Wednesday, January 31, 2024

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین، مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و بەڕێوەبەری ناوەندی تیوریی نێونەتەوەیی پێشکەوتوو لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا

هەڤپەیڤین  لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین، مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و بەڕێوەبەری ناوەندی تیوریی نێونەتەوەیی پێشکەوتوو لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا سەبارەت بە شەڕی غەزە و ئەو جینایەتانەی لەوێ دەکرێ. ئەم بەرنامەیە ئێوارەی پێنجشەمە ١٤-ی دیسامبری ٢٠٢٣ بە ڕێگای سکایپ کراوە و ڕاستەو ڕاست لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە.

حەسەن قازی:
بینەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ! لە بەرنامەی ئەمجارە دا باسی شەڕی ئیسرائیل لە غەزە دەکەین. دەزانین کە لە ٧-ی مانگی ئۆکتۆبرەوە بە هێرشی حەماس  بۆ سەر وڵاتی ئیسرائیل و دوایە تۆڵە سەندنەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە بەو شێوەیەی وەک شەلم، کوێرم، هیچ ناپارێزم لە لایەن ئیسرائیلەوە قەتڵی عامێکی بەربڵاو لە خەڵکی غەزە کراوە و بە تایبەتی هەتاکوو  ئێستاژمارەیەکی زۆر منداڵی بێگوناهکووژراون کە هیچ پێوەندییەکیان بە مەسەلەی شەڕ و تەنانەت بە مەسەلەی سیاسەتیشەوە نییە. ئێمە لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین مامۆستا و هەر وەها پرۆفێسۆری هاوکار لە زانکۆی ساسێکس لە بواری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و بەڕێوەبەری ناوەندی تیوری پێشکەوتوو لەو بارەیەوە قسە دەکەین. بەڕێز کامڕان مەتین زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ!
دوکتورکامڕان مەتین: زۆر سپاس بۆ ئێوە و هەر وەها سڵاو لە بینەرانی ئێوەش.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. با ئێمە لەوە ڕا دەست پێبکەین دیارە مەسەلەی شەڕی غەزە و پێکدادان ئێستا شتێکی ئاکتوێلە و لە میدیا دا بێ پسانەوە باس دەکرێ لە ئاستی جیهانی دا، بەڵام لایەنێکیش هەیە ئەو ئاڕگومێنتانەی کە دەهێندرێنە گۆڕێ ئیسرائیل دەبەنەوە سەر زەمانی کۆن و تەوڕات و دەڵێن " سەرزەوی بەڵێن پێدراو" بووە و لە لایەکی دیکەشەوە باسی داگیرکاری ئەوان دەکرێ. پێم خۆشبوو بزانم بەڕێزت وەکوو چاوەدێرێکی کاروباری نێو دەوڵەتی ئەوە چۆن دەبینی ئایا بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دەکرێ ئەو کێشەیە جێ بە جێ بکرێ یان دەبێ لەهەلومەرجی ئێستا دا ببیندرێ و ئەو چارەسەرییانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبێ ببیندرێنەوە بۆ ئەوە بێ ئەو دوو نەتەوەیە بتوانن لە دراوسێیەتی یەکتری دا بژین؟
 
مەتین: دیارە دروستبوونی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی بزاڤ یا جووڵانەوەی سەهیۆنیسم کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩-ی زایینی لە ئوڕووپا شکڵی گرت و پێم وایە ئەوە جێگای سەرنجە بۆ بینەرانی ئێوە یان بۆ هەر کەس کە عەلاقەیەکی بەو مەسەلەیە هەبێ بزانێ کە ئەو جووڵانەوەیە لە ڕاستیدا بۆیە شکڵی گرت چونکە خەڵکی جوو لە ئوڕووپا و بە تایبەتی لە ئوڕووپای ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی لە ڕووسیا، لە لەهیستان، لە زۆرێک لەو وڵاتانە بەردەوام لە ژێر هێرشی مەسیحییەکان دا بوون و زۆرێک لەو دەوڵەتانەش یارمەتی خەڵکیان دەکرد. ئەو هێرشانە لە ئەدەبییاتی لەمەڕ ئەو سەروبەندی دا بە " پۆگڕۆم " دەناسرێن هێرشەکانیش بەو جۆرە بوون کە گەڕەکە جوولەکە نشینەکان لە شارەکانی جۆراوجۆری  ئوڕووپایی دەکەوتنە بەر هێرش، خەڵکیان قەتڵی عام دەکرد ماڵەکانیان دەسووتاندن، تاڵانیان دەکردن. یانی بیرۆکەی دروستبوونی دەوڵەتێکی جوولەکە بۆ ئەوەی کە خەڵکی جوو تێیدا بتوانن بپارێزرێن لە ڕاستیدا بە هۆی گوشاری خودی وڵاتانی ئوڕووپایی کە ئێستا دیفاع لە ئیسرائیل دەکەن دروست بوو. ئەوەش جێگای سەرنجە ڕەنگە زۆر کەس نەزانن کە ئەو جووڵانەوەیە لە کۆنگرەیەک لە بازڵ لە وڵاتی سویس دروست بوو، بەر لەوەی کە باسی فەلەستین بێتە گۆڕێ چەند وڵاتی دیکەیان لەبەر چاو بوو، شوێنی تریان لەبەر چاو بوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل. لەوانە لە ئەمریکای لاتین  و هەر وەها لە ئەفریقا. بەڵام لە هیچ یەک لەو شوێنانە مەسەلەکە سەری نەگرت و ئەوە هاتە پێشێ کە شەڕی هەوەڵی جیهانی ڕووی دا کە لەو شەڕە دا، بۆخۆتان دەزانن کە مێژووی کوردیش زۆر تێیدا تەنیوەیە. مەسەلەی سایکس – پیکۆ و ئەو زەدو بەندانەی بە قەولی فارسان لە نێوان بریتانیا و فەڕانسە کرا بۆ دابەشکردنی ئیمپڕاتۆری عوسمانی. لە هەمان کاتدا دەوڵەتی بریتانیا بە هۆی ئەوەی کە شەڕی هەوەڵی جیهانی خەرجێکی یەکجار زۆری بۆ ساز کردبوو مەجبوور بوو لە بەشی خسووسی لە بانکەکان داوای یارمەتی و  وام بکا بۆ ئەو مەبەستەش لە ئوڕووپای ڕۆژئاوا هەر وەک ئێستاش کە هەر وایە بەشێکی زۆر لە بەشی ماڵی بانکەکان لە دەست کەسانێکدا بوو کە خۆیان جوولەکە بوون، لەوانە بنەماڵەی ڕۆتشیلد کە ئێستاش هەر ماون و زۆر زۆر دەوڵەمەندن و یەکجار زۆر بەهێزن. بۆیەش دەوڵەتی بریتانیا بۆ ئەوەی کە یارمەتی سەرمایەی جوولەکە بە دەست بێنێ لە بەیاننامەیەکدا کە بەناوی ئێعلامییەی باڵفۆر دەر کراوە؛ باڵفۆر ئەو کات وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا بوو، بەڵێنی دا کە ئەوان یارمەتی دەدەن و پشتیوانی دەکەن لە جووڵانەوەی سەهیۆنیستی بۆ ئەوەی کە ئەو جۆرەی کە بە ئینگلیسی دەڵێن  a national home ماڵێکی نەتەوەیی نەک دەوڵەت بۆ جوولەکان ساز کەن.
قازی: ببوورە ئەو دەمی کە فەلەستین لە ژێر قەیموومییەتی بریتانیا دا بوو لەوێ جووڵانەوەی سەهیونیستی بە دژی بریتانیاییەکان شەڕی چەکدارانەشیان دەکرد وا نییە؟


مەتین: بەڵێ ئەوە دواتر ڕووی دا. ئەوە لە ١٩٣٠ و ٤٠ و ئەوانە ڕووی دا بەڵام  لە جەنگەی شەڕی ئەوەڵی جیهانی دا ئەو شتەی لە ئەدەبییاتی خودی جووڵەکەکان دا پێی دەڵێن " ئالییا "، بە شەپۆلی هاتنەوەی جوولەکەکان بۆ وڵاتی فەلەستین دەگوترێ کە لە ساڵی ١٨٩٠ و ئەوانەوە دەستی پێکرد. ئەڵبەتە بەر لەوەش ژمارەیەکی کەم خەڵکی جوولەکە لە فەلەستینی ئەو کات دەژیان بەڵام ئەوانە ژمارەیان یەکجار زۆر کەم بوو، یانی شایەد لە هەزاران کەس تێ نەپەڕیبایە. بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ بە پێی ئەو پۆگڕۆمانەی کە باسم کرد ئەو شەپۆلی هاتنە زۆرتر بوو و جووڵانەوەی سەهیونیستیش بوو بە جووڵانەوەیەکی تۆکمەی سیاسی کە لە ئوڕووپا زۆر هەڵسووڕاو بوو،چالاک بوو و ڕووناکبیران و ئینتێلێکچوێلەکانی جوولەکە کە بۆ خۆتان دەزانن زۆرن بە ژمارە و زۆر پڕ نفووزن یارمەتی ئەو جووڵانەوەیان کرد و دەوڵەتی بریتانیا یارمەتی ئەو پڕۆژەیەی کرد. ئەو شتەی ئێوە باستان کرد دواتر ڕووی دا. دوای ئەوەی کە ژمارەی جوولەکەکان لە فەلەستین زۆرتر بوو و قەیموومییەتی فەلەستینیش هەر وا بە دەست بریتانیا بوو ئەو جوولەکانەی لەوێ بوون میلیشیا یان هێزی چەکداری غەیری ڕەسمییان دروست کرد کە دوانیان زۆر بە نێوبانگن؛ " شتێرن " و " ئیرگوون " کە ئەوانە کە هاوکات دژی عەڕەبەکان و فەلەستینییەکان شەڕیان دەکرد و دەیانەویست لە ماڵی خۆیان و لە شوێنی ژیان و لە شارۆچکەکانیان دەریان پەڕێنن بەڵکوو هاوکات دژی بریتانیاییەکانیش شەڕیان دەکرد چون پێیان وابوو بریتانیا بووەتە لەمپەرێک بۆ دروستبوونی دەوڵەتی جوولەکە. دواجار ئەگەر ئەتۆ  چاو لە دیسکۆرسی ڕەسمی دەوڵەتی ئیسرائیل بکەی مەسەلەن لە وێب سایتی وەزاڕەتی دەرەوەیان لە زۆر شوێن ئەوان دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بەو جوورە تەفسیر دەکەن کە ئەوە
" گەڕانەوەی خەڵکێکی بێ نیشتمان بۆ نیشتمانێکی بە بێ خەڵک" ە. یانی ئەوان وای تەوسیف دەکەن کە گۆیا فەلەستین هەر کەسی لێ نەبووە یان ئەو کەسانەی لێی بوونە، لە دیسکۆرسێکی زۆر کۆلۆنیالیستی کەلک وەردەگرن، دەڵێن ئەو خەڵکانە چونکە ناتەوان بوونە، چونکە نەیانتوانیوە زەوی/ ئەرز لەوێ بەدروستی بەکار بێنن بۆیەش ئەوانە خۆیان لە سەلاحییەتی ئەوەی کە ساحێبی ئەو خاکە بن سەلب کردووە، یانی ئەو ئەرزە بەوان ناشێ چونکە ئەوان ناتوانن بە باشی ئیستیفادەی لێ بکەن. ئەوە دیسکۆرسێکە کە ئیستیعماری ئوڕووپایی لە ئەفریقا و لە هەر شوێنێکی کە چووبان کەلکیان لێ وەردەگرت، یەکێک لەو هۆیانەی کە دەیانگوت ئەوە بوو کە ئەو خەڵکانە دوا کەوتوون و ناتوانن ئەو سەرچاوە و شتانەی کە لەو شوێنە هەیە، لەو وڵاتە هەیە بە باشی بە کاری بێنن بۆیە ئێمەمانان کە دەتوانین ئەوە بکەین، پێشکەوتووترین حەقمانە و ئەوە مافی ئێمەیە کە بە سەر ئەو خاکە دا دەسەڵاتمان هەبێ. دیارە فەلەستینییەکان لە سەرەتا دا کە ئەو ژمارەیە کەم بوو تەبیعەتەن ڕووبەڕوو بوونەوەیەکیان لەگەڵیان نەبوو و بە هەر حاڵ لەگەڵ یەکدی هاوژینییەکیان هەبوو بەڵام هەرچی پڕۆژەی سازکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە سەر حیسابی فەلەستینییەکان و خاکی فەلەستین پەرەی سەند تەبیعەتەن لە لایەن ئەوانیشەوە ڕاوەستان و دژبەرایەتی ئەو پڕۆژەیە زۆرتر بوو و دواجار دەزانین ئەو دەم نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەکی زۆر کورت بوو کە دوای شەڕی دووەمی جیهانی دروست ببوو وڵاتی سەربەخۆ زۆر کەم بوون شایەد لە ٥٠ زیاتر لە دنیا دا تێ نەدەپەڕی، ئیستیعماری ڕۆژئاوایی هەر وا هەبوو، بۆیە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ژمارەی ئەندامانی زۆر بەرتەسک بوو و زۆرتریش ڕۆژئاوایی بوون، لەوێ پلانێک داندرا بۆ ئەوەی وڵاتی فەلەستین دابەش بکرێ، بەشی هەرە زۆری بدرێ بە جوولەکەکان کە بە ژمارە کەمتریش بوون و بەشە چکۆلەکە بدرێ بە فەلەستینییەکان کە بە ژمارە زۆرتر بوون. دیارە ئیسرائیلییەکان یان جوولەکەکان ئەوەیان قەبووڵ کرد و لە ساڵی ١٩٤٨ وڵاتی ئیسرائیل بە ڕەسمی دامەزرا بەڵام نە وڵاتانی عەڕەبی و نە فەلەستینییەکان ئەوەیان قەبووڵ کرد.
قازی: بەڕێز مەتین لە ساڵی ١٩٤٨ کە ئیسرائیل لە لایەن هێندێک لە دەوڵەتانەوە بە ڕەسمی ناسرا چ وڵاتانی بەرەی ڕۆژئاوا و چ ئیتیحادی جەماهیری شووڕەوی ئایا خەڵکی خۆجێی، یانی ئەو خەڵکەی کە ئەو دەمی لەو خاکە دا دەژیان و فەلەستینی بوون هەڵوێستیان چ بوو بە گشتی؟ باسی ئەوە دەکرێ کە لە هێندێک شوێن کە جوولکە لە ئوڕووپای ڕۆژهەڵات ڕا هاتوون زەوییان کڕیوە.
مەتین: بەڵێ دیارە زەوی کڕینیش هەبوو، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو شتەی کە ئێستا ئیسرائیلە، ئەو شوێنە هەرچۆنێک بێ بە شەڕ بەدەست هاتووە و هەزاران نەفەر کووژراون، لە شوێنی خۆیان دەرپەڕێندراون و خەڵک شەڕیان کردووە یانی هەر وا نەبووە کە...
قازی: فەلەستینییەکان بەوەی کە پێی دەڵێن " نەکبە " دەڵێن ٧٥٠٠٠ کەس فەلەستینی تێدا کووژراوە.
مەتین: هەلبەتە ڕاستی دیکەش هەیە. ئەو کات موفتی " بەیتولموقەدەس "  کە موسوڵمان بووە و سوننی بووە دژ بەو شتەی بووە کە جوولەکەکان خەریکن دەیکەن و وڵاتی خۆیان دروست دەکەن لە سەر خاکی فەلەستینی. بۆیە ڕاکێشرا بەرەو ئاڵمانی نازی و هاوکاری یان بڵێین پشتیوانی ئاڵمانیی نازییان دەکرد. چونکە پێیان وا بوو ئەوان لەمپەرێکن لە ئاست دروست کرانی ئەو دەوڵەتە لە سەر خاکی ئەوان. وە ئەوە باعیس بووە کە ئێستاش کە ئێستایە ئیسرائیلییەکان دەڵێن کە بەڵێ ئەوانە لەگەڵ نازییەکان هاوکار بوون و هەر بەو ڕوانگەیەی کە ئەمڕۆ بە نیسبەت نازییەکان هەیە چاو لەو کات دەکەن. بەڵام ئەو کات هێشتا نە " هۆڵۆکۆست " ڕووی دا بوو و نە مقیاس و میزانی ئەو شتەی کە نازییەکان لە ئوڕووپایە کردبوویان دیار بوو،. بەڵام دیارە ئەوە نکووڵی لێ ناکرێ کە کەسی بە قەولی ئینگلیسی anti- Semitic لە ناو ئەو جووڵانەوەیش دا هەبووە بەڵام جووڵانەوەی فەلەستین بە گشتی جووڵانەوەیەک بووە کە هەرچۆنێک بێ دژ بە ئەو داگیرکارییە ڕووی داوە. مەسەلەی ئیتیحادی شووڕەویش بە بڕوای من جێگای سەرنجە چونکە یەکێک لە ئەوەلین وڵاتان بوو کە ئیسرائیلی بە ڕەسمییەت ناسی هۆیەکەشی ئەوە بوو چونکە ئەو کات هەر وەک باسم کرد پارتیزانە سەهیۆنیستەکان دژی بریتانیا شەڕیان دەکرد و بریتانیاش لە ڕوانگەی ئیتیحادی شووڕەوییەوە وڵاتێکی ئەمپریالیستی و کلۆنیالیستی بوو، ئەوان ئەو جووڵانەوەیان پێ شتێکی موتەڕەقی و پێشکەوتوو بوو و پشتیوانیان لێ دەکرد.
قازی: ئەوە شەباهەتێکی هەیە لەگەڵ ئەو پشتیوانییەی کە لە جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی تورکیشیان کرد بە سەرۆکایەتی ئاتا تورک.
مەتین: بەڵێ، هەر شتێک کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە بەرەی ڕۆژئاوای تەزعیف کردبا ئەوان پشتیوانیان لێ دەکرد، بەڵام شتێکی دیکەش هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو کات جووڵانەوەی سەهیۆنیستی لەگەڵ ئیسرائیلی ئەمڕۆ جیاوازییەکی یەکجار زۆری هەبوو، ئەو کات زۆر ڕەگەی بەهێزی سۆسیالیستی و چەپ لە ناو جووڵانەوەی سەهیونیستی هەبوو  کە وێڕای ئەوەی کە پێیان وا بوو کە دەبێ وڵاتێکی ئیسرائیلی بۆ جوولەکان دروست بکرێ بەڵام ددانیشیان بە بوونی فەلەستینییەکاندا دەهێنا و پێیان وا بوو ئەوان دوو نەتەوەن کە دەتوانن بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە لە تەنیشت یەک بن و ئەو ڕەوتە لە حیزبی کار، لەیبر پارتی لە ئیسرائیل جێ کەوت و بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بوو و لەجێدا ڕەوتی ئاشتیش لە نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل کە لە ساڵی ١٩٩٠ وە دەستی پێکرد بە هۆی ئەوە بوو کە میراتێکی ئاوا چەپ و سۆسیالیستی تا ڕادەیەک مابوو لە ناو سیاسەتی ئیسرائیلی دا. بەڵام کە هەر بەرەو ئێستا هاتووین ئەو ڕەگەیە و ئەو تێندنسییە لە ناو سیاسەتی ئیسرائیلی دا لاواز بووە کە دیارە دەتوانین باسی ئەوەش بکەین کە بۆچی لاواز بووە و بەو ئاقارە گەیشتووە.
قازی: ئێستا دەزانین کە ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە کە بە هیرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و کیبووتسەکان و تەنانەت فێستیواڵێکی موزیک  دەستی پێکرد و ١٢٠٠ کەس خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵ کووژران و ژمارەیەکیش بە بارمتە گیران کە تا ئێستا ١٣٥ کەس لەو بارمتانە هەر لە دەست حەماس دا ماونەتەوە ئەوە ئەو بەدیلانە وەدوایی دەخا وەک هەبوونی دوو دەوڵەت، ئەوە لە باری مەنتیقییەوە وایە،جارێ کێشە هەیە لە سەر ئەوەی کە ئاگربەسی دائیمی بکرێ یان نەکرێ، وەک دەزانی ئەو دەنگدانەی کە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا، ١٥١ دەوڵەت لایەنگری ئەوەن دەستبەجێ ئاگر بەس بکرێ، بەڵام هێندێک لە دەوڵەتە گەورەکان کە پشتیوانی لە سیاسەتی ئیسرائیل دەکەن زۆر گوێ نادەنە کووژرانی منداڵان و کەسانی مەدەنی لە غەزە. بەڕێزت لەو چوارچێوەیە دا ئالترناتیڤێک ئەگەر لە درێژخایەنیش دا بێ بەچی دادەنێی، پێت وایە بەدیلی شەڕ چییە؟ ئەو دوو خەڵکە چۆن دەکرێ بە تەنیشت یەکەوە بژین؟
مەتین: بەڵێ بەر لە هەموو شتێک ئەوە بڵێم کە ئەو هێرشەی کە ٧-ی ئۆکتۆبر حەماس کردی بە دوو هۆ بە بڕوای من شیاوی مەحکووم کردنە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ. یەک ئەوەی کە بە ئامانج گرتنی خەڵکی سیڤیل، خەڵکی بێ چەک تەنانەت ئەگەر ئەو خەڵکە لە کیبووتسێک بن کە لە سەر خاکی فەلەستین دامەزراوە یانی لە ڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە ئەو شوێنانەی کە حەماس هێرشی کردوونە سەری لە واقیع دا شوێنی داگیرکراون و  بە پێی قانوونی نێونەتەوەییش خەڵکێکی داگیرکراو مافی ئەوەی هەیە کە دژ بەداگیرکەر بەرخوەدان بکا یانی هێرشی چەکدارانە بۆ سەر ئەڕتەش، هێزە ئیسرائیلییەکان مافێکە کە خەڵکی فەلەستین هەیانە، بەڵام لە عەینی حاڵدا خەڵکی فەلەستین یان هێزێکی وەکوو حەماس بۆی نییە کە خەڵکی بێ چەک بە ئامانج بگرێ و بە ئانقەست ئەو خەڵکە بکووژێ، ژن یان منداڵ و هەر وەها خەڵکی  بێ چەک. هەرچۆنێک بێ ئەوە لە نەزەر منەوە مەحکوومە و لە ڕۆژی ئەوەڵیشەوە ئەمن بەش بە حاڵی خۆم لە سۆسیال میدیا دا ئەوەم  باس کردووە.بەڵام بە هۆیەکی دیکەش ئەمن پێم وایە ئەو هێرشە هەر حەڕەکەتێکی هەڵەیە یانی لە باری سیاسیشەوە، بەشی ئەخلاقی و یاسای نێونەتەوەیی لەو لای دانێین لەباری سیاسیشەوە هێزێک کە دەزانێ لایەنی بەرانبەری بەسەدان قات بەهێزترە و هێرشێکی ئەو جۆرە دەبێتە هۆی بەرپەرچدانەوە یان تۆڵەساندنەوەی لەو جۆرەی کە ئێستا دەیبینین، نزیک بە ٢٠٠٠٠ کەس هەتا ئێستا لە غەزە کووژراوە، ئیسرائیلییەکان بۆخۆیان دەڵێن نزیکەی ٥٠٠٠ کەس حەماسمان کوشتووە یانی ئەگەر ئەو ٥٠٠٠ شەڕەکەرەی حەماس وەلا بنێین بەلانی کەمەوە ١٥٠٠٠ خەڵکی بێ چەک لەوانەش چل لە سەد ژن و منداڵ کووژراون یانی نزیک بەحەوت، هەشت هەزار نەفەر تەنیا ژن و منداڵ کە وایە ئەمن پێم وایە ئەوان لەو لحازەشەوە بەرپرسیارەتییەکی وایان هەیە نەهامەتییەکی وایان هێناوەتە سەر خەڵکی غەزە بێ ئەوەی بیریان لێ کردبێتەوە کە حەملەیەکی ئاوا هەرچۆنێک بێ دەسکەوتی سیاسی ئەوە دەبێ بەچی. هێزێکی سیاسی مەسئوول دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کە عەمەلیاتی چەکداری من بە کوێ دەگا و چ شتێکی لێ دەکەوێتەوە. دیارە ئەوە پاساوی ئەوە نییە بۆ ئەو کارەی ئیسرائیل ئێستا دەکا، دواجار ئەوان مەسئوولییەتی سەرەکییان هەیە لە کووژرانی ئەو خەڵکە دا کە دەیان کووژن. نزیکەی ٢٠٠٠٠ بۆمبیان خستووەتە سەر شوێنێک کە سەروبەرەکەی سێسەد کیلۆمیتری چوارگۆشەیە. بەڵام لەوە کە بوگزەرێین زۆر بەڵگە نیشان دەدەن کە، لەوانە نیویۆرک تایمز، زۆر میدیای ڕۆژئاوایی بۆخۆیان دەڵێن کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئاگادار بووە  لە ئامادە بوونی حەماس بۆ هێرشێکی بەرفرەوان بەڵام بە هێندیان نەگرتووە، پێیان وابوو کە نا ڕوو نادا بەڵام هەرچی ئێمە دەچینە پێشتر بە بڕوای من ئیمکانی ئەوە زۆرتر پڕ ڕەنگ دەبێ کە ڕەنگە دەوڵەتی نەتەنیاهوو زانیبێشی یانی دڵنیا بوو بێ کە ئەو شتە ڕوو دەدا بەڵام پێشی نەگرتبێت بۆ ئەوەی کە بتوانێ ڕێگا چارەی دوو دەوڵەتی بۆ هەمیشە لە ژێر خاک بنێن، ئەو شتەی کە ئێستا دەیڵێن و ئەمڕۆ ئەگەر هەڵە نەکەم سەفیری ئیسرائیل لە بریتانیا لە دیمانەیەک دا لەگەڵ سکای تیڤی ڕەسمەن گوتی کە نەخێر ئەسڵەن بە ڕەهایی ئیمکانی ئەوەی کە دەوڵەتی فەلەستینی هەبێت بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت و ئەو شتە خەڵک دەبێ لە بیری خۆی بەرێتەوە. کە وایە ئەو ئیمکانە هەیە، هەرچۆنێک بێ ئەوان ویستبێتیان ئەو هەلە بقۆزنەوە. بەڵام ئەوەی کە ئێوە دەڵێن ئەدی ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر دەکرێ، من دەمەوێ ئیشاڕە بەوە بکەم کە لە ساڵی ١٩٩١وە کە وتوێژەکانی نهێنی ئۆسڵۆ دەستی پێکرد و دواجار ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین (ئەلفەتح) دەوڵەتی ئیسرائیلی بە ڕەسمی ناسی و پێواژۆیەکی ئاشتی دەستی پێکرد کە دەبوا دواجار بگاتە دروست بوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە تەنیشت دەوڵەتێکی ئیسرائیلی. لەو سی ساڵەی دا هەر هاتووە و ئاسۆی وەڕاست گران و وەدیهاتنی ئەو شتە هەر کەمتر و کەمتر بووە و ئیمکانەکە لە بەین چووە. هۆی ئەسڵیشی ئەوەیە کە لە سەر سێ شت هەمیشە خیلاف و دژایەتی هەبووە لە نێوان ئەو دوو لایەنە؛ یەک ئەوەی کە دەبێ ئەو شارۆچکە جوولەکە نشینانە کە لە قەراغی ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردۆنن ئەوانە دەبێ لا بچن چونکە دەوڵەتێکی فەلەستینی بە پێی ئەو دانوستانانەی کە هەبووە، بە پێی ئەو ڕێکەوتنانە دەبێ لە قەراغی ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردۆن  و غەزە دروست بێ، یانی دەوڵەتی فەلەستینی خاکەکەی ئەو دوو شوێنەیە. وەختێک ئەو خاکە بە سەدان شارۆچکە و دێهاتی جوولەکەی لێ دروست بووە؛ بۆ ئاگاداری بینەرانی ئێوەش هەر یەک لەو شارۆچکانە ڕێگای تایبەتی خۆیان هەیە کە فەلەستینی حەقیان نییە کەلکیان لێ وەرگرن، هەموو ئەوانە ئابڵۆقە دراون بە پاسگە و پایەگای ئەڕتەشی ئیسرائیل، هیچکەس حەقی نییە لەوان نزیک بێتەوە، تەواوی سەرچاوەکانی ئاویی ئەو شوێنانە دراوە بە جوولەکەکان و لە فەلەستینییەکان ئەستێندراونەوە، ئەوانە هەمووی بەلایەکەوە، هەر نەفسی ئەوەی کە ئەو دێهاتانە، لەوێ دروست بوون ئەو شارۆچکانە ئیمکانی دروست بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لەبەین دەبا، چونکە  دەوڵەت لە سەر بنەمای ئەو پێناسەیەی بۆی دەکرێ دەبێ لە باری جوغرافیاییەوە بە قەولی ئینگلیسی continuous بێ یانی یەکپارچە بێ. ئەوە یەک موشکیلەی ئەسڵی بووە، موشکیلەی دووەم ئەوە بووە کە فەلەستینییەکان دەیانەوێ بەشی ڕۆژهەڵاتی " بەیتولموقەدەس"  ببێتە پێتەختی ئەو دەوڵەتە فەلەستینییە کە ئیسرائیل ئەوە ڕەد دەکاتەوە دەڵێ تەواوی بەیتولموقەدەس پێتەختی جاویدانەی، بە قەولی وان، ئەبەدی ئیسرائیلە، مەسەلەی سێهەمیش گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکانە بۆ وڵاتی فەلەستینی داهاتوو کە ئەوەش ئیسرائیل دەڵێ ئەوان چەندین میلیۆن کەسن و ئەگەر بێنەوە ڕێژەی وان زۆرتر دەبێ لە خەڵکی ئیسرائیل و هەر چۆنێک بێ کێشە بۆ ئەوان دروست دەکا. بۆیە لە پازدە بیست ساڵی ڕابردوو دا مەسەلەی ڕێگا چارەی دوو دەوڵەتی وردە وردە لاواز بووە و زۆر لایەن بیرمەندی ئیسرائیلی و فەلەستینی بیر لەوە دەکەنەوە کە دەوڵەتێکی دێمۆکڕاتیکی دوو نەتەوەیی دروست بێ کە پێویست نەبێ ئەو شارۆچکانە بە زۆر لابردرێن، دوا جار ئەو خەڵکە لەمێژ ساڵە لەوێ دەژین، ئەو خەڵکە بەرنە کوێ، بەرنە چ جێگایەکی دیکە؟ ئەوەش بۆ خۆی دژواری خۆی هەیە. یەکێک لەو کەسانەی کە لایەنگری ئەو مەسەلەی بوو خودی ئێدوارد سەعید بوو کە گەورەترین بیرمەندی فەلەستینی بوو و سیمایەکی ناسراوە لە تەواوی دنیا لە خوێندنەوەکانی دوای ئیستیعماری post colonialism ، کە تیورییەکی زۆر زۆر گرینگە. دوا جار ئێستا باسی یەک دەوڵەت دەکرێ یانی ئەو جێگایەی کە ئێستا ئیسرائیلە، قەراغی ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردۆن، دەبوایە دەوڵەتی فەلەستینی لەوێ پێک بێ و غەزە هەموویان بە یەک دەوڵەتی بای نەشناڵ، دوو نەتەوەیی دێمۆکڕاتیک کە دەوێدا مافی هەموو کەس بپارێزرێ بەڵام ناسنامەی نەتەوەیی هەر دووک لایانیش بە ڕەسمی بناسرێ. لە نێو خودی ڕێگاچارەی یەک دەوڵەتی دا کەسانێک هەنە باسی وەی دەکەن وەک ئۆمەر بارتۆف کە پێشتر باسمان کرد لە گفتوگۆیەک دا کە من و ئێوە هەمانبوو ئەویش ئەوەیە کە دەڵێ ئەو کەسانەی لە خاکی فەلەستین دەژین و ئیسرائیلین، جوولەکەنە دەتوانن مافی رێزیدێنسییان هەبێ یانی  مافی ژیانیان هەبێ لەوێ بەڵام شارومەندی دەوڵەتی ئیسرائیلی بن، لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دا دەنگ بدەن. بە پێچەوانەش ئەو فەلەستینیانەی کە دەگەڕێنەوە یان ئێستا لەو شوێنەن کە دەوڵەتی ئیسرائیلە ئەوانیش دەبێ مافی مانەوە یان رێزیدێنسییان پێ بدرێ بەڵام دەتوانن شارومەندی دەوڵەتێکی فەلەستینی بن، یانی باسی کۆنفێدرالیسمێک دەکا لە نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دا.
قازی: بەڵام شەرتی ئەوە ئەوەیە کە هێندێک لەو بیرمەندە جوولەکانەی کە لایەنگری هەبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلیشن وەختێک کە باسی ئەو قەراغی ڕۆژئاوا دەکرێ لەوێ دەڵێن دوو قانوون هەیە باسی سیستمێکی ئاپارتاید دەکەن کەئەو ٧٥٠٠٠ ماڵدانەرە جوولەکانەی کە لەوێن بە جۆرێک ڕەفتاریان  لەگەڵ دەکرێ تابعی قانوون و ڕێوشوێنەکانی ئیسرائیلن بەڵام ئەو فەلەستینیانەی کە لەوێ دەژین و دە ڕاستیشدا دەبێ کاکڵی دروست کردنی دەوڵەتەکە بن بە تەواوی بە شێوەیەکی دیکە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێ یانی بۆ ئەوەی ئەو ئیمکانە پێک بێ کە دوو نەتەوە لە دەوڵەتێک دا بەیەکەوە بژین دەبێ قانوونێکی بەرابەر بۆ هەموان هەبێ. وا نییە؟
مەتین: بەڵێ زۆر بیرمەندی ئیسرائیلی و جوولەکە هەنە هەم لە ناوخۆی ئیسرائیل هەم لە دەرەوەی ئیسرائیل لە زانکۆ ئوڕووپاییەکان و ئەمریکاییەکان کە پێیان وایە دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەسمەن دەوڵەتێکی ئاپارتایدە چونکە سیستمێکی جیاوازی بۆ بەرخورد لەگەڵ فەلەستینییەکان هەیە و سیستمێکی جیاوازی هەیە بۆ ئیسرائیلییەکان.  بۆ نموونە با هەر نموونەیەکتان بۆ باس بکەم  لە قەراغی ڕۆژئاوا قانوونی ئیسرائیلی ئێستا شتێکیان هەیە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن administrative detention یانی ژیندانیی کردنی ئیداری کە بە پێی ئەو قانوونە دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەڕتەشی ئیسرائیل دەتوانن هەر فەلەستینییەکی کە پێیان خۆش بێ بە بێ هیچ ئیتیهامێک بیانگرن و تا هەر زەمانێکی پێیان خۆش بێ و بۆ هەر ماوەیەکی کە بیانەوێ ڕایان بگرن بە بێ ئەوەی کە دادگایی بکرێن. یانی هەر ئەو شتەی کە کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵک دەیکا، یان دژ بە خەڵکی کورد دەیکا ئەوانیش لەوێ هەر بەو شکڵە دەیکەن. تازە ئەوە لە قەراغی ڕۆژئاوایە، دیارە لە نێو خودی ئیسرائیل، بەشی ئەسڵی ئیسرائیل خەڵکی عەڕەب و فەلەستینی هەن کە ئەوانە دیارە مافیان پێدراوە چونکە شارومەندی ئیسرائیلین حەقیان هەیە بچنە کێنێسێت واتە لە پارڵمان هەن، بەڵام خودی ئەوانیش زۆر باسی ئەوەی دەکەن کە هەر چۆنێک بێ بە شێوەی جۆراجۆر، بە شێوەی دۆفاکتۆ یان غەیری ڕەسمی دژی ئەوانیش زۆر دووچاوکی ومافخواردن هەیە کە دیارە ئەویش باسێکی جیاوازە.
قازی: کاک کامران، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەنەکانی ئەو بابەتە ڕابگەین بێینە سەر هەڵوێستی هێندێک لە دەوڵەتەکانی ناوچە و بەگشتی و هەڵوێستی گەلان. لەو پێوەندییە دا دیارە ببڕ ببڕ جیاوازی هەیە بۆ نموونە دەبینین کە مومکینە دەوڵەتێک لە بەر بەرژەوەندییەکانی خۆی، بە تایبەتی دەوڵەتانی عەڕەبیش کە دەزانین زۆر جار باسی ئەوە دەکرێ کە پشتیان لە دۆزی فەلەستین کرد بێ یان ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە نێوان ئیسرائیل و ئەو دەوڵەتانە کراوە بە ناوبژیکەری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ئەوەی کە پێی دەڵێن ڕێکەوتنی ئابڕاهام و ئەوانە. لەو پێوەندییە دا هەم باسی هەڵوێستی دەوڵەتان و هەم باسی هەڵوێستی نەتەوان ئەگەر بهێنییە گۆڕێ. فەرموو!

مەتین: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە وڵاتە عەڕەبییەکان مەسەلەی فەلەستینییان زۆر لا  گرینگ نەبووە و نییە، دیارە دوای ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵی عەڕەبی بە ڕێبەرایەتی جەماڵ عەبدولناسر لە شێستەکانی سەدەی ڕابردوو شکستیان خوارد لەو شەڕانەی کە دژ بە ئیسرائیل کران بە تایبەتی شەڕی ١٩٦٧. وەختێک ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵی عەڕەب لاواز بوو، وڵاتانی زۆرتر کۆنسێرڤاتیڤی عەڕەب بە ڕێوەبەرایەتی عەڕەبستان دەستی باڵایان پەیدا کرد و ئەو وڵاتانە دیارە بەرژەوەندی و مەنافیعی خۆیان و ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی، و بە تایبەتی ئەمریکا هەیانبووە، بۆیان گرینگتر بووە، ئەو شتە بە تایبەتی زۆرتر و زۆرتر زەق بووەتەوە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران کە حکوومەتێکی ئیسلامی شیعی هاتە سەر کار کە بە ئاشکرا دەیەویست هێژێمۆنی خۆی لە ناوچە دابسەپێنێ و ئەو وڵاتە عەڕەبییە سونییانە بە هۆی ترسیان لە ئێران زۆرتر و زۆرتر دەست بە داوێن یان بڵێین نیازیان بە پشتیوانی ڕۆژئاوا هەبوو؛ ئەمریکا بە تایبەتی بۆیەش لە زۆر مەسەلەی ژێئۆپۆلیتیک کە پێشتر ئەگەر کێشەیان  بووبێ یان هەرچۆنێک بێ ئیختیلافی نەزەریان بووبێ چاوپۆشیان کردووە بۆ ئەوەی کە بتوانن ئەو یارمەتییانە و ئەوە تەزمینە ئەمنییەتییانە وەربگرن و بە تایبەتی دوای دەستپێکردنی پڕۆژەی ناوەکی ئێران ئەو مەسەلە هێندەی دیکە بەهێز بووە یانی وڵاتانی عەڕەبی دیارە لە سەرەتا دا بە دزی بەڵام  دوای ئەو " ئابڕاهام ئەکۆرد "ە کە ئێوەش باستان کرد زۆر بە ئاشکرا ویستوویانە لە ئیسرائیل نزیک بنەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن کە بەرامبەر هێزی ئێران کە بۆ ئەوان هەڕەشەیەک بووە بە جۆرێک باڵانسێک دروست بکەن و لەو نێوە دا دیارە مەسەلەی فەلەستین شتێک بووە کە لەسەری سازشیان کردووە و بۆیان زۆر گرینگ نەبووە، بە تایبەتی دوای بەهێز بوونی حەماسیش لە ١٩٨٠کانی زایینی بەو لاوە و چون حەماس نزیکە لە ئیخوانولموسلیمین و لە ڕاستیدا وەختێک کە دروست بوو لقێک بوو لە ئیخوانولموسلیمین لە فەلەستین و دەوڵەتە کۆنسێرڤاتیڤە عەڕەبەکان بێ ئەندازە لە ئیخوانولموسلیمین دەترسێن وەکووخەتەرێکی جیدی بۆ خودی ئەو حکوومەتانە لەبەر چاو دەگیرێ بە تایبەتی لە عەڕەبستان بۆیەش لایەنگری وان لە مەسەلەی فەلەستین هەر هاتووە کەمتر بووە و ئێستاش باسی ئەوە هەیە کە زۆر وڵاتی عەڕەبی بە دزی دەڵێن ئیسرائیل باشترە کە ئەو ئاگربەسە قەبووڵ نەکا تا حەماس لە بەین دەچێ ئێمە لەگەڵ مەحموود عەبباس و ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین و ئەوانە دەتوانین بەجۆرێک هێشتا قسە بکەین بەڵام  حەماس بۆ ئێمەش مەترسییەکە بۆیەش هەرچۆنێک بێ نەک بە ئاشکرا بەڵام بە دزی بە جۆرێک هاودەنگن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئەو شەڕە تا لە بەین چوونی حەماس درێژە پەیدا بکا.
قازی:با بۆچوونی تورکیاش لەو پێوەندییە دا لەبەر چاو بگرین چونکە تورکیاش دەیەوێ بەشی خۆی تێخا لەو مەسەلەیە باسی ئەوەی کردووە ئامادەیە نێوانگیری بکا، نێوبژیوانی بکا بۆ ئازادی بارمتە ئیسرائیلییەکان، لە کاتێکدا بۆ خۆی دوو کاربەدەستی گەورەی دەسگای میتی ئێستا لە مێژ ساڵە لە دەست پارتیی کرێکارانی کوردستان دان و بارمتەن بەڵام هیچ لێیان ناپرسێتەوە. هەڵوێستی تورکیا چۆن دەبینی لەو بارەیەوە؟
مەتین: ئەمن پێم وایە تورکیاش وەکوو کۆماری ئیسلامی لە واقعدا فرمێسکی تیمساح هەڵدەڕێژێ و لەجێدا تورکیا زۆر پێوەندیی قووڵی هەبووە و ئێستاش هەیەتی لەگەڵ ئیسرائیل، هاوکاری عەسکەری/نیزامی و ئەمنییەتییەکی یەکجار زۆریان هەیە، هەر ئەو ڕۆژانە وێنە بڵاوببوونەوە کە نیشانی دەدا هەر ئەو کاتەی کە ئەردۆغان و تورکیا باسی دیفاع لە فەلەستین و ڕەخنە لە ئیسرائیلیان کردووە هاوکات ئیمکانات و یارمەتی و چووزانم زۆر شتی تورکیا بۆ ئیسرائیل نێردراوە لەوە دا شکێک نییە. بەڵام جاروبار لە مەیدانی دیپڵۆماتیک دا دمە تەقە و تێکهەڵچوونیشیان بووە بەڵام  لە باری ستڕاتێژیکەوە تورکیا و ئیسرائیل هەرچۆنێک بێ پێوەندییەکانیان زۆر دێرینەیە و ئەوە مەعلوومە و ئەساسەن پڕۆژەی دڕۆنی تورکیا کە ئێستا بناغەکانی ژیانی سیڤیل لە ڕۆژئاوای کوردستان خەریکە لە بەین دەبا و لە دژی هێزی گریلاش خەریکە کەلکی لێ وەردەگرێ، ئەو پڕۆژەیە لە ڕیشەی خۆی دا لە ١٩٩٠کان دا بە هاوکاری ئیسرائیل دروست بوو و دڕۆنی هێڕۆنی ئیسرائیلی لە واقعدا مۆدێلێکە کە لە ڕووی وی زۆرێک لە دڕۆنەکانی ئەڕتەشی تورکیا دروست بوونە و کەلکیان لێ وەردەگیرێ. بۆیە ئەمن پێم وایە ئەو پڕۆژەی نێئۆ عوسمانی کە دەوڵەتی تورکیا لە ژێر حکوومەتی ئاکەپە هەیەتی تا ڕادەیەک دەیەوێ لە مەسەلەی فەلەستین کەلک وەربگرێ بۆ ئەوەی کە خۆشەویستی خۆی لە وڵاتانی ئیسلامی و عەڕەبی زۆرتر بکا بەڵام لە مەیدانی کردەوە دا ئەمن پێم وا نییە ئەوە واقعەن ڕاست بێ و ئەوان بەرژەوەندی خۆیان لە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دا دەبینن و لەوە لانادەن.
قازی: زۆر باشە بەڕێز مەتین دەزانین کە ئەو شەڕە ماڵوێرانکەر و نائینسانییە کە ئێستا لە غەزە بەڕێوەیە زۆر ئینعیکاسی پەیدا کردووە و دەنگی داوەتەوە تەنانەت لە ئاستی ئاکادێمیکیش دا و لە ناو بیرمەندانی جیهان دا، یەکێک لەوانە یورگن هابرماس فەیلەسووفی ناسراوی ئاڵمانی یەک لە دامەزرێنەرانی مەکتەبی فڕانکفۆرتە. ئەو و چەند کەسێکی دیکە لە مامۆستایانی زانکۆ لە ئاڵمان ماوەیەک لەوە پێش نامەیەکی سەرئاواڵەیان بڵاو کردەوە و تێێدا زیاتر باسی ئانتی سێمێتیسم لە ئاڵمان دەکەن بەڵام لەو پێوەندییە دا زۆر کەم دەپەرژێنە سەر مافی گەلی فەلەستین و ئەو کوشتارەی کە  لە گەلی فەلەستین دەکرێ. و دەکرێ بڵێین بە جۆرێک لە جۆرەکان پاساو دەهێننەوە بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە. جا لەو پێوەندییە دا پرۆفێسۆر ئاسەفی بەیات کە وا بزانم بەڕێزت لە نزیکەوە دەیناسی ئەویش نامەیەکی سەرئاواڵەی بڵاو کردووەتەوە و ڕەخنەی گرتووە لە هابرماس و دەڵێ ئەوە بە پێچەوانەی ئەو قسانەیە کە تۆ لە پێوەندی لەگەڵ " بواری گشتی" و لە پێوەندی لەگەڵ " پێویستی دیالۆگی گشتی " باست کردوون. ئەگەر ئەوە زیاتر شی بکەیەوە سپاست دەکەم.
مەتین: بەڵێ لە وڵاتی ئاڵمان وەکوو شتێک هیستێریایەکی دیفاع لە ئیسرائیل و دژایەتی لەگەڵ فەلەستین هەیە کە دەگەڕێتەوە سەر ڕابردووی ئاڵمان کە تێیدا دوا جار " هۆڵۆکۆست "  ڕووی داوە، چەند میلیۆن جوولەکە لە بەین چوون بە دەستی دەوڵەتی نازی، فاشیستەکانی ئاڵمانی بۆیەش جۆرێک بڵێین هەست بە گوناهێکی قووڵ هەیە کە  پێیان وایە کە هەر شتێک بڵێن  لە ڕەخنە گرتن لە ئیسرائیل لە واقعدا بە جۆرێک دیفاعە یان هەرچۆنێک بێ لایەنگری کردنە، یان بێ تەفاوەت بوونە نیسبەت بە مەسەلەی " هۆلۆکۆست " کە لە ئاڵمان ڕووی داوە. و ئەو شتەیان تا ئەو ئاقارە بردووە کە ئەساسەن شتەکە لە مەنتق چووەتە دەرێ. ئاسەف بەیات کە کۆمەڵناسێکی زۆر ناسراوی بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە سەر ئەوێ کاری زۆر کردووە، خەڵکی ئێرانە و ئەو کەسە بوو کە تاقیکەرەوەی تێزی دوکتورای منیش بووە، دیارە رەفاقەتمان هەیە ئینسانێکی زۆر زۆر شەریف و باسەوادە و ئەو نامەیەکی سەرئاواڵەی نووسیوە تێیدا باسی ئەوەی کردووە کە ئەو شتانەی کە یورگن هابرماس دەیڵێ، هەر ئەو شتەی کە ئێوە گوتتان، بەجۆرێک دەیەوێ پاساو بهێنێتەوە بۆ ئەو شتەی ئیسرائیل لە غەزە دەیکا، دەڵێ ئیسرائیل مافی خۆیەتی کە بەرگری لە خۆی بکا و هیچ باسی ئەوە ناکا کە نزیک بە ٢٠٠٠٠ کەس خەڵکی فەلەستینیش کووژراوە، نەک هەر ئەوەی باسی ئەوە ناکا ئیسرائیل داگیرکەرە لە خاکی فەلەستین، کە فەلەستینییەکان مافی بەرخوەدانیان هەیە لە بەرانبەر داگیرکەر دا باسی هیچیەک لەوانە ناکا و هەر چۆنێک بێ یەکسەر دیفاع لە ئیسرائیل دەکا. ئاسەف بەیات لە نامەکەی دا دەیەوێ نیشان بدا کە ئەو مەوقیفەی هابرماس وپرۆفێسۆرەکانی تری ئاڵمانیش کە ئەو داخویانییەیان لەگەڵ ئیمزا کردووە لە ناکۆکییەکی تەواو دایە لەگەڵ تەواوی ژیانی ئاکادێمیک و ئەو قسانە و ئەو تیورییانەی کە هابرماس لە واقعدا هێناویەتە گۆڕێ لەوانە " بواری گشتی " یان فەزای گشتی public space یان  communicative actionزۆر چەمک کە هابرماس دروستی کردوون و دایهێناون و هەمووشی ئەساسەکەیان لە سەر ئەوەیە کە دەبێ کێشەکانی کۆمەڵگا و بە گشتی کێشەکانی دنیا لە ڕێگای دێبات یان بەحسێکی تەواو مەنتقی  ڕوو بدا یانی دوو نەفەر  کە دێنە نێو ئەو شوێنەی کە بڕیارە بەحسی لێ بکەن هەرچی ئیمکانات و سەرچاوەی هێزە دەبێ وەلای نێن تەنیا لە مەنتق کەلک وەربگرن یانی قسەی مەنتقی دەبێ بەرەوەی ئەو دێباتە بێ و هەموو کەسیش ئەوە ببینێ و بزانن. جا ئاسەف بەیات ئیشارە بەوە دەکا ئەو شتەی تۆ گوتووتە لەگەڵ ئەو شتەی ئێستا دەیڵێی یەک ناگرێتەوە یانی تۆ موتڵەقەن باسی ئیسرائیل ناکەی، باسی ئەو شتانەی کە ئەوان کردوویانە، باسی ئەوەی کە وڵاتێک داگیر کراوە، خەڵکێک لە ماڵە خۆی دەر کراوە ئەوانە حەقیانە دیفاع بکەن، لە عەینی حاڵ دا هەر جوورە ڕەخنەیەک لە ئیسرائیل بە ئانتی سێمیتیسم یانی دژی جوولەکە بوون تەعبیر دەکرێ و ئاسەف بەیات ئەوەی لە قاو داوە و بە هابرماس دەڵێ ئەوە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆت لەو سی چل ساڵەی دا کە کتێبت نووسیوە و تیوریت داوەتە دەرێ ناتەبایە و هەرچۆنێک بێ ئەوە جێگای داخە و جەخاری خۆی لەوە دەردەبڕێ.
قازی:  بەڕێز مەتین دیارە ئەو مەسەلەی ئانتی سێمیتیسم یش بە ڕاستی جار جار وەکوو قۆزێک، وەکوو وەسیلەیەک، وەکوو شتێک بە کار دەهێندرێ بۆ ئەوەی کە پێش بە ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل بگیرێ وەک دەزانین ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ڕێبەری پێشووی پارتیی کرێکاری بریتانیا بەڕێز جێرێمی کۆربین زۆر بە ئاشکرایی دەبیندرا و تەنانەت لە هێندێک وڵات وا بزانم لە بریتانیاش  مەسەلەی گۆیا دژایەتی  " ئانتی سێمیتیسم " یان  توندوتیژتر کردووە. هابرماس و ئەوانیش لە نامەکەیاندا زیاتر باسی ئەو لایەنیان کردووە لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵمان دا و دەڵێن جوولەکەیەک کە ئێستا لە ئاڵمان بە خیابان دا دەڕوا لەوانەیە هەست بە ئەمنییەت نەکا لە بەر ئەو گرفتە. ئەو بابەتە چۆن شرۆڤە دەکرێ؟ مەسەلەی جیاوازی نێوان ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و چەمکی ئانتی سێمێتیسم؟
مەتین: جا ئەوە شتێکە دەبێ بە ڕاستی دەوڵەتەکان و دیارە میدیای گشتی ڕوونی کەنەوە و شرۆڤەی کەن واتە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتێک ڕەخنەگرتن لە مەزهەبێک نییە تەنانەت ئەگەر ئەو دەوڵەتە  خۆی بە دەوڵەتێکی مەزهەبی پێناسە بکا. هەر وەک دەوڵەتی ئیسرائیل دەڵێ ئێمە دەوڵەتی یەهوودین، بەڵام بە دەیان و بە سەدان هەزار جوولەکە هەنە کە لە جێدا دژ بە چەمکی دەوڵەتی جوولەکەن و پێیان وایە ئەوە دژی مەزهەبی جوولەکەیە. بەڵام بەداخەوە ئەو مەسەلەیە زۆر کێشەی ساز کردووە و تەنانەت لە زانکۆکان ئەو بەحسە ئێستا زۆر گەرمە چونکە لە تەعریفێک لە ئانتی سێمێتیسم دیارە بە گوشاری دەوڵەتیش کە لەسەریان بووە کەلک وەردەگرن کە ئەو تەعریفە لە لایەن نیهادێکی جوولەکەوە پێشکێش کراوە پێم وایە نێوی International Holocaust Remembrance
 
Alliance یەکگرتنی نێونەتەوەیی وەبیرهێنانەوەی هۆلۆکۆست کە دەوێدا ڕەخنەگرتن لە نەهادەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل وەکوو میسداق یان نموونەیەک لە ئانتی سێمێتیسم  چاوی لێ دەکرێ، یانی ئەو جوورە پێناسەی دەکەن. بۆیەش بەحس لەمەڕ ئیسرائیل یان سەرکۆنەی ئاشکرای دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕەخنە لێ گرتنی تەنانەت لە فەزای پۆلی دەرس، لە ساڵۆنی کلاس لە زانکۆکان دەتوانێ یانی ئیمکانی وەی هەیە کە کێشە دروست بکا و خەڵک تووشی دادگە و زیندانی و شتی وا بکا. بۆیە زۆر لایەن هەنە دەیانەوێ ئەو تەعریفە نەبێتە تەنیا تەعریف، یان تەعریفێکی ڕەسمی بێ و هیچ تەعریف یان پێناسەیەکی دیکە نەبێ چونکە ئەو دوو شتە لە واقعدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و مەزهەبی جوولەکە دانانێ و دیارە لایەنی بەرانبەر دەڵێ نەخێر ئەو جیاوازییە دەبێ دابندرێ بۆ ئەوەی ئێمە مافمان هەبێ ڕەخنە بگرین لە دەوڵەتی ئیسرائیل بە بێ ئەوەی کە بە پێویستی ئانتی سێمێتیک بین.
قازی: زۆر باشە بائێستا بێینە سەر ڕەنگدانەوەی ئەو شەڕە لە کوردستان. ئێمە دەزانین کە لە ڕووی مێژووییەوە حەڕەکەتی سیاسیی کوردی بەرانبەر بە هەر دووک لایەنی ئەو مەسەلەیە هەمیشە لایەنی حەقخوازانەی گرتووە بۆ وێنە تەنانەت پێش تەشکیل و دامەزرانی دەوڵەتی ئیسرائیل کە جمهووری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ ماوەیەکی کورت هەبووە لە شاری سابڵاغێ مەدرەسە داندراوە بە زمانی ئارامی نوێ بۆ  منداڵانی چەند خانەوادەیەکی جوولەکەی کە لەوێ ژیاون و پاشتریش لە هێندێک چاپەمەنی لە باشووری کوردستان دا باسی ئاوارە بوونی فەلەستینییەکان لە دوای ساڵی ١٩٤٨ کراوە بەڵام  لە پێوەندی لەگەڵ ئەو شەڕەی ئێستا دا ڕەنگە بیروڕای جیاواز و دیتنی جیاواز هەبێ بە نیسبەت ئەوەی بابەتەکە بە شتێکی دیکەوە هەڵسەنگێندرێ بۆ نموونە ئەوەی کە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا چییە بەڕانبەر بەو شەڕە یان هەڵوێستی دەوڵەتی ئێران چییە لەو بارەیەوە و لە بەرانبەر ئەواندا هەڵوێست گیراوە.  بەڕێزت ئەوە لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان دا چۆن دەبینێ، دیارە ئەمن لە بیرمە  ماوەیەک لەوە پێش بە کورتی شتێکت نووسیبوو  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دا بڵاو ببووەوە لە چەند جێگا دا. لەو بارەیەوە چۆن مەسەلەکە دەبینی فەرموو!

مەتین: ئەمن پێم وایە ئەو مەسەلەیە شەباهەتی زۆرە بە مەسەلەی ئانتی سێمێتیسم، هەر وەک ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەخنەگرتن لە دینی یەهوود نییە و لە یەهوودییەت نییە ئەوە شتێکی سیاسییە و ئەوە شتێکی مەزهەبی یە، ئەمن پێم وایە دۆزی فەلەستین و ئامانجی خەڵکی فەلەستین بۆ ئەوەی کە وڵاتی سەربەخۆی خۆیان هەبێ و لە داگیرکاری ئیسرائیل بێنە دەرێ لەگەڵ حەماس یان هەر ڕێکخراوەیەکی دیکەی فەلەستینی یەک شت نییە هەر چەند ئەو ڕێکخراوەیە بۆخۆشی بڵێ دیارە باوەڕی بەو ئامانجە هەیە و بۆ ئەوە شەڕ دەکا. یانی ئەو دوو شتە لێک جیاوازن. مرۆڤ دەتوانێ هاوکات هەم دژی حەماس بێ، دژی ٧-ی ئۆکتۆبر بێ ئەو شتەی لەوێ کرا، بەڵام هاوپشتی هەبێ لەگەڵ خەڵکی فەلەستین بۆ ئەو خەباتەی دەیکەن بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی سەربەست و ئازادیان هەبێ لە وڵاتی خۆیان، لەو شوێنەی کە لێی دەرکراون و لێیان داگیر کراوە. بۆیە ئەمن پێم وایە هەر بەو ئەندازەی کە مەسەلەی فەلەستینی مەسەلەی خەباتی خەڵکێکی بە کۆلۆنی کراوە بۆ ئازادی، خەباتی خەڵکی کوردستانیش هەر بەو شێوەیەیە. هەر وەک چۆن کوردستان شوێنێکی داگیرکراوە خەڵک دەیانەوێ خۆیان لە داگیرکاری نەجات بدەن فەلەستینییەکانیش دەیانەوێ ئەو کارە بکەن. بۆیە ئەمن پێم وایە جیا لەوەی کە هێزە سیاسییەکانی فەلەستینی پێوەندییان لەگەڵ جووڵانەوەی کوردستان چۆنە یان هێزەکانی کوردستانی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی فەلەستینی چۆنە ئەوانە بە بڕوای من بە پێویستی یەک شت نین. یانی تەنانەت ئەگەر  خەڵکی فەلەستین، بەشێک لەوان ، تەنانەت زۆربەشیان دژ بە ئامانجی خەڵکی کوردستان بن ئەوە بەو مانایە نییە ئێمە بڵێین دەی جا قەیدێ ناکا با خەڵکی فەلەستین، خەڵکی ئاسایی، منداڵ، ژن  بە هەزاران هەزار بکووژرێن هیچ ئیشکالی نییە چونکە ئەوانە بڕوایان بە خەباتی ئێمە نییە. ئەمن پێم وایە مەسەلەیەکی یونیڤێرساڵی ئەخلاقی و تەنانەت سیاسی هەیە لەو زەمینەیە دا.
خەڵکێکی بە کۆلۆنی کراو لەگەڵ خەڵکی ئیستعمارکراوی دیکە دەبێ تەبیعەتەن خۆی بە هاوخەبات بزانێ و لێک نزیک بن. و لە کردەوەش دا ئیسرائیل هاوپشت و یارمەتیدەری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بووە لە تورکیاوە بگرە تا ئێرانی زەمانی شا. ئەوەی کە لە قۆناغی ئێستا دا چونکە ئێران لەگەڵ ئەمریکا کێشەی هەیە و هەر بەو پێیەش لەگەڵ ئیسرائیل دژایەتی هەیە و ئێران پشتیوانی حەماس دەکا نابێ ببێتە هۆی ئەوەی
بڵێین چونکە وایە دەی ئێمە دەبێ دیفاع لەوەی بکەین کە ئیسرائیل خەریکە ئەوا ئەو خەڵکەی بە هەزار هەزار دەکووژێ. ئەمن پێم وایە ئەوە شتێکی غەیری مەنتقی یە و تەنانەت پاساوی سیاسیشی نییە یانی  زۆر کەس دەڵێن قەیدێ ناکا چون ئیسرائیل یارمەتی ئێمە دەدا یان یارمەتی جووڵانەوەی کوردی دەدا دەی دیارە ئێمەش دەبێ یارمەتی ئەوان بکەین. ئەمن نازانم ئەو یارمەتییەی کە ئیسرائیل دەیدا بە جووڵانەوەی کورد دەقیقەن لە کوێ بووە و چی بووە یانی غەیری وەی کە بە زمان یان تویتێکی کرد بێ نەتەنیاهوو دیفاعی لە ڕێفراندۆمی ٢٠١٧-ی کوردستان کرد بێ لە باشوور چ یارمەتییەکی دیکەی بەکردەوەیان داوە بە جووڵانەوەی کوردی. ئەوە یەک مەسەلە مەسەلەی دووەمیش ئەوەیە کە یارمەتیدانی ئیسرائیل یان ئەمریکا یان هەر  وڵاتێکی دیکە بە جووڵانەوەی کوردستان یان هەر جووڵانەوەیەکی تر پێوەندی بەوەوە نییە و لە سەر ئەوە ڕانەوەستاوە کە ئایا خەڵکی ئاسایی، یان بیرمەندان یان ئینتێلێکچوێلەکانی کورد دێن لە فەزای مەجازی یا لە میدیا دا دیفاع لە ئیسرائیل دەکەن یان ناکەن. یانی ئەوە هیچ بە بڕوای من هیچ وەخت بڕیاردەر نییە. مەسەلەی ئەوەی کە ئیسرائیل پشتیوانی لە کێ دەکا یان لە کێ ناکا، لە چ هێزێک دەکا پێوەندی بەوەوە هەیە کە ئەوان بەرژەوەندی ئیسرائیل لەباری جێئۆپۆلیتیکی و ناونەتەوەییەوە چۆن دەبینن. بۆیەش لەباری مەسڵەحەتی سیاسیشەوە هیچ پاساوێکی نییە کە ئێمە بە بێ قەید و شەرت بێین دیفاع لە ئیسرائیل بکەین  بۆ هەر شتێکی کە دەیکا لە غەزە. ئینسان دەتوانێ هاوکات هەم حەماس مەحکووم بکا بۆ ئەو کارەی کە کردوویەتی و هەم دژی سیاسەتی ئیسرائیل بێ بەڵام هاوکات ئەوەی کە خەباتی خەڵکی فەلەستین خەباتێکی ڕەوایە، دژ بە ئیستیعمارە، بۆ ژیانێکی سەربەستە هەر ئەو شتەیە کە خەڵکی کوردیش لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەریکن ئەنجامی دەدەن و بۆیەش ئەمن پێم وایە پێوەندییەکی زۆر مەنتقی و ئەخلاقی لە نێو ئەو دوو خەباتە دا هەیە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا. هیوا دارم ئەو باسە بە وردە ڕیشاڵ و بە پیتە کەلکی هەبێ بۆ بینەران.
مەتین: منیش سپاسی ئێوە دەکەم  و زۆر سپاس بۆ بینەرانتان.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.



تێبینی: دەقی نووسراوی ئەم هەڤپەیڤینە پێشکێش دەکەم بە بیرەوەری هاوڕێی لە دەستچوو دوکتور سیامەند زەید عوسمان کە دوای ماوەیەک نەخۆشی لە ١٦-ی ژانڤییەی ٢٠٢٤  لە شاری لەندەن سەری نایەوە. سیامەند عوسمان لە لاوێتی خۆی دا دوای تەواو کردنی خوێندنی بەرز لە لەندەن پەیوەست بوو بە بزووتنەوەی فەلەستین و هەر لەویش بریندار بوو و دواتر بۆ چارەسەری برینەکانی هاتەوە  ئوڕووپا و لە پاریس دوکتورای وەرگرت.بە داخەوە بەساڵان بوو دەنگمان لێک بڕا بوو و ئاگام لێی نەبوو.
ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین بۆ بەرنامەی ڕاوێژ لە ئێوارەی پێن
جشەمە ١٣-ی دیسامبری ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە مەکۆی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیوب بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە دا ببینن.
حەسەن قازی، ژانڤییەی ٢٠٢٤

https://www.youtube.com/watch?v=OmtCI5XjQ3E&t=165s









 

Sunday, January 28, 2024

Rawêj, Thursday 25.01. 2024

Sunday, January 21, 2024

بەشێک لە چاوپێکەوتنی شەپۆل عەبباسی لەگەڵ برایم یۆنسی نووسەر و وەڕگێڕ. ئەم چاوپێکەوتنە لە ساڵی٢٠٠٠ لەماڵی یونسی لە تاران کراوە. لەخوارەوە قسەکانی یونسی لە مەڕ جمهووری کوردستان دەخوێننەوە، هەرچەند هێندێک لە ئارگومێنتەکانی هیچ بناغەیەکی مەنتیقیان نییە. دەکرێ ڤێدێئۆی ئەو چاوپێکەوتنە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا ببینن! یونسی لە ٨-ی فێڤرییەی ٢٠١٢ لە تاران کۆچی دوایی کرد


بەشێک لە چاوپێکەوتنی شەپۆل عەبباسی لەگەڵ برایم یۆنسی نووسەر و وەڕگێڕ. ئەم چاوپێکەوتنە لە ساڵی٢٠٠٠
لەماڵی یونسی لە تاران کراوە. لەخوارەوە قسەکانی یونسی لە مەڕ جمهووری کوردستان دەخوێننەوە، هەرچەند هێندێک لە ئارگومێنتەکانی هیچ بناغەیەکی مەنتیقیان نییە. دەکرێ ڤێدێئۆی ئەو چاوپێکەوتنە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا ببینن! یونسی لە ٨-ی فێڤرییەی ٢٠١٢ لە تاران کۆچی دوایی کرد


...
ساڵی ١٣٢٤ [ ١٩٤٥] بوو، من لە دەبیرستانی نیزام بووم  وەختێک کە مەسەلەی جمهووری مەهاباد و ئەوانە مەتڕەح بوو. ئەڵبەتە بەعد وەختێک کە بە ئیستیلاح فامم کردەوە، لەگەڵ خۆم بە ئیستیلاح یەک و دووم کرد و حیسابم کرد تەماشام کرد بە هیچ قانوونێک نەدەبوا ئەم جمهوورییە ئێعلان ببوایە. من وا تێگەیشتم، یانی ئەوەڵەن مەنتەقەیەکی یەکجار پچووک بوو، وە تازە ئەو مەنتەقە پچووکەیش تەواوی ئەتڕافی لەگەڵ قازیی محەمەد، مەرحوومی قازیی محەمەد نەبوو. بەڵێ، نە مەنگووڕەکان بوو، نە عەشاییری بە ئیستیلاح دێبۆکری بوو، تەوەجوهت فەرموو، نە حەتتا زۆربەی فەیزوڵابەگی بوو، ئەتڕافی تریش بە ئیستیلاح. یانی قازی بوو، بارزانییەکان ئەگەر دیفاعیان لێ بکردایە وەئیلا خۆی قازی بە ئیستیلاح عەناسورێکی نەبوو کە بتوانێ دیفاع لە خۆی بکا، لە مەنتەقەی پچووکی خۆی، حەتتا لە مەنتەقەی ئەتڕافی مەهاباد.
دەی چۆن ئەتوانێ پیاو جمهووری دروست بکا فەقەت بە پشتیبانی ئەوەی کە ئیتیحادی جەماهیری شووڕەوی ئەو وەختێ مەسەلەن لە شەڕ دا فایق ببوو، فاتیح ببوو، وەلی ئاخر دوو شەریکی گەورەشی بوو، یەکێ ئینگلیستان، یەکێ ئەمریکا کە لەگەڵ قازی موافق نەبوون. تەوەجوهت فەرموو حەتتا نەشیان دەتوانی بە زۆر بە سەر خەڵکەکە دا هین بن. بەهەر تەرتیب من ئەو وەختە واقیعەن لە محەلێک دا نەبووم . بە عونوانێ زاهیرەن سیاسەتەکی ئیسلاح کرد ئەوە بوو کە ئوستانێک ببێ کە ئەم ئوستانە حەدی ئەقەل ئیمتیازی ئەوە بێت کە بێن مەسەلەن چەند ئیمتیازی بۆ پێشڕەفت قاییل بن چون دواکەوتوو بوو. تا ئەو حەدەی پیاو دەتوانێ قبووڵی بکا وەلی تا ئەو حەدی کە مەهاباد بتوانێ مەسەلەن فەرز فەرموو لە موقابیل حکوومەت، حکوومەتی ئێران،دروستە حکوومەتی شا حکوومەتێکی کەسیف بوو، من خۆم هەم کوتەک خوردەم و هەم بە ئیستیلاحی خۆشمان موبارەزەمان کردووە لە گەڵی مونتەهایی مەڕاتیب ئێران مەملەکەتێکی وەسیعە، تەوەجوهت فەرموو. یەک میلیون و شەشەد و چل و پەنج هەزار کیلومێتری موڕەبەع وسعەتێتی. پیاو دەتوانێ مەسەلەن بە شەڕی چەتەییش  مودەتێ خۆی بەسەر پێیەوە هەڵگرێ وەلی ناتوانێ حکوومەتێک دامەزرێنێ. تازە ئەو حکوومەتەشمان بەعد مەڕحوومی قازی موتەوەجیه بوو ئەم حکوومەتە نەیدەتوانی ئەسڵەن خۆی ڕاگرێ. ئیتیحادی شوورەویش شکا بوو، شارەکانی وێران ببوون، سەناییعی وێران بوو، لە حدوودی بیست میلیۆن نەفەر جەمعییەت تەلەفاتی دابوو، نەی دەتوانی حیمایەتی لێ بکا. بۆ سیاسەتێک بوو کە قازیی محەمەد بە عەقیدەی من نەدەبوا قبووڵی بکردبایە. چون کردیان بە ئالەتێک فشار بێنێ بۆ ئێران لە ئێران ئیمتیازێک بستێنن. تەوەجوهت فەرموو، بە مەحزی ئینکێ قەولی ئیمتیازەکەیان دا ئەمان پاشەکشەیان کرد ئیتر. تازە نەشی دەتوانی بێتە پێشەوە. بە هەر تەرتیب من ئەو وەختە منیش، ئێستا بە ئیستیلاح وا مەسەلەن فکر دەکەمەوە، دەڵێم مەسەلەن ئیمکانی نەبوو نەدەبوایە بیان کردایە.




ئەڵبەتە شایەد فەقەت بتوانین تەوجیهی بکەین بڵێین عەلەیهی حکوومەتی شا بوو و حکوومەتی شا لەهەر مەرحەلەیەک دا موقابەلەی لەگەڵ بکرایە خوب خراب نەبوو ئەو وەختە، یەکیشیان خوب بیلەخەرە مەسەلەی مەهاباد بوو. دەنا مەسئەلە بە ناوی حکوومەت قابیلی دیفاع نییە واقیعەن. من عەقیدەم وایە نازانم.
عەرزت بکەم قازیی محەمەدی مەڕحووم پیاوێکی سادە بوو، چ لە لیباس دەبەر کردن، وەزعی لیباس و ئەوانە و چ لە قسە دا، چ لە رەفتارو معامەلەی دا. ئەو وەختێ تەشریفی دەهات [بۆ تاران] لە ماڵی مەڕحوومی سەدری قازی میوان دەبوو. منیش مەعموولەن شاگرد مەدرەسەیی بووم لەگەڵ مەرحوومی قازی، محەمەدی قازی [ مەبەستی محەمەد قازی وەرگێری ناسراوە] دەچووم چون ماڵی دوکتور جەوادی قازیش دراوسێی ماڵی قازیی محەمەد بوو [ مەبەستی ماڵی سەدری قازی یە] لە چوار ڕای موعیزسوڵتان، کووچەی گیلانی پێم وایە. عەرزت دەکەم لەوێ کە دەچووم قازیی محەمەد ئەو وەختێ ئێسێنشڵی ئینگلیسی کڕیبوو ئینگلیسی دەخوێند و زۆریش بە ئیستیلاح سەمیمانە، من لەوێ شاگرد مەدرەسەیەک بووم  دەدوا. زۆر زۆر سەمیمانە دەدوا، زۆر بە سەرنیویشتی فەرهەنگی کوردستان عەلاقەمەند بوو، زۆر بە موتالەعەش عەلاقەمەند بوو، مونەتەها ئەو وەختێ بوو کە تەشریفیان هاتبوو، شا لەباغی شا بە ئیستیلاح عەسای موڕەسەعی دایە خەڵات، تەوەجوهت فەرموو.ئەو وەختێ زۆر لەو لحازەوە وەڵا من تەکەبورم ئەسڵەن تێدا نەدیوە لە قازی دا. خۆی مەڕحوومی سەدری قازی زۆر قیافەیەکی موەقەری بوو، لیباسی جوانی دەکردە بەری، دووختی لیباسەکانی جوان بوو وەلێ خوب مەڕحوومی قازیی محەمەد هەر لیباسی ڕووحانی بوو و ئەغڵەبیش گۆرەوی نەبوو، گۆرەوی لە پێ نەدەکرد. من وام دی زۆر سالم وسادەم دی.
عەرزت دەکەم ئەو وەختە شایعاتێک بەم سووڕەتە نەبوو کە مەسەلەن ڕۆزنامەنیگاری خاریجی لە دواییدا نووسی کە بەینی قازیی محەمەد و مەلا مستەفای بارزان ناخۆشی و ناکۆکی بووە. حاڵ ئینکی لەوێ دووسێ مەئموورییەتی ڕجووع کرد بە مەلا مستەفا، مەلا مستەفا مەئموورییەتەکانی جوان ئەنجام دا تەوەجوهت فەرموو بۆ ساکت کردنی عەشاییری ئەتڕاف تەوجوهت فەرموو. مونتەها دوو خەبەرنیگار نووسیان کە بە ئیستیلاح میانەیان، ڕابیتەیان باش نەبووە لەگەڵ مەلا مستەفا. چون مەلا مستەفا مایل بووە لەوێ کودەتایەک ڕێ بخا. ئەڵبەتە زاهیرەن زیاتری لە سەر برسێتی بارزانییەکان بووە. کە بەعد بارزانییەکانیان وەختێک نارد بۆ نەغەدە، ئەو دێهاتە و بڵاویان کردنەوە ئەو دەنگە بە ئیستیلاح خەوت. یانی بە ئیستیلاح ئەو قسە باسی نەما. نازانم تا چ ئەندازە دروست بووە ئایا ئەمە مەلا مستەفا لە موهاجەرەت دا لە وەزعێکی ناسابیت و کە هەم بە مەنتەقە ئاشنا نییە، و هەم عەشاییری مەنتەقە ناناسێ و ئەگەر بیشیان ناسی ڕەوابیتێکی لە گەڵیان نەبووە، چون مەلا مستەفا ئەو سابیقەی نەبوو سابیق لە کوردستانی ئێران دا. چۆن دەیتوانی مەسەلەن کودەتا بکا و مەهاباد. وەلی گۆیا تەبعەن بەعدەن دەمانبیست گوتیان قازیی محەمەد پێشنیاری کردووە گوتوویەتی، مەلا مستەفا پێشنهادی کردووە بە مەڕحوومی قازی کە تۆ وەرە لەگەڵ من بڕۆین، عەیبە با نەتکوژن و بۆ کوردەواری نەنگە منیش قەولت پێ دەدەم کە هەر چۆن ئێستا پێشەوای، ئەو وەختیش من حورمەتت ڕعایەت بکەم و ئەوانە. ئەوە ئێمە لێمان نەبیستووە لە جێیەکیش نەنووسراوە، مونتەها شایعە ئەڵبەتە من کە دەچوومەوە بۆ وڵات ئەمەم دەبیست کە مەلا مستەفا پێشنەهادێکی وای پێ کردووە و قازیی محەمەد مەڕحووم قبووڵی نەکردووە و کوتوویەتی خەڵکەکە تەنیایە دەبێ ئەم خەڵکە بە ئیستیلاح، یەکێک دەبێ پێش کەوێ بیلەخەرە ئەم موسیبەتەی بە گەردەن بگرێت، تەوەجوهت فەرموو. ئەمە بەئیستیلاح قسەی. بەعد کوتیان مەلا مستەفا کوتوویەتی دەی کە ئیستا وایە تۆ ئەنباری موهیممات و ئەوانە، ئەسلەحەمان بدرێ، ئێمە موهیمماتمان بێ. تۆ لیرە بە و ئێمەش دەڕۆین. کە بە ئیستلاح مەلا مستەفا لەوێوە ڕۆیی بۆ نەغەدە و بەعد چوو بۆ ئوشنەوییە و لە ئوشنەوییەشەوە چوو بۆ عێڕاق و  دووبارە گەڕاوە بۆ ئێران و چوون بۆ ئەرەس و لە ئەرەس پەڕینەوە و بیلەخەرە ڕۆیشتن. ئەمە بە ئیستیلاح خەڵک بوو دەیانگوت، بە ئیستیلاح تەواتور بوو، ڕیوایەت بوو وەئیلا مەسئەلەیەک نەبوو، هیچ مەدڕەکێکی نییە.




-- لە مەهاباد، ناشێ مرۆڤ پێیان بێژێ هەیئەت وەلی یەک دوو ئەفسەریان بوو. یەکیان مەعڕووف بوو ئەو وەختێ بە " کاکاغا " لە کوردەکانی گۆیا ئەرمەنستان بوو. لەوێ هاتبوون هەم بە ئیستیلاح تووتنیان دەکڕی هەم حەیوانیان ئەکڕی، زیاتر ئەسپ بۆ ئەڕتەش. ئەگەر کەسێک بچووبایە بۆ مەهاباد و بگەڕایەوە و لەوێ چ خەبەرە فەقەت خەبەری ئەوە بوو کە ڕۆژانە ئەوەندە ئەسپ دەکڕن و عەرزت بکەم دەیبەن بۆ شووڕەوی و بەینیان لەگەڵ کوردەکان خۆشە و لە ماڵی فڵانکەس مەسەلەن دەعوەت بوون وایان کوتووە وەئیلا قسەیەکی وا بە سوورتێک کە ئێستا مەتڕەحە هەڵیسەنگێنن و قسە هەڵسەنگێنن و ئەوانە من نەم دی مەسەلا. ئەوانەی لابود لەگەڵ من مەحشوور بوون. چم نەبیست بە ئیستیلاح، کوتیان ڕووسەکانیش زۆر فەقیر و دەستەنگن و ئەغڵەب مەهابادی دەعوەتیان دەکەن زۆریان پێ خۆشە. قسە ئاوا بوو.
قازی مەرحووم، هیچ  بە ئیستیلاح بە هیوا نەبوو کە ڕەئی ئێعدامی بدەنێ. مەڕحوومی سەدر کە زیاتر چون بیلەخەرە نمایەندەی مەجلیسێک بوو لەگەڵ ئەقەلییەتێکی ڕەسمی هەمکاری دەکرد، حەتتا قەوامولسەلتەنەیش موعتەقید بوو کە ئەسەلەن، کابرا لە تاران دانیشتووە، لەگەڵ ئەقەلییەتێک کە ئەو وەختە حیزبی توودە بوو هەمکاری هەیە، هەمکاری بووە، هەمکارییەکەشی لە مەحدوودەی قەوانین دا بووە، بینا بەر ئین مونتەها کوتیان ئەڵبەتە من بیستم کوتیان لە ئەسنادێک  کە چوون ماڵی مەڕحوومی سەدر گەڕاون لە تاران، نامەیەکی تێدا بووە، بەرعەکس لە ماڵی قازیی محەمەد  لە ئەسناد دا نامەیەکی تێدا بووە، کاغەزێک کە سەدر نووسیویەتی بۆ مەڕحوومی قازی، کاغەزێک لەو ئەسنادانەد بیندراوەتەوە لە کاغەزەکەدا کوتوویەتی: ئێوە مەترسن و موقاوەمەت بکەن ئەڕتەشی ئێران ئەڕتەشێک نییە، بە ئیستیلاح فیردەوسی لە هەزار دەمساڵ پێش کوتوویەتی: کە ما سر بەسر پشت بە دشمن دهیم / از آن بە کە یک تن بە کشتن دهیم. بینا بەر ئین ئێوە مەترسن و هیچ کارێک ناتوانن بکەن. کوتیان ئەوەیان کردووە بە موستەمسەک. جا خەیلی خوب ئەوەیان کردووە بە موستەمسەک ئەوە خۆ سەدر کوتوویەتی ئەی قازیی محەمەدیان بۆ ئێعدام کرد، ئەی سەیفی قازییان بۆ ئێعدام کرد؟ بە هەر تەرتیب ئەوانە موبهەمن. هەنووز ئێمە ئارشیڤی وەزاڕەتی جەنگی بە ئیستیلاح دەورانی شا خۆ قەت نەکراوەتەوە کە بزانین ئەم ئارشیڤە چ موکاتەباتی تێدا کراوە.