Thursday, September 28, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتور سوهەیلا قادری مێژووزان سەبارەت بە ساڵانی نێوان پەیماننامەی سێڤر و پەیماننامەی لۆزان

وتوێژ لەگەڵ دوکتور سوهەیلا قادری مێژووزان سەبارەت بە ساڵانی نێوان پەیماننامەی سێڤر و پەیماننامەی  لۆزان. ئەم بەرنامەیە پێنجشەمە شەو ٢١-ی سێپتامبری ٢٠٢٣/ ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ بە شێوەیەکی زیندوو لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە
حەسەن قازی: بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارەمان دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور سوهەیلا قادری کە مێژوو زان و چالاکوانێکی مافی مرۆڤە. بەڕێزیان پێشتریش لەم بەرنامەیە دا میوان بووە. لەو ماوەی دواییدا، لەو چەند مانگەی دواییدا بەرێزیان بەتایبەتێش لە سەر پرسی پەیمانی سێڤر و هەروەها پەیمانی لۆزانی کۆڵیوەتەوە، ئێمە ئەمشەو حەول دەدەین ئەوەی کە لە نێوان پەیمانی سێڤر کە لەگەڵ پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی بەسترا و دواتر پەیمانی لۆزان کە وڵاتانی بەرەوەی شەڕ لەگەڵ کەمالیستەکان بەستیان بدووێین و ئەوەی لە نێوان ساڵی١٩٢٠ و ١٩٢٣ قەوما  و لە لۆزان ئیدی دۆزی کورد لە بەشی هەرە زۆری عوسمانی پێشوو بە ژێر لیچەوە کرا. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز قادری.  
دوکتور سوهەیلا قادری: زۆر سپاستان دەکەم.
قازی:بەر لە هەموو شتێک یانی بەر لەوەی بچینە نێو بابەتەکەی باسی ئەمشەومان دیارە ئەمڕۆ ڕۆژێکی ناخۆشە چونکە دە ساڵ بە سەر کۆچی دوایی هونەرمەندی دەستڕەنگین نەسرین قادری دا ڕادەبرێ، پێم خۆش بوو بە چەند وشەیەک بیرەوەری نەسرینی قادری بکەی.
قادری: زۆر سپاستان دەکەم ئەوەتان وەبیر هێنامەوە. ئەوڕۆ دە ساڵ بە سەر کۆچی دوایی خوشکی ئازیزم  نەسرینی قادری تێپەڕ دەبێ. نەسرین هونەرمەند بوو، نەقاش بوو، ئینسانێکی حەساس بوو، زۆر کورد بوو، کە هاتە سوێدێ دەرسی زمانی کوردی خوێند بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستای زمانی کوردی، ماوەیەکیش وەکوو مامۆستا کاری کرد، لەسەر یەک هونەرمەند بوو، نەقاشی دەکرد، سێرییەک تابڵۆی لە پاش بەجێ ماوە،ئەوڕۆ دە ساڵە کە لە نێومان دا نەماوە بەڵام  دیارە ئەو کەسانەی کە نامێنن زۆرتر حوزووریان هەیە فکر دەکەم لەوانەی کە هەن. یادی ئازیزی بە خێر دەکەم. سپاستان دەکەم کە وەبیرتان هێنامەوە.

قازی: زۆر سپاس، هەربژی. ئەمن باسێکی کورتم کرد سەبارەت بە ئەوەی کە پەیمانی لۆزان جێی پەیمانی سێڤری گرتەوە، بەڕێزیشت وەک باسم کرد لەو ماوەیە دا لەو بابەتە قووڵ بوویەتەوە. لە پەیمانی سێڤر ڕا دەسی پێ بکەین. لە پەیمانی سێڤر دا چەند مادەیەک هەیە زۆر قسەی لە سەر کراوە زۆر جار کوتراوە کە ئەوە یەکەم جارە لە ئاستی نێونەتەوەیی دا باسی مەسەلەی کورد بەو شێوەیە دەکرێ. پێم خۆش بوو هێندێک سەبارەت بە بەک گڕاوندی مادەکان و ناوەرۆکیان قسە بکەی بۆ ئەوەی زەینی بینەرانمان بیراز کەینەوە هێندێک.

 قادری:بەر لەوەی کە دەست پێ بکەم باسی ئەو پەیماننامانە بکەم  دەبێ ئەوەتان عەرز بکەم ئەمن تێزەکەم لە سەر سنوورەکانی ئێمپراتۆری عوسمانی لە پاش شەڕی  یەکەم هەتا دەسپێکی شەڕی دووەم نووسیوە. ئەو شتانەی کە لە چوارچێوەی پەیماننامەکانی سێڤر و لۆزان دا تێپەڕ دەبێ لە حەقیقەت دا داڕشتنی نەخشەی دوایی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و ئی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی. جا بۆیە وەختێک کە ئەمن تێزەکەم دەنووسی، تەحقیقم دەکرد لەسەرئەو مەسەلانە بە ئیجبار دەهاتمەوە سەر ئەو نەخشانە کە ئەو دەمی کێشاویانە بۆ دابەش کردنی ئیمپراتوری عوسمانی و کوردستانی عوسمانی کە ئەو دەمی هەمووی دەچوارچێوەی قەڵەمڕەوێکی یەکپارچە دا بوو.
بۆیە کە بزانین چ قەوما لە کوێ ڕا گەیشتین بۆ سێڤر و لە سێڤڕ دا چیان کوت و لەپاشان دێینە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان کە چۆن بوو گەیشتین بە لۆزان پێویستە ئاماژە بە وەی بکەین کە نەخشەی دابەش کردنی ئیمپراتوری عوسمانی دەگەڕێتەوە زۆر پێشتر لە پەیماننامەی سێڤر، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٦  و پەیماننامە  و قەراردادەکانی سایکس _ پیکۆ . ئەو دەمییە کە دە حەقیقەت دا زلهێزەکان فەڕانسە و بریتانیا بە ئامادەکاری ڕووسیا دێنە سەر ئەو قەناعەتەی کە ئیمپراتوری عوسمانی دابەش بکەن و بۆ وەی نەخشەکانیان دەکێشنەوە، قەڵەم و کاغەزەکانیان هەڵدەگرن و لە سەری دابەشی دەکەن کە کام ناوچە ببێتە بەشی کام زلهێز.
قازی: دیارە لەو ماوەیە دا ئەو نەتەوانەی یا ئەو وڵاتانەی کە لە چوار چێوەی ئیمپراتوری عوسمانی دا بوون لە نێو ئەوانیشدا زەمینەی سەربەخۆیی خوازی لە هێندێک جێگا دا پەیدا دەبێ. وا نییە؟
قادری: بەڵێ دە نێو هەرمەنییەکان دا هەیە، دە نێو  کوردەکان دا هەیە، دە نێو ئاسۆرییەکان دا، دە نێو عەڕەبەکان دا هەیە، دە نێو باڵکان دا هەیە کە وڵاتانی وێ زووتر بە سەر بەخۆیی گەیشتوون لە دەورانی شەڕ دا. تەواوی ئەو میلەتانەی کە غەیری عوسمانین. یانی هەم میلەتە مەسیحییەکان، هەم میلەتە موسوڵمانەکان داوای سەربەخۆیی دەکەن یانی بیر و هەستی سەربەخۆیی هەیە. ئەوەی کە دەگەڕێتەوە سەر کورد، سەر کوردستان، چون باسی پەیمانی سێڤر دەکەین دێمەوە سەر مەسەلەی کوردستان. بەر لەوەی کە بگەینە سێڤر عەرزم کردن کە بە سایکس _ پیکۆ دا تێپەڕ دەبین  کوردستان دابەش کراوە دە سایکس _ پیکۆ دا. بەشێکی وەبەر ڕووسییەی کەوتووە.
قازی: ئەخر باشە ئەو دەمی خۆ کوردستانێکی یەکگرتوو نەبووە کە دابەش بکرێ.

قادری: بەڵێ کوردستانی ئێرانی لێ دەر دەکەین. تەنێ کوردستانی بەشی عوسمانی لە بەر چاو دەگرین. یانی ئەگەر فکر بکەینەوە ئەوانە هاتوون ئیمپراتوری عوسمانیان دابەش کردووە بەشێک لە کوردستان وەبەر ڕووسییەی دەکەوێ، بەشێکی وەبەر بریتانیایێ دەکەوێ، بەشێکی چکۆڵەشی وەبەر فەڕانسەی دەکەوێ. یانی ئەو دەمی کوردستان دابەش کراوە. قەزییەکە لە سەر ئەوەیە چون من لەسەر مەسەلەی خاک و دابەش کردن و کێشانی سنوورەکان کارم کردووە لەبەر ئەوەیە بڕێک تەئکید دەکەم لە سەر ئەو مەسەلەی. دە دوایە دا کە شەڕ تەواو دەبێ، کە شەڕی یەکەم تەواو دەبێ دێینە سەر داوای میلییەتەکانی نێو ئیمپراتۆری عوسمانی  کە داوای سەربەخۆیی دەکەن. بەر لە هەموویان عەڕەبەکانن کە زەمانی شەڕێ لەگەڵ بریتانیاییەکان هاوپەیمان بوون شەڕیان کردووە، ستڕاتێژییان ئەوە بووە کە شەڕ بکەن دژی عوسمانی و دوایە  وڵاتی خۆیان بۆ دروست بکەن. هەرمەنییەکانن کە کۆمەڵکوژی گەورەیان لێ کراوە، جێنۆسایدیان لێ کراوە و کوردەکانن.  دیارە ئاسۆرییەکان و کەلدانییەکانیش هەن بەڵام لەو سێ میلەتە گەورەی کە دەنێو ئیمپراتوری عوسمانی دا ماون ئەوانەن کە  دێن داوای پێک هێنانی وڵاتی سەربەخۆ  دەکەن لە کۆنفڕانسی ئاشتی. ساڵی ١٩٢٠ لە مانگی ئووت دا پەیماننامەی سێڤر دەبەسترێ و دەو پەیماننامەیە دا سێ بەند تەرخان کراوە بۆ کوردستان. سێ بەند تەرخان کراوە بەندی ٦٢ هەتا ٦٤. ٦٢، ٦٣ ، ٦٤
قازی: ئایا ئەوە لە ڕوانگەی جەنابیشتەوە وایە کە فۆرموولە کردنی ئەو بەندانە لە لایەن ئەو هێزانەوە بووە کە شەریان بردووەتەوە بە دەرەجەی یەکەم ئینگلیستان و فەڕانسە و ئیتالیا. و شێوەی فۆرموولە کردنیشیان هەر لە لایەن ئەوانەوە کراوە چونکە کاتێک ئەو بەندانە دەخوێنییەوە هیچی وای تێدا نابینی  کە نەزەراتی لایەنی سێهەمیش لەبەر چاو گیرابێ، یا ئەگەر مەشەوەرەتێکیش، ڕاوێژێکیش کرا بێ  دیارە پێشتر کراوە وا نییە؟
قادری: بەڵێ ئەو ڕاوێژانە، ئەو مەشوەڕەتانە دە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا دا کراون. بەر لەوەی بگەنە پەیماننامەی لۆزان، ئەو شتانە لە پێشدا لە کۆنفڕانسەکان دا ئامادە دەکرێن جا دوایە بە شێوەی پەیماننامە بڵاو دەکرێنەوە. لە مانگی ئاوریلی ١٩٢٠ لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا کۆبوونەوەیەک دەکرێ، کۆبوونەوەیەک دەکرێ، کە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە، وەزاڕەتی هیند، وەزاڕەتی کۆلۆنییەکان، وەزاڕەتی شەڕ و هێزی نیڕووی هەوایی ئەوانە هەموو بەشداری تێدا دەکەن. دەو کۆبوونەوەیە دا لەوە دەدوێن بزانن دەیانەوێ چ بکەن لەگەڵ ئەو بەشەی کوردستانێ کە بەشێکی لە باکووری کوردستانە و بەشێکی لە باشوور. بۆ لە باشوور چون ئەوان بە تەمان  کە ویلاتی مووسڵ کە لە ساڵی ١٩١٨ گرتوویانە کە شەڕ تەواو بووە هاتوون دەستیان بە سەر دا گرتووە دەیانەوێ  بیلکێنن بە مێزۆپۆتامیا کە دوایە دەبێتە عێڕاق. لە سەر ئەوەی باس دەکەن کە چی لێ بکەن لەو وڵاتەی چونکی هەم  کوردەکانی باکوور داوای سەربەخۆیی دەکەن هەم هەموو کوردەکان. داواکە لە سەر سەربەخۆیی یە بەڵام ئەوان دێن فکری لێ دەکەنەوە کەچ بکەن؟ سێ ڕێگا چارەسەرییان لە پێشە: یان دەبێ بە تەواوی بە جێی هێڵن، یانی هەمان کوردستانی باکوور و باشوور بەجێ هێڵن، لە خوارەوە دەست پێ بکەن لەگەڵ بەسرە و بەغدایە عێڕاقی داهاتوو پێک بێنن یان دەبێ لەگەڵ فەڕانسە بەشی بکەن چون فەڕانسەش مانداتی هەیە لە سووریا و لە لوبنان و ئەوە. یان دەبێ فکر لەوە بکەنەوە چ سیستمێک دابنێن بۆ ئەوەی کە بتوانن کەم تا کورتێک کوردەکان ڕازی بکەن و لەوێش خۆیان سەقامگیر بکەن.
قازی: ببوورە ویستوویانە ڕازیان بکەن یان بە سەریان دا داسەپێنن؟ چونکە ئەوان ئەو موزاکەرەیەیان لەگەڵ دەوڵەتێکی لاوازی کە لە پاش ئیمپراتوری بە جێ ماوە و مەکۆکەشی ئەستەنبووڵ بووە  کردووە، پێیان تەحمیل کردوون. جا ئەگەر ئێستا بێینە سەر ناوەرۆکی بەندەکان، ناوەرۆکیان چ بووە؟
قادری: ناوەرۆکەکە ئەوە بووە کە دەڵێ ئێمە بە بەشێک لە کوردستانێ کە لە باکووری کوردستانە، یانی لەو چوار ناوچەی باکوور کە لە دوایە دا دەبێتە مادەی ٦٤-ی پەیماننامەی سێڤر نەوعێک ئۆتۆنۆمی دەدەین. کۆمیسیۆنێک دروست دەکەین لە سێ وڵاتی فەڕانسە و بریتانیا و ئیتالیا کە لە ماوەی ساڵێک دا خەڵکەکەی ئامادە بکا کە بێن  ئۆتۆنۆمییەکە دابمەزرتێنن و ئەگەر خەڵکەکە سابیتیان کرد...
قازی: هەر بەوەش ڕا دەردەکەوێ کە ئەوان هیچ ئەهەمییەتێکیان نەداوە بەوەی کە پاشماوەی ئیمپراتوری عوسمانی بەشدار بێ لەو کۆمیسیۆنە دا.
قادری: نەخێر، نە ئیمپراتۆری عوسمانی تێیدا بەشدار بووە، نە کوردەکان بەشدار بوون، نە کەمالیستەکان کە ئەو دەمی چالاک بوون، تێیدا بەشدار نەبوون ، بۆخۆیان بڕیاریان داوە، بۆخۆیان بڕیاریان داوە  و لە کۆبوونەوەکانی خۆیان دا، لە وەزاڕەتخانەکانی خۆیاندا ئەو بڕیارانەیان داوە. و دوایەش بە سەر دەوڵەتی عوسمانی دا کە ئەو دەمی سەرۆک وەزیرەکەی داماد فەرید پاشا بوو تەحمیلیان کرد و بەسەریان دا داسەپاند و پێیان ئیمزا کرد.
قازی: ئەگەرزیاتر لە ناوەرۆکی بەندەکان بکۆڵینەوە بریتی بووە لە چەند ئەیالەت لە باکووری کوردستان؟
قادری: تەقریبەن دەبێتە چوار ئەیالەت لە باکووری کوردستان، دیار بەکریش مەرکەزی بوو، حەکاری و بەشە هەرەشاخاوییەکەی باکوور دەبێتە کوردستانێکی ئۆتۆنۆم  کە دەبێتە ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات  لە خوارەوەی سنووری باشووری ئەرمەنستان کە هێشتا دانەمەزراوە دیار نییە کوێیە و ئەوسەفەر لە باکووری سنوورەکانی تورکیا ئەوە دەبێتە کوردستانێک دەو نێوەی دا.

قازی: دیارە مەبەستیشیان ئەوە بووە ئەوە ناوبەرێک بێ لە نێوان تورکیا و ئەرمەنستان دا.
قادری: بەڵێ دە بەینی ئەرمەنستان و تورکیا دا ببێتە ناوبەرێک بۆ ئەوەی ئەو دوومیلەتانە دیسان لەگەڵ یەکتری تووشی کێشە نەبن. بۆیە پێش بینی دەکەن ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمە دروست بکەن. ئەوی دیکە کە دەمێنێتەوە کە دەبێتە کوردستانی باشوور و ویلایەتی مووسڵ دایدەنێن دەڵێن دوایە ئەگەر بزانین ئەو بەشەی باکوور، ئەگەر کوردەکانی ویلایەتی مووسڵ، ئەگەر سابیت ببێ کە کوردەکان قودرەتی ئەوەیان هەیە کە بتوانن ئۆتۆنۆم بن و دەیانەوێ دوایە سەربەخۆ بن مانیعی ئەوەش نابین کە کوردەکانی ویلایەتی مووسڵیش بێن  لەگەڵ ئەوان تێکەڵ ببن و ببن بە وڵاتێک. مەسەلەکە لەسەر چییە، مەسەلەکە لە سەر ئەوەیە کە نایانەوێ زوو بڵێن کارمان بە کوردستانی باکوور نییە، هەر کوردستانی باشوورمان دەوێ. بەو شێوەیەیە کە بەندەکانی پەیماننامەی سێڤر ئامادە دەکەن.
 
قازی: ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ ئەویش ئەوەیە ئەوان هەر لە مادەی ٦٢دا باسی ئەوە دەکەن ئەو کۆمیسیۆنە لە سێ هێزی بەرەوەی شەڕ یانی بریتانیا و فەڕانسە و ئیتالیا دەبێ پێک بێ، ئەو کۆمیسیۆنە بۆ پێک نەهات؟
قادری: ئەو کۆمیسیۆنە پێک نەهات لەبەر ئەوەی کە پەیماننامەکە نە لە پارڵمانی عوسمانی تەئیید کرا، پەسند کرا، نە لە پارڵمانەکانی وڵاتانی هاوپەیمان. لە ئاکامدا پەیماننامەیەک بوو کە بەوقەلی فەڕانسەیی دەڵێن بە مردوویی لە دایکی خۆی بوو. یانی وەختێک پەیماننامەیەک لە پارڵمان پەسند نەکرێ قابیلییەتی ئیجرا پەیدا ناکا. لە نەتیجە دا  نە ئەو کۆمیسیۆنە هیچ وەختایەک پێک هات، نەهیچ ڕێفراندۆمێک کرا لە کوردستان و نە هیچ کاتێک توانیان هیچ یەک لەبەندەکانی پەیماننامەی سێڤر نەک هەر لە سەر کوردستان بەڵکوو سەبارەت بە ئەرمەنستانیش نەیان توانی جێ بە جێی کەن.
قازی: باشە، ئێستا بگەینە سەر ئەو بابەتە کە ئەو ئاکتۆرە جۆر بەجۆرانە  شیکردنەوەیان چییە بۆ لە بیرکردنی پەیماننامەی سێڤر لەو سەروبەندی دا؟ ئەوپەیماننامەیەکە لەگەڵ دەوڵەتێکی لاوازی پاشماوەی عوسمانی ئیمزا کراوە، دوایە سێ ساڵ دواتر لەگەڵ حەرەکەتێکی نەتەوەیی کە سەرکەوتووە و بەهێزە و توانیویەتی هیزی یۆنانییەکان تێک بشکێنێ و لە زۆر شوێن دەریپەڕێنێ ئەو جار هەموو شەرت ومەرجەکانی ئەو قبووڵ دەکا. باشە دەو ناوبەرە دا هەر کام لەو ئاکتۆرانە هەڵسوکەوتیان چ بووە؟
قادری: بەڵێ، بریتانیاییەکان کە ئاکتۆری دەرەجە یەکن، یانی لە هەموان پێشتر بریتانیاییەکانن کە بڕیار دەدەن چ بکەن و چ نەکەن. ئەوان بە تەما نین کە لەگەڵ کەماڵیستەکان زوو چاوپێکەوتنیان هەبێ و ئاشتی بکەن. لە هەوەڵەوە هەر بە ڕەسمییەتیشیان ناناسن. ئەو جۆرەی کە بۆختان ئاماژەتان پێ کرد پەیماننامەی سێڤر لەگەڵ  دەوڵەتی عوسمانی دەبەسترێ نەک لەگەڵ کەماڵیستەکان. بەڵام لە نێوان ساڵی ١٩١٩ کە کۆنفڕانسی ئاشتی دەست پێ دەکا هەتا مانگی ئووتی ١٩٢٠ کە پەیماننامەی سێڤر دێتەدەرێ  زۆر شت دەگۆڕدرێ، زۆر ئاڵوگۆڕ بە سەر ناوچەکە دا دێ، دێتە مەیدانێ. کەماڵیستەکان لەگەڵ ئەڕتەشێکی کە هەیان بووە  لەگەڵ عەشیرەتە کوردەکان و هێزی چەکداری کورد ئەوانە پێکەوە دەتوانن تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی تورکیا، عوسمانی ئەو دەمی کە بریتییە لەو ناوچانەی کە کورد ژیانی تێدا دەکەن، تەواوی کوردستانی باکوور لە حەقیقەت دا ئەوان دەگرنەوە. شەڕ دەکەن و هەر وەک ئێوە کوتتان بەرە بەرە دەچن یۆنانییەکان شکست بدەن ، هەتا ئەو دەمی بۆ بریتانیاییەکان ئەو مەسەلە لە جێدا مەتڕەح نییە کە لەگەڵ کەماڵیستەکان ڕووبەڕوو بن یان بیروڕایەکیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕ کەن، یان بیانەوێ پەیمانی ئاشتی ببەستن. بەڵام لە لایەکی دیکە فەڕانسەییەکان دەچن لە ساڵی ١٩٢١ لە سەر مەرزی تورکیا _ سووریا لەگەڵیان بە تەوافوق دەگەن. ئیتالیا لەسەر ئانتاکیا و ئەوە، ئەو بەشانەی کە لە مدیتەرانە هەیبوو لەگەڵیان تەوافوق دەکا. وردە وردە بریتانیاییەکان دێنە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ بێن ئەوانیش لەگەڵ کەمالیستەکان پێک بێن و ئاشتییەکەی لەگەڵ ئەوان بکەن.

قازی: یانی هەوڵین پێوەندییەکان لەگەڵ کەماڵیستەکان لە لایەن فەڕانسەوە دەبێ؟
قادری: بەڵێ. هەڵبەت ئەگەر پۆلشڤیکەکان وەلا بنێین کە کێشەیان لەگەڵیان نەبوو، لە نێو هاوپەیمانەکان دا فەڕانسەییەکان دێن لەگەڵ کەماڵیستەکان ئاشتی دەکەن. لە دوای سێڤر، باسی سێڤر هەر ناکەن لە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ کەماڵیستەکان بەڵکوو بە خێرا دێنە سەر مەسەلەی سنوورەکانی سووریا و تورکیا چونکە دەیانەوێ مانداتی خۆیان لە سووریا دابمەزرێنن پێویستیان بەوەیە ئیدی تورکیا موداخەلە نەکا و لێیان گەڕێ  کارو باری خۆیان بەڕێوە بەرن. لە هەمان کات دا فەڕانسە و بریتانیا کە هەمیشە پێکەوە  کێشەی سیاسییان هەیە و هەمیشە لە ڕقەبەریی دان هەر کامیان ئەوەی لە بەرچاوە کە کێهەیان دەتوانێ لە کوێ قسەی خۆی زیاتر بەرێتە پێشێ.  جا بۆیە  فەڕانسەییەکان بە بێ ئەوەی کە بریتانیاییەکان بزانن دەچن  لەگەڵ کەمالیستەکان ئاشتی دەکەن لە ئانکارایە، پەیماننامەیکی دەبەستن لە ئۆکتۆبری ١٩٢١ و مەسەلەی فەڕانسەییەکان لەگەڵ کەماڵیستەکان تەواو دەبێ.
قازی: ئەی ئیتالیاییەکان چۆن؟
قادری: ئیتالیاش هەر ئاوا. ئیتالیاش ناڕەحەتە فەڕانسە لە لایەک پەیمانی ئاشتی بەستووە، لەلایەکی دیکە خەریکە لەگەڵ بریتانیاییەکان لە سەر مەسەلەی مووسڵ و ئەوانەش خەریکە موسامەحە دەکا. ئیتالیاش لە لای خۆیەوە دەچێ لەگەڵ تورکەکان، لەگەڵ کەماڵیستەکان  بە ئاشتی دەگا. دەمێنێتەوە ئەو سەفەر کەماڵیستەکان قەوین چونکە بۆڵشڤیکەکانیش بە ڕەسمییان ناسیون وەکوو وڵات.
قازی: ئەوە چۆنە کە بۆڵشڤیکەکان بە ڕەسمییەتیان دەناسن؟ بۆڵشڤیکەکان ئەو بە ڕەسمییەت ناسینە لەبەر ئەو بەرژەوەندیانە دەکەن کە لە ئاست بریتانیا و فەڕانسە  هەیانە؟
قادری: بۆڵشڤیکەکان وەختێک کە لە شەڕ دێنە دەرێ  کە شۆڕشی ئۆکتۆبر سەر دەکەوێ  و لە شەڕ دێنە دەرێ ئەوەڵین کارێکی کە دەیکەن  قەراردادی سایکس _ پیکۆ لە قاو دەدەن و ئاشکرای دەکەن  و پاشانیش پشتی تورکیای کەماڵیست دەگرن دژی بریتانیا و فەڕانسە کە پێیان وایە هاوپەیمانی ئەمپریالیستی ئەو دەمی، کۆلۆنیالیستی ئەو دەمین. ئەوانیش بە بۆنەی ئەوەی کە کۆمۆنیستن و دژایەتیان هەیە لەگەڵ ئەو بیر و بۆچوونە  تەبیعەتەن دەچن لایەنی کەماڵیستەکان دەگرن کە پێیان وایە  بەربەرکانی دەکا لەگەڵ ئەو هێزانە. و سۆڤییەت ئەوەڵین وڵاتێکە کە حکوومەتی کەماڵیستەکان بە ڕەسمییەت دەناسێ و لەپاشان هێزێکی زۆری دەداتێ، پارەیەکی زۆری دەداتێ، زێڕێکی زۆری دەداتێ کە بتوانێ شەڕی هەرمەنییەکان بکا. شەڕی کۆماری قەفقاز بکا، دوایەشەڕی کۆماری ئەرمەنستان بکا. دە دوایە دا لە قارس پەیمانیان لەگەڵ ئیمزا دەکا، ئەردەهان و قارس دەداتەوە بە تورکیا، باتوم دەداتەوە بە گورجستان و لەو لایەوە تورکیا پشتی گەرمە بە پشتیوانی بۆڵشڤیکەکان.  دەمێنێتەوە دەو نێوەی دا ئاکتۆری ئەسڵی بریتانیایە، بریتانیایە کە دەبێ چ بکا لەو پێوەندییە دا.  بریتانیاییەکان چەند مەرجی ستراتێژیکیان هەیە. دەبێ فەیسڵی دابمەزرێنن لە عێڕاقێ وەکوو پادشا. عێڕاقی بکەنە وڵاتێک ئەو سێ ویلایەتەی بە یەکەوە بنووسێنن و فەیسەڵ بکەن بە پادشا. چەند کۆنفڕانس دەگرن لە لەندەن و لە قاهیڕە و دووبارە لە لەندەن لە نێوان ١٩٢٠ هەتا  ١٩٢١. دەوێ دایە باسی کوردستان، کوردستانێکی کە لە پەیماننامەی سێڤر دا پێشبینی کرا بوو بە تەواوی وەلا دەندرێ و هەموو خەم و پەژارەیان دەبێتە ئەوە لە کوردستانی باشوور چ بکەین. و لە کوردستانی باشوور ئەوان دەگەنە ئەو نەتیجەی کە  ئێمە هەرچۆنێک بێ ناتوانین کوردستانێکی یەکگرتوو  دروست کەین، کارمان بە کوردەکانی باکوور نییە چونکە نەکەسمان هەیە کە وڵامدەری ئەو کوردانە بێ لەوێ، نە بۆخۆیان پڕۆژەیەکی ستڕاتێژیکیان هەیە و نەتوانیویانە یەکتری بگرن، کارمان بە وان نییە دێینە سەر کوردستانی باشوور  و لە کوردستانی باشوور بەو نەتیجەیە دەگەن کە یا سێرییەک ئیماراتی کوردنشین دروست کەن لە سنوورەکانی تورکیا و عێڕاقی داهاتوو و لەو ناوە دا دە حەقیقەت دا سەری کوردەکان گەرم دەکەن و دەیانخافڵێنن ئەگەر بمانەوێ بە زمانێکی سادە بیڵێین، هەتاوەکوو بتوانن لەوێ دابمەزرێن و هێزی خۆیان سەقامگیر بکەن و بتوانن لەو لاشەوە شیعەکانیش بێدەنگ کەن چون شیعەکانیش سەرهەڵدانیان کردووە لە عێڕاق. دێن بەو نەتیجە دەگەن ئێمە جارێ کارمان بە کوردستانی باکوور نەداوە تەنێ دێینە سەر باشوور. ئەگەر دێنە سەر باشووریش واتە ویلایەتی مووسڵ دە نێو خۆیاندا  دووبارە لەگەڵ یەکتر کێشەیان هەیە.
قازی: زۆر باشە لێرە ئیستێک بگرین. سەبارەت بە یەکێک لە ئاکتۆرەکانی دیکە کە کوردەکان بۆخۆیان بن هێندێک قسە بکەین. لە ڕاستیدا پێش ئەوەی کە ئەو پێکهاتنە بکرێ لە سێڤر لەو کارگەی چینی سازییەی کە لەوێ هەبووە، لە ڕاستیدا ئەو حکوومەتی کزی پاشماوەی عوسمانی چەند مانگ پێشتر حەولێکی داوە لەگەڵ کوردەکان دانیشێ و بە پێی ڕاپۆرتێکی کە ژەنەڕاڵێکی بریتانیایی ناردوویە بۆ لۆرد کرزن  کە بەڕێز دوکتور سەباحی غالب بە وردی بەڵگەی لەمەر ئەو دیدارەی وەرگێڕاوە و لە کتێبەکەی دا بڵاوی کردووەتەوە. کە دیارە لە ناو کوردەکانیش جیاوزی بیروڕا و ناکۆکی هەبووە. و هێندێک لە کاربەدەستان قەولی هاوکاریان داوە و گوتوویانە کوردەکان دەبێ ئۆتۆنۆمییان هەبێ. لەو زەمینەیە دا لە سەر ئاکتۆرە کوردەکانیش بدوێین لە جێدا  ئایا لە کۆبوونەوەی لەمەڕ پەیماننامەی سێڤر دا هیچ کورد حزووری هەبووە، دوو مەسەلەی شەریف پاشا لەو پێوەندییە دا چۆن بووە کە دوایە دەتوانین بە دوورودرێژتر لە سەر شەریف پاشا قسە بکەین. لە پێشدا لەمەر ئەو دیدارەی کە لە نێوان کۆمیتەی تەعالی کوردستان و نوێنەرانی حکوومەتی ئەستەنبووڵ بووە.
قادری: ئەو دیدارە لە مانگی ژووییەی ١٩١٩ ئەگەر هەڵە نەکەم دەکرێ. دیدارەکە لەو سەوبەندە دا دەکرێ کە مستەفا کەماڵیش لە لایەن خۆیەوە کۆنگرەی ئەرزەڕووم خەریکە دەباتە پێشێ. یانی بەشێکی زۆر لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. لە لایەکی دیکەوە ئەوان دەزانن کە بریتانیا قەولی داوە بە کوردەکان شتێکیان بۆ وەرێ خا دەچوارچێوەی پەیماننامەی ئاشتی دا. لە نتیجەدا نیگەرانن دێن لەگەڵ بەشێک لە کوردەکانی ئەستەنبووڵێ ئەمین عالی بەدرخان و سەید عەبدولقادر گەیلانی و هێندێکی دیکە لە سەرانی کۆمیتە کوردییەکان، جەمعییەتی تەعاون و تەرقی و هێڤی و ئەو تەشکیلاتانەی کە ئەو دەمی هەبوون چاوپێکەوتنیان دەبێ. نوێنەرانی حکوومەت کوردیشیان لەگەڵ دەبێ  شیخولئیسلام حەیدەر زادە کەخەڵکی هەولێر بووە، دوای خەڵیفە کەسی دووەم بوو، ئەویشیان لەگەڵ دەبێ لەگەڵ هەیئەتی عوسمانی. ئەوانە کە دێن لە حەقیقەت دا کوردەکان دەترسێنن دەڵێن ئەوە بریتانیا دەیەوێ کوردستانێکی گەورە دروست کا و هێندەی بەڵێن داوە بە کوردەکان، ئێوە دەتانەوێ چ بکەن؟ موشکیلەکە دەوەی دایە کوردەکان بۆ خۆیان لەوێ پڕۆژەیەکی یەکگرتوویان نییە، توانای وڵامدانەوە و بەحس و موبادەلەی کافییان نییە تەنانەت لەگەڵ ئەو حکوومەتە عوسمانییە لاوازە. زۆربەیان حازرن بە پڕۆژەیەکی ئۆتۆنۆمی ڕازی بن کە عوسمانییەکان بیان دەنێ. چ سەید عەبدولقادر بێ، چ ئەمین عالی بەدرخان بێ هەر دووکیان بە پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی دە چوارچێوەی وڵاتی عوسمانی دا ڕازین. بەڵام عوسمانییەکان تەنانەت بەوەش ڕەزایەت نادەن، تەنانەت ئامادە نابن ئۆتۆنۆمییەکی دەڵەمەش لە چوارچێوەی ئیمپراتۆری عوسمانییان بدەنێ.
قازی: باشە ئەوە بە چ دەبەسترێتەوە؟ وەکوو باست کرد لە دەورەیەکی موعەیەن دا یانی دوای ئەوەی کە عەبدولحەمید مەجبوور دەبێ حکوومەتی دەستووری قبووڵ بکا، هێندێک ئازادیی بیروڕا، و ئازادیی چاپەمەنی پەیدا دەبێ، لە ئەستەنبووڵ زۆر گۆڤاری کوردی دەردەچێ، تەنانەت  ئاڵای کوردستان جەمعییەتی تەعالی کوردستان لە ساڵی ١٩١٩ لە ئەستەنبووڵ ئامادەی کردووە. پێت وایە دەو سەروبەندی دا بیرۆکەی کورد بوون و جیاواز بوون لە ئەویدیکە و پێویستی بە ناسێنە و کاراکتێری خۆ هەبوون  ئایا ئەوە دە بەینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردیش دا بڵاو بووە یان تەنیا لە نێو ئەو نوخبەیە دا هەبووە؟

قادری: لە ناو ئەو دەستە لە ئێلیتان دا هەبووە ئەوە ئاشکرایە. شایەد دەنێو هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانیش دا هەبوو بێ، لەوانەیە هەبووبێ دیدی نەتەوایەتی. بەڵام  ناتوانین بڵێین ناسیۆنالیزمێک هەبووە کە بتوانێ دەوڵەت _ نەتەوە پێش بینی بکا. ئەو دەم  لەو هەلومەرجە دا نەبووە کوردستان. ئەوەندە نەگەیشتووەتە پێش لە باری ڕووناکبیری و فکرییەوە فکر لەوەی بکاتەوە وڵاتێکی دروست بکا، وڵاتێکی کوردستان و نەتەوەیەکی کورد. بەڵام بیرۆکەی ئەوەی هەبووە کە ئۆتۆنۆمییەک هەبێ، کارمەندی کورد هەبێ و کاربەدەستەکان کورد بن. شایەدیش ئەوە هەر دەگەڕێتەوە سەر ڕابردووی کورد لە عوسمانی دا کە میرنشینیان هەبووە و جێگا جێگا خۆیان ئۆتۆنۆم بوون لەنێو خۆیان دا. بەڵام هەرچۆنێک بێ لە ڕووی فکرییەوە، لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە ئەگەر بۆی بچین کوردەکان ئەو دەمی دەو ئاستە دا نەبوون، لە ئاستی تورکەکان دا نەبوون. تورکەکان دە فکری پێک هێنانی دەوڵەت _نەتەوەی تورک دا بوون. جگە لەوانەی کە لە ئەستەنبوول یا لە قاهیرە بوون، یا لە پاریس بوون وەکوو شەریف پاشا، فکری وەیان نەبووە کە وڵاتێکی کوردیی سەربەخۆ لە سەر تەواوی خاکی کوردستان پێک بێنن لانی کەم  تەواوی کوردستانی عوسمانی. خەڵکیش موسوڵمان بوون و ئەوانە زۆربەیان سەر بە خەلافەتی سوڵتانی عوسمانی بوون. هەر وەک دەزانن لە زەمانی عەبدولحەمیدی سوارەی حەمیدییە دامەزرا، دوایە مەکتەبە عەشیرەتییەکان دامەزرا یانی چەندە کوردەکانی کردە ئامرازی دەستی خۆی بۆ ئەوەی کە بتوانێ مەسیحییەکانی پێ سەرکوت کا.
قازی: زۆر باشە با لەناو ئاکتۆرەکان دا ئەرمەنییەکانمان لە بیر نەچێ. وەک دەزانین پەیماننامەی سێڤر بەشێکی زۆر لە داوخوازەکانی ئەوان لەبەر چاو دەگرێ و دەگوترێ دژایەتی هێندێک لایەنی کوردی لەگەڵ شەریف پاشا لەبەر ئەوە بووە کە پێیان وابووە لەگەڵ بۆغوس نەوبەر پاشا ڕێک کەوتووە لە سەر دروست بوونی ئەرمەنستانێکی گەورە. بۆچوونی ئەرمەنییەکان چ بوو لەئاست پاشگەزبوونەوەی هێزەکانی بەرەوەی شەڕ لە ناوەرۆکی سێڤر؟
قادری: هەرمەنییەکان شایەد زیاتر لە کوردەکان دەتوانم بڵێم زوڵمیان لێ کرا. چونکە ئەوان زۆر لە مێژ بوو بەڵێنیان پێ درابوو کە وڵاتێکیان بۆ دروست بکرێ. هەوەڵێ ڕووسەکان بەڵێنیان پێ دان. دوایە کە ئەو کۆمەڵکووژییەیان لێ کرا هاوپەیمانەکان بەڵێنیان پێ دان کە پشتیان بگرن. پاشان کەشەڕ تەواو بوو پشتیان بەتاڵ کردن. دیارە لە پەیماننامەی سێڤر دا وڵاتێکی زۆر گەورەیان بۆ لەبەر چاو گرتوون بە نیسبەت کوردەکان. دە دوایە دا وردە وردە لەو وڵاتە گەورەیەی کە بۆیان لەبەر چاو گرتوون هەرمەنییەکی زۆر کەمی تێدا ماوە، ناتوانن بەشێکی کە موسوڵمان نشین و کورد نشینە بە دەست ئەرمەنییەکان ئیدارەی بکەن.
قازی: کاردانەوەی ئەرمەنییەکان چ بوو لە ئاست ئەو پاشگەزبوونەوەیە؟
قادری: زۆریان حەول دا بە ڕێگای دیپڵۆماتیک  کە هەتا سەر بتوانن شتێک بە دەست بێنن. زۆریان حەول دا کە بتوانن ماڵێکی نەتەوەیی بۆ ئەرمەنییەکان لە بەشی سیلیسی یا کیلیک کە لە ژێر چاوەدێری فەڕانسە دا بوو بۆیان دەستەبەر بکرێ و دروست بکرێ. یا ماڵێکی چکۆڵەیی نەتەوەیی هەر لەوبەشەی کە لە شەرقی کوردستان هەڵکەوتببو واتە بەشێک لە هەرمەنستان لە تورکیا دا بۆیان دروست بکەن. بەڵام بە داخەوە دەنگیان بە هیچ کوێ نەگەیشت، لەبەر ئەوەی ئەگەر هێزە هاوپەیمانەکان ویستبایان وڵاتێکی هەرمەنی دروست بکەن یا تەنانەت کوردی دروست بکەن دەبا ئەو وڵاتانە لە ژێر ماندات و نفووزی یەکێک لەو زلهێزانە بن. ئەو هێزانەش ئەو دەمی لە باری ماڵی و لە باری نیزامییەوە زۆر کز ببوون هەر دووکیان هەم فەڕانسە، هەم بریتانیا. هیچیان بە تەمای ئەوە نەبوون پارە خەرج کەن، کە سەرباز بێنن، سەر لە نوێ شەڕ بکەن، حکوومەتی وا دابمەزرێنن  کە بتوانن بیگەیننە ئاستێکی کە بتوانن ئەو وڵاتانە  ئیدارە بکەن. بریتانیا زۆری پارە بۆ عەڕەبەکان خەرج کرد بوو و بوودجەی وەیان نەبوو کە دووبارە بێنەوە لەوێ سەرمایە دانێن و پشتی وانە بگرن. چاوەڕوان بوون کە ئەمریکا بێ و هەرمەنستان بخاتە ژێر ماندات/ قەیموومییەت ی خۆی. دەزانین کە ئەمریکا لە ئاخری ١٩١٩ تەقریبەن کۆنفڕانسی ئاشتی بەجێ هێشت، کۆنگرەی ئەمریکا دژایەتی ئەو پرؤژەیەی کرد لەبەرچی؟ کوتی تورکیایەکی پتەو و بەهێز پێویستە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بۆڵشڤیکەکان بتوانێ موقابەلە بکا بەو پێیە ئەمریکا پشتی هاوپەیمانەکانی بەردا و بە تەواوی خۆی کێشایەوە لەو گیر و گرفتانەی لە گۆڕێ دا بوون.
قازی: باشە لێرە ناکۆکییەک نییە، چونکە لە لایەکی دیکەش دەڵێن کە بۆلشڤیکەکان  یارمەتی کەماڵیستەکانیان دەدا کە حەولیان دەدا وڵاتێکی مۆدێڕنی تورک دروست کەن.
قادری: نەخێر بە باوەڕی من ناکۆکییەک نییە، چونکە کەماڵیستەکان لەهەر لایەک کە یارمەتییان کردبا دەچوون، کۆمەگیان وەر دەگرت. کەماڵیستەکان وەختێک لە ساڵی ١٩٢٤ کۆنگرەیەک لە ئەرزە رووم پێک دێنن دەڵێن ئێمە لایەنگری ئابووری لێبێراڵین. هەر ئەوە دەبێ کە ئەمریکا دڵنیا دەکا کە تورکیای داهاتوو، تورکیایەکی سەر بە کۆمۆنیزم نابێ، بەڵکوو تورکیایەکی لیبێراڵ دەبێ. و هەر بۆیەش لەو دەمی ڕا ئیدی ئەمریکا پشتیوانی تەواو دەکا لە تورکیا و دژایەتی دەکا لەگەڵ  هەر پڕۆژەیەکی  کە بتوانێ تورکیا دابەش و بەش بەش بکا.
قازی: ئەی ئەو هێزانەی دە شەڕ دابوون لەگەڵ کەماڵیستەکان لە نێوان١٩٢٠ هەتا ١٩٢٣. بۆ وێنە یۆنانییەکان  هەڵوێستیان چۆن بوو؟
قادری: یۆنانییەکان شەڕەکانی هەوەڵییان بردەوە بە تەما بوون بە ڕاستی کە بێن دووبارە لەشکرکێشییەکی گەورە بکەن و ئیزمیر و ئەوانە بە تەواوی بگرن و پێش بە کەمالیستەکان بگرن. تەنانەت سەردەمایەکی بریتانیاییەکان، پێرسی کۆکس کە ئەو دەمی کۆمیسێری مەدەنی بریتانیا بوو لە بەغدا پێشنیاری وەی کرد بوو کە کارێکی وا بکەین کە یۆنانییەکان لە یارمەتی کوردەکان بتوانن کەلک وەرگرن بۆ ئەوەی کە دژی کەماڵیستەکان بەشەر بێن. بەڵام کەماڵیستەکان شکستیان دان، کەمالیستەکان هاتن هەوەڵێ یۆنانییەکانیان شکست دا و لەو پێکهەڵچوونانەی دا کە یۆنانییەکانیان وەدەر نا، کوردەکانیش بەشێک لە ئەڕتەشی کەماڵیستەکان بوون دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ. وختێک ئیزمیریان گرتەوە کوردەکان زیاتر بوون لە هێزی تورکی سپای کەمالیستەکان. کە یۆنانییەکانیان وەدەر نا ئیدی بارو دۆخەکە هەڵگەڕاوە لە قازانجی کەماڵیستەکان، بە قازانجی تورکە کەماڵیستەکان و وای لێ هات ئیدی بریتانیاش مەجبوور بوو ددانی پێدا بهێنێ و دە دوایەش دەبینین ئیدی یۆنانییەکانیان دەر کرد و بە تەواوی دەسەڵاتیان خستە دەست خۆیان و خەلافەتیان هەڵوەشاند و ئەو سەفەر کە ماڵیستەکان کە ئەستەنبووڵیان گرتەوە و لە ئۆکتۆبری ١٩٢٢ خەلافەتیان لا برد، نۆڤامبری  ١٩٢٢ –ی کۆنفڕانسی لۆزان دەستی پێ کرد. وە ئەوە ئەوەڵین جار بوو وڵاتێکی کە شکستی خواردبوو لە شەڕ دا دەهات داوخوازەکانی خۆی دا دەسەپاند بە سەر هاوپەیمانەکان دا.
قازی: یانی هۆی سەرەکی لەبەر ئەو دەسکەوتانە بوو کە کەمالیستەکان لە ڕووی خاک و تێریتۆرییەوە بە دەستیان هێنا بوو؟
قادری: بەڵێ، ئەوان لە ناوچەکە دا حزووریان هەبوو، خەڵکەکەیان لەگەڵ بوو و نیشانیان دا کە لەوێ دەتوانن پێش بە هێزی بێگانە بگرن. و ئەوەی دەزانین ئەو کەسەی کە لەوێیە و دەستی دەڕوا ئەو کەسەیە کە دەتوانێ بڕیار بدا.
قازی: ئێستا کە دەگەینە پەیمانی لۆزان و ئەوەی کە هەیئەتی نوێنەرایەتی تورک کە لە یورکیا خۆشی موناقەشەی لە سەر بووە کە هەیئەتەکە هەیئەتێکی زۆر قەرەباڵغی سی نەفەری بوون بە سەرۆکایەتی عیسمەت ئینوونو یا  عیسمەت پاشا و وتووێژەکانی پەیمانی لۆزان لە دوو مەرحەلە دابووە، پێم وایە لە قۆناغی یەکەم دا بریتانیاییەکان جارێک کشاونەتەوە واتە لۆرد کرزن بۆ ماوەیەک کشاوەتەوە. ئەگەر لەو زەمینەش دا هێندێک قسە بکەین بە تایبەتی ئەوەی کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بەرنامەیەی ئێمە دا گرینگە ئەویش ئەوەیە عیسمەت ئینونوو زۆر جار کە قسەی کردووە گوتویەتی ئەمن بە ناوی کورد و تورکەوە قسە دەکەم. یانی وای نیشان داوە، ئیدیعای ئەوەی کردووە کە نوێنەرایەتی کوردەکانیشی هەیە بە لەبەرچاو گرتنی ئەو هاوپەیمانیانەی کە لەگەڵ کوردەکان بوویانە، بۆ وێنە لە مەجلیسی مەبعووسان لە ئانکارا ٦٠ نوێنەری کورد هەبووە. دیارە هێندێک بەڵێنی زارەکی بە کوردان دراوە. پێت وایە هیزە بەردەنگەکان یانی بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا و ئەوانە و وڵاتانی دیکەش کە لەو مەسەلەیەوە گلا بوون لەو زەمانی دا قانیع بوون بەو قسانە یان نا؟
قادری: ئەو شتەی کە دەگەڕێتەوە سەر کوردەکان لە کۆنفڕانسی لۆزان پێم وایە ئەوە ئەسڵی پرسیارەکەیە کاک حەسەن. باسی کوردەکان زۆر کرا لە لۆزانێ، بەڵام باسی کوردەکانی باکوور نەکرا، تەنێ باسی کوردەکانی ویلایەتی مووسڵ کرا. عیسمەت ئینونوو بە ڕەچەڵەک کورد بوو، دایکی کورد بوو بەڵام بۆخۆی تورکێکی ناسیۆنالیست بوو . هەر لە ئەوەڵەوە کە کەماڵیستەکان دەستیان بە موقاوەمەت کرد لە بەرامبەر  هاوپەیمانەکان دا لە دوو ئەهروم کەلکیان وەرگرت یەکیان ئیسلام  بوو، یەکیان "برایەتی" کورد و تورک بوو. لەو دوو ئەهرومە کەلکیان وەرگرت کوردێکی زۆریان هێنا نێو  ‌هێزەکانی خۆیان و بەڕاستی توانیان بە کۆمەگی کوردەکان لە هەموو شەڕەکان دا سەر کەون. بەڵام وەختێک گەیشتنە لۆزانێ ئیدی باسی کورد تەواو ببوو. باسی پەیماننامەی سێڤر کە نەدەکرا هیچ، لە کۆنفڕانسەکانی دیکە بە تایبەتی لە کۆنفڕانسی لەندەنێ لە ساڵی  ١٩٢١، لە ئاوریلی ١٩٢١کۆنفڕانسێک لە لەندەنێ دەگیرێ، دەوێدا بریتانیاییەکان هەم نوێنەرانی کەماڵیستەکان بانگ دەکەن هەم ئی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی. لەویدا نوێنەرانی کەماڵیست دەڵێن هەبوونی وڵاتێکی هەرمەنی هەر باسی مەکەن واتە ئەرمەنستان، کوردیش خۆ وڵاتیان ناوێ  کورد برای ئێمەن. ئێمە کورد و تورک براین، کوردەکان هیچیان ناوێ کە وابوو باسی کورد هەر مەکەن. قەزییەی کورد پێش ئەوەی کە بگەینە لۆزانێ تەواو ببوو ، یانی لە جێدا لە ڕۆژەڤی باس لە سەر کردن و لێدوان دا نەمابوو. لە لۆزانێش دا  زۆر جار کە عیسمەت ئینونوو باسی کوردانی دەکرد دەیکوت ئێمە  تورک و کورد براین و بۆ نموونە دوو کوردیش دەنێو وەفدەکەی خۆی دا هەبوو. دوو نەفەر کوردی هەبوو دەنێو وەفدەکەی خۆی دا  و هێنابوونی و نیشانی دەدان کە بابە کورد هیچیان ناوێ. و کوردەکان لە پارڵمانی تورکیا لە ئانکارا تێلگرافیان دەنارد بۆ لۆزان، تێلگراف کە دەهات بیست و دوو نەفەر، بیست و پێنج نەفەر ئیمزایان دەکرد دەیاگوت ئێمە سەربەخۆییمان ناوێ، ئۆتۆنۆمیمان ناوێ، ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتی تورکیا دا دەمێنینەوە، ئێمە کورد و تورک براین، موسوڵمانین پێکەوە ئەو وڵاتەی ساز دەکەین. کەماڵیستەکان بەڵێنیان پێ دابوون کە دوایە حەق و حقووقی خۆیان بدەنێ. بێجگەلەوەش لە دەرێ کوردەکان لە هەرجێیەکی کە بۆیان هەڵ دەکەوێ دەڵێن ئێمە براین، یانی لە تورکەکان دوو ئاتەشەترن لە حەقیقەت دا وەختێک هەڵدەستن قسان دەکەن. جا بۆیە لە لۆزان وختێک باسی کوردان دەکرێ باسی کوردی باکوور دە گۆڕێ دا نییە، قەزییەی وان مونتەفی یە. یانێ دەڵێن ئێمە نوێنەرایەتی کوردانیش دەکەین و ئەوەتا لە وەفدەکەمان دا کوردیش هەیە. وەکوو ئەمرێک تەسبیت بووە و نایەنەوە سەری. بریتانیا نایەتە سەر ئەوەی بسەلمێنی لە کوردستانی باکوور کورد هەر هەیە و داوخۆازێکی هەیە.
قازی: بەڵام مەسەلەی ویلایەتی مووسڵ بە وردە ڕیشاڵ لە موزاکەراتی لۆزان دا باس کراوە؟
قادری: بەڵێ بە دوور و درێژی باس کراوە، بریتانیاییەکان هێناویانەتە گۆڕێ، لەوێدا دەڵێن کە کوردەکان و تورکەکان دوو نەهادی جیاوازن، کوردەکان ئاریایین زمانیان فەرق دەکا.
قازی: کە دیارە ئێستا ئەو مەسەلەی نەژاد و ئاریا و شتی وا هەموو چووەتە ژێر پرسیار.
قادری: بەڵێ ئێستا زۆر شت ڕوون بووەتەوە، بەڵام ئەو دەمی وا بوو. لورد کرزن بە حەرارەتەوە  ئیستیناد دەکا بە ئەنسێکلۆپێدیای بریتانیا و بەو جۆرە ڕێفرێنسانە و دەڵێ کورد لەگەڵ تورک یەک نین و زۆر ئامار و ئەرقامیش دێنێتە گۆڕێ بۆ ئەوەی کە بڵێ ژمارەی کوردەکان زۆرە لە ویلایەتی مووسڵ و ئەوانە دەیانەوێ سەربەخۆ بن.
قازی: لە لۆزان دەتوانین بڵێین ئەو مەسەلەیە دەبڕێتەوە و بێ دەنگییەکی نێو نەتەوەیشی بەدواوەیە، بێجگەلە ئەرمەنییەکان.
قادری: لە پێشدا ئەو مەسەلەیان چارەسەر کردووە، مەسەلەی ئەرمەنییەکانیش. یانی دە پێش دا لە کۆنفڕانسەکانی پێشوو دا لە پاریسێ لە ١٩٢٢ سەر لە نوێ کۆنفڕانسێکیان گرتووە لەگەڵ کەماڵیستەکان هاتوونە سەر ئەو قەناعەتەی کە کەمایەتییە ئایینیەکان، مەسیحییەکانی تورکیای حەقی وەیان پێ بدرێ کە بتوانن لە باری کولتوورییەوە زمانی خۆیان بەکار بێنن، بتوانن کلیسا و عیبادەتخانەکانیان  ڕابگرن، بتوانن لە مەدرەسەکانیان دا، لە نێو خۆیان دا دەرسی زمانی خۆیان بدەن. ئەوەندەیان حەقی کولتووری بدرێتێ. یانی لەسەر ئەوەی تەوافوق کراوە وەختێک دەگەنە لۆزانێ مەسەلەی هەرمەنییەکان تەنێ لە چوارچێوەی ژێر کۆمیسیۆنی کەمایەتییەکان دا دێتە گۆڕێ نەک وەکوو مەسەلەی میلییەت، وەکوو مەسەلەی کەمایەتی ئایینی دێتە گۆڕێ.
قازی: باشە، سەبارەت بە جێنۆسایدی ئەرمەنیان وا بزانم  لە لۆزان شتێکی وا کوتراوە ئیتر ئەوە نایەتەوە گۆڕێ وا نییە؟
قادری: ئوڕووپاییەکان ئەو دەمی کە کۆنفڕانسی لۆزان گیرا ددانیان بەوەی دا نەدەهێنا کە جێنۆساید کراوە. هەر دەیان کوت کوشتار کراوە کەسانێکی زۆر لە هەرمەنییەکان کووژراون. مەسەلەی کۆمەڵکوژی هەرمەنییەکان لەدوایە دا دێتە گۆڕێ. لە لۆزانێ باسی ناکرێ. بەڵام لە لۆزانیش دا هەرمەنییەکان وەفدیان هەیە، یانی بەشێک  لە هەرمەنییەکان لەوێن، وەفدیان هەیە، بەشداریێ دەکەن، هەر ئیسرار دەکەن  لەسەر وەی ئەگەر وڵاتێکیشیان بۆ دروست ناکەن، ماڵێکی نەتەوەییان بۆ دروست بکەن کە بتوانن لەوێ یەک بگرنەوە، بە تایبەتی لە بەشی سیلیسی لە تورکیا بەڵام جوابی ئەوەشیان هەر نادەنەوە. بۆ تورکەکان ئەوە ئیدی خەتی سوورە یانی ناتوانن قبووڵ بکەن کە هەرمەنستانێک پێک بێ.
قازی: زۆر باشە حەوت هەشت دەقیقەکەیەکمان ماوە ئەوە تەرخان کەین بۆ باسی شەریف پاشا. لە چاپەمەنی ئوڕووپایی و کوردیش دا ئەو شتانەی لە سەر مێژووی ئەوسەردەمی کورد دەنووسرێ باسی ئەوە دەکرێ کە شەریف پاشا لە سێڤر، لەپاریس نوێنەرایەتی کوردی کردووە. بەڵگە هەیە پێوەندی لەگەڵ بریتانیاییەکان دا هەبووە، وابزانم پێرسی کۆکس بۆخۆی چووەتە جنووبی فەڕانسە و چاوی پێی کەوتووە. هێندێک لە سەر دەوری شەریف پاشا باس بکە، دەزانین کە سەفیری عوسمانی بووە لە پادشایی سوێد، یا باوەکی وەزیری کاروباری دەرەوەی عوسمانی بووە. واتە سەعید پاشای خەندان.
قادری:  لەسەر مەسەلەی شەریف پاشا دەبێ لەوەڕا دەست پێ بکەن  کە  لە ساڵی ٢٠١٤ لە دەسپێکی شەڕ شەریف پاشا هەوڵێ چووە چاوی بە پێرسی کۆکس کەوت و داوای کرد شتێک بۆ کوردەکان بکەن و دە بەرانبەر دا  کوردەکان بێن بەشداریی شەڕ بکەن وەکوو عەڕەبەکان. ئەو دەم پێیان گوت ئێمە هیچ پڕۆژەیەکمان نییە بۆ ئەو بەشەی ئیمپراتوری عوسمانی. کوتیان هیچ پڕۆژەیەکمان نییە  هەر باسیشی مەکە بڕۆ. لە پاشان لە ساڵی ١٩١٨ کە شەڕ تەواو بوو بە یارمەتی لۆرد داربی کە ئەو دەم باڵوێژی بریتانیا بوو لە پاریس و شەریف پاشا نێوانی  لەگەڵی خۆش بوو دووبارە چاوپێکەوتنێکی دیکەی هەبوو لەگەڵ سێڕ پێرسی کۆکس لە شاری مارسەی لە باشووری فەرانسە. دیسان لەوێ شەریف پاشا پێی دەڵێ، لە پێشدا دەیەوێ جێی خۆی خۆش کا دەڵێ ئەمن  نوێنەرێکی کوردم و باشم بۆ ئەوەی کە هەڵم بژێرن و وەکوو کەسێک کە دەتوانن حیسابی لە سەر بکەن. دەچێ دووبارە داوا دەکاتەوە دەڵێ وڵاتێکی بۆ کوردەکان پێک بێنن بەڵام هەر ئەودەمی پێرسی کۆکس ڕاپۆرتێک دەنووسێ بۆ کرزن  کە وەزیری کاروباری دەروەی بریتانیا دەبێ دەڵێ: چاوم پێی کەوتووە و بۆی دەگێڕێتەوە کە لە دیدارەکەی دا لەگەڵ شەریف پاشا چ گوتراوە نوختەیەکی کەزۆر موهیمە ئەوەیە دەڵێ ئەو پیاوە نە زمانی کوردی دەزانێ، نەقەت چووەوتەوە کوردستانێ، نە هیچ ئیرتیباتێکی هەیە لەگەڵ کوردەکانی کە لەوێ دەژین لە نەتیجە دا بە باوەڕی من کەسێکی باش نییە کە  ئێمە بتوانین حیسابی لە سەر بکەین. شەڕیف پاشا لە نێوان ١٩١٨ هەتا ١٩٢٠ تەقریبەن ٩ نامەی دیکە دەنووسێ بۆ بریتانیاییەکان و هەر جارەی دیتەوە سەر ئەوەی کە ئەو بۆخۆی لایەنگری ئینگلیسە  و بە گەورەیان دەزانێ و بەخاوەن بڕیاریان  دەزانێ  و حازرە دە خزمەتیان دا بێ  و هەر جارەش دەڵێ ئەوەندەی کە دەتوانێ،  هەتا دەگاتە ئەو کاتەی کە یادداشتەکانی تەحویلی  کۆنفڕانبسی ئاشتی دەدا باسی ئەوەی دەکا کە دەبێ حەقی کەمایەتییەکانی ناو ئیمپراتوری عوسمانی بە ڕەسمییەت  بناسرێ.
قازی: ئایا هیچ پێوەندی نەبووە لەگەڵ کۆمیتەی تەعالی کوردستان؟
قادری: لەگەڵ کۆمیتەی تەعالی کوردستان پێوەندی هەبووە ئەوان بە ڕەسمییەتیان ناسیوە. وەختێک شەریف پاشا دەچێتە کۆنفڕانسی ئاشتی و دەڵێ ئەمن نوێنەری کوردەکانم، لە حەقیقەت دا هەم نوێنەری تەعاون و تەڕەقی کوردستان بوو، ئی باکووری کوردستان بوو، هەم ئی هێڤی بووە هەم ئی جەمعییەتی ئیجتیماعی.
قازی: لەگەڵ حەڕەکەتی شێخ مەحموودیش پێوەندی هەبووە.
قادری: شێخ مەحموودیش دوو نوێنەری ناردووە، ئەمن لە نێو ئارشیڤەکانی فەڕانسەی دا دیومە ئەوان هاتوون هەتا لوبنانێ کوتوویانە دەمانەوێ بچین بۆ کۆنفڕانسی ئاشتی پاریسێ نامەی شێخ مەحموودی بەرین بۆ شەریف پاشای ئەویش وەکوو نوێنەر بە  ڕەسمییەتی ناسیوە. ئیجازەیان پێ نادەن، ویزایان نادەنێ ناتوانن بێنە فەڕانسەی. و دوایە لە ڕاپۆرتی ئەفسەرەکەی دا کە دەینێرێ  بۆ وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی فەڕانسەی دەڵێ دەستوورم پێ درابوو کە نەهێڵم ئەوانە بگەنە پاریسێ، وێزایان بدەمێ، بۆ ئەوەی دەنگی کوردان لەوەی کە هەیە زۆرتر بڵاو نەبێتەوە. بەم پێیە شەریف پاشا لە حەقیقەت دا  نوێنەری کوردان بوو. لە لایەن ئەو ڕێکخراوانەوە، تەنانەت لە لایەن شێخ مەحموودیشەوە وەکوو نوێنەر ناسرابوو بۆ کۆنفڕانسی ئاشتی پاریسێ. و بەو نێوەی ئەو توانی ئەو دوو یادداشتانە لە مانگی فێڤرییە و مارسی ١٩١٩ پێشکێشی کۆنفڕانسی ئاشتی بکا و نوێنەرایەتی کوردستان بکا.
قازی: ئەگەر لە سەر بنەمای نووسینەکانی خۆی بێ ئیدەی کورد بوون  و لەسەر کردنەوەی دۆزی کورد و دروست کردنی دەوڵەتێکی کوردی و کوردستانێکی گەورە. لە کتێبێک دا کە لەبەر دەستە شەریف پاشا  بۆخۆی نووسیویە و زیاتر سەبارەت بە هەڵوێستەکانێتی  سەبارەت بە بزووتنەوەی ئیتیحاد و تەڕەقی تورکەکان کە بۆ خۆی ئەندامیان بووە و لەو کتێبە دا ڕەخنەی توندیان لێ دەگرێ و وەرگێڕدراویشە بۆ سەر کوردیی سۆرانی.، لەوێدا هیچ باسی کورد ناکا. لەپڕ را داوای کوردستانێکی یەکگرتوو یانی فڕین لەو لق بۆ ئەم لقی پێوە دیارە و ئەوە هێندێک قسە هەڵدەگرێ.
قادری: بەڵام تا ماوەیەکی زۆر، تەنانەت تا سەر شەریف پاشا وەفادارە  بە سوڵتانی عوسمانی و کاتێکیش کە وەلای دەنێن لە سەرۆکایەتی شاندی کورد لە کۆنفڕانسی ئاشتی   
قازی: ئەخرشاندی لێ بووە؟

قادری: بەڵێ بۆخۆی بووە و سێکرێتێرێکی بووە و ڕاوێژکارێکی بووە ئەوانە هاتوون چوون وەک شاندی کورد بەڵام لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەی دا بوون یانی دەعوەت نەکرابوون وەکوو شاندی ئێرانێ، ئەوانیش دەعوەت نەکرابوون هەر لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەی دا بوون. شاندی زۆر وڵاتان، ئی میللەتەکانی دیکەش هەر لە پەراوێز دا دەهاتن شتی خۆیان تەحویل دەدا، بەڵام هەموو نامەکان و داواکارییەکانیان وەردەگیرا. بەڵام شاندی هەرمەنییەکان کە هاتن زۆریش گەورە بوون ئی چەندین وڵاتان بوون ئی وانیان بە ڕەسمی وەرگرت.
قازی: هەلسوکەوت و کڕوکاشی شەریف پاشا لە پێوەندی لەگەڵ سێڤر تا ساڵی چەند بەردەوامە؟
قادری: شەریف پاشا کە ساڵی ١٩١٩ ئەو  مێمۆراندۆمانەی پێشکێشی کۆنفڕانسی ئاشتی کرد لە مانگی نۆڤامبری ١٩١٩ ئەمن فکر دەکەم بە تەشویقی بریتانیاییەکان لەگەڵ بۆغوس نەوبەر پاشای نامەیەکیان نووسی بۆ  کلێمانسۆی کە سەرۆکی کۆنفڕانسی ئاشتی بوو و لەوێدا گوترا بوو ئێمە و ئەرمەنییەکان دوو براین، نزیکین، کورد و هەرمەنی پێکەوە وەکوو برای وان لەجیرانەتی یەکتری دەژین بڕیارمان داوە ئیدی شەڕ نەکەین لەگەڵ یەکتر و داوا دەکەین کۆمیسیۆنێکی ناونەتەوەیی پێک بێ بۆیە دە دوایە دا کە کوردستان و ئەرمەنستانێکتان پێک هێنا بێ سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتانە دیاری بکا. ئەو نامەیەی کە دەنووسن دەینێرن بۆ کلێمانسۆی، ئەگەر بە چاوی دیپڵۆماتیک چاوی لێ بکەین هەنگاوێکی گەورەیە. هەنگاوێکی گەورەیە چونکێ ئەرمەنییەکان کە حازر نەبوون بە هیچ شێوەیەک باسی کوردەکان بکەن،حەقی کوردەکان بە ڕەسمییەت بناسن، دەو نامەیەی دا دێنە سەر ئەو باوەڕەی کە کورد هەیە، وڵاتی هەیە و دەتوانێ وڵاتی سەربەخۆی خۆی هەبێ و دەتوانن پێکەوە سنووری هاوبەشیان هەبێ. بەڵام ئەم نامەیە هەم  هەرمەنییەکانی لە بۆغوس نەوبەر پاشای تووڕە کرد و هەم کوردەکانی لە شەریف پاشای زۆر تووڕە کرد.
قازی: دوایە چی کرد؟، بەداخەوە ئیدی کاتمان نەماوە.
قادری: دوایە بەداخەوە چووەوە بۆ لای خەلافەتی عوسمانی،  کوتی ئیدی ئەمن کارم بە کاری کوردەکان نەداوە و هەر دە خزمەتی ئێوە دام.
قازی: باسی ئەوە دەکرێ دوو نامەی نووسیوە بۆ مۆسۆلینی چونکە لە مۆنتێ کارلۆ و لە  ئیتالیا ژیاوە .
قادری: بەداخەوە ئەوەی نازانم
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور سوهەیلا قادری بۆ  بەشداریت لەو بەرنامەیە دا    
قادری: زۆر سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەو پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم بەرنامەیە ئێوارەی پێنجشەمە  ٢١-ی سێپتامبری٢٠٢٣/  ٣٠-ی خەرمانانی ١٤٠٢  بە ئاوایەکی ڕاستەوڕاست لە بەرنامەی ڕاوێژی ستێرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە
ڤیدێئۆی بەرنامەکە لە حیسابی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیوب سەیر بکەن.

https://www.youtube.com/watch?v=z-c5kJx3Vlk&t=215s

--------------------------------------------------------------------------------
پاشکۆی١.   سێ مادەی پێوەندیدار بە دۆزی کورد و کوردستان لە  پەیماننامەی سێڤر دا.
مادەکان لە دەقی ئینگلیسییەوە وەرگێڕدراون
مادەی ٦٢ _ کۆمیسیۆنێک کە شوێنی نیشتەجێ بوونی قوستەنتەنییەیە و لەسێ ئەندام  پێک دێ کە لە لایەن حکوومەتەکانی بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیاوە دیاری دەکرێن لە ماوەی شەش مانگ لە  جێ بەجێ بوونی ئەم پەیماننامەیە گەڵاڵەیەکی خودموختاریی ناوچەیی ئامادە دەکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتوانیان کوردن و هەڵکەوتوون لە ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات، باشووری سنووری باشووری ئەرمەنستان  کە لەوانەیە  لەمەو دواوە دیاری بکرێ، و باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و مێزۆپۆتامیا، بەو جۆرەی لە مادەی ٢٧، بەندی (٢) و (٣) دا هاتووە. ئەگەر لە ناو کۆمیسیۆن دا لە سەر هەر بابەتێک یەکدەنگی نەبێ، ئەندامانی کۆمیسیۆن ئەمە ڕووبەرووی هەر کام لە حکوومەتەکانی خۆیان دەکەنەوە. ئەو گەڵالەیە دەبێ دەستەبەری تەواو بدا بۆ پاراستنی ئاسۆری کەلدانەکان  و کەمایەتییەکانی دیکەی نەژادی و ئایینی لەناو ئەو ناوچانە دا، و بەو مەبەستە کۆمیسیۆنێک بریتی لە نوێنەرانی بریتانیا، فەڕانسە، ئێتالیا، پڕشیا و کورد پێک دێ بۆ ئەوەی سەری شوێنەکان بدەن و بڕیار بدەن چ هەموار کردنێک، ئەگەر پێویست بێ، لە سنووری تورکیا لەگەڵ سنووری پرشیا دا بکرێ بە پێی ناوەرۆکی ئەم پەیماننامەیەی ئێستا.

مادەی ٦٣_  بەم پێیە حکوومەتی تورک موافەقەت دەکا بڕیارەکانی ئەو کۆمیسیۆنانە کە لە مادەی ٦٢ دا باس کراون لە ماوەی سێ مانگ لە ڕاگەیاندنیان قبووڵ و جێ بەجێ بکا.

مادەی ٦٤ _ ئەگەر لەماوەی ساڵێک لە جێ بەجێ کردنی ئەو پەیماننامە دا ئەو گەلە کوردانەی کە لەچوارچێوەی ئەو ناوچانە دا دەژین کە مادەی ٦٢ دیاریی کردووە  ڕوو لە شووڕای کۆمەڵەی نەتەوان بکەن  بە شێوەیەکی ئاوا  نیشان بدەن کە زۆربەی  حەشیمەتی ئەو ناوچانە پێیان خۆشە لە تورکیا سەربەخۆ بن، و ئەگەر شووڕای کۆمەلی نەتەوان پێی وا بێ کە ئەو گەلانە شیاوی سەربەخۆییەکی ئەوتۆن  و ڕابسپێرێ کە دەبێ ئەو سەربەخۆییەیان بدرێتێ، بەو پێیە تورکیا موافەقەت دەکا ڕاسپاردەیەکی ئەوتۆ جێ بەجێ بکا و دەست لە هەموو ماف و خاوەنەتی خۆی بەسەر ئەو ناوچانە دا بەر دا.  ناوەرۆکی بە وردەڕیشاڵی ئەو دەست لێ هەڵگرتنە  دەبێتە بابەتەی ڕێککەوتنێکی جیاواز لە نێوان هێزە سەرەکییە هاوپەیمانەکان و تورکیا.  ئەگەر هاتوو دەست لێ هەڵگرتنێکی ئەوتۆ  کرا، هێزە سەرەکییە هاوپەیمانەکان چ دژایەتی ناکەن  بۆ ئەوەی ئەو کوردانەی  کە ئێستا لەو بەشەی کوردستان دەژین  کە تا ئێستا بەشێک بووە لە ویلایەتی مووسڵ  بە شێوەی دڵخوازانە لەگەڵ دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئەوتۆی کوردی بکەون و پێوەی بلکێن

پاشکۆی  ٢، دەقی بەشێک  لە  وتوێژی من لەگەڵ نەمر دوکتور مێرێلا گالێتی. پرسیار سەبارەت بەشەریف پاشا

 ٤-ی دیسامبری ٢٠٠٤. ئەم وتوێژە لە بەرنامەی ڕوانگەی تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ  لە ١٣-ی دیسامبری ٢٠٠٤ بڵاو کراوەتەوە.

قازی : با ئێستا هێندێک باسی شه‌ریف پاشا بکه‌ین.ئێمه‌ ده‌زانین که‌ شه‌ریف پاشا که‌سێکه‌ له‌ کۆنفرانسی ئاشتی له‌ سێڤر، له‌ پاریس گۆیا نوێنه‌رایه‌تی مه‌سه‌له‌ی کوردی کردووه‌ و له‌ بواری نێونه‌ته‌وه‌یی دا هه‌تا ئێستاش که‌ باسی مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌کرێ هه‌میشه‌ هێمایه‌ک هه‌یه‌ به‌و کۆنفرانسه‌ی سێڤر و ئه‌و مادانه‌ی که‌ له‌ بڕیاری ئه‌و کۆنفرانسه‌ دا هه‌یه‌. وابزانم شه‌ریف پاشا له‌ ساڵی ١٩٥١ له‌ئیتالیا کۆچی دوایی کرد. ئه‌گه‌رده‌کرێ هێندێک زیاتر له‌ سه‌ر شه‌ریف پاشا بدوێن، چۆن هاته‌ ئیتالیا ؟ گه‌لۆ له‌ ئیتالیا که‌سی ماوه‌، نه‌ماوه‌ ؟ هێندێک له‌و باره‌یه‌وه‌ زانیاری بده‌ن به‌ بینه‌ران !
گالێتی : یه‌ک له‌ دوایین لێکۆڵینه‌وه‌کانی من سه‌باره‌ت به‌ شه‌ریف پاشایه‌. من به‌ هه‌ڵکه‌وت به‌وه‌م زانی که‌ ئه‌و له‌ ئیتالیا ژیاوه‌. ئه‌و زیاتر له‌ مۆنتێ کارلۆ ده‌ژیا له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی که‌ میسری بوو. وه‌ک ڕه‌نگه‌ بزانی ئه‌و سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی میسر بوو. شه‌ریف پاشا کچێکی هه‌بوو به‌ نێوی مه‌له‌که‌، له‌ مۆنتێ کارلۆ ژیانێکی زۆر شایانه‌ی هه‌بوو. له‌ ساڵی 1947 مه‌له‌که‌ له‌ گه‌ڵ شازاده‌یه‌کی ئیتالیایی یه‌کتریان ناسی که‌ نێوی کارلۆ پێکۆرینی مانزۆنی بوو. دوای چه‌ند مانگان زه‌واجیان کرد!
قازی: ئه‌و شازاده‌ ئیتالیاییه‌ خه‌ڵکی کوێ بوو؟
گالێتی: ئه‌و خه‌ڵکی ماکالابریا ی باشووری ئیتالیا بوو ، به‌ڵام، له‌ مۆنتێ کارلۆ ده‌ژیا، له‌ مۆنتێ کارلۆ چاویان به‌ یه‌کتر که‌وت. پاش شه‌ش حه‌وت مانگ زه‌واجیان کرد. له‌ ڕۆمێ زه‌واجیان کرد و چه‌ند مانگان له‌وێ ژیان . شه‌ریف پاشا له‌ گه‌ڵیان چوو بۆ ڕۆمێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ کچه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی و زاواکه‌ی بژی.دوایه‌ مه‌له‌که‌ و مێرده‌که‌ی چوونه‌ کاتانزارۆ شارێکی پچووک له‌ باشووری ئیتالیا له‌ کالابریا و شه‌ریف پاشا دوایین ساڵانی ژیانی خۆی له‌ وێ ژیا . ئه‌و له‌ کاتانزارۆ کۆچی دوایی کرد.
قازی: باشه‌ ! وابزانم شه‌ریف پاشا نامه‌ی نووسیبوو بۆ مۆسۆلینی. وابزانم ئێوه‌ کارتان له‌ سه‌ر کردووه‌. له‌و نامانه‌دا ده‌ڵێ چی ؟
گاڵێتی: ببووره‌ ، ئه‌من له‌ بیرم چوو باسی ئه‌وه‌ بکه‌م. بیرم له‌ ژیانی بنه‌ماڵه‌یی وی ده‌کرده‌وه‌، نه‌ک له‌ چالاکییه‌ سیاسییه‌کانی. له‌ ڕاستیدا ئه‌و له‌ ساڵانی ٣٠ و سه‌ره‌تای ١٩٤٠ ەکاندا هیچ چالاکییه‌کی به‌ نێوی کوردان نه‌بوو. له‌ ساڵی ١٩٤٢ دا دوو نامه‌ی نووسی بۆ بێنیتوو مۆسۆلینی که‌ ئه‌و زه‌مانی سه‌رۆکی ئیتالیا بوو. داوای لێکرد بیر له‌ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ بکاته‌وه‌ و پێشنیاری کرد خه‌دێوی میسر به‌ پادشای کوردستان دابندرێ. ئه‌وه‌ نیشان ده‌دا که‌ شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی وی ئی سه‌رده‌مای ئیمپراتۆری عوسمانی بووه‌. ئه‌و سه‌ر به‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م نه‌بوو و وه‌ک کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م بیری ده‌کرده‌وه‌. فکری ئه‌وه‌ بوو خه‌دێوێکی بێگانه‌ی میسری بێ و وه‌کوو پادشای کوردستان له‌ سه‌ر ته‌ختی شایه‌تی دانیشێ.
قازی:  له‌ سه‌ر دوایین ساڵانی ژیانی چه‌نده‌ ده‌زانی ؟
گالێتی: ئه‌رێ! ئه‌و له‌ گه‌ڵ کچه‌که‌ی و زاواکه‌ی چووه‌ کاتانزارۆ و له‌وێ ژیانێکی هێوری به‌ سه‌ر برد.وه‌زعی له‌شساخی باش بوو و له‌ ته‌مه‌نی ٨٦ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد . نه‌وه‌که‌ی خۆی زۆر خۆش ده‌ویست که‌ کچێکی پچکۆڵانه‌ی پیتۆڵه‌ بوو.
قازی: باشه‌ ! لێره‌ وێنه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ گۆڕی شه‌ریف پاشا نێشان ده‌دا و له‌ سه‌ری نووسراوه‌ ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا. ئه‌و له‌ کوێ نێژراوه‌؟


گالێتی: ئه‌من که‌متر له‌ مانگێک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌م هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌وه‌ قه‌بری شه‌ریف پاشا نییه‌، به‌ردێکه‌ بۆ بیره‌وه‌ری وی له‌ گۆڕستانی کاتانزارۆ. به‌ڵام ته‌رمه‌که‌ی له‌و گۆڕه‌ دا نییه‌. نه‌وه‌کانی ده‌ڵێن ته‌رمه‌که‌ی براوه‌ته‌وه‌ بۆ میسر. ڕه‌نگه‌ له‌ قاهیره‌ یان شوێنێکی دیکه‌ له‌ میسر نێژرابێ. کچه‌که‌ی مه‌له‌که‌ له‌ ساڵی ١٩٧٢ دا مردووه‌ و نه‌وه‌ و نه‌تیجه‌کانی سه‌رده‌می باپیری خۆیان وه‌بیرنایه‌. من پرسیارم کرد گه‌لۆ کاغه‌زێک، شتێکی له‌ پاش به‌ جێ ماوه‌ و ئه‌وانه‌ ماون؟ ئه‌وان له‌ ماڵه‌ خۆیاندا هیچیان له‌ سه‌ر وی نییه‌ .
قازی: هیچ ئاگادارییه‌ک سه‌باره‌ت به‌ کتێبه‌کانی، شته‌کانی به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌؟
گالێتی: ته‌قریبه‌ن هیچ به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌. من پرسیم، ته‌نێ چه‌ند وێنه‌ هه‌نه‌. ئه‌وان چه‌ندین جار ماڵیان گوێستووه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵ دا ماوه‌یه‌ک له‌ مۆنتێ کارلۆ و ماوه‌یه‌ک له‌ باشووری ئیتالیا ده‌ژین