Saturday, August 29, 2015

دیداری سەلاحەدین دەمیرتاش لە سوێد





                                 
یەنس ئۆرباک ( سکرتێری گشتی ناوەندی نێونەتەوەیی ئولۆف پاڵمێ)
لە ڕێکخراوەیەک دا کار کردن کە نێوی ئوولۆف پاڵمەی بە سەرەویە بووەتە هۆی ئەوە جار جار ئەو پرسە لەخۆم بکەم  کەسێک دەتوانێ مانای چی بێ بۆ پێشوەچوونی کۆمەڵگەیەک. وەکوو هەمیشە ووڵامی ئەو پرسیارە بەستراوەتەوە بە وەی باسی کوێ دەکرێ. ئەگەر مرۆڤ لە دوڕگەیەکی کەلاکەوتوو دا بژی دیارە ئاکام بەرتەنگە. بەڵام ئەگەر مرۆڤ وەک پاڵمێ خۆی لە بزووتنەوەیەکی جەماوەری گرێ بدا کە دەیەوێ بار و دۆخ بگۆڕێ  زۆر شت دەکرێ بگۆڕێ. ئەو پیاوەی من دوێنێ چاوم پێی کەوت لێی دەوەشێتەوە خۆی گرێ بدا لە هەموو جیهان کە هیوای بەوەیە ڕۆژێک بەهاری عەڕەبی دەبێ بە بەهارێک بۆ مافی مرۆڤ. ئەو ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش ە و ڕێبەری پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵانە لە تورکییە پارتییەک کە جەماوەر کۆ دەکاتەوە و داوای مافی شاروومەندی یەکسان بۆ هەموان دەکا – بە بێ لە بەرچاو گرتنی بەسترانەوەی ئێتنیکی، ڕەچەڵەک، باوەڕی دینی ، جینسییەت یان ئاڕاستە جینسی. ذەبڵا هێزی وەدی بێ!



ئان لیند، سکرتێری وەزیری کارو باری نێوخۆی سوێد ئاندرش ئیگێمان
سەلاحەدین دەمیرتاش، ڕێبەری پارتیی بە زۆربە کوردی هەدەپە  لە تورکییە ئەمڕۆ هاتە سەردانی ئێمە. ئەو هەر وەها چاوی کەوت بە وەزیری دەرەوە واڵسترێوم، و وەزیری بەرگری هوڵتکڤیست. دەمیرتاش هۆکارێکی یارمەتیدەر بوو بۆ سەرکەوتنی گەورەی  هەدەپە  لە هەڵبژاردنەکانی پارڵمانی دا لە ٧-ی حوزەیرانی ئەمساڵ، کاتێک  هەدەپە وەکوو  یەکەم پارتیی کورد لە تورکییە، بە جیاوازییەکی زۆری ١٣ لە سەد لە پارڵمان دا کورسی بە دەست هێنا. پەیامی سەرەکی دەمیرتاش لەم سەفەرەی دا ئەوەیە کە دەبێ  ئاگربەسی دەستبەجێ لە نێوان تورکییە و پ.ک.ک. بکرێ، و وتووێژەکانی ئاشتی  لە نێوان حکوومەتی تورک و هەدەپە کە ڕاگیراون دەست پێ بکەنەوە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد. دەمیرتاش سیاسەتمەدارێکی بەهێزی پێشکەوتووە، هیوا دارم پارتییەکەی ڕێبەری بکا بەرەوە سەرکەوتنی تازە لە هەڵبژاردنەکانی نوێی تورکییە دا کە ڕەنگە لە نۆڤامبر دا بکرێ.



=====================================

ڕاپۆرتی کاتیا ماگنوسۆن  لە بەرنامەی خەبەری 'ئێکۆت'ی ڕادیۆی نێونەتەوەیی سوێد سەبارەت بە دیداری سەلاحەدین دەمیرتاش لە سوێد. پێنجشەمە ٢٠ ی ئووتی ٢٠١٥
ئیمە  شەرتومەرج هەرچییەکی بی بەرگری دەکەین لە گەڕانەوە بۆ دەوری مێزی موزاکەرە، ئەوەی کە هەر دووک لا بچنە هەڵوێستی ئاگر بەس وە. سەلاحەدین دەمیرتاش کە هاو ڕێبەری  پارتی هەرە گەورەی لایەنگری کورد  هەدەپەیە  دەڵێ ئێمە داوادەکەین بێ شەرتومەرج دەست بە موزاکەرە بکرێتەوە و ئاگر بەس لە لایەن هەر دووک لاوە ڕابگەیێندرێ. لە مانگی حوزەیران پارتییەکەی ڕێژەی ١٣ لە سەدی دەنگی وەدەست هێنا. ئەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو لە هەڵبژاردن دا. بۆ یەکەم جاری پارتییەک کە لە لایەن کەمایەتی کوردەوە پشتیوانی لێ دەکرێ هاتە نێو پارڵمان. بەڵام ئێستا چەند مانگە پێواژۆی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و گریلای کوردی پ.ک.ک.پساوە . ئەوە دیسان نیزامییەکانی تورکییە پێگەکانی گریلا لە چیای قەندیل لە عێڕاق بۆمباران دەکەن و گریلاش هێرش دەکاتە سەر سەرباز و پۆلیسی تورک. وەزیری کاروباری دەرەوەی سوێد مارگۆت واڵسترێم داوا لە هەر دوو لایەنەکان دەکا دیسان دەست بکەنەوە بە وتووێژ . سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆککۆماری تورکییە تەییب ئەردۆغان تاوانبار دەکا کە مێزی موزاکەرەی قەڵب کردووەتەوە.
-ئەو هێرشی لە سەر پ.ک.ک. چر کردووەتەوە، لەجیات ئەوەی لەگەڵ داعش ڕووبەڕوو ببنەوە.
ئەو بە ' ئێکۆت ' دەڵێ ئەردۆغان هەموو هێرشی لە سەر پ.ک.ک یە لەجیات ئەوەی بە گژ هەڕەشەی جیدی داعش دا بچێ و ئێستا موزاکەراتی ئاشتی ڕاگرتووە و دەستی کردووە بە هێرشی هەموولایەنە. پ.ک.ک. ش لە لایەن خۆیەوە کردەوە نیشان دەدا و بە داخەوە هەموو ڕۆژێ عەسکەر و ئەندامانی پ.ک.ک. دەمرن . سەلاحەدین دەمیرتاش دەلێ لەکاتێکدا حکوومەتی تورکییە ڕێگای داوە ئەندامانی ڕێکخراوی تێڕۆریستی داعش بە هاسانی بە سنوورەکانی دا تێپەڕن، سەرۆککۆماری تورکییە گوتوویەتی کە پارتیی [هەدەپە]ی لایەنگری کوردان پێوەندیی هەیە لەگەڵ پ.ک.ک کە لەلایەن تورکییە و یەکێتیی ئوڕووپاوە مۆری تێرۆریستی لێ دراوە.بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی تازە بکرێ هەدەپە حەول دەدا بۆ وەدەستهێنانی ڕێژەیەکی زیاتری دەنگ، بە پێی قسەی سەلاحەدین دەمیرتاش ئامانجیان  وەدەستخستنی ٢٠ لە سەدی دەنگانە. 






===================================
Met w HDP leader Mr Demirtas from Turkey. I agree with him: the violence must stop & peace negotiations be resumed 
یای مارگوت واڵسترێۆم وەزیری کاروبارەی دەرەوەی سوێد لە تویترەکەی دا ئەم جریوەی نووسیوە: " چاوم کەوت بە ڕێبەری هەدەپە ئاغای دەمیرتاش لە تورکییەوە. ئەمن لەگەڵی ڕێکم: توندو تیژی دەبێ ڕاوەستی و موزاکەراتی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە




=================================

تورکییە و پ.ک.ک.
" ئەوە ئەردۆغان بوو کە پێواژۆی ئاشتی پچڕاند "
مکاییل وینیارسکی
داگنس نیوهێتر ، ٢٠ی ئووتی ٢٠١٥

ڕێبەری پارتیی لایەنگری کوردی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیر تاش  بە داگنس نیوهێتر دەڵێ:
ئەوە سەرۆککۆماری تورکییە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بوو کە پێواژۆی ئاشتی لە گەڵ پارتی کڕێکارانی کوردستان پ.ک.ک. هەڵپساند. ئەو زیاتر لە غەمی پاراستنی کۆشکەکانی دایە تا بەرگری لە ووڵات
تەواو لە جەنگەی خراپترین قەیرانی سیاسی لە تورکییە لە ماوەی ساڵانێکی زۆر دا ڕۆژی پێنجشەمە دەمیرتاش  هاتە ستۆکهۆڵم بە پێی بانگهێشتنی ناوەندی پاڵمەی سۆسیال دێمۆکڕات. لە بەرنامەی ڕێبەری هەدەپە دا دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری کارو باری دەرەوەی سوێد مارگۆت واڵستڕێۆم هەبوو. پەیامی وی بۆ دەمیرتاش کە لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دا دەری بڕی ئەوە بوو کە دەمیرتاش دەبێ حەول بدا پ.ک.ک. ڕازی بکا – کە لە هەدەپە نزیکە – بۆ ئەوەی دەست لە خەباتی چەکداری هەڵگرێ.
ئەوە شتێکە کە دەمیرتاشیش دەیەوێ، بەڵام ئەو خەتای تەواوی ئەوەی کە شەڕی نێوخۆیی بە دژی کوردەکانی ووڵات دەستی پێکردووەتەوە دەخاتە سەر ئەستۆی پڕێزیدێنت ئەردۆغان. ئەو دەڵێ" –هەر چوار مانگ بەر لە هەڵبژاردن ئەردۆغان بە ئاشکرایی ڕایگەیاند پێواژۆی ئاشتەوایی کە چەندین ساڵ بوو لە گۆڕێ دا بوو دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێ.  ئەو گوتی لە تورکییە پرسێک بە نێوی " پرسی کورد " نییە و تەنانەت ئۆپێڕاسیۆنە نیزامییەکانی ئەرتەشی تورکیش  بەر لە هەڵبژاردن دەستیان پێکرد.
بەرپرسیاریی پ.ک.ک. چییە لەوەیدا کە پێواژۆی ئاشتی هەڵپسا ؟
دەمیرتاش دەڵێ: -لە پێواژۆی ئاشتی دا ئاکتۆری گرینگی لایەنی کوردی عەبدوڵا ئوێجاڵان ( ڕێبەری زیندانی پ.ک.ک. تێبینی داگنس نیوهێتر) ە. بەڵام حکوومەت لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوو دا هیچ جۆرە پێوەندی یان وتووێژێکی لەگەڵ ویدا نەبووە. هێرشەکانی پ.ک.ک. وڵامێک بوون بۆ ئۆپێڕاسیۆنەکانی حکوومەت، بەڵام ئەوانیش گوتوویانە ئەگەر حکوومەت دەست بە وتووێژەکانی بکاتەوە لەگەڵ ئوێجاڵان پ.ک.ک. دەست لە چەک بەر دەدا.
بە پێی قسەی دەمیرتاش ئامانجی ئەردۆغان لە کۆتایی دان بە پێواژۆی ئاشتی  لە بەر ئەوە بوو  باوەڕی وایە پێشوەچوونی ئاشتیانە بە قازانجی هەدەپەیە و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە ئەو پارتییە کە لایەنگری لە کورد دەکا دەنگی زیاتر وەدەست بهێنێ.
-حیسابی ئەوەی دەکرد دەستپێکردنەوەی شەڕ هێز و نفووزی هەدەپە لاواز دەکا و دەتوانێ ئێمە بخاتەوە ژێر بەندی لە سەدا دە و نەتوانین بێینەوە نێو پاڕڵمان. ئەو ستراتێژییە لە سەر ئەو بنەمایە هەڵنراوە کە پێی وایە ئەگەر پۆلیس و عەسکەر بکووژرێن ئاکەپەیەکەی دەنگێکی زیاتری ناسیۆنالیستان وەدەست دەهێنێ. دەمیرتاش لەو باوەڕە دا نییە ئەردۆغان بتوانێ لەو سیاسەتە دا سەرکەوێ. بیرو ڕای گشتی تورکییە ، چ تورکان و چ کوردان ، زۆر ناڕازین و تووڕەن لەو هەلومەرجەی هاتووەتە پێشێ.
بیروڕا پێوانێکی نوێ ئەو خۆشبینییەی دەمێرتاش تا ڕادەیەک پشتڕاست دەکاتەوە، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن کرابا دەنگەکانی ئاکەپە کە لە تازەترین هەڵبژاردن دا  40.08  لە سەدی بە دەست هێنا دەبوو بە  39.02 لە سەد  و دەنگە کانی هەدەپە کە لە هەڵبژاردن دا 13.01ی بە دەست هێنا ، ئێستا زیاد دەکرد و دەگەییشتە 14.01 لە سەدی دەنگان.
ئەوە دەبێتە هۆی  وروژانێکی لە زێدە و توندو تێژی زیاتر لە ڕٶژهەڵاتی تورکییە کە کوردان تێیدا دانیشتوانی زاڵن و لەوێندەرێ هەڵبژێرەرانی هەدەپە ناترسێنێ و نایان ڕەوێنێتەوە.
دەمیرتاش دەڵێ: -ئێمە لەو باوەڕە داین لە هەڵبژاردنی نوێ دا  تورکەکان تا پلەیەکی زۆر پشتیوانی خۆیان لە ئێمە زیاد دەکەن.
گەڵۆ ئەردۆغان لە بەر مرخی شەخسی بۆ کورسی و دەستەڵات شانی داوەتە بەر ئەو گەمەیە؟
-نا هەر لەبەر ئەوە نییە. ئەو مۆدێلێکی لە زەین دایە کە تورکییە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ چۆن بن، و بۆ ئەوەی ئەو نەخشەیەی خۆی جێ بە جێ بکا ئەو دەیەوێ قەوارەیەکی دەستەڵاتی ئەوتۆ دامەزرێنێ کە پلەی سەرۆکایەتی کۆمار بەهێزتر بێ لە ئی حکوومەت و لە ئی پارڵمان. ئەو نێوی ئەوەی ناوە مۆدێلی نوێ عوسمانی ، کە بۆ خۆی رێبەرێتی.
ئێمە چ موشکیلەمان نییە ئەو بیرکردنەوەیەکی ئاوای هەیە ، بەڵام ئەوە هەڵەیە ئەو بییەوێ بە شەڕ بە دژی کۆمەڵی تورکییە ئەوە وەدی بێنێ . کۆمەڵێک کە ئەو مۆدێلەی ناوێ. زۆربەی تورکەکان باوەڕیان بە کۆمەڵێکی پلووڕالیستی و دێمۆکڕاتیکە.
دەمیرتاش لە قسەکانی زیاد دەکا و دەڵێ هەموو تورکەکان ئەوە دەبینن کە لە ووڵاتی دراوسێیان لە سوورییە قەوماوە، و ئەوان لەو وەزعەی ئەوێ دەرسی گرینگ فێر بوون.
ئێمە ڕێگا نادەین  ئەوەی لە سوورییە قەوماوە لێرە دووپاتە بێتەوە.یەکەم کاری کە دەبێ بیکەین ئەوەیە ئاگر بەسی نێوان دەوڵەت و پ.ک.ک. ڕابگەیێندرێ ، و حەول بدرێ لایەنەکان لە دەوری مێزی موزاکەرە دابنیشن و سەباتێکی سیاسی بێتە کایەوە لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی تازە دا.  ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی ئێمە ڕێگا دەکاتەوە بۆ پێواژۆی دێمۆکڕاتیک کردن.
ئەو لەو باوەڕە دایە ئێستا حەول دەدرێ بۆ لێ ئەستاندنەوەی مافەکانی کوردان و بەر لە هەمووشت تاوانکاری زۆر دەکرێ بە دژی مافی مرۆڤ. پۆلیس لە جەخزی دەستەڵاتی خۆیان دەردەکەون، ئەشکەنجە ، دادگەی ناعادڵانە، سووتاندنی گوندان .. نموونەی ئەوانەن ، بەڵام ، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وا نییە ئەو مافانەی کە کوردان بە خەباتی خۆیان لەو ساڵانەی دواییدا وەدەستیان هێناوە بکرێ لێیان بئەستێندرێتەوە.
میکاییل وینیارسکی

//////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////

ڕۆژنامەی ئافتون بڵادت، جومعە ٢١ی ئووتی ٢٠١٥
ڕاپۆرتی: ولفگانگ هانسۆن

ئەو پیاوەی ئەردۆغان دەیەوێ بێدەنگی کا
مێوانداری کردنی واڵسترێۆم لە دەمیرتاش سیگناڵێکی گرینگە

دەمیرتاش ئەو پیاوەیە کە دەتوانێ دیاریی بکا تورکییە کامە ڕێگا وەبەر بگرێ
ئەوە ئەو پیاوەیە کە سەرۆککۆمار تەییب ئەردۆغان دەیەوێ بێدەنگی کا
جا بۆیەیە ئەو سیگناڵێکی ئاشکرا بوو لە لایەن مارگۆت واڵسترێومەوە کە کۆشکی ئارڤفوشتێنس میوانداری لە سەلاحەدین دەمیرتاش بکا.
سیگناڵێک بەو مانایەی کە سوێد پارتیی لایەنگری کوردی هەدەپە بە کۆڵەکەیەکی گرینگی دێمۆکڕاسی تورکییە دەزانێ  لەو هەڵبژاردنەی دا کە چاوەڕێ دەکرێ لە مانگی نۆڤامبر دا بەڕێوە بچێ
ئێستا دەمیرتاش زەختێکی زۆری لە سەرە لە لایەن پرێزیدێنت ئەردۆغانەوە و حەوجێی بە هەموو پشتیوانییەکە کە لێی بکرێ

وەک ڕێبەی پارتیی دەمیرتاش لە مانگی حوزەیران دا سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ هەدەپە وەدەستهێنا. پارتییەکە لە هەڵبژاردنی پاڕڵمان دا ١٣ لە سەدی دەنگی وە دەست خست و توانی لە بەندی بەرزی ١٠ لە سەدی تورکییەی تێپەڕێنێ کە تورکییە هەر بۆیە دایناوە کە لەگەڵ خەڵکی دی پێش بە کوردان بگرێ کە نەکەونە پارڵمانەوە.

لە هەڵبژاردنی حوزەیران دا ئەوە جاری یەکەم بوو کە پارتییەکی کورد بێتە نێو پارڵمان. بۆ پارتیی داد و گەشە پێدان ، ئەو پارتییەی کە زیاتر لە دە ساڵە بە سەر سیاسەتی تورککە دا زاڵە، و پرێزیدێنت ئەردۆغان ئەوە شکانێکی سەخت بوو. دەستکەوتەکانی هەدەپە کارێکی ئاوای کرد کە ئاکەپە بە سەری خۆی نەبێ بە زۆرایەتی و ئەردٶغان نەتوانێ قانوونی بنچینەیی بە شێوەیەکی ئاوا بگۆڕێ کە دەستەڵاتی زیاتر بدا بە پرێزیدێنت.
ئەردۆغان بە ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت هیوادارە ئەم جار هەدەپە نەتوانێ لە بەندی تێ پەڕێنێ. ئەوەش شەرتێکە بۆ ئەوەی ئاکەپە بتوانێ بە سەری خۆی زۆرایەتی وەدەست بخا و هەموو دەستەڵات لە خۆی دا کۆ کاتەوە.
نا ترسی
لەو ستراتێژییەدا ئەوەش هەیە کە پێگەکانی گرووپی میلیتانتی کوردی پ.ک.ک. لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە بۆباران بکرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دوژمنێکی ناوخۆیی ساز بکرێ.
بەڵام وا وێدەچێ دەمیرتاش پیاوێک نەبێ کە بکرێ بەهاسانی بترسێندرێ. دەمیرتاش لە کاتی کۆنفڕانسی چاپەمەنی لە ڕووزنباد ( بینای وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی سوێد) بزەی لە سەر لێوان بوو و کوتوشەڵوارێکی خۆڵەمێشی قۆزی دەبەر دا بوو و سەری بە جوانی شانە کردبوو. ئەو زیاتر وەک هونەرمەندێکی مۆدەی جلوبەرگ وەبەرچاو دێ تا سیاسەتمەدارێک.
ئەو دەڵێ:  -ئەمن لە هەڵبژاردنێکی نوێ ناترسم. ئەمن دڵنیام  کە ئێمە ئەمجاریش لە بەندی تێ دەپەڕێنین و دەنگی زیاتریش لە جاری پێشوو بە دەست دەهێنین.
لە ووڵامی پرسیاری من دا کە لێم پرسی ئەو چۆن ووڵامی ستراتێژی ئەردۆغان دەداتەوە کە دەیەوێ هەدەپە نەمێنێ  دەمیرتاش بە مۆڕەوە دەڵێ: بەپێی قانوونی بنچینەیی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار دەبێ ئۆبژێکتیڤ بێ ، بەڵام ئەو حەول دەدا هەموو شت بەقازانجی ئاکەپە تەواو بێ و ئەو پارتییە ئەوەندەی دەکرێ دەنگ وەدەست بخا.
دەمیرتاش ناڕاستەوە خۆ عادڵانە بوونی هەڵبژاردنێکی نوێ دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەڵێ" هیوا دارین کە هەلىژاردنێکی دێمۆکڕاتیک بێ.

خیانەتی گەورە
ئەو ووشەی گزەی هەڵبژاردن بەکار ناهێنێ بەڵام وێدەچێ ئەوە ئەوەیە کە ئەوترسی هەیە بکرێ. ئەردۆغان بە نەغدەن دەمیرتاش و پارتییەکەی ئەوی تاوانبار کردووە بە پشتیوانی لە تێڕۆریستان و بەو شێوەیە تووشی خیانەتی  گەورە هاتوون. دیارە ئەوە هەتابڵێی تاوانبارکردنێکی جیدی یە کە دەتوانێ ئاماژە بۆ ئەوە بێ کە دەوڵەتی تورک نەخشەی هەیە دەمیرتاش بگرێ ئەگەر لە هەڵبژاردنی نوێ دا هەدەپە نەتوانێ لە بەندی تێپەڕێنێ. ئەو جۆرە مەیل و مرخە لە ئێستاوە هەستی پێ دەکرێ.
ئەو ڕێبەرە پارتییە تەڕپۆشە لەوە زۆر تووڕەیە کە ئەندامانی سەرەکی پارتییەکەی دیراون هەر لە بەر ئەوەی بە جریوە لە تویتر دا بۆچوونی خۆیان نووسیوە.
دەمیرتاش لە کاتیک دا کە کۆمەڵێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی سوێدی و تورک دەورەیان داوە، دەڵێ: ئەوە شەرمێکی گەورەیە لە کاتێکدا ئێمە هەموو ڕۆژێ لە تویتر دا هەڕەشەی کوشتنمان لێ دەکرێ ئەو هاوڕێیانەمان بگیرێن. دوایە  ئەو تەوێڵی وێک دەنێ و دەڵێ زۆر لەوە نیگەرانە کە ئەو وەک " شەڕی ناوخۆ" لە تورکییە نێو زەدی دەکا.

بۆمب
ئەوە ئێستا ئینسانان دەمرن و بەڕاستی ئەوە بۆ ئێمە جێی داخی گەورەیە. ئێمە لەو باوەڕە دا نین کە کێشە و گیروگرفت بە چەک و بە بەکارهێنانی توند وتیژی جێ بە جێ بکرێن. بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین چەک دانێن و دیسان بچنەوە پای مێزی موزاکەرە.
بانگەوازێک کە تائێستا نەبیستراوە. حکوومەت بەردەوامە لە سەر بۆمباران کردنی پ.ک.ک و دەست لەوە دەگێڕێتەوە  دیسان دەست بکاتەوە بە وتووێژی ئاشتی بەر لەوەی هەموو چەک بە تەواوی بێدنگ بن.
بۆ دەمیرتاش شەڕی نێوخۆیی مانای ئەوەیە کە حکوومەت هێزی خۆی  بۆ هێرش بۆ سەر دوژمنێکی هەڵە  کۆ کردووەتەوە. داعش گرووپی هەرە بە مەترسییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. ئەگەر ئێمە یەکمان گرتبا بۆ خەبات و بەگژداهاتنەوەی داعش ئەوەدەمی ئەو بەربەرەکانییە زۆر کاریگەرتر دەبوو





کۆنفڕانسی چاپەمەنی مارگوت واڵسترێوم وەزیری کارو باری دەرەوەی سوێد و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، ستۆکهۆلم، پێنجشەمە ٢٠ی ئووتی ٢٠١٥
Tid: Torsdag den 20 augusti, kl. 13.30 
Plats: Bella Venezia, Rosenbad. Inpassering via kopparporten mellan kl. 13.00-13.20.

مارگۆت واڵسترێوم: 
زۆرباشە. هەموو لایەکتان بەخێر بێن. ئەمن خۆشحاڵم بەخێرهاتنتان بکەم . میوانەکەم سەلاحەدین دەمیرتاشە کە سەرۆکی پارتیی تورکی هەدەپەیە. ئەمن لەگەڵ وی وتوووێژی ناڕەسمی مان هەبوو  و ئەو لێرەیە بە سیفەتی نوێنەرایەتی ئەو پارتییە  کە لە هەڵبژاردنی پاڕڵمانی دا بەڕێوەی برد لە ٧ی حوزەیران و ئەوە نیشانەیەکی بەهێزی دێمۆکڕاتیک بوو کە لە ڕاستیدا دینامێکی کۆمەڵگەی تورک دەنوێنێ . ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە ئەوە بوو کە نوێنەرایەتییەکی بەربڵاوتری لێ کەوتەوە چ لە ڕووی پێکهاتەی ئێتنیکی و چ لە ڕووی جینسییەتییەوە کە لە ڕابردوو دا وێنەی نییە. ئێمە لە قسەکانماندا ، بەر لە هەموو شت ئەمن پیرۆزباییم لێ کرد بۆ سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن دا و هەر وەها جەختم کردەوە لە سەر زۆر لایەنی مۆدێڕنی بەرنامەی پارتییەکەیان لە بەشی سیاسی دا ئیست دەگرێ  لە سەر یەکسانیی و مافی وەکوو یەک. ئاغای دەمیرتاش کەسێکە پێشینەی کارکردنی هەیە بۆ مافی مرۆڤ ، جا ئەوە گرینگە و پڕمانایە کە پارتییەکەیان ٥٠ لە سەدی شوێنی داوە بە ژنان لە لیستی هەڵبژاردن دا  و هەر وەها بۆ نموونە حەولیان داوە بۆ هەبوونی نوێنەرایەتی ژنان لە پلەی سەرەکی بەڕێوەبەری دا. لە سەرتاسەی جیهان خەڵک چاوی لەوەیە کە ئێستا لە تورکییە چ ڕادەبرێ و ئێمە هیوادارین ئەو ناهێمنییەی کە ئێستا خەبەری لەوێوە دێ بە خێرایی بڕەوێتەوە و نەمێنێ و ئەوە بەرپرسیارییەکی گەورە دەخاتە سەر ئەستۆی هەموو ئاکتۆرەکانی تورکییە کە بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە. ئێمە بەتایبەتی ئیترێستێکی گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی کە لە تورکییە ڕادەبرێ. ئێمە هاوکارییەکی هەموولایەمان هەیە لەگەڵ تورکییە و هەر وەها هاوپەیمانییەکی ستڕاتێژیکمان هەیە لەگەڵ تورکییە کە لەگەڵ شتی دیکە بازرگانی و میلیوێ دەگرێتەوە. ئێمە هەست بە نیگەرانی دەکەین  لەوەی کە توندو تیژی زیادی کردووە لە نێو خۆ و لە دەور وبەری تورکییە دا . و ئاشکرایە کە ئێمە بە قووڵی پەژارەی خۆمان دەردەبڕین و هەر وەها یەکێتیی ئوڕووپا، ئێستا پێواژۆی ئاشتی لە نێوان تورکییە و پ.ک.ک. چەقی بەستووە و خەتەری تێکهەڵچوون هەیە. جا بۆیە پیویستی بە دەربرێنی هەڵوێستی ئاشکرا هەیە بە دژی کردەوەی توند وتیژی و ئێمە دەبێ پێشی تەنینەوەی توند و تیژی بگرین و دەبێ چەك دابندرێن. ئێمە لایەنگری ئەوەین کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکییە بپارێزدرێ و ئەمڕۆ ئەمن لە قسەکانم دا لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش داوام لێ کرد هەم بۆخۆی و هەم هەدەپە درێژە بە حەولەکانیان بدەن بۆ ئەوەی پێواژۆی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە . ئەمن  هەروەها دەمەوێ باسی نزیکبوونەوەی تورکییە لە یەکێتیی ئوڕووپاش بکەم، کە دیارە ئەوەش لەم هەلومەرجە دا مانایەکی گەورەی هەیە و بەستراوەتەوە بە بەهێز کردن و قووڵتر کردنی تورکییە وەک وڵاتێکی دێمۆکڕاتیک و خاوەنی دەوڵەتی قانوون. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر بەرەپێشبردن و پشتیوانی سیاسی خۆمان لە تورکییە. ئێمە هەر وەها پێمان وایە سەبات لە ناوخۆی تورکییە یارمەتی دەکا بە سەباتی دەرەوەی سنووەرەکانی بە تایبەتی لە مەڕ کێشەی سوورییە و عێڕاق. ئەمن هەر وەها دەمەوێ باسی ئەوەش بکەم کە زۆر جار قسەی لێوە ناکرێ؛ تورکییە بەرپرسیارتییەکی گەورەی ئینسانی وەئەستۆ گرتووە لە سوورییەوە پەنابەر وەردەگرێ ئەمن پێم وایە ژمارەی ئەو پەنابەرانە دەگاتە ٢٠٠ هەزار کەس کە منداڵێکی زۆریان تێدایە ، بە تایبەتی لە ناوچەی کۆبانی یەوە. تورکییە شەریکێکی گرینگە بۆ یەکێتیی ئوڕووپا لە خەبات بە دژی تێڕۆرێزم و تیژپەڕیی توند و تیژ و بە زەبر وزەنگ، بەتایبەتی لە خەبات دژی داعش. سوێد بەخێرهاتنی دەوری چالاکانەتری تورکییە دەکا لەو ڕووەوە. ئێمە خۆمان بڕیارمان داوە سەبارەت بە یارمەتی نیزامی بە کۆالیسیۆنی دژی داعش و یارمەتییەکەمان بە شێوەی هێزێکە کە لە هەولێر دایدەمەزرێنین  بۆ یارمەیدانی پێشمەرگە لە شەڕی بە دژ داعش دا. ئاغای دەمیرتاش جارێکی دیکەش بەخێر بێی ، دیارە ئەوە چاوڕاکێش و جێی لێ فێر بوونە بۆ ئێمەش کە گوێ لە ئێوەش بگرین هەر وەک ئەوەی کە من پێوەندیی بەردەوامم هەیە لە گەڵ هاوکارم وەزیری کارو باری دەرەوەی تورکییە هەر وەها ئەوەش گرینگە ئێمە گوێمان لە قسەی پارتییەکی ئاوا گەورە بێ لە تورکییە لە مەر پێشوەچوونە سیاسییەکان لەوێندەرێ و بەم شێوەیە ئەمن پاشماوەی قسەکان بۆ ئاغای دەمیرتاش بەجێ دەهێڵم و دواتر دەکرێ پرسیارەکانتان بهێننە گۆڕێ.





دەمیرتاش: ئەمن لە سەرتاوە زۆر سپاس دەکەم. تەک تەک بە خێرهاتنی هەمووتان دەکەم. بەتایبەتی بە ناوی پارتییەکەم سپاسی بەڕێز وەزیر دەکەم بۆ ڕێزڵێنان، پێشوازی  و میواندارییەکەیان. پێوەندیی دۆستایەتی و رێکخراوەیی پارتییەکەمان لەگەڵ پارتیی سۆسیال دێمۆکڕاتی سوێد پێشینەیەکی کۆنی هەیە و زۆریش لەوە خۆشحالین ئێستا دەستەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە.  هیوا دارم هەتا دی پێوەندییەکانمان هەم لە گەڵ حکوومەتی سوێد و هەم سۆسیال دێمۆکڕاتەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکەیان ناوەندی نێونەتەویی پاڵمێ زیاتر بێ. بەر لە هەموو شت دەمەوێ ئەوە جەخت بکەمەوە پارتی ئێمەش پێوەندیی دۆستانەی نێوان تورکییە و سوێد هەتا بڵێی بەنرخ دەزانێ. پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵان لەو باوەڕە دایە  بەهێز کردنی هەموو جۆرە پێوەندییەکی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە نێوان تورکییە و سوێد بە قازانجی هەر دوو کۆمەڵگەیە.، لە هەمان کات دا ووڵاتەکەم تورکییە کە کاندیدای ئەندامەتی یە لە یەکێتیی ئوڕووپا دا هەر جۆرە هاوکاری دووڵایەنەی لەگەڵ سوێد هەم لە بەرژەوەندی یەکێتیی ئوڕووپا و هەم بە قازانجی تورکییە دەبێ. وەکوو دیکە لە ووڵاتەکەتان ژمارەیەکی زۆر شاروومەندی تورکییەیی دەژین ، بەڕێژە لێرە ژمارەیەکی زۆر کە لە تورکییەوە هاتوون لە ئاسوودەیی دا دەژین ، جا بۆیە ئەو هاو نیشتمانانەشمان کە لێرەن، ئەو برایانەشمان کە لە تورکییەوە هاتوون و لێرەن دەمەوێ بڵێم لە ساز کردنی دیالۆگ و پێوەندیی لە نێو هەر دوو ووڵات دا دەتوانن کارتێکەرییەکی بەهێزیان هەبێ. ئەمڕۆ بوونی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان لێرە، بۆ باسی بۆچوون و بەش کردنی دیتنی پارتییەکەمان بوو بە تایبەتی سەبارەت بە دوای هەڵبژاردن و هەلومەرجێکی کە ئێستا لە تورکییە هەیە ، لە ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن دا، چ جۆرە چارەسەرییەک دەتوانین پێش بخەین ، ڤیزیۆنی پارتییەکەمان لەو بارەیەوە چییە ، هەم چارەسەر کردنی گێرەوکێشەکانی تورکییە، هەم  چارەسەری گیروگرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، ئەوانە چۆن دەبن و بەڕێزیشیان پێیان باش بوو گوێ لەوانە بگرن. دەمەوێ بڵێم دیدارەکەمان زۆر بەکەلک بوو. پارتییەکەمان لە کێشە و هەرای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا ، لە شەڕی نێوخۆ ی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا  و لەو ئاڵۆزییەی دا کە  ئەوێی داگرتووە. لە ووڵاتێکی وەک تورکییە دا نرخێکی دێمۆکڕاتیکە . پارتییەک کە بەرگری دەکا لە پلوورالیزمی دێمۆکڕاتیک ، لە ئاشتی ، لە بەرابەری و عەداڵەت ، پارتییەک کە بەرگری دەکا لەوەی کە هەموو ناسنامەکان بە شێوەی عادڵانە لە یەکێتیی دا بژین ، هەبوونی هێزێکی گرینگی دێمۆکڕاتیکە. و ئەوەش کە لە تورکییە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ١٣ لە سەد پشتیوانیان لێ کردووە  لە ڕوانگەی دێمۆکڕاسییەوە شانسێکی گرینگە. ئێمە پێمان وایە دەتوانین ببین بەهێزی پێشڕەو لە ووڵاتەکەمان و  تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بە گەیشتن بە قانوونێکی بنەرەتی نوێ لە سەر بنەمای پلووڕالیستی . هەڵبەت ئێستا لە تورکییە دا  گێرە وکێشەی زۆر جیدی لە گۆڕێ دا هەن، دژواری هەن، بەڵام پێمان وا نییە  ئەوانە هیچیان لەو گێڕەو کێشەیان بن کە بە  دیالۆگ  چارەسەر نەکرین. بەتایبەتی لەو دواییانە دا، پاش هەڵبژاردن دەست پێکردنەوەی تێکهەڵچوونی چەکدارانە، دەستپێکردنەوەی مردن . لە ڕوانگەی ئێمەشەوە دۆخێکی زۆر جێی نیگەرانی و جێی پەرۆشە. هەڵوێستی پارتییەکەم لەو ڕووەوە زۆر ئاشکرایە. ئێمە هیچکات باوەڕمان بەوە نەبووە کە بکرێ هیچ گێڕەوکێشەیەک بە بەکارهێنانی چەک و توندوتێژی چارەسەر بکرێ. ئێمە مەودایەکی ڕوون و ئاشکرامان هەیە لە کردەوەی کە توندو تیژی لێ بکەوێتەوە. و بەردەوام بانگەوازمان کردووە دەبێ بە لێبڕاوانە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر هەلومەرجی ئاگر بەس ، بە لێبڕاوانە چەکەکان دەبێ بێدەنگ بن و لایەنەکان دیسان بچنەوە پای مێزی موزاکەرە و دیالۆگ. لەو باوەڕە داین خاوەنی تەجروبەیەکی بەهێزین بۆ ئەوەی  بە ڕێگای قسە کردن و  موزاکەرە دا ، لە چوارچێوەی پێوەندییەکی مەدەنی دا کێشەکان ڕاپەڕێنین. کۆمەڵگەی تورکییە  ئاسوودەیی دەوێ، ئاشتی دەوێ ، پارتییەکەشمان لەو ڕوەوە هەمیشە پشتیوانی و هاوکاری خۆی ڕاگەیاندووە . دەمەوێ لێرە جارێکی دیکە ئەو بانگەوازییە دووپاتە بکەمەوە. بەڵێ! بە گردبڕی چەکەکان دەبێ بێدەنگ بن  و حەولی چارەسەری بێ چەک و بێ توندو تیژی دەبێ زۆر خێرا وەکار بخرێ ، هەڵبەت ئێمە وەکوو کەسی سیاسی  بەر لەهەموومان ئەرک و بەرپرسیاریمان لە ئەستۆیە کە داوخوازەکانی کۆمەڵگەی تورکییە وەدی بهێنین. لەو بارەیەوە  پشتیوانی ئیلهامدەرانە  و هەموو جۆرە  یارمەتییەکی پشت گەرمکەرانەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش بە ووڵاتەکەمان لە ڕوانگەی ئێمەوە زۆر بە نرخە. ئێمە دوا جار دەمانەوێ کۆمەڵگە گشتی بەیەکەوە  لە سیستمێک دا کە لە سەر بنەمای ئاشتی دامەزرابێ بژی. دەمانەوێ سیستمێکی ئاوا بە یەکەوە ساز بکەین. ئەگەر جار جار دێمۆکڕاسییەکی چڵ و نێوەچڵیشمان هەبێ ، لەگەڵ ئەوەشدا، تورکییە خاوەنی دینامێکێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی یە.، خاوەنی هێزی خۆ و باوەڕی بە خۆیە. ئیمە حەول دەدەین بۆ هێنانە گۆری ئەو تواناییە، بۆ بەکار هێنانی ئەو تواناییە. بەڕێز وەزیر باسی بابەتێکی گرینگی دیکەی کرد، بە تایبەتی ئەویش  ئەو ئاکامانەن کە لە  شەڕی جیدی نێوخۆیی سوورییە کەوتوونەتەوە. خەباتی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە دژی داعش، دیارە پشتیوانی لەو گرووپانەش  کە لەوێ دژی داعش شەڕ دەکەن زۆر گرینگە. چونکە ڕێکخستنێکی ئاوا کە هیچ گومان لە دوژمنایەتی وی ناکرێ لە ئاست نرخە ئیسانی و ئیسلامییەکان ، تەنێ هەر سەدەمە ناگەیێنێ بە کۆمەڵگەی ئەوێ بەڵکوو زەرەر لە هەموو کۆمەڵگەی ئینسانی و بەهاکان دەدا و پێم وا نییە هیچ کەس لەو بارەیەوە چ گومانی هەبێ.  لەو ڕووشەوە هەڵویستی پارتییەکەمان ڕوونە. لە تورکییە ئێستاش و لە داهاتووش دا پێکهاتەی حکوومەت هەرچۆنێکی بێ با ببێ پێمان وایە دەبێ بە دژی داعش هەلوێستێکی ئاشکرای هەبێ و کاریگەرانە ڕووبەڕووی بێتەوە. لە هەمان کات دا نزیکەی ٢ میلیۆن لە برایانی سوورییەیمان ئەوێیان بەجێ هێشتووە و لە تورکییە دەژین و ئەوانە بەشێکی زۆریان بە یارمەتی تورکییە درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. لەو بارەیەوە تورکییە حەوجێی بە پشتیوانی نێونەتەوەیی هەیە. تورکییە لە دنیا دا یەک لەو ووڵاتانەیە کە لە هەموو جێیەکی دیکە زیاتر پەنابەری وەرگرتووە.  لە ڕاستیشدا، تا ئەو کاتەی کە درامای ئینسانی و قەتڵی عامەکانی سوورییە و شەڕ لەوێ بەردەوام بێ، داوای ئەوەی کە ئەو ئینسانانە بگەڕێنەوە ئەوێ مومکین نییە ، ئینسانیش نییە. هەلومەرجی ژیانیان لە تورکییە باشتر کردن و لەمەر بەشداریی کردن لە بەرپرسیارەتی ئەواندا چ ئەوانەی لە کۆبانێ وە هاتوون، چ ئەوانەی لە شام یان لە حەڵەبەوە یان ئەوانەی کە لە حەسەکەوە هاتوون. عەڕەب، تورکومان، کورد هەر کەس دەبن با ببن بوونیان لە تورکییە لە ڕوانگەی ئێمە وە زۆر بەنرخە ، ئێمە وەک پارتیی خۆمان ئەوان بە میوان دانانێین بەڵکوو بە خاوەنماڵیان دەزانین.  بە خاوەنی ئەو خاکانەیان دەزانین و دیارە کە باشتر کردنی بارودۆخی ژیانیان و بۆ گەڕانەوەی ووڵاتەکەشیان بە پێکهێنانی ئاشتی لەوێ  پشتیوانی ڕێکخراوەکانی یەکێتیی ئوڕووپا و نێونەتەوەیی پێویستە. گشت ئەو پێوەندییە هاوبەشانە لە نێوان پارتییەکەمان و سۆسیال دێمۆکڕاتەکان، ناوەندی نێونەتەوەیی پاڵمێ و هەر وەها حکوومەتی سوێد هیوادارین شوێن دابنێ لەسەر پێوەندییەکانی نێوان تورکییە و سوێد دا. ئەو دوو ووڵاتەش بە پاڵپشتی مێژوو و ڕابردوو دۆستایەتی پتەو و هاوپێوەندییان هەبووە، هەلوێستی ئێمە ئەوەیە ئەو پێوەندییە دەبێ زیاتر و پتەوتر بکرێ. هیوا دارم لە داهاتوویەکی نزیک دا، لەو هەڵبژاردنەی دا کە دەکرێ ئاڵتێرناتیڤێکی دێمۆکڕاتیک بێتە گۆڕێ و لە حکوومەت دا هەر پارتییەک لە سەر کار بێ حەول بدا بۆ ئەوەی  پێوەندییەکانمان لە گەڵ سوێد، پێوەندییەکانی تورکییە لە گەڵ سوێد زیندوو، گەرم و زۆر بە هێزتر لە ڕابردوو بن و سیاسەتێکی ئاوا بپارێزێ. پێم خۆشە بەڕێز وەزیر لەوە ئاگادار بێ و وەکوو تر سپاسی بەڕێیان دەکەم. لە ڕوانگەی ئێمەشەوە ئەو دیدارە یەکجار زۆر گرینگ بوو . پشتیوانی ئاشکرای حکوومەتی سوێد لە پێواژۆی ئاشتی لە تورکییە و بانگەوازی دانی لەو بارەیەوە و دانی پەیامی دۆستایەتی و ڕاگەیاندنی نییەتی خێری بە کراوەیی وەرگێڕانی ویستی هەموو کەسانی لایەنگری ئاشتییە لە تورکییە و دەستی ئەوانی بەهێزتر کردووە. ئینشائەڵا هەموومان لەوە بە شێوەیەکی دروست کەلک وەردەگرین. جارێکی دیکە زۆر سپاس دەکەم
پرسی ١ : من هەواڵدەری ڕۆیتیڕزم و پرسیارەکەم لە دەمیرتاشە: وا وێدەچێ ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێکی تازە بچین لە تورکییە . ئێوە لە ڕوانگەی هەدەپەوە ئەوە چۆن دەبینن و بۆچوونت لە سەر حکوومەتێکی کاتی تا هەڵبژاردن چییە؟  ئایا ئێوە لە حکوومەتێکی ئاوا دا بەشداری دەکەن؟ و پێتان وایە پێکهاتەی حکوومەتێکی ئاوا دەبێ چۆن بێ ؟
دەمیرتاش: بەڵێ حکوومەتی کاتی تا هەڵبژاردن بە پێی قانوونی بنچینەیی دەبێ پێک بێ. ئەگەر بەڕێز سەرۆککۆمار بڕیار بدا لە سەر هەڵبژاردن ، ئێمە بڕیارمان داوە بۆ بەشداری لە حکوومەتێکی ئاوا دا و ئامادەین بۆ ئەرک بە ئەستۆوە گرتن. سەرۆکی پارڵمان وەزاڕەتخانەکان لە نێو پارتییەکانی نێو پارڵمان دا دابەش دەکا و لەو بارەیەوە بڕیارێک لە پاڕلمان پەسند دەکرێ. ئەرکی هەر وەزاڕەتخانەیەک بە پارتییەکەمان بسپێردرێ ئێمە ئامادەین بۆ بەجێ گەیاندی بەرپرسیارەتی خۆمان . ئەوە بۆ ژیانی بەیەکەوە لە تورکییە، هەم ئاشتی ناوخۆیی ، هەم بەیەکەوە کار کردن و هەمیش لە ڕوانگەی پاراستنی هێمنیی هەڵبژاردن بەیەکەوە پێمان وایە گرینگە.

پرسی ٢: ئاغای دەمیرتاش ئێوە گوتتان ئامادەن بەرپرسیارەتی وەئەستۆ بگرن. ئەوە مانای ئەوەیە ئێوە ئامادەن لە حکوومەتێکی کاتیی هەڵبژاردن دا جێ بگرن ئەگەر پێویست بکا.
دەمیرتاش: بەڵێ! بە ئاشکرا و بە ڕوونی ئەوە دەڵێم یانی ئێمە دەتوانین وەزیر بدەین بە حکوومەتی هەڵبژاردن.
پرسی ٣: بەشیر کاڤاک لە ڕادیۆی سوێدەوە، پرسیار بۆ وەزیری کار وباری دەرەوە: سوێد دەتوانێ چ بکا بۆ ئەوەی پێواژۆی ئاشتی دیسان بەردەوام بێ؟
واڵسترێوم: ئێمە دەتوانین بەردەوام بین لە سەر پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانمان، داوای گەڕانەوە بۆ نێو پێواژۆی ئاشتی بکەین ، وەک ئێستا پارتی و سەرۆکە گرینگەکان تەشویق بکەین باسی ئەوە بکەن چەک دابندرێ و بگەرێنەوە پای مێزی موزاکەرە. ئێمە هەموو جۆرە پشتیوانی و یارمەتییەک پێشکێش دەکەین لە ڕووی لۆجێستکی یان لە هەر بوارێکی دیکە دا ئەگەر لایەنەکان داوا بکەین و ئێمە ئامادەین یارمەتی بکەین. و ئێمە بەر لە هەموو شت حەول دەدەین یەکێتیی ئوڕووپا ش بکەیەنە پلاتفۆرمی کردەوەکانمان لەو بارەیەوە.
بەشێر کاڤاک: دەوری نێوبژیوانیش دەگێڕن؟
واڵسترێوم: دەوری چی؟
بەشیر کاڤاک: دەوری نێوبژیوانی؟
واڵسترێوم: ئەگەر لایەنەکان بیانەوێ ئێمە دەورێکی ئاوا بگێڕێن دیارە ئەو داوایە هەڵدەسەنگێنین بە شێوەیەکی پۆزێتیڤ و 
ئافرێنەرانە





وتووێژی بەشی ئینگلیسی ڕادیۆی سوێد لە گەڵ مارگۆت واڵستروێم و سەلاحەدین دەمیرتاش . ئەم بەرنامەیە ڕۆژی جومعە ٢١ی ئووتی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە

لە هاوینێوە ناڕەزایەتی لە تورکییە لە زیاد بوون دا بووە کاتێک دەنگدەرانی تورک ئەوەندە دەنگەیان نەدا بە ئەردۆغان کە زۆرایەتی سادە وەدەست بهێنێ لە هەڵبژاردن دا و بۆ یەکەم جار زۆربە دەنگیان دا بە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ی کوردی یان هەدەپە.لەوەتا هەڵبژاردن کراوە وو
ڵات نەیتوانیوە حکوومەتێک پێک بهێنێ و ئێستا داوای ئەوە دەکا هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێ لە سەرەتای مانگی نۆوامبر دا. 
ناڕەزایەتی سیاسی، گێرە و کێشەی نیزامیشی لێ زیاد بووە.هەر لەو ڕۆژە دا لە مانگی تەمووز کە تورکییە ڕایگەیاند یارمەتی میلیتانانی دژی داعش دەکا لە سوورییە، هێزی تورک دەستیان کرد بە بۆمبارانی یەکێک لەو گرووپانە واتە پ.ک.ک کە حەولی داوە بۆ بەربەست کردن و پێشگرتن لەو ڕێکخستنە تێڕۆریستی یە.دیارە ناوی پ.ک.ک ش بە بەربڵاوی کەوتووەتە ناو لیستەی تێڕۆڕیستی.سوێد بانگەوازی لە هەر دوو لا کردووە بۆ ئاگر بەس. 
وەزیری کار و باری دەرەوەی سوێد ئاوا باسی ئەو بابەتە دەکا: " ئێمە ڕێز دەگرین لە بڕیاری تورکییە بۆ بەرگری لە خۆیان لە بەرانبەر کردەوە و ئاکاری تێڕۆریستی.ئەوان پێکێشی لە سەر ئەو ڕاستییە دەکەن کە شەڕی ڕێکخستنی تێڕۆریستی دەکەن وەک داعش، هەر وەها پ.ک.ک و ڕێکخراوێکی تێڕۆریستی دیکە. بەڵام، ئەوەش دەبێ بە شێوەیەکی ئاوا بکرێ کە پێواژۆی ئاشتی تێک نەدا و ڕای بگرێ یان ئەو حەولانەی کە دەدرێن بۆ هاتن بۆ پای مێزی موزاکەرە و بۆ ڕێکەوتنێک لە سەر ئاشتی لەگەڵ پ.ک.ک. ئەمن سەرۆکی ئەم پارتییەش، سەرۆکی هەدەپەم تەشویق کردووە داوا بکا لە پ.ک.ک.چەکەکانیان دابنێن. چونکە ئەوە دەسپێکی هەر جۆرە گەڕانەوەیەکە بۆ پێواژۆی ئاشتی ".

تورکییە پێواژۆیەکی لە شکانهاتووی ئاشتی لەگەڵ پ.ک.ک. وەرێخست لە ماوەی دووساڵی ڕابردوو دا. ئەوە هەڵوەشاوە. هەر ئەو حەوتوویە ٨ سەربازی تورک بە دەست میلیتانانی کورد کووژران و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکییە دەستیان کرد بە هێرشی هەوایی شەوانە بۆ سەر ئەشکەوت و پەناگەکانی پ.ک.ک.لە نێوان سنووری تورکییە و عێڕاق دا. 

واڵسترێۆم دەلێ: سوێد تەنێ ئەنگوستی خەتا بۆ سەر لایەک ڕانادێرێ لە بەر هەڵوەشانەوەی ئەو پێواژۆیە و هەر دووک لادەبێ حەولەکانیان ڕێک خەن بە دژی مەترسی گەورەتر لە هەرێم دا.
" ئەمن پێم وا نییە لە حاڵی حازر دا بکرێ خەتا بخەینە سەر ئەستۆی لایەک. هەموو شاهیدی ئەوە بووین کە چ قەوماوە. ئەمن پێم وایە لە هەر دووک لا دا بەکارهێنانی توند و تیژی و زەبر وزەنگ هەبووە. پ.ک.ک.ش بەو شێوەیە ووڵامی نەداوەتەوە کە بتوانێ یارمەتی پێواژۆی ئاشتی بکا.دەبێ جۆرەیەک بەرپرسیارەتی لە هەر دووک لاوە پیشان بدرێ بۆ گەڕانەوە بۆ پای مێزی موزاکەرە. چونکە ئێمە دەبێ ئەنێڕژی و ووزەی خۆمان بۆ شەڕ بە دژی داعش بە کار بهێنین بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرتر و ئەوە هیوای پاشماوەی جیهانە.جا بۆیە چاوی جیهان هەموو لە سەر ئەوەیە لە تورکییە دا ڕوو دەدا لە حاڵی حازر دا. ئێمە بەخێرهاتنی ئەو شێوەیە دەکەین کە تورکییە ووڵامی داوەتەوە . ئەوان ژمارەیەکی یەکجار زۆر پەنابەریان وەرگرتووە . ئەمن پێم وایە لە سەر یەک نزیکەی یەک میلیۆن و نیو ئینسان لە بەر شەڕ لە سوورییە و عێڕاق چوونە تورکییە ، بەڵام دەبێ دڵنیایی لەوەش هەبێ کە سەرچاوەکان بە شێوەیەکی ئاوا بە کار بهێندرێن بۆ یارمەتی کوالیسیۆن لە شەڕ بە دژی داعش دا.

واڵسترێوم دەڵی: ئەگەر داوایان لێ بکرێ سوێد بە خۆشحاڵییەوە دەورێکی دیپڵۆماتیک بە ئەستۆ وە دەگرێ بۆ ئەوەی پێواژۆی ئاشتی بەرەو پێش بچێ و جەختی کردەوە دەوڵەتەکانی ووڵاتانی باکوور [ی ئوڕووپا ] وەک شەریکێکی ستڕاتێژیکی تورکییە دەمێننەوە. سەرۆکی پارتی دەمیرتاش کە ناوەندی نێونەتەوەیی ئوولۆف پاڵمێ بانگی کرد بوو بۆ سەردانی سوێد هەر هەمان هەست دەردەبڕێ :
-تەبیعی یە کە سوێد هەم لە نێو یەکێتیی ئوڕووپا و هەم لە نێو ئوڕووپا دا بە گشتی ووڵاتێکی گرینگە .
ذەمیر تاش لە وتووێژ لەگەڵ بەشی ئینگلیسی ڕادیۆی سوێد دا دەڵێ: سوێد هاوبەشێکی گرینگە و ئەو هیوادارە سوێد دەورێکی چالاکتر بگێڕێ لە مەڕ کێشەی سوورییە و تورکییە.
بەڵام هەموو کەس پێی خۆش نییە ببینێ کە سوێد لە نزیکەوە لەگەڵ دەمیرتاش و هەدەپە کار بکا.
ژمارەیەکی کەم لە پڕۆتێستکاران دوێنێ لە بەر بینای ڕووزنباد جێی کۆنفڕانسی هاوبەشی دەمیرتاش و واڵسترێوم کۆ ببوونەوە و پ.ک.ک. و دەمیرتاشیان مەحکووم کرد. دەیانگوت ئەو ئەو جۆرەی پێویستە کاری نەکردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی توند و تیژی و پێوەندیی لەگەڵ نەپچڕاندووە. 
ئالیا لاڤین ٢١ ساڵە یەک لەو پڕۆتێستکارانەیە: هەموو کەس دەیەوێ ببینێ کە سوێد لە دژی هەموو تێڕۆریستان بێ. داعش، پ.ک.ک و هەر چییەکی دی ، تێڕۆریزم تێڕۆریزمە. دەزانی لۆبی پ.ک.ک. لە سوێد دەڵێن پ.ک.ک. قارەمانە دژی رێکخستنێکی دیکەی تێڕۆریستی شەڕ دەکا. بەڵام ئەوان ناتوانن خوێنی سەردەستەکانی پ.ک.ک.پاک بکەنەوە هەر لەبەر ئەوەی کە بە دژی ڕێکخستنێکی دیکەی تێڕۆریستی شەڕ دەکا.





                                           ئەڤین چەتین ، سەلاحەدین دەمیرتاش و لاوێن  ڕێدار      







Thursday, August 27, 2015

وتووێژ لە گەڵ عەلی کەریمی نووسەر و چاوەدێری سیاسی

                                                                                                   
 بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش. بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی 'ڕاوێژ' . ڕەنگە ئاگادار بن  لەو ساڵانەی دواییدا ئەو چاپەمەنییە کوردییانەی کە لە ڕوانگەی مێژوویی یەوە گرینگی تایبەتییان هەیە بە تایبەتی  لە پێوەندی لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا لە سایەی  پێشکەوتنی خەباتی گەلی کورد و ئیمکاناتی چاپ لە باشووری کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو چاپ کراونەتەوە  و کەوتوونەتە بەردەستی خوێنەران بە تایبەتیش وەچەی ئێستا بۆ ئەوەی زیاتر لە سەر ڕابردوو بزانن. دیارە ئەو چاپەمەنییانە بە تایبەتی گۆواری ' نیشتمان'  و ئەو ڕۆژنامانەی کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا بڵاو کراونەتەوە  هەر کامیان پێشینەیەکی هەیە ؛ گەلۆ ئەو ژمارانە چۆن دۆزراونەتەوە، چۆن پەیدا کراون و چ زەحمەتێکیان لەگەڵ کێشراوە.لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ نووسەر و لێکۆلەرەوە عەلی کەریمی  لەو بارەیەوە دەدوێین.ئەو بۆ خۆی وەک عەلی کەریمی ، بە هاوکاری کەسانی دی، دەستێکی باڵای هەبووە  لە کۆ کردنەوە و لە ناساندنی ئەو ڕۆژنامە و گۆوارانە دا. لەو پێوەندییە دا هێندێک بیروڕای کە ڕەنگە بۆ خوێنەرەوەی ئەو چاپەمەنییانە  لە نزیکەوە مەعلووم نەبێ و ڕوون نەبێ  لەم بەرنامەیەدا لەوانە دەکۆڵینەوە.

قازی : گەلێک بەخێر بێی کاک عەلی

کەریمی: زۆر زۆر سپاس کاک حەسەن گیان، دەستخۆشی لە خۆت و بەرنامە و سپاس و ڕێزم بۆ بینەرانی بەڕێزی 'ڕاوێژ' هەیە و هیوادارم لەم کارە فەرهەنگییە پر بەنرخەت هەر بەردەوام بی.

قازی: زۆر سپاست دەکەم.  بەڕێزت لە ساڵی ١٩٧٩ ئەم کتێبەت لە سەر ' ژیان  و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی ' مامۆستا عولەما' '  ئامادە کرد و بڵاوت کردەوە. زەبیحی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ' کۆمەڵەی ژیانی کورد'  یان کۆمەڵەی ژێکاف  و بەرپرسی چاپەمەنی ئەو کۆمەڵەیە بووە.دیارە وابزانم لە هێندێک بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی دا سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو کتێبە  باست کردووە. بەڵام، لەو کتێبە دا  جەنابت  حەولت دا زۆربەی ئەو شتانەی کە بەشێک لە چالاکییە کولتوورییەکانی زەبیحی  دەگرێتەوە بهێنی.چاوپێکەوتنت کردووە لەگەڵ کەسانی جۆر بە جۆر  کە لە نزیکەوە لە گەڵ زەبیحی چ لە بواری سیاسی و چ لە بواری  ئەدەبی دا لە پێوەندی دا بوون  و لەم کتێبەدا قسەکانی ئەوانت کۆ کردووەتەوە. هێندێک لەم بەڵگانە ی نێو ئەم کتێبە  داکومێنتەکانی زەمانی چالاکی کۆمەڵەی ژیانی کوردن  کە بریتین لە هێندێک نامە کە عەبدولڕەحمانی زەبیحی نووسیونی بۆ  کۆنسوولی سۆڤییەت لە وەختی خۆی دا. ئەوانە لە ئاڕشیڤی ئازەربایجانی سۆڤییەت را هێندراونەتە دەرێ. ئەو پرسیارەی کە دەیکەم لە پێوەندی لە گەڵ 'نیشتمان' دایە کە جەنابت لە ساڵی ٢٠٠٨  ئامادەت کردووە و  ' بنکەی ژین ' لە سلێمانی بڵاو کردووەتەوە.دەمەوێ پرسم ئەو سەنەدانەی باسم کرد بۆچی لەگەڵ ئەم ژمارانەی ' نیشتمان ' چاپ نەکراونەتەوە؟ ئەو سەنەدانەی کۆمەڵەی ژێکاف.

کەریمی: حەقیقەت ئەوەیە کە ئێمە لەماوەیەک زۆر لەوە پێشیشەوە  ژیانی زەبیحی و بەسەرهاتەکەی بۆ من بوو بە بیانوویەک کە زۆرتر لەم کەسایەتییە کە تا ماوەیەک لەوە پێش و ئێستاشی لەگەڵ بێ ، کەسایەتێکی، بە ڕاستی سەربازێکی گومناو  لە نێو جووڵانەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان دا  ، بە موشەخەسی سێ پارچەی کوردستان کە ئێمە ئاگامان  لە چالاکی و خەباتی  لە ئاستی سەرکردایەتی ئەو پارچانە دا هەبووە  تا ڕادەیەکی زۆر جیلی تازەمان، نەوەی  نوێمان مەعلووماتی زۆر کەم بوو.من ئەو کارەم کرد لە بەر ئەوەی پێم وا بوو لە ڕوانگەی خۆمەوە یەک لەو ڕێکخراوە مونسەجیم و  بە شێوەی ڕێکخراوەیی بۆ یەکەم جار لە  مێژووی کورد دا وەکوو ڕێکخراوەیەکی ناسیۆنالیستی خۆی هێنا بەرباس و خۆی نیشان دا،  کۆمەڵەی ژێکاف بووە و کاتێک دێین بۆ ناو کۆمەڵەی ژێکاف  ناکرێ حەتتا نەیارانیش ، ئەو کەسانەی کە زۆریش دژ بن ناکرێ تۆ بێی باسی ژێکاف بکەی یەکەم ناو  باسی زەبیحی نەکرێ و ڕۆڵی زەبیحی  نەبینی. ئەوە بوو بە بیانوویەک کە ئەمن وەدوای ئەوە بکەوم. دیارە ژیانی زەبیحی  پر بووە لە نهێنی، ژیانی زەبیحی پڕ بووە  لەوەی کە کەس پێی نەزانیوە. بەڵام، ئەوە بوو بە بیانوویەک بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین  وەدوای بەرهەمەکانی، وەدوای  ئەو کارو چالاکییانەی کە کردوویەتی بکەوین. ئەمن ناڵێم کارەکە سەدا سەد سەرکەوتوو بووە، دیارە ئێستا بە تەئکید ئەوە نزیک ١٨-١٩ ساڵ دەگوزەرێ لە یەکەم چاپییەوە، دیارە کۆمەڵێک شتی تازە هاتووەتەکایەوە.



قازی: دیارە کاک عەلێ ئەمن سەبارەت بە سەنەدەکان پرسیارم لێ کردی.

کەریمی: ئەو کات کە ئەم کتێبە لە ١٩٩٩ی چاپ بوو ، دیارە ئەم کارە لە ساڵانی ٩٠وە دەستی پێکرد. بیدایەتی ٩٠وە. دیارە دواتر خەڵک ڕووی دە من کرد، خەڵک شتی بۆ ناردم، ئەو جار هاتینە سەر ئەوەی کە ' نیشتمان ' چاپ کەینەوە. بۆیە لە ' نیشتمان' دا بە دووبارەبوونەوەمان زانی کە ئەو نامانە چاپ کەینەوە. بەڵام ئەو کات کە ژیان و بەسەرهاتی  لە ژێر چاپ بوو ئێمە ئەو نامانەی کە لە ئاڕشیڤی سۆڤییەت دا بوون و لە زەمانی ژێکاف و لە سەر دەمی چاپی
 ' نیشتمان ' نووسرا بوون ئەوانەمان بەر دەست کەوت و هەمان بوو جا ئیتر پێمان حەیف بوو بڵاویان نەکەینەوە. ئەمن بە ئومێدی ئەوە نەبووم کە لە ٢٠٠٨ دا ' نیشتمان' دووبارە چاپ کەینەوە و شتی تازەی لێ زیاد کەین و بیۆگڕافی ئەو نووسەرانەی کە لە 'نیشتمان' دا شتیان بڵاو کردووەتەوە تا ئەو جێگایەی کە کرا  لە سلێمانی  بەو ئیمکاناتەی کە هەمبوو ئەو کاتی بیوگڕافییەکانیان بنووسین و لە هەمووی گرینگر ' نیشتمان' ئەو چاپەی کە لە  ٢٠٠٨ لە بنکەی ژین کردمان ئەویش ئەوەیە کە لاپەڕەیەکی زۆر گرینگی مێژوویی هاتە سەری. جا بۆیە بۆ ووڵامی پرسیارەکەت ئەو کات کە ' ژیان و بەسەرهاتی زەبیحی ' چاپ کرا ئەو نامانەمان لە بەر دەست دا بوو پێمان حەیف بوو کە بڵاو نەکرێتەوە بەلام ، لە ' نیشتمان' دا ڕەنگە قسەکەشت ڕاست بێ دەبوو ئەو نامانەمان دانابەوە.







قازی: ئێستا دیارە ئەوەی لێی کۆڵدرابێتەوە ، دیارە پێشتریش لەو بارەیەوە قسە کراوە، لێر و لەوێ لە سەر مەسەلەکە نووسراوە. ئەوەی کە قەتعی بێ ئێمە دەزانین کە ٩ ژمارەی  'نیشتمان' بڵاو کراوەتەوە. ئەوەی کە هەیە. بەڵام ئەوەی کە ژمارەیەکی " ١٠" هەبووە یان نەبووە ئەوە جێگای موناقەشەیە جارێ.




کەریمی: ئەوەی کە من دەیزانم شاهیدی من بۆ ئەو قسەیەی بەڕێز پرۆفێسۆر دوکتور عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ ە کە ساڵانی ٥٦،٥٧  ، ٥٨  تەلەبە بووە لە شام لە سوورییە و هاتووچۆی ماڵی بەدەرخانییەکان ، سورەیا خان و سینەم خان و ئەوانەی کردووە و زەبیحیش پێوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ماڵی بەدرخانییەکان لە دیمیشق هەبووە لەوێ بە هۆی ئەوەی کە زەبیحی دۆستێکی نزیکی باوکی عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ بووە ئیتر وەکوو برازایەک وەکوو دۆستێک لەگەڵی بووە. ئەو بە منی گوت گوتی زەبیحی بە منی کوتۆ، گێڕاوێتێوە لە ساڵی ٤٦ کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد جوانە مەرگ دەکرێت و کۆمەڵێک لە سەرانی  هەڵدێن دەچن بۆ باشووری  کوردستان و لە ماڵی شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموودی حەفید لە سیتەک خۆیان  دەگرنەوە لەوێ زەبیحی کە دیوێتی کە دێمۆکڕات نەما و کۆمار نەما ، گەڕاوەتەوە سەر دۆخە کۆنەکەی خۆی و لەوێ بە چاپخانەیەکی دەستی لەگەڵ محەمەدی شاپەسند و کاک حەسەنی قزڵجی ش کە لەوێ بووە ئەوان ژمارە ١٠ یان دەرکردووە و نیشانە بەو نیشانەی دەیگوت حەتتا  ئەمن لە  بیرمە کە ناوەرۆکی ' نیشتمان' ی ژمارە ١٠ چ بوو کە زۆری پەلامار تێدایە  بۆ سەر پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان کە ئەو دەم سکرتێرەکەی هەمزە عەبدوڵا بووە.

قازی: ئەوە ڕیوایەتێکە.

کەریمی: وایە ڕیوایەتێکە .

قازی: ڕاستییەکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە قزڵجی و زەبیحی لە سیتەک نەشرییەکیان دەرکردووە کە بەلانی کەمەوە دوو ژمارەی بە دەستەوەیە: ' ڕێگا ' کە لە سەریشی نووسراوە  ئۆرگانی " حیزبی ژیانی کورد "  کۆمەڵە ژێکاف، بە پێی قسەی نووسەرێک بۆیە ئەو ناوەیان بەکار هێناوە چونکە هاوکات بووە لەگەڵ ئەوەی کەسانێکی زۆری کە دێمۆکڕات بوون و لە زیندان دا بوون بۆ ئەوەی "تاوان" یان قورستر نەبێ ئەو ناوەیان بەکار هێناوە.
لەو ژمارانەی کە بەڕێزت کۆت کردوونەتەوە و ئامادەت کردوون و بنکەی ژین بڵاوی کردووەتەوە ئێمە مەسەلەیەکی زۆر تازەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بە موقایەسە کردن لەگەڵ هێندێک سەرچاوەی دیکە ئەوە دەتوانێ تەمی هێندێک ناڕوونی لەڕووی مێژووییەوە بڕەوێنێتەوە.

کەریمی: ڕاستە!

قازی: ئەویش چییە ، گۆیا هەبوونی پەیمانێکە بە ناوی " پەیمانی سێ سنوور"، لە کاتێکدا بە لەبەر چاوگرتنی ئەو شتەی کە لە ' نیشتمان ' دا نووسراوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئیشارەیە و ئاماژەیەی کە  لە بیرەوەرییەکانی هەژاری موکریانی دا هەیە ئەگەر ئەوانە بدەینە بەر یەک بۆمان دەردەکەوێ ئەوە پەیمانێک نەبووە بە ناوی پەیمانی سێ سنوور پەیمانێک بووە، بڕیاری هاوکارییەک بووە لە نێوان کۆمەڵەی هیوا و ژێکاف دا و دوایە ڕەسمەکانیشمان دەست کەوتووە کە ئەوان یەکتریان دیوە لە سەر سنوور. جا لە سەر  دۆزینەوەی ئەو  لاپەڕەیە و چاپکردنەوەی شیکردنەوەکانی بەڕێزت چییە؟

کەریمی: کاک حەسەن ئەمن زۆرم پێ خۆش بوو، ئەگەر ئەو بەرنامەیەی تۆ بۆ ئەو باسە تایبەتییە تەرخان کرابا ، باقی قسەکانیش دیارە نرخی خۆی هەیە بەڵام، ئەم پرسیارەتان نرخێکی یەکجار بەجێی مێژوویی هەیە. و ڕەنگە زۆرێک لە بینەران و لێکۆلەرەوانی مێژووی کوردیش تا ئێستاکێ بە هۆی دەستڕانەگەیشتن بە کۆی ' نیشتمان' ی ٢٠٠٨ ئەوەیان نەزانیبێ و ئەوەیان نەدیبی. لە ڕێگای فەیس بووکەوە زۆر کەس داوا دەکا و دەپرسن ئەو ' نیشتمان ' ەمان چۆن دەست دەکەوێ، دەست ناکەوێ؟ بۆیە لێرەوە باشە کە ئێمە تەوزیحێکی زۆر باش لە سەر ئەو مەوزووعە بدەین و بزانین داستانی لاپەڕەی '١٠' چییە؟هەر وەک بۆخۆتان دەزانن، بەڕێز کاک ئەمیری حەسەنپوور دەزانێ و هەموو ئەوانەی کە عەلاقەمەند بوون بە نەشرییات و بڵاوکراوەکانی سەردەمی ژێکاف هەموو دەزانن کە ئێمە ٩ ژمارەمان لە بەر دەست دا بووە هەموومان،

قازی: دیارە ژمارەی ٧ و ٨  و ٩  بە سەریەکەوە چاپ کراون.

کەریمی: بەیەکەوەن بەڵام لە ژمارە ٩ دا لە لاپەڕە ٩ وە دەچێ بۆ ١٢ . لە هەموو کۆپییەکانیش دا وا بوو، چ ئەو کۆپییەی کە بەڕێز دوکتور ئەمیری حەسەنپوور لە کتێبخانەی کۆنگرەی ئەمریکا دۆزیبوویەوە، چ ئەوەی جەنابتان لە بریتیش لایبرێری و چ ئەوەی بە دەست کاک نۆشیروانەوە بوو  کاتی خۆی کە لە سەر جمهووری مەهاباد کتێبی دەنووسی. ئەم لاپەڕە ١٠ یە لەوانە لە هیچیان دا نەبوو. ئێمە لەو کاتە دا کە لە گەڵ برادەرانی ' بنکەی ژین' لە سلێمانی خەریکی ئامادە کردنی ژمارەکانی ' نیشتمان' بووین واتە هەر ئەوانەی کە لە بەر دەستمان دا بوون خێرخوازێک کە ناتوانم لێرە ناوی بەرم و ئاگاداری کارو چالاکییەکانی بنکەی ژین و ئێمە بوو  گوتی کاکە لاپەڕەی ' ١٠' ی  ژمارە ٩ی نیشتمان ئێمە دۆزیومانەتەوە و ئێمە ناردمان بە دوویدا و ئەو لاپەڕەیە هات  بۆ سڵیمانی. کاتێک ئەتۆ موقاڕەنەی دەکەی لەگەڵ ئەو ژمارەیەی کە پێشتر چاپ کراوەتەوە – پێم خۆشە بە بینەرانیشی پێشآن بدەی -  دروست فۆنت و ستایل و تێکست و شێوەی چاپەکەی بە بێ ئەملاو و ئەلا دەقیق دەبینی لە گۆواری ژمارە ٩ دا لێ کراوەتەوە. ئێمەش کاتیک کە ناوەرۆکی لاپەڕەی ١٠ و ١١ مان دیت زانیمان کە فێعلەن مەوزووعەکە وەڕاست دەگەڕێ ، ئەویش ئەوەیە کە کۆبوونەوەیەک دەکرێ لە چیای داڵانپەڕ لە ماڵی شێخ عوبەیدیلای زینوێ. خوشکەزای شێخ عوبەیدیلای زینوێ کاک سەعیدی کانی مارانی ..

قازی: کە بەداخەوە پار یان پێرار وەفاتی کرد

کەریمی: بەڵێ بە داخەوە دووساڵ لەوەپێش عەمری خودای کرد، ئەو دەم گەنج بووە، ئەو دە خزمەتیان دا بووە خزمەتی خاڵی و ئەو گەورە پیاوانەی لەوێ بوون، لە لایەن کۆمەڵەی هیواوە سەید عەبدولعەزیزی گەیلانی؛ کە ناوە ئەسڵەکانیشتیان ڕوون بووەتەوە، لە وێدا حەقیقەتێک هەبووە کە پەیمانێک لە نێوان  هیوا و ژێکاف  دا بەستراوە، دیارە پەیمانێکی ستراتێژیک بووە و کاتێک زەبیحی دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد و لەوێوە بۆ تەورێز و ژمارە ٧ و ٨ ، ٩ دەردەکەێ. دیارە ئەوەش هەر بەو هۆیەوە وەدرەنگی کەوتووە کە ئەو کۆبوونەیەوە هەبووە. بەسترانی ئەو کۆبوونەوەیە لە ناو ژمارە ٩ دا باس دەکا کە بەڵێ ئێمە دوو هەیئەتی ژێکاف و هیوا کۆ بووینەوە، ' نیشتمان' بە چاپکراوەیی دەگاتەوە مەهاباد، دروست لەو سەردەمە دا ' هیوا' قاسدێک دەنێرێ دەڵێ کاکە ئێمە ئەو کۆبوونەوەمان کانسل کرد

قازی: پاشگەز بووینەوە لەو پەیمانە

کەریمی: پاشگەز بووینەوە لەو پەیمانە. ئێوەش نابێ بەسترانی کۆبوونەوەکە ئیعلام بکەن. خۆ ئەو وەخت وەک ئێستا نەبووە بڵێی بە کلیکێک لای دەبەم ، تازە ' نیشتمان' چاپ بووە بە بار و بە کارتۆن و بە گۆنییان هاتووەتەوە مەهاباد دەی چی بکەین چی نەکەین عیلاج ئەوەیە کە دابنیشین ئەو لاپەڕەیەی لێ کەینەوە. ئەندامانی ژێکاف دانیشتوون لە ژوورێ لە ماڵێ ئەو لاپەڕەیان دڕاندووە. ژمارەیەکی کە ئەو لاپەڕەیەی نەدڕاوە وەدەست ئێمە کەوت کە ئەوە حەقیقەتی پەیمانی سێ سنوور لە چیای داڵانپەڕ و ئەوانە هەمووی ئاشکرا دەکا، ئەندامانی  بەشداربوو ئاشکرا دەکا و خۆشتان ئاگادارن کە ئێمە بە خۆشییەوە لە ڕێگای کاک سەعیدی کانی مارانی و چەند برادەرێکی دیکە ڕەسمی بەشدارانیشمان دەست کەوت.



قازی: دیارە ئەو ڕەسمانە، ئەو وێنانە لە ئاڕشیڤی ماڵی ڕەحمەتی میرزا قاسمی قادریی قازی دا بووە کە یەکێک بووە لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژێکاف و سەرۆکی هەیئەتی ژێکاف بووە لەو دانیشتنە دا و دواتر بەڕێز کەماڵ عەبدوڵاهی لە کتێبێک دا ئەوانەی بە کار هێناوە. با باسی کۆپی ڕایتەکەی بکەین. دواتر لەوێ وەرگیراوە و بڵاو بووەتەوە.  باشە ئەو چاپەی 'نیشتمان'  تا چ ڕادەیەک کەوتووەتە بەر دیدی ڕەخنەی خوێنەرەوان لە باشووری کوردستان؟ وەک دەزانی لەوێ ئیمکانی نووسین زۆرترە.

کەریمی: ئەمن لەو بارەیەوە شتێکی سەیر و عەجایبم نەکردووە. ئەوەی هەتا ئێستا نەکەوتووەتە بەر دیدی ڕەخنە  دوو هۆکاری سەرەکی هەیە. هۆکارێکی ئەوەیە کە ئەوە لە عەدەدەێکی زۆر کەمدا چاپ کرا. هەزار دانەی لێ چاپ کرا. من ئاگاداری ئەوە نیم چونکە ئیمتیازەکەی درا بە بنکەی ژین، ڕەنگە ٥٠-٦٠ دانەیەک بۆ من هاتبێ بۆ دۆست  و برادەرم ناردبێت ئەویدیکە بەڕاستی  هەر زۆر زوو تەوواو بوو لە سڵێمانی. چاپی نەما. ئەمن لە ڕۆژنامان دا هیچم نەدیوە لە سەری نووسرا بێ بەڵام، لە سایتەکاندا، دیتوومە ڕێکلامیان بۆ کردووە. ئەوە لێرە دا هاتووە. هەموو بڵاو کراوەکانی ئەو دەمی کۆمەڵەی ژێکافە وەکوو: ' دیاریی کۆمەڵەی ژێکاف ' ، ' ڕۆژ ژمێری کوردی '  لەگەڵ نیشتمانەکانە لەگەڵ ئەوەی کە خۆم لێم زیاد کردووە ئەویش تا ئەو جێگایەی کە توانیومە بیۆگڕافی نووسەرانی ژێکاف و ناوەکانی خۆیان،ناوە نهێنییەکانیشیانم  ئەوەندەی کە توانیومە ساخ کردووەتەوە بەڵام، دڵنیام بێ کەموکووڕی نییە.

قازی: جا چونکوو جگە لە ' نیشتمان' چەند بڵاوکراوەی دیکەی کۆمەلەشی تێدایە ئەگەر سەنەدەکانی دیکەش هەبایە کاملتر دەبوو و دەکرا هەموو لە مەجمووعەیەک دا بەیەکەوە بێ.  شتێکی دیکەش هەیە کە ئەویش دیارە جێگای موناقەشەیە ئەویش ئەوەیە کە چەند سەنەدی دیکە بە ناوی کۆمەڵەی ژێکاف بڵاو کراوەتەوە وەکوو نامەیەک بۆ مەڕحوومی مەلا مستەفای بارزانی کە هێندێک نووسەر، هێندێک گومانیان هەیە ئەوە  لە لایەن کۆمەڵەوە بێ، بەشێکیان باسی ئەوە دەکەن لە بەر ئەوەی شێواز و لەحنی نووسینی نامەکە موکریانانە نییە، چونکە ئەندامی ڕێبەریی ژێکاف خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون. دیارە لەبەر ئەوەی کات زۆر نییە دەبێ باسی چاپکراوەکانی دیکەش بکەین.

کەریمی: بەڵێ، منیش لە سەر ئەو نامەیە چونکە دڵنیا نەبووم لە هیچ یەک لەو دوو کتێبەی دا تا کوو ئێستەکانێ ئەو نامەیەم نەهێناوە چونکە هەر وەکوو جەنابت دەفەرمووی بە ڕاستی ئەدەبییاتەکەی لەگەڵ ئەدەبییاتی بە تایبەتی زەبیحی کە دەستێکی باڵای لە نووسینەکانی ژێکاف دا هەبووە تۆزێک ناکۆکی تێدایە.

قازی: زۆر باشە دەبێ بڕێک خێراتر بڕۆین. ئێستا ئەوە ڕۆژنامەی ' کوردستان '  دەبینین. ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووە کە دیارە ئەو دەمی ووشەی ' ئێران ' ی لەگەڵ نەبووە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا کە پێش ڕاگەیێندرانی کۆمار دەست بە چاپکردنی کراوە و وەک دەزانی بە ئەگەری زۆر – دیارە ئەوە قەتعی نییە – بەینی ١١٢ تا ١١٣ ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی ئینسیاتیڤی کۆ کردنەوەی ئەو ژمارانە بکەی ودوایە دەگەینە سەر ئەو شێوەیەی کە چاپ کراوە.



کەریمی: ئێوە هەر وەکوو دەزانن لە سەروبەندی کۆ کردنەوەی بابەت لە مەڕ ژیان و بەسەرهاتی زەبیحی ئەمن مەجبوور بووم و عەلاقەمەندیش بووم کە هەموو نەشرییات و نووسینەکانی سەردەمی کۆمار موتالەعە بکەم و وەری بگرم لە کەسانی وەکوو کاک ئەمیر و جەنابت و کاک نەوشیرەوان و هەموویان وەرگیران. ئەو کات تەقریبەن شێست و چەند ژمارەیەک بە میکڕۆ فیلمەکانی کاک ئەمیری حەسەنپوورەوە و نوسخەکانی ئێوە و کاک نەوشیرەوانیش  لە لای من کۆ بووەوە.

قازی: ٦٦ ژمارە بوون

کەریمی: بەڵام کۆپییەکان هێندێکیان زۆر باش دەخوێندرانەوە و هێندێکیان باش نەبوون. لە ساڵی ٢٠٠١ کە ئیدی ئەمن لە باشووری کوردستان دادەنیشتم بەڕێز کاک نەوشیرەوان ڕۆژێک بانگی کردم کوتی عەلی شوکور ئێستا ئەوە دەزگای چاپمان هەیە، ئێعلاممان هەیە و پارەمان هەیە و ئیمکانتمان هەیە بیانهێنەوە لە لەندەنێوە. ئەو دەمی هاتوو چووەکە تەنیا و تەنیا بۆ بە من بە سنووری  تورکییە و برایم خەلیل  دا بوو. بردمن بە وەزعێکی زۆر خراپیش گەیشتە سلێمانی برادەرانی ' بنکەی ژین '  فەوری لێی هاڵان زۆریان پێ خۆش بوو. کاک نەوشیروان چاوی لێکرد کوتی کاکە هەر ئەوەندەش چاپ کەن هیچ موشکیلە نییە، ١١٢ ژمارە بووە، ١١٣ ژمارە بوو هیچ موشکیلە نییە ، دوایە بۆخۆی دێت. ئێمەش دەستمان پێ کرد.

قازی: ئێستا لێرە بڕێک ڕابوەستین ئێستا لە باک گڕاوند دا  ژمارەیەکی کوردستان دەبینین کە ئەو ژمارە کوردستانە  لەو چاپە دا نییە کە  ئێستا باسی دەکەین.



کەریمی: ژمارەی چەندە ؟

قازی: ژمارەی  ١٠١ یە، ئەمن دەمەویست لێرە بە کورتی باسی ئەوە بکەم کە ئەو ژمارەیە چۆناوچۆن پەیدا کراوە. باسی ئەوە دەکرێ  ئەو ژمارەیە و ژمارەیەکی دیکەی ' کوردستان ' – لێرە ئێمە هەر ژمارەی ١٠١ دەبینین -  لە پشت ئاوێنەیەک دا شاردراوەتەوە. ئەو ئاوێنەیە بەر بووەتەوە و شکاوە و ئەو ژمارەانە لە پشت ئاوێنەکە دا بوون. ئەو  ڕوداوە ئی ٢ ساڵ  لەمەو پێشە و کەسێک زەحمەتی کێشاوە و سکانی کردووە ، بەڵام ئەسڵی ئەو دوو ژمارەیە  دراوە بە مەڕحوومی ئەحمەدی شەریفی کە ئەویش بە داخەوە لەو دواییانە دا مەڕحووم بوو. تا ئەو جێگای ئەمن بزانم
 ' بنکەی ژین' لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو دوو ژمارەیە بە دەستەوەن بۆ ئەوەی لەو ' ٨١' ژمارەیە زیاد بکرێ. لە بەر ئەوەی ' بنکەی ژین ' هەر بۆ خۆی ئەو ژمارانەی چاپ نەکردووەتەوە. وەک دەزانین هاوکارییەک هەبووە لە گەڵ وەشانخایەکی دیکە بۆ چاپکردنی ئەوە. بە داخەوە تا ئێستا ئەو دوو ژمارەیە کە بە شێوەیەکی ئاوا تڕاژێدی دۆزراونەوە هێشتا چاپ نەکراونەتەوە، دیارە ئەوە تڕاژێدییەکی مێژووییە کە ئەتۆ  مەجبوور بی ڕۆژنامەیەکی خۆت بە ساڵانی ساڵ ، بۆ ماوەی نزیک بە ٧٠ ساڵ  لە پشت ئاوێنەیەک دا بشارییەوە و بە ڕێکەوت ئاوێنەکە بشکێ و ئاوا ببیندرێنەوە.
کاک عەلی شتێکی دیکەش هەیە، لەو مەجمووعەیەی ڕۆژنامەی ' کوردستان '  دا و ئەو سەرەتایەی کە بۆی نووسراوە، ئەگەر لە بیرت بێ ئێمە لە کاناڵێکی دیکەی تێلێڤیزۆنی دا هێندێک باسمان کرد ئەو دەمی بوو کە هێشتا چاپ نەکرا بوو، بەڕێزت لەگەڵ کاک ڕەفیق ساڵح و کاک سدیق ساڵح، برایانی ساڵح بانگەوازێکتان دا بوو کە دەتانەوێ  کارێکی ئاوا بکەن. بەڵام دواتر هێندێک کەسی دی هاتوونەتە نێو مەیدانێ لەو پێوەندییە دا. دیارە لە کۆتاییەکانی ئەو مەجمووعەیە دا سەنەدێکی دیکەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

کەریمی: بەڵێ ئەو سەنەدە کاک کەماڵ فوئاد دۆزیبوویەوە.

قازی: بەڵێ 'بەیاننامەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان'  کە بریتییە لە ڕاگەیاندنی دامەزرانی و داوخوازی ٨ مادەیی. لە پێشەکی ئەو مەجمووعەیە دا هاتووە کە ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لای بەڕێزێکی دیکەش هەبووە لە خانەقین

کەریمی: بەڵێ ماڵی ڕەشیدخانی باجەڵان.

قازی: بەڵێ! بۆ خۆی وا بزانم ئەگە ئەندامیش نەبووبێ هاوکاری زۆر نزیکی هەبووە  لەگەڵ کۆمەڵەی ژێکاف. فەرموو!

کەریمی: بە ڕاستی کاک حەسەن ئەو فکرە کە ئێمە هاتینە سەر ئەوەی کە ئەو ٦٦ ژمارەیە چاپ کەین من پێشنیارێکم کرد ئەو دەمی لە ' کوردستانی نوێ ' ی ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دا، من بە برایانی ساڵحم گوت کوتم کاکە ئێمە بانگەوازێک دەنووسین بۆ ئەوەی کە لەڕووی پڕێنسیپییەوە ئێمە کاری مێژوویی خۆمان کردبێ. بە کۆمەڵانی خەڵک و بە ڕۆشنبیران و بە هەموو کەسێک دەڵێین کە ئێمە خەریکی چاپکردنەوەی ئەو ژمارانەی ڕۆژانەی کوردستانی زەمانی جمهوورییەتی کوردستانین لە مەهاباد و ئەو ژمارانەمان لە بەر دەست دایە. ئەگەر کەسێک هەرچی پێ شک دێ، پێشنیارێکی هەیە یان ژمارەیەکی لە لایە بمانداتێ. ئەم بانگەوازە کە ئێمە هەر وەکوو تیرێک کە بە تاریکییەوە بنێین هاویشتمان و بە ڕاستی گرتی. ئەویش ئەوە بوو کە بەهارخانی کچی ڕەشید خانی باجەڵان لە بەغاوە پێوەندی پێوە کردین و گوتی باوکم کە لە جمهووری کوردستانەوە هاتووەتەوە بەغا یەک سێری تەواو تەواوی لەگەڵ خۆی هێناوە. ئێمەش سپاسگوزارێکی زۆرمان کرد و بۆی هێناین. کە دیتمان لە خۆشیان نەماندەزانی چ بکەین چونکە بۆنی چاپخانەی لێ دەهات. تەنانەت دیارە کە ڕەشید خان کە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی خوێندووەتەوە لە مەهاباد یەک دانەشی هەڵ گرتووە بۆ ئارشیڤ. تەنانەت هێندێک لە ژمارەکان هەر هەڵیش نەبڕابوون لە نێوان لاپەڕەکانیان دا. پاک و خاوێن بوون. کارێکی گەورەی سکان و خاوێنکردنەوەی لە کۆڵ ئێمە کردەوە. ئیتر ئەوەی کە برادەران بە منیان ئەسپاردبوو بەتایبەتی بەڕێز کاک نەوشیروان ئیتر ئەوە گەیشتە چاپخانە.

قازی: کاک عەلی یەک لەو دوو ژمارەی کە دیتراونەتەوە و ئێستا یەکیان لە باک گڕاوند دا دەبینین لە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٢٥ی هەتاوی دا چاپ بووە یانی دواترلەو ژمارانەیە کە چاپ کراونەتەوە ، چونکە ئاخر ژمارەی کە لێرە دا بڵاو کراوەتەوە ژمارەی ٩٣یە.ئەوە ژمارەی ١٠١ ە یانی لە ژمارە کۆتاییەکانی  ' کوردستان ' ە . وەکوو گوتم ئەوانە دوو ژمارەن، کە ئێمە لێرە ژمارەی ١٠١ دەبینین کە لە فۆڕماتی جۆر بە جۆر دا سکان کراوە. فەرموو بەردەوام بە!

کەریمی: بەڵێ با من قسەکەم تەواو کەم. ئیتر دوای ئەوەی کاری سکان و چاپخانەو شتی ئاوا تەواو بوو من سەفەرم کرد. بەڕاستی حەقیقەتێک هەیە لە نێو ئێمەی ئەهلی چاپ و چاپەمەنی و ئەوانە حەزمان بەوەیە کە  ژمارەی بەرهەممان زۆر بێ پێش ئەوەی کە بیر لەوەی بکەینەوە کە ئەم بەرهەمە چەند گرینگە کە نەفەوتێ بە دەستی خوێنەر بگات، پێشتر بیر لە خۆمان دەکەینەوە کە بە نێوی من تەواو بێ. من ئاگادار نەبووم بنکەی ژین، هیچ موشکیلەشم نەبوو بە ڕاستی، جارێک لە گۆواری بەدرخان گلییەکی پچووکم کرد گوتم کاکە ئێمە ئەو کارەمان سێ قۆڵی کردووە دەبوو بە سێ قۆڵیش تەواوی بکەین. سێ قۆڵی دەستمان پێکرد، بیجگەلەوەی کارێکی دیکە کە پرسیان بە من نەکرد بە ڕاستی و ئەگەر لە منیان پرسیبا و ئەگەر لە هەرێمی کوردستان مەسەلەی کۆپی ڕایت هەبایە و ئەو قانوونە توندانەی کە لە ئوڕووپا هەیە لە سەر مافی بڵاو کردنەوە و کۆپی ڕایت بەڕاستی نەدەبوو بیکەن. ئەویش ئەوە بوو کە بە بێ ئەوەی بە من بڵێن چوو بوون بۆ خۆیان لەگەڵ دەزگای ئاراس لە هەولێر بۆ چاپەکەی بە بیانووی ئەوەی کە ' بنکەی ژین' پارەی چاپی ئەوەی نییە دابوویان بە دەزگای ئاراس.

قازی: لەوانەیە لە ڕووی تێکنیکی چاپەوە ئیمکاناتی ئەوان زیاتر بووبێ.

کەریمی: نازانم! هەرچییەکی بێ ، بەڵام دەبوو لێرە دا بە ڕاستی حەقی من نەفەوتێ، کە فەوتا هیچ موشکیلیشم نییە گەردنیان خۆش و ئازا بێت چونکە خزمەتیان کردووە ئەمن خزمەتەکەم پێ گرینگترە لەوەی. بەڵام، ئەوەی کە دواتر کرا کاک حەسەن کارەساتە. ئەمە بڵاو بووەوە بە قەتعی خۆی. بە سایزی خۆی.

قازی: مەبەست ئەوەی دیکەیانە کە دەزگای بەدرخان بڵاوی کردووەتەوە. دیارە جارێ با هەر باسی چاپەکەی ' بنکەی ژین ' بکەین.

کەریمی: نا مەبەستم چاپی دووەمە.

قازی: دواتر دەگەینە وێ. پەلە مەکە لە سەر چاپی  ' بنکەی ژین' هێندێک قسەی دیش هەیە باس بکرێ.

کەریمی : بە سەر چاو، ئەمن لە خزمەت دام.

قازی: دوای ئەوەی کە ئەو مەجمووعەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاو بووەوە تا ئەو جێگای من بزانم لە چاپەمەنی کوردی دا باسێک هاتە گۆڕێ لە بەر ئەوەی کە لە یەکێک لە ژمارەکان دا لاپەڕەیەک بە هەڵە چاپ کراوەتەوە. لە سەر ئەوەش ئەگەر تەوزیحێک هەبێ فەرموو!

کەریمی: ئەوە تەنیا و تەنیا دەگەڕێتەوە سەر کاری ئەو برادەرانەی کە خەریکی سەفحە بەندییەکەی بوون لە ' بنکەی ژین' و لە چاپخانەی .

قازی: یانی ئەوە موشکیلەیەکی تێکنیکی بوو بەڵام، وا وەرگیرا بوو  بە عەمد ئەوە کراوە چونکە ئەو لاپەڕە تایبەتییە بریتی بوو لەو پەیامەی کە شەهید محەمەد مەحموود قودسی ئەو دەمی لە زمان  مەلا مستەفا ڕا خوێندبوویەوە وەکوو پیرۆزباییەک لە پێشەوا.

کەریمی: ئەوە تەنێ سوتفەیەک بوو و ئەگەر بەڕاستی حەتتا بۆ ڕۆمانێکی پچووکیش، ئەمن هەمیشە بە برادەران دەڵێم  کە دە نووسن یان وەردەگێڕن حەقیقەت ئەوەیە کە دەبوو ئەوان هیچ نەبایە  دوای ئەوەی کە کارەکان تەواو دەبوو کوتبایان عەلی ئەتۆش وەرە وەکوو ئاخر جار چاوێکی لێ بکە حەقی خۆتە. منیش پێداچوونەوەیەکم لە لاپەڕەی یەکەوە تا ئاخری کردبا بە دڵنیایی دەکەوتە بەر دیدی من چونکە چاوەکانی من ماندوو نەببوو لەگەڵی، چاوی دیزانێر دەکرێ ماندوو بێ. ئەوەیان نەکرد لە بەر پەلە پەلە. ئەم پەلە پەلە  لە لای هەموو برادەرانی باشوور دا لە چاپ و ئەوانە دا دیارە، زەقە. زوو بەرهەمم زیاد بێت، زوو بەرهەمەکەم بدەم بە وەزاڕەتی ڕەوشەنبیری ئەو ساڵ ئەوەندە بەرهەمم هەبووە. ئەمە ئەسڵی کارەکە لە بیر دەباتەوە. موهیم ئەوەیە کە ئەمن ئەوساڵ ئەو شەش حەوت بەرهەمم دا بە وەزاڕەتی ڕەوشەنبیری.

قازی: لە پەیوەستی ئەو مەجمووعەیەش دا وەکوو باسم کرد گرینگە چونکە ئەوەش سەنەدێکی تاریخی یە ، ئەگەر پێشتر لێر و لەوێش هەبوو بێ بەڵام لێرە دا بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لێرە بۆ یەکەم جار هەم بە فارسی و هەم بە کوردی بڵاو کراوەتەوە ئەویش بریتی یە لە ' بەیاننامەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ' واتە بەیانییەی دامەزراندنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان . دیارە لەو پێوەندییەش دا هێندێک کەس بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی قاییم بە دەستەوە بدەن ئەو سەنەدە دەبنە ژێر پرسیار کە گۆیا ئەوە سەنەدێکە کە ساختەیە و جەعل کراوە و ئەو شتانە.

کەریمی: بەڵێ برادەرێک لە ئاڵمانەوە، پێم خۆش نییە ناوی کەس بەرم، نامەیەکی دوور و درێژی نووسیبوو لە تەریقی ئی مەیلێکی منەوە  کە بگاتە برادەرانی ' بنکەی ژین'  و ئەوانە. حەقیقەتی ئەو سەنەدەیە ئەوەیە کە بەڕێز مەڕحووم کاک دوکتور کەماڵ فوئاد  کە بۆخۆشت دەزانی عەلاقەمەند بووە بە چاپ کردنەوەی ڕۆژنامەکانی کوردستانی زەمانی میقداد مەدحەت بەدرخان ...

قازی: یەکەم کەسی کە ژمارەکانی  'کوردستان' ی بەدرخانییەکانی چاپ کردووەتەوە و بڵاوی کردوونەتەوە ئەوە.

کەریمی: عەلاقەمەند بوو بە ڕاستی بە جەریدە و میدیای کوردی و بەڵگەی مێژوویی. پیاوێکی بەڕێز بوو ، خزمەتێکی زۆری کرد و لێرەوە بە دڵ یادی دەکەم . ئەو لە برادەرانی ' بنکەی ژین ' ی ڕاسپارد کە کاکە  برادەرێک لە سابڵاغەوە، لە مەهابادەوە هاتووە بە پارە ئەم سەنەدەمان دەداتێ. ئەوە حەقیقەتە. زۆرمان پێ خۆش بوو. سەنەدی ئەو شەوەیە کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دوای سەفەری دووەمی پێشەوا و هاوڕێکانی بۆ باکۆ ئەم سەنەدە لە مەهاباد نووسراوە و ئەم سەنەدە نە تەنیا لەو مەجووعەیە دا هاتووە، بەڵکوو  زۆرێک لەو خەڵکەی کە زیندوویە و ئەو شەوەی لە بیرە کە حیزبی دێمۆکڕات دامەزراوە خۆ باسی ئەوەیان بۆ ئێمە کردووە. لە چاوپێکەوتنەکانی کتێبەکەی مندا ئەو شتە هاتووە. ئەمە کۆمەڵێک خەڵکی ئەعیان و پیاوی ماقووڵ و پیاوی گەورە گەورەی سابڵاغێ موافەقەتیان کردووە لە سەر دروست بوونی حیزبێکی دیکە کە ژێکاف نەبێ ، کە ئەوەشمان زۆر بەحس کردووە، کە ئەوەش دەرخواست و ویستی برادەرانی باکۆ بووە و ناوی ئەوانەی پێوەیە کە ئیمزایان کردووە.

قازی: ئەوە باسێکی دیکەیە. بەڵام، شکی تێدا نییە کە ئەو سەنەدە ئەسڵییەتی هەیە و شتێک نییە دواتر ساز کرا بێ.

کەریمی: باوەڕ ناکەم. بۆ ئەوەی دەکەن؟ مەسەلەن زۆر کەس باسی  کەسێک دەکەن لە سۆڤییەت کە ئەو بۆخۆی ئەو شتانەی کردووە. من نازانم بۆچی ئەو پیاوە کە نەشماوە بۆچی بێ ئەوە بکا؟ یانی چ ئەنگیزەیەکی سیاسی تێدایە ئەو هەموو زەحمەتەی لە سەر بکێشێ؟ بەڵام لە بیرت نەچێ  کاک حەسەن  ئەو سەنەدە کڕدراوە لە لایەن کاک کەماڵ فوئادەوە، پارەی پێ دراوە بۆیە لەوێ دانداروە. یانی وەکوو سەنەدێک لە لایەن خەڵكیک، کەسێک کە شت کۆ دەکاتەوە.

قازی: لە ڕوانگەی ئامادەکارانی ئەو مەجمووعەیە ئەو سەنەدە بە سەنەدێکی ئەسڵی دادەندرێ. دوای ئەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاو  کراوەتەوە بەڕێزێکیش بە ناوی دوکتور هیمدادی حوسێن  بە ناوی " ڕۆژنامە وانیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکڕاتی کوردستان ١٩٤٣ – ١٩٤٧ " لە ساڵی ٢٠٠٨ دا مەجمووعەی ئەو ڕۆژنامە و گۆوارانەی ئامادە کردووە کە لە بڵاو کراوەکانی دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی بەدرخان ە. کە ئەوە هەم ژمارەکانی ' نیشتمان ' دەگرێتە خۆ، هەم ژمارەکانی ' کوردستان' ڕۆژنامە و گۆوار، هەم گڕ و گاڵی منداڵانی کورد بە هەرحاڵ زۆرێک لە بڵاو کراوەکانی سەردەمی کۆماری تێدایە. سەبارەت بە چاپکرانەوەی ئەو مەجمووعەیە بەو شێوەیە نەزەری جەنابت چییە؟



کەریمی: کاک حەسەن گیان ئەوە جارێکی لەگەڵ کاک سەدیق و کاک ڕەفیقی دانیشتین دیارە دوای وەی کە ' ژیان و بەسەرهاتی زەبیحی ' هاتبووە دەرێ لە ١٩٩٩، ' نیشتمان ' هاتبووە دەرێ لە ٢٠٠٨، ڕۆژنامەی ' کوردستان' لە ٢٠٠٧ هاتبووە دەرێ، کە من چوومە بنکەی ژین – پێم خۆشە یەک دەقیقە بە قەرزم بدەیەی -  کاک ڕەفیق گوتی عەلی وەرە شتێکی سەیر قەوماوە. من بە خزمەت ئەو دوکتور هیمدادی حوسێنە نەگەیشتووم بەڵام کە ئەوەم دی بە ڕاستی بە ڕاستی لە هەرچی کاری ئاکادێمی یە، لە هەرچی ئەمانەتداری یە، لە هەرچی کۆپی ڕایت و قانوونی کۆپی ڕایتە، ئەسڵەن دڵم بە دەستوور و قانوونی وەزاڕەتی ڕەوشەنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سووتا . کاکە ئەتۆ چت ڕعایەت کردووە لێرە دا؟ کاک حەسەن  ئەتۆ زۆر باش دەزانی کاتێک نووسراوەکانی کۆمەڵەی ژێکافمان پاک و خاوێن دەکردەوە ، کۆپییەکانی ' دیاریی کۆمەڵەی ژێکاف ' کۆمەڵێک نیشانی خۆم کە بە فۆتۆشاپ پاکم کردووەتەوە نیشانی خۆمی تێدایە دەیناسمەوە، ستایلی دیزاینی کتێبەکەی خۆم دەناسمەوە کە ئەتۆش دەتوانی بیناسییەوە. هەستاوە هاتووە عەینی نووسراوەکانی ژێکافی  بە پەلە پەل سکان کردووەتەوە لە ڕووی کتێبەکەی من و لێرە دا دووبارە چاپی کردووەتەوە. کتێبێکی ١٥٠٠ لاپەڕەیی کە هیچ قازانجێکی تێدا نییە چونکە هەمووی دووبارەیە. یانی یەک شت لێرە دا نییە کە بڵاو نەکرابێتەوە و بەشی زۆری ڕۆژنامەی ' کوردستان' ی سەردەمی جمهووری و ژمارەکانی ' نیشتمان ' ، بڵاۆکەکان، 'هاوار' ، ' گڕ وگاڵی منداڵان' هەمووی تۆ دەزانی پێش تۆ بڵاو بووەتەوە . ئەی کاکە تۆ کە بەڕاستی کاری ئاکادێمی دەکەی بۆ ناچی خۆت بە شتێکی دیکەوە خەریک ناکەی؟ بەڵام بەداخەوە چونکە هیچ قانوونێک لە هەرێمی کوردستان دیفاع لە مافی نووسەر و لێکۆلەر ناکات ئێمە نەمانتوانی هیچیشی بۆ بکەین چونکە ئەو برادەرە لە هەولێرە و ئێمە لە سلێمانین . کاک ڕەفیق کوتی کاک عەلی لێی گەڕێ.

قازی: لێرە بۆ  نموونە ڕۆژنامەی ' کوهستان ' چاپ کراوەتەوە. ڕۆژنامەی ' کوهستان'  کە لە تارانێ چاپ بووە بە زمانی فارسی و لێر و لەوێ هێندێک شێعری تێدایە بە کوردی ، ڕاستە ئەوە ڕۆژنامەیەک بووە بۆ پێشخستنی ڕووناکبیریی کوردی بەڵام  ڕاستەوڕاست هیچ پێوەندییەکی بە کۆماری کوردستانەوە نەبووە. بە هەر حاڵ ئەو ڕەخنەیەی کە بەڕێزت هەتە زیاتر ئەوەیە کە پێت وایە دەبوو ئاماژە بە سەرچاوە بکرێ؟

کەریمی: ئەسڵەن نەی کوتووە ، ڕێفرێنسی نەداوە ئەوە یەک .  دوو ، ئەو جار کاک حەسەن ئێمە لەو فەقر و  هەژاری و نەبوونی پارە و چاپەمەنی ئیشمان زۆرە، ئیشی وەرگێڕانمان زۆرە، کۆمەڵێک سەنەد و ئەوەمان هەیە کەس پێی نازانێ. ئەتۆ بۆ خۆت جەنابت دەو کارەی دای بەرنامەکەت ئەو کارەیە. هەموو ڕۆژێ شتێکی تازە ڕوون دەبێتەوە. دوێنێ شتێکت بۆ باس کردم لە سەر ئۆسکار مان. ئەی کاکە ئەوانە پێویستن. ئەتۆ کارێک کە کراوە بۆ ئەوەی کە بە پەلە پەلە پەل لە زانکۆی ئەربیل نیشانی بدەی کاکە ئەتۆ بۆ وا پەلەت کرد؟ جا ئەمن بیستم لە کاک ڕەفیق و کاک سەدیقی گوتیان هاتووە پاڕاوەتەوە کوتوویە کاکە چاپی ' کوردستان' وەدرەنگێ بخەن با ئی من زووتر بێ.

قازی: دیارە دەبێ بە شێوەی ئەمڕۆیی بۆ مەسەلەکەی بچین ڕەخنەت ئەوەیە کە ڕێفرێنسی نەداوە، ئیشاڕەی نەکردووە بە سەرچاوە!

کەریمی: دوکتورێکی زانکۆ چۆن دەبێ ڕێفرێنس نەدا کاک حەسەن؟

قازی: ئێستا ئێمە دەگەینە ئەو چاپەی ڕۆژنامەی ' کوردستان' کە هەر هەمان ' کوردستان' ی بنکەی ژینە بە قەتعێکی بڵێین پچوکتر بڵاو کراوەتەوە. هەر هەمان ٨١ ژمارەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کراوە ، ئەو جار ئاراس بڵاوی کردووەتەوە لە ساڵی ٢٠١١ دا. ئەوەی کە جێی سەرنجە  لێرە دا بەڕێز بەدران ئەحمەد حەبیب کە پێشتر بەرپرسی چاپەمەنی ئاراس بووە بە کوردییەکی تایبەتی کە داهێنانی خۆیەتی شتێکی کورتی لە سەر نووسیوە و دوایە خانمی بەهار ڕەشید باجەڵان 'دەسپێک' ێکێکی بۆ نووسیوە و دوای ئەوە لە ژمارەی یەکەوە 'کوردستان' چاپ کراوەتەوە. لێرە دا بە لەبەرچاوگرتنی  ئەوەی کە کاری پێشوو شتێکی موشتەڕەک بووە کە ئەو دوو دەزگایە بەیەکەوە کردوویانە بۆ من ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە کە کەمترین ئیشاڕەیەک نەکراوە کە پێشتر لەگەڵ بنکەی ژین چاپیان کردووە. هەر ئەوەندە نووسراوە: " سەرنج: سکانی ئەو کۆ ژمارەیەی کوردستان لە لایەن ' بنکەی ژین ' ەوە هاتووەتە ئەنجام دان ". چاپی ئەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە زەمینەی ئەوە ئامادە دەکا بە شێوەیەکی لە دەستان خۆشتر بە دەست خەڵک بگا بەڵام جێگای پرسیارە کە بۆچی هیچ حەساسییەتێک نەبووە بۆ لەگەڵ خستنی ئەو ژمارە تازانەی ' کوردستان'  کە دۆزراونەتەوە و دووهەمیش بۆ چی ئاوا مافی کۆپی ڕایت پێشێل دەکرێ؟  



کەریمی: دەزانی بۆ؟ لە بەر ئەوەی لە جەنگەڵ دا دەژین. ئەمن لە ساڵی ٢٠٠٠ وە لە کوردستان دەژیم ئاشنام بە   مەساییلی چاپەمەنی و وەرگێڕان ، یانی تەداخول دەکەم، دەچم دێم ، عەلاقەمەندم. یانی ئەمەی کە ئەوە کراوە لە جەنگلیش دا شتی وا ناکرێت. چ ئەوەی کە ئەو کاک دوکتورە لە هەولێر کردوویە،

قازی: هەڵبەت ئێمە نابێ نێو بهێنین چونکە ئەوان لێرە نین کە ووڵام بدەنەوە.

کەریمی: ئەوە نییە بڵاو بووەتەوە، چ ئەوەی کە دەزگای ئاراس کردوویەتی ئەوەلەن ئێمە دەبێ بێین لێرە دا پرسیارێک لە ' بنکەی ژین' بکەین ئەم مەحسوولە، ئەم بەرهەمە ئی تۆیە ئایا ئەتۆ هەموو ئیمتیازەکەت لەگەڵ ئاراس بەش کردووە کە ئەو حەقی چاپی دووهەمی هەیە؟ ئەمن دڵنیام وا نییە. هیوادارم وا نەبووبێت. چونکە ئەگەر کاک ڕەفیق و کاک سەدیق ' بنکەی ژین '  ئیمتیازی ئەو کارەیان دابێ بە ' ئاراس ' ی  من ئەو دەم لێیان خۆش نەدەبووم کە لە خۆیان خۆش بووم. ئەوە حەقی وان نییە کە ئیمتیازی هەموو چاپەکانی بدەن بە ' ئاراس' ی. ئەگەر کردبێتیان بۆ پارە و بیزنس کردوویانە. ئەمە جیگای تەئەسوفە.

قازی: غەیری ئەوەش، ئەو ژمارانە مومکینە ئەو ژمارانە بن کە لە ئاڕشیڤی بەڕێز باجەڵان دا مابێتەوە، بەڵام دە عەینی حاڵ دا ئەو ژمارانە کەسانێکی دیکەش بە ساڵانی ساڵ زەحمەتیان کێشاوە بۆ پەیدا کردنیان. هەر وا نییە. لە کتێبخانەی جۆر بە جۆر دا گەڕاون لە کانادا، لە ئەمریکا، لە ئوڕووپا و کوردستان و جێگای دیکەش.

کەریمی: خۆی ناوی ناوە چاپی دووەم. خۆ نەی گوتووە چاپی یەکەم. ئەگەر کوتبای چاپی یەک، چاپی ژمارەکانی
' کوردستان'  لە فۆڕمێکی تر دا ، لە قەوارەیەکی تر دا ئەو دەمی من قسەم نەدەبوو ، بەڵام ئەو خۆی نووسیویە چاپی دووەم . چاپی دووەم ئەمانەتی نەپاراستووە کۆمەڵێک شتی منی کە لە بانگەوازەکە دا، لە پێشەکییەکە دا هاتووە حەزف کردووە و ئەوجارەکانە هاتووە بچووکی کردووەتەوە بە قەتعێک کە بەڕاستی خوێندنەوەی بۆ خوێنەر زەحمەتە م چاوی خوێنەر دێشێنێ. ئێمە بۆیە ئەو دەمی هاتین ڕۆژنامە ' کوردستان' مان لەو قەتعە گەورەیەی خۆیدا  بە تەبیعی چاپ کردەوە بۆ ئەوەی کە خوێنەر بە ڕاستی ئیستیفادەی لێ بکا. بۆیە من لێرە دا بەڕاستی گلەیی لە وەزارەتی ڕەوشەنبیری هەرێمی کوردستان دەکەم ئەوە دوو جار سێ جار من لە حەقی خۆم بێدەنگم  بەڵام با حەقی نووسەران و لێکۆلەرەوانی  هەرێمی کوردستان نەفەوتێت . پێشی ئەو ئاکادێمییانە بگرن کە بە ناو  " ئاکادێمی" ن دەنا، بە ڕاستی فڕیان بە سەر ئاکادێمیک بوونەوە نییە.

قازی: ڕەخنەیەکیش لە ڕاستیدا دەکرێ ڕووی لەو کەسانە بێ کە خۆیان لە ڕوانگەی ڕووناکبیری و تاریخی یەوە بە میراتگری حیزبی دێمۆکرات و کۆماری کوردستان دەزانن لەو بارانەوە و شتی ئاوا کە دەکرێ هەر وا بێدەنگەی لێ ڕادەکەن بەداخەوە.

کەریمی: ئاخر کێیە میراتگرەکە؟ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانە؟ ئەوان هاتن ئێمە ساڵێک پێشتر لەوە کە
' کوردستان' مان بڵاو کردەوە نەهاتن بە بەیانێک، بە ئێعلامییەک  بە دوو دێڕ سپاسێک بکەن  یا پیرۆزباییمان لێ بکەن ، ڕاوەستان ، ڕاوەستان، ڕاوەستان چونکە  عەلی کەریمی دەستی لەو کارە دا بوو کردبووی بێدەنگەیان لێ کرد بەڵام ساڵێک دواتر دوکتور هێمدادی حوسێن چاپی کردەوە، لە مقەڕی کۆییەی حیزبی دێمۆکڕات بە ئاهەنگ و چەپڵەڕێزان پیرۆزبایی و خەڵاتیان دا بە دوکتوری. ئەی برا؟ کوڕە ئەوە ساڵێکە بڵاو بووەتەوە. ئەوە چاپی دووەمە.




قازی: زۆر باشە، لێرە وەختمان تەواو بوو، پێم وایە بە ڕاستیش ئەو قسانەی کە کردمان لە سەر ئەو بەڵگە گرینگانەی مێژووی چاپەمەنی کوردی بۆ بینەرانیش بە کەلک بووە . هیوادارم بۆ خۆیان لێی بکۆڵنەوە و دیسان هیوادارم ئەوانەی کە بە کاری چاپ و چاپەمەنییەوە خەریکن مافی خەڵکی دیکەش لەبەر چاو بگرن. زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریت لەو بەرنامەیە دا.

کەریمی: ئێمە دەبێ مەمنوونی تۆ بین زۆر سپاس!

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی  'ڕاوێژ' ی ئەم جارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە ماڵتان ئاوا بێ.

 تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە  لە ئێوارەی یەکشەمە ٢٣ی ئووتی ٢٠١٥  لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەرهەڵێنن  لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب و هەر وەها لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا .