Monday, September 7, 2015

وتووێژ لەگەڵ دوکتور سەلاحەدین ئەحمەد

                                                                                   
بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ . لە ڕاوێژی ئەمجارە  دا میوانداری دەکەین لە دوکتور سەلاحەدین ئەحمەد . دوکتور سەلاحەدین ئەحمەد نزیک دوو ساڵ لەوە پێشیش لە بەرنامەکەماند بەشداری کردبوو. پێم خۆش بوو لەم بەرنامەیە دا بزانین لە ماوەی ئەو دووساڵ دا چی کردووە و هەر وەها باسی هێندێک لایەنی سیستمی پەروەردە لە باشوری کوردستان و لە باکووری کوردستان و تورکییە دەکەین.
 قازی: زۆر زۆر بە خێر بێی بەڕێز ئەحمەد!
سەلاحەدین ئەحمەد: زۆر سپاس مامۆستا
قازی: دیارە ئێستا هێندێک زیاتر لە دوو ساڵە کە بەڕێزت لێرە لە بەرنامەی 'ڕاوێژ' دا بەشداریت کرد. وا بزانم دوو بەرنامەمان هەبوو یەکیان باسی زمان بو و یەکیان باسی تێزی دوکتورایەکەتان بوو. دەکرێ باسی بکەی لە ماوەی ئەو دوو ساڵە دا چت کردووە؟ پێم وا بێ ئەو دەمی لە کانادا وە بەرەو باشووری کوردستان دەچوویەوە. لەو ماوەیە دا چ ڕووی داوە؟ بە کورتی
سەلاحەدین ئەحمەد: بە کورتی ڕاستی بە دیوە شەخسییەکەیدا ئەوە ڕووی داوە کە پێشتر ساڵانێکی زۆر ئەو کاتە بە تایبەتی تازە دوکتواراکەم تەواو کرد بوو خەریکی ئیش کردن بوم لە سەر هێندێک چەمک کە پێوەندی  بە فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەبوو، مەکتەبی فڕانکفۆرت و هێنری لێفێبڕ و ئەوانە. ئەگە دوایی فرسەت بوو لە پێوەند بە باسەکە دەگەڕێینەوە سەری. بەڵام، گەڕانەوە بۆ کوردستان، گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین هەمیشە  هەندێک شتی هەڵئەتەکێنێتەوە ئەوەی کە ڕووبەڕووی جیهانێک ئەبیتەوە کە تەواو لە سەرشێواوییەکی ئێگجار گەورەیا ئەژی، بە دیوێکا لە ناو کۆنسومێریزم دا ئەژی، لە ناو جەرگەی خراپترین دیوەکانی سەرمایەداری دا، بە دیوێکی ترا ، کۆمەڵگای، بۆ نموونە کۆمەڵگای کوردستان لە باشوور کۆمەڵگایەکی نابەرهەمهێنەرە، دواجاریش ئەگەڕێمەوە سەر ئەو بابەتە، کە ئەمە زۆر کێشەی تری دروست کردووە.کۆمەڵگایەکە کە زیاتر لە سەر بەکاربردن ئەژی و ئەمە کاری کردووەتە سەر  بینینی ئینسان بۆ ژیان.
قازی: ئەمن زیاتر عەلاقەم هەیە بزانم کە دوای ئەوەی کە گەڕایەوە چت کرد؟ ئایا زوو لە زانکۆ دامەزرای یان چت کرد؟
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ ، گەڕانەوە  هەر لە سەرەتاوە قەیران بوو یانی قەیرانێکی گەورە ئەوەی کە چی ئەکەیت. مەسەلەن ئەو ساڵانەی کە لە کەنەدا بووم  لە سەر ئەوە ڕاهاتبووم کە ئیشەکانت بە سی ڤی و بە کاڤر لێتر و بە سێمینار و موحازەرە، چەنێک نووسینت هەیە، چەنێک بڵاوکراوەت هەیە. بەم شتانە ئەمە کوالیفیکەیشنەکانتە، بەم جۆرە ئیش ئەکەی، ئیش ناکەی، پێوەندی ئەگری لەگەڵ خەڵکی بوارەکەی خۆت دا و ئەو حەقلەی کە خۆت ئیشی تێدا ئەکەی یان نا، بەم شکڵە. کە چوومەوە کوردستان بەو خەیاڵەی کە دوای ئەو سەردەمە، زیاتر لە پانزدە ساڵ و ئەوانە کە ئەشێت، تەسەوری من وا بوو کە ئەشێت زۆر شت گۆڕابێ بەرەو باشتر یان لانی کەم  وەک خۆی مابێ. بەڵام، بە داخەوە وا نەبوو. یەکەم سەرۆک زانکۆ کە بینیم یانی بۆ نموونە سی ڤییەکەی زیاتر لاپەڕەیەک بوو کە مەعلووماتی شەخسی و ئەوانەی تیدا بوو کە لە ڕاستیدا، بە ڕاستی من بڵێم پێم وایە ئیشی؛ حەز ناکەم ناوی پیشەیەک بەرم، کە لێدان بێ لەو پیشەیە، بەڵام هیچ ئیشێک کە پێوەندی هەبێ بە زانکۆ وە دەستی ناکەوێ لە زانکۆیەکی ڕاستەقینە. بەڵام سەرۆکی زانکۆیە بۆ نموونە لە سلێمانی. یانی ئەو فەوزایەی کە تێی کەوتووە ، یانی ئەو مەسەلەی کە دەسەڵات چی کردووە لەو کۆمەڵگایە؛ چەمکی دەستەڵات، مەبەستم تەنیا یەکێتیی و پارتی نییە. شتێکی سەیرە، یانی قەیرانێکی گەورە بوو. هەر پاش  مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ ، تەقریبەن دەکاتە مانگی حەوت و ئەوانە ڕاستی بڕیارم دا بگەڕێمەوە تەواو تووشی بێ ئومێدی بووم بەڵام، دوا جار کوردستانە، یانی شتێکە لێی دەرچی یان دەرنەچی هەر تێتدا دەمێنێ ، چونکە هەر لە خەوتایە، هەر لە خەمتایە بڕیارم دا بمێنمەوە. چووم هەولێریشم بینی وەزعێکی زۆر خراپ و ئەوانە هەبوو. سیراعێکی شۆڤێنیستی ناوچەگەری  لە نێوان ناوچەکاندا، دیارە باسی  بەشی فەلسەفە ئەکەم. بە هەر حاڵ سی ڤی یەکەم نارد بۆ ، یانی من بە ڕاستی زۆر بە گیانێکی خزمەت کردن و ئەوانەوە، نەک ئەوەی کە دوکتورام هەیە لە فەلسەفە و ئەبم بە سەفیری فەلسەفە، نا! بەڕاستی بەو خووەوە چوومەوە کە دەرس بڵێمەوە ، کە تێکەڵ ببمەوە لە گەڵ گەنجی کوردستان و ئەوانە. بەڵام، حەتتا سی ڤی م نارد بۆ  بەشی فەلسەفە لە ڕانییە بۆ زانکۆی ڕانییە کە دوکتۆریان نییە لە ڕاستیدا، دوکتوری فەلسەفەی تێدا نییە. قبووڵیان نەکردم، ئەسڵەن ئەوان قبووڵیان نەکردم [ بە پێکەنییەوە].
قازی: سەبەبیان چ بوو؟
سەلاحەدین ئەحمەد: سەبەبێکیان نەدا پێم، هەر ئەسڵەن جوابیان نەداوە پێم. هەر جوابیان نەدایەوە. سەبەبە ناڕەسمییەکەی ئەوە بوو ، ئەوەی پێم گەیشتەوە ئەوە بوو کە؛ جا من ئەوەشم باس نەکرد دوو سێ مانگ ..
قازی: با هێندێک بە ڕێز بڕۆین. بۆ ئەوەی بینەرکانمان بتوانن بە جوانی لێمان تێ بگەن. جەنابت کە لە پێشدا چوویەوە سەری سلێمانی و هەولێرت دا، دوایە داوای کارت کرد لە زانکۆی ڕانییە، ئەوان ووڵامیان نەداوە ووڵامی ناڕاستەوخۆییان چ بوو؟
سەلاحەدین ئەحمەد: ووڵامی ناڕاستەوخۆیان ئەوە بوو کە ببوورە وەرت ناگرین.
قازی: بەڵام لێکدانەوەی خۆت چ بوو؟ پێت وا بوو بۆ ئاوا ووڵامیان داوە؟
سەلاحەدین ئەحمەد: نازانم، ڕەنگە لەبەر کاراکتێری ئەو ناوچەیە بێ، بە تایبەتی نوخبەکان هەمیشە جۆرێک لە ئینسیکیوریتی یان هەیە ، هەموو شتێک تەهدیدە لە سەریان، هەموو شتێک تەهدیدە لە سەر ناوەکەی، مەنسەبەکەی، زانینی، شۆهرەتی شتێکی تر شک نابەم بە ڕاستی.
قازی:  باشە ، دوایە ڕووت لە زانکۆی دهۆکێ کرد ؟
سەلاحەدین ئەحمەد: دوایە ڕووم لە زانکۆی سەلاحەدین کرد لە هەولێر لە بەشی فەلسەفە. هەر ئەو قسانەی کە ئەو دۆستەی ، کە دیارە لە ڕێگەی ئەوەوە من چووم هەر لە سەرەتاوە ئامۆژگاری برادەرانەی کردم ، بۆ ئەوەی غەڵەت تێ نەگەی. ئەوە بوو کە قسەیان لە گەڵدا دەکەی؛ ئەو بە منی ئەووت کە بڵێ من حەقم بەو موشکیلەی سلێمانییەکان و هەولێریەکان و ئەوانەوە نییە.
قازی: ئەوە لە سەلاحەدین؟
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ بەڵێ لە زانکۆی سەلاحەدین. لە یەکەم چاوپێکەوین لە گەڵ سەرۆکی بەش دا ، یانی ئەیویست بزانێ ئەوەم لێ دەرخا بزانێ ئیتیجاهی سیاسیم چییە. من فەیلەسووفم، بە ڕاستی لە سەرووی ئەو ئاستەوە خۆم ئەبینم. جا چی ئەکەی لە گەڵ ئینسانێکا کە ئاوها قسەت لەگەڵدا بکا ناچاری جوابێکئ ئاوای بدەیتەوە ئەگینا تێ ناگەن. وازم هێنا، هەر لەوێش دەستم هەڵگرت بەڵام، ئەبێ ئەوەش بڵێم ئەگەر بشم ویستایە وەریان نەئەگرتم. دەبوو سالێک بە ژێر تاقیکردنەوە دا بڕۆیشتایەم. دیسان ئەمە لە کاتێکدا کە ئەزمەی مامۆستا هەیە لەو بەشە. ئینجا پاشان ڕووم لە دهۆک کرد.
قازی: ئەگەر ئێستا هاوکارانم لە وەتاغی فەرمان بتوانن لە بەک گڕاوند دا وێنەی زانکۆی دهۆک نیشان بدەن.کەنگێ چوویە زانکۆی دهۆک؟
سەلاحەدین ئەحمەد: کۆتایی مانگی ٩، ئەیلوول چوومە دهۆک . لەوێ دامەزرام لە بەشی سۆسیۆلۆجی ، کۆمەڵناسی و بە ئینگلیزی دەرس ئەخوێنن و بەشی پۆلیتیکاڵ ساینس؛ زانستە سیاسییەکان، ئەویش هەر بە ئینگلیزی . لە هەر دوو بەش دەرسم ئەوتەوە!
قازی: زۆر باشە لەوێ کە بەڕێزت چووی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ کە چووی شێوەی وەرگرتنت چۆن بوو؟ چۆنیان مامڵە لەگەڵ کردی؟





سەلاحەدین ئەحمەد: ڕاستی بۆ ئەوەی مۆنسیف بین  موحتەڕەم بوون، بەڕێز بوون. بە شکڵی کۆنتڕاکت مامۆستایان پێویست بوو، دیارە لە سەر بەک گڕاوندی من پێم وایە شتێکی وایان نە ئەزانی. لەوێ دەستم بە دەرس ووتنەوە کرد و لە پاڵ دەرسەکانی خۆشم دا لە بەر  ئەوەی بە ئینگلیزی بوو یارمەتی خوێندکاریشم دەدا. وەک گوتم بابەتەکانم بە زمانی ئینگلیزی ئەوتەوە.
قازی: دەکرێ هێندێک لە سەر شێوەی دەرس دادانەکەت و هەر وەها ئەوەی کە خوێندکارەکان چۆن بوون چۆن نەبوون، ئەو ئاتمۆسفێرەی کە جەنابت کارت تێدا دەکرد. دەکرێ هێندێک باسی ئەوە بکەی؟
سەلاحەدین ئەحمەد: ڕاستی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، یانی لە سەرەتاوە ئەوەی کە پێوەندی بە خوێندکار و ئەوەوە هەبێ نەخوێندەوارییەکی ئێگجار خراپ بڵاو بووەتەوە. ئەو نەخوێندەوارییە ئاوایە، هێندێک مامۆستا گلەیی ئەوە ئەکەن قوتابی نازانێ ، ناخووێنێتەوە. بەشێکی زۆری لە بەر ئەوەیە کە مامۆستا خۆی، دیاری بەشێکی زۆری هاوکاران ئەو بۆچوونەیان هەیە، مامۆستان خۆیان ناخوێننەوە. خوێندنەوە نییە، کولتووری خوێندنەوە نەماوە. مەسەلەن  زانکۆیەکی گەورە، لە سەر زەوییەکی ئێگجار فراوان دروست کراوە بەڵام، هەتا ئەو کاتەی من لێێ بووم لانی کەم ، باسی ئەوە هەبوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کتێبخانە هەبێ، بەڵام  کتێبخانە نەبوو. وەکوو کتێبخانەش نەبوو، کتێبت نەئەبینی. یانی شتێک کە لە زانکۆ دا نەت ئەبینی کتێب بوو. کتێب نەبوو لە زانکۆکە دا. تێکست بووک و شتی وا نەبوو ، یانی لە کۆرسەکاندا نەبوو. لە بەر ئەوەی کە من دەستم پێکرد، هەرچۆنێکم ئەکرد نەسیحەتیان دەکردم
قازی: ببوورە جەنابت لە چ ئاستێک دا دەرست دەگوتەوە، لە ئاستی لیسانس یان لە سەرەوەتر دا بوو؟
سەلاحەدین ئەحمەد: ئەمە لە ئاستی لیسانس دا بوو. دیارە دوایی قوتابییەکی دوکتوراشمان هەبوو ، ئەوەش کارەساتێک بوو بە جێی خۆی. بۆ مەسەلەی نەخوێندەواری و ئەوانە لە سەرەتاوە هاوڕێکانت، ئەدمینسترەیشنەکە لە زانکۆکە بەردەوام پێت ئەڵێن ئەبێ ستانداردت داگریت ئێرە ئاوا نییە و هەر شتێک کە لە دو هەفتە دا دوو لاپەڕەش بدەی بە قوتابی بیخوێنێتەوە دەڵێ نا ئەتۆ ستانداردی کەنەدی ت هەیە. ووڵامی من بۆ ئەوە، ئەوە بوو نا من ستانداردم هەیە نوختە (.). کێشەکە لەوەدایە ستاندارد نییە، ستاندارد نەماوە.
قازی: باشە لە زانکۆ خوێندن زیاتر بە کوردی یە؟ یا کوردی و ئینگلیزی یە یان چۆنا و چۆنە لە بەشی جۆر بە جۆر دا؟
سەلاحەدین ئەحمەد: ئەوە یەکێک لە سەرلێ شێواوییەکانە ، کەس نازانێ چییە. مەفڕووزە بە کوردی بێ بەڵام تێکست نییە بە کوردی . کولتووری عەڕەبی ماوە بەڵام خەڵک حەزی لێ نییە نایانەوێ ببێ چونکە ئەمانەوێ کوردی بێ، ئەمانەوێ ئێستە بیکەین بە ئینگلیزی بەڵام کەرەستەی بە ئینگلیزی کردن نییە. جا هەموو ئەم کێشانە  لە یەک شوێنا کۆ بۆتەوە. مەسەلەن زانکۆی ئەمریکی لە سولەیمانی ئەوان زمانی خوێندن  بە ئینگلیزی یە بەڵام  ساڵی یەکەم هەموو قوتابییەکان...
قازی: ئەگەر هەر باسی دهۆک بکەین. لە دهۆک بۆ وێنە پێوەندی شێوەزارە کوردییەکان چۆنە بەیەکەوە. سۆرانی و کورمانجی؟
سەلاحەدین ئەحمەد: لە ڕاستییدا دهۆک ئێستا زیاتر بەرەو کورمانجی، ئەوەی کە پێی دەڵێن بادینانی چووە و سۆرانی یان تەقریبەن واز لێ هێناوە

قازی: من مەبەستم لە ئاستی زانکۆ دا بوو؟




سەلاحەدین ئەحمەد: لە ئاستی زانکۆش بەڵێ. کە ئەوە شتێکە من بە ڕاستی  دژی نەبووم. پێم خۆشە خەڵک هەر کەس بە زمانی خۆی بزوێنێ. بەڵام، نەخوێندەواری هەبوو لە سەر ئەو ئاستەش. سەرلێشێواوییەک هەیە لە هەموو زانکۆکان ئایا زمانی خوێندن کوردی یە؟ عەڕەبی یە؟ یا ئینگلیزی یە؟ لە نەتیجە دا بۆ ئەوەی ووڵامەکەت زۆر بۆ کورت کەمەوە قوتابی زانکۆ تەواو ئەکا زمانێک بە دروستی نازانێت. لەوانە زمانی دایکیش.  کێشەکە لەوە دایە. زمانی دایکیش بە دروستی نازانێ.
قازی: باشە دەکرێ باسی ئەوە بکەی ئەو بابەتانەی کە دەتگوتەوە، بە دەرست دادەدا، زیاتر فەلسەفەی کلاسیک بوو یان مۆدێڕن بوو یان بە چ شێوەیەک بوو و موحازەرەکان چۆن ئامادە دەکران؟
سەلاحەدین ئەحمەد: من کۆمەڵێک کۆرسم هەبوو، بەڵام ئەوەی کە فەلسەفە بوو زیاتر تەرکیزم دەکرد لە سەر مێژووی فەلسەفە وەکوو پێ ناساندنێکی مێژووی فەلسەفە لە یۆنانی کۆنەوە هەتاکوو کانت. دیارە کە دوایی بۆم دەرکەوت خوێندنەوە نییە، مومکین نییە قوتابی بخوێنێتەوە شێوازی تەدریسم هەموو گۆڕی خستمە سەر ئەوەی کە یەک ووتار، یەک ووتاری گرینگ  بۆ ماوەی مانگێک یان دوو مانگ دێڕ بە دێڕ، جاری وا بوو موحازەرەیەکم لە سەر دوو دێڕ بوو ، دوو دێڕ لە یەک تێکست دا ، ئەوە زیاتر کاری کرد دیارە چونکە یەکێک لەو شتانەی کە ناتوانی داوا لە قوتابی بکەی ئەوەیە کە بخوێنێتەوە بە داخەوە ئاوایە بەڵام، بەو جۆرە زۆر شت گۆڕا یانی لەوێێدا بۆم دەرکەوت کە ڕاستی بەشێکی زۆری ناجیدییەتی مامۆستاکانە و ئی سیستمەکەیە ئەگینا خوێندکار وەکوو هەموو شوێنێکی تر ئەگەر  بە سیستمێکی پەروەردەیی دروست دا تێپەڕێ سەرکەتوو دەبێ.
قازی: باشە، خوێندکارەکان تا چ ڕادەیەک تەئسیریان هەبوو، دەستیان هەبوو  لەوەیدا کە شێوەی خوێندنەکە چۆن بێ و چۆن نەبێ؟
سەلاحەدین ئەحمەد: خوێندکارەکان، ئەوە پرسیارێکی گرینگە!
قازی: یانی ئینترئەکشنێک هەبوو لە نێوان ئێوە دا ؟
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ بێگومان. هێندێک کات ئەو ئینترئەکشنە زیاتر بوو، ئەوەی کە قوتابی کۆنتڕۆڵی مامۆستاکان دەکا. دواجار مامۆستا بۆ ئەوەی بییەوێ خۆشەویست بێ و کێشەی بۆ دروست نەبێ بە ئاسانترین شێوە کۆرسەکە تەواو ئەکا. نە خوێندن هەیە نە هیچ هەیە، چەند لاپەڕەیەک لە بەرکە بچووە ئیمتیحانەوە، دەرچۆ و ئەمانە. دیوێکی ئەمەیە، جا لە بەر ئەوە ئەگەر مامۆستایەکی جیدی هەبێ گلەیی لەوە ئەکەن ئەوە لە کۆرسەکانی ترمان دا هیچ خوێندن نییە  تۆ وا ئەکەی. لەبەر ئەمە، ئەوە هەمیشە کێشەیەکی گەورەیە. ئەگەر مامۆستایەک جیدی بێ پاش یەک دوو مانگ وای لێ ئەکەن کە دەست هەڵگرێت، ستانداردەکانی نزم کات، نەیهێڵێ تا دواییەکەی. ئەم کێشەیە هەیە یەعنی . قوتابی یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە نایەوێ ئیش بکا، نایەوێ بخوێنێتەوە وەکوو مامۆستاش کە نایەوێ بخوێنێتەوە. دیارە ئەمە جێنێرالیزەیشنە بەو شکڵە. چونکە هەمووی ناڵێم . جا مامۆستا کە وا ئەکەن قوتابییە زیرەکەکان، ئەوانەی کە بە ڕاستی ئەیانەوێ فێر بن ئەوانە گلەییان هەیە ئەڵێن ئەگەر من ئەو کۆرسە تەواو کەم هیچ فێرنابم لای فڵان یان فیسار مامۆستا.
قازی: باشە ئاتمۆسفێر چۆنە، هەر وا بە گشتی نا ئەگەر هێندێک بە کۆنکریت باسی بکەی.
سەلاحەدین ئەحمەد: بە کۆنکریت تا ئەو جێگای کە ناو و شت نەبەم. بە کۆنکریت موەزەفی یە، سەرف کردنی ماڵی گشتی یە دیسان. یانی حەز ئەکەم دیسان بگەڕێمەوە سەر یەک چەمکی،، ئەگەر جەنابت بوار بدەی، زۆر گرینگ کە دوای ئەو ئەزموونەم لە باشوور پێم وایە لە شوێنێکا ئەتوانین زۆربەی ئەو کێشانە کۆ بکەینەوە وەکوو  کێشەی ئینسان لە چەمکێکا کە مەفهوومی یان چەمکی کارە، کار کردن. هێگڵ بۆ نمونە، کە ئەمن لانی کەم باوەڕم بەم بەشەی هێگڵ هەیە گرینگترین شت کە ببێ بە سەرچاوەی ناسنامە بۆ تاکە کەسی ئینسان  کارە، کار کردنە؛ لەیبر. ئەو باسی ئەوە ناکا ئەگەر کار کردن نەبوو چی ڕوو ئەدا چونکە گرینگترین شت لەوێوە دەست پێ ئەکا. تەنانەت مارکس قەزییەی پڕۆلێتاریا لەوێوە پڕۆبلێماتایز ( کێشە ڕۆنان) دەکا. پێوەندی پڕۆلێتاریا بە کار کردنەوە چییە و ئالینەیش و هەتا دواییەکەی و دوایە هەتا گرووپی مەکتەبی فڕانکفۆرت لە سەر ئەمانە ئیش ئەکەن. جا بگەڕێمەوە سەر ئەم قەزییەیە لە باشوور بەرهەمهێنان نییە، کار کردن نییە یانی کارکردن بە مەعنای بەرهەمهێنان .
قازی: ئەوە زۆر عامە، دەزانی؟ زۆر زۆر دەربڕینێکی گشتی یە.
سەلاحەدین ئەحمەد: دەزانم، بەڵام ڕێگا بدە بلێم کار کردن بە مەعنای بەرهەمهێنان  شتێکە کە لە ئاستێکی ئێگجار نزم دایە، بەو مەعنایەی کە بۆ نموونە ئەوەی کە بەڕاستی بەرهەمهێنان بێ، بەشێکی زۆری دیارە خەڵکی تر ئەیکا. خەڵکی  کۆچبەر ئەیکا، خەڵکی پەنابەر ئەیکا، پەنابەری کورد لە باکوورەوە، لە ڕۆژئاواوە. لە ڕۆژهەڵاتەوە. کولتوورە گشتییەکە ، وەکوو کولتور ئەڵێم دیارە، کولتوورە گشتییەکە ئەوەیە کە تەرکیز لە سەر بەرهەمهێنان نییە. بۆ نمونە، ئەو نموونانە زۆر زەقن پێویستی بە ئیسپات کردن نییە. زۆربەی زەویوزاری کوردستان ئەگەر بە سەری دا بفڕی یا بە سەیارە بە تەنیشتی دا بڕۆی ئەمەت بۆ دەردەکەوێ کە بە فیڕۆ دراوە، بە کار نەهێندراوە، لە کاتێکدا کە سەوزە و خواردن و گۆشت و هەموو شتێک لە دەرەوە ڕا دێ.
قازی: ئێستا بەڕێزت باسێکی گشتی دەکەی بۆ من. دەمەوێ لە چوارچێوەی زانکۆ دا ئەو ئاتمۆسفێرە وێنا بکەی ، بۆ ئەوەی ئەو بینەرەی کە گوێیان لەو قسانەی ئێمە دەبێ بزانن ئەو سیستمی پەروەردەییەی کە لە زانکۆیەکی وەکوو زانکۆی دهۆک هەبووە جەنابت وەکوو مامۆستایەکی پسپۆڕ کە لە دەرەوە ڕا چوویەوە و لەوێدا کارت کردووە، کەمایەسی و دەسکەوتەکانی چۆن و چۆن بووە؟ بەڵام جەنابت زۆر بە گشتی باس دەکەی.
سەلاحەدین ئەحمەد: نا، ئەو گشتییە باس کردنە بیزەبت ئەمەیە. بۆ من چەمکەکان گرینگە نەک چیرۆکە ووردەکان.
قازی: ئاخر چەمک لە چیرۆک پێک دێ خۆ هەر وا لە خۆ وە ساز نابێ.فەرموو،
سەلاحەدین ئەحمەد: دە سەیری کە، چونکە کاتی ئەوەمان نابێ. لە زانکۆیەک کار کردن نییە، بەرهەمهێنان نییە یا زۆر کەمە. مەسەلەن تێزی دوکتورا کە من سەیرم کردووە هەموو کۆپی پەیستە لە شوێنی ترەوە.
قازی: باشە ئەگەر کۆپی پەیستە لە شوێنی ترەوە چۆن قبووڵ دەکرێ؟
سەلاحەدین ئەحمەد: چۆن قبووڵ دەکرێ، لە بەر ئەوەی مامۆستایان وایان کردووە.
قازی: ئەتۆ قەبووڵت کرد بۆ خۆت.
سەلاحەدین ئەحمەد: نا، نا بە هیچ شێوەیەک. ئەوە یەکێک لەو شتانەیە کە تووشی کێشە بووم لە سەری.
قازی: چ جورە کێشەیەک ؟
سەلاحەدین ئەحمەد: کێشەی هاوار هاوار و قڕە قر و ئەوانە و دوایی بە هەر حاڵ بە بێ ئیمزای من ڕەتیان کرد.
قازی: یانی قبووڵیان کرد؟
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ. پرۆپۆزڵی دوکتورا کە ئەبوایە ئیمزای منیشی لە سەر بوایە کە من نەم کرد لە بەر ئەوەی زۆر خراپ بوو ، لە بەر ئەوەی لە ئاستی پۆلی یەکیش دا نەبوو، لە هەر زانکۆیەک، لە زانکۆیەکی هەرە خراپیش . بەڵام، ئێتیکێتەکە ئەوەیە هەموو لجنەکە ئەبێ ئیمزای بکا بەڵام ، من ئێمزام نەکرد و دوایی هەر تێیانپەڕاند. یانی ئەمە کێشەکەیە، ئیش کردن نییە، خوێندنەوە نییە، بەرهەمهێنان بەو مەعنایە نییە لە  زانکۆکان دا.
قازی: باشە بەو وەزعە چەند توانیت لەوێ دەوام بێنی؟ چەند بەردەوام بووی؟
سەلاحەدین ئەحمەد: ساڵە ئاکادێمییەکەم تەواو کرد دوایی دەستم هەڵگرت ڕۆیشتم.
قازی: دوایە کە لەوێ دەستت هەڵگرت ئیدی لەوێوە چوویە تورکییە ، بۆ باکووری کوردستان . وا نییە؟
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ.
قازی: چۆن بوو پێوەندییت پەیدا کرد لە گەڵ زانکۆی ئارتوکلوو لە تورکییە؟


سەلاحەدین ئەحمەد: دیارە لەو سێمینارێکم هەبوو.
قازی: پێشتر، ئەو ماوەیەی کە لە دهۆک بووی، بانگهێشتنیان کردی بچی لەوێ سێمینارێک پێشکێش کەی؟
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ ئەو ماوەی کە لە دهۆک بووم. لە مانگی فێبریڤێری ساڵی ٢٠١٤ دەعوت کرام بۆ سیمینارێک لە مێردین و دوای ئەوەی چووم لەوێ عەرزی ئەوەیان کرد کە لەوێ دەرس بڵێمەوە بە تایبەتی ئەو کاتە بە تەما بوون بەرنامەی ماجستێری فەلسەفە دانێن کە قوتابی بتوانێ شەهادەی ماجستێر لە فەلسەفە بە ئینگلیزی وەربگرێ. بۆ ئەو بەشە ئینگلیزییە، چونکە بەشی تورکی هەر هەبوو. بۆ ئەو بەشە ئینگلیزییە ئەمن بانگ کرام کە دایمەزرێنم بە هاوکاری یەک دوو هاوکاری ترمان لەوێ.
قازی: ئێستا ئەوە بینای زانکۆی ئارتوکلوو دەبینین لە بەک گراوند دا،. فەرموو بەردەوام بە!
سەلاحەدین ئەحمەد: دوایە دیارە مەسەلەی بوروکراسی و ئەوانە پێی چوو هەتاکوو مانگی ٩-ی ٢٠١٤ ،تەقریبەن ٧-٨ مانگی پێ چوو.
قازی: دەی لەوێ چۆن دەستت پێ کرد. پێم وایە لەوێ خوێندنەکە زیاتر بە ئینگلیزی بوو وا نییە؟
سەلاحەدین ئەحمەد: لەوێ سی لە سەتا بە ئینگلیزی بوو، حەفتا لە سەتا  بە تورکی یە.
قازی: فەرموو باس بکە شاگردەکان چۆن بوون، ئاتمۆسفێرەکە چۆن  بوو؟ مامۆستاکان چۆن بوون؟
سەلاحەدین ئەحمەد: دیارە لەوێش بە داخەوە کولتووری خوێندنەوە زۆر کەمە بەڵام ئەو شتانەی کە باشە ئەمانەیە: بۆ نموونە قوتابی فێر نەکراوە یان فێر نەبووە لە سەر خزمەت وەرگرتن لە پێوەندییەکانی دەسەڵات بژی. بۆ نموونە لە دهۆک کولتووری جاسووسی هەیە. موحازەرە تەسجیل ئەکرێت، ڕێکۆرد ئەکرێت، تۆمار ئەکرێت و ئەو قوتابییەی کە بییەوێ ئەبیات ئەڵی فڵان مامۆستا ئاوای گوتووە. ئەم کولتوورە هی  ٧٠کان و ٨٠کانە ماوەتەوە ئی زەمانی بەعسە.
قازی: جا ئێستا ئێمە هاتینە تورکییە
سەلاحەدین ئەحمەد: جا ئێستا دێمەوە ئەوێ. لە تورکییە ئەمە نییە مەسەلەن، ئەم جاسووسییە نییە و بە پێچەوانەوە گیانێکی بەرەنگاری هەیە ، یانی ئەم دیوەی باشە، قوتابیان بە گشتی پێشکەوتنخوازن ، پێوەندییەکانی جێندر زۆر جیاوازە و ئەمانە. وەکوو ووتم خوێندنەوە کەمە بەڵام ئەو شتانە هەیە کە پشتی پێ ئەبسترێ. وەکوو هاوکار دیسان جیاوازییەکی گەورە هەیە کە هاوکاران لەوێ لانی کەم بەشێکیان هەوڵ ئەدەن کار بکەن و لەگەڵ ئیشی خۆیان جیدیتر و ڕاستگۆتر و ئەوانەن.
قازی: جا لەوێ چۆنت کار دەکرد. ئەگەر هێندێکی لە سەر بڕۆی.
سەلاحەدین ئەحمەد: لە سەر کارەکە، دیارە موحازەرەکان بە ئینگلیزی بوو. لەوێ زیاتر لە بەشی فەلسەفە دەرسم ئەووتەوە وەکوو ئەوەی دهۆک نەبوو. و لە دەرسەکانیش دا لە بەر ئەوەی ئاستی ئینگلیزییەکەیان نزم بوو هەوڵم ئەدا ، لە ئاستێکی نزمی ئاسانی ئینگلیزییەوە بچینە سەر پرسیارە گەورەکان، پرسیارە سەرەکییەکانی بواری فەلسەفە وەکوو  ناساندنی فەلسەفە بە زمانی ئینگلیزی. دیارە زۆر باش ڕۆیشت، قوتابی زۆر لەگەڵیا بوو، زۆریان پێ خۆش بوو، هەمووشتێک زۆر بە باشی ڕۆیشت. دوا جار بەرنامەی ماجستێر بە ئینگلیزی پەسندیان نەکرد، ئەدمینسترەیشن پەسندی نەکرد کە ئەوەش چیرۆکی خۆی هەیە.
قازی: دەزانین کە لە زانکۆی ئارتوکلوو چەند ساڵێکە' ناوەندی زمانانی زیندوو ' هەیە کە لە چوارچێوەی ئەوەشدا  زمانی کوردیش هەیە، کە ئەوە دەستپێشخەری و ئینیسیاتیڤێک بوو بۆ یەکەم جار لە سیستمی پەروەردە دا لە تورکییە ئەگەرچی نێوەکەشی کوردی نییە بەڵام، بە بوونی مامۆستایەکی وەکوو قەدری ییڵدرم  ئەو مەسەلەیە زۆر بەرەوپێش دەچوو هەتاکوو ئەو دواییانە کە چەند مانگ لەوە پێشتر هێندێک موشکیلەیان بۆ وی پێک هێنا و پاشانەکەش  کە دواتر دەگەینە سەری دەرکردنی ئەو ١٤ مامۆستای بێگانەیە کە یەکێک لەوانە بەڕێزتی. ئەگەر هێندێک لە سەر ئەو ناوەندەش قسە بکەی خراپ نییە.
سەلاحەدین ئەحمەد: مانگی ٩ لەوەوە دەست پێ بکەم کە سەرۆکی پێشووی زانکۆ کەسێکی پڕۆفێشناڵ بوو، تا ڕادەیەکی زۆر پێشکەوتنخواز بوو، کێشەیان بۆ دروست کرد، کێشەکە سیاسی بوو. مانگی یازدەی ٢٠١٤ بە جارێک پۆلیس دای بە سەر زانکۆیا، ٦٧ کەسیان گرت ، ئەو کەسانە هێندێکیان لەوانە بوون کە دوایی لەوێ نەمان، ئەوانیدیشی خەڵکی خەتی خۆیان بوون و ئەمانە. دوایی دیارە بەردران. یەکێک لەوانە قەدری ییڵدرم بوو، دوای  بەردران بەڵام دۆسییەیان بۆ دروست کرا لە سەر ئەوەی کە فەسادیان لە سەرە یان هەر شتێک. زۆربەیان ئەوانی سەرەوە یانی سەرۆکی زانکۆ و جێگری سەرۆکی زانکۆ ناچار کران کە خۆیان بڕۆن، کە خۆیان دەست هەڵگرن. دوای ئەوە سەرۆکی بەشی ئیلاهییات  کرا بە سەرۆکی زانکۆ کە کەسێکی موحافزکارە و لە خەتی ئاکەپە دایە و ئیخوانجی یە، ئەوە کرا بە سەرۆکی زانکۆ و دەستی خستە هەموو کارەکانی زانکۆ، دیارە بە هاوکاری گرووپێکی تر لە زانکۆ دا کە گرووپی هەرە موحافزکار و هەرە ئیسلامیست. ئەمە زۆر کاری کرد لە سەر زانکۆ. لەو کاتەوە مێردین ئارتوکلوو لە زانکۆیەکەوە کە ناوی دەرکرد بوو وەکوو زانکۆیەکی پێشکەوتنخواز، چەپ  کە پشتگیری لە مافی کەمینەکان و پشتگیریی لە هەمەڕەنگی ناوچەکە ئەکا بوو بە شتێکی تر، ئێستا خەریکە ئەبێ بە شتێکی تر. خەریکە وای لێ ئەکەن؛ دیارە ئەمە تۆزێ موبالەغەی تێدایە، ناوەرۆکی ئەم ئایدییەلۆجە سەردەستە  ئەوەیە کە وەکوو مەدرەسەیەکی دینی لێ بکەن لە سەر چەشنی ئیخوانچێتی.
قازی: باشە ئەو زانکۆیە زانکۆیەکی دەوڵەتی یە؟
سەلاحەدین ئەحمەد: زانکۆیەکی دەوڵەتی یە
قازی: بە تەواوی دەوڵەتی یە؟
سەلاحەدین ئەحمەد: بە تەواوی دەوڵەتی یە
قازی: لەو ماوەیە دا کە جەنابت لە ئارتوکلوو بووی شتێک ڕووی دا، ئەویش سەفەرێک بوو کە پرۆفێسۆر هارڤی کردی بۆ تورکییە و باکووری کوردستان. وا بزانم هەم چووە دیاربەکر و هەمیش هات بۆ زانکۆی ئێوە لە مێردین. پێم خۆشە هێندێک زیاتر لە سەر دەیڤید هارڤی بدوێین. دیارە بینەرانی ئێمە ڕەنگە هێندێک ئاگادار بن بە گشتی لە سەر وی، چونکە پرۆفێسۆر هارڤی لە مانگی ئاوریلی ئەمسال لە کۆنفڕانسێک دا کە بە ناوی ' چالنجی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی' لە شاری هامبورگ بەڕێوە چوو لەوێ بەشداری کرد و لەوێ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ کرد بوو لە پێوەندیی لەگەڵ مەسەلەی  وەزعی ڕۆژئاوا و وەزعی خەباتی گەلی کورد لە کۆبانێ. ئەمن پێم خۆشە چونکە بەڕێزت کارەکانیت خوێندووەتەوە هێندێکی بناسێنی لە پێشدا و دوای ئەوەی ناساندت ئەوجار دێینە سەر قسەکانی لە ئارتوکلوو.
سەلاحەدین ئەحمەد: دەیڤید هارڤی دیارە لە ساڵی ١٩٦١ لە کەمبریج دوکتوراکەی هێناوە. دوایی، ئێستا زۆر بەوە ناسراوە کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە  ' سەرمایە ' ی مارکس  ئەڵێتەوە وەکوو دەرس. یانی کتێبی کاپیتاڵ ، تەنانەت کتێبێکی شەرح کردنی بۆ کاپیتاڵ نووسیوە لە پاڵ کتێبەکانی تری دا. ئێستا پرۆفێسۆری ئانتڕۆپۆلۆجی و جێئۆگرافی یە لە  زانکۆی سیتی نیویۆرک. دیارە یەکێک لە ئیشە گرینگەکانی کە تەرکیزی دەکاتە سەر قەزییەی فەزای کۆمەڵایەتی و شارە. لەو سەفەرەیدا کە هاتبوو بۆ مێردین دیارە خۆی زۆری حەز لە مێردینە، چونکە من پێم گوت کارێکی زۆر باشت کردووە هاتووی بۆ ئەم شوێنە پەراوێزە، شوێنێکی ئاوا لە کوردستان. گوتی نە بە پێچەوانەوە زۆرم حەز لە مێردین ە . ئارکیتێکچری مێردینی کۆن بە ڕاستی شتێکی تایبەتە. جا دەڤید هارڤی بۆ ئەوە نەهاتبوو کە سێمیناری هەبێ، لە بەر ئەوە هاتبوو، بۆیە زۆر خەڵک پێی نەزانی ، بەڵکوو بۆ ئەوە هاتبوو کە قوتابی ماجستێر لە بەشی بیناسازی لە بەشی  مێئمارلک/ ئارکیتێکچر لەوێ سێمیناریان هەبوو جا یەکێک لە مامۆستاکان  دەیڤید هارڤی دەعوەت کرد بوو کە تەعقیب لە سەر سێمینارەکان بکات. جا تەقریبەن ماوەی دوو ڕۆژی برد سێمینارەکان لە بەیانی تا ئێوارە. ئەو قوتابییانە زۆربەی ئیشەکانیان لە سەر فەزای کۆمەڵایەتی و ئەوانە بوو و تا حەدێکی زۆریش ئیشی بە هوشیاری سیاسییەوە کرا بوو. دەیڤید هارڤی خۆی سێمیناری خۆی نەبوو بەڵام، هەوڵی دا هێندێک تەعقیب لە سەر ئەو شتانە بدا.

قازی: باشە لە پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان چی؟ پێم وایە ئامانجی ئەوە بوو ئەگەر دەرفەتی هەبێ سەری ڕۆژئاوای کوردستانیش بدا کە وا بزانم نەیتوانی بوو. لەو زەمینەیەدا ئەگەر ئاگاداری بدەی بە بینەران. وا بزانم چاوپێکەوتنیشی لەگەڵ کرا بوو.
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ چالاکوانانی باکوور و چالاکوانی کوردی شوێنی تریش هەوڵیان دابوو ڕێگایەک بدۆزنەوە دەیڤید هارڤی بچێتە ڕۆژئاوا. هەڵبەت ئەگەر دەیڤید هارڤی هەر قسەیەک لە سەر ڕۆژئاوا بکا ئێجگار گرینگە. وەکوو ئەزانی  بە هەزاران قوتابی هەیە کە ئێستا مامۆستان خۆیان یان ئەکتیڤیستن تا دواییەکەی. چوونی دەیڤید هارڤی بە تایبەتی بۆ کۆبانێ شتێکی گرینگ دەبوو. چونکە زۆر ئیشی لە سەر مەفهوومی شار و شار یاخییەکان و ئەوانە کردووە کە یەکێک لە کتێبەکانی لە ڕاستیدا لە سەر شارە یاخییەکانە. ئینجا هەوڵی دا، دیارە دوای مێردین چوو بۆ ئامەد ، لەوێ لە پێشانگای کتێب کۆڕێکی هەبوو .
قازی: لەوێ کاک سەرداری سەعدی چاوپێکەوتنێکی زۆر ڕێکوپێکی لەگەڵ کردبوو ،کە بە خۆشییەوە بە کوردیش تەرجومە کراوە.



سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ سەردار سەعدی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کرد بۆ ' رۆر مەگازین '. ئەوان هەوڵیان دا ڕێگەیەک بدۆزنەوە بچێ بۆ کۆبانێ، بچی بۆ ڕۆژئاوا، خۆشی زۆر حەزی ئەکرد وەکوو ئەوەی خوێندمانەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا بەڵام، نەکرا تورکیا ڕێگای نەدا. تەنیا ڕێگەیەکی تر کە دەکرا کە دەیڤید هارڤی یان خەڵکی وەک دەیڤید هارڤی بچێ بۆ ڕۆژئاوا هەرێمی کوردستان بوو. هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات کە خەڵک بچێ، دیارە  دیسان کاک سەردار سەعدی دەزانێت کە وەکوو ئەڵێن ئەزموونی دەستی یەکەمی هەیە کە ڕێگە نادەن ئەو کەسانە بچنە  ڕۆژئاوا.
قازی: دیارە هەیئەتێک چوو بوون ، ڕەنگە بەشێک لەو زانیارییانەش کە بەڕێز پڕۆفێسۆر هارڤی هەیەتی سەبارەت بەو مەسەلەیە لە ڕێگای گێڕانەوەی ئەوان بێ. پرۆفێسۆرێکی دیکە هەیە دەیڤید ،،
سەلاحەدین ئەحمەد: دەیڤید گرەیبر
قازی: بەڵێ ئەویش لە گەڵ هەیئەتێک بوو کە لە دیسامبری ساڵی ٢٠١٤  بۆ ماوەی دە ڕۆژێک چوو بوون بۆ کانتۆنی جزیرێ.
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ ڕاستە. دوو جار هەیئەتی ئاوا چوون. ئەوەی کە دەیڤید گرەیبری تێدا بوو لە کەمبریجەوە چوو بوو.
قازی: پێم وایە ئەو لە مەدرەسەی ئابووری لەندەن (ل.س.ئی) مامۆستایە.
سەلاحەدین ئەحمەد: بەڵێ ناوێکی گرینگە زۆر جار لە' گاردییەن' و ئەوانە دا دەنووسێ. بەڵام، ئەوان دوای سەرئێشەیەکی زۆر لە هەرێم دوایە گەیشتبوونە ' ڕۆژئاوا' بۆ ماوەی دە ڕۆژ شتێکی وا مابوونەوە شوێنەکانی ڕۆژئاوایان بینی بوو. هەموو زۆر بە باشی باسیان کرد بوو، نووسیبوویان جێگای ئیلهامە شوێنێکی وەکوو ڕۆژئاوا هەیە کە شۆڕشێکی ئاوا گشتی پێک هێناوە. دیارە هەر کامەیان سکالر بوون  لە بەر ئەوەی لە مەجالی جیاواز دا هەر یەکەوە باسی دیوێکی جیاوازی ڕۆژئاوا دەکات. بەس بۆ دەیڤید هارڤی ڕێگایان نەدا.
قازی: دەیڤید هارڤی بە لەبەرچاو گرتنی کە باسی کتێبەکەیتان کرد  ' ڕێبل سیتیز' ( شارە یاخییەکان )  و هەر وەها ئەو ئاشناییە گشتییەی کە لە گەڵ مەسەلەی کورد و مەسەلەی خۆ ئۆرگانیزە کردن لە خوارەوە ڕا هەیەتی پێت وایە بۆچوونی گشتی لە سەر ئاوەدان کردنەوەی کۆبانێ چۆنە؟ یانی جەنابت چۆنی بۆ دەچی؟
سەلاحەدین ئەحمەد: پێم وایە گرینگترین قسەی، ئەگەر ئەو پڕۆژەیەکی لە سەر ئەوە هەبێ یان نا، بەس گرینگترین قسەی لە سەر کۆبانێ کە بۆ منیش هەر وایە باسی ئەوە دەکا ئێستا دەرفەتی ئەوەیە کە کۆبانێ بە شکلێکی دیکە دروست بکرێتەوە بە لەبەرچاو گرتنی ژیانی مەدەنی کۆمەڵگەی خۆی، ئەمە قەزییەیەکە کە دەکرێ زۆر شتی لە سەر بکرێ، هەم وەکوو فەزای گشتی، هەم وەکوو پێوەندییەکانی یەکسانی و جێندر و هەموو ئەو شتانە. چونکە گەیشتە حاڵێک کە پێم وایە کۆبانێ لە سەد دا هەشتای وێران بوو. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە دەبێ دروست بکرێتەوە. ئەزانین کە خەڵکی کۆبانێ  ئەو شارە دروست ئەکەنەوە بەڵام، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن دروست بکرێتەوە؟ لە سەر ئەو ستایلە کۆلۆنیالیستییەی پێشوو  کە هەبوو یا شتێک لەو بابەتە  یان لە ڕێگەی ئیلهام و پلان و  یوتۆپیا و خەون بینینێکی نوێ وە، تازەوە؟ ئەمە پرسیارێکی ئێجگار گرینگە لەبەر ئەوە چوونی کەسێکی وەک دەیڤید هارڤی ئەم پرسیارە دەکا بە پرسیارێکی زیاتر ئینسانی. زیاتر دەیکا بە پرسیاری سۆلیداریتی لە نێوان هەموو ئەو خەڵکانەی کە گرینگی بە یەکسانی ئەدەن، کە گرینگی بە خۆشگوزەرانی ئینسان، وەکوو ئینسان ئەدەن، بەدەر لەوەی کە کوردە یان عەرەبە یان  موسوڵمانە یان موسوڵمان نییە ، یان ژنە یان پیاوە هەتا دوایی. ئەمە شتێکی زۆر گرینگ دەبوو چونکە ئێستا پرسیاری کۆبانێ بۆ یەکەمین جار قەزییەی کورد بوون ئەکا بە پرسێکی کۆزمۆپۆلیتان . ئەیکا بە پرسێک کە خەڵک لە یابانەوە بۆ بڕازیل ئەتوانن پێوەندی لەگەڵا بگرن هەم  پێوەندیی هزری، هەم پێوەندیی ویژدانی، پێوەندیی لە ڕێگەی پرسیارەکانی بۆ نموونە وەکوو ئەوەی باسمان کرد یەکسانی و خەبات کردن و ئەوەوە، یا لە ڕێگەی فێمێنیسم تا دواییەکەی. هەموو ئەم شتانە  ئێگجار گرینگن. بۆ یەکەم جار قەزییەیەک هەیە کە خەریکە  مەسەلەی کورد بوون لە مەسەلەی سێرڤایڤڵەوە، سەلامەتییەوە ئەگەیێنێتە ئاستێکی تر. ئاستی ئیلهام بەخشین بە خەڵکی تر لە شوێنی تریش. ئەوە ئیشێکی ئێگجار گەورەیە، ئیشێکی ئێگجار باشیان کردووە ئەوانەی کە هەم بەرەنگاری داعش بوونەتەوە، هەم بەرەنگاری مێژووی کۆلۆنیالیزم بوونەتەوە لە ڕۆژئاوا .
قازی: دیارە ئەو مەسەلەیە لە باکووری یش هەر دەبیندرێ بە ڕێگای پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان و پڕۆگرامەکەیان.
سەلاحەدین ئەحمەد: سەد لە سەد. لە ڕاستیدا وەکوو ئەزانی جیا ناکرێتەوە یانی خەباتی باکوور و ڕۆژئاوا لە زۆر شوێنا ئەو جیاکردنەوەیە نابینی یانی ئەوەندە تێکەڵە و ئەوەندەی خەڵکی باکوور بە هانای کۆبانێ وە دێن هەر ئەو خەمەیە کە بە هانای ئامەدەوە دێن بۆ نموونە و هەر ئەو بیرکردنەوە هەر ئەو ئایدیۆلۆجییەشە  بۆ نموونە ژینگە دۆستییەی لە  ئامەد هەیە، لە کۆبانێ هەیە تا دواییەکەی ، لە مێردین هەیە تا دواییەکەی. یانی ئەو بزووتنەوەیە لە بەر ئەوەی کە بە ڕاستی، ئەوەی کە دەرفەتی پێ داوە لە ڕۆژئاوا شتێکی زۆر گرینگە ئەویش غیابی دەوڵەتە. کە بۆ کۆمەڵگای کوردی هەمیشە دەوڵەت چەوسێنەر بووە، داگیرکەر بووە. فورسەتێکی ئێگجار گرینگە کە دەوڵەت نەبێ، فەراغێک هەبێ  کە کۆمەڵگە خۆی بتوانێ خۆی بەڕێوە بەرێ. ئەمە لە ڕۆژئاوا دروست بوو لە بەر ئەوە فورسەتە لە ڕۆژئاوا ئەگینا ئەگەر لە باکووریش بایە، لە باکوور هەمان شت دروس دەبوو، فورسەت ئەچۆ پێشەوە. ئەمە جگە لەوەی بەدیوی فەلسەفەی ئانارکیزما تەبعەن دەوڵەت ئەسڵەن زەروور نییە، دەسەڵاتێک زەروور نییە کە پێمان بڵێ چۆن  ژیانی ڕۆژانەی خۆمان ڕێک بخەین. یانی بەم دیوەیا ئەمە گرینگە کە دەوڵەت لە شوێنێکا کەوت خەڵک فورسەتی هەبوو  کە دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ  مومارەسە بکات و بەو دیوەشا گرینگی زیاتر بوو کە تەجروبەیەکی کوردستانی بوو، چونکە کوردستان هەمیشە شوێنێکی داگیرکراو بووە ئێستا فورسەتی ئەوە بوو کە  دەوڵەت نەبێت. دیارە ئەمەش  ئیتر چیرۆکی خۆی هەیە. لە ڕۆژئاوا کە تاکە پارچەی کوردستان لە نێو ئەو چوار پارچەیە دایە ئەگەر نەڵێین پێنچ، کە خەباتی چەکداری تێ نەکەوت هەتا کوو تەقریبەن سێ ساڵ پێش ئێستا بە دامەزراندنی یەکینەکان. نەبوونی خەباتی چەکداری و بەشداری کردنی ڕۆژئاوا لە خەباتی چەکداری بەشەکانی تردا هەموو پێوەندی بە وەوە هەیە کە ئەم  پڕۆژەیە بۆیە ئاوا سەرکەوتووە لە ڕۆژئاوا.
قازی: جا پێت وایە ئاکادێمیسیەنی وەک دەیڤید هارڤی و کەسانی وەک ئەو  لە ئاستی نێونەتەوەیی دا هەر بە مەسەلەی دەربڕینی هاوپێوەندی دەتوانن یارمەتیدەر بن یان ئیدەکانیان. مەسەلەن ئەو ئیدەی لە سەر شار چۆنە بە گشتی؟ ئەوە گرینگە.
سەلاحەدین ئەحمەد:  بەڵێ ئەوە پرسیارێکی گرینگە. ئەمن پێم وایە دەڤید هارڤی ئەگەر بچووبا بۆ کۆبانێ، ڕەنگە فکری خۆشی هێندێک چەپانەتر و ڕادیکاڵانەتریش بوایە یانی خۆشی لێی فێر دەبوو. خۆشی زۆر حەزی ئەکرد بچێ. و خەڵکی کۆبانێ ش و هەر کەس کە ئیش لە سەر قەزییەی فەزا ئەکا یان دروست کردنەوە ئەکا لە کۆبانێ ئەوانیش سوود لەو موناقەشەیە وەرگرن. یانی شتێکی وا نەبوو بە مانای مامۆستا و قوتابی بە مانا کلاسیکییەکەی. یانی ئەوەی کە هەیە زیاتر جەدەلییەتێکە  کە لە نێو کۆمەڵگا خۆیا، لە نێو هێزەکانی کۆمەڵگایا کە چۆن ژیانێکی تر دروست بکەینەوە، چۆن جیهانێکی تر و ئاسۆیەکی تری  هیوا دروست بکەینەوە. وە ئەوەی کە لە ' سرووچ '  (پرسووس) ڕووی دا شتێک بوو لەو بابەتە  کە کۆمەڵێک گەنجی زۆر پێشکەوتنخواز و ئەوانە  لە هەموو بەشەکانی تورکیاوە ئەچوون بۆ کۆبانێ. یانی ئەم بزووتنەوەیە دروست بووە، ئێستا کۆبانێ بە مانایەک بووە بە هی هەموو و چوونی دەیڤید هارڤی بۆ ئەوێ ئەو موناقەشەیەی دەوڵەمەندتر ئەکرد. دیارە چوونی هەر یەک لەوانە. بەس چوونی دەیڤید هارڤی  وەکوو کەسێک کە زۆر لە سەر مەسەلەی شار و ئەوانەش ئیش ئەکا. بۆ دەیڤید هارڤی یەکێک لەو شتانەی کە کەمتر لە بەرچاوی گرتووە ئەو جۆرە پرسانەیە، مەسەلەن شارێکی وەکوو کۆبانێ یا ئامەد یا ئەوە. چونکە ئەو زیاتر لە  ڕوانگەی با بڵێین جێئۆگڕافی ئەمریکاوە سەیری شار و بوونی شار و ستراکچری شار ئەکا، لە باشترین حاڵەتا ئەوڕووپا پاریس و ئەوانە. کۆبانێ شتێکی ترە، چیرۆکێکی ترە چونکە ئەسڵەن ئەو ڕەوت و تەوژمی بەرەنگاری و موقاوەمەتە هەمیشە هەبووە، لانی کەم لە ژێرەوە لە ئاستێکا هەبووە، هەر ئەوەیە کە ئێستا لە  ' ئامەد ' ئەیبینیت یانی ئەو ڕووحە هەمیشە بەردەوامە، یانی کە ئەچیتە ناو فەزای ئامەدەوە  هەست بەو ڕووحی بەرەنگارییە ئەکەی. لە بەر ئەوە  چوونی دەیڤید هارڤی بۆ هەموو لاکان گرینگ ئەبوو لەوانە دەیڤید هارڤی خۆشی.
قازی: زۆر باشە  ، ئێستا ئێمە کاتێکی زۆرمان نەماوە.پێم خۆش بوو پاشماوەی کاتەکەمان تەرخان بکەین بۆ جواب کران یا  درێژ نەکردنەوەی کۆنتڕاکتی هاوکارانتان لە  زانکۆی ئارتوکلوو دیارە ئەو خەبەرە  لە چاپەمەنی تورکییە دا  دەنگی دایەوە و پێش هەڵبژاردن بوو  ، زانکۆی ئارتوکلوو بڕیاری داوە کە کۆنتڕاکتی  ١٤ مامۆستای بە ڕەچەڵەک بێگانە  ، تەبەعەی خاریجی یان شاروومەندی ووڵاتانی دەرەوەی تورکییە  درێژ نەکاتەوە بە  پێی ئامۆژگارییەک کە  لە لایەن دەزگای بەرزی خوێندنەوە : ' یۆک'  ئەویش ئەوەیە کە لە هەر زانکۆیەک  دا ژمارەی مامۆستایان و وانەبێژانی بێگانە نابێ لە دوو لە سەد زیاتر بێ.ئەگەر دەکرێ لە سەر ئەو مەسەلەیە تەوزیح بدەی چونکە دوایە مەعلووم بوو کە  ١٤ کەس لەو ٣٩ مامۆستایەی کە لەو زانکۆیە دا دەرس دەڵێنەوە  کۆنتراکتیان درێژ ناکرێتەوە. ئەوە شامیلی حاڵی ١٤ کەس بوو ، وا بزانم یەکێک لەوانەش بەڕێزتی. ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی ئەوە بکەی!
سەلاحەدین ئەحمەد:  بەڵێ چیرۆکەکە بە ڕاستی پێش هەڵبژاردن دەستی پێ کرد  بەڵام گەیشتە قەزییەی دوای هەڵبژاردن. پێش هەڵبژاردن  وەکوو ووتم ٦٧ کەس گیران  بە قەزییەی فەساد و ئەوانە. لەوێوە دەست خرا مەسەلەی زانکۆ، زانکۆ چۆن ئیش بکا و ئەوانە. چونکە ئەو زانکۆیە لە سەر ئەوە دروست ببوو کە  هەمە ڕەنگ بێت؛ کوردی، ئینگلیزی،  حەتتا ئاسووری هەموو ئەوانەی تێدا ئەخوێندرێت .ئەم ئەدمینسترەیشنە  کە هات  ئیسلامیست و ڕاستڕەو و ئەوانە  دیارە پەلاماری حەلقەی هەر لاوازیان دا  لەو زانکۆیە دا کە هەمە ڕەنگە، چەپە ، کە پڕۆ کوردە. ئەوانەش  بیانییەکان بوون چونکە  بیانەکان مافیان کەمترە با بڵێین مافی پارێزراویان کەمترە. ئەم بیانیانەش هەموویان نا، دیارە بیانییەکی زۆر هەیە  لە بەشی ئیلاهییات، عەڕەب، ئەوانە دەستیان لێ نەدراوە. ئەوانە  بە وەش ناچێ لە ئایەندەی نزیکدا دەستیان لێ  بدرێ. چییان کرد هاتن ١٤ کەس ئەو  ١٤ کەسە زۆرتری کوردن ، کوردی ڕۆژهەڵات ، هی باشوور  و ڕۆژئاوا ، زۆرتریان  هی ڕۆژئاوا  بە ڕاستی ، یەکێک لەوانە خەڵکی  کۆبانێ شە. ئەمانە پێیان گوتن کۆنتڕاکتەکانتان تازە ناکرێتەوە ، بەو بەهانەیە و پێنج شەشێکی ئوڕووپی و ئەمریکیش ، دیارە یەک دوانێک لە کۆردەکانیش بابڵێین وەتەنداشی ، سیتیزنشیپی ڕۆژئاواییان هەیە ، بە هەر حاڵ ئەو پێنج شەش سپی ئوڕووپی و ئەمریکیش. بەهانە سەرەکییەکە بە حیساب  ئەو ڕێژەی دوو لە سەدە و ئەوانە  بەڵام خۆی هەر لە بەر ئەوەی زانکۆی مێردین ئارتوکلوو  زۆربەی بەشەکانی سی لە سەتای بە ئینگلیزی یە  ئەبێ ئەو نسبەیە زیاتر بێت.   پاشان ئەو قانوونە ناڵێت  هەر لە زانکۆیەک دوو لە سەتا، ئەڵی تەواوی تورکیا. زانکۆ هەیە زۆربەی هەشتا لە سەتای بیانین.  ئەو زانکۆیانەی کە بە زمانی ئینگلیزی یە هەموو  هی وای تێدایە لە سەدا هەشتای بیانین یانی  ئەوە قسەی وانە. پاشان بۆ ئەم ١٤ کەسە هەلبژێردران؟ مەسەلەن بۆ کەسێکی بەشی ئیلاهییاتی تێدا نەبوو؟
قازی: ئەو ١٤ کەسە  لە کامە بەش بوون ؟

سەلاحەدین ئەحمەد:  بەشی فەلسەفە، ئانترۆپۆلۆجی،  کوردۆلۆجی،  مێژووی هونەر  و مێژوو .ئەم بەشانەی هەموو تێدا بوو . ئینجا یەک فێڵ کە لەوێدا کرا بوو یەک کەسیشیان لەو ١٤ کەسە عەڕەب بوو پێم وایە لە بەشی  زمانی عەڕەبی .بە تێگەیشتنی ئێمە ئەمەیان بۆیە تێ  کرد بووە ناو ئەو گرووپە بۆ ئەوەی دوایە وا دەرنەکەوێ کە ئیشێکی ڕەگەزپەرستانە کراوە. کە بەس دژی کورد و ئەوانەیە بەڵام هەر یەک دوو حەفتەی پێ نەچوو ئەو کەسە ، ئەو هاوکارە عەڕەبە وەرگیرایەوە.
قازی: زۆر باشە ئێمە دەزانین کە ئەو مەسەلەیە بوو بە هۆی رێئاکسیۆنی زۆر. بۆ نموونە یەکێک لەوانە نوێنەری شاری مێردین بەڕێز گویلسەر ییڵدرم لە مەجلیس ، لە پارڵمانی تورکییە لە ڕۆژی ١٠ی جووڵای  پرسێکی ڕەسمی لە دەوڵەت کرد و داوای کرد  وەزیری خوێندنی باڵا ووڵام بداتەوە. لە ١٤ نوختە دا  ئەو مەسەلەی باس کردووە.  باسی ئەو نوختەیەشی کردووە کە ئەتۆ ئیشاڕەت پێ کرد.بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە سی لە سەدی خوێندن بە ئینگلیزی یە و ئەوانە.هەر چۆنێک بێ زۆر بە دیتەیل لەو مەسەلەیەی پرسی. وا بزانم هاوسەرۆکی شارەداری مێردین  ئەحمەد تورکیش لەو بارەیەوە ڕێئاکسیۆنی هەبووە.  یانی ئەو  ئعترازاتە پێت وا هەیە هیچ تەئسیری دەبێ لە  ئاڵوگۆڕ کردنی ئەو بڕیارە دا یان نا؟
سەلاحەدین ئەحمەد:  ڕەنگە بیبێ، ڕەنگە نەیبێ. لە سەرەتاوە  تەوژمێکی زۆر باش دەستی پێکرد. دیارە قوتابیان زۆر دژی  ئەو جووڵەیە بوون. قوتابیان لە هەموو کەس زیاتر دژی ئەو جووڵەیە بوون  کە ئەو مامۆستایانە دەرکراون  و هێندێک لەو مامۆستایانە ئێگجار زۆر خۆشەویستی  قوتابیانن بۆ نموونە دوکتور کەماڵ سولەیمانی  کە دوکتوراکەی لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیۆیۆرک هێناوەتەوە.
قازی: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە .
سەلاحەدین ئەحمەد: خەڵکی ڕۆژهەڵاتە بەڵێ.لە بەشی ئانترۆپۆلۆجی دەرسی ئەوتەوە  لە نیۆیۆرکەوە هاتبوو وەک ووتم. قوتابیان لە سەر ئەو مامۆستایانە زۆر ئعترازیان دەربرێ و ئەوانە بەڵام، یەکێک لە فێڵەکانی ئەو ئەدمینسترەیشنەش  ئەوە بوو  لە کاتێکا ئەم ئیشەیان کرد کە ڕێک دوای کۆتایی هاتنی دەوام بوو  ، سەرەتای ڕەمەزان بوو  ، قوتابیان لەوێ نەبوون، دیارە زۆربەی قوتابیان خەڵکی  شارەکانی دەوروبەری سێنتری مێردینن. بەڵام لە ڕێگای سۆشیال مێدیاوە بزووتنەوەیەکی ئعترازی  گەورە پەیا بوو ، لە ڕێگەی پارڵمانەوە، لە ڕێگەی  هاوکارانمانەوە،  گرووپێک لە مامۆستایان  کە پلاتفۆرمی خۆیان هەیە ئەوان ئێگجار ئەزێتیان کێشا  ، زۆر هەوڵیان دا ئەو بڕیارە ڕاگیرێ، لانی کەم  فەزح کرێ یانی بە  ڕای گشتی بووترێ  بۆچی ئەو مامۆستایانە دەر کراون.یانی تەوژمێکی زۆر  زۆر بەهێز دەستی پێکرد. ئینجا کەوتنە  لێدانی سومعەتی  هێندێک  لە مامۆستایان ئەو جەماعەتی سەرۆکی زانکۆ و ئەوانە بە شکلێکی ناپڕۆفێشیۆناڵانە و زۆر خراپ.بە هەر حاڵ دوایی شەڕی بە سەر دا هات، لێدانی کوردی بە سەر دا هات  دیارە تێ ئەگەین بۆ  ئەو مەسەلەیە هێندێک کەوتە ژێر  با بڵێین فایڵی خەبەری ترەوە.
قازی: ئێستا ئیمکانی  ئەوەی کە مامۆستاکان جارێکی دیکە دەست بە کار بکەنەوە یان نەکەنەوە چەندەیە ؟ مەسەلەن لە کەیسی خۆت دا  ئەتۆ دەست لە کارەکەت هەڵدەگری یان چۆنە؟
سەلاحەدین ئەحمەد:  جارێ نازانین. ئەمن هێشتا بە ڕەسمی مامۆستام لە  زانکۆی مێردین ئارتوکلوو. بە پێی قانوون ناتوانن هیچ بکەن بەڵام  ئیتر ئەو شتانەی  تریش هەیە. هەتا ئێستا نازانین چارەنووسی ئەم  ١٣ کەسەی کە ماوە  چۆن  دەبێ. دیارە هێندێک مامۆستای تر ڕۆیشتن دەستیان هەڵگرت یەک دوانێک. بەڵام تا ئێستا بە ڕاستی نازانین چارەنووسیان چ دەبێ.
قازی:  باشە زۆر سپاست دەکەم بەڕێز سەلاحەدین ئەحمەد بۆ  بەشداریت لە ڕاوێژ دا.
سەلاحەدین ئەحمەد: زۆر سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان تاکوو بەرنامەیەکی دیکە لای ئێوەمان خۆش. 
تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە  لە ئێوارەی یەکشەمە  ٦-ی سێپتامبری ٢٠١٥  لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەرهەڵێنن  لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب و هەر وەها لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا .