Saturday, August 29, 2015

دیداری سەلاحەدین دەمیرتاش لە سوێد





                                 
یەنس ئۆرباک ( سکرتێری گشتی ناوەندی نێونەتەوەیی ئولۆف پاڵمێ)
لە ڕێکخراوەیەک دا کار کردن کە نێوی ئوولۆف پاڵمەی بە سەرەویە بووەتە هۆی ئەوە جار جار ئەو پرسە لەخۆم بکەم  کەسێک دەتوانێ مانای چی بێ بۆ پێشوەچوونی کۆمەڵگەیەک. وەکوو هەمیشە ووڵامی ئەو پرسیارە بەستراوەتەوە بە وەی باسی کوێ دەکرێ. ئەگەر مرۆڤ لە دوڕگەیەکی کەلاکەوتوو دا بژی دیارە ئاکام بەرتەنگە. بەڵام ئەگەر مرۆڤ وەک پاڵمێ خۆی لە بزووتنەوەیەکی جەماوەری گرێ بدا کە دەیەوێ بار و دۆخ بگۆڕێ  زۆر شت دەکرێ بگۆڕێ. ئەو پیاوەی من دوێنێ چاوم پێی کەوت لێی دەوەشێتەوە خۆی گرێ بدا لە هەموو جیهان کە هیوای بەوەیە ڕۆژێک بەهاری عەڕەبی دەبێ بە بەهارێک بۆ مافی مرۆڤ. ئەو ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش ە و ڕێبەری پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵانە لە تورکییە پارتییەک کە جەماوەر کۆ دەکاتەوە و داوای مافی شاروومەندی یەکسان بۆ هەموان دەکا – بە بێ لە بەرچاو گرتنی بەسترانەوەی ئێتنیکی، ڕەچەڵەک، باوەڕی دینی ، جینسییەت یان ئاڕاستە جینسی. ذەبڵا هێزی وەدی بێ!



ئان لیند، سکرتێری وەزیری کارو باری نێوخۆی سوێد ئاندرش ئیگێمان
سەلاحەدین دەمیرتاش، ڕێبەری پارتیی بە زۆربە کوردی هەدەپە  لە تورکییە ئەمڕۆ هاتە سەردانی ئێمە. ئەو هەر وەها چاوی کەوت بە وەزیری دەرەوە واڵسترێوم، و وەزیری بەرگری هوڵتکڤیست. دەمیرتاش هۆکارێکی یارمەتیدەر بوو بۆ سەرکەوتنی گەورەی  هەدەپە  لە هەڵبژاردنەکانی پارڵمانی دا لە ٧-ی حوزەیرانی ئەمساڵ، کاتێک  هەدەپە وەکوو  یەکەم پارتیی کورد لە تورکییە، بە جیاوازییەکی زۆری ١٣ لە سەد لە پارڵمان دا کورسی بە دەست هێنا. پەیامی سەرەکی دەمیرتاش لەم سەفەرەی دا ئەوەیە کە دەبێ  ئاگربەسی دەستبەجێ لە نێوان تورکییە و پ.ک.ک. بکرێ، و وتووێژەکانی ئاشتی  لە نێوان حکوومەتی تورک و هەدەپە کە ڕاگیراون دەست پێ بکەنەوە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد. دەمیرتاش سیاسەتمەدارێکی بەهێزی پێشکەوتووە، هیوا دارم پارتییەکەی ڕێبەری بکا بەرەوە سەرکەوتنی تازە لە هەڵبژاردنەکانی نوێی تورکییە دا کە ڕەنگە لە نۆڤامبر دا بکرێ.



=====================================

ڕاپۆرتی کاتیا ماگنوسۆن  لە بەرنامەی خەبەری 'ئێکۆت'ی ڕادیۆی نێونەتەوەیی سوێد سەبارەت بە دیداری سەلاحەدین دەمیرتاش لە سوێد. پێنجشەمە ٢٠ ی ئووتی ٢٠١٥
ئیمە  شەرتومەرج هەرچییەکی بی بەرگری دەکەین لە گەڕانەوە بۆ دەوری مێزی موزاکەرە، ئەوەی کە هەر دووک لا بچنە هەڵوێستی ئاگر بەس وە. سەلاحەدین دەمیرتاش کە هاو ڕێبەری  پارتی هەرە گەورەی لایەنگری کورد  هەدەپەیە  دەڵێ ئێمە داوادەکەین بێ شەرتومەرج دەست بە موزاکەرە بکرێتەوە و ئاگر بەس لە لایەن هەر دووک لاوە ڕابگەیێندرێ. لە مانگی حوزەیران پارتییەکەی ڕێژەی ١٣ لە سەدی دەنگی وەدەست هێنا. ئەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو لە هەڵبژاردن دا. بۆ یەکەم جاری پارتییەک کە لە لایەن کەمایەتی کوردەوە پشتیوانی لێ دەکرێ هاتە نێو پارڵمان. بەڵام ئێستا چەند مانگە پێواژۆی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و گریلای کوردی پ.ک.ک.پساوە . ئەوە دیسان نیزامییەکانی تورکییە پێگەکانی گریلا لە چیای قەندیل لە عێڕاق بۆمباران دەکەن و گریلاش هێرش دەکاتە سەر سەرباز و پۆلیسی تورک. وەزیری کاروباری دەرەوەی سوێد مارگۆت واڵسترێم داوا لە هەر دوو لایەنەکان دەکا دیسان دەست بکەنەوە بە وتووێژ . سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆککۆماری تورکییە تەییب ئەردۆغان تاوانبار دەکا کە مێزی موزاکەرەی قەڵب کردووەتەوە.
-ئەو هێرشی لە سەر پ.ک.ک. چر کردووەتەوە، لەجیات ئەوەی لەگەڵ داعش ڕووبەڕوو ببنەوە.
ئەو بە ' ئێکۆت ' دەڵێ ئەردۆغان هەموو هێرشی لە سەر پ.ک.ک یە لەجیات ئەوەی بە گژ هەڕەشەی جیدی داعش دا بچێ و ئێستا موزاکەراتی ئاشتی ڕاگرتووە و دەستی کردووە بە هێرشی هەموولایەنە. پ.ک.ک. ش لە لایەن خۆیەوە کردەوە نیشان دەدا و بە داخەوە هەموو ڕۆژێ عەسکەر و ئەندامانی پ.ک.ک. دەمرن . سەلاحەدین دەمیرتاش دەلێ لەکاتێکدا حکوومەتی تورکییە ڕێگای داوە ئەندامانی ڕێکخراوی تێڕۆریستی داعش بە هاسانی بە سنوورەکانی دا تێپەڕن، سەرۆککۆماری تورکییە گوتوویەتی کە پارتیی [هەدەپە]ی لایەنگری کوردان پێوەندیی هەیە لەگەڵ پ.ک.ک کە لەلایەن تورکییە و یەکێتیی ئوڕووپاوە مۆری تێرۆریستی لێ دراوە.بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی تازە بکرێ هەدەپە حەول دەدا بۆ وەدەستهێنانی ڕێژەیەکی زیاتری دەنگ، بە پێی قسەی سەلاحەدین دەمیرتاش ئامانجیان  وەدەستخستنی ٢٠ لە سەدی دەنگانە. 






===================================
Met w HDP leader Mr Demirtas from Turkey. I agree with him: the violence must stop & peace negotiations be resumed 
یای مارگوت واڵسترێۆم وەزیری کاروبارەی دەرەوەی سوێد لە تویترەکەی دا ئەم جریوەی نووسیوە: " چاوم کەوت بە ڕێبەری هەدەپە ئاغای دەمیرتاش لە تورکییەوە. ئەمن لەگەڵی ڕێکم: توندو تیژی دەبێ ڕاوەستی و موزاکەراتی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە




=================================

تورکییە و پ.ک.ک.
" ئەوە ئەردۆغان بوو کە پێواژۆی ئاشتی پچڕاند "
مکاییل وینیارسکی
داگنس نیوهێتر ، ٢٠ی ئووتی ٢٠١٥

ڕێبەری پارتیی لایەنگری کوردی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیر تاش  بە داگنس نیوهێتر دەڵێ:
ئەوە سەرۆککۆماری تورکییە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بوو کە پێواژۆی ئاشتی لە گەڵ پارتی کڕێکارانی کوردستان پ.ک.ک. هەڵپساند. ئەو زیاتر لە غەمی پاراستنی کۆشکەکانی دایە تا بەرگری لە ووڵات
تەواو لە جەنگەی خراپترین قەیرانی سیاسی لە تورکییە لە ماوەی ساڵانێکی زۆر دا ڕۆژی پێنجشەمە دەمیرتاش  هاتە ستۆکهۆڵم بە پێی بانگهێشتنی ناوەندی پاڵمەی سۆسیال دێمۆکڕات. لە بەرنامەی ڕێبەری هەدەپە دا دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری کارو باری دەرەوەی سوێد مارگۆت واڵستڕێۆم هەبوو. پەیامی وی بۆ دەمیرتاش کە لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دا دەری بڕی ئەوە بوو کە دەمیرتاش دەبێ حەول بدا پ.ک.ک. ڕازی بکا – کە لە هەدەپە نزیکە – بۆ ئەوەی دەست لە خەباتی چەکداری هەڵگرێ.
ئەوە شتێکە کە دەمیرتاشیش دەیەوێ، بەڵام ئەو خەتای تەواوی ئەوەی کە شەڕی نێوخۆیی بە دژی کوردەکانی ووڵات دەستی پێکردووەتەوە دەخاتە سەر ئەستۆی پڕێزیدێنت ئەردۆغان. ئەو دەڵێ" –هەر چوار مانگ بەر لە هەڵبژاردن ئەردۆغان بە ئاشکرایی ڕایگەیاند پێواژۆی ئاشتەوایی کە چەندین ساڵ بوو لە گۆڕێ دا بوو دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێ.  ئەو گوتی لە تورکییە پرسێک بە نێوی " پرسی کورد " نییە و تەنانەت ئۆپێڕاسیۆنە نیزامییەکانی ئەرتەشی تورکیش  بەر لە هەڵبژاردن دەستیان پێکرد.
بەرپرسیاریی پ.ک.ک. چییە لەوەیدا کە پێواژۆی ئاشتی هەڵپسا ؟
دەمیرتاش دەڵێ: -لە پێواژۆی ئاشتی دا ئاکتۆری گرینگی لایەنی کوردی عەبدوڵا ئوێجاڵان ( ڕێبەری زیندانی پ.ک.ک. تێبینی داگنس نیوهێتر) ە. بەڵام حکوومەت لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوو دا هیچ جۆرە پێوەندی یان وتووێژێکی لەگەڵ ویدا نەبووە. هێرشەکانی پ.ک.ک. وڵامێک بوون بۆ ئۆپێڕاسیۆنەکانی حکوومەت، بەڵام ئەوانیش گوتوویانە ئەگەر حکوومەت دەست بە وتووێژەکانی بکاتەوە لەگەڵ ئوێجاڵان پ.ک.ک. دەست لە چەک بەر دەدا.
بە پێی قسەی دەمیرتاش ئامانجی ئەردۆغان لە کۆتایی دان بە پێواژۆی ئاشتی  لە بەر ئەوە بوو  باوەڕی وایە پێشوەچوونی ئاشتیانە بە قازانجی هەدەپەیە و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە ئەو پارتییە کە لایەنگری لە کورد دەکا دەنگی زیاتر وەدەست بهێنێ.
-حیسابی ئەوەی دەکرد دەستپێکردنەوەی شەڕ هێز و نفووزی هەدەپە لاواز دەکا و دەتوانێ ئێمە بخاتەوە ژێر بەندی لە سەدا دە و نەتوانین بێینەوە نێو پاڕڵمان. ئەو ستراتێژییە لە سەر ئەو بنەمایە هەڵنراوە کە پێی وایە ئەگەر پۆلیس و عەسکەر بکووژرێن ئاکەپەیەکەی دەنگێکی زیاتری ناسیۆنالیستان وەدەست دەهێنێ. دەمیرتاش لەو باوەڕە دا نییە ئەردۆغان بتوانێ لەو سیاسەتە دا سەرکەوێ. بیرو ڕای گشتی تورکییە ، چ تورکان و چ کوردان ، زۆر ناڕازین و تووڕەن لەو هەلومەرجەی هاتووەتە پێشێ.
بیروڕا پێوانێکی نوێ ئەو خۆشبینییەی دەمێرتاش تا ڕادەیەک پشتڕاست دەکاتەوە، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن کرابا دەنگەکانی ئاکەپە کە لە تازەترین هەڵبژاردن دا  40.08  لە سەدی بە دەست هێنا دەبوو بە  39.02 لە سەد  و دەنگە کانی هەدەپە کە لە هەڵبژاردن دا 13.01ی بە دەست هێنا ، ئێستا زیاد دەکرد و دەگەییشتە 14.01 لە سەدی دەنگان.
ئەوە دەبێتە هۆی  وروژانێکی لە زێدە و توندو تێژی زیاتر لە ڕٶژهەڵاتی تورکییە کە کوردان تێیدا دانیشتوانی زاڵن و لەوێندەرێ هەڵبژێرەرانی هەدەپە ناترسێنێ و نایان ڕەوێنێتەوە.
دەمیرتاش دەڵێ: -ئێمە لەو باوەڕە داین لە هەڵبژاردنی نوێ دا  تورکەکان تا پلەیەکی زۆر پشتیوانی خۆیان لە ئێمە زیاد دەکەن.
گەڵۆ ئەردۆغان لە بەر مرخی شەخسی بۆ کورسی و دەستەڵات شانی داوەتە بەر ئەو گەمەیە؟
-نا هەر لەبەر ئەوە نییە. ئەو مۆدێلێکی لە زەین دایە کە تورکییە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ چۆن بن، و بۆ ئەوەی ئەو نەخشەیەی خۆی جێ بە جێ بکا ئەو دەیەوێ قەوارەیەکی دەستەڵاتی ئەوتۆ دامەزرێنێ کە پلەی سەرۆکایەتی کۆمار بەهێزتر بێ لە ئی حکوومەت و لە ئی پارڵمان. ئەو نێوی ئەوەی ناوە مۆدێلی نوێ عوسمانی ، کە بۆ خۆی رێبەرێتی.
ئێمە چ موشکیلەمان نییە ئەو بیرکردنەوەیەکی ئاوای هەیە ، بەڵام ئەوە هەڵەیە ئەو بییەوێ بە شەڕ بە دژی کۆمەڵی تورکییە ئەوە وەدی بێنێ . کۆمەڵێک کە ئەو مۆدێلەی ناوێ. زۆربەی تورکەکان باوەڕیان بە کۆمەڵێکی پلووڕالیستی و دێمۆکڕاتیکە.
دەمیرتاش لە قسەکانی زیاد دەکا و دەڵێ هەموو تورکەکان ئەوە دەبینن کە لە ووڵاتی دراوسێیان لە سوورییە قەوماوە، و ئەوان لەو وەزعەی ئەوێ دەرسی گرینگ فێر بوون.
ئێمە ڕێگا نادەین  ئەوەی لە سوورییە قەوماوە لێرە دووپاتە بێتەوە.یەکەم کاری کە دەبێ بیکەین ئەوەیە ئاگر بەسی نێوان دەوڵەت و پ.ک.ک. ڕابگەیێندرێ ، و حەول بدرێ لایەنەکان لە دەوری مێزی موزاکەرە دابنیشن و سەباتێکی سیاسی بێتە کایەوە لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی تازە دا.  ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی ئێمە ڕێگا دەکاتەوە بۆ پێواژۆی دێمۆکڕاتیک کردن.
ئەو لەو باوەڕە دایە ئێستا حەول دەدرێ بۆ لێ ئەستاندنەوەی مافەکانی کوردان و بەر لە هەمووشت تاوانکاری زۆر دەکرێ بە دژی مافی مرۆڤ. پۆلیس لە جەخزی دەستەڵاتی خۆیان دەردەکەون، ئەشکەنجە ، دادگەی ناعادڵانە، سووتاندنی گوندان .. نموونەی ئەوانەن ، بەڵام ، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وا نییە ئەو مافانەی کە کوردان بە خەباتی خۆیان لەو ساڵانەی دواییدا وەدەستیان هێناوە بکرێ لێیان بئەستێندرێتەوە.
میکاییل وینیارسکی

//////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////

ڕۆژنامەی ئافتون بڵادت، جومعە ٢١ی ئووتی ٢٠١٥
ڕاپۆرتی: ولفگانگ هانسۆن

ئەو پیاوەی ئەردۆغان دەیەوێ بێدەنگی کا
مێوانداری کردنی واڵسترێۆم لە دەمیرتاش سیگناڵێکی گرینگە

دەمیرتاش ئەو پیاوەیە کە دەتوانێ دیاریی بکا تورکییە کامە ڕێگا وەبەر بگرێ
ئەوە ئەو پیاوەیە کە سەرۆککۆمار تەییب ئەردۆغان دەیەوێ بێدەنگی کا
جا بۆیەیە ئەو سیگناڵێکی ئاشکرا بوو لە لایەن مارگۆت واڵسترێومەوە کە کۆشکی ئارڤفوشتێنس میوانداری لە سەلاحەدین دەمیرتاش بکا.
سیگناڵێک بەو مانایەی کە سوێد پارتیی لایەنگری کوردی هەدەپە بە کۆڵەکەیەکی گرینگی دێمۆکڕاسی تورکییە دەزانێ  لەو هەڵبژاردنەی دا کە چاوەڕێ دەکرێ لە مانگی نۆڤامبر دا بەڕێوە بچێ
ئێستا دەمیرتاش زەختێکی زۆری لە سەرە لە لایەن پرێزیدێنت ئەردۆغانەوە و حەوجێی بە هەموو پشتیوانییەکە کە لێی بکرێ

وەک ڕێبەی پارتیی دەمیرتاش لە مانگی حوزەیران دا سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ هەدەپە وەدەستهێنا. پارتییەکە لە هەڵبژاردنی پاڕڵمان دا ١٣ لە سەدی دەنگی وە دەست خست و توانی لە بەندی بەرزی ١٠ لە سەدی تورکییەی تێپەڕێنێ کە تورکییە هەر بۆیە دایناوە کە لەگەڵ خەڵکی دی پێش بە کوردان بگرێ کە نەکەونە پارڵمانەوە.

لە هەڵبژاردنی حوزەیران دا ئەوە جاری یەکەم بوو کە پارتییەکی کورد بێتە نێو پارڵمان. بۆ پارتیی داد و گەشە پێدان ، ئەو پارتییەی کە زیاتر لە دە ساڵە بە سەر سیاسەتی تورککە دا زاڵە، و پرێزیدێنت ئەردۆغان ئەوە شکانێکی سەخت بوو. دەستکەوتەکانی هەدەپە کارێکی ئاوای کرد کە ئاکەپە بە سەری خۆی نەبێ بە زۆرایەتی و ئەردٶغان نەتوانێ قانوونی بنچینەیی بە شێوەیەکی ئاوا بگۆڕێ کە دەستەڵاتی زیاتر بدا بە پرێزیدێنت.
ئەردۆغان بە ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت هیوادارە ئەم جار هەدەپە نەتوانێ لە بەندی تێ پەڕێنێ. ئەوەش شەرتێکە بۆ ئەوەی ئاکەپە بتوانێ بە سەری خۆی زۆرایەتی وەدەست بخا و هەموو دەستەڵات لە خۆی دا کۆ کاتەوە.
نا ترسی
لەو ستراتێژییەدا ئەوەش هەیە کە پێگەکانی گرووپی میلیتانتی کوردی پ.ک.ک. لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە بۆباران بکرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دوژمنێکی ناوخۆیی ساز بکرێ.
بەڵام وا وێدەچێ دەمیرتاش پیاوێک نەبێ کە بکرێ بەهاسانی بترسێندرێ. دەمیرتاش لە کاتی کۆنفڕانسی چاپەمەنی لە ڕووزنباد ( بینای وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی سوێد) بزەی لە سەر لێوان بوو و کوتوشەڵوارێکی خۆڵەمێشی قۆزی دەبەر دا بوو و سەری بە جوانی شانە کردبوو. ئەو زیاتر وەک هونەرمەندێکی مۆدەی جلوبەرگ وەبەرچاو دێ تا سیاسەتمەدارێک.
ئەو دەڵێ:  -ئەمن لە هەڵبژاردنێکی نوێ ناترسم. ئەمن دڵنیام  کە ئێمە ئەمجاریش لە بەندی تێ دەپەڕێنین و دەنگی زیاتریش لە جاری پێشوو بە دەست دەهێنین.
لە ووڵامی پرسیاری من دا کە لێم پرسی ئەو چۆن ووڵامی ستراتێژی ئەردۆغان دەداتەوە کە دەیەوێ هەدەپە نەمێنێ  دەمیرتاش بە مۆڕەوە دەڵێ: بەپێی قانوونی بنچینەیی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار دەبێ ئۆبژێکتیڤ بێ ، بەڵام ئەو حەول دەدا هەموو شت بەقازانجی ئاکەپە تەواو بێ و ئەو پارتییە ئەوەندەی دەکرێ دەنگ وەدەست بخا.
دەمیرتاش ناڕاستەوە خۆ عادڵانە بوونی هەڵبژاردنێکی نوێ دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەڵێ" هیوا دارین کە هەلىژاردنێکی دێمۆکڕاتیک بێ.

خیانەتی گەورە
ئەو ووشەی گزەی هەڵبژاردن بەکار ناهێنێ بەڵام وێدەچێ ئەوە ئەوەیە کە ئەوترسی هەیە بکرێ. ئەردۆغان بە نەغدەن دەمیرتاش و پارتییەکەی ئەوی تاوانبار کردووە بە پشتیوانی لە تێڕۆریستان و بەو شێوەیە تووشی خیانەتی  گەورە هاتوون. دیارە ئەوە هەتابڵێی تاوانبارکردنێکی جیدی یە کە دەتوانێ ئاماژە بۆ ئەوە بێ کە دەوڵەتی تورک نەخشەی هەیە دەمیرتاش بگرێ ئەگەر لە هەڵبژاردنی نوێ دا هەدەپە نەتوانێ لە بەندی تێپەڕێنێ. ئەو جۆرە مەیل و مرخە لە ئێستاوە هەستی پێ دەکرێ.
ئەو ڕێبەرە پارتییە تەڕپۆشە لەوە زۆر تووڕەیە کە ئەندامانی سەرەکی پارتییەکەی دیراون هەر لە بەر ئەوەی بە جریوە لە تویتر دا بۆچوونی خۆیان نووسیوە.
دەمیرتاش لە کاتیک دا کە کۆمەڵێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی سوێدی و تورک دەورەیان داوە، دەڵێ: ئەوە شەرمێکی گەورەیە لە کاتێکدا ئێمە هەموو ڕۆژێ لە تویتر دا هەڕەشەی کوشتنمان لێ دەکرێ ئەو هاوڕێیانەمان بگیرێن. دوایە  ئەو تەوێڵی وێک دەنێ و دەڵێ زۆر لەوە نیگەرانە کە ئەو وەک " شەڕی ناوخۆ" لە تورکییە نێو زەدی دەکا.

بۆمب
ئەوە ئێستا ئینسانان دەمرن و بەڕاستی ئەوە بۆ ئێمە جێی داخی گەورەیە. ئێمە لەو باوەڕە دا نین کە کێشە و گیروگرفت بە چەک و بە بەکارهێنانی توند وتیژی جێ بە جێ بکرێن. بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین چەک دانێن و دیسان بچنەوە پای مێزی موزاکەرە.
بانگەوازێک کە تائێستا نەبیستراوە. حکوومەت بەردەوامە لە سەر بۆمباران کردنی پ.ک.ک و دەست لەوە دەگێڕێتەوە  دیسان دەست بکاتەوە بە وتووێژی ئاشتی بەر لەوەی هەموو چەک بە تەواوی بێدنگ بن.
بۆ دەمیرتاش شەڕی نێوخۆیی مانای ئەوەیە کە حکوومەت هێزی خۆی  بۆ هێرش بۆ سەر دوژمنێکی هەڵە  کۆ کردووەتەوە. داعش گرووپی هەرە بە مەترسییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. ئەگەر ئێمە یەکمان گرتبا بۆ خەبات و بەگژداهاتنەوەی داعش ئەوەدەمی ئەو بەربەرەکانییە زۆر کاریگەرتر دەبوو





کۆنفڕانسی چاپەمەنی مارگوت واڵسترێوم وەزیری کارو باری دەرەوەی سوێد و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، ستۆکهۆلم، پێنجشەمە ٢٠ی ئووتی ٢٠١٥
Tid: Torsdag den 20 augusti, kl. 13.30 
Plats: Bella Venezia, Rosenbad. Inpassering via kopparporten mellan kl. 13.00-13.20.

مارگۆت واڵسترێوم: 
زۆرباشە. هەموو لایەکتان بەخێر بێن. ئەمن خۆشحاڵم بەخێرهاتنتان بکەم . میوانەکەم سەلاحەدین دەمیرتاشە کە سەرۆکی پارتیی تورکی هەدەپەیە. ئەمن لەگەڵ وی وتوووێژی ناڕەسمی مان هەبوو  و ئەو لێرەیە بە سیفەتی نوێنەرایەتی ئەو پارتییە  کە لە هەڵبژاردنی پاڕڵمانی دا بەڕێوەی برد لە ٧ی حوزەیران و ئەوە نیشانەیەکی بەهێزی دێمۆکڕاتیک بوو کە لە ڕاستیدا دینامێکی کۆمەڵگەی تورک دەنوێنێ . ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە ئەوە بوو کە نوێنەرایەتییەکی بەربڵاوتری لێ کەوتەوە چ لە ڕووی پێکهاتەی ئێتنیکی و چ لە ڕووی جینسییەتییەوە کە لە ڕابردوو دا وێنەی نییە. ئێمە لە قسەکانماندا ، بەر لە هەموو شت ئەمن پیرۆزباییم لێ کرد بۆ سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن دا و هەر وەها جەختم کردەوە لە سەر زۆر لایەنی مۆدێڕنی بەرنامەی پارتییەکەیان لە بەشی سیاسی دا ئیست دەگرێ  لە سەر یەکسانیی و مافی وەکوو یەک. ئاغای دەمیرتاش کەسێکە پێشینەی کارکردنی هەیە بۆ مافی مرۆڤ ، جا ئەوە گرینگە و پڕمانایە کە پارتییەکەیان ٥٠ لە سەدی شوێنی داوە بە ژنان لە لیستی هەڵبژاردن دا  و هەر وەها بۆ نموونە حەولیان داوە بۆ هەبوونی نوێنەرایەتی ژنان لە پلەی سەرەکی بەڕێوەبەری دا. لە سەرتاسەی جیهان خەڵک چاوی لەوەیە کە ئێستا لە تورکییە چ ڕادەبرێ و ئێمە هیوادارین ئەو ناهێمنییەی کە ئێستا خەبەری لەوێوە دێ بە خێرایی بڕەوێتەوە و نەمێنێ و ئەوە بەرپرسیارییەکی گەورە دەخاتە سەر ئەستۆی هەموو ئاکتۆرەکانی تورکییە کە بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە. ئێمە بەتایبەتی ئیترێستێکی گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی کە لە تورکییە ڕادەبرێ. ئێمە هاوکارییەکی هەموولایەمان هەیە لەگەڵ تورکییە و هەر وەها هاوپەیمانییەکی ستڕاتێژیکمان هەیە لەگەڵ تورکییە کە لەگەڵ شتی دیکە بازرگانی و میلیوێ دەگرێتەوە. ئێمە هەست بە نیگەرانی دەکەین  لەوەی کە توندو تیژی زیادی کردووە لە نێو خۆ و لە دەور وبەری تورکییە دا . و ئاشکرایە کە ئێمە بە قووڵی پەژارەی خۆمان دەردەبڕین و هەر وەها یەکێتیی ئوڕووپا، ئێستا پێواژۆی ئاشتی لە نێوان تورکییە و پ.ک.ک. چەقی بەستووە و خەتەری تێکهەڵچوون هەیە. جا بۆیە پیویستی بە دەربرێنی هەڵوێستی ئاشکرا هەیە بە دژی کردەوەی توند وتیژی و ئێمە دەبێ پێشی تەنینەوەی توند و تیژی بگرین و دەبێ چەك دابندرێن. ئێمە لایەنگری ئەوەین کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکییە بپارێزدرێ و ئەمڕۆ ئەمن لە قسەکانم دا لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش داوام لێ کرد هەم بۆخۆی و هەم هەدەپە درێژە بە حەولەکانیان بدەن بۆ ئەوەی پێواژۆی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە . ئەمن  هەروەها دەمەوێ باسی نزیکبوونەوەی تورکییە لە یەکێتیی ئوڕووپاش بکەم، کە دیارە ئەوەش لەم هەلومەرجە دا مانایەکی گەورەی هەیە و بەستراوەتەوە بە بەهێز کردن و قووڵتر کردنی تورکییە وەک وڵاتێکی دێمۆکڕاتیک و خاوەنی دەوڵەتی قانوون. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر بەرەپێشبردن و پشتیوانی سیاسی خۆمان لە تورکییە. ئێمە هەر وەها پێمان وایە سەبات لە ناوخۆی تورکییە یارمەتی دەکا بە سەباتی دەرەوەی سنووەرەکانی بە تایبەتی لە مەڕ کێشەی سوورییە و عێڕاق. ئەمن هەر وەها دەمەوێ باسی ئەوەش بکەم کە زۆر جار قسەی لێوە ناکرێ؛ تورکییە بەرپرسیارتییەکی گەورەی ئینسانی وەئەستۆ گرتووە لە سوورییەوە پەنابەر وەردەگرێ ئەمن پێم وایە ژمارەی ئەو پەنابەرانە دەگاتە ٢٠٠ هەزار کەس کە منداڵێکی زۆریان تێدایە ، بە تایبەتی لە ناوچەی کۆبانی یەوە. تورکییە شەریکێکی گرینگە بۆ یەکێتیی ئوڕووپا لە خەبات بە دژی تێڕۆرێزم و تیژپەڕیی توند و تیژ و بە زەبر وزەنگ، بەتایبەتی لە خەبات دژی داعش. سوێد بەخێرهاتنی دەوری چالاکانەتری تورکییە دەکا لەو ڕووەوە. ئێمە خۆمان بڕیارمان داوە سەبارەت بە یارمەتی نیزامی بە کۆالیسیۆنی دژی داعش و یارمەتییەکەمان بە شێوەی هێزێکە کە لە هەولێر دایدەمەزرێنین  بۆ یارمەیدانی پێشمەرگە لە شەڕی بە دژ داعش دا. ئاغای دەمیرتاش جارێکی دیکەش بەخێر بێی ، دیارە ئەوە چاوڕاکێش و جێی لێ فێر بوونە بۆ ئێمەش کە گوێ لە ئێوەش بگرین هەر وەک ئەوەی کە من پێوەندیی بەردەوامم هەیە لە گەڵ هاوکارم وەزیری کارو باری دەرەوەی تورکییە هەر وەها ئەوەش گرینگە ئێمە گوێمان لە قسەی پارتییەکی ئاوا گەورە بێ لە تورکییە لە مەر پێشوەچوونە سیاسییەکان لەوێندەرێ و بەم شێوەیە ئەمن پاشماوەی قسەکان بۆ ئاغای دەمیرتاش بەجێ دەهێڵم و دواتر دەکرێ پرسیارەکانتان بهێننە گۆڕێ.





دەمیرتاش: ئەمن لە سەرتاوە زۆر سپاس دەکەم. تەک تەک بە خێرهاتنی هەمووتان دەکەم. بەتایبەتی بە ناوی پارتییەکەم سپاسی بەڕێز وەزیر دەکەم بۆ ڕێزڵێنان، پێشوازی  و میواندارییەکەیان. پێوەندیی دۆستایەتی و رێکخراوەیی پارتییەکەمان لەگەڵ پارتیی سۆسیال دێمۆکڕاتی سوێد پێشینەیەکی کۆنی هەیە و زۆریش لەوە خۆشحالین ئێستا دەستەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە.  هیوا دارم هەتا دی پێوەندییەکانمان هەم لە گەڵ حکوومەتی سوێد و هەم سۆسیال دێمۆکڕاتەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکەیان ناوەندی نێونەتەویی پاڵمێ زیاتر بێ. بەر لە هەموو شت دەمەوێ ئەوە جەخت بکەمەوە پارتی ئێمەش پێوەندیی دۆستانەی نێوان تورکییە و سوێد هەتا بڵێی بەنرخ دەزانێ. پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵان لەو باوەڕە دایە  بەهێز کردنی هەموو جۆرە پێوەندییەکی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە نێوان تورکییە و سوێد بە قازانجی هەر دوو کۆمەڵگەیە.، لە هەمان کات دا ووڵاتەکەم تورکییە کە کاندیدای ئەندامەتی یە لە یەکێتیی ئوڕووپا دا هەر جۆرە هاوکاری دووڵایەنەی لەگەڵ سوێد هەم لە بەرژەوەندی یەکێتیی ئوڕووپا و هەم بە قازانجی تورکییە دەبێ. وەکوو دیکە لە ووڵاتەکەتان ژمارەیەکی زۆر شاروومەندی تورکییەیی دەژین ، بەڕێژە لێرە ژمارەیەکی زۆر کە لە تورکییەوە هاتوون لە ئاسوودەیی دا دەژین ، جا بۆیە ئەو هاو نیشتمانانەشمان کە لێرەن، ئەو برایانەشمان کە لە تورکییەوە هاتوون و لێرەن دەمەوێ بڵێم لە ساز کردنی دیالۆگ و پێوەندیی لە نێو هەر دوو ووڵات دا دەتوانن کارتێکەرییەکی بەهێزیان هەبێ. ئەمڕۆ بوونی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان لێرە، بۆ باسی بۆچوون و بەش کردنی دیتنی پارتییەکەمان بوو بە تایبەتی سەبارەت بە دوای هەڵبژاردن و هەلومەرجێکی کە ئێستا لە تورکییە هەیە ، لە ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن دا، چ جۆرە چارەسەرییەک دەتوانین پێش بخەین ، ڤیزیۆنی پارتییەکەمان لەو بارەیەوە چییە ، هەم چارەسەر کردنی گێرەوکێشەکانی تورکییە، هەم  چارەسەری گیروگرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، ئەوانە چۆن دەبن و بەڕێزیشیان پێیان باش بوو گوێ لەوانە بگرن. دەمەوێ بڵێم دیدارەکەمان زۆر بەکەلک بوو. پارتییەکەمان لە کێشە و هەرای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا ، لە شەڕی نێوخۆ ی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا  و لەو ئاڵۆزییەی دا کە  ئەوێی داگرتووە. لە ووڵاتێکی وەک تورکییە دا نرخێکی دێمۆکڕاتیکە . پارتییەک کە بەرگری دەکا لە پلوورالیزمی دێمۆکڕاتیک ، لە ئاشتی ، لە بەرابەری و عەداڵەت ، پارتییەک کە بەرگری دەکا لەوەی کە هەموو ناسنامەکان بە شێوەی عادڵانە لە یەکێتیی دا بژین ، هەبوونی هێزێکی گرینگی دێمۆکڕاتیکە. و ئەوەش کە لە تورکییە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ١٣ لە سەد پشتیوانیان لێ کردووە  لە ڕوانگەی دێمۆکڕاسییەوە شانسێکی گرینگە. ئێمە پێمان وایە دەتوانین ببین بەهێزی پێشڕەو لە ووڵاتەکەمان و  تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بە گەیشتن بە قانوونێکی بنەرەتی نوێ لە سەر بنەمای پلووڕالیستی . هەڵبەت ئێستا لە تورکییە دا  گێرە وکێشەی زۆر جیدی لە گۆڕێ دا هەن، دژواری هەن، بەڵام پێمان وا نییە  ئەوانە هیچیان لەو گێڕەو کێشەیان بن کە بە  دیالۆگ  چارەسەر نەکرین. بەتایبەتی لەو دواییانە دا، پاش هەڵبژاردن دەست پێکردنەوەی تێکهەڵچوونی چەکدارانە، دەستپێکردنەوەی مردن . لە ڕوانگەی ئێمەشەوە دۆخێکی زۆر جێی نیگەرانی و جێی پەرۆشە. هەڵوێستی پارتییەکەم لەو ڕووەوە زۆر ئاشکرایە. ئێمە هیچکات باوەڕمان بەوە نەبووە کە بکرێ هیچ گێڕەوکێشەیەک بە بەکارهێنانی چەک و توندوتێژی چارەسەر بکرێ. ئێمە مەودایەکی ڕوون و ئاشکرامان هەیە لە کردەوەی کە توندو تیژی لێ بکەوێتەوە. و بەردەوام بانگەوازمان کردووە دەبێ بە لێبڕاوانە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر هەلومەرجی ئاگر بەس ، بە لێبڕاوانە چەکەکان دەبێ بێدەنگ بن و لایەنەکان دیسان بچنەوە پای مێزی موزاکەرە و دیالۆگ. لەو باوەڕە داین خاوەنی تەجروبەیەکی بەهێزین بۆ ئەوەی  بە ڕێگای قسە کردن و  موزاکەرە دا ، لە چوارچێوەی پێوەندییەکی مەدەنی دا کێشەکان ڕاپەڕێنین. کۆمەڵگەی تورکییە  ئاسوودەیی دەوێ، ئاشتی دەوێ ، پارتییەکەشمان لەو ڕوەوە هەمیشە پشتیوانی و هاوکاری خۆی ڕاگەیاندووە . دەمەوێ لێرە جارێکی دیکە ئەو بانگەوازییە دووپاتە بکەمەوە. بەڵێ! بە گردبڕی چەکەکان دەبێ بێدەنگ بن  و حەولی چارەسەری بێ چەک و بێ توندو تیژی دەبێ زۆر خێرا وەکار بخرێ ، هەڵبەت ئێمە وەکوو کەسی سیاسی  بەر لەهەموومان ئەرک و بەرپرسیاریمان لە ئەستۆیە کە داوخوازەکانی کۆمەڵگەی تورکییە وەدی بهێنین. لەو بارەیەوە  پشتیوانی ئیلهامدەرانە  و هەموو جۆرە  یارمەتییەکی پشت گەرمکەرانەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش بە ووڵاتەکەمان لە ڕوانگەی ئێمەوە زۆر بە نرخە. ئێمە دوا جار دەمانەوێ کۆمەڵگە گشتی بەیەکەوە  لە سیستمێک دا کە لە سەر بنەمای ئاشتی دامەزرابێ بژی. دەمانەوێ سیستمێکی ئاوا بە یەکەوە ساز بکەین. ئەگەر جار جار دێمۆکڕاسییەکی چڵ و نێوەچڵیشمان هەبێ ، لەگەڵ ئەوەشدا، تورکییە خاوەنی دینامێکێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی یە.، خاوەنی هێزی خۆ و باوەڕی بە خۆیە. ئیمە حەول دەدەین بۆ هێنانە گۆری ئەو تواناییە، بۆ بەکار هێنانی ئەو تواناییە. بەڕێز وەزیر باسی بابەتێکی گرینگی دیکەی کرد، بە تایبەتی ئەویش  ئەو ئاکامانەن کە لە  شەڕی جیدی نێوخۆیی سوورییە کەوتوونەتەوە. خەباتی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە دژی داعش، دیارە پشتیوانی لەو گرووپانەش  کە لەوێ دژی داعش شەڕ دەکەن زۆر گرینگە. چونکە ڕێکخستنێکی ئاوا کە هیچ گومان لە دوژمنایەتی وی ناکرێ لە ئاست نرخە ئیسانی و ئیسلامییەکان ، تەنێ هەر سەدەمە ناگەیێنێ بە کۆمەڵگەی ئەوێ بەڵکوو زەرەر لە هەموو کۆمەڵگەی ئینسانی و بەهاکان دەدا و پێم وا نییە هیچ کەس لەو بارەیەوە چ گومانی هەبێ.  لەو ڕووشەوە هەڵویستی پارتییەکەمان ڕوونە. لە تورکییە ئێستاش و لە داهاتووش دا پێکهاتەی حکوومەت هەرچۆنێکی بێ با ببێ پێمان وایە دەبێ بە دژی داعش هەلوێستێکی ئاشکرای هەبێ و کاریگەرانە ڕووبەڕووی بێتەوە. لە هەمان کات دا نزیکەی ٢ میلیۆن لە برایانی سوورییەیمان ئەوێیان بەجێ هێشتووە و لە تورکییە دەژین و ئەوانە بەشێکی زۆریان بە یارمەتی تورکییە درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. لەو بارەیەوە تورکییە حەوجێی بە پشتیوانی نێونەتەوەیی هەیە. تورکییە لە دنیا دا یەک لەو ووڵاتانەیە کە لە هەموو جێیەکی دیکە زیاتر پەنابەری وەرگرتووە.  لە ڕاستیشدا، تا ئەو کاتەی کە درامای ئینسانی و قەتڵی عامەکانی سوورییە و شەڕ لەوێ بەردەوام بێ، داوای ئەوەی کە ئەو ئینسانانە بگەڕێنەوە ئەوێ مومکین نییە ، ئینسانیش نییە. هەلومەرجی ژیانیان لە تورکییە باشتر کردن و لەمەر بەشداریی کردن لە بەرپرسیارەتی ئەواندا چ ئەوانەی لە کۆبانێ وە هاتوون، چ ئەوانەی لە شام یان لە حەڵەبەوە یان ئەوانەی کە لە حەسەکەوە هاتوون. عەڕەب، تورکومان، کورد هەر کەس دەبن با ببن بوونیان لە تورکییە لە ڕوانگەی ئێمە وە زۆر بەنرخە ، ئێمە وەک پارتیی خۆمان ئەوان بە میوان دانانێین بەڵکوو بە خاوەنماڵیان دەزانین.  بە خاوەنی ئەو خاکانەیان دەزانین و دیارە کە باشتر کردنی بارودۆخی ژیانیان و بۆ گەڕانەوەی ووڵاتەکەشیان بە پێکهێنانی ئاشتی لەوێ  پشتیوانی ڕێکخراوەکانی یەکێتیی ئوڕووپا و نێونەتەوەیی پێویستە. گشت ئەو پێوەندییە هاوبەشانە لە نێوان پارتییەکەمان و سۆسیال دێمۆکڕاتەکان، ناوەندی نێونەتەوەیی پاڵمێ و هەر وەها حکوومەتی سوێد هیوادارین شوێن دابنێ لەسەر پێوەندییەکانی نێوان تورکییە و سوێد دا. ئەو دوو ووڵاتەش بە پاڵپشتی مێژوو و ڕابردوو دۆستایەتی پتەو و هاوپێوەندییان هەبووە، هەلوێستی ئێمە ئەوەیە ئەو پێوەندییە دەبێ زیاتر و پتەوتر بکرێ. هیوا دارم لە داهاتوویەکی نزیک دا، لەو هەڵبژاردنەی دا کە دەکرێ ئاڵتێرناتیڤێکی دێمۆکڕاتیک بێتە گۆڕێ و لە حکوومەت دا هەر پارتییەک لە سەر کار بێ حەول بدا بۆ ئەوەی  پێوەندییەکانمان لە گەڵ سوێد، پێوەندییەکانی تورکییە لە گەڵ سوێد زیندوو، گەرم و زۆر بە هێزتر لە ڕابردوو بن و سیاسەتێکی ئاوا بپارێزێ. پێم خۆشە بەڕێز وەزیر لەوە ئاگادار بێ و وەکوو تر سپاسی بەڕێیان دەکەم. لە ڕوانگەی ئێمەشەوە ئەو دیدارە یەکجار زۆر گرینگ بوو . پشتیوانی ئاشکرای حکوومەتی سوێد لە پێواژۆی ئاشتی لە تورکییە و بانگەوازی دانی لەو بارەیەوە و دانی پەیامی دۆستایەتی و ڕاگەیاندنی نییەتی خێری بە کراوەیی وەرگێڕانی ویستی هەموو کەسانی لایەنگری ئاشتییە لە تورکییە و دەستی ئەوانی بەهێزتر کردووە. ئینشائەڵا هەموومان لەوە بە شێوەیەکی دروست کەلک وەردەگرین. جارێکی دیکە زۆر سپاس دەکەم
پرسی ١ : من هەواڵدەری ڕۆیتیڕزم و پرسیارەکەم لە دەمیرتاشە: وا وێدەچێ ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێکی تازە بچین لە تورکییە . ئێوە لە ڕوانگەی هەدەپەوە ئەوە چۆن دەبینن و بۆچوونت لە سەر حکوومەتێکی کاتی تا هەڵبژاردن چییە؟  ئایا ئێوە لە حکوومەتێکی ئاوا دا بەشداری دەکەن؟ و پێتان وایە پێکهاتەی حکوومەتێکی ئاوا دەبێ چۆن بێ ؟
دەمیرتاش: بەڵێ حکوومەتی کاتی تا هەڵبژاردن بە پێی قانوونی بنچینەیی دەبێ پێک بێ. ئەگەر بەڕێز سەرۆککۆمار بڕیار بدا لە سەر هەڵبژاردن ، ئێمە بڕیارمان داوە بۆ بەشداری لە حکوومەتێکی ئاوا دا و ئامادەین بۆ ئەرک بە ئەستۆوە گرتن. سەرۆکی پارڵمان وەزاڕەتخانەکان لە نێو پارتییەکانی نێو پارڵمان دا دابەش دەکا و لەو بارەیەوە بڕیارێک لە پاڕلمان پەسند دەکرێ. ئەرکی هەر وەزاڕەتخانەیەک بە پارتییەکەمان بسپێردرێ ئێمە ئامادەین بۆ بەجێ گەیاندی بەرپرسیارەتی خۆمان . ئەوە بۆ ژیانی بەیەکەوە لە تورکییە، هەم ئاشتی ناوخۆیی ، هەم بەیەکەوە کار کردن و هەمیش لە ڕوانگەی پاراستنی هێمنیی هەڵبژاردن بەیەکەوە پێمان وایە گرینگە.

پرسی ٢: ئاغای دەمیرتاش ئێوە گوتتان ئامادەن بەرپرسیارەتی وەئەستۆ بگرن. ئەوە مانای ئەوەیە ئێوە ئامادەن لە حکوومەتێکی کاتیی هەڵبژاردن دا جێ بگرن ئەگەر پێویست بکا.
دەمیرتاش: بەڵێ! بە ئاشکرا و بە ڕوونی ئەوە دەڵێم یانی ئێمە دەتوانین وەزیر بدەین بە حکوومەتی هەڵبژاردن.
پرسی ٣: بەشیر کاڤاک لە ڕادیۆی سوێدەوە، پرسیار بۆ وەزیری کار وباری دەرەوە: سوێد دەتوانێ چ بکا بۆ ئەوەی پێواژۆی ئاشتی دیسان بەردەوام بێ؟
واڵسترێوم: ئێمە دەتوانین بەردەوام بین لە سەر پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانمان، داوای گەڕانەوە بۆ نێو پێواژۆی ئاشتی بکەین ، وەک ئێستا پارتی و سەرۆکە گرینگەکان تەشویق بکەین باسی ئەوە بکەن چەک دابندرێ و بگەرێنەوە پای مێزی موزاکەرە. ئێمە هەموو جۆرە پشتیوانی و یارمەتییەک پێشکێش دەکەین لە ڕووی لۆجێستکی یان لە هەر بوارێکی دیکە دا ئەگەر لایەنەکان داوا بکەین و ئێمە ئامادەین یارمەتی بکەین. و ئێمە بەر لە هەموو شت حەول دەدەین یەکێتیی ئوڕووپا ش بکەیەنە پلاتفۆرمی کردەوەکانمان لەو بارەیەوە.
بەشێر کاڤاک: دەوری نێوبژیوانیش دەگێڕن؟
واڵسترێوم: دەوری چی؟
بەشیر کاڤاک: دەوری نێوبژیوانی؟
واڵسترێوم: ئەگەر لایەنەکان بیانەوێ ئێمە دەورێکی ئاوا بگێڕێن دیارە ئەو داوایە هەڵدەسەنگێنین بە شێوەیەکی پۆزێتیڤ و 
ئافرێنەرانە





وتووێژی بەشی ئینگلیسی ڕادیۆی سوێد لە گەڵ مارگۆت واڵستروێم و سەلاحەدین دەمیرتاش . ئەم بەرنامەیە ڕۆژی جومعە ٢١ی ئووتی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە

لە هاوینێوە ناڕەزایەتی لە تورکییە لە زیاد بوون دا بووە کاتێک دەنگدەرانی تورک ئەوەندە دەنگەیان نەدا بە ئەردۆغان کە زۆرایەتی سادە وەدەست بهێنێ لە هەڵبژاردن دا و بۆ یەکەم جار زۆربە دەنگیان دا بە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ی کوردی یان هەدەپە.لەوەتا هەڵبژاردن کراوە وو
ڵات نەیتوانیوە حکوومەتێک پێک بهێنێ و ئێستا داوای ئەوە دەکا هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێ لە سەرەتای مانگی نۆوامبر دا. 
ناڕەزایەتی سیاسی، گێرە و کێشەی نیزامیشی لێ زیاد بووە.هەر لەو ڕۆژە دا لە مانگی تەمووز کە تورکییە ڕایگەیاند یارمەتی میلیتانانی دژی داعش دەکا لە سوورییە، هێزی تورک دەستیان کرد بە بۆمبارانی یەکێک لەو گرووپانە واتە پ.ک.ک کە حەولی داوە بۆ بەربەست کردن و پێشگرتن لەو ڕێکخستنە تێڕۆریستی یە.دیارە ناوی پ.ک.ک ش بە بەربڵاوی کەوتووەتە ناو لیستەی تێڕۆڕیستی.سوێد بانگەوازی لە هەر دوو لا کردووە بۆ ئاگر بەس. 
وەزیری کار و باری دەرەوەی سوێد ئاوا باسی ئەو بابەتە دەکا: " ئێمە ڕێز دەگرین لە بڕیاری تورکییە بۆ بەرگری لە خۆیان لە بەرانبەر کردەوە و ئاکاری تێڕۆریستی.ئەوان پێکێشی لە سەر ئەو ڕاستییە دەکەن کە شەڕی ڕێکخستنی تێڕۆریستی دەکەن وەک داعش، هەر وەها پ.ک.ک و ڕێکخراوێکی تێڕۆریستی دیکە. بەڵام، ئەوەش دەبێ بە شێوەیەکی ئاوا بکرێ کە پێواژۆی ئاشتی تێک نەدا و ڕای بگرێ یان ئەو حەولانەی کە دەدرێن بۆ هاتن بۆ پای مێزی موزاکەرە و بۆ ڕێکەوتنێک لە سەر ئاشتی لەگەڵ پ.ک.ک. ئەمن سەرۆکی ئەم پارتییەش، سەرۆکی هەدەپەم تەشویق کردووە داوا بکا لە پ.ک.ک.چەکەکانیان دابنێن. چونکە ئەوە دەسپێکی هەر جۆرە گەڕانەوەیەکە بۆ پێواژۆی ئاشتی ".

تورکییە پێواژۆیەکی لە شکانهاتووی ئاشتی لەگەڵ پ.ک.ک. وەرێخست لە ماوەی دووساڵی ڕابردوو دا. ئەوە هەڵوەشاوە. هەر ئەو حەوتوویە ٨ سەربازی تورک بە دەست میلیتانانی کورد کووژران و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکییە دەستیان کرد بە هێرشی هەوایی شەوانە بۆ سەر ئەشکەوت و پەناگەکانی پ.ک.ک.لە نێوان سنووری تورکییە و عێڕاق دا. 

واڵسترێۆم دەلێ: سوێد تەنێ ئەنگوستی خەتا بۆ سەر لایەک ڕانادێرێ لە بەر هەڵوەشانەوەی ئەو پێواژۆیە و هەر دووک لادەبێ حەولەکانیان ڕێک خەن بە دژی مەترسی گەورەتر لە هەرێم دا.
" ئەمن پێم وا نییە لە حاڵی حازر دا بکرێ خەتا بخەینە سەر ئەستۆی لایەک. هەموو شاهیدی ئەوە بووین کە چ قەوماوە. ئەمن پێم وایە لە هەر دووک لا دا بەکارهێنانی توند و تیژی و زەبر وزەنگ هەبووە. پ.ک.ک.ش بەو شێوەیە ووڵامی نەداوەتەوە کە بتوانێ یارمەتی پێواژۆی ئاشتی بکا.دەبێ جۆرەیەک بەرپرسیارەتی لە هەر دووک لاوە پیشان بدرێ بۆ گەڕانەوە بۆ پای مێزی موزاکەرە. چونکە ئێمە دەبێ ئەنێڕژی و ووزەی خۆمان بۆ شەڕ بە دژی داعش بە کار بهێنین بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرتر و ئەوە هیوای پاشماوەی جیهانە.جا بۆیە چاوی جیهان هەموو لە سەر ئەوەیە لە تورکییە دا ڕوو دەدا لە حاڵی حازر دا. ئێمە بەخێرهاتنی ئەو شێوەیە دەکەین کە تورکییە ووڵامی داوەتەوە . ئەوان ژمارەیەکی یەکجار زۆر پەنابەریان وەرگرتووە . ئەمن پێم وایە لە سەر یەک نزیکەی یەک میلیۆن و نیو ئینسان لە بەر شەڕ لە سوورییە و عێڕاق چوونە تورکییە ، بەڵام دەبێ دڵنیایی لەوەش هەبێ کە سەرچاوەکان بە شێوەیەکی ئاوا بە کار بهێندرێن بۆ یارمەتی کوالیسیۆن لە شەڕ بە دژی داعش دا.

واڵسترێوم دەڵی: ئەگەر داوایان لێ بکرێ سوێد بە خۆشحاڵییەوە دەورێکی دیپڵۆماتیک بە ئەستۆ وە دەگرێ بۆ ئەوەی پێواژۆی ئاشتی بەرەو پێش بچێ و جەختی کردەوە دەوڵەتەکانی ووڵاتانی باکوور [ی ئوڕووپا ] وەک شەریکێکی ستڕاتێژیکی تورکییە دەمێننەوە. سەرۆکی پارتی دەمیرتاش کە ناوەندی نێونەتەوەیی ئوولۆف پاڵمێ بانگی کرد بوو بۆ سەردانی سوێد هەر هەمان هەست دەردەبڕێ :
-تەبیعی یە کە سوێد هەم لە نێو یەکێتیی ئوڕووپا و هەم لە نێو ئوڕووپا دا بە گشتی ووڵاتێکی گرینگە .
ذەمیر تاش لە وتووێژ لەگەڵ بەشی ئینگلیسی ڕادیۆی سوێد دا دەڵێ: سوێد هاوبەشێکی گرینگە و ئەو هیوادارە سوێد دەورێکی چالاکتر بگێڕێ لە مەڕ کێشەی سوورییە و تورکییە.
بەڵام هەموو کەس پێی خۆش نییە ببینێ کە سوێد لە نزیکەوە لەگەڵ دەمیرتاش و هەدەپە کار بکا.
ژمارەیەکی کەم لە پڕۆتێستکاران دوێنێ لە بەر بینای ڕووزنباد جێی کۆنفڕانسی هاوبەشی دەمیرتاش و واڵسترێوم کۆ ببوونەوە و پ.ک.ک. و دەمیرتاشیان مەحکووم کرد. دەیانگوت ئەو ئەو جۆرەی پێویستە کاری نەکردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی توند و تیژی و پێوەندیی لەگەڵ نەپچڕاندووە. 
ئالیا لاڤین ٢١ ساڵە یەک لەو پڕۆتێستکارانەیە: هەموو کەس دەیەوێ ببینێ کە سوێد لە دژی هەموو تێڕۆریستان بێ. داعش، پ.ک.ک و هەر چییەکی دی ، تێڕۆریزم تێڕۆریزمە. دەزانی لۆبی پ.ک.ک. لە سوێد دەڵێن پ.ک.ک. قارەمانە دژی رێکخستنێکی دیکەی تێڕۆریستی شەڕ دەکا. بەڵام ئەوان ناتوانن خوێنی سەردەستەکانی پ.ک.ک.پاک بکەنەوە هەر لەبەر ئەوەی کە بە دژی ڕێکخستنێکی دیکەی تێڕۆریستی شەڕ دەکا.





                                           ئەڤین چەتین ، سەلاحەدین دەمیرتاش و لاوێن  ڕێدار      







No comments: