Friday, October 30, 2015

لێکدانەوەی دوکتور عەبباس وەلی سەبارەت بە هەڵبژاردنی تورکییە لە ڕۆژی یەکشەمە١-ی نۆڤامبری ٢٠١٥


قسەکانی دوکتور عەبباس وەلی لە بەرنامەی ' افق' تێلێڤیزۆنی دەنگی فارسی ئەمێریکا
پێنجشەمە شەو ٢٩- ١٠ – ٢٠١٥
مۆدێراتۆر: عەلی جەوانمەردی
لە فارسییەوە: حەسەن قازی
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ١-ی نۆڤامبری ٢٠١٥  لە  تورکییە
عەبباس وەلی: ئەو هەلومەرجەی کە لەماوەی ئەو چوارمانگ و دە ڕۆژەی تورکییە پێیدا تێپەڕبووە  لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنە دا، هەلومەرجێک بووە کە لە ڕاستیدا بڕیاردەرە بۆ ئاکامی هەڵبژاردن و تایبەتمەندی ئەو هەلومەرجە بە دەرەجەی یەکەم قەیرانییەک بوو کە لە ڕووی سیاسییەوە دروستیان کردووە بەو مانایەی کە قەیرانی لەوانەیە هەڵگری هێندێک دەرفەت بێ بۆ کەسانێک کە بتوانن لەو قەیرانییە کەلک وەربگرن. بەڵام بە لە بەرچاو گرتنی ئاکامی ئەو نەزەر پرسینانەی کە لە بەر دەست دان و ئەو ئاکامانەی کە چاوەدێرانی سیاسی لە تورکییە دا باوەڕییان پێیانە  نیشان دەدا ئەو قەیرانییە و ئەو کەسانەی کە ئەو قەیرانییەیان ساز کردووە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بێ کە بتوانن ئاکامی هەڵبژاردنی ٧ –-ی حوزەیران بگۆڕن و بتوانن لەو هەلومەرجە بە قازانجی خۆیان کەلک وەربگرن ،ئەو قەیرانییە ئەو ئاکامەی لێ ناکەوێتەوە. چاوەدێران لە سەر بنەمای ئەو نەزەر پرسینانەی کە کراون تەقریبەن لە سەر ئەوە ڕێکن کە ئاکامی هەڵبژاردن گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەر دانایە و ئەگەر گۆڕانێک  هەبێ گۆڕانێکی هێندە پڕ واتا نابێ . پڕ واتا لێرە دا دەگەڕێتەوە سەر هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانییە و ئەوەی کە لە پشتەوەی بووە . لە ڕاستیدا چاوەدێران لە سەر ئەو باوەڕییەن کە ئەو قەیرانییە پارتیی دەستەڵاتدار واتە پارتیی داد و گەشە پێدان سازی کرد بۆ ئەوەی بتوانێ لە هەڵبژاردنێکی دووبارە دا ئەو زۆربە ڕەهایەی کە لە پارڵمان دا هەیبوو و لە سەر بنەمای وی هەمیشە دەیتوانی حکوومەتی تاقە حیزبی خۆی پێک بهێنێ، ئەو هەلومەرجانە دیسان وەرنەوە مەیدانێ. بۆ ئەوەی کە بکرێ وەزعێکی ئاوا بێتە گۆڕێ دەبێ بەلانی کەمەوە ٤٢ لە سەد یان هەر ٤٣ی گشت دەنگەکان و هەر نەبێ ٤٢ لەسەدی دەنگەکان وەدەست بهێنێ .
وەلی : بڕوانە پارتیی دەستەڵاتدار لە هەڵبژاردنی پێشوو دا نیشانی دا، یانی ئاکامی هەڵبژاردنی پێشوو نیشانی دا کە دەنگەکانی  لە هەرێمی کوردنشین، لە کوردستانی تورکییە لە کورتێی داوە و ئەو لە کورتی دانە زۆریش بە بڕ بووە. بە شێوەیەکی ئاوا کە تەنانەت لە نێو توێژاڵکە نەریتی و مەزهەبییەکاندا و تەنانەت لە نێو ئەو خێڵ و عەشیرەتانەی دا کە بە شێوەی نەریتی لە بازاڕی دەنگی تورکییە دا لە بەر ئەو پێوەندییەی ئەرباب – کڕیارەی کە لە نێوان ئەوان و پارتییەکانی تورک و بەتایبەتی پارتیی دەستەڵاتدار دا هەبووە دەنگیان دەدایە و لە بری ئەو دەنگ دانە دا ئیمتیازاتی سیاسی – ئابووریان وەردەگرت بە تایبەتی سەرۆک عەشیرەتەکان. ئەو پێوەندییە لە گەڵ پارتیی دەستەڵاتدار لە نێو چوو و هۆی  سەرەکی ئەوەش لە بەر سیاسەتی تورکییە لە بەشی کورد نشینی سوورییە بوو، تەوەجو دەکەی. و هەر ئاواش گٶرانی ستراتێژیکی سیاسەتی تورکییە بە نیسبەت مەسەلەی کورد بە دەم بەربەرکانی هەڵبژاردنی ڕابردوو دا. کە ئەو مەسەلانە هاتنە پێشێ پارتیی دەستەڵاتدار کە پارتیی داد و گەشەپێدان بێ دەنگەکانی لە کورتێی دا و لەو قەیرانییە دا کە هاتە گۆڕێ لە دۆزی کورد وەکوو دۆزێکی ئەمنییەتیی سەرەکی کەلکی وەرگرت و بە سازان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوەی کە ئیزنی دا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێگەی 'ئینجرلیک ' بەکار بهێنێ ، دوایە هێرشەکانی کۆ کردەوە سەر پارتیی کرێکارانی کوردستان و دەستی کرد بە تەبلیغاتێکی هەموو لایەنە لە سەر ئەوە. چونکە ئامانج ئەوە بوو کە دەنگی ناسیونالیستە تورکەکان و ئەو تاکوتەرایانەی کە لەو ناوە دا تا ڕادەیەکی زۆر بڕیاریان نەدابوو کە لەم هەڵبژاردنە دا بەرەو کام لا بڕۆن ، دەنگی ئەوانە لەو بارو دۆخە ئاڵۆز و نائەمنە دا بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ


وەلی : بڕوانە هێزی پارتیی داد و گەشە پێدان لەوە دا بوو کە توانی مەرکەزی [چەقی] سیاسەتی تورکییە بگرێ، ئەوە ناوەندێک بوو کە هەمیشە دەنگ تێیدا لە کورتێی دەدا. کۆالیسیۆنی جۆر بە جۆر لە نێوان پارتیی جۆر بە جۆر دا دەکرا  بەڵام نەیاندەتوانی ئەو ئیتیلافانە بپارێزن. ڕاست و چەپ لە لای خۆیان و ئەو ناوەندە هەرواش لە گۆڕێ دا بوو. پارتیی داد و گەشە پێدان توانی ئەو کارە بکا. یەکەم جار بوو کە قۆڵی لێ ڕاکێشا کە مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کورد بوونی هەیە کە دەبێ ئەو مەسەلەیە جێ بە جێ بکرێ. دوەم ئەو مەسەلەیە بوو ئابووری ئاوا  بەڕێوە برد کە گەشەی کرد و هەر وەک ئەم دۆستەمان گوتی ئەوەش خەرج و تێچووی خۆی هەبوو. واتە ئەو لیبرالیزمە نوێیەی کە بەکاری هێنا هێندێک خەرج و تێچووی هەبوو کە ئەوە ئێستا دەبیندرێ. دەستەڵاتی نیزامییەکانی کەم کردەوە و توانی تا ڕادەیەک زۆر کولتوورێکی دێمۆکڕاتیکی دەڵەمە بەرەو پێش بەرێ. بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوو دا هەڵەی ستڕاتێژیکی ئەو پارتییە ئەوە بوو ئەو هەڵبژاردنەیان کرد بە هەموو پرسییەک سەبارەت بە کەسایەتی سیاسی ئاغای ئەردۆغان. تەوەجو دەکەی، ئەوە بوو بە جۆرە ڕێفراندۆمێک سەبارەت بە ئاغای ئەردۆغان. لێرە دا سیاسەتەکانی پارتییەکە خۆی بوو بە پەراوێز. دووەمیش ئەوە بوو کە لەو بەربەرەکانی هەڵبژاردنە دا ئاغای ئەردۆغان نیشانی دا کە سەمیمییەتێکی نیسبەت بە جێ بە جێ کردنی دۆزی کورد نەبوو. ڕۆژێک دەیگوت مەسەلەی کورد بوونی هەیە دەچوو لە دیاربەکر قسەی دەکرد و ڕۆژی دواتر هاتوو گوتی مەسەلەیەکی ئاوا هەر بوونی نییە. ئەوە جێ بە جێ کراوە و چووە. هیچیش نەببوو. ئەوە مەسەلەیەک. لە کوردستان ئێستا ئەو دەنگانە لە کورتێیان داوە بەڵام ئەوە مانای وا نییە کە پارتیی داد و گەشەپێدان لە ڕاستییدا دەستی لەوێ شوشتووە . ئێستا ئەگەر چاو لێ بکەین لە تورکییە  ٨٥ مەڵبەندی هەڵبژاردن هەیە کە لەو ٨٥ مەڵبەندە دا  لە چل و چەندیان دا لە ئێستاوە دیارە کە کامە پارتی دەیباتەوە . لە ٣٩ یان دا دیار نییە کێ دەنگ دەهێنێتەوە و لەو ٣٩ مەڵبەندە هێندێک جێگای پەراوێز هەن لە کوردستان کە پارتیی دادو گەشەپێدان هێشتا خەریکە بۆ بردنەوەی دەنگەکان لەوێندەرێ چالاکی دەکا. بۆ وێنە مەنتەقەی 'ئورفا'. بەڵام وا وەبەر چاو دێ کە چالاکییەکانی بە تەواوی و گشتیان قانوونی نین ، هەڕەشە، ترساندن، و مەسەلەی دیکە لەوێ دەبیندرێ ، گۆیا والی ئورفا خەڵکی بانگ کردووە و گوتوویەتی ئەگەر پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان لێرە دەنگ بهێنێتەوە هەموویان لە کار دەردەکرێن. یانی دەبێ کارێک بکەن کە شتێکی ئاوا نەبێ. لە ئورفا لە هەڵبژاردنی پێشوو دا، واتە لە هەڵبژاردنی پێش مانگی حوزەیران دا، یانی ٤ ساڵ پێشتر لەو ، ئەوێ لە دەست ئاکەپە دا بووە بەڵام لە دەستی داوە. مەسەلەیەکی کە لێرە دا هەیە و گرینگە ئەوەیە کە ئاکەپە دەیەوێ لەو مەنتەقە پەراوێزانە دا ئەو چالاکییانەی خۆی بەڕێوە بەرێ و تەنانەت هێندێک لە چاوەدێران لەو باوەڕە دان کە مومکینە هێندێک لەو تاکتیکانەی پێشوو ، کە تاکتیکی ناقانوونی بوون کەلک وەربگرێ. ئەوە پێشتر لە سیاسەتی تورکییە دا بووە بەو مانایە کە بییەوێ نوێنەری هەڵبژێردراوی پارتییەکانی دی بکرێ وەکوو ساڵی ١٩٧٧ ئەو کارە کرا، گۆیا ئاغای ئەجەویت ئەوەی کرد و  دە نوێنەری کڕی  و پۆستی وەزاڕەتی پێ دان. دەڵێن شتی ئاوا لەوانەیە ڕوو بدا. بەڵام، مەسەلەیەکی دیکەش هەیە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم. ئەلئان زۆر کەس هەن دەڵێن کە ئەو ئەگەرە لاواز نییە ، ئەگەرچی مومکینە زۆر بەهێز نەبێ، بەڵام ئەگەرێکە کە لەو مەجلیسەی دا کە پێک دێ ، لەو پارڵمانەی دا کە دەکرێتەوە لەوانەیە ٥ پارتیمان هەبێ. پارتیی دەستەڵاتدار دەبێ ٢٦٧ کورسی بە دەست بێنێ بۆ ئەوەی بۆ خۆی بەتەنێ و بەسەری خۆی بتوانێ حکوومەت پێک بهێنێ. ئەگەر شتێکی ئاوا نەکرێ ، ئیمکاناتی ئیتیلاف کەمە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنە دا دەربکەوێ کە ئەو سیاسەتەی ئاغای ئەردۆغان وەبەری گرتووە لە مەڕ وورژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی تورک کاریگەر بووە و دەنگەکانی پارتیی حەڕەکەتی میلی (مەهەپە) لە کورتێی داوە . ئەو دەمی ئەگەری ئیتیلاف لە نێوان  پارتیی حەڕەکەتی میلی و پارتیی داد و گەشەپێدان کەمتر دەبێ چونکە ئەوان دەتوێنەوە و لەناو دەچن. و ئیمکانی ئیتیلاف لە گەڵ پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان دەکرێ هەبێ، بەڵام ئەگەر شتێکی ئاوا هەبێ ، داوخوازی ئەوان زۆر لە سەرەوە دەبێ و ئەوەش لە حاڵەتێک دا دەکرێ ئەگەر پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ئەو جۆرەی کە پێشبینی دەکرێ ، تەنانەت لەو ١٣ لە سەدەش بچێتە سەرتر و ١٥ لە سەدی گشت دەنگان وەدەست بێنێ لە حاڵەتێکی ئاوا دا زیاتر لە ٩٠ نوێنەری لە مەجلیس دا دەبێ و دەتوانن لەگەڵ پارتیی داد و گەشە پێدان دا بڵۆکێکی پاڕڵمانی بەهێز پێک بهێنن بەڵام ئەو خەرج و تێچوویەی کە ئاکەپە دەبێ بۆ ئەو کارەی بدا زۆر لە سەرەوە دەبێ.
وەلی: بە باوەڕی من ستراتێژیستەکانی سیاسەتی دەرەوەیی تورکییە جۆرەیەک لێکدانەوەی هەڵەیان هەبووە لە مەڕ تواناییەکانی خۆیان. بە تایبەتی ئەوانەی کە لە دەور و بەری ئاغای ئەردۆغانن. و بە تایبەتیش لەو بارەیەوە ئاغای داوود ئۆغڵوو کە لە ڕاستیدا یەكێک لە کەسانی گرێنگ بووە لە مەڕ بڕیاردانی سیاسی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەیی. جا هەڵسەنگاندنی ئەوان ئەوە بوو کە قورساییەکی زیاتر و بەهایەکی زیاتر بە تورکییە دەدرێ وەکوو هێزێکی نەرم، سافت پاور، تەوەجو دەکەی. و ئەوەش زیاتر لە دوای بەهاری عەڕەبی دەستی پێ کرد. ئەوان پێیان وا بوو بەو دەورەی کە دەیگێڕن دەتوانن لەو ناوچانە دا نفووزێکی زۆر زیاتر لەوەی کە پێشر هەیانبووە وەدەست بهێنن. بەڵام ئەو قەیرانییانەی کە لە ناوچە دا دەستیان پێ کرد لە دوای ' بەهاری عەڕەبی ' ، قەیرانی ئەوتۆ بوون کە جێگایەکی ئەوتۆیان بۆ هێزێکی نەرم نەهێشتەوە وەکوو قەیرانیی سوورییە بە تایبەتی و ئەو کەلکەی کە لەو هێزە لەوێ وەردەگیرا زۆر کەم بوو بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ئاکتۆرانەی دیکەی کە لەوێ بوون. ئێران، ڕووسییە، ئەمریکا، عەڕەبستانی سعوودی، قەتەر. تورکییە نە حازر بوو  لە ڕوی ماڵییەوە پارەیەکی ئەوتۆ خەرج بکا ، نە دەیەویست لە ڕووی نیزامییەوە لە مەنتەقە دا دەخالەت بکا و سیاسەتەکانی لەوێ تەسبیت بکا. و نە وەک ئێران هێزی لاگری هەبوو واتە هێزی پڕۆکسی، بە وەکالەت. ئێران حیزبوڵای هەبوو، لەوێ وەکوو هێزی زەوینی دەورێکی زۆر سەرەکی گێڕا. دوایە کاتێک کە هێزی دیکە لەوێ سەریان هەڵێنا وەکوو پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک، پارتیی کوردەکانی سوورییە، ئەوان لە بەڕ بۆچوونێکی ئیدێئۆلۆژیکی  کە تورکییە  نیسبەت بە دۆزی کورد هەیەتی لە گشتی سیاسەتی  و لە سیاسەتی دەرەوەیی دا، نەیتوانی لەو مەسەلەیەش کەلک  وەرگرێ. بڕوانە تورکییە هەڵەیەکی کە لە عێڕاق ، لە کوردستانی عێراق دە ساڵ  ئەو هەڵەیەی کرد و تەنێ بە گۆڕانی سیاسەت سەبارەت بە کوردستانی عێڕاق بوو کە توانی لەوێدا نفووز پەیدا بکا، کاتێک کە دەستی لە ئینکار و نکۆڵی لێکردن هەڵگرت ، کاتێک کە دەستی لە دوژمنایەتی کردن هەڵگرت ، دەستی کرد بە مامڵە کردن لەگەڵیان و موزاکەرە لەگەڵ کردن و هاوکاری کردن. ئەوە کاتێک بوو کە تورکییە توانی بە نیسبەت کوردستانی عێڕاق و حکوومەتی کوردستانی عێڕاق لە لێنزێکی دیکەوە، لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بڕوانێ کە پێوەندییەکی بە سیاسەتی و پێوەندیی لەگەڵ پارتیی کرێکارانی کوردستانەوە نەبوو.


وەلی: هەڵە لە قسەکەی من تێگەیشتی ، ئەمن نەمگوت لە بەر دەستەڵاتی پ.ک.ک. لە کوردستانی عێڕاق. گوتم تورکییە نەیدەتوانی سیاسەتێکی سەربەخۆی نیسبەت بە کوردستانی عێڕاق هەبێ و ئەو سیاسەتەی هەمیشە بە فیلتێری سیاسەتی لە مەڕ پ.ک.ک. دا تێ دەپەڕاند. مەسەلەی کورد لە تورکییە هەمیشە فاکتۆرێکی بڕیاردەر بوو لە پێوەندیی تورکییە لەگەڵ کوردانی ووڵاتانی دیکە دا. تەوەجو دەکەی. ئێستاش هەمان هەڵە لە سوورییە دووپاتە دەکاتەوە. ئەمریکاییەکان لە دژی ئەوەن، ڕووسەکان لە دژی ئەوەن ، ئێران دژی ئەو سیاسەتەیە و ئاکەپە و ئەردۆغان بێ پسانەوە ئەوە خەریکە دەڵێن و پێداگری دەکەن   کە پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک پارتییەکی تێڕۆریستی یە. دەڵێ هیچ جیاوازییەک لە نێوان وی و داعش دا نییە. کاتێک کە ئەردۆغان خەریک بوو پێداگری دەکرد کە جیاوازییەک لە نێوان پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک و داعش دا نییە ، ئاغای ئەردۆغان خەریک بوو بێ پسانەوە ئەوەی دووپاتە دەکردەوە لە کاتێکدا کە پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک لە کۆبانێ تەنیا هێزێک بوو کە پێشی داعشی گرتبوو  و ئەمریکاییەکان خەریک بوون لەگەڵ ئەو هێزە هاوکارییان دەکرد. هەموو ئوڕووپا پەسنی ئەو هێزەی دەدا. لە زانکۆکاندا لەمەر سیاسەتی ئەوان کۆنفڕانس بەڕێوە دەچوون. بەڵان ئاغای ئەردۆغان هەژدەر هەژدەر دەیگوت ئەوانە تێڕۆریستن  و وەک داعش وان. ئەگەر لێی وورد بییەوە یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی کە ئەو بەشە لە موحافەزەکار و مەزهەبییەکانی کۆمەڵی کوردستان لە تورکییە لە ئاغای ئەردۆغان تارانەوە ئەو مەسەلەیە بوو و ئەگەر قسەیان لەگەڵ بکەی دەڵێن بۆیان جێی قەبووڵ نەبوو کە بەرگریکارانی کۆبانێ وەک داعش دابندرێن.
وەلی: بڕوانە، مەسەلەی کورد و مەسەلەی  'تێڕۆڕ" بەو شێوەیەی کە ئەو بەڕێزە دەڵێ لێک جیاواز نین. مەسەلەی
 ' تێڕۆڕ' لێرە سەدەیەک ئینکار و حاشا لێکردنە. سەدەیەک سەرکوت کردنە. سەدەیەک لە جێ و واری خۆ هەڵکەندن و جێ گۆڕکێ پێکردنە. نزیکەی ٥ میلیۆن، شەش میلیۆن.وێرانکردنی ٤٠٠٠ گوند و سووتاندنیانە. ئەو ڕەفتارەی کە لەتورکییە لە هەمبەر تەرمی گریلاکانی پ.ک.ک.  کراوە هێندێکیان توندترن لەو کوشتارانەی کە داعش دەیانکا. بەو پێیە کاتێک ئێتنیسیتەیەک، نەتەوەیەک دەست دەداتە تفەنگ و توند و تێژی دەست پێ دەکا. ئەوە شتێک نییە کە بە دڵ بییەوێ ئەو کارە بکا . کاتێک سەدەیەک ئینکار و سەرکوتکردن لە گۆڕێ دایە ، کاتێک ئێوە ناتوانن تەنانەت نێوی کوردیش لە منداڵەکەتان بنێن، کاتێک لە زانکۆ ناتوانی ناوی کورد بهێنی ، کاتێک ئەوە لە مەدرەسەکاندا قەدەغەیە. پێشینەی مێژوویی بە جێی خۆی من بۆخۆم کە بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٩٤ دا هاتم بۆ تورکییە لە دیاربەکر کاتێک چوومە چاییخانە و بە کوردی قسەم کرد ، هەموو لێم گەڕانەوە و چاویان لێ کردم دەترسان. تەوەجو دەکەی! بەو پێیە ئەگەر باسی مەسەلەی کورد و  ' تێڕۆر ' دەکرێ  ئەوەیە کە سیاسەتی تورکییە هەمیشە ویستوویە لە مەسەلەی کورد وەک قەیرانییەکی کە بکرێ بەڕێوەببردرێ کەلک وەربگرێ. قەیرانییەکی کە بکرێ کۆنتڕۆڵ بکرێ. و لە سیاسەتی تورکییە دا هەمیشە لەوە کەلک وەرگیراوە. ئێستا بە دەرکەوتنی ئەو پارتییە تازەیە و بەو وەزعەی کە لە سوورییە هاتووەتە پێشێ ئەو چلۆنایەتییە گۆڕاوە ، کۆنتڕۆڵ ئیدی لە دەست ئەواندا نییە. و ئەو وەزعەش کە لە دوای هەڵبژاردن دا هاتە گۆڕێ، گرینگ ئەوە بوو کە ئەو ١٣ لەسەدی دەنگان کە وەدەست هاتبوو و پارتیی دەستەڵاتداری لە دۆخی زۆربایەتی بێ بەش کردبوو، پارتییەک کردبووی کە تێندێنسی ڕاستەوخۆی کوردی هەبوو. ئەگەر حیزبێکی تورکی کردبایەی مەسەلەکە جۆرێکی دیکە دەبیندرا. گشت حەول ئەوە بوو و ئێستاش ئەوەیە کە ئەو پارتییە بووەتە پارتییەکی سەرانسەری ، بووە بە پارتییەکی گشت تورکییەیی . ئێستا لەو زانکۆیەی دا کە منی لێم ئەو کەسانەی کە لە ڕووی نەریتییەوە دەنگیان دەدا بە جەهەپە دەڵێن ئێستا ئێمە دەنگ دەدەین بە هەدەپە.
وەلی : نا، مەهەپەیەکی دیکە ساز ناکەن. بۆچی مەهەپەیەکی دیکە؟ من لێتان دەپرسم [ ڕوو لە میوانەکەی دی دەکا ] ئایا بەرنامەی هەڵبژاردن و بەرنامەی مەهەپە و هەدەپە وەک یەک وایە؟
وەلی: نا، تەقریبەن مان نییە. لە جێدا وا نییە. هەدەپە بە هیچ جۆر پارتییەکی ئێتنیکی نییە. هەدەپە پارتییەکی هەموو تورکییەیە.
وەلی: بە بۆچوونی من ئاکەپە بەو سیاسەتەی وەپێشی گرتووە کۆنتڕۆڵی سیاسەتی سێنتر (ناوەند)ی تورکییەی لە دەست داوە تەوەجو دەکەی. نەک ئەوەی کە پارتییەکی دی بێ جێگای بگرێتەوە، بە بۆچوونی من ئەو بۆشاییە لەوێ هەیە و من پێم وایە بەو سیاسەتەی ئاغای ئەردۆغان و ئەو پێداگرییەی کە دەبێ سیستمی ئێرە بگۆڕدرێ ، سیستمی حکوومەتی بگۆڕدرێ و ئەمن دەبێ ببمە سەرۆک کۆماری بەهێز و پاڕڵمان  دەبێ ببێتە پاشکۆی سەرۆک کۆمار و شتێکی لێ بێ وەک سیستمی ئەمریکا. ئەوە لە تورکییە سەلما کە کڕیارێکی ئەوتۆی نییە. دووەمیش ئەوەیە ئەو چەند ساڵەی کە سیستمی ئابووری ئێرە هەڵسووڕاوە و ئەو چینە مامناونجییەی کە پێک هاتووە . بەشێک لەوانە لە ئانادۆڵی بە  ئاکەپە یان ئەو پارتییانەی وە ئاکەپە دەچن دەنگ دەدەن. بەڵام ئەو دەستەیەی کە لە شارە گەورەکانن وەکو ئەستەنبوول، ئیزمیر و ئانکارا و ئەو جۆرە جێیانە لە چەند هەڵبژاردنەکانی پێشوو دا دەنگیان دا بە ئاکەپە لە بەر هەڵوێستی لەمەڕ ئەڕتەش، هەڵوێستی لەمەر دین  و بەتایبەتی هەڵوێستی لە مەڕ مەسەلەی کورد کە دەنگیان دایە ئێستا ئیدی بەو ڕێیە دا ناڕۆن . ڕەنگە من و ئاغای تالیبی لەم کۆمەڵگەیە دا لەگەڵ ئینسانی جیاواز دا قسە بکەین . ئەمن پێم وایە، بە بۆچوونی من ئەگەری ئەوەی کە دەنگی ئاکەپە بە نیسبەت هەڵبژاردنی پێشوو بەرەو ژوور بچێ هەیە بەڵام دەبێ بزانین ئەو بەرەوژوور چوونە لە کام لە مەڵبەندی هەڵبژاردنەکان دا ڕوودەدا و ئایا ئەوە بەش دەکا و بەسە بۆ ئەوەی بتوانێ ٢٦٧ کورسی وەدەست بێنێ ؟ لەبەر ئەو گیر و گرفتانەی کە ئێستا ئاکەپە لە ناو خۆی دا هەیەتی و بەو ئیفتیزاحەی کە سیاسەتی دەرەوەییەکەی پەیدای کردووە. یانی ئەمریکاییەکان بە توندی لەوە ناڕەحەتن، لەگەڵ ڕووسەکان دژبەرییان هەیە ، لە گەڵ ئێران بە جۆرێکی دی.
وەلی: هەر دوێنێ من گوزایشێکی ئابووری م دی کە دەڵێ داهاتی سەرانە لە ١١ هەزار دۆلارەوە داکشاوە بۆ ٧ هەزار دۆڵار لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی ڕابردوو دا. لەو دەمییەوە کە ئاکاپە حاشای لەوە کرد کە گەندەڵی کردبێ، بەرتیل وەرگیرابێ و نەیانهێشت ئەو شتانە بگاتە مەحکەمە. لەو دەمییەوە ئاکەپە بەرەو لێژی چوو. بڕوانە داكشانی داهاتی سەرانە لە ١١ هەزار دۆلارەوە بەرەو ٧ هەزار دۆڵار لە ماوەی سێ ساڵ دا چ تەئسیرێک دەکا لە سەر هێزی کڕینی خەڵک و هەمو ڕۆژێ ئەگەر چاو لە ڕۆژنامان بکەن دەبین ووتاری ئەوتۆ هەن  کە باسی گرانی تێدایە و وەزاڵە هاتنی خەڵک. ئاکەپە ئەو کۆنتڕۆڵەی کە پێویستە بەو شێوەیە نییەتی  ئەوە یەک، دووەم ئەوەیە کە ئەگەر ئاکەپە نەتوانێ ئەو ٢٦٧ کورسییە وەدەست بهێنێ و مەجبوور بێ ئیتیلاف بکا بەو مانایەیە کە لە سیاسەت دا ئیدی هەر قسەی وی ناڕوا . لە ئیتیلاف دا وایە کە ئێوە دەبێ هێندێک شت بدەن و هێندێک شت بستێنن. لە سەر هێندێک سیاسەت، لە سەر هێندێک کورسی، لە سەر هێندێک پرس ئەوانە پێداگری دەکەن و ئەو وەزعەی کە هاتووەتە پێشێ ، هەر ئەو ئاغای ئارنجی کە ئاماژەی پێ کرا دوێنێ یان پێرێ لە قسەکانی دا گوتبووی کە تەنانەت ئەو بۆخۆی کە لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتییەیە  لەو مێدیای دا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئاکەپە دایە نایەڵن قسە  بکا


وەلی: دەزانی، دەنگی نەتەوەگرەکانی تورکییە وەک یەک نییە، توێژاڵکێک لەوان لە ڕووی نەریتییەوە دەنگ دەدەن بە پارتیی حەڕەکەتی میلی . یانی حیسابی کاری ئەوان دیارە. لەو ناوە دا توأاڵکێکی دیکە هەن لە دەنگدەرانی پارتیی حەڕەکەتی میلی کە هێشتا بڕیاریان نەداوە لەم هەڵبژاردنە دا دەنگ بدەن بە کێ. هێندێک تێندێنسیان بەرەو ئاکەپە تێدا پەیدا بووە چونکە لە ڕێبەریی مەهەپەش دا تا ڕادەیەک دەردەکەوێ لەرانەوەیەک هەیە و بەر لە دەست پێکردنی بەربەرەکانی هەڵبژاردنی ئەم جارە کوڕی دامەزرێنەری ئەو پارتییە ، توغروڵ تورکەش بەرەو ئاکەپە چوو. ئەو مەسەلانە لەوێ هەن و بە دیارەوەن . بەڵام شتێکی کە ئاکەپە دەبێ کاری لە سەر بکا ئەوەیە ئەو دەنگدەرە بە توانایەکییانەی کە هێشتا بڕیاریان نەداوە ، مەسەلە ئەوەیە کە ئەوان تاچ ڕادەیەک ئەو مەسەلەی وورووژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی خەڵک لێرە دا – یەک میلەت ، یەک زمان . یەک کولتوور ، یەک مێژوو و یەک دەوڵەت – ئەوانە لە هەلومەرجی ئێستا دا دەکەونە ژێر تەئسیری ئەو سیاسەتە یان نا ؟ بەڵام بۆ وێنە دەزانین کە لە هەڵبژاردنی پێشوو دا زنجیرەیەک کار کران کە بە زەرەری ئاغای ئەردۆغان تەواو بوون. بۆ وێنە بردنی قورئان بۆ میتینگی بەربەرەکانی هەڵبژاردن . بە باوەڕی من ئەوە تەنانەت لە ڕوانگەی توێژە مەزەبییەکانیش  جێی قەبووڵ نەبوو.

وەلی: بە باوەڕی من دژوارە ئاک پارتی بتوانێ لە ڕادەی ٢٦٧ کورسی تێ پەڕێنێ. ئەمن ئەوە بە دژوار دەزانم. ئەگەر تێ نەپەڕێ دەبێ ئیتیلاف بکا . ئیتیلاف لەگەڵ پارتیی حەڕەکەتی میلی (مەهەپە) وێدەچێ ئەگەری هەرە مومکین بێ، لە کاتێکدا دوای لێکدانەوەی ئاکامی هەڵبژاردن ئەگەر مەهەبە بگاتە ئەو ئاکامەی کە زیاتری ئەو دەنگانەی بۆ ئاکەپە چوون لەبەر لە کورتێی دانی دەنگەکانی خۆی بووە ، ئەگەر ئیتیلافێکی ئەوتۆ کەمتر دەبێتەوە چونکە ئەگەر ئیتیلافێکی ئاوا بکرێ مەهەبە دەتوێتەوە و جەزب دەبێ. بەو پێیە دوو پارتی دەمێننەوە، یەکیان پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵان و ئەویدیکەشیان پارتیی کۆمارخوازی گەل ( جەهەپە). مەسەلەیەکی دیکەش هەیە ئەگەر ئاکەپە بشکێ  و لێرە پارتییەکی پێنجەم ساز ببێ ، ئەگەری ئیتیلافی پارتییەکی ئاوا لەگەڵ جەهەپە و هەدەپە بە زیادەوە هەیە .







Sunday, October 25, 2015

ووتاری بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان بۆ دەنگدەرانی بریتانیا



ووتاری بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان بۆ دەنگدەرانی بریتانیا
یەکشەمە ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥، دۆمینیۆن سێنتر، لەندەن  

وەرگێڕان لە تورکییەوە: حەسەن قازی

دروشم گوتنەوەی بەشداران بۆ بە خێڕ هێنانی دەمیرتاش  " بە دژی فاشیزم ، شان بدەنە شانی یەک "
هاوڕێیانی زۆر خۆشەویستم!
خوشک و برایانی بە قیمەتم!
وەکوو هەمیشە بە جۆش و خرۆشی خۆتان، بە هەیەجانی خۆتان، بە هیوای خۆتان لەم ساڵۆنە دا کۆ بوونەتەوە. هەر کام لە ئێوە بە هاتنتان گەورەتان کردم، بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. بەخێر بێن خوشکوبرا
بە قیمەتەکانم.
دیتنی ئێوە لە لەندەن بەو هەموو هەیەجانەوە ، بە خۆشەویستی و باوەڕییەوە سەڕەرای هەموو جۆرە گوشار و زوڵمێک  ئاوا بە سەر بەرزی دەتان بینم ئەوەش دڵگرمی دەدا بە ئێمە. هەمووتان بەخێر بێن خوشکوبرایانی بەڕێزم.
دروشمی بەشداران
"قاتڵان دەبێ سەری خۆیان بخوێننەوە "
خوشکوبرایانی بەڕێزم
لە سەروبەندێکی دژوار دا، لە سەروبەندێکی پڕ لە گوشار دا، لەگەڵ ئێوە بەیەکەوەین. چەندە ناخۆش، چەندە تاڵە کە قەتڵی عامەکان، مردنەکان ، زوڵمەکان ئەو شتانە نین کە بۆ ئێمە بێگانە بن. چەندە تاڵە، مێژووی نزیکمان ، مێژووی ڕابردوومان ، پڕە لە دەرد و کول. لە یەکێک لە خاکە هەرە بە بەرەکەتەکانی دنیا دا، لە جوگرافیایەک دا کە مێژوو چاوی بە  یەکەم شارستانییەت پشکووتووە ،جوگرافییایەک کە نزیکەی ٣٠ شارستانی گەورەی لەخاکەکانی مێزۆپۆتامیا، ئانادۆڵی و لە کوردستان دا ساز کردووە ئێستا و بە داخەوە ساڵانێکی درێژە کە تەنێ دەردو کول دەچێندرێ و هەر دەرد وکولە کە بەرهەم دێ. ئەوانە ڕەنگە یەکەم ئەو دەردانە نەبن کە چێشتوومانن بەڵام، هیچ کات خوومان پێ نەگرت . قەت خوومان نەگرت بە قەتڵی عامەکان،نەفی کردنەکان، جێنوسایدەکان، ئەشکەنجەکان.
ئێنسان چۆن خوویان پێ دەگرێ. کەسێک خۆی بە ئینسان بزانێ چۆن خوو بەوانە دەگرێ. بەڵام ئەوەش هەیە ئەی خوشکوبراکانم  کە ناچار بوون لە ووڵاتەوە کۆچ بکەن، ڕاستە لە سەر خاکەکەمان، لە ووڵاتەکەمان دەرد و کول هەیە ، زوڵم هەیە بەڵام بەرخوەدانێکی بەشکۆش لە ئاست زوڵم  هەیە ، قارەمانانی ئەوتۆ هەن کە سەر لە ئاست زوڵم دانانەوێنن ، ئێوە هەن  ( چەپڵە و تلیللی بەشداران ) و ئەو شتەی کە لەئاست ئەو دەرد وکولانە هێزمان دەداتێ ئەوەیە، بەیەکەوە بوونە ، چ لە ناو دەرد و کول و چ لە خۆشی دا بەیەکەوە بوون و یەکگرتنەوە گرینگە. لە ووڵاتەکەم دا هەموو گەلە جوانەکانی، باوەڕەکانی ، ناسنامەکانی بە دەرد و کول بە یەکەوە بوونیان ، هەر وەک لەم ساڵۆنە دا دەیبینین، هەر کامەی بە ڕەنگی خۆیانەوە لە باغچەی گوڵان دان و گوڵێکی بە قیمەتن  و لەو خاکەی دا کە هەموو ڕاستییەکانمان ئینکار دەکرێن  و بە هیچ دادەندرێن لە بەر بەیەکەوە بوون و شان بە شانی یەک وەستانمانە کە دەتوانین لە ئاست ئەو دەرد و کولانە خۆ ڕابگرین. لە بەر ئەوەی بەیەکەوە بەرخوە دەدین دەتوانین لە بەرانبەر ئەو دەردو کولانە دا ڕاوەستین.
[ دروشمی ئامادە بوان ]
و هەڵبەت ئەم هەڵوێستەیە کە دەتوانێ حیساب بپرسێتەوە. ئەمن بەم بۆنەیەوە، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو دۆستەکانمان ، لە  هەموو پێشکەوتووەکان ، شۆڕشگێڕەکان و دێمۆکڕاتەکانی دانیشتووی لەندەن دەکەم. ئێوە لێرە زۆر چاک کارتان کرد، سەرەڕای دژوارییەکان لە دەوری یەکدی کۆ بوونەوە و لە ٧-ی حوزەیران ئەو بەیەکەوە بوونەتان   دەرخست و لە هەموو دنیا دا ڕێکۆردێکتان شکاند . لێرە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلانتان ، یانی یەکێتیی گەلانتان
[ چەپلەی ئامادە بووان ] کردە یەکەم پارتی و لە هەموو دنیا دا بە بەرزترین ڕێژەی دەنگ ڕێکۆردتان شکاند. ئەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە پەیامێکی زۆر گرینگە کە پێمان دراوە. هەر دەنگێکی کە ئێوە لە سندووقتان هاویشتووە ئەمرێکە کە بە ئێمە کراوە ، ئەوە ئامۆژگارییەکە بە ئێمە دراوە. باوەر بکەن، ئەو جەواڵانەی کە لێرە، لە لەندەن زەرفەکانی تێ کرا، واتە دەنگەکانی ئێوە ، هەر کامێکیان کە دەکراوە ئێمە لە هەر کامێکیان دا تەنێ ئەو مۆرە نابینن کە بۆ پەسندی هەدەپە کراوە ، ئەوان بۆ ئێمە تەعلیمات و ئامۆژگارین. ئێوە بەو دەنگانە بە ئێمەتان گوت ئێمە لە ووڵاتەکەمان دا ئازادیمان دەوێ ، ئێمە برایەتی و خوشکایەتمان دەوێ. ئەوانەی ئەو مۆری پەسندەیان لێ داوە ، ئەوانەی لە ژێر ناوی هەدەپە دا مۆری پەسندیان لێ داوە ، کوردین، تورکین، سونیین، عەلەوین، چەرکەزین، لازین، ئەرمەنین ، بەڵام خوشک  و براین. لە ژێر چناری هەدەپە دا مۆری پەسند لێ دەدەین . گوتتان ئاشتی مان دەوێ و ئێمە لایەنگری چەوساوەیانین. ئەوەش بۆ ئێمە ئەمرێکە، ئێمە ئاوامان وەرگرت. ئێمە وای لێ تێگەیشتین. ئەو دەنگە ئەوەندە بەقیمەتە کە بە هەزاران کیلۆمیتر دوور لە نیشتمان ووڵاتەکەی لە بیر ناباتەوە و بۆ ئەوەی ببێتە مەرهەم بۆ ئەو دەرد وکولەی خوشکو براکانی لەوێ دەیچێژن دەچێتە پای سندووق ، بۆ ئەوەی بڵێ ئەمن ئێوە لە بیر ناکەم. لە لەندەنم، لە ئینگلیستانم بەڵام  دڵم لەگەڵ ئێوەیە ، لە گەڵ ئەوانەی لەوێ بەرخوە دەدەن لێ دەدا. لەگەڵ ئەو قارەمانانەی لەوێ سەرمان بەرز دەکەنەوە ، لەگەڵ خوشکوبراکانمان دڵمان لێ دەدا، بەڵێ ئەوەتان گوت. [چەپڵەی ئامادە بووان ]
لە بەر ئەوە، ئەو کارەی کردتان زۆر بە قیمەتە. ئەوە تەنێ بریتی نییە لە دەنگێک، لە زەرفێک. ئەوە لە ئاست دابەشکرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیامێکی زۆر بەهێزە کە بەناوی یەکێتی و یەکسانی دراوە. لە تورکییەش شتێکی کە هەرە زۆر حەوجێمان پێی هەبێ ئەوەیە. هێناویانینە دۆخێکی ئاوا ؛ هەمیشە هەر باسی دەکەم. ڕاستییەک باس دەکەم کە قرچە لە دڵم دێنێ. ئەو ڕاستییە چییە؟ باوەر بکەن، باوەڕبکەن ئەو زمانەی کە بە کاری دەهێنن ، ئەو سیاسەتەی کە بەڕێوەی دەبەن ئیدی تورکییەی هێناوەتە دۆخێکی ئاوا کە گەڕەکی لە گەڕەک دابڕیوە. گەڕەک بە گەڕەک، شار بە شار ناڵێم، گەڕەک بە گەڕەک واتە ئەوانەی کە دەنگ دەدەن بە پارتیی دەستەڵاتدار و ئەوانەی دەنگی پێ نادەن. بەو شێوەیە تورکییەیان بە دوو  دابەش کردووە. ئەوانەی دەنگیان نادەنێ خائین بە نیشتمانن ، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ دوژمنی ووڵاتن، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ تێڕۆریستن ، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ جیاوازیخوازن، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ مافی ژیان لەو ووڵاتەیان دا نییە و دۆژمنانی دێمۆکڕاسین . شەو وڕۆژ ئەوەیان گوت . وورد بنەوە ئێستاش هەر ئەوە دەڵێن. وورد بنەوە، کە داوای دەنگ دەکەن چ دەڵێن؟ دەڵێن ئێمە و ئەوان. مەبەستیان لە ئەوان کێیە؟ مەبەستیان ئێمەیە. لە کاتێکدا پەیامەکەیان ئاوا بڵاو دەکەنەوە، دەڵێن ئەو خائینانە بە نیشتمان، ئەم جیاوازیخوازانە ، ئەم تێرۆریستانە، یانی ئەوانەی کە دەنگ نادەن بە ئاکەپە هەموویان کردە دوژمن و بە داخەوە ئێستا وەکوو چارە بۆ ئەم دۆخە لەیەک دابڕاوەی ووڵات هەر ئێمە ماوینەتەوە. ئەوەی ناوەرۆکی چەمکی ئاشتی،خوشکووبرایەتی، ئازادی و دێمۆکڕاسی بەلیاقەتەوە دەتوانێ پڕ بکاتەوە ئێمەین کە ماوینەتەوە. ئەگەر ئێمەمان لەم سەروبەندە دا  خۆمان لە ووڵاتەکەمان و لە داهاتوومان نەکەینە ساحێب ، ئەگەر لەم سەروبەندە مێژوویییەدا دەوری خۆمان نەگێڕین ، باوەڕ بکەن منداڵەکانمان، نەوەکانمان، تەنانەت دەبێ مۆم بە دەستەوە لە تورکییەی ئەمڕۆ بگەڕێن .

وەزعی سوورییە و عێڕاق لە بەر چاوە. هەتا یەمەن، لە میسرەوە تا لیبی تا لوبنان وەزعی ووڵاتەکان لە بەر چاوە. لەو ووڵاتانە بۆچوونێکی وەک هەدەپە خۆی نەگرت و هێزی وەدەست نەهێنا بەداخەوە چونکە گەلان، ناسنامەکان ئەگەر یەکتری بە دوژمن نەبینن ، لە شوێنێک بەیەکەوە نەمێننەوە ، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە ڕا زۆر هێز هەنە کە بتوانن ئەوان بکەن بە دوژمنی یەکتری. زۆر هێز هەن کە لە مەتەرێز و بۆسان دا چاوەڕێ دەکەن. ئێمە لە هەمبەر هەموو ئەوانە دا یەکێتێکی گەورەی دێمۆکڕاسیمان پێکەوە نا. ئەوە واقعییەتی ووڵاتەکەمانە. لە ووڵاتی ئێمە، لەو خاکانە دا هیچ کەس لە سەر بنەمای تاکێتی ناتوانێ هیچ شتێک دابمەزرێنێ. چەمکی تاکێتی بۆ ووڵاتی ئێمە چەمکی هەرە بە مەترسی یە. پێیان وایە کە ووڵات ئەگەر هەتا ئەمڕۆ دابەش نەبوو بێ و هەڵنەوەشابێ ، لە بەر تاقە زمان و تاقە میللەتە کە هەڵنەوەشاوە. نەخێر! دەوڵەت مەفهوومێکی فاشیستی، ڕەگەزپەرستانەی داسەپاند ، بەڵام نەیتوانی لە کۆمەڵ دا تاکێتی دامەزرێنێ. لە بەر ئەوەیە بەیەکەوەین. بە باوەڕیمان بە کولتووری پلوورالیستی ، بە تێگەیشتنی پلوورالیستیمانەوە ئێمە لە جێدا لە تورکییە لە گەڵ دەوڵەت و دەستەڵاتەکان دا قەت  نەسازاین. گەل شتێکە و دەوڵەت شتێکی دیکەیە. و بە داخەوە لە ووڵاتەکەمان دا دەوڵەت هەرچییەکی بێ پیرۆزە ، وەک نیوە خودایەک وایە، ناگۆڕدرێ، نابێ تخوونی بکەوی . هەر ڕەخنەیەکی کە لە دەوڵەتی بگیرێ تاوانبار دەکرێ بە خیانەت بە نیشتمان و دەتان خاتە دۆخێکی ئاواوە. هەر وەک ئەمەی لەم ڕۆژانە دا  ڕوو دەدا. قەتڵی عام دەکا، ناکرێ قسەی لێوە بکەی. ئەشکەنجە دەکا، ناکرێ باسی بکەی، قەدغەیە. چونکە حاشا، دەوڵەت لە تورکییە نیوە خودایە.  هەر کەس تخوونی بکەوێ دەسووتێ. هەمیشە ئاوا بووە لە مێژووەکەماندا.
ئێستا ئێمە دەمانەوێ ئەو تێگەیشتنە نەهێڵین . ئەو دەوڵەتەی ئەوان باسی دەکەن، دەمانەوێ ئەو تێگەیشتنە هەڵە و قێزەوەنەی کە دەوڵەتی کردووتە شتێکی پیرۆز ڕاست بکەینەوە. بۆ ئێمە ئەوەی پیرۆز بێ ئینسانە. لە ڕوانگەی ئێمەوە دەوڵەت خزمەتکاری ئینسانە. پیرۆزی چی و شتی چی؟ دەوڵەت کۆیلەی ئێمەیە، کۆیلەمان. [ چەپڵە لێدانی ئامادەبووان]، پارەکەی دەدەینێ و هەڵدەسووڕێ و کار دەکا، هەر ئەوەندە. هەر ئەوەندە.

باج و ماڵیاتەکەمان دەدەین ، مەعاشی پێرسۆنێلی دەوڵەت دەدەین ، مەعاشی سەرۆکوەزیر و سەرۆک کۆماریش ، ئی نوێنەری پارڵمان و ئی برۆکڕاتەکانیش. کاری دەوڵەت خزمەت بە میلەتە. جێگای ئەوان ساز کردنی پێرۆزایەتێکی نوێ نییە . هەر ئەم ڕۆژانە، قەتڵی عامی ئانکارا، قەتڵی عامەکانی سورووچ و دیار بەکر، بە چاو لە چاو بڕین، بە یارمەتی وەرگرتن لە نێو دەوڵەتەوە ، ڕێکخراوەیەکی دڕندە و بابڕی وەک داعش کە بووەتە بەڵا بە سەر ئیسلام، ئینسانییەت و هەموو ناوچە دا بە ڕاحەتی دەتوانێ بێ قەتڵی عام بکا. و دەڵێن لەو بارەیەوە بۆتان نییە تاقە ڕەخنەیەکیش لە دەوڵەت بگرن. وورد بنەوە ، هەموویان دەستیان داوەتە دەستی یەکەوە و دەیانەوێ لە ڕووی سیاسییەوە لینچمان بکەن . لێی وورد بنەوە،  بە ووردی گوێ لە سەرۆکوەزیر و لە سەرۆک کۆمار بگرن  دۆخەکەیان گەیاندووەتە ئەو ئاستە کە ئەو ڕەخنەیەی کە ئێمە لە دەوڵەتی دەگرین  لە مەیدانان دا بە دوژمنایەتی ئێمە لەگەڵ گەل و میلەتی دادەنێن. دەبینن  دەڵێن: ئەی گەلەکەمان؛ ئەی میلەتەکەمان ئەوانە دەوڵەت و میلەت بە قاتل نێوزەد دەکەن. چونکە دەیانەوێ بە تێگەیشتنی پیرۆزیی دەوڵەت مێشکی خەڵک جارێکی دیکە بە تیوری نێوبەتاڵ دابگرن ، باوەڕیان پێ بهێنن و بەرەو لای خۆیانیان ڕاکێشن. پێشتریش دووپاتەم کردووەتەوە ، ئەگەر نەزانین و باوەرمان پێی نەبێ نایڵێین: ئەم دەوڵەتە قاتڵە، قاتڵ. لە مێژوو دا ئەوەندە قەتڵی عام کردووە ، [ چەپڵەی ئامادە بووان]  قاتڵە ئیدی.
[ قاتیل دەولەت حیساب وێرەجەک = دەوڵەتی قاتڵ دەبێ سەری خۆی بخوێنێتەوە ]
باشە  قەتڵی عامی دەرسیم کێ کردی ؟  لە چۆرم، لە مەرعەش، لە سیواس  کێ قەتڵی عامی کرد؟ لە غازی، لە گەزی ، لە ڕۆبۆسکی کێ قەتڵی عامی کرد؟ بڕوانن! دەوڵەت گشت ئەوانە دەکا، بەڵام نابێ مافی بخورێ لە سەر کوری زەوی هیچ دەوڵەتێکی ئاوا سەرکەوتوو نییە کە بتوانێ ئەوانە داپۆشێ. دەرەجە یەکە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]
بۆ سەرپۆش کردنیان دەرەجە یەکە. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ]. ئەوە نییە کە لە ناو دەوڵەت دا هێزە تاریکەکان ئەوانە بکەن. بە شێوەیەکی ئاشکرا هێزەکانی ناو دەوڵەت ئەشکەنجەتان دەدا ، بەڵام ئەگەر ئێوە بتانەوێ لە بەر ئەو ئەشکەنجەیە ئیعلامی جورم بکەن ، لێپرسینەوە لەگەڵ ئێوە دەکەن. بڕاونن هێندە لە مێژ نییە ٤٠٠ بینای پارتی مان و شوێنی کار سووتێندران ، بە شەوێک ، دوو شەو ٤٠٠ شوێنمان سووتێندران لە بەڕچاو هەموو پایەکانی دەوڵەت دا ، بە هاوکاری پۆلیسان. بە هاوکاری بەڕێوەبەرانی ئەمنییەت و قایممقامان، بە ئامادە بوونی میدیا ، لە بڵاو کراوەی زیندوو دا بیناکانمان ئاوریان تێ بەردرا. بڵێسە بە دوای بڵێسە دا، لە هیچیان دا موداخەلە نەکرا.نەیانهێشت موداخەلە بکرێ. چونکوو دەوڵەت قەراری دابوو، دەسووتێندرێ. گوتبوویان چارەیەکی دیکە نییە. لە کاتێکدا گشت ئەو بینایانە سووتێندران و ڕووخێندران دۆزیان بە دژی کێ کردەوە؟ بە دژی من. چونکە گوتم ئەوانە دەوڵەت ئاوری تێ بەرداون. بۆ سەرداپۆشینی کاری ئەوتۆ سەرکەوتوون . بە هەزاران ئینسانیان ڕژاندە سەر کۆڵانان، بە ڕۆژان کەمپەینی لینچیان بەڕێوە برد ، هەر دۆز لە دژی پیاوێک کراوە، ئەویش ئەو پیاوەی کە بیناکانی پارتییەکەی سووتێندرابوون، دۆز بە دژی هاوسەرۆکی پارتییەکە کراوە.
بۆیە نابێ حەول بدەن ئەم دەوڵەتە وەکوو شتێکی مەعسووم و سپی وەک شیر بە سەر ئێمە دا داببڕن. ئێمە دژی دەوڵەت نین، ئێمە دژی دوڵەتی فاشیست، دەوڵەتی ملهوڕ و دژی دەوڵەتی بابڕین. دەمانەوێ دێمۆکراتیکی بکەین. نەک دابەشکردن و پارچە کردنی. دەمانەوێ بیکەین بە ماڵوموڵکی گەل. دەوڵەت لە دەست گەل ئەستێندراوە بردراوەتە تەشقی ئاسمانان. دەمانەوێ بیهێنینە سەر زەوی. یانی ئەو جێگای لێی دەوەشێتەوە ، دەمانەوێ لە شانی ئینسانی بەر بە خوارەوەتر بێنین. بەو پەڕییەوە جێگای دەوڵەت دەتوانێ ئەوێ بێ [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان].
دەمانەوێ ئەوە بکەین. ئەوە پرسێکی گرینگە و تا ئەو کاتەی جێ بە جێمان نەکردووە ئێمە نابین بە ئێمە. تا ئەو کاتەی کە دەوڵەت ئێمە وەکوو کۆیلەی خۆی ببینێ ئێمەمانان نابین بەو شارومەند و گەلانەی کە بەپێی قانوونی بنچینەیی مافمان مسۆگەر کرا بێ. ئیزن نادەن بەوە.
پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ( هەدەپە ) دەیەوێ ئەوە بگۆڕێ. ئەگەر هێزمان هەبێ، ئەگەر بێینە سەر دەستەڵات، ئێمە بەڵێنی دەوڵەتێکی دێمۆکڕاتیک دەدەین بەهەموو کۆمەڵی تورکییە. نەک دەوڵەتێک کە لە سەراوە لەلایەن تاقە کەسێکەوە ئیدارە بکرێ، بەڵکوو لە هەمو جێیەک.  لە گەڵ ئیدارەی ناوچەیی بەهێز، سەرۆکی شارداری، مەجلیسی شارداری بەیەکەوە کە بتوانن دێی خۆیان،  شاری خۆیان بەڕێوەبەرن هەر بۆیەیە کە سیستمی خۆسەری پێشنیار دەکەین . بڕوانن، ئەوە دەڵێین: دەنگمان بدەنێ بۆ ئەوەی سەڵاحییەتەکان بدەین بە ئێوە. ئەویدی دەڵێ چی؟ دەڵێ دەنگمان بدەنێ ئەمن دەبم بە سەرۆک کۆمار، بە تەنێ ووڵاتەکە بەڕێوە دەبم .
ئێمە باسی دوو دنیای جیاواز دەکەین. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]  باسی دوو جەمسەری جیاواز دەکەین. ئێمە لە بەر ئەوەیە کە کارێکی مێژوویی دەکەین. داهاتووی ڕووناکی ووڵاتەکەمان بێرە دا تێدەپەڕێ. و ئەوە وەکوو کێ دەکەین؟ هەر کەس کە لە تورکییە دا بژی. تەنێ هەر کوردەکان نین، تەنێ هەر تورکەکان نین. هەموومان بەیەکەوە دەیکەین. لە جێدا ڕازی سەرکەوتن لێرە دایە. بەیەکەوە خەبات دەکەین ، بەیەکەوە سەردەکەوین بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکەوە بژین. بۆ ئەوەی یەکسان بژین. بێ ئەوەی لە یەکتری بترسێین. بێ ئەوەی یەکتری وەکوو هەڕەشە و مەترسی ببینین. بێ ئەوەی لە دەوڵەت بترسێین. بێ ئەوەی دەوڵەت وەک هەڕەشە و مەترسی ببینین. ڕێگای بەیەکەوە ژیان بە خەبات بەیەکەوە کردن دا تێدەپەڕێ.  بە شانبەشانی یەکتر وەستان تان، هەر ڕۆژە و هەر سەعاتەی زیاتر لەگەڵ یەکتری دا دەبن بە دۆست. دەبنە هاورێ ، دەبنە خوشکوبرا. لە هەمان پارتی و لە هەمان باریکاد دا ، لە هەمان میتینگ دا، لە هەمان مانگرتن دا ئەوانەی کە بەرخوە دەدەن دەکرێ لە یەکتری تێ بگەن [ چەپڵەی ئامادە بووان ]
ئەگەر بەو شێوەیە سەرکەوتن بە دەست بهێندرێ ، ناوی سەرکەوتنەکە دەبێ بە سەرکەوتنی دێمۆکڕاتیک. دەبێ هەموو باوەڕییەکان بە یەکسان دابنێین، دەبێ هەموو ناسێنەکان بە یەکسان دابنێین. دەوڵەت نابێ فەرق و جیاوازی لەگەڵ کەس بکا، نابێ بیکا.  دەوڵەت لە بەر ئەوەی ئەتۆ دەچییە جەمخانە،  دواجار، نابێ و بۆی نییە پێت بڵێ  ئەتۆ هەڕەشەی و مەترسی . جەم ئێوی  [ جەمخانە] بۆ عەلەوی قزڵباش پەرستگەیە. تەواو، نوختە، هەر ئەوەندە. دەوڵەت بۆی نییە قسە لە سەر ئەوە بکا. تەنێ قەبووڵ کردنی دەکەوێتە سەر ئەستۆی دەوڵەت  [ چەپڵەی ئامادە بووان ]، تەنێ قەبووڵ کردنی . و بەداخەوە لە ووڵاتەکەمان دا ئازادیی ئەو ڕەنگاوڕەنگی و ئەو دەوڵەمەندییە نییە. بریا هەبووبا. هەر کەس بە پێی باوەڕی خۆی ژیابا ، بە پێی ئەوەی باوەڕی پێیەتی ژیابا ، بریا ئازاد بووبا. دەڵێن و دەپرسن داخواد لە ووڵاتەکەمان دا کەس هەیە ئازاد نەبێ؟ کەس هەیە یەکسان نەبێ؟ با نموونەیەکتان بۆ باس بکەم. ڕۆژووی موحەڕەم، ئێستا لە تازییەی موحەڕەم داین. ڕەمەزانیش تەجروبە دەکەین. ئەمن موسوڵمانێکی سوننی م، سەر بە ڕارەوی شافیعی. ڕەمەزانیش دەبینین. هەموو ڕۆژێ لە تێلێڤیزۆنەکان دا تا بەیانی بەرنامەی ڕەمەزان، بەرنامەی ئیفتار، ڕێوڕەسمی ئیفتار لە لایەن ئەرکانەکانی دەوڵەتەوە، بڵاو دەکرێنەوە. باشە گەلۆ عەلەوییەکانیش شارومەندی ئەو ووڵاتە نین؟ سەبارەت بە ڕۆژووی موحەڕەم ، لە کامە کاناڵ دا کامە پڕۆگرام هەیە؟  [ چەپڵەی ئامادە بووان]
کۆمەڵ چ حەساسییەتێکی هەیە؟  کامە ئەرکانی دەوڵەت ڕۆژووی موحەڕەم لە گەڵ عەلەوییەکان دەشکێنێ؟  کێ؟  ئەی کوا یەکسانی؟  کوا ئەوەی کە هەموو خوشکوو برانە؟ کوا ئەوەی دەتگوت ئافرێنەرت لە بەر ئەوەی ئافراندوویە خۆش دەوێ  درۆزن ! درۆزنی ئیدی. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ] .
داخودا لە من و تۆ  باج و مالیات وەردەگرێ؟  وەردەگرێ. کاتێک وەردەگرێ دەڵێ با عەلەوییەکان مالیات نەدەن؟ دیارە ناڵێ. دەڵێ ئەمن خزمەت بە عەلەوییان ناکەم بۆیە پێویست ناکا باج و ماڵیات بدەن. وا دەڵێ؟ دیارە وا ناڵێ. هەتا قرووشی دوایی باج و ماڵیات وەردەگرێ. لە کوردیش وەردەگرێ، لە لاز، لە چەرگەز، لە ئەرمەنی ، لە عەڕەب ، لە هەموو کەس باج و ماڵیات وەردەگرێ. جا کار کە دێتە سەر خزمەت کردن بۆچی فەرقوجیاوازی لەگەڵ ئێمە دەکرێ. بۆچی ئێمە بە زمانی دایکی پەروەردە ناکرێین؟ [ چەپڵەی ئامادە بووان ] . بۆچی ئێمەمانان ناتوانین وەک کورد بژین؟
ئەوانە بلۆفن، بلۆف. دەڵێن هەموومان یەکسان دەبین، یەک دەبین. ئەوە ترۆپکی درۆیە. ئەوانە ترۆپکی درۆزنن. ئەوانە مامۆستای درۆن. ئەوەی ستاژێر تازە دەستی کردووە بە درۆ. گەورەکەی مامۆستای درۆیە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]. ئەوەی دیکە لێی نازانێ، تازە کوورەیە. بە قسە لە لای مامۆستاکەی پەروەردەی دیتووە، بەڵام هێشتا بە تەواوی فێر نەبووە. قسەی درۆ دەکا، بەڵام لە چڕ و چاوییەوە دیارە. کاتێک درۆ دەکا دەمووچاوی سوور هەڵدەگەڕێ. ئەوی دیکەیان مامۆستایە، هەر بە پێوە دە درۆیان ڕیز دەکا ، هەر هەستیشی پێ ناکەی. [ چەپڵەی ئامادە بووان ].
دەڵێن خوشکوبرایەتی! هیچ ووڵاتێکی دیکە وەک تورکییە نییە کە چەمکی خوشکووبرایەتی ئەوەندە لە ناوەرۆکەکەی بەتاڵ کرا بێ.دەڵێن ئێمە ٨٠ میلیۆن خوشکووبراین. ئێمە چ ئعترازێکمان سەبارەت بەوە نییە. بەڵام ئەتۆ لە ژێر چەمکی خوشکووبرایەتی دا ئێمە هەڵدەفریوێنی. ئێمە دەچەوسێنییەوە. ئەتۆ ئەوانەی دەنگت پێ دەدەن بە خوشکوو برا دادەنێی و ئێمە وەک دوژمن دەبینی. ناوەرۆکی چەمکی ئاشتی ت بەتاڵ کردووە. بە گوتنی ئاشتی مەبەستی چۆک پێدادانە لە بەرانبەر خۆی دا. مەبەستی لە بەیعەت پێ کردنێتی. کاتێک دەڵێ ئاشتی مەبەستی ئەوەیە هەموو کەس ببێتە ئاڵقە لە گوێی. بەڵام ؛ کاتێک ئێمە باسی ئاشتی دەکەین، مەبەستمان ئازادییەکان و دێمۆکڕاسی یە.
هەر هەمان چەمکەکان بە کار دەهێنین ، بەڵام ئەوان درۆزنن، درۆزن. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان] . ئێمە  باسی حەقیقەت و ڕاستییەکان دەکەین، واقعییەتەکان دەڵێین. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ] هەر بۆیەیە کە ئێمە بە مەترسییەکی ئاوا گەورە دەبینن، چونکە بەری ڕۆژ بە بێژینگ ناگیرێ. ناتوانێ سەری ڕاستی بە خیز داپۆشی. هەرچییەکی دەیکەی بیکە، ئێمە هێزی خۆمان لە حەقیقەت وەردەگرین. لە ڕاستییەکانی گەلی وەردەگرین. بۆیە دەروەستمان نایەن. درۆزن ، ئەوەی درۆ دەکا لە ئاست حەقیقەت دا درەنگ یان زوو بە گردبڕی ئاشکرا دەبێ. مۆمی درۆزن هەر دەتوێتەوە. لە ٧-ی حوزەیرانەوە تا ١-ی نۆڤامبر دایسێ  [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ]. دەی دوایە چ دەکەن؟ دوایە چ دەکەن؟
بەڵێ! زەمانی دێ. وەخراین و وەدرەنگی کەوتین. هەموو چەوساوەکانی تورکییە، بۆ هاتنە لای یەکتری وەدرەنگی کەوتین. بۆ شانبەشانی یەکتری وەستان وەدرەنگی کەوتین. هەرچەند لە گەڕەکی جۆر بە جۆر خەباتیشمان کرد، هەر چی لە دۆڵ و دەرەی جۆر بەجۆرەوە جیا لەیەکتر حەولمان دا بگەینە دەریا، بەڵام نەمانتوانی ببین بە ڕووبارێکی گەورە، وەخراین ، ئێستا ئەو کەمایەسییەمان تێ هەڵدێنینەوە. بە گوڕ دێێن و ئینشاڵا لە یەکی نۆڤامبر دا هەموو بەیەکەوە هێمی ژیانێکی نوێ دادەمەزرێنین. زەمانی هاتووە و تێشپەڕیوە. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ]
[ فاشیزمە قارشی ئۆمووز ئۆمووزە = بە دژی فاشیزم شان بدەنە شانی یەک ]
خوشکووبراکانم!
لە بە یەکەوە بوون مەترسێن. شان بە شانی یەکتری وەستانی چەوساوەکان هێزی هەرە گەورەیە. چەوساوە زوڵم لە چەوساوە ناکا. لە یەکتری مەترسێن. ناسێنەکانتان، مەزەهەبەکانتان، شێوازی ژیانتان ، ناوچەکانتان دەکرێ جیاواز بن ، دەکرێ زمانەکانتان جیاواز بن، تەنانەت ئەگەر لە یەکتریش تێنەگەن، بە تەنیشت یەکەوە بن و بەیەکەوە بن، چونکە ئێوە گشتتان بەیەکەوە وەک چەوساوە ، وەکوو خاوەنانی ڕاستەقینەی ووڵات، وەکوو گەل، ئیدی ئەگەر خۆتان خۆتان بەڕێوە نەبەن، ئەگەر لەوە دا سەرنەکەون، منداڵەکانمان و نەوەکانمان دەتوانن زۆر لەوە زیاتر تەجروبە بکەن کە  ئێوە تەجروبەتان کردووە. زیاتر لەوە دەچێژن کە ئێمە چێژتوومانە . کێهەتان دەتانەوێ منداڵەکانتان لەم دژوارییانەی کە لە ووڵات دا هەن گەورە بن؟ کامەتان دەتانەوێ نەوەکان دا تێکڕووخاندنی لادێکان ببینن؟ ئەشکەنجە و زوڵم ببینن؟  کامەتان دەتانەوێ؟ ئەگەر نامانەوێ زەمانی بڕیار دانە، تەنێ لە هەڵبژاردنەکان دا نا، لە هەموو جێیەک دەبێ شانبەشانی یەک خەبات بکەین ، دەبێ بە دژی فاشیزم شان بدەینە شانی یەک. دەبێ لەهەموو جێگایەک لەوە دا سەرکەوین [ چەپڵەی ئامادە بووان ] .
[ فاشیزمە قارشی ئۆموز ئۆمووزە = بە دژی فاشیزم شان بدەنە شانی یەک ]
لە ٧-ی حوزەیران  لە کارێکی گەورە دا سەرکەوتین. ئەوەی دەیانگوت نابێ، ئەو شتەی دەیانگوت ئیمکانی نییە وەدیمان ‌هێنا و گیانمان بە بەردا کرد. لە مێژووکەماندا پارچە پارچە بوونی چەوساوانمان تاڕادەیەکی زۆر بە لا دا خست. ئەوەیان بۆ هەزم ناکرێ چونکە دەزانن  ئەو هێزە چەندە کاریگەر و گەورەیە. بۆیان هەزم ناکرێ چونکە ئەو ڕێبازەی چارەنووسی تورکییە دەگۆڕێ ، ئەم ڕێبازەیە. ئەو ڕێبازەی کە تورکییە لە شەڕ ڕزگار دەکا ئەم ڕێبازەیە. چارەسەر کردنی دوژمنایەتی گەلان لەگەڵ یەکتری ئەم ڕێبازە یە. ڕێبازی کرێکار، زەحمەتکێش، لادێی ،و ڕێبازی ئارەقەی نێوچاوان ئەم ڕێبازەیە. بۆ ژنان ژیان لە کەڕامەتی یەکسانی ئینسانی دا ، کە دەىێتە نموونەی خەباتە ڕزگاریخوازییەکەی ڕێباز ئەم ڕێبازەیە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ] . ڕێبازی بەڕێوەبردنی ووڵات بەدەست ژنان  ئەم ڕێبازە یە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ].  
ئەم شتەی لێی دەترسێن ئەمەیە. دڵنیا بن ئەوەی لێی دەترسێن ئەمەیە. لە من ناترسن. من گۆشتم چییە شۆرباوم چ بێ؟ بۆچی لە من بترسێن؟ پێم وانییە زۆریش ترسێنەر بم!! [ چەپڵەی گەرمی ئامادە بووان ]، بەڵام لە ئێوە دەترسێن. لە ئێوە دەترسێن. دەستتان داوەتە دەستی یەک بۆیە لێتان دەترسێن. حەقیشیانە بترسێن ، تەنانەت کەلکی زیاتریشی تێدایە کە زیاتر بترسێن ، تەنانەت کەلکی تێدایە کە بلەرزێن  چونکوو جارێکی دیکەش ئێوە  دێنەوە ، زۆر بەهێزتر دێنەوە مەیدانێ ، سەر دەکەون. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]
باوەڕیتان بە خۆتان هەبێ ، باوەڕیتان بە خەباتەکەمان هەبێ. باوەر بکەن بەو میراتەی کە شەهیدەکانمان بۆیان بەجێهێشتووین و پێیان ئەسپاردووین. ئەوانەی کە بە چاوی کراوەوە بەرەوپیلی مەرگ چوون . لە ئەشکەنجەخانەکان دا سەریان دانا ، بەڵام سڕیان نەدرکاند، بوون بە ئیبۆ. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]  لە زیندانی ئامەد لە ئاست کودەتا و خونتای عەسکەری خۆڕاگریان کرد ، تفیان لە ڕووی فاشیزم کرد ، بە سێ چێلکە شقارتە مەشخەڵی ئازادییان داگیرساند ، بوون بە مەزلووم دۆغان، [ چەپڵەی ئامادە بووان ] ، لەو کاتەی دا کە دەچوونە بن داری ئێعدام سەریان بەرز بوو ، بە پێی خۆیان کۆلکەکانی ژێر پێی خۆیان فڕێ دا. تەنانەت سەریان بە جەلادەکانیان دانەواند، بوونە دەنیز، بوونە ماهیر، بوونە ئووڵاش  [ چەپڵەی ئامادە بووان ] ، لە هەمووجێیەک بەرخوە دان، بوونە پیر سوڵتان، بوونە سەید ڕەزا سەریان  دانەنواند . ئێمەش ناچارین لە میرات و ئەو ئەمانەتەی ئەوان پێیان ئەسپاردووین ببینە ساحێب. ئەگەر زەمانی هاتنی ئەو بۆچوون و تێگەیشتنە هاتبێ ، ئیدی هیچ ملهوڕێک ناتوانێ پێشی پێ بگرێ.
پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، هەدەپە ، پارتیی هاوبەشی گشت ئەو پێشکەوتنخوازانەیە. شەمسیە و چەتریانە. هەر لقەی دارەکەمان لە کۆكی جیاوازی خاکەوە پێ گەیشتووە. لە هەر گەڵایەکی دا جوانی زەرافەتی تێگەیشتنێکی جیاواز هەیە. بۆیەیە لە ئێمە دەترسێن. دەنا ئەمن کێم ئەوان بترسێنم. ئێوە درێژە بدەن بە ترساندنیان. بەردەوام بن کارێکی باش دەکەن . کارێکی دروست دەکەن. [ چەپڵەی ئامادە بووان ].
هەر ئاوایە کە ووڵاتەمان ڕوون دەبێتەوە. هەر ئاوایە کە ووڵاتەمان دەگا بە ڕزگاری. هەر ئاوایە کە گەلی کورد ئازاد دەبێ. هەر ئاوایە کە گەلی تورک لەگەڵ دێمۆکڕاسی ناسیاوی پەیدا دەکا. هەر ئاوایە کە عەلەوییەکان بە سەری بەرزەوە بە بێ ئەوەی بترسێن و بسڵەمێنەوە دەژین، ژنان، گەنجان. ئەوانەی کە دەڵێن ئەو خاکانە ئی ئێمەیە و ئەوە نیشتمانی هاوبەشمانە ، گشت گەلان هەر ئاوایە کە رزگارمان دەبێ. بە تەنیشت یەکەوە، شان بەشانی یەکتری. هەدەپە ناوی بە پارتی بووی ئەم تێگەیشتنەیە. تەنێ بۆ هەڵبژاردن پێک نەهاتووە. بەڵکوو حەڕەکەتێکی گەلی یە ئەوانەی کە سەودای ڕزگارییان  لە سەر دایە بە ئەمەگی خۆیان پێکیان هێناوە. ئەو حەڕەکەتە بپارێزن. ئەو دارە بە دەنگەکانتان ئاو بدەن ، بە دۆعاکانتان ئاو بدەن. [ چەپڵەی ئامادە بووان ] . دروشمەکانتان بەرفرەوانتر بکەن بۆ ئەوەی هەموو بەیەکەوە ئەم ڕۆژە سەختانە تێ پەڕێنین. ئەگەر وا نەکەین هەموو ڕۆژێ درێژە دەدەن بە کوشتن. هەموو ڕۆژێ لە هەر کوێیەکی هێزیان پێی بشکێ دڕێژە دەدەن بە خوێن ڕێژی. کورد لەگەڵ تورک دوژمنایەتی نییە و نایبێ. تورک لەگەڵ کورد دوژمنایەتی نییە و نایبێ ، ئێمە ڕێگا بەوە نادەین. ئێمە کێشەمان هەیە لە گەڵ تێگەیشتنی ئەم دەوڵەتە. با دەست بدەینە دەستی یەک و ڕاستی کەینەوە. ئێمە کوردستانییەکان، خەڵکی قەرە دەنیز، خەڵکی تراکیا، خەڵکی ئەژە، خەڵکی هەر گۆشەیەکی ئانادۆڵی ،  هەر ئینسانەی کە ئەو ووڵاتەی کردووە بە دایکی نیشتمان، تەنێ ئاوا دەتوانین خۆمان لەو ووڵاتە بکەینە ساحێب. نەک بە پشت بەستن بە فاشیزم ، نەک بە پشت بەستن بە ناسیۆنالیزم، نەک بە پشت بەستن بە ڕەگەزپەرستی، نەک بە پشت بەستن بە تاکێتی بەڵکوو لە دێمۆکڕاسییەکی پلوورالیستی دا هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لەوەی کە وەکوو شارومەندانی ئازاد ، وەکوو گەلانی ئازاد بژین. ئەوانەی کە حەول دەدەن ئێمە لەگەڵ یەکتری بکەنە دوژمن پێیان دەڵێین بە عینادەوە لە هەمبەرتان دەوەستین و بە عینادەوە دەڵێین هەدەپە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ] .
چەند ڕۆژێکی دیکە لێرەش سندووقەکان دادەندرێن  و دەست دەکرێ بە کار و باری دەنگدان. دڵنیام ئینگلیستان جارێکی دیکەش ڕێکۆردی خۆی دەشکێنێ. باوەڕم پێ بکەن بۆیە نەهاتوومە ئێرە کە داوای دەنگتان لێ بکەم. لەمەڕ ٧-ی حوزەیران سپاسێک قەرزدار بووین ، هاتم بۆ سپاس کردن. [ چەپلەێ ئامادە بووان ] .
ئێوە ئەوەی پێویست بێ دەیکەن. بە زیادیشەوە دەیکەن. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]


ئینشائەڵا لە یەکی نۆڤامبریش دا مزگێنی خەبەری جوان و خۆشتان دەدەینێ. بەدیلێکی دەستەڵات لە تورکییە دەهێنینە مەیدانێ. لە ووڵاتەکەمان دا شەڕ ڕادەگرین. دۆزی کورد لە چوارچێوەی دێمۆکڕاسی دا جێ بە جێ دەکەین. قانوونێکی بنچینەیی نوێی مەدەنی ئامادە دەکەین. لەو قانوونی بنچینەییەدا هەرکامتان خۆتانی تێدا دەبیننەوە ، هەر هاووڵاتێکی جمهووری تورکییە کە ئەو قانوونە بنچینەییە بخوێنێتەوە دەڵێ ئەدی ئەوەتا ئەوە قانوونی بنچینەیی منە. ئەدی ئەوە دەوڵەتی منە. دەڵێ ئەو بەڕێوەبەرییەی کە بە عادڵانە لەگەڵم دەجووڵێتەوە ئەوەیە. ئەو دەمی بە دڵی ئاسوودەوە ئەوانەی کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە ووڵات بانگ دەکەینەوە بێنەوە دایکی وەتەن. دەڵێین فەرموون، ڕێگاتان کراوە وەرن هەموومان بە ئازادی لە ووڵاتەکەمان دا بژین. [ چەپڵە و تلیللی ئامادە بووان ].

ئەگەر ئێوە ئامادە بن، ئێمەش ئامادەین. ئەگەر بڕیارمان دابێ بۆ بەڕێوەبردنی ووڵاتەکەمان، پێویستییەکانیشی ئەنجام دەدەین. لە یەکی نۆڤامبر لە کاتی کرانەوەی سندووقەکان دا ، دەردەکەوێ  بەو مۆرە چکۆڵەیەی پەسند کردن کە بەکارتان هێناوە چەندە کاری گەورەتان کردووە.  لە ئێستاوە دەڵێم بە خێر و خۆشی بێ. سپاسی بێ پایانی خۆم  پێشکێشی هەمووتان یەک بە یەک دەکەم. بە ڕێز و خۆشەویستیەوە ماڵاواییتان لێ دەکەم. [ چەپڵە لێدان و تلیللی ئامادە بووان ] 
سپاسی  گشت ئەو هاوکارانەمان دەکەم کە بۆ پێک هێنانی ئەم شەوە زەحمەتیان کێشاوە . بە هەزار جار سپاسی  ئێوە دۆستان ، هاوڕێیان و ڕەفیقانی بە قیمەت دەکەم کە زەحمەتان کێشاوە و هاتوونە ئەم بۆنەیە.
[ بە کوردی کورمانجی]  گەڵێ مەیێ هێژا ژ وەرە حەمیان سپاس دکم. دایکنۆ ، هەڤاڵنۆ، گەڵێ مەیێ سەر بلند سەرکەتن دخوازم. ڕییا وە و ڕییا مە ڤەکری بە! بمینن خوەشی یێ دە ، خاترێ وە!
خواتان لەگەڵ دۆستەکانم، هەر لە خۆشی دابن. هەر ساغ بن و هەر هەبن.
[ زۆر سپاسی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە دەکەین بۆ ووتارەکەی ]

تێبینی: ئەم بابەتە لە ڕووی ڤیدێۆیەکەوە دابەزێندراوە کە بەڕێز " گۆڕان مامەخەلانی " ئامادەی کردووە.








Sunday, October 4, 2015

چاکسازییەکانی حەیدەر ئەلعەبادی، میدیای عەڕەبی لە عێڕاق و بارودۆخی پەنابەران



چاکسازییەکانی  حەیدەر ئەلعەبادی، میدیای عەڕەبی لە عێڕاق و بارودۆخی پەنابەران
وتووێژ لەگەڵ کەماڵ چۆمانی ڕۆژنامەنووس و لێکدەرەوەی سیاسی

بێنەرانی خۆشەویست بە خێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی 'ڕاوێژ'. لەم بەرنامەیە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز کەماڵ چۆمانی ڕۆژنامەوان و هەر وەها لێکدەرەوەی سیاسی. دیارە بەڕێزیان پێشتریش  میوانی بەرنامەی ' ڕاویژ ' بوون.لەم  'ڕاوێژ' ە دا بەتایبەتی  باسی عێڕاقی عەڕەبی دەکەین چونکە زۆر جار وا هەیە لەو باسانەی دا کە سەبارەت بە عێڕاق و باشووری کوردستان دەکرێ باسی ئەو بەشانەی کە سەر بە کوردستان نییە واتە عێڕاقی عەڕەبی زۆر کەمتر باس دەکرێ. وەک ئاگادارن لەو دواییانە دا، لە سەرەتای مانگی ئووت هێندێک پڕۆتێست و ئعترازات بەڕێوە چوو بە دژی ئەو گەندەڵییانەی کە لە سیستمی عێڕاق دا هەیە، داوخوازی ئەوە کرا هێندێک ئاڵوگۆڕ بکرێ. دیارە حەیدەر ئەلعەبادی سەرۆک وەزیری عێڕاق لەو بارەیەوە هێندێک حەولی داوە. لەم بەرنامەیە دا لەو پێوەندییانە دا و هەر وەها لەمەڕ فۆنکسیۆن و دەوری چاپەمەنی لە عێڕاق دەدوێین لەگەڵ بەڕێز کەماڵ چۆمانی.
قازی: زۆر زۆر بە خێر بێی کاک کەماڵ!
چۆمانی: زۆر سپاس مامۆستا. خۆشحاڵم جارێکی دیکە لە بەرنامەی ' ڕاوێژ ' دا لە گەڵتانام.
قازی: زۆر زۆر بە خێر بێی. دیارە، هێشتا ساڵێکی بە سەر نەچووە کە یەکتریمان دیت. زۆر خۆشحالین لەو بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێزت دیسان قسە دەکەین. وەکوو باسم کرد سەبارەت بەو ڕێفۆرمانەی حەیدەر ئەلعەبادی کە  وا بزانم لە حەفتەی یەکەمی مانگی ئووت دا باسی لێوە کرد جەنابت چی لە سەر دەڵێی؟ وا بزانم ٧ مادەیەکی پێشکێش کرد و بۆ ئەوە پشتیوانی مەرجەعییەتی شێعە وا ئایەتوڵا سیستانی لەگەڵ بوو. لەو زەمینانە دا ئەگەر بتوانی هێندێک ئاگاداری بدەی.
چۆمانی: خۆتان ئەزانن هەر دروست بوونی عێڕاق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، دروستبوونێکی سەپاندن بووە بە سەر نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکانی عێڕاق دا. شتێک نەبووە بە ناوی عێڕاق. داگیرکار هاتووە عێڕاقێکی دروست کردووە، بۆیە پێکەوە ژیان لە نێوان ئەو نەتەوانە دا تا ڕادەیەک سەخت بووە و لە ڕابردوو دا ئەوە سەلمێندراوە لە زۆربەی  حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێڕاق دا هەمیشە لایەنێک، هەمیشە نەتەوەیەک ، ئایینزایەک  چەوسێندراوەتەوە لایەنەکی تر لە بەرانبەر دا هەوڵی شۆڕشگێڕی و هەوڵی خەباتی داوە. ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە مێژوو لە دوای ٢٠٠٣ قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد لە عێڕاق دا. ئەم قۆناغە قۆناغێک بوو کە عێڕاقییەکان بۆ یەکەم جار بە ویستی خۆیان جارێکی دیکە هەوڵ دەن عێڕاقێکی نوێ دروست بکەنەوە. دروست کردنەوەی ئەو عێڕاقە زەحمەت بووە یانی بۆ یەکەم جار لە عێڕاقی نوێ دا لە دوای ٢٠٠٣ توانرا هەموو نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکان لە عێڕاق دا نوێنەرایەتییان هەبێ و نەتەوە جیاوازەکان، ئایینزا جیاوازەکان  خۆیان بتوانن دەنگی خۆیان بگەیێننە ئەو حکوومەتە بەڵام، دیسان ئەو حکوومەتە بە تایبەتی دوای ئەوەی شیعە بالا دەستی نواند لە ناو دەلەت عێڕاق حکوومەتی عێڕاقی دا، هەوڵیان دا جۆرێک ئینتیقام بە تایبەتی بەرانبەر بە سوننە بنوێنن. ئەم ئینتیقامە وای کرد کە دۆخی عێڕاق، خۆتان ئەزانن  لەمڕۆ دا گەیشتووەتە دۆخی  بە سەدان هەزار کەس لە عێڕاق دا کووژراوە. لە بەرانبەر ئەوەی دا کە شیعە جارێکی تر هەوڵی چەوساندنەوەی لایە سیاسییە سوننەکانی دا، سوننەکانیش کۆمەڵێک ڕێکاریان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بتوانن مافەکانی خۆیان لە حکوومەتی عێڕاقی دا بە دەست بێنن. لە هەمان کاتیش دا دوای ٢٠١٠ بە تایبەت  دەرکەوت لە عێڕاق دا تەنها کێشەی سوننە و شیعە نییە، کێشەی نێوان کورد و شیعە نییە، کێشەی نێوان کورد و عەڕەب، یان تورکومان و کورد و عەرەب نییە. بەڵکوو کێشەیەکی زۆر گەورەتر هەیە  کە کێشەی جۆری حوکمڕانی یە، جۆری دێمۆکڕاسی یە، جۆری پێشکەش کردنی جۆری خزمەت گوزارییەکانە بە تاکی عێڕاقی و  ووڵاتییانی عێڕاقی. لە بەر ئەوە بە خۆپیشاندان، دەنگی ناڕەزایی لە دوای ٢٠١١ بە تایبەت  دوای بەهاری عەڕەبی، لە عێڕاقیش دا دەستی پێکرد. بەڵام، لەو کات دا بۆ خۆتان دەزانن حکوومەتی مالیکی زۆر بە خراپ ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە، چ خۆپیشاندەرە شیعەکان ، و چ بە تایبەتتریش خۆپیشاندەرە سوننەکان. خۆ پیشاندانەکانی  بە ئاگر و ئاسن چەوساندەوە. لە مەنتەقەی حەویجە و لە مەنتەقەکانی دیکە دا ئەو کەمپانەی کە دروست کرا بوون بۆ ئەوەی خۆ پیشاندەران ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، هەموویان بە چەک و بە شۆفڵ تەخت کران و چەندان خۆپیشاندەر کووژران. دوا بە دوای ئەوەش سیاسیی عێڕاقیش دەر کران لە عێڕاق دا. ئەم دۆخە یەکەم تەقاندنەوەی عێراقییەکان بوو بە ڕووی تەواوی سیاسەتمەدارانی عێڕاقی دا چونکە پێشتر شیعەکان ئەیانتوانی، سوننە و کورد ئەیانتوانی  وا لە خەڵکی خۆیان بگەیێنن کە بەڵێ لە بەر فڵان هێزی سیاسیی عێڕاقییە کە دۆخی عێڕاق بەم جۆرەیە بەڵام، لە دوای ٢٠١١ بۆ یەکەم جار تەواوی عێڕاقییەکان کۆک بون لە سەر ئەوەی  کێشەیەک هەیە، کێشەکە گەورەترە، هەر وەک باسم کرد حوکمڕانی یە، خزمەتگوزاری یە، عەدالەتی کۆمەڵایەتی یە. ئەم خزم خزمێنەیە کە لە ناو سیستم دا هەیە  و هەر وەها لە هەمووی خراپتر گەندەڵی یە کە عێڕاقی بەو دۆخە گەیاندووە چونکە ئەگەر گەندەڵی نەبوایە جۆرێک لە حوکمڕانییەکی شەفاف و عادیلانە هەبوایە عێڕاقییەکانیش هانایان بۆ توند و تیژی و بۆ شەڕ نەئەبرد. هەر لە بەر ئەوەش بوو لە ٢٠١١ نەک هەر سوننەکان بەڵکوو شیعەکان و کوردەکان و تورکومانەکان هەموویان پێکەوە کۆک بوون لە سەر ئەوەی کە بەرانبەر سیستم بوەستنەوە. لە ئێستا دا دەبینین، بە تایبەتی لە دوو مانگی ڕابردوو دا، دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو حکوومەتی عەبادی پێک هات  کۆمەڵێک وەعدی گەورە دران بە ووڵاتییانی عێڕاقی بەڵام، ئەو وەعدانە نەتوانرا جێ بە جێ بکرێن. کە وەعدەکان نەتوانرا جێ بە جێ بکرێن ، هەڵبەتە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر بوون. ناڕەزایەتییەکان لە هەموو پارچەکانی عێڕاق دا گەورە بوون، بە تایبەت لە پارچە عەڕەبییەکەی وەک باست کرد بۆیە ووڵاتییانی عێڕاقی  ئەمجارە، جارێکی تر هاتنەوە سەر شەقامەکان. کە ووڵاتییان هاتنەوە سەر شەقامەکان لەم جارەیان دا تەنیا گرووپێکی ئیسلامی یا خود گرووپێکی عەلمانی یاخود گرووپێکی چەپ نییە بەڵکوو پێکەوە بوون یەعنی هەموویان پێکەوە لە مەیدانی ئازادی دا ، لە بەغداد دا، لە ناوچەکانی دیکەش دا
قازی: یانی شیعە و سوننە بەیەکەوە
چۆمانی: بەڵێ هەموویان پێکەوە. ئەم خۆ پیشاندانانە؛ سەرەتا هەوڵێک درا کە خۆپیشاندانەکان زۆر دژی حکوومەتی عەبادی بەکار بهێنن بەتایبەت لە گرووپی مالیکی و لە باڵی مالیکی لە  ' دەوڵەتی یاسا ' و لە ناو شیعەکان دا بۆ ئەوەی بتوانن وا پیشان دەن کە بەڵێ کێشە لە مالیکی نەبووە کە ناڕەزایەتی هەبووە لە ڕابردوو دا ، گەندەڵی هەبووە. هەوڵیان دا ئەم ناڕەزایەتییە زیاتر بیخەنە ئەستۆی عەبادی بەڵام، عەبادی زۆر زیرەکانە، زۆر زیرەکانە توانی  ئەم ناڕەزایەتییانە لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بێنێ  و خۆشی وا نییە عەبادی ئینسانێکی زۆر تەکنۆکڕات و ئینسانێکی، دەوڵەتمەدارێکی گەورە بێ بەڵام، توانی ئەم ناڕەزایەتییانە لە بەرژەوەندی حکوومەتەکەی بە کار بێنێ.
قازی: زۆر باشە ئێمە لێرە ئەگەر ئیستێک بگرین. دیارە وا بزانم ئەو پڕۆژەیەکی ٧ مادەیی پێشکێش کردووە . ئەگەر بمانەوێ جەختی لە سەر بکەینەوە ئەو ڕێفۆرمانەی کە دەیەوێ بیانکا چین؟ یەک لەوانە وابزانم کەمکردنەوەی پلە و پایەکانە مەسەلەن سێ جێگری سەرکۆمار هەیە، سێ جێگری سەرۆکوەزیر هەیە. وا بزانم دەیەوێ ئەو پلانە لابەرێ. باشە ئەوە هیچ تەئسیر ناکا لە باڵانسی هێز لە نێوان شیعە و سوننە دا بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی وەک دەزانین لە باری جوغرافیاییەوە و تەنانەت لە ڕووی دانیشتووانیشەوە بەشێکی زۆر لە سوننەی عەڕەب ئێستا لە ژێڕ دەستەڵاتی حکوومەتی مەرکەزی عێڕاق دا نین.
چۆمانی: بەڵێ. جا بۆیە ئەگەر زیاتر ڕوونی بکەینەوە. عەبادی لەم ڕێفۆرمانەی کە ڕایگەیاندووە  لە ژێر تەئسیری جەماوەر دا بوو بەڵام، زوو چونکە لە عێڕاق دا بە تایبەتی لە ناو حوکمڕانی بەشە عەڕەبییەکەی دا، بە تایبەت لە ناو شیعە دا ئەگەر تۆ لایەنی مەرجەعییەتی شیعە بە تایبەتتر سیستانی ت لە پاڵ پشت نەبێ ناتوانی هیچ چاکسازییەک ڕابگەیێنی و ئەگەر سیستانی دژی هەر کەسێک قسە بکا لە عێڕاق دا ئاسانە ئەم دژایەتییە کۆتایی پێ بهێنێ، هەر وەک دیتمان بڕیاری دا مالیکی لا بچێ کە لاش چوو. بۆیە عەبادی زوو هەوڵی دا ئەم ناڕەزایەتیانە  لە بەرژەوەندی خۆیان بە کار بێنێ، وە پشتیوانی مەڕجەعییەت بە دەست بێنێ. کە پشتیوانی تەواوی مەڕجەعییەتی بە دەست هێنا ئینجا لە بەر ئەوەی تەواوی عێڕاقییەکانیش ماندوون  لە گەندەڵی و ئەو جۆرە لە حوکمڕانێتییە لە بەر ئەوە توانی زۆر ئاسان کۆمەڵێک چاکسازی زۆر ڕیشەیی ڕابگەیێنێ، چاکسازی وا ڕابگەێێنێ کە ئەگەر بێتوو بە سەر ئەم چاکسازییانە دا زاڵ بێ ئەوە لە داهاتوو دا چاکسازی گەورەتری بە دوو دا دێ. چاکسازییەکان ڕاستە وەک ئەوەی باست کرد لەوانەیە جۆرێک لە باڵانسی ڕەنگدانەوەی هێز و ئایینزا و نەتەوە جیاوازەکان لە عێڕاق دا لە حوکمڕانی عێڕاق دا ڕەنگدانەوەیەکی وا هەبێ بەڵام لەم جارەیان دا خۆشبەختانە بە تایبەت ووڵاتییانی عێڕاقی نەک لایەنە سیاسییەکان خۆشحاڵن بەوەی کە جۆرێک لە چاکسازی ڕاگەیێندراوە عیلاقەی بە کورد و شیعە و سوننە و تورکومان و ئایینزاکانی دیکەوە نییە بەڵکوو پەیوەندی بە جۆری حوکمڕانێتییەوە هەیە.
قازی: ئەوە تا ڕادەیەکیش دەگەڕێتەوە سەر شێوەیەی دابەشکردنی  پلە و پایە لە بەینی پێکهاتە جۆر بە جۆرەکان.  بە لەبەر چاو گرتنی ئەو سیستمەی کە ئەمریکاییەکان لە زەینیان دا بووە لە بارەی حکوومەتی لە عێڕاق واتە دابەشکردنی دەسەڵات  لە سەر ئەساسی شیعە و سوننە و کورد. ئەو هەوڵەی عەبادی هیچ دژایەتییەک دروست ناکا لەگەڵ ئەو چوارچێوانەی کە لە بەر چاو بووە؟
چۆمانی: ئەمە پرسێکی گەورەیە بە ڕاستی. لە ئێستا و لە ڕابردووی عێراق دا هەبوو و لە داهاتووی عێڕاقیش دا  بوونی ئەبێ. ئایا حوکمڕانی عێڕاقی  حوکمڕانیتێک بێ لە سەر ئەساسی دابەشکردنی پۆست و دابەشکردنی حکوومەت لە نێوان  ئایینزا و نەتەوە جیاوازەکانی عێڕاق دا  یا خود لە سەر بنەمایەکی دێمۆکراسی بێ کە هێزێک توانی  لە هەڵبژاردنەکاندا بباتەوە و حوکمڕانی پێک بێنێ. لە ئێستا دا ئەم پرسیارە پرسێکی گەورەیە ، هەڵبەت عێڕاق ناتواندرێ هەر لە لایەن یەک لایەنەوە بەڕێوە ببردرێ هەر وەک چۆن لە ڕابردوو دا سەلمێنراوە ئەگەر لایەنێک توانیبێتی حکومەتێکی مەرکەزی بە قووەت بە دەست بێنێ  ئەوە لە سەر حیسابی نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکانی دیکە بووە کە لە عێڕاق دا بوونیان هەیە. بەڵام، لە ئێستا دا  ئەم پرسە، ئەم چاکسازییانە پێشوازی لێ دەکرێ بە تایبەتی لە لایەن ووڵاتییانەوە چونکە  ووڵاتییان گەیشتوونەتە قەناعەت گرینگ نییە  سەرۆکوەزیرانێکی  کورد لە بەغدا بێ  یا خود شیعە یاخۆد سوننە بەڵکوو، سەرۆکوەزیرانێک بێ کە بتوانێ چاکسازی بکا، گۆڕانکاری بکا. بەڵام، بێ گومان  نە لە ئێستا دا و  نە لە داهاتووش دا ئەم  ڕەنگدانەوەی کە لە کۆی جومگە سیاسییەکانی عێڕاق دا هەبووە  ناتوانرێ وەلا بنرێ و هێزێکیش ناتوانی لە عێڕاق بە تەنیا حوکمڕانی بکا.
قازی: باشە ئێستا ئەگەر هێندێک زیاتر ڕوونی بکەینەوە. کێهەن ئەو چاکسازیانە، لابردنی پۆستەکانە یان شتی دیکەشە؟
چۆمانی: کۆمەڵێک چاکسازی ڕاگەیێندراون بە تایبەت لابردنی ئەو پۆستانە؛ جێگری سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆک کۆمار ئەوانە پۆستی گەورە بوون کە لا براون  و هەر وەها وەزاڕەتەکان چونکە بڕیار درا لە ئەنجومەنی وەزیران دا و پەرڵەمانیش تەسدیقی کردووە. هەر چەندە ئەمە کێشەی هەبووە، هەر چەندە جارێکی تر کە مالیکی لە ئێران گەڕایەوە و ئێران هەمیشە پشتیوانی مالیکی دەکا وەک جێگری سەرۆک کۆماری عێڕاق گەڕایەوە عێڕاق.
قازی: وا بزانم مالیکی دژی ئەو ڕێفۆرمانە نەبووە. نوجەیفیش دژ نەبوو
چۆمانی: مالیکی دژ نەبوو، هیچ لایەنێک تا ئێستا نەیتوانیوە دژایەتی بکا، چونکە ئەمە ڕای شەقامە. دژایەتی لەگەڵ ڕای شەقام خەتەرێکە لە داهاتووی ئەو هێزانە دا دروست دەبێ. دژایەتی نەکردووە بەڵام مالیکی دژی ئەو چاکسازییانەیە چونکە چاکسازییەکان ڕاستەوخۆ دژ بەون، هەر لە بەر ئەوەشە کە گەڕایەوە لە ئێران وەکوو جێگری سەرۆک کۆمار ناوی هێندرا تەنانەت لە لایەن ئێرانییەکانیشەوە. لە هەمان کات دا چاکسازییەکی دیکە ئەوەیە کە کۆمەڵێک وەزاڕەت هەن لە عێڕاق دا کە وەزاڕەتەکان دەبێ  کەم بکرێنەوە. پێویست ناکا سی وەزاڕەت یا بیست و دوو وەزاڕەت هەبێ بەڵکوو پێویستە پازدە وەزاڕەت هەبێ. ئەم  پازدە وەزاڕەتە وا دەکا کۆی کێشەکانی عێڕاق چارەسەر بکا. لە بری ئەوەی بوودچەیەکی زەبەلاحی عێڕاق بڕوا تەنها بۆ وەزاڕەتەکان و کەسایەتییەکان. لە هەمان کات دا یەکێکی دیکە لە چاکسازییەکان کە عێڕاقییەکان زۆر لێی بێزارن کەم کردنەوەی پاسەوانی بەرپرسە عێڕاقییەکانە. پاسەوان لە عێڕاق لیوایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. فەوجێکی تایبەت بە خۆی هەیە . ئەمە وای کردووە بوودجەیەکی  میلیارد دۆلاری مانگانە بکەوێتە سەر عێڕاق بێ ئەوەی هیچ خزمەتێک بە عێڕاق بکا. لەکاتێکا ئەگەر مەترسی هەبێ تەنها لە سەر بەرپرسانی عێڕاقی نییە بەڵکوو  لە سەر تەواوی ووڵاتییانی عێڕاقییە. لە بەر ئەوە ئەم چاکسازیانە کە وەکوو چاکسازی سەرەتایین زۆر پێشوازی لێ کراوە. یەکێک لە چاکسازییەکانی دیکە کە بە ڕاستی ئەمە قورس ئەبێ ئەمەیە کە عەبادی  ڕایگەیاندووە لێ پێچینەوە لە مەلەفەکانی گەندەڵی بکا و ئەو گەندەڵانەی کە هەبوونە جارێکی دیکە دژایەتی بکرێن لە ناو ببرێن. ئەمە زەحمەت ئەبێ زۆر سەخت ئەبێ چونکە لە عێڕاق دا هەر  لە لایەکدا کەسانی گەندەڵ نین، لە هەموو لایەنەکان کەسانی گەندەڵ لە ناو حکوومەت دان چونکە ئەوانە لە ٢٠٠٣ وە تا ئێستا لە ناو حوکمڕانێتی عێڕاقی دا بوون بێ ئەوەی هیچ موئسیسەیەکی بە قووەت هەبێ لە عێڕاق دا. لە بەر ئەوە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو دا بڕیارێکی وا دەرچووە کە کوڕەکەی مالیکی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێ لە سەر ئەو گەندەڵییانەی کە ڕووبەڕووی کراوەتەوە. لەبەر ئەوە، لە دوای ئەمە چاکسازی دیکە دێتە ڕوو. بەڵام ئایا دەتوانی عەبادی لەم چاکسازیانە دا سەرکەوتوو بێ یا خود نا؟ چونکە چ لە ناوخۆ و چ تەنانەت لە ووڵاتانی دەرەوەش یانی بە تایبەت ئێران خۆشحاڵ نین بەو چاکسازیانەی عەبادی.
قازی: سەبەب چییە کە خۆشحاڵ نین پێت وایە؟
چۆمانی: ئێران خۆشحاڵ نییە بەو چاکسازیانەی عەبادی چونکە ئێران نایەوێ عەبادی سەرکەوتوو بێ. ئێران وا تەماشای عەبادی دەکا عەبادی کەسایەتییەک نییە ئەوەندە لە ئێران نزیک بێ ئەوەندەی کە لە ئەمێریکا نزیکە. لە لایەکی دیکەوە ئێران زۆر بە لایەوە گرینگە ئەوانەی کە لە ڕابردوو دا لە پێناو کۆماری ئیسلامی دا شەڕیان کردووە یا خود بڵێین لە ئێران دا شتێکی وا هەیە کە ئەوانەی مەلەفیان هەیە 

قازی: وەک ئەوانەی بە ساز کردنی سپای 'بەدر' ەوە خەریک بوون.
چۆمانی: بەڵی، ئەوانەی کە مەلەفیان هەیە لەئێران بوونە. مێژوویەکی هەیە ئێران لە گەڵیان، لە دەست و پەنجە نەرم کردن لە گەڵیان دا، ئیش کردن لە گەڵیان، دەیەوێ ئەوانە لە حوکمڕانی عێڕاقی بن. بۆیە ئەگەر عەبادی لەمە سەرکەوتوو بێ ئەو کەسایەتییانە ناتوانن جارێکی دیکە لە نێو حوکمڕانی عێڕاقی دا جێ پێی خۆیان بگرن بە تایبەت مالیکی.
قازی: زۆر باشە کاک کەماڵ! تا ئەو جێگایەی لە چاپەمەنی دا ڕەنگی دابێتەوە لەو پڕۆتێستانەی لە بەغدا کرا، لە مەیدانی تەحریری بەغدا دا دەوری هاووڵاتی کورد چۆن بووە؟ بەشدارییان هەبووە؟
چۆمانی: خۆتان دەزانن دوای ٢٠٠٣ ووڵاتییانی کورد کەمتر لە بەغدا دەژین یا خود لە ناوچەکانی دیکەی عەڕەبی
قازی: دیارە لە عێڕاق لە ناوچەی غەیری کوردستان دانیشتووی کورد هەیە ئیدی واتە کۆمەڵگەی کوردی هەیە.
چۆمانی: بەڵێ. لە ناوچە کوردییەکان ئەگەر تەماشای میدیای کوردی بکەین یا خود تەماشای ڕای گشتی هەرێمی کوردستان بکەین ...
قازیلێرە دا مەبەستم ئەو کوردانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.
چۆمانی: ڕاستی من نازانم. ئەوەندەی بینیبێتم تەنها شیعە و عەڕەبەکان بەشدار بوونە لە مەیدانی تەحریر دا، نەم بینیەوە کورد. چونکە خۆتان ئەزانن کورد تەنانەت کورسییەکی پارڵمانیشی نییە لە بەغدا چون بتوانێ بەشدار بێ لە خۆپیشاندانەکان دا، بۆیە لەوانەیە کوردە فەیلییە شیعەکان بەشدار بووبن. کوردە فەیلییەکان، بەڵام من نازانم.
قازی: مەبەستت چییە لەوەی کە کورد کورسی پارڵمانی نییە لە بەغدا دا؟
چۆمانی: یانی لە بەغدا دا کورد نەیتوانیوە کورسییەکی پارڵمانی بە دەست بێنێ.
قازی: یانی کوردەکانی دانیشتووی بەغدا
چۆمانی: بەڵام زۆریش لە کوردەکان دوای ٢٠٠٣ هاتوونەتەوە.
قازی: بەڵام وا بزانم ئەو کوردانەی کە پێیان دەڵێن کوردی فەیلی ئەگەر دەنگیان نەدابێ بە کوردەکان، هێندێکیان دەنگ دەدەن بە پارتیی غەیرە کوردی وایە؟
چۆمانی: وایە! ئەوان زیاتر لەگەڵ هێزە شیعی یەکان دان چونکە لە لایەکەوە هێزە شیعی یەکان توانیویانە زیاتر باوەشیان بۆ بکەنەوە، لەلایەکیش بە هۆی دیدی ئایینیان بۆ مەسەلە سیاسییەکان. بەڵام، لە هەرێمی کوردستان دا وەک باسم کرد، یانی ئەگەر تەماشا بکەی ، هەر چەندە هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە چاکسازییەکان کرد لە هەمان کاتدا شەقامی کوردیش هەم پێشوازی لە چاکسازییەکان کردووە، هەمیش ئەوە بە دەرفەتێک ئەزانێ بۆ ئەوەی ڕەخنە لە حکوومەتی کوردستان بگرێ بۆ ئەوەی ئەویش چاکسازی بکا.
قازی: باشە کاک کەماڵ بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی وەکوو پێشتر ئیشارەیەکی کورتم پێ کرد بەشێکی زۆر لە خاکی دەوڵەتی عێڕاق بەو شێوەیە لە لایەن هێزێکی کۆنەپەرستی خوێنخۆری وەکوو داعش داگیر کراوە، پێت وایە ئەو ڕێفۆرمانەی  کە بەڕێز عەبادی باسیان لێوە دەکا چەندە ئیمکانی سەرکەوتنی هەیە؟ یانی لێرە سەرکەوێ و لە مووسڵ سەرنەکەوێ،
چۆمانی: بەڵێ. ڕاستی ئەو چاکسازیانە کاریگەرییەکی پۆزیتیڤی ئەبێ لە سەر پێشخستنی کۆی سیاسەت و حوکمڕانی لە عێڕاق دا، لە بەر ئەوەی سوننەکانیش پێشوازییان لە چاکسازییەکان کردووە ئەکرێ ئەمەش دەرفەتێک بداتە ئەو سوننانەی کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتدارێتی داعش دان و تەسەورێکی دیکەیان لا دروست بێ کە بەڵێ ئەوەتا حکوومەتی عێڕاقی خەریکی چاکسازی یە بۆ ئەوەی ئەوانیش فشار لە دەوڵەتی ئیسلامی بکەن، داعش بکەن. هەم فشاری لێ بکەن هەمیش چیتر پشتیوانی نەکەن ئەگەر پشتیوانی دەکەن لە دەوڵەتی داعش . لە هەمان کاتیشدا بە هۆی گەندەڵی یەوە حوکمڕانی عێڕاقی نەیتوانیوە لە هیچ جومگەیەکی سیاسەت و حوکمڕانی دا سەرکەوتوو بێ بۆیە ئەگەر بێتوو ئەو چاکسازییانە سەرکەوتوو بێ حکوومەتی  عێڕاقی  بودجەیەکی باشتری بۆ ئەگەڕێتەوە، ئەم بوودجەیە ئەتوانی لە بری ئەوەی لە گەندەڵی سەرف بکرێ، ئەتوانرێ لە پێشخستنی سوپا سەرف بکرێ، لەوەی کە زیاتر بە سەربازی کردنی خەڵکی عێڕاق سەرف بکرێ بۆ ئەوەی بتوانرێ لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش دا بەکار بهێندرێ بۆ ئەوەی ئەم هەڕەشەیەی کە ئێستا لە سەر عێڕاق دایە لە داهاتووش دا بەردەوام نەبێ، بتوانرێ لا ببرێ.
قازی: زۆر باشە. بە لە بەرچاوگرتنی نزیکی ' سپای بەدر ' لە ئێران ، لە لایەک وەک دەزانی ئەوان ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە ئەوێ. و لە لایەکی دیکەش ڕا ئەوەی کە مەڕجەعییەتی نەجەف پشتیوانییان کردووە لەو حەولەی ئاغای عەبادی، بەڕێزت باست کرد کە ئێران ئەوەی پێ خۆش نییە، ئەوە چۆن وایە. ئەگەر بەدر نزیک بێ لە ئێران و ئێران دژی ئەو ڕێفۆرمانە بێ بەدر چۆن دەتوانێ پشتیوانی بکا لەو ڕێفۆرمانە؟
چۆمانی: خۆ ئەوە ئێمە ئەبێ ئەوە بزانین لە دوو حەوزەی ئێرانی ،شیعەی ئێرانی و حەوزەی نەجەف جیاوازییەکی مەنهەجییان هەیە لە سەر تێڕوانینیان بۆ سیاسەت. لە ئێران دا حەوزەی ئێرانی، قومە هەر کوێیەکە پێی وایە ئەبێ  مەرجەع بەشدار بێ لە سیاسەت دا. بەڵام، حەوزەی نەجەف پێی وایە ئەوان نابێ ڕاستەوخۆ بەشدار بن لە سیاسەت دا بەڵکوو، ئەکرێ لە دوورەوە پشتیوانی بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەی بە پاکی بمێننەوە ، بە نەزاکەتی بمێننەوە ئەبێ دوور بن لە سیاسەت. بەڵام، ئەمە دژایەتییەکی دروست کردووە لە نێوان ئەو دوو حەوزەیە دا، هەر بۆیەش عەبادی کە لە لایەن حەوزەی نەجەفی یەوە پشتیوانی دەکرێ لە لایەن مەرجەعییەتی شیعە پشتیوانی دەکرێ مالیکی پشتیوانییەکانی لە لایەن ئێرانەوە زیاتر ئەبن و پێشوازی ئەکرێ وەکوو جێگری سەرۆک کۆمار. ئەم پێک دادانە، کە پێک دادانێکە کەمتر باسی ئەکرێ، ئەم پێک دادانە هەیە بەڵام، ئەوەی کە گرینگە مالیکی و یاخود ئێران لەم  جارەیان دا، لەم چاکسازیانەدا  ناتوانن دەورێکی ئەوتۆ ببینن لەبەر ئەوەی ڕاستە مالیکی کۆنتڕۆڵی هەیە بە سەر سوپا دا، کۆنتڕۆڵی هەیە لە ناو میلیشیا شیعەکان دا بەڵام، عەبادی پشتیوانی سوننەکانی هەیە، پشتیوانی کوردی هەیە، پشتیوانی مەرجەعییەتی هەیە و پشتیوانی شەقامی عێڕاقیشی هەیە. لە بەر ئەوە لە عێڕاق دا دژایەتی کردن لەگەڵ شەقام دا کەمێک زەحمەتە. لە بەر ئەوە ئەگەری سەرکەوتنی چاکسازییەکان لە لایەن عەبادی یەوە کە ڕای گەیاندییە ئەگەرێکە، ئەگەرێکی بەهێزە، ئەگەرێکی لاواز نییە .
قازی: باشە ئێمە لە ئەو بەرنامەیەی کە پارەکە بەیەکەوەمان هەبوو باسی ئازادیی بەیان و ئازادیی بۆچوونمان کرد لە باشووری کوردستان و ئیشارەيیەکی کەمیش کرا بە دەوری میدیا و چاپەمەنی لە عێڕاقی عەڕەبی دا لە دەرەوەی کوردستان. ئێستا دەمەوێ لەوبارەیەشەوە هێندێک ئاگاداری بدەی بە بینەرانمان. بار و دۆخی چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری عەڕەبی و غەیری کوردی چۆنە لە عێڕاق؟
چۆمانی: ئەگەر تەماشای ئێستای عێڕاق بکەین عێڕاق جگە لە هەرێمی کوردستان عێڕاقێکی دیکەیە: عێڕاقی داعشە کە مەنتەقەی ئەنبار و بەشێکی سەلاحەدین و تەواوی مووسڵی لە ژێر دەسەڵات دایە و بەشێکی لە بەر دەسەڵات دایە ئەمە لەو ناوچانە دا شتێک نییە بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕین و میدیای ئازاد و قسە کردنی ئازاد و تەنانەت خۆپیشاندان و دەربڕینی ڕای  ئازاد
قازی: بەڵام میدیای خۆیان هەیە. وا نییە؟
چۆمانی: بە ڵێ مێدیای خۆیان هەیە
قازی: داعش تێلێڤیزۆنیشی هەیە؟
چۆمانی: تێلێڤیزۆنیشیان هەیە وا بزانم، لە سۆسیاڵ مێدیا و لە ڕێی مێدیای ئینترنێتییەوە بەهێزن. ئەمە میدیای خۆیان بە کاری دەهێنن بۆ دروست کردنی پڕۆپاگاندا، بۆ دروستکردنی هەڕەشە لە سەر هەرێمی کوردستان و هەر وەها ناوچەکانی دیکەی هەرێمی عێڕاق دا. لە ناوچەکانی دیکەی عێڕاق دا بە تایبەت لەم  خۆپیشاندانە دا دەرکەوت لە عێڕاق دا هێشتا جۆرێک لە ئازادیی ڕادەربڕین هەیە کە  ووڵاتییان ئەتوانن بێنە سەر شەقامەکان، لە ڕووی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، ڕای خۆیان دەرببڕن هەر چەندە وەک ووڵاتێکی ئوڕووپی نییە سەرکوت نەکرێن، لێیان نەدرێ یان ڕووبەڕوویان نەبنەوە بەڵام، توانیان ڕای خۆیان دەرببڕن لە ناو مەیدانی تەحریری بەغدا بە ئاشکرایی لافیتەیان پێ بوو، لافیتەکانیان تەنانەت ناوی شەخسیان ئەهێنا.تەنانەی هۆی هایان لە کۆمەڵێک بەرپرسی گەورەی عێڕاقی و سەربازی عێڕاقی دەکرد کە ئێستا لە دژی داعش شەڕ ئەکەن. لە بەر ئەوە ئەوە  هیوایەکی دروست کردووە کە بتوانرێ ئەوە پێش بخرێ ئەگەر زوو  دا نەمرکێندرێتەوە. لە هەمان کاتدا، میدیای عێڕاقی میدیایەک بووە وەک میدیای  هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک ڕاستی میدیای ئازاد هەیە، کۆمەڵێک دەستپێشخەری هەن بەڵام، زۆربەی میدیای عێڕاقیش دابەش بووە بە سەر  لایەنە شیعییەکان دا، لایەنە سوننەکان دا ، لایەنە تورکمانەکان دا و لە هەمان کاتدا، لە ناو لایەنە شیعی و سونییەکانیش دا دابەش بووینەتە بە سەر هێزێکی سیاسی لە ناو عێڕاق دا.
قازی: یانی ئەگەر موقایسەی بکەی  لەگەڵ مێدیای  کە لە باشووری کوردستان هەیە دەتوانین ئەو سێ کاتەگۆرییەش بۆ ئەوان بەکار بهێنین میدیای دەسەڵات ، میدیای سێبەر و میدیای ئازاد؟
چۆمانی: بەڵام یەک شتی دیکە لە عێڕاق هەیە، جۆرێک هەیە میدیای دەوڵەتی یە. وەکوو تێلێڤیزیۆنی ' ئەلعەڕاقییە' کە میدیایەکی حکوومەتی عێڕاقە.
قازی: یانی سەر بە پارتییەکی سیاسی نییە؟
چۆمانی: سەر بە پارتییەکی سیاسی نییە، میدیاییەکی حکوومەتی ئی خودی دەوڵەتە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان  ئێمە لە ڕابردوو دا تێلێڤیزۆنێکمان هەبوو ئی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو ، بەڵام ئێستا شتێکمان نییە بە ناوی میدیای حکوومەتی هەرێمی کوردستان. جگە لە وێب سایتەکانی خۆیان ئەوەی دیکەی هەیە زیاتر میدیای حیزبەکانە.
قازی: جا ئێستا با جارێکی دیکە بچینەوە عێڕاق.
چۆمانی: لە عێڕاق دا لە ڕووی ئازادیی ڕا دەربڕینەوە بەڵێ جۆرێک لە ئازادی هەیە .
قازی: کاتەگۆرییەکان چۆن؟
چۆمانی: کاتەگۆرییەکانیش هەر بە هەمان شێوە. میدیایەکی حکوومەتیمان هەیە، میدیای حیزبەکانمان هەیە و لە پاڵێش دا ئەو میدیایانەمان هەیە کە لە لایەن حیزبەکانەوە پشتیوانیان ئەکرێ یان لە لایەن کەسایەتییەکی سیاسییەوە . لە پاڵ ئەوانەش دا ، وەکوو هەرێمی کوردستان کە جۆرێک لە مێدیای ئازادمان هەیە بەڵام، ئەم میدیایە ئازادە لە عێڕاق دا ئەتوانم بڵێم لە هەرێمی کوردستان دا میدیای ئازاد  بە جۆرێک لە جۆرەکان بە قووەتترە یان فراوانترە لە عێڕاقەکەی دیکە.
قازی: سەبەب چییە؟
چۆمانی: سەبەب لەوانەیە ئەوەبێ ئێمە لە هەرێمی کوردستان دا لە ٢٠٠١ وە دەستمان بە میدیای ئازاد کرد. لە دوای ٢٠٠١ یشەوە لە هەرێمی کوردستان دا  ململانەی تائیفی نەبووە، ململانەی سیاسی بەو جۆرە نەبووە کە  ئەوەندە بە قووەت بێ هیچ ڕۆژنامەنووسێک نەتوانێ  ڕای خۆی دەرببڕێ. ڕاستە لە هەرێمی کوردستان دا ڕۆژنامەنووس کووژراوە، هەوڵی تێڕۆڕ کردن دراوە، بەڵام ئەو تێڕۆڕ کردنە لە پارچەکانی دیکەی عێڕاق بوایە ئەوە بە ناوی سڕینەوەی مەزهەبی ئاسان ئەتوانرا هەر کەسێک تێڕۆر بکرێ . و ئەوە ئەنجامیش دراوە. ئەوانەی کە ئازادانە ڕەخنەیان دەربڕیوە لە عێڕاق دا کۆمەڵێک هەن، بیزەبت ناوەکانمان لە یاد نییە، تێڕۆڕ کراون. وە هۆکارێکی دیکە ئەوەیە لە دوای ٢٠٠٣ لە عێڕاق دا ئەوانەی کە دیدی ڕەخنەیان هەبووە بۆ مەسەلەکان، ئاکادێمی بوون، یان ڕۆژنامەنووس بوون، زۆریان عێڕاقیان  بە جێهێشت. بە پێچەوانە لە هەرێمی کوردستان دا لەوانەیە لە دوای ٢٠٠٣ وە زۆر کەسی کورد کە لە دەرەوە ژیاوە هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان یاخود لە دەرەوە میدیایان پێش خستووە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو پەراوێزە ئازادییەی کە هەیە فراوانتر بێ.
قازی: دیارە شەباهەتێک هەیە، لە ئەو جێگایانەی کە لە بەر هاتنی ئەمرێکا ئاڵوگۆڕ لە سیستم دا دروست بووە ئەگەر نموونەی عێڕاق و ئەفغانستان لە بەرچاو بگرین. لە ئەفغانستانیش ئاوایە کە هەم تێلێڤیزۆنی دەوڵەتی هەیە و هەم تێلێڤیزیۆنی پڕایڤیت هەیە، تێلێڤیزیۆنی بەشی تایبەتی  کە لەو تێلێڤیزۆنە تایبەتییانە دا زۆر بە ئاشکرا و زۆر بە کراوەیی هەموو جۆرە ڕەخنەیەک لە سیستمی حاكم دەگیرێ ، ڕەخنە لە موداخەلەی ئەمریکا، هەموو لایەنەکانی زۆر بە کراوەیی باس دەکرێ. گەلۆ لە عێڕاقیش ئاوایە یان نا؟
چۆمانی: بەڵێ. لە عێڕاقیش ئەکرێ بڵێین بەم جۆرەیە، بەڵام، لە عێڕاق دا جیاوازییەکەی چییە؛ زۆر جار کە ڕەخنە لە تەداخولی دەرەکی ئەگیرێ ڕاستە ڕەخنەی زۆر گەورە ئەگیرێ بە تایبەتی لە ئێران و لە ئەمێریکا بەڵام، زۆربەی جار ئەو ڕەخنانەی کە لێیان ئەگیرێ ڕەخنەکان زیاتر پاڵپێوەنانێکی لایەنی مەزهەبی هەیە کە سوننەکان زیاتر ڕەخنە لە ئێران ئەگرن و شیعەکانیش ڕەخنە لە تورکیا و ئەمێریکا ئەگرن. بەڵام، بە گشتی ئەگەر میدیای ئازاد، بە تایبەت ماڵپەڕە عێڕاقییەکان تەماشا بکەی کە بە ئازادانە ڕەخنە ئەگرن نەک هەر لە ئەمێرکا و لە ئێران بەڵکوو لە ناو بەرپرسە گەورەکانی عێڕاقیش دا  زۆر بە جوانی مەسەلەکان ڕوون ئەکەنەوە، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دا، لە بەرنامە تێلێڤیزیۆنییەکانیان دا. ئەو ڕەخنانە ئەگیرێن کە پێویستە لە سیستمێکی سیاسی  بگیرێن هەر وەک چۆن  کۆی ووڵاتانی دیکەش، کۆی ڕۆژنامەنووسانی دیکەی دنیاش بە دیدیکی ڕەخنەیی ئەڕواننە مەسەلە سیاسییەکان .
قازی: زۆر باشە. ئەی چاپەمەنی نووسراوە وەک ڕۆژنامە. بۆ وێنە ئێمە ڕۆژنامەی ئاوامان هەیە کە بە زمانی کوردی بێ بەڵام ڕوانگە و بۆچوونەکانی بۆ نموونە ئی حیزبی دەعوا یان حەیدەر عەبادی باس بکا؟ بە کوردی
چۆمانی: لە هەرێمی کوردستان
قازی: نەک لە هەرێمی کوردستان، لە بەغدا و .. ئەوان هیچ پڕۆپاگاندایەک دەکەن بە زمانی کوردی؟
چۆمانی: ئەوەندەی من بزانم هیچ ڕۆژنامە و تێلێڤیزۆن و ڕادیۆشیان نییە  کە ڕووی لە کورد بێ. ئەوەش یەکێکە بە ڕاستی لە خەلەلەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کە ناتواندرێ ئەو دوو لایەنە بتوانن بە یەکەوە نزیک بن. هەر بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە  زیاتر کۆمەڵێک ڕێکخراوی نێو دەوڵەتی هەن لە هەرێمی کوردستان دا بە تایبەت ڕێکخراوی ئای ئێم ئێس (ئینترناشنال میدیا ساپۆرت) ، ڕێکخراوێکی دانیمارکی یە، ئەوان هاتوون ئەو بۆشاییەیان پڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن پردێک لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیە، عەڕەب و کورد دروست بکەن  بۆ ئەوەی کە گۆڤار یان وێب سایتی بە هەر دوو زمان کوردی و عەڕەبی هەبێ یان ڕای عەڕەب بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
قازی: باشە کاک کەماڵ! ئێمە کاتمان زۆر نییە چونکە یەک دوو بابەتی گرینگی دیکەش هەیە باسیان لێوە بکەین . مەسەلەیەکی زۆر زۆر گرینگ مەسەلەی پەنابەرانە لە عێڕاق. دەزانین بەو ئاڵوگۆڕانەی بە سەرهەڵێنان و هێرشی داعش هاتوونەتە گۆڕێ بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لە جێی خۆیان هەلبقەندرێن و ئەوانەی وەک پەنابەریی نێوخۆیی باسیان لێوە دەکرێ، هەر وەها بەو ئاڵوگۆڕ و پێشوەچوونانەش کە لە سوورییە و لە ڕۆژئاوا بووە خەڵکێکی زۆریش لەوێڕا هاتوون. وەزعی پەنابەران بە گشتی لە جوغرافیای باشووری کوردستان و لە عێڕاق دا چۆنە؟ دیارە ئەگەر ئەوەش کاتاگۆریزە بکەی هاسانتر دەبێ بۆ ئەوەی بینەران باشتری لێ تێبگەن.
چۆمانی: لە هەرێمی کوردستان هەر لە دوای ٢٠٠٣وە کۆمەڵێک ئاوارەی عەڕەبی ناوچەکانی دیکەی عێڕاق ڕوویان لە  هەرێمی کوردستان کردووە. هەندێکیان هەڵاتوون لە بەر مەترسی کوشتن ، هەندێکیان بۆ ئیش هاتوون ، هەندێکیان کەسانی سیاسین، هەندێکیان کەسانی دەوڵەمەندن کە نایانەوێ چیدیکە لە مەنتیقە عەڕەبییەکان دا بژین بە هۆی ئەوەی کە توند و تیژی هەیە و ئەیانەوێ لە هەرێمی کوردستان دا بژین. بەڵام، ئەوە بە شێوازێکی ئاسایی بوو لە لایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە و بارێکی زۆر گران نەبوو لە سەر هەرێمی کوردستان  تاوەکوو شەڕی داعش، کە لە شەڕی داعشەوە بە تایبەت بە ڕووخانی مووسڵ، کەوتنی مووسڵ لەوێوە شەپۆلی گەورەی ئاوارەکان چ لە مەنتیقەی ئەنبار و خوارووی عێڕاق و چ لە مەنتیقەی سەڵاحەدین و هەر وەها مووسڵ بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد. تا ئێستا نزیکەی میلیۆنێک و هەشت سەد هەزار کەس ئاوارەی عەڕەبی هاتووەتە هەرێمی کوردستان کە ئەوە بارێکی زۆر گران بووە لە سەر هەرێمی کوردستان دا. ئەم ئاوارانە کە دابەش بوونە بە سەر هەرێمی کوردستان دا ، هەندێکیان لە کەمپەکانن بەڵام، زۆربەیان بە هۆی ئەوەی کە ئەوانە هاتوون کە ساحێبی شتن و لە ڕووی مادییەوە باشن توانیویانە خانوو وەدەست بێنن لە هەرێمی کوردستان دا. خانوویان بە کرێ گرتووە یا خود لە هۆتێل و مۆتێلەکان دا ئەمێننەوە 
قازی: کەسانی وایان تێدا یە کە خانووشیان کڕیبی؟
چۆمانی: بە داخەوە، هەندێکیان خانووشیان کڕیوە، بە تایبەت دەوڵەمەندەکانیان .
قازی: بۆ بەداخەوە؟
چۆمانی: بەداخەوە لەبەر ئەوەی ئەو ڕێژەیە، و خانوو کرێن، ژمارەی دانیشتووانی کوردستان ٥ میلیۆنە، ئەگەر دوو میلیۆنیش عەڕەب بێتە هەرێمی کوردستان  و هەر وەها ئاوارە سوورییەیەکان نزیکەی سێسەد هەزار کەس  لە هەرێمی کوردستان دا بژین ئەمە لە ڕووی دێمۆگڕافییەوە خەتەرێک لە سەر هەرێمی کوردستان دروست ئەکا.
قازی : خەتەر؟ لە باری ئینسانییەوە پێت وا هەیە دەتوانین وای بۆ بچین؟ دیارە ئەوە جوێیە لەگەڵ کەسێک کە ئیمکاناتی مادی هەیە ، بەڵام وەک کاتەگۆری پەنابەر یانی کەسانێک کە بە هۆی شەڕ بە بێ خواستی خۆیان  مەجبوور دەبن جێ گۆڕکێ بکەن لە هەرێمێک ڕا بچنە هەرێمێکی دیکە بژین لە ووڵاتێک ڕا بچنە ووڵاتێکی دیکە بژین ئیدی بەوە ئایا دێمۆگڕافی تێک دەچێ تێک ناچێ زۆر مەسەلە نییە وا نییە؟
چۆمانی: بۆ ئەوەوی زیاتر ئەمن ڕای خۆم ڕوون بکەمەوە بۆ ئەوەی بە هەڵە تێگەیشتنێک دروست نەبێ لە لای ئێوە و لە لای بینەرانی هێژا. من هەمیشە لە سەرەتای هاتنی پەنابەرانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان؛ ئەوەی کە هەرێمی کوردستانی پێ دەگوترێ هەمیشە وام تەماشا کردووە کەدەبێ بەو پەڕی توانامانەوە پێشوازی لە پەناهەندەکان بکەین ، پێشوازییەکی زۆر گەرم کە بتوانین ژیانیان بۆ دابین کەین، ژیانیان خۆش بێ، چونکە ئێمە  لە مێژوو دا هەر ئاوارە بووینە یەعنی  بەرەو ئێران، بەڕەو تورکیا، بەرەو سووریا، بەرەو ناوچەکانی دیکەی عەڕەبی لە بەر ئەوەی ئەگەر کەس لەوە تێ نەگا دۆخی ئاوارە بوون چەند سەختە ئەبێ کورد لەو دۆخە تێ بگا و هەر وەها هەمیشە پێشم وا بووە هاتنی ئاوارەکان، بە تایبەت ئەو ئاوارانەی کە هاتوون کەسانی دەوڵەمەندن بە تایبەت عێڕاقییەکان بۆیە بۆ ئابووری هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپ دا ئەژی ئەمە ئەکرێ بقۆزرێتەوە. ئەگەر دوو میلیۆن ئاوارەی عەڕەبی لە کوردستان بێ ڕۆژانە هەر یەکی  پێنج دۆلار سەرف کا تەقریبەن ڕۆژانە دە میلیۆن دۆڵار پارە دێتە ناو بازاڕی کوردستانەوە. کە ئەوانە هیچ ئیشێک ناکەن لە هەرێمی کوردستان دا. کەمیان ئیش ئەکەن لە هەرێمی کوردستان دا. بۆیە ئەو پارەیە وا ئەکا پارەی دیکە دروست کا لە هەرێمی کوردستان دا بازاڕ گەرم بێ. هەر لە بەر ئەوەشە ئەگەر بچییە ناوچە گەشتیارییەکان، بازاڕەکان، مۆڵەکان ئێستا ووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زۆریان بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە لایەن میدیای حیزبییەوە دنە ئەدرێن تێک ئەچن بەو مەسەلەیە. بەڵام، من  دڵخۆشم بەوەی کە بازاڕی هەرێمی کوردستان بەوەوە گەرم بووە

قازی: بە هۆی بەشێک لەوانە .
چۆمانی: بۆیە کە من ئەڵێم بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دا ئەگەر بێتوو ئەو خانوو کرێن و زەوی فرۆشتنە بەردەوام بێ ئەوە لە داهاتوو دا ڕێژەکە یەعنی زۆر دەبێ. یانی عەڕەبە عێڕاقییەکان ئەوەندە زۆرن یانی ژمارەیان زۆر زۆرە کە بتوانن خانوو و زەوی لە هەرێمی کوردستان دا بکڕن . بۆیە من پێم وایە ..
قازی: ئەوانە زۆربەیان لە ناوچە سونییەکان ڕا هاتوون.
چۆمانی: بەڵێ. زۆربەیان لە ناوچە سونییەکان ڕاهاتوون. ئەگەر لە هەرێمی کوردستان کەمپیان هەبێ، ژیان بکەن بەردەوام بن. بەڵام، زەوی فرۆشتن پێیان بە تایبەت دەوڵەمەندەکانیان، کە دەوڵەمەندەکانیان  یەگجار یەگجار زۆرن ئەوە لە ڕووی دێمۆگڕافییەوە من بە جۆرێک لە مەترسی دا ئەنێم. لەبەر ئەوەی خەڵکی فەقیری سوننە یا خود خەڵکی فەقیری ئاوارەی عەڕەبی قازانج ناکا لەوە.
قازی: باشە دەزانین کە لە مەنتەقەی مووسڵ زۆر خەڵکی مەسیحی، ئاسۆری، سوریانی ، کلدانی ئەوانەش مەجبوور بوون جێگای خۆیان بە جێ بێڵن. بارو دۆخی ئەوانە چۆنە؟
چۆمانی: خۆشبەختانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوە ناودەوڵەتییەکان توانیویانە یەعنی بە جۆرێک لە جۆرەکان بتوانن ژیانی ئاوارەکان کە لە هەرێمی کوردستان دایە بە جۆرێک تا ڕادەیەک باش بی ، خراپ نەبی ئەوە لە لایەک. بەڵام ، زۆربەی ئەو ئاوارانەی هاتوونە ئەوێ، زۆربەی هەرە زۆریان توانیویانە ؛ جگە لە ئاوارە سوورییەکان ، توانیویانە خانوو بە کرێ بگرن یاخود بۆخۆیان لە هۆتێلەکان، لە فندقەکان بمێننەوە. ئەمە کە توانیویانە خانوو بە کرێ بگرن لەبەر ئەوە زۆر تەئسیری لە سەر باری گرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە ، لە بەر ئەوە ئەتوانم بڵێم ژیانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دا ژیانێکی خراپ نییە بە بەراوەرد بە ژیانی ئاوارە سوورییەکان . ئاوارە سوورییەکان خراپترە بەڵام، باری ئاوارە عەڕەبەکان. ئاوارە کلدانی و ئاشووری، ئاوارە مەسیحییەکان  ئەوەندە خراپ نییە لە هەرێمی کوردستان.
قازی: باشە وەزعی پەنابەرانی کورد کە لە ڕۆژئاوا ڕاهاتوون چۆنە؟ دیارە وا بزانم لە سوورییە ڕا عەڕەبیش هاتوون وا نییە؟
چۆمانی: بەڵێ، بەشێک عەڕەبیش هاتوون بەڵام، زۆربەیان  کوردن .
قازی: ئەوان زیاتر لە ئۆدووگاکانن یان چۆناوچۆنە؟
چۆمانی: ئی واش هەیە کە خانووی بە کرێ گرتووە یا خود لە شوێنێک ئیشی دۆزیوەتەوە چووتە  سەر ئیش و کار لە وێندەر بەڵام، بەداخەوە ژیانی ئاوارە کوردەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دا بە بەراوەرد بە ژیانی ئاوارەکانی دیکە باش نییە ئەوەش هەر وەک باسم کرد لەبەر ئەوەی جۆری داهاتی مادییان ئەوەندە نییە ، لە هەمان کاتیشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستە لە ڕێی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانەوە توانیویە کۆمەڵێک شتیان بۆ دابین بکا  بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەوانە لە ٢٠١٢ ، لە ٢٠١٣ وە ئەگەر بڵێین کە هاتوون تائێستا لە وێندەر ماونەتەوە تەنها بە زستانی ساردی هەرێمی کوردستان و هاوینی گەرمی هەرێمی کوردستان کە زۆربەی کات ١٢ سەعات تا ١٦ سەعات کارەبای نیشتمانی هەیە ژیان بە ڕاستی بۆ ئەوانە قورسە و لە لایەکی  دیکەوە زۆریان ئاوارە سوورییەکان  بەداخەوە کە بەکار ئەهێندرێن ، داوای خراپیان لێ دەکرێ بە تایبەت بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە کە بڵاو ئەبێتەوە لە مەسەلەی وەک هیومەن تڕافیکینگ بەکار هاتوون و هەر وەها لە هەمان کاتیش دا منداڵەکانیان لە سەر شەقامەکان دا ئیش ئەکەن و ئەوانەی کە ئیشیش ئەکەن بە داخەوە زۆر جار هەیە بە هۆی ئەوەی کە دەستی کار ئێستا لە هەرێمی کوردستان دا چ لە ناو خەڵکی هەرێمی کوردستان دا کە ئیش کەمە ئیش زۆرتر بووە یەعنی کرێکار زۆرتر بووە و هەر وەها ئاوارە کوردەکانی ئەوێش زۆر جار مافەکانیان ئەچەوسێنرێتەوە، کرێیان پێ نادرێ یاخود ئەگەر کرێشیان پێ بدرێ لە بری ئەوەی کە پەنجا دۆڵاریان پێ بدرێ چل دۆڵاریان پێ ئەدرێ، بە نموونە یەعنی وەکوو ڕێژەیەک وەربگرین. لە بەر ئەوە پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی هەیە .
قازی: باشە لە ڕووی ستاتیستیکسەوە چۆناوچۆنە؟ یانی ئامارێکی وا هەیە کە مرۆڤ بزانێ ئاوارەی نێوخۆیی و ئەوانەی لە دەرەوە ڕا هاتوون چەندەیە؟
چۆمانی: ئەوەندەی کە من بزانم ئاوارەی نێوخۆیی میلیۆنێک و هەشتسەد هەزار کەسە و ئاوارەی دەرەکی بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دووسەد و پەنجا هەزار کەسێکن.
قازی: باشە، مەسەلەی ڕێکخراو و نوێنەرانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە تایبەتی ئەوانەی کە لە چوارچێوەی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان دا کار دەکەن ئەوانە چەندە بەو مەسەلەیەوە خەریکن؟ چەندە هاوکاری دەکەن بۆ نموونە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ ئاوارەکان دا؟
چۆمانی: خراپ نەبووە بە شێوازێکی گشتی بەڵام، ئەمڕۆ لە دونیا دا بە هۆی ئەوەی کە ئاوارە زۆرە لە تورکیا ئاوارە زۆرە بە تایبەت ئاوارەی سووری، لە لوبنان، لە ئۆردۆن ئاوارەی فەلەستینی و هەر وەها لە هەرێمی کوردستانیش. ئەو هەموو ئاوارە زۆرە لە ناوچەیەکی وا دا وای کردووە کە ڕێکخراوە ناو دەوڵەتییەکان پێ ڕانەگەن بەوەی کە هەموو ئاوارەکان  بە سەر بکەنەوە یان بە باشی  پێشوازییان لێ بکەن. هەر لە بەر ئەوەشە  من ساڵی ڕابردوو لە دانیمارک چوومە ڕێکخراوەیەک ، یانی ڕێکخراوی پەنابەران هەمان نیگەرانیان باس کرد، یانی ئەیانگوت ئێمە ناتوانین بتوانین لە هەرێمی کوردستان ئیش بکەین، لە سووریا ئیش بکەین، لە تورکیا ئیش بکەین، لە لوبنان و لە ئۆردۆن ئیش بکەین. لە بەر ئەوە ئەمە زەختێکی لە سەر کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دروست کردووە بە هۆی زۆری ژمارەی پەنابەرانەوە  و هەر وەها یەک مەسەلەی دیکە کە گرینگە ئاماژەی پێ بکەین. ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانیش زۆر جار بە پێی ویستی پەنابەران  ئیش ناکەن بە تایبەت ئێزیدییەکان نیگەرانییان لەوە نیشان داوە  کە کۆمەڵێک ڕێکخراوی تەبشیری  چوونەتە ناو ئاوارە ئێزیدییەکان و داوای ئەوەیان کردووە کە دینی خۆیان بگۆڕن ئەو مەسەلەیە بە تایبەت لە لایەن ڤیان دەخیل ی ئەندام پارڵمانی عێڕاقەوە ڕای گشتی زیاتر لێ ئاگادار کراوە،
قازی: یانی شەرتی یارمەتییەکانیان دەکەنە ئەوەی لە دین وەرگەڕێن ؟
چۆمانی: نەک هەر ئەمە بەڵام، ئەم دۆخەی ئێزیدییەکان ئەقۆزرێتەوە چونکە لە دۆخێکی زۆر ناهەموار دان. تەسەورێکی وایان لا دروست دەکەن ئەگەر بێتوو ببنە مەسیحی ئەوە ئەگەری هەیە لە دەرەوە ئیقامەیان پێ بدرێ یا خود جینسییەی ووڵاتانی ئوڕووپییان پێ بدرێ . حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەبێ زۆر زۆر ئاگاداری ئەوە بێ کە، دەبێ دۆخێکی وا بۆ ئێزیدییەکان دروست بکا، برا ئێزیدییەکان دروست کا لە هەرێمی کوردستان دا کە بیر لەوە نەکەنەوە هەرێمی کوردستان بە جێ بێڵن چونکە ئەمانە سەروەتێکی نیشتمانی ن، ئەمانە بەشێکن لە کوردستان، بەشێکن لە کۆمەڵگەی کوردی، بەشێکن لە ڕووح و دڵ و گیانی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان دا. ئەگەر ئەم سەروەتە نیشتمانی و مێژوویی و ئینسانییە هەرێمی کوردستان بە جێ بێڵێ ئەوە بە ڕاستی مەترسییەکی زۆر زۆر گەورە دروست ئەبێ لە سەر هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەرانبەر مێژوو دا بەرپرسە و ئەمە وەکوو خاڵێکی زۆر ڕەش بە نێوچاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمێنێتەوە چونکە ڕۆیشتنی ئەو هەموو برا ئێزیدییانە بۆ ئوڕووپا و وەرگرتنی ئیقامەت کە بە تایبەت ووڵاتانی ئوڕووپی بە هۆی ئەوەی کە جێنۆسایدێک بەرانبەریان ئەنجام دراوە وەریان ئەگرن ئەمە خەتەرێکی دروست کردووە لە سەر ژمارەی ئێزیدییەکان لە هەرێمی کوردستان دا کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە چاک کردنی بارو دۆخی ژیانیان، بە باشتر کردنی ژیانیان، بە دۆزینەوەی ئیش بۆیان و بەشداری پێکردنیان جارێکی دیکە لە نێو کۆمەڵگای کوردی و لە هەمووشی گرینگتر پەلە کردن لە ئازاد کردنی شنگال بتوانین کارێکی ئاوا بکەین برا ئێزیدییەکان چیتر هەرێمی کوردستان بەجێ نەهێڵن
قازی: کاک کەماڵ دیارە ئەم پرسیارە پرسیارێکی زۆر کلاسیکە بەڵام، ئەگەر بە کورتی بپرسم بە بۆچوونی بەڕێزت عێڕاق بەرەو کوێ دەچێ؟ ئەوە پرسیارێکە زۆر شت دەگرێتەوە بەڵام، لە کورتخایەن دا پێت وایە وەزعەکە بەرەو کوێ دەڕوا؟
چۆمانی: لە کورتخایەن دا دەکرێ بڵێین وەزعەکە بەو شێوازە ئەمینێتەوە داعش مەترسییەکی گەورەترە لەوانەیە ساڵێکی تر دووساڵی تریش بخایەنێ بڵێین ئەگەر مووسڵ ئازاد بکرێ، ناوچەکانی تری عێڕاق ئازادیش بکرێن ئەو خەتەرە لە سەر عێڕاق هەر ئەمێنیتەوە. بەڵام، بە بڕوای من دوا چارەسەری عێڕاق ئەوەیە عێڕاق بەرەو سێ هەرێم ئەڕوا هەرێمی وەسەت کە سوننەکان تێیدا بتوانن جۆرێک حوکمڕانی خۆیان هەبێ و هەرێمی کوردستان و هەرێمی شیعەش، ئەوجار لە هەرێمی شیعەش لەوانەیە دوو هەرێم دروست بێ بە تایبەت مەنتیقەی بەسڕا کە حەزیان لەوەیە هەرێم دروست بێ بەڵام ، بە بڕوای من بە دروست بوونی ئەو هەرێمانە عێڕاق بە یەک پارچەیی ئەمێنێتەوە لە درێژ مەوداش دا.
قازی: بەڵام بە سیستمێکی دیکە وەک کۆنفێدرالیزمێک ؟
چۆمانی: تەسەور ناکەم کۆنفێدرالیزمیش دروست بێ بەڵام هەم ئەوەی کە دەستوور عێڕاق بڕیاری لە سەر داوە کە پارێزگاکان بتوانن هەرێمی فێدراڵی خۆیان هەبی، ئەم فیدڕاڵییە ئەم لامەرکەزییەتە لە عێڕاق دا پێش ئەخرێ و ئەم پێش خستنە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە مەنتیقەکانی سوننە بتوانن هەرێمێک دروست کەن ، ئەگەر هەرێمیش دروست نەکەن ئەوە دەستەڵاتی پارێزگاکان ئەوەندە ئەبێ وەکوو هەرێمێک بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام ئەبێ لە پاراستنی ئەو کیانە سیاسی و مێژووییە گرینگەی کە هەیەتی بەڵام لەوانەیە لە کەرکووک زەحمەت بێ ، لە پاڵ هەموو ئەو کێشانەی کە باسمان کرد پرسێکی دیکەی زۆر گەورەتر هەیە کە پرسی کەرکووکە چونکە پرسی کەرکووک تەنها پەیوەست نییە بە کورد و عەڕەب و عێڕاق و کورد، پەیوەستە بە ئێران ، بە تورکیا، بە ئەمریکا ، بە بریتانیا ، بە کۆمپانیای شێل، بە کۆمپانیای ئیگزۆن بە هەموو ئەو کۆمپانیا گەورانەی جیهان، لە بەر ئەوە ئەویش دیسان پرسێکی گەورەترە. بەڵام ئەگەر بە کورتی باس کەین عێڕاق بە یەکگرتوویی ئەمینێتەوە لە درێژ مەوداش دا بەڵام لە ئەم یەکگرتووییە دا ئەو جۆرە حوکمڕانییەتەی کە ئێستا هەیە بە شێوازە بەردەوام نابێ.
قازی: ساڵی ڕابردوو کە بەڕێزت لەم بەرنامەیە دا بەشدار بووی باسی چالاکییەکت کرد شوێنێکتان دروست کرد بوو بە ناوی " کوردیش پالیسی فاوندەیشن" ، ئەو چالاکییە بەرەو کوێ چوو ئایا بەردەوامە یا بەردەوام نییە و وەکوو من بیستوومە دەستتان کردووە بە وەگەرخستنی ماڵپەڕێکی تازەش ئەگەر باسی ئەوە بکەی. تکایە هاوکارانیشم ناونیشانی ئەو ماڵپەڕي لە سەر شاشە بنووسن 
چۆمانی: زۆر سپاس مامۆستا. ڕاستییەکەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان دا خۆتان دەزانن پرسێکی زۆر گەورەمان هەیە ئەویش پرسی بوونی خەتەرێکی زۆر لە سەر میدیای ئازادە لە هەرێمی کوردستان دا. هەر لە بەر ئەوەشە لە ماوەی ڕابردوو دا ڕۆژنامەی  ' ئاوێنە ' کە  یەکێکە لە میدیا هەرە باشەکانی نەک هەر کوردستان بەڵکوو عێڕاقیش خەتەرێکی لە سەر بوو کە دابخرێ بەڵام، خۆشبەختانە لە ڕێی کۆمەک و پیتاکی  ووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دەرەوە توانرا بەردەوامی پێ بدرێ. بۆیە ئێمەش ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست بیرمان لەوە کردەوە ' کوردیش پالیسی فاوندەیشن' دروست کەین  بەڵام، نەمانتوانی زۆر سەرکەوتوو بین، دواتر هەڤاڵانمان لە ئەمریکا وەکوو ڕێکخراوێک تۆماریان کردووە کە بەڵکوو بتوانین فاندێکی ناو دەوڵەتی وەربگرین بۆ ئەوەی ئیشەکان پێش خەین. بەڵام لە هەرێمی کوردستان دا بیرمان لەوە کردەوە کە فەراغێک هەیە لە میدیای کوردی دا ئەویش کە فەراغی کۆمەڵێک دەستگای ئاسمانی ، ڕادیۆ و تێلێڤیزۆن و بڵێین وێب سایت و هەواڵیمان هەیە. بەڵام وەکوو دەستگای شی کردنەوەی سیاسی کە بە هەر دوو زمانی کوردی و ئینگلیسی بێ کەمترە. هەم بتوانین ئامانجمان خوێنەری بیانی بێ  یان ئەو کوردانەی کە لە تاراوگە ئەژین و هەمیش کە بتوانین لە هەرێمی کوردستان دا دەستگایەکی شیکاری سیاسی پێش بخەین، پینیشمان کۆمەڵێک نووسەر، ڕۆژنامەنووسی زۆر جیدی لە دەرەوەی دەستگاکان ڕۆژێک بۆ فڵان میدیا ئەنووسن ڕۆژێک لە فەیس بووکەکەی خۆیان دا ئەنووسن بۆیە ویستمان ئەم توانایانە هەموویان کۆ  بکەینەوە لە ماڵپەڕێکی ئینگلیزی- کوردی دا بە ناوی پاسەوان. پاسەوان دات کۆم کە بتوانین وەکوو دەستگایەکی کاری خۆمان ڕابگەیێنین ، بتوانین شیکاری دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە تایبەت ئێران و تورکیا و سووریا بە ووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕابگەیێنین  تەنها هەواڵی ڕۆژیان پێ نەگەیێنین ، هەرچەند دیسان  ئەمەش قورسە بۆ ئێمە بەڵام بە هیواین بتوانین لە ڕێکخراوکانی ناو دەوڵەتی یا خود لە هەرێمی کوردستان دا جۆرێک لە فاند بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بەردەوامی پێ بدەین.
                                           www.pasewan.com              
قازی: باشە پارەکە باسی ئەوەت کرد کە ئێمە ناتوانین بڵێین لە کوردستان دامەزراوە یان موئەسەسەی 'ثینک تانک ' هەبێ ئێستاش هەر وایە یان بێجگە لەو کارەی ئێوە چەند موئەسەسەی دیکەش هەن وا بزانم.
چۆمانی: لە هەرێمی کوردسیان کۆمەڵێک ' ثینک تانک ' وەکوو  ثینک تانک نا بەڵام وەکوو دەستگای توێژینەوە و لێ توێژینەوە بوونیان هەیە  دوو سێ یەکیان بەڵام بە ڕاستی زۆربەیان  سەر بە حیزبەکانن یانی سەر بە یەکێتی و پارتی ، لە دووساڵی ڕابردووش دا دەستگایەکی ثینک تانک دروست کراوە بە ناوی " مێری"
قازی: ئەوەی کاک دلاوەر عەلائەدین بەڕێوەی دەبا
چۆمانی: بەڵێ، کاک دلاوەر عەلائەدین. هەر چەندە ئەویش یەعنی قسە هەیە لە سەر بوودجەی نەوت سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ بەڵام دیسانیش ئەگەر پارەی نەوت و پارەی حکوومەتی کوردستان بۆ ئەو مەجالانە سەرف بکرێ بەڵام لە هەمان کاتیش دا ئەو دەستگایانە بتوانن بێ لایەنی خۆیان ، سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بپارێزن  بۆ ئەوەی بتوانرێ لە خزمەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کورد و یان تەواوی ئینسانییەت لە ناوچەکە دا بێ نەک لە خزمەت فڵان بەرپرسی حیزبی یان فڵان حیزبی سیاسی دا.
قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز کەماڵ چۆمانی بۆ ئەو کاتەی بۆت تەرخان کردین زۆر سپاست دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەم جارەشمان. تاکوو ' ڕاوێژ ' ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم هاوپرسەکییەی بەرنامەی " ڕاوێژ" لە ئێوارەی یەکشەمە ٢٠ سێپتامبری  ٢٠١٥ لە تێلێڤیزۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەو بەرنامەیە سەیری تۆڕی کۆمەڵی "یووتووب" یان لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا بکەن