Wednesday, November 29, 2017

هەڤپەیڤین لەگەڵ تەیفوور بەتحایی لە مەڕ کتێبی ' سەفەری خەیاڵ' لە " کورسان" وە هەتا کوردستان


 هەڤپەیڤین لەگەڵ  تەیفوور بەتحایی لە مەڕ کتێبی ' سەفەری خەیاڵ' لە  " کورسان" وە هەتا کوردستان

حەسەن قازی: بینەرانی بەڕێز بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەی خۆتان، بەرنامەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا زۆر بە خۆشییەوە میوانداری دەکەین لە ڕێزدار تەیفووری بەتحایی کە سیمایەکی ناسراوە، بەڕێز تەیفووری بەتحایی هەم نووسەرە، هەم سینەماکارە، هەم ڕەخنەگری ئەدەبییە و هەر وەها فێرکاری کاروباری مێدیایی یە . لەو بەرنامەیە دا بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ئاخرین کتێبی بە ناوی ' سەفەری خەیاڵ ' کە لێرە دا دەیبینن بە زمانی کوردیی سۆرانییە، و هەر وەها بە زمانی فارسیش دەرکەوتووە. دە ڕاستیدا لە ناو ئەو بیوگرافیانەی، ژیننامانەی کە دەو ساڵانەی دواییدا نووسراون ئەوە بە بۆچوونی من زۆر چاوڕاکێش بوو، بەو بۆنەیەوە بانگهێشتمان لە بەرێزیان کرد لە بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشداری بکەن لە ستێرک تیڤی و زۆر خۆشحالین دەعوەتی ئێمەی قەبووڵ کردووە. زۆر بە خێر بێی کاک تەیفوور،
تەیفوور بەتحایی: زۆر سپاست دەکەم، سڵاو بۆ بینەرانتان و سپاس بۆ ئێوە کە ئەو بانگهێشتنەتان کرد.
قازی: پێش ئەوەیکە بێینە سەر هێندێک تاوتوێ کردن و باسکردنی ناوەرۆکی ' سەفەری خەیاڵ'، بەر لەوەی بێینە سەر ناوەرۆکەکەی،ئەگەر دەکرێ کورتەیەک پێش کتێبەکە باس بکەی ؛ دواتر دەگەینە سەر کارەکانی دیکەشتان.
بەتحایی: پێش کتێبەکە مەنزوورت؟
قازی: ژیانی پێش کتێبەکە! یانی ژیانی پێش ئەو شتانەی لە کتێبەکەدا نووسیوتە.
بەتحایی: ژیانێکی پێش ئەوە ژیانێکی شەست ساڵەیە چۆن من ئاوا کورتی کەمەوە لە چوار کەلیمە دا؟، بەس دەکرێ بڵێم منداڵی من لە سنە بووە. لەوێ گەورە بووم دیپلۆمم وەرگرتووە و لەوەودوا لە سنە وەدەرکەوتووم بۆ سەربازی و بۆ خوێندن لە زانکۆ و لەوەو دواش چوومەتە تێلێڤیزیۆن ئیشم کردووە ،دوایەش چوومە زیندان و دوایەش لە ئینقیلاب دا بەر بووین ، ئازاد بووین و ژیانی پێشمەرگایەتی دەستی پێکرد، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەستی پێکرد، ئەمنیش لەوێدا بەشدار بووم هەتا دەگەینە ساڵەکانی ٦٣و ئەوانە بە تەقویمی ئێرانی و لەودوا هاتمە دەرەوەی ووڵات و لەو ئاخرانەشەوە چوار پەنج ساڵە چوومە کوردستانی باشوور.
قازی: ووشیاری سیاسی بەڕێزت، یانی کەنگێ دەتوانی بۆ خۆت ئەگەر باسی بکەی و لێکاڵای کەیەوە لە کەنگێوە دەستی پێکرد؟ لە خوێندن لە دەورەی ئیمدادی یانی دەبیرستان یان کەنگێ؟
بەتحایی: نا، دیارە هیچ شتێک لە پڕ دەست پێ ناکا. تەبیعەتن ئەو ژیانەی کە ئێمە هەمانبووە و لە ژێر چەپۆک دا و لە ژێر تەوژمی حکوومەتی پاشایەتیدا زەمینەی فەراهەم کردووە، بەڵام وەکوو چالاکی سیاسی هەمیشە وا بوو ئەو دەم کە لە زانکۆ دەستی پێدەکرد. بۆ منیش هەر وا بووە، هەر وا کە دە کتێبەکەشدا بە شێنەیی باسم کردووە کە چۆن لاوێکی شارستانی کە دەچووە زانکۆ تازە لەوێ دنیایەکی بۆ دەکراوە کە زۆر شت هەیە دەبێ فێری بێ. بەتایبەت، ئەو دەم کە ئێمە لاو بووین دنیا لە شۆڕشدا بوو، دەکرێ بڵیین ساڵەکانی ٦٠ و ٧٠ ، بە تاریخی میلادی دەبێتە چل، پەنجا بە تاریخی هەتاوی ئەو ساڵانە بوو کە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ووڵاتانی ژێر دەستە لە هەموو دنیا دەستی پێ کرد بوو، بە تایبەت لە ئەفریقا و لە ئاسیا ، شەڕی وییەتنام هەبوو، ئینقیلابی کووبا کرا بوو، جووڵانەوە ڕزگاریخوازانەکانی ئەفریقا هەبوون ، لەودوا لە ساڵی ٦٨-ی میلادی دا جووڵانەوەی خوێندکارانی ئوڕووپا هەیە کە جەنابت حەتمەن خۆت تێیدا بەشدار بووی، زیاتری لێ دەزانی، ئەوانە هەموو تەئسیری دەکردە سەر خوێندکارێک کە لە تاران دەرسی دەخوێند یا لە تەبرێز ، چون ئەو دەم لە ئێران دووسێ شار زیاتر نەبوو کە زانکۆی تێدابوو؛ شیراز بوو، تاران بوو، تەبرێز . لەوێ ئەو فکرە سیاسییە بۆ تۆ دەهات هەموو ئەوانە چییە و بۆ ئێمە وەک خوێندکار و ڕووناکبیر و خەڵکی ئەو ووڵاتە بۆ ئێمە جووڵانەوەیەکمان نییە، بۆ ئێمە دەبێ مل بدەین جا لەو دوا ئینسان بیری دەکردەوە کە چ شیوە سیاسەتێک باشە یا چ شێوە سیاسەتێک دەیخوا، نایخوا، چۆنە ئاوا.
قازی: ئێستا ئەگەر بگەینە سەر ئەو ' پەروەندەی بارمتە گرتن' یان ئەوەی کە لە لایەنی تۆ و دۆستەکانت تەرحێکی ئاوا هەبوو، گەڵاڵەیەکی ئاوا هەبوو  کەسێک لە بنەماڵەی سەلتەنەتی بە بارمتە بگرن ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئەوە دا زیندانی سیاسی ئازاد بکرێن یان ئەوەی کە کەیسی زیندانە سیاسییەکان لە ناو بیروڕای گشتی جیهان دا بناسرێ. بە تایبەتیش لە سەروبەندێکدا کە جێزنی ٢٥٠٠ ساڵەی شاهەنشاهی لە شیراز دەگیرا. وا بزانم دەو سەروبەندی دا کە ئێوە دەستتان بە چالاکییەکانتان کرد هێشتا بزووتنەوەی چریکیی شاری، یانی شەڕی پارتیزانیی شاری کە دواتر لەچەند ساڵ بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی زۆر تەنیبووەوە، بەو شێوەیە نەبوو. دیارە لە کتێبەکەدا باستان کردووە، تا ئەو جێگای دەکرێ ، ئەمن پێم وایە هەم بۆ بینەرانی ئێمە و هەم بۆ کەسانی دی سەرنجڕاکێش بێ ، لەبەر ئەوەی ئەو دادگایەی ئێوە بە شێوەی عەلەنی بوو لەو سەروبەندیدا. ئەمن بۆ خۆم یەکێک لەو کەسانەم کە بە دژی ئەو حوکمی ئێعدامەی کە دابوویان بۆبەڕێزت و بۆ چوار کەس لە هاوپەروەندەکانت، ئەگەر چاکم لە بیر مابێ، چونکە زۆر لە مێژە، ١٩٧٢-ی زایینی یە
بەتحایی: چل و سێ ساڵ گوزەراوە.
قازی: دوو حەفتەیەک ئێمە مانمان گرت لە نانخواردن. ئەگەر بکرێ بە شێوەیەکی هێندێک دوورو درێژتر لەوەی لە کتێبەکەدا هاتووە باسی بکەی. هەم حەول دان بۆ بارمتە گرتنەکە و هەم دادگایەکە.

بەتحایی: ئەوەڵ ئەوەی بڵێم، ئەوەی کە ئێوە لە چوار چێوەی کۆنفێدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانیدا ئەو کارەتان کرد، ئەوە بڵێم ئەوەل کە زۆر مایەی دڵخۆشی بوو بۆ ئێمە وەختێک خەبەرەکەمان دەبیستەوە. وە زیمنەن ئەوە تەئسیری کرد زۆر لە سەر ئەوەیکە ئێمە سێ کەس لەو پێنج کەسەی کە ئێعدامیان بۆ دەرچوو بوو ئێعدام نەکراین. یەکێک لەو هۆیانە ئەو مانگرتنانە بوو، ئەو ئێعترازانەی دنیا بوو چون ئەو دەم شا پێی خۆش بوو کە دێتە دەرەوە کە لێی دەپرسن بۆ ئێعدام دەکەی، فڵان دەکەی جوابێکی هەبێ کە ئەویش هەمیشە ئەوەی دەگوت  ئەوەی قەسدی من بکا دەیبەخشم، بەڵام ئەوەی کە قەسدی ووڵاتەکەم بکا نایبەخشم جا ئەوە یەکێک لەو هۆیانە بوو کە حوکمەکەیان شکاند.
قازی: پێش ئەوەی بگەینە وێ ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی خودی چالاکییەکە بکە.
بەتحایی: چاڵاکییەکان ئاوایە، ئەوەی کە جەنابت فەرمووت کە جووڵانەوەی چریکی دوایە دەستی پێکرد وا نییە پێش ئەوە دەستی پێکرد بوو.
قازی: لە 'سیاهکەل'  ڕا دەستی پێکرد بوو
بەتحایی: دو ساڵ پێشتر و ساڵەکانی پەنجا پۆستری چریکەکانیان لە دیوارەکان دەدا کە مەردم بڕۆن یانی هەر کەس لە هەر کوێ کەسێکیانی دیت بچن  ڕاپۆرت بدەن و ئەوانە. تەبیعەتەن ئەوەش یەکێک لەو شتانە بوو کە ئێمەش وەک خوێندکاری ئەو زەمانە سرنجمانی ڕادەکێشا و دەیبردین بۆ ئەو شێوە لە خەبات. تەنیا شێوەیەک بوو کە ئێمە دەمان دیت ئەو دەم. و تەبیعەتەن ئیمکانات شەرتە، چ ئیمکاناتێکت هەیە بۆ ئەو کارە، لە پڕ ئەو ئێمکانە هەر وەک لە کتێبەکەدا باسم کردووە  پێش هات کە ئێمە بتوانین لەو بڵاوکردنەوەیە، لەو جەژنەی سینەمایی دا بەشدار بین و بتوانین لەوێ هەرایەک دروست بکەین یا گرەوگانێک بگرین . چ بوو؟ هەر لەو ساڵانەدا کە شەڕی چریکی دەستی پێکرد بوو ، جووڵانەوەی چریکی دەستی پێکرد بوو ، یا بڵێین جووڵانەوەی چەکدارانە باشترە، چون چەمکی چریکی زۆر بەرتەسکە، زیندانییەکانیان زۆر سەرکوت کرد بوو و  خەبەرەکانیشی بە ئازادی نەدەهاتە دەرەوە. زیندانییەکان سەرکوت کرابوون، زیندانییەکی زۆر کەوتبوونە زیندان،بە هەر بەهانەیەک لەگەڵ ئەو جووڵانەوەی تازە هاتبوونە زیندان و ئەوە بوو بە ئەنگیزەیەک بۆ ئێمە کە بێین ئەو تەرحە دابڕێژین. لە لایەک ئەو ئیمکانەی کە پێش هاتبوو، لە لایەکیش ئەو فکرە کە ئەلئان ئێمە دەبێ بە دنیا ڕابگەیێنین کە لە ئێران زیندان هەیە، چون ئەو دەم پێیان دەگوت' جەزیرەی ئارامش' و ' جەژنی ٢٥٠٠  ساڵەی شاهەنشاهی' دەگیرا.
قازی: باشە ئێوە  هەموو وەکوو گرووپێکی سیاسی لەو تەرحە ئاگادار بوون یان  ئەوە چۆناوچۆن بوو؟
بەتحایی: نا، تەبیعەتەن شێوەی ڕێکخراوەیی وا بوو کە هەموویان ئاگادار نەبن. بەڵام ئەوانەی کە هێنایانە دادگا جگە لە  دوو نەفەریان هەموو ئاگادار بوون. جگە لە دوو کەس.
قازی: دیارە ئێوە کە بەیەکەوە دادگایی کران دوو گرووپی جیاواز بوون .
بەتحایی: وایە، لە واقعدا ئەو گرووپەی کە دوانیان هاتنە ناو ئەو پەروەندەیە یەکێکیان خوسرەو گولیسورخی بوو، یەکێکیشیان مەنووچێهر موقەدەم سەلیمی ئەوانە شەش مانگ پێشتر گیرابوون ئەسڵەن ئاگایان لەو مەسەلەیە نەبوو. ئەمن بۆخۆم خوسرەوم قەت نەدیبوو، لە مەحکەمە ئەو دوو کەسەم دیت. ئەوانیش قسەیەکی ئاوایان لە مەحفەلی خۆیاندا کردبوو ، ساواک هات ئەو دوانەی کردە یەک پەروەندە ، لە بەر ئەوەی یەکێک لەو مەحفەلە هاتبووە ناو ئەو گرووپە.
قازی: یانی لەگەڵ هەردووکان پێوەندی هەبوو؟
بەتحایی: ئاوەتا!
قازی: ئەو خانمی میزادەگی

بەتحایی: بەڵێ، شکووهی میرزادەگی. جا ساواک ئەو دوانەی کردە پەروەندەیەک لە واقعدا، بە قەولی کەرامەتی دانیشیان کردیە شانۆگەرییەک کە بتوانن تەبلیغاتی خۆیانی پێوە بکەن.
قازی: باشە هۆی چ بوو کە مەحکەمەکە عەلەنی بوو و لە ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنەوە بڵاو دەکراوە؟
بەتحایی: وەک گوتم، دەیانەویست پڕۆپاگاندای خۆیان بکەن کە ئەوە لە ووڵاتی ئێمە دا هەن کەسانێک کە دژن و ئێمە بە شێوەی دێمۆکڕاتیک محاکەمەیان دەکەین و ئەو جۆرە شتانە. ئەوە بەشێکی بوو، بەشێکیشی ئەوە بوو کە ساواک؛ یانی ئێستاش دەرکەوتووە بە پێی ئەو شتانەی ، بیرەوەرییەکانی کە ژەنەڕالەکان دەینووسن و نازانم کاربەدەستانی ئەو دەمی دەینووسن، ساواک دەیەویست یەکجاری دیکەش بە شا بڵێ ئەوە ئێمە گیانی تۆمان نەجات دا. وەئیلا مەسەلەی تێڕۆر ئەسڵەن لە تەرحی ئێمە دا نەبوو ، بەڵام ئەوان دەیانەویست ئەو مەسەلەی 'تێرۆریزم' ە گەورە کەنەوە.
قازی: ئێوە دەتانەویست بارمتە بگرن و بۆ ئازاد کردنی داوا بکەن زیندانی ئازاد بکرێ.
بەتحایی: بەڵێ داوا بکەین زیندانی ئازاد بکرێن
قازی: باشە دادگای ئەوەڵ حوکمی ئێعدامی چەند کەسی دەر کرد؟
بەتحایی: دادگای ئەوەل ٨ کەس حوکمی ئێعدامی وەرگرت.
قازی: ئەوە لە ئاخرو ئۆخری ساڵی ١٩٧٢ بوو وا نییە؟
بەتحایی: ئەوە ئەواییلی ١٩٧٣-ی میلادی بوو.
قازی: چەندی پێ چوو هەتا دادگای تەجدیدی نەزەر، پێداهانەوە پێک بێ؟
بەتحایی: مانگ و نیوێک، دوومانگ
قازی: دادگای دووەم ئەو حوکمانەی هێندێکیانی شکاند و هێندێکیانی تەئیید کرد.
بەتحایی: بەڵێ. حوکمی ٣ کەسی شکاند و پەنج نەفەری تەئیید کردەوە کە ئەو پەنج نەفرە؛ ئەو دەم وابوو حوکمی ئیعدامی سیاسی و غەیرە سیاسی دەبوو شا ئیمزای کا. لەوێدا بە سێ دەلیل، دەتوانین کۆی بکەینەوە بڵێین بەو سێ دەلیلە ئەو جیاوازییەیان دانا کە دوو نەفەر ئێعدام بکەن و سێ نەفەر نەکەن. یەکێک ئەوەی کە ئەو سێ کەسەی کە ئێعدام نەکران ئێمە هەر سێکمان کارمەندی تێلێڤیزیۆن بووین
قازی: تێلێڤیزیۆنی میللی ئیران
بەتحایی: بەڵێ، تێلێڤیزیۆنی میللی ئێران و ئەو دەم ڕەئیسی تێلێڤیزۆن خزمی شاژن بوو، ئاغای ڕەزای قوتبی، ئەو دەم ئەو شتە هەبوو کە دەیانگوت لە دەربار دا دوو دەستەگییەک هەیە ، بە ئیستیلاحی کلاسیک کۆترەکان و بازەکان ، جا ئەو تەرحە تەرحی بازەکان بوو بە دژی کۆترەکان. کۆترەکان بردیانەوە لەوەیدا، چون ئەگەر ئێمە ئێعدام کراباین ئەوە یانی شتەکە سابت ببوو و بە زەرەری ئەوان تەواو دەبوو. ئەوان فشاری خۆیان هێنا بوو وا دیارە. ئێستا کە ئینسان بیرەوەرییەکانی ئەو زەمانی ئەوان دەخوێنێتەوە دەبینێ بەڵێ وا بووە شتەکە.
قازی: باشە کاک تەیفوور ئەو دوو مانگەی کە لە حاڵەتێکی نادڵنیایی دا کە چ دەبێ و دەتزانی کە لە ژێر حوکمی ئێعدام دای هەستت چۆن بوو، چۆنت فکر دەکردەوە، ئەوە چ تەئسیرێکی  لە سەر دانابووی؟
بەتحایی: ڕاستە ، گوتنی ئەوە ڕۆمانێکی دەوێ یانی ئەگەر ئینسان هەستەکانی بڵێ. لە لایەک ئەتۆ ژیان بە جێ دێڵی لە لایەکی دیکەشەوە ئەتۆ ئەو ئامادەگییەت هەبووە لە پێشدا. فەرقی ئەوەی کە دەست دەدا بە خەباتی چەکداری لەگەڵ ئەوەیکە کاری سیاسی دەکا و دەگرێ و دەکەوێتە قۆناخێکی ئاوا فەرقەکەی ئەوەیە، ئەوەیکە خۆی بۆ خەباتی چەکداری ئامادە کردووە دەزانێ کوشتنی تێدایە، مەرگی تێدایە بەڵام ئەوەی کە تۆ دابنیشی و ماتڵ بی هەتا کاتێک مەرگ بگا ئاسان نییە.
قازی: ئەتۆ ئەو دەمی لاوێکی بیست و چەند ساڵە بووی
بەتحایی: عومرم بیست و پەنج ساڵ بوو.
قازی: دوایە حوکمی سێتان شکا،کەهەرسێکیشتان ئێستا بە خۆشییەوە زیندوون، بەڵام دوو لە هاوپەروەندەییەکانتان  گولیسورخی و دانیشیان ئێعدام کران و بە تایبەتی کەڕامەتی دانیشیان کە تۆ لە کتێبەکەت دا زۆر چاکت ناساندووە وەکوو ڕەفیقێکی خۆت. دەکرێ هێندێک باسی کەڕامەتی دانیشیان بکەی.
بەتحایی: کەڕامەتی دانیشیان ئینسانێکی بە تەجروبە بوو با بڵێین لە کاری سیاسیدا. بە تەجروبەتر لە ئێمە بوو، لە بەر ئەوەی پێشتر چووبووە زیندان، ساڵێک زیندانی کێشا بوو و ئەو زیندانە خۆی تەجروبەیەک دەدا هەم لە باری موقاوەمەت کردنەوە هەم لە باری تەشخیسی ڕەئی و بۆچوونەوە. بۆ خۆشی شەخسەن ئینسانێکی زۆر شوجاع و زۆر بەهەست بوو. دەکرێ بڵێی هەستەکەی هەستێکی هونەرمەندانە بوو ، نە وەک سەربازێک. ئاخر زۆر جار کە باسی چریک و ئەوانە دەکەن خەڵک وا دەزانێ ئەوانە وەک میخ داکوتراون، سەربازن و میلیتەرن بە مەعنایەک. نا، واش نییە زۆر لەوانەی کە ئیعدام کراون، شەهید کراون یان لە دەرگیری دا کووژراون دەبینین شێعریان گوتووە دەبینین زۆر هەستێکی ناسکیشیان هەبووە، ئەگەر ئەو هەستەیان نەبوایە بەرەو ئەو ڕێگایە نەدەچوون، خۆشەویستی خەڵکە دەیانبا بەرەو ئەوەیکە لە گیانی خۆشیان بوگزەرێن. کەرامەت لەوە دا نموونە بوو ئەلحەق. یانی ئەمن دەتوانم بڵێم  کەرامەت لە دادگاکەیدا کە دادگاکەی دە دیت، خوب ئێمە بێ تەجروبەتر بووین لەو؛ دەیگوت ئەگەر ئەودادگایە خوێن نەدا دەبێتە سیرک. هەموو وا دەزانن ئێمە ساواک هەموومانی هێناوە لێرەمانی داناوە، جگە لەوەی کە دەبێ موقاوەمە بکەین و قسەی خۆمان بکەین لە  دادگا دەبێ کارێک بکەین ئەوانە نەتوانن نەمان کوژن.
قازی: باشە جەنابت لە هەر دوو دادگاکان دا وەک دەڵێن تاوانبارکراوی دەرەجە یەک بووی. یەکێک لە هاوڕێکانت کاک عەباسی سەماکار لە کتێبەکەیدا کە بە ناوی ' من یک شورشی هستم'، ئەمن سەرهەڵداوێکم باسی کردووە و ئەتۆش ئەوە لێرە باس دەکەی و لە کتێبەکەیدا باسی دروستی بەشێک لە دیفاعیاتی تۆی کردووە و تۆ خەڵک موراجەعە دەدەی بە کتێبەکەی وی، وام لە بیرە، دەکرێ بە کورتی بڵێی کە فەرقی دیفاعی تۆ لەگەڵ دانشیان کردی یان گوڵیسورخی کردی دە چی دابوو؟
بەتحایی: دەزانی ئێمە هەر وا کە نووسیومە من و کەرامەت و خوسرەو دیفاعییەکەمان لە ساواک نەنوسیبوو ئەوانیدیکە هەموویان نووسیبوویان ساواک کۆنتڕۆلی هەبوو بە سەر دیفاعییەکەیاندا. ئەوان نەیاندەزانی ئێمە چ دەڵێین لە دادگە. بەس دەیانزانی موقاوەمەت دەکەین لە بەر ئەوەی ئێمە سەڵاحییەتی دادگاکەشمان ڕەد کردەوە گوتمان ئەو دادگایە ساڵح نییە ئێمە موحاکەمە بکا چون ئێمە جورمی سیاسیمان هەیە ، ئەوە دادگای نیزامییە. دوایە ئێمەیان یەک سەعات پێش ئەوەی بچینە ئاخر دیفاع دایانناین لە ژوورێک، هەر سێکمان پێکەوە کە دانیشین دیفاعییەکانی خۆمان بنووسین. ئەمن زیاترچوومە سەر ئەوە کە چ شتهایەک بووەتە هۆی ، چ شتهایەکی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەسەلە وا حاد بێ بۆ جەوانەکان کە دەست بدەنە هەمچین کارگەلێکەوە، بێ ئەوەیکە یەک کەلیمە باسی ئەوەی تێدا بێ نابێ بیکەن، ئیشتیبا دەکەن، یا فڵان دەکەن. تەنانەت ئێمە بە وەکیلەکەشمان گوتبوو هەرچی دەڵێی بیڵێ کەیفی خۆتە بەڵام حەقت نییە بڵێی ئەوانە پەشیمانن. من شتەکەم زیاتر کۆمەڵایەتی بوو ، دەستم دانابووە سەر کەم و کەسرییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو کێشانەی کە لە کۆمەڵەی ئێمە دا هەبوو بە عەقڵی ئەو زەمانەی خۆم، بەڵام کەڕامەت و خوسرەو چوونە پای ئەوە کە دیفاع بکەن لە ئیدەئۆلۆژی . کەرامەت بە تایبەتی زۆر بە توندی مەسەلەی مارکسیزمی تەڕح کرد، خوسرەویش کە هەموو دیفاعییەکەیان دیتووە، جمهووری ئیسلامیش بڵاوی کردووەتەوە، نەختێک بە لای مەزهەب دا و نەختێک بە لای مارکسیزم دا، ئەویش هەر باسی ڕەد کردنەوەی ئیسلاحاتی ئەرزی ئێران و ئەو جۆرە شتانە باسی ئەوانەی کرد. وە کولەن دەتوانین بڵێین یەکێک تر لەو دەلاییلەی ئەوان کەوتنە بەر ئێعدام ئەو توند بوونەیانە لە دادگا. ئەوەش یەکێک تر لە فاکتۆرەکانە.
قازی: باشە دوای ئەوە حوکمی جەنابت و سەماکار و عەلامە زادە بوو بە ئەبەد و ئێوە لە زیندانەکانی جۆر بە جۆری تاران دا ڕاگیرابوون.
بەتحایی: من لە ' قەسر ' بووم و لە ' ئێوین'.
قازی: ئەوە هەتا ساڵی چەند؟
بەتحایی: ساڵی ٧٩-ی میلادی دەکا ساڵی ٥٧ بە تەقویمی ئێران.
قازی : دەکاتە شەش ساڵ . ئیدی پێش ئەوەی کە سەلتەنەتی پەهلەوی بڕووخێ بە بەرەکەتی  خەبات و خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە شارەکانی جۆر بە جۆر، بە تایبەتی شارە گەورەکان وەکوو تاران و تەورێز، ئێوە پێش ڕووخانی ڕێژیمی شا لە زیندان ئازاد بوون وایە؟
بەتحایی: بەڵێ وایە
قازی: بەڕێزت یەکسەر چوویەوە سنە؟
بەتحایی: بەڵێ
قازی: لە کتێبەکە دا دەڵێی لە سنە خەڵک دەیانەویست بە گەرمی پێشوازیت لێ بکەن بەڵام لە هەمان کاتدا لە بەر ئەوەی ڕێژیم زۆر هار ببوو لەوانە بوو پێشی خەڵک بگرێ کە بێنە پێشوازیت.
بەتحایی: مومکین نەبوو، تەهدیدەکەیان کرد بوو. هەڕەشەیان کرد بوو.
قازی: لە بەر ئەوە ئێوە بە ڕێگەیەکی دیکە دا چوونە ناو شار.
بەتحایی: بەڵێ. ئەمن ئێستاش کە خۆم بیری ئەو ڕۆژانە دەکەمەوە دەڵێم من وەک کەسێک کە شەش ساڵ لە زیندان بووم بە تایبەتی لەو ئاخرانەوە ، من یەکساڵ تەواو لە ژوری تاکە کەسی بووم ، ئەتۆ نازانی چ خەبەرە، دەبێ کەسێک بێ ڕێنوێنیت بکا چ بکەی چ نەکەی و فڵان و ئەوانە. فەقەت هاتن بە منیان گوت ، چون حکوومەت نیزامی بوو، دەورەی سەرۆکوەزیریی ئەزهاری بوو لە هەموو ئێران حکوومەت نیزامییان ئیعلام کرد بوو. حکوومەت نیزامی لە سەعاتی شەشی ئێوارەوە دەستی پێ دەکرد، کە من گەیشتمەوە سنە تەقریبەن سەعات شەش بوو . ئەو دەم ڕەئیسی پادگانی سنە خەبەری دا بوو بە ماڵی ئێمە کە ئێمە ئەو شتە تەحەمول ناکەین ئێوە مەبنە هۆی ئەوە کەسێک بکووژرێ کە لەو دوا ئێوە تاوانبار دەبن. ئەوانیش کوڕیان تازە لە زیندان هاتووەتە دەرێ نایانەوێ بکەونە گێچەڵ و زیمنەن هیچکەسیش نەیدەزانی سەرنیویشتی ئەو حکوومەتە چی لێ دێ. یانی سوار دەبێ بە سەر جەوەکە دا یا دەڕووخێ؟ ئایا دوای ڕووخان بوو تازە مەردم بیریان کردەوە خۆزگە وامان کرد با، یەکێکیان خۆم، خۆزگە گوێم نەدابا بەو هەڕەشەیە، بەڵام کەس نەبوو بێ بڵێ وا نەکەین وا بکەین چ بکەین. خەڵکیش ‌حەقی خۆیان بوو، خەڵکیش دەیانەویست ئەوە بکەنە بەهانە بۆ نیشاندانی دژایەتی لە گەڵ حکوومەتەکە ، حەقی خۆیان بوو ئەوە بکەن. تەنانەت دەستەیەک هاتنە بەر ماڵی ئێمە، ئەڵبەتە زۆر کەس هاتنە ماڵێ ، چاومان بە یەک کەوت و ئەمن چوومە سەربان قسەم کرد و ئەو شتانە بەڵام ئیدی دەستەیەک هاتن سروودی ' ئەی ڕەقیب ' یان خوێند، یانی خەڵک ئیشی خۆی کرد، ئەو شتەی کە دەیەویست نیشانی بدا بە حکوومەت کە ئێمە لایەنگری دژەکانی تۆین ئەوەیان گەیاند.
قازی: باشە دوای ئەوەی کە تۆ گەیشتییەوە سنە لە ئابانی ١٣٥٧ بە تەقویمی ئێران چەندی پێ چوو کە بەشێوەیەکی ئەکتیڤ و چالاکانە شان وەبەر کاری سیاسی بدەی یانی پێش ئەوەیکە موقاوەمەتی چەکدارانە لە کوردستان دەست پێ بکا؟
بەتحایی: سێ ڕۆژ دواتر ئەمن لە سنەوە هەستام چوومە تاران کە لەوێ بگەڕێین  سازمانی سیاسی ببینینەوە، بتوانین لە چوارچێوەی سازمانە سیاسییەکاندا کار بکەین یان بزانین ئەوان چ دەکەن. چون ئێمە لە زیندان خەبەرمان نەبوو لە دەرێ ئەو سازمانانە لەچ وەزعێک دان. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم  زۆر بیرم لەوە دەکردەوە کە  'سازمانی فەدایی ' دەبێ جێگایەک بێ ئەمن بتوانم کاری تێدا بکەم.
قازی: لە بەر چی، لە بەر ئەو پێوەندییانەی کە لە زیندان دا هەت بوو؟

بەتحایی: هەم پێوەندییەکان، هەم ئەو تەفەکورەی کە پێشتر هەمان بوو و ئێمە لایەنگری خەباتی چەکداری بووین، بەڵام ئیدی خەباتی چەکداری خۆشمان دەمانزانی ئەو تاو توونەی نەما بوو، خەڵک هاتبووە دەرێ ئیدی، ئێستا ئیدی خەڵک بوو بڕیاری دەدا، ئیدی لازم نەبوو ئەتۆ بچی بانگێک ببڕی یان نازانم سەرلەشکرێک بکووژی بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێی بابە ئەوانە دیکتاتۆرن. ئیدی خەڵک حاڵی بووە هاتوونە دەرێ و ' مەرگ بەر شا ' یان دەگوت. بەس دوو شت هەبوو یەک ئەوەی خەڵکەکە ڕێکخراوێک کە بتوانێ بیانبا بە جێگایەکیان بگەیێنێ ، دروست و حیسابی  نەیان بوو، دوەم ئەوەیکە هەر لە زیندانەوە ئێمە دەمانزانی  خەتەری سوار بوونی ڕێکخراوە ئایینییەکان بە سەر جەوەکە دا زۆر زۆرە. کە لەودوا دیتمان بە هاتنەوەی خومەینی تەواو کەوتە دەست ئەوان تەنانەت لە سنەش  ئەو دەم تەنیا کەسێک کە جەمعییەتی کۆ دەکردەوە، دەیبردە مزگەوتەکان و قسەی بۆیان دەکرد جەنابی موفتی زادە بوو کە ئەویش ئینسانێکی مەزهەبی بوو یانی سنەش بە دەست مەزهەبییەکانەوە بوو هەتا یەواش یەواش ئیدی سازمانەکانی دیکە هاتن و سنە بوو بە جێگایەک کە دەکرا بڵێی زیاتر تاندانسی چەپی هەبوو هەتا مەزهەبی.
قازی: ئەتۆ لە کتێبەکەتدا ئاماژەیەکی زۆر چاوڕاکێشت هەیە  لە باسکردنی لایەنی سیاسی مەسەلەی کورد و هەڵکەوتی کوردەکان لە چوارچێوەی ئێراندا کە زۆر جار چاوی لێ هەڵدەبوێردرێ، ئەویش ئەوەیە کە کە گۆیا کوردەکان لە سیستمی شا دا هیچ بەشدارییان نەبووە بەڵام ئەتۆ بە تایبەتی لە ناو ئەفسەرانی ئەڕتەشی ئێراندا ئیشارە بە چەند کەسێک دەکەی کە هاوشاری خۆت بوون. وەکوو کورد باسیان ناکەی دەڵێی ' سەننەدەجی  ' جا نازانم ئەو ووشەیەت بە تایبەتی هەڵبژاردووە یان چۆن. بۆ وێنە یەک لەوانە ژەنەڕاڵ بیگلەری، کەمانگەر، زەمانی، موحەرەری یا سەرلەشکر مەنسوور پوور کە لە کاربەدەستانی ساواک بوو یا عیسا پەژمان. جەنابت ئەوە بە چی دەبەستییەوە. بەوەی دەبەستییەوە کە لە سیستمی دەوڵەت – میللەتدا  ئێتنیستی زۆر گرینگ نییە یان چۆن. یانی کابرا شانی وەبەر ئەو ناسێنەیە داوە.
بەتحایی: دەزانی مەسەلەی کورد بوون و ئێتنیسیتە و کوردایەتی و ئەوانە، ڕاستەکی بۆیە من مەخسووسەن قامکم لە سەر سنە داناوە چون لەوێ زیاتر من خەڵک دەناسم و یا محەلی ژیانی خۆم بووە چاکتر پێی دەزانم و وەک نموونە گرتوومە. ئەو دەم نەبوو ئەو شتە، تەنانەت بۆ ئێمەش کە سیاسی بووین و ئەوانە، نەبوو، حەڕەکەتەکە نەبوو لە ناو کۆمەڵ دا وەکوو مەسەلەی کورد. خوب، بەشێکی ئەوە بوو کە دیکتاتۆرییەکی یەک نەفەرە هەبوو و هەموو خەلکیش لەو بەر بوو. ئێستا دەزانین بە ڕاست بە دروستی ئەو دەم سازمانە سیاسییەکان چاکی بۆ چوو بوون کە دەیانگوت تەزادی ئەسڵی، دووبەرەکی ئەسڵی لە بەینی خەڵک و دیکتاتۆری دایە، لە بەین خەڵک و شا دایە. ئەوانەم کە من دەست نیشان کردووە، نەختێک بچینە ئەولاتریشەوە ئێمە کۆڵێک،هەر لە دەورەی شا دا کەسانێکمان هەبوو پێیان دەگوتن ' جەوانمەرد ' ، کۆڵێک لەو خەڵکی عەشاییر و شتی وایان کرد بووە جەوانمەرد یەکی بڕنەوێکیان دابووە دەستیانەوە مەسەلەن پارێزگاری لە مەرزەکان بکەن. پارێزگارییەکە ئەوە بوو کە یەکێک وەک من کە هەستاین بچین بۆ ' پاوە ' ، بچین پاوە ببینین جەوانمەردەکان ئێمەیان گرت و تەحویلی ساواکیان داین. یانی کاریان ئەوە بوو، ئەوە نەبوو کە پێشی عێڕاق بگرن یا پێشی چ دەگرن. ئەوە نەبوو، یەک دەست نەبوو کورد، ئەو جووڵانەوە کوردییەی کە دوایە دروست بوو. مەسەلەن ووشەی جاش نەهاتبووە ناو کورد لە بەر ئەو ووشەی پێشمەرگە هێشتا نەهات بوو.
قازی: بە تایبەتی لەو ناوچانەی کوردستان لە لای ئێوە.
بەتحایی: بە تایبەتی لە باشووری کوردستانی ئێران مەبەستمە. کە وا بوو شتکە بۆ من زۆر ئاساییە کە هەر وا کە ئێمە سیاسیمان هەبووە بە دژی ئەو ڕێژیمە ڕاوەستاوە هەر وا خەڵکێکیش هەبوون کە خزمەتیان بە وان دەکرد. ئەو خزمەتەش تا ڕادەیەک نۆرماڵە یانی خەڵک هەر چۆنێک بێ ژیانی دەوێ لە ئیدارە دادەمەزرێ و دەبێ خۆی بەڕێوە بەرێ، وەلێ وەختێک بووی بە سەرلەشکەر، وەختێک بووی بە ئەڕتەشبود ئیدی ئەوە لەوێ ئەتۆ خزمەتێکی تایبەتی دەکەی. فەرقەکەی ئەوەیە بۆیە من نموونەی ئەوانم هێناوەتەوە دەنا خۆ  زۆری دیکەش هەبوون ساواکی بوون، فڵان بون فیسار بوون ، بەڵام ئەوانە لە حەدی ژیانی نۆرماڵی ئەو زەمانە ئاسایی بوو. یەکێک بە منی دەگوت ئەگەر ئەتۆ لەگەڵ شای موخالیف بووی بۆ چوویە تێلێڤیزیۆنەکەی شا؟ بابە ئێمە بۆ نان چووبووین لە بەرا، چووین کار بکەین.
قازی: باشە ، دوای ئەوەی لە زیندان هاتییە دەرێ و ئیدی دەستت کرد بە کاری سیاسی . ئەوە زاندراوە کە بەڕێزت چوویە ناو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە ئەو دەمی ناوەکە ئاوا بە کار دەهات، ئەوە چۆناوچۆن بوو چونکە وەک زاندراوە لە ناوخۆی شاری سنە ئەو گەنج و وەچەی نوێ زیاتر تەمایولیان هەبووە بە ڕێکخراوەکانی کە لە شانی چەپی حیزبی دێمۆکرات دا هەڵکەوتبوون لەو سەروبەندی دا.
بەتحایی: عەرز بێ لە سنە ئەو دەم حیزبی دێمۆکڕات لاواز بوو لە سنە. وەک مەهاباد و سەردەشت و وەک بانە و ئەوانە نەبوو، ئەوان سابیقەیان هەیە. بەڵام ئەو دوو سازمانەکەی  دیکەم باش دەناسی وەک ' فەدایی ' و وەک 'کۆمەڵە'. مەسەلەن ئەمن  هەر لە زیندانەوە دەمزانی کە فەدایی تووشی ئینشیعاب دەبێ، بۆچوونی جۆر بە جۆری تێدایە شتێکی یەکدەست نییە. شایەد خەڵکی دیکە ئەوەیان نەدەزانی بەڵام وەک ئێمە کە لەگەڵ ڕێبەرەکانیان دە زیندان دا بووین یان هاتوچوومان هەبوو دەمانزانی ئەوە جێگایەک نییە ئەتۆ بڵێی دەڕۆم بەردەوام دەبم. لەگەڵ ئەو خەتەش نەبووم کە دەیەویست پشتیوانی خومەینی بکا کە من بە شێنەیی شەرحم داوە لە کتێبەکەدا. لەو لاشەوە ' کۆمەڵە ' ئەو دەمی لانی کەم زۆر بە توندی مائۆیست بوون، ئەمنیش زۆر سنوورم هەبوو لەگەڵ ئەو تەفەکورە. لە بەر ئەوە بۆ نموونە من بۆ خۆم  لە سەر شیرکەتهایی تەعاونی، ئیسلاحات ئەرزی، فڵان و ئەوانە تەحقیقاتم کرد بوو و دەمزانی ئەو بۆچوونەی ئەوان هەیانە وەک نیمە فێئۆداڵ نیمە موستەعمەرە بە تەواوی هەڵەیە کە خۆشیان پێی گەیشتن پاش ساڵێک بەڵام ئیدی ئەو دەم ئەو دوو سازمانە چەپە هەبوون. زۆر کەس دەڵێن بۆ خۆت سازمانێکت دروست نەکرد؟ بۆ خۆم سازمانی چ دروست بکەم، ئەوان کاری خۆیان کردووە، دوایە لە شەڕی سنە دا ئیدی ئەمن نەمدەتوانی دانیشم مەوزع نەگرم. ئەو دەم حیزبی دێمۆکڕات ، چوو بووم هاتوچوویانم کرد بوو دەمزانی ئەوانە زیاتر خەڵکین ڕاستەکەت دەوێ . مەسەلەن لە سنە ئەتۆ دەچووی لە خەڵکی ئاساییت دەپرسی ، لە ناو بازار ئەملاوئەولا، من ئیرتیباتی نێو خەڵکیم زۆر بوو، بە تایبەت هەر وا کە لە کتێبەکەدا ئیشارەم پێ کردووە مەسەلەن لە سەندیکای کرێکارانی سەد دا کارم دەکرد کە دووسەد سێسەد کرێکاری تێدا بوو، ئێمە و پەنچ شەشێکی دیکە ئەو سەندیکایەمان بە دەستەوە بوو و من بۆ خۆم لەوێ ئیشم دەکرد، کاری ئارماتۆربەندیم دەکرد. خەڵکەکە زیاتر بەرەو حیزبی دێمۆکڕات بوون. ئەڵبەتە ئەو خەڵکەی کە تەمەنیان لە سەرەوە بوو یانی جەوانەکان نا، جەوانەکان زۆر بە گوڕ بوون. وەلێ جەوانەکە نەبوو ڕەئی دەهێناوە جا لە بەر ئەوە من دیتم ئەوێ زیاتر بە ئیدەکانی منەوە نزیکە کە کار لە ناو خەڵک دا بکەی.
قازی: باشە ئەتۆ لە ' سەفەری خەیاڵ' دا ئیدی دوای ئەوە باسی شەڕی ناوخۆ دەکەی کە بە تایبەتی بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە بەینی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران  ڕوویدا  کە ئەو دەمی هیچیان لەت نەببوون بەو شێوەیەی ئێستا. لە نێو ئەوانە دا شەڕێکی ناوخۆیی دەستی پێ کرد و زۆر ناوچەی کوردستانی تەنییەوە، یانی لە عەینی حاڵدا کە لە شەڕ دابوون لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی، لە نێو خۆشدا ئەو مەسەلەیە، ئەتۆ ئامارت وەرگرتووە لە سەرچاوەکانی هەر دووک لا، وا دیارە لە کتێبەکەتدا موخالیفی ئەو شەڕانەی . پرسیاری من ئەوەیە لەو سەروبەندی دا کە ئەو شەڕە دەستی پێ کرد گەلۆ ئەتۆ لە نێوخۆی حیزبی ذێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا کە ئیمکاناتی دەست ڕاگەیشتنیشت هەبوو بە دەسەڵاتدارانی سەرەکی لەو حیزبە دا قەت بە ئاشکرا و بەشێوەیەکی حەدی باسی ئەوەت کرد کە ئەو شەڕە شەڕی براکوژی و لە ڕاستیدا شەڕی خۆ کوژییە یان نا؟
بەتحایی: با، بەڵام کەس گوێی نەدەدایەی. ئەو دەم کە زۆر بە شێنەیی لە کتێبەکەدا باسم کردووە هەر دووک لا، هەم کۆمەڵە، هەم دێمۆکڕات ببوون بە ئەڕتەش، سیستمێکی تەواو نیزامی لە سەرەوە دەستوور دەهات  لە خوارەوە دەبوا ئیجرا بکرێ. تەنانەت کۆمیتە مەرکەزییەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە نەبوو. قسەشت دەکرد، کار گەیشتە ئەو جێگا هەر کەس بڵێ ئەوە شەڕی براکوژییە جێگای لەو حیزبە دا نییە. یا مەسەلەن ئەولا دەیگوت ئەوەی پێی وا حیزبی دێمۆکڕات شتە خزمەت بە بورژوازی دەکا. ئەوە نییە تەوجیهی تێئۆریک و یا نازانم چی و ئەوانە. کەس نەیدەبیست، دەت گوت بەڵام نەدەبیسترا. ڕاستە مومکینە ئەو دەم، ئەڵبەتە پڕێنسیپی حیزبی ئیجازەی نەدەدا ئەمن دابنیشم مەقالەیەک بنووسم خۆم بڵاوی کەمەوە، وە نییە، مرۆڤ ئەوەڵ دەبێ بێتە دەرەوە ببێتە موسەقیل لەودوا بتوانێ مەوزعێکی ئاشکرای دژی حیزبێک بگرێ.
قازی: یانی دەو وەختە دا کە ئەو شتە دەقەوما، دەو سەروبەندی دا هیچ گراییشێک لە هیچ لایەنێک  ڕا نەبوو کە  زۆر بە توندی لە بەرانبەر ئەوە دا ڕاوەستێ و بڵێ نایکەم وڕێبازێکی سێهەم نیشان دا؟
بەتحایی: نەمدیت ئەمن .
قازی: نە لە دێمۆکڕات دا و نە لە کۆمەڵە دا .
بەتحایی: نەمدیت، نەمدیت. یانی حیزبی دێمۆکڕات کە  من بە تایبەت زیاتر ئیتیلاعم لێی هەیە لە ژێر تەوژمی دوو سێ شت دابوو، یەکێک مەسەلەی ' کورتە باس بوو ' کە هەر وا کە خۆت لە جەرەیان دا بووی و دەیزانی و منیش باسم کردووە، یەکێک هاتنە دەرەوە، چوونە ئەو دیوی سنوورەکانی ئێران، بارێکی زۆری بە کۆڵەوە بوو، یەکێکیش مەسەلەی شەڕەکە. جا لە شەرایتی وا دا کە گوتم ببوو بە ئەڕتەش، سیستمەکە تەواو ببووە نیزامی شایەد کەس نەیدەوێرا یا فکریان دەکردەوە ئەگەر شتێکی وا هەبێ زۆر بە توندی بەرخوردیان لەگەڵ دەکرد.
قازی: ئێستا وەک دەزانین دوو لایەنی ئەو شەڕە لە یەک نزیک بوونەوە، بەیەکەوە بەیانیان داوە تەنانەت لە سەر مەسەلەی هەڵبژادنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران . پێت وا هەیە بۆ ئەوەی ڕووداوی ئاوا دووپاتە نەبێتەوە ، و دیارە تا ئەو جێگایەیەی کە لایەنەکان موسەلەح بن ئەو ئیمکانە هەر هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە نەبێ  لە کتێبەکەت دا چ پێشنیار دەکەی؟ لەوێدا وەبیرم نایە شتێکت گوتبێ.
بەتحایی: با،  لە بەشی دواییدا ئەوەشم باس کردووە بۆ ئەوەی ئەوە تیکرار نەبێتەوە با لە ئێستاوە ئەگەر ئێمە ئیتیحاد دەکەین پێکەوە، ئەگەر یەکێتییەک دروست دەکەین پێکەوە یەکێتییەکە دەبێ بنەماکانی قایم بێ. و لەو دوا ئۆرگانیزاسیۆنێک بۆ بەڕێوەبردنی ووڵات هەر لە ئێستاوە پێک بێنین کە سەر بە هیچمان نەبێ بەتەواوی، کە گوتوومە ئەو کارە پێشتریش دەمانتوانی بیکەین. ئێمە دەوڵەتێک دابنێین، دەوڵەتی چووزانم دەوڵەتی لە تەبعید، دەوڵەتی پێشوەخت، چ نێوی دەنێن موهیم نییە. بەڵام کەسانێک بن، کادری هەیە ئەو میللەتە، ئەو میللەتە پڕە لە کادری لێهاتوو. ئەو کادرانە دابنێین شتەکان بۆ داهاتوو بدەینە دەست ئەوانەوە. ئەوان با بەڕێوەی بەرن ئێمە وەک حیزب پشتیوانییان بکەین، ئێمە وەک حیزب تەئمینیان بکەین. ئەوە ڕێگاکەیەتی بە نەزەر من. ڕەنگە موشکڵ بێ بەڵام خەبات هیچوەخت هاسان نەبووە.
قازی: زۆرباشە، ئێستا ئێمە هێندێک بێینە سەر کارەکانی دیکەتان، بە تایبەتی لە بواری سینەما دا. وا بزانم ئێوە وەکوو سینەماکارێکی پێشمەرگە دەستتان کرد بە سازکردنی هێندێک فیلمی بەڵگەیی لە دەرەوەی شاران دەکرێ هێندێک لەوانە بناسێنێ جا دوایەش، باسی شتی دیکەش بکەین.
بەتحایی: دیارە پێشتریش کارم کردووە، بەڵام ئەو دەم کە لە شاخەکان بووین چوار فیلمم دروست کردە. یەکێکی درێژ بوو ناوی ' نان و ئازادی ' بوو، یەکێکیان ' هەوار' ە کە بەس چوونە هەواری کۆچبەرانە کە چۆن دەچنە هەوار و لەوێ ژیانیان چۆنە زۆر کورتە. یەکێکی دیکەش بە ناوی  ' شاخە سەربەرزەکانی کوردستان ' باسی ژیانی پێشمەرگەیە و یەکێکیش  بە ناوی ' ڕووناکایی شەمەکان ' باسی ژیانی خەڵکە لە ژێر تەوژمی ئەو گەمارۆی ئابووری  کە لە زمانی شەڕەکە دا هەبوو. ئەو چوار فیلمەم لەوێ ساز کردووە.
قازی: دوای ئەوانەش فیلمێکی درێژترت لە ئوڕووپا ساز کرد ، لە سوێد کە نیشتەجێی سوێد بووی و چوون لە ووڵاتێکی دوور فیمەکەتان هەڵگرت.
بەتحایی: بەڵێ چووین لە قەزاقستان فیلمێکمان دروست کرد کە من دەرهێنەری بووم بە ناو ' گەلە گورگ' ئایدیاکە و ناوەکەی لە ڕۆمانی گەلەگورگ ی  حوسێن عارف وەرگیراوە بەڵام زۆر دەستکاری کرا، تەبیعیشە، هەر ڕۆمانێک کە تۆ دەیکەی بە فیلم دەبێ دەستکاری بکەی بیکەی بە سینەمایی نووسەر وەک چیرۆک نووسیویە. ئەوە دەکرێ بڵێین یەکەم  فیلمی درامایی کوردی یە لە ساڵی ١٩٩٠ دا تەواو بووە، یانی فیلمەکە دەر هاتووە، پێش ئەوە ئێمە فیلمی دڕاماییمان نییە کە بە کوردی قسان بکا. با وا بڵێم چون فیلمی کوردی لەگەڵ سینەمای کوردی دوو شتی جیاوازن. ئەوە یەکەم فیلمی کوردی یە کە بە کوردی قسان دەکا هەر وەک  'نان و ئازادی ' بۆ خۆی یەکەم دۆکومێنتی کوردی یە، یانی ووتارەکەی کوردی یە، شتەکانی بە کوردی یە.
قازی: دوای ئەوە ئیدی بەردەوام نەبووی لە دروست کردنی فیلم وەختێک کە لە سوێد بووی؟
بەتحایی: نا ئیدی، بووم بە مامۆستا و وەختێک دەبی بە مامۆستا حەز دەکەی خوێندکارەکانت ئیش بکەن وەک دەڵێی خۆت کردووتە ئەو هەستە پەیدا دەکەی.
قازی: حەولێکیشتان دا بۆ دروستکردنی کۆمەلەی سینەماکارانی کورد.
بەتحایی: هەر ئەوە بوو ئەو فیلمەی گەلەگورگ یش هەر لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵەی سینەماکارانە دا کرا، بەڵام سینەماکار ئەوەندە نەبوون کە بتوانن درێژە بە کۆمەڵەکە بدەن. زیاتر هونەرمەندی جۆر بە جۆری دیکە بوون تەنیا سینەماکاریان دەکرێ بلێین من بووم و یەک دوویەکی خوێندکار کە لە سوێد سینەمایان دەخوێند. نا ئیدی نەکرا بەردەوام بین. دەزانی سینەما پارەی دەوێ، ئێ پارەش دەبێ لە جێگایەک پەیدا بکەی. هێشتاش ئێمە، هێشتاش ئێمە ئەوە ٢٠١٣  بە داخەوە کۆمەڵەی کورد نەگەیشتووەتە ئەو جێگاییەی کە سەرمایەداری ئێمە بێت سەرمایە لە سەر فیلم دابنێ. چون سەرمایەدار سەرمایە لە سەر شتێک دادەنێ کە دوایە پارەکەی بگەڕێتەوە، هیچ ئیتمینانێک نییە کە پارەکە دەگەڕێتەوە. جا لە بەر ئەوە داینانێن. ئەو فیلمانەش کە لە کوردستان ، ئێستا لە کوردستانی باشوور دروست دەکرێ هەموو بوودجەی دەوڵەتی لە پشتە جا لەبەر ئەوە ئێمە لێرە نەمانتوانی ئیدی بوودجەیەک پەیدا بکەین کە درێژەی پێ بدەین.
قازی: دەزانین  دوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە باشووری کوردستان بوو ئێوە بۆ چەندین ساڵ چوونە باشووری کوردستان
بەتحایی: لە ٢٠٠٦وە ڕۆیشتم هەتا ٢٠١٢ تەقریبەن.
قازی: لەوێ ئەو ماوەی ٦ ساڵە چت دەکرد؟
بەتحایی: لەوێ مەدرەسەیەکمان پێک هێنا بە ناو ' ناوەندی ڕاهێنانی کادری ڕاگەیاندن '  کە ئەو کەسانەی لەوێ لە تێلێڤیزیۆنەکان کاریان دەکرد پێش هەموو شتێک بێنە ئەوێ بە شێوەیەک نەختێک عیلمیتر و ئاکادێمیتر ئەو ئیشەیان فێر بن، کە لەوێ ئەمن بەرپرسی ئەو مەدرەسەیە بووم و زیاتریش خۆم لەوێ کارم لەگەڵ دەکردن بەڵام مامۆستای دیکەش هەبوون دەهاتن لە باری  زمان، زمانی کوردی دا، لە باری مەسەلەی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامە ئەو شتانە دەرسیان دادەدا.
قازی: یانی لەو ماوەیە دا کاری فێرکاریت هەبووە لە بواری هەم تێکنیک و هەم دەرهێنان.
بەتحایی: هەم تێکنیک و هەم دەرهێنان .
قازی: ئێستا ئێمە چونکە وەختمان کەم ماوە بینەرانیشمان بە ڕێگای لاپەڕەکەمان لە فەیس بووک دا چەند پرسیارێکیان ناردووە دیارە تا ئەو جێگای ماوەی بەرنامە ئیزن دەدا دەکرێ ووڵام بدەیەوە. یەکەم پرسیار ئەوەیە:
هەتا چەند ساڵی تر لەبەینی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠ نزیکەی ٥٠ میلیارد دەستگای ڤیدێئۆ لە دنیا دا دەتوانن پێوەندی چێ کەن. بەشی زۆری تڕافیک دەبێتە ڤیدێئۆ کانسامپشن، یانی بەکار هێنانی ڤیدێئۆ و کوردیش بەشێک دەبێ لەو ٥٠ میلیاردە. بەرنامەی سینەماکارانی کورد بۆ کەلک وەرگرتن لەو ئیمکاناتە چییە ؟ ئایا ئەساسەن سینەماکارانی کورد ئەو پیشبینییەی کە کراوە وەکوو ئیمکانێک دەبینن یان نا؟
ئەوە پرسیارێکە با پرسیارەکان هەموویان بەیەکەوە باس بکەم لەبەر کات.
پرسیارێک کە بینەرێکمان بە فارسی نووسیویەتی دەڵێ: بە فارسی نووسین بۆ من هاسانترە هیوادارم ئەوە کێشەیەک نەبێ بۆ ئێوە. بەر لە هەموو شتێک سپاستان دەکەم کە ئەو کتێبەتان نووسیوە، سەفەری خەیاڵ. نرخی کتێبەکەی ئێوە لەوە دایە کە ئێوە بێ ئەوەی  لایەنگری لە گروپێک یان کەسێک یان پارتییەک بکەن  ڕووداوەکانتان باس کردووە و لێکدانەوەی شەخسی خۆتان لە سەر ڕووداوەکان هێناوەتە گۆڕێ کە دیارە ئەمن لەگەڵ هێندێک لە لێکدانەوەکانی ئێوە هەر لە جێدا موافیق نیم ، بەڵام بێ شک کتێبەکەی ئێوە دەبێتە هۆی ئەوە کەسانێکی کە دەیخوێننەوە بە ڕوانگەیەکی کراوەتر لە شتەکان بڕوانن و کردەوەیان بەشێوەیەکی دیکە بێ. ئەمن دەمەویست بپرسم کە ڕەد فێعلی، عەکسولعەمەلی پارتییەکان و گرووپە سیاسییەکان ، بە تایبەتی پارتییە سیاسییە کوردەکان  سەبارەت بەو کتێبە چ بووە ؟ لە ووڵاتانی دێمۆکڕاتیک کەسانێک کە بیروباوەڕی جیاوازیان هەیە بە باوەشی ئاواڵەوە وەردەگیرێن چونکە ئەوان دەبنە هۆی ئەوە کە ئینسانەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر بیروباوەڕەکانی خۆیان و لە سەر ڕا بیر بکەنەوە و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی ئەو کەسانەی کە لەو ساڵانە دا مەجبوور بوون بێنە تەبعید لە ووڵاتانی دێمۆکڕاتیک ژیاون گەلۆ ئێوە پێشوەچوونێکی ئەوتۆ لە ناو سیاسییە ئێرانییەکان و بەتایبەتی پارتییە کوردییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ڕەد فێعل بەرانبەر بە کتێبەکەتان دەبینن یان نا ؟ و ئەگەر ئێوە دووبارە بژینەوە و ئەوەی ئێستا دەیزانن زانیباتان چ کارێکی جیاوازتان لەوەی ئێستا دەکرد؟ لەگەڵ ئارەزووی سەرکەوتن.
بینەرێکی دیکەش سەبارەت بە مەحکەمەکە پرسیاری کردووە گوتوویەتی کە شایعەیەکی ئاوا هەیە کە بەڕێز بەتحایی  لە مەحکەمەی نیزامی داوای لێبوردنی کردووە بۆیە ئەو حوکمە شکاوە.
دیارە ئەو تەوزیحەش  دەبێ بدرێ کەسێک هەبووە بە نێوی مەسعوود بەتحایی کە لە زیندان هاوکاری ڕێژیمی شای دەکرد کە هیچ جۆرە پێوەندییەکی بە تۆوە نییە، کەسێک بووە سەر بە گرووپی شوکروڵای پاکنەژاد کە جمهووری ئیسلامی کوشتی. بەتحایی دواتر کە ڕێژیمی شا ڕووخا ئیعترافی کرد هاوکاری ڕێژیمی شای کردووە. فەرموو پاشماوەی کاتەکە بۆ جەنابت.

بەتحایی: عەرز بێ سوئالی یەکەم کە تێکنیکێکی تازە دێ، نازانم دەبێ بێ تا لەوەو دوا بزانین ئێمە چ دەکەین. ئەڵبەتە یەک شت فەقەت بڵێم ئەوەی کە پێمان وا بێ سینەماکاری کورد بۆ خۆی بڕیار دەدا کە چ بکا لەگەڵ تێکنیک ئەوە وا نییە، ئەوە ئەنیستیتوویەکی دەوێ کە سەرمایە دابنێ و بتوانێ ئیمکانات بۆ سینەماکارەکان فەڕاهەم بێنێ. نازانم ئەوە ناکرێ جواب بدەینەوە چون داهاتوویەکە. من زۆریش سەر لەو تێکنیکە تازانە دەرناهێنم.
مەسەلەی دووەم کە مەڕبوت بە ڕەد فێعل یان کاردانەوە لە سەر کتێبەکەیە تا ئێستا هیچم نەبیستووە، یانی لە هیچ کوێ نەمبیستووە کە ئەوانە شتێکیان لە سەر نووسیبێ چاک یان خراپ وەک سازمانە سیاسییەکان. وەک خەڵکی ئاسایی هەبووە، کەسانێک کە هەر وەک خۆشی گوتوویەتی لەگەڵ بۆچوونەکانی من نەبوون. موهیم بۆ منیش هەر ئەوەیە کە ئەویش ئیشارەی پێ کردووە کە وتووێژێک دروست ببێ ئەسلەن هەدەفی ئەو کتێبە لە بناغەوە ئەوە بووە کە شتەهایەک تەرح بکەین کە لەوەو دوا بتوانێ وتووێژێک دروست بکا کە لەو وتووێژە مومکینە  شتی تازە دەر بێ.
مەسەلەی سێیەم مەسەلەی دادگاکە، ئەو قسەیە بە تەواوی رەد دەکەمەوە و ڕێفرێنسیش دەدەم بە کتێبەکەی پەرویز سابیتی کە لەوێدا عیرفان فەرد هەر ئەو سوئالەی لێ دەکا لە ئاغای سابتی ئەویش زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێ نا هیچ هاوکارییەکی لەگەڵ ئێمە نەکردووە.

قازی: زۆر باشە، دیارە بەرێزت ڕۆماننووسیشی و هەر وەها سەبارەت بە مەسەلەی ژنانیش لەگەڵ هاوسەرت بەڕێز ژیلا کە ئەویش چالاکی بواری ژنانە کتێبتان نووسیوە. کاتەکەمان لێرە دا تەواو دەبێ. ئەمن داوا لە بینەران دەکەم  کتێبەکە یان بە کوردیی سۆرانی یان بە فارسی کە بەخۆشییەوە بە هەر دووک زمان لە گوتنبێرگ لە سوێد بڵاو بووەتەوە پەیدا بکەن. ئەگەر بکرێ هاوکارانم ئادرێسی وەشانخانەکەش لە سەر ئەکران بنووسن . هیوا دارم ئەو کتێبانە وەدەست بێنن و بیانخوێننەوە. و بە خوێندنەوەی ئێمە سپاسی نووسەر دەکەین بۆ بەشداری لەم بەرنامەیە دا. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
ISBN- 978-91-85995-22-6
BOKARTHUS
Plantegatan 13
41305 Goteberg
Sweden
Tel&Fax: +46 (0) 31-152277

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لە  یەکشەمە  ٢٦-ی مەی ٢٠١٣  بۆ بەرنامەی ڕاوێژ بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە، دەکرێ ڤیدێئۆی بەرنامەکە بەم ناونیشانە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا تەماشا بکەن.












Tuesday, November 28, 2017

بۆچوونی حکوومەتی بریتانیا لە سەر ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان


 بۆچوونی حکوومەتی بریتانیا لە سەر ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

شاهیدی دانی زارەکی  وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، بوریس جانسن  لە دانیشتنی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی بریتانیا لە پارڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)، چوارشەمە ١-ی نۆڤامبری ٢٠١٧
 
سەرۆک ( کۆنسێرڤاتیڤ) بمبوورە. کاتمان زۆر نەماوە. فەرموو ئاغای سمیت    


                                                    
رٶیستۆن سمیت: (کۆنسێرڤاتیڤ): وەزیری دەرەوە، ئەمن هێندێک دەچمە پێشەوە، تەنانەت ئەگەرهێند دوور نەبێ  لەڕووی جوگرافیاییەوە  ئەو ڕووداوانەی دوایی لە کوردستان بە  تایبەتی لە ماوەی کۆتایی حەوتوو دا، جێی نیگەرانین. ئەو  ڕێفراندۆمەی وا لە مانگی سێپتامبر دا کرا بە لای کوردەکانەوەزۆر خۆشەویست بوو، بەڵام ڕەنگە ئێمە قۆڵی لێ هەڵکێشین بڵێین بە وەختی خۆی نەبوو و تەنانەت دەکرێ بە دنەدانێکی  تێکدەرانەش سەیر بکرێ. ئەمن دەزانم کە ئەتۆ لە دوایی حەوتوو  دا پێوەندیت گرت لەگەڵ عێڕاقییەکان و کوردەکان بۆ حەولی ئەوەی پێداگرییان لەگەڵ بکەی ددان بە خۆیاندا بگرن و گرژی خاو کەنەوە. ئەتۆ لە ١٧-ی ئۆکتۆبر لە دانیشتنی هۆڵی پارڵمان ئاماژەت کرد بە کوردستان . ئایا لەگەڵ ئەوە ڕێکی کوردەکان دەبێ دەوڵەتێکی لەمەڕ خۆیان هەبێ؟

بۆریس جانسن( وەزیری کاروباری دەرەوە و هاو بەرژەوەندییەکان): پرسیارەکەی تۆ بە گردبڕی دروستە، بەو مانایە کە ئێمە هیوابڕاو بووین لەو ڕاستییەی کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێفراندۆم کرا. ئێمە حەولمان دا ڕایبگرین و نەکرێ و لۆبیمان کرد بە دژی.                                                                                
سەرۆک: ئێوە یەکەم جار کەنگێ بیستتان کە ڕێفراندۆم دەکرێ؟
بوریس جانسن: داوای لێ بوردن دەکەم ناتوانم تاریخێکی ووردت پێ بدەم.
سەرۆک: باشە ، ئێوە کەنگێ بۆ یەکەم جار حەولتان دا لەگەڵ کاربەدەستانی کورد بۆ ئەوەی ڕێفراندۆمەکە نەکرێ؟
بوریس جانسن: ئەمن زۆر داوای لێ بوردن دەکەم، ئاغای تونگندات، بە داخەوە ناتوانم پێت بڵێم بە ووردی کەنگێ دەستمان پێ کرد. لە بیرمە ئاغای فالۆن [ وەزیری پێشووی بەرگری، وەرگێڕ] چووە ئەوێ و ئەمن وەبیرم دێ چەندین جار تەلەفۆنم کرد بۆ ئاغای مەسعوود بارزانی . ئەمن دەزانم ئاغای زەهاوی [ یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارڵمانی بریتانیا] بۆخۆی چەندین ناوبژیوانی کرد و قسەی تێدا کرد.
سەرۆک: ئەوە بەر لە پشووی هاوینی پارڵمان بوو یان دوای ئەو پشوویە؟
بوریس جانسن: بە داخەوە، وەبیرم نایە

یای کارەن پیرس: ( بەڕێوەبەری سیاسی، لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە و هاوبەرژەوەندییەکان):  بە دلنیاییەوە لەماوەی هاوینێ دا بوو.
بوریس جانسن:   ئەمن ناتوانم بڵێم بە ووردی کەنگێ بۆ جاری یەکەم دەستمان کرد بە هەڵسەنگاندنی ڕێفراندۆمی کوردی، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆر چالاک بووین بۆ ئەوەی حەول بدەین نەیەڵین بکرێ. ئەگەر بۆم هەبێ تەنێ ووڵامەکەم بۆ پرسیاری ئاغای سمیت تەواو بکەم. بەڵێ ڕێفراندۆم کرا، ئەگەر تۆ لێم پرسی داخودا ئەمن کوردستانێکی سەربەخۆم بە مێشکی دادێ، پێم وایە ووڵامەکەم نایە. ئەمن دڵسووتاوێکی گەورەی گەلی کورد و ئاواتەکانیانم و ئەوەی ئەوان وەدستی دەهێنن. کاتێک ئەتۆ دەچییە هەولێر ئەوێ زۆر خۆشە.  وە هیچکام  لە شوێنەکانی دەر و دراوسێی ناچێ یان دەکرێ زۆر لە وان جیاواز بێ. دەکرێ دێمۆکڕاتیک بێ، لیبێراڵ و پلورالیست بێ. ئەوە جێی واق ووڕمانە. ئەمن چاوی ڕێزەوە لە ئان کلۆید دەڕوانم [ئەندامێکی لە مێژینەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی هاوس ئاف کامنس و دۆستێکی لەمێژینەی گەلی کورد. وەرگێڕ] بۆ گشت ئەو شتانەی بە ماوەی ساڵان بۆ کوردەکانی کردووە. کورد بە نەغدەن نەتەوەیەکە، بەڵام یەکەیەکی سیاسی جێی تێڕامانە کە خەریکە دروست دەبێ. داخودا بە ووردی پێوەندیی نێوان یەکەی سیاسی کورد و قەوارەی فێدێراڵی عێڕاق چییە؟ پرسیار ئەوەیە. دیتنی ئێمە ئەوەیە، لە بەر چەندین هۆی جۆر بە جۆر، زۆر باشترە کارێکی ئەوتۆ بکرێ عێڕاق بەیەکەوە ڕابگیرێ. ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە بە دۆستە کوردەکانمان و بە بەغدای دەڵێین. شتی گرینگ ئێستا بۆ ئاغای عەبادی و ئاغای نیچیروان بارزانی ئەوەیە کە وتووێژ بکەن.
 مایک گیپس ( کرێکار): ئایا ئەوە ڕاست نییە کە پرێزیدێنت بارزانی لە مانگی ژووەن بە گرد بڕی و بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە لە مانگی سێپتامبر دا ڕێفراندۆمیان دەبێ؟  ئەمن زۆرم پێ خۆشە بزانم ئێمە لە مانگی ژوەن یان ژووییە دا هیچمان کرد لەو بارەیەوە. چونکە ئەو جۆرەی من بزانم – ڕەنگە ئەمن هەڵە بم – ئێمە لە ڕاستیدا تا مانگی سێپتامبر ئەومەسەلەیەمان بە جیدی وەر نەگرت ، کاتێک کە لە ٢٣ یان ٢٤-ی سێپتامبر دا ئەو ڕێفراندۆمە کرا. [ڕێفراندۆم لە ٢٥-ی سێپتامبر بەڕێوە چوو، وەرگێڕ ]
بوریس جانسن: ئەمن دڵنیام ، ئاغای گیپس، ئەتۆ فڕانک بەیکر دەناسی.
مایک گیپس( کرێکار) ئەمن باسی سەفیری بریتانیا لە عێڕاق  ناکەم. ئەمن باسی ئەو مژارە لە ئاستی وەزیرەکاندا دەکەم. لە  ڕاستییدا کەنگێ ئێمە ئەو مەسەلەیەمان بە جیدی وەرگرت.           
بوریس جانسن: ئەمن دەتوانم پێت بڵێم ئێمە ئەو مەسەلەیەمان زۆر بە جیدی وەرگرت و بە کاتی خۆی بە هێندمان گرت، بەو مانایە بە جیدیمان گرت کە تەواو دەلوا بۆ کوردەکان ، بۆ مەسعوود بارزانی کە دەستی لێ هەڵگرن و نەیکەن.
سەرۆک: بەڵام ئەوە بەر لە پشووی هاوینەی پارڵمان بوو؟
بوریس جانسن : ئەمن بە تەواوی دڵنیام کە حاڵی ‌حازر بە داخەوەم کە ناتوانم تاریخێکی ووردت پێ بڵێم.
سەرۆک:ئەگەر پێت خۆش بێ بە نووسراو لەو بارەیەوە ئاگادارمان کەیەوە باش دەبێ،
رۆیستۆن سمیت: ئەمن دەمەوێ لە سەر ئەم پنکتە ڕاوەستم. پێشمەرگە زۆر یارمەتیدەر بوو بۆ دەرپەڕاندنی داعش کاتێک عێڕاقییەکان کەرکووک و شوێنەکانی  تریان چۆل کرد.ئێمە بە دانی چەک بە پێشمەرگە یارمەتیمان کردن. ئێمە هاوپەیمانین لەگەڵ عێڕاقییەکان، پێشمەرگە و کوردەکان. ئایا ئەتۆ بە دژواری دەبینی حەول بدەی وتووێژ لە نێوان ئەو دوو باڵانە دەست پێ بکا؟ ئەوان زیاتر لە باڵن چونکە هەر چۆنێک بێ لە ناو کوردەکان دا باڵ هەن. ئەو دوانە – عێڕاقییەکان و کوردەکان – بە تایبەتی  سەبارەت بەو سنوورانە و ئەو قسانەی کە زۆری لە سەر گوتراوە . ئایا لێرە دا چ دژوارییەک دەبینی؟ مرۆڤ دەبێ چۆن ڕێگەیەک دەرکا؟
بوریس جانسن: ئەمن بە تەواوی تێدەگەم کە ئەتۆ مەبەستت چییە. ئێمە دۆستایەتییەکی لەمێژینەمان لەگەڵ کوردەکان هەیە. ئەمن ڕێز دەگرم لەوشتانەی ئەوان کردیان لە شەڕ بە دژی داعش دا؛ ئەمن بە چاوی خۆم ئەوەم دی. ئێمە قەرزێکی گەورەی پێشمەرگەمان لە سەر شانە بۆ ئەو ئازایەتی و فیداکارییەی لە خۆیانەوە نیشان دا. ئەوەی ئەوان دەیکەن بۆ هەموومانی دەکەن. هەر بۆیە ئێمە بە شێوەی غەریزی پشتیوانی لە کوردەکان و ئاواتەکانیان دەکەین – دەبێ بڵێم ، مەبەستم حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی ئێمە نیگەران دەکا ئەوەیە بێتوو کوردستانێکی سەربەخۆ بگاتە لەبەریەک هەڵوەشانی عێڕاق چ دەقەمێ؟ ئێمە لەوە دەترسێین ئەو دەمی کوتێکی سەرەکی سوننی ساز دەبێ کە لە عێڕاقەوە دەگاتەوە ناو سووریا بە ناو سنوورێک دا کە ناناسرێتەوە؛ تووشمان بە تووشی نفووزێکی زۆری ئێرانەوە دەبێ، و ئەوە خەبەرێکی زۆر خراپ دەبێ. ئەوە شتێک دەبێ  کە لە بەرژەوەندی درێژخایەنی سەبات و ئارامی لە هەرێم دا نابێ. زۆر زۆر باشتر دەبێ کە – شتی چاوڕاکیش سەبارەت بە نێچیروان بارزانی ئەوەیە، کە ئەمن زۆر چاکی دەناسم ، کە ئەو لە بۆچوونەکانی داد دەیەوێ هەنگاو بە هەنگاو بچتە پێشێ، ڤیزۆنێکی لە پێناوی ووڵاتەکەی دا هەیە بەڵام ئەو  نایەوێ ئەوە بە شەوێک وەدی بهێنێ. ئەو چاوی لەو ڕێیەیە کە بتوانێ ئەوە  لە درێژایی زەمان دا جێ بە جێ بکا، و نایەوێ دەستبەجێ خۆی لە قەوارەی عێڕاق هەڵپچڕێ.ئەمن لەو باوەرەدام ئەوە ئەم شتەیە کە ئێمە دەبێ تەشویقی کەین چونکە زەرەر و زیانەکان زۆر زۆرن. نێچیروان بارزانی لە حاڵی حازر دا لە بەغدا باشترین شەریکی مومکینی کە دەکرێ هەیبێ ئاغای عەبادی یە. ئەمن هەتا بڵێی ڕێز وحورمەتم هەیە بۆ ئاغای عەبادی. ئەمن پێم وایە ئەوان دەتوانن بەیەکەوە کار بکەن بۆ جێ بەجێ کردنی کێشەکان و ئەوە ئەو شتەیە کە بریتانیا تەشویق دەکا بیکەن.
یان ئاوستین ( کرێکار): ئەمن دەزانم کە بریتانیا چەندەی سەرمایە داناوە بۆ سازکرنی عێڕاقێکی بەهێز و یەکگرتوو، و ئەمن لەوە تێدەگەم ـ بۆچی ئەتۆ دەتەوێ پشتیوانی لە عەبادی بکەی ، لە ترسی شتێکی خراپتر،  بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن ئەوەیە – کە وا وێدەچێ وا بێ – لە نێوان عێڕاقێکی بەهێز و یەکگرتوو کە وەک بووکە پەڕۆیەکی ئێران هەڵسوکەوت  بکا، کە وێدەچێ ئەوە ڕووبدا ، و کوردستانێکی  زۆرسەربەخۆتر، زۆرئۆتۆنۆمتری لایەنگری ڕۆژئاوا کە وەکوو  هێزێکی بەرانبەر هەڵسوکەوت بکا لە ئاست نفووزی ئێرانییەکان لە هەرێم دا، ئایا لە ڕووی  ئەخلاقی و ستراتێژییەوە ئەوە  سیاسەتێکی مەعقووڵ نییە کە لەوەی دوایی پشتیوانی بکرێ؟
بوریس جانسن: هێندێک خەڵک هەن کە ئەو بۆچوونەی تۆیان هەیە ئاغای ئاوستین. بە ڕوونی ڕاوێژکارانی مەسعوود بارزانی بۆچوونیان ئەوە بووە کە تۆ گوتت. ئەوان پێیان وا بوو بەو شێوەیە دەتوانن بیکەن.  ئەمن دەمەوێ بە گردبڕی و بە ڕاشکاوی بڵێم ئەمن ئەوەی کە لە کوردستان ڕادەبرێ سەرنجم یەکجار زۆر ڕادەکێشی و ئەو دەرەتانانەی کە ئەو ووڵاتە هەیەتی. بە لە بەرچاو گرتنی تەبیعەتی دژواری هەرێم لە ئاستێکی هەراوتر دا کوردستان دەتوانێ سەرمەشقێک بێ، نوورێکی هیوا بێ و شوێنێکی ئەوپەڕی سروشتی بێ. لە حاڵی حازردا ئێمە پێمان وایە مەترسی دامەزراندنی سەربەخۆیی دەستبەجێ، زۆر بەرچاو دەبێ بە سەرنجدان بۆ سەر گوشاری ئێران و بێ سەباتی و نائارامی گشتیی عێڕاق.
سەرۆک: وا دیارە ئەتۆ بیروڕای وەزیری موستەعمەراتی ساڵی  ١٩٢٠ دەڵێیەوە.
بوریس جانسن:  ئەمن پێم وایە ئەوە وەزیری موستەعمەرات بوو لە ساڵی ١٩٢٠  کە سێ ویلایەتی موسڵ ، بەغدا و بەسرەی وە سەر یەک خست- ئێمە گشتمان ئاکامی مێژوویی ئەوە دەزانین. حەیف ، ئەمن پێم وایە تێک دانی ئەوە ئێستا دەتوانێ ئاکامی بێ سەباتی جیدی لێ بکەوێتەوە. ئەگەر بکرێ ئەوە بڵێم، کاتێک دۆستە کوردەکانمان  دەڵێن کە ئەوان لە ژێر هەڕەشە دان یان ئەڕتەشی عێڕاق هێرشیان دەکاتە سەری، ئێمە لەگەڵیانین بۆ ئەوەی حەول بدەین بە غدا ددان بە جەرگی خۆی دا بگرێ، داوای عەقڵی سەلیم و ئارامی بکەین. لە واقع دا، ئەمن بە پارێزەوە خۆشبینم سەبارەت بە ڕەوتی شتەکان. هەولێر بە هێندێک لە هەڵسوکەوتەکانی بەغدا ترسی ڕێ نیشتووە ، بەڵام شتەکان دەکرێ لەوەش خراپتر بن.
نەدیم زەهاوی (کۆنسێرڤاتیڤ) ویلایەتی مووسڵ – لەگەڵ بەغدا و بەسڕە – لە بنەچە دا عوسمانی بوون. ئەوە گرینگ نییە تۆ ئاماژەت پێ کرد. باش دەبێ کە سەرۆکوەزیر بارزانی – چونکە پرێزیدێنت مەسعوود بارزانی ئەمڕۆ لە سەر کار لاچوو- تەشویق بکرێ بۆ پاراستنی یەکێتیی کوردستان و دوایەدەستپێکردنی وتوێژی جیدی لەگەڵ سەرۆکوەزیر عەبادی،  لەوانە سەبارەت بە هێمنی سەر سنوورەکان، هەڵبەت ، و هەموو  شتەکانی دیکە، بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو کێشە گەورانە یان  ئاڵنگارییانەی کە نەتەوەی کوردی ناهومید کرد و کارێکی وای کرد بەشداری بکا لە ڕێفراندۆمی ٢٥- سێپتامبر دا ئەوانەش بریتین لە ، بەشکردنی دەستەڵات، بەشکردنی داهات، و  جێ بە جێ کردنی مادەی ١٤٠ لە مەڕ کەرکووک و سەرزەوییە جێی ناکۆکییەکان. وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمرێکا تەشویق  دەکا ، دەڵێ ناوچە جێی ناکۆکی لە سەرەکان با هەرئاوا بمێننەوە.  ئایا دەکرێ ئێمە دەورێکی زیاتر بگێڕین لەگەڵ واشنگتن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێخۆشکردن بۆ  چارەسەرییەکی سیاسی ، کە بگاتە پێکهێنانی عێڕاقێکی بەسەبات  و بە ئیروو؟ هێندێک لە هێزە هەرێمییەکان لەوانەیە بیانەوێ ئەوێ دیسان بە بێ سەبات ببینن و بیانەوێ کورد بە دژی کورد، یان کورد بە دژی تورکومان یان سونییەکان، عەڕەبەکان و شیعەکان لەیەک داببڕن.                                
بوریس جانسن: ئەمن بەتەواوی لەگەڵت رێکم کە ئێمە دەتوانین ئەوەبکەین. کاتێک ئێمە لەگەڵ دۆستەکانمان لە هەرێم قسە دەکەین  ئەوان دەڵێن، " تکایە کۆبوونەوەیەکی لووتکە بانگ بکەن، گشت لایەک بهێننە دەوری مێز، با سەر بخەنە سەری یەکتر" با بزانین چ دەکەین. ئەوەی ئێمە  لە حاڵی حازر دا دەیلێین ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێ خۆیان بدوێن. دوا جار، ئەوان دەبێ کێشەکانیان جێ بە جێ کەن. ئەوە ماوەتەوە بۆ هەوڵیر و بەغدا کە سەودایەک بکەن . ئەوان زۆر لە مێژە چ سەودایەکیان نەکردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە بیکەن.
تێبینی نووسراوی شاهید وەزیری کاروباری دەرەوە: کۆمیتە هەر وەها پێی خۆشە زیاتر لە سەر رێفراندۆمی کوردی بزانێ بە تایبەتی، ئەوەی کە ئێمە لە ئاستی وەزیران دا چمان کردووە و کەنگێ من و وەزیرانی هاوکارم بۆچوونی خۆمان لەگەڵ ڕێبەرانی کورد هێناوەتە گۆڕێ. ئێمە زۆر جار ئەوەمان کردووە دوای ئەوەی کە یەکمجار حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لە مانگی ئاوریل ڕایگەیاند  پێوەیە لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێفراندۆم بکا بۆ سەربەخۆیی. وەزیری ئەو دەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  تۆبیاس ئێلوود جەختی کردەوە لە سەر ڕێز و حورمەتی بریتانیا  بۆ سەروەری ، یەکپارچەیی خاک و یەکێتی عێڕاق لە دیداری دا لەگەڵ رێبەرانی کورد کاتێک ئەو لە ١١-١٢ ی ئاوریل سەردانی عێڕاقی کرد. بەر لە دەورەی فیترەتی  بەر لە هەڵبژاردن، کار بەدەستان بەردەوام بوون بۆ ئاگادار کردنی ڕێبەرانی کورد  لە سەر بەرعۆدەیی خۆیان لە ئاست عێڕاقێکی یەکگرتوو بە هەرێمێکی کوردستانی بەهێزەوە وەک بەشێکی جیانەکراوە لێی.  لە ٧-ی ژووەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە ٢٥ –ی سێپتامبر ڕێفراندۆم بەڕێوە دەبا. دوای کۆتایی فیترەت، کاربەدەستانی وەزارەتی کاروباری دەرەوە و هاو بەرژەوەندییان ئەمنیان ئاگادار کرد لە مەبەستی کوردەکان و ئەمن لە ١٢-ی مانگی ژووەن داخویانییەکی گشتیم بڵاو کردەوە و لەو داخویانییە دا هەڵوێستی بریتانیام  دیاریی کرد. بەر لە ئەنجامدرانی ڕێفراندۆم ، ئەمن قسەم لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی عێڕاق ئەل – جەعفەری کرد، بە دوای ئەوەش دا وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئالیستر بێرت ، لە ماوەی سەردانی خۆی دا بۆچوونەکانی ئێمەی هێنا گۆڕێ.ئالستر بێرت  لە ماوەی سەردانی خۆیدا لە عێڕاق لە ١٦ – ١٧ ی ژووییە ، بۆچوونی ئێمەی لەگەڵ پرێزیدێنتی کورد بارزانی و سەرۆکوەزیری عێڕاق عەبادی هێنا گۆڕێ. لە دیدارێکی دووەم  لە ٣-٤ ی سێپتامبر دا ئەو بۆچونەکانی ئێمەی لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی کورد ئەل جەعفەری[!]  و سەرۆکوەزیری عێڕاق عەبادی دیسان هێنایەوە گۆڕێ. ئەمنیش لە مانگی سێپتامبر دا لەگەڵ پرێزیدێنتی کورد بارزانی دیسان بۆچوونەکانی خۆمانم باس کرد


وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی