Thursday, November 26, 2015

دوای ٥٢ ساڵە قەدەغە، ئێستا کوردەکانی سوورییە لە خوێندنگەکان بە کوردی دەخوێنن




دوای ٥٢ ساڵە قەدەغە، ئێستا کوردەکانی سوورییە لە خوێندنگەکان بە کوردی
دەخوێنن
ئەلمۆنیتۆر ،٦ی نۆڤامبری ٢٠١٥
نووسینی: مەسعوود حامد
لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی  
دەرباسییە، سوورییە – کاتێک منداڵان بۆ ساڵی خۆێندنی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ لەو ناوچانەی کوردستانی سوورییە ناو نووسییان کرد کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پارتیی یەکێتی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە ) و هاوپەیمانانی دایە،بەرنامەی خوێندن و سیستمی  پەرەوەردە  بوونە هۆی واق ووڕمانی زۆر لە دانیشتووان
حکوومەتی ئۆتۆنۆم لە ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیارێکی دابوو کە لە خوێندنگەکان دا بە زمانی کوردی دەرس دابدرێ. بۆیە خوێندنی کوردی لە پۆلی یەکەمەوە تا پۆلی سێیەم لە بەرنامەی خوێندن زیاد کرا و  وەکو زمانی پەروەردەش دیاری کرا بۆ پلەکانی دیکەش. ئەوە هەنگاوێکی نەدیتراوە، چونکە لە ژێر حوکمی پارتیی بەعس دا  زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی سوورییە لە ساڵی ١٩٦٣وە قەدەغە کرابوو ، و ئەگەر کەسێک خەریکی فێر کردنی بایە دەستبەجێ دەگیرا.  
بڕیاری وەخۆ کردنی پێ خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکان لە لایەن هێندێک لە دانیشتووان، لەوانە کوردەکانیش بەرپەرچ درایەوە. ئەوانەی وا دژی ئەو بڕیارەن پێیان وایە ئەوە هەنگاوێکی لایەنگرانەیە و لە بەرژەوەندی سیستمی پەروەردە دا نییە و ئیدیعای ئەوە دەکەن ئەوە دەکرێ ببێتە هۆی ئەوەی شاگردێکی کەمترخۆ ناونووس کەن و لە خوێندن نەبان بن .
لە ساڵی ٢٠١٤، دەستەڵاتدارانی ناوچە کوردییەکان تێچووی چاپ کردنی کتێبیان بۆ دەرس پێ گوتنی کوردی پەیدا کرد و دەستیان کرد بە پەروەردەی مامۆستایان و ستافی کارامە بۆ ئەوەی چاوەدێری بکەن بە سەر پەروەردەی منداڵان دا. کاربەدەستان لەوە باوەڕە دان  پێ خوێندنی منداڵان بە زمانی  بوومی خۆیان پێداویستییەکە بۆ  گەورەکردنی وەچەیەکی کە ووڵاتی خۆی خۆش بوێ.
ئەکڕەم حیسۆ، سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری خۆسەری دێمۆکڕاتیکی ئەستانی جزێرێ  بە بڵاوکراوەی ئەلمۆنیتۆری گوت: ،" گوتنەوەی زمانێکی دایکی لە خوێندنگەیان جۆرەیەکە لە وەدیهێنان و بە کارهێنانی مافە کولتوورییەکان. ئەو مافانە دەبێ وەپێش بخرێن بۆ بەڕێوەبردنی دێمۆکراسی لە هەموو ووڵاتێک دا. کاتێک ئیدارەی خۆسەری دێمۆکڕاتیک، بە ڕێگای کۆمیتەی پەروەردەوە بڕیاری دا خوێندنی زمانی دایکیی بە کوردی و هەر وەها بە زمانی سوریانی و عەڕەبی بخاتە ناو بەرنامەی خوێندنی خوێندنگەیانەوە، دەرفەتێکی پێک هێنا بۆ ئەوەی بە زمانگەلی جیاواز دەرس دابدرێ  بە مەبەستی دامەزراندنی دێمۆکڕاسی و پاراستنی کەلەپووری هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە ڕۆژئاوا [ کوردستانی سوورییە] بەیەکەوە دەژین."
حیسۆ لە قسەکانی زیاد کرد. " ئێمە وەکوو ڕێکخەری گشتی  ئێدارەی خۆسەریی دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاوا، لێ بڕاین بە هەموو هێزی خۆمانەوە پشتیوانی لەو بڕیارە بکەین. ئێمە لەوە پاشگەز نابینەوە چونکە توانایی بۆ دابەزاندنی دێمۆکڕاسی لە تەک بڕیاری ڕۆژئاوا دا یەک دەگرێتەوە. ئیدارەی خۆسەریی دێمۆکڕاتیک توانایی ئەوەی هەیە سوورییەکی نوێ ساز بکا، سوورییەیەکی فێدێڕاڵی یەکگرتوو  بۆ هەمووان. بەو پێیە، ئێمە دەتوانین دێمۆکڕاسی بۆ هەمووان لە سەر خاکی سوورییە دابمەزرێنین. "
بەر لە تەنینەوەی شۆڕش لە ساڵی ٢٠١١، کەمایەتییەکانی سورییە ، لەوانە کوردەکان، ئاسوورییەکان و تورکومانەکان  لە خوێندنگەیان دا هەر بە عەڕەبی پێیان دەخوێندرا، و زمانی دایکیی خۆیان لێ قەدەغە کرابوو. مزگین عەلی، خوێندکارێکی کوردی کە ئێستا زمانی کوردی دەخوێنێ ، دەیەوێ ببێتە مامۆستا بۆ ئەوەی بتوانێ دەرسی زمانی کوردی بە خەڵکی دیکە بڵێ. ئەو بە بڵاوکراوەی ئەلمۆنیتۆری گوت: ، " لە ڕابردوو دا ، ئێمە ڕێگەمان پێ نەدەدرا  وەکوو جوێندکار لە ناو خۆمان دا  بە زمانی دایکیی خۆمان قسە بکەین. بارودۆخی ئێستا بۆ زۆر لە کوردان وەک خەون وایە. ئەمن بەڕاستی  پێی شادم فێری زمانی دایکیی خۆم دەبم و  دەتوانم فێری ئەو دۆستە عەڕەبانەمی بکەم کە نای زانن. بەو شێوەیە ئێمە باشتر لە یەکدی تێ دەگەین کاتێک باسی ژیان دەکەین."
ئیدارەی خۆسەری دێمۆکڕاتیک ئێستا خەریکی ئامادە کردنی ستافی ئاوایە بۆ ئەوەی بتوانن پەرەوەردەی بەرایی سەردەمی منداڵی ڕاپەڕێنن. حکوومەتی سوورییە هێشتا ئەو بڕیارەی پەسند نەکردووە ، و پارتییە سیاسییە کوردییەکانیش پەسندی ناکەن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ئۆتۆنۆم ئەو بڕیارە بەرەو پێش دەبا.
سۆزدار موحەمەد ئەلموحەمەدی ، کە ئەندامێکی تەفگەڕیی زمانی کوردی و چاوەدێرێکی پەروەردەی زمانی کوردییە و لە زانکۆی ئەلتشرین  کۆمەڵناسی خوێندووە، بە ئەلمۆنیتۆری گوت ، " سەڕەڕای دژوارییەکان، ئێمە ئیستا خەریکی تەجروبە فێر بوونین ، ئێمە دڵنیاین سەرکەوتن ئی ئێمەیە، چونکە ئێمە ستافی تەواومان هەیە بۆ ئەوەی لە پلەی سەرەتایی و نیوەی ئیمدادی دا بە عەڕەبی و کوردی دەرس بڵێنەوە، بە تایبەتی لە بەر ئەوەی کە هێندێک لە فێرکارەکان  خوێندنی ئاکادێمی خۆیان  هەم بە کوردی و هەم بە عەڕەبی خوێندووە، و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان  خوێندنی زانکۆیی خۆیان لە هەموو  بەشەکاندا لە سوورییە تەواو کردووە.
" ئێمە سیستمێکی پەروەردەیی ئاوامان لە ناوچەکانی خۆمان لە ژێر ڕووناکایی ئەو بڕیارە بەرەو پێش بردووە کە لە کۆنفڕانسێک دا لە ڕۆژئاوا ، کوردستان  لە ٢٥ی ئووتی ٢٠١٥  پەسند کرا. هەموو پێکهاتەکانی سوورییە ، عەڕەبەکان، سوریانییەکان و کوردەکان، پەسندیان کرد. بە پێی ئەو بڕیارە هەموو پێکهاتەکان بۆیان هەیە لە پۆلی یەکەمەوە تا پۆلی سێیەم بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن.  ئێمە بۆ هەموو منداڵەکانمان و هەموو پێکهاتەکان کار دەکەین. لە بەر ئەوە ئەو مامۆستایانەی کە لە زانکۆکانی سوورییە دا پەروەردەیان دیتووە  تەرخانمان کردوون بۆ منداڵانی عەڕەب کە زمانی کوردی  نازانن. ئەو لە قسەکانی زیاد کرد و گوتی: ئەو مامۆستایانە لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی خوێندنگەیان لە بەر کار نراون. هێندێکان گۆڕینی مێتۆدی دەرس گوتنەوە و بەرنامەی خوێندن  لە کوردستانی سوورییە وەک سەرەتای دابەشکردنی سوورییە دەبینن ، و بەشێکی دیکەش ئەو بەرنامەی خوێندنە تازەیە بە داگیرکاریی کوردیی دادەنێن. ئەو دانیشتووانەی ئەلمۆنیتۆر قسەی لەگەڵ کردن گوتیان ئەوان هەموو حەولی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن بە زمانی خۆجێیی  خۆیان بخوێنن. ئەوە یارمەتی دەکا بە کوردانی میردمنداڵ هەم زاراوەی کوردی و هەم  زاراوەی عەڕەبی لە ئەنباری ووشەی خۆیان زیاد کەن کە لە ژیانی ڕۆژانە دا پێویستیان پێیانە.

مەسعوود حامد ماستری ڕۆژنامەنوسی یە و ئێستا خوێندکاری دوکتورایە لە زانکۆی سۆربۆن، پاریس. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی  ئازادیی سایبری ڕۆژنامەنووسانی بێ سنووری بردەوە و ئێستا بەڕێوەبەری کۆمەڵەی میدیایی نوودەم ە 
لە سوورییە.


کوردەکانی سوورییە خەریکی خوێندنەوەن بە زمانی کوردی لە دێرک ، لە حەسەکە ، سوورییە ، ٣١ی ئۆکتۆبری
٢٠١٢  
وێنە:
ڕۆیتێرز/ تاهیر ئەلسودانی

Thursday, November 12, 2015

بار و دۆخی دوای هەڵبژاردنی گشتی لە تورکییە


دوکتور عەبباس وەلی لە بەرنامەی ئانالیزی تێلێڤیزیۆنی ستێرک دا  ووڵامی پرسیارەکانی نەجیبە قەرەداغی دەداتەوە  سەبارەت بە بار و دۆخی  دوای هەڵبژاردنی گشتی  لە تورکییە ، ئێوارەی دووشەمە ٩ی نۆوامبری ٢٠١٥

نەجیبە قەرەداغی : دەستپێکردنەوەی قۆناغی توند و تیژی لە سەروبەندی هەلبژاردن ئەوەی کە ئەمرۆش لە فارقین ڕوودەدات ئیشارەتی چیە ؟ داخۆ ئیشارەتی حەوالە کردنەوەی پرسی کوردە بە ئەرتەش؟

پ.دکتۆر عەباسی وەلی: بە باوەڕی من ئەو وەزعەی کە ئەلئان هاتۆتە پێشەوە وەزعی تایبەتی پاش هەلبژاردنە و ئەو ناکۆکیانەی کە لە دەورەی هەڵبژاردنێ دا  بووە ، دەبێ ئینتیزار هەبێ کە پاش مودەتێکی مەیدانێکی تازە بکرێتەوە وەلی ئەگەر ئەو وەزعە بەردەوام بێ  دیارە رێگایەک بۆ چارەسەری ، ڕێگایە  بۆ ئاشتی و جێگایەک بۆ موزاکەرە نامێنێ،  ئەمن فکر دەکەم کە ئەلئانەکە هەردووک لا هەم حکومەتی  تورکیا و هەم حیزبی کرێکارانی کوردستان لە واقیعدا ئیرادەی یەکتری دەو مەوریدەی دا  تاقی دەکەنەوە ، بە باوەڕی من  ئەنجامی ئەوەی دەبێ بەو جێیەی بگات کە دەبێ مەیدانێکی تازە بکرێتەوە ئەما ئەوەی کە حدوود  و سنووری ئەو مەیدانەی چەندە دەبێ ،  ئایا وەک پێشتر دەبێ یا وەزعێکی  تازە دێتە پێشێ جارێ  مەعلووم  نیە بەلام بە باوەڕی من ئێستا زۆر زووە کە لەسەر ئەو  وەزعەی کە ئەلئان  دەو حەفتەیەیدا، لەو حەوت رۆژەی دا هاتۆتە پێشێ لە سەر ئەنجامی موزاکەرات و پرۆسەی  ئاشتی بڕیار بدەن. ئەلئان ئەو دوو هێزانە بە باوەڕی من ئیرادەی یەکتری، توانایی یەکتری وهەرواتر  ئیرادە بۆ دانیشتن و قسەر کردن یا ئیرادە بۆ بەردەوامبوون لەسەر شەڕکردنێ لەگەڵ یەکتردا تاقی دەکەنەوە ، ئەوە ئاساییە لە سیاسەت دا کە پاش وەزعێکی قەیران کاتێ هێزەکان لەگەڵ یەکتر ڕووبەڕوو دەبن ، یەکسەر ڕوو لە ئاشتی ناکەن من ئێستا باوەڕم بەوە هەیە ئەگەر لە لایەنی حکومەتەوە ئیرادەیەک ببێ وئەو ئیرادەیە لە چوارچێوەیەکی تازەدا نیشان بدرێ ئیحتمالی زۆر هەیە لە ماوەی چەند هەفتەی دیکەدا گۆڕانکاریەک لە دۆخەکەدا ببینین.

پرسیار : لەسەربەندی بەرخوەدانی کۆبانێ ، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ، لە گەرمەی دانوسانەکانی نێوان شاندی دەولەت و بەریز ئۆجالان دا، بەریز ئۆجالان دەیگوت پرۆسەی  ئاشتی پەیوەستە بە کۆبانێوە ، لەبەرامبەر ئەوەدا ئەرۆدغان دەیگوت " کۆبانێ ها دەکەوێ و ها کەوتووە" پرۆسەی سیاسی لە دوای قۆناغی هەلبژاردنەوە پەیوەستە بە چی ؟ چ کاریگەری لە سەر دەکات ؟

پ.دکتۆر عەباسی وەلی: تەنیا کۆبانێ نا ، ئەو دۆخەی لە رۆژئاوا هەیە کاریگەری هەبووە ، کاریگەری دەبێ لە سەر پەیوەندیی شێمانەیی  نێوان حکوومەتی تورکیا و هێزەکانی کوردی بە تایبەتی حیزبی کرێکارانی کوردستان. ئەوە کاریگەری دەبێ .  بەلام من باوەڕم بەوەیە لە هەمان کات دا کە دەبێ مەسەلەی ڕۆژئاوا لە بەرچاوبگیرێ، و سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە رۆژئاوا دەبێ  لەبەرچاو بگیرێ بەڵام بە باوەڕی من ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەبێ  کە ئەو دوانە یان وەزعی فێعلی لە تورکیا و قەیرانی ئێستا لە تورکیا و  پرۆسەی شێمانەیی دووبارەبوونەوەی دانوسان لێک ببەسترێتەوە، ئەو دوانە پێکەوە ئیرتیباتیان یەکجار زۆرە ، نزیکژیان هەیە  و  پەیوەندیان پێکەوە هەیە بەلام ئەو دوانە  تابعی هێز و موحاسەباتێکی جیاوازن ، ئێستا لە سوریا چەندین هێز لە دۆخی سوریادا تەدەخول دەکەن ، ڕوسیایە ، ئێرانە ، تورکیایە ، قەتەرە، عەرەبستانی سعوودیە ، ئەمریکایە، هەندێک لە هێزەکانی ئەوروپایی وەک فەرانسە ، لەوانەیە بەم زوانەش ئینگلیزیش بێ ، ئەوە بەو واتایە دێت کە لەوێ  مەیدانی سیاسی هێزی چالاکی زۆری تێدایە، بەڵام  لە تورکیا دوو هێز هەیە . حکوومەتی تورکیا و حەرەکەتی کوردی بە تایبەتی پەکەکە . بۆیە  بە باوەڕی من محاسەباتی تایبەتی مەیدانی سیاسەتی تورکیا و مەسەلەی کورد لە تورکیا  لە هەمان کات دا کە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سوریا هەیە محاسەباتەکەی جیاوازی هەیە، بە باوەڕی من ئەوە  هەڵەیەک دەبێ کە ئەو دووانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لێک ببەستینەوە بڵێین کە  ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێ  پێش شەرت و مەرجی ئەساسی دەستپێکردن یان دەست پێنەکردنی  موزاکەرات دەبێ .

پرسیار: لە ئیستا بە دواوە پرۆسەی سیاسی لە تورکیا چۆن بەرێوەدەچێ لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت و ئەو پرۆسەیەی کە لە باکوری کوردستان و تورکیا چۆن بەرێوە دەچێ ؟

پ.دکتۆر عەباسی وەلی:  دەبێ سەرەتا شەڕ ڕاوەستێ چ بە شێوەیەکی زارەکی یان بە شێوەی موزاکەرە ، دوای ئەوەی کە شەڕ ڕاوەستا پاش ئەوەی پەرلەمانی تازە دەستی بەکار کرد ، ئەو دەمی بەرەو ئەوە دەچین کە  بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن مەسەلەی کورد بگەرێنینەوە نێو پرۆسەی سیاسەتی تورکیا ، بەڵام  ئەو هەڵانەی کە پێشتر کراوە بە باوەڕی من  نابێ  دووبارە بکرێتەوە. ئەویش ئەوەیە کە  بە باوەڕی من بزوتنەوەی کوردی و نوێنەرایەتی بزوتنەوەی کوردی دەبێ لەگەڵ مەرجەعێکی قانوونی هەلبژێردراوی پەرلەمانی ، لە کۆمسیۆنێک یان کۆنسەیەک موزاکەرە بکات نەک لەگەل هێزەکانی ئەمەنی ئەگەر لەگەل هێزەکانی ئەمنی بێ ئەو موزاکەرەیە شەرعیەتی دەکەوێتە مەترسیەوە ، لە جاری پێشوو زۆر زیاترە کە ئەوەی کە حکومەت بێت و نکوڵی بکات کە موزاکەرەیەکی لەو شێوەیە هەبووە ، وەک ئەوەی کە دانیشتنی دۆڵمە باخچە ئینکار کرا ، ئەگەر ئەوە بە شێوەیەکی داکومێنت کراو لە چوارچێوەیەکی قانونی دا ئەنجام بگرێ وەک ئەمرێکی واقع دەبێ ،و نکووڵی لێ کردنی زەحمەت  دەبێ. بە باوەڕی من  نابی ئەو هەلەیە دووبارە بێتەوە. لە لایەکی تر چونکە حکومەت لە هەلومەرجێکدایە کە لەم هەلبژاردنەدا کە تا حەدێکی زۆر هێزی خۆی تاقی کردۆتەوە زۆر متمانەی بە خۆی هەیە موشکلەیە کە بە سادەیی بێتە مەیدانی پرۆسەی موزاکەرات بۆ ئەوەش دەبێ فشار بێتە سەر حکوومەت لە تەرەفی هێزەکانی دیکە و باوەڕم بەوەیە کە هێزی فشاری سەرەکی دەبێ لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بێ، لەبەرئەوەی کە هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا تا ئاستێک فەشەلەیان هێناوە لەوەی کە بەرەیەکی دیموکراتی بۆ فشار هێنان بۆ سەر ئەم حکوومەتە دروست بکەن زۆر کەمە،  من تەکید لەوە دەکەم کە دەبێ فشارەکە لە خوارەوە ڕا بێ لە کۆمەلگەی مەدەنیەوە، حکومەت ئیحساس بکات کە دەیەوێ ئەنجامیان بدات بەرەو حالەتێکی ئاسایی بەرێتەوە. بەتایبەتی دۆخی ئابوری لە تورکیا ئێستا مەسەلەیەکی ئەساسیە ئیحتیاجی بە پشتیوانی کۆمەلگە و هێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها هێزەکانی هەلبژێردراوی خەڵک لە پەرلەمان هەیە 


پرسیار: ئێوە باستان لە پێویستی فشاری مەدەنی کرد ، بەلام داخۆ کەم بونەوەی دەنگەکانی هەدەپە لە رۆژئاوای تورکیا دەستی هەدەپە لاواز دەکات بۆ  دەستپێکردنەوەی هەر دانوسانێک بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لە باکووری کوردستان لەگەل ئەوەی کە هەدەپە دەنگەکانی کەم نەبۆتەوە ، هەنگاو بە هەنگاو خۆسەری رادەگەیەنرێ لە شار  وناوچەکان ؟

پ.د.عەباس وەلی : ئەوانە دروستە. ئەگەر حسابی کورسیەکانی پەرلەمان بکەین ئەوە دەبێ بلێین کەلە هەلبژاردنی پێشووتردا لە دۆخێکی بەهێزتر دا بوو و ئێستاش ٥٩-٦٠ کورسی لەپەرلەمان هەیە بەلام دیسان دەتوانێ زۆر کاریگەری هەبێ. ئەو کاریگەری لەسەر ئەودەبێ کە ئەگەر حکومەت بیەوێ چاکسازی ، ڕیفۆرم لە تورکیا بکات بەو واتایەی کە ئیستقراری دەسەلاتی خۆی دابین بکات  باشتر دابین بکات ، ئەگەر بیەوێ ئەوە بکات دەبێ دەستوری بنەرەتی بگۆڕێ ، لە پارڵمان  ئەوەندەی کورسی پیویستی نیە کە بیەوێ بە تەنیا ئەو کارە بکات  و نیازی بەوەیە ڕیفراندۆم بکات، ئەگەر نەیەوێ ڕێفڕاندۆم بکا  دەبێ لەگەل هێزێکی تر ئیتیلاف بکات ، هەدەپەش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوە بەلام لەگەل ئەوە نیە کە سیستەمی حکومەتی وەک ئەوەی کە سیستەمی سەرۆک کۆماری بەهێز بە شێوەیەک لەوەی ئەمەریکا دەچێ و سەرۆک کۆمار جەنابی ئەرۆدغان دەیەوێ دایمەزرینێ ، هەدەپە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە لەگەل ئەوە نیە ، وەلێ مەسەلەیەکی تر هەیە دەبێ وەبەرچاو بگیرێ یەکێک لە ئاکامەکانی  ئەو هەلبژاردنەی دوایی ئەوە بوو کە هێزی سونەتی " نەریتی"ناسیۆنالیستی تورکیا، حیزبی حەرەکەتی میللی  (مەهەپە ) تووشی داڕووخانێکی گەورە بوو، ٣٩ نوێنەری لە دەستدا، دەنگەکانی  نیوە بووە بەشی زۆری ئەو دەنگانە چوو بۆ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەلاتدار، ئەوە بەو واتایە دێت کە لەمەیدانی سیاسەتی تورکیادا حزبی حاکم خۆی لە تورکیادا هێزی سەرەکیە لە نوێنەرایەتیکردنی هێزی ئیسلامی سیاسی و هەم نەتەوایەتی "ناسیۆنالیستی " تورک ئەوە بە نیسبەت شەش مانگ یان سالێک لەمەوبەر دەستی ئاوەڵاترە لەوەی کەلە دانوساندا بتوانێ ئیمتیازاتی زۆرتر بدات و ئیمتیازات وەرگرێ چونکە پێشتر بوونی مەهەپە و ئەو سیاسەتی مەنفی کە هەرشتێکی پەیوەندی بە مەسەلەی کوردەوە هەبوو ڤیتۆی دەکرد و بەشداری نەدەکرد بەوەش حزبی حاکم هێندێک  رای خۆی لە دەست نەدا و هێندێک  پشتیوانی خۆی لە دەست نەدا و بۆ ئەوەی دەنگەکانی نەچنە لای مەهەپە مەجبور بوو لە مەیدانی سیاسی دا جۆرێک تەعامول بکات لەسەر ئەو مەسەلانە.

پرسیار : بۆچونێک هەیە کە ئەم دەنگانەی لە مەهەپە چووە بۆ ئاکەپە لە چوارچێوەی ریکەوتنێکی ژێر بە ژێر هەردوولایە بۆ ئەوەی کە دەستی ئاکەپە کراوەتر بێ بۆ لەناو بردنی کورد و بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد ، ئێوە پێتان وا نیە کە رێ لە سەر شەرێک بکاتەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵ دەرچێ لە کاتێکدا کە گەلی کورد وا هەست بکات ١٣ سالە دەخەلەتێنرێ لە مەسەلەی چارەسەری دا ؟

پ.د.عەباس وەلی :  من پێم وایە ئەو مەسەلەیە دروست نیە، من پێم وانییە رێکەوتنێکی بەو شێوەیە کە ئێوە باسی دەکەن  هەبێ کە پێشتر کەسانێکی تر وتوویانە نیە کە حاڵەتی پیلانگێڕ ئاوا نەبووە ، بەڵکو حیزبی  بزوتنەوەی میللی بەشێوەیەکی زۆر  جدی تووشی ئەو موشکیلەیە بووە ، رای خۆی لە دەستداوە و زۆرتریش لە دەست دەدات،  لەوەدا نابێ تەردید ببێ بەلام کاتێ ئەو دەنگانە لە دەست چوو چ هەلومەرجێک هاتۆتە پێشەوە ، دەزانین کە جەهەپە هێزەکەی نەگٶڕاوە، تا ئاستێک هەدەپە هێزەکەی کەمی کردووە بەلام ئەوە لە بایەخی هەدەپەی وەک هیزێکی ستراتیژی کەم نەکردۆتەوە لە سیاسەتی تورکیادا، ئەوەی گرنگە تا چ حەدێک نیسبەت بە سیاسەتەکانی لە خودی کۆمەڵگەی کوردی و هەروەها لە بزوتنەوەی کوردی دا پشتوانی دەکرێ ، ئەوەی کە هەدەپە بەهێز دەکات ئەو پشتیوانییەیە کە بزووتنەوەی کوردی بە تایبەتی حیزبی کرێکارانی کوردستان دەیدا بە هەدەپەی . ئەو سیاسەتێک و ستراتیژیەک پەیڕەو دەکا هەدەپە بتوانێ بە ئەساسی ئەو ستراتیژیە  لە سیاسەتی تورکیا دا ببێ بە فاکتور و هێزێکی چالاک.  ئەگەر هەدەپە بەرەو سیاسەتێکی بڕوات کە جیاوازی هەبێ لەگەل سیاسەتێک کە بزوتنەوەی کورد لە لایەکی ترەوە کە دەیەوێ بە باوەڕی من مەیدانێک دەکرێتەوە بۆ نفوزی حزبی حاکم  لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێ  یەکگرتوویەکی ستراتیژیک لەسەر مەسەلەی ئاشتی هەبێ . ئەو یەکگرتووییە ستراتیژییە بە باوەڕی من دەبێ لە هەردوولاوە ئیدارە بکرێ هەم لە شاری و هەم لەشاخی ، هەروەها وەزعێکی تریش هەیە کە دەکرێ بێتە پێشێ کە ئیمکاناتێک ئەگەری هەیە بێتە پێش و دوور نیە سەرۆکی پەکەکە بەرێز ئۆجالان واردی مەیدانی سیاسەت ببێ بەو شێوەیەی کە بینراوە لە رابردوو کە ئەو زۆر بەرەو ئەوە دەڕوات کە ستراتیژی یەکگرتوو بەینی هەموو لایەنەکانی حەرەکەتی کوردی بێتە پێشێ و بتوانن بە شێوەیەکی ستراتیژی یەکگرتوو لەگەل حکومەت ڕووبەڕووبن و بتوانن لێرەدا کار بکەن.

پرسیار : بەرێز د.عەباس ئیوە باس لە گرنگی واردبونی بەریز ئۆجالان لەو  مەیدانەدا دەکەن  بەلام ئامانج لەو گۆشەگیریە توندەی کە لە ٤ نیسانەوە لەسەر بەرێز ئۆجالان بەرێوەدەبرێ چیە ؟

پ.د.عەباس وەلی : بە رای من جێکردنەوە لە کاری سیاسی دا کێشەیەک نیە تایبەتی بۆ حزبی حاکم . دەکرێ سیاسەتێک بۆ ئەوان دوێنێ سوودی هەبووبێ ئەمرۆ سوودی نەبێ. ئەوە دەلیل نیە کە ئەوان نەتوانن هەلوێستی خۆیان بگۆڕن ، لەوانەیە ئەو هەلوێستە بە زەحمەت بگۆڕێ لەوانەیە زۆری لەسەر بڕۆن و توندی بکێشن. هیچ شتێک لە سیاسەت دا سابت "جێگیر" نیە .ئەگەر لە سیاسەتێ دا قانوونێک هەبێ کە ئەو قانوونە هەمیشە دروستە ئەویش ئەوەیە کە هیچ شتێک لە سیاسەت دا سابیت نییە  تەنانەت بۆ یەک لەحزە ، جا ئەگەر ئەوە بێ ، ئەمن فکر دەکەمەوە کە ئەگەر حزبی حاکم بە سوودی خۆی بزانێ ئەگەر بزانێ لە بەرژوەندی حزبی حاکمە، ئەوە موزاکەرە دەستپێبکاتەوە و ئەو کاتە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێ رۆلێکی چالاکی لەوەدا هەبێ کە یەکگرتوویەکی سیاسی و ستراتیژی بداتە حەرەکەتی کوردی بە باوەڕی من ئەو کارەی دەکەن ، لە سیاسەت دا رۆژێک یەکێک دوژمنە رۆژێکی تر دەبێتە دۆست لە دوایی دا دەبێتە هاوکار و موزاکەرەی لەگەل دەکەی هیچ شتێک سابت نیە لە سیاسەت دا.

نەجیبە قەرەداغی: بەلێ بەرێز دوکتور عەباسی وەلی مامۆستای زانکۆی بوغازیچی ئەستەمبول زۆر سوپاس بۆ بەشداری کردنتان، شەوتان باش

پ.د.عەباس وەلی : شەوی ئێوەش باش

سەرچاوە : وێبنووسی  دەنگ و ڕەنگ، بۆ خوێندنەوەی ووڵامی میوانێکی  دیکەی بەرنامەکە  بڕوانە:

http://dengureng.blogspot.be/2015_11_01_archive.html





Wednesday, November 4, 2015

ئاکامی هەڵبژاردنی پارڵمانیی تورکییە

            بەرنامەی "صفحە ٢ " ی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی لەمەڕ  ئاکامەکانی هەڵبژاردنی گشتی لە  تورکییە              
بەرواری بڵاو بوونەوە: سێشەمە شەو ٣ ی نۆوامبری ٢٠١٥ ، سەعاتی ٢٠:٣٠  بە کاتی ناوەندیی ئوڕووپا
پێشکێشکاری بەرنامە: مێهدی پەرپەنچی
لە فارسییەوە: حەسەن قازی
پەرپەنچی: ئایا خەڵکی تورکییە لە هەڵبژاردنی پاڕڵمانی ئەو حەوتوویە دا دەنگیان دا بە پارتیی داد و گەشە پێدان یان بە هێمنی و گەشە سەندنی ئابووری؟ بەرپرسیارەتی ناهێمنی بەربڵاو لە مانگەکانی بەر لە هەڵبژاردن دا لە ئەستۆی چ کەسانێک بوو و ئەو بێ سەباتییە بە چ شێوەیەک کاریگەری هەبوو لە سەر ئاکامی هەڵبژارنەکە؟
سڵاوتان لێ بێ و بەخێر بێن بۆ ئەم بەرنامەیە!

ئاکامی هەڵبژاردنی پارڵمانی ئەو حەوتوویەی تورکییە نە لەگەڵ پێشبینی لێکدەرەوەکان چ خزمایەتییەکی هەبوو و نە لەگەڵ ئاکامی بیر پێوانەکان. بە پێچەوانەی هەموو ئەوانە ئەو هەڵبژاردنە جارێکی دیکە دەستەڵاتی بە پارتییەک ئەسپارد کە لە هەڵبژاردنی ٦ مانگ لەوە پێش دا نەیتوانیبوو کورسی پێویست بۆ  پێک هێنانی حکوومەت وەدەست بهێنێ. پارتیی داد و گەشە پێدان کە لەماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو لە شانۆی سیاسی تورکییە دا قسەی ئەوەڵ و ئاخری کردووە لە هەڵبژاردنی شەش مانگ لەمەو پێش دا نەیتوانی حکوومەت پێک بهێنێ و  زۆر کەس ئەوەیان بە  دەستپێکی لە کورتیی دان و نوشوستی خوشەویستی ئەو پارتییە وەحیساب هێنا. بەڵام لە ماوەی ٦ مانگ دا ' داد و گەشە پێدان ' توانی بە لێبڕاوی بگاتە سەرکەوتن. دیارە سەبارەت بە چلۆنایەتی ئەو سەرکەوتنە هێندێک بەڵام و ئەگەر هەنە بۆ وێنە چاوەدێرانی یەکێتیی ئوڕووپا لەو باوەڕە دان ئەو هەڵبژاردنە لەگەڵ ئەوەشدا کە ئازاد بوو بەڵام مونسیفانە نەبوو. چاوەدێرە ئوڕووپاییەکان باسی فەزای ترساندن، توندوتیژییان کردووە و دەکار کردنی بەربەست کردنی ئازادیی بەیان بە دەم ڕکەبەرەییە کانی هەڵبژاردن دا و ڕەخنەیان لێ گرتووە. سەبارەت بە شێوەی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە و ئەو داهاتوویەی کە چاوەڕێی تورکییە دەکا لەم بەرنامەیە دا زیاتر دەدوێین لەگەڵ کامڕان مەتین  مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس، کە لە برایتۆنەوە لەگەڵمانە، پەیمان عارف لێکۆلەرەوەی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئانکارا کە لە ئەستەنبووڵەوە لەگەڵمان دەبێ و عەلیڕەزا جەوانبەخت ڕۆژنامەنووس و لێکدەرەوەی کاروبارەکانی تورکییە لە ڤانکۆووفێرەوە لە ماوەی بەرنامە دا هاوڕییمان دەکا. زۆر سپاسی هەر سێک کاکەکان دەکەم.
کاک مەتین ئێوە شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردنەکەی مانگی حوزەیران کە تێێدا هەر وەک گوتم پارتیی داد و گەشە پێدان نەیتوانی  دەنگی پێویست  وەدەست بهێنێ و کەمتا زۆریش دەکرێ بگوترێ شانی وەبەر ساز کردنی کوالیسیۆن  نەدا ، لە ٦ مانگی ڕابردوو دا لە تورکییە چ ڕوویدا کە ئەو پارتییە توانی دیسان تەواوی ئەو دەنگانەی کە لە دەستی
دابوو بگەڕێنێتەوە؟



کامڕان مەتین: بەڵێ ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە چونکە سەرنج دانە سەر ئەوەی کە چ شتێکی سەرەکی لە ماوەی ئەو پێنج شەش مانگە دا گۆڕاوە لە ڕاستییدا کلیلی تێگەیشتن یان دەرک پێ کردنی سەرکەوتنی پارتیی ئاکەپە یە و ئەمەش ئەوەیە شتێکی کە گۆڕاوە و هەستی پێ دەکرێ هەم بۆ چاوەدێران و هەم خەڵک لە تورکییە مەسەلەی توندو تیژی و مەسەلەی نەبوونی ئەمنییەت بوو. و ئەوە گرینگترین مەسەلە بووە کە کاردانەوەی هەبووە لە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و ئەو نەبوونی ئەمنییەت و هەبوونی توند و تیژییە و زیاد کردنی لە ئاستێکی زۆر هەراو دا ئاکامی جۆر بە جۆری هەبووە بۆ وێنە لە مانگی دوایی بەر لەهەڵبژاردن دا واتە دوای بۆمب تەقینەوە لە ئانکارا پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان لە جێدا هەموو کەمپەین و بەربەرەکانی هەڵبژاردنی خۆی تەعتیل کرد ، لە زۆر شوێنی جیاوازی تورکییە هێرش کرا سەر  مەقەڕەکانی ئەو پارتییە، ئەندامەکانی دەستبە سەر کران، لایەنگرانی کەوتنە بەر گوشار. لە ڕاستیدا مێدیاکانی سەرەکی تورکییە زیاتر دەنگ دران بۆ تەبلیغ کردن بۆ پارتیی ئاکەپە و کاتێکی ئەوتۆ نەدرا بە پارتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن ، تەنانەت بە پارتییە سەرەکیترەکانیش وەک کۆمارخوازی گەل کە ڕۆژنامە سەرەکییەکانیان لە ژێر گوشار دابوون. چەند ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردن لە ڕاستیدا  هۆلدینگی میدیایی ئیپەک کە لە بزووتنەوەی گولەن نزیکە بە کردەوە داخرا و لە ڕاستیدا ئیمکاناتەکەیان وەگەر خرا بۆ بانگەشە کردن بۆ پارتیی داد و گەشە پێدان . بە باوەڕی من مەسەلەیەکی سەرەکی کە لەو ماوەیە دا گۆڕاوە لە ڕاستیدا مەسەلەی ئەمنییەت بووە و لە هەمان کاتدا مەسەلەی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە گەڵ پارتیی کرێکارانی کوردستان ، پ.ک.ک. ش بەشێک بووە لەو نەبوونی هێمنییە. بە باوەڕی من ئەوە هۆی سەرەکی یە ، بەڵام دیارە هۆی دیکەش هەن بۆ وێنە  لەو هەڵبژاردنەی دواییدا، یانی ئی پێرێ پارتیی ئاکەپە لە ڕاستیدا مەسەلەی بەڵێنە ئابوورییەکانی گەیاندە سەرەوەی کارە تەبلیغاتییەکانی و پێداگری لە سەر گۆڕینی قانوونی پنچینەیی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی کۆمار هەرچەند کە لە مانیفێستی هەڵبژاردن دا گونجاندبوویان بەڵام لە تەبلیغات و بانگەشەیان دا بەو شێوەیە دەوری تەوەرەی نەبوو . لەهێندێک لە ناوچەکان کاندیداکانیان گۆڕی ، کاندیدای باشتریان هێنا. لە هێندێک لە ناوچە کوردنشینەکان بۆ وێنە لە ئوستانی ئورفا کە لەوێ پێوەندیی عەشیرەیی زۆر بەهێزە پارتیی داد و گەشە پێدان لە ناو هەر کام لە عەشیرەتە گرینگەکانی ئەوێ کاندیدای دەستنیشان کرد و ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە لەو ئوستانە دا بەتایبەتی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان نیزیکەی سەد و پەنجاهەزار دەنگ لە کیس بدا. لە ڕاستیدا دەکرێ گشت ئەوانە بە هۆی سەرکەوتنی ئەمجارەی ئاکەپە دابندرێ بەڵام  هەر وەک گوتم پێم وایە مەسەلەی بێ سەباتی و نەبوونی ئەمنییەت و هەبوونی توندوتیژی کە بەگشتی بە قازانجی وێژمانی 
سیاسیی ئاکەپە بوو هۆی سەرەکی ئەوە بوو.
                                     

مێهدی پەرپەنچی: لەو بارەیەوە زیاتر قسە دەکەین. ئێوە لایەنە نەڕێنییەکانتان لە هەوەڵەوە هێنا گۆڕێ دوایە لایەنە ئەڕیییەکان. ئیزن بدەن هەر لە سەر لایەنە نەرێییەکان بچینە پێشێ و دوایە دێینە سەر لایەنی ئەرێیی  بابەتەکە یانی ئەو کارانەی کە داد وگەشە پێدان کردی، باسی ئابووری کە ئاماژەتان پێ کرد. بەڵام کاک عارف ئێوە لەوێ لە تورکییە هەرچۆنێک بێ لە نزیکەوە شاهیدی هەڵمەتی هەڵبژاردن و کەمپەینی پارتییە جیاوازەکان بوون . ئێوە پێتان وایە ڕەمزی سەرکەوتنی پارتیی داد و گەشەپێدان لە چی دا بوو؟



پەیمان عارف: بە سڵاو لە بینەرانی بە حورمەتی ئێوە، جەنابی پەرپەنچی ئازیز ئەمن لەو باوەڕە دام  کە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ساڵی ٢٠١٥ سەباتێکی سیاسی و لە ئاکامی ئەوە دا گەشەی ئابووری و ڕەفاهێک کە لەو گەشەی ئابوورییەوە پەیدا بووە هەرچۆنێک بێ کۆمەڵی تورکییە تەجرووبەی کردووە. و لەو پێنج مانگە دا کە بە هەڵکەوت هاوکات بوو لە گەڵ وەرزی سەردانی تووریستان لە تورکییە ، کە ئێوە دەزانن لە  ڕاستیدا ئابووری تورکییە چەندە بەستراوەتەوە بە سنعاتی تووریزم و جیهان گەڕان، لە ڕاستیدا ئەو بێ سەباتییە  و قەیرانی سیاسی سەدەمەیەکی بەرچاوی لە وەزعی ئابووری دا لە تورکییە . داکشانی نرخی دراوی نەتەوەیی تورکییە یەک لەو هۆکارە گرینگانە بوو  کە لە کۆمەڵی تورکییە دا مرۆڤ دەیتوانی لە هەموو کووچە و کۆڵانێک دا لە زمانی خەڵکەوە بیبیسێ . لەوەش دەڕچێ هەر وەک ئەوەی کە کاک مەتین فەرموویان هەرچۆنێک بێ فەزا چوو بەرەو ئەمنییەتی بوون و فەزایەکی توندوتێژی پێک هات کە لەو فەزا پر لە زەبر و زەنگە دا کە پشتیوانی دەکرا و هاوڕییی دەکرا لەتەک ڕادیکاڵ بوونی ناسیۆنالیزمی تورک لە لایەکەوە و سیاسەتی ترس و تۆقاندن لە ناوچە کوردنشینەکاندا لە لایەکی دیکەوە و هەر وەها بردنی ئەو فەزایە بەرەو دوفاقییەکی ئیسلامی گەریی لە بەرانبەر کفر دا، یان لە ڕاستییدا ئاتێئزم کە نیسبەت دەدرا بە ڕەوتەکانی سۆسیال – ناسیۆنالیستی  کورد لە ڕاستیدا، ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە توێژاڵکە موحافزەکارەکانی کوردەکان لە لایەکەوە هەست بە مەترسی دینی و لە لایەکی دیکەوە هەست بە مەترسیی ئابووری بکەن. و لە ڕاستییدا دەنگی هەدەپە، پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان لە نێو کوردەکان دا دابڕا و بە توندی کەم بووەوە.
مێهدی پەرپەنچی: کاک جەوانبەخت نوختەیەکی کە هەر دوو دۆستان ئاماژەیان پێ کرد باسی بێ سەباتی و نائەمنی بوو ، ئەو تەقینەوانەی  کە قەومان و هەر وەها سەدەمە وێکەوتن لە پێواژۆی ئاشتی و بە تەعبیرێک شکانی ئاگربەس  لەگەڵ پەکەکە. ئایا ئێوە بەرپرسی گشت ئەوانە بە پارتیی داد و گەشە پێدان دەزانن یان نا پێتان وایە هێندێک لایەن لە کوردەکانیش لەو نائەمنییە دا یان ساز کردنی ئەو نائەمنی و بێ سەباتییە دا بەرپرسیار بوون؟


عەلیڕەزا جەوانبەخت: بڕوانە، دۆستان ئاماژەیان کرد بە هێندێک مەسەلەی ئابووری کە ئەمنیش لەگەڵ زیاتریان ڕێکم ، ئەو مەسەلانەی کە بوونە هۆی ئەوە کە دیسان پارتیی داد و گەشەپێدان ، پارتیی ئاکەپە بتوانێ ببێتە نێونیشانی ئەو سەقامگرتووییەی کە خەڵک  چاوەڕێی دەکەن بەڵام، با ئەمن مەسەلەیەکی دیکەش بهێنمە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە لە تورکییە پارتییەکانی باڵی ڕاستی بەرەو ناوەند هەمیشە دەنگی زۆر دەهێننەوە، بەڵام ئەو جارە کە پارتیی داد و گەشە پێدان دەنگێکی زۆرتری هەبوو ، دەنگێکی کە چاوەڕوان نەدەکرا ، بیر پێوانەکانیش ئەوەی پێشبینی نەکرد بوو ، پێم خۆش بوو هۆیەکانی ئەوە باس بکەم. بە باوەڕی من ئەو مەسەلەی بێ سەباتی یەکێک لە هۆکارەکانە و بە باوەڕی من گرینگترین هۆکاریش نییە . لە هەڵبژاردنی حوزەیران دا خەڵک شانس و دەرفەتێکیان دا بە پارتییە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە ئەوان نەیانتوانی لەو پێنج شەش مانگە دا لەو دەرفەتە کەلک وەربگرن. ئەوان تەنانەت نەیانتوانی مۆتۆڕی پارڵمانیش وەکار بخەن.  بەرپرسیارەتی ئەو ناکاوییە لە پاڕڵمان دا  زیاتر خرا سەر ئەستۆی پارتیی حەڕەکەتی میلی ( مەهەپە)، بەڵام هەموو پارتییەکان لەوە زەرەریان کرد، پارتیی جەهەپەش لەوە دا زەرەری وێکەوت لە بەر ئەوەش لە جێی خۆیدا مایەوە و لەو هەڵبژاردنە دا هەر دوو نوێنەری زیاد کرد. سەبارەت بە بێ سەباتی و نەبوونی ئەمنییەت زیاتری لێکدانەوەکان بە تایبەتی ئەو لێکدانەوەیانەی کە لە لایەن میدیای نزیک لە هەدەپە یان میدیای نزیک لە دەستەی چەپ ئاژۆ  دەکران  حەولیان دەدا ئەوە هەر تەنێ لە ڕوانگەی ئاک پارتی؛ پارتیی داد و گەشەپێدانەوە لێک بدەنەوە ، بەڵام ئەو مەسەلانەی کە پەکەکەی بەرەو لای توند و تیژی ڕاکێشا بەشێک لەویش بەستراوەتەوە بە وەزعییەتێکی کە پەکەکە لە سووریە هەیەتی یانی ئەو سەرکەوتنەی کە پەکەکە  لە سوورییە وەدەستی هێنا ، توانی تا ڕادەیەک مەشڕووعییەتێک ئەگەرچی ڕەسمیش نەبێ ، بەڵام مەشڕووعییەتێک وەدەست بهێنێ و لقە سوورییەکەی توانی لەگەڵ کاربەدەستانی ووڵاتانی ڕۆژئاوایی دیدار بکا و بە کردەوە هاوکاری ووڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو ، هاوکاری نیزامی ووڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو و پەکەکە لەو پێواژۆیە دا حەولی دا کە ئەو ئامانجانەی هەیەتی، ئامانجی پەیمانی کۆنفێدرالیزمی کۆمەڵگە کوردییەکان ک.ج.ک. کۆنگرەی کۆمەڵگەکە کوردەکان ( کۆما جڤاکێن کوردستان  دروستە. وەرگێڕ ) لەمەڕ خۆسەری ، هەر ئەو خۆسەرییەی کە لە سوورییە  ئەنجامیان دا بوو بتوانن ئەوە بێنن بۆ تورکییەش ، بە بۆچونی من لەو بارەیەوە پ.ک.ک. هەڵەیەکی مێژوویی کرد و پێی وا بوو دەرفەتێکی مێژوویی وەدەست هێناوە کە دەتوانێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرنج و ڕووتێکردنە نێونەتەوەییە ئامانجی ئەوتۆ لە تورکییەش تەعقیب بکا.

مێهدی پەرپەنچی: و پێتان وایە ئەوە بووە هۆی وورووژاندنی مەیلی نەتەوەیی لە تورکییە دا، دیارە مەبەستم لە ناو نا کوردەکان دایە و بە زەرەری کوردەکان هەڵسووڕا. کاک مەتین  ئێوە لە سەر مەسەلەی نائەمنی جەختتان کردەوە، ئەوەی کە ساز کردنی ئەو بێ سەباتییە توانی یارمەتی بکا بە پارتیی داد و گەشە پێدان بۆ ئەوەی کە بتوانێ دیسان  لە سەر کورسی دانیشێتەوە، بەشێک لەو نائەمنییانە ئەوانەی بوون کە لە تەقینەوەکان دا شاهیدیان  بووین ، بەشێکیشی شکانی پێواژۆی ئاشتی و ئاگر بەس بوو لەگەڵ پ.ک.ک. کاک مەتین چ کەسێک ئەو ئاگر بەسەی هەڵوەشاندەوە؟

کامڕان مەتین: بەڵێ بەر لەوەی ئەمن  ووڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، ئاماژەیەکی خێرا دەکەم بە قسەکانی کاک جەوانبەخت . بەڕێزیان گوتیان کە خەڵک دەرفەتیان دا بە پارتییە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەڵام ئەوان لەو پێنج مانگە دا نەیانتوانی کارێک بکەن یان لە ڕاستیدا باوەڕی خەڵک بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن. من دڵنیا نیم لە پێنج مانگان دا پارتییەکان دەیانتوانی چ بکەن؟ ئەو پارتییانە خۆ  دەستەڵاتیان بە دەست  نەبوو. حکوومەتێکی تێپەڕ هەبوو و ئەو حکوومەتە تێپەڕە بە لەبەرچاوگرتنی گرانایی ئاکەپە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئاکەپە دا بووە. ئەو شتەی کە دەکرا ئەنجام بدرێ پێکهێنانی حکوومەتی ئیتیلافی بوو کە لە دوو نموونەی جەهەپە و مەهەپە دا ، هەر دوویان گشت نیشانەکان دەری دەخەن کە لە ڕاستییدا پارتیی ئاکەپە شەرتومەرجی ئەوتۆی لەگەڵ هێناونە گۆڕێ ، یان شەرتومەرجی لایەنی دیکەی بەشێوەیەک قەبووڵ نەکرد کە ئیتیلاف بکرێ.

مێهدی پەرپەنچی: ڕاستە ملی نەدا بۆ ئیتیلاف.

کامڕان مەتین: لە مەڕ بەرپرسیارەتی دەستپێکردنەوەی شەڕ. بە باوەڕی من بەرپرسیارەتی یەکەم لەسەر شانی حکوومەتە لەبەر ئەوەی گشت نیشانەکان دەری دەخەن کە ئەوان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هاوکاریان هەبووە لە گەڵ داعش،

مێهدی پەرپەنچی: بەڵام کاک مەتین کام لایەن ئاگر بەسی بە ڕەسمی هەڵوەشاندەوە؟

کامڕان مەتین: بە باوەڕی من کاک ئەردۆغان خۆی لە مانگی ئاوریلی ٢٠١٣ گوتی  کە ئێمە مەسەلەی کوردمان نییە و ئەو دەستەبەریانەی کە درابون و ڕێکەوتنیان لە سەر کرا بوو  بە دەم وتووێژە نهێنییەکان لە ئۆسڵۆ کە یەکێک لە مادەکانی ئەو ڕێکەوتنە ئامادەکردنی قانوونیی چلۆنایەتی مەسەلەی کورد، مەسەلەی چارەنووسی گریلاکانی پ.ک.ک. بوو کە کاتێک دەگەڕێنەوە بە پێی کام مادەی قانوونی تێکەڵ ببنەوە بە کۆمەڵی تورکییە ، مەسەلەی دیسان نووسینەوەی قانوونی بنچینەیی تورکییە کە لایەنە گرینگەکانی قانوونی دژی تێڕۆر  یان ئەوەی کە تورکییە ووڵاتێکی تاک نەتەوەییە هیچکام لەوانە لە ڕاستیدا [...]

مێهدی پەرپەنچی: کاک مەتین دیارە دەکرێ بگوتری کە گشت ئەو کارانەی حکوومەت کوردەکانی دنە دا، یان بە کۆنکرێتی پ.ک.ک.ی دنە دا بۆ ئەوەی بەرەو هەڵوەشاندنی ئاگر بەس بچێ. بەڵام  هەڵوەشاندنەوەی ئاگر بەسەکە خۆ حکوومەت نەیکرد دروستە ؟ پ.ک.ک. ئەنجامی دا.

کامڕان مەتین: بەڵێ لە مەڕ هەڵوەشاندنەوەی ئاگر بەس، خۆ کەسێک ناڵێ لەم ڕۆوە ئاگر بەس هەڵوەشا. هەڵوەشانەوەی ئاگر بەس بەو شێوەیە بوو کە دوای ماوەیەکی درێژی پشتیوانی ناڕاستەوخۆی حکوومەتی ئاکەپە لە داعش لە جەرەیانی کۆبانێ و هتد، لە سورووچ تەقینەوە گەورەکە قەوما و دوای ئەوە هێزەکانی نزیک لە پ.ک.ک کە هەڵبەت پ.ک.ک. هێشتاش دەڵێ لە ڕاستیدا ئێمە فەرمانی ئەو کارەمان نەدا ، ڕەنگە هێزی سەربەخۆ بووبن و هەر چۆنێک بێ ، ئەوانە دوو پۆلیسیان کوشت و دوای ئەوە ئێمە  دەستبەجێ شاهیدی شەڕێکی هەموو لایەنە بووین بە دژی پ.ک.ک. کە لە بەرانبەر ئەوە دا پ.ک.ک. دەستی کردەوە.

مێهدی پەرپەنچی: ئاکامی ئەو شەڕە  جەنابی مەتین بە قازانجی  پارتیی داد و گەشەپێدان تەواو بوو ، هەر چۆنێک بێ لە شەش مانگی ڕابردوو دا.

کامڕان مەتین: بە ووردی وایە!

مێهدی پەرپەنچی: بەڵام دەمەوێ بڵێم، هێندێکان لەو باوەڕە دان و دەڵێن ئەوە ڕاستە کە پارتیی داد و گەشەپێدان گوشاری هێنا یان  گەمەکەی بە جۆرێک بردە بەرەوە کە ئەو ئاگر بەسە بشکێ ، بەڵام پ.ک.ک.ش لێرە دا کەوتە داوی ئەو گەمەیەوە . دەیانتوانی ئەوە نەکەن . داخودا لێکدانەویەکی ئاوا دروستە؟

کامڕان مەتین: بەڵێ من لەگەڵ ئەوە ڕێکم کە ئەگەریش پ.ک.ک. لە قۆناخە بەراییەکان دا ناچار بوو ووڵام بداتەوە چونکە نەیدەتوانی ڕوخساری هێزێکی تەواو  لاواز و بێ دەستپێشخەری لە خۆی نیشان بدا تەنانەت لە لای لایەنگرانیشی ، بەڵام دەیتوانی دوای بڕگەیەکی کۆنکرێت ، لە ڕوانگەی تەواو عەسکەریشەوە دوای ئەوەی کە سەلماندیان دەتوانن بگەڕێنەوە ناو قووڵایی ناوچەکانی کوردستانی تورکییە و عەمەلییات بکەن، بەڵام دوای چەند حەفتە بە لانی کەمەوە ئەوان دەیانتوانی ووڵامی ئەرێی بدەنەوە بە داوخوازی ئاگر بەس کە لە لایەن پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلانەوە بەرز کرایەوە و بەکردەوە دیسان دەستپشخەری بگرنەوە دەست خۆیان.

مێهدی پەرپەنچی: بەڵام ئەو کارەیان نەکرد.

کامڕان مەتین: لەو بارەیەوە ئەوان هەڵەیان کرد ، دەبوو زۆر خێراتر بەر لە ڕۆژی تەقینەوەی ئانکارا لە ڕاستیدا ئاگربەسیان ڕابگەیاندبایە .

مێهدی پەرپەنچی: کاک عارف، پڕاتیکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان کە هەرچۆنێک بێ لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو دا زۆربەی کوردان پشتیوانیان لێ کردووە ئەلئان چۆن دەبینن ؟ هێندێک لە لێکدەرەوان لەو باوەڕەدان کە ئەو پارتییە ئەو مەودای کە پێویست بوو لە نێوان خۆی و پ.ک.ک. داینێ دای نەنا و ئاکامی ئەوە بە زەرەری تەواو بوو.

پەیمان عارف: ئەمن لە سەر ئەو باوەڕم کە قسەکەی  ئێوە ڕاستە.

مێهدی پەرپەنچی: هەلبەت دیارە ئەمە قسەی من نییە. ئەو قسانەم لە شوێنی جۆر بە جۆر دا خوێندووەتەوە،

پەیمان عارف: بەڵێ بەڵێ، مەبەستم ئەو ڕوانگەیەیە، قسەکەم  ڕاست دەکەمەوە. ئەو ڕوانگەیە ڕاستە، بەڵام ئەمن لەو باوەڕە دام کە پێدوایستی قەوارەیی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ئاوایە یانی هەدەپە زیاتر لەوە نەیدەتوانی خۆی لە پ.ک.ک. بە دوور بگرێ . لە ڕاستیدا هەدەپە مووڕەگە پشتێکی سەرەکی هەیە ، لە ڕاستیدا هەناوێکی سەرەکی هەیە کە پاڵ وە بەدەپەی پێشوو دەدا : ' بارش وە دێمۆکڕاسی  پارتسی ' واتە پارتیی ئاشتی و دێمۆکڕاسی کە لە ڕاستی دا ڕێکخستنی سەرەکی هەدەپەی لێ پێک دێ ، لە پەراوێزی مووڕەگەی پتەوی بەدەپە دا کە بە تەواوی ڕەوتێکی کوردییە ئێمە تێندینسی چەپ ئاژۆ، سۆسیالیست و هتد دەبینین، فێمێنیستان یان تورکانی سپی و ئەوانە. هەرچۆنێک بێ هەدەپە موڕەگەیەکی پتەوی هەیە ، ئەگەر ئەو مووڕەگە پتەوەی نەبایە بە لێبڕاوییەوە نەرم بوونێکی زیاتر لە هەدەپەوە دەبیندرا یان هەڵویستی زۆر قایمتر سەبارەت بە  پڕاتیکی پ.ک.ک و هەڵەکانی پ.ک.ک. و ئەوەی کە لە ڕاستیدا پ.ک.ک. لە زەوی ئاکەپە دا گەمەی کرد ، کاک مەتین یش ئەوەیان قەبووڵ بوو کە گەمە کە بە تەواوی بە قازانجی ئاکەپە تەواو دەبوو ، ئەو گەمەیە ساز درا و هەر چۆنێک بێ پ.ک.ک. ش لەو زەوییە دا گەمەی کرد و تەنانەت هەر وەک فەرموویان، دوای ئەوەی هەدەپە لە مانگی سێپتامبر دا داوای کرد لە هەر دوو لایەنی کێشەکە کە ئاگر بەس قەبووڵ بکەن ، بەڵام ملی نەدا بە ئاگر بەس. ئەمن لەو باوەڕە دام، هەرچۆنێک بێ  پ.ک.ک. ڕەوتێکی گریلاییە و ئەو جەرگ بەخۆداگرتنە سیاسییانە و هەڵسوکەوتی نەرم و هۆشمەندانەی سیاسی ڕەنگە نەبێ ، زیاتر مەیلی هەیە بە کردەوەی توند ، هەرچەند لە لای دیکەشەوە وەخرانی پێواژۆی ئاشتی و جێ بە جێ نەکرانی ئەو چاوەڕوانیانەی کە  لای هەیئەتی ئیمرالی پەیدا ببوون ، گشت ئەوانە بوونە هۆی ئەوە سەبر و ددان بە جەرگی خۆ داگرتنی پ.ک.ک. ش لە ڕاستیدا کۆتایی بێ ، بەڵام دواجار پ.ک.ک. ڕاستە هاتە ناو ئەو گەمەیەوە.

مێهدی پەرپەنچی: زۆر باشە، کاک جەوانبەخت ، ئێستا کە خەباتێک تەواو بووە زۆر هاسانە کە مرۆڤ لە سەر موبل دانیشێ و هەڵی سەنگێنێ  بڵێ ئەوانە ئەو کارەیان کرد و ئەویدیان نەکرد. بەڵام گشت ئەو ڕاستیانە و ئەو فاکتانەی ئێستا ئاماژەیان پێ دەکرێ و لێرەش دۆستان لێی دووان، چوار ڕۆژ لەمەو بەریش دیار بوو، هەموو ئەوانەمان دەزانی . بە زانینی گشت ئەوانە ، تەقریبەن دەکرێ بگوتری گشت لێکدەرەوەکان و ئەو پێشبینییەی لە مەر هەڵبژاردن دەیان کرد بە تەواوی هەڵە بوو. کەس پێی وا نەبوو ' داد و گەشي پێدان ' بتوانێ ئەوەندە سەرکەوتوو بێ لە  هەڵبژاردن دا، بۆچی  لێکدەرەوەکان تەنانەت بیر پێوانەکان تووشی هەڵە هاتن؟

عەلیڕەزا جەوانبەخت: بەڵێ، لە بەر ئەوەشە زۆرلایەن یەکێک لە دۆڕاوەکانی ئەو هەڵبژاردنە جگە لە پارتیی حەڕەکەتی میلی (مەهەپە ) و پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ( هەدەپە ) بە لێکدەرەوەکان، ڕوناکبیرانی تورکییە و کۆمپانییەکانی بیر پێوان دادەنین. ئەمن لێرە دا مەسەلەیەکیش ڕابگەیێنم ، یانی هەڵوێستی خۆم ڕوون بکەمەوە ؛ نا ئەمن لەو باوەڕە دا نیم کە لە تورکییە لە بەر هێرشەکانی پ.ک.ک. یان قەتڵ و خوێنرێژی  هەستی ناسیۆنالیستی بەرەو ژوور چووبێ ، نا بە هیچجۆر شتێکی ئاوا نەقەوما، نە لە ناوچە کوردنشینەکان، ئێتنیک کورد و نە لە ناوچە تورک نشینەکان. ئەگەر شتێکی ئاوا ڕووی دابا بە باوەڕی من پارتیی حەڕەکەتی میلی (مەهەپە ) و پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ( هەدەپە)  دەنگی زیاتریان وەدەست دەهێنا، پێچەوانەی ئەوە بوو. کۆمەڵی تورکییە ئەو چاوەڕوانییەی کە لە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلانی هەبوو بۆی پێک نەهێنان و یەک مەسەلەش [...]

مێهدی پەرپەنچی: چ کارێکیان دەبوو کردبا کاک جەوانبەخت ؟ یانی ئەوانە لە شەش مانگی ڕابردوو دا دەبا چیان کرد با؟

عەلیڕەزا جەوانبەخت: بڕوانە، ئەوانە دەبوو بەرتەکێکی کۆنکرێتیان لە ئاست توندوتیژی پ.ک.ک نیشان دابا و دەبوو بێ قەید وشەرت هێندێک کەیسیان مەحکووم کردبایە. چونکە ئەگەر ئێمە بمانەوێ گشت ئەو مەسەلانە لە ڕوانگەی ئاک پارتییەوە شی بکەینەوە ئەوە ووڵام ناداتەوە. ئەمن ئاماژەم کرد بە مەسەلەی ک.ج.ک. 

مێهدی پەرپەنچی: کاک جەوانبەخت ، گەورەترین عەمەلیاتی تێڕۆریستی مێژووی تورکییە لە گردبوونەوەی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی ئەو پارتییە دا قەوما. زیاتر لە سەد کەس کووژران. یانی هەر چۆنێک بێ دەمەوێ بڵێم کە ئەگەر بمانەوێ واقعییەتەکان لە بەرچاو بگرین ، ئەو پارتییە دەبوو چی کردبایە؟ ئەوانیش چاوەڕوانییان ئەوە بوو کە حکوومەت ئەمنییەتی گردبوونەوەکەیان بتوانێ یان دەبێ دابین بکا. بەڵام ئەوە نەکرا و ئەوان ئیدی دە کردەوە دا هەموو میتنگێکی بەربەرەکانی هەلبژاردنی خۆیان تەعتیل کرد.

عەلیڕەا جەوانبەخت: هەڵبەت ئەو گردبوونەوەیە تەنێ گردبوونەوەی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان نەبوو. گردبوونەوەیەک بوو کە ئەو پارتییەش پشتیوانی لێ کرد بوو و بەڵێ ئەو تەقینەوەیەی ئانکارا بووە هۆی ئەوەی کە دەنگەکانی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان نەکەوێتە بن  ڕێژەی دە لە سەد. ئەمن تەنێ ئاماژەم کرد بە مەسەلەی ک.ج.ک. و دەمەوێ لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی کورت باس بکەم. پ.ک.ک لەو ناوچانەی دا کە دانیشتووەکانی بە شارومەندانی کۆنفێدرالیزمی کۆمەڵگە کوردەکان یان کۆنگرە کۆمەڵگە کوردەکان دەزانێ بڕیاری دا لەبەر ئەو سەرکەوتنانەی کە لە سوورییە وەدەستی هێنا بوو ، بڕیاری دا کۆنتڕۆڵی خۆی لەو ناوچانە زیاد بکا. ئەو بڕیارەی پ.ک.ک. لە جێدا هیچ پێوەندی بە سیاسەتەکانی تورکییەوە نەبوو. پ.ک.ک. لەو بارەیەوە لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران تێکهەڵەنگووت ، چەند نەفەر لە ئەندامانی ئەو پارتییەی کوشت. لقی سوورییەیی پ.ک.ک. عەڕەبەکان و تورکومانەکانی لە گوندەکانی خۆیان دەرپەڕاند و بە هەڵکەوت هەر ئەو دەمی هاوسەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان فیگەن یووکسەکداغ گوتی ئێمە پشتی خۆمان دەبەستین بە لقی سوورییەیی پ.ک.ک. یانی پەیەدەیە.

مێهدی پەرپەنچی: کاتمان زۆر کەم ماوە . لە درێژەی بەرنامە دا من پرسیارێکم هەیە تکا دەکەم زۆر بە کورتی هەر کام لە دۆستان لە چەند ڕستە دا ووڵام بدەنەوە. جەنابی مەتین پێتان وایە کە ئێستا بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاکامە ئەوەی کە ڕوونە لە شەش مانگی ڕابردوو دا کۆمەڵی تورکییە تەنگژەی تێدا بووە. ئەو تەنگژانە کەم دەبنەوە یان زیاد دەکەن ؟ تکایە بە کورتی .

کامڕان مەتین: بە باوەڕی من لە کورت خایەن دا زۆر دوورە کە بار و دۆخ بە خێرایی بگەڕێتەوە بەر لە مانگی حوزەیران. لە ڕاستیدا ئەو ئەندازەیە لە توند و تیژی و ڕەهەندەکانی لەو چەند مانگە دا ئەوەندە زۆر بووە و کۆمەڵی تورکییە ئەوەندە جەمسەریی بووە کە پێویستی بە ئیرادەیەکی زۆر بەهێز و هەموولایەنە هەیە  لە لایەن پارتیی دەستەڵاتدارەوە بۆ ئەوەی بتوانێ  باوەڕی بداتەوە بە هەموان. ئەمن لە کورتخایەن دا ئەوە کەمێک بە دوور دەزانم ، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیاسەتی ناوخۆیی تورکییە وەکوو هەر ووڵاتێکی دیکە لە ڕاستیدا زۆر دەکەوێتە بەر کارتێکەری پێوەندییە نێو نەتەوەییەکانی ووڵاتەکە کە لە مەڕ تورکییە  بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی ئێستا لە سوورییە دەقەومن و تەنانەت لە عێڕاق و کوردستانی عێڕاق ، زۆر شت هەن کە دەکرێ لەو دوو ووڵاتە ڕوو بدەن و بە باوەڕی من ئاکامی ئەوانە دوایە بە جۆرێک لە تورکییە هەست پێ بکرێن.

مێهدی پەرپەنچی: کاک عارف!

پەیمان عارف: ئەمن لەو باوەڕە دام لە ڕاستیدا تەنگژەکان کەم دەبنەوە و ئاکەپە دیسان دوای ئەو دەورەیەی کە هات بەرەو  قووڵکردنەوەی قەڵشتی خۆی لە گەڵ شارومەندانی کورد و ئەو فەزا ئەمنییەتییەی کە لەو هەرێمە هەبوو و تەنانەت ئەو هەڕەشەیەی کە کاک داوودئۆغڵوو حەوتووی ڕابردوو کردی. کاک داوودئۆغڵوو حەوتووی ڕابردوو هەڕەشەی کرد بە هێنانەوەی سەیارە تۆرۆسە سپییەکان  بۆ سەر جادان ، کە ئەوانەش ڕەمزی ئیستیخباراتی  ژاندارمەری بوون لە ساڵانی ١٩٩٠ کاندا ، تەنانەت ئەوەی دووپاتە کردەوە. ئێستا کە ئەو سەرکەوتنەی وەدەست هێناوە بە لێبڕاوییەوە دەبێ بەرەو تێهەڵێنانەوە بچێ . کاک ئەردۆغانیش نەیگوتبوو کە پێواژۆی ئاشتی بە شکان کۆتایی هاتووە، گوتبووی لە ناو فریزر [ساردکەرەوە] نراوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەو پێواژۆیە دیسان لە فریزر بهێندرێتە دەرێ.

مێهدی پەرپەنچی: یانی ئێوە پێتان وایە کە هەم حکوومەت دەیەوێ ئەو تەنگژانە کەم ببنەوە و هەم دەتوانێ کەمیان کاتەوە. کاک جەوانبەخت تکایە بە کورتی.

عەلیڕەزا جەوانبەخت: بە باوەڕی من تەنگژەکان سەبارەت بە کاروباری ئەمنییەتی  کەمتر دەبێتەوە و قسەکانی داوودئۆغڵووش دوای سەرکەوتن هێوابەخش بوو، باسی کەمایەتییەکانی کرد ، ئەو گرووپانەی کە لەودواییانەدا قسەی لێوە دەکرێ کە کۆمەڵ بووە بە دوو جەمسەری. باسی دەستە مەزەبییەکانی کرد و هەر وەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئاکەپە تووشی خۆ بە زل زانی نایە. بەڵام، لە لایەکی دیکەوە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بە ڕواڵەت دیارە کە وەدووی پێوشووێنی مەسەلەی سیستمی سەرۆکایەتی دەکەوێ و هەرچۆنێک بێ ئەردۆغان ڕێبەرێکی ئۆتۆریتێرە و دەیەوێ دەستەڵاتێکی زیاتری هەبێ . ئێستا دەبێ بزانین  کە سەرۆکوەزیری تورکییە و سەرۆکی گشتی پارتیی داد و گەشەپێدان داوودئۆغلوو یان پارتییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەگەڵ ئەو وەزعە چۆن دەجووڵێنەوە و جەهەپە بەچ شێوەیەک لەو بارەیەوە رێبەرایەتی ئۆپۆزیسیۆن دەکا.

مێهدی پەرپەنچی: سپاستان دەکەم. هەڵبەت ئەوە بۆخۆی باسێکی دیکەیە ئەوەی کە بتوانن سیستمی سەرۆکایەتی دابمەزرێنن چونکە وەک دەزانن دەبێ دوو لە سێی کورسییەکانی پارڵمانیان هەبێ کە نیانە و بۆ داوخوازی رێفڕاندۆمیش بەلانی کەمەوە پارتیی داد وگەشەپێدان دەبێ هەر نەبێ دەنگی یازدە یان دوازدە نوێنەری پارتییەکانی دیکە بەرەولای خۆێ ڕاکێشێ بۆ ئەوەی هەموو پرسی بکا.

عەلیڕەزا جەوانبەخت: تەواو ڕاستە وایە.

مێهدی پەرپەنچی: زۆر زۆر سپاستان دەکەم. عەلیڕەاز جەوانبەخت لە ڤانکووڤێر، پەیمان عارف لە ئەستەنبووڵ و کامڕان مەتین. سپاستان لێ دەکەم کە کاتی خۆتان دا بە ئێمە و هەر وەها سپاسی ئێوەی بینەریش دەکەم کە تا کۆتایی بەرنامە هاوڕێیتان کردین. ئەم بەرنامەیە وەکوو بەرنامەکانی دیکەمان بۆ ماوەیەک لە لاپەڕەی ' صفحەی ٢ ' لە وێبسایتی بی بی سی فارسی لە بەر دەست دایە ، ناونیشانی ئێمە بریتی یە لە بی بی سی دات کام سلەش  سەفحەێی دۆ . ئادرێسی فەیس بووکەکەشمان بریتی یە  لە فەیس بوک دات کام سلەش سەفحەێی دۆ. هەم لە ڕێگای وێبسایتی  بی بی سی و هەم بە ڕێگای فەیس بووک دا دەکرێ پێوەندیمان لەگەڵ بگرن و دەکرێ ئەم بەرنامەیە دیسان لە کاناڵی یوتیوبی ئێمەش دا ببینن. بەرنامەی دواترمان ڕۆژی پێنجشەمە دەبێ. شەو و ڕۆژتان  خۆش بێ



تێبینی دوکتور کامڕان مەتین لە سەر ئەو بەرنامەیە کە لە فەیس بووک دا بڵاوی کردووەتەوە

بەداخەوە لە بەر کەمبوون و بەرتەنگ بوونی کات من دەرفەتم نەبوو ووڵامی دوایین قسەکانی کاک جەوانبەخت بدەمەوە.
١-بەڕێزیان گوتی " دەنگەکانی  هەدەپە" لە بەر تەقینەوەکەی ئانکارا دانەكشا بۆ ژێر دە لە سەد" وا وەبەرچاو دێ ئەو قسەیە بە سەر داگیراوی لە دوودانی تاوانبار کردنی پ.ک.ک. بێ لە لایەن ئاکەپەوە بۆ دەست تێدا بوون لە تەقینەوەی ئانکارا دا. تاوانبارکردنێک کە ئەگەر ڕووداوەکە ئەوپەڕی تڕاژیک نەبووبایە مایەی پێکەنین بوو. جگە لە  کێوێک لە نیشانە  لە مەڕ دەوری ڕاستەوخۆی داعش دۆزگەری بەرپرسی دۆسییەکەش بە ڕەسمی داعشی وەک بەرپرسی کوشتاری ئانکارا ڕاگەیاندووە. بەرپرسیارەتی نا ڕاستەوخۆی ( لە باشترین حاڵەت دا)  حکوومەتی ئاکەپەش لای هەموان ڕوونە: ئامادە نەکردنی پێداویستییە ئەمنییەتیەکان بۆ گردبوونەوەکە، هێرش کردنە سەر لە پاش بەجێماوانی ڕووداوەکە، نەگرتنی بۆمب دانەرەکان  سەرەرای ئەوەی کە ناویان لە لیستی " بۆمبدانەرانی ئیحتیمالی"  پۆلیسی تورکییە دا هەبووە و بۆ پۆلیس ناسراو بوون. وەدووی پێوشووێنی بۆمبدانانەکانی سورووچ و دیار بەکر و نەکەوتن ...
٢-ئاماژەی بەڕێزیان بە تێکهەڵچوونی پ.ک.ک و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانیش هیچ پێوندییەکی بە بابەتەکەوە نەبوو و ئەوەش کە ژمارەی خەسارەکانی ئەو تێکهەڵچوونەی بە زیادەوە باس کرد. لەو تێکهەڵچوونەدا تەنێ پێشمەرگەیەکی حدکا گیانی لە دەست دا.