە بووە هۆی هاتنە سەرکاری دەوڵەتێکی ئیسلامی  یا ئەو شتەی کە ئێستا وجوودی هەیە لە ئێران.  و ئەوەش لەبەر ئەوە بوو کە ئەمن پێم وابوو، ئیحساسم دەکرد  کە جوابەکانی چەپی ئێران  ئەو دەم بەو پرسیارە زۆر کافی نەبوو ، ئینسانی قانیع نەدەکرد. بەڵام لە پڕۆسەی  لێکۆڵینەوەم دا  بەو نەتیجەیە گەیشتم کە  ئەو پرسیارە  کە چەپ و مارکسیسم بە گشتی حەتتا لە ئوڕووپایەش  ووڵامێکیان بۆی نەبوو کە مرۆڤ پێی قانع بێ شتێکی بە تەنێ و جودا لە  موشکیلەیەکی گەورەتر نییە، بەڵکوو ئەو مەسەلەیە  لە بەشێکی زۆر لە تاریخی دنیایە دا   کە تێیاندا گۆڕانکاری  ڕووی داوە کراوە کە بە ڕواڵەت مارکسیسم موتەعەجیب بووە لییان، حەپەساوە کە بۆچی ئەو شتە ڕوویداوە.
ئەو دەم بوو کە من  مەجبوور بووم بچمە سەر باسەکانی تێئۆریکی  زۆر بنەڕەتی کە ئەو موشکیلە موشکیلی  تەجروبی نییە، یانی شتێکی زۆر تایبەتی لە بارەی  ئێرانێ دا نییە کە ئەو مەسەلەیەی ساز کردووە بەڵکوو  ئەوە تێئۆرییەکانی ئێمەن کە ئیمکانی  ئەوەیان نییە  تایبەتمەندی گۆڕانکاری لە ووڵاتانی غەیری ڕۆژاوایی لە نێو خۆیان دا هەزم بکەن. بۆیە من بەونەتیجەیە گەیشتم  بۆ ئەوەیکە بزانین شۆڕشی  ٥٧  بۆ وای لێ هات ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە سەر تاریخێکی دوورودرێژتر لە ڕابردوو دا  و هاوکات دەبێ تاریخەکەشمان زۆر بەربڵاو بکەینەوە  کە بزانین گەشەی ئێران لە چەند سەد ساڵی ڕابردوو دا، لەگەڵ هەڵسوکەوتی لەگەڵ دنیای دەرێ  دا چ تەئسیراتێکی لە ناو خۆی دا هەبووە. ئەوە بە گشتی چوارچێوەی کتێبەکەیە و  دیارە کتێبەکە لە ئەوەڵێن دەوڵەتی یەکگرتووی ئێرانی کە لە سەروبەندی سەفەوییە دامەزرا  دەست پێ دەکا، دەچێتە  شۆڕشی مەشڕووتە، دوایە دەچێتە  سەردەمی ڕەزا خان و ئەوەڵین دەوڵەتی مەرکەزی لە ئێرانێ ، ئەوەلێن  دەوڵەت – نەتەوەی مەرکەزی لە ئێران و  شۆڕشی میللی کردنی سەنعەتی نەوت و دوایەش  دەچێتە ..

قازی: دیارە لەوێدا باسی ناسیۆنالیسمی بێ ناسیۆنیش دەکەی.

مەتین:  بەڵێ، لەوێدا باسی ناسیۆنالیسمی بێ نەتەوە یا بێ ناسیۆن دەکرێ، ئەویش  ئەو شتەیە کە ئەمن پێم وایە ڕەزا خان و حەتتا موسەدیق ، لە ڕاستیدا هەر دووکیان خەریک بوون ئەنجامیان دەدا  و شکستیشیان هەر لەبەر ئەوە بوو کە  هەر وەک ئیشارەم کرد پێوەندی لەگەڵ  دنیای دەرەوە، بە تایبەتی ڕۆژاوا  کە مەبەستی منە لێرە دەبێتە هۆی ئەوەیکە قەوارەی هێنددێک دیاردەگەلی مێژووی پێش ناوەرۆکیان بگەنە ئەو ووڵاتانە. 

قازی: زۆر باشە، ئێستا بگەینە پرسیاری بینەرانمان کە بە ڕێگای  ئینترنێت، بەڕێگای فەیس بووک دا ناردوویانە.  یەکێکیان  بەحسی بیرۆکەی ناسیۆنالیسم ە کە دەڵێ: ' لە هێندێک ڕووەوە ناشیرین بووە ، باسی ئەوە کراوە کە یەک بوعدی یە ، تاک ڕەهەندییە  ، لە بەر چی؟ لەبەر ئەوەی کە جیاوازی دەخاتە نێو ڕەگەز و نەتەوان. بەڵام ئایا بۆ دامەزراندنی سەقامی سیاسی و  وەدیهێنانی بیرۆکەی دەوڵەتی نەتەوەیی  ، مافی بڕیاردانی چارەنووس و بەرقەرار کردنی  ئاشتی ئایا ناسیۆنالیسم پێگەیەکی  بەجێ نییە؟  ئەوە پرسیارەکەیە،
  و بە مەرجێک  بە تەواوی خۆی لەگەڵ چەمکی دێمۆکڕاسی و ئەو  مافانە جۆر بهێنێتەوە، بە تایبەتیش  بۆ ئەو نەتەوانەی کە هەتا ئێستا نەگەیشتوونە ئاکامی قەوارەی سیاسییان .

مەتین: ئەو جوورەی من لێی تێگەیشتم ئەو پرسیارە دوو لایەنی هەیە. لایەنی ئەوەڵ کە ناسیۆنالیسم تەک ڕەهەندی کراوە و بەد ناو کراوە . دیارە ئەوە شتێکی ناشیرینە، بەڵام ناسیۆنالیسم دەتوانێ  چەندین جۆر بێ.
ناسیۆنالیسم هەر یەک جۆر نییە، ناسیۆنالیسمی خەڵکی ژێر دەست ..

قازی: ناسیۆنالیسمی باش هەیە؟

مەتین:  دیارە ناسیۆنالیسمی باش هەیە و لەجێدا  دنیای مۆدێڕن بە سەر دوو شۆڕش دا ، ئەوە زۆر ئاسایی یە لە  زانستی سیاسی دا، کە دەڵێن دنیای مۆدێڕن لە سەر دوو شۆڕش دامەزراوە؛ شۆڕشی سەنعەتی و شۆڕشی سیاسی. شۆڕشی سیاسی دیارە مەبەستیان ساز بوونی دەوڵەت – نەتەوەیە. بەڵام لایەنی دووەمی پرسیارەکەی بە بڕوای من گرینگە ئەویش ئەوەیە کە پرسیارەکە وای دادەنێ کە گۆیا حەقی تەعینی سەرنێوێشت یا حەقی چارەی خۆ نووسین تەنها لە قەوارەی دەوڵەت – نەتەوە دا دەتوانێ  ڕووبدا.

قازی: ئێستا ئیدی وا نییە؟


مەتین: بە بڕوای من زۆر جار هەر وا بووە ، بەڵام  پێویست نییە حەتمەن هەر وا بێ. ئەگەر چاو لێ بکەین ئەگەر ئەو مافانەی بۆ وێنە خەڵکی کورد یا خەڵکی کۆسۆڤۆ یا خەڵکی هەر ووڵاتێکی زێر دەست، ئەو مافانەی کە پێیان وایە حەقی ئەوانە لەباری گەشەی ئابووری ، سیاسی ، فەرهەنگی/ کولتووری، ئیداری لە هەر بوارێک ، وەختێک ئەوانە بکرێ جوابیان پێ بدرێتەوە بە بێ ئەوەی ئەو ووڵاتە هەڵوەشێن دیارە ئامانج پێ کراوە ئیدی چ پێویست  هەیە کە حەتمەن دەوڵەت نەتەوە هەبێ. بەڵام بە داخەوە ئەو دەوڵەتانەی کە وەها خەڵکانێک لە نێویان دا دەژین مەحدوودییەت و توندوتیژییەکی ئاوایان ساز کردووە ئەو خەڵکانە بەرەو ڕادیکاڵترین  ڕێگای چارە دەبەن ئەویش ئەوەیە کە جیا ببنەوە، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر ئێمە بۆ لەحزەیەک ڕابوەستین و بیر بکەینەوە کە ئەو دەوڵەت – نەتەوەیە قەرارە چ بۆ ئێمە بهێنێ یانی ئێمە دەمانەوێ لەو ڕێگایەوە، لەو ئامرازەوە بە چی بگەین ، ئەگەر ئەو شتەی کە قەرارە پێی بگەین بە بێ ئەوەی کە جیابوونەوەیەکیش ڕوبدا بە دەست بگا هیچ ئیجبارێک نییە تەنانەت  لە باری سیاسییەوە دەبێتە شتێکی تاکتیکی تاکوو ستڕاتێژیک.

قازی: دوایین  پرسیار، دیارە چەند پرسیارە بەیەکەوە. ئەویش ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا سەبارەت بە کوردی هەر پارچەیەک – دیارە ئەوە زەحمەتە – و سیاسەتی سەبارەت بە پرسی کورد بە گشتی؟ و دوو، کوردی ڕۆژهەڵات چۆن  و لە سەر چ بنەمایەک دەتوانێ لە ئاستی نێودەوڵەتی دا هاوپەیمان بۆ خۆی ببینێتەوە و هەر لەو پێوەندییە دا پێویستە گوتاری نەتەوەیی خۆی چۆن  دابڕێژێت کە  زۆرترین قازانجی لێ بکات و هاوکات  پڕۆبلێماتیکی شەڕی چەکداری خەباتی مەدەنی چارەسەر بکات؟ دیارە زۆر دوور و درێژە، بەڵام  دەبێ داوای لێبوردنیش بکەین لەو برادەرە ، ئەو برادەرە و برادەری پێشوو هەر دوکیان بە کاری تەرجومە و کاری تێئۆریکەوە مەشغووڵن.

مەتین: زۆر چاکە، ئەگەر زۆر بە کورتی بمهەوێ بڵێم  ئەوەیە کە ئەوەی ڕاستی بێ لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا دیارە بریتانیا بە تایبەتی و ئەمریکاش هەر وەتر سیاسەتی مەنتەقەیی خۆیان بە پێی پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانەی هەنووکە لە ناوچە دا دامەزراون دادەڕێژن، بەو مەعنایە سیاسەتی ئەوان لەگەڵ بەشەکانی جۆر بە جۆری کوردستان تابعێکە لەو سیاسەتە گشتییە ،بێجگەلە ڕێزپەڕی کوردستانی باشوور نەبێ. لە بەر ئەوەیکە لەوێ حکوومەتێکی هەرێمی هەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیە و لەوی گرنگترە ئەوەیە کە لەوێ نەوتێکی زۆر دیتراوەتەوە و دیارە مەسەلەی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی مەرکەزیش گەیشتووەتە مەرحەلەیەک لە قەیران کە زۆر وێدەچێ بەجۆرێک تەواو بێ کە ئەو سەربەخۆییەی هەرێم تا ڕادەیەکی زۆرتریش بچێتە پێشێ. بۆیە لە کوردستانی باشوور دیارە ئەوان، دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان  دەستیان پێ کردووە و بۆ وان زۆر جێ کەوتووە کە  لەگەڵ دەوڵەتی هەرێم وەکوو یەکەیەکی سیاسی تەقریبەن سەربەخۆ  بەرخورد دەکەن. ڕووبەڕوو بوونەوەکانیان ئەو جوورە نیشان دەدا. بەڵام لە مەوریدی، لەبارەی ئێران و یا تەنانەت تورکییە ، هەر وەک پێشوو سیاسەتی سەرەکی ئەوان، ئی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکییە، دەوڵەتی ئێران و کوردستان بۆ ئەوان بەشێکە لەو سەفحە شەترەنجە گەورەترەیە ، یانی وەزنێک یا بڵێین گرانییەکی تایبەتی ئەوەی کە ئێمە سیاسەتێکی تایبەتی مەسەلەن لەگەڵ کوردستانی ئێران جیا لەوەی کە  پێوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران چ بێ بەڕێوەبەرن . بە بڕوای من ئەوە ئێستا وجوودی نییە بە ڕاستی و ئەوە ڕووداوەکانی سەراسەرینە هەم لە ئێران و هەم لە تورکییە ، و دیارە لە سەر تورکییە لە بەر ئەندامەتی وی لە ناتۆ دا ئەو مەسەلەیە زۆر توندتریشە.  بە بڕوای من سیاسەتی موجەزا یا جیاواز بۆ ئەو بەشانەیان لەبەر دەست دا نییە، بۆیەش  دواجار  ئەو هێزانەی لە کوردستان هەن دەبێ ئەو چوارچێوە گەورەترە بناسن ، زەرافەتەکانی بزانن و دیارە هەم بەرژەوەندی ئەو ووڵاتانە بزانن، دیارە بەرژەوەندی خۆیان تەبیعەتەن مرۆڤ وای دادەنێ کە دەزانن و بزانن کە ئەو سیاسەتە موشەخەسانەی ئەوان یانی ڕۆژئاوا بەرەو ڕوویان دەکاتەوە و شایەد لەگەڵیان دە تەعامول دابێت ڕیشەی لەو سیاسەتە بەرفرەوانترە مەنتەقەییە دایە نەک لەوەی کە ئەوان وەکوو ئاکتەرێکی سەربەخۆ جیا لەوەی کە لە گەڵ ئێران بۆ وێنە غەرب، ڕۆژئاوا چ ڕابیتەیەکی هەبێ ئەوان پێوەندییەکی تایبەتییان دەبێ لەگەڵ کوردستانی ئێرانێ پێم وا نییە ئەوە جارێ ڕووی دابێت و ڕووش نادا بەو زووانە!

قازی: زۆر زۆر سپاس ڕێزدار دوکتور کامڕان مەتین ، هیوادارم دیسانیش بتوانین لەو بەرنامەیە دا  لە زانیارییەکانی بەڕێزت کەلک وەربگرین . دیسان زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریتان

مەتین: سپاس بۆ ئێوەش

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە بەرنامەی ئەمجارەی ' ڕاوێژ' یش دادەکووژێنین ، هەتاکوو بەرنامەیەکی دیکە هەموو کاتێکتان باش!