Friday, November 22, 2019

قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " صفحە ٢ ویژە" ی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی " ئالنگاری هێژێمۆنی ئێران لە بەیرووتەوە تا تاران " مۆدێڕاتۆری بەرنامە: فەرناز قازیزادە، سەعات ٥ – ئێوارەی چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩


قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " صفحە ٢ ویژە" ی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی
" ئالنگاری هێژێمۆنی ئێران لە بەیرووتەوە تا تاران " مۆدێڕاتۆری بەرنامە: فەرناز قازیزادە، سەعات ٥ – ئێوارەی چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

فەرناز قازیزادە: ئاغای وەلی لە سەرەتاوە دەمەوێ بۆچوونی ئێوە بزانم سەبارەت بە قسەکانی ئەمڕۆی خامەنەیی و وێکچوونی لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر سەبارەت بە عێڕاق گوتوویە . ئایا پێتان وایە ڕێبەری ئێران دەیەوێ یەک سیاسەت لە گشت ناوچە دا وەبەر بگرێ ، سیاسەتی مستی ئاسنین؟

عەبباس وەلی: بە بۆچوونی من هەڵوێستی سەرەکی ڕێژیم ئەوەیە کە پێی وایە جۆرەیەک هێرش هەیە بە دژی جمهووری ئیسلامی و ئەوە ڕەهەندی تازەی هەیە . ڕەهەندەکانی ئەوەن کە نە تەنێ لە ناوخۆی ئێران دا بەڵکوو لە نوختە سەرەکییەکان و ناوچە سەرەکییەکانی جێی نفووزی ئێران کە بریتی بن لە سووریا ، عێڕاق و لوبنان هێرش دەکرێتە سەر سولتەی ئێران ، نفووزی ئێران و دەسەڵاتی ئێران. و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە عێڕاق ، لوبنان و دوایە لە ناوخۆی ئێرانیش پرۆتێست هەیە و خوپێشاندەران خٶشیان وا وەبەر چاو دێ بە جۆرێک لەوە تێ دەگەن. ئەمن دوێنێ دیتم لە عێڕاق دروشمێک بەرز کرا بووەوە کە بەردەنگیان خۆپیشاندەران لە ئێران بوون و لەو دروشمە دا گوترابوو: ئێوە سەری ئەژدەهاتان کردووەتە ئامانج و ئێمە کلکەکەی ، تەوەجوهێ دەکەی. وا وێدەچێ هاودەردیی ئاوا هەبێ بەڵام ئەوەی کە لە ڕاستیدا لە پشت سەر ئەو قسانەیە بە باوەڕی من تاکتیکێکی کۆن و ڕیشاڵ ڕیشاڵی جمهووری ئیسلامی یە کە هەموو خۆپێساندانەکانی ناوخۆ و نارەزایەتییەکانی ناوخۆ و بێ کیفایەتییە سەرەکییەکانی ڕێژیم وەپاڵ هۆکارە بێگانەکان بدا.


قازیزادە: ئەو هیلالی شیعەیە کە لە مێژە لێوەی دەبیسین بە تایبەتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دا چەندە دەتوانێ دەوام 
بێنێ لە بار و دۆخێک دا کە ئێستا لە ناوچە دا ئەلئان دەیبینین. ئایا لە جێدا پڕۆتێست لە ووڵاتان دەکرێ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی دەوری ئێران لەو ووڵاتانە دا؟

وەلی: بە بێ شک دەتوانێ، بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو پڕۆتێستانە چەندە کاریگەر بن، چەندە ئامانجەکانیان وەدەست بێنن، بە باوەڕی من کەوتنی نفووزی جمهووری ئیسلامی لە باشووری لوبنان ، لە لوبنان بە گشتی و بە تایبەتی باشووری لوبنان ، لە سووریا ، و لە عێڕاق تەئسیرێکی زۆر سەرەکی دەبێ لە سەر سیاسەتە ناوخۆییەکانی جمهووری ئیسلامی و هەر وەها بە پێچەوانەش بە باوەڕی من سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیەی کە لە ئێران دا هەیە ، تەنانەت سەرکەوتنی ڕێژەیشی بە لەبەر چاوگرتنی ئەو وەزعە ئابووەییەی لە ئێران هەیە بە بێ گومان تەئسیرێکی یەکجار زۆر دەکا لە سەر تواناییەکانی دەرەوەی سنووری ئیران و پشتیوانی ماڵی و لۆجێستیک لەو سیاسەتانەی لە لوبنان و لە عێڕاق بەڕێوەیان دەبا. ئەمن لێرە دا شتێکیشی لێ زیاد کەم لە عێڕاق موشکیلەیەک کە ئێستا بۆ ئێران هاتووەتە پێشێ ، یەک لە موشکیلە بنەڕەتییەکان ، هەڵبەت ئەو دۆستەی پێش من قسەی کرد بە دروستی ئاماژەی بە هێندێک شت کرد، دەمەوێ بڵێم ئەو ئعتراز و خۆپیشاندانانەی کە درێژەیان بووە تا ئێستا ئەوە جۆرەیەک یەکانگیری سەرداخراو کە لە وێ لە نێوان سیاسەتی ئەمریکا و ئێران دا هەبوو و بووە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی ئاغای مالیکی و دوای ئەو حکوومەتەکەی تر بێ و ئەوانە لە سەر کار بن ، ئێستا لە بەر ئەو فشارەی لەوێ لە سەر ئەمریکا هەیە ئەو یەکانگیرییە سەرداخراوە بە باوەڕی من لە بەر یەک هەڵوەشاوە و بە باوەڕی من ئەمریکا لە دوای ئەوە دەگەرێ کە لەوێ ئاڕاستەیەکی تازە وەبەر بگرێ ، لە لایەکی دیکە لە سووریاش دەبینین هاوپەیمانی سەرەکی ئێران کە ئاغای پووتین بێ بە شێوەی چالاکانە خەریکە نفووزی ئێران کەمتر و کەمتر دەکا کە دەیەوێ بارتەقاییەک لە بەرانبەر ئەمریکا دا لە پێوەندییەکەی دا لەگەڵ ئیسرائیل ساز بکا، کە وا بوو بەم پێیە گشت ئەو زانیاریانە ئەوە دەگەیێنێ کە ئێران ئێستا لە وەزعێکی بەهێز دا نییە لە ناوچە و بە باوەڕی من لە جێدا ئەوەی کە زۆر بڕیاردەر و یەکلاکەرەوە دەبێ وەزعی ناوخۆی ئێران و بەردەوامی ئەو وەزعەیە. لێرە دا ئەمن دەمەوێ ئاماژە بە شتێک بکەم ئەویش ئەوەیە ئەوەی کە بووەتە هۆی بەردەوامی ئەو وەزعە تا ڕادەیەکی زۆر لە بەڕ ناڕوونی سەرەکییانە بووە کە لە سیاسەتی ئەمریکا دا هەبووە . هەر ئەمڕۆ بیستمان کە ئاغای پۆمپێئۆ دەیگوت ئێران دەبێ بڕیار بدا لە نێوان ناردنی چەک بۆ سووریا و وەزعی ناوخۆی ئابوورییەکەی. ئەوە بە کردەوە نیشان دەدا کە ستراتێژی ئەمریکا ئەوەیە کە قسەی خۆی لەمەڕ سزا و ڕاکێشانی ئێران بۆ دەوری مێزی موزاکەرە بکا و مەسەلەی تێک ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران لە گۆڕێ دا نییە .

قازیزادە: دوایین پرسیار ئاغای وەلی لە ئێوە بپرسم ئەوەی کە ئێستا لە ناوچە دا دەیبینین ئەگەر بە کورتی ووڵام بدەیەوە بۆ ڕقەبەرە ناوچەییەکانی ئێران چەندە جێی خۆشحالییە ئەو پڕۆتێستانەی کە دەکرێن و تێیاندا دروشم دژی ئێران دەدرێ ، ئایا لە ڕاستیدا عەڕەبستان دەتوانێ دڵی بە وانە خۆش بێ ؟


وەلی: بە باوەڕی من عەڕەبستان لە بەر وەزعێکی کە لە گەڵ ئێران هەیەتی واتە ئەو دژایەتییەی توندی بەرژەوەندی کە لە ناوچە دا لەگەڵ ئێران هەیەتی ، لە هەر کردەوەیەک ، هەر ڕووداوێک، هەر هەڵسوکەوتێک کە ببێتە هۆی لاوازی ئێران پێشوازی دەکا. بەڵام ئەوانیش پێیان وایە ئاکامی ئەوەیکە لە عێڕاق ، لە سووریا یان لە لوبنان دەگوزرێ قەتعی نییە و ئەو گەمەکارانەی کە لەوێن هێندێک بەرژەوەندییان هەیە کە هەر ئانێک لەوانەیە ئەو بەرژەوەندییانە بگۆڕدرێن . لە درێژەی قسەکانی میوانی دیکەی بەرنامە دەبێ بڵێم ئەوە ئاشکرایە کە سنوورە ڕاستەقینەکانی ووڵاتێک ، سنوورە جوغرافیاییەکانی نییە، بەڵکوو ئەو سنوورانەیە کە لە پێوەندی لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی دیاری دەکرێ. بەڵام بەرژەوەندە نەتەوەییەکانی ئێران لە هەلومەرجی ئێستا دا زۆرتر تێبینییە ئیدێئۆلۆژیکەکان دیاری دەکەن نەک لێکدانەووی ووردی ستڕاتێژیک و ئەو تێبینییە ئێدێئۆلۆژیکیانە هەمیشە ئێران دەکێشێتە لێک ڕاسان لە دەسەڵاتەکانی دیکە و ئەوان لە هەر جۆرە ڕووداوێک و هەر جۆرە ڕەوتێک ، هەر جۆرە خۆ پیشاندانێک و هەر جۆرە بزووتنەوەیەک کە ببێتە هۆی ئەوەی کە وەزعی ئێران لە ناوچە دا لاواز ببێ و ناچار بێ بگەڕێتەوە ناو سنوورەکانی خۆی پێشوازی دەکەن.

قازیزادە: زۆر سپاستان دەکەم ئاغای وەلی ، ئاغای حوسێنی فەر و ئاغای عاشوور سپاستان دەکەم بۆ بەشداری لەم گەنگەشەیە دا.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی 








وتووێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ پوویا عەزیزی لە بەرنامەی ' اخبار' ی دوای نیوەڕۆی تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشناڵ سەبارەت بە نائارمییەکانی ئێران ، چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

 وتووێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ پوویا عەزیزی لە بەرنامەی ' اخبار' ی دوای نیوەڕۆی تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشناڵ سەبارەت بە نائارمییەکانی ئێران ، چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

پوویا عەزیزی: ئەو پڕۆتێستانە کە لە سەرەتاوە لە بەر زیاد کرانی نرخی بنێزین دەستیان پێکرد بەڵام بە خێرایی بوونە سیاسی و تەنانەت دروشمەکان بەرە ئەوە چوون کە بە دژی دەوڵەت ، دژی ئاغای خامەنەیی و تەنانەت وەک دروشمی تێک ڕووخاندن هاتنە گۆڕێ. پێتان وایە سەبەبی ئەوە چییە لە ئێران کە پڕۆتێستەکان بە خێرایی لە ئعترازێکی مەیهەنییەوە دەبن بە ئعترازی سیاسی بۆ تێک ڕووخاندن؟

عەبباس وەلی: بە باوەڕی من سەبەبی سەرەکی ئەوەیە ئەو قەیرانە ، واتە قەیرانی بناخەیی جمهووری ئیسلامی هاتووەتە ناو قۆناخێکی نوێ لە ساڵی ١٣٨٨ ( ی زایینی ) بە دواوە ، ئیتر ئێمە لەگەڵ مەسەلەی قەیرانی شەرعییەت ڕووبەڕوو نین ، ئەوە قەیرانێکە کە لە بناخەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا دا هەیە و لە بەر ئەوەی کە خەڵک ئیدی چ بڕ باوەیان بە شەرعییەتی ئەو رێژیمە نییە و لەو قۆناخە تێ پەڕیون ئەوەندە بەسە پڕیشکەیەک گڕ بگرێ بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆتێستێکی بەر بڵاو. لە لایەکی دیکەوە کاتێک ئێمە دەڵێین لە قۆناخی قەیرانی شەریعەت تێ پەڕیوین بەو مانایەیە کە ئەو ڕێژیمە سیمای قانوونی خۆی لە دەست داوە و زەبر وزەنگ و دەربڕینی زەبر و زەنگ و بەکار هێنانی زەبروزەنگ بۆ سەقام پێدانی سوڵتەی سیاسی تەنیا ئامرازێکە کە بۆ ڕێژیم ماوەتەوە . کاتێک کە ئیتر قانوون سیمای حکوومەت نییە و زەبروزەنگ نەک هەر نیوەی روخسار بەڵکوو هەموو سیمای حکوومەتە وا وەبەرچاو دێ کە هیچ ڕێگایەک بۆ خەڵک نامێنێتەوە کە هەلومەرجێکی ئاوا هاتە پێشێ بێنە دەرێ و درێژە بدەن بە ئعترازەکانیان. ئەوە بێ ئەملاو ئەولا پێوەندی هەیە بە قووڵبونەوە و بەربڵاوی قەیرانێکی ئەوتۆ کە کاتێک ئەو ڕێژیمە قۆناخێکی سەرکوت کردووە و بە تەسەوری ئەوەی کە ئیتر مەترسی ڕەویوەتەوە ، هەر درێژەی داوە بە شێوەی ڕابردوو و ئێستا ئێمە لە بارودۆخێک داین کە ئیتر کەسێک لە ناو ڕێژیم دا و تەنانەت ڕێژیم خۆشی باوەڕی بە شەرعییەتی خۆی نەماوە. یەک لە نیشانەکانی ئەوەی کە ڕێژیم باوەڕی بە شەرعییەت و مەقبووڵ بوونی خۆی نەماوە لە ناو تاک وتەرای میللەت دا ولە ناو مەردمانی ئێرانێ دا ئەوەیە کە خۆی شانەی گشت ئەو کێشانە لە سەر هۆکارێکی بێگانە دا دەشکێنێ. ، واتە لە دەرەوەی کۆمەڵی مەدەنی ئێران و دەکرێ هەموو شتێک بەوەوە بلکێندرێ.


عەزیزی: و بە ساڵانە دەبینین کە ئەوە دەکەن ، هەر کاتێک پڕۆتێستێک دەکرێ ئەوە گرێ دەدەن لە گرووپەکان یان لە 
دەرەوەی ئێران . بەڵام گوتتان کە ڕێژیم شەرعییەتی خۆی لە دەست داوە و بۆخۆشی باوەری وایە کە ئەو شەرعییەتەی لە دەست داوە ، بەڵام ئێمە هاوکات شاهیدی ئەوەین کە باوەکوو حکوومەت ئەو ئعترازانە سەرکوت دەکا و ئەو شتانە ڕوودەدەن خەریکە حەول دەدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هتاد. ئایا ئەو هەڵبژاردنانە و ئەو شتانەی کە دەکرێن هەرچۆنێک بێ بەشێکن لە ڕەوتی شەرعییەت دان بە حکوومەت ، ئایا ئەوان ئیدی چ بڕ کارا نین یانی ئیتر شەرعییەتیان بۆ ساز نابێ؟

وەلی: بە باوەڕی من شەرعییەت ساز ناکەن ، لەوانەیە ئەو ڕێژیمە بتوانێ بە کۆنتڕۆڵی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک ، بە مۆر کردنی کارتە میلییەکانیان [ پێناسە] ئەوان ناچار بکا بچنە پای سندووق و دەنگ بدەن ، بەڵام ئەوە لە ڕاستیدا بەو مانایە نییە کە ئەو ڕێژیمە شەرعییەتی هەیە. ئەمن تەسەور دەکەم لەو هەڵبژارنەی دا کە بڕیارە لە سێ مانگی داهاتوو دا لە ئێران بکرێ ، ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە وەدرەنگ نەخەن – کە ئیحتیمالی ئەوە هەیە وەدرەنگی خەن - ، ئەگەر ئەوە وەدرەنگ نەخەن بە بێ گومان ڕێژەی بەشداران لە هەڵبژاردن دا کەمتر دەبێ و ئەوە مانای وایە ڕێژیم بۆ ئەوەی کە بتوانێ ڕواڵەتی خۆی بپارێزێ فێل و گزەی زۆر بەربڵاوتر دەکا ، گۆڕینی دەنگەکان بە هەراوتر دەکرێ بۆ ئەوەی بکرێ بەجۆرێک ڕوو و ڕواڵەتی خۆی بپارێزێ.

عەزیزی: ئاغای وەلی دەمەوێ پرسیارێکتان لێ بکەم تکایە زۆر بە کورتتر ووڵام بدەنەوە چونکە کاتی وتووێژەکە خەریکە تەواو دەبێ . ژمارەیەکی زۆر کەس کووژراون بە دەیان کەس و هێندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن بە سەدان کەس ، بەڵام هێشتا هەژمارێکی کۆنکرێت لەو بارەیەوە نییە. زۆر لە وانە لە ناوچەکانی کوردستان ، کوردنشینی ئێران دا بوون، بۆچی لەوێ سەرکوتکردنێکی بە زەبروزەنگتر دەکرێ؟

وەلی: ناوچەکانی کوردستان لەبەر ناوەرۆکی ئەو داوخوازانەی کە لە ڕێژیمیان هەبووە هەمیشە بوونەتە ئامانجی زیاترین و توندوتیژترین سەرکوتکردنەکان. هەم لە بەر ناسێنەی نەتەوەیی ئێتنیکی ، ناسێنەی مەزەبی ئێتنیکی و هەم لە بەر ئەو مێژوویەی کە لە پشت ئەو ناوچەیە هەیە. مێژووی خەباتی ئۆپۆزیسیۆن و لەوانە. و سەرکوت هەمیشە هەری توند بووە . ئەگەر ئێوە تەماشای هەژماری ئەو کەسانە بکەن کە جمهووری ئیسلامی ئێعدامی کردوون دەبین کە ژمارەی کوردەکان لە ڕێژەیەکی زۆر سەرەوەتر دایە لە چاو بەشەکانی دیکەی [ وولات] . و ئەوە سەیر و جێی سەرسوڕمان نییە ، لەوێ ئەو خۆپیشاندانانە زۆر توندوتیژتر ، کۆنکرێتتر و ئامانجەکانیشی زۆر ڕوونتر و کۆنکرێتتر بووە.

عەزیزی: سپاستان دەکەم.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی 


وتوێژی نیووشا سارمی لە تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشنال لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەباس وەلی ، دووشەمە ١٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩


وتوێژی نیووشا سارمی لە تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشنال لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەباس وەلی ، دووشەمە ١٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩
وتووێژی یای نیووشا سارمی لە بەرنامەی " اخبار" ی تێلێڤیزیۆنی ئێران ئینترناشناڵ لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە بزووتنەوەی پەرەگری دژی جمهووری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، دووشەمە ١٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩ سەعات ١٠-ی سەر لە بەیانی بە کاتی لەندەن

نیووشا سارمی : ئایا جیاوازییەک هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی دا کە لە کوردستان ئعتراز دەکەن؟

عەبباس وەلی: بەڵێ، من پێم سەیرە کە لە " ئەخبار" ی ئێوە دا گوتراوە کوردستان لەگەڵ خۆپیشاندانەکان کەوتووە. کوردستان لەگەڵ نەکەوتووە، کوردستان پێشەنگ بووە لە خۆپیشانەکان دا. لە ڕاستی دا لە جێگاکانی دییە کە لەگەڵ خۆپیشاندانەکان کەوتوون. بەڵێ لە شارەکانی کوردستان توندیی سەرکوت کردن زۆر زۆر لە جێگای دیکە زیاتر بووە و لە مەریوان ، سنە و کرماشان ژمارەی کووژراوەکان زیاتر بووە و وا وەبەرچاو دێ لەوێ ڕێژیم بە دەستێکی کراوەتر و هەر وەها سیاسەتێکی کۆنکرێت تر بۆ دەکار کردنی زەبر و زەنگ خەریکە هەڵدەسووڕێ، و لێرە دا بە تەواوی ئاشکرایە کوردستان لە بەر دەوری بەرزی خۆی کە بوویەتی ، دەوری بەرچاوی کە لەو پڕۆتێستانە دا هەیەتی کەوتووەتە بەر پەلاماری بەرچاو و ئاشکرای ڕێژیم.

نیووشا سارمی: ڕێزدار وەلی ئایا پێت وایە پڕۆتێساتەکان لە کوردستان داوخوازەکانی جیاوازە لەو داوخوازانەی کە لە سەرتاسەری ئێران هاتوونەتە گۆڕێ؟

عەبباس وەلی: لە بارودۆخی ئێستا دا ئەمن جیاوازییەک نابینم . ئەگەرچی هەموو دەزانن لە کوردستان ، داوخوازەکانی ناوچەیی کوردستان و خەباتیان بۆ وەدیهێنانی مافگەلی دێمۆکڕاتیکی خۆیان لە چوارچێوەی ئێران دا هەمیشە کۆنکرێت بووە و لەو بارەیەوە هەمیشە شێلگیر بوون. بەڵام ، لە هەلومەرجی هەنووکە دا ئەمن پێم وایە ئەوانیش خەریکن خەبات دەکەن شانبەشانی دانیشتوانی هەموو ئێران لە پێناو ئامانجێکی یەکگرتوو دا و ئەو ئامانجە یەکگرتووەش بریتییە لەوەی ئەم ڕێژیمە ناچار بکەن پاشەکشە بکا یان تەنانەت ئەوە نیشان بدەن کە ئەو ڕێژیمە ئەو قابلییەتەی نییە کە لە بارودۆخی قەیرانی حاکمییەتی سیاسی دا درێژە بدا بە ئیدارەی مەملەکەت. ئەوەی کە خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران پرۆتێستی لە دژ دەکەن ئەوەیە کە دەبینن حکوومەتی ئێران لە جێدا سیاسەتێکی وەپێش گرتووە کە لە گوێن سەدەکانی ناوەڕاستە، خۆی ئاوا ڕادەگەیێنێ کە لە هەلو مەرجی شەڕ دایە و خەرج و تێچووی ئەو بارودۆخی شەڕە بە شێوەی ماڵیاتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە خەڵک وەردەگرێ .
ئەوە سیاسەتێکی مۆدێڕن نییە ، ئەوە سیاسەتێکی لە گوێن سەدەکانی ناوەڕاستە کە کاتێک شایەکان دەچوونە شەڕ باری خەرج و تێچووی شەریان لە سەر شآنی خەڵک دا دەنا و بە زەبر و زەنگ و دەکار کردنی توند و تیژی و دەسبەسەر داگرتنی مڵکوماڵ خەڵکیان ناچار دەکرد خەرجی شەڕەکە بدەن ، ئەوە بە ووردی و بە پوختی دۆخێکە لە گوێن سەدەکانی ناوەڕاست.

نیوشا سارمی: سپاس لە ئێوە
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی

Tuesday, November 19, 2019

بەرنامەی ڕۆژڤ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، هەڤپەیڤینی گولستان چیا ئیکە لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە هەلومەرجی کوردستان دوای هێرش و پەلاماری تورکیا بۆ سەر باکوور – ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، شەمە ١٦ی نۆوامبری ٢٠١٩


بەرنامەی ڕۆژڤ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، هەڤپەیڤینی گولستان چیا ئیکە لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە هەلومەرجی کوردستان دوای هێرش و پەلاماری تورکیا بۆ سەر باکوور – ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای
کوردستان، شەمە ١٦ی نۆوامبری ٢٠١٩ 

گولستان چیا ئیکە: لە ستێرک تیڤییەوە ئەم کاتەتان باش بینەرانی هێژا. ئێمە لە بەرنامەی ڕۆژەڤ دا جارێکی دیکە لەگەڵتانین . لەم بەرنامەیە دا دەمانەوێ بارودۆخ لە کوردستان و لە هەرێمێ و هەلوێستی هێزی هەرێمی و جیهانی لەگەڵ ناوێکی هێژا تا و توێ بکەین : پرۆفێسۆر عەبباس وەلی پسپۆڕی تیوری سیاسی و کۆمەڵناسی میوانمانە. مامۆستا بە خێر بێن بۆ ئەم بەرنامەیە.

عەبباس وەلی: سپاستان دەکەم

ئیکە: دیارە بارودۆخ لە کوردستان و لە هەرێمێ بارودۆخێکی گەرم و ئاڵۆزە لە حاڵی حازر دا. هەم لە ڕۆئاوای کوردستانێ شەڕ و تێکهەڵچوون هەیە و هەم  لە ناوچەی دیکەی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە عێڕاق، لە ئێران ، لە لوبنان  و شوێنی دیکە بارودۆخێکی گەرم هەیە ، ڕۆژەڤێکی بەربڵاو هەیە. ئێمە لە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەست پێ بکەین ، ڕۆژئاوای کوردستان لەو دواییانە دا کەوتە بەر پەلاماری تورکیا و ئەو هێرش و پەلامارە لە ماوەیەکی کورت دا بوو بە ڕۆژەڤێکی جیهانی بە تایبەتی لە ٩-ی ئۆکتۆبرەوە هەتا ئێستا لە سەر ئەو مەسەلەیە زۆر قسە دەکرێ. ئێوە ئەو هێرش وپەلامارە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هێرشکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور- ڕۆژهەڵاتی سووریا ؟


وەلی
: بە باوەڕی من هێڕش کردنی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و ڕۆژئاوا شتێکی هێندە دوور لە چاوەڕوانی و ئینتیزار نەبوو. چونکە ئەگەر ئێمە لە پڕۆسەی دروستبوونی ناسێنەی نەتەوەیی کورد بڕوانین، واتە ناسێنەی نەتەوەیی مۆدێڕنی کورد لەو سەد و سەد و بیست ساڵەی ڕابردوو دا، دیارە بەو جۆرەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرێندراوە، ئەو جۆرەی کە پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرێندرا پاش ساڵی ١٩١٨ ، دیارە هەم خاکی کوردستان و هەم ناسێنەی نەتەوەیی کورد پارچە پارچە بوو ، بوو بە چوار پارچە  و ئەو چوار پارچەیە لەو سەد ساڵەی دا لە ژێر چوار دەسەڵاتی جیاوازی تایبەتی دا ژیان و بەو ڕۆژەی گەیشتن و لە ئەسڵ دا کاتێک ئێمە تەماشای دەکەین کە ئەو ناسێنەیە چوار پارچەیە لە چوار بەشە بەڵام ئەو ناسێنانە، ئەو چوار بەشانە هەر یەکەی ئەویدییان هەیە ، بەڵام کاتێک تەماشای دەکەین لە ڕوانگەی ئەو ئەویدی ئەوانە ، ئەویتری ئەوانە ، ناسێنەی کوردی چوار پارچە نییە، ناسێنەی کوردی  ناسێنەیەکی یەک پارچەیە بۆیە بۆ نموونە لە عێڕاق کاتێک دەبینین  لەوێ حکوومەتی ناوەندی زۆر فاشیلە، زۆر لاوازە. کزە هێزی نییە و سەرۆکایەتی کوردستانی باشوور دێ ڕێفراندوم  بۆ سەربەخۆیی دەکا ، لەوێ دەبینین کە دوڵەتی عێڕاق بە تەنێ ناتوانێ لە گەڵ ئەو کێشەیە دەرگیر بێ ، ئێران هەڵدەستێ دێ و بەو هێزە نیابەتییانەی کە لە عێڕاقێ دروستی کردوون وەک حەشدی شەعبی و ئەوانە ، ئەو دێ زەخت دەخاتە سەر حکوومەتی کوردستان و دواجار دەبینن دوو حەفتە پاش ڕێفراندۆمەکەی ڕووداوی کەرکووک دێتە پێشێ. ئەوە نیشان دەدا کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئێرانەوە ناسێنەی کوردی ناسێنەیەکە کە لە سنووری تێ دەپەڕێنێ، ناسێنەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی یە. ئەوان بە چوار پارچەی نابینن. هەر وەتر وەختێک دەبینین پاش دەسپێکردنی قەیرانی ڕۆژئاوا  لە ساڵی ٢٠١١ ، پاش ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٢ کوردەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی پەیەدە و هەپەگە دێن و حەوزەیەکی فەرمانڕەوایی کوردی دروست دەکەن و دەست دەکەن بەوەی کە ئابوورییەکی تایبەتی ، سیستم و ڕێژیمێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تایبەتی لە سەر بنەمای یەکسانی جینسییەتی و هەر وەتر لە سەر تەفسیرێکی تایبەتی لە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و عەذاڵەتی ئابووری دادەمەزرێنن ، لە هەلومەرجێک دا، لە ڕەوشێک دا کە دەبینین دەوڵەتی ناوەندی سووریا دەرگیری شەڕێکە لەگەڵ  ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر بە هێز و ناتوانێ سەیتەرەی خۆی لە سەر کوردستان دابمەزرێنێتەوە ، پاشکەشەی کردووە لە کوردستانێ، لەو هەلومەرجە دا ئەوە تورکیایە کە دێ عەینەن ئەو کارەی دەکا کە ئێران لە باشووری کوردستان کردی  و دێ دەبێتە ناییبی دەوڵەتی سووریا و دێ دەیەوێ لەوێ حکوومەت و فەرمانڕەوایی کوردان تێک بدا. ئەگەر لە ڕوانگەی حکومەتی تورکیاوە ، دەسەڵاتی تورکیای ئێستاوە بیبینین ، ئەوان هێزی کوردی لە ڕۆژئاوا و ئەو ڕێژیمەی کە هێزی کوردی لە ڕۆژئاوا پێکی هێناوە و دروستی کردووە ، ئەوان بە جیاواز لە هێزی کوردی لە باکوور و ئەو پڕۆگرامەی کە کورد بۆ باکووری هەیە بە جیاوازی نابینن بۆ ئەوان یەک ناسێنە و یەک شتن . لە بەر ئەوەیە  کە ئەگەر نەچێتە وێ و هێرش نەکاتە ئەوێ ، لێی تێک نەدا ، وەک ئەوە وایە کە قبووڵی کرد بێ ئەو پڕۆگرامەی کە لەوێ هەیە لێرەش بەڕێوە بچێ. بەڵام ئەوە لە ئەسڵ دا شتێکی دیکە بە ئێمە دەڵێ ، ئەو قەیرانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەر وەتر ئەو جۆرەی کە کوردەکان دە چوار چێوەی ئەو وەزعەی ، ئەو ڕەوشەی کە تێیدان. ئەویش ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو سەد ساڵەی دا کە پێک هاتنی ئەو ڕێژیمانەی کە لە سەر حاکمییەتی نەتەوەیی داندراون وەک لە تورکیا . لە ئێران ، لە سووریا و لە عێڕاق کە ئەوە هاتووتە ئاراوە و ئاکامەکەی بوو بە چوار پارچە بوونی کوردستان و ناسێنەی کوردی لە عەینی حاڵ دا ئێمە دەبینین لەو سەد ساڵەی دا ئەو دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو نەیشن ستەیتەی کە لەوێ ویستوویانە دروستی بکەن ئەوە لەو سەد ساڵەی دا بەردەوام لە حاڵی قەیران دا بووە.


ئیکە: یانی لەوێ نەتەوە –دەوڵەت لە هەرێمێ لە قەیرانێک دایە


وەلی
: بەڵێ، لە دۆخی قەیرانێک دایە.

ئیکە: عێڕاق تێک چوو ، لە سووریا قەیرانێکی گەورە هەیە ، چەند ساڵە تێکهەڵچوون و شەڕی گەورە هەبووە. لە ئێرانێ ئێستا ئەوە دەبینین خەڵک هەستاونەتە سەر پێ. و تورکیاش قەیرانێکی سیاسی، ئابووری و سیاسی دەئەزموێ.

وەلی
: لە تورکیا قەیرانێکی زۆر قووڵ هەیە ، بە باوەڕی من قووڵایی ئەو قەیرانییە کە بەردەوام ئەوەی کە پێی دەڵێن دەوڵەتی قووڵ پێشی گرتووە بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو قەیرانییە لە تورکیا نییە ، هەیە . جا مەبەستم ئەوە بوو کە دەو سەد ساڵەی دا ئەو دەوڵەتانە بە ووردی هاتوون بە نێوی حاکمییەتی نەتەوەیی حکوومەتیان کردووە. حاکمییەتی نەتەوەیی دە تیوری دا ئەوەیە ئەتۆ وەختێکی فکری دەوڵەتی نەتەوەیی لە فکری دێمۆکڕاسی دەبەستییەوە ئەو لێک بەستنەوەیە، ئەو کانێکشنە لە سەر بنەمای تیوری حاکمییەتی نەتەوەیی لێک دەبەسترێتەوە. بەڵام حاکمییەتی نەتەوەیی ئەو جۆرەی کە دروست کراوە دە تیوری دا هەمیشە حاکمییەت دە حکوومەتی نەتەوەیەکی یەکپارچە دا دەبینێ. ئەویش دە ڕاستیدا نەتەوەیەکی یەکپارچە نییە . ئەو نەتەوانە هیچیان یەک پارچە نین ، ئەوە دەبێتە حاکمییەتی دەوڵەتێکی یەکپارچە تەوەجوهێ دەکەی. هەر ئەو تیوریسەنەی کە بۆ جاری یەکەم  حاکمییەتی نەتەوەیی مۆدێڕنی گەڵاڵە کردووە ' ژان ژاک ڕووسۆ ' بۆ خۆی لە کتێبەکەی خۆیدا دەڵێ: بە داخەوە ئەو جۆرەی کە ئەمن دەڵێم وا نییە ، کاتێک کە دە کردەوە دا تیوری حاکمییەتی نەتەوەیی دادەمەزرێنین جێگای دەوڵەت و نەتەوە دەگۆڕدرێ، ئەگەر لە تیوری دا دەڵێین کە ئەوە نەتەوەیە دەوڵەت دروست دەکا. لە ڕاستیدا ئەوە دەوڵەتەکەیە کە دێ نەتەوەکەی دروست دەکا. دەوڵەتەکەش دەیەوێ بڵێ نەتەوەکە یەکپارچەیە ، یەک ئێتنیسیتی یە، یەک فەرهەنگە، یەک زمانە، یەک بورۆکراسییە ، هەموو شتەکەی یەکە. تیوریەکە وا دەکا ئەوانیدی وەلا دەندرێن. بەڵام ئەو وەلا ناندرانانە، دەبێ وورد بینەوە بەو مانایە نییە کە ئەوانە وون دەبن نا وا نییە ، ئەوانە ئینکار دەکرێن ، نکووڵیان لێ دەکرێ بەڵام ئەوانە دە بنەمای دەسەڵاتی سیاسی دا دەمێننەوە.


ئیکە
: پرسیار لێرە دا ئەوەیە ، تورکیا یان ئێران بەو پلانەی کە ئێستا دای دەڕێژن بۆ کوردستان و بۆ هەموو هەرێمێ ، ئایا ئەو پلانەی ئەوان دەتوانێ قەیرانی نەتەوە – دەوڵەتی وەلاوە نێ ، یانی تێی پەڕێنێ و چارەسەری بکا . چونکە وا دیارە پلانی تورکیا ، پلانی ئێران گەورەیە.

وەلی: وایە ، دروستە مەسەلەکە ئاوایە ئەمن دەمەویست بڵێم دەو سەد ساڵەی دا دروستە کە ئەوانە هاتن حکوومەتێکیان دانا بە ناوی حاکمییەتی نەتەوەیی ، دە ڕاستیدا  حاکمییەتی نەتەوەیی بوو بە بیانوویەک بۆ  دروست کردنی دەوڵەتێکی چەق ناوەند ( موتەمەرکیز )  بە ناوی حاکمییەتی نەتەوەیی. ئەوەی کە هاتە پێشی ئەوە بوو کە دەو سەد ساڵەی دا ، بە درێژایی ئەو سەد ساڵەی ئێمە دەبینین کە ئەو دەوڵەتانە بەردەوام قەیرانییان هەیە ، بەڵام ئەو قەیرانییە وەکوو هەر دیاردەیەکی سیاسی ، ئابووری ، کۆمەڵایەتی  یەک شکڵ و فۆرمی نییە . قەیرانەکە لە ئاستێکی را دەچێ بۆ ئاستێکی دیکە و ناوەرۆکی دەگۆڕدرێ. بۆ وێنە ئەلئان لە ئێران  جمهووری ئیسلامی کە لە ساڵی ١٩٧٩ داندرا ، تەوەجوهێ دەکەی ئەو جمهووری ئیسلامی یە هەتا ساڵی ٢٠٠٨، ٢٠٠٩  ئەوە موشکیلەی قەیرانی شەرعییەتی سیاسی هەبوو ، شەرعییەتە سیاسییەکەی بەردەوام لە ژێر پرسیار دا بوو ، خەڵک موشکیلەیان بۆ ساز دەکرد. پڕۆتێستیان دەکرد. ڕێژیمی ئەسەدی وا بوو ، نەتیجەکەی ئەوە بوو کە لە رێژیمی ئەسەد دا زیندانەکان هەمیشە پڕ بوون ، لە ڕێژیمی سەدامی دا وا بوو زیندانەکان هەمیشە پڕ بوون. چونکە ئەوانەی کە دژایەتییان دەکرد و ئۆپۆزیسیۆنی بوون شەرعییەتی ڕێژیمەکەیان دەبردە ژێر پرسیار ، شەرعییەتی یەکپارچەیی ڕێژیمەکەیان دەخستە ژێر پرسیار. وەختایەک شتێکی وا دەهاتە پێشی ئەو ڕێژێمە ئەوانی سەرکوت دەکرد، بەڵام ئێمە دەبینین لە ئێرانێ لە ٢٠٠٩ ی ، لە سووریای لە ٢٠١١ ی ، لە عێڕاقێ لە ٢٠٠٣ ی ، لە تورکیاش ئەوە بەردەوامە و ئەوەیەکە کاراکتر و فۆڕم و ناوەرۆکی ئەو قەیرانەی دەگۆڕدرێ لە قەیرانێکی شەرعییەتی سیاسییەوە دەبێ بە قەیرانێکی حاکمییەت و دەسەڵاتی سیاسی. بەو مانایە کە بە ڕواڵەت ڕێژیمەکە دەسەڵاتی هەیە هەموو بنەماکانی دەسەڵاتی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە بەڵام ئەو دەسەڵاتەی کە بە کار دێنێ ناتوانێ سوڵتەی سیاسی دروست بکا وەکوو ئێران. ئەلئان ئەوڕۆکانە ئەوەی دەبینین. شەرعییەتی ڕێژیمی ئێران لە ٢٠٠٨ بەو لاوە کەس قبووڵی نییە ، زۆر کەم قبووڵیانە ، شایەد دە لە سەد ، سەدی دەی جەماوەری ئێرانی قبووڵیان بێ ، سەدی نەوەدی لە ٢٠٠٨ بەو لاوە دەڵێن ئەوە ڕێژیمێکە کە بە زۆری خۆی داسەپاندووە. بەڵام لە ٢٠٠٩ یەوە هەتا ئەمڕۆ ئەو ڕێژیمە خەڵکی سەرکوت کردووە ، لە سەر ئەو بنەمایە خۆی ڕاگرتووە. بەڵام ئێستا بە جێگایەک گەیشتووە ، ئەو قەیرانە لە ئێرانێ بە جێگایەک گەیشتووە کە زەخت و فشار و زەبروزەنگی سیاسی ناتوانێ  لە کردەوە دا ئەو سوڵتەیە لە جێگای خۆی ڕاگرێ ، یانی دەسەڵات ناتوانێ سوڵتەکەی ڕابگرێ ، ئێستا ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران دەبینین. لە ئێران تەنیا چارە ئەوەیە کە زەخت، زەبروزەنگ و سەرکوت کردنی زۆرتر دەکەن ، بەڵام ئەوە مومکینە سەبەبەکەی شتێک بێ وەکوو عێڕاق، خەڵک بمێننەوە لە سەر جادان ، لە مەیدانان بمێننەوە ، بەردەوام بن کە ئەگەر ئاوا بێ ، بەو مانایەیە کە قەیرانی حاکمییەت بە ئاکامی خۆی دەگا و ئەو دەسەڵاتە سیاسییە دەشکێ. مەسەلەیەکی دیکەش کە لە ئێرانێ دێتە پێشێ  ئەوەیەکە بەشێک لە حاکمییەت  کە هەمیشە ویستوویەتی بارودۆخێکی ئاوا بێتە پێشێ بۆ ئەوەی کە ڕێژیمەکەی یەکدەست بکا ، ئەوان لەو دەرفەتە کەلک وەربگرن و بێنە مەیدانێ . بۆیە ئەمن دەڵێم ئەگەر ئەو قەیرانە لە ئێرانێ ئەلئان بەو شێوەیەی کە بەردەوامە ، ئەگەر زۆرتر بەردەوام بێ و دەسەڵاتی سیاسی نەتوانێ خەڵک ناچار بکا ، مەجبووریان بکا بە زەخت بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و لە مەیدانەکان و لە سەر جادەکان نەمێننەوە ئیحتیمالێک کە هەیە ئەوەیە کە بەشێک لە حاکمییەت مەبەستم ' سپای پاسداران ' و داو و دەسگاکانی ئەمنیەتی ، و داو دەسگاکانی سەرکوت کردن  بیانەوێ بۆ خۆیان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن یانی جۆرە کودەتایەکی بکەن . ئەوە ئیحتیمالێکە دوور نییە. بەڵام ئەگەر شتێکی ئاوا بێتە پێشێ یانی ئەگەر حکوومەتێکی کودەتاییش ئاکامی ئەو وەزعە بێ ئەمن لەو باوەڕە دام ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە هەیە زۆر قووڵە، یانی ڕێژیم ئەلئانەکە کەسری بوودجەی سی چل لە سەدی هەیە ، ڕێژەی بێکاری زۆر لە سەرەوەیە، ئەوانە قەیرانی ئابوورین. ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکاشی لە سەرە. هەر کەسێک لە ئێرانی ئێستا  کودەتاش بکا ناتوانێ  لە درێژخایەن دا ئەو وەزعەی ڕابگرێ.

ئیکە: مامۆستا ئێستا کەلە سەر ئێران قسە دەکەین ، گەلۆ ئەو بارودۆخەی ئێستای ئێران هیچ پێوەندی بە دەستێوەردانی ئەمڕیکاوە هەیە؟ واتە کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمریکا ستارتی شەر بە دژی ئێران بدا ؟ شتێکی ئاوا هەیە؟

وەلی: ئەمن هەمیشە ئیحتیمالی شەڕێکی ڕووبەڕووی ئێران و ئەمریکام زۆر بە کەم زانیوە. ئەو شەڕە بۆ ئەمریکا  خەرجێکی یەکجار زۆری هەیە. ئێستا شەڕی ئابووری بەردەوامە. شەڕی فەرهەنگی ، شەڕی کۆمەڵایەتی ئەوانە بەردەوامن . بەڵام شەڕی نیزامی بە باوەڕی من ئیحتیمالی زیاتر دەبێ ئەگەر کودەتایەکی ئاوا لە ئێران ببێ و هەتا چەند مانگی دیکە تەقریبەن تا چوار پێنج مانگی دیکە تڕامپ و حکوومەتی ئەمریکایە بگەنە ئەو نەتیجەیەی کە گەمارۆ ئابوورییەکان ئەو ئاکامەیان نەبووە – هەتا ئێستا تەئسیریان بووە ، باندۆری گەورەیان بووە – بەڵام ئەو نەتیجەیەی کە ئەوان دەیانەویست  بەو شێوەیەی وەڕوو نەکەوتووە. جا ئەلئان مومکینە بەو نەتیجەی بگەن کە شەڕێکی ناوچەیی ، مەنتەقەیی لە ئێرانێ بکەن ، نەک ئەوەی بێن شارە سەرەکییەکانی ئێران بۆمباران بکەن، تەوەجوهێ دەکەی، ئەوە نییە. مەسەلە ئەوەیە کە لە چەند پادگانی گەورەی سپای پاسداران و ئەڕتەش بدەن ، لە چەند جێگای حەساس و ستڕاتێژی ڕێژیم بدەن.

ئیکە: ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر مژارەکەمان لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو بارودۆخەی لە گۆڕێ دایە. هەڵوێستی هێندێک ووڵاتی گەورەی جیهانێ وەکوو ئەمریکا و ڕووسیا لە ڕۆژەڤ دایە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد . هەڵوێستی ئەو ووڵاتانە ، ئەو هێزە هێژێمۆنانە بە تایبەتی وەک ئەمریکا، ڕووسیا زۆر پرسیار دەکرێ چییە و لە ڕۆژەڤ دا قسەی لە سەر دەکرێ ، ڕۆژانەش هێندێک گۆڕان دەبیندرێ لە هەڵوێست و پۆزیسیۆنان دا . بەڵام لە بنچینە دا یانی لە ڕووی ستراتێژییەوە بە باوەڕی ئێوە بۆچوونی ئەمریکا بۆ مەسەلەی کورد چییە لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژئاوا، بە چ شێوەیەک مامڵە لەگەڵ کوردان دەکا؟

وەلی: شتێکی کە ئێستا قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زۆر قووڵتر کردووەتەوە ، ئەمن دەڵێم قەیرانێکی نزیکەی سەدساڵەی داو و دەسگای دەوڵەتی نەتەوەیی ، دوڵەت – میللەت لەوێ هەیە.بەڵام ، ئێستا نزیکەی چل ساڵە کە ئەمریکا لە زەمانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩وە هەتا ئێستا سیاسەتێکی ڕوون و یەکگرتووی دە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا نەبووە تەوەجو‌هێ دەکەی ، ئەمریکا ستڕاتێژییەکی ڕوون و یەکگرتووی نەبووە. ئەلئانیش نییەتی . ئەلئان ئاڵۆزیی سیاسی و نیزامی ئەمریکای  لە ڕۆژئاوای ببینە

ئیکە: یانی ئێستا هەڵوێستێکی ڕوون و یەکپارچە و ستڕاتێژییەکی یەک ڕووی ئەمریکا لە هەرێمێ دا نییە؟

وەلی: ئەمریکا ئەو دەسەڵاتەی هەبوو بە تایبەتی لە پاش ساڵی ١٩٩١ – ٩٢ ی  کاتێک کە یەکەتی شووڕەوی ڕووخا ، ڕووسیا هەم لە دنیایە دا پاشە کشەی کرد بە تایبەتی لە جێگایەکی حەساس وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کشاوە ئەمریکا دەو دەمی دا بەڕاستی نەیتوانی کە ئەو بۆشاییەی پڕ بکاتەوە و باڵانسێکی هێزی سیاسی دابنێ ، کە بتوانێ بە لانی کەمەوە هەتا بیست ساڵان دەوام بێنێ، نەی هێناوە. تەنێ چەند شت دە سیاسەتی ئەمریکا دا دیار بووە ؛ پشتیوانی کردنی بێ قەید و شەرت و بێ هیچ مەرجێک لە ئیسراییل و هەر وەها پاراستنی دەرخستن و هەناردە کردنی  نەوت لەو ناوچەیەوە دەستەبەر بکا ، جگە لەوە سیاسەتێکی نەبووە

ئیکە: ئەی ئەو  پڕۆژەیەی کە وەک پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە باسی دەکرا ، ئەوە پڕۆژەی ئەمریکا بوو کە چەندین ساڵە هەیە و داخوا هێشتا بەردەوام نییە؟

وەلی: ئەوە لە زەمانی بووش هاتە گۆڕێ بەڵام  سەری نەگرت. ئەمن ئەوە دەڵێم ئێوە لە سیاسەتی ئەمریکا دا دوو شت دەبینن ؛ یەک پشتیوانی بە بێ مەرج لە ئیسرائیل  و یەکیش پاراستنی ئەمنییەتی نەوت. بەڵام مەسەلەیەکی دیکە ئەوە بوو کە ئەمریکا هیچ کات فکری ئەوەی نەکردەوە کە ئەو رێژیمانەی پشتیوانییان لێ دەکا و ئەو ڕێژیمانە قەیرانی شەرعییەتیان هەیە چ بکا لەو بارەیەوە. نموونەی یەکەمی وەی ئەو کاتە هاتە گۆڕێ کە ڕێژیمی حوسنی موبارەک لە میسرێ ڕووخا. کاتێک ڕووخا سیاسەتمەدارانی ئەمریکا گوتیان ها تا ئێستا تەواوی تەرکیزی ئێمە ، تەواوی حەول و تەقەلای ئێمە ئەوە بووە کە ئەمنییەتی ئەو ناوچەیەی بپارێزین و لە جێدا دە فکری ئەوەی دا نەبووین کە ئەمنییەت پاراستن پێوەندی هەیە لەگەڵ دێمۆکڕاسی ، پێوەندی هەیە لەگەڵ مەسەلەی ئازادی. ئێمە فکرمان لەوە نەکردبووەوە. بەڵام ساڵێکی پێ نەچوو کە ئەمریکا لە میسرێ هاتەوە سەر سیاسەتەکەی پێشوو و هاتن سی سی یان دانا تەوەجو‌هێ دەکەی. یانی هیچ ئاپشنێکی دیکە، بژارێکی دیکەیان نەبوو. لە سووریاش هەر وەها. هەتا ئێستا ئەمرێکا هیچ هەڵوێستێکی کۆنکرێت و چالاکی سەبارەت بە ئەسەد نەبووە. هەر لەو یەک دوو ساڵەی دا لەمەڕ تورکیاش هەر ئاوا بووە. لەمەڕ تورکیا دە پێوەندی ڕۆژئاوا دا لە سیاسەتی ئەمریکایە بڕوانە. سیاسەتی ئەمریکا هیچ کات لەو بارەیەوە ئامانجێکی ڕوونی نەبووە. ڕۆژ بە ڕۆژ سیاسەتی کردووە.

ئیکە: وەک هێزی سەرەکی ناتۆ

وەلی: ناتۆ بە بێ ئەمریکا هێندە شتێکی گرینگ نییە. یەکەتی ئوڕووپا بە بێ ئەمریکا لە شانۆی سیاسەتی ناونەتەوەیی دا هێندە گرینگ نییە. تەجروبەی سیاسەت لە مەر ئیڕان  ئەوەی نیشان دەدا ، کاتێک ئەمرێکا لە ڕووی ئابوورییەوە ئێرانی گەمارۆ دا.

ئیکە: هەبوونی ئەمریکا لە سووریا پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە ، چونکە لەو دواییانە دا ئێران لە سووریا هەڵوێستێکی چالاکی بووە لە سەر زەوی.

وەلی: بەڵێ پێوەندی هەیە ، هەر ئەوەش کاتێک کە جەنابی تڕامپ گوتی ئەمریکا لە سووریا ، لە ڕۆژئاوا دەچێتە دەرێ ، ئەو دەمی یەکێک لە ئیراد و ڕەخنە گەورەکانی کە ستراتێژیستەکانی ئەمریکا لە تڕامپ یان گرت ئەوە بوو گوتیان ئەتۆ دەچییە دەرێ مەسەلە تەنێ کوردەکان نین ، مەسەلە تەنێ تورکیا نییە ، مەسەلە تەنێ کوردەکان و تورکیا نییە ، ئەتۆ سووریای بۆ ئێرانێ بە جێ دێڵی ، بۆ ڕووسیای بە جێ دێڵی ، نابێ بچییە دەرێ ، تەوەجوهێ دەکەی.

ئیکە: لینزی گراهامیش کە باسی دژایەتی تورکیای دەکرد دەیگوت بەو چوونە دەرەوەیە ئێسرائیل لە بەرانبەر ئێرانێ دا خۆی پێ ناپارێزرێ. ئەوەش وا دەردەخا کە کێشەی یەکەم بۆ بوونی ئەمریکا لەوێ کورد نەبوو ، بەڵکوو ئیسرائیل بوو،

وەلی: ئەوە یەکێکە لە شتەکان ، بەڵام دەزانی با بڕێک قووڵتر تەماشای ئەوە بکەین . بۆچی ئەمریکا هەمیشە دە سیاسەتەکانی دا تووشی ئەو موشکیلانە دەبێ. سەرۆک کۆمارێک بە هەزار قەول و قەرار و پڕۆژە دێتە سەرکار . ئەمریکا لە ڕووی قانوونی دەستووری خۆیەوە ڕێژیم و کۆمارێکی دێمۆکڕاتیکە بە پێی قانوونەکە دەبێ لە سەر بنەمای هێندێک پرێنسیپ سەرۆک کۆمار گوێڕایەڵی هێندێک قانوونان بێ و دەسەڵاتەکەی بەرتەنگ کراوە، بەڵام ئەوە کۆمارێکی دێمۆکڕاتیکی تایبەتی یە ، کۆمارێکی دێمۆکڕاتیکە کە سیاسەتێکی ئەمپریالی هەیە، جا کۆمارێکی دێمۆکڕاتیک کە سیاسەتی ئەمپریالیستی هەیە ئەو دژایەتی و ناکۆکی یە لە ستڕاتێژییەکانی دا دەبیندرێ. ئەوەشمان لەمەڕ تڕامپ دیت. تڕامپ بۆ چی لە پڕ بە تەلەفۆن بە ئەردۆغانی گوت بەڵێ زۆر باشە ئێمە دەچینە دەرێ. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە موحاسەباتی تڕامپ تەنیا و تەنیا سوودی سەرۆک کۆماری خۆی بوو. ئەوە ستڕاتێژییەکی ئەمریکا نەبوو ، لە ڕاستیدا ئەوەی کە تڕامپ کردی لە تیوری سیاسەت دا زۆر جار کوتراوە   دەڵێن ڕێژێمێکی کە لە سەر بنەمای سەرۆک کۆمارێکی ئیجرایی بە هێز داندرابێ وەکوو ئەمریکا یان وەکوو تورکیا ئەوە لە ڕاستیدا دیکتاتۆرییەکی هەڵبژاردنە تەوجوهێ دەکەوی . ئەو کارەی کە تڕامپ کردی ئەوە 'ئێلێکتد دیکتەیترشیپ ' بوو  ، ئەوە کاری دیکتاتۆرێکی هەڵبژێردراو بوو، دیکتاتۆرێک کە بە هەڵبژاردن بووە بە سەرۆک ، بە بێ ئەوەی بە ڕواڵەت پرس بە هیچکەس بکا ، بە بێ ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ستڕاتێژیکی ئەمریکایە ، ئی ئێستا ، پێنج سالی دیکە ، دە ساڵی دیکە ، پازدە ساڵ ، پەنجا ساڵی دیکە لە بەرچاو بگرێ ، ئەو بڕیارەی تەنێ بۆ ئەوە گرت کە ئیحتیمالەن بتوانێ یارمەتی بکا بە وەزعی نالەباری خۆی لە دەروونی سیاسەتی ناوخۆی  ئەمریکا دا.

ئیکە: یانی پێوندی ئەو مەسەلەیە بە پشتگیری کوردانەوە نییە. ئێمە ئەو مەسەلەیە ئاوا بخوێنینەوە؟ با ئەوە بپرسم ئەمریکا لە هەرێمێ دا چەندە پێداویستی بە کوردان هەیە؟

وەلی: تڕامپ زۆر باش دەیزانی کە ...


ئیکە
: باسی تڕامپ بە تەنێ ناکەم مامۆستا. یانی وەکوو سیاسەتی ئەمرێکا. ئێمە وەبیرمان بێتەوە ، ئیتیلافی جیهانی کەنگێ دامەزرا دوای سەرکەوتنی کۆبانی بوو ، ئەو کات ئەوان دیتیان کورد لە کۆبانی سەردەکەوێ ، یارمەتیان دا ، بەرخوەدان سەرکەوت ، مەسەلە زۆر گەورە بووەوە ، دوایە پێوەندییان لەگەڵ کوردان دامەزراند. یانی بەڕاستی پێداویستی ئەمریکا لەو هەرێمە بە ئەو هێزە هەیە ، بە هێزێکی وەک هێزی کورد ؟ بەو شێوەیە ئێمە دەتوانین لە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە تێ بگەین کە بۆ چییە.

وەلی: ئەگەر تەماشای مێژووی ئەمریکا بکەین ،تەماشای هەڵسوکەوتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بکەین ، ئەمریکا بە تایبەتی و بە شێوەیەکی گشتی حکوومەتەکانی گەورەی دنیایە. ئەوانە بە ئاسایی ، عادەتەن پێیان خۆش نییە کە لەگەڵ هێزێکی کە حاکمییەتی نەتەوەیی نەبێ ، دەوڵەتی نەبێ بە ئاشکرایی پێوەندی بگرن و  هەڵسوکەوت بکەن. ئەو نموونەی " ڕۆژئاوا " نموونەیەکی تایبەتی بوو ، زۆر گرینگ بوو. ئەویش ئەوە بوو کە ئەمریکا هات بە شێوەیەکی ڕاشکاو و ئاشکرا  لەگەڵ هێزێک کە حاکمییەتی نەتەوەیی نییە ، دەوڵەتی نییە و ..

ئیکە: و لە بواری ئیدێئۆلۆژی و پارادایمیش بە دژبەری خۆی دادەنێ. ئەوە زۆر گرینگە

وەلی: ئەمن پێم وا نییە ئەوان هێندە گوێیان دابێتە ئەوە. ئەوە تەواو دروستە بەڵام لە ڕوانگەی ئیدێئۆلۆژیک و ئەو سیستمەی کە لە ڕۆژئاوا داندرابوو ئەوە سەدی سەد دژی ئەو شتەیە کە ئەمریکا دەیەوێ یانی تیوری نیو لێبرالیزمی ئابووری ، بەڵام فکر ناکەم لەو مودەتەی دا ، لەو ماوەیەی دا کە ئەوانە پێکەوە کاریان کردووە و کاریش دەکەن ئەوە هێندە لە موحاسەباتی ئەمریکاییان دا لەبەر چاو بوو بێ. ئاگایان لێ یە، دەزانن ، ئیحتیمالەن حکوومەتی تورکیاش زۆر تەئکیدی کردووە کە ئەوانە مارکسیستن ، ئەنارشیستن ، نازانم ..

ئیکە: ئەردۆغان چووە قەسری سپی و ڤیدێئۆی پێشان دان کە ئەوانە  ' تێرۆریست 'ن.

وەلی: بەڵێ! بەڵام ئەوە فکر ناکەم دە هەلومەرجی ئێستا دا ، ئەمریکاییان ئەوەی دەزانن ، بەڵام  بۆیان گرینگ نەبووە.

ئیکە: ئەی چییان بۆ گرینگە ؟

وەلی: ئەوەی بۆ وان گرینگە ئەوەیە چۆن سیاسەتەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر وەها بە شێوەیەکی تایبەتی لە سووریا و عێڕاق بچەسپێنن تەوەجوهێ دەکەی. ئەگەر وورد بینەوە ڕۆژئاوا و هاوکاری و ئیتیلاف لەگەڵ ڕۆژئاوای بۆ ئەمریکاییان دە چوارچێوەی پێکهاتن و ئیتیلافی دژی داعش ئەوە خەرجی زۆر کەم بووە بۆ ئەمریکا. هەم خەرجی ئابووری ، هەم خەرجی نیزامی ، خەرجی نەفەرەاتی. خەرجی زۆر کەم بووە و سوودیشی زۆر بووە.

ئیکە: وەک هێزێکی هێژمۆنیستی جیهانی سوودی زۆر بووە لەو هاوکارییە؟ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوڵتەی هەبێ.

وەلی: سوودی زۆر بووە بۆ ئەمریکا. دروستە و لە هەمان کاتدا نموونەی هاوکاری لەگەڵ ڕۆژئاوا یەک لە نموونەکانی زۆر زۆر تایبەتی یە کە شەرعییەتی داوە بە سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، سیاسەتی ئەمریکا لە میسر، لە مەر ئیسرائیل ، بە تایبەتی لەمەر نەتەوەیەکی دیکەی بێ دەوڵەتی وەکوو فەلەستین دا ، شەرعییەتی سیاسەتی ئەمریکا زۆر زۆر کەم بووە. بەڵام ئەو هاوکارییەی لەگەڵ ڕۆژئاوا جۆرێک شەرعییەتی سیاسەتی ناونەتەوەیی دا بە ئەمریکا.

ئیکە: هەرلەبەر ئەوە ئێمە بە کورتی دەتوانین بڵێین ئەمریکا پێویستی بە کورد هەبوو لە هەرێم؟

وەلی:بە بێ شک و گومان وایە.

ئیکە: باشە ، با باسی ڕووسیاش بکەین ، دوای ٨٩ کە پەیمانی وارشەو و دوایە سۆڤییەت تێک چوو ، ڕوسیا لە هەرێم هیچ دیار نەبوو،

وەلی: وایە

ئیکە: سیاسەتی هێزێمۆنیستی ڕووسیا نەما ، بەڵام لە شەڕی سووریا دا دیسان دیتمان ، ئاکتۆرێکی گەورە، خاوەن چەمکێک و پلانێکی هێژێمۆنیستی لە شانۆ دایە ، لە مەیدانێ یە.  و ئەوە ئاکامێکی جیاوازی لێ کەوتەوە و بارودۆخەکەی گۆڕی ، هاوسەنگی گۆڕی . ئێستا ئەگەر بە تایبەتی باسی کورد بکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پۆزیسیۆنەی ڕووسیا. چونکە وا دیارە ئەو هێزانە پلانیان هەیە بۆ کوردان.

وەلی: ئەمن باوەرم بەوە نییە کە ڕووسیا ئێستا گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە دەبێ بڵێی هێزێکی هێژێمۆنیستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ئەگەر وورد بیینەوە. پێش ڕووخانی  یەکەتی سۆڤییەت ، ڕووسیا لە عێڕاق نفووزی زۆر بوو، لە سووریا نفووزی گەورە بوو ، لە بەشێک لە یەمەنێ نفووزی گەورە بوو ، لە میسرێ هەتا ماوەیەکی درێژ نفووزی گەورە بوو . دوای نەمانی سۆڤییەت ئەو باندۆر و نفووزەی لە دەست دا ، ئەلئان ڕووسیا ئەوە دێتەوە ئەو ووڵاتانە. لە عێڕاق ڕووسیا بەو شکڵە نفووزێکی ئاوای نییە ، لە عەڕەبستانی سعوودی نفووزێکی ئەوتۆی نییە، لە سووریا جێ پێی بۆخۆی کردووەتەوە ، نەک لەبەر ئەوەی کە کارەکانی زۆر گرینگ بووە ، بەڵکوو لە بەر ئەوەی ئەو لایەنانەی کە لە ڕووبەڕووی ڕاوەستاون، ئەمریکا بە تایبەتی سیاسەتەکەیان هەڵە و زۆر خراپ بووە تەوەجوهێ دەکەی. ئەگەر وورد بینەوە و تەماشای تواناییەکانی ئابووری ، نیزامی ، فەرهەنگی  ڕووسیا بکەین لە بەرانبەر ئەمریکا دا، ڕووسیا ئەلئانەکە ئەو تواناییەی نییە ، لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ خۆی تووشی قەیرانە و ناتوانێ هیچ وەخت ئەو کارە بکا مەگەر هەر وەک یەکەتی سۆڤییەت ، یانی بەشێکی هەشتا، نەوەد لە سەدی داهاتی نەتەوەیی خۆی خەرجی چەک و تەسلیحات و مووشەک و ئەو جۆرە شتانە بکا. بەڵام ئایا  ئابوورییەکی سەرمایەداری وەکوو ڕووسیا ئەو تواناییەی هەیە کە لە درێژخایەن دا ئەو کارەی بکا مەعلووم نییە. ڕووسیا بە ووردی لەو شوێنانە هەڵدەسووڕێ کە بۆشایی لێ پەیدا بووە . لە سووریاش لە پێشدا کە هاتە ژوورێ بە باوەڕی من ڕووسیا بە جۆرێک ، بە سیاسەتێکی زۆر ئۆپۆرتۆنیستی هاتە ژوورێ ، یانێ مەیدانێک بوو ، یانی نەش هاتە ژوورەوە لەوێ جێگای خۆی بگرێتەوە بەو شێوەیەی ، هاتەوە کە ئاسێکی بەرەوەی بەدەستەوە بێ بۆ ئەوەی لەوێ سەودا و  مامڵە بکا . ئەو سەودا و مامڵەیەش لەگەڵ ئەمریکا بوو ، لەگەڵ یەکەتی ئوڕووپا بوو. بەڵام هەرچەند قووڵتر تێوەچوو لە وەزعی سیاسی سووریا دا و هەرچەندی کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لاوازتر و لاوازتر بوو ڕووسیا بەهێزتر و بەهێزتر بوو لە ڕوانگەی نیزامییەوە، و گەورەترین هێزی رووسیا لەوەیدا بوو کە یەک پۆزیشنی گرت ، یەک هەڵوێستی گرت و لە سەر ئەو هەڵوێستەش ڕاوەستا.

ئیکە: سیاسەتەکی ڕوون بوو ؟

وەلی: بەڵێ، هەڵوێستەکەی ئەوە بوو کە ئەمن نایەڵم ئەسەد بڕووخێ تەوەجوهێ دەکەی. ئەویش پاش ساڵی ٢٠١٢ ئەو هەڵویستەی گرت. ئەویش لەبەر وەی بوو دەیزانی کە ئەو پۆزیشنەی کە گرتوویەتی ئەمریکا هیچ دژایەتی لەگەڵی نییە. ئەمریکا بۆچوونێکی دوو ئاڕاستەیی هەیە سەبارەت بە سیاسەتی ڕووسیا لە سووریا. لە لایەکەوە زۆری پێ خۆشە کە ڕووسیا ئەو ئیسلامیانە بۆمباران دەکا، وێرانیان دەکا ، لە لایەکی دیکەش نایەوێ ئەسەد بمێنێتەوە. ئەمریکا ئاوایە ، بۆیە دەڵێم  ئەو ناکۆکییە دە سیاسەتی ئەمریکا دا هەیە. بەڵام سیاسەتی ڕووسیای وا نییە ، وێران کردن و لە بەین بردنی داعش و ئیسلامی و جێبهەتولنوسرە و ئەوانە یەک لەپێداویستییەکانە بۆ ئەوەی ئەسەدی بپارێزێ . ڕووسیاش  لێرە دا حیسابی خۆی دەکا. ڕووسیا سەربازی نییە لەوێ، هێندێک لەو شیرکەتە ئەمنییەتییانەی هەیە بە ناوی واگنێر کە لەوێ سەربازی بەکرێگیراو بەکار دێنێ و لەوێ کار دەکەن . بۆخۆی ئەڕتەشێکی ئەوتۆی لەوێ نییە.

ئیکە: بەڵام لە پشت ڕووسیا جەبهەی ئێران هەیە ، لە ڕووی عەسکەرییەوە ئێران لەوێ تێوەگلاوە و بەهێزە.

وەلی: ڕووسیاش لەوێ ، بۆمبارانەکەی دەکا، لە پشت ئەسەدی ڕاوەستاوە، لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانی لێ دەکا ، بەڵام شەڕەکە حیزبوڵا دەیکا ، لەگەڵ ئێران و بەشێک لە ئەڕتەشی سووریا. ئەڕتەشی سووریاش ئەو جۆرەی کە لەو دووسێ حەفتەیە دا لە ڕۆژئاوا دیتمان هێندە بەهێز نییە و هێندەش ڕووحیاتی باش نییە. یانی ئەڕتەشێکی شەڕکەر نییە کە بمێنێتەوە تا ئاخرین نەفەر.

ئیکە: مامۆستا لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد دا من پرسیارم کرد دیسان لەو بارەیەوە بەردەوام بین. بۆچوونی ڕووسیا بۆ مەسەلەی کورد چۆنە؟ ئێوە باسی پێوەندی ڕووسیا تان کرد لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەد ئەی لەمەڕ کورد؟

وەلی: بە باوەڕی من مەسەلەی کورد لە ڕۆژئاوا بۆ ڕووسیای  مەسەلەیەکی سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکایەیە.

ئیکە: یانی بۆچوونی ستراتێژیکی نییە لە مەڕ مەسەلەی کورد ، چارەسەری مەسەلەی کورد بۆ ڕووسیا چییە ؟

وەلی: بە باوەڕی من تا ئێستا ویستوویەتی ، چەند جاران ئەو جوورەی کە ئێمە دیتوومانە کاتێکی کە هاتوون قانوونی بنچینەیی  سووریا بنووسن، ڕووسیا و پووتین تەئکیدیان لە سەر ئەوەی کردووە کە دەیانەوێ لە سووریا سیستمێکی فێدراڵ دابنێن ، یا سیستمێکی دابنێن کە لە سەر یەکگرتوویی تەمەرکوزی سیاسی نەبێ. لەو سیستمەی دا ئەو جۆرەی کە ئێمە خوێندوومانەتەوە حەولیان داوە کە جێگایەکی بدەن بە کوردان. هەر لە بەر ئەوەیە کە دەبینێ پەیەدە ئافیسی هەیە لە مەسکەوێ . بەڵام ئەو شتەی کە ڕووسیا دەیەوێ نە ئەسەد قبووڵی دەکا، نە ئێران قبووڵی دەکا و نە تورکیا. ئەمریکاش هیچ کاتێک سیاسەتێکی ڕوونی لەو بارەیەوە نەبووە. ئەمریکا هیچ کات ئەو سیاسەتە ڕوونەی نەبووە کە ئایا دەیەوێ لە سووریا سیستمێکی فێدڕاڵی دروست بێ یان نا ؟

ئێکە: مامۆستا زۆر کەم کاتمان ماوە ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ ئێمە هێندێکیش بڕوانینە پێشە ڕۆژێ. ئەو بارودۆخەی ئێستا سبەینێ بە چ شێوەیەک دەگۆڕدرێ؟ بۆ کورد بە تایبەتی چمان لە پێشە بەچەند گوتنان ئەگەر ئێوە شرۆڤەیەک ، نرخاندنێک لە سەر داهاتوو بکەن.

وەلی: بە باوەێ من ئەو وەزعەی کە هاتووەتە پێشێ فورسەتێکی گەورەیە بۆ کوردان کە ئەلئان واقیعەن بی چەسپێنن. ئەلئان هەڵبەت وەزعی عێڕاق زۆر ناڕوونە ، ئەلئان مەعلووم نییە ئەگەر واقیعەن ئەو حکوومەتە بڕووخێ، ئەو حکوومەتەی کە دێتە سەر کار هەڵوێستی ئەو حکوومەتەی لە ئاست کوردان چۆن دەبێ؟ بەڵام بە باوەڕی من دیسان جێگای ئەو هیوایە هەیە ،چون هەرێم  هێزی خۆی هەیە و هێزی پێشمەرگەی خۆی هەیە دەبێ لانی کەم لە ئەزموونی شەڕ لەگەڵ داعشیش ئەو دەرسەی وەربگرن ئەتۆ ئەگەر دەتەوێ حکومەتێکت هەبێ بڵێی ئەمن حکوومەتی یەکگرتووم هەیە ، دەبێ هێزێکی نیزامی یەکگرتووت هەبێ، ئەو هێزە نیزامی یە  دەبێتە دەستەبەری ژیانی  ئەو ڕێژیمەی.

ئیکە: ئەو زەمینە ، ئەو بنگەیە هەیە کە لە باشووری کوردستان ئێستا ئەڕتەشێکی هاوبەش ساز ببێ؟


وەلی
: بەداخەوە ئەمن ئێمکانێکی ئاوا نابینم ئێستا. قەیرانی ناوخۆی هەرێم خۆی زۆر قووڵە. هەرێم  دروستە کە دەڵێین
حکوومەتی یەکگرتووی هەیە بەڵام ئەوانە یەکیان نەگرتووە ، ئەوانە پێک هاتوون ، پێک هاتوون کە ئیدارەیەک هەبێ ، ئەو ئیدارەیە جوورێکیش بێ کە داهاتی هەرێمێ بەینی ئەوانە بەش بکرێ و ئەوانە درێژە بدەن بە ژیانی خۆیان بەڵام ، هەرێم نە حکوومەتێکی یەکگرتووی هەیە بەو شێوەیە و بە تایبەتی نە ئەڕتەشێکی یەکگرتوو. ئەگەر لە عێڕاق حکوومەت بڕووخێ و ئەو قانوونی بنچینەییەی کە ئێستا هەیە ئەوە فاشیل بێ و هەڵوەشێ، ئەگەر وەزعێک بێتە پێشێ کە حکوومەتێکی ناسیۆنالیستی عەڕەب لەوێ بێتە سەر کار – کە بە دوور نییە شتێکی وا بێ – لەو هەلومەرجێکی ئاوا دا تەنیا شتێک ، تەنیا هۆکارێک ، فاکتۆرێک کە دەتوانێ واقیعەن هەرێمی کوردستان بپارێزێ هێزێکی عەسکەری ، نیزامی و پاراستنی یەکگرتووی بەهێزە. نەک وەک ئەو کاتەی کە داعش هات.

ئیکە: ئەوە زۆر گرینگە کە ئێوە باسی دەکەن بۆ باشووری کوردستان، بەڵام بۆ ئەم کاتە ، بۆ ئەم دەمە مێژووییە مەسەلەی یەکێتی، یەکرێزی کورد ڕۆژەڤێکی سەرەکییە، کاتمان نەما لەو بارەیەوە قسە بکەین . ئەگەر بە دەقیقەیەک لەو بارەیەوە شتێک بڵیی . هەر وەک باشووری کوردستان کە باستان کرد ، بۆ هەموو کورد ئەو مەسەلەیە وەکوو مەسەلەیەکی زەرووری و پێویست دێتە ناو ڕۆژەڤ.

وەلی: ئەلئان بە باوەڕی من وەزع  زۆر حەساسە ، دیارە ڕۆژئاوا وەزعی وایە. وەزعی ڕۆژئاوا بە باوەڕی من دەگەڕێتەوە سەر وەی تا لەو هەلومەرجەی دا هەڵوێستی ئەمریکا و ڕووسیا سەبارەت بە تورکیا چۆن دەبێ . دیارە کە ئەو سەفەرەی جەنابی ئەردۆغانی بۆ ئەمریکایە سەفەرێکی سەرکەوتوو نەبووە، نەیان توانیوە لەگەڵ ئەمرێکایە بگەنە ڕێکەوتنێکی تەواو. ئەوانە کاتێک ڕوبەڕوو دانیشن و ستراتێژیستەکان و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و ئەوانە دانیشن تڕامپ ناتوانێ تەنێ هەر قسەی خۆی بکا. لەو هەلومەرجەی دا بە باوەڕی من  موشکیلاتی نێوان ئەمریکا و تورکیا یەکجار زۆرە ، بە باوەڕی من ڕوسیا حەول دەدا لەو موشکیلاتەی سوود وەربگرێ. سوود وەرگرتنەکەشی ئەوەیە کە زۆرتر و زۆرتر تورکیا بکێشێتە لای خۆی ، لە بەر وەی ئیحتیمالەن زۆرتر و زۆرتر ئیمتیاز دەدا بە تورکیا لە ڕۆژئاوا. ئەوە بۆ کوردان زۆر خەتەرە. دەبێ کوردان هیوادار بن کە ئەمریکا هەڵوێستێکی زۆر جیدی لە بەرانبەر ڕووسیا و تورکیا دا بگرێ ئەوەش بە باوەڕی من لەو حکوومەتەی دا کە لە ئەمریکایە هەیە بە نەزەری من زۆر دوورە. ئەگەر ئەو وەزعە بۆ نۆ مانگی دیکە بەردەوام بێ هەتا حکوومەت دەگۆڕدرێ ، ئەگەر مەسەلەن حکوومەتێک بایە ، لە جیات تڕامپ ، هیلاری کلینتن لەوێ بایە وەزعی سووریا وا نە دەبوو .

ئیکە: واتە جیاوازی لە نێوان سیاسەتی کۆماریەکان و دێمۆکڕاتان

وەلی: بەڵێ . وەزعی سووریا وا نەدەبوو ، ڕووسیاش ئەو هێزەی نەدەبوو ، تورکیاش نەی دەتوانی ئاوا بەڕاحەتی هێرش بکا.

ئیکە: ئەوەش مژاری موناقەشە و گەنگەشەی زیاترە مامۆستا، گەلێک سپاستان دەکەین ، کاتی ئێمە تەواو بوو بە ڕاستی، ڕاوێژێکی زۆر تێر و دەوڵەمەند بوو ، ئێمە لە سەر چەند مژاری گرینگ بە کورتیش بێ گوێمان لە بۆچوون و لێکدانەوەی ئێوە بوو ، گەلێک سپاستان دەکەم پرۆفێسۆر عەبباس وەلی پسپۆرێ تیوری سیاسی و کۆمەڵناسی . گەلێک سپاس بۆ بەشداریتان مامۆستا .

وەلی: ئەمنیش سپاستان دەکەم

ئیکە: بینەرانی هێژا ، بەم شێوەیە ئێمە بەرنامەی ئەمجارەی ' ڕۆژەف ' کۆتایی پێ دێنین. هەتا بەرنامەیەکی دیکە هەر لە خۆشی دا بن

تێبینی : ئەو هەڤپەیڤینە لە ئێوارەی شەمە ١٦-ی مانگی نۆوامبر سەعات ٨-ی شەو بەکاتی ئوڕووپا لە بەرنامەی ' ڕۆژەڤ ' ی ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە، دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە ماڵپەڕی ستێرک تیڤی و تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا تەماشا بکەن. دابەزاندن و ئێدیتی زمانی: حەسەن قازی
سەرچاوە: ویبنووسی ڕوانگە