Sunday, October 25, 2015

ووتاری بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان بۆ دەنگدەرانی بریتانیا



ووتاری بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان بۆ دەنگدەرانی بریتانیا
یەکشەمە ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥، دۆمینیۆن سێنتر، لەندەن  

وەرگێڕان لە تورکییەوە: حەسەن قازی

دروشم گوتنەوەی بەشداران بۆ بە خێڕ هێنانی دەمیرتاش  " بە دژی فاشیزم ، شان بدەنە شانی یەک "
هاوڕێیانی زۆر خۆشەویستم!
خوشک و برایانی بە قیمەتم!
وەکوو هەمیشە بە جۆش و خرۆشی خۆتان، بە هەیەجانی خۆتان، بە هیوای خۆتان لەم ساڵۆنە دا کۆ بوونەتەوە. هەر کام لە ئێوە بە هاتنتان گەورەتان کردم، بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. بەخێر بێن خوشکوبرا
بە قیمەتەکانم.
دیتنی ئێوە لە لەندەن بەو هەموو هەیەجانەوە ، بە خۆشەویستی و باوەڕییەوە سەڕەرای هەموو جۆرە گوشار و زوڵمێک  ئاوا بە سەر بەرزی دەتان بینم ئەوەش دڵگرمی دەدا بە ئێمە. هەمووتان بەخێر بێن خوشکوبرایانی بەڕێزم.
دروشمی بەشداران
"قاتڵان دەبێ سەری خۆیان بخوێننەوە "
خوشکوبرایانی بەڕێزم
لە سەروبەندێکی دژوار دا، لە سەروبەندێکی پڕ لە گوشار دا، لەگەڵ ئێوە بەیەکەوەین. چەندە ناخۆش، چەندە تاڵە کە قەتڵی عامەکان، مردنەکان ، زوڵمەکان ئەو شتانە نین کە بۆ ئێمە بێگانە بن. چەندە تاڵە، مێژووی نزیکمان ، مێژووی ڕابردوومان ، پڕە لە دەرد و کول. لە یەکێک لە خاکە هەرە بە بەرەکەتەکانی دنیا دا، لە جوگرافیایەک دا کە مێژوو چاوی بە  یەکەم شارستانییەت پشکووتووە ،جوگرافییایەک کە نزیکەی ٣٠ شارستانی گەورەی لەخاکەکانی مێزۆپۆتامیا، ئانادۆڵی و لە کوردستان دا ساز کردووە ئێستا و بە داخەوە ساڵانێکی درێژە کە تەنێ دەردو کول دەچێندرێ و هەر دەرد وکولە کە بەرهەم دێ. ئەوانە ڕەنگە یەکەم ئەو دەردانە نەبن کە چێشتوومانن بەڵام، هیچ کات خوومان پێ نەگرت . قەت خوومان نەگرت بە قەتڵی عامەکان،نەفی کردنەکان، جێنوسایدەکان، ئەشکەنجەکان.
ئێنسان چۆن خوویان پێ دەگرێ. کەسێک خۆی بە ئینسان بزانێ چۆن خوو بەوانە دەگرێ. بەڵام ئەوەش هەیە ئەی خوشکوبراکانم  کە ناچار بوون لە ووڵاتەوە کۆچ بکەن، ڕاستە لە سەر خاکەکەمان، لە ووڵاتەکەمان دەرد و کول هەیە ، زوڵم هەیە بەڵام بەرخوەدانێکی بەشکۆش لە ئاست زوڵم  هەیە ، قارەمانانی ئەوتۆ هەن کە سەر لە ئاست زوڵم دانانەوێنن ، ئێوە هەن  ( چەپڵە و تلیللی بەشداران ) و ئەو شتەی کە لەئاست ئەو دەرد وکولانە هێزمان دەداتێ ئەوەیە، بەیەکەوە بوونە ، چ لە ناو دەرد و کول و چ لە خۆشی دا بەیەکەوە بوون و یەکگرتنەوە گرینگە. لە ووڵاتەکەم دا هەموو گەلە جوانەکانی، باوەڕەکانی ، ناسنامەکانی بە دەرد و کول بە یەکەوە بوونیان ، هەر وەک لەم ساڵۆنە دا دەیبینین، هەر کامەی بە ڕەنگی خۆیانەوە لە باغچەی گوڵان دان و گوڵێکی بە قیمەتن  و لەو خاکەی دا کە هەموو ڕاستییەکانمان ئینکار دەکرێن  و بە هیچ دادەندرێن لە بەر بەیەکەوە بوون و شان بە شانی یەک وەستانمانە کە دەتوانین لە ئاست ئەو دەرد و کولانە خۆ ڕابگرین. لە بەر ئەوەی بەیەکەوە بەرخوە دەدین دەتوانین لە بەرانبەر ئەو دەردو کولانە دا ڕاوەستین.
[ دروشمی ئامادە بوان ]
و هەڵبەت ئەم هەڵوێستەیە کە دەتوانێ حیساب بپرسێتەوە. ئەمن بەم بۆنەیەوە، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو دۆستەکانمان ، لە  هەموو پێشکەوتووەکان ، شۆڕشگێڕەکان و دێمۆکڕاتەکانی دانیشتووی لەندەن دەکەم. ئێوە لێرە زۆر چاک کارتان کرد، سەرەڕای دژوارییەکان لە دەوری یەکدی کۆ بوونەوە و لە ٧-ی حوزەیران ئەو بەیەکەوە بوونەتان   دەرخست و لە هەموو دنیا دا ڕێکۆردێکتان شکاند . لێرە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلانتان ، یانی یەکێتیی گەلانتان
[ چەپلەی ئامادە بووان ] کردە یەکەم پارتی و لە هەموو دنیا دا بە بەرزترین ڕێژەی دەنگ ڕێکۆردتان شکاند. ئەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە پەیامێکی زۆر گرینگە کە پێمان دراوە. هەر دەنگێکی کە ئێوە لە سندووقتان هاویشتووە ئەمرێکە کە بە ئێمە کراوە ، ئەوە ئامۆژگارییەکە بە ئێمە دراوە. باوەر بکەن، ئەو جەواڵانەی کە لێرە، لە لەندەن زەرفەکانی تێ کرا، واتە دەنگەکانی ئێوە ، هەر کامێکیان کە دەکراوە ئێمە لە هەر کامێکیان دا تەنێ ئەو مۆرە نابینن کە بۆ پەسندی هەدەپە کراوە ، ئەوان بۆ ئێمە تەعلیمات و ئامۆژگارین. ئێوە بەو دەنگانە بە ئێمەتان گوت ئێمە لە ووڵاتەکەمان دا ئازادیمان دەوێ ، ئێمە برایەتی و خوشکایەتمان دەوێ. ئەوانەی ئەو مۆری پەسندەیان لێ داوە ، ئەوانەی لە ژێر ناوی هەدەپە دا مۆری پەسندیان لێ داوە ، کوردین، تورکین، سونیین، عەلەوین، چەرکەزین، لازین، ئەرمەنین ، بەڵام خوشک  و براین. لە ژێر چناری هەدەپە دا مۆری پەسند لێ دەدەین . گوتتان ئاشتی مان دەوێ و ئێمە لایەنگری چەوساوەیانین. ئەوەش بۆ ئێمە ئەمرێکە، ئێمە ئاوامان وەرگرت. ئێمە وای لێ تێگەیشتین. ئەو دەنگە ئەوەندە بەقیمەتە کە بە هەزاران کیلۆمیتر دوور لە نیشتمان ووڵاتەکەی لە بیر ناباتەوە و بۆ ئەوەی ببێتە مەرهەم بۆ ئەو دەرد وکولەی خوشکو براکانی لەوێ دەیچێژن دەچێتە پای سندووق ، بۆ ئەوەی بڵێ ئەمن ئێوە لە بیر ناکەم. لە لەندەنم، لە ئینگلیستانم بەڵام  دڵم لەگەڵ ئێوەیە ، لە گەڵ ئەوانەی لەوێ بەرخوە دەدەن لێ دەدا. لەگەڵ ئەو قارەمانانەی لەوێ سەرمان بەرز دەکەنەوە ، لەگەڵ خوشکوبراکانمان دڵمان لێ دەدا، بەڵێ ئەوەتان گوت. [چەپڵەی ئامادە بووان ]
لە بەر ئەوە، ئەو کارەی کردتان زۆر بە قیمەتە. ئەوە تەنێ بریتی نییە لە دەنگێک، لە زەرفێک. ئەوە لە ئاست دابەشکرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیامێکی زۆر بەهێزە کە بەناوی یەکێتی و یەکسانی دراوە. لە تورکییەش شتێکی کە هەرە زۆر حەوجێمان پێی هەبێ ئەوەیە. هێناویانینە دۆخێکی ئاوا ؛ هەمیشە هەر باسی دەکەم. ڕاستییەک باس دەکەم کە قرچە لە دڵم دێنێ. ئەو ڕاستییە چییە؟ باوەر بکەن، باوەڕبکەن ئەو زمانەی کە بە کاری دەهێنن ، ئەو سیاسەتەی کە بەڕێوەی دەبەن ئیدی تورکییەی هێناوەتە دۆخێکی ئاوا کە گەڕەکی لە گەڕەک دابڕیوە. گەڕەک بە گەڕەک، شار بە شار ناڵێم، گەڕەک بە گەڕەک واتە ئەوانەی کە دەنگ دەدەن بە پارتیی دەستەڵاتدار و ئەوانەی دەنگی پێ نادەن. بەو شێوەیە تورکییەیان بە دوو  دابەش کردووە. ئەوانەی دەنگیان نادەنێ خائین بە نیشتمانن ، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ دوژمنی ووڵاتن، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ تێڕۆریستن ، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ جیاوازیخوازن، ئەوانەی دەنگیان نادەنێ مافی ژیان لەو ووڵاتەیان دا نییە و دۆژمنانی دێمۆکڕاسین . شەو وڕۆژ ئەوەیان گوت . وورد بنەوە ئێستاش هەر ئەوە دەڵێن. وورد بنەوە، کە داوای دەنگ دەکەن چ دەڵێن؟ دەڵێن ئێمە و ئەوان. مەبەستیان لە ئەوان کێیە؟ مەبەستیان ئێمەیە. لە کاتێکدا پەیامەکەیان ئاوا بڵاو دەکەنەوە، دەڵێن ئەو خائینانە بە نیشتمان، ئەم جیاوازیخوازانە ، ئەم تێرۆریستانە، یانی ئەوانەی کە دەنگ نادەن بە ئاکەپە هەموویان کردە دوژمن و بە داخەوە ئێستا وەکوو چارە بۆ ئەم دۆخە لەیەک دابڕاوەی ووڵات هەر ئێمە ماوینەتەوە. ئەوەی ناوەرۆکی چەمکی ئاشتی،خوشکووبرایەتی، ئازادی و دێمۆکڕاسی بەلیاقەتەوە دەتوانێ پڕ بکاتەوە ئێمەین کە ماوینەتەوە. ئەگەر ئێمەمان لەم سەروبەندە دا  خۆمان لە ووڵاتەکەمان و لە داهاتوومان نەکەینە ساحێب ، ئەگەر لەم سەروبەندە مێژوویییەدا دەوری خۆمان نەگێڕین ، باوەڕ بکەن منداڵەکانمان، نەوەکانمان، تەنانەت دەبێ مۆم بە دەستەوە لە تورکییەی ئەمڕۆ بگەڕێن .

وەزعی سوورییە و عێڕاق لە بەر چاوە. هەتا یەمەن، لە میسرەوە تا لیبی تا لوبنان وەزعی ووڵاتەکان لە بەر چاوە. لەو ووڵاتانە بۆچوونێکی وەک هەدەپە خۆی نەگرت و هێزی وەدەست نەهێنا بەداخەوە چونکە گەلان، ناسنامەکان ئەگەر یەکتری بە دوژمن نەبینن ، لە شوێنێک بەیەکەوە نەمێننەوە ، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە ڕا زۆر هێز هەنە کە بتوانن ئەوان بکەن بە دوژمنی یەکتری. زۆر هێز هەن کە لە مەتەرێز و بۆسان دا چاوەڕێ دەکەن. ئێمە لە هەمبەر هەموو ئەوانە دا یەکێتێکی گەورەی دێمۆکڕاسیمان پێکەوە نا. ئەوە واقعییەتی ووڵاتەکەمانە. لە ووڵاتی ئێمە، لەو خاکانە دا هیچ کەس لە سەر بنەمای تاکێتی ناتوانێ هیچ شتێک دابمەزرێنێ. چەمکی تاکێتی بۆ ووڵاتی ئێمە چەمکی هەرە بە مەترسی یە. پێیان وایە کە ووڵات ئەگەر هەتا ئەمڕۆ دابەش نەبوو بێ و هەڵنەوەشابێ ، لە بەر تاقە زمان و تاقە میللەتە کە هەڵنەوەشاوە. نەخێر! دەوڵەت مەفهوومێکی فاشیستی، ڕەگەزپەرستانەی داسەپاند ، بەڵام نەیتوانی لە کۆمەڵ دا تاکێتی دامەزرێنێ. لە بەر ئەوەیە بەیەکەوەین. بە باوەڕیمان بە کولتووری پلوورالیستی ، بە تێگەیشتنی پلوورالیستیمانەوە ئێمە لە جێدا لە تورکییە لە گەڵ دەوڵەت و دەستەڵاتەکان دا قەت  نەسازاین. گەل شتێکە و دەوڵەت شتێکی دیکەیە. و بە داخەوە لە ووڵاتەکەمان دا دەوڵەت هەرچییەکی بێ پیرۆزە ، وەک نیوە خودایەک وایە، ناگۆڕدرێ، نابێ تخوونی بکەوی . هەر ڕەخنەیەکی کە لە دەوڵەتی بگیرێ تاوانبار دەکرێ بە خیانەت بە نیشتمان و دەتان خاتە دۆخێکی ئاواوە. هەر وەک ئەمەی لەم ڕۆژانە دا  ڕوو دەدا. قەتڵی عام دەکا، ناکرێ قسەی لێوە بکەی. ئەشکەنجە دەکا، ناکرێ باسی بکەی، قەدغەیە. چونکە حاشا، دەوڵەت لە تورکییە نیوە خودایە.  هەر کەس تخوونی بکەوێ دەسووتێ. هەمیشە ئاوا بووە لە مێژووەکەماندا.
ئێستا ئێمە دەمانەوێ ئەو تێگەیشتنە نەهێڵین . ئەو دەوڵەتەی ئەوان باسی دەکەن، دەمانەوێ ئەو تێگەیشتنە هەڵە و قێزەوەنەی کە دەوڵەتی کردووتە شتێکی پیرۆز ڕاست بکەینەوە. بۆ ئێمە ئەوەی پیرۆز بێ ئینسانە. لە ڕوانگەی ئێمەوە دەوڵەت خزمەتکاری ئینسانە. پیرۆزی چی و شتی چی؟ دەوڵەت کۆیلەی ئێمەیە، کۆیلەمان. [ چەپڵە لێدانی ئامادەبووان]، پارەکەی دەدەینێ و هەڵدەسووڕێ و کار دەکا، هەر ئەوەندە. هەر ئەوەندە.

باج و ماڵیاتەکەمان دەدەین ، مەعاشی پێرسۆنێلی دەوڵەت دەدەین ، مەعاشی سەرۆکوەزیر و سەرۆک کۆماریش ، ئی نوێنەری پارڵمان و ئی برۆکڕاتەکانیش. کاری دەوڵەت خزمەت بە میلەتە. جێگای ئەوان ساز کردنی پێرۆزایەتێکی نوێ نییە . هەر ئەم ڕۆژانە، قەتڵی عامی ئانکارا، قەتڵی عامەکانی سورووچ و دیار بەکر، بە چاو لە چاو بڕین، بە یارمەتی وەرگرتن لە نێو دەوڵەتەوە ، ڕێکخراوەیەکی دڕندە و بابڕی وەک داعش کە بووەتە بەڵا بە سەر ئیسلام، ئینسانییەت و هەموو ناوچە دا بە ڕاحەتی دەتوانێ بێ قەتڵی عام بکا. و دەڵێن لەو بارەیەوە بۆتان نییە تاقە ڕەخنەیەکیش لە دەوڵەت بگرن. وورد بنەوە ، هەموویان دەستیان داوەتە دەستی یەکەوە و دەیانەوێ لە ڕووی سیاسییەوە لینچمان بکەن . لێی وورد بنەوە،  بە ووردی گوێ لە سەرۆکوەزیر و لە سەرۆک کۆمار بگرن  دۆخەکەیان گەیاندووەتە ئەو ئاستە کە ئەو ڕەخنەیەی کە ئێمە لە دەوڵەتی دەگرین  لە مەیدانان دا بە دوژمنایەتی ئێمە لەگەڵ گەل و میلەتی دادەنێن. دەبینن  دەڵێن: ئەی گەلەکەمان؛ ئەی میلەتەکەمان ئەوانە دەوڵەت و میلەت بە قاتل نێوزەد دەکەن. چونکە دەیانەوێ بە تێگەیشتنی پیرۆزیی دەوڵەت مێشکی خەڵک جارێکی دیکە بە تیوری نێوبەتاڵ دابگرن ، باوەڕیان پێ بهێنن و بەرەو لای خۆیانیان ڕاکێشن. پێشتریش دووپاتەم کردووەتەوە ، ئەگەر نەزانین و باوەرمان پێی نەبێ نایڵێین: ئەم دەوڵەتە قاتڵە، قاتڵ. لە مێژوو دا ئەوەندە قەتڵی عام کردووە ، [ چەپڵەی ئامادە بووان]  قاتڵە ئیدی.
[ قاتیل دەولەت حیساب وێرەجەک = دەوڵەتی قاتڵ دەبێ سەری خۆی بخوێنێتەوە ]
باشە  قەتڵی عامی دەرسیم کێ کردی ؟  لە چۆرم، لە مەرعەش، لە سیواس  کێ قەتڵی عامی کرد؟ لە غازی، لە گەزی ، لە ڕۆبۆسکی کێ قەتڵی عامی کرد؟ بڕوانن! دەوڵەت گشت ئەوانە دەکا، بەڵام نابێ مافی بخورێ لە سەر کوری زەوی هیچ دەوڵەتێکی ئاوا سەرکەوتوو نییە کە بتوانێ ئەوانە داپۆشێ. دەرەجە یەکە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]
بۆ سەرپۆش کردنیان دەرەجە یەکە. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ]. ئەوە نییە کە لە ناو دەوڵەت دا هێزە تاریکەکان ئەوانە بکەن. بە شێوەیەکی ئاشکرا هێزەکانی ناو دەوڵەت ئەشکەنجەتان دەدا ، بەڵام ئەگەر ئێوە بتانەوێ لە بەر ئەو ئەشکەنجەیە ئیعلامی جورم بکەن ، لێپرسینەوە لەگەڵ ئێوە دەکەن. بڕاونن هێندە لە مێژ نییە ٤٠٠ بینای پارتی مان و شوێنی کار سووتێندران ، بە شەوێک ، دوو شەو ٤٠٠ شوێنمان سووتێندران لە بەڕچاو هەموو پایەکانی دەوڵەت دا ، بە هاوکاری پۆلیسان. بە هاوکاری بەڕێوەبەرانی ئەمنییەت و قایممقامان، بە ئامادە بوونی میدیا ، لە بڵاو کراوەی زیندوو دا بیناکانمان ئاوریان تێ بەردرا. بڵێسە بە دوای بڵێسە دا، لە هیچیان دا موداخەلە نەکرا.نەیانهێشت موداخەلە بکرێ. چونکوو دەوڵەت قەراری دابوو، دەسووتێندرێ. گوتبوویان چارەیەکی دیکە نییە. لە کاتێکدا گشت ئەو بینایانە سووتێندران و ڕووخێندران دۆزیان بە دژی کێ کردەوە؟ بە دژی من. چونکە گوتم ئەوانە دەوڵەت ئاوری تێ بەرداون. بۆ سەرداپۆشینی کاری ئەوتۆ سەرکەوتوون . بە هەزاران ئینسانیان ڕژاندە سەر کۆڵانان، بە ڕۆژان کەمپەینی لینچیان بەڕێوە برد ، هەر دۆز لە دژی پیاوێک کراوە، ئەویش ئەو پیاوەی کە بیناکانی پارتییەکەی سووتێندرابوون، دۆز بە دژی هاوسەرۆکی پارتییەکە کراوە.
بۆیە نابێ حەول بدەن ئەم دەوڵەتە وەکوو شتێکی مەعسووم و سپی وەک شیر بە سەر ئێمە دا داببڕن. ئێمە دژی دەوڵەت نین، ئێمە دژی دوڵەتی فاشیست، دەوڵەتی ملهوڕ و دژی دەوڵەتی بابڕین. دەمانەوێ دێمۆکراتیکی بکەین. نەک دابەشکردن و پارچە کردنی. دەمانەوێ بیکەین بە ماڵوموڵکی گەل. دەوڵەت لە دەست گەل ئەستێندراوە بردراوەتە تەشقی ئاسمانان. دەمانەوێ بیهێنینە سەر زەوی. یانی ئەو جێگای لێی دەوەشێتەوە ، دەمانەوێ لە شانی ئینسانی بەر بە خوارەوەتر بێنین. بەو پەڕییەوە جێگای دەوڵەت دەتوانێ ئەوێ بێ [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان].
دەمانەوێ ئەوە بکەین. ئەوە پرسێکی گرینگە و تا ئەو کاتەی جێ بە جێمان نەکردووە ئێمە نابین بە ئێمە. تا ئەو کاتەی کە دەوڵەت ئێمە وەکوو کۆیلەی خۆی ببینێ ئێمەمانان نابین بەو شارومەند و گەلانەی کە بەپێی قانوونی بنچینەیی مافمان مسۆگەر کرا بێ. ئیزن نادەن بەوە.
پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ( هەدەپە ) دەیەوێ ئەوە بگۆڕێ. ئەگەر هێزمان هەبێ، ئەگەر بێینە سەر دەستەڵات، ئێمە بەڵێنی دەوڵەتێکی دێمۆکڕاتیک دەدەین بەهەموو کۆمەڵی تورکییە. نەک دەوڵەتێک کە لە سەراوە لەلایەن تاقە کەسێکەوە ئیدارە بکرێ، بەڵکوو لە هەمو جێیەک.  لە گەڵ ئیدارەی ناوچەیی بەهێز، سەرۆکی شارداری، مەجلیسی شارداری بەیەکەوە کە بتوانن دێی خۆیان،  شاری خۆیان بەڕێوەبەرن هەر بۆیەیە کە سیستمی خۆسەری پێشنیار دەکەین . بڕوانن، ئەوە دەڵێین: دەنگمان بدەنێ بۆ ئەوەی سەڵاحییەتەکان بدەین بە ئێوە. ئەویدی دەڵێ چی؟ دەڵێ دەنگمان بدەنێ ئەمن دەبم بە سەرۆک کۆمار، بە تەنێ ووڵاتەکە بەڕێوە دەبم .
ئێمە باسی دوو دنیای جیاواز دەکەین. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]  باسی دوو جەمسەری جیاواز دەکەین. ئێمە لە بەر ئەوەیە کە کارێکی مێژوویی دەکەین. داهاتووی ڕووناکی ووڵاتەکەمان بێرە دا تێدەپەڕێ. و ئەوە وەکوو کێ دەکەین؟ هەر کەس کە لە تورکییە دا بژی. تەنێ هەر کوردەکان نین، تەنێ هەر تورکەکان نین. هەموومان بەیەکەوە دەیکەین. لە جێدا ڕازی سەرکەوتن لێرە دایە. بەیەکەوە خەبات دەکەین ، بەیەکەوە سەردەکەوین بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکەوە بژین. بۆ ئەوەی یەکسان بژین. بێ ئەوەی لە یەکتری بترسێین. بێ ئەوەی یەکتری وەکوو هەڕەشە و مەترسی ببینین. بێ ئەوەی لە دەوڵەت بترسێین. بێ ئەوەی دەوڵەت وەک هەڕەشە و مەترسی ببینین. ڕێگای بەیەکەوە ژیان بە خەبات بەیەکەوە کردن دا تێدەپەڕێ.  بە شانبەشانی یەکتر وەستان تان، هەر ڕۆژە و هەر سەعاتەی زیاتر لەگەڵ یەکتری دا دەبن بە دۆست. دەبنە هاورێ ، دەبنە خوشکوبرا. لە هەمان پارتی و لە هەمان باریکاد دا ، لە هەمان میتینگ دا، لە هەمان مانگرتن دا ئەوانەی کە بەرخوە دەدەن دەکرێ لە یەکتری تێ بگەن [ چەپڵەی ئامادە بووان ]
ئەگەر بەو شێوەیە سەرکەوتن بە دەست بهێندرێ ، ناوی سەرکەوتنەکە دەبێ بە سەرکەوتنی دێمۆکڕاتیک. دەبێ هەموو باوەڕییەکان بە یەکسان دابنێین، دەبێ هەموو ناسێنەکان بە یەکسان دابنێین. دەوڵەت نابێ فەرق و جیاوازی لەگەڵ کەس بکا، نابێ بیکا.  دەوڵەت لە بەر ئەوەی ئەتۆ دەچییە جەمخانە،  دواجار، نابێ و بۆی نییە پێت بڵێ  ئەتۆ هەڕەشەی و مەترسی . جەم ئێوی  [ جەمخانە] بۆ عەلەوی قزڵباش پەرستگەیە. تەواو، نوختە، هەر ئەوەندە. دەوڵەت بۆی نییە قسە لە سەر ئەوە بکا. تەنێ قەبووڵ کردنی دەکەوێتە سەر ئەستۆی دەوڵەت  [ چەپڵەی ئامادە بووان ]، تەنێ قەبووڵ کردنی . و بەداخەوە لە ووڵاتەکەمان دا ئازادیی ئەو ڕەنگاوڕەنگی و ئەو دەوڵەمەندییە نییە. بریا هەبووبا. هەر کەس بە پێی باوەڕی خۆی ژیابا ، بە پێی ئەوەی باوەڕی پێیەتی ژیابا ، بریا ئازاد بووبا. دەڵێن و دەپرسن داخواد لە ووڵاتەکەمان دا کەس هەیە ئازاد نەبێ؟ کەس هەیە یەکسان نەبێ؟ با نموونەیەکتان بۆ باس بکەم. ڕۆژووی موحەڕەم، ئێستا لە تازییەی موحەڕەم داین. ڕەمەزانیش تەجروبە دەکەین. ئەمن موسوڵمانێکی سوننی م، سەر بە ڕارەوی شافیعی. ڕەمەزانیش دەبینین. هەموو ڕۆژێ لە تێلێڤیزۆنەکان دا تا بەیانی بەرنامەی ڕەمەزان، بەرنامەی ئیفتار، ڕێوڕەسمی ئیفتار لە لایەن ئەرکانەکانی دەوڵەتەوە، بڵاو دەکرێنەوە. باشە گەلۆ عەلەوییەکانیش شارومەندی ئەو ووڵاتە نین؟ سەبارەت بە ڕۆژووی موحەڕەم ، لە کامە کاناڵ دا کامە پڕۆگرام هەیە؟  [ چەپڵەی ئامادە بووان]
کۆمەڵ چ حەساسییەتێکی هەیە؟  کامە ئەرکانی دەوڵەت ڕۆژووی موحەڕەم لە گەڵ عەلەوییەکان دەشکێنێ؟  کێ؟  ئەی کوا یەکسانی؟  کوا ئەوەی کە هەموو خوشکوو برانە؟ کوا ئەوەی دەتگوت ئافرێنەرت لە بەر ئەوەی ئافراندوویە خۆش دەوێ  درۆزن ! درۆزنی ئیدی. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ] .
داخودا لە من و تۆ  باج و مالیات وەردەگرێ؟  وەردەگرێ. کاتێک وەردەگرێ دەڵێ با عەلەوییەکان مالیات نەدەن؟ دیارە ناڵێ. دەڵێ ئەمن خزمەت بە عەلەوییان ناکەم بۆیە پێویست ناکا باج و ماڵیات بدەن. وا دەڵێ؟ دیارە وا ناڵێ. هەتا قرووشی دوایی باج و ماڵیات وەردەگرێ. لە کوردیش وەردەگرێ، لە لاز، لە چەرگەز، لە ئەرمەنی ، لە عەڕەب ، لە هەموو کەس باج و ماڵیات وەردەگرێ. جا کار کە دێتە سەر خزمەت کردن بۆچی فەرقوجیاوازی لەگەڵ ئێمە دەکرێ. بۆچی ئێمە بە زمانی دایکی پەروەردە ناکرێین؟ [ چەپڵەی ئامادە بووان ] . بۆچی ئێمەمانان ناتوانین وەک کورد بژین؟
ئەوانە بلۆفن، بلۆف. دەڵێن هەموومان یەکسان دەبین، یەک دەبین. ئەوە ترۆپکی درۆیە. ئەوانە ترۆپکی درۆزنن. ئەوانە مامۆستای درۆن. ئەوەی ستاژێر تازە دەستی کردووە بە درۆ. گەورەکەی مامۆستای درۆیە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]. ئەوەی دیکە لێی نازانێ، تازە کوورەیە. بە قسە لە لای مامۆستاکەی پەروەردەی دیتووە، بەڵام هێشتا بە تەواوی فێر نەبووە. قسەی درۆ دەکا، بەڵام لە چڕ و چاوییەوە دیارە. کاتێک درۆ دەکا دەمووچاوی سوور هەڵدەگەڕێ. ئەوی دیکەیان مامۆستایە، هەر بە پێوە دە درۆیان ڕیز دەکا ، هەر هەستیشی پێ ناکەی. [ چەپڵەی ئامادە بووان ].
دەڵێن خوشکوبرایەتی! هیچ ووڵاتێکی دیکە وەک تورکییە نییە کە چەمکی خوشکووبرایەتی ئەوەندە لە ناوەرۆکەکەی بەتاڵ کرا بێ.دەڵێن ئێمە ٨٠ میلیۆن خوشکووبراین. ئێمە چ ئعترازێکمان سەبارەت بەوە نییە. بەڵام ئەتۆ لە ژێر چەمکی خوشکووبرایەتی دا ئێمە هەڵدەفریوێنی. ئێمە دەچەوسێنییەوە. ئەتۆ ئەوانەی دەنگت پێ دەدەن بە خوشکوو برا دادەنێی و ئێمە وەک دوژمن دەبینی. ناوەرۆکی چەمکی ئاشتی ت بەتاڵ کردووە. بە گوتنی ئاشتی مەبەستی چۆک پێدادانە لە بەرانبەر خۆی دا. مەبەستی لە بەیعەت پێ کردنێتی. کاتێک دەڵێ ئاشتی مەبەستی ئەوەیە هەموو کەس ببێتە ئاڵقە لە گوێی. بەڵام ؛ کاتێک ئێمە باسی ئاشتی دەکەین، مەبەستمان ئازادییەکان و دێمۆکڕاسی یە.
هەر هەمان چەمکەکان بە کار دەهێنین ، بەڵام ئەوان درۆزنن، درۆزن. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان] . ئێمە  باسی حەقیقەت و ڕاستییەکان دەکەین، واقعییەتەکان دەڵێین. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ] هەر بۆیەیە کە ئێمە بە مەترسییەکی ئاوا گەورە دەبینن، چونکە بەری ڕۆژ بە بێژینگ ناگیرێ. ناتوانێ سەری ڕاستی بە خیز داپۆشی. هەرچییەکی دەیکەی بیکە، ئێمە هێزی خۆمان لە حەقیقەت وەردەگرین. لە ڕاستییەکانی گەلی وەردەگرین. بۆیە دەروەستمان نایەن. درۆزن ، ئەوەی درۆ دەکا لە ئاست حەقیقەت دا درەنگ یان زوو بە گردبڕی ئاشکرا دەبێ. مۆمی درۆزن هەر دەتوێتەوە. لە ٧-ی حوزەیرانەوە تا ١-ی نۆڤامبر دایسێ  [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ]. دەی دوایە چ دەکەن؟ دوایە چ دەکەن؟
بەڵێ! زەمانی دێ. وەخراین و وەدرەنگی کەوتین. هەموو چەوساوەکانی تورکییە، بۆ هاتنە لای یەکتری وەدرەنگی کەوتین. بۆ شانبەشانی یەکتری وەستان وەدرەنگی کەوتین. هەرچەند لە گەڕەکی جۆر بە جۆر خەباتیشمان کرد، هەر چی لە دۆڵ و دەرەی جۆر بەجۆرەوە جیا لەیەکتر حەولمان دا بگەینە دەریا، بەڵام نەمانتوانی ببین بە ڕووبارێکی گەورە، وەخراین ، ئێستا ئەو کەمایەسییەمان تێ هەڵدێنینەوە. بە گوڕ دێێن و ئینشاڵا لە یەکی نۆڤامبر دا هەموو بەیەکەوە هێمی ژیانێکی نوێ دادەمەزرێنین. زەمانی هاتووە و تێشپەڕیوە. [ چەپڵە لێدانی ئامادە بووان ]
[ فاشیزمە قارشی ئۆمووز ئۆمووزە = بە دژی فاشیزم شان بدەنە شانی یەک ]
خوشکووبراکانم!
لە بە یەکەوە بوون مەترسێن. شان بە شانی یەکتری وەستانی چەوساوەکان هێزی هەرە گەورەیە. چەوساوە زوڵم لە چەوساوە ناکا. لە یەکتری مەترسێن. ناسێنەکانتان، مەزەهەبەکانتان، شێوازی ژیانتان ، ناوچەکانتان دەکرێ جیاواز بن ، دەکرێ زمانەکانتان جیاواز بن، تەنانەت ئەگەر لە یەکتریش تێنەگەن، بە تەنیشت یەکەوە بن و بەیەکەوە بن، چونکە ئێوە گشتتان بەیەکەوە وەک چەوساوە ، وەکوو خاوەنانی ڕاستەقینەی ووڵات، وەکوو گەل، ئیدی ئەگەر خۆتان خۆتان بەڕێوە نەبەن، ئەگەر لەوە دا سەرنەکەون، منداڵەکانمان و نەوەکانمان دەتوانن زۆر لەوە زیاتر تەجروبە بکەن کە  ئێوە تەجروبەتان کردووە. زیاتر لەوە دەچێژن کە ئێمە چێژتوومانە . کێهەتان دەتانەوێ منداڵەکانتان لەم دژوارییانەی کە لە ووڵات دا هەن گەورە بن؟ کامەتان دەتانەوێ نەوەکان دا تێکڕووخاندنی لادێکان ببینن؟ ئەشکەنجە و زوڵم ببینن؟  کامەتان دەتانەوێ؟ ئەگەر نامانەوێ زەمانی بڕیار دانە، تەنێ لە هەڵبژاردنەکان دا نا، لە هەموو جێیەک دەبێ شانبەشانی یەک خەبات بکەین ، دەبێ بە دژی فاشیزم شان بدەینە شانی یەک. دەبێ لەهەموو جێگایەک لەوە دا سەرکەوین [ چەپڵەی ئامادە بووان ] .
[ فاشیزمە قارشی ئۆموز ئۆمووزە = بە دژی فاشیزم شان بدەنە شانی یەک ]
لە ٧-ی حوزەیران  لە کارێکی گەورە دا سەرکەوتین. ئەوەی دەیانگوت نابێ، ئەو شتەی دەیانگوت ئیمکانی نییە وەدیمان ‌هێنا و گیانمان بە بەردا کرد. لە مێژووکەماندا پارچە پارچە بوونی چەوساوانمان تاڕادەیەکی زۆر بە لا دا خست. ئەوەیان بۆ هەزم ناکرێ چونکە دەزانن  ئەو هێزە چەندە کاریگەر و گەورەیە. بۆیان هەزم ناکرێ چونکە ئەو ڕێبازەی چارەنووسی تورکییە دەگۆڕێ ، ئەم ڕێبازەیە. ئەو ڕێبازەی کە تورکییە لە شەڕ ڕزگار دەکا ئەم ڕێبازەیە. چارەسەر کردنی دوژمنایەتی گەلان لەگەڵ یەکتری ئەم ڕێبازە یە. ڕێبازی کرێکار، زەحمەتکێش، لادێی ،و ڕێبازی ئارەقەی نێوچاوان ئەم ڕێبازەیە. بۆ ژنان ژیان لە کەڕامەتی یەکسانی ئینسانی دا ، کە دەىێتە نموونەی خەباتە ڕزگاریخوازییەکەی ڕێباز ئەم ڕێبازەیە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ] . ڕێبازی بەڕێوەبردنی ووڵات بەدەست ژنان  ئەم ڕێبازە یە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ].  
ئەم شتەی لێی دەترسێن ئەمەیە. دڵنیا بن ئەوەی لێی دەترسێن ئەمەیە. لە من ناترسن. من گۆشتم چییە شۆرباوم چ بێ؟ بۆچی لە من بترسێن؟ پێم وانییە زۆریش ترسێنەر بم!! [ چەپڵەی گەرمی ئامادە بووان ]، بەڵام لە ئێوە دەترسێن. لە ئێوە دەترسێن. دەستتان داوەتە دەستی یەک بۆیە لێتان دەترسێن. حەقیشیانە بترسێن ، تەنانەت کەلکی زیاتریشی تێدایە کە زیاتر بترسێن ، تەنانەت کەلکی تێدایە کە بلەرزێن  چونکوو جارێکی دیکەش ئێوە  دێنەوە ، زۆر بەهێزتر دێنەوە مەیدانێ ، سەر دەکەون. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]
باوەڕیتان بە خۆتان هەبێ ، باوەڕیتان بە خەباتەکەمان هەبێ. باوەر بکەن بەو میراتەی کە شەهیدەکانمان بۆیان بەجێهێشتووین و پێیان ئەسپاردووین. ئەوانەی کە بە چاوی کراوەوە بەرەوپیلی مەرگ چوون . لە ئەشکەنجەخانەکان دا سەریان دانا ، بەڵام سڕیان نەدرکاند، بوون بە ئیبۆ. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]  لە زیندانی ئامەد لە ئاست کودەتا و خونتای عەسکەری خۆڕاگریان کرد ، تفیان لە ڕووی فاشیزم کرد ، بە سێ چێلکە شقارتە مەشخەڵی ئازادییان داگیرساند ، بوون بە مەزلووم دۆغان، [ چەپڵەی ئامادە بووان ] ، لەو کاتەی دا کە دەچوونە بن داری ئێعدام سەریان بەرز بوو ، بە پێی خۆیان کۆلکەکانی ژێر پێی خۆیان فڕێ دا. تەنانەت سەریان بە جەلادەکانیان دانەواند، بوونە دەنیز، بوونە ماهیر، بوونە ئووڵاش  [ چەپڵەی ئامادە بووان ] ، لە هەمووجێیەک بەرخوە دان، بوونە پیر سوڵتان، بوونە سەید ڕەزا سەریان  دانەنواند . ئێمەش ناچارین لە میرات و ئەو ئەمانەتەی ئەوان پێیان ئەسپاردووین ببینە ساحێب. ئەگەر زەمانی هاتنی ئەو بۆچوون و تێگەیشتنە هاتبێ ، ئیدی هیچ ملهوڕێک ناتوانێ پێشی پێ بگرێ.
پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، هەدەپە ، پارتیی هاوبەشی گشت ئەو پێشکەوتنخوازانەیە. شەمسیە و چەتریانە. هەر لقەی دارەکەمان لە کۆكی جیاوازی خاکەوە پێ گەیشتووە. لە هەر گەڵایەکی دا جوانی زەرافەتی تێگەیشتنێکی جیاواز هەیە. بۆیەیە لە ئێمە دەترسێن. دەنا ئەمن کێم ئەوان بترسێنم. ئێوە درێژە بدەن بە ترساندنیان. بەردەوام بن کارێکی باش دەکەن . کارێکی دروست دەکەن. [ چەپڵەی ئامادە بووان ].
هەر ئاوایە کە ووڵاتەمان ڕوون دەبێتەوە. هەر ئاوایە کە ووڵاتەمان دەگا بە ڕزگاری. هەر ئاوایە کە گەلی کورد ئازاد دەبێ. هەر ئاوایە کە گەلی تورک لەگەڵ دێمۆکڕاسی ناسیاوی پەیدا دەکا. هەر ئاوایە کە عەلەوییەکان بە سەری بەرزەوە بە بێ ئەوەی بترسێن و بسڵەمێنەوە دەژین، ژنان، گەنجان. ئەوانەی کە دەڵێن ئەو خاکانە ئی ئێمەیە و ئەوە نیشتمانی هاوبەشمانە ، گشت گەلان هەر ئاوایە کە رزگارمان دەبێ. بە تەنیشت یەکەوە، شان بەشانی یەکتری. هەدەپە ناوی بە پارتی بووی ئەم تێگەیشتنەیە. تەنێ بۆ هەڵبژاردن پێک نەهاتووە. بەڵکوو حەڕەکەتێکی گەلی یە ئەوانەی کە سەودای ڕزگارییان  لە سەر دایە بە ئەمەگی خۆیان پێکیان هێناوە. ئەو حەڕەکەتە بپارێزن. ئەو دارە بە دەنگەکانتان ئاو بدەن ، بە دۆعاکانتان ئاو بدەن. [ چەپڵەی ئامادە بووان ] . دروشمەکانتان بەرفرەوانتر بکەن بۆ ئەوەی هەموو بەیەکەوە ئەم ڕۆژە سەختانە تێ پەڕێنین. ئەگەر وا نەکەین هەموو ڕۆژێ درێژە دەدەن بە کوشتن. هەموو ڕۆژێ لە هەر کوێیەکی هێزیان پێی بشکێ دڕێژە دەدەن بە خوێن ڕێژی. کورد لەگەڵ تورک دوژمنایەتی نییە و نایبێ. تورک لەگەڵ کورد دوژمنایەتی نییە و نایبێ ، ئێمە ڕێگا بەوە نادەین. ئێمە کێشەمان هەیە لە گەڵ تێگەیشتنی ئەم دەوڵەتە. با دەست بدەینە دەستی یەک و ڕاستی کەینەوە. ئێمە کوردستانییەکان، خەڵکی قەرە دەنیز، خەڵکی تراکیا، خەڵکی ئەژە، خەڵکی هەر گۆشەیەکی ئانادۆڵی ،  هەر ئینسانەی کە ئەو ووڵاتەی کردووە بە دایکی نیشتمان، تەنێ ئاوا دەتوانین خۆمان لەو ووڵاتە بکەینە ساحێب. نەک بە پشت بەستن بە فاشیزم ، نەک بە پشت بەستن بە ناسیۆنالیزم، نەک بە پشت بەستن بە ڕەگەزپەرستی، نەک بە پشت بەستن بە تاکێتی بەڵکوو لە دێمۆکڕاسییەکی پلوورالیستی دا هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لەوەی کە وەکوو شارومەندانی ئازاد ، وەکوو گەلانی ئازاد بژین. ئەوانەی کە حەول دەدەن ئێمە لەگەڵ یەکتری بکەنە دوژمن پێیان دەڵێین بە عینادەوە لە هەمبەرتان دەوەستین و بە عینادەوە دەڵێین هەدەپە. [ چەپڵەی ئامادە بووان ] .
چەند ڕۆژێکی دیکە لێرەش سندووقەکان دادەندرێن  و دەست دەکرێ بە کار و باری دەنگدان. دڵنیام ئینگلیستان جارێکی دیکەش ڕێکۆردی خۆی دەشکێنێ. باوەڕم پێ بکەن بۆیە نەهاتوومە ئێرە کە داوای دەنگتان لێ بکەم. لەمەڕ ٧-ی حوزەیران سپاسێک قەرزدار بووین ، هاتم بۆ سپاس کردن. [ چەپلەێ ئامادە بووان ] .
ئێوە ئەوەی پێویست بێ دەیکەن. بە زیادیشەوە دەیکەن. [ چەپڵەی ئامادە بووان ]


ئینشائەڵا لە یەکی نۆڤامبریش دا مزگێنی خەبەری جوان و خۆشتان دەدەینێ. بەدیلێکی دەستەڵات لە تورکییە دەهێنینە مەیدانێ. لە ووڵاتەکەمان دا شەڕ ڕادەگرین. دۆزی کورد لە چوارچێوەی دێمۆکڕاسی دا جێ بە جێ دەکەین. قانوونێکی بنچینەیی نوێی مەدەنی ئامادە دەکەین. لەو قانوونی بنچینەییەدا هەرکامتان خۆتانی تێدا دەبیننەوە ، هەر هاووڵاتێکی جمهووری تورکییە کە ئەو قانوونە بنچینەییە بخوێنێتەوە دەڵێ ئەدی ئەوەتا ئەوە قانوونی بنچینەیی منە. ئەدی ئەوە دەوڵەتی منە. دەڵێ ئەو بەڕێوەبەرییەی کە بە عادڵانە لەگەڵم دەجووڵێتەوە ئەوەیە. ئەو دەمی بە دڵی ئاسوودەوە ئەوانەی کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە ووڵات بانگ دەکەینەوە بێنەوە دایکی وەتەن. دەڵێین فەرموون، ڕێگاتان کراوە وەرن هەموومان بە ئازادی لە ووڵاتەکەمان دا بژین. [ چەپڵە و تلیللی ئامادە بووان ].

ئەگەر ئێوە ئامادە بن، ئێمەش ئامادەین. ئەگەر بڕیارمان دابێ بۆ بەڕێوەبردنی ووڵاتەکەمان، پێویستییەکانیشی ئەنجام دەدەین. لە یەکی نۆڤامبر لە کاتی کرانەوەی سندووقەکان دا ، دەردەکەوێ  بەو مۆرە چکۆڵەیەی پەسند کردن کە بەکارتان هێناوە چەندە کاری گەورەتان کردووە.  لە ئێستاوە دەڵێم بە خێر و خۆشی بێ. سپاسی بێ پایانی خۆم  پێشکێشی هەمووتان یەک بە یەک دەکەم. بە ڕێز و خۆشەویستیەوە ماڵاواییتان لێ دەکەم. [ چەپڵە لێدان و تلیللی ئامادە بووان ] 
سپاسی  گشت ئەو هاوکارانەمان دەکەم کە بۆ پێک هێنانی ئەم شەوە زەحمەتیان کێشاوە . بە هەزار جار سپاسی  ئێوە دۆستان ، هاوڕێیان و ڕەفیقانی بە قیمەت دەکەم کە زەحمەتان کێشاوە و هاتوونە ئەم بۆنەیە.
[ بە کوردی کورمانجی]  گەڵێ مەیێ هێژا ژ وەرە حەمیان سپاس دکم. دایکنۆ ، هەڤاڵنۆ، گەڵێ مەیێ سەر بلند سەرکەتن دخوازم. ڕییا وە و ڕییا مە ڤەکری بە! بمینن خوەشی یێ دە ، خاترێ وە!
خواتان لەگەڵ دۆستەکانم، هەر لە خۆشی دابن. هەر ساغ بن و هەر هەبن.
[ زۆر سپاسی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە دەکەین بۆ ووتارەکەی ]

تێبینی: ئەم بابەتە لە ڕووی ڤیدێۆیەکەوە دابەزێندراوە کە بەڕێز " گۆڕان مامەخەلانی " ئامادەی کردووە.








No comments: