Thursday, January 27, 2022

Tuesday, January 25, 2022

دەبێ هەموو لەهجەیەک ئازاد بێ

ڕۆژنامەی مانگانەی  ئارمانج  ژمارە ١٣٤ ، دێسامبری ١٩٩٢

لە کوردیی کورمانجییەوە بۆ کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی

نەمر مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە سێپتامبری ١٩٩٢ دا سەری سوێدی دا، تێزی دوکتورایەکەی لە مەڕ مێژووی هەمەلایەنەی شێوەزارە کوردییەکان هێشتا وەکوو  کتێب بڵاو نەبووەوە، بەڵام من دەقی سەرەتایی پایاننامەکەیم لە ١٠٠ نوسخە دا ئامادە کرد.  ئەودەمی ئەمن ئەندامی کۆمیتەی گشتی کۆمەڵە کوردستانییەکان بووم لە سوێد. ئەو کۆمەڵەیە دوو سێمیناری بۆ مامۆستا ڕێکخست
لە شاری ستۆکهۆڵم و ئووپسالا. بەخۆشییەوە پێشتر کاسێتی ڤێ هۆ ئێسی سێمیناری ستۆکهۆڵمم  کە بە ساڵان پاراستبووم دیجیتاڵ کرد و لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا بڵاوم کردەوە و دواتر ناوەرۆکی کاسێتە دیجیتاڵ کراوەکەشم دابەزاند و لە وێبنووسی " ڕوانگە" دا بڵاوم کردەوە. دەستەی نووسەرانی "ئارمانج" کە ئەو دەمی لە سوێد بڵاو دەبووەوە لە سێمیناری سوێد ئامادە بوون، دواتر یەک لەوان کاک مەحموود لەوەندی مامۆستای بانگهێشتن کرد و لە ماڵی کاک مەحموود ئەم گفتوگۆیەی خوارەوەیان لەگەڵ مامۆستا کرد و بە کوردیی کورمانجی لە ئارمانجدا بڵاویان کردەوە.لە بەر ئەوەی وڵامەکانی مامۆستا ئەمیر بە کوردیی سۆرانی بووە لەوانەیە لێرو لەوێ بە باشی نەکرابێتە  کورمانجی بۆ وێنە لە مەر زمانی پەشتوویی و فارسی کە یەکەمیان سەر بە زمانانی باشووری ڕۆژهەڵاتە و ئەویدییان سەر بە زمانە ئێرانییەکانی باشووری ڕۆژئاوایە. ئەو گفتووگۆیە دەکرێ بە درێژەی سێمیناری حەسەنپوور دابندرێ لە هۆڵی ئاکالا ترێفی ستۆکهؤڵم لە شەمە ١٢-ی سێپتامبری ١٩٩٢ دا.
 

دوکتور. ئەمیر حەسەنپوور
" دەبێ هەموو لەهجەیەک ئازاد بێ "


دوکتور ئەمیر حەسەنپوور لە ساڵی ١٩٤٣ لە مەهاباد هاتووەتە دنیا. لە ساڵی ١٩٦٠دا چووەتە تاران، لە تارانێ لە زانکۆ بەشی زمان و ئەدەبییاتی ئینگلیسی تەواو کردووە. ماوەیەک لە مەهاباد دەرسی گوتووەتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٣ لە وڵاتی خۆی دەرکەوتووە، لەئەمریکا تێزی دوکتورای خۆی لە سەر زمان نووسیوە. ئێستا پێنج ساڵە لە سەر زمانی کوردی لە زانکۆی وینزر لە کانادا دەرس دەڵێتەوە.
دوکتور حەسەنپوور ماوەیەک لەمەو بەر هاتبووە سوێدێ. لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ئارمانج چەند هاوڕێ گفتوگۆیان لەگەڵ کرد. لە خوارەوە ئێمە کورتەی ئەم گفتوگۆیەتان پێشکێش دەکەین.
س. ڕێڤنگ: پیوانی دەوڵەمەندی و فەقیریی زمانێک چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە ڕووی ستروکتوری خۆیەوە لەدنیایێ دا هیچ زمانێکی فەقیر بوونی نییە، هەموو زمانێک خاوەن ڕێزمان، فۆنێتیک و ڤۆکابولارە واتە پەیڤە. بەڵام لە ڕووی نووسینەوە فەقیری و دەوڵەمەندی زمان هەیە. لەم ڕۆژگارە دا زۆر زمان هەن کە نانووسرێن ، بەڵام لە ڕووی قاعیدە و شێوەی ڕێزمانییەوە هیچ فەرقێک لە نێو ئەو زمانانە دا و ئەو زمانانەی  کە پێیان دەنووسرێ نییە. تەنانەت ئەمڕۆ هێندێک زمان هەن کە پێیان نانووسرێ ، بەڵام لە ڕووی قاعیدەی زێزمانییەوە لە زۆر لە زمانی دیکە ڕێک و پێکترن.
دەوڵەمەندی و فەقیری زمانێک لە نووسیندا وەدیار دەکەوێ.ئەگەر بە زمانێک بنووسرێ ئەو دەمی دەوڵەمەندییەکەی دێتە گۆڕێ.
ئەمڕۆ لە دنیایێ دا نزیکەی ٦٦٠٠ زمان هەن، بەڵام هەر نزیکەی ١٠ لە سەدی ئەو زمانانە زمانی نووسینن و  کوردیش یەک لەو زمانانەیە.
کوردی، ئێستا لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام لە ڕووی بابەتی ئابستراکت فەقیرە. واتە ئەمڕۆ زۆر زەحمەتە ئەمڕۆ لیکۆڵینەوەیەک لە سەر فەلسەفە یان بابەتێکی لە مەڕ شیمی بە کوردی بنووسین. بەڵام بە ئینگلیسی، فەڕانسەیی یان بە عەڕەبی مرۆ زۆر بە هاسانی لە سەر ئەو زانستانە دەنووسێ، یانی دەوڵەمەندی زمانێک لەوە دا خۆی دەردەخا کە مرۆ چەند دەتوانێ ئەو زمانە لە بواری نووسیندا بەکار بێنێ.
بێگومان کاتێک من باسی نووسین دەکەم ، مەبەستم هەر نووسینی ڕۆژنامە و گۆوار نییە . بۆ ئەوەی زمانێک پێش بکەوێ دەبێ پێی بخوێندرێ دەرسی وەکوو فیزیک، شیمی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و هتاد. ئەو دەمییە کە مرۆ دەتوانێ بڵێ زمان بەرەو پێش دەچێ.
ئەمڕۆ لە دنیایێ دا زمانی وا هەن کە پێیان دەنووسرێ بەڵام  لە خوێندن و مەدرەسان دا دەکار ناکرێن واتە زمانی دەرس دادان نین.
بەڵام کوردی  لە سۆڤییەت  لە ساڵی  ١٩٢٠ هەتا ساڵی ١٩٢٧ زمانی دەرس دادان بوو . لە کوردستانی عێڕاق  لە ساڵێ ١٩٢٠ بەم لایەوە دەرسی پێ گوتراوە، ئەوە بۆخۆی پێش کەوتنێکە.
ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە تەماشای زمانی کوردی بکەین لەهجەیەکی کە لەهەموان وەپێش کەوتووەتەوە  تەنێ لەهجەی سۆرانییە و ئەویش تەنێ لە ئاستی بنەڕەتی، ناوەندی و ئیمدادیدا پێی خوێندراوە ، بەڵام لە ئاستی خوێندنی زانکۆ دا ئەویش کورتی دێنێ. بەڵام دە ناو زمانانی دنیا دا کوردی تەقریبەن دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو زمانانە. واتە نە زۆر پێش کەوتووە و نە زۆریش لە پاشە.
س. ڕێڤنگ: دە زمانێک دا گەلۆ هەبوونی گەڵێک لەهجە و دەڤۆک دەوڵەمەندی ئەو زمانەن ، یان  ئەوە نیشانەی فەقیری و گیروگرفتە؟
ئەمیر حەسەنپوور: هەر زمانێک لەبەر چاو دەگری بگرە هەموو زمانەکانی دنیایێ  خاوەنی لەهجە و دەڤۆکن. هەبوونی لەهجە هۆی پێش کەوتن یان فەقیری زمان نییە. بە پێچەوانە دەتوانێ هۆی دەوڵەمەندی زمانیش بێ. ئەمڕۆ ئێمە دەزانین  زمان بۆ پێوەندی لە نێوان خەڵکدا و هەموو ئەندامانی نەتەوەیەکدا  وەسیلەیەکە. کوردیش  خاوەنی هێندێک لەهجەو دەڤۆکانە.  ئەگەر مرۆ بارودۆخی سیاسی کوردستان لەبەر چاو بگرێ، دەبینێ ئەوە وڵاتێکی پارچە پارچەیە  و کورد لە یەکدی دوور کەوتوونەتەوە، نزیکبوون دەناو پارچەکاندا نییە، پێوەندییەکی چالاک لە نێوان دا نییە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین باش لە یەکتری تێ بگەین بۆیە هەبوونی دیالێکتەکان بوون بە گیرو گرفت.
س. ڕێڤنگ: فەرقی زمان و لەهجە چییە؟ واتە مرۆ لە سەر چ بنەمایەک دەتوانێ بڵێ سۆرانی و کورمانجی لەهجەی زمانێکن؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە زانستی زمانناسی دا پێوەرێک نییە کە تۆ بێی بڵێی ئەوە لەهجەیە یان زمانە. کاتێک ئێمە دەڵێین کورمانجی، سۆرانی، دملی، هەورامی لەهجەی کوردین، بەر لەهەموو شتێک لەبەر ئەوەیە کە لە یەکتری نزیکن.
س.ڕێڤنگ: لە سەر چ بنەمایەک؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە سەر بنەمای فۆنۆلۆژی، گرامر، سینتاکس و مۆرفۆلۆژی لە یەکتری نزیکن.  ئەگەر ئەتۆ سۆرانی لەگەڵ فارسی بەراورد بکەی، مرۆ دەبینێ کە لە فارسی زیاتر نزیکی کورمانجییە. ڕاستە فارسی، سۆرانی، کورمانجی لە ڕیشەیەکن، لە ڕەگێکەوە دێن، بەڵام کورمانجی و سۆرانی لە فارسی زیاتر نزیکی یەکترین. بێ گومان هۆیەکی دیکەش  مێژوویی و سیاسی یە کە کورمانج، سۆران ، دملی، هەورامی  حەموو خۆیان بە کورد دەزانن. بۆ نموونە ئەحمەدی خانی  کورد و کورمانجی وەک دوو وشە بە یەک مانا  بەکار هێناوە. یانی دوو وشەی هاومانا.
دملی و هەورامی لە ڕووی ستروکتوورەوە مومکینە هێندێک لە سۆرانی و کورمانجی دوور بن، بەڵام لە باری سیاسی و مێژوویییەوە لە فارسی، دەری و ئۆسێتێیی ( زمانێکی ئێرانییە، لە گورجستانێ نزیکەی میلیۆنێک ئاخێوی هەیە) زیاتر نزیکی سۆرانی و کورمانجین. دملی و هەورامی خۆیان بە کورد دەزانن، کورمانج و سۆرانیش ئەوان بە کورد دەزانن. ئەوە لە ڕووی مێژووییەوە ئاوا هاتووە.

م.لەوەندی: باشە، پەشتوو و فارسی ئەوانیش نزیکی یەکترین، تەنانەت لە سۆرانی و کورمانجی زیاتر نزیکی یەکترن . ئەوان بۆچی وەک یەک زمان داناندرێن؟

ئەمیر حەسەنپوور: پەشتوو خۆیان بە فارس نازانن، فارسیش ئەوان وەک فارس دانانێن. لە باری مێژوویی و سیاسیش مرۆ چاویان لێ بکا دوو میللەتی جیاوازن.
م.لەوەندی: یانی مەبەستت ئەوەیە کە یەک میللەت بوون تەنێ بە زمان و لەهجەوە گرێ نەدراوە؟
ئەمیر حەسەنپوور: وایە، دەبێ لە ڕووی سیاسی و مێژووییشەوە نزیکبوونیان هەبێ. لە ڕووی ستروکتووری  زمانەوە فارسی و پەشتوو زیاتر لە هەورامی و سۆرانی نزیکی یەکترین. بەڵام چ سۆران بن و چ هەورامی هەر دووکیان بە خۆیان دەڵێن کورد. هەر دووکیان یەکتری بە کورد دادەنێن، بە باوەڕی من لایەنی هەرە گرینگ ئەوەیە. بەڵام چ لە ڕووی مێژوویی بێ یان ئێستا بێ قەت پەشتوویەک بە خۆی نەگوتووە فارس ، و هەر خۆی بە میللەتی پەشتوو زانیوە.
م.لەوەندی: باشە، ئەگەر وابێ ئیدی لەهجە چییە؟ یانی ئەگەر فارسی و پەشتوو زیاتر لە هەورامی و سۆرانی لە یەکتری نزیک بن، ئەو دەمی ئێمە بۆ دەڵێین پەشتوو زمانێکە و فارسی زمانێکی دیکەیە.
ئەمیر حەسەنپوور: ئەمن پێشتر گوتم نەک هەر لە رووی زمانییەوە، بەڵکوو لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی  و مێژووییەوە کورمانج، دملی، سۆران و هەورامی میللەتێکن. بەڵام فارس و پەشتوو وا نین.

چونکە لە ڕووی زمانناسییەوە پێوانەیەکی ئەوەندە ورد نییە کە تۆ بتوانی بە پێی ئەوە فەرقی نێوان زمان و لەهجەیەکی بزانی، هەر بۆیە کاتێک ئێمە دەڵێین دملی، سۆرانی، کورمانجی لەهجەی کوردین، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەوانە نەک لە ڕووی ستروکتووری زمانییەوە بەڵکوو ئەوە لە ڕووی سیاسی و مێژووییەوە کە ئێمە دەڵێین حەموویان کوردن و لەهجەکانیشیان لەهجەی  کوردین. یانی کاتێک کە لە دەرسیم ڕاپەڕینێک دەبێ، لە هەموو پارچەکانی کوردستان گەلی کورد ئەو ڕاپەڕینە وەک خەباتی خۆی دەبینێ  یانی بە ئی خۆی دەزانن، چونکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاپەڕیون. و ئەوە لە حەموو هۆکارەکانی دیکە گرینگترە.
شتێکی دیکە، بۆ وێنە، هەورامی زمانی ڕەسمی ئیماڕەتی بابان بوو کە ئەو ئیماڕەتە یەک لە ئیماريتە هەرە بەناوبانگەکانی کوردان بوو.
م.لەوەندی: بەڵێ. باشە ئەی بۆچی ئێمە دەڵێین لەهجە، یانی لەهجە چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور:  لەهجە لقێکی زمانە، وەک چۆن مرۆ لە بیۆلۆژیدا کاتێک دەڵێ شێر، شەپاڵ، پڵینگ و پشیلە؛ مەبەستی ئەوەیە بڵێ پڵینگ حەیوانێکە لەو ماڵباتە.  یانی  لەهجەش هەر وایە، یانی ئەگەر ئێمە کوردی بە ماڵبات بزانین، سۆرانی هەورامی، دملی و کورمانجیش دەبن بەو ماڵباتە. وەک من پێشتریش گوتم  لەزانستی زماندا فەرقی نێوان زمان و لەهجە بە باشی دیاری نەکراوە و ناش زاندرێ.
بەڵام وەکوو حەموو جارێ کە من دووپاتەی دەکەمەوە، بە باوەڕی من لایەنی هەرە گرینگ ئەوەیە کە خاوەنی ئەو لەهجانە حەموویان لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە خۆیان لە یەکتری نزیک دەبینن و حەوموویان هەم بە خۆیان و هەم بە ئەوانیدی دەڵێن کورد. ئەوە شتی هەرە گرینگە.
چونکە کاتێک مرۆ لە ڕووی فۆنۆلۆژی و هێندێک ستروکتووری زمانییەوە فارسی، دەری، پەشتوو و تاجیکی بەیەکەوە بەراورد بکا،دەتوانێ بڵێ لەهجەی زمانێکن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەگوترێ کە هەر کامەیان زمانێکی سەربەخۆن، چونکە خاوەنی ئەو زمانانە؛ با بڵێین فارس خۆیان بە ئەفغانی، یان تاجیک خۆیان بە ئەفغانی نازانن یانی هەر کامەیان خۆیان وەک میللەتی جیاواز دەبینن.
س. رێڤنگ: ئەتۆ لە سێمینارەکەی خۆتدا بەحسی پلان دانانت کرد  کە ئاوا مرۆ دەتوانێ بۆ پێشخستنی زمان لەیەک نزیک کردنەوەی لەهجە و دەڤۆکان پلان دابنێ، گەلۆ  ئەو پلانە چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: ئەوە زانستێکە کە پێی دەڵێن language planning . یانی بەرنامە دانانی زمانی. ئەوە بە تایبەتی بۆ ئەو جۆرە زمانانە دادەندرێ کە گیروگرفتیان هەیە. ئەمن لە تێزەکەم دا گیروگرفتەکانی زمانی کوردیم دەستنیشان کردووە و بەپێی ئەو گیروگرفتانە هێندێکم ڕێگای چارەسەری بۆ ڕەواندنەوەی تەمی ئەو گیروگرفتانە نووسیوە. دیارە بێگومان من بارودۆخی سیاسی هەنووکەیی کوردستانیشم دیاری کردووە. چونکە ئەو چارەسەری و تیوریانەی  کە من بۆ لابردنی گیروگرفتەکانی زمانی کوردی نووسیومن تەنێ  دەتوانی لە هەلومەرجێکی ئازادی کوردستان دا پێک بێ و جێ بەجێ بکرێن.
س. ڕێڤنگ: بە باوەری تۆ کێشە و گیروگرفتەکانی زمانی کوردی کامانەن؟
ئەمیر حەسەنپوور: گەلێکن، بۆ وێنە یەک لەوان هەبوونی سێ ئەلفوبێی جیاوازە. سێ ئەلفوبێ یانی سێ جوور ئیملا. سێ شێوەی ئۆرتۆگرافیک.ئەویش دەبێتە هۆی ئەوە کە لە بواری نووسیندا هیچ پێوەندییەک لە نێوان کورداندا ساز نەبێ، لە جیات ئەوەی لەیەک نزیک بنەوە، زیاتر لەیەکتری دوور دەکەونەوە.
بۆ وینە، کوردەکانی کوردستانی ئێران و عێڕاقێ کە بە خەتی عەڕەبی دەنووسن ، ناتوانن نووسینی کوردەکانی سۆڤییەت، کە بە خەتی کیریلیک دەنووسن، بخوێننەوە. کوردەکانی کوردستانی تورکیا کە خەتی عەرەبی نازانن، ئەوانیش ناتوانن نووسینەکانی کوردەکانی کوردستانی ئێران وعێڕاقێ بخوێننەوە. جارێ ئەوە  گیر و گرفتێکی گەورەیە،
کێشەیەکی دی، جا چ لەبەر بارودۆخی سیاسی کوردستانێ بێ، چ لە بەر هۆکاری ئابووری بێ. لەهجەکانی ئێمە لە جیات  ئەوەی لە یەکدی نزیک بنەوە، لە یەکتری دوور دەکەونەوە. بۆ وێنە ئەمن هەتا تەمەنی ١٧ ساڵی خۆم هیچ کورمانجێکم نەدیبوو. کورمانج لە ئێمە هەر ٧٠ کیلۆمیتر دوورن، بەڵام هاتوچوو نەبوو. بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٥٨ کە ڕادیۆی  بەغدا دەستی بە بڵاو کردنەوە کرد ئەو دەمی سۆرانی ئاخێویش دەرفەت و مەجالیان بۆ پەیدا بوو کە بتوانن گوێ بدەنە کورمانجی.
لە ساڵی ١٩٤٨ ڕادیۆی حەیفا و ڕادیۆی ئیرەوانیش بە کورمانجی بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە  و ئەوە بۆ پێوەندەی و لێک نزیککردنەوەی لەهجەکان هەرچەند کەمیش بووبێ فایدەی هەبوو. بەڵام گرینگتر ئەوەیە کە خەڵک بۆ خۆی بتوانێ لەگەڵ یەکتری قسە بکا و پێوەندی دامەزرێنێ.  یانی هەورامییەک بچێتە ناو کورمانجان و کارێک بۆ خۆی پەیدا بکا، کورمانجێک لە ناوچەی هەورامان کار بکا، یان لە ناو سۆرانان دا، ئەوە دەتوانێ پێوەندی لەناو لەهجەکاندا ساز بکا و لێکیان نزیک کاتەوە. ئەوەش بەستراوەتەوە بە دەوڵەت، بەڵام کورد نەبووەتە خاوەن دەوڵەت، بە پێچەوانە بوونە چەند پارچە و بۆ تێکەڵی و پێوەندی لەگەڵ یەکتری هیچ دەرفەتێکیان دە دەست دا نییە. هەر بۆیەش پێوەندی پێک نایە. ئەوەش بۆ یەکێتی یان بۆ لەیەک نزیکبوونەوەی لەهجە کوردییەکان ئاستەنگێکە، گیروگرفتێکە.
س. ڕێڤنگ: لە سەردەمی خۆیدا دە ناو زمانە ئوڕووپاییەکانیشدا کێشەی ئاوا هەبوون. گەلۆ ئەوانیش بە پێی پلان و بەرنامە کێشەکانی خۆیان چارەسەر کرد؟
ئەمیر حەسەنپوور: دە زمانە ئوڕووپاییەکاندا پلان دانانی زمانیی نەکراوە، چونکە ئی وان شێوەیەکی تەبیعی بووە. لە سەردەمی فێئۆدالیزمدا فەڕانسەیی،ئینگلیسی، ئەڵمانیش لەهجەیان زۆر هەبوو. ئەودەمی زۆربەی خەڵک لە سەر زەوی خۆیان کاریان دەکرد، هاتوچوو دە نێوانیاندا نەبوو، لە دێی خۆیان لە دایک دەبوون و  لە دێی خۆیان دەمردن. بەڵام دوای ئەوەی سەرمایەداری دەستی پێ کرد، دێێەکان کەم کەم گەورە بوون، شار پەیدا بوون، بازار پەیدا بوون، سنعات پەیدا بوو، بورژوازی پەیدا بوو، بەرهەمهێنان پەیدا بوو، بەو شێوەیە ئەو کەسانەی کە  هاتنە شاری  لەهجە و دەڤۆکەکانیان لەیەکتری نزیک بوون، بەڵام لەو قۆناغە دا  ئەو شار، ناوچە یان ئەو ئیماڕەتەی کە خاوەنی سەرمایە بوو ، لەهجە کەشیان بوو بە لەهجەی سەردەست.  لە بواری نووسین و کولتووریشەوە ئەو لەهجەیەی کە خاوەن دەسەڵات بوو حوکمی دەکرد. یانی ئەمڕۆ لەهجەی پاریسێ، یان ئی لەندەنێ  کە بوون بە زمانی ستانداردی ئەو وڵاتانە، بەپێی ئەو هەلومەرجانەی کە من لە سەرەوە ڕێزم کردن  بەو قۆناغانەدا تێ پەڕین. بێگومان ئەوە لە سەدەی ١٥-١٦ دا تەنێ هەر لە ئوڕووپای ڕۆژئاوا ئاوا بووە.
لە کوردستانێ قۆناغێکی ئاوا پەیدا نەبووە. ئەگەر پەیداش بووبێ هەر دەوڵەتە داگیرکەرەکان تەئسیری گەورەیان کردووەتە سەر وەزعی کوردستان . لە ڕۆژگاری ئێستاش دا ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین، یانی مێژوو دووپاتە نابێتەوە. هەر بۆیەیە ئەمن دەڵێم پێویستە ئێمە بۆ زمانی کوردی پلانێکی زمانی دابڕێژین.
س. ڕێڤنگ: باشە بە پێی چلۆنایەتی ئێستای زمانەکەمان ئەتۆ بۆ ئەو زمانە بیر لە پلانێکی چۆن دەکەیەوە؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە تورکیا، تەنانەت گوتنی کوردیش نییە. لە ئێرانیش دەڵێن  کوردی لەهجەیەکی فارسی یە. یانی زمانی کوردی هیچ ڕەسمییەتی نییە. لە پێشدا دەبێ  زمانی کوردی لە لایەن ئەو دەوڵەتانە ڕا وەکوو زمانێکی ڕەسمی قبووڵ بکرێ، ئەوە هەنگاوی یەکەمە.  هەنگاوی دووەمیش دیارە نووسینی زمانی کوردییە. لە گوتنی کوردییەوە بگرە هەتا ڕێزمان و کتێبی خوێندنی مەدرەسە  دەبێ بنووسرێن. قامووسی باشی لەهجە ودەڤۆکەکان دەرکەون و هەر وەها کتێب و گۆوار و ڕۆژنامەی جۆر بەو جۆریش دیارە هەر دەبن. ئەو دوو هەنگاوانە پێوەندییان بە یەکترییەوە هەیە، بەو دوو هەنگاوانە زمانی کوردی دەتوانێ بگاتە نوختەیەکی باش.
س. ڕێڤنگ: سەبارەت بە لەهجان چ جۆرە پلانێک پێویستە. بۆ وێنە ئێستا لە کوردستانی عێڕاقێ ئازادییەک هەیە و لە وێندەرێ  دوو  لەهجەی سەرەکیمان هەیە کورمانجی و سۆرانی.
ئەمیر حەسەنپوور: لە کوردستانی عێڕاقێ سۆرانی ئاخێو لە کورمانجی ئاخێوان زیاترن. لەباری خوێندن و نووسینیشەوە ئەوان  لە کورمانجی ئاخێوان لە پێشترن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بە تەواوی ئازادیی هەر دوو لەهجان هەبێ. یانی لە مەدرەسە و تێلێڤیزیۆنەوە بگرە هەتا ڕۆژنامە و گۆواران، دەبێ بە هەر دوو لەهجەکان هەبن.
س. ڕێڤنگ: لە خوێندنگەی بنەڕەتیدا دەبێ  منداڵان هەر دوو لەهجە فێر ببن؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە خوێندنگەکاندا دەبێ هەر کەس بەلەهجەی خۆی بخوێنێ و لەهجەکانی دیکەش فێر بێ.
س.ڕێڤنگ: لە کوردسانێکی گەورە، لە هەر چوارپارچە، بەو شێوەیە ئایا ئەوە بۆ دەوڵەتێک نابێ  بە خەرج و مخاریج و زەحمەتی گەورە؟
ئەمیر حەسەنپوور: نا، پێویست نییە کە هەر منداڵێک چوار لەهجەکان فێر بێ. بۆ وێنە هەورامی ژمارەیان زۆر کەمە، کورمانجێک پێویست ناکا هەورامی فێر بێ. بەڵام هەورامی دەبێ ئازادیی هەبێ. ئەگەر بیانەوێ دەبێ خوێندنگەی خۆیان هەبێ.
س. ڕێڤنگ: یانی ئەتۆ دەڵێی ئێمە پلانێکی ئاوا ساز کەین  بۆ ئەوەی زاراوەیەک یان دوو زاراوا پێش کەون و ئەوانیدی هێدی هێدی بتوێنەوە و بزر بن؟

ئەمیر حەسەنپوور: ئەوە بە هەلومەرجی کوردستانێ بەستراوەتەوە، بەڵام دەبێ ئازادی هەبێ. یانی هەموو لەهجەیەک ئازادی هەبێ ، چوون و هاتن دەبێ، پێوەندییەک دەبێ، خەڵک لەیەکتری تێ دەگەن  وەکوو  ئەو کوردانەی کە ئێستا لە ئوڕووپایەن. لە سایەی تێکەڵاوی و پێوەندی  ئێمە ئێستا لە یەکتری تێدەگەین. بۆ وێنە ئێستا ئەتۆ بە کورمانجی قسە دەکەی و ئەمنیش بە سۆرانی بەڵام ئێمە لە یەکتری تێ دەگەین.
دملی، کورمانجی، سورانی دە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دا زیاتر لە یەکتری نزیک دەبنەوە. لەهجەکانی دیکە، یان لەهجەیەک  لەوانەیە دە ناو لەهجەیەکی دیکە دا بتوێتەوە، ئەوەش بەدیلێکە، بەڵام ئەوە نابێ بە زۆر بێ، واتە لە پێشدا ئەو لەهجەیە دەبێ ئازادی هەبێ.
ز.خامۆ : چوار زاراوا و گەلێک دەڤۆکمان هەیە. بۆ نزیک کردنەوەیان دەبێ ئەمڕۆ ئێمە چ بکەین، چ پێویستە؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە هەلومەرجی هەنووکەیی هەر پارچەیەکی کوردستاندا دەبێ بەرنامەیان بۆ دابندرێ. یانی ئەگەر ئێمە کوردستانی تورکیا لە بەرچاو بگرین لەو پارچەیە دا دوو لەهجەی سەرەکی هەن؛ کورمانجی و دملی . دەبێ ڕۆژنامە و گۆوار بە هەر دوو لەهجەکان بن. ئەگەر بێتوو هێندێک حەق بدرێ، دەبێ خوێندنگە، دەرسی خوێندن، تێلێڤیزیۆن، ڕادیۆ هەم بە دملی و هەم بە کورمانجی هەبن. و بەو شێوەیە ئەوەش لەهجەکان بە جۆرێک لەیەکتری نزیک دەکاتەوە.

ز. خامۆ: نا، نا، تەنێ هەر کوردستانی تورکیا نا، ئەمن بۆ هەموو کوردستان دەڵێم.
ئەمیر حەسەنپوور: ئێمە دەتوانین بۆ زمان بەرنامەیەک دانێین، بەڵام دەبێ ئازادییەک هەبێ. ئەگەر ئازادیت نەبێ، بەرنامە لە هەوا دا دەمێنێتەوە وەگیان ناکەوێ. بۆیە دەبێ ئەو ئۆرگانیزاسیۆن و گۆوار و ڕۆژنامەی کە  لە کوردستان هەن بە پێی شەرتومەرجی خۆیان هێندێک بەرنامە دانێن و لە پێناویدا کار بکەن.


ماڵمیسانژ: ئەمنیش دەمەوێ شتێک بڵێم. ئێستا هێندێک ئاواڵ هەن دەڵێن دەبێ زمانێکی ستاندارد ساز بێ. بەڵام کاتێک کورمانجێک ئەوە دەڵێ مەبەستی لە زمانی ستاندارد ، ستانداردێکی کورمانجییە. ئەگەر سۆران بێ  مەبەستی سۆرانییە. بۆ ئەوە لە ڕوانگەی خۆیانەوە بەڵگەش بە دەستەودەدەن ودەڵێن کورمانج زۆربەن، یان سۆرانی پێش کەوتووە و هتاد.
لەو بارەیەوە بە باوەری منیش دەبێ هەر لەهجەیەک ئازاد بێ دەبێ ئێمە لە ئاخێوەران بپرسن، ئەوان بە هەر زاراوەیەک بیانەوێ دەبێ بەو زاراوایە بخوێنن. یانی ئێمە ناتوانین بە زۆری بە دملییەک بڵێین بە کورمانجی بخوێنە. پلان دەبێ ئەوە بێ کە ئێمە ئالیکاری یەکتری بکەین، لەهجەکانمان لە یەکدی نزیک ببنەوە و لە یەکتری دوور نەکەونەوە.
بۆ وێنە کاتێک کاک عومەر شێخمووس لە گۆواری " بەربانگ " دا نووسیبووی کە پێویستە کورمانج سۆرانی فێر بن و سۆرانیش کورمانجی فێر بن بەڵام هەورامی و دملی دەبێ ئەو دوو لەهجانە هەر دووکیان فێر بن، ئەوە یانی چی؟ ئەوە پلان و بەرنامەیەک نییە بۆ ئەوەی زاراواکان لەیەکتری نزیک ببنەوە، ئەوە ڕاستەوڕاست ئاڵۆزییەکە، موشکیلەیەکە بۆ زمانی کوردی. یانی ئەمن وەک دملییەک هەستم سۆرانی فێر بم بەڵام سۆرانێک دملی فێر نەبێ؟

ئەمیر حەسەنپوور: نا، ئەمنیش پێم وا نییە. بەر لەهەموو شت ئیمە دەبێ قبووڵ بکەین کە لەهجەکان ئازاد بن. هەر لەهجەیەک مافی هەبێ  کە خوێندنگە و هتادی هەبێ. ئەو جار ئەگەر دملییەک ویستی کورمانجی بخوێنێ یان کورمانجێک بییەوێ دملی بخوێنێ ئەو ئازادییەیان هەبێ و خۆیان بڕیار بدەن. لە وڵاتێکدا زمان، ئابووری و سیاسەت دەبێ بەیەکەوە کار بکەن دەنا کێشە ساز دەبێ.
س.ڕێڤنگ: ئەمن دەمەوێ  پرسیارێکی دیکە بکەم، وەک دەزانی  ئەمڕۆ کوردی بە سێ ئەلفوبێی جیاواز دەنووسرێ: کیریلی،عەڕەبی و لاتینی. ئەوەش بووتە هۆی ئەوە  کە ئێمە لە نووسینی یەکتری تێ نەگەین  و زیاتر لە یەک دوور دەکەوینەوە. لەو بارەیەوە بۆچوونت چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: چارە هەیە، بەڵام ئەگەر ئێمە پلان و بەرنامەیەک دانێین ئەوە چۆن جێ بەجێ بکرێ. یانی ئەمڕۆ ئەگەر مرۆ بارودۆخی کوردستانی تورکیا لەبەرچاو بگرێ ، لەوێ مرۆ ناتوانێ بە تیپی عەڕەبی، یان لە کوردستانی عێڕاق بە تیپی لاتینی بنوسێ. یانی ئەوەش دیسان بە ئازادییەوە گرێ دراوە.
س. ڕێڤنگ: ئەمڕۆ کوردستانی عێڕاقێ ئازادە ، گەلۆ لەوێندەرێ مرۆ ناتوانێ ئەو ئاریشەیە چارەسەر بکا؟

ئەمیر حەسەنپوور: لە وێندەرێ کێشەی ئەلفوبێیان نییە. چونکە ئەو ئەلفوبێیەی دەکاری دەکەن بەشی زمانەکەیان دەکا، بەڵام ئەگەر تۆ بپرسی کامە ئەلفوبێ ئەوە شتێکی دیکەیە.
بە باوەڕی من لە ناو ئەلفوبێیەکاندا هیچ جیاوازی نییە. ئەلفوبێی کوردیی لاتینی یان ئەلفوبێی عەڕەبی  هەر دووکیان فۆنێتیکن. زمانی کوردیان پێ دەنووسرێ. دە مەسەلەی فۆنێتیک و دەیتا و تێکنیکیش دا هیچ فەرقێک لە ناو ئەو دوو ئەلفوبێیانەدا نییە.
ڕاستە باشترە کە ئێمە ئەلفوبێیەک قبووڵ بکەین، بەدیل ئەوەیە. بەڵام بارودۆخ لەبار نییە. وایە ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ بێین و بڵێین با هەموو کورد بە تیپی لاتینی بنووسن، بەڵام ئەگەر ئەوە لە هەموو جێیەکی کوردستانێ قبووڵ نەکرێ  فایدەی نییە. هەمان شت لە سەر ئەلفوبێیەکەی دیکەش . لەو ڕووەوە دەبێ ئۆتۆریتەیەک هەبێ کە دیارە ئەمڕۆ نییە.
س،ڕێڤنگ:  بەڵام هەبوونی سێ ئەلفوبێیان ئێمە لە یەکتری دوور دەکاتەوە  و هەبوونی تاقە ئەلفوبێیەک ئێمە لە یەکتری نزیک دەکاتەوە هەر چەند سنووریشمان دە نێوان دا بێ.
ئەمیر حەسەنپوور: ڕاستە، چارە ئەوەیە کە هەر ئەلفوبێیەک هەبێ، کامەیان دەبێ با ببێ، بەڵام کامەیان؟ ئەگەر ئێمە بڵێین لاتینی، لە ئێران و عێڕاقێ نابێ، بارودۆخ بۆ ئەوە لەبار نییە. ئەمڕۆ لە ئەرمەنستانێ کوردان ئازادییان هەیە و بڕیاریشیان داوە کە خەتەکە بکەن بە ئەلفوبێی لاتینی، بەڵام هەلومەرجی ئابووری ڕێگایان پێ نادا، لە بەر ئەوە ڕۆژنامەی " رێیا تازە" هێشتا هەر بە تیپی کیریلی چاپ دەکرێ.
ز. خامۆ: ئەمڕۆ لە ئێران و عێڕاق و سووریا ئەلفوبێی ڕەسمی دەوڵەت عەڕەبییە. کوردی ئەو پارچانە بە ڕێگای ئینگلیسی، فەڕانسەیی یان ئەڵمانی خەتی لاتینی فێر دەبن. بەڵام لە کوردستانی سووریا هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر سەرەرای ئەوە کە خەتی ڕەسمی عەڕەبییە، کوردی بەئەلفوبێی لاتینی دەخوێنێتەوە و پێی دەنووسێ.  ئەوە بۆ لە سووریا ئاوایە و چما ناکرێ لە عێڕاق و ئێرانیش ئاوا بێ؟
ئەمیر حەسەنپوور: ئەتۆ باسی ڕووناکبیری کوردیی سووریا دەکەی. نەک خەڵکی ئاسایی، نەک منداڵان. یانی منداڵێکی مەدرەسەیی یان دووکاندارێک  پێم وا نییە بتوانێ بە خەتی لاتینی بخوێنێتەوە.  بەڵام لە کوردستانی عێڕاقێ وا نییە هەموو کوردێکی کە خوێندەواری هەبێ بە هاسانی دەتوانێ ڕۆژنامە و گۆواران بخوێنێتەوە. بەڵام ئێمە دەبێ حەول بدەین هەر دوو ئەلفوبێیان فێر بین، بە تایبەتی ڕووناکبیران.  لە هەر پارچەیەک دەبێ بڵا ببێ ئێمە هێندێک خۆمان زەحمەت بدەین فێر دەبین.

س. ڕێڤنگ: ئەتۆ خۆت دەڵێی بۆ من فەرقی ئەلفوبێیان نییە. چ عەڕەبی بێ یان لاتینی، هەر دووکیان فۆنێتیکن و لەگەڵ زمانی کوردی دەگونجێن.  بەڵام ئەلفوبێ دەبێ بۆ منداڵان ئەوەندە هاسان بێ، هەم خوێندنەوە، هەم نووسین و هەم تێگەیشتن هاسان بکا، ئەگەر ئێمە ئەلفوبێی کوردیی لاتینی و عەڕەبی بەیەکەوە بەراورد بکەینکە لە ڕووی نیشانەوە لاتینی لە عەڕەبی هاسانترە چونکە نێشانەی کەمترە. نوختەی دووەم ئەوەیە کە لە ئەلفوبێی کوردیی عەڕەبیدا  دەنگی / i/  نیشانەی نییە  بۆ وێنە kirin ئەگەر بە تیپی عەڕەبی بێ وەک  " کرن" دەنووسرێ.
دیسان لە سیستمی ئەلفوبێی لاتینیدا ڕاست نووسی هەیە. ئەتۆ دەتوانی بە تیپی گەورە ڕستە دەست پێ بکەی. سیفەت و ناوی تایبەتی بە تیپی گەورە دەست پێ بکەی. لە ئەلفوبێی عەڕەبیدا ئەوە نییە. ئێستا ئەلفوبێی لاتینی سەردەستە، لە ڕووی تێکنۆلۆژی و لە گەلێک بواری دیکە دا.

ئەمیر حەسەنپوور: مەسەلەی بوونی نیشانە لە سەر تیپان هیچ کێشە نییە. تەماشای رێنووسی یوگوسڵاوی و تورکی بکەین لە وانیشدا نیشانە زۆرە وەکوو: Ç ,Ş،  Û، ö ،Ğ ، i
شکڵ لە تیپ گرینگترە، چونکە شکڵ لە مێشک دا ئاستە دەبێ بۆ وێنە کاتێک  ئەمن وشەی  " میر " دەخوێنمەوە ، ئەمن ناڵێم  " م" ، " ی " ، " ر"  یەکسەر دەڵێم  " میر" . هەر وەک ئەوەی کە بڵێم  " سەر" ، بەڵام ناڵێم چاو، کەپۆ، دەم، پۆڕ و هتاد. ئەلفوبێی ئینگلیسی لاتینییە بەڵام زۆر زەحمەتە. چونکە فۆنێتیک نییە. بەڵام خەتی تورکی فۆنێتیکە، بۆ هەر دەنگێک تیپێک هەیە. لە زمانی فەڕانسەیی دا دەنگی / o/ بە شێوەی جۆر بە جۆر دەنووسرێ بۆ وێنە وشەی "couteaux  " لێڕە دا  " eau " نوێنەری دەنگی / o/ یە  بەڵام لە سیستمی فۆنێتیک دا  /o/ بە نیشانەیەک  یان وەک  ۆ دەنووسرێ.  باشە ئێستا لە ناو ئەم دوانە دا کامیان زەحمەتترە؟  بێ گومان ئەوی فەڕانسەیی زەحمەتترە. ئینگلیسیش هەر وایە. لە جێدا ماوەی فێر بوونی ئەلفوبێی کوردی و تورکی لە ئی ئینگلیسی کەمترە.

س. ڕێڤنگ: گەلۆ ئی عەڕەبی و فارسی چۆنن؟
ئەمیر حەسەنپوور: ئی وان کەمێک زەحمەتترە. ئەمن لە پۆلی چوارەمدا بووم هێشتا نەمدەتوانی بە باشی بخوێنمەوە و بنووسم. چونکە زەحمەت بو، بەڵام ئێستا مێتۆدی تازەیان ساز کردووە منداڵان زووتر فیڕ دەبن.
بەڵام لە ئەلفوبێی کوردی بە خەتی عەڕەبی گیرو گرفتێکی ئاوا نییە، چونکە ئەویش ئەلفوبێیەکی فۆنێتیکە.  بۆ هەر دەنگێک نیشانەیەک هەیە، کەمایەسی کە لە خەتی عەرەبی دا هەیە هەر وەک ئەتۆش گوتت مەسەلەی تیپی گەورە و پچووکە.  بەڵام ئەویش ئێستا کێشە نییە.  نەبوونی نیشانە بۆ دەنگی /
i/ لە ئەلفوبێی کوردی لە سەر بنەمای خەتی عەڕەبی دا بە باوەڕی من هیچ گیر و گرفتێک ساز ناکا.
مالمیسانژ:  باشە ئەگەر مەسەلە بێتە سەر سەرەتی پێدان. یانی ئەمڕۆ کاتێک تۆ دەڵێی min بە ئەلفوبێی عەڕەبی وەک  " من " دەنووسرێmn. لە لاتینییەکە دا نوێنەری هەموو دەنگەکان هەن ، بەڵام لە عەرەبییەکە دا تەنێ نوێنەری دوو دەنگان هەیە . گەلۆ ئەوی لاتینی ڕاستتر و هاسانتر نییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: ڕاستە، بەشکوو بۆ عەڕەنی و فارسی ئاوا بێ . بۆ وێنە دە فارسی دا  " من  " دەکرێ وەکوو  MIN، MEN، MUN، MÜN، MON  بخوێندرێتەوە. بەڵام دە کوردی دا گیروگرفتێکی ئاوا نییە. چونکە لە کوردی دا ئەتۆ مەجبور نی  " من " وەک   MINبخوێنییەوە لە بەر ئەوەی دە کوردی دا  MEN، MAN، MUN، MÛN، MON   هەر کامیان بە شێوەی لەمەڕ خۆیان دەنووسرێن. جا بۆیە کاتێک کوردێکی خوێندەوار  ئەو وشەیە بخوێنێتەوە  جگە لە " من" نەبێ ناتوانێ بەشێوەیەکی دیکە بیخوێنێتەوە. بەڵام ئەوە لە عەڕەبی و فارسی دا وا نییە.
ئەو کێشەیە لە زۆر زمانان دا هەیە تەنانەت دە  زۆر زمانی دا کە بە لاتینیش دەنووسرێن هەیە. بۆ وێنە لە ئینگلیسی دا تیپی
X  نوێنەری سێ دەنگانە / ئیکس/ ، / س/ و / ز/  یە.
لە ڕووی تێکنیکیشەوە کامپیوتر و تێکنیکی دی کە بۆ لاتینی هەیە حەموو بۆ تیپی عەڕەبیش هەن ، بە باوەڕی من لە ئەلفوبێی کوردی لە سەر بنەمای ئەلفوبێی عەڕەبی دا لە ڕووی فۆنیتیکەوە هیچ کێشەیەکی وەها گەورە نییە. بەشی زمانی کوردی دەکا. بە لای منەوە کەمایەسی تیپی عەڕەبی لە چاو تیپی لاتینی دوو شتن ئەوەیش ئەوەیە ١- تیپی گەورە و پچووک نیییە، ٢- لە نووسین دا تیپی عەرەبی جێیەکی  زۆرتر دەگرن.





 

Sunday, January 23, 2022

پاشماوەی ' جمهووری کوردستان - مەهاباد ' نووسینی: وەدیع جووەیدە


 

بەرز و پیرۆز بێ بیرەوەری ٧٦ ساڵەی  دووی ڕێبەندان
پاشماوەی ' جمهووری کوردستان  - مەهاباد '
نووسینی: وەدیع  جووەیدە
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی

که‌سایه‌تی و چالاکی هێندیک له‌ سیما سەرەکییە کوردەکان
ئه‌مه‌ر خانی شه‌ریفی. کرده‌وه‌ی هێندێکی دیکه‌ له‌ سه‌رکرده‌کانی کورد له‌مه‌ڕ ئه‌نگیزه‌ و دنه‌یان، هێندێک گۆمان دێنێته‌ گۆڕێ. یه‌ک له‌ نموونه‌کانی جێی سه‌رنج له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌مه‌رخانی شه‌ریفی یه‌،؛ ڕێبه‌ری ناسراوی عه‌شیره‌تی شکاک و به‌هێزترین و به‌ڕێزترین سیمای کوردستانی ئێران. وا وه‌به‌رچاو دێ ئه‌مه‌رخان شوێنێکی باشی له‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌ چاوه‌دێره‌ ئه‌مریکاییه‌کانی پێشوه‌چوونه‌کانی ئه‌و سه‌روبه‌ندی دانابێ، ڕوزڤێڵت وه‌ک "پیری گه‌وره‌ی کوردستان" 63 باسی ده‌کا و ویلیام، ۆ داگڵاس ، قازیی دیوانی به‌رزی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ چه‌ند ساڵ دوای هه‌ڵوه‌شانی مه‌هاباد، میوانی ئه‌مه‌ر خان بووه‌ به‌ چاکه‌ باسی ده‌کا.64 به‌ڵام کرده‌وه‌ و هه‌لسوکه‌وتی وی هه‌لپه‌رستیشی پێوه‌ دیاره‌.
ئه‌مه‌ر خان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی مه‌هاباد هاوکاری کرد و تا زه‌مانێکی کورت به‌ر له‌ ڕووخانی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامه‌ ده‌ستڕۆیشووه‌کانی بوو. وه‌زیری هێز[!!] بوو و یه‌کێک له‌و پێنج [!!] که‌سایه‌تییانه‌ بوو که‌ پله‌ی "مارشاڵ"ی [!!] درایه‌. ئه‌ندامی کۆمیته‌ی نێوه‌ندیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و له‌ واژۆکارانی په‌یماننامه‌ی 23ی ئاوریلی 1946/ 3ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی نێوان ئازه‌ربایجان و کوردستان بوو.65 نه‌فه‌راتی عه‌شێره‌ته‌که‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی مه‌هاباد که‌وتن و له‌ چه‌ند عه‌مه‌لییاتی نیزامیش دا به‌شدارییان کرد. کاتێک ‌ ڕوون بووه‌وه‌ هێنده‌ی نه‌ماوه‌ بۆ ڕووخانی مه‌هاباد " پشتیوانی خۆی بڕی و پاشه‌کشه‌ی کرد و له‌ زینده‌شت له‌ ماڵێ له‌ چاوه‌ڕوانی پێشوه‌چوونه‌کانی دادێ دا دانیشت."66 چه‌ند ساڵ دواتر کاتێک پرسیاری لێ کرا هۆی چ بوو له‌ گه‌ڵ جمهووری مه‌هاباد که‌وت وڵامی داوه‌ بۆ ڕزگاریی گیانی خۆی.67
وا وه‌به‌رچاو دێ ئه‌مه‌ر خان له‌ ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی دا که‌ هاوکاری ڕێژیمی مه‌هابادی ده‌کرد‌ له‌ گه‌ڵ جۆرج ئاله‌ن سه‌فیری ئه‌مه‌ریکا له‌ تاران پێوه‌ندی نیزیکی هه‌بووبێ.‌ هه‌ڵبه‌ت دیاره‌ ئه‌وه‌ش وه‌ک ئاڵقه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ زنجیره‌ی حه‌ولدانی بۆ پاراستنی گیانی خۆی پاساو ده‌درێ . داگلاس له‌ باسکردنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌مه‌ر خان بۆ ڕزگاریی گیانی خۆی به‌ ناوبژیکاری سه‌فیری ئه‌مریکا له‌ تاران ده‌نووسێ:"کاتێک ئه‌مه‌ر خان له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی قازیی محه‌مه‌د که‌وت، پێوه‌ندی خۆی له‌ گه‌ڵ جۆرج ئاله‌ن نه‌پساند و له‌و حکوومه‌ته‌ دا له‌ دژی نفووزی شووڕه‌وی خۆڕاگری کرد.دوای ڕووخانی حکوومه‌تی مه‌هاباد که‌ ترسی ئه‌وه‌ هاته‌ گۆڕێ ئه‌مه‌ر خانیش له‌ گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د له‌ دار بدرێ، جۆرج ئاله‌ن چووه‌ لای شا و شه‌فاعه‌تی بۆ کرد [!!] و له‌ ئاکام دا به‌ داوای خۆی گه‌یشت - پێشگیری له‌ ئێعدامی ئه‌مه‌ر خان و ڕاکێشانی چاکه‌ و دۆستایه‌تی وی به‌ره‌و خۆی." 68
حاجی بابه‌ شێخ. دوو ڕوویی و هه‌لپه‌رستی له‌ سه‌رده‌می کۆماری مه‌هاباد دا زۆر باو بوو. ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تی کۆنه‌ساڵ و به‌ڕێزی وه‌ک حاجی بابه‌ شێخیش له‌ هه‌مان کات دا که‌ له‌ ماوه‌ی ژیانی یه‌کساڵه‌ی کۆمار دا سه‌رۆک وه‌زیر بوو ، به‌ شیوه‌ی به‌رده‌وام پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی هه‌بوو. ئه‌و بۆخۆی پێی لێنا که‌ ده‌وڵه‌ت ئێرانی ئاگادار کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی له‌ نێوان نوێنه‌رانی شووڕه‌وی و هاوکاره‌کانی له‌ ڕێژیمی مه‌هاباد دا ڕابراون."69
قوباد. وا گوزارشت کراوه‌ ‌ قوباد کوڕی سمکۆ، ڕێبه‌ری به‌نێوبانگی شکاک،به‌ ڕێگای خزمی خۆی، ئه‌مه‌ر خانی شه‌ریفی ڕا داوای له‌ ده‌وڵه‌تی ئێران کردبێ چه‌کوچۆڵ بده‌ن به‌ عه‌شیره‌ته‌که‌ی سه‌ر به‌ وی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دژی مه‌لامسته‌فا و پێڕۆیانی ده‌ست به‌کار بن.70 مه‌لا مسته‌فا که‌ دواجار توانی خۆی بگه‌یێنێته‌ خاکی یه‌کێتیی شووڕه‌وی له‌و ده‌می دا ده‌یه‌ویست هه‌رچۆنێک بێ خۆی له‌ گه‌مارۆی ئێران ڕزگار بکا. هه‌ڵبه‌ت به‌ دوور ده‌زاندرێ ده‌وڵه‌تی ئێران داوخوازه‌که‌ی قوبادی قه‌بووڵ کردبێ چونکه‌ ده‌زانین ئه‌مه‌ر خان خۆشی له‌و عه‌مه‌لیاته‌ نیزامییانه‌ی که‌ له‌ ده‌ور وبه‌ری تخووبی شکاکه‌کان ده‌کران،به‌شداری نه‌بوو و له‌و پێوه‌ندییه‌ دا بۆچوونی ڕووزڤێڵت چاوڕاکێشه‌، ئه‌و ده‌نووسێ:" ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ ڕواڵه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی خۆش نه‌بوو هیچ به‌رعۆده‌ییه‌ک بۆ خۆی ساز کا، ئه‌مه‌رخانی له‌ پێشڕۆیی خۆی به‌ره‌و ئازه‌ربایجان ئاگادار نه‌کرد و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ کاتێک که‌ ئه‌مه‌ر خان پیاوه‌کانی خۆی بۆ هێرش بردنه‌ سه‌ر دێمۆکڕاته‌کان کۆ کرده‌وه‌ شه‌ڕ ته‌واو ببوو."71
ده‌‌وری بارزانییه‌کان
بارزانییه‌کان - نائومیذ، سه‌روه‌به‌رنه‌هێن و به‌ ئامانجی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ - ئه‌گه‌رچی به‌ باوه‌شی ئاواڵه‌وه‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌تی قازیی محه‌مه‌ده‌وه‌ وه‌رگیران و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ، بۆ کۆماری مه‌هاباد هه‌م سه‌رچاوه‌ی هێزو توانایی و هه‌م مایه‌ی لاوازی و خه‌سار بوون. دوای ماوه‌یه‌کی کورتی که‌ هاتن ده‌ خاکی ئێرانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌ستیان کرد به‌ وتووێژ و ئاماده‌یی خۆیان نیشان دا چه‌که‌کانی خۆیان ڕاده‌ست بکه‌ن و وه‌کوو پاتراوی سیاسی له‌ گۆشه‌یه‌ک دانیشن و دامه‌زرێن،به‌ڵام بۆچوونی خۆیان گۆڕی و پشتیوانییان کرد له‌ قازیی محه‌مه‌د.72 له‌ نێو گشت هێزه‌ عه‌شیره‌تییه‌کانی ناوچه‌ دا، بارزانییه‌کان له‌ ڕووی چه‌کوچۆڵ و ئه‌زموون و لێزانییه‌وه‌ له‌ هه‌موویان له‌ سه‌رتر بوون و بۆ پته‌و کردنی هه‌ڵکه‌وتی خۆیان وه‌کوو هێزێکی سه‌رتر، دژوارییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌ سه‌ر ڕێ نه‌بوو. له‌ شه‌ڕ له‌ ئاست نیزامییه‌ ئێرانییه‌کان دا سه‌رکه‌وتوو بوون. ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌یان قه‌مته‌ر کرد که‌ هاوکاریان نه‌ده‌کرد و به‌ گشتی بوون به‌ کاریگه‌رترین هێزی شه‌ڕکه‌ر له‌ کوردستانی ئێران دا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یدا بوونی هێزێکی ئاوا ڕێکوپێک، ئه‌ویش له‌ خاکێکی به‌ڕێژه‌ به‌رته‌نگی کۆماری مه‌هاباد دا بووه‌ هۆی تێکچوونی پارسه‌نگی ئاسایی هێزو توانایی ده‌ نێوان عه‌شێره‌ته‌کانی هه‌رێمه‌که‌ دا. گومانی تێدا نییه‌ که‌ زۆر له‌و عه‌شیره‌تانه‌ی که‌ ئێستا به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌ مه‌ترسی که‌وتبوو له‌ هاتنی نه‌خوازراوی ئه‌و تاکوته‌را "بێگانه‌"یانه‌ زۆر دڵگیر بوون و سه‌ره‌ڕای هه‌ست و سۆزی پان کوردی که‌ ئه‌و سه‌روبه‌ندی له‌ گۆڕێ دابوو و نێوه‌رۆکی "مه‌ئموورییه‌ت"ی بارزانی، ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ کاروباری نێوخۆیی، ئه‌ویش له‌ لایه‌ن ده‌سته‌یه‌که‌وه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕا هاتبوو، نه‌ده‌کرا له‌ لایه‌ن کوردی نه‌ریتییه‌وه‌ که‌ هێشتا ده‌ چوار چێوه‌ی به‌سترانه‌وه‌ و پێبه‌ندیی عه‌شیره‌تی دا بیری ده‌کرده‌وه‌ به‌ چاوێکی پۆزیتیڤ لێی بڕواندرێ.
بوونی بارزانییه‌کان له‌ خاكی کۆماری مه‌هاباد دا،سه‌رئێشه‌ و دڵپه‌شێوی دیکه‌شی ساز کرد. دابین کردنی ئازوخه‌ و پێداویستی هێزێکی چه‌ند هه‌زار که‌سی بارێکی قورس بوو به‌ سه‌ر ئیمکانه‌ به‌رته‌نگه‌کانی هه‌رێمه‌ که‌ دا و به‌ لێبڕاوی ده‌بێ دژواری زۆر و زه‌وه‌ندی بۆ خه‌ڵکی خۆجێی لێ که‌وتبێته‌وه‌ .73 به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا وه‌به‌رچاو دێ مه‌سه‌له‌ی هه‌ره‌ جیدی له‌ مه‌ڕ بوونی بارزانییه‌کان له‌ کوردستانی ئێران نێوه‌رۆکی به‌ ته‌واوی له‌وشتانه‌ی پێشتر گوتراون جیاواز بوو بێ.
به‌ڕواڵه‌ت بارزانییه‌کان له‌گه‌ڵ بیروڕای قازیی محه‌مه‌د هاوڕێک نه‌بوون و هێشتا ماوه‌یه‌کی هێنده‌ له‌ هاتنی ئه‌وان بۆ ناوچه‌که‌ تێنه‌په‌ڕیبوو که‌ هێندێک دژایه‌تی ده‌ستی پێکرد. شیخ ئه‌حمه‌دی بارزانی ئیدیعا ده‌کا که‌ به‌ سه‌رپێچی کردنی فه‌رمانه‌کانی قازیی محه‌مه‌د له‌ لایه‌ن بارزانییه‌کانه‌وه‌ که‌ ده‌یه‌ویست له‌وان بۆ ته‌نبێ کردنی عه‌شیره‌ته ‌نافه‌رمانه‌کان که‌لک وه‌ربگرێ، ئه‌و کێشه‌یه‌ ساز بوو. به‌ قسه‌ی شیخ ئه‌حمه‌د نێوانی له‌ گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د ئه‌وه‌نده‌ تێک چوو بوو که‌ قازیی محه‌مه‌د لای کاربه‌ده‌ستانی شوڕه‌وی گوتبووی شێخ ئه‌حمه‌د مه‌ئموورێکی ئینگلیسی یه‌. هه‌ر به‌قسه‌ی شیخ ئه‌حمه‌د ئاکامی ئه‌و گرژییه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌ویان نارده‌ گه‌وره‌دێی شه‌یتان ئاوا و ناچار بوو تا ڕووخانی کۆماری مه‌هاباد له‌وێ بمێنێته‌وه‌.74
هۆی دژایه‌تییه‌ عه‌شیره‌تییه‌کان له‌ گه‌ڵ جمهووری مه‌هاباد
دژایه‌تی عه‌شیره‌ته‌کان له‌گه‌ڵ جمهووری مه‌هاباد له‌ سه‌ر بنه‌مای کۆکراوه‌یه‌ک له‌ هۆکاری جۆر به‌جۆری مێژوویی، سیاسی، مه‌زه‌بی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری هه‌ڵنرابوو. هه‌ستی دژی ڕووسی. ئه‌وه‌ ئاشکرا بوو ڕێژیمی مه‌هاباد له‌ پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ شوره‌وی که‌لکی جۆر به‌ جۆر وه‌رده‌گرێ.  له‌ ڕوانگه‌ی زۆر له‌ کورده‌کانه‌وه‌ نێوبانگ و ئیعتیباری شووڕه‌وی ببووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆریان پشتیوانی ‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌ بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌و پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوییه‌ بۆ هێندێک له‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌ ده‌ستڕۆیوه‌کانی کورد، هیندێک نیگه‌رانی ساز کردبوو و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگای دژایه‌تی وه‌به‌ر بگرن، هه‌ڵوێستی دژی ڕووسی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ به‌ر هێندێک پێوه‌ندی ناخۆشی کۆن بوو.
هه‌رکاتێک که‌ له‌ نێوان ئێران و ڕووسیا و یان له‌ نێوان ڕووسیا و تورکیا‌ دا شه‌ڕێک ڕووی دابایه‌،کورده‌کان ده‌گژ ڕووسه‌کان ڕۆ ده‌هاتن و ڕووبه‌ڕوویان ده‌بوونه‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌شێکی هه‌راو له‌ کوردستان له‌ سه‌ر ناوچه‌ی سنووری دوو هاوسێی باشووری ڕووسیا هه‌ڵکه‌وتبوو، هه‌ر جۆره‌ پێکهه‌ڵپڕژان وتێکهه‌ڵچوونێکی تازه‌ ده‌یتوانی زه‌ربی قورس و گورچووبڕ له‌ کورده‌کان بدا. نیزیکه‌ی دوو سه‌ده‌ بوو که‌ ڕه‌عییه‌ته‌کانی کوردی شاهه‌نشا و سوڵتان خوویان پێ گرتبوو به‌چاوی کافرێکی شه‌ڕ نه‌بێ چاو له‌ ڕووسه‌کان نه‌که‌ن.
و له‌و ناوه‌ دا به‌تایبه‌تی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی گرینگ بوو که‌ میراتێکی له‌ ترس و دڕدۆنگی له‌ ئاست ڕووسیا له‌ دوای خۆی جێ هێشتبوو، به‌ ده‌م ئه‌و شه‌ڕه‌ وه‌ بوو که‌ له‌ دوای ده‌رکردنی حوکمی جیهاد له‌ لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه‌، ئاوری ده‌مارگرژی دینی و ڕه‌گه‌زیش زیاتر گه‌شاوه‌ و ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ دا بوو به‌ زنجیره‌یه‌ک له‌ قه‌تڵی عام و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ ڕه‌هه‌ندی زۆر ترسێنه‌ری لێ که‌وته‌وه‌؛ هه‌ر لایه‌نه‌ی ده‌یه‌ویست له‌و ڕووه‌وه‌ له‌وی دیکه‌ وه‌پێش که‌وێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وجۆره‌ی ده‌کرێ به‌بیر دا بێ هه‌ستی دژی ڕووسی به‌تایبه‌تی له‌ نێو ئه‌و به‌شه‌ له‌ کورده‌کانی ئێران دا ریشاژۆی کرد که‌ زیاتر له‌ کورده‌کانی دیکه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ ده‌م بانگه‌واز و بانگه‌شه‌ی پان ئیسلامی تورکه‌کانه‌وه‌ چوون و قه‌بووڵیان کرد.75 ده‌سته‌یه‌ک که‌ بریتی بوون له‌ زۆربه‌ی کورده‌کانی ئێران. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کوردی ئاواش هه‌بوون که‌ به‌ره‌و ڕووسه‌کان چوون. 76
به‌ قه‌ومانی شۆڕشی ڕووسیا‌ و دامه‌زرانی ڕێژیمی شووره‌وی به‌ره‌ به‌ره‌ هێندێک لایه‌نی دیکه‌ش له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی وا سه‌باره‌ت به‌ڕووسه‌کان هه‌بوو زیاد بوو. به‌ ته‌نیشت ڕه‌وتی دژی ڕووسی و دژی مه‌سیحی ڕابردوو، دڕدۆنگی له‌ ئاست سیاسه‌ته‌ دژه‌ دینییه‌کانی ده‌وڵه‌تی شووڕه‌ویش نه‌خۆشییه‌که‌ی پیستر کرد. هه‌ڵبه‌ت هه‌ستی دژی شووڕه‌وی به‌ تایبه‌تی له‌ نێو سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌ کورده‌کان و ئاغاوه‌تی دیکه‌ی خاوه‌ن زه‌وی دا به‌هێز بوو که‌ له‌ ئه‌گه‌ری له‌ ده‌ست دانی ده‌سته‌ڵات و ماڵ و موڵکی خۆیان له‌ سیستمێکی شووڕه‌وی ئامال دا ترسیان ڕێ نیشتبوو.
هۆکاری ئابووری. یه‌کێکی دیکه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی کورده‌کان له‌ ئاست ڕێژیمی مه‌هاباد هۆکاری ئابووری بوو. وه‌رزێره‌ کورده‌کان و به‌ تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ چاندنی تووتنه‌وه‌ خه‌ریک بوون و گه‌ڕی ژیانیان له‌ گرێوی بازاڕی ئێران دا بوو،به‌ کورت کردنه‌وه‌ی ده‌ستیان له‌و بازاڕه‌ سه‌ده‌مه‌یه‌کی زۆریان پێ گه‌یشت. هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێ کرا دابین کردنی پێداویستییه‌کانی ژماره‌یه‌کی زۆری بارزانییه‌کانیش یه‌کێکی دیکه‌ له‌و کێشانه‌ بوو که‌ قۆرساییه‌که‌ی به‌سه‌ر شانی کورده‌کانی مه‌هاباده‌وه‌ دیار بوو.77
ناڕه‌زایه‌تی له‌ ڕێبه‌رایه‌تی قازیی محه‌مه‌د.دواجار ئه‌وه‌ی که‌ زۆر له‌ ڕێبه‌رایه‌تی عه‌شیره‌تیی کورد له‌ ده‌سته‌ڵاتی به‌رزی قازیی محه‌مه‌د که‌ به‌ڕێگای نائاسایی وه‌کوو کاکه‌ و براله‌ی حیزبی یان ڕاکێشانی پشتیوانی کۆمه‌ڵانی شارنشین وه‌ده‌ست هاتبوو نارازی بوون. له‌ کوردستان له‌ کۆنه‌وه‌ هێز له‌ ده‌ستی که‌سانێک دا کۆ ببووه‌وه‌ که‌ ڕێکخراوی شێوە نیزامی عه‌شیره‌تی شه‌ڕکه‌ری له‌ مه‌ڕ خۆیان هه‌بوو. ده‌سته‌ڵاتێک که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای زنجیره‌یه‌کی به‌هێزی پێوه‌ندی عه‌شیره‌تی و ده‌ره‌به‌گی هه‌ڵچنرابوو. چینی فه‌رمانڕه‌وای کورد له‌ جێدا له‌ سێ ده‌سته‌ پێک هاتبوو. نه‌جیوزاده‌ ناوچه‌ییه‌کان، مه‌شاییخی ته‌ریقه‌ته‌ مه‌زه‌بییه‌کان و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان. گشت ڕێبه‌رانی کورد که‌ به‌ جۆرێک بیری یه‌کگرتنی گشت کورده‌کانیان ده‌ مێشکی دا بووبێ و پێیان خۆش بووبێ په‌ره‌ به‌ده‌سته‌ڵاتی خۆیان به‌ سه‌ر هاونیشتمانانی کوردی خۆیاندا بده‌ن له‌ ناو یه‌کێک له‌و سێ ده‌سته‌یه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵێنانه‌وه‌ . بۆ وێنه‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ بکرێ به‌ به‌درخان به‌گی بۆتان و تۆره‌مه‌ی نه‌جیوزاده‌ ی وی و له‌ درێژه‌ دا سیمای وه‌ک شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و سمایل ئاغای سمکۆ ڕێبه‌ری عه‌شیره‌تی شکاک.
له‌ هه‌لومه‌رج و چلۆنایه‌تییه‌کی ئاوا دا، که‌سانی وه‌ک قازیی محه‌مه‌د که‌ بیری وه‌ده‌ستخستنی پله‌ی ڕێبه‌رێکی نه‌ته‌وه‌ییان ده‌ سه‌ر دابوو، له‌ هه‌ڵکه‌وتێکی لاواز دا بوون. ئه‌وه‌ ڕاسته‌ که‌ قازیی محه‌مه‌د له‌ شاری مه‌هاباد وه‌کوو ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌ ئعتیبار و به‌ڕێز ده‌ناسرا به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ سیمایه‌کی دینی شارستانی بوو و ئه‌و ئعتیبار و ده‌سته‌ڵاته‌ی نه‌بوو که‌ به‌ ئه‌ندامه‌تی له‌ یه‌کێک له‌و سێ به‌شه‌ی ده‌سته‌ فه‌رمانڕه‌واکان دا ده‌یبوو. ئه‌و وه‌کوو ڕێبه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی هیچکام له‌و تایبه‌تمه‌ندی و ئیمتیازانه‌ی نه‌بوو له‌ چاو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ پێشتر له‌ بیری ڕێبه‌ریی دا بوون و ده‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌زاران نه‌فه‌ر له‌ بن ئاڵاکه‌یان دا کۆببنه‌وه‌. ئه‌و نه‌ ئیمتیازی بوونی ده‌سته‌ڵاتێکی ئیرسی هه‌بوو به شێوه‌ی ئه‌شڕاف و نه‌جیوزاده‌کان و نه‌ خه‌رمانه‌یه‌ک له‌ ڕه‌وایی و پیرۆزی مه‌شاییخی گه‌وره‌ی ته‌ریقه‌تی قادری و نه‌خشبه‌ندی،نه‌ توانایی و نێوبانگی ئه‌و سه‌رۆک عه‌شێره‌تانه‌ی هه‌بوو که‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆنفێدارسیۆنه‌ عه‌شیره‌تییه‌ گه‌وره‌کانیان ده‌کرد.
به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و سه‌ره‌ڕای گشت به‌رته‌نگی و ئاسته‌نگییه‌ک قازیی محه‌مه‌د توانی بۆ بڕگه‌یه‌کی زه‌مانیش بێ پله‌ی هه‌ره‌ به‌رزی ڕێبه‌ریی گه‌لی خۆی وه‌ده‌ست بێنێ. له‌ نێو گشت ئه‌و هۆکارانه‌ی دا که‌ له‌ ئاماده‌کردنی زه‌مینه‌ی ده‌سته‌ڵاتی وی دا کاریگه‌ر بوون، وه‌رگرتن و به‌یعه‌ت پێکرانی وه‌کوو ڕێبه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌ لایه‌ن به‌شێکی هه‌راو له‌ کورده‌کانی ئێران، خۆی هۆکارێکی بڕیاده‌ر بوو.ئه‌و ڕووداوه‌ به‌و ئاکامه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ ئاشکرایانه‌ی دا که‌ به‌ دووی داهات ، ڕووداوێکی گرینگ و بنه‌ڕه‌تی بوو؛ نیشانه‌یه‌کی ئاشکرا بوو له‌ سست بوونی سیستمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆن و مه‌ترسی سه‌روبن بوونی نیزیکی سیستمێکی سیاسی دێرینه‌ که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای وی دامه‌زرابوو.
پێشوه‌چوونه‌کانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و ئه‌و ئاکامانه‌ی له‌ سه‌روبه‌ندی دواتر دا لێی که‌وته‌وه‌، له‌ خێراکردنی ئه‌و که‌فوکوڵه‌ دا ده‌ورێکی کاریگه‌ری هه‌بوو. دامه‌زرانی سیستمێکی ئیداری تازه‌ یان نوێکراوه‌ له‌ ئێران، تورکیا‌ و عێڕاق، پێواژۆی دامه‌زرانی عه‌شیره‌ته‌ کۆچه‌ره‌کان له‌ جێدا دا گوڕێکی تازه‌ی دا به‌ به‌رته‌نگ کردنی ژیانی خێڵه‌کی و خێرایی ئه‌و ره‌وتانه‌ی زیاتر کرد که‌ له‌ بواری خوێندن و په‌روه‌رده‌، پیشه‌سازی و شارنشینی دا هه‌بوون. له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌وه‌ هێزی گۆڕان و ئاڵۆگۆڕه‌کان، ئه‌گه‌رچی به‌کاوه‌خۆ و له‌ سه‌ره‌خۆ هه‌نگاویان ده‌ناوه‌ به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاو نانه‌وه‌یان نه‌پساوه‌ و هه‌میشه‌یی بوو و ته‌نانه‌ت گه‌یشتنه‌ دوورترین شوێنه‌کانی کوردستانیش و ڕچه‌یان له‌ دوای خۆ به‌جێهێشت. پێوه‌ندی و پێبه‌ندییه‌کانی کۆن و ده‌ره‌به‌گی که‌ له‌به‌ر گۆڕانه‌کانی زه‌مانه‌، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر لاواز ببوون ئێستا به‌ره‌ به‌ره‌ ڕێگایان ده‌کرده‌وه‌ بۆ جێکه‌وتنی جۆريکی نوێ له‌ پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئیدێئۆلۆژی تازه‌ی ناسیۆنالیزم، به‌ پڕ کردنه‌وه‌ی جێگای وه‌فاداری و پێبه‌ندییه‌ کۆنه‌کان، به‌ره‌به‌ره‌ نێوه‌رۆک و سه‌رچاوه‌ی هێز و ده‌سته‌ڵاتی له‌ کوردستان ده‌خسته‌ به‌ر کاردانه‌وه‌ی خۆی.
به‌ڵام هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که‌ پێشوه‌چوونه‌کانی دواتریش نیشانیان دا ئه‌و گۆڕانانه‌ ئه‌وه‌نده‌ش که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا هه‌راو و به‌ربڵاو نه‌بوون. بناخه‌ نه‌ریتییه‌کانی سیستمی کۆن هێشتا که‌م و زۆر هه‌رمابوون و زۆربه‌ی حه‌شیمه‌تی عه‌شیره‌تی کوردستان تازه‌ وورده‌ وورده‌ هه‌ستیان به‌ ئاکامه‌کانی هێندێک لایه‌نی ئه‌و گۆڕانانه‌ ده‌کرد. هه‌ر بۆیه‌، کاتێک لایه‌نه‌کانی ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر یه‌کتری دا ڕاوه‌ستان، باوه‌ڕ و پێوه‌ندییه‌ کۆنه‌کان، به‌هێزترده‌رکه‌وتن له‌ باوه‌ر و پێوه‌ندییه‌ نوێیه‌کان.
زۆر له‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان هه‌ستی هاوته‌ریبی و هاودڵیی یان له‌ گه‌ڵ ئه‌و ڕێبه‌ره‌ نوێیه‌ نه‌ده‌کرد. هه‌ر وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌ی پێ کرا ئه‌وان له‌و ده‌سته‌ڵاته‌ تازه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای شێوه‌کانی هاوگونج له‌ گه‌ڵ نه‌ریته‌ ئاساییه‌کانی پێشوو، پێک نه‌هاتبوو، ده‌ترسان. بۆ زۆر له‌وان گه‌یشتنی قازیی محه‌مه‌د به‌ ده‌سته‌ڵاتی هه‌ره‌ به‌رز، به‌ لادانێکی بێ وێنه‌ ده‌زاندرا له‌و ڕێوشوێنانه‌ی له‌ گۆڕێ دا بوون. له‌ هه‌لسوکه‌وت و ده‌سته‌ڵاتخوازیی وی دڵگیر بوون و هه‌ستی ئێره‌یی یان ده‌برد به‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی هه‌یبوو. ئه‌وه‌ش که‌ سه‌باره‌ت به‌ ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌یگوت به‌ سه‌رپۆشێکیان داده‌نا بۆ به‌رزه‌فڕییه‌کان و هێزویستی که‌سیی خۆی. به‌ ئیحتیمال به‌ ڕوونی هه‌ستیان ده‌کرد به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و ڕێبه‌ره‌ نوێیه‌وه‌ له‌سه‌ریان بوو وه‌کوو چینێکی نوخبه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی.
ڕووخانی جمهووریی مه‌هاباد و ئه‌وه‌ی به‌ دووی دا هات
بڕیاری یه‌کێتیی شووڕه‌وی بۆ کشاندنه‌وه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌کانی له‌ ئێران که‌ له‌ مانگی مه‌ی 1946/ بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی و له‌ ژێر گوشاری توندی هێزه‌ ڕۆژئاواییه‌کان دا درا، ده‌شێ گرینگترین هۆی هه‌ڵوه‌شانی کۆماره‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان بووبێ. به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی پاشه‌کشه‌ی نیزیکی هێزه‌کانی شووڕه‌وی، حکوومه‌‌تی ئێرانیش له‌ بواری نیزامی دا ده‌ستی کرد به‌ جموجووڵی به‌ر بڵاو. هێزی زیاتری نارده‌ ناوچه‌ و قازیی محه‌مه‌د که‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و جموجووڵانه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند یه‌که‌ی عه‌شیره‌تی شل و شه‌وێق نه‌بێ هیچ هێزێکی له‌ به‌ر ده‌ست دا نه‌بوو که‌وته‌ هه‌ڵکه‌وتێکی دژواره‌وه‌.
له‌ مانگی دێسامبری 1946/ سه‌رماوه‌زی 1325ی هه‌تاوی ئه‌ڕته‌ش په‌لاماری برده‌ سه‌ر دێمۆکڕاته‌کانی ئازه‌ربایجان و خۆڕاگری ئه‌وان ده‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتان دا تێک شکا. شکانی هێزه‌کانی فیرقه‌ی دێمۆکڕات له‌ که‌لی قافڵانکووه له‌ شه‌وی 10 دێسامبری 1946/ 19ی سه‌رماوه‌زی 1325ی هه‌تاوی به‌ سه‌ره‌تای کووژانه‌وه‌ی چرای ته‌مه‌نی جمهووری مه‌هابادیش ده‌ژمێردرا. هه‌ر وه‌ک چۆن ساڵێک له‌وه‌ پێشیش، گرتنی ته‌ورێز به‌ ده‌ستی فیرقه‌ی دێمۆکڕات، دامه‌زرانی جمهووری مه‌هابادی به‌ دوو دا هات. جێی سه‌رنجه‌ که‌ ئوستانداری ئازه‌ربایجان که‌ سه‌ر به‌ فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان بوو له‌ په‌یامی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان دا که‌ بۆ سه‌رۆکوه‌زیری ئێرانی به‌ڕێ کرد ڕایگه‌یاند فه‌رمانده‌ی [ فه‌رمانداری !] کورد سه‌یفی قازی ش له‌ کۆتایی هاتنی تێکهه‌ڵچووه‌کان ئاگادار کراوه‌ته‌وه‌.78 
دوو ڕۆژ دواتر سه‌دری قازی برای قازیی محه‌مه‌د بۆ دیداری سه‌رله‌شکر هومایوونی چوو بۆ میاندواو. مه‌به‌ست له‌و دیداره‌ ئاماده‌ کردنی زه‌مینه‌ی داگیرکردنه‌وه‌ی هێمنانه‌ی هه‌رێمی مه‌هاباد بوو به‌ ده‌ستی ئه‌ڕته‌شی ئێران.دواجار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێککه‌وتن هه‌ر که‌ هاتوو بارزانییه‌کان له‌و مه‌نته‌قه‌یه‌ کشانه‌وه‌ نیرووی ده‌وڵه‌تی له‌و ناوچه‌یه‌ دامه‌زرێندرێته‌وه‌.
دوای پاشه‌کشه‌ی بارزانییه‌کان به‌ره‌و نه‌غه‌ده‌ ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ره‌و مه‌هاباد جووڵا. ده‌سته‌یه‌ک له‌ هێزی چه‌کداری عه‌شیره‌تی، له‌ وانه‌ سواره‌ی دێبۆکری ، مامه‌ش و مه‌نگوڕ – سێ عه‌شیره‌تی سه‌ره‌کی که‌ دژی ڕێژیمی مه‌هاباد بوون – وه‌کوو پێشقه‌ره‌وڵ، له‌گه‌ڵ نیرووی ده‌وڵه‌تی بوون. به‌ڵام له‌ نیزیک مه‌هاباد نوێنه‌رێکی قازیی محه‌مه‌د پێشی پێ گرتن و پێی ڕاگه‌یاندن له‌و ڕێکه‌وتنه‌ی دا که‌ کراوه‌ باسی داگیرکردنی مه‌هاباد به‌ ده‌ست ئه‌ڕته‌شی ئێران کراوه‌ و نه‌ک هێزی عه‌شیره‌تی که‌ بوونیان له‌وێ ده‌یتوانێ ببێته‌ هۆی ئاڵۆزی و نائارامی. ئه‌و داوایه‌ قه‌بووڵ کرا و هێزه‌ عه‌شیره‌تییه‌کان پاشه‌کشه‌یان کرد. ئه‌ڕته‌شی ئێران هاته‌ نێو مه‌هاباد و بۆ چه‌ند ڕۆژانیش پێوه‌ندیی نێوان فه‌رمانده‌کانی ئه‌رته‌ش و سه‌رکرده‌ کورده‌کان باش بوو.79
به‌ڵام ئه‌م مانگی هه‌نگوینه‌ زۆری نه‌برد. له‌ 17 و 18ی دیسامبری 1946/ 26 و 27ی سه‌رماوه‌ز زۆر له‌ سه‌رانی کورد ، له‌وانه‌ قازیی محه‌مه‌د و ئامۆزاکه‌ی سه‌یفی قازی گیران و زیندانی کران. سه‌دری قازی ش له‌ 30 دیسامبر/ 9ی ڕێبه‌ندان له‌ ماڵی خۆی له‌ تاران گیرا و ناردرا بۆ مه‌هاباد تا له‌ لای براکه‌ی قازیی محه‌مه‌د زیندانی بکرێ. به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی گشت ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن هیچ پاساوێکی ڕه‌وا بۆ گرتنی سه‌دری قازی له‌ ئارا دا نه‌بوو و ئه‌و کاره‌ جگه‌ له‌ کۆنه‌ قین نه‌بێ چ هۆیه‌کی دیکه‌ی نه‌بوو. ئه‌و له‌ ته‌واوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دا که‌ جمهووری مه‌هاباد له‌ سه‌ر کار بوو، هه‌ڵوێستێکی مه‌نتیقی و لانه‌گرانه‌ی سه‌باره‌ت به‌و ڕێژیمه‌ هه‌بوو که‌ براکه‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. ئه‌و نوێنه‌ری پارڵمان بوو و له‌ تاران ده‌ژیا و له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌ دا ته‌نێ ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌ن ده‌‌سته‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ ‌ داوخوازی ڕاوێژ و ناوبژیوانی لێ کرابا له‌ تاران ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌.80
به‌ گیران و ده‌ستبه‌سه‌ر کرانی سه‌رانی کورد، ئه‌ڕته‌شی ئێران که‌ ئێستا کۆنتڕۆڵی ته‌واوی مه‌هابادی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، داوای له‌ ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ کرد که‌ ئه‌گه‌ر سکاڵا و گازندێکیان دژی زیندانییه‌کان هه‌یه هه‌ر ‌ سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌یه‌کیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بهێننه‌ گۆڕێ.81  به‌و هه‌نگاوه‌ چاره‌نووسی گیراوانیش دیاری کرا. ڕاگه‌یێندراوی ئه‌ڕته‌ش سه‌باره‌ت به‌ پێکهاته‌ی ئه‌و ده‌سته‌ داوه‌رییه‌ی که‌ قازیی محه‌مه‌دیان محاکه‌مه‌ ده‌کرد له‌ که‌سانی ئاوای که‌ له‌مێژ بوو پێوه‌ بوون دوایی بهێنن به‌ ده‌سته‌ڵاتی وی بۆ خۆی نێوه‌رۆکی ناعادڵانه‌ی ئه‌و محاکه‌مه‌یه‌ی ده‌درکاند.82
ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی هه‌شتاهه‌زار ڕیاڵ ی سندووقی ئیداری دارایی بۆکان، هاوکاری له‌ گه‌ڵ حه‌مه‌ڕه‌شید و بارزانییه‌کان و ناردنی په‌نجا لاوی کورد بۆ په‌روه‌رده‌ی نیزامی له‌ یه‌کێتیی شووڕه‌وی ئه‌و بابه‌تانه‌ی بوون که‌ مه‌حکه‌مه‌ قازی پێ تاوانبار ده‌کرد.83 دوای ته‌واو بوونی محاکه‌مه‌ قازیی محه‌مه‌د، سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی سزای ئێعدامیان بۆ بڕایه‌وه‌. قازیی محه‌مه‌د به‌ دوای ئاگادار بوون له‌ حوکمێک که‌‌ بۆ برایه‌که‌ی بڕابووه‌وه‌، له‌و بێ عه‌داڵه‌تییه‌ی که‌ له‌و حوکمه‌ دا شارابووه‌وه‌ سه‌ری سوڕمابوو ،داوای کرد گیانی وی بپارێزرێ، به‌ڵام حه‌وله‌کانی چی لێ شین نه‌بوو و له‌ به‌ره‌به‌یانی 10ی خاکه‌لێوه‌ی 1325ی هه‌تاوی / 30ی مارسی 1947ی زایینی هه‌ر سێکیان له‌ مه‌یدانی سه‌ره‌کی مه‌هاباد که‌ سه‌ربازه‌ ئێرانییه‌کان گه‌مارۆیان دابوو ئێعدام کران.84
خه‌به‌ری ڕووخانی جمهووری مه‌هاباد و ئێعدامی قازیی محه‌مه‌د و هاوڕێیانی بووه‌ هۆی خه‌فه‌ت و په‌ژاره‌ی خه‌ڵک له‌ هه‌موو کوردستان. له‌ تورکیا‌ و عێڕاق ده‌ره‌تانی ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزی گشتی به‌ ئاشکرا نه‌بوو و له‌ کوردستانی ئێرانیش که‌ حکوومه‌تی نیزامی به‌سه‌ردا زاڵ کرا بوو خه‌ڵک به‌ په‌ژاره‌ و غه‌مناک به‌ڵام بێده‌نگ بوون، ته‌نیا خه‌به‌ر هات که‌ له‌ 11ی مانگی مه‌ی ساڵی 1946/ 31ی بانه‌مه‌ڕی 1326ی هه‌تاوی له‌ خوڕه‌م ئاباد نێوه‌ندی لورستان خوپیشاندانی به‌ زه‌بروزه‌نگ به‌ دژی ئێعدامه‌کانی مه‌هاباد کراوه‌. 85
ئاکامی پڕ له‌ ده‌رد و داخی ڕووخانی مه‌هاباد بۆ کورده‌کان و بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌نێویان دا ده‌ژیان هێشتا هه‌ر به‌رده‌وام بوون. وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێ کرا ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌فسه‌رانی کوردی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق که‌ له‌ کاتی سه‌رهه‌ڵدانی مه‌لا مسته‌فا له‌ عێڕاق له‌گه‌ڵی که‌وتبوون، دوای شکانی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ له‌ گه‌ڵی هاتبوون بۆ مه‌هاباد. به‌ ڕووخانی مه‌هاباد ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ عێڕاق و دوای ماوه‌یه‌کی کورت گیران. له‌ 19ی ژوه‌نی 1947/ 28ی پووشپه‌ڕی 1326ی هه‌تاوی چوار که‌س له‌و ئه‌فسه‌رانه‌: عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، مسته‌فا خۆشناو، محه‌مه‌د مه‌حموود و خه‌یروڵا عه‌بدولکه‌ریم له‌ به‌غدا ئێعدام کران.86
بێزاری و ترس وخۆف له‌و ئێعدامانه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ نایه‌ن. ئه‌وه‌ یه‌که‌م جار بوو ناسیۆنالیسته‌ کورده‌کان له‌ عێڕاق هه‌لسوکه‌وتێکی ئاوایان له‌ گه‌ڵ ده‌کرا. کاردانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ نێو کورده‌کانی عێڕاق و هه‌موو جێی دیکه‌، واق وڕمان، نائومێدی و تووڕه‌یی بوو. به‌و زه‌بره‌ ناسیونالیزمی کورد نه‌ لاواز بوو و نه‌ له‌نێو چوو، به‌پێچه‌وانه‌ سه‌لماندی سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌هێزه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ده‌سته‌یه‌ک له‌ ناسیۆنالیسته‌ کورده‌کان. ئێستا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ڕووناکبیران- هێزێکی تازه‌ که‌ حه‌ولی وه‌ده‌ستهێنانی سه‌رۆکایه‌تی کورده‌کان ده‌دا – ئه‌گه‌ر فه‌خر و شانازی به‌ شه‌هیدانه‌وه‌ بکه‌ن، به‌ دڵنیایی و به‌ ووره‌ی قایمه‌وه‌ ده‌توانن ئه‌وه‌ بڵێن.  چاپه‌مه‌نی کورده‌کان له‌ هه‌نده‌ران به‌ به‌ربڵاوی باسی له‌ سێداره‌ دانی قازیی محه‌مه‌د و هاوڕێیانی له‌ مه‌هاباد و ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ریان کرد له‌ به‌غدا. ڕه‌نگه‌ بڵاوکراوه‌ی ڤۆیس ئاف کوردستان " ده‌نگی کوردستان" چلۆنایه‌تی هه‌ستی لاوه‌ کورده‌ ناسیۆنالیسته‌ توندئاژۆ و چه‌په‌کان به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ره‌ چاک ده‌رببڕێ – ئه‌وه‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی پۆلی کۆپی کراوه‌ که‌ له‌ لایه‌ن خوێندکارانی کورد له‌ ئوڕووپا ده‌رچووه‌. ژماره‌ی مانگی ئووتی ساڵی 1949ی ئه‌و بڵاوکراوه‌یه‌ ته‌رخان کراوه‌ بۆ ئێعدامه‌کانی مه‌هاباد و به‌غدا له‌ دوو ووتاری جوێ دا. ووتاری " شانازیی ئه‌به‌دی بۆ قازیی محه‌مه‌د" به‌ زمان و تێرمینۆلۆژی تۆخی کۆمۆنیستی ڕق و بێزاری ده‌رده‌برێ به‌دژی‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌کان ( به‌تایبه‌تی سه‌رکۆمار ترومه‌ن)، بریتانیاییه‌کان، تورکه‌کان و، ئێرانییه‌کان. ئه‌و ووتاره‌ زاراوه‌ی هه‌ره‌ توند له‌ مه‌ر ئێرانییه‌کان به‌ کار ده‌هێنێ و هه‌ستی بێزاری و تووڕه‌یی خۆی به‌وان ده‌ڕێژێ و وه‌ک " فاشیسته‌ شاپه‌رسته‌ حه‌شیش کێشه‌کان" نێویان لێ ده‌نێ". 87 
ئێعدامی ئه‌فسه‌ره‌ کورده‌کانی ئه‌رته‌ش له‌ ژێر سه‌ردێڕی " وه‌سییه‌تنامه‌ی شه‌هیده‌کانمان" دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. مه‌به‌ستی ئه‌و ووتاره‌ گێڕانه‌وه‌ی دوایین په‌یامی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌یه‌ به‌ر له‌ ئێعدام کردنیان. له‌ ووتاره‌که‌ دا هاتووه‌ ئه‌فسه‌ره‌کان باسی هه‌ستی خۆیان کردووه‌ له‌ ئاست بنه‌ماڵه‌کانیان و کوردستان و ڕایانگه‌یاندووه‌ ئه‌و هۆیانه‌ی که‌ دنه‌ی ئه‌وانی دا بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی چه‌ک له‌ پێناو پاراستنی ئامانجه‌کانیان دا بوو. هه‌موو ئه‌فسه‌ره‌کان قسه‌کانی خۆیان به گوتنه‌وه‌ی دروشم به‌ ده‌نگی به‌رز کۆتایی پێ هێنا، جگه‌ له‌ مسته‌فا خۆشناو نه‌بێ که‌ هیوای ده‌ربڕی ژیانی وی ببێته‌ ئیلهامده‌رێک بۆ سێ منداڵه‌ پچووکه‌کانی. محه‌مه‌د مه‌حموود هاواری کرد " بژی به‌ ژیانی ئه‌به‌د کوردستان! " خه‌یروڵا عه‌بدولکه‌ریم هاواری کرد " بمرن دوژمنانی ئێمه‌ و هه‌ر بژی کوردستان!" و عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز هاواری کرد، " مه‌رگ و نه‌مان بۆ ئه‌مپریالیسته‌کان و نۆکه‌ره‌ چڵکاوخۆره‌کانیان! " 88‌
به‌راوردێک له‌ نێوان ڕێژیمی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان و جمهوری مه‌هاباد
هێندێک له‌ هۆیه‌کانی شکانی کۆماری مه‌هاباد ده‌کرێ له‌ به‌روارد له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی فیرقه‌ی دێمۆکڕات له‌ ته‌ورێز باشتر ڕوون ببنه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا که‌ ئه‌و دوو ڕێژیمه‌ له‌ یه‌ک زه‌مان دا پێک هاتن و ده‌کرێ بگوترێ هاوکات و له‌هه‌لومه‌رجێکی وه‌کویه‌کیش دا کۆ کرانه‌وه‌، به‌ڵام جیاوازی ئاشکراشیان له‌گه‌ڵ یه‌کتری هه‌بوو.
له‌و دوو رێژیمه‌ دا، ئازه‌ربایجانییه‌کان ڕیکخستنێکی باشتر و ئه‌زموونی سیاسی زیاتریان هه‌بوو و پشتیان دابووه‌ نه‌ریتێکی شۆڕشگێڕانه‌ که‌ پنچ و بناوانی ده‌گه‌یشته‌وه‌ شۆڕشی مه‌شڕووته‌ی ئێران له‌ ساڵانی 1909-1905.ئه‌و جیاوازییانه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ مه‌ڕ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ی که‌ له‌ کوردستان و ئازه‌ربایجان دا ڕێبه‌رایه‌تییان به‌ده‌سته‌وه‌ گرت خۆی نیشان ده‌دا. میر جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری و دوکتور سه‌لاموڵای جاوید وڕێبه‌ره‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجانی هه‌رکامێکیان کۆمۆنیستی کۆنه‌کار و به‌ ئه‌زموونی جیدی حیزبی بوون که‌ ده‌یان زانی وه‌دوای چ ئامانجێک که‌وتوون. 89 له‌کاتێک دا سه‌رانی کورد که‌سانی ساده‌ و خۆ پێگه‌یاندوو بوون زۆربه‌یان له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ دڵ ساف و ساویلکه‌ بوون و له‌ ڕووی ئیدێئۆلۆژیشه‌وه‌ ڕێبازێکی تایبه‌تییان نه‌بوو. زێهنییه‌تی بورژوازی و ده‌ره‌به‌گی سه‌رانی کورد له‌ گه‌ڵ شێوه‌ بیرکردنه‌وه‌ی مارکسیستی سه‌رانی ئازه‌ربایجان ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌کتری بوون. ته‌نانه‌ت قازیی محه‌مه‌دیش که‌ که‌سایه‌تی هه‌ره‌ زانا و هه‌ره‌ ڕووناکبیر بوو له‌ نێو کورده‌کان دا ته‌نێ هه‌ر پیاوێکی ئایینی خوێنده‌واری ناوچه‌یی بوو. 
ڕیشه‌ و بنه‌مای جیاوازیخوازی ئازه‌ربایجان که‌ گه‌یشته‌ پێکهاتنی فیرقه‌ی دێمۆکڕات و ڕیشه‌ و بنه‌مای بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی کورد که‌ له‌وه‌وه‌ کۆماری کوردیی مه‌هاباد په‌یدا بوو جیاوازی ئاشکرایان له‌گه‌ڵ یه‌کتری دا هه‌بوو. جیاوازیخوازیی ئازه‌ربایجانی له‌ ژێر کاردانه‌وه‌ی جموجووڵی تورکه‌کان و ڕووسه‌کان بۆ کز کردنی ڕایه‌ڵه‌ی وه‌فاداری و پێبه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خه‌ڵکی ئازه‌ربایجان دا بوو که‌ ئه‌وه‌ش به‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م داده‌ندرا بۆ وەسەرخستنەوە و یەکگرتنەوەی. جمهووری ئازه‌ربایجانی شووڕه‌وی که‌ ڕێکخستنێکی باشتری هه‌بوو ده‌یتوانی شوێنی زیاتر له‌ سه‌ر خزمه‌کانی بکا له‌و به‌ری سنوور. شووڕه‌وییه‌کان که‌ بێ گۆمان قه‌ت ده‌ستیان له‌ بیری ڕاکێشانی ئازه‌ربایجانی ئێران بۆ نێو ناوچه‌ی ده‌ستوپێوه‌ندی خۆیان و دواجار وه‌سه‌رخستنه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌گرتبوو، به‌ لێزانی ته‌واوه‌وه‌ له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێک که‌ زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی ئێتنیکی، کولتووری و جوگرافیایی ئه‌و دوو ئازه‌ربایجانه‌ی هێنابا گوڕێ،که‌لکیان وه‌رده‌گرت.
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ تورکه‌ عوسمانییه‌کان که‌ له‌ بڕگه‌یه‌کی مێژوویی دا بۆ ئه‌وه‌ی ئازه‌ربایجانی ئێران بکه‌نه‌ ئی خۆیان ڕقه‌به‌رییان له‌ گه‌ڵ ڕووسه‌کان ده‌کرد به‌تایبه‌تی له‌ ساڵانی به‌ر و نیزیک له‌ شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م به‌ زنجیره‌یه‌ک له‌ بانگه‌شه‌ و ته‌بلیغاتی به‌ربڵاوی پان ئیسلامی و پان توورانی یه‌وه‌ خه‌ریک بوون ( به‌ زه‌ق کردنه‌وه‌ی به‌ کارهێنانی زمانه‌کانی ئۆراڵ ئاڵتایی ئاسیایی نێوه‌ڕاست). له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌و کۆکراوه‌ی جموجووڵی له‌ نێوه‌ند ڕه‌ویوینه‌وه‌ی که‌ تورکه‌کان و ڕووسه‌کان سازیان کرد بوون له‌ کۆنه‌وه‌ ئازه‌ربایجانیان کرد بووه‌ ئامانجی خۆیان و هێندێک جاریش لایه‌نگری له‌و دوو هێزه‌ ڕقه‌به‌ره‌ خۆی نیشان دابوو و ده‌شێ ئه‌و بزووتنه‌وه‌ شووڕه‌وی خوازانه‌یه‌ی که‌ له‌ ساڵانی 46-1945/ 25-1324 له‌ ژێر ڕێبه‌ری دێمۆکڕاته‌کانی ئازه‌ربایجان دا سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ هه‌نگاوی هه‌ره‌ جیدی دابندرێ که‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌دیهێنانی ڕاکێشانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌لایه‌ن ڕووسیه‌ی شووڕه‌وییه‌وه‌ هه‌لهێندرابێته‌وه‌. 
ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی که‌ گه‌یشته‌ دامه‌زرانی کۆماری مه‌هاباد یه‌کێک له‌ ده‌ربڕین و ده‌رکه‌وته‌کانی ناسیۆنالیزمی شاراوه‌ی کورد بوو که‌ جار‌ و بار له‌ یه‌کێک له‌ هه‌رێمه‌ کوردنشینه‌کاندا گڕی ده‌گرت. ده‌ستپێکردنه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵێنانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ که‌ سه‌ره‌ڕای شکانی په‌یتا په‌یتایان،ئاواتی کوردان بۆ سه‌ربه‌خۆیی قه‌ت به‌ ته‌واوی له‌ نێو نه‌چووه‌. ده‌بێ ئاماژه‌ی پێ بکرێ که‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ کوردییانه‌ ته‌بیعه‌تی خۆچۆش و ناوچه‌ییان هه‌بووه‌ و قه‌ت شێوه‌ی جووڵانه‌وه‌یه‌کی په‌ره‌گر و هه‌موو گره‌وه‌یان به‌خۆوه‌ نه‌گرتووه‌. له‌ ڕاستییدا، کورده‌کان قه‌ت شانبه‌شانی یه‌کدی ڕاپه‌ڕینێکی یه‌کگرتوویان نه‌کردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی هه‌رکام ‌ له‌و چه‌ند ووڵاتانه‌ی دا که‌ نیشته‌جێی ئه‌وێن. ئه‌وه‌ش بێگومان ئاکامی نه‌بوونی ڕێکخستنێکی نێوه‌ندییه‌ که‌ بتوانێ چالاکی کورده‌کان له‌ هه‌رکوێیه‌ک بێ ڕێک بخا و به‌ڕێوه‌ی به‌رێ. 
له‌وه‌ش زیاتر فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان به‌ هه‌بوونی ڕێکخستنێکی له‌کارهاتووتر و ڕێبه‌رانی به‌ ئه‌زموونتر و لێزانتر له‌ به‌راورد کردن له‌گه‌ڵ کورده‌کانی مه‌هاباد دا، ئه‌رکێکێکی ساده‌تریشی له‌ به‌ر ده‌م بوو که‌ بریتی بوو له‌ سازکردنی زه‌مینه‌ی وه‌سه‌رخستنه‌وه‌ی ئازه‌ربایجانی ئێران له‌ یه‌کێتیی شووڕه‌وی.90 ئه‌وان توانییان هه‌موو توانایی خۆیان له‌ سه‌ر نوخته‌یه‌ک کۆبکه‌نه‌وه‌ و حه‌ولی خۆیان جگه ‌له‌و ڕێگایه‌ دا نه‌بێ له‌ سه‌ر شتێکی دی دانه‌نێن. له‌کاتێک دا ئه‌رکی به‌رده‌م ڕێژیمی مه‌هاباد به‌و هاسانییه‌ نه‌بوو. ئه‌وان ده‌یانه‌ویست کاکڵی ده‌وڵه‌تێکی هه‌مووگره‌وه‌ی کورد دامه‌زرێنن که‌ هه‌موو خاکی کوردی وه‌به‌ر بگرێ. ئه‌گه‌رچی له‌و بڕگه‌ مێژووییه‌ دا ده‌گژ ئێران ڕۆهاتبوون به‌ڵام ده‌یانزانی دواجار ده‌بێ به‌شه‌ گه‌وره‌تره‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ کورده‌ی دادێش له‌ تورکیا‌ و عێڕاق و سووریا‌ جوێ که‌نه‌وه‌.
یه‌کێکی دیکه‌ له‌ جیاوازییه‌ گرینگه‌کانی نێوان جمهووری کورد و ڕێژیمی ئازه‌ربایجان که‌ ده‌کرێ باسی لێوه‌بکرێ ته‌رخان بوونی به‌ڕێژه‌ی مه‌هاباد بوو له‌ ئاست ده‌ستێوه‌ردانی ڕۆژانه‌ی شووڕه‌وی. له‌ به‌راورد کردن له‌ گه‌ڵ ئازه‌ربایجان هه‌بوونی هه‌ڵسووڕاوی شووڕه‌وی له‌ مه‌هاباد هێنده‌ی هه‌ست پێ نه‌ده‌کرا و ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ کاریان ده‌کرد،خۆیان که‌متر ڕاده‌نا و هه‌ڵسوکه‌وتیان قوڵوومه‌ندییه‌کی زیاتری پێوه‌ دیار بوو.سه‌ڕه‌ڕای وه‌درۆخستنه‌وه‌ و شاردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ وا وه‌به‌رچاو دێ که‌ شووڕه‌وییه‌کان نوێنه‌رێکی هه‌میشه‌یی یان له‌ مه‌هاباد هه‌بوو بێ و یه‌کێک له‌ دوایین نوێنه‌ره‌کانیان له‌ مه‌هاباد که‌ ده‌گوترێ تا زه‌مانی ڕووخانی ڕێژیمی قازیی محه‌مه‌د له‌وێنده‌رێ بووه‌ و دواتر هه‌ڵات بۆ کۆنسوولخانه‌ی شووڕه‌وی له‌ ته‌ورێز که‌سێک بوو به‌ نێوی ئه‌سه‌دۆف.91
ئه‌و فه‌زایه‌ی باڵی به‌سه‌ر مه‌هاباد دا کێشابوو له‌گه‌ڵ که‌شوهه‌وای زاڵ له‌ ئازه‌ربایجان جیاوازی ئاشکرای هه‌بوو.ئازادییه‌ که‌سییه‌کان له‌ ته‌ورێز به‌ته‌واوی به‌رته‌نگ کرابوون و ته‌نانه‌ت له‌ به‌کارهێنانی شێوه‌ی تێڕۆریستیش ده‌ست نه‌ ده‌پارێزرا، له‌کاتێک دا له‌ مه‌هاباد کورده‌کان له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی مه‌هاباده‌وه‌ ڕاو نه‌ده‌نران و ئه‌زییه‌ت نه‌ده‌کران و زه‌برو زه‌نگ به‌دژی دژبه‌ران، ڕێزپه‌ر بوو. یه‌کێک له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ئێرانی که‌ باسی پێشوه‌چوونه‌کانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی کردووه‌ په‌سنی حوکمڕانی نه‌رموونیان و له‌سه‌ره‌خۆی قازیی محه‌مه‌دی داوه‌. ئه‌و ده‌ڵێ قازیی محه‌مه‌د کۆتایی هێنا به‌ تاڵان وڕێگری، جا بۆیه‌ شارۆمه‌ندانی مه‌هاباد ده‌وره‌یه‌کی کورتی ئاشتی و هێمنیان ته‌جروبه‌ کرد. له‌و ماوه‌یه‌ی دا که‌ قازیی محه‌مه‌د ده‌سته‌ڵاتدار بوو، ده‌گوترێ ته‌نێ پیاوێک کووژرا.92
ڕوزڤێڵت ئه‌م ‌ به‌راوه‌رده‌ی خواره‌وه‌ ده‌کا له‌ نێوان ئه‌و دوو ڕێژیمه‌ دا:
" له‌کاتێک دا تێڕۆریزم به‌ سه‌ر ئازه‌ربایجانی ڕۆژهه‌ڵات دا حوکمی ده‌کرد و که‌س ده‌ستی وه‌به‌ر نه‌ده‌هێنا، له‌ کوردستان ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین هیچ زیندانیی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵام ژماره‌یان که‌م بوو و جگه‌ له‌ یه‌ک دوو نموونه‌دا نه‌بێ هیچ ڕاپۆڕتێک سه‌باره‌ت به‌ کوشتنی سیاسی به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌. هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یه‌ک له‌ کورده‌کان که‌ حه‌زیان له‌ جمهووری نه‌بوو هه‌ڵاتن بۆ تاران. له‌ شه‌قامه‌کانی مه‌هاباد دا ده‌نگی به‌رنامه‌ی ڕادیۆییه‌کانی ئانکارا و له‌نده‌ن وه‌به‌رگوێیان ده‌که‌وت له‌کاتێکدا له‌ ته‌ورێز گوێ دانه‌ ئه‌و به‌رنامانه سزای مه‌رگی به‌دواوه‌ بوو. هۆی ئه‌و ئازادییه‌ له‌ به‌ر لیبێڕالیزم و میانه‌ڕۆیی قازیی محه‌مه‌د و حکوومه‌ته‌که‌ی بووبێ یان له‌به‌ر لێبوونی ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی که‌ کرده‌وه‌ی به‌ زه‌بر و زه‌نگیان به‌ دژی ئه‌و که‌سانه‌ ته‌حه‌موول نه‌ده‌کرد که‌ سه‌ر به‌ خۆیان بوون، ئه‌و ڕێژیمه‌ هه‌رنه‌بێ له‌ نێو خه‌ڵکی مه‌هاباد دا خۆشه‌ویست بوو و به‌ دوور بوو له‌ ئه‌و به‌رتیل سه‌ندن و زۆردارییه‌ی که‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی حکوومه‌تی نێوه‌ندیی ئێران بوو.93
به‌ کۆتایی کاری ئه‌و دوو ڕێژیمه‌ یه‌کێکی دیکه‌ له‌ جیاوازییه‌ چاوڕاکێشه‌کانی ئه‌وان وه‌ڕوو که‌وت. ئازه‌ربایجان شاهیدی کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاوی جه‌ماوه‌ری بوو به‌ دژی ڕێژیمی دێمۆکڕاته‌کان، له‌ کاتێکدا له‌ مه‌هاباد هیچ شتێکی ئاوا ڕووی نه‌دا. به‌پێی نووسینی ڕۆزڤێلت،
" ... له‌ سه‌رتاسه‌ری ئازه‌ربایجان هه‌ر که‌ یه‌که‌م نیشانه‌کانی ڕووخان وه‌ده‌رکه‌وتن،جووتێران، کرێکاران و کاسبکاران ده‌ستیان کرد به‌ کوشت و بڕی دێمۆکڕاته‌کان. ئه‌و کاردانه‌وه‌خۆجۆشه‌ بۆخۆی به‌ڕوونی نیشانه‌ی نه‌فره‌ت وبێزاری خه‌ڵک له‌و ڕێژیمه‌ بوو. به‌ڵام له‌ مه‌هاباد هه‌موو شت به‌ ئارامی تێپه‌ڕی و ئه‌وه‌ له‌ حاڵێک دا بوو که‌ له‌ ئازه‌ربایجان پۆلیسێکی نهێنی به‌هێزیش هه‌بوو که‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخێکی ئاوا له‌ ئاسایی به‌ده‌ریش ئاماده‌یی تێدا بوو له‌ کاتێکدا قازیی محه‌مه‌د ته‌نانه‌ت ئامرازێکی ئه‌وتۆی له‌ به‌ر ده‌ست دا نه‌بوو. ئه‌و ڕاستییه‌ خۆی ده‌کرێ له‌دووی ئه‌و گوزارشتانه‌ بدا و بیان سه‌لمێنێ که‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆشه‌ویست بوونی رێژیمی قازیی محه‌مه‌د ، هه‌ر نه‌بێ له‌ پێته‌خته‌که‌ی خۆیدا. 94
مه‌سه‌له‌ی یارمه‌تییه‌کانی شووڕه‌وی به‌ مه‌هاباد
ئه‌و شۆرو شه‌وقه‌ی هه‌ستان و ڕووخانی جمهووری که‌م ته‌مه‌نی مه‌هاباد سازی کرد له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵ دا نیشته‌وه‌ به‌ڵام لێدوان، لێکدانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ و نێوه‌رۆکی ئه‌و کۆماره‌ هه‌ر ئاوا به‌رده‌وامه‌. هێندێکان ئه‌و کۆماره‌ ته‌نێ به‌گه‌ڵاڵه‌یه‌ک ده‌زانن که‌ شووڕه‌وی سازی کرد و ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌ له‌وباوه‌ره‌ دان‌ ئه‌وه‌ ئاکامی هه‌ڵچوونی هه‌ست ونه‌ستی ناسیونالیستیی کورد بووه‌.  بۆ پشتیوانی له‌و دوو بۆچوونانه‌ هه‌ر دووکیان زۆر شت ده‌کرێ بگوترێ.
ڕێژیمی مه‌هابادبه‌شێکی گرینگ له‌ دنه‌ و دڵگه‌رمی خۆی له‌ یه‌کێتیی شووڕه‌وی وه‌رگرت و زۆر له‌ کورده‌کانیش سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی ئه‌و ئه‌زموونه‌یان به‌ به‌رده‌وامی هاوڕێیه‌تی و پشتیوانی شووڕه‌وی ده‌به‌سته‌وه‌. به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رجۆره‌ حه‌ولدانێک بۆ له‌به‌رچاونه‌گرتنی سوێی ناسیۆنالیستی کورد و به‌ که‌م دانانی ده‌ورێکی که‌ کورده‌کان خۆیان له‌و ڕێبازه‌ دا گێڕایان، هه‌م بێ ئینسافانه‌ یه‌ و هه‌م ‌ دووره‌ له‌ ڕاستی. هه‌ر گرینگییه‌کیش له‌و‌ بواره‌ دا بدرێ به‌ هۆکاری شووڕه‌وی هیچ گومانی تێدا نییه‌ که‌ دیارده‌ی مه‌هاباد به‌بێ هه‌بوونی جووڵه‌یه‌کی به‌هێزی ناسیۆنالیزمی کورد،مه‌یسه‌ر نه‌ده‌بوو. 
له‌و سەر‌وبه‌ندی دا قسه‌یه‌کی زۆڕ له‌ مه‌ڕ یارمه‌تی شووڕه‌وی به‌ ڕێژیمی مه‌هابادێ ده‌کرا. له‌ چاپه‌مه‌نی ڕۆژئاوا دا ده‌ست کرا به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی زۆر سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تی نیزامی شوڕه‌وی و ده‌ستێوه‌ردانی له‌زێده‌ی شووڕه‌وی له‌ کاروباری کورده‌کان دا.  ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ به‌هاری ساڵی 1946/1325 واته‌ هاوکات له‌گه‌ڵ هێرشی کورده‌کان بۆ سه‌ر سه‌ربازخانه‌کانی ئێران له‌ بانه‌،سه‌قز، سه‌رده‌شت و شوێنه‌کانی دیکه‌ی ‌ کوردستانی ئێران زیاتر بوون و ته‌بیعه‌تێکی وورووژێنه‌ریان بو خۆوه‌ گرت.
له‌ مارسی 1946/1325ی هه‌تاوی دا گوزارشت کرا ڕووسه‌کان کورده‌کانی ئێران په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن و چه‌کیان ده‌ده‌نێ و به‌ قاچاغی خه‌ریکی ناردنی چه‌کن بۆ کورده‌کانی عێڕاق و تورکیا‌ . ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ش کرا ‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌فسه‌رانی شووڕه‌وی وه‌کوو ڕاوێژکار  له‌گه‌ڵ کورد ه‌کانی ئێران که‌وتوون.95 هێندێک گوزارشتی دی ئیدیعایان کرد‌ شووڕه‌وی به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌ر ئامۆژگاری کورده‌کان و دانی یارمه‌تی تێکنیکی و چه‌کوچۆڵ به‌وان.96 له‌ سه‌ره‌تاکانی مانگی ئاوریلی 1946/ نێوه‌ڕاستی خاکه‌لێوه‌ی 1325 هێندێک خه‌به‌ر بڵاو بووه‌وه‌ له‌ مه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌کان له‌و هێزانه‌ی شووڕه‌وی که‌ له‌ میاندواو دامه‌زرابوون بیست تانک، چوار کامیۆن و ژماره‌یه‌کی نادیار خومپاره‌هاوێژ و چه‌کوچۆڵی دیکه‌یان وه‌رگرتووه‌.97 به‌ڵام گوزارشتی ئه‌و جۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تی ڕووسه‌کان به‌ کورده‌کان هه‌ڵبه‌ستراو بوون و گه‌وره‌ ده‌کرانه‌وه‌. ئێستا ڕوون بووه‌ته‌وه‌ که‌ یه‌کێک له‌ هۆیه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ڕووخانی جمهووری مه‌هاباد به‌ ووردی نه‌بوونی ئه‌و جۆره‌ یارمه‌تییانه‌ بووه‌. له‌ ڕاستیدا ڕێژیمی قازیی محه‌مه‌د جگه‌ له‌ پشتگه‌رمی و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی یارمه‌تی که‌ قه‌ت جێ به‌جێ نه‌کران، هیچ یارمه‌تییه‌کی دیکه‌ی وه‌رنه‌گرت.
ژێرنووسه‌کان
1-
Elphinston,”The Kurdish Question” International Affairs (London) 22, NO.1,(Jan.1946),97.

جگه‌ له‌ زۆر ئه‌نباری چه‌کوچۆڵی نیزامی که‌ وه‌ده‌ست کورده‌کان که‌وت. وا گوزارشت کراوه‌ زۆر له‌ سه‌ربازانی ئێرانیش که‌ خزمه‌تی سه‌بازیان جێ ده‌هێشت ، چه‌که‌کانی خۆیان دا به‌ عه‌شێره‌ته‌کورده‌کان.

Archie Roosevelt,Jr.,” The Kurdish Republic of Mahabad”, Middle East Journal, NO.3, (July 1947),248

(ڕوزڤێڵت جێگری ئاتاشه‌ی نیزامی ئه‌مه‌ریکا بوو له‌ ئێران و له‌ نێوان مانگی مارسی 1946 تا مانگی فێڤرییه‌ی 1947 له‌ تاران بوو.)

2-
Ann K.S. Lambton, Landlord and Peasant in Persia: 1 Study of Land Tenure and Land Revenue Administration (London, Oxford University Press 1953), P.285.

3- به‌ پێی نووسینی ڕوزڤێڵت "... کورده‌کانیش وه‌کوو ئێرانییه‌کانی دیکه‌ ‌ ڕه‌زا شا ناچاری کردبوون ده‌ست له‌ جلوبه‌رگی خۆجێی خۆیان هه‌ڵ گرن،ئه‌وان ئه‌و جلوبه‌رگانه‌یان به‌ نیشانه‌ی ئابڕووی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دا ده‌نا و له‌ ماڵه‌کانیان دا شاردیاننه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی که‌ به‌ هێرشی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر ئێران دیسان ئه‌و جلوبه‌رگانه‌یان ده‌به‌ر کرده‌وه‌...ئه‌و به‌رته‌نگیانه‌ی ڕه‌زا شا له‌ سه‌ر جلوبه‌رگ ده‌به‌ر کردنی دانا بوو، بووه‌ هۆی بێزاری خه‌ڵک له‌وی و له‌ ڕێژیمه‌که‌ی."

Roosevelt 251,n; Also A.M. Hamilton, Road Through Kurdistan ( London: Faber and Faber,1973),296.

4- وه‌ک پێشتر باس کرا سمکۆ ئاغای شکاک و ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه‌ له‌ شنۆ به‌فێڵ و خائینانه‌ کووژران. ڕه‌زا شا سه‌ید ته‌های نه‌هری شی خسته‌ زیندانه‌وه‌ و به‌وجۆره‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه‌، پاشان ده‌رمانداوی کرد و کوشتی.

William O.Douglas, Strange Lands and Friendly People(New York: Harper and Bros.,1951),125-26

داگڵاس له‌ کتێبه‌که‌یدا باسی دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رانی به‌ختیاری و ئێعدامی هه‌شتا که‌س له‌ سه‌رانی لوڕ و مردنی ڕێبه‌ری قه‌شقاییه‌کانیش به‌ قاوه‌ له‌ زیندان دا ده‌کا.(139) به‌ پێی نووسینی داگلاس، ده‌گوترێ به‌کار هێنانی قاوه‌ی ده‌رماناوای بۆ ده‌رمانداو کردنی خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ به‌ربڵاو بوو که‌ ئه‌و کاره‌ به‌ " قاوه‌ی په‌هله‌وی" به‌نێوبانگ بوو.

5- بۆ وێنه‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ بکرێ به‌ عه‌شیره‌تی گه‌ڵباغی که‌ له‌ زێدی خۆیان له‌ کوردستان ڕیشه‌کێش کران و له‌ شوێنی وه‌ک هه‌مه‌دان، ئیسفه‌هان و یه‌زد په‌ڕاگه‌نده‌ بوون. دێیه‌کانیان دران به‌ حه‌شیمه‌تێکی تورک زمان که‌ له‌ شوێنی دیکه‌ی ووڵاته‌وه‌ هێندرابوونه‌ ئه‌وێنده‌رێ . گه‌ڵباغییه‌کان دوای وه‌لاچوونی ڕه‌زا شا گه‌ڕانه‌وه‌ زێدی خۆیان.

Lambton. 285-86,

6-
Elphinston, 3The Kurdish Question,” 97.

7-
Ibid.

8-
Lambton, 286.

9-
Roosevelt,284.

10-
Elphinston, “ The Kurdish Question” 98; also Elphinston, “ The Kurdish Question,” Journal of the Royal Central Asian Society 35,part 1, (Jan.1948), 46.

11-
Roosevelt,284.

12- لانگریک که‌ باسی ئه‌و ڕووداوه‌ی کردووه‌، ئه‌وه‌ ناڵێ داخودا ئه‌و سه‌رۆک عه‌شیره‌تانه‌ ئی ناوچه‌کانی بن کۆنتڕۆلی بریتانیا یان ئی هه‌رێمی به‌ر ده‌ستی کورده‌کان بوون.سه‌باره‌ت به‌ نێوه‌رۆکی پێشنیازه‌که‌شیان زانیاری زیاتر به‌ده‌سته‌وه‌ نادا.
Longrigg, Iraq,1900 to 1950 Political, Social, and Economic History (London: Oxford University Press, 1953),324

13-
Elphinston, “ The Kurdish Question,” 97; Roosevelt,248;Longrigg, Iraq,1900 to 1950,324

14-
Ibid.

15-
Roosevelt,248.

16-
Elphinston, “The Kurdish Question,” 98.

به‌پێی نووسینی لانگریگ حه‌مه‌ڕه‌شید له‌ عێڕاق له‌ دایک ببوو و له‌ سه‌روبه‌ندێکیش دا هاو ووڵاتێتی دوانه‌ی هه‌بوو دوای په‌ڕێنه‌وه‌ له‌ سنووری ئێران و عێڕاق ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و له‌ که‌رکووک خزا به‌ندیخانه‌.

Longrigg, Iraq, 1900 to 1950,324

17-
Roosevelt, 248.

18-
Ibid.

19- “
Axis Propagandists in Turkey – Incitement of Kurds,” Times ( London), Apr.29,1944.

20-
Roosevelt,251.

21-
Witold Rajkowski, “ Another Danger Spot – Kurdistan,” World Review ( June 1946),

22-
Roosevelt,251.

23-
Ibid,250, see also Douglas,57ff

24-
Roosevelt, 250.

25-
Ibid.

26-
Ibid., 251.

27-
Ibid.,252.

28-
Ibid.

29-
Ibid., 252-53.

30-
Ibid.

31- نه‌جه‌فقوڵی پێسیان. له‌ مه‌هابادی خوێناوییه‌وه‌‌ تا کناری ئاراس،تاران، چاپخانه‌ دیار نییه‌. لاپه‌ڕه‌ی 152.
به‌ پێی نووسینی نیکیتین، قازیی فه‌تتاح له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی دا مه‌زنی بنه‌ماڵه‌ی قازی بوو.
Basil Nikitine, Les Kurdes: Etude Sociologiyue et historique(Paris,1956),136,n.1

32-پێسیان، هه‌مانجێ. لاپه‌ڕه‌ی 153

33-
Roosevelt,262.

له‌و پێوه‌ندییه‌ دا ده‌کرێ قازیی محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ سه‌تتار خان، یه‌کێک له‌ ڕێبه‌رانی شۆڕشی مه‌شڕووتییه‌ت له‌ ئازه‌ربایجان به‌راورد بکرێ. بۆ زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌ تێکچوونی به‌ره‌به‌ره‌ی خه‌سڵه‌تی سه‌تتارخان بڕوانه‌:

Edward Granville Browne, The Persian Revolution of 1905-1909 (Cambridge: Cambridge University Press, 1910),570.
34- پێسیان، له‌ مه‌هابادی خوێناوییه‌وه‌... 176.

35-
Roosevelt, 261.

36-
Ibid.

37-
Ibid.

38- حاجی بابه‌ شێخ که‌ سه‌رۆکوه‌زیری ڕێژیمی مه‌هاباد بوو له‌ باسی سه‌فه‌ری خۆی دا بۆ باکۆ که‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی دی له‌ سه‌رانی کورد چووه‌ ئه‌وێ ده‌نووسێ ئاتا کیشیۆف یه‌کێک له‌و چه‌ند کاربه‌ده‌ستانه‌ی شووڕه‌وی که‌ چاوی به‌وان که‌وت هێندێک فه‌رمانی پێدان ( هه‌ڵبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ نێوه‌رۆکی ئه‌و فه‌رمانانه‌ هیچ شیکردنه‌وه‌یه‌ک به‌ ده‌سته‌وه‌ نادا)که‌ ده‌بێ موو به‌ موو جێ به‌ جێی بکه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردن ئه‌وانه‌ی‌ جێ به‌ جێی نه‌که‌ن به‌ توندی سزا ده‌درێن. حاجی بابه‌ شێخ ئیدیعا ده‌کا قه‌یرانێک ساز بوو دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و دژایه‌تی ده‌ربڕی له‌ ئاست فه‌رمانه‌کانی ژه‌نه‌ڕاله‌که‌ و، قازیی محه‌مه‌د هه‌ڕه‌شه‌ی کرد خۆی ده‌رمانداو ده‌کا.ئه‌و لێی زیاد کرد دواجار دوای پازده‌ ڕۆژ مانه‌وه‌ ڕێگایان پێ درا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ووڵاتی خۆیان. [!!] وا وه‌به‌رچاو دێ ‌ هێندێک له‌ سه‌رانی کورد زیاتر له‌ جارێک سه‌ری باکۆیان دابێ. به‌ قسه‌ی حاجی بابه‌شێخ، قازیی محه‌مه‌د دووجار و سه‌یفی قازی سێ جار سه‌ردانی باکۆیان کرد. بڕوانه‌ پێسیان. له‌ مه‌هابادی خوێناوییه‌وه‌... 74-173

39-
Roosevelt, 254; Kurdish League, Memorandum sur le situation des Kurdes et leurs revendications (Paris: imprimerie Louis Jean-Gap,1948), 38, and bulletin du Centre d’Etudes Kurdes ( 1948), 17 ( also published by the Kurdish League).

40- به‌ پێی گێڕانه‌وه‌ی:

Roosevelt, 255; Kurdish league, Memorandum sur la situation des Kurdes, 39; Kurdish League Memorandum sur la situation des Kurdes, 21-22; Bulletin du Centre d’Etudes Kurdes ( 1948), 17-18.

پێسیان. مه‌رگ هه‌بوو، بادانه‌وه‌ش هه‌بوو. تاران: شیرکه‌تی سه‌هامی چاپ 1328ی هه‌تاوی.لل 60- 156-41

Cf. Nikintine, Les Kurdes, 201-2; Lucien Rambout, Les Kurdes et le droit: Des texts, des Faits, Paris: Edition du Cerf, 1947, 102-3

42-
Daily Express (London) Mar.16, 1946; also Rambout, 101-2.

43-
Rambout, 104.

44-
Stepanov,24.

45-
Roosevelt, 262.

46- هه‌ر دووی ئه‌و بڵاوکراوانه‌ نێویان کوردستان بوو و به‌ ئۆرگانی ڕه‌سمی ڕێژیمی مه‌هاباد ده‌ژمێردران.

-47
Roosevelt, 262.

48-
Rambout,104

49- ده‌وڵه‌تی ئێران به‌ دانی وه‌بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ک به‌ یه‌کێتیی شووڕه‌وی " ئعترازی کرد له‌ هێنانی که‌لوپه‌لی چاپ و کاغه‌ز له‌ لایه‌ن سه‌رانی کورده‌وه‌ له‌ یه‌کێتیی شووڕه‌وی ڕا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی چالاکییه‌کانیان."

Roosevelt, 262- 263.

50-
Ibid. 263.,

51-
Ibid. 264.,

52-
Kurdish League, Memorandum sur la situation des Kurdes, 40-41 ; also Rambout, 105.

53-
Kurdish League, Memorandum sur la situation des Kurdes, 41; “ Resume du memorandum sur la situation des Kurdes, “ bulletin du Centre d’ Etudes Kurdes, no.2 (1948), 19; Summary on the Memorandum on the situation of the Kurds and their claims ( Paris: Imprimerie Louis jean-Gap, 1949), 23.Cf. Rambout, 106.

54-
Kurdish League, Memorandum sur la situation des Kurdes, 41; Rambout, 106; Kurdish League, Memorandum on the situation of the Kurds, 23.

55-
Rambout, 107; Kurdish League, Memorandum sur la situation des Kurdes,41; Kurdish League, Memorandum on the situation of the Kurds, 23.

56- له‌مه‌ر ئه‌و جوێبوونه‌وه‌ سیاسییه‌ ده‌نێو کورده‌کان دا بڕاونه‌:

Maurice Ferro,” La Republique Autonome Kurd d Azerbaidjan” , Le Monde, May 8, 1946; The Scotsman, No.26, 1946; Nikitine, letter to editor, Manchester Guardian, Sept.15,1950

بۆ زانیاری سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی عه‌شیره‌ته‌کان بڕوانه‌: -57

Roosevelt, 261- 53, 265-66.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ دا ئاماژه‌ ده‌کرێ به‌ سۆنگه‌ و هۆی دژایه‌تی عه‌شیره‌ته‌کان له‌گه‌ڵ رێژیمی مه‌هاباد.

58-
Ibid., 53- 252-265

59-
Ibid., 260.

60-
Ibid.,260 n.8

61-
Ibid,257 n.3.

62-
Ibid., 268

63-
Ibid., 252; Douglas,82.

64-
Ibid, 73-76,n.5.

65-
Roosevelt, 259, n.5.

هه‌ر وه‌ها پێسیان. له‌ مه‌هابادی خوێناوییه‌وه‌ ...،ل 158

66-
Roosevelt, 265.

67-
Douglas, 59.

68-
Ibid., 73.

69- پێسیان، له‌ مه‌هابادی خوێناوییه‌وه‌.... ل.174

70- هه‌ر له‌وێ، ل. 92

71-
Roosevelt, 267-68.

72- پێسیان، هه‌ر له‌وێ لل. 47-45

73-
Roosevelt, 265.

74- به‌ پێی نووسینی پێسیان شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌و قسانه‌ی له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی مه‌هاباد بۆ وی باس کردووه‌. ئه‌و به‌ر له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ قورئانێکی هێناوه‌ و داوای له‌ پێسیان کردووه‌ سوێند بخوا جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و به‌خته‌وه‌ری ئێران هیچی له‌ دڵ دا نییه‌.پێسیان، 2 : 26-25.

75- ده‌بێ له‌به‌رچاوبگیرێ که‌ ئێستا مامه‌شه‌کان به‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ پێوه‌ندیی ڕووسی جمهووری مه‌هاباد، به‌ دژی قازیی محه‌مه‌د چالاک بوون، له‌ ساڵانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیش دا18-1914 له‌ لایه‌نگرانی سه‌رئیشکی هێزه‌ عوسمانییه‌کان بوون . ده‌گوترێ که‌ باییز پاشا ڕێبه‌ری مامه‌شه‌کان[!!] دوای قه‌ومانی شه‌ڕێکی قورس له‌ نێوان سواره‌ی کورد و یه‌که‌یه‌کی قه‌زاق دا که‌ تێیدا کوڕه‌که‌ی کووژرا تێلگرافی ناردبوو که‌" کوڕی هه‌ره‌ چکۆڵه‌م که‌ ڕووسێکی زۆری سلار کرده‌وه‌ له‌ به‌ر برینه‌ سه‌خته‌کانی گیانی ئه‌سپارد و بوو به‌ ته‌سه‌دوقی سه‌ری ده‌رگای سوڵتان. ئه‌گه‌ر خودا موقه‌ده‌ری کا خۆم و کوڕه‌کانی دیکه‌شم ئاماده‌ین له‌ پێناو خه‌ڵیفه‌ دا فیدا بین."

Nadip, Battariye Iie Atash, 62

به‌ پێی گێڕانه‌وه‌ی عه‌بباس ئه‌لعزاوی. " نادیف،بطارییه‌ اله‌ آتش، 62

76- هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێ کرا ئه‌مه‌رخانی شه‌ریفی ڕێبه‌ری هه‌ره‌ گه‌وره‌ی شکاکه‌کان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لایه‌نگری ڕێژیمی مه‌هاباد بوو. به‌ پێی نووسینی داگلاس ئه‌مه‌رخان له‌به‌ر شه‌ڕ به‌ دژی تورکه‌کان له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له‌ زیندانی تورکییه‌ دا بوو.

Douglas, 74.

77-
Roosevelt, 265.

78-
Ibid., 266.

79-
Ibid.

80-
Ibid.

81-
Ibid.

82- پێسیان.، هه‌مان شوێن، 169

83- هه‌مان. 173

84- هه‌مان.

85- ئه‌و ڕووداوه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌نووسه‌رانی نه‌ته‌وه‌خوازی کورد ئاماژه‌ی پێ بکا که‌ لوڕه‌کان زۆر جار سه‌لماندوویانه‌ ‌ به‌شی هه‌ره‌ پایه‌د‌ار و هه‌ره‌ به‌وه‌فای ناسیۆنالیسته‌ کورده‌کانن.
[
Hilmi], The map of Kurdistan,8, cited in Rambout,80.

86- جگه‌ له‌و چوار که‌سه‌، پازده‌که‌سی دیکه‌ش ئێعدام کران. گوزارشت کراوه‌ که‌ به‌ هه‌زاران له‌ ئه‌ندامی عه‌شیره‌ته‌ کورده‌کانیش بۆ ده‌ربڕینی ئعترازی خۆیان خۆپێشاندانیان کردووه‌.

Daily Express (London), June 23, 1947. Cf. Al-Brifkani, 29-30

87-
Dengé Kurdistan,no.2 ( Aug.1949),10.

88-
Ibid.,11.Cf. Bulletin d’Etudes Kurdes,no.4,10-11

89- سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌وه‌ری و سه‌رانی دیکه‌ی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان بڕاونه‌:

L.P.Elwell – Sutton, “ Political Parties in Iran,” Muddle East Journal 3,no.1 ( Jan.1949): 45-62.

وه‌ له‌ مه‌ڕ ئه‌ندامانی حکوومه‌تی فیرقه‌ له‌و سه‌روبه‌ندی دا:

George Lenczowski, “ The Communist Movement in Iran,” Middle East Journal 1 ( 1947), 43n. 37 and passim.

90- به‌ پێی نووسینی ڕوزڤێڵت ئامانجی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان بریتی بوو له‌ "... ئه‌نجام دانی شۆڕشێك، ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئوستان و ئه‌گه‌ری داوای وه‌سه‌رخستنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر یه‌کێتیی شووڕه‌وی".

Roosevelt, 253.

91-
Ibid.,264.

به‌ پێی ڕاپۆرتی یه‌کێک له‌ سه‌رچاوه‌ ئێرانییه‌کان وه‌به‌رچاودێ ئه‌سه‌دۆف له‌ مه‌هاباد کۆنتڕۆلێکی به‌ربڵاوی ده‌کار کردبێ. پێسیان،هه‌مان جێ، 174.

92- پێسیان، هه‌مان جێ 161.

93-
Roosevelt, 264-65

94-
Ibid., 267.

95-
New York Times,Mar.21, 1946; Manchester Guardian, Mar.21, 1946; Evening Standard, Mar.21,1936.

96-
Times ( London), Mar.23, 1946

97-
New York Times, Apr.4, 1946 ; Times ( London), Apr.4,1946.

به‌ ته‌نیشت ئه‌و ڕه‌قه‌مانه‌ی ڕۆژنامه‌ ڕۆژئاواییه‌کان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ داوه‌، یه‌کێک له‌ لێکۆله‌ره‌وه‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌کانیش له‌ووتارێک که‌ له‌ گۆواری فارین ئه‌فێرز دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر باسی ئه‌و جۆره‌ ڕه‌قه‌مانه‌ ده‌کا. بڕاوننه‌:

WilliamLinn, Westerman, “ Kurdish Independence and Russian Expansion,” Foreign Affairs, 24,No.4 

(
July 1946), 676.

تێبینی وه‌رگێڕ: ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ندی پازده‌هه‌می کتێبی وه‌دیع جووه‌یده‌یە:

Wadie Jwaideh, Kurdish National Movement, Its Origins and Development, Syracuse University Press, 2006,pp.243-66

" بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، ڕه‌چه‌ڵه‌ک و پێشوه‌چوونه‌کانی" که‌ له‌ ساڵی1960 پێشکێشی زانکۆی سیراکسی کرد و هه‌تا ساڵی 2006 واته‌ 5 ساڵ دوای مه‌رگی خۆی وه‌ک کتێب چاپ نه‌کرا. ئه‌گه‌رچی زیاتر له‌ 50 ساڵ له‌ نووسینی ئه‌و دوکتورانامه‌ ڕاده‌برێ، به‌ڵام تێخوێندنه‌وه‌کانی نووسه‌ر کۆن نه‌بوون. سه‌باره‌ت به‌ مێژووی جمهووری کوردستان جووه‌یده‌ سه‌رچاوه‌ی چاپکراو و له‌ نێو ئه‌واندا زانیارییه‌کانی ڕۆزڤێڵت، داگڵاس و پێسیانی به‌کارهێناوه که‌، وه‌نه‌بێ له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ وورد بن. بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ی پێسیان له‌ زمان حاجی بابه‌شێخه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ "باکۆ هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه‌" به‌ هیچ جۆر له‌ گه‌ڵ ڕاستییه‌ پێ زاندراوه‌کان ناگونجێ. ڕاسته‌ له‌ سه‌فه‌ری یه‌که‌م دا بۆ باکۆ له‌ کۆتاییه‌کانی 1941 حاجی بابه‌شێخ یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ پیاوماقووڵان و سه‌رۆک عه‌شێره‌ته‌ کورده‌کان بووه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگانه‌ی تا ئێستا ڕوون بوونه‌ته‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنن‌ له‌و سه‌فه‌ره‌ دا هیچ به‌ڵێن و بڕیاری سیاسی نه‌هاتووه‌ته‌ گۆڕێ. ڕه‌حمه‌تی عومه‌رئاغای عه‌لییار له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌فه‌ردا باسی هه‌بوونی دوو بۆچوونی جیاواز له‌ نێو ئه‌و ده‌سته‌یه‌ دا ده‌کا و ده‌ڵێ قازیی محه‌مه‌د و حاجی بابه‌شێخ باسی پێویستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان کردووه‌ و عه‌لی ئاغای ئه‌میر ئه‌سعه‌د بۆچوونێکی دیکه‌ی هه‌بووه‌. به‌له‌به‌رچاوگرتنی سیاسه‌تی شووڕه‌وی له‌و سه‌روبه‌ندی دا ئه‌و لێکدانه‌وانه‌ی که‌ ده‌ڵێن مه‌به‌ستی شووره‌وییه‌کان له‌ بانگهێشتنی کورده‌کان ته‌نێ بۆ ناسیاوی بووه‌ و هیچ به‌ڵێنێکی سیاسییان پێ نه‌داون ڕاستتر ده‌نوێنن. ئه‌وه‌ی نرخێکی تایبه‌تی ده‌دا به‌م نووسینه‌ی جووه‌یده‌ له‌ سه‌ر کۆماری کوردستان تێخوێندنه‌وه‌کانێتی و زانیارییه‌ هه‌ڵه‌کان سه‌ده‌مه‌ له‌ شرۆڤه‌ کردنه‌کانی ناده‌ن! له‌ وه‌رگێڕان دا له‌ هه‌رجێیه‌ک هه‌ست به‌ هه‌ڵه‌ی زانیاری کرابێ، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ ده‌قی ماک بدرێ به‌ نیشانه‌ی [!!] سه‌رنجی خوێنه‌ره‌وه‌ ڕاکێشراوه‌.
مارتین ڤان بڕاونێسن لە نرخاندنی ئه‌و کتێبه‌ی جوویدە دا دەنووسێ: 
" پێوه‌ندی وه‌دیع جووه‌یده‌ له‌ گه‌ڵ کورده‌کان پێوه‌ندییه‌کی جیاواز بوو و، هه‌روه‌ها بۆچوونی ویش بۆ سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی جیاواز بوو. ئه‌و له‌ شاری به‌سره‌ له‌ باشووری عێراق چاوی به‌ دنیا پشکووت له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی عیسایی ( کلدانی) عه‌ڕه‌ب زمان دا و دوایه‌ چووه‌ به‌غدا و له‌وێ له‌ زانکۆ خوێندی و له‌ ساڵی 1942 له به‌شی حقووق دا ده‌ره‌جه‌ی لیسانی به‌ ده‌ست هێنا. له‌ ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕ دا وه‌کوو پشکنه‌ری ناردنی که‌لوپه‌ل و پێداویستی بۆ ئه‌ستانه‌ باکوورییه‌کان له وه‌زاره‌تی نێوخۆ کاری ده‌کرد. ئه‌و پایه‌یه‌ی هه‌لی بۆ ڕه‌خساند به‌ هه‌موو کوردستانی عێراق دا بگه‌ڕێ و به‌ شه‌خسه‌ له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ که‌سایه‌تییه‌کورده‌کان ناسیاوی په‌یدا بکا. ناسیاوی ڕاسته‌وخۆی شه‌خسی وی له‌ گه‌ڵ وڵاته‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بێ یارمه‌تییه‌کی گه‌وره‌ بوو بێ بۆی له‌و لێکۆڵینه‌وه‌ مێژووییه‌ دا که‌ دوایه‌ کردی، و هه‌روه‌ها زانیاری وردی سه‌باره‌ت به‌ کۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌تی کوردی که‌ له‌ گشت کتێبه‌که‌ی ڕا ده‌رده‌که‌وێ و چ جێی گومان ناهێڵێته‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌زموونه‌که‌یه‌تی. جووه‌یده‌ به‌ پته‌وی خۆی وه‌ک عه‌ڕه‌بێکی عێراقی ده‌ناسی به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا وشیارانه‌ هه‌ستی پێ ده‌کرد که‌ سه‌ر به‌ که‌مایه‌تییه‌کی (دینی) شه‌ که‌ زۆرجار تووشی دوو چاوکی له‌گه‌ڵ کردن و فه‌رق و جیاوازی له‌ گه‌ڵ دانان هاتووه‌. ئه‌وه‌ بێگومان یارمه‌تی کردووه‌ به‌ لێتێگه‌یشتن و په‌سندانی کورده‌کان له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یدا تێیاندا ده‌ژین و پێوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ دراوسێ جۆربه‌جۆره‌کانیان.له‌کاتێکدا ئه‌و نووسه‌رانه‌ی‌ پێشتر له‌سه‌ر ناسیونالیزمی کوردیان نووسیوه‌ ئه‌و مه‌یله‌یان تێدا ده‌بیندرێ ناسیونالیزمی کورد له‌ ڕوانگه‌ی ده‌زگای ئێداری یان گرووپه‌ زاڵه‌کان له‌ نێو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ دا شیبکه‌نه‌وه‌، جووه‌یده‌ به‌ئاگادارییه‌وه‌ هه‌وڵی دا بۆچوون و ڕوانگه‌ی کوردان بهێنێته‌ گۆڕێ. لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی وی یه‌ک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانی هه‌ره‌ لاگرانه‌ و هه‌ری ژیرانه‌یه‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که‌ چییه‌ کورده‌کان ده‌جووڵێنێ. ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ یه‌که‌م توێژینه‌وه‌ی جیدییه‌ که‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ناسیۆنالیزمی کورد بکاته‌وه‌ وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و نه‌ک هه‌ر وه‌کوو کاردانه‌وه‌ و به‌رته‌کێک له‌ هه‌مبه‌ر پێڤاژۆی مۆدێرنیزه‌ کردن و رێفۆرم و چاکه‌سازی ئیداری."