Saturday, November 25, 2017

ئاواتی کوردان و بەرژەوەندییەکانی بریتانیا

  
سێشەمە ٢١-ی نۆڤامبری ٢٠١٧

لێکۆڵینەوەی کۆمیتەی کارو باری دەرەوەی پارڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)
 سەبارەت بە  ئاواتی کوردان و  بەرژەوەندییەکانی بریتانیا

ئەم کۆمیتەیە  لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە و ووڵاتە هاوبەرژەوەندییەکانی دەوێ  بە ووردی زانیاریی بدا کە بریتانیا پشتگیری لە کامە گرووپە کوردەکان کردووە لە شەر دا بۆ تێکشکاندنی داعش و بۆچی ئەو پشتیوانییەی کردووە ، و چ جۆرە پشتیوانییەکی کردووە ، و ئەو پشتیوانییە بە چ شێوەیەک کاردانەوەی  دەبێ لە سەر هەلومەرج لە سەر ئەرزی واقع دا.
لە دوای نیوەڕۆی سێشەمە ٢١-ی نۆڤامبر کۆمیتە لە دوو دانیشتن دا گوێی لە شاهیدی دانی ئەو شاهیدانە گرت کە بەنووسراو کۆمیتەیان ئاگادار کرد بوو لە شاییدی دانی خۆیان و بەش کردنی پسپۆڕایەتییان. ئاخر ڕۆژی مەیل ڕاگەیاندن بۆ شاییدی دان بە کۆمیتە ٢٠ –ی نۆڤامبری ٢٠١٧ بوو،
 ئەندامانی کۆمیتە لە ١١ کەسی ئەندامی پارتییەکانی ئەندامی  پارڵمان (هاوس ئاف کامنس) پێک دێ و ئەمەش ناویانە:

تام تاگندات                         سەرۆکی کۆمیتە  پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ
 یان ئاوستین                       پارتیی کرێکار
کریس بریانت                       پارتیی  کرێکار
 ئان کلوید                           پارتیی  کرێکار
مایک گەیپس                       پارتیی  کرێکار
ستێڤن گێتینس                    پارتیی نەتەوەیی سکاتلەند
نوسرەت غەنی                    پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ
 یان  موڕەی                       پارتیی کرێکار
ئاندروو ڕۆسیندێل                 پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ
 ڕۆیستۆن سمیت                پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ
نەدیم  زەهاوی                   پارتیی  کۆنسێرڤاتیڤ


شاهیدی دەرەکان
دانیشتنی یەکەم
دوکتور نەزەند بەگیخانی ، ئەندامی ئەڕشەدی لێکۆلەرەوە ، زانکۆی بریستۆل، و پارێزەری مافی ژنان
پڕۆفێسۆر محەمەد ئێحسان ، ئەندامی ئەڕشەدی لێکۆلەرەوە ، زانکۆی کینگز کالێج لەندەن، و وەزیرێکی پێشوو لە حکوومەتی هەرێمیی کوردستان دا

دانیشتنی دووەم
دوکتور زەینەپ کایا، ئەندامی لێکۆلەرەوە، لە مەدرەسەی ئابووری و زانستی سیاسی لەندەن
 گونەی ییڵدز ، لێکۆلەرەوەی میوان ، لە پێوەندییە دەرەوەییەکانی ئەنجومەنی ئوڕووپا

لێپێچانەوە لە شاهیدان
شاهیدەکان : دوکتور زەینەپ کایا و گونەی ییڵدز



 سەرۆک: دوکتور کایا و ئاغای ییڵدز ، گەلێک سپاستان دەکەم بۆ هاتنتان. دەکرێ یەکسەر دەست پێ بکەین؟ رۆیستۆن فەرموو پێت خۆش بوو پرسیار بکەی.


رۆیستۆن سمیت (کۆنسێرڤاتیڤ) : زۆر سپاس بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هاتوونە لامان.  ئەوە زۆرمان یارمەتی پێ دەکا کە لە هەڵوێستی هەمووان باش تێبگەین. گەلۆ بە بۆچوونی ئێوە کێشەیەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان ئاواتەکانی کوردی و  سەروەریی نەتەوەیی دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟


دوکتور زەینەپ کایا:  بەڵێ، بەستراوەتەوە بەوەی کە چاو لە کامە دەوڵەت دەکەی. دیاریکردنی چارەنووسی خۆ و داوخوازی بۆ جیابوونەوە، و سەروەری دەوڵەت ، دوو  پرێنسیپن  کە هەمیشە کێشەیان بەیەکەوە بووە. ئاواتەکانی کوردی ، لە هێندێک بوار دا و لە هێندێک سەروبەندی مێژووییدا ، ئاڵنگارییەک بووە بۆ سەروەری ئەو دەوڵەتانە. یەک لە نموونەکان دەتوانێ ئەوەبێ کە پ.ک.ک لە ساڵە بەراییەکانی هەبوونی خۆیدا سەربەخۆیی دەویست و دەیویست لە تورکیا جوێ بێتەوە ، بەڵام دوایە ئەوان ئەو ئامانجەیان گۆڕی و ئێستا ئامانجیان  وەدەستخستنی مافی زیاتری کورد و دێمۆکرات کردنی زیاتر لە چوارچێوەی سنوورەکانی تورکیا دایە. جا بەڵێ لە ساڵە بەراییەکاندا، داوخوازەکانیان هەڕەشەیەک بوو لە سەر سەروەری تورکیا.
ئەمن پێم وایە ئێمە باسی دوو جۆرە هەڕەشە دەکەین . یەک لە هەڕەشەکان ئەوەیە کە داوخوازیی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆ  لەوانەیە کارتێکەری هەبێ لە سەر سنوورەکانی دەوڵەت ، و ئەویدیکەش ئەوەیە کە ئەوە دەکرێ کارتێکەریی هەبێ لە سەر سەروەری قەوارە ناوخۆییەکان ، کە دەستەڵات لە حکوومەتی ناوەندی بستێندرێ و نا مەرکەزی بکرێ لە هەرێمی ئەوتۆی کە کوردەکان  تێیاندا ئامانجیان ئەوەیە دەستەڵاتی زیاتری ئیداریی و سیاسی وەدەست بهێنن.
  بۆ نموونە، لە پێڤاژۆی هەرە دوایی لە تورکیا، ئامانجی پ.ک.ک لەمەڕ کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک نایەوێ گٶڕانێک بکا لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کە کوردەکانی تێدا دەژین ، بەڵکوو داوای لە ناوەند کردنەوەی زیاتر و دەستەڵاتی زیاتری ئیداری دەکا  بۆ ئەو ناوچانە، نەک هەر بۆ کوردەکان بەڵکوو بۆ هەرێمەکانی دیکەش. بەو مانایە،  ئەو جۆرە داوخوازە کارتێکەری دەبێ لە سەر دەستەڵاتی سەروەری دەوڵەتێکدا لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا. عێڕاق،  تورکیا ، و سووریا لە ڕابردوو دا و ئێران وەکوو دەوڵەتگەلی ناوەندگر ئەوەیان پێ خۆش نییە.

 سەرۆک: سنوورەکانی ناوچە کوردەکان چنە، ئەو جۆرەی کە ئێوە دەیانبینن؟

دوکتور کایا: بەڕاستی ئەوە پرسیارێکی باشە. ئەمن پێم وا نییە کە سنوورەکانی کوردستان ڕوون و ئاشکرا بن. ئەوێ سەر زەوییەکە کە لە دەقە مێژووییەکاندا ئاوا ناسیندراوە کە بە شێوەی سەرەکی بە دەوری زنجیرە چیای زاگڕۆسەوە بێ. ئەوە ناوچەیەکی پچووک بوو لە ئێران. بەڵام ناساندنی ڕەسمی یانی ناسیۆنالیستی کوردستان بەردەوام و بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە گەشەی سەندووە. ئەگەر ئێوە ئاوا لە من پرسیار بکەن کە کە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوێ دەژین،  ئەمن ووڵام دەدەمەوە کە ژمارەی هەرە بەرزی حەشیمەتی کورد ، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، باکووری عێڕاق، باکووری ڕۆژهەڵات و هێندێک بەش لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، و کوردستانی ڕۆژئاوا [ مەبەستی ڕۆژهەڵاتە، وەرگێڕ] دەژین. بەڵام کوردەکان لە هەموو بەشەکانی ئەو ووڵاتانەش دا دەژین؛ بۆ نموونە ، ئەستەنبووڵ حەشیمەتێکی زۆر گەورەی کوردی هەیە.


یای غەنی (کۆنسێرڤاتیڤ): ئێمە باسی ئەوەمان کرد کوردەکان لە کوێ دەژین، بەڵام ژمارەی حەشیمەتیان چەندە؟

دوکتور کایا: دیسان، لەو ووڵاتانە هیچ ئامارێک بە دەستەوە نییە لە سەر بنەمای زمانی، ئێتنیکی یان ناسێنەی کولتووری، جگە لە هەرێمی کوردستان لە عێڕاق نەبێ. تەخمینەکان جیاوازن، ئەمن دەڵێم بە حەدسی ناونجی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٣٠ میلیۆن کەسن. ژمارەی هەرە بەرز لە تورکیا یە، و ئەمن پێم وایە ڕادەی هەرە بەرزی دووەم لە کوردستانی عێڕاق و لە عێڕاق ن.
[ دنیا و عالەم هەموو دەزانێ کە ژمارەی کورد لە کوردستانی ئێران و لە ئێران لە کوردستانی عێڕاق و لە عێڕاق زیاترە.  ئیدی دوکتور کایا بۆ ئەوە نازانێ مەگەر هەر خودا خۆی بیزانێ. وەرگێڕ].

گونەی ییڵدز: زۆر لە پسپۆڕان ژمارەی کوردان بە لە نێوان ٢٥ میلیۆن تا ٤٠ میلیۆن دادەنێن – بە تەخمینێکی زۆر گشتی – بەڵام ئەمن پێم وایە ئێمە دەتوانین  وای دانێیین  بە لانی کەمەوە ٣٠ میلیۆن کورد لە هەرێم دا دەژین.

یای غەنی ( کۆسێرڤاتیڤ):  ئێمە لە دانیشتنی پێشوو دا باسی ئەوەمان کرد کە یەکێک لەو شتانەی گشت کوردەکان لێک گرێ دەدا ناسێنەی هاوبەشی کولتوورییانە، بەڵام ئێمە باسی ئەو خەڵکە دەکەین کە لە جێ و واری خۆیان هەڵکەندراون و لە نێوانان سنووران دا دەژین. ئەو جیاوازییانەی کە هەن چن ؟  ئەگەر ئەتۆ خێزانێکی کوردی خەڵکی هەرێمێک ببینی کە رووبەڕووی خیزانێکی دیکەی کورد بێ کە خەڵکی هەرێمێکی دیکەیە، ئەمن کەمێک لەوە نیگەرانم وای دابنێین ئەوان سەد لە سەد لە سەر هەمووشتێک ڕێک بن – دیارە ڕێک نین. ئایا دەکرێ پێمان بڵێی کە جیاوازییەکانی نێوانیان دەکرێ چ بن؟ ئەوە یارمەتی بە ئێمە دەکا لەوە تێبگەین کە ئاواتەکانیشیان چەندە جیاوازن.

دوکتور کایا: دابەشبوونی فەرهەنگی هەن.جیاوازی زمانی، دینی و کولتووری ناوچەیی هەن، تەنانەت لە نێوان دەوڵەت نەتەوەکانیشدا کە وا دادەندرێ ناسێنەیەکی یەکگرتوویان هەبێ. بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ناو کوردەکاندا پراکتیکی کولتووری جیاوازی ناوچەیی هەیە. لە ڕووی زمانییەوە ، ئەوان چەندین دیالێکتیان هەیە؛ ئەوان هەر وەها لە ناو دیالێکتە ناوچەیەکانیشدا دابەشبوونیان هەیە. لە ڕووی کولتوورییەوە ، کوردەکان خۆیان دەبەستنەوە بە ئیدەی ناسێنەی کوردییەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی لە دەوڵەتانی جیاواز دا ژیاون بە کولتووری جیاوازی سیاسی، نەتەوەیی و دامەزراوەیی جیاوازەوە،ئەوان لە هەر ووڵاتێک دا ناسێنەی جیاوازی سیاسی و کولتووریان وەخۆ کردووە. گەنگەشەیەکی زۆر هەیە سەبارەت بە کولتوور و زمان، بەڵام ئەمن پێم وا نییە فرە چەشنی  ناسێنە کولتووری و زمانییەکان قۆرتێک بێ لە سەر ڕێگای ساز کردنی شتێکی یەکگرتوو، چونکوو هیچ نەتەوەیەک لە مێژوو دا هەمیشە ناسێنەیەکی یەکگرتووی نەبووە؛ تەنانەت ئەو دەوڵەتانەش کە خاوەنی ناسێنەی نەتەوەیین پراکتیکی فرەچەشنی کولتووریان هەیە.
ئەوەی کە بە شێوەی سەرەکی کوردەکان لە یەکتری دادەبڕێ جیاوازی و دابڕانی سیاسییە لە نێوانیاندا ، کە ئەوەش مێژوویەکی درێژی هەیە. کاتێک باسی ئەوە دەکرێ کە کوردەکان دابڕ دابرن ئەو فکرە دێنێتە پێشێ کە لەوانەیە لە نوختەیەک لە مێژووی ڕابردوو دا یەک بووبن و ئێستا بە دەست دەوڵەتی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەیەکتری دابڕاون و جوێ کراونەتەوە. ئەوان قەت نەتەوەیەکی یەکگرتوو نەبوون -  ئەوان قەت  دەوڵەتێکی لەمەر خۆیان نەبووە
[ وا دیارە دوکتور کایا باسی کوردستانی سوور، شانشینی مەلیک مەحموود و جمهووری کوردستان لە مەهاباد ی نەبیستووە، وەرگێڕ ] بەڵام هەستێکی ناسێنە یان هەبووە لە ڕووی مێژووییەوە و ئێمە ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین.  دابەشبوونی سیاسی ئێستا لە نێوان ڕێکخستنە سیاسییە فرەچەشنەکاندایە  کە بە دەوری ئامانجی تایبەتییەوە  کۆبوونەتەوە بە ستڕاتێژی و ئیدێئۆلۆژی جیاوازەوە ، لە تورکیا، عێڕاق، و سووریا و ئێران.


گونەی ییڵدز: لە ڕووی سیاسییەوە. سیاسەتی دەرەوەیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەرێم لە ڕووی نەریتییەوە ئەوە بووە کە کوردەکانیان بە بن کاتەگۆرییەک داناوە لە هەر کام لەو وڵاتانەیدا کە تێیدا دەژین: سیاسەتێکی دەرەوەیی هەبووە لە ئاست تورکیا، سووریا، عێڕاق یا ئێران، و پرس و مەسەلەی کوردی تەنێ بن کاتەگۆری و فەرعێک بوون لەوە. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو دا، ئەو شیکردنەوە و بۆچوونە بایەخی خۆی لە کیس داوە. ئێستا ئێمە دەبێ چاو لەو موتوربە بوونی نێوان بزووتنەوە جیاوازە کوردەکان بکەن لە دەرەوەی سنوورەکانیان. تەنێ بەم شێوەیەیە ئێمە دەتوانین بو نموونە هەستانەوەی کوردەکان لە سووریا شی بکەینەوە ، و ئەوەی کە ئەوان چۆن پشتیوانیان بۆ دێ لە کوردەکانی تورکیا، کوردەکانی ئێران، کوردەکانی عێڕاق ، کە بە فەردی دێن و شانبەشانی ئەوان شەڕ دەکەن.
پێشتر، بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان سەریان بە سیاسەتەکانی شاری پێتخەتی ئەو وڵاتەوەی کە تێیدا دەژیان خەریک بوو. بۆ نموونە، پارتیی کوردیی تورکیا بیری لە ئانکارا بوو تا ئەوەی لە غەمی هەولێر یان لە کوردەکان دا بێ لە سووریا. بەڵام ئێستا هەتا دێ زیاتر  کوردەکانی هەر کام لەو وڵاتانە چاویان لە یەکترییە بۆ پشتیوانی لێ کران و بەرز بوونەوەی وورە و مەعنەوییاتیان.
بەڵام لە هەمان کاتدا دا دابڕان و جودایی گەورەش هەیە. قسەکەی ئێوە ڕاستە  کاتێک ئێمە باسی کوردەکان دەکەین لە ڕاستییدا  ئێمە مەبەستمان لە گرووپێکی یەکگرتوو نییە، ئەمن دەتوانم بڵێم جودایی و دابڕانی سەرەکی لە نێوان کوردەکانی تورکیا و سووریا لە لایەک و کوردەکانی عێڕاقی دایە لە لایەکی ترەوە.
بە گشتی دوو بزووتنەوەی سەرەکی بە سەر شانۆی سیاسی هەرێمە کوردەکاندا زاڵن، کە ئەوانەش بریتین لە بزووتنەوی لایەنگری بارزانی و بزووتنەوەی لایەنگری ئوێجاڵان. ئەمن پێم وایە لەوانەیە دەرفەتی ئەوەمان هەبێ دواتر بە وردەڕیشاڵ باسیان لێوە بکەین.



ئان کلوید ( کرێکار): دوکتور کایا  ئەتۆ پسپۆرێکی  لەمەڕ پرسی جێندر. ئایا دەکرێ تابڵۆیەکی گشتیمان بۆ بکێشییەوە سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە کوردستانی عێڕاق. چەندین ساڵ لەمەو بەر. کاتێک ئەمن لەوێ ویستم چاو لە زیندانەکان بکەم، چوومە سەردانی زیندانی ژنان و لەوێ پێیان گوتم ئەو ژنانەی لە زیندان دا بوون زینایان کرد بوو. کاتێک پرسیارم کرد ئەی چ بە سەر ئەو پیاوانە هاتووە کە زینایان لەگەڵ کردوون ، چ وڵامێکیان نەدامەوە. داخودا هێشتا بارودۆخ هەر ئاوایە؟
پرسیاری دووهەم، لە مەڕ خەتەنە کردنی کچانە. لە کوردستانی عێڕاق چەند ناوچەی ئەوتۆ هەبوون لەوێ کچان خەتەنە دەکران، ، ئایا دەکرێ بۆمان باس بکەی ئێستا وەزع لەو بارەیەوە چۆنە.

دوکتور کایا: ئەمن لە چەند ساڵی ڕابردوو دا  سەبارەت بە بارودۆخ و مافی ژنان لە کوردستانی عێڕاق کارم کردووە.  سەری هەرێمم داوە  و لەگەڵ چەندین ڕێکخراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی قسەم کردووە. بارودۆخی ژنان، لە سەر کاغەز، و لە ڕووی قانوونییەوە لە هەرێمی کوردستان باشترە لە بارودۆخی ژنان لە بەشەکانی دیکەی عێڕاق. سیستمی قەزایی عێڕاق بە دژی ژنان دووچاوکی تێیدایە لە چاو سیستمی قانوونی لە هەرێمی کوردستان. ئەوە بەشێوەی سەرەکی  لە بەر ئەو  گۆڕانە قانوونییانەیە کە لە کۆتاییەکانی ١٩٩٠ ، و سەرەتای ٢٠٠٠ کاندا وەڕێ خرا، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕەسمی بوو بە ئۆتۆنۆم. ئەوە تا ڕادەیەک شوێنی داناوە لە سەر ئەزموونی ژنان لە مەڕ مافەکانیان لە سەر ئەرزی واقع، بەڵام  مخابن ، گۆڕانێکی هێندە زۆر نەکراوە.
ئەگەر مرۆڤ لە گەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان قسە بکا ئەوان دەڵێن ئەو پرس و گیروگرفتانەی کە لە کوردستان ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە بەردەوامن: توند و تیژی لە سەر بنەمای نامووس، خەتەنەی کچان، و پڕاکتیکی دووچاوکی لەگەڵ کردن لە قانوونی سزا دا بە دژی ژنان، وەک ئەو نموونەیەی کە ئەتۆ ئێستا ئاماژەت پێ کرد یان فرە ژنی.
هەر وەها کێشەی بەڕێوەبردنی قانوونیش لە گۆڕێ دایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتدارێژان لەوێ، تا ڕادەیەک، دڵپاکانە حەول دەدەن بۆ باشتر کردنی بارودۆخەکە، بەڵام قەوارەی دامەزراوەیی هێندێک کردەوە و پڕاکتیک ئەوەندە خۆیان  دامەزراندووە کە گۆڕینیان دژوارە،و پێشی ئەوە دەگرن گۆڕانە قانوونییەکان دە گیان کەون یان لە سەر ئەرزی واقیع بگۆڕدرێن.
خەتەنە کردنی ژنان، بە تایبەتیی لە ناوچەی دەرەوەی شاران لە گوندان ، بە بەربڵاوی پراکتیزە دەکرێ. تەواو لەو دواییانە دا پێی زاندراوە کە ئەوە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قانوونی خەتەنەکردنی کچانی قەدەغە کردووە تەنێ پێنج شەش ساڵ لەمەوبەر، کە ئەوە لە خۆیدا پێشوەچوونێکی باش بوو.
ئەوە بەو مانایە نییە کە خەتەنە کردنی کچان تەنێ شتێکی تایبەتی هەرێمی کوردستانە. ئەمن پێم وایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەی دیکەش هەن ئەو کردەوەیەیان تێدا دەکرێ، بەڵام ئێمە نازانین. هۆی ئەوەی کە سەرنجێکی ئەوتۆ بەرەوخۆی ڕادەکێشێ ئەوەیە کە ئێمە نەماندەزانی ئەو پڕاکتیکە لە هەرێم دا زۆر بەربڵاو بوو.


مایک گەیپس ( کرێکار): ئەمن دەمەوێ لە سەر ئەو مەسەلەی جودایی و دابڕانی سیاسی بڕۆم. ئاغای  ییڵدز، ئێوە باسی بارزانییەکان و تاڵەبانییەکانتان کرد، ئەمن وەک کەسێک کە هێندێک ئاگام لەو بابەتە هەیە، پێم وایە ئەمن قەت شتێکم نەدیوە لەوەی بچێ کە لە سیاسەتی کوردی دا دەیبینم، و کەسێکم کە مرخم لێیە لە دەستەگەری بزانم،  بە شێوەی سەرەکی لە ناو چەپی توندئاژۆ دا. با وەک چیرۆکێک بیگێرمەوە ئەمن لە سلێمانی چایخانەیەکم دی کە لە ژێرخانێک دا بوو. لەوێ پێشمەرگەی کۆن دانیشتبوون و دۆمینۆیان دەکرد. ئەو چایخانەیە ئی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو لە سەر دیواری وێنەی جەلال تاڵەبانی ڕێبەری یەنەکە ، و وێنەی ڕێبەرێکی کوردیی ئێرانی کە ئەمن ناویم وەبیر نایە و وێنەیەکی ئاغای ئوێجاڵان لە سەر دیوار هەڵئاوەسرابوو. بەڵام هیچ وێنەی ئاغای بارزانی دیار نەبوو ، کە ئەوەش بۆ من گرینگ بوو. هەر وەها ئەمن لە کەمپی پەنابەران لە  کوردستان پەنابەرانی کوردی سووریییەیم دی کە بە تەواوی دژی پەیەدە بوون. پەیەدە دە ناو سووریا دا بوو. دەکرێ بۆمان شی بکەیەوە کە گرووپە سەرەکی و کەسایەتییە سەرەکییەکان کێن و پێوەندییان لەگەڵ یەکتری چۆنە؟ گەلۆ بۆ نموونە ، ئەوە ڕاستە وەک حکوومەتی تورک ئیدیعا دەکا ، کە پەیەدە لە سووریا بەشێوەیەک لکێکە لە پ.ک.ک لە تورکیا ، یان لێی جوێیە ، و پێوەندی نێوان  ئەو گرووپانە چۆنە؟

گونەی ییڵدز: ئەمن لەگەڵ ئێوە ڕێکم کە ئەو دابەشبوون و جوداییانە بڕێک ئاڵۆز و پێچەڵپێچە، بەڵام ڕێگام بدە بابەتەکە ئەوەندەی دەکرێ سادە بکەمەوە. ئێمە دەکرێ باسی سێ کەسایەتی جیاواز بکەین. ئاغای بارزانی و پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانەکەی، جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێڕاق، و پارتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەکەی – ئەو چەند حەوتوو لەمەوبەر وەفاتی کرد – و عەبدوڵا ئوێجاڵان ، کە پارتیی کرێکارانی کوردستانەکەی بە شێوەی جیاواز لە سەرتاسەری هەرێم دا چالاکە. ڕێگەم بدە لە بزووتنەوەکانی بارزانی و تاڵەبانی وە دەست پێ بکەم. پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئاغای بارزانی ناسیۆنالیست و نەریتی یە، بە دوای کۆنتڕۆڵی خاکەوەیە. لە چەقی ئەو جۆرە ڕێکخستنە خێڵەکییە دا وەفاداریی عەشیرەتی هەیە --

مایک گەیپس( کرێکار): لە عێڕاق؟

گونەی ییڵدز: لە عێڕاق— وەفاداری عەشیرەتی و هاوپەیمانەتی عەشیرەتی. ئەوان کراوەن بۆ چارەسەری دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەیەک بۆ کوردەکان لە عێڕاق، یان دەرەجەیەکی باڵا لە ئۆتۆنۆمی. پەدەکە لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئێران دامەزرا و ئاغای بارزانی دوای باوکی ڕێبەرایەتی پارتییەکەی بەدەستەوە گرت.
لە ڕاستیدا جەلال تاڵەبانی پێشتر ئەندامی پەدەکە بوو، کاتێک ئەو پارتییە لە ساڵی ١٩٧٠ کاندا دووبەرەکی تێ کەوت، ئەو دەمی جیاوازیی سیاسی لە ناو ئەو دوانە دا زۆر بەدەرەوەتر بوو. ئێمە دەتوانین بڵێین پارتیی جەلال تاڵەبانی لە شانی چەپی پەدەکە هەڵکەوتبوو. ئێمە دەکرێ ئەوان لەو سەروبەندی دا بە پارتییەکی سۆسیال دێمۆکڕات ، خاوەنی ڕێبازی سۆسیالیستی دابنێین، بەڵام لە ڕاستیدا ، ئەگەر ئێستا تەماشای بارودۆخەکە بکەین، جیاوازی سیاسی لە نێوان ئەو دوو پارتییانە دا، لە سەر مژارە بەربڵاوترەکان، یەکجار کەمە.
هەر وەک ئاماژەم پێ کرد، قەوارەی خێڵەکی گرینگە، چونکوو دوای نەخۆش کەوتن و بە دوویدا وەفاتی ئاغای تاڵەبانی ئێمە هەست بە دابڕانێکی گەورە دەکەین لە ناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دا – باڵی جیاواز  ڕەنگە لە ژێر نفووزی وڵاتانی جۆر بە جۆر یان هێزی جۆر بە جۆری سیاسی دا بن – لە کاتێکدا  قەوارەی خێڵەکی لە پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دا یەکایەتی ئەو پارتییەی پاراستووە، سەرەرای جیاوازی سیاسی لە نێوان کەسێتییە سەرەکییەکانی ، لەوانە سەرۆک وەزیر، سەرۆک و ئەوانیدی. جا بۆیە ئێمە دەکرێ چاوەڕوان بین کە دابڕ دابڕ بوونی یەنەکە دڕیژە بکێشێ لە ماوەی چەند ساڵی دیکە دا، بنەماڵەی تاڵەبانی بنەماڵەیەکی گەورە و قەرەباڵغە و عەشیرەت نییە؛ و هیچ عەشیرەتێک پشتیوانی لێ ناکا. کەدەپە لە ڕووی نەریتییەوە زیاتر لایەنگری تورکیایە. ئەوە هەتا ئەنجامدانی ڕێفراندۆم ئاوا بوو. دەکرێ لەماوەی چەند ساڵی دابێ دا بگۆڕدرێ، بەڵام پەدەکە زیاتر لە خەت و هەڵوێستی تورکیا نزیکترە، لە کاتێکدا یەنەکە زیاتر لە ژێر نفووزی ئێران دایە. ئەمن لێرە زاراوەی هاسانکراو بەکار دەهێنم، ئاشکرایە ، ئەو پارتییانە بیروڕای سیاسی سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەڵام هیچ کام لەو پارتییانە پان- کورد (گشت کورد گرەوە) نیننە. ئاغای بارزانی زۆرتر باسی کوردستانی عێڕاقی دەکرد و ئەوەی بە ڕوونی ڕاگەیاند، کە کاتێک باس لە سەربەخۆیی دەکا، مەبەستی لە هەڕیمە کوردەکان لە تورکیا یان لە بەشەکانی تر دا نییە. هیچکام لەو پارتییانە بە تەواوی پان – کورد نین.
کاتێک ئێمە بێین و بیر لە عەبدوڵا ئوێجاڵان بکەینەوە ، مەسەلەکە بە تەواوی شتێکی جیاوازە. پ.ک.ک وەک ڕێکخستنێکی مارکسیست – لێنینیست دەستی بە چالاکی کرد ، و قەت لە مەداری یەکێتیی سۆڤییەت دا نەبووە. هەر لە سەرەتاوە ، قەت پشتیوانییەکی گرینگی لە یەکێتیی سۆڤییەتەوە پێ نەگەیشت. ئەو پارتییە خۆی بە پێی مۆدێلی پارتیی کرێکارانی ڤییەتنام ڕێکخست. ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەوەوە دێ. ئەو پارتییە پێداگری دەکا لە سەر سەربەخۆبوون و پشت بەخۆ بەستن .
پ.ک.ک لە سەرەتاوە پارتییەکی سیاسی پان – کورد بوو و بەدوای دامەزراندنی کوردستانی گەورەوە بوو، نەک هەر لە هەڕیمە کوردییەکانی تورکیا بەڵکوو لە ئاستێکی زۆر بەربڵاوتر دا.  ئەو بزووتنەوەیە بە گۆڕانێکی گرینگ دا تێپەڕیوە. یەکەم نوختەی جیاکەرەوەی ئەو گٶڕانە لە ساڵی ١٩٩٣ ڕوویدا ، کاتێک ئەو پارتییە ئاگر بەسێکی ڕاگەیاند لەهەمبەر حکوومەتی تورک، و ئەوە بە توانایەکی پەژراندنی مەشڕووعییەتی حکوومەتی تورک بوو. لەو دەمییەوە ئەو بزووتنەوەیە بە پێویستی قسەی نەکردووە لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێکی بە تەواوی سەربەخۆ، بەڵکوو باسی چارەسەری پرسەکەی کردووە بە ڕێگای وتووێژەوە. ئەوە تا ساڵی ٢٠٠٤ بەردەوام بوو. لەو ماوەیە دا زۆرشت قەومان.
لە دوای ٢٠٠٤، پارتی دەستی کرد بە لایەنگری لە دامەزراندنی ئیدارەی ئۆتۆنۆم لە کاتێکدا بەردەوام بوو لە سەر شەر بە دژی تورکیا و هەر وەهاش وتووێژ کردن لەگەڵ حکوومەت – ئەو سێ شتانە گشتیانی لەهەمان کاتدا دەکرد. دامەزراندنی حکوومەتگەلی ئۆتۆنۆم لە هەرێمی جیاواز کە یەکگرتوو بوون یان هاوئاهەنگییان لە نێو دابوو لە سووریا خرا بواری کردارییەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزتر دا لە ساڵی ٢٠١١ بەملایەوە.
ئێستا ئەو پارتییە بە توندی فکری هەبوونی دەوڵەت نەتەوەیەک بەرپەرچ دەداتەوە. هەر وەک زەینەپ ئاماژەی پێ کرد، حەول دەدا بۆ کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک، کە ئەوەش بریتییە لە دەستگای دێمۆکڕاتیکی خۆسەر  کە لە سیستمێکی کونفێدراڵ دا لەم بەر ئەوبەری سنووران بە یەکەوە گرێدراون بە بێ ئەوەی بە پێویستی بیانەوێ ئەو سنوورانە بگۆڕن. ئەوە پڕۆژەیەکی بە تەواوی پێچەڵپێچ و نوێیە کە بە ڕاستەقانییەکانی ئالۆز و پێچەڵپێچی هەرێمگەلی جیاوازەوە دەچارێ. پ.ک.ک لە هەر هەرێمەی سیاسەتی جیاوازی هەیە، تەنانەت لە ناوخۆی سووریا ش دا لە مەنبیج یان لە تورکیا لە دیاربەکر.

مایک گەیپس ( کرێکار): ئەتۆ دەڵێی پ.ک.ک لە ناوخۆی سووریا -

گونەی ییڵدز: ئەمن لە ڕاستیدا باسەکە هاسان دەکەمەوە. ئەتۆ بە تەواوی ڕاست دەکەی. ئەوەی ئەمن حەول دەدەم قسەی لە سەر بکەم بزووتنەوەی پ.ک.ک یە. ڕێگەم بدا با بێمە سەر پرسی لەمەڕ پەیەدە و پ.ک.ک و حەول بدەم شی کەمەوە. پ.ک.ک پشتیوانی دەکا لە ڕێکخستنی ئۆتۆنۆم، نەک هەر لە ڕووی جوگرافیاییەوە، بەڵکوو لە ڕووی سیاسیشەوە. بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمی ژنان هەیە و بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمی لاوان هەیە لە ناو پ.ک.ک دا. پارتیی قانوونی ئی ئۆتۆنۆم هەن. ئەو ئۆتۆنۆمییە درێژ دەبێتەوە بۆ سووریاش. زۆر لە ئەندامانی پێشوو یان کادرانی پێشووی پ.ک. ک هەن کە زۆر بەر لە ڕاپەڕین لە سووریا پارتیی سیاسییان ڕێک خست. لە ساڵی ٢٠٠٣، پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک  دەستی کرد بە خۆ ڕێکخستن لە دژی حکوومەتی ئەسەد. هەر وەها زۆر لە ئەندامانی سوورییەیی هەن کە بەڕێگای پەیەدەوە هاتوونە ناو پەیەدە نەک بەڕێگای پ.ک.ک دا. 
لەبەر ئەوەی بارودۆخ لە سووریا ئاشکرایە کە زۆر ئاڵۆز و پێچەڵپێچە، هیچ ڕێگایەک نییە کە گشت بارودۆخەکە لە لایەن پ،ک.ک وە کۆنتڕۆڵ بکرێ لە مەقەری سەرکردایەتییەکەیەوە لە چیاکانی قەندیل لە سنووری نێوان عێڕاق- ئێران، جا بۆیە ئاستێکی بەرز لە ئۆتۆنۆمی هەیە لە ناو پەیەدە و لە ناو دەستەی چەکداری یەپەگە  لەوێ. ئەمن چەند حەوتوو لەمەوبەر لە باکووری سووریا بووم، و ئەوەی چاوم پێی کوت ئەوە بوو کە ئەوان لە سەر زۆر مەسەلەی ناوچەیی خۆیان بڕیار دەدەن ، وەک ئەوەی کە  کێ بۆ چ کارێک دیاری بکرێ و لە کوێ دەبەر کار بندرێ و چۆن بڕیار بدرێ سەبارەت بە ئەوەی کە لە هەلومەرجی جیاواز دا لە هەرێمە جوداکانی ناوخۆی سووریا دا چ بکرێ. کاروباری باڵای ستڕاتێژیک  وەکوو پێوەندییە ناونەتەوەییەکان، نفووزی ڕێبەرانی باڵای پ،ک.کەیان لە سەرە، کە لە سەر بەڕێوە بردنی کاروباری ڕۆژانەی بزووتنەوەکان قسە ناکەن. بزووتنەوەکان بەیەکترییەوە بەستراونەتەوە و نفووز لە سەر یەکتری دەکەن، بەڵام کادرەکانی بزووتنەوەی پەیەدە زۆر گەورەترە لە کاکڵی پ.ک.ک لە حاڵی حازر دا.

مایک گەیپس( کرێکار): باشە ئەوان لە ڕووی ئیدێئۆلۆژییەوە بەیەکەوە گرێدراون؟

گونەی ییلدز: ئەوان لە ڕووی ئیدێئۆلۆژی و سەرۆکایەتییەوە بەیەکەوە گرێ دراون. لە سووریا، مرۆڤ دەتوانێ تەقریبەن لە هەموو کوێیەک وێنەی عەبدوڵا ئوێجاڵان ببینێ، بەڵام وەک ئێوە دەزانن ، ئەو لە ساڵی ١٩٩٩ وە دە زیندان دایە . کۆمەڵانی خەڵک لەو دەمییەوە قەت دەنگیان نەبیستووە، ئەو نەیتوانیوە لە گەڵ هیچکەس دە پێوەندیی و تێکەڵاویی دابێ، جگە لە دیدارێکی پچووک نەبێ. ئەوە جۆرە مەقامێکە ، کە گشت ئەو خەڵکانە یەک دەخا کە بە پێویستی جەخت ناکەن لە سەر ناسیۆنالیسم و سنوورە دەوڵەتییەکان بەڵکوو لە ڕووی ئیدێئۆلۆژییەوە یەکیان گرتووە.
عەبدوڵا ئوێجاڵان پێداگری کردووە لە سەر یارمەتیدان و بە دەنگەوەهاتنی گرووپە ئێتنیکییەکانی دیکەی دەرەوەی کوردەکان. لە ناوخۆی تورکیا دا، ئێمە هەدەپە، پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان مان هەیە، کە ڕێکخستنێکی چەترییە کە تورکە چەپ ئاژۆیەکان و گرووپی تر دەگرێتە خۆ. لە سووریا، هەر مۆدێلێکی ئاوای وەک ئێس دی سی، شووڕای دێمۆکڕاتێکی سووریا دامەزراوە، کە ئەوە باڵی نیزامی قەسەدە واتە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا یە. ئەوە ژمارەیەکی گرینگ لە عەڕەبی  هەرێمی جیاواز وەبەر دەگرێ و لە ئاستی کۆمۆنی ناوچەیی دا پێک هێندراوە. کاتێک ئەمن لەوێ بووم ، هەڵبژاردنی کۆمونەکان هەبوو- پێم وایە لە حاڵی حازر دا بە دە هەزاران کۆمۆن پێک هاتوون ، کە ڕێکخستنی ئاستی هەرە ناوچەیین و تێیدا خەڵکی جیێی ئەندامن ونەک کادری پەیەدە کە لە سەرەوە ڕا داندرابن.

مایک گەیپس (کرێکار): دوایین پرسیار، گەلۆ بەڵگەی پتەو بەدەستەوەیە بیسەلمێنێ شەڕڤانانی پ.ک.ک شەڕ بکەن بۆ گرووپەکانی دیکەی کورد؟ ئەمن بیستوومە پ.ک.کە ییەکان شانبەشانی پێشمەرگە شەڕیان کردووە بە دژی داعش لە عێڕاق. هەر وەها حکوومەتی تورکیاش ئیدیعای کردووە  کە پێوەندییەکی لێک جوێنەکەرەوە هەیە لە نێوان پ.ک.ک ی خەڵکی تورکیا و پەیەدە لە سووریا. ئەوە چۆن هەڵدەسووڕێ ؟ ئایا گرووپی جیاواز شانبەشانی یەکتری شەڕ دەکەن کاتێک تووشی هەڕەشەیەکی هاوبەش دەبن، یا ئەوە زۆر لەوە قووڵترە؟

گونەی ییڵدز: ئێوە بە تەواوی قسەکەتان ڕاستە. پ.ک.ک وەک پ.ک.ک شانبەشانی پێشمەرگە شەڕی کرد لە ناوچەی تاڵەبانی ، ناوچەی یەنەکە ---

مایک گەیپس(کرێکار): نزیک کەرکووک.

گونەی ییڵدز: بەڵێ ڕاستە ، لە نزیک کەرکووک. لە ڕاستیدا پێشمەرگە بۆ ماوەیەکی کورتیش شانبەشانی شەڕڤانانی  پەیەدە/یەپەگە لە کۆبانێ شەڕی کرد کاتێک ئەوێ گەمارۆ درا بوو، و بۆ نموونە ئەندامانی پێشووی پ.ک.ک ش کە لە پ.ک.ک جوێ بوونەتەوە ئێستا فەرماندەی پێشمەرگەکانی کەدەپە ن. جا بۆیە ئەو جووڵەیە لە نێوانیان دا هەیە. هەر وەها جووڵەی شەڕڤانانی پێشووی پ.ک.ک ش هەیە ، کە زۆربەیان ڕەچەڵەکی سوورییەیان هەیە ، کە گەڕوانەتەوە سووریا و ڕێکخستنەکانی یەپەگە یان دامەزراندووە و کارو باری شەڕ ڕێک دەخەن ---

مایک گەیپس ( کرێکار): لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە؟

گونەی ییڵدز: بە ڕەچەڵەک سوورییەیی بوون – ئەو کوردانەی سوورییە کە لەگەڵ پ.ک.ک بە دژی حکوومەتی تورک شەڕیان کردووە. بۆ نموونە، لە سووریا، ئەوان باسی ' شەهیدان ' یان دەکەن لە خەبات دا – ڕێکخستنی شەهیدانی ئەوان کە لە باکووری سوورییە دامەزراوە پێیان گوتم ٥٠٠٠ شەهیدیان هەیە کە لە شەر بە دژی تورکیا کوژراون و ٨٠٠٠ کەس بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەوە پێتان دەڵێ  کە ئەو دوانە ، واتە کوردەکانی سووریا و کوردەکانی تورکیا ،چەندە لێک نزیکن.

سەرۆک ( کۆنسێرڤاتیڤ) دەکرێ بە پەلە بێمە ناو وبپرسم؟ ئەگەر پێوەندیی بەو شێوەیەیە کە تۆ دەڵێی و ئێمە دەڵێین پ.ک.ک ڕێکخستنێکی تێرۆریستە ، نابێ ئێمە پەیەدەش بە تێڕۆریست دابنێین؟

گونەی ییڵدز: بڕیاری ئەوەی کە ڕێکخستنێک بخرێتە ناو لیستی تێڕۆریستییەوە یان نا زیاتر مەسەلەیەکی سیاسی یە تا ---

سەرۆک (کۆنسێرڤاتیڤ) ئەمن لەگەڵتم، بەڵام بە لە بەر چاو گرتنی ئەو یەکتر داپۆشینەی کە ئێستا باست کرد ئەتۆ پێم دەڵێی ئەوە جودایە بە بێ ئەوەی جیاواز بێ.

گونەی ییڵدز:  وەک گوتم، ئاستی پێوەندیی ڕۆژانەی نێوان مەقەڕی سەرکردایەتی پ.ک.ک و ئیداراتی باکووری سووریا کە لە لایەن کوردەکانەوە بەڕێوە دەچن ڕەنگە هەری کەم بێ، ئەگەر تێکەڵاوی و بێوەندی بەردەوام و نەپساوە هەبووبا دەستگا هەوڵگرییەکان بەو پێوەندیانەیان دەزانی، جا بۆیە من پێموایە  ئاستێکی گەورە لە ئۆتۆنۆمی هەبێ. ئەمن هەر وەها باسی کۆمۆنەکانم کرد لە ئاستی ناوچەیی دا کە لە لایەن خەڵکی جێییەوە دامەزراون لە گەڕەکەکان یان گوندەکانی خۆیاندا، ئەوەش مانای وایە ئەوان بە پێویستیی ڕێکخستنی ئەوتۆ نین کە پەیەدە دایمەزراندبن. ئەمن زاراوەی ' پەیەدە ' بۆ هاسانکردنەوە بەکار دەهێنم، چونکوو ئەو مێکانیزمانەی هەن زۆر لەوە پێچەڵپێچتر و ئاڵۆزترن – ئەوانە ئیدارەگەلی ناوچەیی ن ، تا ئەوەی سەر بە پارتییەک بن.

سەرۆک ( کۆنسێرڤاتیڤ)  دوکتور کەیا ، ئەتۆ لەم بارەیەوە دەڵێی چی؟

دوکتور کایا: پێوەندییەکان پەیەدە – پ.ک.ک چاوڕاکێشن. لە بەر ئەوەی ئێمە لە ناو ئەو رێکخستنانە دا نین ، ئێمە ناکرێ بە ڕوونی ئیدیعا بکەین گەلۆ ئەوان لێک بەستراون یان نا، یان ئەوەی بڕیار دان لە سەرچاوەیەکەوە یان نا. ئەگەر مرۆڤ چاو لە مێژووی پ.ک.ک بکا، ئەو ڕێکخستنە لە ساڵی ١٩٧٨ دامەزرا و لە ساڵی ١٩٨٢ وەوە دەستی کرد بە کردەوەکانی. ئەو ڕێکخستنە، بە پێی ئیزنی ڕێژیمی سوورییە، بۆی هەبوو پێوەندی دامەزرێنێ لەگەڵ ناوچەکانی سووریا و ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکانی سووریای هێنایە ناو ڕیزەکانی خۆی جا بۆیە ئەو تێکەڵاوییە درێژخایەنە مێژووییە هەیە لە نێوان کوردەکان دا کە لایەنگری دەکەن لە عەینی ئیدێئۆلۆژی لە سووریا و لە تورکیا. ڕەهەندێکی دیکەی کە پێویست دەکا مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە ئێدێئۆلۆژی سەرتاسەی [ پان ئیدێئۆلۆژی] پ.ک.ک یە. ڕێکخستنی دیکە هەن لە ئێران وعێڕاق کە ئەوانیش سەر بە پ.ک.ک ن یان بەجۆرێک پێوەی لکاون، دوایە کەجەکە، هەیە ، ڕێکخستنێکی کوردستان کە ئەو چوار پارتییانە بەشێکن لێی. ئەو ڕێکخستنە مەنشوورێکی هەیە و وا لە پارتییەکان چاوەڕوان دەکرێ کە پڕێنسیپەکانی ڕەچاو کەن .

سەرۆک ( کۆنسێرڤاتیڤ): بۆم هەیە بێمە سەر ئەسڵی مەسەلە؟ ئەگەر ئەوان هەمان قەوارەی فەرماندەییان هەیە و هەمان خەسڵەت و تایبەتمەندی و کردەوەی زۆر وەیەکچوو دەکەن، ئایا ئەوان عەینی ڕێکخستن نین؟

دوکتور کایا: ئەمنیش هەمان پرسیار دەکەم. ئەگەر مەسەلە ئەوەیە، ئیدی بۆ ئەوە کێشەبێ کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە پەیەدە دەکا؟ ئەوە مەسەلەیەکی گەورەیە، وا نییە؟

سەرۆک (کۆنسێرڤاتیڤ): هەر بۆیەیە ئەمن هەمان پرسیار دەکەم.

دوکتور کایا: تێڕۆریسم چەمکێکی لێڵە. پ.ک. ک لە لایەن تورکیا و زۆر لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان کە هاوپەیمانی تورکیان بە ڕێکخستنێکی ناقانوونی تێڕۆریست دادەندرێ. لە ڕوانگەی تورکیاوە، نیگەرانییەکانیان ئاشکرایە. بە لەبەر چاو گرتنی پێوەندییەکانی نێوان پەیەدە و پ.ک.ک بە شێوەیەک لە شێوان جێی نیگەرانییە بۆ تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویست دەکا مرۆڤ چاو لەوە بکا گەلۆ پەیەدە هەڕەشەیەک بووە و بەردەوام بووە وەکوو ڕێکخستنێکی جودا، چونکە ئاستێک لە ئۆتۆنۆمی ناوچەیی ئیداریی هەیە لە ناو پەیەدە دا. ئەمن لەو باوەرە دام ئەو مەسەلەیە دەبێ لەو ئاستە دا لێی بڕواندرێ گەلۆ ئەوان هێرشی تێڕۆریستییان ئەنجام داوە لە دەوڵەتەکانی دیکە لە هەرێم دا یان نا.


 ستێڤن گێتینز (پارتیی نەتەوەیی سکاتلەند):  ئەمن دەمەوێ هێندێک لەو نوختانەی کە پێشتر ئاغای گەیپس و یای غەنی هێنایانە گۆڕێ زیاترشی بکرێنەوە. ئاغای ییڵدز ئەتۆ باسی نوختەیەکی چاوڕاکێشت کرد لەمەڕ عەبدوڵا ئوێجاڵان کە حەول دەدا بۆ هینانە ناوی گرووپە ئێتنیکییەکانی دیکە بە ئاواتی ئۆتۆنۆمی زیاتر یان تەنانەت سەربەخۆیی. ئایا ئێوە هەردووکتان پێتان وایە فکری ناسێنەی کوردی بە تەواوی چەمکێکی ئێتنیکی یە ، یان هەتا دێ زیاتر لە تەبیعەتی خۆیدا دەبێ بە چەمکێکی مەدەنی؟

گونەی ییڵدز: جگە لە بەڵگەی ڕیوایەتی، باشترین ڕێگا بۆ لێ تێگەێشتن لەوە چاو لێ کردنە لە پارتییە سەرەکییە سیاسییەکان کە ئیدیعا دەکەن نوێنەرایەتی دانیشتووانی کورد دەکەن. کوردەکان یەکێک لە گەورەترین گرووپە ئێتنیکییەکانن کە دەوڵەت نەتەوەیەکیان نییە. ئەوە هەستی قووڵ لە ناو کوردان دا دەورووژێنێ. لە باکووری سووریا، بۆ نموونە، پەیەدە بە ڕوونی سیاسەتێکی نا- ئێتنیکی بەڕەوپێش دەبا.
ئەوان فێدراسیۆنێکی جوگرافیاییان دەوێ نەک فێدراسیۆنێکی ئێتنیکی. بەڵام ئەگەر مرۆڤ لەوێ لە سەر ئەرزی واقع لە گەڵ کوردەکان قسە دەکا، مرۆڤ دەبینێ کە جۆرەیەک ناسیۆنالیسم لە گۆڕێ دایە. جا ئەگەر مرۆڤ چاو لە بزووتنەوە سیاسییەکان بکا کە لەو خەڵکە پشتیوانی وەردەگرن ، دەتوانین بڵێین ئەوە زیاتر مەدەنی یە.
بە پێویستی ئەمن وا بیر ناکەمەوە ئەمە لەگەڵ هەرکام لە کاتەگۆریەکانی ئێتنیکی یان مەدەنی بگونجێ. ناسێنەیەکی ئێتنیکی کورد هەیە ، بەڵام پڕۆژە سیاسییەکە ئێتنیکی نییە. ئەو پڕۆژە سیاسییە بە پێویستی ئێنیکی نییە نە لە سووریا و نە لە تورکیا، لەکاتێکدا لە عێڕاق ئێمە بزووتنەوەیەکمان هەیە کە زۆر وە بزووتنەوەکانی دیکە لە جیهان دا دەچێ ، کە ئەویش وەک فێدراسیۆنێکی ئێتنیکی یان ناسێنەیەکی ئێتنیکی یە، ئەگەرچی دوای ڕێفراندۆم ئاغای بارزانی ئاماژەی پێ کرد ئەو کوردستانەی ئەوان دەیانەوێ دایمەزرێنن دەبێ بە ووڵاتێکی فرە ئێتنیکی.

ستێڤن گێتینز(نەتەوەیی سکاتلەند): ئەمن پێم خۆشە بیروڕای ئێوەش لەو بارەیەوە بزانم.

دوکتور کایا: ئێتنیسیتی و ناسیۆنالیسم یان نەتەوە چەمکگەلی بە تەواوی لێڵ و تاریکن. ئەوان بە چەندین جۆر لە لایەن زۆر لە پسپۆڕانەوە پێناسە کراون. ئەوە بەستراوەتەوە بەوەی گەلۆ مرۆڤ پێی وا بێ ئێنیسیتی دەگەرێتەوە سەر پێوەندیی ڕەچەڵەک، پراکتیکی کولتووری یان پێشینەی زمانەوانی یان ئەوەی کە مرۆڤ چەمکەکە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دادەنێ کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ساز کراوە بە ڕێگای پێواژۆگەلی مێژوویی دا. مرۆڤ هەر ناوێکی لێ بنێ ، ئێتنیسیتی وناسێنەی نەتەوەیی سەرچاوەی وەگەرخستنی  ئەو ڕێکخستنانە بوون جا چ ئامانجێکی مەدەنی یان ئامانجێکی زیاتر ناسیۆنالیستی ، ناسیونالیستی ئێتنیکییان لە پێش خۆ ڕۆنا بێ.
ئەگەر مرۆڤ چاو لە بزووتنەوە کوردییە سیاسییە هەرێمییەکان بکا، ئی بارزانی و گشت بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە کوردستانی عێڕاق زیاتر ئیدەئالی شێوەیەکی نەریتی لە ساز کردنی دەولەت نەتەوەیان ڕەچاو کردووە، واتە هەبوونی کاکڵێکی ئێتنیکی و بەرەوپێشبردنی ناسێنەیەکی ئێتنیکی بە دەوری وییەوە، و پاشان بەرە بەرە وەدەستهێنانی فەرمانڕەوایی سیاسی و سەروەری خۆیان. لە لایەکی دیکەوە پ.ک.ک و ئیدەئالە گشتگرە کوردییەکانی ئەو ئالوگۆڕانە ئاوا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێتەوە، هە بوونی ناوچەیەک بە فکری کۆنفێدرالیسمەوە کە سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوان تێدەپەڕێنێ. ئەوان بە ڕاشکاوی دەڵێن کە ڕێکخستنێکی ئێتنیکی نین، بەڵام کاتێک مرۆڤ چاو لە هەڕەمەی خەڵک و وەگەڕ خستن دەکا. بە دڵنیاییەوە ئێتنیستی و ڕاونانی ناسێنەیان سەرچاوەیەکی ڕێکخستن بووە بۆیان. ئەوە زۆر دژوارە مرۆڤ بە ڕوونی دابڕانی ئێنیکی – مەدەنی لە ناو ئەو گرووپانە دا لەیەکتری جیا بکاتەوە.

ستێڤن گێتینز (نەتەوەیی سکاتلەند): باشە گرووپە ئێتنیکییەکانی دیکە، بە تایبەتی ئەو گرووپە کەمایەتییانەی کە لە ناوچە کوردەکان دەژین، هەستیان چییە بەرامبەر بە ئاواتی ئۆتۆنۆمی زیاتر یان سەربەخۆیی کورد؟

دوکتور کایا: لەم ناوچەیە دا کە زۆر کەس پێی دەڵێ کوردستان – هەموو کەس ئەو پێناسەیە بەکار ناهێنێ ؛  ئەوان لە دڵەوە لەگەڵ فکری فرە ئێتنیکی فرە نەتەوەیین ، لەگەڵ ئەوەشدا، مرۆڤ دەکرێ ناسیۆنالیسم، ناسێنە یان ئێتنیسیتی پێناسە بکا – جا  بۆیە خەڵکێکی زۆر دەبن کە دەکرێ خۆیان وەک کورد پێناسە نەکەن . وەک تورک-کورد  یان بە ناسێنەیەکی هەڕیمی کوردییەوە ، ئەوان ئەوە وەخۆ ناکەن. ئەمن زۆر  زوو زوو سەر لە تورکیا دەدەم. لەوێ خەڵک نیگەرانن لە سەرکوتکرانی ناسینەی خۆیان، بە تایبەتی لە هێندێک ناوچەی دیاری. ئەگەر مرۆڤ چاو لە بەشی سووریا بکا، ئیدارەی پەیەدە سیاسەتێکی هەمووگرەوە ی وەخۆ کردووە و پارڵمانەکەیان کورسی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ کەمایەتییە ئێتنیکییە جیاوازەکان . پسپۆڕانی دیکە دەڵێن کە لە کردەوە دا ئەوە زۆر لە سەرەوە ڕا بۆ خوارەوە کراوە و کوردەکان بە سەریدا زاڵن، وگرووپەکانی دی پێشلکاریان تەجروبە کردووە یان بەو مانایە وەلا نراون. دیسان بڵێم، ئەوە بە پێویستی زانیارییەک نییە کە سەد لە سەد پشتڕاست بکرێتەوە. بەڵام ئەرێ، بە تایبەتی لە ١٠ ساڵی ڕابردوو دا بە زیاد بوونی حزوور و ئامادەیی بزووتنەوە ناسیۆنالیستە کوردەکان  و نفووزیان بە سەر ئەو سەرزەوییانەیدا ئەوانی لێن هەستێکی وەلانان یان لە ناو بردن لەو ناوچانە دا هەیە.

گونەی ییڵدز: بۆ نموونە، لە سووریا، نموونەیەک ئاسۆرییە مەسیحییەکانن کە میلیشیا و قەوارەی فەماندەیی لەمەڕ خۆیان هەیە، ئەوەش بە قەسەدەوە لکاوە. ئەوان دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن و ڕێگایان پێدراوە گرووپی جیاوازی لەمەر خۆیان هەبێ. لە کوردستانی عێڕاق، ئەمن لە ناوچە مەسیحییەکان بووم لە لێواری کوردستانی عێڕاق لە دەشتەکانی نەینەوا، هەر وەها لە ناوخۆی هەولێریش کە گەڕەکێکی زۆر گەورەی مەسیحی نشینی هەیە. ئەمن گوێم لە زۆر گلەیی و گازندان بوو، بەڵام هەر هەمان ئەو خەڵکە دەیانگوت ئەگەر ئەوێ لەگەڵ پاشماوەی شوێنەکانی دی لە عێڕاق بەراورد بکرێ، هەرێمی کوردستانی عێڕاق ناوچەی هەرە هێمنە و جێیەکی بە ئەولەیە بۆ مەسیحییەکان. بەڵام لە سووریا، ئەوە زۆر زیاتر سەرنجی دەدرێتی لەو ناوچانەی کە قەسەدە کۆنتڕۆڵیان دەکا و بە پێویستی لە واندا کوردەکان زۆربە نین. ئێستا ئەوە ڕەقا هەیە وەک بەشێک لە ناوچەیەک کە قەسەدە کۆنتڕۆڵی دەکا، جا بۆیە قەسەدە و پەیەدە ، تا ئەو جێیەی کە من توانیم چاوەدێری بکەم ، هەتا بڵێی ووردن و بە دیقەت دەجووڵێنەوە کە ڕچەی کوردی لەو ناوچانەی دا کە عەڕەبەکان زۆربەن سووک بێ. جا بۆیە ئەمن پێم وایە ئەوان زۆر بە هەستن بۆ دانی مافی گرووپە جیاوازە ئێنیکییەکان، بەڵام گێرەو کێشەی دیکەی سیاسی ئەوە بابەتێکی جیاوازە.

ستیڤن گێتینز (نەتەوەیی سکاتلەند): هەر بۆ بەرچاو ڕوونی، دەکرێ من پرسیارێکی کورت وەربگرم سەبارەت بەوەی کە هەستی ئەو گرووپانە لە مەڕ ئۆتۆنۆمی چییە، و ئایا لە لایەن سەرۆکایەتی کورد ڕا چ حەولێک هەبووە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی لە ناو ئەو گرووپانەوە؟

گونەی ییلدز: لە سووریا ئۆتۆنۆمی جوگرافیایی هەیە،  جا بۆیە بە پێویستی ئۆتۆنۆمییەکی ئێتنیکی لە گۆڕێ دا نییە. گروپە مەسیحییە سوورییەیەکان و چەندین هەرێمی عەڕەب پشتیوانی دەکەن لەو جۆرە ئۆتۆنۆمی جوگرافیاییە. ئەوە فکری دەوڵەت نەتەوەیەکی سەربەخۆ نییە. ئەمن لە گەڵ تورکومانان قسەم کردووە ، کە لە ڕووی زمانییەوە کەمایەتین. ئەوانیش نیگەرانن لە زۆربەیی عەڕەب. ئەوان  لایەنگری ئەو جۆرە سیستمی حوکمڕانی فرە کولتوورییەن، کە کوتە بەشی هەیە بۆ گرووپە جیاوازە ئێتنیکییەکان ، و ناگەڕێتەوە سەر شێوە ڕێکخستنی کۆنی ڕێژیمی سووریا، یان دەوڵەت نەتەوەیەکی بێگانە بۆ هەر کام لەو نەتەوانەی کە لەوێ دەژین. ئەوە لە سووریا بە پێویستی کێشەیەکی گەورە نییە، بەڵام کوردستانی  عێڕاق بابەتێکی جیاوازە. زۆر گرووپ و لەوانە هێندێک لەو کوردانەی کە پێشینەیەکی دینی جیاوازیان هەیە، پێیان خۆشە وەک بەشێک لە عێڕاق بمێننەوە، تا ئەوەی تێکەڵ بن بە کوردستانی عێڕاق. زۆر لەوان هەر وەها هەرێمی سەرەکی کوردستانی عێڕاق زۆر بە هێمن و بە ئەولەتر بۆ خۆیان دەزانن لە چاو شوێنەکانی دیکەی عێڕاق.

مایک گەیپس(کرێکار) : ئەو ڕێفراندۆمەی کە لە کوردستانی عێڕاق لە مانگی سێپتامبر دا کرا بە چاو گرووپانەوە کە کەدەپەیی نین چۆن بوو؟

دوکتور کایا: سەبارەت بە ڕێفراندۆم، یەنەکە --- گرووپی تاڵەبانی : یەکێتیی نیشتمانی کوردستان – لە سەرەتاوە بە پارێز بوو سەبارەت بە ڕێفڕاندۆم بەڵام دوایە بڕیاری دا پشتیوانی لێ بکا، بزووتنەوەی گۆڕانیش لە دەقیقەی هەرە دوایی دا بڕیاری دا پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بکا. پارتییە سەرەکییەکەی تر ، پارتیی ئیسلامی ، کە لەوانی دی پچووکترە ، پشتیوانی لە ڕێفراندۆم نەکرد. لە ئاستی سیاسی دا ئاوا بوو، لە سەر ئەرزی واقع، ئەمن پێم وایە زۆربەی ئەو کوردانەی کە خۆیان بە ناسێنەی کوردییەوە پێناسە دەکەن و خۆیانی پێ دەبەستنەوە و ئاواتی ناسیۆنالیستییان هەیە پشتیوانیان لە رێفراندۆم کرد - - زیاتر لە هەولێر بەڵام ڕەنگە کەمتر لە هێندێک لە بەشەکانی سلیمانی. لەگەڵ ئەوەشدا،  ئەمن دەبێ بڵێم تەنانەت لە سڵێمانیش پشتیوانی لە ڕێفراندۆم لە سەر ئەرزی واقع بەهێز بوو.

مایک گەیپس ( کرێکار): ئەی لە ناو کوردەکانی دەرەوەی عێڕاق چی؟

گونەی ییڵدز: لەو کاتەی دا کە ڕێفراندۆم کرا ئەمن لە سووریا بووم. ئەمن لەگەڵ شەڕڤانانی کوردی یەپەگە و خەڵکی دیکە قسەم کرد ئەوان زۆر کەم دڵیان خۆش بوو بە سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاق. لە تورکیاش هەر وا بوو. وەک من گوتم، بزووتنەوەی کورد بەگشتی دوو بزووتنەوە بە سەریاندا زاڵن. ئاغای بارزانی لە ناو کوردە نەریتی یان کۆنەپارێزەکان ڕا لە تورکیاش هەر وا قەدر و قیمەتێکی زۆری هەیە، کە ئەوانە پشتیوانیان کرد لە ڕێفراندۆم لە کوردستانی عێڕاق.لەگەڵ ئەوەشدا،  پارتییەکانی لایەنگری بارزانی یان گرووپە سیاسییەکانی لایەنگری بارزانی زۆر پچووک و کەمن لە هەرێمە کوردەکانی تورکیا.
لە عێڕاق ، ڕێگەم بدە با ڕیوایەتێکت بۆ بگێڕمەوە کە زۆر جار دووپاتە بووەتەوە. ئەمن لەگەڵ شەڕڤانانی پێشمەرگە، دووکاندار، شۆفری تاکسی و خەڵکی دیکە دواوم، زۆر لەوان بە ڕێفراندۆم زۆر دڵخۆش و دڵگەرم بوون. کاتێک من لێم پرسین گەلۆ ئەوان ئامادەن لە پێناو ڕێفراندۆم دا شەڕ بکەن بێتوو حکوومەتی عێڕاق بەدژیان بەشەڕ بێ، زۆریان گوتیان بەڵێ ئامادەن، لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک ئەمن لێم پرسین داخودا پێیان وایە  شەڕێک لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی عێڕاق دەقەومێ ، هیچکامیان نەیانگوت شەڕێکی ئاوا ڕوو دەدا. ئەوان ئامادە بوون بۆ شەڕێک کە ڕوو نادا، ئەوە ئەو شتەی بوو کە من چاوەدێریم کرد.

ئان کلوید (کرێکار):  ئەمن دەمەوێ بگەڕێمەوە سەر مەسەلەی پارڵمان. کێ و چی پێشی بەوە گرت پارڵمانی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا کۆ نەبێتەوە؟ ئاستەنگی سەر ڕێی چ بوو؟ دینامیکەکان چنە و کێ بڕیاری سیاسی دەدا؟

گونەی ییڵدز: کێشەی سەرەکی ئەوەیە، زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر، سەرۆکایەتی بارزانی درێژ کرایەوە. ئەو درێژ کردنەوەیە کۆتایی هات و بزووتنەوەی گۆڕان دەیەویست پێش بە دیسان درێژ بوونەوەی مانداتی بارزانی بگرێ و سەرۆکی پارڵمان کە سەر بە گۆڕانە پلەی سەرۆکایەتی هەرێمی هەبێ تا هەڵبژاردن. ئەوە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بوو کە گرژیی نێوان  بزووتنەوەی گۆڕان ، کە کورسییەکی زۆری لە پارڵمانی کوردستان دا هەیە، و کەدەپەی ئاغای بارزانی ساز کرد. ئەوە هۆی سەرەکی بوو. پارڵمان تەنێ چەند ڕۆژ بەر لە ڕێفراندۆم کراوە، جا لە ڕاستیدا لە سەرەتاوە بڕیار دان بۆ ئەنجامی ڕێفڕاندۆمێک لە لایەن پارڵمانەوە نەدرا، بەڵکوو لە لایەن پارڵمانەوە پەسند کرا چەند ڕۆژێک بەر لە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم.

ئان کلوید ( کرێکار):  خۆ پارلمان  ئێستاش دانانیشێ، نەکراوەتەوە وا نییە؟ ئەو دانیشتنەی تۆ باسی دەکەی هەر چەند ڕۆژ بوو.

گونەی ییڵدز: مەسعوود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم دەستی کێشایەوە، بەڵام دیسان بە ڕواڵەت، بە پێی قسەی زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزیسیۆن. ئەو هێشتا وەک جۆرەیەک لە سەرۆکی توانایەکی هەڵسوکەوت دەکا، بەوە تاوانبار دەکرێ. ئەمن لەو باوەڕە دام کوردەکان بە دوای ڕێفراندۆم دا زۆر شتیان لە دەست دا، بەڵام پارتییە کوردییەکانیش  دابەش دەبن بە پارتییەکانی لایەنگری ڕێفراندۆم و پارتییەکانی دژی ڕێفراندۆم، چ لە ناو پارتییە سیاسییەکاندا و چ  لە ناوخۆی کەدەپە و یەنەکە دا.یەنەکە ئەوەندەی دیکەش دابر دابر بووە، دوای وەفاتی جەلال تاڵەبانی؛ دابڕ دابر بوونی سیاسی هەتا بڵیی زۆرە ، ئەوەش ئاستەنگی سەرەکییە بۆ بوونی پارڵمانێکی یەکگرتوو کە بتوانێ لە فەزایەکی دێمۆکڕاتیکدا وتووێژ بکا.
بەڵام لە ووڵامی لێکدانەوەی پێشووتری سەرۆکی کۆمیتە دا کە باسی هەمان قەوارەی فەرماندەیی و هەمان خەسڵەت و تایبەتمەندی کرد، ئەمن بە تەواوی لەگەڵ ئەوەم کە هەمان خەسڵەت و تایبەتمەندی هەیە لە نێوان یەپەگە، پەیەدە و پ.ک.ک دا؛ بەڵام لەو دواییانە دا دادگەیەکی بێلژیکی هەمان فۆرماتی بەکار هێنا و ئەو مەنتیقەی ئاوەژوو کردەوە و بڕیاری دا ئەگەر پ.ک.ک دژی داعش شەڕ دەکا – ئەوان بەتەواوی پەیەدە بە پ.ک.ک دادەنێن – کە وابوو ئێمە ناتوانین ئەوان بە تێڕۆریست دابنێین. جا بۆیە ئێمە دەبێ یا پەیەدە بە تێڕۆریست دابنێین لە بەر دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ پ.ک.ک  یان بە پێچەوانەکەی --

سەرۆک ( کۆنسێرڤاتیڤ): بمبوورە، ئەمن نامەوێ بکەومە ناو بڕیارەکانی دادگەیەکی بێلژیک.


یان مورەی ( پارتیی کرێکار):  ئەمن زۆر خۆشحاڵم ئەتۆ ئەوەت ڕوون کردەوە، چونکوو پرسیارەکەی من لەو وڵامەوە دەهات. ئەتۆ لە وڵامی پرسیارێکی پێشووتری سەرۆکی کۆمیتە دا گوتت ئێوە بۆتان ڕوون نییە کە ئەو گرووپانە گشتیان – پ.ک.ک ، یەپەگە هتاد --- چۆن ناوزەد دەکرێن و گەلۆ دەکرێ ئەوان بخرێنە ناو لیستی ڕێکخستنە تێرۆریستەکانەوە یان نا. ئایا ئەو گرووپانە و پێوەندییەکانیان تەنێ پێوەندیی بەرژەوندیانەن؟ ئێمە کاتێک لە تورکیا بووین ئەو دەستە واژەیەیان هێنا گۆڕێ کە " دوژمنی دوژمنی من دۆستی منە ". ئایا لە بناوانەوە پێوەندییەکان بەو شێوەیەن لە سەرتاسەری هەرێمەکە دا؟

گونەی ییڵدز: ئەمن پێم وایە لەوە زیاترە؛ قسە لە سەر ئەوەیە --- وەک من گوتم موتوربە کردنی دوولایەنە هەیە  لە نێوان بزووتنەوە کوردە جیاوازەکاندا، جا بۆیە ئەو کەسانەی کە ئەندامی پ.ک.ک بوون  ئێستا لە ناوخۆی پەیەدە دا چالاکن، و ئەوان کلیلی دامەزرانی ئەو قەوارانە بوون لە سووریا. بەڵام ئەو قەوارانە بە پێویستی بە تەواوی گرێ نەدراون بە قەوارەی فەرماندەیی پ.ک.ک، و چ کۆنتڕۆڵی ڕۆژانەی کارەکانی کوردەکانی سوورییە نییە لە لایەن پ.ک.ک وە.  ئەوەی کە لە ڕاستیدا ڕوو دەدا ئەوەیە کادرێکی پێشووی پ.ک.ک  دەبێتە ئەندامێکی پەیەدە لە ساڵی ٢٠٠٣ زۆر بەر لە ڕاپەڕین لە سووریا و دەست دەکا بە دامەزراندنی قەوارەی جیاواز لەگەڵ کوردی جێیی، عەڕەبی جێیی – و دەستەڵات دابەش دەکا بە ڕێگای دامەزراندنی کۆمۆنان، کانتۆنان یان  نوێنەرایەتی گرووپە سیاسییەکان ، یان قەوارەیەکی نیزامی کە تێیدا عەڕەبەکان دەتوانن لەگەڵی کەون و ببن بە فەرماندەرانی. ئەمن چام کەوت بە چەندین فەرماندەی عەڕەب لە ناو یەپەگە دا --- و نەک تەنانەت هەر لە ناو هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا دا ، کە گرووپێکی چەتری یە. زۆربەی پۆستی باڵای یەپەگە و قەسەدە لە ئاستی فەرماندەیی دا بەدەست کوردەکانە، بەڵام دەتوانم بڵێم  عەڕەبەکانیش کەم کەم پایەیان هەڵدەکشێ. جا بۆیە ئەوە بە پێویستی پێوەندییەکی بەرژەوەندییانە نییە؛ ئەوان لە خەسڵەت و تایبەتمەندی دا هاوبەشن، بەڵام ڕۆژەڤی سەرەکی بۆ کوردەکانی سووریا بارودۆخی سووریایە، تا ئەوەی کە شەڕ کردن بێ بەدژی تورکیا.

یان مورەی ( پارتیی کرێکار):  بۆم هەیە سەبارەت بە کوردەکانی سووریا لەو بەستێنە دا لێت بپرسم. داخودا ئەوان زیاتر باوەر بە ئەسەد دەکەن تا بە دەوڵەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا؟

گونەی ییڵدز: نا. پێوەندیی – ڕێگەم بدە با باسی بزووتنەوە دایکەکە بکەین، پێوەندیی پ.ک.ک و حکوومەتی ئەسەد. حکوومەتی ئەسەد ئەوەی تەحەمول دەکرد کە پ.ک.ک لە دۆڵی بیقاع لە لوبنان خۆی ڕێک خا، کە ئەو دەمی لە ژێر کۆنتڕۆڵی سووریا دابوو ، هاو شان لەگەڵ هێندێک لە گرووپە فەلەستینییەکان. ئەو پێوەندییە تا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، بەڵام هیچکات هاوکارییەک دە نێوانیان دا نەبوو، جا پ.ک.ک خۆی لە ناو سووریا دا رێک دەخست و بە پێویستی ئەوە هاوکاری کردن لەگەڵ ڕێژیمی سووریا نەبوو. پ.ک.ک دەستی بە هاوکاری کردن کرد: جاری یەکەمی کە بزووتنەوەکانی لایەنگری پ.ک.ک هاوکاریان کرد بێ لەگەڵ ووڵاتێک، لەگەڵ هێزێکی دیکە، ئەوە هاوکاری نزیکە لەگەڵ دەوڵەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا ، و قەت نموونەی ئەوتۆ نەبووە کە سەربازانی ووڵاتێکی بێگانە کار بکەن لەگەڵ هێزەکانی لایەنگری پ.ک.ک بەو شێوەیەی کە حاڵی حازر لە سووریا دەکرێ. جا بەو مانایە ، لە ڕاستیدا، لە ناو حەشیمەتی عەڕەب لە ڕەقا و شوێنەکانی تر – و ئەمن چووم و لە میتینگی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقا و شوێنەکانی دی بەشداریم کرد – کوردەکان زۆر ئامادەتر بوون بۆ وەخۆ نەکردنی هەر شتێکی کە  بگاتە ئەوەی کە ئیدارە بچێتەوە دەست ڕێژیمی سووریا  لە چاو هێندێک لە عەڕەبە سوننیەکان.  بۆ نمووونە ، بەرنامەی خوێندن و پەروەردە یەکێک لەو مژارانە بوو. هێندێک لە عەشیرەتە عەڕەبەکان و کەسایەتی سیاسی عەڕەب دەیانەویست بەرنامەی خوێندن و پەروەردەی رێژیمی ئەسەد دابمەزرێتەوە . لە کاتێکدا کوردەکان بە توندی لە دژی ئەوە بوون.
ڕێوایەتی باوی پێشوو ئەوە بوو کە پەیەدە زۆر لە ڕێژیمی سووریا نزیکە، بەڵام بارودۆخ لە سەر ئەرزی واقع ئەوەی وەدوایە داوە. پەیەدە، یان قەسەدە ، و ڕێژیمی سووریا ئێستا دوایین گرووپەکانن کە لە ناو سووریا دا ماونەتەوە، جا یان وتووێژێک لە نێوانیان دەست پێدەکا یان دەکرێ ئێمە چاوەڕێی کێشەیەک بین.

یان مورەی ( پارتیی کرێکار):  جا کەوا بوو وێدەچێ سەودایەکی زەوینی لە نێوان کوردەکانی سووریا و ئەسەد دا بکرێ؟ دەرفەتی شتێکی ئاوا چەندەیە؟


گونەی ییڵدز: بە پێویستیی هەر لە ناو دوو هێزان دا نا – ڕێژیمی سووریا و پەیەدە. ئەوە هەر وەها مژارێکی بەربڵاوتری ناونەتەوەیی یە. ئەوە بەستراوەتەوە بەوەی داخودا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرعۆدە دەبێ بۆ پشتیوانی لە کوردەکان، بە لانی کەمەوە لە ئاست هێرشی تورکیا و هێزەکانی دیکە، لە وانە ڕێژیمی سووریا خۆی. سەودای نێوان ڕووسیا و ئەمریکا ش شوێنی خۆی دەبێ. کوردەکان ئێستا گەمەیەک دەکەن کە خۆیان ناتوانن ڕێوشوێنەکانی دیاری بکەن.
لە ووڵامی پرسیارێک دا کە لە دانیشتنی پێشوو دا کرا، بریتانیا دەتوانێ دەورێکی گرینگ بگێڕێ  لە زۆر ئاستان دا لە ناو بزووتنەوە جیاوازە کوردییەکاندا. خەڵکێکی زۆر هەن لە کەدەپە و یەنەکە دا کە لێرە لە لەندەن خوێندوویانە ، لێرە کاریان کردووە یان لێرە گەورە بوون. دیپلٶماتێکی بریتانیایی لەو مژارانە دا دەتوانی قورساییەکی زۆر زیاتری هەبێ لە هەموو دیپڵۆماتێکی تری ئوڕووپایی، ئەگەرچی ڕەنگە ئەو قورساییەی بە قەدەر دیپڵۆماتێکی ئەمریکایی نەبێ. بزووتنەوەکانی لایەنگری پ.ک.ک ، پەیەدەش لە ناو دا، هەلوێستیان زۆر ئاشکرا بووە کە ئەوان پێیان خۆشە ڕاستەو ڕاست پێوەندییان لەگەڵ بریتانیا هەبێ. کاربەدەستانی بریتانیایی بە ڕێگای هێزی ئیتیلافەوە لە ڕەقا و لە شوێنی دیکە لەگەڵ قەسەدە دانوستاندنیان هەیە، و جێگری سەرۆکی ئیتیلاف ژەنەڕالێکی بریتانیایی یە، بەڵام هیچ پێوەندیی ڕاستەوخۆی نییە. پێوەندیی باشی بریتانیا لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی بەغدا ئیمتیازێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە لە دەوری یەک کۆ کاتەوە و ڕێ خۆش کا بۆ وتووێژ لە نێوانیان دا. ئەوە ڕەنگە یەک لە چەند شتان بێ کە دوای برێگزیت لە بەرژەوەندی بریتانیا دا بێ – واتە ئەوەی کە دەتوانێ وەک هێزێکی سەربەخۆ بجووڵێتەوە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لە دەوری یەک کۆ کاتەوە.

سەرۆک ( کۆنسێرڤاتیڤ): ئەمن پێم وایە ئێوە ووڵامی هەموو پرسیارەکانی ئێمەتان داوە. دوکتور کایا و ئاغای ییڵدز، بە ڕاستی زۆر سپاستان دەکەم بۆ ئەو کاتەی بۆ ئێمەتان تەرخان کرد و بۆ زانیارییەکانتان. هەتا بڵێی  مێهرەوانیتان نواند و ئەو دەرفەتتان پێ داین کە گوێ لە قسەکانتان ڕادێرین.

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی  






















No comments: