Tuesday, September 26, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی سەبارەت بە بیرۆکەی " ایران شهری" پێشینە و بەخۆداهاتنی.

وتوێژ لەگەڵ دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی سەبارەت بە بیرۆکەی " ایران شهری" پێشینە و بەخۆداهاتنی. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ ئێوارەی پێنجشەمە ٧-ی سێپتامبری ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی ڕاستەوڕاست لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاوکراوەتەوە.
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لەبەرنامەی ئەمجارەمان دا میوانداریی دەکەین لە بەڕێز دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی، دوکتورای ئەندێشەی سیاسی. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز حاجی ئاقایی
دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی: زۆر سپاس بۆ میوانداریتان. سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ بینەرانی ئازیز.
قازی: بەر لەوەی کە ئێمە بچینە سەر مژاری سەرەکی بەرنامەکەمان  کە وەک لە ڕێکلامی بەرنامە دا باسمان لێوە کردووە بیرۆکەی ئێرانیگەری یان ئێران شەهرێتییە کە دیارە ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر هەڵخەڵەتێنەرە، بەر لەوەی بچینە سەر ئەو باسە، بۆ ئەوەی بینەران بەڕێزت زیاتر بناسن ئەگەر دەکرێ بە کورتی باسی خۆت و کارەکانت بکەی.
حاجی ئاقایی: دوای تەواو کردنی خوێندنی دوکتورا و چەندین وەرگێڕان و کاری ئاکادێمیک ئێستا بۆ ماوەی دوو ساڵێکە کە من لە زانکۆی یاگێلۆنسکی لە پۆلۆنیا  وەکوو مامۆستای یاریدەدەر سەرقاڵی پڕۆژە و وانە وتنەوەم.
قازی: تێزی دوکتوراکەت ناوی چییە و لە سەر چ مژارێکە؟
حاجی ئاقایی: تایتڵی تێزی دوکتوراکەی من " ڕووناکبیرانی ئێرانی و کامن گوود یا چاکەی گشتی لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩" بوو.
قازی: بۆیە ئەو پرسیارم کرد چونکە ئەوە هێندێک لەگەڵ بابەتی بەرنامەکەشمان دەگونجێ.
حاجی ئاقایی: ڕاستە بە بەردەوامی باسی ئینتلێجێنسیا یا ئینتلێکچواڵەکانی ئێرانی کراوە و دەکرێت.
قازی: زۆر باشە، ئێمە " ئیرانشەهر" و " ئیرانشەهری" لە دوای شۆڕشی ئیسلامی و بەتایبەتی لەو ساڵانەی دواییدا وەکوو دەربیجەیەک بۆ ئەو فکرە کە دین لەگەڵ ئەوەش کە  باوەڕییەکی شەخسییە بۆ هەموو کەس بەڵام لە چوار چێوەی دەوڵەت و دەسەڵاتداری دا بەسەر هەموو جومگەکانی ژیان دا خۆی زاڵ کردووە. لە ئاست ئەوە دا ئەو فکرە جارێکی دیکە سەری هەڵێناوەتەوە. با لەوە ڕا دەست پێ بکەین ئەو ئێرانشەهرێتی یە زەمینەی مێژوویی و سیاسییەکەی چییە؟
حاجی ئاقایی: وەکوو کرانەوەی باسەکە ئەمن پێم باشە بە وشەیەکی سیاسی کرایسس یا قەیران دەست بکەم. لە پێش شۆڕشی مەشرووتەی ئێران لە ساڵی ١٩٠٥ بەشێکی زۆر لە ئینتێلێجێنسیای ئێرانی ڕوویان لە وڵاتی عوسمانی کرد وو یا لە ڕێگای ڕووسیاوە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمی خۆیان ناسیاوییان هەبوو و تێکەڵاویشیان تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ فکری ئوڕووپاییەکان هەبوو. ئەم ڕووناکبیرانە یان ئەو بەشە لە ئینتێلێجێنسیای ئێرانی کە پێشکەوتنەکانی وڵاتانی دەرەوە و ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەر رێژیمی قاجارەکان هاتبوو دەیان دیت و بەراوەدیان دەکرد لەگەڵ دۆخی خۆیان. هەر لەو سەردەمە دایە پێش شۆڕشی مەشڕووتە ئەو توێژە هاتن لە کۆمەڵگای ئێرانی فکرێکی نوێیان بە ناوی ناسیۆنالیسم فۆرموولە کرد. لەو سەردەم دا ئێمە کەسانێکی وەک ئاغاخانی کرمانی، ئاخوندۆف یا ئاخوندزادە دەبینین. ئاخوندۆف زۆرتر لە قەفقاز و ڕووسیا دەبوو و ئاغاخانی کرمانیش کە زۆرتر لە عوسمانی دەژیا و دوای ماوەیەکیش کە دەگەڕێتەوە تەورێز و لە تەورێز سەری دەبڕن و دەکووژرێت.
بەڵام ئەو بیرۆکەیە لە بنەڕەتەوە ئاماژەیەکە بۆ گەڕانەوەی شکۆی ئیمپراتۆریەکانی هەخامەنشی و ساسانی. مەبەست چییە؟ مەبەست ئەوەیە کە لە فکری " ناسیۆنالیستی" ئەو سەردەمدا، ئێستاکەش وەکوو تیورییەک، نەتەوە پێویستی بە خولقاندنی ئیماژێک، خیاڵکردێک لە  ڕابردوویەکی زۆر زۆر درەوشاوە و پڕشنگدار هەیە، پێویستە کە بخولقێت، تەنانەت ئەگەر نەش خولقابێت. ئێمە دەبینین ئەو وەختەی ئاغاخانی کرمانی لە ترابزۆن لە عوسمانی ئەو سەردەم زیندانی دەبێت باستان نامە یان نامەی باستان دەنووسێت بە زمانی شێعرەوە و هەر  لەوێوە هەم ڕەخنەی دۆخی ئەو کاتی قاجارەکان دەکا کە وەدواکەوتوون و هاوکاتیش هۆکاری ئەو نەهامەتییە و ئەو وەدواکەوتووییانە دەدۆزێتەوە ئەو هۆکارەش حەملەی عەڕەبە. یانی ئەگەر ئەمن لە زمانی ئاغاخانەوە بدوێم باسی ئەوە دەکا دەڵێ بەر لە ڕووخانی ئیمپراتۆری ساسانی، ئێران وڵاتی گوڵ و بولبول و دادپەروەری بوو بەڵام عەرەبەکان کە هێرشیان بۆ کرد وای لێ هات کە ئێران لە ناو چوو و ئەو دۆخەی ئێستاکە دەرئەنجامی هێرشی عەڕەبە. بەو شێوازە ئاخوندۆفیش تا ڕادەیەک دۆخەکە بەم شێوەیە فۆرموولە دەکا و دواتر ئێمە دەبینین کە لە سەردەمی مەشڕووتە دا بیرۆکەیەک دێتە ئاراوە کە بەرەو داڕمانی فکری ڕەعییەت- شا دەچێ. خۆتان دەزانن لە سەردەمی شایەکانی قاجار دا شتێک بە ناوی سیتیزنشیپ، شەهروەندی یان هاووڵاتێتی نەبوو و هەموو کەسێک ڕەعییەت بوو. لێرەیە کە دوا بەدوای فکری ئەم بەشە لە ئێنتێلێنجێنسیای ئێرانی تا ڕادەیەک ئەو فکرە سیاسییە نوێ دەبێتەوە بەڵام بە چ شێوازێک؟ لە قالبی دروست کردنی دەوڵەتێکی بە هێز و دروست کردنی نەتەوەیەکی نوێ کە زمانی فارسی، سیستمێکی سێنترەلایزد، زۆر یەکگرتوو؛ ئەم ڕەوتە بەو شێوازە دەچێتە پێشەوە و لە سەردەمی ڕەزا شا کە سەردەمی دروست بوونی نەیشن – ستەیتی مۆدێڕنە لە ئێران. بەر لەوە ئێمە ناتوانین بڵێین کە نەیشن – ستەیتێکی مۆدێرن هەبوو. ئێمە دەبینین ئەو فکرە دەگا بە دەرئەنجامێک و دواتریش دەبینین کەسانێکی وەک ئەحمەدی کەسڕەوی هەن کە بەشێک لەو فکرە زاڵ دەکەن، پوور داوود هەیە تەنانەت دواتر ئەدیبانێک وەکوو سادق هیدایەت، لەو ئاڕاستەیە دا بیرەکەکانی خۆیان لە دژی عەڕەب و هەر شتێک کە دژایەتی لەگەڵ عەڕەب هەبێ پەرە پێ دەدەن، ئەوە دواتر دەبینین لە سەردەمی پادشایەتی پەهلەوی دووهەم دا لە ناو ئینتێلجێنسیای ئێرانێ فکرێکی تازە پەیدا دەبێ؛ ئەویش لە ژێر کاریگەری جۆرێک لە ئانتی مۆدێرنیسمێک کە بەشێکی زۆری لە ئەڵمانەوە سەرچاوە دەگرێ. من دواتر ڕەنگە ئاماژەی پێ بکەم. هەر لەو کاتە دا دەبینین کەسانێکی وەک هانری کۆربن کاریگەری زۆریان لە سەر خوێندنەوەی نوێ بە نیسبەتی فکر، یان فکری سیاسی لە ئێران دەبێت. ئەوانە بە شێوازی جۆراجۆر دەتوانن لە سەر کەسێکی وەک داریووش شایگان کاریگەریان هەبێ.
قازی: ئەوانەی ئێستا دەگەینێ بەڵام لێرە دا بێ ئەوەی کە بمەوێ ڕشتەی قسەکانت بپسێنم، ئەویش ئەوەیە باسی میرزا فەتحعلی ئاخوندزادەت کرد و هەر وەها زمانی فارسی. میرزا فەتحعلی ئاخوندزادە بە پێی هێندێک سەرچاوە تەنانەت ئێرانی نەدیوە و تەنانەت باسی ئەوە دەکرێ زمانی فارسیشی بە باشی نەزانیوە بەڵکوو دەقەکانی کە نووسیویە بە زمانی تورکی ئازەربایجانی بووە دوایە وەرگێڕدراوە، ئەوە گوتنێکە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە بەڵگە هەیە چەندین جار حەولی داوە بۆ ئاڵوگۆر کردنی خەتی فارسی. باشە ئەگەر فارسی نەزانیوە چۆن ئەو تێزەی هێناوەتە پێشێ. دیارە ئەوە ڕەنگە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مژارەکەمانەوە نەبێ بەڵام هێندێک ناکۆکی هەیە لێرە دا.
حاجی ئاقایی: ڕاستە نەک هەر ئەو تەزادە، یا ئەو پارادۆکسە لە فکری ئاخوندزادە دا هەیە وا بزانم یەکەم کەسیشە کە لە ئێران دا شانۆنامەی نووسیوە، چونکە کەسێکی گەڕیدە و تێگەیشتوو بوو و زۆربەی ژیانیشی لە تفلیس و جۆرجیا و قەفقاز و ئەوانە بوو، بەڵام کێشەکە لە چی دایە،کێشەکە ئەوەیە کە تەنانەت ئاغاخانی کرمانیش بە شێوازێک دەیانویست کە ئەو گەورەیی و شان و شکۆیەک کە پێشتر لە ئێران هەبوو و خولقابوو لە زێهنیان دا بۆ ئەوەی کە ئێران سەر لەنوێ دروست بێتەوە. لە سەردەمی قاجارەکان پێویست بوو بیخولقێنیەوە تەنانەت ئەگەر نەش بووبێت. یانی ئەوە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی دروست کردنی ناسیۆنالیزمە و تەنانەت هەر ئەو جۆرەی کە بۆ خۆشت باست کرد ڕاستە؛ هێندێک سەرچاوە هەیە کە دەڵێ ئاخوندۆف یا ئاخوند زادە هەر ئێرانی نەبینیوە و تەواوی ژیانیشی هەر لەو بەشە بووە تەنانەت فارسیشی نەزانیوە بەڵام هاتووە هەوڵی داوە ڕێفۆرم بکرێ لە ڕێنووسی فارسی دا.
قازی: چەندین حەولی داوە هەم لەگەڵ ئێران، هەم لەگەڵ ئیمپراتۆری عوسمانی.
حاجی ئاقایی: هاوکات لەگەڵ ئەو دا ئێمە دەبینین کە ئاغاخانی کرمانیش باسی ئەو شتە دەکا و دەڵێ ئەو خەتەی کە ئێستا پێی دەنووسرێ دەڵێی نەقاشی منداڵانەیە و پپێویستە ئالوگۆڕی بەسەر دا بێ بۆ ئەوەی کە ئێمە زووتر بتوانین بچینە ناو دنیای مۆدێڕن.
قازی: ئەوەی کە لە ڕووی دەرزەمانییەوە گرینگ بێ ئەو شتەی کە من لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد ئەوەیە دە ڕاستیدا هێندێک تیوریسیەن و بیرمەندی ئەم سەردەمە ویستوویانە ئەو بیرۆکەی ئێران شەهرێتی بە جۆرێک لە جۆرەکان پەرە پێ بدەن بە تایبەتیش دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی یانی دوای ڕووخانی پەهلەوی دووەم لە ئێران زیاتر کەسێک بە ناوی دوکتور جەواد تەباتەبایی تەبریزی ویستوویە مەشخەڵداری ئەو فکرە بێ کە بۆخۆشی ڕەچەڵەکی غەیرە فارسی هەیە، یانی فارس نەبووە و خەڵکی تەورێز بووە. ئەگەر لەوە ڕا دەست پێ بکەین بۆچوونەکان و پەرەپێدانی ئەو فکرە لە لایەن جەواد تەباتەبایی ڕا بە چ شێوەیەکە؟
حاجی ئاقایی: بە ڕاستی لەو چەند ساڵەی دواییدا فکرەکانی سەید جەواد تەباتەبایی کاریگەرییەکی زۆری لە سەر فورموولە کردن و ئارتیکولە کردنی فکری سیاسی لە ئێران داناوە و دژایەتییەکی زۆر بەهێز لەگەڵ هەر چەشنە فکرێکی چەپ، تێیدا بەرجەستە بووەتەوە. جیا لەوەی کە بۆخۆی کەسێکی زۆر پڕکار بوو و دەسگایەکی فکری دروست کردووە، زۆر کەسیش بوون ئەو فکرەیان بە شێوازی ژوورنالیستی هێنا نێو کۆمەڵگای ئێرانی و توانیان وەکوو فکرێکی هێژێمۆن بیسەپێنن و تا ڕادەیەکیش بیکەن بە دیسکۆرسێکی نوێ، ئێستاکە کاری پێ دەکرێت. بەڵام چۆن ئەو فکرە پەرەی سەند یا سەید جەواد تەباتەبایی ئەو فکرەی چۆن باس کرد، من هەر لە سەرەتای قسەکانم دا ئاماژەم بە چەمکی قەیران کرد. لە سەردەمی قاجارەکانیش دا کە ئینتێلێجێنسیای نوێ دەردەکەوێت قەیران هەبوو، کرایسس هەبوو و ئەو ڕووناکبیرانە بە پێی ئەو دۆخەی کە تێیدا بوون هەستیان بە بەرپرسیارەتییەک کرد، ئەو جۆرەی کە بۆخۆیان دەیان بینی و تەباتەباییش هەر لەو ئاراستە دا باسی ئەوە دەکا و ساڵی ١٩٨٢، ٨٣ ئەگەر هەڵە نەبم، وابزانم کاتێک قوتابی دەریدا بووە، دەڵێ دەریدا کە باسی دیکانستراکشنی دەکرد من بیرم دەکردەوە کە ئەو فکرە، ئەو شێوازە تێڕوانینە، ئەو مێتۆدۆلۆژییە چۆن دەتوانێ ئەو قەیرانەی کە ئێستاکە زانکۆ و سیستمی فکری سیاسی لە ئێرانێ تێیدا جێگیر بووە و تێیدا چەقیوە، چۆن دەتوانێ ئەو فکرە سەر لە نوێ بە شێوازێکی نوێ لە کۆنتێکستی ئێران دا بتوانێ شتێکی نوێ بەرهەم بێنێت. یانی ئەو بەجوانی لە وتوێژێک لەو چەند ساڵەی دواییدا باسی ئەوە دەکات.
قازی: ئەو ئیدەی ناسیۆنالیزم  وەک فکرێکی جەهانشموول وەکوو تیورییەکی جەهانشموول کە لەجێی دیکە هاتبێتە گۆڕێ لە لایەن بیرمەند و نەزەرییە پەردازی دیکە ڕا هاتبێتە گۆڕێ ئەوانەی قبووڵ نییە؟ باوەڕی بەوەیە کە ناسیۆنالیزمێکی تایبەتی ئێرانی هەیە، وایە؟
حاجی ئاقایی: ڕاستە ئەمن ئێستاکە باسی ئەوەش دەکەم ئەگەر لەبیرم نەچێتەوە. بە گشتی ئەگەر چاو لێ بکەین سەید جەواد تەباتەبایی لە دەریچەی قەیرانەوە دێتە ناو شتەکە. دەگەڕێتەوە سەر ئەو قەیرانەش کە لەو ساڵاندا لە بلۆکی چەپی کۆمۆنیستی هەبوو و ئەوانیش نەیان دەزانی کە بە نیسبەتی ڕووداوەکان و ئاڵوگۆڕەکان چ بکەن جابۆیە تەباتەبایی باسی ئەوە دەکا. دواتر کە باسی دریدا و ئەوانە دەکا دەڵێ من نزیکەی ٣٨ ساڵ لەوە پێش هاتم بۆ یەکەم جار چەمک یا کۆنسێپتی  "ایران شهر" م لە سیاسەتنامەی خاجەنیزامولمولکی تووسی مەفسەل بەندی کرد، ئارتیکولەم کرد و توانیم کە موناسەباتی قودرەت/ پێوەندییەکانی هێز بلکێنمەوە بە  کۆمەڵگای ئێرانی و بتوانم ئەو باسە تێئۆریزە بکەم. بەڵام کە سەید جەواد باس لە تیوریزە بوونی یا تیوریزە کردنی چەمکی ئێران شەهری دەکا ئاماژە بە مەسەلەیەکی دیکەش دەکا ئەویش پێی وایە کە ئێران هیچ کاتێک لە نێو جەهانی ئیسلام دا نەبووە یانی وەکوو exceptional state بووە واتە لە دۆخێکی دەگمەن دا بووە و بۆ ئەوەش ئارگیومێنی خۆی هەیە و هۆکاری خۆی باس دەکا. پێی وایە کە تەنانەت ئەو کاتە کە خەلافەتی عەبباسیش بە سەر تەواوی وڵاتانی ئیسلامی دا دەسەڵاتی دەڕۆپیشت نەی توانیوە کە ئێران ملکەچی خۆی بکا، ئایدیایەک لە زەینی تەباتەبایی دا هەیە بە نێوی "ئێران" و لە تەواوی ئەو سەردەمە دا نەکرا، بەڵام خەلیفەکانی عوسمانی هاتن بە تورکەکان تۆڵەی خۆیان لە ئێران کردەوە. جا ئێوە و بینەرانی ئازیز دەزانن کە بۆ ماوەی چوار تا پێنج سەدە ئێران بەردەوام لە ژێر ڕکێفی تورکەکان دا بوو.
قازی: ئەخر وەختێک دەڵێین ئێران  دیسان وای تێ دەخوێندرێتەوە هەر ئەو ئێرانەی ئێستا بووە.
حاجی ئاقایی: نا، مەبەست جوغرافیایەکە بە نێوی  ئێران.
قازی: تەنانەت لە ڕووی جوغرافیاییشەوە چونکە وەختێک ئاوا دەری دەبڕین وەک ڕاستییەک قبووڵی دەکەین کە هەر وا بووە کە ئێستا هەیە.
حاجی ئاقایی: ئێ وەکوو بەک گڕواندێکی زێهنی ڕاستە، تەنانەت ئەگەر بۆ نموونە بڕوانینە  ئەو تێکستانەی کە لە عوسمانی یا تورکییەی نوێ دروست کراون بۆ نموونە کتێبەکانی ئیبڕاهیم قەفەس ئۆغڵوو کاتێک باسی عوسمانییەکان دەکا دەڵێ ئیمپڕاتوری تورکەکان.
قازی: باشە ئەگەر هەر لە سەر بۆچوونەکانی سەید جەواد تەباتەبایی ڕابوەستین بەرهەمی هەرە گرینگی چیی؟ یانی بێ ئەوەی نرخ بەندی بکەین و نرخی بدەینێ.
حاجی ئاقایی: تەباتەبایی باسی چەمکی ئینحیتات، داڕمان دەکا. دەڵێ لە سەدەی دوو و سێ بە دواوە ئێمە دەبینین ئەو ئایدئالە زێهنییە، ئەو ئیماجە زێهنییە کە بە ناوی ئێران هەیە  بەرە بەرە تووشی داڕمان بووە ئەوەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ئێران شتێک بە ناوی بیر کردنەوە، فکر کردنەوە نییە و نەبووە. نموونەش دێنێتەوە باسی ئەوە دەکا کە لە سەردەمی سەفەوییەکان دا وەختێک کە مەحموودی ئەفغان هێرش دەکاتە سەر ئیسفەهان، پێم وایە ئەمە بڕگەیەکی مێژوویی باشە بۆ تێگەیشتنی تێڕوانینی تەباتەبایی،  باسی ئەوە دەکا دەڵێ کە داوایان لە سەردارەکان کرد کە چ بکەین؟ ئەوان کوتیان شەڕ بکەین بەڵام یەکێک لە مەلاکانی دەرباری سەفەوی دەڵێ نا با مەنجەڵێکی گەورە بێنین و نۆکی تێدا بکلۆنین و دوعای بەسەردا بخوێنین و ئێمە بیخۆین، ئەفغانەکان شکست دەخۆن. سەید جەواد دەڵێ لێرە دا ئیدی عەقڵ، بیرکردنەوە، فکر لە ئێران بە تەواوی تووشی ڕووخان دەبێت.
بەڵام گرینگی کاری سەید جەواد تەباتەبایی لەوە دایە  کە بە تێکڵاو کردنەوەی پێشینەیەکی دوورو درێژی ئێران کە لە ساسانییەکانەوە دەست پێ دەکا و گرێ دانی لە تەشەیوع پێی وایە دەکرێ دووبارە  ئێران سەر لە نوێ بنیات بنرێتەوە. ئەو ئێرانە لە فکری تەباتەبایی دا، یا ئەو ئێران شەهرییەی کە لە مێشکی سەید جەواد دا هەیە پانتایەکی جوغرافیایی زۆر زۆر گەورەیە کە دەتوانێ لە سنوورەکانی چینەوە دەست پێ بکا تاکوو کەنارەکانی یۆنان.

قازی: باشە دە هەلومەرجێک دا کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ڕوویەکی دینیشی هەیە بۆچوونی تەباتەبایی بە نیسبەت حاکمییەتی ئیسلامی چۆنە؟
حاجی ئاقایی: سەید جەواد تەباتەبایی ئەو ماوەیەی  کە لە ئێران بوو و دوایی چووە دەرەوە هیچکات ڕەخنەی لە حکوومەتی پەهلەوی نەگرت و تەنانەت سیستمی حکوومەتی پەهلەویشی ئانالیز نەکرد، تەحلیلی نەکرد. بەلام دواتر دەبینین هەر ئەو سیستمەی کە سەید جەواد باسی لێ دەکا ئێران یان مەفهوومی ئێران شەهری دەڵێ چەمکێکی هێگێلی یە کە ئەو دەوڵەتەی کە هێگێل باسی لێوە کردووە، بۆ یەکەم جار لە ئێران دروست کراوە. ئەو تێڕوانینەی تەباتەبایی تێڕوانینیکی پری مۆردیالیستی، ئەزەلگەرایانەیە  و پێی وایە کە لە سەرەتای مێژووەوە ئەو ئیمپراتوورییەتە یا ئەو دەوڵەتە لە ئێران دەگەڵ ئەو نەتەوەیە هەبووە و بەردەوامیش بووە و ڕێفرێنسیش دەدا بە هێگێل. جا ئەوەی لێرە دا پێم وایە وەکوو ئاماژەیەک گرینگە ڕێفرێنسی پێ بدەم، هێگێل باسی ڕایش دەکات. ڕایش بۆخۆشتان دەزانن دواتر وەک ڕایشی سێیەم ئاڵمانی نازی چی لێ بەسەر دێت، تەباتەبایی ڕێک ئەو وشەیە بە کار دێنێت و ئەوە دەکات بە فارسی و دەڵێت ئەوە ڕێک هاوتای شاهەنشاهییە لە ئێران. لە سەر ئەو ئەساسەیە کە فکرەکە بە جۆرێک دروست کردنەوەی شاهەنشاهییەکە.

قازی: باشە ئەوە چۆن تەحەمول دەکرێ لە سیستمی ئێستا دا؟
حاجی ئاقایی: مەسەلە تەحەمول نییە ئێمە دەبینین چەند ساڵ پێش نیشان یا میداڵیای هەرە بەرزی زانستییان دا بە سەید جەواد تەباتەبایی،  ئەو بۆخۆی بەشێک بوو لە ئاکادێمیسیەنەکانی ئێرانی، هەرچەند دەریش کرا بوو، ئەندامی دائیرەتولمەعاریف بوو.
قازی: دەبێ دەست بە کاتەوە بگرین و چاو لە لایەنەکانی دیکەش بکەین. بە نیسبەت ئەو بیرۆکەیە کە وەک باست کرد لە بەرهەمەکانی سەید جەواد تەباتەبایی دا هەیە لە هەمبەر ئەوەدا ئەو ڕەخنەی زانستییانەی کە لێی گیراوە لە سەر چ بنەمایەکە، ئەو ڕەخنانە دەڵێن چی، چۆنی بەرپەرچ دەدەنەوە؟
حاجی ئاقایی: ئەوەندەی لە کۆنتێکستی فکری سیاسی لە ئێران ئاگادار بم لانی کەم لە سەدوپەنجا ساڵی دواییدا ئێمە سێ فکر یا سێ دیسکۆرسی گەورەمان هەیە. دیسکۆرسێکی ئارکیۆلۆگیستانە یا باستان گەرانەیە لە ئێران کە لە سەر دەمی پەهلەوییەکاندا دروست بووە و بەردەوام بەرهەم هاتووەتەوە، دووهەمیان فکری ئیسلامییە بە لایەنە جیاوازییەکانییەوە  و فکرێکی مۆدێرنیستی یە. ئەوەی تەباتەبایی  زۆر جاران دەتوانین بڵێین تێکەڵاوێکە لە لایەنی باستان گەرایانە یا ئارکیولۆژیستی
قازی: ئەوە ڕەخنانەی لێی گیراون چن؟
حاجی ئاقایی: ئێستا دێمە سەری بۆیە باسی ئەوانەم کرد، لە گۆشەنیگای هەریەک لەوانەوە ڕەخنەی جۆراوجۆری لێ گیراوە.بۆ نموونە لەو ساڵانەی دواییدا دوکتور داوود فەیرەحی کە مامۆستای زانکۆی تاران بوو ڕەخنەگرێکی جیدی بوو بە نیسبەت تێڕوانینەکانی سەید جەواد تەباتەبایی لە زاوییەی فەلسەفەی سیاسییەوە. کەسێکی دیکە هەبوو کە چەند ساڵ لەمەوپێش کۆچی دوایی کرد، محەدئەمین قانعی راد کە ئەویش لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانە، سۆسیۆلۆژییەوە ڕەخنەی لێ دەکرد و هاشم ئاغاخەری ش کە بڵێین نێئۆ شەریعەتی یە لە ئێران، ئەویش لە ڕوانگەی تاریخی یەوە باسی لە کەموکووڕییەکانی ئەو فکرە دەکرد و پێی وابوو؛ دیارە زۆربەی ئەوانە پێیان وایە کە فکری تەباتەبایی پۆتانسییێلێکی زۆر زۆر گەورە و بەهێزی هەیە بۆ دروستکردنی ئایدۆلۆژییەکی زۆر زۆرتوندی فاشیستی یا ناسیۆنالیستیەکی زۆر زۆر توند کە ڕەنگە لایەنەکانی تر بتوێنێتەوە.
قازی: باشە ئەو ڕەخنە جیدییانە توانیویانە لە کۆڕ و کۆمەڵی ڕووناکبیری دا، ئەوانەی کە بەجۆرێک خۆیان بە ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی دەزانن هێندێک سستی دروست بکا لە سەر نەو بیرۆکەیە؟
حاجی ئاقایی: کەم و زۆر نا! هۆکاریشی هەیە. هەروەک چەند دەقیقە پێش ئاماژەم پێ کرد فکری سەید جەواد لە  چەند ساڵی ڕابردوو دا بە ڕێگای زۆر کۆڕ و ئەڵقە و بڵێین ژوورنالیستەوە زۆر زۆر بەهێز کرا و لەلایەن ئەو کەسانەوە کە وەکوو ژوورنالیستەکانی ئەو فکرە کاریان کردووە، خرایە ناو تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگە و لایەنێکی زۆر زۆر ئایدێئۆلۆژیکی بەخۆوە گرت. بەڵام ئەو ڕەخنانەی کە بە نیسبەت فکری سەید جەواد تەباتەبایی دەکرێن کەم و زۆر کزکران یانی ڕێفلێکسی نەدەبوو لە نێو کۆمەڵگا، چونکە لەو چەند ساڵەی دواییدا فکری ئێران شەهری بوو بە دیسکۆرسێک بە زۆر شێوازەوە دووبارە بەرهەم هێندراوە. بەڵام ئەو کەسانەی کە ڕەخنەگری ئەو فکرە بوون ئەو تریبوونە یا ئەو تواناییەیان نەبوو کە ڕەخنەکانی خۆیان بە تەواوی بڵاو بکەنەوە و زۆر جاریش کەوتنە بەر هێرشی لایەنگرانی تەباتەبایی.
قازی: باشە ئەو فکرە لە باری فەرهەنگییەوە چ تەئسیراتێکی هەبووە، هەرچەند دەزانین سینەما لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە، لە سەر لایەنە جۆر بەجۆرەکانی هونەر لە کۆمەڵ دا؟
حاجی ئاقایی: ئەوەندەی ئەمن ئاگادار بم بە نیسبەت هونەری کۆمەڵایەتی ڕەنگە پێداگری لە سەر چەمکێکی زۆر زۆر گشتی وەکوو بڵێین دالێکی گشتی مەفهوومی " ئێرانییەت " ە، چونکە ئێرانییەت بەو شێوەیەی لە فکری سەید جەواد تەباتەبایی دا تیوریزە دەکرێ دژایەتییەکی زۆری هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی فکری، خۆی بەرەو ئیدێئۆلۆژی بوونێک دەچێت. بۆیە ئێمە دەبینین کە هەر چەشنە ڕوانگەیەک ئەگەر ئەو تەکەسورە، ئەگەر ئەو پلورالیسمە باز تەولید بکاتەوە، دووبارە بەرهەم بێنێتەوە بە شێوەیەک لەلایەن ئەو کەسانەی کە بوون بە بەشێک لە ئاپاراتووسی فکری تەباتەبایی ڕەنگە بکەونە بەر تەوژمی ڕەخنە. بۆ نموونە چەند ساڵ پێش کتێبەکەی ڕەزا زیا ئیبراهیمی کە کتێبێکی زۆر ڕێک و پێک و زانستییە بە نیسبەت چەمکی ئێران، مەسەلەی دروست بوونی نەیش ستەیت لە ئێران بڵاو کراوە، لە ئێران کەمترین ئاوڕی لێ نەدراوە، تەنانەت ڕەخنەیەکیشیان نەکرد. یانی ئەو شێوازە لە هەڵسوکەوت و مامەڵە هەیە بە نیسبەتی ئەو بابەتە.
قازی: کتێبەکەی دوکتور ڕەزا زیا ئیبڕاهیمی " پیدایش ناسیۆنالیسم ایرانی، نژادو سیاست بی جا سازی"  (پەیدا بوونی ناسیۆنالیسمی ئێرانی ڕەگەز و سیاسەتی جێ بۆ دیاری نەکردن" کە ئاماژەت پێ کرد زیاتر دەچێتە سەر بنەما مێژووییەکەی، بە درێژی باسی بۆچوونەکانی ئاخوند زادە و ئاغاخانی کرمانی دەکا بەڵام کەمتر دەپەژرێتە سەر باری ئێستا و هەنووکەی ئەو فکرە.
حاجی ئاقایی: ڕاستە، ئەتۆ بە جۆرێک دەتوانی بەرنگاربوونەوەی ئەو فکرەی تێدا ببینییەوە. تەنانەت کتێبەکەی مستەفا وەزیری ش، ئەویش نەکراوە بە فارسی.
قازی: بەڵێ ئێستا کراوە.
حاجی ئاقایی: من ئاگادار نیم. چەند ساڵ لەوە پێش کە دەقە ماکەکەیم بە ئینگلیسی خوێندەوە باسی ئەو جۆرە فکرە دەکا، هەر جۆرە فکرێکی ئەزەل گەرایانە یا ئێسێنشیالیستی بە نیسبەتی مەسەلەی نەتەوە و دەوڵەت ڕەنگە زۆر لایەنی نێگاتیڤی لێ ببێتەوە.
قازی: ئێستا بێینە سەر ئەو لایە، ئەو بیرۆکەیە لە سەر بابەتی ناسێنەی گەلانی ئێران، دیارە دەبێ هێندێک درێژتر قسەی لێوە بکەین، کاتێک هەڵگرانی ئەو بیرۆکەیە باس دەکەن وەک " میلەت "ی ئێران هەموان دەبینن، بەڵام هەبوون و ماف و ناسێنەی ئەوانیدی بە ژێر لیچەوە دەکەن، لە باشترین حاڵەت دا پێیان دەڵێن" ئەقوام". ئایا دە نووسینەکانی تەبایەبایی دا شتێکی تایبەتی هەیە سەبارەت بە چەمکی گەلانی ئێران و بە تایبەتی سەبارەت بە دۆزی کورد یا گەلی دیکە؟
حاجی ئاقایی: سەید جەواد تەباتەبایی بە نیسبەتی تورک زۆر زۆر هەڵوێستی خراپی هەبوو، هەم بە نیسبەتی زمانی تورکی، هەم بە نیسبەتی ئەوەی کە نابێ هیچ داوایەکی تر بکەن بەڵام زۆر خۆی لە قەرەی گەلەکانی  دیکە نەدەدا و پێی وا بوو کە ئەوانە ئۆتۆماتیک هیچ داوایەکی جیایان نییە بەڵام ئەو فکرە هەر ئەو جوورەی کە باسم کرد وەکوو دیسکۆرسێک لە لایەن ئەو کەسانەی کە وەکوو ئاژیتاتۆری ئەو فکرە کار دەکەن پەرەی پێدراوە و ئێمە دەتوانین کە ئێستاکە زۆر بە جوانی ببینین لە مەس مێدیا کە بە شێوازی زۆر زۆر ئەگرێسیڤ و هێرشکەرانە خەریکی نکووڵی کردن لە مافەکانی ئەو  کەسانەن کە لە جوغرافیای نەیشن – ستەیتی ئەوڕۆکەی ئێران دا دانیشتوون و ڕەنگە داوای مافی کولتووری، مافی زمانی خۆیان بکەن ئەوانە زۆر بە توندی ڕووبەڕوویان دەبنەوە و سەید جەواد
قازی: باسی ئەوە کرا بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە تەباتەبایی بۆخۆی ڕەچەڵەکی تورکی ئازەربایجانی هەبووە و کوتت بە توندی دژی ئەوە ڕاوەستاوە، چونی گەڵاڵە دەکا، چۆنی باس دەکا؟
حاجی ئاقایی: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوە بوو کە زۆر زمانێکی توندی هەبوو و زۆر کراوە هێرشی دەکردە سەر تەواوی ڕەخنەگرەکانی خۆی. و هەر بەو شێوازەش ڕەنگە نموونەیەکتان بینیبێ بە نیسبەت  یەکێک لە مامۆستایانی کورد لە بریتانیا
قازی: بەڵێ، دوکتور کامڕان مەتین
حاجی ئاقایی: بەڵێ دوکتور کامڕان مەتین کە سەید جەواد زۆر بێ ئەدەبانە باسی دەکا.
قازی: ماوەیەکی کورت دوای ئەو قسانە تەباتەبایی وەفاتی کرد

حاجی ئاقایی: بەڵێ. لە تاران هیچ کەس نەما کە لە زمانی زۆر توندی سەیدجەواد تەباتەبایی، لە زمانی زۆر بێ ئەدەبانەی دەرباز بێ. هەر بەو زمانەش هێرشی دەکردە سەر تورکەکان، زمانی تورکی، نووسینی تورکی و بە چاویكی زۆر لە سەرەوە بۆ خوارەوە چاوی لێ دەکردن. و پێی وابوو کە زمانی فارسی دەبێ ببێ بە زمانی یەکەم و هیچ کەسێکی تر ئەو مافەی نییە کە زمانی خۆی وەکوو زمانێکی فەرمی بناسێنێ یا بخوێنێت یا تەنانەت پۆتانسییەلی ئەوەی هەبێ کە ببێتە زمانێکی زانستی. بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو شتانە دەکرد.
قازی: باشە، ئەوە بابڵێین لە چوارچێوەی جوغڕافیای دەوڵەت – نەتەوەی ئێران دا. بەڵام وەکوو دیکە مەوجوودییەت/ هەبوونی گەلی کوردی لە بەشێکی دیکەی کوردستان، لە دەرەوەی سنوورە دەوڵەتییەکانی ئێران، ئی ئازەربایجان هەر وەتر، ئی تورکەمەنان هەر وەتر، ئی بەلووچان هەر وەتر، ئی عەڕەبان هەر وەتر. ئەوانەی چۆن  باس دەکرد، یانی نەتەنیا هەر تەباتەبایی بەڵکوو هەڵگرانی ئەو بیرۆکەیە چۆن دەتوانن نکووڵی بکەن لەو واقعییەتانە؟
حاجی ئاقایی: وەختێک ئێمە باس لە دیسکۆرس دەکەین باس لە پێوەندییەکانی هێز دەکەین. ڕەنگە دیسکۆرسێک یا زۆر جار ئایدێئۆلۆژییەک بە ڕواڵەت زۆر زۆر فکرێکی کراوە بێت یا ئاماژە نەکا یا زۆر زۆر گشتی بێت هەر ئەو جوورەی کە بۆ نموونە لە ئاڵمان هەبوو. کەسانێکی زۆر هەبوون کە وەکوو نووسەر، شاعیر، فیلسووف فکری سیاسییان بەرهەم دەهێنا پێش هاتنە سەر کاری هیتلێر  تەنانەت دوای هیتلێریش بەڵام دەبینین کاتێک فکرەکە دێتە نێو کۆمەڵگا و دەبێتە بەشێک لە ئیدێئۆلۆژی سیاسی، هەر بەو وتەیەی لێنین دەبێتە چەکێک، دەبێتە چەکێکی فیزیکی و دەتوانێ ببێتە ئامرازی سەرکوت کردن و سڕینەوەی مافی ئینسانەکان. ڕەنگە ئێستا و بۆخۆشی تەباتەبایی چەند جار باسی کردووە کە ئەو فکرە بە هیچ شێوەیەک فکرێکی شۆوێنیستی نییە، ناسیۆنالیستی تۆخ نییە بەڵام دەرئەنجامەکانی ئەوەیە. ڕاستە بۆ خۆی باسی ئەوە دەکا تەکەسورێک هەیە لە نێو وەحدەتێک دا، بەڵام لە ئاکام دا پێداگریەکەی لە سەر یەک بوونی زمان، یەک بوونی کولتوور، و ئەو تێڕوانینە گشتییەی کە بە نیسبەتی چەمکی ئێران هەیەتی هیچ فەزایەک، هیچ سپەیسێک ناهێڵێتەوە کە کەسێکی تر بە فکرێکی تر، بە مێنتالیتی و کولتورێکی تر بتوانێ بژیت. پێم وا بێ ئەوە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو شتەیە و ئێستاکە لە بەشێک لە مەس مێدیا دا دەکرێ ئەو شتە بە ڕاستی و بە ڕوونی ببینرێت.
قازی: ئێمە دەزانین کە ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە حەوتووی دیکە دەگەینە ساڵڕۆژەکەی، ئەو ڕۆژەی کە ژینا ئەمینی لە تارانێ کووژرا و دوایە لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی لە ئارامستانی ئایچی لە سەقز، شەپۆلی ئەو بزووتنەوەیەی بە ئێراندا بڵاو کردەوە، هەرچەند بۆ ماوەیەکی کاتیش دامرکابێ پێت وایە ئەو شۆڕشە چ تەئسیرێکی هەبووە، چ کاردانەوەیەکی هەبووە بۆ سست کردنی ئەو بیرۆکەی ئیران شەهری یە؟
حاجی ئاقایی: من لە بیرمە یەکێک لە دوایین کارەکان یا بەرهەمەکانی تەباتەبایی  کورتە وتارێک بوو کە سەر دێڕەکەی " دربارە جنبش زن، زندگی آزادی " بوو و لەوێ دا ئیستیدلالێکی سەرەکی کرد کە ئەوە شۆڕشێکی میللی یە لە ناو شۆڕشی ئیسلامی. بە فارسییەکەی " انقلابی ملی در انقلاب اسلامی"، بەو شێوازە لێکی دایەوە و بە بەراورد لەگەڵ ١٩٧٩ پێی وا بوو کە شۆڕشی ١٩٧٩ شۆڕشێکی میللی نەبووە بەڵام ئەوە سوبجێکتی شۆڕشگێڕانەی دروست کردووە. ئەوە یەکێک لە دوایین کارەکانی تەباتەبایی بوو. ڕەنگە هێشتا زوو بێت ئێمە لە سەر دەرەنجامەکانی ئەو بزووتنەوەیە یا ئەو بزاڤە باس بکەین چونکە وەکوو پڕۆسەیەکە وە بۆخۆشی نەما کە ئاکامەکانی ئەو شتە ببینێت.
قازی: بەڵام مەبەست لەو پرسیارە شەخسی ئەو نییە، مەبەست فکرەکەیە.
حاجی ئاقایی: ڕاستە، ئێمە دواتر بینیمان کە هەر یەک لە لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان ویستیان بە شێوازێک بۆ خۆیانی بخوێننەوە تەنانەت هەر ئەوانەی کە لایەنگرییان لەو فکرە یا ناسیۆنالیسمی پریمۆردیالیستی دەورەی پەهلەوی دەکرد هاتن بناغەی ئەو دروشمەیان بردەوە بۆ حیزبی ڕەستاخیز و کوتیان یەکەمجار دروشمێکی ئاوا لەوێ دراوە و ئەوە دەگەڕێتەوە سەر سوننەتی شاهەنشاهی ئێران. یانی ئەو شتانە هەن، تەبیعی یە کە ئەو فکرە هەرکەسێک کە بیەوێ ئەگەر بتوانێت قۆرغی بکات بۆ خۆی ئەوە دەیکات، بەڵام ئەو فکرە بە لایەنی سیاسییەوە تا ڕادەیەکی زۆر هەنجار شکەنە، یانی دژی باری باوە، هەر چەشنە لایەنێکی هێز لە هێز ڕادەماڵێت ئەو دروشمە. لە ئەساس دا ئەگەر ئێمە بچینە سەر بنج و بناوانی ئەو دروشمە خۆ ڕەنگە لەگەڵ دروشمی شۆڕشی فەڕانسە ١٧٨٩زۆر زۆر نزیکایەتی هەبێت و دوای زۆرتر لە دوو سەد ساڵ ئێمە دەبینین کە پۆتانسییەلێکی زۆر زۆری خولقاندووە بە نیسبەتی ئەکتی سیاسی و دێمۆکڕاتیزە کردن و ڕاماڵینی لایەنەکانی هێز. بۆیە ئێمە ئەگەر بتوانین بە گشتی باسی لێ بکەین و ئەوە بخوێنینەوە ڕەنگە بتوانین، چونکە هێشتاکە دەرەنجامەکان ڕوون نین. رەنگە بکرێت ئاماژە بە لایەنی ڕاماڵینی هێز وەکوو دەسگایەک کە ئینسان بە هەر شێوازێک کە بیری لێ بکەینەوە تووشی ئینقیاد دەکا، تووشی سولتە دەکا، لەو ئاراستەیەوە دەکرێ بڵێین کە بە شێوازێکی بەرفرەه توانیویەتی کە بە لایەنی زێهنی کاریگەری هەبێت و هێرارشییەکان تێک بشکێنێت.


قازی: بەڕێز حاجی ئاقایی ئێمە دەزانین کە باسی نەزەری، باسی تیوریک ئەگەر پێوەندی نەدرێتەوە بە وەزعی سیاسی و ئەو وەزعەی کە کۆمەڵانی خەڵک تێیدا دەژین هەر وەک قسە دەمێنێتەوە، جا لەبەر ئەوە ئێستا با باسی دوو شتی زۆر ئاکتوێل بکەین کە پێم خۆش بوو لەو بارەیەوە نەزەری بەڕێزیشت بزانم. یەکیان گەلەکۆمەیەک هەیە لە لایەن جمهووری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێڕاق تا ڕادەیەک و دەیانەوێ پێی هەرێمی باشووری کوردستانیش بهێننە ناوی و لە چاپەمەنی دا زۆرباسی لێوە کراوە ئەویش ئەوەیە ئەو هێزە سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هێندێک مەقەڕات و ئۆردووگایان هەیە لە باشووری کوردستان دەبێ چەک دابنێن و ئێرانیش بەجۆرێک ئۆلتیماتۆمی داوە جەنابت ئەوە چۆن دەبینی دیتنی خۆت لەسەر ئەو بارودۆخە بڵێ و دوایەش دەگەینە هەنگاوێکی زۆر پۆزیتیڤی کە دوێنێ هەڵگیرا ئەویش بەیاننامەی هاوبەشی شەش پارتی و ڕێکخراوی کوردی بوو کە باسی ئەوەیان کردووە لە ساڵوەگەڕی کووژرانی ژینا ئەمینی دا بەیەکەوە دەبێ هەنگاو بنێن و داوایان لە خەڵک کردووە بچنە سەر مەزاری شەهیدەکان و ڕێزیان لێ بگرن و دووکان و بازاڕ داخەن. لەم دوو نموونەیە دا ئەوەندەی کە کاتمان ماوە پێم خۆشە بۆچوونی جەنابت بزانم.
حاجی ئاقایی: من دیارە لەسەر وردەکارییەکانی ئەو ئاڵوگۆڕانە هیچ زانیارییەکم نییە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری بکەین من ئەوە دیسان وەکوو زیندوو بوونەوەی ئیمپراتۆرییەکان، یان مل ملانەیەک بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتوریەکانی پێشوو دەبینم. ئەگەر لە بیرتان بێ ساڵانی پێشوو حکوومەتی تورکیا باسی لە گرژی سیفری دەکرد لەگەڵ تەواوی جیرانەکانی خۆی و هەوڵی ئەوەی دەدا بە شێوازێک ئاشتی کەم و زۆر بپارێزێت بۆ ماوەیەکی کورت، بەڵام لە قووڵایی دیسکۆرسەکە دا وەختێک ئێمە دەبینین لە تورکیا تێزێک هەیە بە ناوی ئیسلام – تورک و بە جۆرێک نوێنەرایەتی ئوممەتی عوسمانی و ئیمپراتوری عوسمانی لە سەردەمانی پێشوو دەکا، لە ئێران ئەویش ئیمپراتورییەک بووە لەسەردەمی خۆی دا نوێنەرایەتی سەفەوی کردووە و ئەگەر باسی ئاکتوێل و ئەوڕۆکە بکەین دەبینین کە ئەو پێوەندییانەی هێز خەریکن دووبارە دروست دەبنەوە و مەودایەک نییە بۆ هەڵگرتنی هەنگاوێک، نەفەس کێشانێک لە لایەنێکی ترەوە یا خەلەلێکی سیاسی لەو ناوە دا بێتە پێشێ. بۆیە جیا لەوەی کە ئەو دوو وڵاتە زلهێزە ناوچەیی یە خەریکن ململانییەکانی خۆیان لەسەر عێڕاق، لەسەر هەرێمی کوردستان دووبارە دەکەنەوە بێگومان بە شێوازی ئیدێئۆلۆژی و بە شێوازی سیاسی و بە شێوازی عەسکەریش ڕەنگە هەر لە سەر بنەمای مێنتالیتی و زێهنییەتی پێشوویان کە هەیان بووە وەکوو هێزی عەسکەری ڕەقیش بەکار بێنن. ئەوە وا دەکا کە هەر یەکەیان لە لایەنێکەوە گوشار بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێڕاقیش بێنن. ئەگەر سەیری حەڕەکەی سیاسی ئەو چەند ساڵە بکەین ئێمە دەبینین کە بەشێوازێکی ڕاستەوخۆ تورکیا هەوڵی داوە کە لە زۆنی سونی نشین کاریگەری زۆرتری هەبێت، ئێران دەبینین هەوڵی داوە کە لە زۆنی شیعە قورسایی ئیدێئۆلۆژیکی خۆی بباتە پێشێ. ئەوە لە ململانەی ئەوانە دایە. بەڵام لە لایەنێکی دیکەوە دەبینین کە لە هەرێمی کوردستاندا هێزی ئەوانە هاوپۆشانی دەبێت و بۆیە هەر یەکەیان پێی خۆشە بە شێوازێکی تر، تورکیا هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە ویلایەتی مووسڵ دەبینێت، ویلاتی مووسڵ بخاتەوە سەر ئیمپراتورییەکەی خۆی جا بەشێوازی ڕاستەوخۆ بێ یا بەشێوازی ناڕاستەوخۆ و ئێرانیش بە هۆی ئەو قورسایی یەی یا بڵێین ئەو قووڵاییە ئایدێئۆلۆژییەی کە هەیەتی یا کاریگەرییەک کە هەیەتی  لە هەرێمی باشوور دیسان هەوڵ دەدات کە ئەو گوشارانە بە شێوازێکی تر زیاتر بکات. لە سەر ئەو ئەساسە ئێمە دەتوانین ئەو بارودۆخە شی کەینەوە.
قازی: ئاوا دیارە زۆر گشتییە، بەڵام بە شێوەی کۆنکرێت پێت واهەیە ئەو مەترسییە هەیە کە ئەو ئوڵتیماتۆمەی کە ئێران داویەتی جێ بەجێی بکا یان نا؟
حاجی ئاقایی: هەر وەک باسم کرد من زانیاری وردم نییە.
قازی: نەم پرسی زانیاری وردت هەیە یان نا، بەڵام  بە خوێندنەوەی ئەو فاکتانەی لەبەرچاون و دەبیندرێن.
حاجی ئاقایی: دوور نییە، تەبیعەتەن هەر وایە. هەر کاتێک ئایدێئۆلۆژیا نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت ڕەنگە هێزی سەربازی بێتە مەیدان ئەوە وایە.
قازی: چەند ڕستەیەکیش سەبارەت بە بەیانییەی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
حاجی ئاقایی: منیش ئەوڕۆکە بینیم هەنگاوێکە کە دەکرێ وەکوو بەردەوامی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ببینرێت.
قازی: هەنگاوێکی زۆر پۆزیتیڤیشە چونکە هەر چۆنێک بێ، یانی ئەوەی من بیڵێم جەنابیشت دەبێ هاوکاریم بکەی، دەبێتە هۆی بەرز ڕاگرتنی وزە و ورەی خەڵک بۆ بەردەوام بوون لەسەر خەبات دە فۆڕمی جۆر بە جۆر دا. تەنانەت بە بۆچوونی من ئەوە جێگای خۆشحاڵییە هێزێکی دیکەش کە لەگەڵ ئەو شەش هێزە بەیاننامەکەی ئێمزا نەکردووە، بەیاننامەیەکی دەر کردووە کە هەمان ناوەرۆک و پەیامی تێدایە و ئەوە یارمەتیی یەکگرتوویی دەدا. لێرە دا ئیدی بەرنامەکەمان تەواو دەبێ بەڵام ئەگەر بەڕێزت وەک قسەی دوایی شتێک هەیە فەرموو!
حاجی ئاقایی: نا هیچم نییەزیادی کەم، زەحمەتتان کێشا، سپاس بۆ میوانداریتان!
قازی: زۆر سپاست دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.  
تێبینی: ئەم وتوێژە ئێوارەی پێنجشەمە ٧-ی سێپتامبری٢٠٢٣ / ١٦-ی خەرمانانی ١٤٠٢ی زایینی لەبەرنامەی ڕاوێژی ستتێرک تیڤی دا ڕاستەوخۆ بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە ڤیدێئۆی بەرنامەکە لە
حیسابی بەرنامەی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=Tz4E9em-hVw&t=766s









 

No comments: