Thursday, December 24, 2015

داڕێژەری تورکیی نوێ ئەرمەنی بوو

داڕێژەری  تورکیی نوێ ئەرمەنی بوو
ئاگۆپ دیل ئاچار
ئاگۆپ دیل ئاچار ( مارتایان )  ( ٢٢ ی مەی ١٨٩٥ – ١٢ی سێپتامبری ١٩٧٩) زمانناسێکی ئەرمەنیی تورکییەیە   و کەسێکە لە بواری زمان دا گەیوەتە ئاستی پسپۆڕایەتی. یەکەم سکرێتێری گشتی کۆمەڵەی زمانی تورکی بوو. لە بەر ئەو لێکۆڵینەوانەی لە سەر زمانی تورکی کرد بووی ئاتاتورک پاشناوی " دیل ئاچار "  / کلیلی زمان / ی پێ بەخشی. جگە لە زمانی ئەرمەنی و تورکی ، زمانگەلی ئینگلیسی ، یۆنانی ، ئێسپانیایی، لاتینی ، ئەڵمانی ، ڕووسی و بوڵغاری دەزانی. وەک ئەفسەری ئیحتیات خزمەتی نیزامی کرد. لە ساڵی ١٩١٩ لە کالیجی ڕۆبێرت وەک مامۆستای زمانی ئینگلیسی دەستی بەکار کرد. دیل ئاچار ئەو کەسەیە پێشنیاری کرد بە مەجلیسی گەورەی تورکییە  کە پاشناوی " ئاتاتورک " بۆ مستەفا کەماڵ پەسند بکا.
کارەکانی   
   لە دوای شەڕ ، لە بەیڕووت بوو بە بەڕێوەبەری مەدرەسەی ئەرمەنی و بەرپرسیارەتی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆژنامەی  لوویس  ( ڕووناهی) وە ئەستۆ گرت کە لە بەیڕووت بە زمانی ئەرمەنی دەردەچوو. بە هاوکاری هاوسەرەکەی مێلین  دوای گوێستنەوە بۆ شاری سۆفیا دەستی کرد بە گوتنەوەی دەرسی تورکیی کۆن و تورکیی ئویغووریی کۆن و لەوێ یەکەم کتێبی خۆی بڵاو کردەوە. لە ٢٢ی سێپتامبری ١٩٣٢  لە گەڵ ئیستێپان گوردیکیان و کەڤۆڕک سیمکەشیان  وەک پسپۆڕی زمان بانگهێشتن کران بۆ کۆنفڕانسی زمانی تورکی کە لە سەرای دۆڵمە باغچە لە ژێر سەرۆکایەتی مستەفا کەماڵ ئاتاتورک بەڕێوە چوو. دواتر ئاگۆپ مارتایان بوو بە سەر پسپۆڕ و یەکەم سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زمانی تورکی کە تازە بە مەبەستی کار کردن و لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو زمانە دامەزرابوو، لەبەر قانوونی پاشناو کە لە ساڵی ١٩٣٤ دا پەسند کرا لە بەر ئەو حەولانەی کە دابووی بۆ پێشخستنی زمانی تورکی پێشنیازی ئاتاتورکی قەبووڵ کرد پاشناوی خۆی بکا بە" دیل ئاچار " ( کلیلی زمان). ئەو بە کارەکانی  " تێزی مێژووی تورک " و " تێوری زمانی ڕۆژ" ، سەبارەت بە نەتەوەی تورک و ڕیشەکانی زمانی تورکی 'بەڵگە' ی زۆر گرینگی بە دەستەوە دا.  لە نێوان ساڵانی  ١٩٣٦ – ١٩٥١ لە زانکۆی ئانکارا دەرسی مێژووی زمان و تورکۆلۆژی گوتەوە و کاری گرینگی کرد لە سەر زمانی تورکی. بەشدارێکی چالاکانەی هەبوو لە داڕشتنی پیتی لاتینی و ئامادە کردنی ئەلفوپێتکەی تازەی تورکی دا.  لە نێوان ساڵانی ١٩٤٢ – ١٩٦٠  دا ڕاوێژکاری سەرەکی ئامادە کردنی ئەنسێکلۆپێدیای تورکی بوو. ئەو تا کاتی سەرنانەوەی لە ساڵی ١٩٧٩  درێژەی دا بە ئەرکی خۆی لە کۆمەڵەی زمانی تورکی و کارەکانی لە بواری زمان دا.
تەڕەتە خەبەری مردنەکەی بە هەڵە وەک مردنی عادل ئاچار ڕاگەیاند و دواتریش بۆ ئەوەی ناوە پچووکەکەی وەک ئاگۆپ نەگوترێ بە شێوەی  ئا. دیل ئاچار ناوی ڕاگەیاند بوو.
 کتێبەکانی:

ڕیشە دەروونییەکانی تیۆریی زمانی ڕۆژ  ( بە زمانی فەڕانسەیی ١٩٣٦)
تورکیی ئازەری (١٩٥٠)
تورکیی  ڕۆژئاوایی (١٩٥٣)
شێوەی نووسینەوەی لەهجەکان
مەسەلەی دەستەبەندی کردنی زمان و لەهجە تورکییەکان ( ١٩٥٤)
تورکی وەک زمانی دەوڵەت ( ١٩٦٢)
هەڵبژاردنی نووسینەکانی ویلهێم تۆمسن و ئۆرهۆن (١٩٦٣)
ئاوڕێکی گشتی لە زمانی تورکی (١٩٦٤)
پەتی کردنی زمان لە تورکییە ( ١٩٦٥)
زمان ، زمانەکان و لێکۆڵینەوەی زمانی ( ١٩٦٨)
تاوتوێ کردنی کوتادگو بیلیگ  (١٩٧٢)
رێنسیپەکانی زمانی دایکی و بەکارهێنانی لە دەرەوەی تورکییە
١٩٧٨)
*تێبینی  ئەو  بابەتە لە  ڤێرسیۆنی تورکی ئەنسیکلۆپێدیای ڤیکیپێدیا  وەرگیراوە و وەرگێڕدراوە. سپاس بۆ زانا ئازادی کە سەرنجی منی ڕاکێشا لەمەڕ "دیل ئاچار " . سەرباسەکە ئی وەرگێڕە.
لە تورکییەوە: حەسەن قازی

No comments: