Thursday, November 26, 2015

دوای ٥٢ ساڵە قەدەغە، ئێستا کوردەکانی سوورییە لە خوێندنگەکان بە کوردی دەخوێنن




دوای ٥٢ ساڵە قەدەغە، ئێستا کوردەکانی سوورییە لە خوێندنگەکان بە کوردی
دەخوێنن
ئەلمۆنیتۆر ،٦ی نۆڤامبری ٢٠١٥
نووسینی: مەسعوود حامد
لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی  
دەرباسییە، سوورییە – کاتێک منداڵان بۆ ساڵی خۆێندنی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ لەو ناوچانەی کوردستانی سوورییە ناو نووسییان کرد کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پارتیی یەکێتی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە ) و هاوپەیمانانی دایە،بەرنامەی خوێندن و سیستمی  پەرەوەردە  بوونە هۆی واق ووڕمانی زۆر لە دانیشتووان
حکوومەتی ئۆتۆنۆم لە ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیارێکی دابوو کە لە خوێندنگەکان دا بە زمانی کوردی دەرس دابدرێ. بۆیە خوێندنی کوردی لە پۆلی یەکەمەوە تا پۆلی سێیەم لە بەرنامەی خوێندن زیاد کرا و  وەکو زمانی پەروەردەش دیاری کرا بۆ پلەکانی دیکەش. ئەوە هەنگاوێکی نەدیتراوە، چونکە لە ژێر حوکمی پارتیی بەعس دا  زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی سوورییە لە ساڵی ١٩٦٣وە قەدەغە کرابوو ، و ئەگەر کەسێک خەریکی فێر کردنی بایە دەستبەجێ دەگیرا.  
بڕیاری وەخۆ کردنی پێ خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکان لە لایەن هێندێک لە دانیشتووان، لەوانە کوردەکانیش بەرپەرچ درایەوە. ئەوانەی وا دژی ئەو بڕیارەن پێیان وایە ئەوە هەنگاوێکی لایەنگرانەیە و لە بەرژەوەندی سیستمی پەروەردە دا نییە و ئیدیعای ئەوە دەکەن ئەوە دەکرێ ببێتە هۆی ئەوەی شاگردێکی کەمترخۆ ناونووس کەن و لە خوێندن نەبان بن .
لە ساڵی ٢٠١٤، دەستەڵاتدارانی ناوچە کوردییەکان تێچووی چاپ کردنی کتێبیان بۆ دەرس پێ گوتنی کوردی پەیدا کرد و دەستیان کرد بە پەروەردەی مامۆستایان و ستافی کارامە بۆ ئەوەی چاوەدێری بکەن بە سەر پەروەردەی منداڵان دا. کاربەدەستان لەوە باوەڕە دان  پێ خوێندنی منداڵان بە زمانی  بوومی خۆیان پێداویستییەکە بۆ  گەورەکردنی وەچەیەکی کە ووڵاتی خۆی خۆش بوێ.
ئەکڕەم حیسۆ، سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری خۆسەری دێمۆکڕاتیکی ئەستانی جزێرێ  بە بڵاوکراوەی ئەلمۆنیتۆری گوت: ،" گوتنەوەی زمانێکی دایکی لە خوێندنگەیان جۆرەیەکە لە وەدیهێنان و بە کارهێنانی مافە کولتوورییەکان. ئەو مافانە دەبێ وەپێش بخرێن بۆ بەڕێوەبردنی دێمۆکراسی لە هەموو ووڵاتێک دا. کاتێک ئیدارەی خۆسەری دێمۆکڕاتیک، بە ڕێگای کۆمیتەی پەروەردەوە بڕیاری دا خوێندنی زمانی دایکیی بە کوردی و هەر وەها بە زمانی سوریانی و عەڕەبی بخاتە ناو بەرنامەی خوێندنی خوێندنگەیانەوە، دەرفەتێکی پێک هێنا بۆ ئەوەی بە زمانگەلی جیاواز دەرس دابدرێ  بە مەبەستی دامەزراندنی دێمۆکڕاسی و پاراستنی کەلەپووری هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە ڕۆژئاوا [ کوردستانی سوورییە] بەیەکەوە دەژین."
حیسۆ لە قسەکانی زیاد کرد. " ئێمە وەکوو ڕێکخەری گشتی  ئێدارەی خۆسەریی دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاوا، لێ بڕاین بە هەموو هێزی خۆمانەوە پشتیوانی لەو بڕیارە بکەین. ئێمە لەوە پاشگەز نابینەوە چونکە توانایی بۆ دابەزاندنی دێمۆکڕاسی لە تەک بڕیاری ڕۆژئاوا دا یەک دەگرێتەوە. ئیدارەی خۆسەریی دێمۆکڕاتیک توانایی ئەوەی هەیە سوورییەکی نوێ ساز بکا، سوورییەیەکی فێدێڕاڵی یەکگرتوو  بۆ هەمووان. بەو پێیە، ئێمە دەتوانین دێمۆکڕاسی بۆ هەمووان لە سەر خاکی سوورییە دابمەزرێنین. "
بەر لە تەنینەوەی شۆڕش لە ساڵی ٢٠١١، کەمایەتییەکانی سورییە ، لەوانە کوردەکان، ئاسوورییەکان و تورکومانەکان  لە خوێندنگەیان دا هەر بە عەڕەبی پێیان دەخوێندرا، و زمانی دایکیی خۆیان لێ قەدەغە کرابوو. مزگین عەلی، خوێندکارێکی کوردی کە ئێستا زمانی کوردی دەخوێنێ ، دەیەوێ ببێتە مامۆستا بۆ ئەوەی بتوانێ دەرسی زمانی کوردی بە خەڵکی دیکە بڵێ. ئەو بە بڵاوکراوەی ئەلمۆنیتۆری گوت: ، " لە ڕابردوو دا ، ئێمە ڕێگەمان پێ نەدەدرا  وەکوو جوێندکار لە ناو خۆمان دا  بە زمانی دایکیی خۆمان قسە بکەین. بارودۆخی ئێستا بۆ زۆر لە کوردان وەک خەون وایە. ئەمن بەڕاستی  پێی شادم فێری زمانی دایکیی خۆم دەبم و  دەتوانم فێری ئەو دۆستە عەڕەبانەمی بکەم کە نای زانن. بەو شێوەیە ئێمە باشتر لە یەکدی تێ دەگەین کاتێک باسی ژیان دەکەین."
ئیدارەی خۆسەری دێمۆکڕاتیک ئێستا خەریکی ئامادە کردنی ستافی ئاوایە بۆ ئەوەی بتوانن پەرەوەردەی بەرایی سەردەمی منداڵی ڕاپەڕێنن. حکوومەتی سوورییە هێشتا ئەو بڕیارەی پەسند نەکردووە ، و پارتییە سیاسییە کوردییەکانیش پەسندی ناکەن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ئۆتۆنۆم ئەو بڕیارە بەرەو پێش دەبا.
سۆزدار موحەمەد ئەلموحەمەدی ، کە ئەندامێکی تەفگەڕیی زمانی کوردی و چاوەدێرێکی پەروەردەی زمانی کوردییە و لە زانکۆی ئەلتشرین  کۆمەڵناسی خوێندووە، بە ئەلمۆنیتۆری گوت ، " سەڕەڕای دژوارییەکان، ئێمە ئیستا خەریکی تەجروبە فێر بوونین ، ئێمە دڵنیاین سەرکەوتن ئی ئێمەیە، چونکە ئێمە ستافی تەواومان هەیە بۆ ئەوەی لە پلەی سەرەتایی و نیوەی ئیمدادی دا بە عەڕەبی و کوردی دەرس بڵێنەوە، بە تایبەتی لە بەر ئەوەی کە هێندێک لە فێرکارەکان  خوێندنی ئاکادێمی خۆیان  هەم بە کوردی و هەم بە عەڕەبی خوێندووە، و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان  خوێندنی زانکۆیی خۆیان لە هەموو  بەشەکاندا لە سوورییە تەواو کردووە.
" ئێمە سیستمێکی پەروەردەیی ئاوامان لە ناوچەکانی خۆمان لە ژێر ڕووناکایی ئەو بڕیارە بەرەو پێش بردووە کە لە کۆنفڕانسێک دا لە ڕۆژئاوا ، کوردستان  لە ٢٥ی ئووتی ٢٠١٥  پەسند کرا. هەموو پێکهاتەکانی سوورییە ، عەڕەبەکان، سوریانییەکان و کوردەکان، پەسندیان کرد. بە پێی ئەو بڕیارە هەموو پێکهاتەکان بۆیان هەیە لە پۆلی یەکەمەوە تا پۆلی سێیەم بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن.  ئێمە بۆ هەموو منداڵەکانمان و هەموو پێکهاتەکان کار دەکەین. لە بەر ئەوە ئەو مامۆستایانەی کە لە زانکۆکانی سوورییە دا پەروەردەیان دیتووە  تەرخانمان کردوون بۆ منداڵانی عەڕەب کە زمانی کوردی  نازانن. ئەو لە قسەکانی زیاد کرد و گوتی: ئەو مامۆستایانە لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی خوێندنگەیان لە بەر کار نراون. هێندێکان گۆڕینی مێتۆدی دەرس گوتنەوە و بەرنامەی خوێندن  لە کوردستانی سوورییە وەک سەرەتای دابەشکردنی سوورییە دەبینن ، و بەشێکی دیکەش ئەو بەرنامەی خوێندنە تازەیە بە داگیرکاریی کوردیی دادەنێن. ئەو دانیشتووانەی ئەلمۆنیتۆر قسەی لەگەڵ کردن گوتیان ئەوان هەموو حەولی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن بە زمانی خۆجێیی  خۆیان بخوێنن. ئەوە یارمەتی دەکا بە کوردانی میردمنداڵ هەم زاراوەی کوردی و هەم  زاراوەی عەڕەبی لە ئەنباری ووشەی خۆیان زیاد کەن کە لە ژیانی ڕۆژانە دا پێویستیان پێیانە.

مەسعوود حامد ماستری ڕۆژنامەنوسی یە و ئێستا خوێندکاری دوکتورایە لە زانکۆی سۆربۆن، پاریس. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی  ئازادیی سایبری ڕۆژنامەنووسانی بێ سنووری بردەوە و ئێستا بەڕێوەبەری کۆمەڵەی میدیایی نوودەم ە 
لە سوورییە.


کوردەکانی سوورییە خەریکی خوێندنەوەن بە زمانی کوردی لە دێرک ، لە حەسەکە ، سوورییە ، ٣١ی ئۆکتۆبری
٢٠١٢  
وێنە:
ڕۆیتێرز/ تاهیر ئەلسودانی

No comments: