Friday, June 28, 2024

Thursday, June 27, 2024

Thursday, June 13, 2024

Monday, June 10, 2024

جمهووری مەهاباد ( بەشی سێیەم وکۆتایی) ئەسغەر(عەلی) شیرازی. وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی


دوکتور ئەسغەر(عەلی) شیرازی لەو ساڵانەی دواییدا دووکتێبی بە ناوی " ایرانیت، ملیت،قومیت"  بڵاو کردووەتەوە. [بەرگی یەکەم، جهان کتاب، تاران ١٣٩٥ هەتاوی، بەرگی دووەم، جهان کتاب، تاران ١٤٠٠ هەتاوی ١٣٢٠ – ١٣٥٧]
 بەرگی دووەمی ئەم کتێبەی بە تەواوی تەرخان کردووە بۆ ناساندنی " فیرقەی دێمۆکڕاتی  ئازەربایجان" و "جمهووری کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان". ئەو کتێبەی شیرازی لەناو ئەو نووسینانەی لە مەر جمهووری کوردستان بە زمانی فارسی نووسراون لەهەموان وردتر و پڕزانیاری ترە، هەرچەند لێرولەوێ بێ هەڵسەنگاندنی ئەو سەرچاوانەی پشتی  پێ بەستوون کەم و کووڕی فاکتی بەدی دەکرێ، و لەگەڵ ئاماژە بە کەموکووڕییەکان لە سەردەمی کۆمەڵەی ژ.ک و جمهووری کوردستان
وەک لە بەشی کۆتایی ئەو بابەتە دا دەخوێننەوە زۆر جار پشت بە پێشداوەری ساویلکانەی هێندێک کەس دەبەستێ
کە ئەوە لە قورسایی لێکۆڵینەوەکە کەم دەکاتەوە. مەبەستی سەرەکی من لە وەرگێڕانی ئەو بەشە لە کتێبی شیرازی بەر لەهەموو شت ئاگادار بوون لە ناوەرۆکی کتێبەکە بە زمانی کوردییە. بەزوویی بۆچوونی خۆم سەبارەت بە هەڵە فاکتییەکانی ئەو بەشە لە بەرگی دووەمی ئەم کتێبەی دوکتور شیرازی بڵاو دەکەمەوە.
*********

جمهووری مەهاباد ( بەشی سێیەم وکۆتایی)
ئەسغەر(عەلی)  شیرازی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی

بەندی دەیەم:

دەوری ئیدێئۆلۆژی لە سازکردنی نەتەوەی کورد دا

یەكێک لە نیشانەکانی تەقریبەن هاوبەشی بزووتنەوە کوردایەتییەکانی مۆدێڕن لە هەموو سەرزەوییە کوردنشینەکاندا ڕاگەیاندنی بە ناوی " میللەتی کورد" و پاساو بۆ هێنانەوەی هەر بەو  ناوەیە. ڕێبەرانی بزووتنەوە کوردییەکان هەر وەک ڕێبەرانی ئێتنیسیتەکانی دیکەی ئێرانی لەو زەمانییەوە کە لەگەڵ بزووتنەوەکان و فکرەکانی نەتەوەخوازی لە ئوڕووپا و عوسمانی ئاشنا بوون ڕایانگەیاند کە بزووتنەوەی ژێر ڕابەرایەتی ئەوان بزووتنەوەیەکی نەتەوەییە و بە ناوی میللەتی کورد و بۆ وەدەستهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەیی کوردەکان هەڵدەسووڕێ. بەر لەوە دیتمان کە چلۆن شێخ عوبەیدیلا و سمکۆ کاری خۆیان بە خزمەت بە نەتەوەی کورد ناوزەد دەکرد،(١) ئەو ئیدیعایەیان کۆمەڵە و حدک یش کردە ئی خۆیان و لەبەیانییەکان،بەرنامەکان،داخویانییەکان، مەقالەکان و وتاردانەکانی خۆیان دا دووپاتەیان کردەوە.(٢) بینیمان کە خیانەت نەکردن بە میللەتی کورد مەرجی ئەندامەتی بوو لە کۆمەڵە دا. خوێندمانەوە کە قازیی محەمەد لەو وتەیەی دا کە بە بۆنەی ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان پێشکێشی کرد پەسنی خۆڕاگری میللەتی کوردی لە ئاست دەستدرێژییەکانی دوژمنان دا و لەو زوڵم و زۆرەی کە ئەوان دەرحەق بە میللەتی کورد کردبوویان گازند و سکاڵای کرد. وەزیرەکان لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردن دا سوێندیان بە ناوی میللەتی کورد خوارد. لە پەیمانێک دا کە لە نێوان فیرقە و حدک دا کرا باس لە نوێنەرایەتی کردنی میللەتانی ئازەربایجانی و کورد بوو. سەروتاری ژمارەی ١، نۆڤامبری ١٩٢٢-ی بڵاوکراوەی ڕۆژی کوردستان باسی تەشەخوس و توفەرودی " میللەتی کورد" ی کرد کە هەمیشە لە دنیا دا بوویەتی و هەر وەها  باسی قانوون و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کرد کە لە " زەین و ڕوحی" کۆمەڵانی میللەت دا نەخشاوە". (٣)

لەوانەش زیاتر و بە سەدان شاهیدی دیکە، قازیی محەمەد لەو قسانەی دا کە لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان لە مەیدانی چوارچرا کردی بنەما سەرەکییەکانی ئیدێئۆلۆژی کوردایەتی و میللەت بوونی کوردەکانیشی ناساند. یەکپارچەیی هەموو سەرزەوینە  کورد نشینەکان، میللەت  بوونی کەونارای دانیشتووانی ئەو نیشتمانە، پتەو بوونی بنەما و بنیچەی ئەو نەتەوە لەمێژینەیە، پێشینە هەبوونی حکوومەتی کوردان لە قالبی سەلتەنەتی پادشایان و مێرنشینەکانی میران و فەرمانەرەوا کوردەکان، بەشدار بوونی هەموو کوردەکان لە پێشینە مێژووییەکانی کوردستان، خۆڕاگری نەتەوەی کورد لە ئاست دەست درێژییەکانی دوژمنانی دڕندە بە دڕێژایی مێژوو، ئەو قوربانییانەی کە ئەو میللەتە لەو پێناوە دا داویە و پایەداریی لە خەبات لە پێناو  ئازادی و یەکێتی کولتووری (زمان، مەزهەب، عورف و عادەت و تایبەتمەندییەکان) بەشەکانی ئەو ئیدێئۆلۆژییە بوون. قازی بە ژماردنی ئەو نموونانە گەیشتە ئەو ئاکامە کە " پیاوانی بەرپرس و بەشەڕەف و نیشتمانپەروەر [...] گەیشتوونە ئەوەیکە ئێستا کاتی هەنگاوهەڵێنانەوەیە و دەبێ لەو دەرفەتەی هەیە کەلک وەربگرن. ئێستا ئەو ڕۆژەی کە بابو باپیرانمان چاوەڕێیان دەکرد هاتووە [...] ئێستا بە ویستی خودا و ئیرادەی میللەت چارەنووسی خۆمان بە دەست خۆمانەوە گرتووە".
ئەوەی کە بۆ پێوانی ئیدیعای میللەت بوونی مەردمی کورد و میللەت خوازی ئەو بزووتنەوەیە کە گەیشتە جمهووری مەهاباد پێویستە ناساندنی چەمکی نەتەوە لە ڕوانگەی هۆکاری پێوانەوەیە. ئێمە لە سەرەتای ئەم کتێبە دا ناساندنی پڕاتیکیی خۆمان  لە مەڕ ئەو چەمکە دیاری کرد و ئەومان بۆ پێوانی بزووتنەوەیەک کە گەیشتە حکوومەتی ئازەربایجان  دەکار کرد. ئێستا دەمانەوێ هەر لە سەر بنەمای هەمان ناساندنی پڕاتیکیی بزووتنەوەی موکریان و جمهووری مەهاباد هەڵسەنگێنین. ئێمە ئەو کارە بە لێکدانەوەی بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری جەماعەتە کوردەکان لەو ناوچەیە دا دەست پێ دەکەین.

لاوازی بنەما ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان

بە پێی لێکدانەوەی کۆمیتەیەک کە لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوان لە ساڵی ١٩٢٥ ڕاسپێردرا بوو بۆ دیاریکردنی کاروباری سنووری نێوان تورکیا و عێڕاق حەشیمەتی کوردەکانی ئێران لە ویلایەتی " ساوجبولاغ" (مەهاباد) ٢٠٠ هەزار نەفەر بوو. (٤) دانیشتوانی مەهاباد کاتی ڕاگەیاندنی کۆمار  بە ڕای ئیگلتن ١٦ هەزار نەفەر بوو.(٥)  ئەو حەشیمەتە لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە هێشتا بە شێوەی سەرەکی لە دۆخی پێش مۆدێڕن دابوو. زۆربەی هەرە گەورەیان بریتی بوون لە لادێییان و مەڕداری کۆچەر.زەراعەت و کشتوکاڵ بە ئامراز وشێوەی نەریتی دەکرا و مەردارێش بە شێوەی کۆچبەری بوو. شارەکان ناوەندی سەودای بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و شوانکارەییەکانی گوندەکان و عەشیرەتە کۆچبەرەکانی ناوخۆیی و کەلوپەلی قاچاغ و ئازاد بوون. ڕێگاکان و ئامرازی گۆاستنەوە بە پێی ئەو بەرهەم و ئاڵۆگۆڕەی بوو کە دەکران. سیستمی کۆمەڵایەتی دانیشتووی کورد زمانی ناوچەی موکریان هێشتا زیاتر عەشیرەتی بوو. لە زەمانی پێکهاتنی جمهووری مەهاباد دا لە ناو ٦٠ قەبیلەی کورد زمانی کە لە ئێران دا دەژیان ١٥ قەبیلەیان لەو ناوچەیە دا دەژیان. ئەوان لە باکووری ناوچەوە بەرەو باشوور بریتی بوون لە خێڵەکانی شکاک، هەرکی،بەگزادە، مەرگەوەڕ، زەرزا، پیران،مامەش، دێبۆکری، فەیزوڵابەگی،مەنگوڕ، پیران، گەورک، تیلەکۆیی.(٦) بە ڕای مارتین ڤان بڕاونێسن تەنیا کەمایەتییەکی پچووک لە کوردەکان پێوەندیی قەبیلەییان نەبوو. (٧) پێوەندیی نێوان بەشی کۆچبەر و لە جێێەک نشینی دانیشتوان غاڵبە ورووژاو و ئاڵۆز و تەنانەت دوژمنانە بوو. کۆچبەرەکان جاروبار هێرشیان دەکردە سەر گوندەکان و شارەکان و دەستیان دەکرد بە تاڵانی ماڵ و ملکی دانیشووان و ڕشتنی خوێنیان. ئەو پێوەندییە، کە بە سەرکوتکردنی عەشیرەتەکان و ستار کردنیان  لە زەمانی ڕەزا شا دا بەرتەنگ کرا بوو، لە دوای ڕووخانی وی سەری هەڵداوە و لە ڕاپەڕینی سەرۆک خێڵانی وەک حەمە ڕەشید و مەحموود خانی کانی سانانی سەری هەڵێناوە. یەکێک لە حەولەکانی قازیی محەمەد، لەو زەمانییەوە کە بەکردەوە بوو بە فەرمانڕەوای مەهاباد،تەرخان کرا بۆ پێشگیری لە هێرش و پەلاماری عەشیرەتەکان بۆ سەر شار. سەرنجی قازی بۆ سەر ئەو هۆکارە تا ئەوەندەی چوو کە لە ڕێکەوتنێک دا کە لە نێوان ئەو و سەرهەنگ!! [ سەرتیپ] هومایوونی لە ئاخرین ڕۆژەکانی جمهووری دا کرا ئەوە بوو کە عەشیرەتەکانی سەر بە ئەڕتەش نابێ بێنە ناو شاری مەهاباد و لەو بارەیەوە پێداگری کرد.قازی دەیزانی ئەگەر ئەوان بێن دەست دەکەن بە تاڵانی شارەکە. ئەو عەشیرەتانە هەر هەمان ئەوانەبوون کە دوێنێ بەیعەتی بە قازیی محەمەد کردبوو و ئێستا لەگەڵ ئەڕتەش کەوتبوون.(٨) پێوەندی لە نێوان خاوەنموڵکەکان و لادێییەکان  پێوەندیی ئاغا – ڕەعییەتی بوو. عەواریز و سووروساتی زۆر و زەوندی کە خاوەنموڵکان بە سەروەرزێرانیان داسەپاند بوو جار جار تا گوێڕایەلی شەخسی  وەرزێران لە ئاست ئەرباب دڕێژ دەبووەوە. بێگاری بێکردن لە برەو دا بوو. ئەو پێوەندییە بەتەواوی بە پێچەوانەی یەکسان بوونی حقووقی لە ناو ئەندامانی جەماعەتەکان دا بوو، کە شەرتێکی پێویستە بۆ پێک‌هێنانی نەتەوەیەک.

لەگەڵ ئەوانەش دا لە ماوەیەک لەمەو بەرەوە هێندێک نیشانە لە تۆوی مۆدێڕن لە ئابووری ئەو ناوچەیە دا پەیدا ببوو. دانیشتوانی شارەکان لە زیاد بوون دابوون. لە ژمارەی خوێندەواران و ئەوانەی چووبوونە خوێندنگە، کاسب و بازرگانان زیاد دەبوو و خۆ وشیاریی تایبەتی ئەوان پەرەی دەسەند. هاتنی سەرۆک عەشیرەتان بۆ شارەکان و ماڵ دانانیان لەوێ وکەمبوونەوەی دەوری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی نەریتیی ئەوان دەبووە هۆی سست بوونی پێوەندییە عەشیرەتییەکان لە ناو و ئەندامانی عەشیرەت دا. کووهی کەماڵی لە پێوەندی لەگەڵ شرۆڤە کردنی ڕەوتی پەرەگرتنی ناسیۆنالیسمی کوردی لە ئێران و هۆکارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی لە ناوچەی مەهاباد پێی وایە ئەوە ئاکامی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە. تێپەڕین لە ئابووری لە سەر بنەمای مەڕداری کۆچبەرانە (نۆمادیسم) بەرەو ئابووری لە سەر بنەمای کشتوکاڵی ستار، پەرەگرتنی  ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی و دراوی، پەرەگرتنی لەجێیەک ستار بوونی ژیانی شاری، گۆڕانی خاوەندارێتی گشتی زەوی بە خاوەنێتی ئەربابی سەرۆک عەشیرەتەکان و کەمبوونەوەی پێوەندیی گوێڕایەڵێتی لە نێوان سەرۆک عەشیرەتەکان و ئەندامانی عەشیرەت، پەرەگرتنی کاری بە مزە، زیادبوونی جووڵەی پیشەیی و جوغرافیایی، پەیدا بوونی ڕووناکبیرانی خوێندەواری دووزمانە لە سیستمی پەروەردەی تازەی دەوڵەتی دا و پەیدا بوونی میدیای چاپی بۆ بڵاو کردنەوەی بیروڕای ئەوان بریتین لەو ئاڵوگۆڕانەی کە کووهی کەماڵی لە سەرەتا و بەندەکانی ٢ و ٥-ی کتێبەکەی خۆیدا تا و توێی دەکا. یەکێک لە لایەن سەرنج ڕاکێشەکانی ئەو ئاڵوگۆڕانە، بازرگانی بە کەلوپەلی قاچاغ بوو کە یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی هێندێک لە شارەکانی پێک دەهێنا. هەبوونی ٢٠٠٠ دووکان تەنیا لە شاری بە لانی زۆرەوە ١٦ هەزار نەفەری مەهاباد لە ساڵەکانی کۆتایی دەیەی ٢٠-ی هەتاوی دا شاهید برەوی ئەو ئابوورییە بوو لە ناوچە دا، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەویش پێی لێ دەنێ کە کۆمەڵگەی کوردی، سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵوگۆڕانە، بە شێوەی سەرەکی کۆمەڵگەیەک بوو  هەر وا لە سەر بنەمای کشتوکاڵی و مەڕداری [ نەریتی] مابووەوە. سیستمی قەبیلەیی لەبەر بەردەوامی مەڕداری، کە بۆخۆی ئاکامی کوێستانی بوونی تەبیعەتی ناوچەیە، ئەگەرچی لاواز بوو بەڵام لە ناو نەچوو. " لە بەراوەرد کردن لەگەڵ ئازەربایجان، کۆمەڵگەی کورد هێشتا ڕێزی لە پێوەندییە عەشیرەتییە کوردییەکان دەگرت. کۆمەڵگەیەک بوو کە لە کاتێک دا لە سەربنەمای کشتوکاڵی – شاری  دامەزرابوو بەڵام هێشتا بە قووڵی لە ژێر کارتێکەری پێوەندییە عەشیرەتییەکان دا بوو". (١٠) کووهی کەماڵی ئاماژە بەو واقعییەتەش دەکا کە بەشێکی سەرەکی ئەو ئاڵوگۆڕانە لە ئاکامی ئەو هەنگاوانە دا بوو کە ڕەزا شا لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتە بە ناوەندبەستنەوە و نوێکردنەوانەی خۆی لە کوردستان هەڵیهێنابوونەوە. " ئەو سیاسەتانەی حکوومەتی ناوەندی بە تایبەتی سیاسەتی لە جێیەک ستارکردنی بە تۆبزی عەشیرەتە کوردەکان بوو کە شوێنێکی بڕیاردەرانەی کرد لە شکڵ گرتنی کوردستانی تازە دا". ڕاستە کە تێپەڕبوون لە کۆچبەری بەرەو ستار بوون بەر لەوە دەستی پێکرد بوو، بەڵام سیاسەتی ستار کردنی کۆچبەران لە سەردەمی ڕەزا شا دا، بە پێچەوانەی پێشوو کە ستار کردن هەر لە شوێنی نەریتی عەشیرە دا ڕووی دەدا، لە سەر گۆڕینی شێوەی ژیانی عەشیرەت و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکەکەی بوو. (١١)

بە بۆچوونی ئێمە ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە سەردەمی ڕەزا شا دا کران، هێشتا بەس نەبوون بۆ ئەوەی جەماعەتە پەڕاگەندە پچووکەکان (چاو لە چاوی یەکدی بڕیوو)ی پ. لاسلێت (P.Laslett) بکا بە کۆمەڵگەی خەیاڵی بنێدیکت ئاندرسۆن (Benedict Anderson). (١٢) ئەو جووڵانەوەیەی کە بەڕێگای پەرەسەندنی شارەکان بە ئاڕاستەی ئەو ئاڵوگۆڕە دا کرا بوو بە لەبەر چاوگرتنی ڕێژەی بەرتەنگی حەشیمەتی شاری لە چاو لادێکان و پچووک بوونی شارەکان هێشتا نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی کە لە دووی ئاکام لێوەرگرتنەکەی کووهی کەماڵی بدا. زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی کۆمەڵگە پەڕاگەندە و نەخوێندەوار بوون. شێوەی ژیانی ئەوان هێشتا پێدواویستی بە سەواد و خوێندەواری نەهێنابووە گۆڕێ. شێوەی ئابووری – کۆمەڵایەتی جەماعەتەکان هێشتا بە شێوەی سەرەکی نا مۆدێڕن و نا سەرمایەدارانە بوو. کولتووری سیاسی ئەوان لەگەڵ بارودۆخەکە دەگونجا. ئەو ئاڵوگۆڕە سووکانەی کە تێیدا پێک هاتبوو هێشتا لە حاڵی دارە دارە و هەنگاوە سەرەتاییەکان دا بوو. (١٣)

بە کردەوەش ئامادەیی عەشیرەتەکان لە ناوچە و هەڵسوکەوتی تا ڕادەیەک دژبەرانە و زیاتر ڕاڕای ئەوان بە نیسبەت بزووتنەوەوە گورزێکی قایمی دەوەشاند لە هاوپێوەندیی پێویست بۆ پێکهێنان و سازکردنی نەتەوە. لە ناو عەشیرەتەکاندا تەنیا گەورکەکانی مەهاباد و فەیزوڵا بەگییەکان و زەرزا کان بە قازیی محەمەد وەفادار مانەوە.(١٤) تەنیا عەشیرەتێک کە قازیی محەمەد  دەیتوانی حیسابی لە سەر بکا گەورک بوو کە لە مەهاباد ١٠٠٠ پیاوی چەکداری هەبوو. (١٥) یەکێتی سەرانی خێڵ لەگەڵ ڕێبەرایەتی سیاسی بزووتنەوە سست بوو. شاتری و شافعی دوو نموونە لە وان بوون کە لە مەهاباد بە نهێنی دژی جمهووری و ڕێبەرییەکەی، بە تایبەتی دژی قازیی محەمەد، چالاکییان دەکرد. دەگوترێ ئەوان لەگەڵ دژبەرانی جمهووری، دەوڵەتی ناوەندی، ئەڕتەش، نوێنەرانی بریتانیا و سەرانی خێڵە نارازییەکان  لە پێوەندی دا بوون.(١٦) هێندێکانیش هەلپەرەست بوون.عەبباس وەلی لێی زیاد دەکا کە ئەوانە کە ڕێیان دەر کرد بۆ ناو دەوڵەتی جمهووری هێندێکیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیش دە پێوەندی دا بوون، هەر وەها لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا. (١٧) هێندێکی دیکەش کە لە سەرەتای کارەکە دا، بە بەشداری خۆیان لە بزووتنەوە دا بوونە هۆی بەهێز بوونی درەنگ یان زوو بە هۆی جیاواز خۆیان لێ دوور کردەوە، یان بوون بە دژبەرانی. ئەمەر خان، سەرۆکی عەشیرەتی شکاک، لەوەی " شەقڵی هەلپەرەستی" بەر بکەوێ دەربازی نەبوو . کاتێک کە ڕوون بووەوە ڕووخانی مەهاباد نزیکە پشتیوانی خۆی لێ بڕی و بە لە ماڵی خۆ دانیشتن چاوەڕوانی پێشوەچوونەکانی دواتری کرد. (١٨) بورووزیی کاتی دوورکەوتنەوەی وی دەهێنێتە پێشتر. ئەو دەنووسێ کاتێک قازیی محەمەد فەرمانی پەلامار بۆ سەر ئوستانی کوردستانی دەر کرد ئەمەر خان خۆی کێشایەوە و بە نهێنی پێوەندی کرد بە ئەڕتەشەوە. (١٩)

سەرۆک عەشیرەتەکان، وەک خاوەن دەسەڵاتانی نەریتی، مەیلی ئەوەیان نەبوو حاکمییەتی بنیاتێکتی نوێ بە پاڵپشتی حیزبێک و بە هەبوونی پشتیوانی خەڵکی شارەکان قبووڵ بکەن.ئەوان هەر لە بەر ئەو هۆیەی کە مەیلی ئەوەیان نەبوو سەردەستی حکوومەتی ناوەندی قبووڵ بکەن هەر ئاوش گوێڕایەڵی لە فەرمانی جمهوورییان بە ڕەوا نەدەزانی. بێ مەیلی ئەوان لەمەڕ سەرکردایەتی شەخسی قازیی محەمەدیش دەکرێ بە حیسابی ئەو هەڵسوکەوت و ڕەفتارەیان  دابندرێ. مەک داوڵ ئاماژە دەکا بە خیلافی سەرانی مامەش و مەنگوڕ لەگەڵ قازیی محەمەد، خیلافێک کە بووە هۆی دەرپەڕاندنیان بەرەو عێڕاق لە لایەن مەلا مستەفا بارزانی یەوە بە پێی داوای شووڕەوی. (٢٠) ئەوان ملیان ڕانەدەكێشا بۆ دانی ماڵیات. خانە بەهێزەکان، دەزگای دادیشیان بە ڕەسمی نەدەناسی. دەرکردنی حوکمی " قەزایی" لەو ئیمتیازانەی بوو کە ئەوان وەکوو سەرۆکی عەشیرەت بە دەستیان بوو و مەیلی ئەوەیان تێدا نەبوو ئەوە لە دەست بدەن. ئەوان وەک دەسەڵاتێکی خۆپارێز دژی هێندێک لە سیاسەتە ڕێفۆرمیستییەکانی جمهووری بوون. بە لەبەرچاوگرتنی دژایەتی ئەوان لەگەڵ چاک کردنی زەوی و زار بوو کە جمهووری هەنگاوێکی هەڵنە‌هێنایەوە لەو بارەیەوە. بورزوویی ئاماژەش دەکا بە دژبوونی ئەوان لە گەڵ ئازادیی ژنانیش.(٢١)

هۆیەکی کەڵەک و کوڵەکی سەرۆک عەشیرەتەکان، دژایەتیان لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆمار بوو،چونکوو ئەوان ئەو جمهوورییەیان بە دەستنێژی شووڕەوی دەزانی.(٢٢) هەر بۆیەش بوو کە ئەوان لە سەفەری دووەمی قازی دا بۆ باکۆ بەشدارییان نەکرد. هەر دیسان لەبەر ئەو هۆیە بوو کە هێندێک لەوان لە قبووڵی بەشداری لە دانیشتنێک دا کە قازی لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٢٤ دا بۆ لێکدانەوەی بارودۆخی ئازەربایجان و بڕیاردان لە سەر داهاتووی کوردستان ڕێکی خست دەستیان گێڕاوە. بورزوویی لەو پێوەندییە دا بە ئاماژە بە ڕۆژنامەی باختر ناوی مەلا خەلیل،شێخی!! عەشیرەی مەنگوڕ و قەرەنی ئاغا باس دەکا. ئەو کەسەی دواییان ڕایگەیاند چ هۆگری بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە و نیشتمانی خۆی ئێرانی خۆش گەرەکە. ئەو گوتی من کورد نیم. (٢٣) هەر لەو بارەیەوە دەکرێ ئاماژە بکرێ بە ڕاپەڕینی ژمارەیەک لە عەشیرەتەکان، لە وانە شکاک و مەنگوڕ بە دژی رێککەوتنێک،کە لە نێوان دانشیان و زێڕۆ بەگ کرا بوو لە سەر حاکمییەتی دەوڵەتی ئازەربایجان و مەهاباد لە ورمێ و شارە کورد نشینەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بەپێی نامەی ١٩-ی ڕەزبەری ١٣٢٥-ی کۆنسوولی ئەمریکا لە تەورێز بۆ ئالەن سەفیری ئەمریکا لە ئێران. (٢٤)

زیاد لەوانە هۆکاری دیکەش هەبوون کە دڵمەندی سەرۆک عەشیرەتەکانی لە جمهووری دەورووژاند. ئەوەی کە ئەوان ناچار بوون جێ بۆ عەشیرەتی "برسی" بارزانی بکەنەوە و تێچووی بەڕێچوونیان وەئەستۆ بگرن  یەک لەو هۆیانە بوو. هۆیەکی دیکە ئەو بەرتەنگییە بوو کە بۆ هەناردە کردنی تووتن بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێرانێ هاتبووە گۆڕێ. (٢٥) شەتڵی تووتن چەقاندن و هەناردە کردنی بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران سەرچاوەی داهاتی عەشێرەتە کشتوکاڵکەرەکان بوو.بە ئاسایی وا بوو دەوڵەتی ناوەندی بەشێکی زۆر لەو تووتنەی دەکرێ . بەڵام دەوڵەتی ناوەندی بە دامەزرانی کۆمار دەستی لەو کارە هەڵگرت و بەو کارە سزایانەیە خاوەنموڵکانی خستە ژیڕ گوشار. ئەوان مەجبوور مان بەرهەمی خۆیان بە شێوەی گۆڕینەوە بە شووڕەوی بفرۆشن. (٢٦) ترس لە تووشی کێشە هاتن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی هۆکارێکی دیکە بوو کە دەبووە هۆی ئەوە سەرۆک عەشێرەتەکان هاوکاری کۆمار نەکەن. سیویتۆچۆسکی ئەو بابەتە لە پێوەندی لەگەڵ حەولی شووڕەوی بۆ هەڵبژاردنی ئەوانەی لە کوردستان پێێان خۆش بوو هاوکاری سیاسەتەکانی بکەن دەگێڕێتەوە. ترس بووە هۆی ئەوە عەشیرەتەکان وڵامێکی پۆزیتیڤ بە شووڕەوی نەدەنەوە. هەر ئەو دەنووسێ: زۆرێک لە سەرانی عەشیرەتەکان سەرەتیان دەدا بەوەی کە ڕا کەن و دەرباز بن تا ئەوەی کە شان بدنە بەر شەڕ بە دژی تاران. لە ئاکام دا شووڕەوی هەستی کرد کە تەنیا بە یارمەتی خەڵکی مەهاباد و لایەنگرانی قازیی محەمەد دەتوانێ کاری خۆی جێ بەجێ بکا. (٢٧) هۆیەکان هەرچی بووبن کار گەیشتە هاوکاری نەکردنی هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان لەگەڵ جمهووری، یان هۆی دوورکەوتنەوەیان لێی، لە دوای ڕێکەوتنی سەرەتایی، بینیمان کە هێندێکان تەنانەت چوونە پێشوازی ئەڕتەش و لە هەڵوەشاندنەوەی جمهووری دا بەشدار بوون. گرینگی سەرۆک عەشیرەتەکان لە ڕوانگەی ئێمەوە نەک لە بەر هەڵوێستێک بوو کە ئەوان سەبارەت بە جمهووری گرتبوویان، بەڵکوو زیاتر لەو ڕاستییە دا بوو کە ئەوان و پێڕۆیانیان بەشێک لە کۆمەڵگەیەک بوون کە بڕیار بوو نەتەوەی کورد پێک بێنن، جمهووری بە وڵاتی خۆیان و دەوڵەتەکەی بە دەوڵەتی خۆیان بزانن. بەڵام خەڵکی عەشیرەت هێشتا ناسێنەی خۆیان بە ناسێنەی عەشیرەتی خۆیان دەناساند و هەڵوێستی خۆیان لە ئاست جمهووری بەپێی هەڵوێستی سەرکردەکانی خۆیان دیاری دەکرد. سەرۆک عەشیرەتەکان بە کردەوە بوونە هۆی ڕووخانی جمهووری مەهاباد. (٢٨)

هۆکارێکی دیکەی کە جمهوورییەتی حکوومەتی حدک ەی کەم دەکردەوە بەشداری نەکردنی وەرزێران لە هەموو ئاستەکانی تەشکیلاتی کۆمار و حیزب، و لا کردنەوەیەکی کەم و لاوەکی بوو لە بەرژەوەندی ئەوان لە بەرنامەی حیزب و حکوومەت دا.ئەوە لە حاڵێک دا بوو کە وەرزێران زۆربەی حەشیمەتی کوردیان لەو جمهووریە دا پێک دەهێنا. بە کردەوە وەرزێران لە ئاست هەڵکشان و داکشانی جمهووری بێدەنگ بوون. لە ڕووی بنەمای سوود لێوەرگرتنی ئابووری و سیاسی ، ئەوان جیاوازییەکی ماناداریان لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و سیستمی بەڕێوەبەری کۆمار دا نەدەدی. " زۆربەی لێبڕاوی وەرزێران چ هۆیەکیان نەبوو بۆ هەستی هاو ناسێنەیی لەگەڵ دۆخی نەتەوەیی و ئەو ڕەوتە سیاسییەی کە تەقریبەن بە تەواوی شارییانەبوو". (٢٩) 

دێمۆکڕاسی

عەبدولڕەحمان قاسملوو دەنووسێ: " کۆماری کوردستان ئاکامی بزووتنەوەیەکی دێمۆکڕاتیک بوو" چونکە " لەو بزووتنەوەیە دا گشت توێژ و چینە مەدەنییەکانی کوردستان بەشدار بوون". ئەو دوو دێڕ دواتر هەنگاوێکی دیکەش دەچێتە پێشێ و ئیدیعا دەکا کە جمهووری کوردستان" ببوو بە مەکۆی دێمۆکڕاسی بۆ سەرتاسەری ئێران و میللیەتەکانی ئێران چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ئەو دێمۆکڕاسییەی لە کوردستان هەیە تیشکی خۆی باوێتە سەر گشت ئێران".(٣٠) ئەوە لە حاڵێک دا بوو کە هیچ کام لە سازییەکانی جەماعەتە کوردەکانی دانیشتووی ناوچەی مەهاباد لەگەڵ دێمۆکڕاسی وەکوو شکڵێکی مۆدێڕنی میللەت – حکوومەت، بە مانا شارومەندانەکەی، نە دەگونجان. بە هێندێک چاوپۆشییەوە دەتوانین بڵێین کە هەر ئەم دوو ڕستەیەی قاسملوو خۆی هۆیەکە بۆ نادروستی ئەو ئیدیعایانەی تێیان دایە: ١. ئەو گشت توێژ و چینە نەریتی  و نا مەدەنییەکانی کوردستان سەرەڕای گراناییەکی قورسی کە لە پێکهاتەی جەماعەتەکان، سیاسەت، فەرهەنگ و شێوەی ژیان لە کوردستان هەیانبوو، بە لاوە دەنێ؛٢. لە پێوانی قورسایی و گرینگی ڕاستەقینەی " توێژ و چینە مەدەنییەکان" لە پێکهاتەی جەماعەتە کوردەکان دەست دەپارێزێ؛ و ٣." دێمۆکڕاسی هەیی " لە کوردستان بە مەکۆی دێمۆکڕاسی لە سەرتاسەری ئێران دادەنێ. ئەوەش لە حاڵێک دا کە جمهووری مەهاباد، ئەو جۆرەی کە دەبینین، پشتیوانێکی ئەوتۆی لێ نەدەکرا تەنانەت لە ئوستانەکانی کوردستان و کرماشانیش. بەو پێیە لەو دوو ڕستەیە دا دوو کەمایەسی هەیە: یەکیان یەک لایەنە دیتنی ڕاستەقینەی لەمەڕ ئەو جەماعەتانەی سەر بە جمهووری نە، ئەوی دیکەیان گەورە کردنەوە. هۆیەکی ئەو دوو کەمایەسییە دەکرێ مەبەستی تەبلیغاتی لەو قسەیەی وی بێ و ئەویدیش دەشێ لەبەرچاونەگرتنی جیاوازی لە نێوان ڕزگاری، ئازادی و دێمۆکڕاسی لە مەڕ ئەو نموونە کۆنکرێتە بێ ؛ ئەو جیاوازییە کە ڕزگاریی کاتی جمهووری مەهاباد لە حاکمییەتی ناوەند بەمانای حاکمییەتی دێمۆکڕاسی لەو ناوچەیە دا نەبوو. ئەو هەڵەیە هێندێکی دیکەش دەیکەن. لە قسەی ئەوانیش دا سەبارەت بە دێمۆکڕاسی لە مەهاباد کەمایەسی لەو جۆرە و جۆری دیکەی کەمایەسی هەیە. ئارچیباڵد ڕوزڤێڵت  جمهووری کوردستان بە نموونەیەکی ئاشکرا لە حاکمییەتی دێمۆکڕاسی و ئازادی لە سەرتاسەری ئێران دا دەزانێ. بەڵگەی وی ئەوەیە کە لە مەهاباد تەنانەت یەک زیندانیی سیاسی ش نەبوو. خەڵک ئازاد بوون، بە پێچەوانەی تەورێز، گوێ لە هەر ڕادیۆیەک کە پێیان خۆشبێ  بگرن. هەمان بەراوەردکاری ئیگلتن یش دەکا. ئەویش لە بەراوەردی ئاتمۆسفێری سیاسی  تەورێز و مەهاباد دا دەگاتە ئەو ئاکامە کە خەڵکی مەهاباد ئازاد بوون؛ لەوانە ئازادیی هەڵگرتنی چەک و نەبوونی پۆلیسی نهێنی لە مەهاباد. تەنیا چەند کەس لە دوژمنانی قازی گیرا بوون. قازی فەرمانی دابوو کە بە بیانووی مەیلی سیاسی کەس جاڕز نەکەن.(٣١) لە گشت ئەو نموونانە دا ئازادی و ڕزگاری بە مانای دێمۆکڕاسی دەناسێندرێ. ئەوە لە کاتێک دایە کە دێمۆکڕاسی زیاترە لە ئازادی و ڕزگاری. دێمۆکڕاسی سیستمێکی حکوومەتی مۆدێڕنە لە سەر بنەمای قانوونێکی بنەڕەتی کۆکراوە و پەسندکراو کە تێێدا بە تەنیشت ئازادییەوە مافە بنەڕەتییەکانی دیکەی شارومەندانیش لەبەر چاو دەگیرێ. ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە جمهووری مەهاباد دا هیچ سەرنجێکی ئەوتۆ نەدەدرایە سەر زوڵم و زۆری خاوەنموڵکان و سەرۆک عەشیرەتەکان لە وەرزێران. ئەو جۆرە نووسەرانە چاو لە نابەرابەریی جینسییەتی دا دەپۆشن کە لە ڕەچاو کردنی حوکمی شەرع و شوێنی نەریت لەو جمهوورییە دا هەیبووە. ئەوان هیچ گوێ نەدانە ئەوەی کە جمهووری قانوونێکی بنەڕەتی نووسراوی نەبوو. بە ڕای هومایوون، و ئەویش بە نوێنەرایەتی لە زمان " لێکدەرەوان" ڕا دەڵێ، قازیی محەمەد " نیشانە و ئوستوورەی ئازادی و دێمۆکڕاسی و ڕەمزی خۆڕاگری و ئاخێزی گشتی کۆمەڵانی گەلی کورد بوو. ئەو بوو کە " بۆ جاری یەکەم بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە سیستمی عەشیرەتییەوە گۆڕی و کردییە سیستمی حیزبی و تەشکیلاتیی مۆدێڕن". (٣٢) یەکەم قازی بە قبووڵی هێزی شەڕیی عەشیرەتەکان لە ئەڕتەشی جمهووری دا، بەشدار کردنی عەشیرەتەکان لە حکوومەت دا و لەبەرچاوگرتنی بوونی ماڵ و موڵکیان لە سیاسەتی ئابووری حکوومەت دا بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایە جووڵایەوە. دووهەم کاتێک دەکرێ باسی سیستمی حیزبی بکرێ کە جگە لە فرە حیزبێتی، ئەو حیزبەی کە حکوومەتی پێک هێناوە هەر حکوومەتیش نەبێ، حیزبەکانی دیکە بە پێی قانوون، بتوانن جێگەی حیزبی فەرمانڕەوا بگرنەوە هەر کاتێک دەست بدا. ئەو حاڵەتە لە نێوان حدک و حکوومەت دا نەبوو. ئازادیی حیزبەکان لە جمهووری کوردستان دا هۆیەکە کە قازیی محەمەد لە وتوێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی رهبر ( ١٠-ی بەفرانباری ١٣٢٤) بۆ ئیسباتی دێمۆکڕاتیک بوونی حکوومەتی جمهووری دەیهێنێتەوە، هەر وەها ئەو ئیدیعایەی  کە ئەو حکوومەتە لە سەر بنەمای دەنگی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ناوچەکانی کوردستان دامەزرا. ئەوە لە حاڵێک دایە کە چ هەڵبژاردنێک بە مانای دێمۆکڕاتیکی ئەو وشەیە نەکرا. ئەو سەرۆک عەشیرەتانەی لە دامەزراندنی جمهووری دا بەشدار بوون نوێنەرانی خەڵکی عەشیرەتەکان نەبوون و هێندێک لەوان کە لە گردبوونەوەی چوار چرا دا بەشدارییان کرد پێشتر ئاگادار نەبوون لەوەی کە ڕۆژەڤی ئەم گردبوونەوەیە چییە. بڕیارەکان پێشاوپێش حدک بە یارمەتی هاشم ئۆف دابووی و لە گردبوونەوەکە دا ئامادە بووانیان لێ ئاگادار کرد و ئەوان بە زارەکی پەسندیان کرد. هەڵبژاردنی قازی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی بە تەکووزی دێمۆکڕاتیک ڕا نەکرا. بورزوویی پێی وایە ئەگەر هەڵبژاردن کرا با دوور نەبوو کە سەید عەبدوڵا ئەفەندی ( گەیلانی) هەڵبژێردرێ. (٣٣) لە هەمان کات دا ئەوەشمان لە بیر نەچێ کەناوی حدک پێشتر کۆمەڵە بوو. تەنیا بە پێی ئامۆژگاری باقرۆف، ئەویش لەبەر ناوبانگی خۆشی دێمۆکراسی لە دنیای ئەو زەمانی دا، بوو بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. لەو سیستمە دا قازیی محەمەد نەک سکرتێرێکی یەکەم حیزب و نەک سەرۆک جمهوورێکی هەڵبژێردراوی خەڵک نەبوو، بەڵکوو

" پێشەوایەکی موعەزەم " بوو کە پێشمەرگە، ئەو جۆرەی کەمستەفا ئەمین دەنووسێ، " بەیعەت" ی لەگەڵ کرد.

بەڵام داوەری عەبباس وەلی واقعیترە.ئەو لە لایەک ئاماژە دەکا بە ئاکامێکی پێچەوانەی کە حاکمییەتی حدک  بە سەر حکوومەت دا هەیبوو لە پێناو پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی دا و لە لایەکی دیکەوە باس لە چەقینی پەرەگرتنی بواری گشتی دەکا بە هۆی بەرتەنگ بوونی بە بابەتی ئەویدی؛ ئەویدی کورد بە نیسبەت ئێتنیسیتی و حاکمەییەتی فارس.  لە ئاکام دا وێژمانی گەلیی – دێمۆکڕاتیک بە شێوەی سەرەکی تێکەڵ بوو بە وێژمانی ڕەسمی. بەو پێیە پەرەسەندنی بنەمایی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە جمهووری دا خەریک بوو سەر دەربێنێ قەت تێکەڵ نەبوو بە پەرەگرتنێکی هاوهەنگاو لە ڕەوتی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک دا. شکڵی جمهووری حکوومەت و ڕووی مۆدێرنی ئێدێئۆلۆژییەکەی لەتەک بنچینەی کۆمەڵایەتی دا ناکۆک بوو. کۆمەڵگەی نەریتی خۆپارێز لەگەڵ جمهووری و مۆدێرنیسمی سیاسی و فەرهەنگی دا جۆر دەر نەدەهاتەوە.(٣٥) بەڵام پڕ لە ناکۆکترین بیرۆکە سەبارەت بە دێمۆکڕاسی لە مەهاباد دا، ڕوانگەی ئەمیر حەسەنپوورە کە لە لایەکەوە جەخت دەکا لە سەر دیار نەبوون یان زۆر بەئاستەم ناسینەوەی بوونی ئیدەی حاکمییەتی گەل لە بزووتنەوە کوردییەکان لە جمهووری مەهاباد دا، و لە لایەکی دیکەشە حوکمی ناسیۆنالیست بوونی هەموو بیرۆکەکان و بزووتنەوە کوردایەتییەکان دەدا. ئەو باوەری بە هاوژینی نێوان فێئۆدالیسم و ناسیۆنالیسم هەیە. (٣٦) ئاشکرایە کە لەم بۆچوونە دا، ناسیۆنالیسم هیچ نیازی نییە بە بنەمای گەلی و شارومەندی.

بەرپەرچدانەوەی حاکمییەتی دێمۆکڕاسی لە جمهووری مەهاباد دا بە مانای نکووڵی کردن لە مەیل بەرەو ئیدەی دێمۆکڕاسی نییە لە ناو هێندێک لە توێژەکانی خوێندەواری شارنشینی بزووتنەوەکە دا. ئەوانیش وەکوو زۆربەی ڕووناکبیران و تێکۆشەرانی سیاسی ئەو وڵاتانەی کە بە درەنگەوە ساز بوون دێمۆکڕاسییان نەک لە ڕێگای ئەزموون و ڕاهاتن، بە ڵکوو بە وێنایەکی لاسایی کردنەوە و هەر بۆیەش ڵێل دەناسی و داوخوازیان دەکرد لە نیشتمانی خۆیان دا دایمەزرێنن. بزووتنەوەی ئەوان لەو ئاستە دا بەر لە نەتەوەیی بوو. بەڵام لە پێوانی بە ڕەوا دانانی ئەو فکرە و ئەو حەول و تێکۆشینانەی کە بۆ وەدیهاتنی  دەدران و دەدرێ دەبێ سەرنج بدرێتە سەر ڕاستییەکی هەرە گرینگ کە هەڵسوکەوتی ئەوانەی لە هەلومەجێکی وەکوو بارو دۆخی مەهاباد، یان بە گشتی ئیران، دا داواکاری دێمۆکڕاسی بوون، ئەو داوایەیان بەر لەوەی لەو ئیدەیە کەوتبێتەوە ڕیشەی لە بنەما ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری زێد و پەوروەرەندەی ئەواندا بوو. نموونەیەک لەو جۆرە دەربڕینەی باوەڕ بە دێمۆکڕاسی  لە بەندی ٨-ی مەڕامنامەی کۆمەڵەی ژ.ک دا دەبینین (٣٧) کە هاوکات بەو قسەیەی " ڕادیۆ کوردستان" بە گاڵتەوە باسی لێ دەکا:" لە نێوی ئێمە کورد دا ئیمان بە دێمۆکڕاسی ئەوەندە پتەو و قایمە کە کەڵەبابیش لە جیات قوقلی قووقوو

دێمۆکڕاسی دەخوێنن". (٣٨)

دین

ناسێنەی عەشیرەتی تەنیا هۆکارێک نەبوو کە رقەبەری دەکرد لەگەڵ ناسێنەی ئێتنیکی و " نەتەوەیی" خەڵکی موکریان، ناسێنەیەکی رقەبەری دیکە بریتی بوو لە بەسترانەوەی دینی ئەوان.گرینگی ناسینەی دینی دەکرێ بەو گرینگییەکی کە سەرانی جمهووری پێیان دەدا بپێودرێ. (٣٩) بەر لەوەی ئاماژە بە چەند شاهیدی باش بدەین وەبیربێنینەوە کە چلۆن هێندێک لە شێخەکان لەگەڵ ئەو هەموو حەولەی کە بۆ وەدەستخستنی سەربەخۆیی دەیان دا دیسان ئامادە بوون لە بەر پاراستنی یەکەتی پێڕۆیانی ئەهلی سوننەت لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی بێنە ڕەدایێ. بە قەولی قسەی بڕاونێسن" وەفاداری عەشیرەتە کوردەکان بە سوڵتان – خەڵیفە ( نەک ئیمپڕاتۆری) زیاتر بوو لە هەست و مەیلی نەتەوەیی تەنانەت لە نزیک کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم کە " ناسیۆنالیسم" بە مانای تازەی خەڵکی وەجووڵە خستبوو. (٤٠) ڕاپەڕینەکانی شێخەکان لە عوسمانی و دوایە تورکیا و عێڕاق ڕەنگی خەستی دینی هەبوو. شێخ عوبەیدیلا، هەر وەک شێخ مەحموود، ڕاپەڕینی خۆی بە فەرمانی جیهاد دەست پێ کرد. شێخ سەعید لە هەمان حاڵ دا کە خەباتی دەکرد بۆ حکوومەتێکی کوردی داوخوازی گەڕانەوەی خەلافەت بوو. (٤١) ئاگاداری لە مەزەبی سوننی یەکێک لە دنەکانی سەرۆک عەشیرەتەکانی موکری بوو لە ڕاپەڕین بە دژی قزڵباشە سەفەوییەکان و حاکمە شێعە مەزەبەکان لە ئازەربایجان. (٤٢) ئەو ڕاستییەی کە لە شەڕە دوورودرێژەکانی نێوان حکوومەتەکانی سەفەوی و عوسمانی، عەشیرەتە کوردەکان زۆر جار لایەنی دەوڵەتی عوسمانییان دەگرت و دژی سەفەوییەکان شەڕیان دەکرد دنە و ئەنگێزەی دژی شیعەی هەبوو . هەر لەبەر ئەو هۆیە بوو کە ئێرانی سەفەوی بەشێکی گەورە لە سەرزەوییە کورد نشینەکانی خۆی لە دەست دا.

کۆمەڵەی ژ.ک ئیسلامی بە دینی ڕەسمی کوردستان دەزانی. سوێندخواردن بە قوڕئان لە هەلومەرجەکانی ئەندامەتی لەو ڕێکخراوەیە دا بوو. ئایەیەکی قورئان لە سەرەوەی لاپەڕەی یەکەمی هێندێک لە ژمارەکانی نیشتمان وەبەرچاو دێ. کۆمەڵە بەڵێنی دەدا کە هەموو فەڕزەکانی دینی پیرۆز بەڕێوە بەرێ و مونافیقەکان بێ بەزەییانە سەرکوت بکا. زەبیحی لە گۆواری نیشتمان دا بۆ بانگەشە بۆ هەڵوێستەکان کۆمەڵە دایمە پشتی بە قورئان دەبەست. (٤٣) نەبەز بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو ڕەفتارە دەنووسێ کۆمەڵە دەیزانی کە لەگەڵ کۆمەڵەیەک سەروکاری هەیە کە بە قسەی دینی وەجووڵە دەکەوێ و دەکرێ بە ئارگیومێنتی دینی مەیلی بۆ لەگەڵ کەوتن ڕابکێشرێ. (٤٤) بە قسەی حیسامی زۆربەی ڕوحانییەکان و فەقێکان لەگەڵ کۆمەڵە کەوتن، چونکە لە سەر بنەمای باوەڕی دینی و نەتەوەیی گەلی کورد دامەزرابوو.(٤٥)  کەلکوەرگرتن لە دین بۆ پاساودانی حکوومەتی جمهووری و ئەو هەنگاوانەی هەڵی دەهێناوە شێوەیەک بوو کە لە ڕۆژنامەی کوردستان یش دا دووپاتە دەبووەوە. عەبباس وەلی باسی وتارێک دەکا لە ژمارەی ٧ دا (٢٦/١/٤٦)  کە تێیدا نووسەر تێدەکۆشێ لە قورئان دا پێشینەیەکی نەتەوەیی بۆ کوردەکان ساز کا. لەوانە بەو شێوەیە کە دەگوترێ ئیبڕاهیمی پێغەمبەر کورد بووە، هەر وەها بە حەولی قازیی محەمەد بۆ ئیسباتی ئی کوردان بوونی ورمێ، خوێ و سەڵەماس و مافی نەتەوەیی ئەوان بە پاڵپشتی قورئان، کە لە ژمارەی ٧٢-ی ( ٣٠/٧/٤٦) ئەو بڵاوکراوەیە دا دەبیندرێ. شەریعەت و حوکمی سزای دینی لە دەسگای داد دا قورساییەکی ئاشکرایان هەبوو.فرە هاوسەری بۆ پیاوان ڕێگەی پێ دەدرا، ڕەخنەگرتن لە حوکم و ئامۆژگارییە دینییەکان ئیزنی پێ نەدەدرا. (٤٦) لە دەربڕینەشەخسییەکان و دەربڕینی نێوە ڕەسمی دا لە پرێنسیپە دینییەکان و ئەخلاقییەکان کەلک وەردەگیرا بۆ هەڕەشە لە هاوکارانی ڕێژیم و مەحکووم کردنیان؛ هەر وەها بە مەبەستی پتەو کردنی پەیامی ناسیۆنالیستی ڕێبەران بۆ خەڵکی کە بە قووڵی دین خۆشەویست و نەخوێندەوار بوون، قازیی محەمەد هاوبیرانی خۆی هان دەدا کە لە قورئان و سەیەرەی پێغەمبەر دا پرێنسیپی ئەوتۆ بدۆزنەوە کە بۆ ڕێفۆرمەکانی بە پێویست دەبیندران. (٤٧)

ڕەچاوکردن و لەبەرچاوگرتنی دین لە جمهووری دا ئەوەندە ورد بوو کە بووە هۆی دنە و هاندانی ژمارەیەک لە ڕوحانییەکانی ناوچەی موکری بۆ ئەوەی لایەنگری لێ بکەن.بورزوویی ناوی حاجی بابە شێخ، شێخ محەمەدی بورهان، مەلاحوسێنی مەجدی، شێخ عەبدوڵای  گەیلانی و سەید ئەحمەد بارزانی(!!) دێنێ . ئەوەی یەکەمیان سەرۆکوەزیری جمهووری بوو، دووەمیان ئەندامی حدک و سێیەمیان وەزیری دادی جمهووری بوو. (٤٨) بەڵام بە تەنیشت ڕوحانییەکانی لایەنگری جمهووریەوە، هێندێک مەلاش هەبوون کە بەدژی خەباتیان دەکرد. لەو پێوەندییە دا بورزوویی باسی مەلا خەلیل و مەلا سەدیق، پێشنوێژی مزگەوتی هەباس ئاغا دەکا. (٤٩) بێ گومان یەک لە هۆیەکانی دژایەتی ئەو دەستەیە لە روحانی و مەلاکان لەگەڵ جمهووری، نزیکی کۆمار لە شووڕەوی بوو. ئەو واقعییەتەی کە حاجی بابەشێخ بە درێژایی ژیانی یەک ساڵەی جمهووری لە هەمان کات دا هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەکرد لە بەر ئەو هۆیە بوو. ئەو بۆ خۆی پێی لێنا کە دەوڵەتی ئێرانی لەو شتانە ئاگادار دەکرد کە لە نێوان نوێنەرانی شووڕەوی و هاوکارانی لە حکوومەتی مەهاباد دا ڕادەبرد. (٥٠)

کەلکوەرگرتن لە دین بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی باوەرمەندان بە دین لە ئامانجە ناسیۆنالیستییەکانی بزووتنەوە لە هەمان حاڵ دا کە هۆی زاڵ بوونی دین بە سەر زەینی ناسێنەسازی بانگ کراوان دایە خاوەنی ئەو کاردانەوە ناکۆکەشە کە جێگە بۆ پەروەراندنی ناسێنەی نەتەوەیی بە مانای کارێکی سیکولار تەنگەبەرتر دەکا . میللەت بە مانای شارومەندانەکەی هەر ئەوەندی کە لە ئاست دین بێ لایەنە تێکەڵ  کردنی لەگەڵ دینیش هەر ئەوەندە زەرەری هەیە. بە تایبەتی کاتێک کە بە مانای نەریتی و شەریعەتی هێشتا  زاڵ بێ بە سەر زەینی خەڵک دا. دین تەنیا ئەو کاتە دەتوانێ کە لەگەڵ دامەزراندنی نەتەوە بە مانا دێمۆکڕاتیکەکەی ڕێک بێ، یان تەنانەت پشتیوانی لێ بکا کە دەست بکا بە مۆدێرن کردنی دەسگای ئینسان ناسی، ئیلاهییات، ئەخلاق و سیاسەتی خۆی و ئەوانە لەگەڵ پێداویستییەکانی ڕەوتی نەتەوە سازی بگونجێنێ.

بەرتەنگیی ناوچەیی  

گرفتێکی دیکەی حکوومەتی مەهاباد ئەوە بوو کە قەڵەمڕۆیەکەی هەر بەو ناوچەیە بەرتەنگ بوو. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەو حکوومەتە بەخۆی دەگوت جمهووری کوردستان و ئیدیعای نوێنەرایەتی هەموو کوردەکانی ئێران و لەوەش زیاتری دەکرد. حەولەکانی حکوومەتی مەهاباد بۆ پەڕەپێدانی قەڵەمڕۆی خۆی چی لێ شێن نەبوو و بانگەوازی بەرەو دانیشتووانی ئوستانی کوردستان و کوردەکانی کرماشان و ئیلام  دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. عەبباس  وەلی وێڕای جیاکردنەوەی عەشیرەتە ڕێک و ناڕێکەکان لەگەڵ حکوومەتی حدک دەنووسێ زۆربەی عەشیرەتەکانی کوردستانی باشووری لایەنگری حکوومەتی ناوەندی بوون. ژێدەرەکەی وی ڕاپۆرتێکی بریتانیاییە کە لەژێرنووسی ژمارە ٢٠-ی کتێبەکەی دا هاتووە. (٥١) بە ڕای بورزوویی ئوستانی کوردستان، کرماشان و ئیلام  لە ئاست ڕووداوەکانی دوای ڕووخانی ڕەزا شا بە تەواوی دوورەپەڕێز بوون و دەورێکی تەنانەت پچووکیشیان لە ڕەوتی سیاسی ناوچەدا نەبوو. مەبەستی وی لە ڕووداوەکان  هەر ئەوانەن کە لە ناوچەی مەهاباد دا قەومان. هەر لەوێدا دەخوێنینەوە کە قازیی محەمەد ئاڵای کوردستانی بۆ سەرۆک عەشیرەتەکانی باشووری [ ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەرگێڕ] نارد و بەڕێگای نامە و تێلگڕاف داوای لێکردن کە ئاڵاکە هەڵ کەن. بەڵام تەنیا مەحموود خانی دزڵی لە هەورامان ئاڵەکەی هەڵدا و ئەوانیدی، لە چاوەڕوانی ڕەوتی ڕووداوەکان دا، لە هەموو جۆرە هەنگاوهەلێنانەوەیەک دەستیان پاراست. بەو خەبەرە قازیی محەمەد لە دوای ڕاگەیاندنی جمهووری هێندێک نوێنەری نارد بۆ بانە و سەردەشت لە ناوچەی ژێر نفووزی بریتانیا تاکوو سەرۆکە کوردەکان بۆ هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابکێشن، بەڵام بە ئاشکرایی لە حەولی خۆی دا شکا. ناردنی کارتی ئەندامەتی حدک بۆ خەڵکی باشوور [ مەبەست باشووری ڕٶژهەڵاتی کوردستانە، وەرگێڕ] لەگەڵ سەرکەوتنێکی ئەوتۆ ڕوبەڕوو نەهات. (٥٢)

دەستگێڕانەوەی کوردەکانی باشوور لە پەیوەست بوون بە بزووتنەوەی مەهاباد هۆی جۆر بە جۆری هەبوو.خاوەن زەوییەکان و گەورەگەورەکانی دیکەی باشوور لە دەستێوەردانەکانی سۆڤییەت لەو بزووتنەوەیە دا و قبووڵ کردنی ئەو دەستێوەردانە لەلایەن قازیی محەمەدەوە ڕازی نەبوون. سەردار موعەزەمی ئەردەڵانی لەوەی کە قازیی محەمەد ببوو بە دەسنێژی ڕووسەکان سکاڵای دەکرد و ئەوەی بە هۆی دەستێوەرنەدانی کوردەکانی باشوور دا دەنا لەو " قەزییە" یە دا. (٥٣) لەوەش زیاتر، ئەڕتەشی ئێران و دێپڵۆماتە بریتانیاییەکان لە باشوور پێشی پەیدا بوونی  فەزایەکی ئەوتۆ ئازادیان دەگرت کە مەجال بدا بە بڕیاردانی دانیشتوان لەو بارەیەوە. هۆیەکی دیکەی ئەو کاردانەوەیەی سەرکردەکانی باشوور مەیلی ئەوان بەرەو ئێران بوو و پساندنی لەپڕی داوی چارەنووس و پێوەندی هاوبەشی چەند هەزار ساڵە لەگەڵ ئێتنیکەکانی دیکەی ئێرانی لە ڕوانگەی ئەوانەوە کارێکی دژوار بوو.(٥٤)  هۆکارێکی دیکە، رقەبەری نێوان ئەوان و گەورەگەورەی باکوور بوو. دەسەڵاتی گەورە گەورەی باکوور لە ڕابردوو دا  پێشی ئەوەی دەگرت  کە باشوورییەکان لە ئاست دەسەڵاتی ئەوان کە ئێستا دەسپێشخەریان کرد بوو و کاریان خستبووە دەست خۆیان سەردانەوێنن.(٥٥) لە ژمارەی ٤-ی پووشپەڕی ١٣٢٥-ی ڕۆژنامەی رهبر دا دەخوێنینەوە کە " دەوڵەمەندانی ناوچەیی لە ئوستانی کوردستان هەر جۆرە ئۆپۆزیسیۆنێک  دەبەستنەوە بە بزووتنەوەی باکوور و لە سنە خەڵک بە تاوانی بیروباوەڕی ئازادیخوازانە و بە ناوی ئەوەی کە سەر بە بزووتنەوەی باکوورن  دەستە دەستە [...] دە زیندان دەکەن". هەر ئەو ڕۆژنامەیە باسی دوژمنایەتی ڕوحانییەکانی باشوور دەکا لەگەڵ قازیی محەمەد و تاوانباریان دەکا بە هاوکاری لەگەڵ فێئۆدالەکان، دەوڵەتی ناوەندی و پێوەندیی باش لەگەڵ شا. گرینگترینیان ئایەتوڵا مەردووخ بوو کە لە وتوێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی اطلاعات ( ١٥-ی ڕێبەندنی ١٣٢٥) گوتی:

" جووڵانەوەی قازی هەر لە مەهاباد دا دەنگی داوەتەوە و لە پاشماوەی کوردستاندا کەس وڵامی بانگەوازی ئەوانی نەداوەتەوە". هوشمەند لە زمان ئارچی روزڤێڵتەوە دەڵێ هۆی پێشوازی نەکردنی خەڵکی سنە و کرماشان لەو بزووتنەوەیە لەبەر شیعە بوونیان بوو. ئەوان بە ڕواڵەت زۆر لەوە زیاتر لەگەڵ دەوروبەریان سازا بوون تا ئەوەی کە هۆگرییەک بەرەو ناسیۆنالیسمی کوردی لە خۆیانەوە نیشان بدەن. (٥٦) ئیگلتن دەنووسێ سنە و کرماشان لە دەرەوەی بازنەی نفووزی سیاسی مەهاباد دا بوون. " زۆر لە بنەماڵە ماقووڵەکانی سنە شیعە بوون و وەچە لە دوای وەچە خزمەتکاری وەفاداری سولالەکانی سەلەتەنەتی ئێران بوون. زۆربەی حەشیمەتی کورد کرماشان شیعە و یان ئەهلی حەق بوون". کولتوورەکەیان تێکەڵاوێک بوو لە کوردی و فارسی و ناسیۆنالیسمی کوردی شوێنێکی کەمی لە سەر دادەنان. (٥٧)

بەڵام بە تەنیشت ئەو جۆرە دەنگوباس و هۆ دیتنەوانە دا، هێندێک داوەری دیکە هەن کە ئاماژە دەکەن بە پەژراندنی پەیامی مەهاباد لە لایەن هێندێک لە سەرانی باشوور. لە وانە لە ڕاپۆرتی ٢٥-ی بەفرانباری ١٣٢٥-ی سەفاڕەتی ئەمریکا  بۆ وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لە ژێر سەردێڕی" ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە ناو کوردەکانی ئازەربایجان ١٩٤٦"، لەو جێیە دا کە باس لە نفووزی بەربڵاوی قازیی محەمەد و بزووتنەوەکەی لە هەموو کوردستانە. " گشت ئەو سەرۆکانەی  کە ئێمە قسەمان لەگەڵ کردن – سەرانێک لە سنە، بۆکان و سەردەشت – قازییان وەکوو ڕێبەری سیاسی خۆیان قبووڵ بوو ". (٥٨) یان ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکەوتی ٢٨-ی ڕەشەمەی ١٣٢٤-ی ژاندارمەری کرماشان سەبارەت بە بەیاننامەیەک کە عەشیرەتەکانی کوردستان  بەرەو عەشیرەتەکانی مەڵبەندی کرماشان دەریان کردووە و تێیدا دوای ڕاگەیاندنی فەرمانی قازیی محەمەد بە عەشیرەتەکانی باشوور  لە مەڕ پەیوەست بوونیان بە حیزبی کۆمەڵە، هەڕەشەیان لێ کراوە بێتوو لە قبووڵی ئەو فەرمانە خۆ بدزنەوە بە دوژمن دادەندرێن. ڕاپۆرتە کە بەو ڕستەیە بەردەوام دەبێ: " هەورامییەکان، جوانڕۆییەکان و وەلەد بەگییەکان و باباجانی و قوبادییەکان  داواکەی ئەوانیان قبووڵ کردووە  بەڵام جارێ عەشیرەتەکانی قەڵخانی و گۆران لەگەڵ سەید شەمسەدین  (پیری مرادی خۆیان) ڕاوێژ [ دەکەن] کە بەرپرسی ئەوان قبووڵ بکا یان نا". ڕاپۆرتەکە درێژەی پێدەدا  کە " بێتوو دە ڕاستی دا عەشیرەتەکانی کرماشان ئەو حیزبە قبووڵ بکەن بە گردبڕی ئینتیزامی ناوچەی ڕۆژئاوا تووشی ئاڵۆزی و بێ نەزمی دەبێ و ترسی ڕوودانی هەموو جۆرە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو دەکرێ". بورزوویی کە ئەو ڕاپۆرتەی گێڕاوەتەوە، بۆ خۆی ئەو ڕستەیەی لێ زیاد دەکا  کە " بەڵام ئەڕتەش بە حەولێکی زۆر توانی پێش بەوە بگرێ کە عەشیرەتە باشوورییەکان لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات بکەون و پێی پەیوەست بن". (٥٩) ئەو ڕاپۆرتانە لایەنی خەبەرییان نییە و دەتوانن دروست بن، بەڵام ئەگەر بمانەوێ داوەرییەک بکەین سەبارەت بە قەدرایی دروست بوونی ئەوان دەبێ هێندێک هۆیان لە بەرانبەر دابنێین کە بۆ پێشوازی نەکردنی کوردەکانی باشوور لە بانگهێشتنی حدک هاتوونەتە گۆڕێ. ئەوەمان لەبەر چاو بێ کە لە هەموو نموونەکان دا بەردەنگی بانگەوازەکە نەک خەڵکی ئاسایی و ڕەش و ڕووت، بەڵکوو سەرانی عەشیرەتەکان و دەسەڵاتدارانی دیکە لە سنە و کرماشان بوون.

داوخوازی خودموختاری هەر بەرتەنگ نەبوو بە کوردەکانی مەهاباد. هاشم سەلیمی لە سەرەتای بیرەوەرییەکانی سەعید هومایوون دا ناوی چەند کەس لە سەرۆک عەشیرەتەکان دێنێ  کە لە زەمانی فەرماندەیی ژەنەڕاڵ ئەمین لە سنە کۆبوونەوە و داوای خودموختارییان کرد لە سەرانی حکوومەت. (٦٠) کاتێک مەهاباد خودموختاری ڕاگەیاند عەبباس قوبادیان لە خێڵی کەلوڕ " یەکەتی عەشیرەتەکانی ڕۆژئاوا" ی دامەزراند، بە ڕواڵەت بەو مەبەستە کە حکوومەتی مەهاباد بە چۆک دا بێنێ. بەڵام لە تاران لە دەسەڵاتێک ترسا کە یەکەتییەکی ئەوتۆ بە دەستی دەهێنا و دەستبەجێ فەرمانی هەڵوەشاندنی دەر کرد. (٦١) عەبباس قوبادیان بە تەنێ نەبوو. لەو سەروبەندە دا زۆرێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان تێکدەکۆشان لە ژیر ناوی خودموختاری دا نفووز بکەنە ناو بنیچەی حکوومەت و خزم و دەستوپێوەندی خۆیان لە پلە و پایەی گرینگی ناوچە دامەزرێنن و بەو ڕێگایە دا دەسەڵاتی ناوچەیی تەرخانی خۆیان بکەن. بە ڕای بورزوویی دەستگێڕانەوەی سەرکردە کوردەکان لە سنە و کرماشان بۆ وڵامدانەوەی پۆزیتیڤ بە بانگهێشتنی مەهاباد هۆی شکانی ئەو بزووتنەوەیە بوو. بەڵام هۆی زیاتر گرینگتریش هەبوون کە لە بەندی نۆیەم دا باسمان کردن.

ئیدێئۆلۆژی

بەر لەوە باسی پنکتە سەرەکییەکانمان کرد بۆ پاساوی ئیدێئۆلۆژیکی نەتەوەبوونی کوردەکان و نەتەوەخوازی بزووتنەوەی موکری لە وتەکانی قازیی محەمەد لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهووری مەهاباد دا. بینیمان کە ئەو باسی نەتەوەبوونی باستانی و لە ڕووخان نەهاتوویی میللەتی کورد، یەکپارچەیی سەرزەوییە کوردنشینەکان، یەکەتی کولتووری و زمان و عادات و تەقالیدی ئەوانی کرد، جەختی کردەوە لە سەر پێشینەی حاکمییەتی ئەوان و ستایشی خەباتی بەردەوامی ئەوانی کرد لە پێناو ئازادی دا.ئەوانە هەموویان ئەو سترووکتوورانە بوون کە لە ڕوانگەی وییەوە تایبەتمەندی میللەتی کورد و ئەویدی بوونی ئەوی بە نیسبەت نەتەوەکانی دیکە بەڵگەمەند دەکرد. ئەوانە هەموویان، بە زمانێکی دیکە بریتی بوون لە بۆچوونێکی زاتی و ئێسێنسیالیستی بابەتەکە. ئێمە ئێستا دەتوانین بە ئاوڕدانەوە لە ڕاستییەکان قەدرایی دروستی ئەو پاساوانە هەڵسەنگێنین و دەوری ئیدێئۆلۆژی  لە سازدانیان دا بخەینە ڕوو. ئەو کارە بە لێکدانەوەی ناوی کوردەکان دەست پێدەکەین و بەهەڵسەنگاندنی ڕەچەڵەک و مێژووی ئەوان درێژەی پێدەدەین. بۆ کردنی ئەو کارە حەول دەدەین تا ئەو جێیەی کە سەرچاوەکان دەست دەدەن ڕوانگەی کوردەکان خۆیان و خەڵکی دیکە لێکدی جوێ کەینەوە.  

یەکێک لە هۆیەکانی کە ئیمان بە ئەزەلی بوون و زاتی بوونی کوردەکان دەباتە ژێر پرسیار خیلافە لە سەر مانای لەفزی کورد و ڕەچەڵەکی کورد لە درێژایی مێژوو دا. کورد لە ئەدەبییاتی عەڕەبی و فارسی سەردەمی ئیسلامی و بەر لەو بە مانای کۆچبەر،شوان و چادر نشین، یان دز، ڕێگر، لاوازکوژ و خائین بوو. ئەو ناوە لە : کارنامک اردشیر بابکان" ( نیوەی دووهەمی سەدەی شەشەمی زایینی) و " ماتکان داتاستان " ( سەدەی ٧-ی زایینی)  بە شێوەی " کورت" و هەر بەو مانایانە هاتووە. لە " بەهمەن یەشتی ئەوێستا ( سەدەی ١١ یان ١٢-ی زایینی) دا مانای دوژمن و شەڕکەرە. لەفزی " کورد" لە لەهجەکانی دانیشتووانی کەنارەکانی دەریای خەزەر هێشتاش بە مانای شوانی مێگەلی پچووک دەکار دەکرێ. (٦٢) ئەوانە ئەو سیفەتانەن کە ئەوانیدی داویانە بە کوردەکان. بەڵام بەدلیسی ش لە شەڕەفنامە دا هەر بەو سیفەتانە، واتە دز و ڕێگر، باسی هاوئێتنیکەکانی خۆی دەکا، بەڵام ئەو سیفەتانە بە پاساوی ئاشکرا، بە سیفەتی ئەوتۆ دادەنێ کە کوردەکان لەبەر" ئەوپەڕی وێران و ئازایەتی و فرەیی پیاوەتی و غیرەت" بە خۆیان داوە. (٦٣)

لەفزی کرد یان کورد لەهیچ کام لەو نموونانە دا هەر تایبەتی و تەرخان نەبوو بۆ ئێتنیکی کورد. بۆیە دەکرا بە هەر دەستەیەکی ئێتنیکی دیکە بەو تایبەتمەندیانەوە بگوترێ. بە ڕای ئازاتریان ئەو پرسیارە کە لەفزی کورد لە ج زەمانێکەوە بووە بە ناوی ئاباو ئەژدادی کوردەکانی ئەمڕۆ، بە مانا ئێتنیکییەکەی، یان بە مانای ناسێنەیەکی هەمووگرەوە، بەلانی کەمەوە تا سەدەی حەڤدەهەم وڵامێکی ڕوونی نییە. تازە لەو سەدەیە دایە کە عەڕەبەکان، تورکەکان،فارسەکان و ئەرمەنییەکان بە مانای کۆمەڵانی کەسانێک دەکاریان دەکرد کە بە لەهجە کوردییەکان قسەیان دەکرد. ئازاتریان ئەوە بە شیاو دەزانێ کە کوردەکان ئەو ناوەیان لە کورتی یەکانی چاخی باستان وەرگرتبێ. ئەویش هەر بە هەمان خەسڵەتی ڕێگری، تالانچێتی،کۆچبەری، شوانێتی و جەنگاوەڕێتی کە دواتر درا  بە کوردەکان. (٦٤) بەڵام بە ڕای وی زمانی کورتی کوردی یان هیندوئوڕووپایی نەبوو . دیاکۆنۆڤ (Diakonov ) یش هەر ڕایەکی وای هەیە. کورتی یەکان بەر لە هاتنی ئاریاییەکان لە ئێران لە نزیک کێوەکانی زاگڕۆس  لە ناو سنوورەکانی ئەیالەتی مێژوویی کۆرکایک (Korcayk) لە ئەرمەنستان دەژیان و دەشێ لە دەستپێکی سەردەمی مەسیحییەت دا لە شانووی مێژوو چووبنە دەرێ. فێردیناند هنربیشلر (Hennerbischler) دەڵێ دەشێ کە لەفزی کورد لە ڕەچەڵەکی سۆمەری وشەی " نوور" کەوتبێتەوە و بە مانای سەرزەوینی چیایی بووبێ. (٦٦) بە ڕای هووشمەند لەفزی کورد لە ڕابردوو دا بەرلەوەی کە نێشانەی ئێتنیکێکی تایبەتی، یان خەڵکێکی تایبەتی بە زمانێکی تایبەتییەوە بووبێ، نیشانەی شێوەیەکی تایبەتی لەژیانی خەڵکێک بووە کە یەکەم عەڕەب نەبوون، دووەم یەکجێ نشین نەبوون و بەو پێیە زۆر لە ئێتنیکە ناکوردەکانیشی وەبەر دەگرت. ( ٦٧)

بە ڕای بڕاونێسن لە پێشوو دا کورد بوون مانایەکی بگٶڕی هەبوو و بەپێی زەمینە وئەوەی دەیگوت، ئاماژەی بە دەستەی جۆر بە جۆر بوو. لەفزی " کورمانج " یان " کورد" دەکرا ئاماژە بێ بە عەشیرەتە کوردەکان لە ئاست بۆ وێنە عەشێرەتە تورکەکان و خەڵکی شارنشینی عوسمانی یان وەرزێرە مەسیحییەکانی گوێڕایەڵی ئیمپراتۆری یان ئاماژە بێ بە کورمانجی زمانان لە ئاست زازا زمانان، یان مەبەست لەو خەڵکە بێ کە ئاخێوی لەهجەکانی باشوور بوون، یان وەرزێرانی کورد لە ئاغاکانی خۆیان و دەزگای ئیداری عوسمانی جوێ کاتەوە. کوردە موسوڵمانەکان  یەزیدییەکانیان کە بە هەمان لەهجە دەدوان و بەڵام لە بەر لکان بە " شەیتان پەرستی " یەوە سووکایەتیان پێ دەکرا بە کورد دانەدەنا. " ئەو کوردانەی کە دەچوونە ناو خزمەتە دەوڵەتییەکان، وەکوو کوردەکانی شارنشین غاڵبە سەرەتییان دەدا  بەوەی بە خۆیان بڵێن " عوسمانلی". لە ڕوانگەی ئەوانەوە لەفزی " کورد" و " تورک " بە مانای دواکەوتوویی و لادێیانە بوو". (٦٨) زەکی بەگ قسەی " هێندێک حوکەما" دەگێڕێتەوە کە دەڵێن کوردەکان

" تایفەیەکن لە جندۆکە" و هێندێک لە مێژوونووسان ئەوان بە بەرهەمی زەواجی دیو لەگەڵ ئینسان دەزانن. (٦٩)

جوغرافیازانە عەڕەبەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لەفزی کورد لە دۆخی کۆی دا، واتە " ئەکراد" بۆ ئاماژە بە قەبیلە چادرنشین یان نیوە چادرنشینەکان دەکار دەکرد، ئەوانەی کە نە عەڕەب بوون ، نە تورک. ئەوانە ئەو عەشیرەتانەیان وەبەر دەگرت کە تەنانەت تیژپەڕترین نەتەوەییەکانی کوردی ئەمڕۆ  ئەوان بە بەشێک لە ئێتنیک و میللەتی خۆیان نازانن. ئەوەی کە هەنووکە زیاتری کوردەکان لەو لەفزە شەقڵی نەتەوەیی و ئێتنیکی وەردەگرن لە ژێر کارتێکەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە دەیەکانی ڕابردوویە. ئەوان زۆریان پێ خۆشە کە چەمکی ئێستای لەفزی کورد بگێڕنەوە سەر ڕابردوو. (٧٠) لە هەمان حاڵ دا " دانیشتووانی هەورامان کە هێشتاش بە یەکێک لە لەهجەکانی گۆرانی قسە دەکەن لە سەرەتای سەدەی هەنووکە دا خۆیان بە ئێتنیکێکی جیاواز لە خەڵکی کورد دادەنا. لە ناو ئەوان دا ڕیوایەتێک هەبوو  کە دەیگوت  لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای دەریای خەزەرەوە هاتوونەتە ئەو ناوچەیە. ئەوان ئێستا کەم کەم خۆیان بە کورد دادەنێن. بەڵام ئەو ڕەوتە هێشتا نەبڕاوەتەوە و تەواو نەبووە". بڕاونێسن لە کتێبی کۆمەڵناسیی کورد دا دەنووسێ دانیشتووانی هەورامان تا سەرەتای سەدەی بیستەم هێشتا خۆیان بە کورد نەدەزانی. (٧١) تازەترین بیرۆکە سەبارەت بە پێشینەی کوردەکان، ئەو جۆرەی کە فێردیناند هنربیشلر لە سەر بنەمای بەڵگەی بە پێی قسەی وی ژێن ناسی، زمانناسی، باستان ناسی و زانستی مێژوو هێناویەتە گۆڕێ لە مەڕ ئابا و ئەژدادی ئەوان دەگەڕێنەوە سەر بوومییەکانی سەردەمی نوێ بەردی لە هیلالی پڕ حاسڵات دا.ئەوان هەزاران ساڵ دواتر لە چەند شەپۆل دا لەلایەن بەشی نوخبەی ئێتنیکە ئێرانییەکان لە ڕووی زمانییەوە بوون بە ئێرانی. (٧٢)

ئێتنیک پەرستان بە ئاسایی خۆیان بە ڕەچەڵکی ئابا و ئەژدادێکی فرەمەند و پڕ لە شانازی دەزانن کە لە ڕابردووی دوور دا دەژیان و میراتی گران قەدریان بۆ بەجێ هێشتوون. بەڵام چۆنییەتی ئەو کارە بەستراوەتەوە بە هێما کردنی ئەو بایەخە باش و خراپانەی کە لە زەینی نەسەب چێکەرانی فەرمانڕەوا و لە درێژایی مێژوو دا ئاڵوگۆڕی بەسەر دا دێ. جیاوازی گێرانەوەی کوردەکان بۆ دیاریکردنی ڕەچەڵەکی خۆیان تا ڕادەیەک لە ئاکامی ئاڵوگۆڕی بایەخەکانە. بەدلیسی " لە باسی نەسەبی تایفە کوردەکان و شرۆڤەی هەڵسوکەوتیان"  " قەولی جۆر بەجۆر" دەگێڕێتەوە. لە جێیەک ئەو قەولە باس دەکا کە کوردەکان لە پاش بەجێماوانی ئەو جەوانانەن کە بە پەنا بردن بۆ کێوی دەماوەند بۆ ئەوەی نەیاکووژن و مێشکیان دەرخواردی ئەو مارانە نەدەن کە لەسەر شانی ئەژدەهاک ڕوابوون و ئاوا ڕزگاریان هات. ئەوان لەوێ زەواجیان کرد و خێزانیان پێکەوە نا.(٧٣) لە جێیەکی دیکە دا باسی" پاڵەوانی فیلەتەن و دلاوەری تەهەمتەن ڕۆستەمی زاڵ دەکا کە لە ڕۆژگاری حکوومەتی کەیقوباد دا بوو". هەر وەها باسی بەهرامی چووبین و گورگینی میلاد لە چاخی ساسانییەکان دا دەکا. لە گورگینی میلاد ڕایە کە " تا ئێستا چوار هەزار ساڵە کە ئەولاد و تۆرەمەی وی لە لار بە سەربەخۆیی حکوومەت دەکەن". و سوڵتانە بە شەوکەتەکانی عەجەم بە وەرگرتنی " کەمێک تەقەبول و پێشکێشی" لەوان ڕازینە. (٧٤) سەرانی عەشیرەتی کەلور ڕەچەڵەکی خۆیان دەبەنەوە سەر گۆدەرز، باوکی گیو" ئەو نیسبەتانە لە کتێبی کورد و کوردستان ی مەردووخیش دا دووپاتە دەبنەوە. (٧٥) مەردووخ لە جێیەکی دیکەی ئەو کتێبە دا شەجەرەگەلی دیکە دەگێڕێتەوەکە " هەرکامیان کوردەکان بە ئاباو ئەژدادێکی دیکەوە دەلکێنن. لەوانە بە یارانی ئۆس و خەزرەج لە مەدینەی چاخی هیجرەت دا یان کوڕی مەزیقیاد، پادشای یەمەن، یان نووح و سام. بە باوەڕی مەردووخ خۆی کوردەکان لە ڕەچەڵەکی " ئاری خالیس" ن و لەگەڵ پارسییەکان هاو لەهجە، هاوزمان، هاو مەزەب و هاو ڕەگەز و هاو دەردن. (٧٦) لە کوردستان ی، ژمارە ٧٢ ( ٨-ی گەلاوێژی ١٣٢٥) دا باس لەوە دەکرێ  کە ئیبڕاهیم پێغەمبەر کورد بوو. (٧٧) لە ژمارەکانی ٧ تا ٣٠ ( ١٣٢٤) ی هەر ئەو ڕۆژنامەیە دا وتارێک هاتووە کە بریتییە لە ئاریایی بوونی کوردەکان.(٧٨) زۆرێک لە سەرۆکەکانی تایفەکان بە هەبوونی خزمایەتی ( ڕاستەقینە یان جەعلی) عەڕەبی خۆیان فەخریان دەکرد. لەوانە خانەدانی عەزیزانی کورد کە لە جزرێ حکوومەتیان دەکرد خۆیان بە نەوەکانی خالدی بنی وەلید، یەکێک لە سەردارە بەناوبانگەکانی پێغەمبەری ئیسلام، دەزانی. (٧٩) هەر وەها خانەدانێک کە بە سەدان ساڵ لە بۆتان حوکماتی دەکرد. بینیمان کە " ئەو کوردانەی کە دەچوونە ناو خزمەتە دەوڵەتییەکان یش، وەک کوردە شارنشینەکان، غاڵبە سەرەتییان دەدا بەوەی بە خۆیان بڵێن " عوسمانلی". خانەدانی فەرمانڕەوای میر نشینی حەکاری ئیدیعای دەکرد نەسەبی دەگاتەوە خەلیفەکانی عەبباسی". (٨٠) نەسەبی حاکمەکانی چەشکەزک بە بۆچوونی خۆیان دەگەیشتەوە مەلکیش، ناوی کەسێک لە ئەولادی خەلیفەکانی بنی عەبباس،(٨١) قازیی محەمەد لە وتوێژێک دا لەگەڵ ئارچی ڕوزڤێڵت، لە سەروبەندی پاشەکشەی بزووتنەوە دا، گوتی کوردەکان هاوڕەگەزی فارسەکانن. (٨٢) بلووریان لە بیرەوەرییەکانی خۆی دا دەنووسێ کە ساسانییەکان کورد بوون. (٨٣)

یەکێک لە دنە و ئەنگێزەکانی ڕەچەڵەک سازی ئیسباتی ئەویدی بوونی ئێتنیکی خۆ لە ئاست ئێتنیکەکانی درواسێ و ڕەقیب – لە ڕوانگەی بەراوەردکاریەوە- ی لە جێدا ستەمکار سفەت دڕندەیە. بە قەولی ئەمیر حەسەنپوور لە کۆتاییەکانی شەڕی هەوەڵی جیهانی دا هێندێک لە کوردەکان پێیان وا بوو کە بە ئاریایی کردنی نەتەوەی کورد ئامرازێکی بەکەلکە بۆ جوێکردنەوەی ئەوان لە عەڕەبەکان و تورکەکان. ئەوان دواتر بڕوایان پەیدا کرد بە بنیچەی مادی کوردەکان، بۆ ئەوەی لە ئێرانییەکانیان جوێ کەنەوە. (٨٤) ئەوە بابەتی وتارێکە کە حەسەنپوور بە ناوی " ڕەگەزێتی ناسێنەی نەتەوەیی کورد" بۆ پێشکێش کردن لە کۆنفڕانسێک لە زانکۆی ئازادی بێرلین ئامادەی کردووە. جوێکردنەوەیەکی هەر ئاواش کە لە وتاری باسکراو دا کراوە دەکرێ لە ژمارەکانی ٧ تا ٣٠ ( ١٣٢٤)ی ڕۆژنامەی کوردستان دا ببیندرێ. لە جێیەک کە نووسەر لە گەڵ وەبیر هێنانەوەی ئاریایی ڕەگەز بوونی کوردەکان جەخت دەکا لە سەر جوێ بوونی ئەوان لە ئێتنیکە ئاریاییەکانی دیکەی ناوچە و مەردمی ئێران. (٨٥) حەبیبوڵا تابانی، وەرگێڕی کتێبی مینۆرسکی سەبارەت بە کوردەکان، بۆ ئیسباتی ئەو بیرۆکەیە تا ئەو جێیە دەڕوا کە بە قسەی عەلی بابایی دەرمەنی دەست لە بیر و ڕوانگەی میۆرسکی وەردەدەدا و چەواشەی دەکا. بەو شێوەیە کە ئەو بە پێچەوانەی مینورسکی حاشا لەوە دەکا زمانی کوردی وەک یەکێک لە لقەکانی زمانە ئێرانییەکان بێ. (٨٦) نموونەیەکی دیکە بۆ ئەو کوردگرانەی کە لە دیاریکردنی مێژووی پێشینەی کوردەکان دا جەخت دەکەن لەسەر ئەیدی بوون و سەرتر بوونی کوردەکان بە نیسبەت ئێرانییەکان زەکەریا قادری یە. ئەو بە مەبەستی ئیسباتی دژایەتی هەزاران ساڵەی کوردەکان و ئێرانییەکان، دەڵێ مادەکان ئاریایی نین. و وەکوو بەڵگە ئیدیعای دژایەتی بنەڕەتی میترائیسم، " دینی مادە نائاریاییەکان"، لەگەڵ دینی زەردەشت، دینی ئێرانی، دەکا. ئەو دژایەتییە لە سەمبولەکانیان دا، شێر و هەڵۆی ( مادی) و گا و ماری ( ئێرانی) ش وەبەرچاو دێ. هەر وەها لە تێگەیشتنی ئەوان لە چەمکی عەداڵەت کە لە مەزەبی میتڕا دا لە ڕووی پەیمان و ڕێکەوتنەوە هەڵدەسووڕێ و لە دینی زەردەشتی دا کەیهانی و چینایەتی یە. لە جێگایەک ئەڤین (oros) ە کە ڕەفتاری کوردەکان دەنوێنێ، لە جێیەکی دیکە کەلام (logos) ی ئێرانییەکان. لە نەزمی میترایی دا خەڵک چاکە و خراپەی خۆیان فەرق پێدەکەن و لە دینی زەردەشت دا خودا دیارکەری ئەو بابەتەیە. خەڵک خۆیان توانایی لێک کردنەوەی چاکە و خراپەیان نییە. قادری بە جووڵە لەو لەبەریەک ڕۆنانە دا دەگاتە وەزعێک لە میژوو دا کە بە وەزعی پێک دادان و شەڕ دەیاناسێنێ، وەزعییەتێک کە بە هاتنی ئاریاییەکان و دینی زەردەشت بۆ سەرزەوی مادەکان شکلێ گرت. (٨٧)

بەڵام مەردووخ کە سەر بە وەچەیەکی دیکەیە لە ئاست ئەو کوردگرە نوێیانە بە ڕێگایەکی دیکە دا دەڕوا. هەموو حەول و کۆششی بۆ ئەوەیە کە هاوپێوەندی کورد و فارس ئیسبات بکا. ئەو دەنووسێ: " لە پێشینەی کوردەکانەوە دەردەکەوێ کە کورد و پارس هەمیشە لە وەزع و حاڵی سیاسی دا هاوشان و هاو هەنگاو و هاو ئاواز بوونە و لە شادی و شین دا بەیەکەوە هاوبەش بوون". هەر ئەو لە زمان ئەولیای چەڵەبی یەوە دەنووسێ: " لە زەمانی  کەیخوسرەو ( سیرووسی گەورە) را تا زەمانی شائیسماعیل کوردەکان بەشێک لە ئێران" بوون و لێی زیاد دەکا: پارس و ماد دوو تۆوی هاوڕەگەزی دای و بابی بوون، وەکوو ئاو کە لە دوو تۆوی هێدڕۆژێن و ئۆکسیژێن تێکەڵ بووە. " وشەی ئێران مەبەست لە هەر دوویانە"." وشەی ئێران ئەو جۆرەی کە مێژووەکانی دنیا وەباڵی لەسەر دەکێشن و شاهیدی دەدەن[...] بە ماد و پارس و گوێڕایەڵەکانی گوتراوە".  " مێژووەکانی هەندەران و ناوخۆیی ڕاگواستنی سەلتەنەتی ماد بەرەو پارس بە کارێکی ناوخۆیی دادەنێن کە ئەوە بە دەست مادەکان خۆیان ڕووی داوە". (٨٨)

باوەڕی بە مادی بوونی ئەسڵی کوردەکان لەناو کوردگرە تازەکان دا ئەوەندە برەوی پەیدا کردووە کە بووە بە یەکێک لە بناوانەکانی وێژمانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوان. ئەغڵەبی نووسەرانی کورد خزمایەتی ژێنێتیکی زمانی خۆیان و زمانی مادەکان بە حەقیقەتێک دەزانن کە شیاوی نکووڵی لێکردن نییە. بە ڕای قازیی محەمەد کوردەکان لە تۆرەمەی مادەکانن. ئەو کە هۆگری ڕیشەی وشەی مەهاباد بوو ئەوەی لکاند بە وشەی " زێدی مادەوە. (٨٩) ئەوە لە حالێک دایە کە بە ڕای ئازاتریان هیچ نیشانەیەک کە بەڵگەی پێوەندی ئەو زمانە لەگەڵ کوردی باکووری ڕۆژئاوای ئێران بێ نییە. ئازاتریان دەنووسێ ویلادیمیر مینۆرسکی تەنیا کەسێکە کە بیرۆکەی مادی بوونی ئابا و ئەژدادی کوردەکان و خزمایەتی زمانی کوردەکانی لەگەڵ زمانی مادەکان قبووڵە. ئازاتریان خۆی ئەو خزمایەتییە ناپەژرێنێ. بە ڕای وی لەهجەکانی ئێرانی ناوەندی، بە تایبەتی کاشانی و تاتی دەشێ تەنیا لەهجەگەلێک بن کە دەتوانن ئیدیعای ئەو خزمایەتییە بکەن، هەر وەها لەهجە بەلووچییەکان. (٩٠) بە ڕای وی خزمایەتی نێوان کوردی و مادی زیاتر لە خزمایەتی تالشی، لەهجەکانی باشووری دەریای خەزەر، زازا، گۆرانی و هتاد لەگەڵ مادی نییە. بە ڕای وی یەک بوونی شوێنی نیشتەجێ بوونی مادەکان و کوردەکانیش  بەڵگەی خزمایەتی نێوان ئەوان نییە. ئەو بیرۆکەیە لە هەڵەیەکی ئاسایی لە ئەدەبیات کلاسیک دایە کە یەکە ئێتنیکییەکانی هاوچەرخ لەگەڵ خەڵکی سەردەمی قەدیم و کۆن تاق و جووت دەکەن. (٩١) بەڵام لە لایەکی دیکەوە زۆر لە کوردگرەکان، وەکوو جەماڵ نەبەز بیرۆکەی مینۆڕسکی یان پەژراندووە. (٩٢) بەڕای مەردووخ وشەی کورد وەرگێراوی هاو ڕەدیفی مادە و مەبەست لە هەر دووکیان یەکە. (٩٣) بەڵام وشەی کورد گشتیترە لە ماد، چونکوو گیل و دەیلەم و خەزەر و هتادیش وەبەر دەگرێ.  لە کتێبی وی دا بەندێکی جوێ تەرخان کراوە بۆ " مادستان و سنوورەکەی" و داریووش، شای هەخامەنشی، یەکێکە لە پادشاکانی ئەو مادستانە. (٩٤)

هەر وەک کە دەبینین لە زەینی کوردەکان دا تەنانەت تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم نە ڕێکەوتن و تەباییەک لە سەر ڕەچەڵەکێکی هاوبەش هەبووە و نە سنوورێکی شیاوی لێ پەڕینەوە لە عەشیرەت یان تایفەیەک بەرەو عەشیرەت یان تایفەیەکی دیکە. " لە ماوەی زیاتر لە هەشت سەدە لە تێکەڵاوی و پێوەندی لە نێوان عەشیرەتە تورک و کورد و (عەڕەب) ەکاندا ژمارەیەک لە قەبیلە تورکەکان بوونە کورد، و هێندێک لە قەبیلە کوردەکان بوونە تورک ". ئەو گۆڕانی ناسێنەیە لەگەڵ کەمایەتییە مەسیحییەکانی دانیشتووی کوردستانیش هاتووەتە گۆڕێ. (٩٥) کە وابوو تازە لە سەردەمی کوردایەتی تازە دایە کە ئێتنیک خوازان تێدەکۆشن بە لکاندن و بردنەوەی خۆیان بۆ سەر مادەکان و ئەو پێشینییانەی ئیدیعای دەکەن یەکێتییەک لە سازدانی ڕەچەڵەکی مێژووی خۆیان پێک بێنن. ئەو لێڵی و ناڕوونییانەی کە لە دیاریکردن و ناساندنی ناسێنەی کوردی دا هەیە بڕاونێسنی وا لێکرد تا لە وتارێک دا کە لە ساڵی  ٢٠١٦ دا بڵاو بووەوە بنووسێ: " ئەمن چل ساڵە لە سەر کوردەکان دەنووسم، بەڵام هێشتا نەگەیشتووم بە ناساندنێکی جێی ڕەزایەت لەمەڕ ئەوەی کە کوردەکان چ کەسانێکن و چییان دەوێ". ئەو دەگاتە ئەو ئاکامە کە بێ لەبەرچاوگرتنی هەر جۆرە پێوەندی و خزمایەتی ڕەچەڵەکی هەرکەس بە خۆی بڵێ کورد دەبێ ئەوانیدی بە کوردی دابنێن. (٩٦)

سازدانی ڕەچەڵەک لە میژووسازی دا بەردەوامە. کوردگرەکان تێدەکۆشن پەیدا بوونی کوردەکان لە شانۆی مێژوو دا ئەوەندەی دەکرێ بەرەو دواوە بگێڕنەوە و مێژووی کورد وەکوو ڕەوتێکی نەپساوەی خەباتی هاوبەش لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی دا نیشان بدەن  نموونەیەک لەو حەولە دەکرێ لە وتاری " کوردان لە دەسپێکی مێژووەوە تا ساڵی ١٩٢٠"  ببیندرێ کە لە ژمارەکانی ٧ تا ٣٠ ساڵی ١٣٢٤-ی بڵاوکراوەی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە.(٩٧)  بەر لەوەش ئەو کارە محەمەدئەمین زەکی بەگ لە هەڵبژاردەی مێژووی کوردستان دا کرد بووی. لەو کتێبە دا مێژووی کوردەکان لەگەڵ لولوکان لە هەزارەی سێیەمی بەر لە زایین دەست پێدەکا و تا دەرکەوتنی مادەکان و هەزارەکانی دوای ئەو درێژە دەکێشێ. زەکی بەگ لە جێیەکی دیکە هەر لەو کتێبە دا مێژووی کوردەکان بە دوو

" چین " دابەش دەکا. چینی هەوەڵ مێژووی ئێتنیکەکانی بەر لە ماد  ( لۆلۆ، گۆتی، کاسایی، میتانی، نایری و سوباری) لە ناوچەی زاگڕۆس و دەورو بەری و چینی دووەم لە مەر ماد و دوای ئەو. ئەو لەگەڵ ئەوەش لە بەرگی یەکەم دا باس لە نەبوونی زانیاری ورد و ئاگاداری گردبڕ لەمەڕ ڕیشەی کورد و شوێنەواری کۆنی دراوسێکانی ئێتنیکی کورد و کوردستان خۆی دەکا لە بەرگی دووەم دا ئەو بەپارێزییە وەلاو دەنێ و باس لە هەبوونی " پێوەندی پتەو" لە نێوان ئێتنیکەکانی چینی هەوەڵ و " ئەسڵی کورد " دەکا بەڵگەی ئەو بۆ ئەو بۆچوونە بەراوەرد کردنێکە. هەر ئەو جۆرەی کە ئێتنیکی ئاکاد و عمووری لەگەڵ ڕەگەزی عەڕەب و ئێتنیکی هوون بە ڕەگەزی تورکەوە خیلافێکی هێندە لەگۆڕێ دا نییە ئێمەش دەتوانین " وەکوو ئەو دوو ئێتنیکە بۆ نووسینی مێژووی کۆنی خۆمان ڕێگای ئەو دوو ئێتنیکە وەبەر بگرین". واتە ئێمەش بۆمان هەیە پێوەنددییەک لە نێوان ئێتنیکەکانی چینی هەوەڵ لەگەڵ ئێتنیکی کورد لە چینی دووەم و بە دوای ئەو دا ببینین. (٩٨) لە کتێبی مەردووخ ناوی ئەو ئێتنیکانەش لە باس لە مێژووی کوردەکان دا وەبەرچاو دێ. ئەو لێی زیاد دەکا کە مێژووی دەستەی کورد دەکەوێتە بەر لە مێژووی کەلدە و ئاشوور و پێشدادی ." مادەکان لە سەدەی ٢٨-ی بەر لە زایین لە ناوچەی مادستان دا هەبوون". (٩٩)

شێوەیەکی دیکە لە مێژوو سازکردنی کوردگرەکان لکاندی ناوی کوردییەتە بە حکوومەتی هێندێک لە پادشایان و مێرە کوردەکانەوە. بەدلیسی " لە باسی وڵاتی کوردستان" دا لە پێنج خانەدان دەدوێ کە " ئاڵای سەلتەنەتیان هەڵکرد و مێژوونووسان ئەوانیان بە سوڵتان داناوە". ئەحمەدی بنی مەروان  لە زەمانی قادری عەبباسی دا لە دیار بەکر و جزیرێ، " حاکمەکانی دینەوەر و شارەزۆڵ کە بە حەسنەوییە بەناوبانگن"، حاکمەکانی فەزلەوییە کە بە
" لوڕی گەورە" بە ناوبانگن، وڵاتی " لوڕی پچووک" و " سوڵتانەکانی میسر و شام کە بە ئالی ئەییووب مەشهوورن". (١٠٠) ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەو هیچ بەڵگەیەک بە دەستەوە نادا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە ئەو خانەدانانە بە ناوی کورد حکوومەتیان کرد بێ، یان ئەو سەرزەمینەی لە ژێر حاکمییەتیان دا بووە ناوی کوردستان بووبێ. ئی هەرە بە ناوبانگیان سەلاحەدینی ئەییووبی یە کە بە قسەی بەدلیسی خۆی لە سوڵتانەکانی میسر و شام بوو. زەکی بەگ ئەلجەزیرە، کوردستان و ئەرمەنستانیش لە قەڵەمڕۆی ئەییووبی زیاد دەکا. (١٠١)  ئەوەی کە سەلاحەدین بە " ئەڕتەشی کورد " چووە شەڕی خاچپەرستان بە بەڵگەیەک دادەنێ کە ئەو بەناوی کوردەکان حکوومەتی کرد. (١٠٢) بلووریان تەنانەت ئیدیعا دەکا کە سەلاحەدین  " یەکگرتوویی کورد"ی دامەزراند.(١٠٣) هووشمەند ڕاپۆرتێکی فەرمانداری مەهاباد دەگێڕێتەوە کە تێیدا باسی بەڕێوەچوونی شانۆی سەلاحەدین لەلایەن کۆمەڵەوە هاتووە. (١٠٤) ئەوە دروستە کە سەلاحەدینی ئەیووبی کورد بوو، بەڵام ئەو بە ناوی کوردەکان حکوومەتی نەدەکرد. هەر ئەو جۆرەی کە ئیگلتن دەنووسێ ئەو فەرمانڕەوای حکوومەتێکی عەڕەبی بوو، نەک قارەمانێکی دۆزی کورد. (١٠٥) ئەوە لە حاڵێک دایە کە بە قسەی مینۆرسکی " لەشکری سەلاحەدین بە شێوەی سەرەکی تورک بوون" و کوردەکان " زۆرجار بە دژی خانەدانی وی هەڵدەسووڕان". (١٠٦) ڕەنگە لەبەر ئەو هۆیە بێ کە هێندێک لە کوردگرەکان سەلاحەدین بە "جاش" دەزانن و تاوانباری دەکەن بە خیانەت بە کوردییەت. (١٠٧) ئەحمەد ئیبنی مەروان نازناوی لە قادری عەبباسی وەرگرت. حوسنەوییە بنی حوسێن فەرمانی لە ڕوکنودەولەی دەیلمی وەرگرت. (١٠٨) قەترانی تەورێزی لە ستایشی شا ئەبوو خەلیل شەدادی دەنووسێ دا: " تۆ سالاری دڵێرانی، تۆ شاهەنشاهی ئێرانی". میناکێکی دیکە کەریم خانی زەندی لوڕە کە خۆی نەک بە شای کوردستان، بەڵکوو بە وەکیلی ڕەعییەتەکانی ئێران دادەنا. باوەکوو ئەوە دەبینین کە حەوتوونامەی ڕۆژا کورد کە  لە ساڵی ١٩١٢ لە ئەستەنبووڵ دەردەچوو، لاپەڕەی یەکەمی دوو ژمارەی خۆی بە " وێنە" ی کەریم خان دەڕازاندەوە. (١٠٩) لوڕە بەختیارییەکان لە خەبات بە دژی محەمەد عەلی شای قاجار دا بەشداریان کرد و لە دوای شکانی وی لە دەوڵەتی مەشڕووتەی ئێران دا دەستیان گەیشت بە پلەو پایەی سەداڕەت و وەزاڕەت. عەلیقوڵی خان سەردار ئەسعەدی بەختیاری لە مێژووی بەختیاریدا جەخت دەکا لە سەر ئێرانییەتی هاو ئێتنیکەکانی خۆی و بنیچەیان دەباتەوە سەر ساسانییەکان. (١١٠) ساسانییەکان بە سەر " ئاران" و " ئان ئاران " دا پادشاییان کرد.

ڕاستی ئەوەیە کە دەسەڵاتی حکوومەتە کوردییەکان قەت لەو میرنشینە کەم تا زۆر خودموختارانەی تێنەپەڕاند  کە لە بەندی هەشتەمی [ ئەم کتێبەدا] باسیان لێوە کرا. ئەگەر مادەکان لە سەر کوردەکان حیساب بکەین دەگمەنێک بوون. ئەوەی کە لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە مێژووی کوردەکان دا وەبەر چاو دێ جگە لە ڕاپەڕینی زۆر وزەوەندیان بە دژی شایەکان و سوڵتانە ئێرانی و تورکەکان بوونی هێزی شەڕکەری ئەوان لە ریزی شەڕەکانی هەر ئەو شا و سوڵتانانە دایە لە دژی یەکتری. هەر لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو دەورەش دا کە سەرۆکەکانیان پلەوپایەی بەرزی عەسکەری و ئیدارییان دەست دەکەوت. جەنگاوەرانی کورد لە شەڕەکانی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانی لە هەر دوو سپا دا هەبوون نموونەی ئەوە شەڕێکە کە لە ساڵی ١٦٢٩ لە سەر داگیر کردنی بەغدا هەڵئایسا. لەو شەڕە دا سەعید خانی عیمادییە، میرەبەگی سوهران!! [سۆران]  و عەشیرەتێکی کوردی – عەڕەبی لە ڕیزی سپای عوسمانی دا شەریان دەکرد و ئەحمەد خانی ئەردەڵان لە ڕیزی لەشکری ئێرانی سەفەوی دا. (١١١) بە لێوردبوونەوە لەم واقعییەتانەیە کە ئێمە ناتوانین قبووڵ بکەین کە پەیماننامەی سنووری ساڵی ١٦٣٩ لە نێوان سەفی شای سەفەوی و مراد سوڵتانی عوسمانی دەسپێکی دابەش بوونی حکوومەتێکی تاقانەی کوردی بەدوو بەش بوو بێ. بەر لە پەیماننامەی ناوبراو حکوومەتێکی ئاوا بوونی نەبوو. ئەوەی دابەش کرا دابەشبووی سەرزەوینە کوردنشینەکان بە سەر دوو لای سنوور دابوو.

قارەمانەکان و ڕەمزەکان

لایەنێکی دیکەی مێژوو سازکردنی کوردگران بە کورد دانانی کەسایەتییە مێژوویی،دینی، ئەدەبی و زانستییەکانە بە بێ ئەوەی ئەوە ئیسبات کەن و گرینگییەکەی لە ڕوانگەی ئەو کەسانەوە خۆیان. دەڵێن ئەفسانەی گێلگەمیش کە کۆنترین حەماسەی جیهانە کوردییە، چونکە " خوداکانی بابل و نەینەوا خودا و ئوستوورەی کوردستان بوون  کە [ دواتر] تێکەڵ بە ئەفسانەکانی عیبری و مەسیحی و ئیسلامی بوون". (١١٢) لە ژمارە جۆر بەجۆرەکانی ( ژمارەی ٦، ٩، ١٨) ڕۆژنامەی کوردستان دا ئیبونلحاجبی کوردی، ئیبنی ئەسیری جۆرزۆریی مێژوونووس و خاوەنی الکامل نموونەی " شانازییەکانی میللەتی کورد"ن. لەوێدا باباتاهیری هەمەدانی وەکوو یەکەم شاعیری کورد دەناسێندرێ. (١١٣) نەبەز لە دوای گێڕانەوەی قسەیەکی ئیمام محەمەد غەزالی کە گوتوویە ئیسلام چوار ئەستوونی هەیە دەنووسێ سێ کەس لەوانە وەک غەزالی خۆی کورد بوون، دینەوەری، شارەزووری و ئامێدی. لە ڕوانگەی وییەوە بابەکی خوڕەمدین یش کورد بوو بە ناوی کوردەکان بە دژی حکوومەتی بەغدا ڕاپەڕی. ئینبی تەیمییە یەکێکی دیکە لە ناودارانی سەردەمی ئیسلامییە کە نەبەز لە ڕیزی شانازییەکانی ئێتنیکی کورد ناوی دەبا.(١١٤) پێشتریش ئاماژەمان کرد بە سەلاحەدین (١١٥) و کەریم خانی زەند. خوێندەوارانی کورد لە سەر بنەمای ئەو تەسەورەی کە پێشینەی دینی ئێزەدییەکان لە دەورانی بەر لە ئیسلام و لە پێوەندی لەگەڵ دینی زەردەشت دا دەستی پێکردووە گەیشتوونە ئەو ئاکامە کە زەردەشتیش کورد و زمانی ئەوێستا کوردی قەدیم بووە. مەردووخ یش بە زمانی ئەوێستا دەڵێ مادی و بە وتەیەکی دی کوردی. لە کتێبەکەی مەردووخ دا وێنەیەکی خەیاڵی " زەردەشتی مادی" یان کوردی دەبینین. لەو کتێبە دا بەندێکی جیا تەرخان کراوە بۆ " زانایان و ئەدیبانی کوردستان" کە زیاتر لە سەد ناو وەبەر دەگرێ و ئاماژە بە بەرهەمەکانیان کراوە؛ لە وانە شەهابەدین سەهرەوەردی. (١١٦) نیسبەت دانی زەردەشت و مەزەبەکەی بە کوردەکان کارێکە کە ئەشێ بۆ جاری یەکەم  لە لایەن دەستەیەک لەو کوردگرانە ڕا کرا کە بەدەوری گۆڤاری هاوار لە ساڵانی ١٩٣٠ یەکانی سەدەی بیستەم  دا کۆببوونەوە و بە دوای ئەوە دا درێژەی پێدرا. (١١٧) گۆواری نیشتمان، ئۆرگانی کۆمەڵەی ژ.ک لە ژمارەی ٥-ی ساڵی ١٣٢٢ دا ئیعتراز دەکا لە ئەنسیکلۆپێدییەکی تورکی کە بۆچی زەردەشتی کوردی  کردووە بە تورک. چەواشەکاری لە مەڕ دینی زەردەشت و ئەوێستا بەرە بەرە بووە بە بۆچوونی زۆر لە ڕووناکبیرانی کورد، تا ئەوەی کە بووەتە هۆی ئیعتیڕازی ڕوحانییە زەردەشتییەکان و ڕێبەرانی مەزهەبی ئێزیدییەکان. (١١٨) کاوەی ئاسنگەر (١١٩) و ئەبوو موسلیمی خۆراسانیش لەو قارەمانانەن کە کوردگرەکان پێیان خۆشە بە کوردیان دانێن. (١٢٠) ئەوەی کە قبووڵی ئەو جۆرە نیسبەت دانانە دژوار دەکا نیسبەتی نەتەوەخوازییەکە کە کوردگرەکان لە کوردبوونی ئەوانی زیاد دەکەن. دەکرێ ئەوان کورد بووبن، بەڵام ئەوان لە سەروبەندێک دا دەژیان کە نیشانەیەک لە نەتەوەخوازی، کوردی یان ناکوردی بوونی نەبوو.

زمان

کوردگرەکان زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە جیاوازی زمانی خۆیان لەتەک زمانی دراوسێی فارس، تورک، عەڕەب و ئەوانیدی دا بە بەڵگەیەک بۆ ئەویدی بوونی ناسێنەی ئێتنیکی و نەتەوەیی خۆیان دەزانن. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەو ئەویدی بوونە، ئەگەر زمان بە پێوانەی یەکێتیی نەتەوەیی دابنێین (١٢١) لە نێو خۆی کوردەکانیش دا نییە. چونکە کوردەکان نەک بە زمانێک- ئەگەر لێک تێگەیشتن بکەنە پێوانە- بەڵکوو بە چەند زمان، و ئەو جۆرەی کە کوردگرەکان دەڵێن بە چەند لەهجەی زمانێکی تاقانە- قسە دەکەن و دەنووسن. کوردناسان زمانەکان یان زاراوە کوردییەکان بە دوو یان سێ لقی سەرەکی و ژمارەیەکی زۆر لەهجەی فەرعی دابەش دەکەن. لە کاتێکدا کە کوردەکانی دانیشتووی سەرزەوییەکانی باکووریی کوردستانی ئێران و تورکیا بە شێوەی سەرەکی بە زمانی کورمانجی قسە دەکەن، زمانی سەرەکی کوردەکانی ناوچەکانی باشووریی کوردستان سۆرانییە. جیاوازی نێوان ئەو دوو زمانە بە باوەری مەک داوڵ لە ڕووی نەحو و ڕێزمانەوە بە قەد جیاوازی نێوان زمانەکانی ئینگلیسی و ئەڵمانی، و لە ڕووی پەیڤەوە، وەک جیاوازی نێوان هولەندی و ئەڵمانی یە. جگە لەوانەش، سێ زمانی دیکەش هەن کە کەمایەتی جێی سەرنج قسەیان پێ دەکەن: گۆرانی، زازا و و زمانی خەڵکی ناوچەیەک  لە نێوان سنە و کرماشان کە لە فارسی تازە نزیکترە.(١٢٢) بڕاونێسن یش زمانە کوردییەکان بە کورمانجی و سۆرانی دابەش دەکا و وەکوو مەک داوڵ لقێکی سێیەمیان لێ زیاد دەکا کە تایبەتییە بە کوردەکانی دانیشتووی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو لەهجەکانی سنەیی، کرماشانی و لەکی بە بەشێک لەو لقە وەحیساب دێنێ. (١٢٣) ئەوەی کە بڕاونێسن یش زمانەکانی گۆرانی و زازا بە بەشێک لە سێ لقی لەمەڕ خۆی دانانێ دەشێ لەبەر ئەوە بێ کە ئەویش وەکوو  هێندێکی دیکە لە کوردناسە ئوڕووپاییەکان، وەکوو مەکێنزی، ئازاتریان و ئێدمۆندز ئەو دوو زمانە بە کوردی دانانێ و بە ئاخێوەرانی ناڵێ کورد. ئازاتریان هەر ئەو بۆچوونە لە سەر لەهجەکانی گۆرانی،هەورامانی ( هەورامی) و بالاجانی!! (باجەڵانی، وەرگێڕ) لە ئێران دووپاتە دەکاتەوە. (١٢٤) بە ڕای مینۆرسکی گۆرانی، زازا، و هەورامی مەودایەکی زۆریان لەگەڵ کوردی هەیە. پاول وایت لەو پێوەندییە دا باس لە زمانەکانی زازا و قزڵباش ( عەلەوی یان دەرسیمی) دەکا. (١٢٥)

ئێدمۆندزیش لەهجە کوردییەکان بە باکووری و باشووری دابەش دەکا و هێڵی نێوانیان  لە باشووری دەریاچەی ورمێ تا سووچی چۆمی زێی گەورە لە عێڕاق درێژە پێ دەدا. هێڵی ناوبراو لەو سووچە بە دواوە لە لای باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە بەرەو باشووری ڕۆژئاوا لا دەدا. ئەویش کوردیی باشووری بە دوو لقی سەرەکی دابەش دەکا. یەکیان لقی موکری – سۆران و ئەویدی سلێمانی – ئەردەڵان. سلێمانیی باشووری دەچێتە ناو لەهجەی کرماشانی و لەکی لە باکووری لوڕستان. ئێدمۆندز دەنووسێ لەهجە کوردییەکان ئەوەندە زۆرن کە لە دێیەکەوە بۆ دێیەکی دیکە جیاوازن. بەڵام ناسێنەرە سەرەکییەکانی کوردی لەهەموویان دا هاوبەشە. ئەو بۆچوونی مینۆڕسکی  کوردناس دەگێڕێتەوە کە هۆی ئەو پێوەندییە بە لێکەوتنەوەیان لە زمانێکی مادی کەونارا دەزانێ. (١٢٦) بەڵام د.ن. مەکێنزی زمانناس دژی ڕای مینۆرسکی یە. بە بۆچوونی ئەو کەمتر لایەنی هاوبەش لە ناو لەهجە کوردییەکان دا هەیە کە هاوکات لە زمانە ئێرانییەکانی دیکە دا نەبێ. کوردی لە ژمارەیەک لایەنی گرینگ دا لەگەڵ ئەوەی لە مەر زمانی مادی دەیزانین جیاوازە. لە حاڵێک دا کە کوردی خاوەنی تۆوی بەهێزی باشووری ڕۆژئاوایی ئێرانی یە مادی دەشێ زمانێکی باکووری  ڕۆژئاوایی ئێرانی بووە. (١٢٧) بەدلیسی لە شەڕەفنامە دا زمانی کوردی بە چوار لەهجەی کورمانجی، لوڕی، کەلوڕی و گۆرانی دابەش دەکا. زەکی بەگ قسەی ئەولیا چەڵەبی دەگێڕێتەوە کە زمانی کوردی بە " پازدە جۆر" دابەش کردووە. ئەوانە بریتین لە: زازا، لۆلۆ، حەکاری،عەوینی،مەحموودی و شیروانی، جزیرەیی، پەسانی،سنجاری،حەریری،ئەردەڵانی،سۆرانی،خاڵتی،چەکوانی، عیمادی،و ڕۆزیکی. (١٢٨) خالید کە دابەش کردنەکانی کوردناسانی ئوڕووپایی بە نادروست دەزانێ بۆخۆی لە زمان حەمە خورشیدەوە "لەهجە" کوردییەکان بە چوار لق دابەش دەکا و زازا و هەورامی بە بەشێک لەوان دادەنێ. (١٢٩)

لە ناو کوردگرەکان دا مەیلێکی زۆر هەیە کە لوڕەکانیش بە کورد دابنێن و لە ئاکام دا زمانی ئەوانیش بە یەکێک لە زمانەکان یان لەهجە کوردییەکان وەحیساب بێنن. ئەو کارە بەدلیسیش کردووەیە. هەم زەکی بەگ و هەم  بەو زووانەش حەمە خورشید هەر وا دەڵێن. (١٣٠) ئازاتریان ئەو پێوەندییە قبووڵ ناکا. لە ڕوانگەی وییەوە لوڕی شێوەزارێکی بەتەواوی جیاوازە لە کوردی و زیاتر وەفارسی دەچێ تا کوردی. بڕاونێسن تەنیا ئەو دەستە لە عەشیرەتە  لوڕەکان بە کورد دادەنێ کە بە لەهجەی " لەکی" قسە دەکەن و بە گشتی خۆیان بە کورد دەزانن، بەڵام لوڕەکانی دیکە خۆیان بە کورد نازانن. (١٣١) ئامانوڵاهی بەهاروەندیش ئەو پێوەندییە وەدوایە دەداتەوە. ئەو بە پاڵپشتی قسەی ڕاولینسۆن، مینۆرسکی،ئا. مان. ژۆکۆسکی، دیاکۆنۆف و کەسانی دیکە ئەو دوو زمانە بە جیاواز دادەنێ و لوڕی لە ناو زمانەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران لە فارسی بەنزیکتر دەزانێ. (١٣٢)

گرفتێک کە فرەیی لەهجەکان و یان زمانەکان سازی دەکا بە سەختی تێگەیشتن یان نەبوونی تێگەیشتن لە ناو ئاخێوەرەکانیان دایە. مەک داوڵ دوای بەراوەردێک کە باس کرا دەنووسێ جیاوازییەکان لە هەر دوو لایەنەوە ئەوەندە هەن کە دەبنە هۆی لێک تێنەگەیشتنی ئاخێوەرەکانیان. ئازاتریان بۆ نیشان دانی ئەو جیاوازییە لە نیسبەتی نێوان فارسی و پەشتوو کەلک وەردەگرێ. ئەو دەنووسێ کۆرمانجی و سۆرانی زمانەکان لەگەڵ ئاخێوەرانی زازا هەر ئەوەندە گرفتیان هەیە کە فارسی زمانەکان لەتەک ئۆسێتییەکان دا هەیانە. (١٣٣) زمانەکانی زازا و گۆرانی کە لە هێندێک ناوچەی باشوور و باکووری ڕۆژئاوای کوردستان قسەیان پێ دەکرێ ئەوەندە لەگەڵ زمانەکانی دیکەی گۆیا کوردی جیاوازن کە بە قسەی ڕەشید یاسمی، هێندێک لێکۆلەرەوەی دیکەش  لەگەڵ، ئاخێوەرانی ئەوان بە کورد نازانن. (١٣٤) بڕاونێسن دەنووسێ دەستە فرەکانی لەهجە کوردییەکان بۆ ئاخێوەرانیان بە شێوەی دوو لایەنە شیاوی تێگەیشتن نین. ئەو لە دوای دابەشکردنی لەهجە کوردییەکان بەو جۆرەی کە ئاماژەی پێ کرا دەنووسێ: ئەو دەستە لەهجانە نەک لە ڕووی پەیڤ و دەنگسازییەوە جیاوازی زۆریان لەتەک یەکتری دا هەیە، بەڵکوو لە ڕووی ڕێزمانیشەوە لەیەکتری جیاوازن". (١٣٥) هەر بڕاونێسن لە وتارێک دا کە لە ساڵی  ٢٠٠٠ دا بڵاو بووەوە دەنووسێ: " دەستەی زۆر گرینگ لە کوردەکان تەنانەت بە زمانێکی بەتەواو جیاواز لە کوردی قسە دەکەن". ئەو لەو جیاوازی زمانەکان و جیاوازییە کولتوورییەکانی دیکە لە ناو کوردەکان دا دەگاتە ئەو نەتیجەیەی کەکوردەکان "بە دڵنیاییەوە گرووپێکی فەرهەنگی یەکدەست نین. ئەوان بە لەهجەی ئەوتۆ قسە دەکەن کە هەمیشە بە شێوەی دوو لایەنە شیاوی لێک تێگەیشتن نین. گرووپی زۆر گرینگ لەوان تەنانەت بە زمانێکی تەواو جیاواز لە کوردی قسە دەکەن [...] ئەگەر بە پێوانە ئۆبژێکتیڤەکان داوەری بکەین زیاتر دەگەین  بەو ئاکامە کە کوردەکان بە کۆکراوەیەک لە ئێتنیکی جیاواز دابنێین و نەک ئێتنیکێک". (١٣٦) تەنانەت لە ناو  لەهجەکانی کورمانجی و سۆرانی دا جیاوازییەکان ئەوەندە گەورەنە کە دانیشتووانی ناوچەی جۆربەجۆر لەوانەیە بۆ قسە کردن لەگەڵ یەکتری سەرەتی بدەن بە تورکی،یان فارسی، و یان عەڕەبی، چونکە ئەوان لە لەهجەکانی یەکتری باش تێناگەن.(١٣٧)

ئەوە بیروڕای بڕاونێسن مان زانی. نادر ئینتیساریش، لە دووی ئەو ڕایە دەدا و مێهرداد ئیزەدی بە شاهید دەگرێ کە باس لە جیاوازی زمانە کوردییەکان دەکا، و جۆرج هەریس بە شاهید دەگرێ کە دەڵێ" هەبوونی بە تەواوی ئاشکرای جیاوازییە زمانییەکان بە هۆیەکی پێشگێڕەوە دەزانێ لە پێگەیشتنی ناسێنەی گشتی کوردی دا". (١٣٨) ئەو دەیتوانی شەڕەفنامەش بە شاهید بگرێ، لەو جێیەی دا کە شەڕەفخانی بەدلیسی  باس  لە "جیاوازی" نێوان زمان و هەڵسان و دانیشتن و تەقالیدی تایفە چوارینەکەی ئەکڕاد دەکا. ئەو ڕایە لە لایەن ئێران کەڵباسی، نووسەری کتێبی گویش کردی مهابادی ش دەر بڕاوە، لەو جێیە دا کە دەنووسێ جیاوازی لە نێوان لەهجە کوردییەکان دا جارجار ئەوەندە زۆرە کە لە زمانی یەکتری حاڵی نابن. جیاوازییەکان هەر لە پەیڤ دا نییە، بەڵکوو ڕێزمانیشە. (١٣٩)

بە ڕای هووشمەند بۆ کوردی لەک تێگەیشتنی کوردی بادینان و بۆ کوردی سۆرانی زمان تێگەیشتنی کوردی هەورامی زمان مومکین نییە.(١٤٠) ئەو لە وتارێک دا کە لە گۆواری گفتگو، ژمارەی ٤٠، ساڵی ١٣٨٣ دا بڵاو کراوەتەوە بیروڕای زانای زۆر وەکوو محەمەد موعین، دانا ئادام شمدت!! [شمید، وەرگێڕ]، سێکەندەر ئەمانوڵاهی بەهاروەند و  " ئەنیستیتووی کولتووری کورد" کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە پاریس دامەزرا دەگێڕێتەوە کە لە دووی ئەو ڕایە دەدەن.شاهیدێکی دیکەی هوشمەند کێشەی تێگەیشتنی وتاری پشتیوانێکی محەمەد خاتەمی یە کە لە هەڵبژاردنەکانی حەوتەمین خولی سەرۆکایەتی جمهووری ئێران  کە بە زمانی بادینی دەستی پێکرد، بەڵام لەبەر لێ تێنەگەیشتنی خوێندکاران کە زۆربەیان سنەیی بوون و لە مەجلیسەکە دا بوون، وتارەکە بە فارسی درێژەی پێ درا. دەقی وتەی بارزانی کە لە سەرەتای هاتنی دا بۆ مەهاباد ( ڕەشەمەی ١٣٢٤) لە تەنیا خوێندنگەی دەورەی ناوەندی ئەو شارە دا کردی دەبوو  وەربگێڕدرێ. (١٤١) بڕاونێسن باس لەوە دەکا کە پ.ک.ک (پارتیی کرێکارانی کوردستان) عادەتی نووسین بە زمانی تورکی تەقریبەن بە تەواوی درێژە پێ دەدا و دەڵێ هۆی ئەوە دەشێ بە مەبەستی کەم کردنەوەی نێوان کۆرمانجی زمانان، زازازمانان و کوردە تواوەکان لە تورکیا بێ. (١٤٢) جیاوازییە زمانییەکان جار جار لە سەر پارسەنگی سیاسی و تێکهەڵچوونە خوێناوی وڕقەبەرە بێ کۆتاییەکانی حیزبە کوردەکان دا شوێن دادەنێ . جیاوازی لە نێوان تاڵەبانییەکان و لەهجەی سۆرانی ئەوان لە لایەکەوە و بارزانی و لەهجەی بادینانی ئەوان لە لایەکی دیکەوە نموونەیەکە لەوە. بڕاونێسن ئاگاداربوون لە قەڵشتی قووڵی ئابووری و کولتووری لە نێوان کورمانجی زمانەکان لە باکوور و سۆرانی زمانەکان لە باشووری عێڕاق!! لەو هۆکاری جیاوازی زمانی زیاد دەکا و ئەو بە هۆیەکی گرینگی کێشەو هەرا لە ناو بزووتنەوەی کوردەکان دا دادەنێ، بەلانی کەمەوە لە ساڵانی ١٩٦٠ کان بە دواوە. (١٤٣) خیلاف لە نێوان پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق بە ڕێبەرایەتی مەسعوود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی عێڕاق بە ڕێبەرایەتی جەلال تاڵەبانی لە ساڵی ١٩٩٤ ئەوەندە پەرەگر بوو کە بوو بە هۆی شەڕ لەناویان دا.

جیاوازی لە نێوان سۆرانی و کورمانجی هەرچەندیش بێ پێش بەوە ناگرێ کە کوردگرەکان ئەوان بە دوو لەهجەی جیاوازی زمانی کوردی دابنێن. شێوەی بەدەرەوەتری ئەو حاشالێکردنە دەستگێڕانەوەیە لە قبووڵی کوردی نەبوونی زمانەکانی گۆرانی و زازایی. (١٤٤). مەیلی ئەوان بۆ  بە کوردی دانانی زازا یان گۆرانی زمانان و باوەڕیان بە دەوری تەوەرەیی زمان لە ناساندنی میللەت دا هۆی ئەو پێداگری یەیە. نەتیجەی ئەو کارە بوو بە پەیدا بوونی ناسیونالیسمێکی زازایی لە ساڵانی ٨٠ کانی سەدەی بیستەم دا. پڕۆتێستی زازا زمانەکان لە ساڵی ١٩٨٠کانی زایینی گەیشتە جێیەک کە ئەوان یەکەم گۆواری خۆیان بە زمانی زازایی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختیان کردەوە لە سەر کوردی نەبوونی زمانەکەی خۆیان. وتارەکانی ئەو بڵاوکرایەوە کە تەنێ بە زمانەکانی زازا، تورکی و ئینگلیسی بڵاو دەبوونەوە زازا زمانانی بە مەردمێک دادەنا کە کوردەکان و تورکەکان زیاد لە ئەندازە نکووڵیان کردووە لە ناسێنەیان. ئەو گۆوارە ناوی زازیستانی نا لە نیشتمانی کەونارا. ئەو خۆ دوور کردنەوە و مەودا دانانە لە حاڵێک دا کرا کە زازا زمانەکان، هەر وەک گۆرانی زمانەکان بە سەدان ساڵ بوو کە خۆیان بە کورد دەزانی، دراوسێ کورد، تورک و عەڕەبەکانیشیان هەر وەک کورد چاویان لە وان دەکرد. (١٤٥) هەر وەک دەبینین ڕەوتی هەموو بە کورد دانانی هێندێک لە کوردایەتی کاران بوو بە دنەی ئەوە کە زازاکان بۆ ماوەیەک حاشا لە کورد بوونی خۆیان بکەن. ئەوە لە هەمان حاڵ دا نموونەیەکی ئاشکرایە بۆ لە دوو دانی بیرۆکەی فرێدرێک بارت (Fredrik Barth) سەبارەت بە خەسڵەتی تێپەڕی سنوورە ئێتنیکییەکان.

جیاوازی لە نێوان زمانە کوردییەکان دا هێندێک لە کوردگرەکانی هێناوەتە سەر ئەو فکرە کە زمانێکی ستانداد ساز کەن کە هەموو کوردەکان لێی تێبگەن.  زەکی بەگ چارەی دە ئەوە دا دەدی کە یەک لە دوو زمانی تایفەی موکری یان کورمانجی بکرێ بە زمانی سەرەکی و زمانەکانی دیکە خۆیانی لەگەڵی بگونجێنن. (١٤٦) ڕێگایەکی دیکە وەرگرتنی وشە لەلایەن یەک لەو دوو زمانە سەرەکییە لە زمانەکانی دیکەیە. ئەوە کارێکە کە بە قسەی ڕەسووڵ لە ساڵانی ١٩٨٠کانەوە بەو لایەوە بە وەرگرتنی وشەی لەهجەکانی دیکە لە زمانی سۆرانی دا ( بە قەولی وی کوردیی ناوەندی) کراوە. ع. جەلالی لە نووسراوەیەک دا کە لە ژێر سەردێڕی " ڕەوتی بە ستاندارد کردنی زمانی کوردی " دا بڵاو بووەتەوە  ئاماژە دەکا بە حەولەکانی نەبەز، ڕەسووڵ، ئەلبەسیر!! [ کامل بەسیر؟] و حەسەنپوور لەو ڕێبازە دا. (١٤٧) هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێگایانە نەگەیشتوونە ئاکام بە ڕای خالید لەبەر ئەوەیە کە" گەلی کورد ئامادە نییە یەکێک لە لەهجەکان وەک لەهجەی ستاندارد قبووڵ بکا". لە ئاکام دا پەژراندنی یەکسانی زمانەکانی زازا،سۆرانی و کورمانجی وەک زمانە ڕەسمییە کوردییەکانە. ئەوە هەنگاوێکە کە لە لایەن ئەنیستیتووی کورد لە پاریس لە ساڵی ١٩٨٣ دا کرا. پەژراندنی ڕەسمییەتی هەر سێک زمان ئاکامی پێک نەهاتن لەسەر ئەوە بوو کە کامەیەک لەو سێ زمانانەی سۆرانی، کورمانجی و زازا ببێ بە هەڵگری زمانی ستاندارد. (١٤٨)

بەرهەڵستێکی دیکەی تێنەگەیشتن لە نێوان ئاخێوەرانی لەهجە جۆر بەجۆرەکانی زمانی کوردی نەبوونی خەتێکی تاقانەیە. سیریلیک،لاتین،عەڕەبی و فارسی ئەو خەتانەن کە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردنشین بە زیاد کردن یان نەکردنی هێندێک نیشانەی دەنگی دەکار دەکرێن. سازکردنی خەتێکی تاقانە بەو پێیە حەولێک بووە کە بە مەبەستی چارەسەر کردنی ئەو گرفتە لە ساڵانی ١٩٣٠ سەدەی بیستەم دا کراوە. جەلادەت بەدەرخان لەو هەنگاوە دا کلیلێکی دەدەی کە نەک هەر کێشەی دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمی نووسراو بە لەهجە جۆر بەجۆرەکان مەیسر دەکا،بەڵکوو دەتوانێ هەنگاوێکیش بێ بۆ گەیشتن بە زمانێکی تاقانەی کوردیش. ئەو خۆی ڕێنووسێکی بە کەلکوەرگرتن لە خەتی لاتین و زیاد کردنی هێندێک نیشانەی دەنگی کەلەگەڵ لەهجە کوردییەکان بگونجێ ئافراند و لەو ڕێنووسە لە گۆواری هاوار، ژمارەی ٩، ساڵی ١٩٣٢ کەلکی وەرگرت. ئەو ڕێنووسە لە دوای ئەو لە تورکیا،سووریا و ئەرمەنستان پێشوازی لێ کرا، بەڵام هێشتا سۆرانی لە ئێران و عێڕاق بە هێندێک گۆڕان بە خەتی فارسی دەنووسن، ئەو ڕێنووسەی کە لە لایەن کۆلۆنێل تۆفیق وەهبی را (١٨٩١ – ١٩٨٤) ئافرێندرا و یەکەم جار لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ چاپ کەلکی لێ وەرگیرا. (١٤٩) 

ئەدەبییات

 ڕچەی جیاوازی زۆر لە ناو زمانە کوردییەکان دا دەکرێ لە ئەدەبییاتی ئەوانیشدا ببیندرێ، مەم و زین ی ئەحمەدی خانی بە زمانی کورمانجی نووسراوە و تازە لەساڵانی ١٩٦٠ کاندا بە زمانی سۆرانی وەرگێڕدراوە و لە بەغدا بڵاو کراوەتەوە. (١٥٠) شێعرەکانی کۆیی بە زمانی سۆرانییە و خوێندنەوەی بۆ کورمانجی زمانان زەحمەتە. دیتمان کە زازا زمانەکانیش تازە دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی گۆوارێک بە زمانی خۆیان. ئەگەر ئەوە بپەژرێنین کە پەرەسەندنی ئەدەبییات پێوەندییەکی هەر نزیکی هەیە لەگەڵ پەیدا بوون وپەرەگرتنی وشیاریی قووڵی ئێتنیکی (١٥١) و دواتر نەتەوە خوازی دەبێ لەوە ئەم ئاکامە دەرخەین ئەوەی کە بەدلیسی شەڕەفنامەی بە زمانی فارسی نووسی بە واتای ئەوەیە کە لە زەمانی وی دا وشیاری کوردایەتییانە لە ئاستی ئەدەبییاتی نووسراو دا هێشتا ساز نەببوو. بەردەنگەکانی، واتەهەمان گەورە گەورەی کورد، بە فارسی لە پەیامەکەی تێ دەگەیشتن. مەم و زین یش، ئەو جۆرەی کە بڕاونێسن دەنووسێ بە زمانی نوخبە نووسراوە. تازە ئەوە کۆیی بوو کە لەشێعرەکانی دا خەڵکی کردە بەردەنگی خۆی و بە شێعری خۆی حەولی دەدا هەستی ئێتنیک ویستی لە دڵیان دا بورووژێنێ. تازە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دا بوو کە بە پەرەگرتنی وشیاریی کوردایەتییانەی شێوە ناسیۆنالیستی ئەدەبییاتی کوردی بەو مانایە پەرەی سەند. هەڵبەت ئەدەبییاتی کوردی بە خانی دەستی پێنەکردووە. بەر لەو شاعیرانێک وەک فەقێی تەیران ( نزیکە ١٥٩٠ – ١٦٤٠) و عەلی حەریری (١٥٧٠ – ١٦٤٠)، شێخ ئەحمەد مەلانی جزیرەای!! [مەلایێ جزیری، وەرگێڕ] (سەدەی ١٢-ی زایینی) و ئی دیکەش هەبوون کە بە یەکێک لەزمانە کوردییەکان شێعریان دەگوت. با وەکوو ئەوەش ئەدەبییاتی کوردی تا بەر لە سەدەی حەڤدەهەم لە بەراوەرد کردنی لەگەڵ فارسی،عەڕەبی و تورکی دا برەوێکی ئەوتۆی نەبوو. مەک داوڵ تەنانەت دەنووسێ کە کوردەکان " ئەدەبییاتێکی ڕۆنیشتوویان نەبوو". (١٥٢) پێشتر بەدلیسی ئەو هەڵسەنگاندنەی بە نووسینی ئەو ڕستەیە لەمەڕ " زانایان و فازلان"ی کورد کرد بوو: ئەوان " سەبارەت فەزیلەت و حەیسییەتی ڕەسمی و نەریتی  وەکوو شێعر و پەخشان و خەت خۆشی و شێوەی تێکەڵاوی [...] بەهرەیەکی ئەوتۆیان نییە". (١٥٤) ڕەنگە بە مەبەستی قەرەبوو کردنەوەی ئەو کەمبوونەیە بێ کە جەماڵ نەبەز ئاماژە بەو خزمەتانە دەکا کە ئەدیبان و بیرمەندانی کورد بە زمانەکانی عەڕەبی، فارسی و تورکییان کردووە. نەبەز ئەو دڵگەرمییە بەو شێوەیە دەدا بەخۆی کە داخ و جەخاری خۆی دەردەبڕێ لەو کەمتەرخەمییەی ئەوان لە ئاست زمانی کوردی کردوویانە. (١٥٤)  لەشوێنێکی دیکە نەبەز ئەو بۆچوونە ئاوا دەردەبڕێ: " فکر،زانست و مووسیقای کوردی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چووەتە ناو کولتووری عەڕەبی، فارسی و تورکی و بووە بە هێزێکی ژیانیی ئەو سێ کولتوورە". " ئەمڕۆ ئاشکرایە کە لە شەڕق و ئێران باشترین وەرگێران، نووسەران و مووسیقازانان کوردن". (١٥٥) بە ڕای ئێدمۆندز یش ئەدەبییاتی کوردی بە شێوەیەکی نا تەبیعی بەرتەنگ  بوو بە شێعرو فۆلکڵۆڕ. ئەو دوایە ئاماژە دەکا بە پەیدا بوونی یەکەمین نموونەی ژوورنالیسمی مۆدێڕن  کە لە ڕۆژنامەی کوردستان دا بە لەهجەی بۆتانی باکووری لە ساڵی ١٩٨٢[!!!] بە دوای یەک دا لە پێشدا لە قاهیرە و دوایە لە چەند جێی دیکەی بڵاو کرایەوە. [ دەبێ مەبەست لە ئەو ڕۆژنامە کوردستانە بێ کە ژمارەی یەکەمی لە ٢٢-ی ئاوریلی ١٨٩٨ دەرکەوت. وەرگێڕ](١٥٦) لە بەندی هەشتەم دا ئاماژەمان کرد بە هێندێک لەو بڵاوکراوانە. بە ڕای ئازاتریان ئەدەبییاتی نووسراوی کوردی بە شێوەی سەرەکی لە سەدەی نۆزدەهەم دا ساز بوو و لە سەدەی بیستەم بە شێوەی سەرەکی گوڵی کرد و پشکووت. ئەو دوایە ئاماژە دەکا بە پێستێکی نووسراوی کوردی لە سلێمانی کە بە پێی ئیدیعای هێندێک لە کوردگران تەمەنێکی کۆنینەی باستانی هەیە. ئەو دەنووسێ مەکێنزی نادروست بوونی ئەو ئیدیعایەی سەلماندووە. (١٥٧) لە زەمانی بەدلیسی دا نووسین بە زمانی پەخشان باو نەبوو. کوردەکان بەرهەمە پەخشانە مێژووییەکانی خۆیان بە زمانی فارسی دەنووسی. (١٥٨)

سەرزەوی

لەو وتانەی دا کە قازیی محەمەد لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهووری دا پێشکێشی کرد لە سەر بەسەریەکەوەبوونی ئەزەلی سەرزەوی نیشتەجێی کوردەکان جەخت کرا. ئەو قسەیە، ئەو جۆرەی کە ئاماژەی پێ دەکرێ، لەگەڵ واقعییەتە مێژووییەکان یەک ناگرێتەوە. ئیدیعایەکی دیکەی کە لەو بارەیەوە باس دەکرێ ئی مەلا مستەفا بارزانی یە. لەو جێیەی کە ئەو دەڵێ: " لە هەر جێیەک کە کوردەکان دەژین ئەوێ کوردستانە". ئەو وڵامە کوردایەتییانە هەر ئەوەندەی کە ساکارە هەر ئەوەندەش پڕە لە لێڵی و ناڕوونی. یەکێک لە سەرچاوەکانی لێڵی، ژیانی زۆر لە کوردەکان لەو ناوچانەیە کە زۆربەی دانیشتووانی ئەوان لە کوردەکان پێک دێ. هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان بۆ نموونە لە تاران، ئەستەنبووڵ یان لە بێرلین ناتوانێ هۆیەک بێ بۆ دانی ناوی کوردستان بەو شوێنانە. سەرچاوەیەکی دیکەی لێڵی و ناڕوونی گۆڕانی مانای کوردە بە درێژایی مێژوو. پێشتر باسی ئەو ڕاستییەمان کرد. سەرچاوەی سێیەم گۆڕانی شوێنی ژیانی کوردەکانە لە پانایی دەوران دا. هەتا زیاتر بگەڕێینەوە دواوە ئەو ڵێڵییە زیاتر دەبێ وپڕە لە بیروڕای جیاواز سەبارەت بە کوردەکان و ئابا و ئەژدادیان. پێشتر هێندێک ئاماژە کرا بە ڕای هێنربیشلر. ڕای وی لەگەڵ ئەوەی پێشتر سەبارەت بە کۆچی کوردەکان و ئێرانی زمانەکانی دیکە  لە ئاسیای ناوەندییەوە بەرەو شوێنی دانیشتنی هەنووکەییان گوتراوە جیاوازی بنەڕەتی هەیە. ڕایەکی دیکە ئی ئازاتریانە . ئەو بە پشت بەستن بە بیرۆکەی زمانناسیی مەکێنزی و ئەو ئارگیومێنتە زمانییانەی کە خۆی پێشکێشی دەکا شوێنی تەقریبی کاکڵی ناوەندی ئاخێوەرەکانی لەهجە کوردییەکانی هەنووکە یان پێش کوردەکان بە باکووری ڕۆژئاوای لوڕستان یان ئیسفەهان دادەنێ. ئەو دەنووسێ کوردی وەکوو لەهجەیەکی باکووری ڕۆژئاوایی لە موحیتێکی باشووری ڕۆژئاوای ئێران و بە مەودایەکی زۆر لە ناوچەی خەزەر و ئاتورپاتکان ( ئازەربایجانی دواتر) مەیی و شكلی گرت. بە قسەیەکی دیکە لە بەشەکانی باکووریی فارس لە ئێران. هەوڵین شەپۆلی جووڵەی کۆمەڵانی کوردەکان لە دوای داگیرکرانی ئێران لە لایەن عەڕەبانەوە لە سەدەکانی هەشتەم و نۆهەمی زایینی ڕووی دا. بە ئەگەری زۆر لە دوای کۆتایی هەزارەی یەکەم و سەدەی یەکەمی هەزارەی دووەمی زایینی  کوردەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، ئاتۆرپاتکان و باکووری نێو دووئاوان لە سنووری باشووری ئەرمەنستان دا هەبوون. بەڵام پەلاماری بە کۆمەڵی ئەوان بۆ ناوچە باکوورییەکان لە دەیەی یەکەمی سەدەی شازدەهەم دەستی پێکرد.، بە شێوەی سەرەکی لەبەر سیاسەتی تایبەتی دەوڵەتی عوسمانی کە بە ئامانجی دامەزراندنی برج و باڕوو دژی سنوورە ڕۆژئاواییەکانی دەوڵەتی سەفەوی وەگەر خرا. مەلا ئیدریسی بەدلیسی ئافرێنەری ئەو سیاسەتە بوو و چاوی بە سەر بەڕێوەبردنی بوو لە قۆناغی یەکەمی جێ بەجێ کردنی دا. ئازاتریان، دیسان بە پاڵپشتی مەکێنزی دەنووسێ زازا زمانەکان لە سەرەتاوە لە ناوچەی دەیلەم دەژیان و جووڵەی ئەوان بەرەو نیشتگەی هەنووکەیان لە ناوەندی ئانادۆڵی لە بەر فشاری جووڵەی کوردەکان بەرەو ئەرمەنستان ڕووی دا. (١٥٩) بە ڕای بڕاونێسن " بە لانی کەم  لە سەدەی چاردەهەمی زایینی خەڵکێک لە کوردستانی باشووری دەژیان کە لە بەشی باکوور و ناوەندی ئێرانەوە هاتبوون. ئەوان بە گۆران بەناوبانگ بوون و بە زمانێکی سەر بە لقی باکووری ڕۆژئاوایی زمانە ئێرانییەکان قسەیان دەکرد". (١٦٠)  مینۆرسکی ش ئەوە بە موحتەمەل دەزانێ کە " تۆوی کورد" لە ڕۆژهەڵات، یانی ڕۆژئاوای ئێران بەرەو ڕۆژئاوا، یانی کوردستانی ناوەندی بڵاو بووبێتەوە. بەڵام بە دووری نازانێ واشی دابنێ، کە ئێتنیکێک بە ڕەچەڵەکێکی دیکەوە، بەڵام بە ناوێکی وەک یەک (قوردۆ) لە کوردستانی ناوەندی ژیاوە و دواتر لەگەڵ کوردە ئێرانییەکان تێکەڵ بووە. بە ڕای مینۆرسکی وشەی کوردستان تا پێش لە سەلجووقییەکان ناوێکی ئاشنا نەبوو. لە دەقە عەڕەبییەکان دا بە ئاسایی بە نیشگەی کوردەکانیان دەگوت
" زۆزان"، " کەلات "، ئەرمەنستان" ، " جیبال"،  " فارس" و ئاوا. (١٦١)  کوردستان بە مانای چەمکێکی ئیداری جاری یەکەم لە زەمانی حکوومەتی سوڵتان سەنجەری سەلجووقی (لە ساڵی ١١٥٧ مردووە) پەیدا بوو. لەمەڕ سنوور و گەورەو چکۆڵەیی جوغرافیایی – سیاسی ئەو بەشە لە ئیمپڕاتۆری سەلجووقی جیاوازی بیروڕا هەیە. زەکی بەگ سەرچاوەی جۆر بەجۆر باس دەکا کە بوونی ئەو جیاوازییانە دەسەلمێنن.  لە ڕیوایەتێک دا  کوردستان بریتی دەبوو لە ویلایەتەکانی سنە، دینەوەر،هەمەدان و کرماشان و بە پێی ڕیوایەتێکی دیکە تەنیا بریتی بوو لە ویلایەتی شارەزوور و کۆیە. بە قسەی لیسترنج سوڵتانی ناوبراو بەشی ڕۆژئاوای جیبالی کە سەر بە کرماشان بوو جوێ کردەوە و ناوی نا کوردستان. (١٦٢) بە قسەی نیکیتین کوردستان ئەو زەمانی بریتی بوو لە ئەیالەتەکانی بەهار،هەمەدان،دینەوەر و کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی چیاکانی زاگڕۆس و شارەزوور و سنجاقیش لە ڕۆژئاوای ئەوان هەڵکەوتبوو. ئەیالەتی بەهار ناوەندی ئەوێ بوو. بەپێی قسەی مینۆرسکی ئەیالەتی کوردستان لە زەمانی سەلجووقییەکان لە بەشە ڕۆژئاواییەکانی جیبال پێک دەهات. ناوەندەکەی بەهار لە باکووری ڕۆژئاوای هەمەدان هەڵکەوتبوو. بەڵام لە زەمانی ئۆلجایتۆ گوێزرایەوە بۆ سوڵتان ئاوا (چەمچەماڵ). (١٦٤) لە نزهت القلوب ی حەمدوڵای موستەوفی (٧٤٠-ی کۆچی مانگی) کوردستان بریتی بوو لە ١٦ ویلایەت و سنووری بە ویلایەتی عێڕاقی عەڕەب و خووزستان و عێڕاقی عەجەم و ئازەربایجان و دیاربەکرەوە دەلکا. (١٦٥) مەسعوودی لە مروج الذهب (٩٤٣-ی زایینی) نیشتگەی کوردەکان لە پێوەند لەتەک قەبیلە جۆر بە جۆرە کوردەکان باس دەکا: دینەوەر،هەمەدان، کەنگاوەر،ئازەربایجان، جیبال، سووریا، مووسڵ، جوودی " و هی دی" . مینۆرسکی زیاد لەوە باس لەو کوردانە دەکا کە لە زەمانی هێرشی عەڕەبەکان دا لە ئەهواز،فارس، ئیسفەهان، کرمان و قەوقاز دەژیان. (١٦٦)

لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی دا لەفزی " کوردستان" بە بەشێک لە گشت ئەو سەرزەوییە دەگوترا  کە کوردەکان لێی نیشەجێ بوون، واتە ئوستانی دیاربەکر. بە قسەی مەک داوڵ سنووری جوغڕافیایی ئەو لەفزە لە سەدەکانی دواتر بە نیسبەت پێشڕۆیی کوردەکان بۆ دەرەوەی ئەو ناوچەیە " بێگومان" زیاتر بوو. (١٦٧) هەڵبەت لەو پێشڕۆییەشدا گۆڕانێکی ماناش پێک هات: گۆڕانی کوردستان بە مانای یەکەیەکی ئیداری لە حکوومەتێک دا (سەلجووقی،تەیمووری و ئەوانیدی)کە کوردستانی وەبەر دەگرت بەرەو کوردستانێک، بە مانای سەرزەوی نیشتگەی کوردەکان. خراپ نییە ئەوەش بزانین کە ناوی ئوستانی کوردستانی هەنووکەیی لە ئێران تا بەر لە تازەکردنەوەی دابەشکردنە جوغرافییەکان [لە ئێران] لە ساڵی ١٣٤٣ ئەردەڵان!!! بوو. ئەردەڵان وەک ناوی یەکەیەکی دابەشکردنی جوغڕافیایی وڵات جارێکی دیکە لە ساڵی ١٣٧٥- ی هەتاوی لەبەر وەسەرخستنی بۆسەر ئوستانی پێنجەم کە کرماشان، مەلایر، ئیلام و هەمەدانی وەبەر دەگرت گۆڕا. سنووری ئەردەڵان بەر لەو بەروارە لە باکوور لە ئازەربایجان، لە باشوورر لە کرماشان، لە ڕۆژهەڵات لە هەمەدان، و لە ڕۆژئاوا لە زنجیرە چیاکانی زاگڕۆس دەگەڕاوە و جار جار دەگەیشتە مووسڵ. (١٦٨)

گوتنی ئەوەی کە کوردستان ئەو جێیەیە کە کوردەکانی لێ دەژین تەنیا وڵامی کوردایەتییانەی لە مەڕ ئەو نییە. لایەکی دیکەی ئەو وڵامە هەراوکردنی هەرە پان و بەرفرەوانتری سنووری کوردستانە لە دەربڕینەکانی کوردگرەکان دا. شەرەفەدینی بەدلیسی لە شەڕەفنامە دا ئەو کارەی کردووە. بە حیسابی وی سنووری سەرزەوییە کوردنشینەکان، بە وەحیساب هێنانی سەرزەوی لوڕە گەورەکان و لوڕە پچووکەکان، لە هورموز ( لەسەر قەراغی دەریای هیند" دەست پێدەکا و تا "دواجار دەریای ڕۆژئاوا" (دەریای مدیترانە)  لە باکوور درێژە دەکێشێ. (١٦٩)  نەخشەیەک کە بەدلیسی بەو وەحیساب هێنانە دەی کێشێتەوە تا کوو ئەمڕۆ لە زەینی زۆر لە کورد گرەکان دا وەکوو ئاواتێک وێنا دەکرێ. ئەگەر ئەو نەخشەیە لە زەمانی ئێمە دا بە هێندێک چاککردن لە باشوور و ڕۆژئاوا و ناوەندی دا لە گەڵ ڕاستی حەشیمەت ناسانە و پێوانی خۆ وشیاریی کوردەکان بگونجێ، بە دڵنیاییەوە لە زەمانی بەدلیسی دا وا نەبووە، چونکە نەخشەکە لە سەر بنەمای مەیلی کوردایەتییانەی نووسەر خۆی و تەسەوری وی لە کورد بوون گەڵاڵە کراوە، نەوەک وشیاری کۆمەڵانی دانێشتووانی قەبیلە کورد زمانەکان لەمەڕ ناسێنەی خۆیان، کە لە زەمانی بەدلیسی دا بەرتەنگ بوو بە سنووری قەبیلە.

کوردگرەکان لەوەی کە سەرزەوییەکەیان لە ناو چەند وڵات دا دابەش کراوە گلەیی و سکاڵا دەکەن. بەڵام دیتمان کە هەم ڕووبەری ئەو سەرزەوییە و هەم وشیاریی لەمەڕ کورد بوونی شیاوی گۆڕان بوو.وڵاتێک بە ناوی کوردستان قەت بوونی نەبووە تا بکرێ لەمەڕ دابەشکردنی سکاڵا بکرێ. ئەوانەی کە توانییان هێندێک حکوومەت لە شکڵی پادشایی دا دامەزرێنن حکوومەتی خۆیان بە ناوی کوردستان هەڵنەدەسووڕاند، هەر ئاوا میرنشینەکان  کە تەنانەت ئەو کاتەش کە لەوەدا سەردەکەوتن سەربەخۆ بن بە ناوی میری ناوچەکە یان میری قەڵا حکوومەتیان دەکرد، نەک وەکوو حاکمی کوردستان.کوردستان وەکوو نیشتمان، ئەگەر وای دانێین وشیاری گشتی لەمەڕ وی هەیە، دیاردەیەکی مۆدێڕنە. سکاڵای بەدلیسی و خانی ناکرێ بە حیسابی هەموو کوردەکان دابندرێ. تەسەوری ئەوەی کەئەگەر کەسێک تا چەند دە ساڵ لەمەو بەر لەیەکێک لە ئەندامانی یەک لە عەشیرەتەکان یان گوندەکانی ناوی نیشتمانی  لێ پرسیبا  لە وڵام دا ناوی کوردستانی بیستبا هەتا بڵێی سەیر دەبوو؛ هەر ئاواش کە خەڵکی فڵان دێ لە گۆشەیەکی دیکە لە ئێران لەو زەمانی دا لە وڵامی ئەو پرسیارە دا تەنیا ناوی دێی خۆیان دەهێنا، نەک ئێران.

تەفرقە و پارچەپارچەیی

هۆکارێکی دیکە کە ئیدیعای یەکپارچەیی کوردەکان دەباتە ژێر پرسیار تەفرە و کێشەی شەخسی ،عەشیرەتی،ناوچەیی،چینایەتی، حیزبی و دینی لە نێو ئەواندا بوو. مەردووخ دەنووسێ: " دەستەی کورد پینجسەد فیرقەن". ئەو ٤٩٠ فیرقە (تاییفە)، بە وەحیساب هێنانی لوڕەکانیش دەناسێنێ. (١٧٠) بە قەولی زەکی بەگ عەشیرەتە چیا نشینەکان " غاڵبە خەریکی شەڕ و کێشەن لەگەڵ یەکدی". (١٧١) بە ڕای ئانتۆنی سمیت (Anthony Smith) یەکێک لەو هۆکارانەی کە شەرتی ئێتنیک بوون و هاوپێوەندیی ئێتنیکی حەشیمەتە ئینسانییەکان دابین دەکا  " هەستی بە هێزی سەر [بە کتری بوون] و هاودڵیی چالاکە کە لە زەمانی سەخەت و بە مەترسی دا بە سەر خیلاف و جیاوازی چینایەتی، دەستەیی و ناوچەیی لە ناو جەماعەت دا زاڵ دەبی". (١٧٢) ئەو هەستە بەلانی کەمەوە لە پێوەندی نێوان کوردە عەشیرەتییەکان و کوردە ناعەشیرەتییەکان و ئەربابە خاوەن زەوییەکان و ڕەعییەتەکانیان کە تا بڵێی چەوساوە بوون بوونی نەبوو. پێوەندییەکان زیاتر دوژمنانە و چەوسێنەرانە بوون. بڕاونێسن پێی دەڵێ پێوەندی " شێوە فێئۆدالی" تاڵانی ماڵوملکی کوردە نا عەشیرەتییەکان لە لایەن کوردە عەشیرەتییەکانەوە هەڵسوکەوتێکی وەک عادەت وا بوو. نیسبەتی بێگانەیی لە نێوان عەشیرەتییەکان و نا عەشیرەتییەکان  ئەوەندە قووڵ بوو کە شێوەی سیستمی کاستی بە خۆیەوە دەگرت.بە پێی قسەی بڕاونێسن لە زۆر جێیان عەشیرەتەکان خۆیان بە کوردی ڕاستەقینە و " کاستێک" بە جوێ لە خەڵکی نا عەشیرەتی دەزانی. ئەوان بە کوردە ناعەشیرەتەکانیان دەگوت " ڕەعییەت"، "گۆران"، " مسکین"، " کڵاو سپی" یان " کرمانج". لەو پێوەندییە دا کورد ناعەشیرەتییەکان ئەو وەرزێرانەی بوون کە لە بری وەرگرتنی بەشێک لە بەرهەم زەوییان دەکێڵا ( ١٧٣) و بە بێگاری کردن و خزمەت و سووروساتی جۆر بەجۆر کە بەسەریان دا سەپا بوو  دەچەوسانەوە و جار جار دەگەیشتە گوێڕایەڵی شەخسی ڕەعییەتەکان لە سەرۆک عەشیرەتەکان. هەر ئەو دەنووسێ ئینگلیسییەکان کاتێک بە دەم شەڕەی هەوەڵی جیهانی عێڕاقیان داگیر کرد دیتیان کە بێزاری و نەفرەتی وەرزێرە کوردەکان لە ئاغاکانی خۆیان زۆر بەهێزترە لە هاوپێوەندیی ئێتنیکی ئەوان. ئەو وەزعە تا دەیەی شەستەکان لەو وڵاتە دا بەردەوام بوو. بە شێوەیەکی ئاوا  کە لەو دەیەیە دا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە وەرزێرە ناعەشیرەتییەکان لە شەڕی نەتەوەیی دا بەشدار بوون. " هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کورد نە تەنیا لەگەڵ دژایەتی حکوومەتی ناوەندی مەملەکەتە جێی باسەکان ( واتە تورکیا،و ئێران و حکوومەتی ئینگلیسی – عەڕەبی عێڕاق) ڕووبەڕوو دەبوو، بەڵکوو تووشی دژایەتی ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان خۆیانیش دەهات". بەر لە سەدەی بیستەم هەستی هاوپێوەندی لەناو کوردەکان دا بوونی نەبوو. وەفاداری خەڵک لە ئاست بنەماڵە، تایفە، عەشیرەت، دێ، ئیسلام و یان ڕێبەرانی بە تایبەتی دینی دەر دەبڕدرا. مەک داوڵ تەفرەقە و هاوکاری هێندێک لە خێڵەکان لەگەڵ حکوومەت بە لاوازی سەرەکی ڕاپەڕینی ئاگری دەزانێ. (١٧٤)   بوونی بەلانیکەمەوە پێنج دەسگای ڕۆژژمێر لە ناو ئاخێوەران بە زمانان و لەهجە کوردییەکان و خیلاف تەنانەت بۆ دیاریکردنی ناوی دوازدە مانگی ساڵ نیشانەیەکی دیکەی تەفرەقەیە لە ناو ئەواندا. (١٧٥) نموونەیەکی دیکە تەفرەقە لە نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکان حەول دانی دوو لایەنەی کۆمەڵەی ژ.ک و حیزبی هیوا بوو بۆ دەستخستنی هێژێمۆنی لە ناوچەی هەڵسووڕانی یەکتری دا. لە کاتێک دا کە کۆمەڵە دەستی دەکرد بە دامەزراندنی لقی سەر بەخۆی لە عێڕاق و تورکیا هیواش بە هەڵێنانەوەی هەنگاوێکی ئەتۆ بە پێچەوانە تەنەخی نەدەکرد. (١٧٦)
دین یەکێک دیکە لە هۆکارەکانی خیلاف لە ناو کوردەکان دا بوو. نزیکەی ٧٥ لە سەدی ئاخێوەران بە یەکێک لە زمانەکان یان لەهجەکانی کوردی پێڕۆی مەزهەبی تەسەنوون و تەریقەتە سۆفیانەکانی ئەو مەزەبە بوون، وەکوو نەقشبەندی، قادری و بێکتاشی!!(بێکتاشی سوننی مەزەب نین، وەرگێڕ) بەڵام کێشە و خیلافی قووڵی نێوان شێخە کوردەکان لەگەڵ یەکتری نیشان دەدا کە زۆربەی ٧٥ لە سەدی سون
نی مەزەبانی کورد یارمەتییەکی زۆری بە دامەزراندنی هاوپێوەندی لە ناو کوردان دا نەدەکرد. دیتمان کە شێخەکان زۆر جار ڕێبەرایەتی ڕاپەڕینە خودموختاری خوازەکانی کوردەکانیان بە دەستەوە گرت. بەڵام نەک لە یەکێتی لەگەڵ یەکدی دا، و نەک بە مەبەستی پێک هێنانی  نەتەوەیەکی خاوەن ئیختیار. ئەوەی زیاتر مەبەستی ئەوان بوو زیاد کردنی دەسەڵاتی شەخسی و جیهاد بوو بە دژی پێڕۆیانی دینەکان و مەزەبەکانی دیکە.پێڕۆیانی دینەکان و مەزەبەکانی دیکە ٢٥ لە سەدی پاشماوەی حەشیمەتی کوردیان پێک دەهێنا. ئەوان یان شیعە مەزەب بوون،یان عەلەوی،عەلی ئەڵاهی، سارلی،سیبەک!! [ شەبەک]، بەجبۆران، کاکی!! [ کاکەیی]، یەزیدی، یەهوودی، ئاسۆڕی و ئەرمەنی. (١٧٧) پێشتر ئاماژەمان کرد بە دەوری مەزهەب بۆ ساز کردنی ناڕێکی لە نێوان کوردەکانی سوننی مەزەبی موکری وکوردە شیعە مەزەبەکانی سنە و کرماشان. دەوری دووبەرەکی نانەوەی دین لە ناو کوردە عوسمانییەکاندا ئاشکراتر بوو. تا ئەو جێیەی کە بڕاونێسن دەنووسێ عەلەوییە کوردەکان لە تورکیا هەستی نزیکییەکی زیاتر بە هاودینە تورکەکانی خۆیان دەکەن تا کوردە سوننی مەزەبەکان. لە نێوان کوردە سوننییەکان و یەزیدییەکان سنوورێکی دیار هەبوو کە گرینگایەتییەکەی لە سەردەمێک تا سەردەمێکی دیکە دەگۆڕا. لەناو عەشیرەتە کوردە عەلەوییەکاندا لە ساڵی ٢٠-ی سەدەی بیستەم باسێکی گەرم وگوڕ لەو بارەیەوە هەبوو کە چ ناسێنەیەک هەڵبژێرن، کوردی یان تورکی. هێندێک لە خانە کان لایەنگریان لە ناسیۆنالیستە کوردەکان کرد.هێندێکی دیکە بە قازانجی حکوومەتێکی سکیولار بە دژی دراوسێ دوژمنایەتی خوازە کونییە سوننی مەزبە کوردەکانیان دەنگیان دا. ئەوان ڕایانگەیاندکە " تورکی ڕاستەقینەن". زۆری دیکەش عەلەوی بوونی خۆیان بە تەنیا ناسێنەی گرینگی خۆیان دانا. (١٧٨) یەکێک لە شکانەکانی ڕاپەڕینی دەرسیم لە ساڵی ١٩٢١!!![ ڕاپەڕینی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٧-١٩٣٨ کرا، وەرگێڕ] هاوکاری نەکردنی کوردەکانی سوننی مەزەب لەگەڵ ڕێبەرایەتی عەلەوی مەزەبی سەرهەڵدانەکە بوو، تا ئەو جێیەی کە کوردە سونییەکان لایەنگرییان کرد لە کەماڵیستەکان و لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە دا بەشدارییان کرد. لەوەش زیاتر هێندێک لە خێڵە عەلەوییەکانیش سەرەتییان دا بەوە کە لایەنگری لە کەماڵیستەکان بکەن.(١٧٩) کوردە سونییەکان و دەروێشەکان دوژمنی یارسانییەکان بوون.(١٨٠) ئێزیدییەکانی کوردستان و گورجستان باوەکوو قسە کردن بە زمانی کورمانجی هەموو جۆرە بەسترانەوەیەک بە کوردییەت بە لێبڕاوانە وەدوایە دەدەنەوە.!!! تەواوی مێژووی ئێزیدییەکان مێژووی خەبات بە دژی کوردەکان بووە.(١٨١) ئیدیعای ئەوەی کە دینی ئێزیدی دینی بەر لەئیسلامی کوردەکان بووە پێشی بە دوژمنایەتی کوردەکان لەگەڵ ئێزەدییەکان نەگرتووە!!! لەو بیست سی ساڵی دوایی دا کوردەکان تەقریبەن گشت شوێنی ژیانی ئێزیدییەکانیان لە مێردین و دیاربەکر وێران کردووە و ئەوانیان ناچار کردووە نیشتمانی خۆیان بەرەو ئەڵمان بەجێ بێڵن. (١٨٢)
بەو پێیە یەکێتی کوردەکان، ئەو جۆرەی کە بەدلیسی و کەسانی دوای وی بە ئاواتیان دەخواست قەت سەری نەگرت. (١٨٣) ئەوەی بە کردەوەکرا یەکێتی کاتی و زوو تێپەر بوو کە جاروبار لە نێوان ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەتەکان بە دژی سەرۆک عەشیرەتی دیکە، یان بە دژی یەکێک لە دوو حکوومەتی ناوەندی عوسمانی یان ئێرانی دەکرا و لە سەرکەوتووترین دۆخ دا دەگەیشتە حکوومەتی سەربەخۆ و کاتی ئەوان بە ڕێبەرایەتی یەکێک لە سەرۆکەکان.یەکێک لە هۆکارەکانی ناپایەدار بوونی ئەو حکوومەتە سەربەخۆیانە دژایەتی عەشیرەتە کوردە ڕقەبەرەکان، یان خیانەتی یەکێک لە هاوپەیمانان بوو، هەر وەک هۆکاری سەرەکی لە ڕووخانی حکوومەتی
میر بەدرخان دا خیانەتی هاوپەیمان و برازاکەی، عێزەدین شێر بوو. ئەو پشتی لە میر کرد و پەیوست بوو بە سپای عوسمانی.ئەگەر ئەو دەگمەنانە بەلاوە نێین ئاسایی ئاوا بوو کە سەرۆک عەشیرەتەکان یان ١. لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەسازان . ئەوەی لەبری ئەو سازانە وەریان دەگرت ئیزنی ئیماڕەت کردن بوو بە سەر ئەیالەتێک و دانیشتووانی دا، کە جارجار بە بەرعۆدەبوون بۆ دانی ماڵیات و بەرعۆدەیی عەسکەری لە ئاست ناوەند و جارجاریش بێ ئەو بەرعۆدەییە هەڵدەسووڕا. نموونەی ئاشکرای ئەوە ئیماڕەتی چەند سەد ساڵەی بنەماڵەی ئەردەڵان بوو کە تا ١٨٦٥ لە ناوچەی سنە، بانە و مەریوان بەردەوام بوو،(١٨٤) یان ٢. بە تەنیشت هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی دژی دوژمنەکانی شەڕیان دەکرد.بەرعۆدەیی عەسکەری ناوبرا لە حاڵەتی یەکەم دا جار جار مانای وابوو. لە ناو دوژمنانی حکوومەتی ناوەندیش یەکێکیان هەمان ئەو عەشیرەتە کوردانە بوون کە سەریان لە فەرمانی ناوەند دەسوو. دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنیان لە عەشیرەتە کورد و نا کوردە وەفادارەکان هێزی وەردەگرت. کەلکوەرگرتنی داگیرکەران لە دووبەرەکی و تەفرەقە لە کتێبی زەکی بەگ دا بە شێوەیەکی دیکەش دەربڕاوە، ئەویش ئەو واقعییەتە کە عەشیرەتە کوردەکان دەستیان دەکرد بە خزمەتیان و لە سپاکەیان دا بە دژی دوژمنەکانیان بە شەر دەهاتن. ئی هەرە بەدەرەوەیان ئەو خزمەتەی بوو کە عەشیرەتە کوردەکان لە شەڕی سوڵتانەکان و والییە عوسمانییەکان بە دژی شاسەفەوییەکان دەیان کرد. ئەو واقعییەتە بۆ زەکی بەگ ئەوەندە گرینگە کە لە ژێر سەردێڕێکی جوێ بە ناوی " کەلکوەرگرتن لە کورد" باسی دەکا و لەوانە ئەو کەلکەی کە حکوومەتی ڕووس لە شەڕی کریمە (١٨٥٣ – ١٨٥٨) لەگەڵ حکوومەتی عوسمانی وەری گرت. (١٨٥)
لەو جێیەی کە باسی خیلاف و دووبەرەکی دەکرێ دەبێ سەرنج بدرێتە سەر دەوری حکوومەتی ناوەندیش بۆ نانەوە و ساز کردنیان. ئەو شێوەیە بە درێژایی مێژوو زۆر جار دووپاتە بووەتەوە. حکوومەتی ناوەندی بە بەکار هێنانی ئەو شێوەیە عەشیرەتە نائارامەکانی بە یارمەتی هاوئێتنیکەکانی خۆیان دادەمرکاند یان بە هەڕەشە ڕووبەڕوویان دەبووەوە کە دەکرا لە بەر یەکگرتنی ڕقەبەرەکان بۆ خۆی بێتە گۆڕێ. هەڵبەت ئەو شێوانە هەمیشە سەرکەوتوو نەبوون. نموونەی حەمە ڕەشید[خان] و عەبباس قوبادیان ناپایەداربوونی کاردانەوەی ئەو جۆرە بڕیارانە نیشان دەدا. نموونەیەکی دیکە دانانی قازیی محەمەد لە پلەی سەرۆکی ئیداری م
عاریف و شێروخورشید بوو کە پێشی بە ڕاپەڕینی وی نەگرت.
کەلکوەرگرتنی حکوومەتان لە دووبەرەکی عەشێرەتەکان هەنگاوێک بوو کە هەموو حکوومەتە ناوەندییەکان و دەوڵەتە بێگانەکان  بە مەبەستی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان دەیانکرد. نموونەیەکی کەلکوەرگرتنی ڕەزا
شا لە هاوکاری هێندێک لە خێڵەکانی موکری لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی سمکۆ دا بوو. (١٨٦) نموونەیەکی دیکە کەلکوەرگرتنی حکوومەتی عوسمانی لە سپای حەمیدییە بوو، سپایەک کە ئەو حکوومەتە لە عەشێرەتە کوردە کۆچەر و نێوەکۆچەرەکان لە ساڵی ١٨٧٦ بە فەرماندەیی سەرۆک عەشیرەتەکان سازی کرد. یەكێک لە کارەکانی ئەو سپایە چاوەدێری بوو بەسەر کوردەکان خۆیان دا. سوڵتانی عوسمانی بەو تەگبیرە توانی بە دانی ئیزنی تاڵانچێتی بەو سپایە هەستێکی وەفاداری پتەو لەناو ئەواندا لە ئاست خۆی پێک بێنێ. نموونەیەکی کۆنتر ئەو کەلکەی بوو کە حەسەنە درێژ (ئوزوون حەسەن) ، پادشای قەرەقۆینلوو لەو دووبەرەکییە وەری دەگرت. زەکی بەگ لەو بارەیەوە بە داخ و جەخارێکی زۆرەوە دەنووسێ. حەسەنە درێژ بۆ بەڕێوەبردنی مەبەستەکانی خۆی،وەکوو داگیرکەری دیکە غەریبە، لە کێشە و دووبەرەکی نێوان کورد کەلکی وەردەگرت، لایەنی هێندێکانی بە دژی هێندێکی دیکە دەگرت، ئەوانی لە دژی یەکتری هان دەدا و بە هێزی کوردی حکوومەتە کوردییەکانی لە ناو دەبرد. (١٨٧)
لەو جێیەی کە باسی تەفرەقە و دووبەرەکی دەکرێ دەبێ ئاماژەیەکیش بە خۆ ویستی و جێ لەکن خۆشبوونی ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردیش بکرێ. کۆچێرا قازی و بارزانی لەگەڵ لەدوو دان و پێداگری لە سەر ئێمان و باوەڕی ئەوان بە " ڕاسپارەدی مێژوویی خۆیان" تاوانبار دەکا بە قۆڕغکردنی دەسەڵات. کەم نەبوون ئەو بابەتانەی کە دەبوونە هۆی بەرکەوتنیان. ئەوەی کە بارزانی لە هەمان زەمانی کە لەمەهاباد بوو هەڕەشەی لە قازی دەکرد بۆ گەڕانەوە بۆ عێڕاق ئەوە پێوەندی هەبوو بە ناخۆشی جیدی پێوەندی وی و قازی. بارزانی هەر لەوێ خوایاری دامەزراندنی
حیزبێکی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق بو، داوخوازێک کە دابەشبوونی کوردستانی پەسند دەکرد و سەدەمەی لە یەکێتی بزووتنەوەیەک دا کە بە دامەزرانی لقی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە سلێمانی خەریکی پەرەگرتن بوو. لە لایەکی دیکەوە بارزانی لە دوای گەڕانەوەی لە شووروی لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤامبری ١٩٥٨ خوازیاری دامەزراندنی حێزبێکی تاقانەی کوردستان بوو. ئەو جار ئەوە حدک بوو کە مەیلی نەبوو بۆ ئەو یەکێتی یە. (١٨٨)
دنە و ئەنگێزەکان
بەشداری لە بزووتنەوەی مەهاباد دا، وەکوو بەشداری لە هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی دیکەدا، لەبەر دنە و ئەنگێزەی جیاوازی تاکی و دەستەییش بوو. دنە و ئەنگێزە دەکرێ،جێ لەکن خۆشانە، سوودپەرستانە، توڵەئەستێنانە و یان دڵپاکانە و لەبەر ئامانجە سیاسییەکانی بزووتنەوە بێ. ئەوانە دەکرێ بچن دەباڵ یەکەوە یان لەیەکتری جوێ بن. ئەنگێزەیەک ئەو کەسەی بەشداری دەکا ئامادە دەکا بۆ فیداکاری و لێ خۆبووردوویەکی وشیارانە و ئەنگیزیەکی دیکەش کەسەکە ئامادە دەکا بۆ خۆ کێشانەوە هەر کە هاتوو هەست بە مەترسی، یان هەڕەشە و زەرەر کرا. لێک کردنەوە و زانینی ئەنگیزەکانی تاکوتەرا، هەر ئەو جۆرەی لەو کتێبە دا لەمەڕ فێرقە دیتمان، کارێکی هاسان نییەو پێویستی بە زانیاری کافی هەیە لەمەڕ ئەوەی کە چ بە زەینیان دا ڕادەبرێ.، یان لە کردەوەی ئەوان دا خۆی نیشان داوە. بەڵام نەبوون یان کەمبوونی زانیاری پێش بە تەسەوری ئەوان ناگرێ. بوونیان کارێکی ئینسانییە. بەتایبەتی لە مەڕ سیاسەت، لەو جێیەی دا کە خەبات لە پێناو دەسەڵات لە گۆڕێ دایە. سەبارەت بە دنە و ئەنگێزەی سەرۆک عەشیرەتەکان پێشتر ئاماژەمان پێدا. پەیوەست بوون و دابڕانی ئەوان لە بزووتنەوە بەپێی قالبێکی ئاسایی بوو.پەیوەست بوونیان بە سوودێک بەسترابووەوە کە چاوەڕوانیان دەکرد و دابڕانیشیان هەر بە گومانی زەرەر و زیان بوو. (١٨٩) باسی هەڵوێستی ڕووحانییەتمان کرد و دیتمان کە چلۆن حاجی بابە شێخ لە هەمان کات دا کە پلەی سەرۆکوەزیریی جمهووری بە ئەستۆوە گرتبوو دەوڵەتی ناوەندی لە دەنگوباسی دەوڵەتی جمهووری ئاگادار دەکرد. جگەلەوانە دنە و ئەنگێزەی ڕزگاریخوازانە لە دووچاوکی و ستەم لە لایەک و ئەنگیزەی کوردایەتییانە کە ناوەرۆکەکەیمان ناسی – و دیتمان کە بۆ پاساو دانی چلۆن دەست کرا بە سازکردنی ئوستوورەیەک لەمەڕ زاتی پایەداری نەتەوەیەکی باستانی لە شکاننەهاتوو و یەکپارچە لە درێژایی مێژوو دا -  لە لایەکی دیکەوە.
لە ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی بۆ سەر ئەنگیزەکان، دەبینین کەسانێک وەکوو بەدلیسی و خانی بە ئاگاداری لەمەر جیاوازییە ڕاستەقینە و ناڕاستەقینەکانی ئەو تایفانەی کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە کورد بوون لەگەڵ فارسەکان، تورکەکان، عەڕەبەکان و ئێتنیکەکانی دیکە، و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانانەی کە لە ڕوانگەی وانەوە لەوکوردانە  دەکەوت بە شێوەی دانی باج و خەڕاج و خزمەتکردنی بە تۆبزی حکوومەتەکانی کە لەمەڕ کوردەکان نەبوون وەفکر کەوتن کە دەبێ بۆ ڕزگاری لەو زیانانە کوردەکان یەکگرتوو کەن و بە پاڵپشتی هێزێک کە لەو یەکێتییە دەکەوێتەوە حکوومەتێک ساز بکرێ، کە نەک کۆتایی بهێنێ بەو زیانانەی ناویان هات، بەڵکوو – لە ڕوانگەی خانی دا – تەنانەت ببێ بە دەسەڵاتێکی فەرمانڕەوا بە سەر فارسەکان، تورکەکان و عەڕەبەکان دا. بزووتنەوەی کوردایەتی بەو فکرە کە لە مێشکی سەرۆک عەشیرەتەکان و شاعیران و شێخەکان دا دەستی پێکرد و بە لێ زیاد بوونی ئیدەی قەرزکراوی ناسیۆنالیسم لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و بەشداری بەرەبەرەی توێژاڵکی کۆمەڵایەتی شارییەکان تێیدا  بوو بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵی. ئامرازی سەرەکی ئەو یەکێتییەی کە ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە لەبەر چاویان بوو سازکردنی ناسێنەیەکی ئێتنیکی و نەتەوەیی کوردی لە زەینی بەردەنگەکانی خۆیان دا بوو، ناسێنەیەک کە دەبوو هەرچی ڕەسەنتر، سەقامگیرتر،یەکپارچەتر،پڕ لە شانازیتر، لە ڕووی حەشیمەتەوە پڕ ژمارتر، لە ڕووی سەرزەوییەوە پان و پۆڕتر و لە ڕوانگەی کولتوورییەوە یەکتاتر بێ. لەو
جێیەی کە شکایەت لەو تەفرقە و دووبەرەکیانە دەکرێ لە ڕوانگەی ئەو ئاوات و ئاڕمانەوەیە. ئەوەی کە لە مەهاباد ڕووی دا هەنگاوێک بوو بۆ درێژە دان بەو جۆرە تێکۆشانانە. ڕێبەرانی بزووتنەوە بە پەرەپیدان و شكڵ پێدانی، دوو ئامانجی کۆمەڵایەتی و شەخسییان لێک دەبەست: دامەزراندنی حکوومەتێکی سەر بەخۆ لە موکران!!! [ موکریان] -- بە ئاڕاستەی ئاواتخوازانەی حکوومەتی میللەتی کورد لە وڵاتێکی یەکگرتووی کورد  لەهەموو سەرزەوییە کورد نشینەکان _  و ئەویتریان ئەو دەسەڵات و پلەوپایەیەی کە ئەوان بە بوون لەجێگەی ڕابەرایەتی بزووتنەوە وسەروەری ئەو حکوومەتی کە لێی ساز دەبوو بە دەستیان دەهێنا. لێرە دا بوو کە ڕقەبەرییەکان ودوژمنایەتییەکانیش سەریان هەڵ دەدا.
هەڵسەنگاندنی بیرۆکەکان
هەر ئەو جۆرەی کە لە لێکدانەوەی نیشانەکانی نەتەوەبوونی کوردەکان دا ئاشکرا بوو هیچ کام لەوان تا زەمانی دامەزرانی جمهووری مەهاباد ئەوەندە پێشدا نەچووبون و ئەوەندە ئینسیجامەیان نەبوو کە تەنانەت بۆ سازدانی ئێتنێکێکی کە ئاگایە بەبوونی خۆی بەس بێ. هەست کردن بە ئێننیکی کورد، لەو ئاستەی دا کە هەبوو، هێشتا هێندە لە ئاستی " لایەکی – ئەشڕافی"  (١٩٠) یان نوخبەیی تێ نەپەڕاندبوو. بەشی گەورەتری خەڵک هێشتا لە دنیای عەشێرەتەکانی کۆچەر و جەماعەتگەلی لادێی " ڕوو بە ڕوو" دا دەژیا و تەسەورێکی نەبوو لە هاو ئێتنیک بوون ی خۆی لەگەڵ جەماعەتە شارییەکان لە پانایی سەرزەوییە کوردنشینەکان دا. هەراوی سەرزەوی و کوێستان بوونی زۆربەی ناوچەکان  دانیشتووانی لادێکان و چادرەکانی لەیەک دوور دەکردەوە و کەمبوونی ڕێگا و لاوازیی پێوەندیی گشتی، حەشیمەتی کەم و پەڕاگەندە لە جەماعەتگەلی پچووک دا ئەو دوورییەی تەسبیت دەکرد. خەڵکی شارنشین کە ئامادەییەکی زیاتری هەبوو بۆ وەرگرتنی پەیامی کوردایەتییانەی نوخبەکان هێشتا بەشی پچووکتری حەشیمەتی کورد زمانی پێک دەهێنا. یارمەتی نەکردنی بنەماکان کە پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی مەهاباد دا باس کرا، لەڕەهەندێکی هەراوتریش دا هەبوو. هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە هێشتا پەرەگرتوویی پێویستیان نەبوو بۆ دامەزراندنی میللەتێک کە لە کۆی شارومەندانی خۆ ئاگا و خودموختار پێک هاتبێ.
هاو
پێوەندیی کوردی تەنانەت لە ئاستی سەرۆک عەشیرەتەکانیش هێشتا گرینگییەکی ئەوتۆی نەبوو کە نەبێتە مەغڵووبی مەیلی شەخسی و عەشیرەتی ئەوان. بە قسەی م. کەنداڵ ئەوان تەنانەت کاتێکیش کە بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ تێدەکۆشان، " مەبەستی سەرەکی" خۆیان واتە " پاراستن و پەرەپێدانی ئیمتیازی شەخسی "  " فێئۆدالی" خۆیان لە بەر چاو بوو. (١٩١) بە قسەی جەماڵ نەبەز ڕێبەرانی کلاسیکی کورد خەبات لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتی " نەتەوەیی" یان کاتێک دەپەژراند کە لە ژێر ڕێبەرایەتی خۆیان دا بێ. ئەوان گشت ئینسانەکانیان بە دوو بەشی دۆست یان دوژمن دابەش دەکرد. هەر کەسێک کە ڕێبەرایەتی ئەوانی قبووڵ نەدەکرد لە ڕوانگەی ئەوانەوە دوژمن بوو.(١٩٢) ڕاپەڕینی یەکگرتنخوازانێکی وەکوو بەدرخان نەک هەموو عەشیرەتەکانی لەگەڵ ڕێک نەبوو، بەڵکوو بە خیانەتی یەکیان و پەیمان شکێنی ئەوانیدی ناکاو بوو. (١٩٢) ڕاپەڕینەکان هەموویان بە یەک یان چەند عەشیرەت و میر نشین بەرتەنگ بوون و لەگەڵ بێ لایەنی یان تەنانەت دوژمنایەتی عەشیرەتەکانی دیکەش ڕووبەڕوو دەبوون. لەو هەلومەرجە دا  ئەوەی بەشێکی زیاتری لە پێک هێنان و پاراستنی خۆ وشیاری ئێتنیکی لە ئاستی " لایەکی – ئەشڕافی " دا هەبوو ئەویدیبوونی ئێتنیکی ئەوان بوو لە بەراوەرد کردن لەگەڵ ئێتنیکەکانی دراوسێ؛ ئەویدیبوون لە ئاست تورکەکان،عەڕەبەکان، فارسەکان، ئەرمەنییەکان، ئاسووڕییەکان و ڕەنگە کوردەکانی دیکەش.
بڕاونێسن هێشتا لە ساڵی ١٩٩٤ دا دەنووسێ.ناکرێ بە شێوەی ئۆبژێکتیڤ وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە ئایا کوردەکان یەک نەتەوەن، و ئەوەی کە چ کەسێک ئەندامی ئەو نەتەوەیەیە. " هەر وڵامێکی لواو بۆ ئەم پرسیارە بە دڵنیاییەوە وڵامی کوردێکە، کوردێک کە لە کۆمەڵێکی ڕەوان دا دەورە دراوە بە دەرجەی جۆر بە جۆر لە " کوردییەت"، خەڵکێک کە لەهەمان کات دا شتێکی دیکەش جگە لە کورد بوون. ئەوان لەوانەیە جەخت بکەن لە سەر ناسێنەی کوردی خۆیان یان وەلای نێن. بەڵام [ ئەم وڵامە] سادە سازانەیە، چونکە بە لێکۆڵینەوەی زیاتر [ دیار دەکەوێ] کە تەنانەت کاكلی ناوەندی ئێتنیکی [کورد] ئەوەندەش بە دڵنیاییەوە شیاوی ناساندن نییە. هەر ئەندامێکی کاکڵەکە بە تەنیشت " کوردییەتی بە توانایەکی" پەراوێزی خۆی، ژمارەیەک لە ناسێنەی یەک داپۆشیشی هەیە کە هێندێک لەوان دەتوانن وەفاداری وی بەهێزتر لە ناسینەی کوردی وی بەرەولای خۆیان ڕاکێشن. ئەوە [دەتوانێ] سەر بە گوندێک بوون یان
بنەماڵەیەکی بەڕێزی بەناوبانگ بێ یان بە عەشیرەتێک،ناوچەیەک، لەهجەیەک یان جەماعەتێکی دینی و لەوانە. لەوە دەرچێ ئێمە لە ناو کاکڵی ناوەندی دا ڕیزێک لە جۆرەجۆرەکانی کولتووری دەبینینەوە کە ناساندنیان بە ڕێگای ژمارەیەک لە تایبەتمەندییە کولتوورییە هاوبەشەکان هەڵناسووڕێ." هەر بڕاونێسن لە درێژەی ئەو پنتانەدا دەنووسێ:
" جووڵەی جوغڕافیایی و کۆمەڵایەتی لەپڕ نا
سێنەی شەخس دەکاتە شتێک  کە ئەو بە نیسبەت وی جۆرەیەک ئازادیی هەڵبژاردنی هەیە. ئەو دەتوانێ لە هەلومەرجی نائاسایی دا حەول بدا بۆ ئەوەی ناسێنەی ئێتنیکی خۆی بە تەواوی بگۆڕێ، هەر وەک چۆن کە هێندێک لە ئەرمەنییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ وەرگەڕانە سەر ئیسلام و بوون بە کورد. وەک ئاسایی یە شەخس دەتوانێ لە نێوان چەند ناسێنەکانی خۆی کە یەکتر دادەپۆشن ئێستا جەخت لە سەر یەکیان بکا، و دواتر لە سەر یەکی دیکەیان. ئەوەی کە شەخسێک لە نێوان ئەو ناسێنانەی کە دەستی پێیان ڕادەگا کامەیان هەڵدەبژێرێ زۆر بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی سیاسی و ئابوورییەوە.لە سەدەی ئێستا [بیستەم] ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان لەبەر فشاری سیاسی و ئابووری پەیوەست بوون بە ئێتنیکی فەرمانڕەوا لە وڵاتی خۆیان، بەڵام ئەو ڕەوتەش ئەوە نییە کە هەڵنەگەڕێتەوە. زۆرێک لە منداڵ و نەوەکانیان ڕەچەڵەکی کوردی خۆیان " دیسان دۆزییەوە" ". (١٩٤)
بڕاونێسن لەو وتارە دا لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە بۆ ئەو بابەتە دەچێ کە لێی کۆڵیوەتەوە. مەبەست لە بۆچوونی فرێدریک بارتە لەمەڕ ئەو سنوورانەی کە دەستە ئینسانییەکان لە نێوان خۆیان و خەڵکی دیکە دەیکێشن. ئەگەر لەو ڕووەوە تەماشای بکەین ناسێنەی دەستە ئێتنیکییەکان نەبستراوەتەوە بە کولتووری ئەوان، بەڵکوو بەستراوەتەوە بەو سنوورانەی کە ئەوان لە نێوان خۆیان و ئەوانیدی دەیکێشنەوە. بڕاونێسن بە جووڵان لەو بۆچوونەوە دەیەوێ ببینێ کە کامەیەک لە سنوورە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەکان لە ڕوانگەی خۆیانەوە ئەوان لە ئەوانیدی جوێ دەکاتەوە. لە باکووری کوردستانی تورکیابەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی، سنوور لە نێوان موسڵمانەکان و مەسیحی یەکان ( ئەرمەنییەکان) هەڵکەوتبوو. بۆ ئەوان تورکەکان و عەڕەبەکان زۆر کەمتر بێگانە بوون. بەڵگەی زۆر لە بەڵگەکانی عوسمانی دا هەن لەمەڕ عەشیرەتە تێکەڵاوەکانی کوردی و تورکی کە ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕانە نیشان دەدەن. بەلانی کەمەوە عەشیرەتێکی عەڕەب زمان خۆی بە کورد دەزانی و کوردەکانیش ئەویان وەک کورد پێ قبووڵ بوو. عەشیرەتی وا هەبوون کە مەسیحییەکانیان وەک ئەندام دەپەژراند. سنووری نێوان کوردە سونییەکان و کورد ئێزیدییەکان ئاشکرا بوو، بەڵام گرینگییەکەی جاروبار دەگۆڕا. رەنگە گرینگترین سنوور ئەو سنوورە بووبێ کە لە نێوان
عەشیرەتییەکان و ناعەشیرەتییەکاندا کێشرابووەوە. سنوورێکی گرینگی دیکە لە نێوان نوێنەرانی کولتووری بەرزی عوسمانی ( ئەفسەرەکان و نیزامییەکان، ئەهلی دیوان، عالمەکان و بەشێک لە نەجیو زادەکانی شاری) لە لایەک و کۆمەڵە جۆربەجۆرە ناوچەییەکان لە لایەکی تر بوو.
جا ئێستا ئەگەر سنوورەکان بە گرینگترین پێوانەی ئێنیسیتە دابنێین دەگەینە ئەو ئاکامە کە لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ دا کاکڵی ناوەندی ئێتنیکی کورد بریتی بوو لە ع
ەشیرەتە موسوڵمانە کورد زمانەکان. لەگەڵ دەستەیەکی پچووک بەڵام گرینگی نەجیب زادەکانی شاری کە غاڵبە شەریک، نوێنەر یان موباشری سەرۆک عەشیرەتەکان بوون. عەشیرەتە زازا و گۆرانی زمانەکانی سوننی مەزەب کە لە نیشتگەیەکی هاوشوبار دا دەژیان و خاوەن مێژوویەکی هاوبەش بوون لەگەڵ دراوسێ کوردەکانی خۆیان ئەوانیش سەر بەو کاکڵە بوون. عەشیرەتە عەلەوییەکان، ئێزیدی، شیعە و ئەهلی حەق لە پەراوێز دا بوون و وەرزێرە ناعەشیرەتییەکان بێ لەبەر چاوگرتنی زمان و یان مەزەبی خۆیان نە خۆیان بە کورد دەزانی و نە ئەوانیدی پێیان دەگوتن کورد. (١٩٥)بڕاونێسن لە وتارێکی تازەتری خۆی دا باسی ئەو تورکومانانە دەکا کە بوونە کورد، کوردی تورک و ئەو تورکانەی کە بوونە کورد و بە هاسانی باس لە تێپەڕین لە سنوورەکانی نێوان ئەوان دەکا. لەو وتارە دا ئەو ئاماژە بەو مێژوونووسە ناپسپۆڕە کوردانەش دەکا کە بۆ وێنە ئیدیعای تورکیستەکان لەمەڕ نیسبەتی هاوئێتنیکەکانی خۆیان لەگەڵ هیتی یەکان دادەگرنەوە و یان لەمەر تورک بوونی پێشووی کوردەکان حوکمی ئیسبات دەدەن. (١٩٦)
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هێندێک لە ئێتنیک گرانی کورد پێیان خۆشە کە گشت ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە سەدەی نۆزدەهەم، یان تەنانەت بەر لەویش لە خاکی عوسمانی یان ئێران بە ڕێبەرایەتی میرەکان یان شێخە کوردەکان قەومان بە ناسیۆنالیستی بقەبڵێنن. یەک لەوان گوڵمراد مرادی یە کە لە تێزی دوکتورای خۆی دا ئەو سفەتە  دەدا بەو ڕاپەڕینانەی کە بە ڕێبەرایەتی عەبدولڕەحمان پاشا، میرمحەمەد سۆرانی!! [سۆران، وەرگێڕ]، بەدرخان بەگ، عێزەدین شێر لە عوسمانی و شێخ عوبەیدیلا لە ئێران کران و وەک بزووتنەوەی " بە تەواوی ناسیۆنالیستی"  بۆ ڕزگاری گەل (
Volk) ی کورد لە چنگ ستەمی حکوومەتەکانی ئێرانی و عوسمانی و دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردی سەربەخۆ باسیان دەکا. چاوڕاکێشتر ئەوەیە کە مرادی لەو داوەرییە دا هاوکات سمکۆ بە " دوایین نوێنەری هێرارشی فێئۆداڵ و یەکگرتنی عەشیرەتی لە ئێران" ناوزەد دەکا، کەسێک کە " بەرهەمی سیستمێکی فێئۆداڵ بە تەسەوری فێئۆدالییەوە بوو"، بەڵام " سەرۆکی ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی بوو لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان".(١٩٧) ئەمیر حەسەنپوور لەو سەدەیەش دەچیتە دواتر.بە ڕای وی ناسیۆنالیسمی کورد لە سەدەی حەڤدەهەم دەستی پێکرد. ئەو دەنووسی: " ناسیۆنالیسمی کورد جیاواز لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان لە ئاسیا، ئەفریقا، و ئەمریکای لاتین بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆلۆنیالیزمی ئوڕووپا، لە سەر بنەمای قەڵەم و شیر سەری هەڵێنا". لەو بۆچوونەیە سەبارەت بە چەمکی ناسیۆنالیسم کە حەسەنپوور دەتوانێ باسی هاوژینی فێئۆدالیسم و ناسیۆنالیسم بکا. (١٩٨) لەو ڕوانگەیەوە ئەحمەدی خانی نوێنەری ناسیۆنالیسمی فێئۆدالی بوو و شێخی!! کۆیی [مەلای کۆیی، وەرگێڕ] پێشەنگی ئەندێشەی مۆدێڕنی ناسیۆنالیستی، یانی ناسیۆنالیسمی چینی نێوەڕاست، یا بورژوازی.(١٩٩) سەعید بەدەڵیش گشت بزووتنەوە کوردەکان لە سەدەی نۆزدەهەم  تا کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانی لەژێر سفەتی نەتەوەیی دا کۆ دەکاتەوە. لە وانە بزووتنەوەی سمکۆ. (٢٠٠) قاسملوو لە هەموو شوێنێکی کتێبی چل ساڵ خەبات لە پێناو ئازادی دا باس لە " نەتەوەی کورد " دەکا. مەبەستی ئەو نە تەنێ کوردەکانی  ئێران، بەڵکوو هەموو کوردەکانە. نەبەز تا ئەوەندە دەچێتە پێشێ کە خۆڕاگری کوردەکان لە ئاست پەلاماری عەرەبەکان یان بەشداری ئەوان لە خەباتی فارسەکان دا بە دژی هێرشی عەڕەبەکان بە ناسیۆنالیستی دادەنێ. ڕاپەڕینی ئەبوو موسلیمی خۆراسانی، کە بە ڕای نەبەز کوردێک بوو، هەر بەو دنە و ئەنگێزە ناسیۆنالیستییە کرا. نەبەز ئەوەندە دەچێتە پێشی کە دیاردە کۆنەکانی شیلیاستی (هەزار باوەڕانە) ش بە ناسیۆنالیستی دەزانێ و ڕەخنە لە سەرنجنەدانی زانایانی ئوڕووپایی دەگرێ لەمەڕ ئەو دیاردەیە. " لە باوەڕی ئەواندا بۆچوون بۆ نەتەوە وەکوو هاوچن (complex) ێک کە لە هەست کردن بە چارەنووسێکی هاوبەش پەیدا بووە لەجێدا چ ئیعتبارێک پەیدا ناکا". (٢٠١) نەبەز بەو قسەیە نیشان دەدا کە تێگەیشتنی وی لە مەڕ میللەت و ناسیۆنالیسم بەرتەنگە بە هەستی هاوبەش. ئەو نانووسێ کە ئەو هەستە هاوبەشە لە چ زەمانێک و لە زەینی کام بەش لەو خەڵکە کورد زمانەی کە لە ڕێکخراوە عەشیرەتی و لادێییەکاندا پەڕاگەندە بوون پێک هات.
ئەوەی قاسملوو سەبارەت بە بزووتنەوەی مەهاباد دەیڵێ بەردەوامی ئەو بیرۆکەیەیە کە ئەو لەمەر نەتەوەبوونی کوردەکان دەری دەبڕێ. قاسملوو لەو بارەیەوە دەنووسێ: " لە دوای چەندین سەدە میللەتی کورد توانی حاکمییەتی میللی خۆی دامەزرێنێ و حکوومەت بە دەستەوە بگرێ".  " بێگومان یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گرینگەکانی میللەتی کورد لە جمهووری کوردستان دا ئەوە بوو کە بۆ جاری یەکەم مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە دەستەوە گرت و تامی ئازادی چێشت". (٢٠٢)بە قسەیەکی دی، میللەتی کورد بەر لەوەش هەبوو و لەبەر ئەوە لەوە دا سەرکەوت کە حاکمییەتی خۆی وەدەست بێنێ. حەسەنپ
ووریش بزووتنەوەی مەهاباد بە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی دەزانێ، هەر وەک چۆن ئەو مەیل و ڕەوتی ئەحمەدی خانی و کۆیی بە ناسیۆنالیستی دەزانێ. ناسیۆنالیسمی فێئۆدالی یان بورژوایی. بە ڕای حەسەنپوور ئەو پێکهاتەیە بە شێوەیەکی هاوژینی (symbiosis) لە گشت بزووتنەوە کوردییەکان لە سەدەی بیستەم دا شکڵێکی سەرەکی بوو. (٢٠٣) بە باوەڕی سەجادی " وتاری ئیدێئۆلۆژیکی حیزبی کۆمەڵەی ژ.ک ناسیۆنالیسمی ئێتنیکی" و لە هەمان حاڵ دا کولتووری و مەدەنی بوو. ناسیۆنالیسمێک کە بە سیاسی بوونی خۆی دامەزراندنی بنیادگەلی دەوڵەتێکی خودموختاری وەک ئامانجی خۆی ڕادەگەیاند. (٢٠٤)
بەپێچەوانەی حەسەنپوور،مرادی، نەبەز[ جێیەی ئاماژەی نووسەر کەهەموو شوێنێک ناوی نەبەزی وەک "نبس" نووسیوە، وەرگێڕ] و زۆرێکی دیکە لە کوردگران، عەبباس وەلی ناسیۆنالیسمی کورد بە دیاردەیەک دەزانێ کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم  سا
ز بوو. بە باوەڕی وەلی ئەوە حاشا کردن لە ناسێنەی کورد لەلایەن ناسیۆنالیسمی تورکییەوە بوو کە بووە هۆی ورووژاندنی خۆ وشیاریی ئێتنیکی کوردەکان. (٢٠٥) بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕە لە کوردستانی ئێران هێشتا پێداویستی بە زمانی زیاتر بوو و تازە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٤٠ەکاندا ئەوە ڕووی دا. (٢٠٦) لە ڕوانگەی وییەوە پڕۆسەی شکڵ گرتن و مەیینی ناسێنەی کوردی لە ئێران لە کری ئاڵوگۆڕێکی مێژوویی لە جەماعەتێکی زیاتر زمانیی کورد بەر لە شۆڕشی مەشڕووتییەت بەرەو جەماعەتێک بە شێوەی سەرەکی ئێتنیکی لە ژێڕ سوڵتەی ڕەهای پەهلەوی لە ساڵانی ١٩٣٠ و لە پێوەندیی جیا نەکراوە لە تێکۆشانی ئەو حکوومەتە بۆ دامەزراندانی بنەمایەکی ئیداری کۆکراوەسەریەکی سیاسی و حقووقی و ناسێنەیەکی نەتەوەیی ئێرانی دا کرا. لە بەر " ئەو پێوەندییە مێژووییە لە نێوان پێگەیشتنی حکوومەتی مۆدێڕن و بنەمای لە گۆڕانهاتووی جەماعەتی کوردی بوو کە هێزی سەرەکی دینامیسمی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی لە ساڵی ٢١-١٣٢٠ لە مەهاباد وەکار کەوت و لە ساڵەکانی دواتر درێژەی دا بە پەرەسەندنی خۆی لە ناوچە دا". بە پێی ئەو دینامیسمە ناکرێ بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد، ئەو جۆرەی کە باوە، بە بەستنەوەی بە هەلومەرجی پێک هاتنی لە مێژوویی نزیک یان مێژووی کۆنی کورد شرۆڤە بکرێ. ئەو ئاڵوگۆڕە  لە شۆڕشی مەشڕووتەش دا نەکرا. (٢٠٧) لە ڕوانگەی عەبباس وەلییەوە دیاردەی مەهاباد خەسڵەتێکی ئێتنیکی – نەتەوەیی هەبوو، خەسڵەتێک کە تازە لەبەر سیاسەتی نکووڵی لێکردن و سەرکوتی ناسێنەی کورد و دەست بەسەرکردنی لە سەروبەندی ڕەزا شا دا، پێگەیشت. ئەو سیاسەتە و خۆڕاگری و خەباتی کوردەکان بە دژی بوو کە بووە هۆی ئاڵوگۆڕی جەماعەتی کوردی لە جەماعەتێکی زمانی – کولتوورییەوە بەرەو جەماعەتێکی ئێتنیکی، یان لە جەماعەتێکی ئێتنیکی ناسیاسییەوە بەرەو جەماعەتێکی ئێتنیکی- نەتەوەیی. بەر لەوە ئەوە زمانی کوردی و مەزەبی سوننی بوون  کە " ناسێنەی ناوچەیی " کوردەکان و جیاوازی ئەویان لەگەڵ ناسێنەی " جەماعەتەکانی فارسی و ئازەری شیعەیی" دەناساند. بە سیاسی بوونە کە ئەو جەماعەتە بوو بە ئێتنیکی – سیاسی، و لەوەش زیاتر ئێتنیکی – نەتەوەیی. " ئێنیکی کوردی جێگەی زمانی کوردی و مەزەبی سوننی گرتەوە کە بریتی بوون لە تۆوی ناسێنەری ناسێنە ناوچەییەکەی لە جیاوازی لەگەڵ جەماعەتەکانی فارسی و ئازەری شیعەیی". مەبەستی وەلی ئەوە نییە کە ئێتنیکی کورد بەرهەمی موتڵەقییەتی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بوو، بەڵکوو ئەوەیە کە ئێتنیکی کورد تا ئەو زەمانی بە شێوەی ئەسڵێکی سیاسی لە ڕەوتی دژایەتی لەزێدە لە سەرکوتکران و نکووڵی کردن لە جیاوازییە کولتوری و زمانییەکان لە ئاست جەماعەت دا هەڵنەدەسووڕا. " لە ڕاستیدا ئەوە سیاسی کردنی ئێتنیکی کوردی و ئامادە بوونی وەکوو ئەسڵێکی مەشڕووعییەتی ناوچەیی سیاسی لە دژایەتی لە زێدە لەگەڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لە ساڵانی ١٩٣٠ دا بوو کە بوو بە بناغەدانەری پێکهاتنی ناسێنەی نەتەوەیی کورد لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٤٠ دا". (٢٠٨)
بەڵام هۆیەک کە عەبباس وەلی بۆ دانی خەسڵەتی نەتەوەیی بە جمهووری مەهاباد دەیهێنێتە گۆڕێ یەکیان گۆڕانی زمان بە " موناقەشەیەک و مەسەلەیەکی سیاسی" یە، شتێک کە بەر لەوە هێشتا ڕووی نەدابوو، ئەو جۆرەی کە " بازرگانەکانی مەهاباد ئەگەرچی ناچار نەبوون بە فارسی بنووسن بەڵام لە زمانی فارسی کەلکیان وەردەگرت بۆ نامە نووسینەکانیان". (٢٠٩) ئەوەش کە " وردە بورژوازی و توێژەکانی نێوەڕاستی جەماعەتی کوردی  دەوری رێبەریان هەبوو لە شکڵ پەیدا کردن و رێکخستنی دا". واتە ئەو چینانەی کە بنکەی توێژی ڕووناکبیری مۆدێڕن و داهێنەرانی وێژمانی ناسیۆنالیستی بوون و ئەو هێزی پێشخستنی بواری گشتی یان کۆمەڵگە مەدەنییەیان پێک دەهێنا کە خەریکی ئاڵوگۆڕ بوو. کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە لەو جمهوورییە دا لە ئازادیی بەیان و ئەنجومەن و نەبوونی پۆلیسی نهێنی دا خۆی نیشان دەدا. (٢١٠)
بە ڕای عەبباس وەلی لە وێژمانی ناسیۆنالیستی کورد لە دوای خەرمانانی ١٣٢٠ دوو تێگەیشتن لە سەر جەماعەتی کورد ساز بوو.یەکێک بە شێوەی ناسێنەیەکی نەتەوەیی کۆنکرێتی کوردی، بە ناوی " کوردستانی مەزن" کە، بۆچوونی کۆمەڵە بوو، و ئەویتر جەماعەتێکی ئێتنیکی _ زمانی لە دەروونی زاتی حقووقی – سیاسی حکوومەتی ئێران دا کە تایبەتیی حیزبی دێمۆکڕاتی [ کوردستان] بوو. (٢١١) بەڵام تێگەیشتنی " نەتەوەیی" لە وێژمانی حیزبی دێمۆکڕاتیش دا هاوشانی وێ
ژمانی ئێتنیکی ناوچەیی وی بوو. جیاوازییەک کە لە ناو ئەو دوو ڕەوتە دا هەبوو سنوورێکی دیارتر و لێ بڕاوانەتری بوو کە بە ڕێگای تێگەیشتنی سەربەخۆیی خوازانەی کۆمەڵە هێنرا بووە ناو ئێتنیکی کورد و ئێتنیکەکانی دیکە. جیاوازییەکی دیکەی کە لە ڕوانگەی وەلی ڕا لە نێوان وێژمانەکانی دوو بڵاوکراوەی نیشتمان و کوردستان دا هەبوو لایەنی چینایەتی یەکێکیان و ناچینایەتی ئەوی دیکەیان بوو. تێگەیشتنی کۆمەڵە لە نیشتمان دا لەمەڕ ناسێنەی نەتەوەیی کورد چینایەتی بوو،چونکوو خاوەنموڵک و سەرۆک خێڵەکانی لە ناوەرۆکی نەتەوەی کورد بەلاوە دەنا. کورد بوونی لە ئەویدی بوونی کوردەکان لە ئاست ئێرانییەکان دەناساند. (٢١٢) ئەوە لە حاڵێک دایە کە حیزبی دێمۆکڕات سەرۆک عەشێرەتەکان و خاوەنموڵکە گەورەکانی لە کاری جمهووری وەر دا. ئەوەی پێشی بەوە دەگرت کە حدک دەست لەو کەسانە هەڵنەگرێ وەزعیان لە ڕێکخستنی دەسەڵاتی سیاسی لە جمهووری دا و ئامادەیی و ئیعتیباری نەریتی ئەوان لە شارەکان، حاکمییەتیان لە دێیەکان و بەسترانەوەی بورژوازی تەجارەتی شاری بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە بوو. (٢١٣)
بە بۆچوونی وەلی سازدانی ناسیۆنالیستی لە سەر بنەمای جیاوازە ئێتنیکییەکان بە زاڵبوونی وێژمانی خودموختاری  لە ڕۆژنامەی کوردستان دا گرینگی خۆی لە دەست دا. لە قوڕوچڵپاوی ئەو وێژمانە پایەدارە شێوە نەخۆشە دا گرینگی سیاسی ئێتنیسیتەی کورد ڕووی لە نەمان نا؛ تا ئەو جێیەی هیچ نەماوە جگە لە ئاماژەیەک بە سازدانێکی کولتووری بە پاڵپشتی ئوستوورە نەبێ. سەیر نییە کە لە وێژمانی بڵاوکراوەی کوردستان دا ناسێنەی نەتەوەیی کورد یان لە ناسێنەی ئێتنیکی بەسترا یان ئەوەی تا ئەو ڕادەیە داکشا. لەو زەمانە دا ئەو دووانە لێک نەدەکرانەوە. (٢١٤) هۆکارێکی دیکە کە بە ڕای وەلی بووە هۆی کەمڕەنگ بوونی ناسێنەی نەتەوەیی کوردەکان ل
ە ڕۆژنامەی کوردستان دا هاتنی وێژمانی دژی ئەمپریالیستی بۆ ناو وتارەکانی بوو لەو چەشنەی لە شووڕەوی و بڵاوکراوەکانی حیزبی توودە و فیرقە دا هەبوو. ئاکامی وێژمانی دژی ئەمپریالیستی ئەوە بوو کە دەوڵەتی ناوەندیان لە پێگەی ئەمپریالیسم دا دانا وخەبات بە دژی حکوومەتیان بە بەشێک لە خەباتی دژی ئەمپریالیستی هەموو ئێرانییەکان هێنا گۆڕێ. لە ئاکام دا، ئەویدی بوون لە نێوان کوردەکان و فارسەکان داکشا بۆ ئەویدی بوونێکی ئێتنیکی، بە پێوەندییەکی نێوان زۆربە و کەمایەتی ئێتنیکی، هەر دوو بەشدار لە چارەنووسێکی سیاسی و لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک لە ئێران دا. ئەو بۆچوونە سێبەری دەخستە سەر تەبیعەتی ڕاستەقینەی جیاوازی ناسێنەی ئەو دووانە و بابەتەکەی لە مەسەلەیەکی سیاسییەوە دادەشکاند بۆ لایەنێکی ئێتنیکی. (٢١٥) بەو پێیە لە ڕوانگەی وەلی یەوە تەبیعەتی ڕاستەقینە، یان هەمان تەبیعەتی نەتەوەیی کورد بوو. هەر چییەکی بوو، بە هەر ئاواتێکەوە، بە کردەوە ناچار بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان پاشە کشە بکا، دەست لە جمهووری هەڵگرێ، ڕەزایەت بدا بە خودموختاری و دیسان لەوەش کەمتر، بە ئەنجومەنی ویلایەتی و خوێندینی زمانی کورد ڕازی بێ. و دوایە تەسلیم بوون و پێهاتەکانی دیکەی. دەست لە داواکان هەڵگرتن ئاکامی خۆڕاگری دەرەوەیی بە تەنێ نەبوو، بەڵکوو ئاکامی سیاسەتی تەواو ئێتنیکیش بوو کە ڕێبەڕانی بزووتنەوە وەبەریان گرت،سیاسەتێک کە بووە هۆی پەژراندنی سالارانی خێڵ لە بنەمای دەسەڵات دا. عەبباس وەلی لەو باوەڕە دایە کە ئاکامی ئەو سیاسەتە قوربانی بوونی "خەونی ناسیۆنالیستی ڕێبەرانی کورد " بوو، چونکە ئەوان بەو سیاسەتە بوونە هۆی بەسترانەوەی ژیانی ئیدەی مۆدێڕینی ناسیۆنالیستی بە پشتیوانی چالاکانەی پێووەندییەکان، هۆکارەکان و هێزە نەریتییەکانی بەر لە سەرمایەداری" (٢١٦) پرسیارە لێرە دا ئەوەیە گەلۆ ئەگەر ئەوان بە مەبەستی پاراستنی ژیانی ئیدەی مۆدێڕنی ناسیۆنالیستی خۆیان سالار خێڵانیان ڕێگە نەدابایە بێنە ناو بناغەی دەسەڵات، چبڕ دەسەڵاتێکیان دەبوو؟
بە ڕای وەلی قانوونی بنەڕەتی مەشڕووتییەت
لە سەر بنەمای حاکمییەتی ئێتنیکی فارس داندراوە و بەکردەوە ئێتنیکە نافارسەکان لە ناساندنی هەلومەرجی شارومەندی دەخاتە دەرەوە و حاشا لە ناسێنەی ئەوان دەکا لە بواری حقووقی – سیاسی دا. قانوونی ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان هیچ سەرنجێکی نەداوەتە سەر تەبیعەتی فرە ئێتنیکی ئێران. بۆ تێهەڵێنانەوەی ئەو کەمایەسییە دەبوو قانوونی بنەڕەتییان گۆڕیبا و کردبایانە نائێتنیکی. ڕێبەڕایەتی بزووتنەوە لە ساڵی ١٣٢٥ دا ئاگای لە هەلومەرج و ئاکامەکانی داوخوازی بەڕێوەچوونی قانوونی بنەڕەتی نەبوو. بۆ ئەو ڕێبەرایەتییە ئەو داوخوازە هەنگاوێك بوو لە پێناو دابین کردنی مافگەلی مەدەنی و دێمۆکڕاتیکی کەمایەتییە ئێتنیکی _ زمانییەکان. ئەوان ئاگایان لە تەئسیرە سیاسییەکانی پێوەندیی وێژمانی لە نێوان دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و ئێتنیسیتەی فارس دا نەبوو، هەر وەها لە مەڕ ناساندنی فارسی – ئێتنیکی ناسێنەی فەرمانڕەوا. (٢١٧) بە باوەڕی ئێمە ئەو هەلومەرجەی کە قانوونی بنەڕەتی مەشڕوتییەتی تێدا گەڵاڵە و پەسند کرا هەر درێژەی هەمان هەلومەرج بوو کە بەر لەوە هەبوو. بنەماڵەی سەلتەنەت لە پاشماوەکانی تورکانی ئۆغوزی ئاسیای ناوەندی و زمانی دیوان فارسی بوو. لە مەکتەب و خوێندنگە بە فارسی و عەڕەبی دەرسیان دەخوێند. فارسی زمانی نێوان ( نێونجی) بوو وپێشی بە فێرکردنی هیچ زمانێکی دیکە نەدەگرت و بەو پێیە قانوونی بنەڕەتی لە سەر هیچ دەمارگرژی ئێتنیکییەکی تایبەتی هەڵ نەنرابوو. ئەو دەمارگرژییەی کە دواتر پێک هات ئاکامی ترس لەو هەڕەشانە بوو کە بە پەیدابوونی ئێتنیکخوازیی جیاوازیخواز لە گۆشە و کەناری وڵات سەریان هەڵێنا.
ئەوەی کە وەلی بە پێچەوانەی حەسەنپوور پەیدابوونی ناسیۆنالیسمی کورد بە شتێکی مۆدێڕن دەزانێ لەبەر تێگەیشتنێکی شارومەندانەیە کە لەمەڕ چەمکی نەتەوە هەیەتی. وەلی ئەو بۆچوونەی خۆی لە وتوێژ لەگەڵ " ڕۆژ پرێس" دا ئاوا بەیان دەکا: " میللەت لە شکڵ و چوارچێوە دا [ دیاردەیەکەکی] حقووقی و سیاسییە. بەو مانایەی کە لە چ کات دا میللەت بۆ جاری یەکەم لە مێژوو دا دەبێ بە بنەما و پایەیەک بۆ ساز کردنی دەسەڵاتی سیاسی، و سەرچاوەیەک بۆ مەرجەعییەتی سیاسی". بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕوانگەیەیە کە دەکرێ چەمکی میللەت بە چەمکێکی حقو
وقی _ سیاسی دابندرێ. هەر بە جووڵە لەو تێگەیشتنە ڕایە کە وەلی ناو زەد کردنی 
" کەسانێک وەک ئەحمەدی خانی و یان دواتر حاجی قادری کۆیی " بە نەتەوەگری بە نادروست دەزانێ. ئەوە دروستە کە ئەوان " باسی کوردانیان کردووە و تەنانەت داوخوازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیشیان کردووە
[... بەڵام] ئەوەی ئەحمەدی خانی هێناویەتە گۆڕێ دەوڵەتێکە کە کوردێک ڕێبەر یان پاشایەتی [ ... بەڵام] ئەوە دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستی کوردی نییە". بەڵام پێشتر لە جێگایەکی دیکە دا نووسیبووی: " وێژمانی نەتەوەیی وێژمانێکی سەرچاوەیەکی لە پێشدا هەبوو یان سازدراو نییە، بەڵکوو بە دەرەجەی یەکەم وێژمانی ناسێنەیە کە تێیدا داواخوازی خەڵک بۆ [ وەدەستهێنانی]  ح
اکمییەت هاتووەتە گۆڕێ"، بە قسەیەکی دیکە " تیوری دێمۆکڕاسی  لە سازدانی وێژمان و نیشان دانەوەی ناسێنەی نەتەوەیی دا دەوڕێکی سەرەکی هەیە". " وێژمانی ناسیۆنالیستی و تیوری دێمۆکڕاسی لە پێوەندییەکی نزیک و لە هەمان کات دا دوولایەنە دان" (٢١٨)
سەرەڕای جەختێک کە وەلی لە سەر مۆدێڕن بوونی ناسیۆنالیسمی کوردی دەکا لە چوار چێوەی فەرهەنگی دا  باوەڕی بەوەیە کە " چەمکی نەتەوەی کورد" " پێشینەیەکی دوور و درێژ"ی هەیە.  ئەو قسەیەی کە لە وتوێژی لەگەڵ " ڕۆژ پڕێس" ( ١٦/١١/٢٠١٠) دەیگێڕینەوە تەنیا کاتێک دەتوانی مانا ببەخشێ کە مەبەست لە چەمکی نەتەوە، نەتەوەیەکی
مۆدێڕن بێ کە بڕێارە وەزعی پێشینییەکەی دیاری بکرێ، پێشینەیەک کە ناتوانین ئەو بە چەمکی نەتەوە بناسێنین، بەڵکوو دەبێ بە هەمان خەسڵەت بیناسێنین کە لەو دۆخە دا هەیبووە واتە بە خەسڵەتی عەشیرەتی -  لادێی یان ئەگەر بە زیادەوە تەماشای بکەین کولتوورییەکەی.
بینیمان کە بۆچوونی وەلی بۆ چەمکی نەتەوە مەیلی شارومەندانە و دێمۆکڕاتیکی هەیە. بەڵام ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی مەهاباد دا شوێنپێیەکی کز لە کۆمەڵگەی مەدەنی پەیدا دەبوو و بیروڕا دەربڕین ئازاد بوو هێشتا بۆ دانی سیفەتی نەتەوە بە خەڵکی ئەو ناوچەیە بەش ناکا. هەر وەها بە پاڵپشتی کولتوورێکی تایبەتی (نەتەوەی کولتووری). چ
ونکە ناکرێ هەموو کولتوڕێک بە سیفەتی کولتووری بڕازێندرێتەوە؛ ئەویش کولتوورێک کە ڕیشەیەکی قووڵی لە نەریتی دینی هەبوو و بە توندی باوک مەزنی و پیاومەزنی بوو.
لێکۆلەرەوەیەکی دیکەی کوردگر کە جێی خۆیەتی بۆچوونی ئەویش لەم وێژمانە دا بخەینە بەر باس و گەنگەشە فەریدەی کووهی کەماڵی یە. ئەو لە کاتێک دا کە نووساندنی سیفەتی ناسیۆنالیستی بە ڕاپەڕینی سمکۆوە بە نا
دروست دەزانێ، حەول دەدا بۆ سەلماندی دروستی ئەو بۆ بزووتنەوەیەک کە گەیشتە دامەزراندنی جمهووری مەهاباد. هۆی سەرەکی وی بۆ ئەو ئیدیعایە تێپەڕینی " جەماعەتە ڕوو بە رووەیەکان" ی عەشیرەتی و لادێی کوردەکان لە سەردەمی بەر لە هاتنە سەرکاری ڕەزا شا بەرەو کۆمەڵگەیەکی تەسەوری بوو لە دوای ڕووخانی ئەو،تێپەڕبوون بەرەو کۆمەڵگەیەک کە پەیدابوونی لە ساڵانی حکوومەتی ڕەزا شا دەستی پێکرد، و لە زەمانی دامەزرانی جمهووری مەهاباد  گەیشتە ئەو ئاست و دەرەجەیە لە پەرەگرتن کە ئیزن دەدا بە  دانی سیفەتی ناسیۆنالیستی بەو بزووتنەوەیە. ئەو تێپەڕبوونە لە سەر بنەمای ئاڵوگۆڕە ئابووری،کۆمەڵایەتی،سیاسی و کولتوورییەکان دا کرا کە هێندێکیان بەر لە هاتنە سەر کاری ڕەزا شا دەستی پێکرد بو، بەڵام بە شێوەی سەرەکی لە سەر و بەندی حکوومەتی ئەو دا کران، و لە دوای ئەو سەردەمە تا چاککردنی زەوی و زار و تا ساڵەکانی دەیەی   ١٣٤٠ و شۆڕشی١٣٥٧ درێژەی کێشا. ئێمە پێشتر لە قەولی کووهی کەماڵییەوە ئاماژەمان کرد بەو ئاڵوگۆڕانە.مەبەستی کووهی کەماڵی لە " جەماعەتی  ڕوو بە ڕوو"، جەماعەتێکی ئەوەندە پچووکە کە ئەندامەکانی دەتوانن بە شێوەی شەخسی یەکتری بناسن. کووهی کەماڵی ئەو چەمکە و چەمکە پێچەوانەکەی ، واتە کۆمەڵگەی بە خەیاڵ داهاتووی لە پ.لاسلێت و بێنێدیک ئاندرسۆن بە قەرز وەردەگرێ. مەبەست لە کۆمەڵگەی بەخەیاڵ داهاتوو کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆیە کە ئەندامەکانی لەبەر هەراو بوونی خاک و حەشیمەتەکەی ناتوانن ڕاستەوڕاست یەکتری بناسن، بەڵکوو تەنێ بە خەیاڵ و تەسەور دەتوانن لە سەر بوونیان و هاوناسێنە بوونیان لەگەڵیان بڕیار بدەن. کووهی کەماڵی بە کەلکوەرگرتن لەو دوو چەمکە دەگاتە ئەو ئاکامە  کە جەماعەتە کوردەکان کە لە سەردەمی سمکۆ دا لە جۆری " ڕوو بە ڕوو " بوون بەرە بەرە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەخەیاڵ داهاتوو و تەسەوری ئاڵوگۆڕیان بە خۆوە بینی. کووهی کەماڵی بۆ دەربڕینی ڕای خۆی لە هزری کۆمەڵناسێکی دیکەش یارمەتی وەردەگرێ. ئەو جار لە میرۆسڵاو هڕۆش (Miroslav Hroch)  بۆ باسی سێ قۆناغ لە پەرەگرتنی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان و ڕەوتی نەتەوەسازی. لە قۆناغی یەکەم دا دەستەیەکی بەرتەنگ لە ڕووناکبیران ئیدەی پێوەندییە هاوبەشەکانی زمانی، کولتووری و مێژوویی ئێتنیکە بەردەنگەکەی خۆیان ساز دەدەن. لە قۆناغی دووەم دا دەستەیەکی نوێ لە ڕێبەرانی سیاسی چالاکی پارێزەری مافە نەتەوەییەکانی ئەو ئێتنیکە سەر هەڵدێنن و حەول دەدەن بۆ ڕاکێشانی هەرچی زیاتری ئەندامانی ئەو ئێتنیکە بەرەو بزووتنەوەی نەتەوەیی. لە قۆناغی سێیەمی دا کە کۆمەڵانی خەڵک بەشداری لە بزووتنەوەکە دا دەکەن بەتەواوی دەبێتە نەتەوەیی و نەتەوە ساز دەبێ. لە هەموو ئەو قۆناغانە دا ڕێبەرانی بزووتنەوە تێدەکۆشن بە پاڵپشتی مێژوو، کولتوور و زمانی هاوبەشی ئێتنیکەکە و فێرکردنیان بە خەڵکی ئێتنیکەکە ئەوان ئاگادار کەن لە ناسێنەی نەتەوەیی خۆیان.(٢١٩) بە ڕای کووهی کەماڵی بزووتنەوەی ناسیۆنالیسی کورد تا زەمانی دامەزرانی جمهووری مەهاباد تەنیا دوو قۆناغی یەکەم و دووەمی تێپەڕاندبوو. بەو پێیە" ئەو شۆڕشە ناسیۆنالیستییە"ی کە جمهووری مەهابادی دامەزراند
" شۆڕشێکی پەسیڤ " بوو. (٢٢٠)  پەسیڤ بوو لەبەر ئەوەی کۆمەڵانی کورد تێیدا بەشدار نەبوون، و ئەوەش لەبەر دەست پاراستنی جمهووری کوردستان لە ئەنجامی ڕێفۆرمی زەوی و زار و نفووزی سەرۆک عەشیرەتەکان لە شۆڕش دا بوو. ئەو پەسیڤ
بوونە هۆیەی دیکەشی هەبوو: سەرنجنەدانی ڕێبەرانی شۆڕش بە پڕێنسیپی  بەرابەریی مافی خەڵک وەکوو مەرجێکی بە نەتەوە بوون، بێمەیلیان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگەی بەر لە سەرمایەداری لە لادێکان بەرەو کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن، ساز بوونی شۆڕشەکە لەبەر دەستێوەردانی هۆکاری دەرەوەیی، کورتیی تەمەنی جمهووری و بەرتەنگ بوونی تەنیا بە یەک لە سێی سەرزەوییە کوردنشینەکانی ئێران.  قۆناغی سێیەم تازە بە ڕێفۆرمی زەوی و زار لە ساڵانی دەیەی ١٣٤٠ دەستت پێکرد و لە شۆڕشی ١٣٥٧ دا گەیشتە لووتکەی خۆی. لە دەسپێکردنی شۆڕشی ٥٧ دا بزووتنەوەی کورد بزووتنەوەیەکی پێگەیشتووی ناسیۆنالیستی، بە مانای هەموو پێوانەکانی لە مەڕ ئامانجەکان، داوخوازەکان، زمان. پێکهاتنی ڕێبەرایەتی و بە تایبەتی بە مانای پێوەندی وی لەگەڵ خەڵکی کورد بوو. (٢٢١)
پرسیارێک کە دەمێنێتەوە سەبارەت بە بۆچوونی کووهی کەماڵی لەمەڕ چەمکی نەتەوەیە. ئەو لە سەر بنەمای کامە ناساندن  لە چەمکی نەتەوە بەو بزووتنەوەیەی کە لێی دەکۆڵێتەوە دەڵێ ناسیۆنالیستی؟ وڵامی ئەو پرسیارە بۆیە دژوارە چونکە کوهی لە هیچ کوێیەکی کتێبەکەی خۆیدا  باس لەوە ناکا کە میللەت چییە. ئەو دەستەوداوێنێ هۆرش دەبێ و کارێکی کە دەیکا بژاردنی ئەو پنتانەی خوارەوەیە
ئەلف) ئەو نیشانانەی کە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی دەناسێنن؛
بێ) ئەو بنیاتانەی کە ئەو بزووتنەوەیە دەیەوی لە سەر بنەمای ئەوان ئەو نەتەوەی لە زەینی دا
یە دروست بکا؛
ج ) ئەو هەلومەرجانەی کە دابین کردنیان بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوە پێویستە. نێشانەکان، بنیاتەکان و هەلومەرجەکانی  وی بریتین لە: باوەڕی تەقریبەن نا ئەقڵانی بە ئیدێئۆلۆژی بزووتنەوە و ئامادەیی بۆ لە گیانی خۆ بوورین و فیداکاری لە پێناو نەتەوە دا، بیرەوەرییەک سەبارەت بە ڕابردووی هاوبەش، زەمینەک لە پێوەندی زمانی یان کولتووری،سوودێک لە بەرانبەری  هەموو ئەندامانی دەستە و ڕێکخستنی لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دا، قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سیستمەی لە سەر کارە، پەیدا بوونی ناڕەزایەتی لە ناو ئەندامانی نێوبەدەرەوەی کۆمەڵ، درز کەوتن دە نەریتی ئەخلاق و مەشڕووعییەتی دینی، یان لە کوردستان کەمبوونەوەی سیستمی نەریتی عەشیرەتی، بوونی نیشتمان پەروەرانی چالاکی کار لەدەست هاتوو لە ئاستی ئەو سەرزەوییەی لە بەر چاوە، بڵاو بوونەوەی خوێندەواری، دەوری زمان وەکوو ڕەمز و هەڵگری ناسێنە، دەوری هونەرەکان، بەشداری ژنان لە بزووتنەوە دا و بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی.(٢٢٢) بە پێی ئەوە، ئەو نیشانانە، بنیاتانە و هەلومەرجانەی بزووتنەوەی کوردەکان نەک لە مەهابادی ساڵی ١٣٢٤، بەڵکوو لە ساڵانی دوای ڕێفۆرمی زەو
ی و زار گەیشتە ئەو ڕادەیە لە پەرەگرتوویی کە ئەگەر خۆڕاگری حکوومەتی ناوەندی نەبوایە  دەیتوانی حکوومەتی نەتەوەیی خودموختاری خۆی دامەزرێنێ.(٢٢٣) لەو ناساندنە دا ئەو تۆوەی کە نەتەوە و نەتەوەگری بەرچاوی ئەو لە ناساندنە ئێتنیکییەکان جیا دەکاتەوە زیاد لە هەموو شت کۆمەڵگەی مەدەنی یە. بەڵام لەو بارەیەوەش کووهی کەماڵی مەبەستی خۆی لەو چەمکە ڕوون ناکاتەوە. ئایابۆچوونی وی لەو چەمکە بوارێکی گشتی پەرەسەندوو و پێک هاتوو لە ڕێکخراوە، داودەسگا نادەوڵەتییەکان و ئەندامەتی چالاکی شارومەندانی ئازاد،بەرابەر و خاوەن مافی حاکمییەتە لە واندا؟ یان بوونی چەند بڵاوکراوە و چەند ئەنجومەنی وی بەسە؟ کووهی لە دانی سیفەتی ناسیۆنالیستی بە شێوەکانی جۆر بەجۆری بزووتنەوە تووشی جۆرێک ڕاڕایی دێ. لە جێیەک دەست لەوە دەگێڕێتەوە بە ڕاپەڕینی سمکۆ و هەستانی شێخەکان بڵێ ناسیۆنالیستی و لە جێیەکی دیکە دا ناوچەی باکووری و باکوور ڕۆژئاوای سەرزەوییە کوردنشینەکانی ئێرانی بە ناوەندێتی مەهاباد بە مەکۆی ڕێکخراو و خاوەن دوورودرێژترین مێژووی خەباتی ناسیۆنالیستی دادەنێ، یانی ڕاست ئەو ناوچەیەی  کە لەبەر هەڵکەوتە شاخاوییەکەی ئامادەییەکی کەمتری بۆ ئابووری بازار وبە پێی مزە بۆ پەڕەسەندنی ناسیۆنالیسم هەیە. هۆیەک کە کووهی کەماڵی بۆ ئەو ناولێنانەی باسی دەکا بەرابەریی زیاتری خەڵک لەبەر کەمی خاوەنموڵکێتیی ئەربابی یە.(هەمان جێ: ١٧٥) لە بیرمان نەچێ کە ناوچەی ناوبراو ڕاست هەمان پێگەی ڕاپەڕینی سمکۆ و کۆچباری ئێلە کوردەکانی دیکە بوو. ئەو پێکدادان و پێکهەڵپڕژانە خوێناوییانەی کە لە ساڵانی ١٣٦٣ یەکان تا ١٣٦٧  لە نێوان حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە ڕوویان داوە و بووە هۆی مەرگی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە پێکهەڵپڕژەکان و ئی دیکەش ئەو پرسیارە دەورووژێنێ کە ئایا بزووتنەوەی کوردەکانی ئێران، ئەو جۆرەی کە کووهی کەماڵی دەنووسێ، لە سەردەرانەی شۆڕشی ١٣٥٧ دا گەیشتبووە ئەو ڕادەیە لە هاوپێوەندی و هاودەردی پێویست بۆ نەتەوە بوون، پێگەیشتن و پەرەسەندنێک کە پێشی دوژمنایەتی ناوخۆیی بگرێ؟
گرفتی چەمکی دانی سیفەتی نەتەوەیی بە ڕاپەڕینەکان و بزووتنەوە کوردییەکان لە بەرهەمی هێندێک لە ڕۆژنامەنووسان، مەردم ناسان و ئەو دیپڵۆماتانەش دا دەبیندرێ کە ڕایەکیان سەبارەت بە دۆزی کورد دەربڕیوە، لە وانە کریس کۆچێرای ڕۆژنامەنووس. ئەویش لە حاڵێک دا بەدرخان بەگ بە باوکی ناسیۆنالیسمی کورد دادەنێ، کە بە پێی قسەی کۆچێرا کەسێک " کە بۆ جاری یەکەم لە زەمانی تازە دا حکوومەت و نەتەوەیەکی کوردی پێک هێنا"، وەک " فێئۆدالێکی گەورەی کورد" بە ناو دەکا. ئەو لە کاتێک دا باسی دەستگێڕانەوەی وی لە دانی تفەنگچی بە حکوومەتی عوسمانی لە ساڵانی ٢٩ – ١٨٢٨ دا و سکە لێدان و خوتبە خوێندنەوە بە ناوی خۆی لە ساڵانی ١٨٤٤ تا ١٨٤٦ دەکا، و ئەوانە بە هۆیەک دادەنێ بۆ دامەزراندنی حکوومەت و نەتەوەی کورد، ئەو قسەیەش لە زمان کاربەدەستێکی کۆنسوولیی فەڕانسەوە دەگێڕێتەوە کە بەدرخان  ٢٥٠،٠٠٠ پیاستر خەڕاجی دەدا بە " باب" [ بابی عالی، وەرگێڕ]  کۆچێرا لە کاتێکدا بۆ داگرتنەوەی نەتەوەیی بوونی بەدرخان هێندێک لە مێژوونووسان وەک ئیگلتن بە شاهید دەگرێ، ئەوەشی لێ زیاد دەکا  کە ئەو مێژوونووسانە" لە هەمان حاڵ دا  باوەڕیان وایە کە مەبەستەکانی [ بەدرخان] قەت بە دروستی نازاندرێ". شاهیدێکی دیکەی وی لۆرد کرزنی بەنێ
وبانگە  کە بە شێخ عوبەیدیلای گوتووە " ڕەئیسی میللەتی کورد". کۆچێرا خۆشی لەمەر شێخ  هەر ئەو ڕایەی هەیە: ئەو " پیاوێکی زۆر نەتەوە خواز بو،باوەڕی وا بوو کە تەنیا دەرمانی ڕۆژڕەشی خەڵکی کورد دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆیە کە کوردستانی ئێران و عوسمانی دەخۆیدا یەکگرتوو بکا". کۆچێرا ئەوانە لە داوەری سەبارەت بە سمکۆش دا دەڵێ. ئەو لە جێیەک  بە سمکۆ دەڵێ " شەقاوەیەکی ساکار و جەنگاوەرێکی فێئۆداڵ"  و هەر لەوێ باس لە" نەتەوەگری [...] ڕاستەقینە"ی وی دەکا. شاهیدی وی بۆ نەتەوەخوازی سمکۆ نامەیەکە  کە سمکۆ بۆ زەفەرودەولە، فەرماندەی فەوجی دەوڵەتی ئازەربایجانی نارد و لە بەندی نۆهەم دا باسمان کرد. کۆچێرا هەر ئەو جۆرە داوەرییە لە سەر گشت ڕاپەڕینی شێخەکان دەکا کە لە کتێبەکەی خۆیدا، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، لێیان دواوە. کۆچێرا بە شیاوی دەزانێ کە سمکۆ دژی فکری کوردستانی گەورە بووبێ. بە ڕای سمکۆ  کوردستانێک کە نەیدەتوانی سەرۆکی بێ، ڕەنگە باشتر بوو کە هەر نەبێ. ئەو لە تورکەکان چەکی وەردەگرت، بۆیەش یارمەتی نەدەکرد بە ڕاپەڕینی کوردەکان لە تورکیا. (٢٢٤) ژ. شالیان یش ڕاپەڕینی سمکۆ بە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی دادەنێ (٢٢٥) بڕاونێسن، مەردم ناسی هولەندیش، لە هەمان حاڵ دا کە باسی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیلا وەکوو "یەکەم ڕاپەڕینی هەراوی نەتەوەیی کورد " دەکا  و ئەو ڕستەیەشی لێ زیاد دەکا " کە بەشداری خەڵکی کورد تێیدا لەبەر هەستی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو لەبەر وەفاداربوونیان بە شێخ، و گوێڕایەڵییان لەو سەرۆک عەشیرەتانە بوو کە دەگەڵ شێخ کەوتبوون" و بەو شێوەیە قسەی خۆی بەرپەرچ دەداتەوە.(٢٢٦)
هەر وەک کە دەبینین هێندێک لەو لێکۆلەرەوانە، سەرەڕای ئەوەی کە ئاگایان لە بەسترانەوەی فێئۆدالی یان
جێگەی عەشیرەتی وی هەبووە، بە بزووتنەوەکەی دەڵێن نەتەوەیی یان ناسیۆنالیستی. ئەو تێخوێندنەوەیە تەنیا  کاتێک هەڵدەسووڕێ کە لە ناساندنی ئێمە دا لە مەڕ سیفەتی نەتەوەیی یان ناسیۆنالیستی هۆکاری حاکمییەتی میللەت نەبێ یان ئێمە ئامادە بین بە هەر بزووتنەوەیەک کە دژی دەسەڵاتێکی – بەگوێڕی ئەوانەی دەبزوون -  " بێگانە" دەکرێ  بەلەبەر چاوگرتنی جێگەی کۆمەڵایەتی و ئامانجە سیاسییەکەی، بڵێین ناسیۆنالیستی. ئەو ناوە لە تەک ئەو ناساندنەی ئێمە لەم بەرهەم دا لە مەڕ ناسیۆنالیسم کردوومانە یەک ناگرێتەوە. بە پێی ناساندنی ئێمە، ناساندنی، ڕاپەڕینی سمکۆ، لە باشترین حاڵەت دا ڕاپەڕینێکی عەشیرەتی – نوخبەیی کوردایەتیانە بوو کە جارجار دەیتوانی پشتیوانی هێندێک لە تایفە کوردەکان لە بەشی بەشێوەی سەرەکی باکووری ناوچە کورد نشینەکان لە ڕۆژئاوای ئێران بەرەو لای خۆی ڕاکێشێ. ئەگەر ئەو مانایە بپەرژێنین، دەتوانین ڕاپەڕینی سمکۆ لە ریزی ئەو پێشینیانە دانێین کە لە هاندانی بزووتنەوەی ئێتنیکی – ناسیۆنالیستی کوردی ساڵەکانی دوای ڕووخانی ڕەزا شا بەشدارییان هەبوو. ئەوەشمان لە زمان بڕاونێسن گێڕاوە  کە بەشداری بەشێک لە تایفەکان لە ڕاپەڕینەکە دا بەسترابووەوە بە هیوای ئەوان بۆ دەستخستنی ئەو غەنیمەتەی چاوەڕێیان دەکرد.
دەمێنێتەوە ئەو نەتیجەیەی کە ئێمە لە شرۆڤەی پێشینەکانی کوردایەتی و لێکدانەوەی بزووتنەوەی نەتەوەسازانەی کورد تەوەری  ساڵانی ١٣٢٠ تا ١٣٥٧ وەری دەگرین. بە باوەڕی ئێمە ئەو بزووتنەوەیە لە سەروبەندی باس کراو دا پێکهاتەیەک بوو لە بنیچەی عەشیرەتی، ئێتنیکی و نەتەوەیی:
عەشیرەتی بوو لەبەر بەشی گەورەی سەرۆک عەشیرەتەکان لە هێزەکانی بڕیاردەری هەستان و نێشتنەوەی ئەو بزووتنەوەیە
بوو لە ساڵانی ١٣٢٠ دا.
ئێتنیکی بوو لە بەر ئەو تێکۆشانەی کە ڕێبەرانی بزووتنەوە دەیانکرد بە ئاراستەی ساز کردنی ناسێنەیەکی ئێتنیکی تاقانەی کوردی و بە سیاسی کردنی. ڕێفۆرمی زەوی و زار، پەرەسەندنی شارنشینی،لاواز بوونی هاوپێوەندیی عەشیرەتی،و هەڵوەشانی جەماعەتە " چاو دە چاو" دا بووەکان بوونە هۆی سەرکەوتنەکانی ئەو تێکۆشانە . شاهیدەکانی ئەو ڕەوتە لە خۆپێشاندانی کوردەکانی ناوچەی موکری و ئوستانی کوردستان بە دژی حکوومەت لە سەردەرانەی شۆڕش و ساڵانی هەوەڵی دوای ئەو دەبیندرێ. (٢٢٧)
نەتەوەیی بوو، زیاتر لە بەر بەخۆداهاتن و پەرەسەندنی نیسبی بنەما ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان
ی لەبار  لەتەک ئەو مانایە. لە لایەکی دیکەوە، پێڕۆیی کردنی حدک لە ساڵانی دوای ڕووخانی جمهووری مەهاباد لە حیزبی توودە، نزیکی حدک لە ڕێکخراوە لێنینیستییەکانی دیکە و تەئسیر وەرگرتنی لە بۆچوونی پێچەوانەی ئەو حیزبانە چەمکی میللەت و دێمۆکڕاسی ببووە هۆی ناکۆکی لە مەیلی حدک دا بۆ نەتەوە سازی. خەباتی حدک لە پێناو خودموختاری یان سەربەخۆیی هاتبا سەریش کەوتبا هێشتا مەودای زۆر دەبوو تا دامەزراندنی نەتەوەیەک بە مانا دێمۆکڕاتیک و شارومەندانەکەی.

ئاکام
بزووتنەوەی نەتەوەسازانەی ئێرانگر لە نێوەڕاست سەدەی سێزدەهەمی هەتاوی بەو دنە و ئەنگێزەیەوە دەستی پێکرد کە لە خەڵکێک کە تا ئەو زەمانی، جگە لە بەسترانەوەی عەشیرەتی و ئێتنیکی خۆیان، شتێک نەبوون جگە لە ڕەعییەتە گوێڕایەڵەکانی سوڵتانی ساحێبقڕان نەبێ نەتەوەیەکی ڕزگاربوو لە کۆت و بەندی سەرەڕۆیی و شارومەندانێک ساز بکا کە ببنە خاوەنی مافی حاکمییەت لە سیستمێکی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک دا. لەو سەروبەندی دا نەتەوە سازان سەرنجێکی ئەوتۆیان نەدەدا سەر فرە ئێتنیکی بوونی خەڵک و هەموو ئێتنیکەکانی دانیشتوو لە سەرزەوی ئێرانیان بە چاوێک تەماشا دەکرد.لە ڕوانگە و ئاسۆی دیدی ئەوانەوە هێزێکی خۆ دوور خەرەوە لە ناوەند کە بە توانایەکی لە واقعییەتی سەر بە ئێتنیکی جۆر بەجۆری خەڵکی ئێران دا شاردرابووەوە نەدەبیندرا. نیشتمانێکی کە ئەوان خۆشیان دەویست سەرتاسەری خاکی ئێرانی وەبەر دەگرت. ئەوان کاتێک دەستیان دەکرد بە مێژوو سازی بە ناوی ئێران دەیان کرد. ئەو ئوستوورە و حەماسانەی کە سازیان دەکردن، دەیان بووژاندنەوە و پەسنیان دەدان ناسنامەی ئێرانی هەبوو؛ ئەو پێشکەوتن و تازەکردنەوەیەی دەیانویست و بانگەشەیان بۆ دەکرد بۆ هەموو مەردمانی ئێران بوو. ئەوان ئەگەر بە فارسییان دەنووسی کارێکیان نەدەکرد جگە لە دڕێژەدان بە ڕەسمێکی پەژراو نەبێ لە سەدەکانی ڕابردووەوە و لە سەرتاسەری ئێران. زمانەکانی دیکە هەموو قەدر و پایەی خۆیان هەبوو و کەس پێشی بە نووسین و شێعروتن بەو زمانانە نەدەگرت. ئەو وێژمانەی کە ئەوان بەو بۆچوونە سازیان کرد گەیشتە شۆڕشی مەشڕووتییەت و وەکوو خەرمانەیەک، هەرچەند کز بەسەر روحی ئەو شۆڕشە دا زاڵ بوو. بەڵام شۆڕش ئەو جۆرەی کە مەبەستی نەتەوەسازان و نەتەوەگران بوو، سەرنەکەوت. لاوازی بنەمای ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری وڵات، تێکەولێکەیی و ئاڵۆزی سیاسی لە ناوخۆ،دەستێوەردانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان،پەیدا بوونی بزووتنەوەکانی پان تورکیستی، کوردایەتییانە، عەڕەبگرانە، تورکەمەنانە و بەلووچانە لە دراوسێیەتی ئێران دا و کاردانەوەیان لە ناوخۆ، کێشرانی پای ئێران بۆ ناو شەڕی جیهانی هەوەڵ، قات و قڕی، ئێپێدێمی و لێک هەڵوەشان و لە کار کەوتنی حکوومەت  هەڕەشەی نەمانی لە وڵات دەکرد. مەترسی لەبەر یەک هەڵوەشانی وڵات ڕووناکبیران و سیاسەتمەدارانی ئەو زەمانی دەفکرە برد بۆ ئەوەی بە دووی چارە دا بگەڕێن. زۆربەی هەرە زۆریان چارەیان لەوە دا دی دەست لە مانای لێبێڕاڵی میللەت، هەڵبگیرێ و چارەیان لە بوونی حکوومەتێکی ناوەندی بەهێز و سیاسەتی یەکسانسازی ئێتنیکی دا دیتەوە. ئەو چارەیە ڕەزا شا کردی بە سەرمەشقی سیاسەتی ناوخۆیی خۆی و بەو پەڕی دەسەڵات، توندوتیژی و تیژپەڕی بەڕێوەی برد. پێشگرتن لە بەکارهێنانی زمانە نافارسییەکان لە سیستمەکانی پەروەردە، ئیداری، قەزایی وجار جار تەنانەت دینی دا یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتە بوو، سیاسەتێک کە چارەساز نەبوونەکەی هەر کە سەلتەنەتی وی ڕووخا وەدیار کەوت. زیندووبوونەوەی جووڵانەوەی جیاوازیخوازانە لە ئازەربایجان،کوردستان، تورکەمەن سەحرا، بەلووچستان و بەشی عەڕەب نشینی خووزستان نیشانەیەکی ئاشکرای بێکەلک بوونی ئەو چارەیە بوو. لە حاڵێک دا کە لە ساڵەکانی بەر لە هاتنە سەرکاری ڕەزا شا مەترسی، لە شێوەی ناوخۆیی خۆی دا، تەنیا بە شێوەی پەیدا بوونی هێندێک مەیلی زۆر لاوازی ئازەریستی، کوردایەتییانە،بەلووچانەو عەڕەبانە و تورکەمەنانە دەردەکەوت، ئەو جار بە شێوەی ناسیۆنالیسمە ئێتنتکییەکانی پەراوێزی بە شیدەتێکی زیاترەوە وەدیار کەوت. ئاکام بوو بە، بوونی هێزێکی ئێتینیکی – ناسیۆنالیستی ئێرانگری حکوومەتی و گشتی لە ناوەند دا و چەند حیزبی ناسیۆنالیستی ئێتنیک گری خۆ لە ئێران دوور خەرەوە لە پەراوێز دا. هەر یەک لەوان بە ناوی نەتەوەیەی جودا قسەیان دەکرد، ئیدیعای نوێنەرایەتی ئەو نەتەوەیان دەکرد و داوخوازی دامەزراندنی دەوڵەتی جیاواز بۆ نەتەوەی خۆیان دەبوون.
لەو ڕووبەڕوو بوونەوە دا، مەیلی ناوەندگر خۆی لە پلەی پاراستنی بەرگری لە ئێرانییەت، یەکێتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی ئەرزی دا دەدی و بەو ناو
ە خۆی بە خاوەن ئیختیار دەزانی بۆ سەرکوتی بزووتنەوە پەراوێزەکان. ئەوانەی کە ئیدیعای میللەت بوونی ئێتنیکە پەراوێزەکانیان دەکرد، تا ئەو جێگایەی کە پشتیوانی دەرەوەیان هەبوو حاشایان لە جیاوازیخوازی خۆیان نەدەکرد و ئامادەیی خۆیان ڕادەگەیاند بۆ بەرەوپێشبردنی تا دوایین هەناسە و دوایین دڵۆپی خۆێن. ئەگە ئەوان  ویستی خۆیان جار جار تا ئاستی خودموختاری و دیسان کەمتر لەویش دادەکشاند، تا ئاستی ئیختیاری ئەنجومەنە ئەیالەتییەکان، نەک لەبەر دەست هەڵگرتن لە سەربەخۆیی، بەڵکوو بە شێوەی گشتی لە بەر لە دەست دانی پشتیوانی دەرەوەیی بوو. بەڵام سەرکوتکردن و هەڵوەشانی دوو حکوومەتی سەربەخۆ لە تەورێز و مەهاباد کێشەکەی چارە نەکرد. داوخوازەکان خۆیان شاردەوە، بەڵام لە ناو نەچوون، دنە و ئەنگیزەکان بە هەمان ئەندازەی کە ڕووبەڕووی حاشا و نکووڵی لێکران هاتن، بەهێزتر و ئامادەتر بوون بۆ دەرکەوتنی ئاشکراتر لە دەرفەتی لە باری دیکە دا. ڕاپەڕینی بە تایبەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و کۆمەڵە بە بێ مەودا لە دوای ڕووخانی حکوومەتی شا لە ڕێبەندانی ١٣٥٧ ئەو واقعییەتەی ئاشکرا کرد.
ئەو حاڵە
تەی کە لە سەر ئەو بنەمایە ساز بووە دەتوانین، هەر ئەو جۆرەی کە ئەحمەد ئەشڕەف گوتوویە، بە حاڵەتی قەیرانی نەتەوە سازی لە ئێران ناوزەد بکەین. بوونی ئیدیعاکارانی فرە نەتەوەکان لە خاکی ئێران دا نیشانەی سەرەکی ئەو قەیرانییەیە.قەیرانێک کە لە دوای دامەزرانی حکوومەتی ئیسلامی وبرەوی دەمارگرژی شێعەیی توندتر و دابڕانەتریش بووە. ئەو جۆرەی وەبەر چاو دێ چارەی ئەو قەیرانە نە بە درێژە دان بە سیاسەتی ناوەندگری فارسی تەوەری تێکەڵاو بە دەمارگرژی مەزەبی هەڵدەسووڕێ، نە بە جیاوازیخوازی بەزەبر وزەنگ. سەرنەکەوتنی یەکیان لەبەر خۆڕاگری ئێتنیکەکانی پەراوێزە و ناکاوی جیاوازیخوازنیش لەبەر دەست گێڕانەوەی ئێران گرانە لە پەژراندنی تەجزییە. ئەو گەڵاڵانەی کە تاکوو ئێستا بۆ تێپەر بوون و دەرکەوتن لە قەیرانە داڕێژراون ( لیبێڕاڵی،خودموختاری،فێدراڵی، ئوستانی و هتد) هێشتا هیچیان نەبوونە خاوەنی هیچ هێزێکی ئیقناعی و بەڕێوەبەری. ڕوویەکی دیکەی ئەو قەیرانە، ئالوودە بوونی بەو مەیلانەوەیە کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕێکخراوی ئێتنیکی _ ناسیۆنالیستییەکەیەوە نییە. مەبەست لە مەیلە لێنینیستی – ستالینیستی – مائۆیستی لەناو تەیفی ناسیۆنالیسمی ئێتنیکی لە ئێران خۆ دوور کەرەوە لەلایەکەو و بوومی گری کولتووری یان دینی ناوەندی لە لایەکی دیکەوەیە. هەر دووکیان تۆوی دێمۆکڕاسییان تێدا نییە، تۆ وێک کە ڕێکخەری سەرەکی بوون بە نەتەوە و نەتەوە بوونە. لەئاکام دا، گشت جەرەیانە نەتەوە سازییەکان کە لە سەردەمی ڕەزا شا دا تا شۆڕشی ١٣٥٧ دژی نەتەوەسازی سەرەڕۆیانە و شۆوێنیستی ناوەندی خەباتیان کرد خۆیان ئالوودە بوون بە ئیدیئۆلۆژیگەلی نا دێمۆکڕاتیک. شۆڕش و جمهووری ئیسلامی بەرهەمی ئەو مەیلانە بوو. لەو ناوە دا، ئەو ترووسکە کەم تا زۆر لێبێراڵییەی کە لە شۆڕشی مەشڕووتییەت دا دەرکەوت و لە سەردەمی ڕووخانی ڕەزا شا تا ٢٨-ی گەلاوێژی ١٣٣٢ – بەتایبەتی لە دەورەی ٢٩ مانگەی سەرۆکوەزیرایەتی موسەدیق -  دا دووپاتە بووەوە، لاوازتر لەوە بوو کە بتوانێ ناسێنەی خۆی لە بەرانبەر گێژەڵووکەی ئێدێئۆلۆژییە ناوبراوەکانی سەرەوە و دەستێوەردانی کۆلنیالیسم ڕابگرێ و بە سەر قەوەتیان دا زاڵ بێ.  

پاینووسەکان
١. پێشتر دیتمان کەئەحمەد خانی گازند و سکاڵای دەکرد لە وەزعی خراپی " میللەتی کورد "، بەڵام دەتوانین بەلەبەر چاوگرتنی ساڵەکانی ژیانی ئەو تەسەور بکەی
ن کە خانی لە بەکار بردنی  ئەو وشەیە مەبەستی لە مانای مۆدێڕنی وی نەبووە.
٢.لەنیشتمان
ی، ژمارە ١،لاپەڕەی ٢ دا دەخوێنینەوە: " ئەی برای عەزیزی کورد حیزبی کۆمەڵەی ژ.ک بە هەموو توانایی خۆی تێدەکۆشێ تا زنجیری کۆت و یەخسیری لە ملی کوردەکان داڕنێ". ئەو کۆمەڵەیە " بە ئەرکی خۆی دەزانێ  کە وەک رێنوێنی میللەتی کورد لە پێناو ئازادی و سەرفرازی دا هەنگاو هەڵێنێتەوە.
٣.مەک داوڵ: ٣٠٧
٤.زەکی بەگ: ٣٣
٥.
Eagleton: ٢٧٩
٦.
Eagleton: ١٧
٧.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٦٦ عەبباس وەلی لە پێوەندی لەگەڵ ڕەخنە لەو بەرنامەیەی کە مەلا مستەفا بارزانی کاتی دانیشتنی لە باکۆ بۆ درێژەی چالاکییەکانی حدک نووسیبووی بەخەسڵەتی کۆمەڵگەی کورد بە شێوەی سەرەکی  دەڵێ پێش سەرمایەداری.
Vali٢٠١٩: ٣٠
٨.هومایوون: ١٢٥
٩.
Koohi-Kamali : ٣٩، ١٩
١٠.هەمان جێ: ٤٤، ٥٨، ٦٢، ١١٢
١١. هەمان جێ: ١٤، ٤٩
١٢.کۆمەڵگەی " چاو لە چاو دا" ئەوەندە پچووکە کە ئەندامەکانی یەکتری دەناسن. بە پێچەوانەی وی، کۆمەڵگەی تەسەوری یان خەیاڵی  ئەوەندە گەورەیە کە ئاگایی ئەندامانی وی بە نیسبەت یەکتری تەنێ بە شێوەی تەسەور هەڵدەسووڕێ. لە ڕوانگەی بنێدیکت ئاندرسۆنەوە یەکێک لە نێشانەکانی بە میللەت بوون ڕوودانی لە کۆمەڵگەی تەسەوری دایە.
١٣. عەبباس وەلی لە پێوەندی لەگەڵ هۆی بەسترانەوەی حدک بە حیزبی توودە بە " دواکەوتوویی کولتووری سیاسی کورد" و " هەژاریی جارەنەکراوی" دەزانێ. بە ڕای وی حدک لەوە زیاتر ڕیشەی لە نەریت دا بوو کە مە
یلی هەبێ یان بتوانی ئەوە بگۆڕێ. Vali: ٢٠١٩: ٥٣، ١٩٢
١٤.مەک داوڵ: ٤١٦
١٥.
Roosevelt: ٢٦٥
١٦.
Vali ٢٠١١: ٦٧
١٧.هەمان جێ ٢٠١١، ٦٩
١٨.
Roosevelt: ٢٦٥؛ جووەیدە ١٣٨٨: ٦٤
١٩.بورزوویی: ٣٧٢
٢٠. مەک داوڵ: ٤١٦
٢١. بورزوویی: ٣٤٨، ٣٢٩
٢٢. مەک داوڵ: ٤١٢
٢٣.بورزوویی: ٣٧٢
٢٤. بەڵگەکان: ٧٩
٢٥.مەک داوڵ: ٤١٦؛
Roosevelt : ٢٦٥
٢٦.
:Roosevelt ٢٦٥
٢٧.
Swietochowski ١٩٩٥: ١٤٦؛ ئاوانێسیان: ١٢١
٢٨.
Vali ٢٠١١: ٢٣
٢٩.
Vali ٢٠١٩: ١٨
٣٠.قاسملوو ١٣٩٢: ١٨٢، ١٨٤
٣١.
Eagleton: ١٠١
٣٢.هومایوون: ١٤٩
٣٣.هەمان جێ: ٣٢٦
٣٤.نەوشیروان مستافا ئەمین: ١٣٩
٣٥.
Vali: ٢٠١١: ٦٣
٣٦.
Hassanpour ٢٠٠٣: ٥٦
٣٧. نیشتمان، ژ٦، ١٦
٣٨.
Nebez ١٩٨٥: ٧١
٣٩. بە باوەرێ غەنی بلووریان مەزهەبی سوننی یەکێک لە پایەکانی ناساندنی میللەتی کوردە. مەزهەبێک کە بنیانە ئینسانییەکانی لە ئایینی زۆرانی کەوتووەتەوە  کە ئایینی کۆنی ئابا و ئەژدادی کوردەکانە ( بلووریان: ١٠٩)
٤٠.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٨٤
٤١.مەک داوڵ: ٢٨٢، ٣٣٨
٤٢. ڕۆژبەیانی؛ بورزوویی ١٣٨٨
٤٣. نموونەیەکی ئەوە باسی وتەی وییە لە دانیشتنێک دا کە لە لاپەڕەی ٨-ی ژمارەی هەوەڵی نیشتمان لە ژێر سەردێڕی " سەرکەوتن بە هێزی کەم و زیاد نییە" دا بڵاو بووەتەوە. لەوێدا دوای ئەوەی ئەم ڕستەیە لە قورئان دەگێڕێتەوە " کم من فنە قلیلە غلبت فنە کثیرە باذن اللە " دەڵێ: " ئەو ئایەتە پیرۆزە لەگەڵ داوای ئێمە  ڕێک دێتەوە و ئەو فەرماییشەی خودا باڵ بەسەرمان دا دەکێشێ، چونکە ئێمە دەستەیەکی پچووکین. بەڵام لەگەڵ یەکتری یەکگرتووین تا بتوانین نیشتمانی خۆشەویستمان ڕزگار کەین و نەتەوەی خۆمان بخەینە باوەشی ئازادی [...] چونکە خودا لەگەڵ ئێمەیە و بە پێی شەریعەتی ئیسلام پشتیوانی خودای گەورە و پێغەمبەر و قورئانمان لەگەڵە".
٤٤.
Nebez ١٩٨٥: ٧٨
٤٥.حیسامی: ٢٢
٤٦.
Vali ٢٠١١:١٠٤
٤٧.بورزوویی: ٣٣٧
٤٨.هەمان جێ: ٣٧٨
٤٩.هەمانجێ: ٣٧٩ داوخوازی ئێعدام کردنی [قازییەکان] هەر بەو کەسانەوە بەرتەنگ نابێ.ژمارەی بەڵگەی لەمەڕ ئەو بابەتە تا ئەو جێگایەی کە لە ئاڕشیوی سازمان اسناد ملی دا هەن بە ژمارەی ١٠٦٠٠٣/ ١١٩٩، ١١٦٠٠٧ -١٥-١٥٠٩، ١١٦٠٠٧ – ١٥- ١٤٨٩ و ١٦٢٠٠ – ٢٣٣٥. کۆپی ئەو بەڵگانەی بەڕێز حەسەن قازی لەبەر دەست من ناوە.
٥٠. جووەیدە ١٣٨٨: ٦٥
٥١. هەمان جێ٢٠١١: ٧١
٥٢. بورزوویی: ٣٢٩،٣٤٥،٣٢٧،٣٧٦
٥٣.بورزوویی لە وتوێژ لەگەڵ سادق وەزیری: ٣٧٦
٥٤.ئێلی ئەردەڵان لە شەڕەکانی نێوان شای سەفەوی و سوڵتانی عوسمانی لایەنی شای سەفەوی دەگرت. ئەردەڵانەکان ڕەچەڵەکی خۆیان دەگەێێننە ئەردە
شێری بابەکان ( هەمان جێ: ٢٦، ٢٩)
٥٥. بورزوویی: ٣٧٥
٥٦.هووشمەند ١٣٨٤
٥٧.
Eagleton: ٣٥
٥٨.بەڵگەکان: ١١٦
٥٩.بورزوویی: ٣٤٦
٦٠.هومایوون: ٢٤
٦١. هووشمەند: ١٣٨٤
٦٢.
Asatrian: ٢٢
٦٣.بەدلیسی: ١٤
٦٤.مینۆرسکی لە قەولی هارتمەن، نۆلدکێ و وایس باخ (
Hartman, Noldeche Weissbach) بە زمانێک کە بۆنی تەئییدی لێ دێ ڕەچەڵەکی کوردەکان دەباتەوە سەر کورتییەکان ( Minorsky: ١٢١٣). بەڵام دیاکۆنۆف دژی کوردی بوونی زمانی کورتییەکانە. ئازاتریان بە پاڵپشتی ڕای چەند کەس لە کوردان و زمانناسان وەکوو مەکێنزی و نولدکێ  نەسەبی کوردەکان لەگەڵ (Karduch)ی گێزێنفۆن هەر بەو هۆیە وەدواو دەداتەوە (Asatrian: ٢٥). ڕای مینۆڕسکی ش هەر ئاوایە. بە باوەڕی وی پنتی هاوبەشی کوردەکان و کاردۆخەکان تەنێ مەکانییە (هەمان جێ: ١٢١٢). گێزێنفۆن نیسبەتی نێوان کوردەکان و کارۆخەکانی  لە " کوروش نامە" ی بە نێوبانگی خۆیدا دەربڕیوە.
٦٥.دیاکۆنۆف: ١٤٣
٦٦.
Hennerbischler: ٧٨
٦٧. هووشمەند ١٣٨٣لە: گفتوگو: دا ٤٠: ٩
٦٨.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٨٣
٦٩.زەکی بەگ: ١٣
٧٠.هەمان جێ: ١٥٥
٧١.بڕاونێسن ١٣٧٩: ١٥٦. وایت (
White) لە نووسینە تێروتەسەلەکەی خۆی دا سەبارەت بە " جیاوازی ئێتنیکی لە ناو کوردە کورمانجییەکان، قزڵباش و زازا" بە پاڵپشتی سەرچاوەی جۆر بەجۆر جیاوازییە ئێتنیکی و زمانییەکان  لە ناو کوردەکانی تورکیا دا لێک دەداتەوە و لەو هۆیە مەسڵەحەتییانە  دەکۆڵێتەوە کە ئەو قزڵباش و زازایانە خۆیان پێ بە کورد بێ.
٧٢.‌
Hennerbischler
٧٣.بەدلیسی: ١٢؛
Minorsky: ١٢١٤
٧٤.هەمان جێ: ١٥؛ یاسمی: ١٢٠
٧٥.
Minorsky: ١٢٢٧، مەردووخ: ١٢٣
٧٦.مەردووخ: ١٣٠
٧٧.
Vali ٢٠١١: ١٠٤
٧٨. لەزمان بورزووییەوە: ٩٤. لە ژمارەی ١، لاپەڕەکانی ٧ و ٨ ی گۆواری نیشتمان وتارێک دەبینین لە ژێر سەردێڕی " مەیجرسۆن سەبارەت بە کوردان دەڵێ چی" کە تێێدا بێژەن ( عەبدولڕەحمان زەبیحی) دەگاتە ئەو ئاکامە کە " میللەتی کورد لە سەرتاوە لە ڕەگەزی ئاریایی پەیدا بووە و لەو سەرزەوییە دا ماڵ
ی داناوە".
٧٩.زەکی بەگ: ١١٥؛
Minorsky: ١٢٢٤؛ بڕوانە: هووشمەند ١٣٨٣: ٢٢
٨٠.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٢٥٣، ٣٨٣، ٢٠٩
٨١.بەدلیسی: ١٦٢
٨٢.
Roosevelt: ٢٦٢
٨٣.بلووریان: ١١١
٨٤.
Hassanpour ٢٠٠٣: ١٤٦
٨٥.بورزوویی: ٩٤
٨٦. بڕاونە: بڵاوکراوەی ئینترنێتی " راهەک" بەم ئادرێسە:
http://Rahak.com/?p=13598
٨٧.بڕوانە وتارەکەی لە وێب سایتی " ڕادیۆ زەمانە":
www.radiozamaneh.com/222735
٨٨.مەردووخ: ٣٧، ١٨٠. ئاماژەی وی بەرەو هارپارک، وەزیری ئاستیاگ ە، کە بە قسەی هێرۆدۆت بە یارمەتی کورش ئاستیاگی تێکەوەپێچا
٨٩.
Roosevelt: ٢٦٢
٩٠.لێکۆڵینەوەی تازە  لە دووی خزمایەتی نزیکی بەلووچی و کوردییان داوە. (مینۆڕسکی: ١٢٣٩)
٩١.
Asatrian: ٢١
٩٢.
Nebez: ١٥
٩٣.مەردووخ:١٢٣
٩٤.مەردووخ ١٢٧،١٣٣
٩٥.بڕاونێسن ١٣٧٩: ١٦٤
٩٦.
Bruinessen ٢٠١٦: ١
٩٧. لە زمان:
Vali یەوە ٢٠٢٢: ٩٠
٩٨.زەکی بەگ: ١: ١٢، ٤٧؛ ٢: ٧
٩٩. مەردووخ: ٣٧
١٠٠. بەدلیسی: ٨٢- ١٩
١٠١.زەکی بەگ: ١١٥
١٠٢.
Nebez: ٣٩
١٠٣. بلووریان: ١١١
١٠٤.هووشمەند ١٣٨٤
١٠٥.
Eagleton: ٣
١٠٦.
Minorski: ١٢٢٠
١٠٧.
Hassanpour ٢٠٠٣: ١٤٧؛ Bruinessen ٢٠١٦: ٢٢
١٠٨.بەدلیسی: ١٩، ٢١
١٠٩.
Minorski: ١٢٣٧
١١٠. بڕوانە:
Vejdani: ١٢٠. ئەمە چاوڕاکێشە کە بە ڕای بلووریان ساسانییەکان کورد بوون ( هەر ئەو:١١١). ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەوان بە خۆیان دەگوت شاهەنشاهانی ئێران و بە قەڵەمڕۆی حکوومەتی خۆیان دەگوت " اران" و " ارانشهر" . جا ئەگەر ئەو دوو ئیدیعایە دروست بی دەکرێ بگەینە ئەو نەتیجەیە کە کوردەکان ئێرانی بوون؟
١١١.
Minorski: ١٢٢٤
١١٢.بڕوانە: وێب سایتی" ورمێ دڵی کوردستان ".
www.facebook.com/2693224499090
١١٣.بە گێڕانەوەلە: بورزوویی: ٩٥
١١٤.
Nebez: ٢٧، ٢٥، ٣٨
١١٥.گرینگی سەلاحەدین بۆ کۆمەڵە ئەوەندە زۆر بوو کە وێنەیەکی پارچەیی ئەویان لە سەر قورئان دادەنا کە ئەندامانی تازە دەبوو سوێندی پێ بخۆن: بڕوانە: سەجادی ١٤١
١١٦.مەردووخ: ٤١، ١٧٧، ١٨١
١١٧.
Bruinessen ٢٠١٦: ٢٣
١١٨.
Asatrian: ٦، نیسبەت دانی زەردەشت بە کوردەکان ئەگەر بڕیار بێ بە پێی هاوبەشی زمانی مادەکان و ڕەچەڵەکی کوردی مادەکان بێ دەبێ بناغەکەی لە سەر هەمان بوونی زمانی ئەوێستا و زمانی ماد دابنێ. ئەوە دە حاڵێک دا کە بۆ وێنە دیاکۆنۆف زمانی ئێرانی ئەوێستا و لەهجەی تایبەتی گاثاکان بە مادی دانانێ ( دیاکۆنۆف: ٤٧٦)
١١٩.هەمان جێ: ١٧؛
KAL
١٢٠.هەمان جێ: ٦؛ KAL
١٢١.لە کردەوەش دا نەتەوەی ئاواش هەن کە وەکوو سویس خاوەنی چەندین زمانی جیاوازی ڕەسمین و هەم نەتەوەی جیاوازی کە وەکوو ئەمریکا و بریتانیا هەموویان بەزمانێکی تاقانەی ڕەسمی قسە دەکەن. بە ڕای ئێمە یەکێتی زمان مەرجی پێویستی یەکێتی نەتەوەیی نییە. بەڵام کاتێک کە جووڵانەوەیەکی نەتەوەساز جەخت دەکا لە سەر یەکێتی زمان ئیزن دەدا بە هێنانە گۆڕی ئەو پرسیارە کە ئایا ئەو میللەتەی لەبەر چاویەتی  بە زمانێک قسە دەکا. بە زمانێک کە هەموان لێی تێ بگەن؟
١٢٢.مەک داوڵ: ٥٢
١٢٣.بڕاونێسن: ١٣٧٩: ٣٥
١٢٤.
McKenzie ١٩٦١؛ ئازاتریان Asatrian: ٥، ئێدمۆندز Edmonds: ١٠
١٢٥.
:Minorski١٢٣٤؛ White: ١
١٢٦.
Edmonds: ٧
١٢٧. بەگێڕانەوەلە:
Asatrian: ٢١
١٢٨.زەکی بەگ: ١: ٢٢٧
١٢٩.
Khalid: ٢٨
١٣٠.بەدلیسی: ١٣؛ زەکی بەگ: ١:٢٢؛
Khalid: ٢٨
١٣١.
Asatrian: ١١؛ بڕاونێسن ١٣٧٩: ٢٢
١٣٢.بە گێڕانەوە لە: هووشمەند لە: گفتگو دا ١٣٨٣: ٤٠: ٢٥
١٣٣.
Asatrian: ١٠
١٣٤. یاسمی: ٩٨
١٣٥.بڕاونێسن: ١٣٧٩: ٣٥، ١٥٣
١٣٦.
Bruinessen ٢٠٠٠: ٤٥
١٣٧.
Bruinessen ١٩٩٤: ٥
١٣٨.
Entessar ١٩٩٢: ٤ ئەو ڕایە ئێحسان هووشمەند ( ١٣٨٣: ١٠)، (White ١٩٩٢) و کەسانی دیش لە دووی دەدەن. هووشمەند هەر لەوێ ناو و بۆچوونی ژمارەیەک لە وان دەگێڕێتەوە.
١٣٩.بەدلیسی: ١٣؛ کەلباسی: دوازدە
١٤٠.هووشمەند لە : چشم انداز ایران، ویژنامە کردستان، دا پاییزی ١٣٨٤
١٤١.بلووریان: ٦٦
١٤٢.
Bruinessen ١٩٩٤: ٢٢
١٤٣.بڕاونێسن ئەو بۆچوونە بە ئاماژە بە خیلاف لە نێوان پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان و یەکێتی نێشتمانی کوردستان لە عێڕاق و پێوەندی وی لەتەک جیاوازیی زمانی باس دەکا. زمانی پارتی کورمانجی بوو و زمانی یەکێتی سۆرانی (
Van Bruinessen ١٩٩٤: ١)
١٤٤.بە ڕای زەکی بەگ جیاوازی لە ناو لەهجە کوردییەکان دا ئەوەندە نییە کە پێش بە لەیەکتر
تێگەیشتنی ئاخێوەرانیان بگرێ (زەکی بەگ: ١: ٢٢٥). ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئەو تەنێ لە چەند دێڕ دواتر دا دەنووسێ خەڵکی سلێمانی بە زەحمەت لە زمانی خەڵکی ئەرزەڕۆم تێدەگەن ( هەمان جێ:١: ٢٢٩). هەر ئەو لە جێیەکی دیکە دا دەنووسێ کە لەهجەی باشووری کوردەکانی ڕۆژئاوای ئێران لە شکڵی  زمانی کوردی دەرچووە ( هەمان جێ: ٢٢٦). عەبدولحامید فەرازی بەو هۆیە ڕەخنە لە ڕای هووشمەند سەبارەت بە جیاوازی لە نێوان زمانەکان یان لەهجەکانی کوردی دەگرێ  چونکە جیاوازی ئەوان لەگەڵ زمانی فارسی زیاترە (هەر ئەو، لە: چشم انداز ایەان، وێژە کردستان دا، ژ ٢، پاییزی ١٣٨٤)
١٤٥.
Bruinessen ١٩٩٤: ٥، ٨
١٤٦.زەکی بەگ: ١: ٢٢٠
١٤٧.بڕوانە:
Chapter four.The process of standardization of Kurdish language.academia.edu

١٤٨.Khalid: ٣٣؛ هووشمەند: ١٣٨٣
١٤٩.
KAL
١٥٠.بڕاونێسن ٢٠٠٣: ٥٣
١٥١. " قووڵی" وەرگێڕانی
demote ە. من بە زانیارییەوە بە قووڵی م وەرگێڕا، چونکە مەبەستەکە باشتر دەگەیێنێ. قووڵی جیاوازە لە لایەکی – ئەشرافی (lateral-aristocratic) ئەو جۆرەی کە ئانتۆنی سمیت  (Anthony Smith) بۆ لێک کردنەوەی دوو ئاستی وشیاری ئێتنیکی دەکاری دەکرد. یەکیان بەرتەنگە بە ئاستی نوخبەکان و ئەوییدی لەو ئاستەوە بە ناو چینەخوارەوەکانی ئێتنیک دا تێدەپەڕێ.
١٥٢.مەک داوڵ: ٤٠
١٥٣.بەدلیسی ١٥
١٥٤.
Nebez: ٣٧؛ KAL
١٥٥. Nebez: ٥٨
١٥٦.
Edmonds: ١١
١٥٧.
Asatrian: ١٧
١٥٨.
KAL؛ Minorski: ١٢٣٦. ئەو بانگەوازەی کە ڕۆژنامەی بانگی کوردستان بەرەو " کوردە موحتەڕەمەکانی ئێران" نووسی و تێێدا داوای لێکردن وتاری نیشتمانی بنووسن و ئابوونەی ڕۆژنامەکە بن بە زمانی فارسی نووسرا بوو. ئەو بڵاوکراوەیە کە ژمارەی هەوەڵی لە ٢٠-ی ئووتی ١٩٩٢ لە سلێمانی بڵاو بووەوە خۆی بە بڵاوکەرەوەی بیری نەتەوەی کورد ناوزوەد دەکرد. ئەمن بە لوتفی بەڕێز حەسەن قازی نوسخەیەکی ئەو بانگەوازەم دەست کەوت.
١٥٩.
Asatrian: ٣٠، ٣٤، ٤٤
١٦٠.بڕاونێسن ١٣٧٩: ١٦١
١٦١.
Minorski: ١٢١٦، ١٢١٢
١٦٢.زەکی بەگ: ٢٦
١٦٣.بە گێڕانەوە لە: جەڵایی پوور ١٣٨٥: ٥١
١٦٤.
Minorski: ١٢١٩، ١٢٢١
١٦٥.یاسمی: ١٩٤
١٦٦.
Minorski: ١٢١٤
١٦٧.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٢١؛ مەک داوڵ: ٤٧
١٦٨. یەدوڵا ڕەوشن دڵ: پەیوەستی بەرگی دووەمی زەکی بەگ: ٤١٦
١٦٩. بەدلیسی: ١٣
١٧٠.مەردووخ: ٧٥
١٧١.زەکی بەگ: ٢٤٨
١٧٢.
Smith١٩٨٨: ٢٩
١٧٣.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٦٦، ١٤٧، ١٨٩؛
Bruinessen ١٩٩٤: ٦
١٧٤.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٤٤٢، ١٠٠، ٢٠٠، ٣٥٨
١٧٥.بڕاونە: ویکی پێدیا
١٧٦.بڕوانە: سەجادی، ٢٦٥
١٧٧.زەکی بەگ: ١: ٢٩٣؛ مەک داوڵ: ٥٣؛
Bruinessen ١٩٩٤: ٥
١٧٨.
Bruinessen ١٩٩٤: ٥، ١٠، ١٤
١٧٩.مەک داوڵ: ٣٢٢؛ بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٩٨
١٨٠.
KAL
١٨١.
Asatrian: ٣
١٨٢.هەمان جێ:٦
١٨٣. ئەو
جۆرەی کە ڕۆژبەیانی دەنووسێ بەدلیسی خۆی ئەو کاتەی کە لە خزمەتی سوڵتان سەلیم دا بوو وڕاسپێردرا بۆ جێ بەجێ کردنی مەسەلەی کوردەکان سەرەتی دا بە دابەشکردنی سەرزەوییە کوردنشینەکان بە سەر شازدە میرنشین دا لە بری یەکپارچە بوونیان لە میرنشینێک دا. چونکە" دەیزانی کە حاکمە کوردەکان لە ئاست بێگانە گوێڕایەڵ دەبن و گوێڕایەڵی لە یەکتری ناکەن. لە ئاکام دا سەرزەوییەکەیان تاڵان دەکرێ".
(هەر ئەو: ٦٥)
١٨٤. لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی دا، بە پێی قسەی کەنداڵ، لە دوای شەڕی چاڵدێران شازدە ئەیالەتی سەربەخۆی کوردی هەبوو.حکوومەتی عوسمانی تەنیا چاوی بەسەر ئەوەوە بوو کە ئەوان یەک نەگرن(
Kenda ١٩٧٨: ٢٢)
١٨٥.زەکی بەگ: ١٥٠، ١٥٦، ١٨٣
١٨٦.مەک داوڵ: ٣٨٤
١٨٧.زەگی بەگ: ١٢٥
١٨٨.کۆچێرا: ٢٣٥، ٢٥٥
١٨٩. نموونەیەک لەو جۆرە کەسانە حەمە ڕەشیدە.  ئاماژەمان کرد بە پێشینەی ڕاپەڕینەکان و سات و سەوداکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی. ئەو کە لە جمهووری مەهاباد دا پلەی ژەنەڕاڵی وەرگرت سێ مانگ بەر لە ڕووخانی جمهووری خۆی لە کار کێشایەوە و چووەوە زێدی ئەسڵی خۆی لە عێڕاق. یەکێک لە هۆیەکانی لە کار کشانەوەی نزیکەی ٢٠ جۆرە تاوان بوو کە هاوخەباتان وەپاڵیان دەدا. ئەو تاوانانە لە ، دزی، پارە سەندن، دەست بە تۆبزی سەر ماڵ و موڵک
ی خەڵک داگرتن، ڕیا، تاڵان و ماڵی خەڵک خواردنەوە بگرە تا پێوەندیی نهێنی لەگەڵ سەرلەشکر هومایوونی فەرماندەی ئەستوونی پەلامار بۆ سەر مەهابادی وەبەر دەگرت. ڕیزی ئەو تاوانانە، لەگەڵ ناوی دوو کتێب بەڕێز حەسەن قازی لەبەر دەست منی ناوە. میرزا محەمەدئەمینی مەنگوڕی لە کتێبی چارەنووسی سیاسی کورد لە ١٩١٤ تا ١٩٥٨ ئەو تاوانانەی وەدوایە داوەتەوە. بە پێچەوانە مێرزا!! [عەقید] بەکر عەبدولکەریم لە کتێبی گەشتێک بە جمهووری کوردستان دا، بیرەوەرییەکانم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٩٤٤- ١٩٤٧  لە دووی ئەو تاوانانەی داوە.
١٩٠.ئانتۆنی سمیت ئاگایی ئێتنیکی لە کتێبی سەرچاوەی ئێتنیکی میللەتان  بە سێ جۆر دابەش دەکا. ئاگایی لایەکی (
lateral ) یان لایەکی – ئەشڕافی (lateral-aristocratic) کە تایبەتی یە بە نوخبە و ئەشڕافی ئێتنیکەکە. ئاگایی قووڵی- مەردمی ( vertical-demotic) کە کاتێک ساز دەبێ کە لە ئاستی ئەندامانی دیکەی ئێتنیک دا بڵاو بێتەوە. جۆری سێیەم لەمەڕ دۆخێکە کە ئاگایی لە هیچ کام لەو دوو ئاستە دا نەبێ.لە ڕوانگەی سمیتەوە لەو ئاستەدا ئێتنیک تەنیا مەقوولەیەکی ئێتنیکی یە ( Ethnic Category)، بەو مانایە کە ئێتنیک یان ئاگایی نییە سەبارەت بە ناسێنەی گشتی خۆی و هەستی پێ ناکا یان تەنیا تەسەورێکی کزی لێی هەیە. لەو حاڵەتە دا ئێنیک زیاتر لە ڕوانگەی بێگانانەوە هەبوونێکی کۆنکرێت و دیارییە. (Smith: ٢٠)
١٩١.
Kendal: ١٩٧٨: ٢٥
١٩٢.
Nebez ١٩٨٥: ٢٧
١٩٣.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٢٥٣
١٩٤.
Bruinessen ١٩٩٤: ٣، ٢٠
١٩٥.هەمان جێ: ٩
١٩٦. هەمانجێ ٢٠١٦: ٧، ١٠
١٩٧.
Moradi: ٦٣، ١٦٣،  ١٦٨
١٩٨.
Hassanpour ١٩٩٢: ٦٢؛ ٢٠٠٣: ٥٦. بە ڕواڵەت حەسەنپوور دواتر لە گەنگەشەیەک دا کە لە نێوان ئەو و عەبباس وەلی دا هەبووە، لە ڕوانگەی وەلی لەوبارەیەوە نزیک بووەوە. ئەمن لەو پێوەندییە دا هێشتا بەڵگەیەکم نەدیوە.
١٩٩. هەمان جێ ٢٠٠٣: ١٣٨
٢٠٠. بەدەڵ: ٦٢}
٢٠١.
Nebez ١٩٨٥: ٥، ١٠٩
٢٠٢.قاسملوو ١٣٩٢ ئەلف: ٨٣، ٩١
٢٠٣.
Hassanpour ٢٠٠٣: ١٥٦
٢٠٤.سەجادی: ١٤٧
٢٠٥.
Vali  ٢٠٠٣: ٥٩، ٧٥
٢٠٦. بڕوانە: وتوێژی وی لەگەڵ " ڕۆژپڕێس" ١٦/ ١١/ ٢٠١٠
٢٠٧.
Vali ٢٠١١: ١١٤
٢٠٨. هەمان جێ ٢٠١١: ١١٤
٢٠٩. هەمان جێ
٢١٠. هەمان جێ: ٣٠، ٦٣. خیلاف سەبارەت بە مێژووی پەیدا بوونی میللەتی کورد لە خیلاف سەبارەت بە مێژووی پەیدا بوونی ناسیۆنالیسمی کوردیش دا دەبیندرێ. ماکسوێل لیستەیەک لەو خیلافانە لێک دەداتەوە. بۆ وێنە لە حاڵێک دا کە بۆ نەبی (
Nabi) جمهووری مەهاباد هەوەڵین شکڵی وەدیهاتنی ناسیۆنالیسمی کورد بوو لە ڕوانگەی شێخولئیسلامی (Sheikholeslami) یەوە لە ساڵانی دەیەی ٦٠ لە عێڕاق، لە دوایە لە ئێران و لە ساڵانی دەیەی ٨٠کان لە تورکیا پێک هات. ڕوویەکی دیکەی ئەو خیلافانەی کە ماکسوێل لێکیان دەداتەوە لەمەڕ قۆناغ ناسی ناسیۆنالیسمی کوردی یە. بڕوانە: Maxwell: ٢٠١٥
٢١١.
Vali ٢٠١١: ١٢٧
٢١٢. هەمان جێ: ٨٦. تەنیا کاتێک دەکرێ خاوەنموڵکان و سەرۆک عەشیرەتەکان لە نەتەوەی کورد دەربهاوێژرێن و لەهەمان حاڵ دا بە ئەویدی بوونی ئەوان بە نیسبەت ئێتنیکەکانی دیکە بناسێندرێن کە ئەندام بوونی ئەوان لە ئێتنیکی کوردی دا بپەرژێنی.
٢١٣.هەمان جێ: ٨٨
٢١٤.هەمان جی: ٩٩
٢١٥.هەمان جێ: ١٠٥
٢١٦. هەمان جی: ١٠٨
٢١٧.هەمان جێ: ٩٥، ١٢٩
٢١٨.
Vali٢٠٠٣: ٦٨
٢١٩. هەمان جێ: لاپەڕەی ٥، ٩٠
٢٢٠. کووهی ئەو چەمکە لە گڕامشی قەرز دەکا
٢٢١.هەمان جێ: ٢٠، ٩٠، ١٢٣، ٢٠١، ١٧٣
٢٢٢.هەمان جێ: ٨٣، ٩٨
٢٢٣.هەمان جێ: ١٩٧
٢٢٤.کۆچێرا: ٢١، ٦٥
٢٢٥.
Chaliand: ٧٣
٢٢٦:
Bruinessen ٢٠٠٠: ٥٣
٢٢٧. جەلایی پوور: ٨٠، ٨٧