Friday, February 24, 2023

Rawêj, Thursday 23 February 2023

kiosk, seshenbe 21.Feb.2023

Monday, February 6, 2023

ئاوڕێک لە ژیان و بەرهەمی عوبەیدیللا ئەییووبیان نووسینی :عەبدوڵڵا سەمەدی


 

دەنگی من زەنگە، دەڵێ ئازادی

ئاوڕێک لە ژیان و بەرهەمی عوبەیدیللا ئەییووبیان

عەبدوڵڵا سەمەدی

---------------

بنەماڵە

لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەهەمی زایینیدا کە هاوکات بوو لەگەڵ دوایین ساڵەکانی سەلتەنەتی بنەماڵەی ئەفشار و سەرەتای دامەزرانی دەسەڵاتی بنەماڵەی زەند لە ئێران، عەشیرەتی دێبۆکری لە «ئامێد»ی باکووری کوردستانەوە ڕوویان کردووەتە ڕۆژهەڵات و لە ناوچەی موکریان گیرساونەوە[1]. هاوکات چەند تیرە و تایفە و بنەماڵەش، بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە، ڕەگەڵ ئەو کۆچە مێژوویی‌یەی عەشیرەتی دێبۆکری کەوتوون و هەرکام لە شوێنێک گیرساونەوە. یەک لەوان، «بنەماڵەی ئەییووبیان» بوون کە بەرەو باشووری کوردستان ڕۆیشتوون و لە ناوچەی «سەرکەبکان» نیشتەجێ بوون کە ئێستا یەکێک لە چوار ناحیەی قەزای ڕانیەیە لە باکووری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی. چەند ساڵ دواتر، «سەید ئەییوب» ناوێکی ئەو بنەماڵەیە بە دوای خوێندندا ڕووی کردووەتە سابڵاغ، کە ئەودەم نێوبانگی مزگەوتی سوور و مەدرەسە و مامۆستا پایەبەرزەکانی وەک «مەلا محەمەدی بانی»، «مەلا محەمەدی یایە»، «مفتی زەهاوی» و «مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب» تا دوور ڕۆیشتبوو و پاشانیش سەدان شاعیر و نووسەر و زانای وەک «مەولەویی تاوگۆزی» و «مەحوی» دەرسیان تێدا خوێند و بەهرەی گەورەیان وەدەست هێنا کە سوودی بە زمان و فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەکەمان بەخشی. بە هاتنی سەید ئەییوب بۆ مەهاباد، لکی موکریانیی ئەو بنەماڵەیە لە مەهاباد دامەزرا و بە «ئەییووبیانی موکری» ناسران، کە لە ساڵەکانی دوای (1307/ 1928) کە دەفتەرچەی پێناسە بە ناوی «شناسنامە» لە ئێراندا کرایە گشتی و قانوونی، لە پێناسەی ئیدارەی ئاماردا «موکری»یەکە بەهۆی خراپ نووسین و خراپ خوێندنەوە، گۆڕا بە «مەرکەزی» و ئێستا ناوی بنەماڵەیی‌یان «ئەییووبیانی مەرکەزی»یە.

لەدایکبوون و خوێندن

مامۆستا عوبەیدیللا ئەییووبیان، کوڕی سەید عەبدوڵڵا، کوڕی سەید تەها، لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزی 1307ی هەتاوی، بەرامبەر 21ی مارسی 1928 لە شاری مەهاباد لەدایک‌بووە. سەید عەبدوڵڵا حەوت کوڕی بووە کە عوبەیدیللا لە ناویاندا پێنجەمینە. سەید عەبدوڵڵا لە کەسایەتییە خاوەن ڕێزەکانی مەهاباد بووە و لە تەمەنی سەدوسێ ساڵیدا هەر لەم شارە کۆچی‌دوایی کردووە. سەید عەبدوڵڵا لە ئاست ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆی بێ‌لایەن نەبووە و بە ناوی نهێنیی «پاکۆ» ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بووە. زیبا خانمی دایکی، کە لە بەفرانباری 1342 ڕێکەوتی سەرەتای ژانویەی 1964 لە مەهاباد کۆچی‌دوایی کرد، کچی «حاجی سەید محەمەدی فەخرولعولەما»، لە تایفەی مەلاجامی و لە بنەماڵەی شێخولئیسلامییەکانی مەهابادە کە دەچنەوە سەر ئەبووبەکری موسەنیفی چۆڕی و پیرخدری شاهۆ.

عوبەیدیللا ئەییووبیان خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە و پاشان بۆ خوێندنی باڵا ڕووی کردووەتە شاری تەورێز و لە زانکۆی کشتوکاڵدا دەرسی خوێندووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت هاتووەتە زانکۆی ئەدەبیات و لیسانسی وەرگرتووە بڕوانامەکەی لە سەر «دایره‌المعارف کُردی» نووسیوە و بە ناوی «کتێبدار» لە کتێبخانەی هەمان زانستگا دامەزراوە. پاشان هەر لەو زانکۆیە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەب. «دوکتۆر ماهیار نەووابی»(1291-1379/ 1912-2000) سەرۆکی زانکۆی ئەدەبیات و «دوکتۆر مەنووچێهر مورتەزەوی»(1308-1389/ 1929-2010) مامۆستای ئەو زانکۆیە، بە گرینگیی زمان و ئەدەبی کوردیان زانیوە و لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە لێکۆڵینەوەکانی ئەم بوارە دەتوانێ سوود بە لێکۆڵینەوەی ئێرانناسی بگەیەنێ. هەر بەم بۆنەوە ڕێخۆشکەرییان کردووە بۆ هێنانە بەرهەم و بڵاو بوونەوەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی لە زانکۆی تەورێزدا. مامۆستا ئەییووبیان یەکەم کەس بووە کە لەم زانستگایەدا بناغەی لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی دامەزراندووە، ئەم ڕەوتە تا ئێستاش بە هەوڵی مامۆستا «قادر فەتاحی قازی» لە هەمان زانکۆدا درێژەی هەیە.

ئەوین و تێکۆشان

بەهاری ساڵی (1335/ 1956)، مامۆستا ئەییووبیان «چریکەی خەج و سیامەند»ی بە زمانی کوردی و ئەلفوبێی لاتین و وەرگێڕان و شی‌کردنەوەی فارسییەوە لە زانکۆی ئەدەبیاتی تەورێز چاپ و بڵاو کردەوە. تا بەر لەم ساڵە، ئەوەی لە سەر بەیتی کوردی کرابوو، کاری لێکۆڵەرانی بیانی بوو. بەڵام سێزدە ساڵ بەر لە بڵاوبوونەوەی خەج و سیامەند، واتە ئەودەمەی مێرمنداڵێکی پازدە ساڵان بوو، بە ناوی خواستراوی «قومری»، شێعری لە گۆڤاری نیشتمانی ئۆرگانی کۆمەڵەی ژێکافدا بڵاوکرابوویەوە[2]. شێعرەکە هەشت دێڕە و یەکەم بەرهەمی چاپکراوێتی و لە دوایین دێڕدا نازناوی «قومری» بەکارهێناوە و دەڵێ:

«قومریا» گەرچی ئێستا منداڵی جوان دەهۆنێوە شێعر و هەڵبەستان

گۆڤاری نیشتمان لە یادداشتێکدا کە لە سەر شێعرەکەی نووسیوە، وەکوو بەرهەمێکی ژوورتر لە تەمەنی منداڵێکی چاردە پازدە ساڵان باسی لێدەکا و بە نیشانەی لێهاتوویی نەتەوەی کوردی دادەنێ و لە ژێر سەردێڕی «مناڵێکی بوێژ»دا دەنووسێ: «دیمەن و هەوای نیشتمانی کورد تەبیعەتەن زەوقێکی ئەدەبی کە مەخسووسی کوردە، لە دڵی گەورە و بچووکی کوردستانا ئیجاد دەکا، کە ئەم هەڵبەستەی ژێروو هۆنراوەی مناڵێکی 14 و 15 ساڵانەی کوردی موکوریانییە بزانن چەندە شیرین و جوان هۆنراوەتەوە. ئایا نەتەوەیەکی مناڵی هێندە نیشتمانپەروەر و خوێنگەرمی هەبێت دوژمنەکانی ئەبێ چەندە بێ‌مێشک و نەزان بن کە هێشتاش بەهیوای کەڵک لێ‌سەندن (ئیستیسمار)ی ئەم نەتەوەیە بن و ددان بە حەقی مەشرووعی دانەهێنن»[3]. مامۆستا ئەییووبیان پاشان لە نووسراوەکانیدا ئەم نازناوانەشی بەکارهێناوە: «هێدی»، «بڕڕەک»، «بڕڕەکی کوردستان»، «سعام» کە چوار پیتی یەکەمی چوار وشەی «سید عبیدالله ایوبیان مرکزی»یە، «سعام بڕڕەک»، «کۆماری» و «دوکتۆر کۆماری». لە شێعری «هەرای ئازادی»دا کە لە (1342/ 1963) هۆندوویەتەوە، سێ نازناوی خۆی ئاوا هێناوە:

کاکی تۆ «هێدی» لە نێو دۆستانە «بڕڕەک»ە و «بڕڕەکی کوردستان»ە

بەڵام لە دە پازدە ساڵی دوایی‌ی تەمەنیدا لە هیچکام لەو نازناوانەی کەڵک وەرنەدەگرت و تەنیا «دوکتۆر سەید عوبەیدیللای ئەییووبیان»ی دەنووسی. هەرچەند ڕاستەڕێی هەوڵە ئەدەبی و زانستییەکانی مامۆستا ئەییووبیان لە سەر بواری لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەب و فەرهەنگە، بەڵام بیر و بەرژەوەند و هەڵوێستی وی زیاتر لە ناو ئەو بڕە شێعر و هۆنراوانەیدا خۆ دەنوێنن کە لە پەراوێزی کارەکانیدا خولقاندوویەتی. ئەو لەم خەڵوەتی ڕوحەدا خۆزیا و حەسرەت و ئاواتەکانی زۆر بە ئاشکرا دەردەخا، کە دەکرێ لەم تاکە بەیتەدا خەست بکرێتەوە:

فەلسەفەم جەنگە دەگەڵ بێدادی دەنگی من زەنگە، دەڵێ ئازادی

بەرهەمە چاپکراوەکان

ئەلف: کتێب

(1) ساڵی (1327/ 1948) «چریکەی هەڵۆ و کەوێ»ی بە شێوەی بەندی کوردی و لە سەر کێشی هیجایی هۆندەوە و ساڵی (1328/ 1949) لە مەهاباد بە تایپی دەستی و ساڵی (1331/ 1952) لە تەورێز بە وەرگێڕانی فارسی و سەرەتایەکی هێژاوە چاپی کرد و ساڵی (1358/ 1979) چاپی سێیەمی بڵاو کردەوە. ئەم چریکەیە بە مەودای پێنج ساڵ دوای شێعرەکەی گۆڤاری نیشتمان گوتراوە و ئەگەر ناوی کەسێکی لە سەر نەبوایە، بێ‌گومان وەک بەیتێکی فۆلکلۆر چاوی لێدەکرا. نموونەی بەندێکی چریکەکە ئەمەیە:

«ئای وای وای، کەوێ دەیکوتەوە بە هەڵۆیە، هەڵۆیە دەیکوتەوە بە خاسەکەوێ

ئەمن ڕاوێ دەکەم لەو چڕەی، نازانم ئەتۆ چت دەوێ

هەر لە بەری بەیانییەوە کە گزینگ لە سەران دەکەوێ

هەتاکوو تەنگی ئێوارێ، بە سەر دەکشێ تاریکە شەوێ

ئەوە ئەمن گوێ بەزەنگم، دەڕوانمەوە لێر و لەوێ

لە دوند و لوتکەی چیایە، هەتاکوو باسک و داوێنی ڕەوەزان

لە بڵیند و لە نەوی دەگەڕێم، ڕاوم وەچەنگ کەوێ...»

(2) تحقیقات دربارە آثار فلکلریک کردی ـ ترانه ـ، کتابفروشی تبریزی، تبریز، (1329/ 1950).

(3) ساڵی (1330/ 1951) شێعری هەڵۆی لە فارسییەوە وەرگێڕا، کە یەکەم وەرگێڕانی شێعرە بەرزەکەی «عقاب»ی دوکتۆر پەرویز خانلەری (1292-1369/ 1913ـ1990) بوو بۆ سەر زمانی کوردی. ئەم هۆنراوە بەرزەی خانلەری، پتر لە 20 ساڵ دوای وەرگێڕانەکەی مامۆستا ئەییووبیان، لە لایەن مامۆستا هەژارەوە کرایە کوردی و بە دوای ئەویشدا تا سەردەمی ئێمە لە لایەن مامۆستایان «سوارە ئیلخانیزادە، ڕەحمان قازی، مووسا گەرمیانی، پەرویز فەقری، محەمەد بێهڕەوان، جەهانبەخش شەکەری»یەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی[4]. مامۆستا ئەییووبیان هەر لە هەمان ساڵەوە تا ئەم ساڵانەی دوایی چەندین جار وەرگێڕانەکەی خۆی بە تایپی دەستی و لە چەند نوسخەیەکدا بە ناو دۆستانیدا بڵاو کردووەتەوە.

(4) نقش قهرمان شرق، سلطان صلاح‌الدین ایوبی، کتاب‌فروشی سعدی، تبریز، اردیبهشت ماه (1341/ 1962). لەم کتێبەدا دوای ئەوەی لە کۆمەڵگا کوردییەکەی سەردەمی سەلاحەددینی ئەییووبی (516-572/ 1137-1193) دەدوێ، لە هۆکارەکانی «ئایینی»، «ڕامیاری»، «ئابووری»، «دەروونناسی» و «نادیار»ی شەڕەکانی سەلیبی دەکۆڵێتەوە و لە دواییدا کارتێکەری و شوێندانانی ئەو شەڕانە لە سەر شارستانییەتی ڕۆژئاوا شرۆڤە دەکا.

هەر لە هەمان ساڵدا، «راهنمای الفبای آسان کُردی» لە تەورێز چاپ و بڵاو دەکاتەوە، کە چوار لاپەڕەیە و بریتییە لە پێشەکییەک و خشتەی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەڕەبی و لاتین. ئەم کارە چەندی بە ڕواڵەت بچووکە، بە ناوەرۆک و مانا گەورە و بەنرخە، بە تایبەت بۆ بارودۆخە هەستیارەکەی ئەو دەم.

سەرەڕای ئەو بەرهەمانە، کە هەموو دەستپێشخەری و نوێخوازییان لەو سەردەمدا پێوە دیار بوو، هەروەها شێوازێکی تایبەتییان لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی کوردیدا هێنایە ئاراوە، مامۆستا ئەییووبیان لە نێوان ساڵانی (1358 تا 1361/ 1979 تا 1982)، بە پەلە شەش بەرهەمی بڵاو کردەوە کە جیاوازییەکی تەواویان لەگەڵ کارە ورد و بنەڕەتییەکانی پێشووی هەبوو. ئەو ساڵانە جەنگەی ئاڵوگۆڕەکانی دوای شۆڕشی (1357/ زستانی 1979)ی گەلانی ئێران بوو. ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتیی سیاسیی ئاوێتەی بشێوی و ئاڵۆزی لە کۆمەڵگایەکی تازە لە ژێر دیکتاتۆری خەلەساوی بێ‌بەرنامە، کە بە بێ تێبینی و وەبەرچاوگرتنی پاشەڕۆژ، هەموو شتێکی دەدایە بەر زەبری تووڕەیی و تۆڵە‌سەندنەوە. هۆی ئەم کارەی مامۆستا ئەییووبیان هەرچی بووبێ، کاریگەریی ئەو سەردەمە ئاڵۆزەی پێوە دیار بوو کە بریتین لە:

(5-1) بەرەو ئازادی، فلسفە انقلاب کوردی، انتشارات کانون کردشناسی، تهران، (1358/ 1979).

(6-2) سلطان صلاح‌الدین ایوبی، قضیە شیخ شهاب‌الدین سهروردی، انتشارات کانون کردشناسی، تهران، (1358/ 1979).

(7-3) کوردی هونەرە، انتشارات کانون کردشناسی، تهران، (1359/ 1980).

(8-4) هەڵسووڕانەوە، بە بۆنەی نەوسوورانە و جێژنەی نەوڕۆژی ئازادیی نەتەوەی کورد، کووژەکەی سوور، انتشارات کانون کردشناسی، تهران، (1359/ 1980).

(9-5) سوورانەی ئازادی، انتشارات کانون کردشناسی، تهران، (1359/ 1980). ئەم بەرهەمە وەکوو ژمارە (1)ی گۆڤارێکی مانگانە بڵاو کرایەوە، کە ژمارەی تری بەدوادا نەهات و هەر لەم یەک ژمارەیەدا مایەوە.

(10-6) هەتەڵەی کوردی، انتشارات کانون کردشناسی، مهاباد، (1361/ 1982).

ئیدی لەم ساڵە بەدواوە، مامۆستا ئەییووبیان کە بە خانەنشینی و تەنیایی لە مەهاباد دەژیا، هیچ کتێبێکی بڵاو نەکردەوە. چەند مانگ پاش کۆچی‌دواییەکەی، هەرچی یادداشت و دەستنووسی لە ماوەی پتر لە شەست ساڵدا لە سەر ژیان و هۆنراوەکانی وەفایی کۆی کردبۆوە درایە ئەکادیمیای کورد لە هەولێر تا بۆ پێکهێنانی دیوانێکی پوختی وەفایی کەڵکیان لێوەربگیرێ. ئەم هەنگاوە بە هەوڵ و تێکۆشانی دوکتۆر عوسمان دەشتی بە ئاکام گەیشت کە یەکێک لە ئاواتە بەرزەکانی مامۆستا ئەییووبیان بوو و بە درێژەی ژیانی ئەدەبیی خۆی، وەک گرینگترین پرۆژەی فەرهەنگی بە ناوی «کلیات وفایی/ سەرجەمی بەرهەمی وەفایی» کاری بۆ کردبوو. لەم پێناوەدا سەدان لاپەڕە یادداشت، دەیان دیمانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ شاگردان و نزیکانی وەفایی، کۆمەڵێک بیرەوەری و بۆچون و لێدوان لەگەڵ ئەم و ئەو، چەندین نوسخەی دەستنووس و وێنە و نەقاشی و خۆشنووسی ئامادە کردبوو. یەکێک لەم یادداشتانە بریتییە لە 67 لاپەڕەی گەورە بە ناوی «رباعیات وفایی» کە 389 چوارینەی وەفایی ڕیزبەندیی ئەلفوبێ کردووە و لە سەرەتای ڕەزبەری 1364 ڕێکەوتی 23ی سپتامبری 1985پێشەکییەکی چوار لاپەڕەیی بۆ نووسیوە و لە کۆتاییدا دەڵێ: «بە کۆکردنەوە و ڕێک‌وپێک کردنی ئەم کۆمەڵە چوارینەیە، کاری سەرجەمی بەرهەم و دیوانی وەفایی لە لایەن منەوە، لە شاری مەهاباد کۆتایی پێ‌هات

(11) دیوانی وەفایی، کردوکۆ و بەراوردکاری: سەید عوبەیدوڵڵای ئەییووبیانی مەرکەزی، ساغکردنەوە و پێشەکی نووسین و ئامادە‌کردنی: د. عوسمان دەشتی، ئەکادیمیای کوردی، هەولێر، 2012.

بێ: وتار

عوبەیدیللا ئەییووبیان کۆمەڵێک وتاری لێکۆڵینەوەی لە سەر زمان و ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی هەیە کە لە نێوان ساڵانی 1335 تا 1369/ 1956 تا 1990) لە گۆڤارە فارسی و کوردییەکاندا بڵاوکراونەوە و لە ناویاندا ئەوەی نووسەری ئەم وتارە ئاگاداریان بێ، ئەمانەن:

(1) خج و سیامند، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال هشتم، (بهار 1335/ بەهاری 1956)، ص52-105. ئەم وتارە پاشان بە کتێبێکی سەربەخۆ بڵاو کرایەوە).

(2) چریکه کردی1، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال سیزدهم، شماره‌ی 57، (تابستان 1340/ هاوینی 1961)، ص164-240.

(3)چریکه کردی2، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال سیزدهم، شماره‌ی 58، (پاییز 1340/ پایزی 1961)، ص351-406.

(4)چریکه کردی3، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال سیزدهم، شماره‌ی 59، (زمستان 1340/ زستانی 1962)، ص528-544.

(5)میر نوروزی ‌ـ ‌میرمیرین، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال چهاردهم، شماره‌ی 60، (بهار 1341/ بەهاری 1962)، ص99-112.

(6)چریکه کردی4، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال چهاردهم، شماره‌ی 61، (تابستان 1341/ هاوینی 1962)، ص249-284.

(7)چریکه کردی5، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال چهاردهم، شماره‌ی 62، (پاییز 1341/ پایزی 1962)، ص393-436.

(8)چریکه کردی6، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال چهاردهم، شماره‌ی 63، (زمستان 1341/ زستانی 1963)، ص489-533. ئەم (6) بەشە کە لە ژێر ناوی «چریکه کردی»دا لە گۆڤاری زانکۆی ئەدەبیاتی زانستگای تەورێز بڵاو کرایەوە، لە ڕاستیدا «بەیتی مەم و زین»ەکەی توحفەی موزەففەرییەی ئۆسکار مان بوو کە مامۆستا ئەییووبیان ئەلفوبێیەکەی لە فۆنەتیکەوە کردە ئەلفوبێی کوردیی بە پیتی عەڕەبی، وەریگێڕایەوە سەر فارسی، لێدوان و شی‌کردنەوەی پێویستی بۆ کرد و لە پێشەکییەکی تێروتەسەلدا، ئاوڕێکی دایەوە سەر هەموو نوسخە چاپی و خەتییەکانی پێشووی شاعیران و نووسەران و لێکۆڵەرانی کورد و بیانی. مامۆستا ئەییووبیان لە بەشی کۆتایی‌ی وتارەکەیدا دەڵێ: نەمدەویست ئەم باسە لێرەدا ببڕمەوە، بەڵکوو نیازم وابوو بە دوای دەقەکەی ئۆسکار ماندا، دەقەکانی «ئەحمەدی خانی» و «ڕۆژە لیسکۆ»ش بە وەرگێڕانی فارسییەوە شی بکەمەوە، جا لە دوایی ئەمانەدا دەقە فۆلکلۆرەکەی خۆم بخەمە بەر باس و لێدوان، بەڵام سەبارەت بەوە کە سنووری گۆڤارەکە مەودای ئەم بەربڵاوییەی نەدا، ناچار بووم کۆتایی پێ‌بێنم و پرۆژەکەی خۆم ڕاگرم بۆ کتێبێکی سەربەخۆ بە ناوی «مەم و زین». هەرچەند ئەم پرۆژەیەی مامۆستا ئەییووبیان سەری نەگرت، بەڵام پاشان وتارە شەش بەشییەکەی خۆی لە کتێبێکی 290 لاپەڕەییدا چاپ و بڵاو کردەوە.

(9) طرح دستور زبان کردی، (І) علامت مذکر و مٶنث در کردی، دانشکدە ادبیات دانشگاه تبریز، (1342/ 1963). ئەم وتارە پاشان بە شێوەی نامیلکەیەکی سەربەخۆ چاپ و بڵاو کرایەوە.

(10) بهار کردی، وحید، سال دوم، شماره3، تهران، (1343/ 1964)، ص18-27.

(11) پناه دادن آهوان(غرور افسانه‌آسای کُردی) و سنن عالی انسانی، روزنامۀ خاک و خون، شماره ؟، تهران، (1343/ 1964).

(12) دیوان خطایی، نشریه دانشکده ادبیات اصفهان، دورۀ اول، شماره1، (1343 / 1964)، ص289-309. ئەم وتارە بە کۆششی د. عەباس فاروقی، سەرۆکی زانکۆی ئەدەبیاتی زانستگای ئیسفەهان، پاشان بە شێوەی نامیلکەیەک لە سەد نوسخەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.

(13) فرهنگ کردی ‌ـ ‌تتبع در باب وجوه مشترک حماسه عامیانه لاس و کژال کردی با یکی از حکایات مثنوی مولوی، نشریه دانشکده ادبیات اصفهان، دورۀ اول، شماره1، (1343/ 1964)، ص200-221. مامۆستا ئەییووبیان لەم وتارەدا لە زمانی کوردی و دیالێکتەکانی دەدوێ و ئاماژەی بیروڕای ڕۆژهەڵاتناسان دەکا و لە دواییدا تیشکێک دەخاتە سەر ئەدەبی نووسراو و زارەکیی زمانی کوردی. لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێ: «لە پاشماوەی ئەم باسەدا دێینە سەر هەڵسەنگاندنی بەیتی لاس و کەژاڵ لەگەڵ یەکێک لە حەکایەتەکانی مەسنەویی مەولەوی، کە بابەتی سەرەکیی ئەم وتارەیە و لە ژمارەی داهاتوودا پێشکەشی دەکەین.» بەڵام هەوڵی نووسەر بۆ وەدەست‌هێنانی ژمارە(2)ی ئەم گۆڤارە و ئاگاداری لە پاشماوەی وتارەکە بە ئاکام نەگەیی‌.

(14) محمد صدر هاشمی(مٶلف تاریخچۀ مطبوعات ایران)، وحید، سال سوم، شماره4، تهران، (1343/ 1964)، ص361-365.

(15) تقویم محلی کردی، نشریه دانشکده ادبیات تبریز، سال شانزدهم، شمارۀ 69، (تابستان 1343/ هاوینی 1964)، ص179-208.

(16) یک بحث و مطالعه تحقیقی پیرامون پیوستگی داستان‌های گوتاما بودا و ابراهیم ادهم با افسانه عامیانه زنبیل فروش کردی1، مهر، سال یازدهم، شماره10، شماره مسلسل: 126، تهران، (دیماه 1344/ دیسامبری 1965)، ص632-639.

(17) یک بحث و مطالعه تحقیقی پیرامون پیوستگی داستان‌های گوتاما بودا و ابراهیم ادهم با افسانه عامیانه زنبیل فروش کردی2، مهر، سال یازدهم، شماره12، شماره مسلسل: 128، تهران، (اسفند 1344/ فێوریەی 1966)، ص ؟-776.

(18) یک بحث و مطالعه تحقیقی پیرامون پیوستگی داستان‌های گوتاما بودا و ابراهیم ادهم با افسانه عامیانه زنبیل فروش کردی3، مهر، سال دوازدهم، شماره1، شماره مسلسل 129، تهران، (1345/ 1966)، ص37-42. لە دوایی ئەم بەشەدا، ڕستەی «درێژەی هەیە» نیشانەی پاشماوەی بابەتەکەیە، بەڵام هەوڵی نووسەر بۆ وەدەست‌هێنانی وتار یا وتارەکانی درێژەی ئەم باسە، بێ‌ئاکام مایەوە.

(19) کاوە‌ژمێری کوردی ، گۆڤاری ئاوێنە ، ژمارە‌ 2ـ3، (جۆزەردان و پووشپەڕی 1369/ مەی و جوونی 1990)، ل:52ـ55؛ ژمارە 4، (گەلاوێژ و خەرمانانی 1369/ جولای و ئووتی 1990)، ل: 24ـ25؛ ژمارە 5، (ڕەزبەر و خەزەڵوەری 1369/ سپتامبر و ئۆکتۆبری 1990)، ل: 22ـ27.

(20) مامۆستا ئەییووبیان لە ناو یادداشتەکانیدا وتارێکی پاکنووس و تایپکراوی خۆی ئەرشیڤ کردووە بە زمانی فارسی لە ژێر سەردێڕی «کُرد در شاهنامە». لە سەر وتارەکە نووسراوە: «اشاره: دکتر سید عبیدالله ایوبیان در بررسی از آثار مکتوب در سال‌های 1331 تا 1335 به جایگاه کُردها در شاهنامۀ فردوسی، اثر سترگ ادب پارسی، پرداخته است. او این مجموعه را برای سیروان ارسال کرده است که از این شماره به بعد بەصورت پاورقی منتشر خواهد شد.» ئەم وتارە شەش بەشە و بەپێی ئەم یادداشتە، دەبێ لە شەش ژمارەی حەوتەنامەی سیرواندا چاپ و بڵاو کرابێتەوە. بەداخەوە هەوڵی نووسەری وتار بۆ وەدەستهێنانی ژمارە و ساڵی چاپی وتارەکە بە ئاکام نەگەیی.

جگە لەمانە، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی دوای 1357 [زستانی 1979]دا چاوپێکەوتن و وتوێژیشی لەگەڵ کراوە. بەو پێیە دەورانی چالاکیی ئەدەبی وی دەکەوێتە نێوان ساڵانی (1327 تا 1350/ 1948 تا 1971) کە گرینگترین بەرهەمەکانی خۆی تێدا خولقاندووە.

پێ: یادداشت

دەکرێ بڵێین «یادداشت»ەکان، لایەنی هەرە زۆری نووسینەکانی مامۆستا ئەییووبیان پێک دێنن. ئەو هەمیشە خەریکی نووسین بوو. ئەوەی لە پێوەندی و قسەوباسەکانی ڕۆژانەدا بە پێویستی زانیبا، لە یەکەم دەرفەتدا یادداشتی لێهەڵدەگرتەوە و لە شوێنی خۆیدا تۆماری دەکرد. لە ناو ئەم یادداشتانەدا سەدان زانیاری و ڕاستکردنەوە و وشە و ئاماژەی مێژوویی و ئەدەبی هەیە کە بێ‌گومان لەجێی خۆی زۆر بە کار دێن. سەدان فایل و پاکەت و جێ‌وڕێی تایبەتی هەبوو کە ئەم فیش و لاپەڕانەی تێدا هەڵگرێ. هیچ کتێبێکی کتێبخانەکەی نییە کە لە سەرەتا و دوایی و حاشییەی لاپەڕەکاندا ڕاستکردنەوە و بیروبۆچوونی خۆی لە سەر نەنووسیبێ. بەشی هەرە زۆری ئەم یادداشتانە بە پرژوبڵاوی ماونەوە و لە فەوتان نزیکن.

تاک‌وتەراش هەندێ یادداشت و ڕەخنە و نوکتەی لێرولەوێ چاپ بووە. لە یادداشتێکدا کە لە لاپەڕە 10ی ژمارە 10593ی «ڕۆژنامەی کەیهان»ی دوایین مانگەکانی تەمەنی حکوومەتی شادا چاپ کراوە، لە ژێر سەردێڕی «دُمِ خروس یا قَسَم، کدام را باور کنیم؟» دەنووسێ: ماوەیەک لەمەوبەر بە دەهۆڵ و زوڕنا ڕاتانگەیاند کە سانسۆر تەواو بوو! منیش بە دڵخۆشییەوە داوای ئیزنی چاپی دووەمی کتێبی «سلطان صلاح‌الدین ایوبی و قضیە شیخ شهاب‌الدین سهروردی»یەکەی خۆم کرد. بەڵام ئاکامی دوو مانگ بێنە و بەرە بە ڕستەیەکی زارەکی بووبە ئەوەی کە لێژنەی وەزیران چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە بە مەسڵەحەت نازانێ!

لە یادداشتێکی چاپکراوی دیکەدا دەڵێ: ئاخۆ مرۆڤ دەبێ بە کام سازی ئەم خەڵکە هەڵپەڕێ تا لە پشتەسەر باسی نەکەن و قەوان و سەفحەی بۆ دانەنێن؟!

هەروەها لە ناو دەستنووس و یادداشتەکانی مامۆستا ئەییووبیاندا، کاری نیوەچڵ و فیش و یادداشتگەلی زۆر و کاری ئامادەی چاپیش هەیە، وەک «چریکەی لاس و کەژاڵ»، کە لە دەفتەرێکی دەوری 200 لاپەڕەدا بە جەوهەری کەسک پاکنووس کراوەتەوە و ئامادەی چاپە.

دوای خانەنشین بوون و گەڕانەوەی بۆ شاری مەهاباد تا ڕۆژانی کۆتایی تەمەن، کاری لە سەر دوو پرۆژە کرد و لە سەریان سوور بوو. یەکەم: نووسین و تۆمار کردنی ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانە کە خۆی یا دەوری تێیاندا هەبووە یا شاهید و ئاگاداریان بووە و لە ژێر سەردێڕی «برووسکەی بیرەوەری» و «کۆلکەزێڕینە»دا یادداشتی کردوون. دووەم: «برگ‌های زرین تاریخ کُرد/ لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی کورد» کە بریتییە لە ئەلبۆمێکی گەورەی ڕەنگی لە سەر کاغەزی گلاسە، کە هەر لاپەڕە تایبەتی یەک یا چەند کەسایەتی یا ڕووداو و بۆنەیەکی مێژوویی‌‌یە. ساڵانە چەند لاپەڕەی بە سەلیقە و وردبینییەکی تایبەت دەڕازاندەوە و لەو ماوەیەدا کاری دەیان لاپەڕەی تەواو کردبوو. ئەم دوو پرۆژەیە بە نیوەچڵی جێماون و ئەگەر زەمانێک شانسی چاپ و بڵاوکردنەوەیان هەبێ، بێ‌گومان پێویستییان بە خوێندنەوە و پێداهاتنەوە و ڕێکوپێک کردن هەیە.

ئیتر لەوە بەدواوە، هەموو ئەو پرۆژە گەورانەی کە لە سەری دابوو، وەک: «واژەنامەی ئەییووبیان»، «بیبلۆگرافیای کوردی»، «کولیاتی وەفایی»، «ڕێزمانی کوردی»، «دەفتەری بیرەوەری»، «فەرهەنگی مێژووی ڕەوەندانی کورد»، «یاریی کوردی»، «لێکۆڵینەوە و لەبەر یەک ڕانانی شێعری کلاسیک و نوێ»، «نەورۆزنامەی ئەییووبیان»، و پرۆژەی «دیوانی چەند شاعیرێکی موکریان»، بە نیوەچڵی و ناتەواوی لە کتێبخانەکەیدا بەجێمان.

دایکی نیشتمان

شانۆی دایکی نیشتمان لە کۆتایی‌یەکانی ساڵی (1323/ سەرەتاکانی 1945) لە مەهاباد نیشان درا و پاشان بۆ دەوروبەر ڕۆیی. هەرچەند ئەودەم مامۆستا عوبەیدیللا ئەییووبیان لە تەمەنی شازدە ساڵیدا بووە، بەڵام هەمیشە جەختی لە سەر ئەوە بوو کە شانۆی دایکی نیشتمان نووسین و بەرهەمی هەوڵی خۆیەتی. هەڵبەت وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، ئەو ساڵێک بەر لەم شانۆیە شێعری چاپ کراوە و چوار ساڵیش دوای شانۆکە بەرهەمی بەهێز و سەرکەوتووی «چریکەی هەڵۆ و کەوێ»ی بڵاو کردووەتەوە.

لە بابەت ئەو شانۆیە و نووسەری شانۆنامەکە تا ئێستا گەلێک وتار و بیروڕای جۆراوجۆر نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ مامۆستا ئەییووبیان تەنیا کەسێک بووە کە خۆی بە خاوەن و نووسەری شانۆی دایکی نیشتمان زانیوە و نە بەر لەو و نە دوای ئەویش کەسێک بە زمانی خۆی، داوای ئەوەی نەبووە کە نووسەری ئەو شانۆنامەیەیە. واتە هەر کەسە بە بۆچوونی خۆی داویەتە پاڵ کەسێکەوە و لەم پێیەدا کۆمەڵێک ناوی کەسان هاتووەتە ئاراوە، وەک: «قازی محەممەد»، «برایم ئەحمەد»، «ڕەفیق حیلمی»، «عەبدولڕەحمانی زەبیحی»، «عوسمان دانیش»، «وردی»، «سەدیق ئەنجیری» و...، بەڵام جگە لە مامۆستا ئەییووبیان کەس بە زمان یا بە نووسین داوای خاوەنیەتیی ئەو شانۆیەی نەکردووە. خۆی نوسخەیەکی نووسراوی لە شانۆنامەکە لە لا نەبوو، بەڵام تەک و تووک هەندێ هەڵبەستی وەبیر دەهاتەوە و دەیگوت: خاوەنی ئەم هۆنراوەیە هەر کەسە با دەرکەوێ:

شاد و مەسروور بە تۆ ئەی دایکی پیر

ئەوە دادەڕنین لە ئەستۆت زنجیر

جگە لەو شێعرانەی کە تا ئێستا خاوەنیان لە پەردەی گوماندا ماوەتەوە، هەندێ شێعری حاجی قادری کۆیی و مامۆستا هەژاریشی تێدا بەکارهاتووە. بەڵام خاوەنی ئەو شانۆیە هەرکەس بێ، گرینگ ئەوەیە کە هەوڵێکی بەجێ بوو و شوێنی گرینگ و تایبەتی لە کاتی خۆیدا دانا. ئێستاش پاشی تێپەڕینی نزیکەی هەشتا ساڵ، هێشتا شوێنی لە سەر بەساڵاچوانی مەهاباد و دەوروبەر ماوە. بۆ نموونە، لە ژنێکی تەمەن حەفتا ساڵی مەهابادی ئەم دوو بەندەم لە شانۆی دایکی نیشتمان بیست، کە پتر لە نیو سەدە لەمەوبەر شانۆکەی دیتبوو و هێشتا وشەکان لە گوێیدا دەنگی دەدایەوە.

کۆڕی منداڵان لە سەر سەکۆی شانۆ ڕوو لە دانیشتوان دەکەن و دەڵێن:

ـ ئێمە منداڵین، ساوای کوردانین

لە ترسی دوژمن بێ‌ڕوح و گیانین

گەر غیرەت نەکەن پێ هەڵناگرین

لە بەر بێ‌کەسی دەترسێین بمرین.

و عەبدوڵڵا نەهری، مەشهوور بە میرزا عەبدوڵڵای برایم شەمزینی(1295-1360/ 1916ـ1981)، کە دەوری دایکی نیشتمانی دەگێڕا، بە دەنگە پڕسۆزەکەی ڕوو بە منداڵان دەڵێ:

ـ ئەی منداڵینە! هیچ ترسو نەبێ

میللەتی کوردی ئاگای لێو دەبێ

جەوانانی کورد بە گیان و بە دڵ

خزمەتی ئێوە دەکەن، هەر وەک گوڵ

جامیعەی کوردان پشت و پەناتان

گەورەکان باب و چووکە براتان

نایەڵن ئەنگۆ زەحمەت ببینن

زۆر کەیف‌خۆش بن، بۆچی غەمگینن؟

تایبەتمەندییەکانی نووسین

مامۆستا ئەییووبیان لە بابەت ڕێنووسی کوردییەوە بیروڕای خۆی هەبوو و لە نووسینەکانیدا لە جیات ڕێنووسی باوی ئەمڕۆ، شتێکی بەیناوبەینی ڕێنووسی کوردی و فارسی دەکار دێنا. دژی نووسینی «وو» و «ی‌ی» بوو و «ئا»ی بە «آ» دەنووسی و نیشانەی چوکڵەی بۆ هیچ پیتێک دانەدەنا. لایەنگری ئەلفوبێی هاسان بوو و دەیگوت هەر هەوڵ و کۆششێک لە پێناو دەستکاری کردنی ڕێنووسی کوردی، دەبێ بیرێکی زانستی و ئاکادێمیکی لە پشت بێ، نەک سیاسی و ناسیۆنالیستی.

نووسراوە کوردییەکانی زووی مامۆستا ئەییووبیان بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ نووسراوەکانی دواتری، ڕەوانتر و لە فامی خوێنەر نزیکتر بوون. واتە ئەو زمانەی کە لەم دوایی‌یانەدا پێی دەنووسی گەلێک وشەی نامۆ و دەستکردی خۆی تێدا بوو، کە تێگەیشتنی بابەتەکەی دژوار دەکرد. سەرەڕای ئەوەش دژی دەکارهێنانی وشەی فارسی و تورکی و عەڕەبی بوو لە نووسینی کوردیدا. ئەو وشە فارسییانەی وەک «واژە» و «واژە‌نامە» و... کە خۆی دەکاری دێنان، ڕای وابوو کە ئەوانە بە ڕەگەز کوردین و تەریک کەوتوونەوە. وشەی «چریکە»ی لە جێی «بەیت» دانابوو و بۆ دوازدە مانگی ساڵ دوازدە وشەی پێشنیار خۆی هەبوو و هەموو ساڵێ ڕۆژژمێرێکی یەک لاپەڕەیی بەم ناوانەوە «نەوسان ـ گوڵان ـ زەردان ـ پەڕان ـ گەڕان ـ سووران ـ بەران ـ وەران ـ ساران ـ بەفران ـ بەندان ـ پۆلان» بڵاو دەکردەوە و ڕای وابوو کە ناوی مانگەکانی ساڵ گرینگن و ئەشێ ڕێک و ڕەوان و لە زاران خۆش بن. هەروەها ساڵی کوردییەکی تایبەتی بەکار دێنا کە بریتی بوو لە [ساڵی زایینی + 612].

کۆمای کۆزانی کوردیناسی

ئارمی تایبەتیی مامۆستا ئەییووبیان، دوو گوڵە گەنم و قەڵەمی یادگاری کۆماری کوردستان بوو کە لە سەر دەستی دوو فریشتە بەرز کرابۆوە. ئەو درۆشمە لە سەر زۆربەی کتێبەکانی چاپ کراوە. بە مۆریش لە سەر کاغەز و کتێبەکانی ناو کتێبخانەی خۆی و یادداشتەکانی داوە. مەدالیاشی لە زێڕ لێ‌دروست کردبوو کە لە بیست ساڵی دوایی‌ی تەمەنیدا لە لایەن «کۆمای کۆزانی کوردیناسی»یەوە،(K.K.K.) کە خۆی سەرۆکی بوو، بەو نووسەر و هونەرمەندە کوردانەی دەبەخشی کە کاری گەورە و بەنرخیان بە ئەنجام دەگەیاند. ئەو کۆمایە لە ڕاستیدا شوێنێکی تایبەت و ئەندامانێکی دیاریکراوی نەبوو، بەڵکوو زۆرتر وەک ئاواتێک و سیمبۆلێک لە دنیای ئارەزووە جوانەکانی مامۆستا ئەییووبیاندا بوونی هەبوو.

هەست و سۆز

مامۆستا ئەییووبیان پیاوێکی زۆر هەستیار بوو. لە ناو قسە و گوفتوگۆکانیدا جاری وا لە ناخی دڵەوە پێدەکەنی، لە هەمان کاتیشدا زۆر بە هاسانی فرمێسکی دەهاتە خوار. لە دواندا توند و تیژی و توڕڕەیی پێوە دیار بوو، تا ڕادەیەک کە زۆر جار دڵی نزیکترین کەسی لە خۆی دەئێشاند، کەچی لە ماوەیەکی کورتدا ئەهوەن دەبۆوە و هەر چۆنێک بوایە دڵی دەستاندەوە. ڕووبینی نەبوو و ڕاشکاوانە قسەی دڵی خۆی دەکرد. بە هەمان ڕادە کە لە وتووێژدا هێرشکەر بوو، لە نووسیندا ئەهۆن و لە سەرەخۆ بوو. لە تەواوی یادداشت و نووسراوەکانیدا تاکە ڕستەیەکی توند یا ناحەز وەبەرچاو نایە.

مامۆستا ئەییووبیان تەمەنی هەشتاودوو ساڵەی ژیانی هەر بە تەنیایی گوزەراند و ژنی نەهێنا. هۆی ئەم کارە ڕازێکی نهێنی بوو لە دڵی خۆیدا و لە باسکردنیشی خۆی دەپاراست.

هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ساڵی (1357/ زستانی 1979) بە یەکجاری هاتەوە مەهاباد و لە ماڵی خۆیدا بە تەنیا دەژیا. ژووری ماڵەکەی بە تابلۆی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد، وەک مەلا مستەفای بارزانی و سمایل‌ئاغای سمکۆ و ئێحسان نووری پاشا و وێنەی خەیاڵیی بوداغ سوڵتان و سەلاحەددینی ئەییوبی ڕازابۆوە. وێنەیەکی سەید عەبدوڵڵای باوکی و وێنەیەکی بچووکی دوو مامۆستا پایەبەرزەکانی زانکۆی ئەدەبیاتی تەورێز، «دوکتۆر ماهیار نەووابی و دوکتۆر مەنووچێهر مورتەزەوی»ش بە دیوارەوە بوو و مامۆستا ئەییووبیان وەک پێزانین هەمیشە بە ڕێز و حورمەتەوە باسی دەکردن. لە تابلۆیەکدا بە خەتی نەستەعلیقی جوان ئەم فەردەی حافزی شیرازی هەڵواسیبوو:

ای پادشه خوبان داد از غم تنهایی دل بی تو بجان آمد وقت است که بازآیی

[ئەی پادشای جوانان، هاوار لە دەست غەمی تەنیایی/ دڵ بە بێ تۆ وەڕەزە، کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێیەوە].

لە یەک دوو مانگی دوایی تەمەنیدا، بۆ چارەسەریی نەخۆشی، سەفەری ئەورووپای کرد. ماوەیەکی کەمی یەک دوو حەوتەیی پێ‌چوو و گەڕایەوە. دەفتەری یادداشتەکانی ئەم دوایین سەفەرەی تەنیا دوو یادداشتی کورتی تێدا نووسرابوو، یەکیان ژمارە تەلەفۆنی کەسێک بوو و ئەوی تریان ئەمە بوو: «ئەمڕۆ هەندێ حاڵم باشترە. نیگەرانم لێرە بمرم. پێم خۆشە بڕۆمەوە وڵات، بە یادی ئەو کیژە کوردەی خۆشم دەویست.» کەوایە ژن نەهێنانی مامۆستا ئەییووبیان، بە پێی تابلۆکەی شێعری حافز و ئەم دوایین یادداشتەی، وێدەچێ داستانی ئەوینێکی ناکام بووبێ و لە لای هیچ کەس نەیدرکاندبێ.

یادگارییەکان

بەشی یادگارییەکانی کتێبخانەی مامۆستا ئەییووبیان زۆر دەوڵەمەند و ڕەنگاوڕەنگ بوو. ئەگەر بە دەیان سەعات تێیدا گەڕابای و لە وێنە و نامە و شتی دەگمەنت ڕوانیبا، وەڕەز نەدەبووی. تەنانەت «قۆچەقانی»ی سەردەمی منداڵیی خۆیشی جوان و بێ‌خەوش پاراستبوو. نووسەری ئەم وتارە لە هەموو سەردان و چاوپێکەوتنەکاندا هەوڵی دەدا بە فیلم یا بە دەنگ یا بە یادداشت هەڵگرتنەوە، زانیاری و باس‌وخواسەکان بۆ داهاتوو بپارێزێ. مامۆستا خۆی ئەم کارەی زۆر بە دڵ بوو و دەیگوت کەڵکی دانیشتن و لێدوانەکان زیاتر دەبێ و ئاکامی پتری لێ وەدەست دێ. ئێستا جگە لەو زانیارییانەی بە نووسینەوە لە دەمی خۆی وەرمگرتووە، دەوری پتر لە هەشت سەعات فیلم و دەنگیشم بە تۆمارکراوی لە ئەرشیڤدا پاراستووە. ئەم شێوازە متمانەیەکی بەنرخی لە لای ئەو بۆ من دروست کردبوو کە ببووە هۆی ئەوەی زۆرجار نامە و بەڵگەنامە و شتی دەگمەنم بە ئەمانەت بداتێ تا بیهێنمەوە ماڵ سکێنی بکەم و پاشان ئەسڵەکەی بۆ بەرمەوە. واش هەبوو کە خۆی پێشتر کۆپیی هەندێ شتی پێویستی بۆ هەڵدەگرتمەوە و دەیدامێ. لەم بەشەدا چەند نموونەیەکی ئەم یادگارییانە دەخەمە بەرچاو:

(1). کەسایەتی و تێکۆشەری دڵسۆز، کاک سەدیق ئەنجیری کتێبێکی بیرمەندی فەرەنسی «ژان پۆل سارتر»ی لە فەرەنسییەوە بە فارسی وەرگێڕاوە بە ناوی «مردەهای بی کفن و دفن، مگس‌ها، خلوتگاە». ئەم کتێبە کە بریتییە لە سێ شانۆ، لە لایەن «انتشارات سخن» لە تاران چاپ بووە. وەرگێڕ دانەیەک لە کتێبەکەی بە دیاری بۆ مامۆستا ئەییووبیان ناردووە و یادداشتێکیشی بەم چەشنە لە سەر نووسیوە: «بۆ کاک عوبەیدی کوردی کەم‌هاوتا، نە بێ‌هاوتا! کاک عوبەید، زۆرمان دیلی و تاڵی و سوێری چێشتووە، بەڵام دەبێ زووخاوی دیکە بخۆینەوە تا ببینەوە کوردی دەورەی خۆمان. برات: سەدیق - ئیمزا». مامۆستا ئەییووبیانیش لە خوارەوە نووسیویەتی: قلهک تهران، 25/5/1341.

(2). دوکتۆر هاشم شیرازی لە سەر کارتێکی بچووک ئەم یادداشتەی بۆ مامۆستا ئەییووبیان نووسیوە: «خۆشەویستەکەم کاک بڕڕەک گیان! هاتم بۆ خوداحافیزی لە ماڵ نەبووی. چاوت ماچ دەکەم. بە ئومێدی دیدار. دوکتۆر شیرازی 13/1/1374».

(3). مامۆستا ئەییووبیان کوتە کاغەزێکی بچووکی لە سەر مقەببایەکی نارنجی چەسپاندووە و لە ژێری نووسیوە: «بیرەوەریی سیمیناری مەریوان». دەقی نووسراوەکە ئەمەیە:

«کچێکی جوان

چرای عەشقی لە شەوگاری دڵی کوڕێکا

داگیرسان.

کوڕە شێت بوو

هەموو شەوێ پەپوولەی خەو

تیشکی چاوی جێ‌ئەهێڵا

ڕۆژیش وەکوو باڵداری هێلانە سووتاو

سرەوت و ئارامی ئەبڕا.

کچە لە دیاریی خوا ئەچوو

سورمەی نیگای هۆگری هەر چاوێ ئەبوو

کۆتی ئەکرد وەک کەلەپچە

ئەگەر حەز ئەکەن بزانن

کوڕە شێتۆکەکە منم و

کچە جوانەکەش هەڵەبجە.

ئەم دیارییە بچکۆلە پێشکەش بێت بە مامۆستای هێژا و خۆشەویست دوکتۆر عوبەیدیللای ئەییووبیان. دڵسۆزتان: حەکیم مەلا ساڵح».

(4). مامۆستا مەحموود سەجادی (م.س. کارا)، لە سنەوە پێوەندیی نامەنووسینی بە مامۆستا ئەییووبیانەوە هەبوو و لەبارەی زمانی کوردییەوە بیروڕایان دەگۆڕییەوە. ئەم پێوەندییە لە دوای چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی «ژوورەزاری کار» ساز بوو، کە (پایزی 1363/ 1984) چاپی یەکەمی پەخش ببوو. هەرچەند سەرەتا ڕوانگەیان لەم بابەتەوە زۆر لە یەکتر نزیک نەبوو، بەڵام وردە وردە بە ئاکامی باش گەیشتبوون و پتر لێک نزیک ببوونەوە. کۆپیی دوو نامەی بەڕێز کارا لە لای من هەیە و لە یەکیاندا بە مێژووی 9/12/1363 ئاوا دەست پێدەکا: «زاتی بەڕێز، کاک عوبەیدیللا ئەییووبیان! هیوا و ئاواتم سەرکەوتن و بەرزیی بەڕێزتانە. لەوەی بیرت کردووم و نامەت بۆ ناردووم سەربەرز و شادم و سپاستان ئەکەم و خەمم ئەڕەوێتەوە. دڵسووتاوان لە کزەی دڵی یەکدی ئەگەن. بە فەرموودەی مەولەوی و بێسارانی "خەم چەنی خەمان زوو مەبۆ ساکن". بەڵام بەداخەوە هەلی ئەوەمان نییە خەمەکانمان لێک هەڵسەنگێنین و خۆی پێ بڕەنگێنین. کوڵی دڵ و هەنسکی گیانمان ئەوەیە کە زمانە شیرینەکەمان بەڕادەیەک بگا کە ژوور تا ژێری کوردستان لێک بگەیەنێ، تەنانەت هاوهەنگاوی زانست لە دنیادا وەکوو شەپۆلێکی نوێ دڵان ڕاکێشێ. جا هەرکام لە نۆڕگەی خۆمانەوە بەرەو ئەو ئامانجە هەوڵ ئەدەین».

(5). بەڕێز مەحموود وەلیزادە بە ناوی نهێنیی «م. ئیرەج» لە ژێکاف و وەزیری کشت‌وکاڵ لە سەردەمی کۆماردا، لە زووەوە نیشتەجێی تەورێز بوو و جگە بە سەردان نەهاتەوە مەهاباد. ڕۆژی 22ی ڕێبەندانی 1390 ڕێکەوتی 11ی فێوریەی 2012 لە تەمەنی نزیک بە نەوەد ساڵی لە تەورێز کۆچی‌دوایی کرد. لە ساڵانی پیری و دوایی تەمەندا، بە مێژووی 10/5/1384 هەست و سۆزی خۆی بە دە دێڕ شێعری فارسی سەبارەت بە دۆستی دێرینی خۆی دەربڕیوە و بەمجۆرە پێشکەش بە مامۆستا ئەییووبیانی کردووە: «تقدیم به استاد بزرگ و دانشمندم جناب آقای عبید ایوبیان

بدرد آمد دلم از روزگاران چرا برگشته بخت از این دیاران

شبی را با عبید آن یار دیرین زمانی چند نشستم گرم و شیرین

ز ایام جوانی گفتگو شد ز روز کامرانی گفتگو شد

ز روزی که علم شد پرچم ما ز فریاد عبید در سوز سرما

چو باد اندر درفش کورد افتاد عبید از خرمی برداشت فریاد

شده افتاده استاد من امروز عبید شادکامم روز پیروز

نشسته پشت میز کارش استاد شداید را پراند چون کوه ایستاد

خدایا برقرارش دار و خوشنام که یاد آرد مرا در موقع شام

زند جامی بیاد من صبوحی درودی هم فرستد بر ذبیحی

کند محمود تقدیم یادگاری یکی نقش از زمان بردباری

امیدوارم قبول خدمت استادم واقع گردد. محمود ولیزاده - امضاء»

دیمانە

وێنەگر و هەواڵنێری ژاپۆنی، یای نووریکۆ ماتسووئوورا، لە ساڵانی 1384 و 85ی هەتاویدا سێ جار سەردانی مەهابادی کرد. لەم سەفەرانەدا بۆ کێشانی هەندێ وێنەی دەگمەن چاوی بە چەند کەسایەتییەکی کورد کەوت و بۆ ڕاپۆرتێکی وێنەیی لە قوربانییانی کیمیاوی سەفەری سەردەشتی کرد. نووسەری ئەم وتارە لە پووشپەڕی 1385، ڕێکەوتی جولای 2006، بۆ سەردانی مامۆستایان عوبەیدیللا ئەییووبیان لە مەهاباد و محەمەدی نووری لە بۆکان لەگەڵی بوو. خانمی نووریکۆ لەم چاوپێکەوتنەدا زۆر خولیای کەسایەتی و دیمەنی ماڵ و کتێبخانەکەی مامۆستا ئەییووبیان بوو و دەیان وێنەی هڵگرتەوە کە پاشان دوو وێنەی هەڵبژاردەی بۆ مامۆستا ئەییووبیان ناردەوە. پرۆژەی نووریکۆ بریتی بوو لە چوار کتێب لە سەر هەموو پارچەکانی کوردستان و ئەلبۆمێک لە وێنەی سروشت و دیمەن و کەسایەتییەکان، کە پرۆژەکەی بە دوایی گەیاند و کتێبەکانی بە زمانی ژاپۆنی چاپ و بڵاو کردەوە[5].

دوابڕیار

لانی‌کەم لە دە ساڵی دوایی‌ی تەمەنیدا، هەمیشە نیگەرانیی گەورەی مامۆستا ئەییووبیان، چارەنووسی کتێبخانەکەی بوو لە دوای خۆی. چەندین بڕیاری جۆراوجۆری گۆڕی، تا لە ئاکامدا چەند مانگ بەر لە مردن، بڕیاری گرت کتێبخانەکەی پێشکەشی جەنابی مەسعوود بارزانی بکا. کاروباری پێویستی بە چەشنی ڕەسمی لە دەفتەرخانەدا بە ئەنجام گەیاند و هیچ گرفتێکی قانوونی نەهێشتەوە. تەنانەت نوسخەیەک لە بڕیارنامەکەی بە خەتی نەستەعلیق لە قەوارەی گەورەدا لە چوارچێوە گرت و بە دیواری هۆدەکەی هەڵواسی، تا هەموان بزانن مافی ئەوەی هەیە دوابڕیار بۆ بەرهەمی ڕەنجی خۆی بدا و چارەنووسی حاسڵاتی تەمەنی خۆی، بە دڵی خۆی دیاری بکا.

ماڵئاوایی

لە کاتژمێر پێنجی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، شەشەمی خەرمانانی 1389ی هەتاوی، ڕێکەوتی 28ی ئاگۆستی 2010، مامۆستا ئەییووبیان لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە بەشی i.c.uی نەخۆشخانەی مەهاباد چاوی هەمیشەیی لێکنا. جەنازەکەیان یەک ڕۆژ لەوێ ڕاگرت تا دۆستان و ئاشنایانی لە دور و نزیک بۆ بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی ناشتندا کۆبنەوە. ڕۆژی یەکشەممە، کاتژمێر 5/10ی بەیانی بە بەشداری کردنی نزیکەی سەد کەس لە دۆست و خزم و ئۆگرانی، لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەهاباد، لە کەرتی کەسایەتییە هەڵکەوتەکانی ئەم شارە، ناسراو بە «گڵکۆی ناوداران/ مقبرة‌المشاهیر» نێژرا. وەسیەتی خۆی ئەوە بوو کە لە بودجەی ماڵیی خۆی باغێکی بچووک لە دەوروبەری شار بکڕن و لەوێی بنێژن، بەڵام بەم ئاواتەشی نەگەیی.

کۆتایی

ڕۆژی سێ‌شەممە، 23ی خەرمانانی 1389، ڕێکەوتی 14ی سپتامبری 2010 کە حەڤدە ڕۆژ لە مەرگی مامۆستا ئەییووبیان تێپەڕبوو، هەر سێ خوشکی مامۆستا، فەوزیە خانم، مەعسوومە خانم و نوسرەت خانم، کە پێکەوە بڕیاریان گرتبوو وەسیەتی مامۆستا لە مەڕ کتێبخانەکەی بەجێ‌بگەیەنن، بە تەلەفۆن داوایان لە نووسەری ئەم وتارە کرد کە کاتژمێر 5ی ئێوارە لە ماڵی مەعسوومە خانم، چاوم پێیان بکەوێ تا لە بابەت چۆنیەتیی ئەو کارە ڕاوێژ بکەین. لەم دانیشتنەدا داوای هەر سێ خوشک ئەوە بوو کە بە هیمەت یان بە قیمەت ئەرکەکە وەئەستۆ بگرم و بە حوزووری خۆیان کتێبخانەکە ببەستم. منیش نە بە هیمەت و نە بە قیمەت، بەڵکوو وەک بەجێهێنانی وەفا و ئەمەگ بەرامبەر مامۆستایەکی ئەویندار و لێهاتوو، قەبووڵم کرد و لە هەمان ڕۆژڕا تا 1ی ڕەزبەر، ڕێکەوتی 14 تا 23ی سپتامبر، بە ماوەی دە ڕۆژ سەرجەمی کتێبخانەکەم بە کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە، دەفتەر و دەستنووس، یادداشت، نوسخەی خەتتی، ئەلبۆمی وێنە، شریت، فیلم، سی‌دی، فلاپی و پۆستەر، لێک جیا کرادەوە و لە دەفتەرێکدا بە ناو و تێبینییەوە تومارم کردن. کتێبەکان بە دانە نووسران، بەڵام گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە سەر یەک نووسران، بۆ وێنە سەرجەم ژمارەکانی گۆڤاری گەلاوێژ بە یەکەوە بەسترا و ژمارەیەکی لە دەفتەرەکەدا پێ‌درا، بەڵام لە بەشی تێبینیدا، نووسرا: ئەم کۆمەڵە گەلاوێژە، سەرجەم ئەوەندە بەرگە و بریتییە لە ژمارە فڵانەوە تا فڵان. یادداشتەکانیش بە فایل جیا کرانەوە و لە دەفتەرەکەدا یەک ژمارەیان پێدرا، بەڵام لە بەشی تێبینیدا نووسرا: فڵانە فایلی دەستنووس بریتییە لە ئەوەندە پووشە بابەتی جۆراوجۆر. نوسخەی خەتی بە دانە تۆمار کرا. لە ئاکامدا هەزار و حەوسەد و چل و حەوت ژمارە کتێب، بە زمانگەلی کوردی، فارسی، عەڕەبی، ئینگلیسی، فەرەنسی، ڕووسی، تورکی و ئیسپرانتو، و دەستنووس و نوسخەی خەتتی و گۆڤار و ڕۆژنامە لە دەفتەرەکەدا ناونووس کرا. ئەگەر هەر ژمارە گۆڤار و ڕۆژنامە و بابەتی دەستنووس بە دانە تومار کرابا، لیستەی کتێبخانەکە تا ڕادەی دووبەرابەر پتر دەڕۆیی. وێنەکان پتر لە دە ئەلبۆم بوون، کە وێنەی مێژوویی و کەسی و بنەماڵەیی و دۆستانە لێک جیا کرانەوە و پشتی وێنە مێژوویی‌یەکان مۆری تایبەتیی مامۆستا ئەییووبیانی لێدرا. خوشکان سەرجەم وێنە و فیلم و فلاپی و سی‌دی و هەشت نوسخەی خەتتی لە دیوانی وەفایی‌یان لە کتێبخانەکە جیا کردەوە تا پاشان خۆیان بڕیاری پێویستیان بۆ بگرن. سەعات حەوت و چل‌وپێنج خولەکی ئێوارەی ڕۆژی 1ی ڕەزبەری 1389 ڕێکەوتی 23ی سپتامبری 2010، سەرجەم کتێبخانەکەی مامۆستا ئەییووبیان، بە بێ ئەوانەی درانەوە بە خوشکانی، بووبە چل‌وچوار کارتۆنی شریت‌پێچ کراوی ژمارە و پێناسە لە سەر نووسراو. دەفتەری تۆمار کردنی کتێبخانەکە بووبە پەنجاوپێنج لاپەڕەی گەورە و لە دوایین لاپەڕەدا سوڕەتمەجلیسی شەرحی چۆنیەتیی کارەکە نووسرا و لە لایەن حازرانەوە ئیمزامان کرا.

دەقی سوڕەتمەجلیسەکە بە خەت و ئینشای نووسەری ئەم وتارە، ئەوەیە:

به‌نام آنکه هستي نام از او يافت

(صورتجلسه)

دو هفته بعد از درگذشت زنده‌ياد استاد عبيدالله ايوبيان مرکزي، در روز سه‌شنبه بيست‌وسوم شهريورماه 1389 شمسي، خواهران محترم استاد ايوبيان؛ به نام‌هاي خانم فوزيه، خانم نصرت و خانم معصومه، شهرت هر سه نفر «ايوبيان مرکزي»، بر اساس اطلاع از ارادت صميمانه‌اي که اينجانب عبدالله صمدي، معلم بازنشسته، در خدمت استاد زنده‌ياد سيد عبيدالله ايوبيان مرکزي داشتم، از من درخواست کردند که نسبت به تهية ليستي کامل از کتابخانة شخصي استاد و سر و سامان دادن به کتاب‌ها، نسخه‌هاي خطي، نشريات، دفترها و اوراق دستنويس و عکس‌ها و آلبوم‌هاي تاريخي و شخصي، پوسترها، فيلم‌ها، فلاپي‌ها و سي‌دي‌ها اقدام نمايم. اينجانب نيز برحسب درخواست آنان و نيز وظيفة اخلاقي که در قبال استاد زنده‌ياد داشتم، علي‌رغم مشکلات فراوان شخصي و گرفتاري‌هاي مربوط به مغازۀ پدری و همچنين ازدواج دخترم، از عصر روز سه‌شنبه 23/6/1389 لغايت عصر روز پنج‌شنبه 1/7/1389 هر روز به صورت دو نوبته صبح و عصر نسبت به ثبت مجموعة کامل آرشيو و کتابخانة استاد، بدون هيچگونه انتظار و چشمداشتي و با حضور و کنترل دقيق هر سه خواهر محترم ياد شده در فوق، کلية امور مربوط به ثبت و سروسامان دادن به کتابخانه را تا بسته‌بندي نهايي و شماره‌گذاري کارتن‌ها، در مدت ده روز به انجام رسانيدم. در نهايت کل کتابخانة شخصي در يکهزار و هفتصد و چهل و هفت(1747) عنوان در صفحات يک(1) الي پنجاه و پنج(55) دفتر ثبت شد. همچنين کارتن‌هاي بسته‌بندي شده به تعداد چهل‌وچهار(44) کارتن طناب پيچي و شماره‌گذاري شد. لازم به ذکر است که بنا به گفتة خواهران ياد شده، استاد عبيدالله ايوبيان شفاهاً از ايشان درخواست نموده که کلية نسخ مربوط به حاج عبدالرحيم وفايي از ليست کتابخانه خارج شوند و در خانوادة ايوبيان باقي بمانند. اينجانب جمعاً هشت(Description: 😎 نسخه خطي موجود در کتابخانه از آثار منظوم و منثور وفايي را، شامل يک نسخه به خط مرحوم ملا قادر مدرسي و يک نسخه به خط مرحوم سيد محمد ايوبيان مرکزي و شش نسخة متفرقه، جدا کرده و تحويل خواهران نامبرده نمودم.

غروب روز پنج‌شنبه اول مهرماه 1389، ساعت هفت و چهل و پنج دقيقه، کار ليست و تفکيک کامل کتابخانه بر اساس کتاب، نسخ چاپي، نسخ خطي، نشريات، اسناد، کلاً به زبان‌هاي کردي، فارسي، عربي، انگليسي، فرانسه، روسي، ترکي، اسپرانتو و غيره بدون کمترين ايراد و کم‌وکاستي با نظارت کامل سه خواهر نامبرده به پايان رسيد و هر نوع کار و اقدام بعد از اين تاريخ تنها به وراث و بازماندگان استاد عبيدالله ايوبيان مربوط مي‌شود. اين صورتجلسه دو نسخه است، يکي در صفحة 58 دفتر ثبت مشخصات کتابخانه نوشته شده و يک نسخة ديگر در يک برگ تحويل سيد عبدالله صمدي گرديد.

با آرزوي شادي روح استاد عبيدالله ايوبيان مرکزي و تندرستي و موفقيت بازماندگان.

فوزيه ايوبيان مرکزي- امضاء

نصرت ايوبيان مرکزي- امضاء

معصومه ايوبيان مرکزي- امضاء

سيد عبدالله صمدي- امضاء

تاپۆی نامرادی

ئەوە ئاکامی نووسەرێکی کورد بوو، کە لە سەر پێی خۆی ژیا، لە سەربەرزی و بەختەوەریی نەتەوەکەی زیاتر هیچ ئاواتێکی نەبوو و هیچی بۆخۆی نەویست و جگە لە بەشێک لە نووسراوەکانی، هیچیشی لە دوا بەجێ نەما. بەم جۆرە لە کاتێکدا کە بە زۆربەی ئاواتەکانی نەگەیی، ناکام و ڕەنج‌بەخەسار ماڵئاوایی لە کەس نەکرد و ڕۆیی.

بەڵێ! ئێستا ئەوی جێماوە بۆ من، یادگارێکە

بەسەرهاتی دڵی ورد و بەسەرچوونی بەهارێکە

دەسا ئەی پایزی ماتەم! ئەوەندەم تاسە پێماوە

هەموو ئەو یادگارەی لەو ژیانی عەشقە جێماوە

بە جارێ وەک گەڵا، سروەی خەزانت گشتی ڕاماڵێ

بە وردی هەر گەڵایێکی ببا بۆ قوژبن و چاڵێ[6]

---------------

پەراوێز

تێبینی: سەرجەم ئاماژە مێژوویی‌یەکانی ئەم وتارە، یەکەمجار بە پێی کۆچیی هەتاوی و دواجار بە زایینین.

[1]. یادداشتەکانی مامۆستا ئەییووبیان خۆی؛ هەروەها وتەکانی عومەرئاغا عەلیار (1299-1385/ 1920-2007) سەبارەت بە مێژووی عەشیرەتی دێبۆکری.

[2]. نیشتمان، بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ.ک، ژمارە 2، ساڵی یەکەم، خەزەڵوەری 1322.

[3]. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 18.

[4]. بڕوانە: «منظومۀ دال و تأملی بر ترجمەهای عقاب به زبان کُردی»، عەبدوڵڵا سەمەدی، وەرزنامەی کەشکۆڵ، ساڵی شەشەم، ژمارە 16، هاوینی 1400، لاپەڕە 87-114.

[5]. بڕوانە: وتووێژ لەگەڵ نووریکۆ ماتسووئوورا، عەبدوڵڵا سەمەدی، گۆڤاری مەهاباد، ساڵی شەشەم، ژمارە 65، پووشپەڕی 1385، لاپەڕە 16-19.

[6]. لە دوو هۆنراوەی مامۆستا ئەحمەد هەردی وەرگیراوە؛ بڕ: ڕازی تەنیایی، چاپی دووەم، 1984، لاپەڕەکانی 63 ، 55.

-------------------

ئەم وتارە، پێشتر بە ناونیشانی ژێروو بڵاو کراوەتەوە:

گۆڤاری بەیان، ساڵی پێنجەم، ژمارە 24، خەرمانانی 2722 [Sep 2022]، ل5-17.