خوێندنەوەیەک بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک و ئەنجامەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . نووسینی: سومیە رۆستەمپوور
نقد اقتصاد سیاسی
خوێندنەوەیەک بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی
پ.ک.ک و ئەنجامەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
نووسینی: سومیە رۆستەمپوور
١٣ / ٧ / ٢٠٢٥
پارتیی کرێکارانی کوردستان (پ. ک.ک ) لە ١٢ی مەی ٢٠٢٥، پاش
زیاتر لە چوار دەیە خەباتی چەکدارانە بە دژی دەوڵەتی تورکیا، هەڵوەشاندنەوەی خۆی
راگەیاند. ئەم بڕیارە لە دوای بانگەوازی عەبدوڵا ئوێجاڵان، ڕێبەری زیندانیکراوی
پ.ک.ک، بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە وەرگیرا. هێزەکانی پ.ک.ک لە
١١ی ژوییە، لە ڕێورسمێکی ڕەمزیدا چەکدانانی خۆیان ڕاگەیاند. ئێستا ئەم
پرسیارە گرینگە سەرهەڵدەدا: ئەم گۆڕانکارییە بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە کوردەکان و بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست چ واتایەکی دەبێ؟
سەرەتا
کۆمەڵێک لە هێزەکانی پ.ک.ک لە ١١ی ژووییەی
٢٠٢٥ بە شێوەیەکی ڕەمزی لە ئەشکەوتی جاسنە، کە لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراق
هەڵکەوتووە، چەکەکانیان دانا و لە ئاگردا سوتاندیانن. ئەم شوێنە لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە
گرینگییەکی تایبەتی هەیە: لە ساڵی ١٩٢٣، لە کاتی هێرشە کۆلۆنیالیستییەکانی
بریتانیا، ئەشکەوتی جاسنە پەناگە و بنکەی فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری بوو. لە
هەمان ساڵدا، ئەم ئەشکەوتە بوو بە شوێنی چاپکردنی نهێنی یەکەمین رۆژنامەی
شۆڕشگێڕانەی کوردی بە ناوی بانگی حەق (
هاواری ڕاستی )، ڕۆژنامەیەک کە بە هیمەتی ڕۆژنامەنووسی کورد ئەحمەد خواجە
دامەزرابوو. ئەم کردەوەیە،
بەرگریی دژی کۆلۆنیالیستی،
خەباتی سیاسی، و رۆژنامەگەریی نهێنی بە شێوەیەکی مانادار بەیەکەوە گرێ دا. ئێستا، سەدەیەک دوای
ئەوە، چەک داماڵین
لەم شوێنەدا نەک وەک تەسلیمیەت، بەڵکو بەیانێکی سیاسییە کە لە تان و پۆی زەماندا دەنگدەداتەوە.
ئەم کردەوەیە
سنوورێک لە نێوان رابردوو و هەنووکە
دا دەکێشێتەوە و وەک ستراتیژییەکی سیاسی بیرەوەریی مێژوویی قاو دەکا. هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسنە
لەلایەن ئەم هێزانەوە ئەم پەیامە
وەبیر دێنێتەوە: شۆڕشەکان لەوانەیە شێوەیان بگۆڕێ، بەڵام
رەگەکانیان قووڵە و دەمێننەوە.
لەو شوێنەی کە ئیمپراتۆری
داوای وسکوت بوونی دەکرد، دەنگی کوردەکان راستییەکانی بڵاوکردەوە؛ و ئێستاش کە چەکەکان بەلاوە دەنرێن، لەوانەیە خەباتی نوێ هەر لە دڵی هەمان خاکەوە سەرهەڵبدەن، خەباتی ئەوتۆی کەڕیشەیان لە رابردوودایە، بەڵام ئاسۆی نوێی خەیاڵی سیاسی دەیان خەمڵێنێ.
ئەشکەوتی جاسنە، شوێنی چەکدانانی ڕەمزیی پ.ک.ک ١١-ی ژوییەی ٢٠٢٥
ئەم کردەوەیە لە ژێر ڕووناکایی گۆڕانکارییەکانی ئەم
دواییەدا مانایەکی فراوانتر وەردەگرێ. تەنیا دوو رۆژ پێش ئەوە، عەبدوڵا ئوێجاڵان، ڕێبەری ئەفسانەیی پارتیی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک )، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا
(یەکەمین پەیامی ئەو
لە ساڵی ١٩٩٩ەوە) جارێکی دیکە دەرکەوت و داوای کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد
و جەختی کردەوە
لە پێویستی گۆڕان بەرەو
سیاسەتی دێمۆکراتیک.
ئەم ساتە نەک تەنیا
شایستەی گەورە کردنەوە نییە،
بەڵکو پێویستی بە لێکدانەوە هەیە: بزووتنەوەیەکی پارتیزانی کە رۆژگارێک هاوتای
بەرگری چەکدارانە
بوو، چۆن دەتوانێ بە
رێگەی کردەوە ڕەمزییەکانەوە
گۆڕانکاری سیاسی نیشان بدا؟
بۆ تێگەیشتن لە
خۆهەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک،
پێویستە بناغەی کۆمەڵایەتی فراوانی ئەم بزووتنەوەیە لەبەرچاوبگیرێ؛ بناغەیەک کە
دەیان ملیۆن کەس لەخۆدەگرێ.بزووتنەوەی کوردی لە تورکیا لە زەمانی زیندانیکرانی ئوێجاڵان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە
خەباتی پارتیزانی
خۆی تێپەڕاندووە و بووەتە پرۆژەیەکی سیاسی و ئاڵۆز کە ڕەگئاژۆی کردووە بۆ
کۆمەڵگەی شارنشین
و گوندنشین، سێکولار و ئایینی، کوردی و ناکوردی، ئەگەرچى چینی کرێکار هێشتا
ناوەندی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە پێکدەهێنێ. ئەم بزووتنەوە ئێستا لە قالبی ستروکتوورێکی پێکهاتەیی دا چالاکی دەکا کە
لکە
چەکدارییەکەی
لە چیاکانی قەندیل
لەگەڵ تۆڕێکی فراوانی دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکان لێک دەبەستێ؛ لە یەکێتییەکرێکارییەکان، شارەدارییەکان، پارتییە یاساییەکان، رێکخراوەکانی
ژنان، میدیاکانەوە بگرە، تا پلاتفۆرمەکانی هاوپشتی ئەوپەڕ سنووری. شێوازی کردەوە سیاسییەکەی هەم ناوخۆیی و هەم دەرەوەی سنووری یە،
یاسایی و نهێنی، نیزامی
و بە
قووڵی ئەکتی
کۆمەڵایەتییە. دەرکەوتن و پەرەگرتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانی کورد لەو ناوە دا یەکێک لە گۆڕانکارییە بنچینەییەکان بووە کە ڕزگاریی جێندری وەک مەکۆیەکی ڕەمزی و ستراتیژی خستووەتە ناوەندی چالاکییەکانی.
پرۆژەی رۆژئاوا و دەوری
لە زێدەی
بزووتنەوەی ژنان لە نامەکانی ئوێجاڵان
دا بەردەوام وەک گرینگترین دەسکەوتەکانی
هاوچەرخی پ.ک.ک زەق کراونەتەوە.
پ.ک.ک پاش بەڕێوەبردنی دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی، لە
گۆڕانکارییەکی بڕیاردەرانە دا
بۆ ئاسۆی سیاسی کوردەکان، هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند. ئەم بڕیارە لە دوای
زنجیرەیەک گفتوگۆ وەرگیرا کە لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ەوە دەستیپێکردبوو؛ گفتوگۆی ئەوتۆ کە بە بەشداری عەبدوڵا ئوێجاڵان (لە رێگەی برازاکەی و شاندێک لە پارتیی یەکسانی و دێمۆکڕاسی گەلان) و وەک وڵامێک بۆ قسەکانی
دەوڵەت باغچەلی، ڕێبەری پارتیی حەڕەکەتی میللی. یەکێک لە
پارتیە
توندڕەوە نەتەوەپەرستەکانی تورکیا، پێکهات. ئوێجاڵان جەختی کرد لە سەر پێویستی گواستنەوەی دۆزی کورد لە بەستێنی خەباتی چەکدارییەوە بۆ بواری سیاسەتی دێمۆکڕاتیک و ڕاگەیاند کە ئەگەر هەلومەرجی پێویست ئامادە بکرێ، توانایی بەڕێوەبردنی ئەم تێپەڕینە مێژووییەی هەیە. لە وڵامی
ئەم گۆڕانکارییانەدا،پ.ک.ک
ڕاوێژە
ناوخۆییەکانی خۆی دەستپێکرد و ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەیەک بە سەرپەرشتی
ئوێجاڵان ڕاگەیاند. عەبدوڵا ئوێجاڵان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا
بەیاننامەیەکی فەرمی و مێژوویی بە ناوی «بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دێمۆکڕاتیک» بڵاوکردەوە و داوای
لە پ.ک.ک
کرد کۆتایی بە چالاکییە
چەکدارییەکانی بهێنێ
و بەرپرسیارێتی گەیشتن بە چارەسەرێکی هێمنانە وەئەستۆ بگرێ. پ.ک.ک لە وڵامی ئەم
بانگەوازەدا لە هەوەڵی مانگی
مارس دا ئاگربەستێکی یەکلایەنەی راگەیاند. پاشان،
دوازدەهەمین کۆنگرەی ئەم رێکخراوە بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک و کۆتاییهێنان بە خەباتی
چەکداری بە شێوەی فەرمی لەلایەن سەرکردایەتی پەکەکە و پارتیی ژنانی ئازادی کوردستان (پاژک) پەسند کرا. [١]
ئاسۆی ستڕاتێژیکی ئوێجاڵان لە ژمارەی مانگی مەی ٢٠٢٥ ( ژمارە ٥٢١)ی بڵاوکراوەی سەرخۆبوون ئۆرگانی فەرمی مانگانەی پ .ک.ک ، بە شێوەیەکی تەواوتر
شیکرایەوە. ئەم ژمارە کۆتاییە سەرجەم بەڵگەنامەیەکی ٢٠ لاپەڕەیی تێدابوو کە ئوێجاڵان پێشکێشی کۆنگرەکەی کردبوو، لەگەڵ نامەیەکی
چوار خاڵی بۆ نوێنەران، کە تێیدا
چوارچێوەی سیاسی تێپەڕین بۆ قۆناغێکی ئاشتیانە و دێمۆکڕاتیکی لە بزووتنەوەی کوردیدا گەڵاڵە دەکرد. ئەم بڵاوکراوەیە لەگەڵ راگەیاندنی
کۆتاییهێنان بە ٤٤ ساڵ چالاکی بەردەوامی خۆی، بەمشێوەیە نووسی: "هەموو شت بۆ دەستپێکردنێکی
نوێ و بەهێز ئامادەیە."
عەبدوڵڵا
ئوێجاڵان لە
نامەیەکدا بە بەرواری ٢٧ی ئاوریل،
ئاسۆیەکی
گۆڕانکار بۆ سەردەمی دوای پەکەکە دەکێشێتەوە کە لەسەر بنەمای نەتەوەی دێمۆکڕاتیک، ئابووری
کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و مۆدێرنیتەی
دێمۆکڕاتیک وەک
جێگرەوەیەک بۆ دەوڵەت-نەتەوەی سەرمایەداری و سۆسیالیزمی هەیی. ئەو کۆمەڵگەی دێمۆکراتیکی وەک بەرنامەی سیاسی
سەردەمی نوێ پێشنیار
دەکا؛ بەرنامەیەک کە ئامانجی نە بەدەستەوە
گرتنی دەوڵەت، بەڵکو دروستکردنی پێکهاتەکانی خۆ بەڕێوەبەری و بنچینەی خەڵکی
وەک کۆمونەکانە. لەم چوارچێوەیەدا، چەمکەکانی وەک سۆسیالیزمی دێمۆکڕاتیک، کۆمونالیزم و
کۆنفیدرالیزمی هەرێمی، بوون بە بنەماکانی سەرەکی پڕۆژەی ڕزگاری کوردستان و گۆڕانکارییە
هەرێمییەکانی
بەرفراوانتر. ئوێجاڵان
ئەم ڕەوتە وەک شێوەیەکی نوێی نێونەتەوەیەتیی
بە ناو دەکا
و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکا بۆ جێبەجێکردنی ئەمە بەرپرسیار بن، و بە ڕوونی
دەڵێ سەرکەوتن
لە کوردستاندا دەتوانێ کاریگەرییەکی زنجیرەیی لە سەر تورکیا، سوریا، عێراق و
ئێراندا هەبێ. [٢]
دەقەکانی ئەم ژمارەیە، لە نێویاندا وتارەکان، بڕیارنامەکان و بەڵگەنامەکانی کۆنگرە،
نیشاندەری هەوڵێکن بۆ دووبارە دیاریکردنەوەی ئاسۆی ستراتێژی بزووتنەوەکە.
داواکاری
ئەو دواییانەی ئۆێجاڵان بۆ هەڵوەشاندنەوە بێ پێشینەی نییە، چونکە پ.ک.ک لە ڕابردووشدا چەندین جار لە نێوان
خەباتی چەکدارانە
و موزاکەرە دا
خولاوەتەوە.
بەڵام، ئەم ساتە وەرچەرخانێکی ئایدیۆلۆژیکی قووڵتر دەردەخا: ئەم بزووتنەوەیە لە
ساڵی ٢٠٠٤ەوە لەسەر تەوەرەی
"کۆنفیدرالیزمی
دێمۆکراتیک"
خۆی ساز داوەتەوە،
لە رێگەی یەکێتی کۆمەڵگە
کانی کوردستان (ک .ج.ک) کە چوارچێوەیەکی چەترییە
کە پ.ک.ک ش
لەخۆدەگرێ. بەڵام، لە پلانی ئێستای هەڵوەشاندنەوەدا، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش چ باسی ک.ج.ک نییە.
هەروەها چەمکی "هەڵوەشاندنەوە" هێشتا نادیارە.
ئایا ئەمە بە واتای کۆتایی ڕاستەقینەی پ.ک.ک دێ، یان تەنیا ساز دانەوەی ناو و
ناسنامەیەک، یان گۆڕانکارییەکی تاکتیکی لە رێگەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی گونجانەوەی
سیاسی یە؟ گرینگتر لەوە، هەڵوەشاندنی
پێکهاتەیەک کە لە مێژوودا سنووری نێوان خەباتی چەکداری و وەگەڕخستنی جەماوەری نەهێشتووە،
بۆ خەباتی
دژی-دەوڵەتی
و دژی-کۆلۆنیالیزم
لە هەرێمەکەدا چ جۆرە ئاکامی دەبێ؟
تەنانەت لە ناوخۆی پارتیی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک)دا، تێگەیشتن و لێکدانەوەکان
جیاوازن. زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پێوەندییەکانی
دەرەوەی یەکێتیی کۆمەڵگەکانی کوردستان (KCK) لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تێلێفیزیۆنی ستێرک ڕایگەیاند کە
ئەم بڕیارنامانە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری دەکەن، نەک چەک داماڵین
و بە لەبەرچاوگرتنی
کەمتر لە سەد
میتری
نێوان سەربازانی تورک و
گەریلاکان و بەردەوامی پێکهەڵپڕژانەکان،
ئەگەری جێبەجێکردنی ئەمەی بردە
ژێر پرسیار.
هێندێکان لەگەڵ ئەم بۆچوونە نین. ئەمیر کەریمی، ئەندامێکی
دیاری پژاک،
جەختی کردەوە: "ئەوانەی
کە زۆرترین خەباتیان کردووە و زۆرترین ئازاریان چەشتووە، زۆرترین مافیان هەیە کە سەبارەت بە ئاشتی قسە بکەن." لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی پارلمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش، ئەم پرۆسەیە وەک
بەشێک لە هەوڵێکی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پڕۆژەی جیاوازیخوازی ئیمپریالیستی وەسف
کرد.
"عێراق و سووریا پارچەپارچە بوون، لوبنان بووەتە
وڵاتێکی نەگونجاو بۆ بەڕێوەبردن. لیبی، سوودان و سۆماڵی لە بەریەک هەڵوەشاون. ئەم وڵاتانە بوونەتە
مەیدانی شەڕی ئەوتۆ کە ئاگریان لە رێگەی کەلێنە قەبیلەیی، ئێتنیکی و ئایینیەکانەوە
هەڵگیرساوە، و هێندێکیان لە رێگەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە لەناوچوون. ئێمە
دەمانتوانی وەک "گای زەرد" [٣] بە بێدەنگی چاوەڕوان بین تا نۆرەی
پارچەبوونمان بێ، یان دەمانتوانی، تورک، کورد و ئەوانی دیکە، پێکەوە یەک بگرین و
ئەم پلانە ئیمپریالیستییە پووچەڵ کەینەوە. ئێمە ڕێبازی دووهەممان هەڵبژاردووە و
بڕیارمان داوە پێکەوە بەرەوپێش بچین."
تەبیعی یە، ئەم بانگەوازە بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێن، گومان و کاردانەوەی
جۆراوجۆر لە نێو تێکۆشەرانی کورد دا، و لە نێوان دیاسپۆرا دا بە شێوەیەکی زۆر
زیاتر لە چالاکوانانی کوردستان. لێرەدا، ئامانجمان ئەوەیە بە رێگای شیکردنەوەی
مێژووی گۆڕانکارییەکانی پ.ک.ک لە پێوەندی لەگەڵ پڕۆسە ئاشتییەکان، ئەم پرسیارانە
لێکاڵا کەینەوە و ئاکامە بەربڵاوترەکانی هەڵوشانی موحتەمەلی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ
بزووتنەوە دژی دەوڵەت، دژی سەرمایەداری و
دژەکۆلۆنیالیستییەکانی سەردەمی ئێستادا
تاوتوێ بکەین.
سەرەتا، چاوێک دەخشێنین بە چلۆنایەتی دروستبوونی توندوتیژی شۆڕشگێڕانە لە هەناوی
خەباتی چەکدارانە و بزووتنەوەی کورد دا و شێوەی تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵێک ئەزموونی
سەرنەکەوتووی ئاشتی کە زۆر جار بوونەتە هۆی هەڵسووڕانی نوێی شەڕ.دواتر، پرسیاری
سەرەکی تاوتوێ دەکەین: بۆچی پ.ک.ک ڕووی لە چەکدانانی یەکلایەنە کرد؟ ئەم بڕیارە
لە بەستێنی دینامیکی سیاسی لە ئاستی هەرێمی، نەتەوەیی و جیهانی شی دەکەینەوە. لە
درێژەدا، مەترسییەکان، نادیارییەکان و پێوەرە ستراتیژییەکان کە پێوەندیان بەم
بابەتەوە هەن تاوتوێ دەکەین، و لە کۆتاییدا، لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی جێندر، رۆڵی
بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کورد لە دیاریکردنی سنوورەکان و ئەگەرەکانی ئەم پرۆسەیە
زەق دەکەینەوە.
ئازاری کوردی
لە بەرامبەر توندوتیژی دەوڵەتی و دۆخی بێدەوڵەتی
هەر وەک پ.ک.ک لە ١٢ی مەی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند:
"پ.ک.ک وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە
لە وڵامی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە نەتەوەی کورد، کە لە پەیمانی لۆزان و
قانوونی بنەڕەتی تورکیا ساڵی ١٩٢٤دا جێگیر کرابوو، پێکهات."
کوردەکان کە پێشتر وەک "نەتەوە" لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەک دا بە
ڕەسمییەت ناسرا بوون، بوونە "کەمایەتییەکی ئێتنیکی" لە ناو دەوڵەتی
ئەوتۆی کە ئەوانیان سەرکوت، وەکخۆ لێکەر و فت کرد. سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی
کوردەکان نزیکەی ٤٠ میلیۆن کەسە - و ٢٠ لە سەدی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنن -
هێشتا گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانن کە لە بە ڕەسمی ناسرانی سیاسی و
کولتووری بێبەش ماونەتەوە.
سەرکوتی دەوڵەتی لە مێژووی کوردستاندا زۆربەی کات شێوەی جینۆساید یان نزیک لەوەی
پەیدا کردووە: لە عێراق، هەڵمەتی ئەنفال (١٩٨٧-١٩٨٨) بووە هۆی کوشتنی ١٨٠ هەزار
کورد کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە وەک جینۆساید ناسراوە؛ لە سووریا، سیاسەتەکانی
سڕینەوەی هاوڵاتیبوون لە ساڵانی ١٩٦٠دا دەیان هەزار کەسی، تەنیا بە تاوانی
کوردبوونیانەوە، لە هاووڵاتێتی بێ بەش
کرد؛ لە ئێران، هێرشە نیزامییەکان بۆ سەر شارەکانی کوردستان و چالاکانی سیاسی لە
چوارچێوەی "جیهادی خومەینی دژی کوردستان" دەستپێکی زنجیرەیەک لە
توندوتیژی بەردەوام بوو دژی کوردەکان لە سەردەمی پاش شۆڕشدا؛ و لە تورکیا، بۆ
ماوەیەکی زۆر تەنانەت وشەی "کورد" و "کوردستان" قەدەغە بوون و
کوردەکان بە "تورکانی شاخاوی" ناو دەبران. شەڕی نێوان پ.ک.ک و ئەڕتەشی
تورکیا بە تەنیا زیاتر لە ٤٠ هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە و لە چوارچێوەیەکی
فراوانتری کێشە کوردییەکان دا، لە ساڵانی ١٩٦٠ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس
گیانیان لەدەست داوە.
لەم ناوە دا، کۆماری تورکیا لەسەر بناغەی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و نکۆڵیکردن لە
ناسێنەی کوردی دروست بوو، دوو پرۆسەی کە لەخزمەت بەرەو پێشبردنی پرۆژەی
نەتەوەپەرستانە و وەکخۆلێکەر دا بوون. پ.ک.ک لە ساڵانی ١٩٧٠دا وەک وڵامێکی
ڕاستەوخۆ بەم نێزامی دەرکردنە و ئەم شێوەی ڕەگەزپەرستییە دژی ناتۆرکە پەیدابوو.
ئەم بەرگرییە تەنیا بەرگری نیزامی نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا کولتووری و سیاسیش
بوو، هەر وەک سوێندی پارڵمانی لەیلا زانا لە ساڵی ١٩٩١ شاییدی دەدا: «ئەم سوێندە
بە ناوی برایەتی نەتەوەکانی تورک و کورد دەخۆم»، کە بە زمانی کوردی دەریبڕی و لە بەر ئەمە - کە ناوەرۆکەکەی هاوپێوەندیی
نێوان کورد و تورک و هاو چارەنووسییان بوو - دە ساڵی لە زیندانەکانی تورکیادا
بەسەربرد.
ئیمپریالیزمی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لەگەڵ فراوانبوونی
نوێ-ئیمپریالیستی هەرێمی لێک بەستووە. ئانکارا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە میلیشیا ئیسلامییە
پڕۆکسییەکان، وەک "ئەڕتەشی نەتەوەیی سووریا (SNA)"، لە سەرانسەری باکووری سووریا
(عەفرین، ئەلباب، ئەعزاز، جەرابلوس، ئیدلب) بەکارهێناوە. ئەم هێزانە رێگە بە
تورکیا دەدەن کە شەڕبەڕێتە دەرەوەی سنوورەکانی، لە کاتێکدا لە هەمان کاتدا
پرۆژەیەکی نوێ- عوسمانێتی کە لەوانە عەرەبسازی زۆرەملێ، ئیسلامی کردن و ئەندازیاری
پێکهاتەی دانیشتووان لەخۆدەگرێ بەرەو پێش
دەبا. بە بەڵێنی مووچەی تا ٢٥٠٠ دۆلار، ئەو گەنجانەی کە تەنیا بە چەند دە دۆلار لە
مانگدا بەڕێ دەچن، رادەکێشێ و بەم شێوەیە شەڕ بووەتە شێوەیەکی نوێی پیشەی ناجێگیر
کە دەتوانێ پیاوانی چینە کرێکارە
شەڕلێدراوەکان بەرەو لای خۆی راکێشێ.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ئۆپێراسیۆنە بەردەوامەکانی - "قەڵغانی فرات"،
"شاخەی زەیتوون"، و "کانیاوی ئاشتی" - دەستپێکردووە کە بووەتە
هۆی داگیرکردنی ناوچە کوردنشینەکان، گواستنەوەی دانیشتووان و ئەگەری تاڵان،
توندوتیژی فراوان و دووبارە ئەندازیاری ئیتنیکی-سیاسی. هێرشە هەواییەکان بۆ سەر
قەندیل و شنگال لە عێراقیش زیادی کردووە، بەبێ ئەوەی کاردانەوەیەکی جددی جیهانی بە
دوو دا هاتبێ. ئەم شێوەی شەڕە – تایبەتی کراو، ناجێگیر و ئەوپەڕ سنووری - بە
وڵاتانی دیکەشدا بڵاو بووەتەوە: لیبیا (٢٠١٩-٢٠٢٠)، ئازەربایجان (٢٠٢٠)، یەمەن،
نایجێریا و پاکستان. تۆڕەکانی میلیشیای پێوەندیدار بە رێکخراوی هەواڵگری تورکیا،
وەک تیپی سوڵتان موراد، لە گوندە کوردنشینەکانی وەک سێنارە لە نزیک شاری عەفرین
(یەکێک لە گرینگترین شارەکانی کوردستان لە رۆژئاوا کە لە ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیرکاری
تورکیادایە) ئۆپێراسیۆن دەکەن.
دەستدرێژی
تورکیا بۆ دەرەوەی
سنوورەکانی خۆشی
پەرەی سەندووە: لە ئورووپا، چالاکانی کورد لەژێر چاودێری هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی لێێ دەژین
یان تورکیا، یان لەژێر
هەڕەشەی گەڕاندنەوە یان کوشتن دا دەبن. کوشتنی
کەسایەتییە بەرچاوەکانی فێمێنیستی
کورد وەک سەکینە جانسز (لە پاریس)، هورین خەلەف (لە سوریا) و ناگیهان ئاکارسەل (لە
عێراق)، نیشانەی ستراتیژییەکی
جێندری بۆ لە ناوبردنی سەرکردایەتی
شۆڕشگێڕانە و خامۆشکردنی بزووتنەوەی فێمینیستی دەرەوەی سنووری کوردی
یە.
ئیمپریالیزمی تورکیا، بە
لێکبەستنی میلیشیایەتی ئیسلامی،
ئابووری شەڕی دەرەوەی
سنووری و حاکمییەتی لەتوکوت بوو،توندوتیژییەکی
بێسنوور دروست دەکا کە تێیدا
لۆژیکی بازاڕ پێش بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت دەکەوێ. ئەم توندوتیژییەی دەرەوەی سنووری، بیخوێننەوە شێوە ئەمپریالیستی، تەنیا درێژەی هێزی
دەوڵەتی نییە، بەڵکوو
یەکێک لە میکانیزمە سەرەکییەکانە لە پڕۆژەی ژێئۆپۆلیتیکی فراوانتری تورکیادا. ئەم دەستوەپێش خستنە پەلاماردەرانەیەی دەسەڵات
تەنیا
ئۆپۆرتونیستی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە پڕۆژەیەکی نوێ-عوسمانی و نوێ -کۆلۆنیالی کە بە دوای ناساندنەوەی نفووزی تورکیایە لە
خاکەکانی پێشووی ئیمپراتۆرییەکەیدا. لە چەقی ئەم ڕوانگەیە دا،
تێخستنی جوگرافیا و سەرچاوەکانی کوردستانە لە نەخشەی نوێی
بازرگانی جیهانی – دا
بە
تایبەتی لەڕێگەی «کۆڕیدۆری
نێوان» کە لە دواییدا باسی دەکەین – .
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم توندوتیژییەی بەرگرییە بە هەمان
ئاستی دەرەوەی سنوورییە
ورووژاوە. پ.ک.ک ىە شێوەیەکی ڕیشەیی دۆزی
کوردی بە سیاسی کردووە. کۆمەڵێکی بێدەوڵەتی کردووە بە سووژەیەکی سیاسی و
ڕێکخراو. ئەم پڕۆژەیە کە سەرکردایەتی ژنان تێیدا بەرچاو و
ڕاستەقینەیە، یەکێکە لە کەمە ڕوانگە شۆڕشگێڕەکانی هاوچەرخ کە دادپەروەری
کۆمەڵایەتی، پلورالیزم،
هاوژینی هێمنانەی
نەتەوەکان و کەمایەتییە دەپەراوێز خراوەکان، و
ڕەخنەی بنەڕەتی دەسەڵات لە ناوەندی هزری وەبەر دەگرێ، لەبەرامبەرمەیلە چەپەکانی
دەوڵەت-ناوەند، کەمپی یان نەتەوەپەرست – کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە لۆژیکی لە سەرەوە بۆ خوارەوە، نیزامی و پیاو مەزنی دەناسرێنەوە–
بزووتنەوەی کورد، بە تایبەتی لە وێنەی فێمینیستی خۆیدا، چەقی جووڵەی
سیاسەتی
لە پارادایمەکانی دەوڵەت-ناوەندەوە گواستوەتەوە بۆ شێوەکانی سیاسەتی جەماوەری،
ڕێکخراو، ناوچەیی و پەیوەست بە هاوپشتی لە خوارەوە. دروشمی مێژوویی پ.ک.ک، «ژن،
ژیان، ئازادی»، کە لە بەستێنی
دەیان ساڵ تێکۆشانی ژێردەستانە
پێکهاتووە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ەوە لەلایەن چالاکانی بەرز کرایەوە ، بەدەم ئاخێزی
ئێران لە ٢٠٢٢دا بوو بە هاوارێکی جیهانی. بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەم
بەرگرییەی کەم وێنە
و ئیلهامبەخشە
بەهۆی تێکۆشانی چەکدارییەوە مومکین بوو. و ئەمە هەر ئەو پرسی کلیلییە دێنێتە پێشەوە: بە ڕاگەیاندنی
هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک، چ
بە سەر ئاسۆی شۆڕشگێڕانەی کوردەکان دێ؟
ئاشتی وەک
ماسکێک بۆ شەڕ: خیانەتە بەردەوامەکانی دەوڵەتی لە بزووتنەوەی کوردی
هەرەسەکانی یەک لەدوای یەکی پرۆسەکانی ئاشتی لە کوردستان دا نەک بەهۆی کەمی پابەندبوونی
کوردەکان، بەڵکو بەهۆی دەستگێڕانەوەی
بناغەیی دەوڵەتەکانی ناوچە بووە لە بە ڕەسمی ناسینی مافی کوردەکان.
لە ئێران، گفتوگۆکانی وین لە ١٩٨٩دا بە کوشتنی عەبدولڕەحمان قاسملو، ڕێبەری کورد، و هاوڕێکانی کۆتایی
هات، ڕووداوێک کە لە ١٩٩٢ بە کوشتنی جێگرەوەکەی، سادق شەرەفکەندی، لە
بەرلین دووپاتە بووەوە.
لە عێراق، پێشێلکردنی پەیمانی خودمختاری ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن بەغدا دوا جار بە هەڵمەتی جینۆسایدی
ئەنفال کۆتایی هات.
تورکیاش هەمان ڕێگەی گرتەبەر. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی
بزووتنەوەی کوردی بۆ گفتوگۆ، سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە نێوان نمایشی کورت ماوەی
ئاشتی و سەرکوتی سیستماتیکدا خولاوەتەوە.
دەستپێشخەری ئاشتی سەرکۆمار تورگوت ئۆێزال لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠دا
بە مردنی گوماناوی ئەو کۆتایی هات، و دەیەی دواتر شەپۆلێک لە زەبروزەنگی توندی دەوڵەتی، لەوانە ئەشکەنجە، کۆچپێدانی زۆرەملێ و سەرکوتی کولتووری، بە دوو دا هات.
دەستگیرکردنی عەبدوڵا
ئوێجاڵان لە
١٩٩٩ خاڵێکی وەرچەرخان بوو لەو ڕێبازە دا :
ئەو پاش دەستگیرکردنەکەی ئاگربەستی
ڕاگەیاند و داوای هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک ی کرد. بەڵام وڵامی سزادەری دەوڵەت و بەردەوامی
سەرکوتەکان وەک وڵامێک بۆ بانگەوازی ڕێبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان،
پرۆسەکەی تێک دا
و بێ باوەڕیی
کوردەکانی بە دەوڵەت
قووڵتر کرد.
بزووتنەوەی کوردی سەرەڕای ئەم سەرکوتانە گۆڕانکارییەکانی
خۆی بەردەوام کرد. چەمکی کۆنفیدرالیزمی دێمۆکڕاتیک وەک پارادایمی نوێی ئەم پارتیە لە ٢٠٠٤دا ناسێندرا:
مۆدێلێک کە بەجێی ناسیۆنالیزم، پلورالیزمی سیاسی لە سەر بنەمای بەشداریی
گەلی دادەگرتەوە.
بەرگری چەکدارانە
بە تەنیشت
ستراتیژییەکانی یاسایی و سیاسی بەردەوام بوو و دواجار گەیشتە سەرکەوتنی
هەڵبژاردنی پارتیی
دێمۆکڕاتیکی
گەلان
(HDP). بەڵام لە هەمان کاتدا، هەوڵەکان بۆ ئاشتی
بەردەوام بوون، لە وانە
گفتوگۆکانی ئۆسلۆ (٢٠١١-٢٠٠٨)
[٤] و
پرۆسەی ئیمرالی (٢٠١٥-٢٠١٣)، کە هەردووکیان بەهۆی کردەوە نابەرپرسیارەکانی
دەوڵەتی تورکیاوە شکستیان هێنا. سەرەتا، ئاشکراکردنی گفتوگۆکان لە ٢٠٠٩ کاردانەوەی نەتەوەپەرستەکانی ورووژاند ؛
پاشان لە ٢٠١٥، سەرۆک کۆماری
ئەوکات، رەجەب تەییب ئەردوغان، یادداشتی
تفاهومی
دۆڵمەباخچەی
لە بەر
پێشکەوتنەکانی کوردەکان لە سوریا، بە تایبەتی سەرکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و
یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) لە
کۆبانی، رەتکردەوە. هەرەسی پرۆسەی ئاشتی شەپۆلێک لە سەرکوتی توندوتیژی بەدوای خۆی داهێنا کە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار
کەسی ئاوارە کرد و نزیکەی ١٧٠٠ کەسی بردە گەرووی مەرگەوە؛
لە هەمان کاتدا، تورکیا بوو بە یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی رۆژنامەنووسان لە جیهان دا. سەرکوتەکان بە شێوەیەک جێگەی
پرۆسەکانی ئاشتی گرتەوە کە لە ئووتی ٢٠١٦دا، ئەردوغان بە تەواوی نکووڵی دەکرد لە بوونی هەر
جۆرە گفتوگۆیەک. لەم رووەوە، ژێستەکانی
دەوڵەتی تورکیا بۆ ئاشتی، زۆرجار
سەرەتی دانی وی بە
ئۆپێراسیۆنە
نیزامییەکانی ئاشکرا کردووە، چ لە شێوەی شەڕدا بێ ، چ لە شێوەی کودەتادا.
ئەمینە ئۆجاک (Emine Ocak)
ئەمینە ئۆجاک
یەکێک لە کەسایەتییە ڕەمزییەکان و دایکانی پێشەنگی بزووتنەوەی "دایکانی شەممە" لە تورکیایە. ئەو دایکی حەسەن ئۆجاک، تێکۆشەری چەپە کە لە ١٩٩٥دا پاش دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بزر بوو و تەرمەکەی پاش چەندین هەفتە کە
نیشانەی ئەشکەنجەی لە سەر بوو لە گۆڕستانێکی بێناوونشان دۆزرایەوە.
خەباتی
چەکدارانە بۆ زۆرێک لە کوردەکان بووەتە پێویستییەکی وجوودی بۆ مانەوە؛ پێویستییەک کە
ڕاستەوخۆ لە هەناوی
ئەم ململاییە
نایەکسان و توندوتیژەی دەوڵەتی سەردەست لەگەڵ
هێزی شۆڕشگێڕی
نەتەوەی ژێرستەمدا سەری هەڵداوە و لەلایەن هێندێکانەوە وەک "شەڕ دژی ئاشتی" وەسف دەکرێ. پ.ک.ک، بە ئیلهام وەرگرتن
لە فرانتس فانۆن ، توندوتیژی شۆڕشگێڕانە، واتە خەباتی چەکدارانە ،
وەک بەرگری لەخۆی ستراتیژیکی دەناسێنێتەوە. هەرچەندە لە ناو
بزووتنەوەکەدا، هێندێک ڕەخنە
سەبارەت بە سیاسەتی ئەم پارتیە
لە ٢٠٢٥دا لەژێر ناوی ستراتێژی
شەڕی شاری و بەردەوامی نیزامێتی
سەری هەڵداوە، بەڵام پشتیوانی
لێکردنی فراوانی لە لایەن کۆمەڵگەی کوردیەوە
هێشتا بەردەوامە، پشتیوانییەک کە ڕیشەی
لە برینە مێژووییەکان و ناکامی ڕێبازە
سیاسییەکان دایە
کە گواستنەوە لە تێکۆشانی چەکداری دەکاتە خۆ لێ نەبوێر.
بەردەوامی وێناکردنی دەوڵەت لە ناسنامەی کوردی وەکوو هەڕەشە ئەم بنبەستە سیاسییەی پتەو
کردووە.
لە پاش نائومێدی بەکۆمەڵ بە دوای هێرشی نیزامی
تورکیا بۆ سەر شارەکانی کوردستان لە ٢٠١٥ و ئەو ئەمنیسازییەی کۆمەڵگە کە بە دوای ئەوە دا هات، لە مەیدانی سیاسی
کوردی ئێستادا، ئاسۆیەکی
لەم چەشنە و
بانگەوازێکی
لەم چەشنە زیاتر لە هەر
زەمانێکی تر وا دادەندرێ کە دەست پێی ڕانەگا.
بەڵام "هەر
شتێک کە سەخت و پتەوە، لە هەوادا بزر
دەبێ".
وەک عەدنان چەلیک، توێژەری کورد، و دەنگەکانی دیکەی ناو بزووتنەوە جەختیان
کردووەتەوە، پەیامی عەبدوڵا
ئوێجاڵان لە
دوازدەهەمین کۆنگرەی پ.ک.ک، هەرچەندە سەرسوڕهێنەر بوو، نیشانەی هەڵبڕانێکی قووڵ بوو: "بە پێچەوانەی بانگەوازی ئەو
لە ٢٠١٥ بۆ کرانەوەیەکی ذێمۆکڕاتیک، ڕاگەیاندنی ٢٠٢٥ کەمی
گەوهەری ئایدیۆلۆژیکی بانگەوازەکانی پێشووی تێدا بوو و هەر جۆرە ڕەخنەیەک بەرامبەر بە دەوڵەت-نەتەوە، سەرمایەداری
نیۆلیبەراڵ، کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی و بابمەزنی تێدا کەم بوو". هەرچەندە ئەو نەبوونییەی کە
لێکدەرەوان ئاماژەیان
پێکردووە، لە تێکستەکانی دواتریدا
کە لەلایەن ئەوەوە بڵاو کراونەتەوە
تا ڕادەیەک قەرەبوو کراوەتەوە،
بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە سەرەتاییەی
پ.ک.ک-ی وەک پارچەیەک لە پاشماوەی
شەڕی سارد، بێمەشروعیەتی ستراتێژیک یان ئایدیۆلۆژیکی وێنا دەکرد و داوای چەکدانانی بوو بەبێ بەدەستهێنانی هیچ
ئیمتیازی سیاسی یان بە ڕەسمی ناسینی
داواکارییە مێژووییەکانی کوردەکان. ئەم هەڵوێستە بە تایبەتی لە نامەی ٢٧ی ئاوریل دا تا ڕادەیەک چاک کرا: نامەیەک کە سەرنجێکی زۆر دەداتە سەر
مێژووی سەرکوتی کوردەکان لەلایەن دەوڵەتە هەرێمییەکان و میراتی بەرگری پ.ک.ک.
ئەم وەرسووڕانەی ئوێجاڵان، کە لە ئاستێکی بەربڵاو دا وەک جۆرێک لە تەسلیمی یەکلایەنە تێگەیشترا، لە
ناو بزووتنەوەکەدا بە سەرسوڕمان و شۆکەوە وەرگیرا و بەپێی گێڕانەوەی چەلیک،
لەلایەن زۆر کەسەوە وەک سووکایەتی
و لەبەر چاونەگرتنی
فیداکارییەکانی ڕابردوو تەماشا کرا. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بڕوای وی، لە جیات ئەوەی ئەم
گۆڕانە ببێتە هۆی هەرەس و پەرتەوازەیی
سیاسی بزووتنەوەی کوردستان، وڵامەکانی خێرای ڕێکخراوە لەوانە پێشنیاری بەستنی کۆنگرەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوە، و
هەروەها هەوڵێکی فراوان بۆ تێگەیشتن و پاراستنی میراتی ڕەخنەگرانەی بە دوا دا هات.
ئەم ساتە نیشانەی دووبارەسازکردنەوەیەکی ستراتێژیکی گەورەیە کە سەرنج لە
پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی بەرەو بەڕێوەبردنی میراتی خەباتکارانە، بیرەوەری بە کۆمەڵ و
تابهێنانی
سیاسی لە هەناوی
ڕوانگەیەکی
ژێئۆپۆلیتیکی کە خەریکی گۆڕانە دەدا.
ئێستا
هێشتا دۆزی
کوردەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک بە
چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.
ئاشتییەکی ڕاستەقینە تا ئەو کاتەی کە دەوڵەتی تورکیا لە نێوان بەڵێنە پووچەکانی
ئاشتی و سەرکوتی توندوتیژدا بخولێتەوە
مومکین نییە. لە
کاتێکدا کە دەوڵەت هێشتا چنگ
دەبا بۆ ئولگووە نەتەوە پەرەستییەکان، بزووتنەوەی کوردی
لە حاڵی خۆگونجاندنە لەگەڵ بارودۆخە لە گۆڕان هاتووەکان. خولانەوە لە ناو سەرهەڵدان و خەیاڵ، بیروەری و
بەرخوەدان.
ئەم تەنگژەییەی نێوان نکووڵیکردنی دەوڵەت و خۆڕاگری کوردەکان لە وتارە مێژووییەکەی رەجەب تەییب
ئەردوغان لە ١٢ی ژوییە دا،
کە دەستبەجێ پاش چەکدانانی
ڕەمزیی پ.ک.ک بوو، بە شێوەیەکی توند دەرکەوت.
ئەردوغان لەم وتارەدا بە فەرمی ددانی
بەوە دا هێنا کە
دەوڵەتی تورکیا کوشتاری بە
کۆمەڵی لە کوردەکان کردووە ئەوانی لە مافەکانیان بێ بەش کردووە و ئەو
توندوتیژییەی لە شوێنی وەک زیندانی
دیاربەکر بەڕێوە بردووە. ئەو ددانی پێدا هێنا کە
حاکمییەتی
تورکیا گوندەکانی کوردستانی
سوتاندووە، کەسانی نەناسراوی
تاوانبار کردووە، زمانی کوردی قەدەغە کردووە و دایکانیشی لە مافی قسەکردن لەگەڵ
منداڵەکانیان بە زمانی دایکی بێبەش کردووە. ئەم وتاردانە کە بە دوای چەکدانانی ڕەمزی دا
درا و جەختی دەکرد
لە سەر یەکگرتنی
تورکەکان، کوردەکان و عەرەبەکان، و
ئەوە نیشانەی گواستنەوەیە لە زمانی شەڕەوە بۆ زمانی
ئاشتیخوازانە،
بەڵام نەک
ئەو ئاشتییەی کە ئاشتی گشتی بە دوا دا بێ،
بەڵکو شانۆیەکی
نمایشیی کە
تێیدا دەوڵەتی تورکیا بە موسادەرە کردنی گێڕانەوەکانی
ڕابردوو و داهاتووی لە مەڕ شەڕی
نێوان دەوڵەتی تورکیا و کوردەکان، هێزی حاکمییەتی خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە؛
دەوڵەتێک کە خۆی بە تاقە مەرجەعی
بیرەوەری،
حەقیقەت و مەشروعیەتی مێژوویی دەناسێنی.
ئەم ساتە کە بە ڕواڵەت وەکوو خاڵی
کۆتایی پیشان درا. لە
ڕاستیدا پتەوکردنەوەی دووبارەی دەسەڵاتی دەوڵەت بوو. هەڵوەشاندنەوەی خەباتی چەکدارانەی کوردەکان هاوکات نەبووە لەگەڵ گۆڕانکاریی سیاسی ڕاستەقینە،
بەڵکو بە کۆنتڕۆڵی ڕەمزی
وڵام دراوەتەوە.
ئەوەی کە وەک ئاشتی دەردەکەوێ، لە ڕاستیدا دووبارەسازکردنەوەی سوڵتەی دەوڵەتییە لە تورکیا، و بەستێنچێکەری شێوەی نوێی کۆنتڕۆڵە لە کراسێک دا بە ناوی گەران بە دوای
ئاشتەوایی دا.و بەم هۆیەشەوەیە کە فەرماندەکانی پ.ک.ک لەو ڕۆژانەی ڕابردوو دا پاش وتارەکەی ئەردوغان و ئەنجامدانی هەوڵە
سەرەتاییەکان بۆ ئاشتی، ڕایان گەیاندووە
کە هەنگاوە پێویستەکان لە
پێناو ئاشتی لەلایەن بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانەوە نراوە و لەم قۆناغەدا بە مەندە بەس دەکەن چونکە ئێستا تۆپەکە لە زەوی دەوڵەتی تورکیادایە بۆ ئەوەی بەرعۆدەیی خۆی بە پڕۆسەی هەنووکە بە کردەوە
نیشان بدا.
بۆچی
خۆهەڵوەشاندنەوە؟
عەبدوڵا
ئوێجاڵان لە نامەیەکدا بە بەرواری ٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢٥، ئەو لۆژیکەی شڕۆڤە کردووە کە لە پشت
هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک)ە و ئەوە نەک وەکوو شکست بەڵکوو گۆڕانێکی بە ئانقەستی
پارادایمی دەناسێنێ. ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە، بە
پێچەوانەی خواستی دەوڵەتی تورکیا بۆ چەکدانانی دەستبەجێ، پێویستی بە ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیکی قووڵ، دووبارە
تێفکرینەوەی ناوخۆیی و گفتوگۆیەکی درێژخایەن بۆ دووبارە سازکردنەوەی کەسایەتی و مێنتاڵیتی هەیە. پ.ک.ک کە بە مەبەستی
هەژاندنی هۆشیاری نەتەوەیی کوردەکان و لە قاو دانی سەرکوتی سیستماتیک دامەزرا، ئێستا
چووەتە قۆناغێکەوە کە هەنگاوی دواتر لە پێناو ئازادی دا پێویستە لەسەر بنەمای دامەزراوە دێمۆکراتیکەکان، نوێبوونەوەی کولتووری و کۆموناڵیزم [٥] دروست ببێ ، ئەو گۆڕانکارییانەی کە
لەوانەیە ئیتر چ بڕ لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیەکی چەکدار و لرسەرە بەرەوخواری
وەک پ.ک.ک دا هەڵنەسووڕێ. پێویستە لەو چوارچێوەیە دا لە هەڵوەشاندنەوە
تێ بگەیشترێ: وەک کۆتایی دوندی هەڵپسانی هزر و بیری لە
مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە و میلیتاریزمی سەدەی بیستەم، مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای
توندوتیژی سیستماتیک داندرا بوو کە
ئێستا بە قسەی ئوێجاڵان
"هۆکاری
بوونی خۆی لەدەست داوە". ڕوانگەی ئوێجاڵان لە
کۆنفیدرالیزمی دێمۆکڕاتیک،
لەسەربنەمای
خودمختاری ناوچەیی،
یەکسانی جێندری و ئابووری ئیکۆلۆژیک، نیشانەی هەڵبڕانێکی لێبڕاوانەیە لە ئۆلگووە دەوڵەت تەوەرەکان و نیزامیچێتی و
هەنگاوێکە بەرەو پڕۆژەیەکی پاشدەوڵەتی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژیکیە نە لە پڕە و نە بێ کێشەیە. پ.ک.ک لە
ساڵانی ١٩٩٠ەوە لە ڕووبەڕوو هاتنی
هەرەسی سوسیالیزم و مەیلە
دەسەڵاتخوازەکانی زاتی لە
ئۆلگووکانی تەوەرە
– دەوڵەت تووشی گۆڕانکاری گەورەی ناوخۆیی هاتووە. مانەوەی ئەم بزووتنەوە
پەیوەستە بە توانای خۆ گونجاندن و بەرەنگاربوونەوەی ڕەخنەگرانە لەگەڵ ئەم
قەیرانانە؛ و ئەم ڕێبازە
دواجاربوو
بە بڕیاری کۆنگرەی دوازدەهەم بۆ قبووڵکردنی هەڵوەشاندنەوە نە وەک تەسلیمییەت، بەڵکو وەک دووبارە ئاراستە دیاریکردنی ڕادیکاڵانە.
لەم نامەیەدا جەخت کراوە کە ناتوانایی
بۆ لێکبەستنی
تەواوی پرێنسیپەکانی دێمۆکڕاتیک، فێمێنیستی و ژینگەپارێزی لە
دامەزراوەکانی ڕێکخراوەیی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا، ئەم ساتەی
گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست کردووە.
لە رووی ستراتیژییەوە، ئامادەیی سیاسی کوردەکان لە
سەرتاسەری
تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پتەو بووە، بە تایبەتی لەڕێگەی پێشەنگایەتی لە
پڕۆژەکانی ئازادیی
ژنان و دەستکەوتە سیاسییەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان دا. ئەم پێشکەوتنانە وێنەی
پ.ک.ک- یان تەنێ وەک
دامەزراوەیەکی هەر " تێڕۆریستی"
کە پێشتر لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بانگەشەی بۆ دەکرا، بەرپەرچ داوەتەوە. وتەی
ئەم دواییەی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی
کۆمار، مەهمەت ئوچوم، کە "کوردەکان بەشێکی بنەڕەتی لە نەتەوەی تورکیانە" نیشانەی جۆرێک تەنزیمکردنەوەی
ئایدیۆلۆژیکی لە ئاستی دەوڵەتیشدایە.
لە بارودۆخێکی
ئەوتۆ دا ، هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک دەکرێ وەک هەنگاوێکی تاکتیکی بۆ لابردنی بەرهەڵستەکان لە سەر
رێگەی بە ڕەسمییەت ناسین لەلایەن
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تەماشا بکرێ،
بە تایبەتی لەمەڕ بە ڕەسمییەت ناسینی حاکمیەتی کوردەکان
لە ڕۆژئاوا، شوێنێک کە مۆری
"تیرۆریستی" هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ
ڕەوابوونی هێرشە نیزامییەکانی تورکیا
بۆ سەر ئەم ناوچەیە و کوشتنی سیستماتیکی چالاکان و سەرکردەکانی بەکار هاتووە. لەم
مانایەدا، مەبەست لە چەکدانان،
زیاتر لە هەر شتێک، پاراستنی ڕۆژئاوا وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و خودمختار ودەستەبەر کردنی مانەوەی و مەشڕووعیەت پەیدا کردنێتی لە ئاستی هەرێمی و نێونەتەوەیی دا.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری ئەوە هەیە بەم زووانە دیدارێک
لە نێوان عەبدوڵا ئوێجاڵان و مەسعود بارزانی (رێبەری لەمێژینەی پارتیی دێمۆکڕاتی
کوردستان لە هەرێمی کوردستانی عێراق)بکرێ، گۆڕانکارییەک کە پێش هەر شتێک، گریمانەی دروستبوونی یەکێتییەکی ناوچەیی کوردەکان بەهێز دەکا؛ یەکێتییەک کە پێشتر بە سەختی بە زەین دا دەهات و
مەبەست لێی پتەوکردنی سەقامگیریی ڕۆژئاوا لە ناو ژێئۆپۆلیتیکی هەنووکە دایە.
لەبەرچاومان بێ کە سەرەڕای ئەو دەستکەوتە دیپلۆماتییەکانەی کە بە هۆی دەوری هێزە کوردییەکان لە خەبات بە دژی داعش دا بەدەست هاتوون، پشتیوانی نێونەتەوەیی هێشتا ناجێگیر و پڕ لە
ناکۆکی ماوەتەوە. بانگەوازی ئوێجاڵان
بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئارەزوومەندانە دەکرێ وەک ستراتێژییەکی پێشگێڕەوە بۆ ڕێگەگرتن لە شکستی تەواو لە ناو ئیزۆلە بوونی لە زێدەی نیزامی وەحیساب بێ. فشارە
نیزامییە لە زێدەکانی
تورکیا، چ لە ئۆپێراسیۆنە
دەرەوە سنوورییەکان،
شەڕی درۆن ،
یان چاوەدێری
هەواڵگری، لە سەردەمی
هەرەسی پرۆسەی ئاشتی لە ٢٠١٥ەوە، بە کردەوە چالاکی پ.ک.ک-ی بە چیاکانی قەندیل سنووردار کردووە و
توانایی وی
لە ناو تورکیا دا
لاواز کردووە. تەنانەت دوازدەهەمین کۆنگرەی پ.ک.ک کە بەم دواییانە بەسترا، زیاتر لە بەر کەمی
ئەمنی و فشارە نیزامییەکانی
تورکیاوە، دوازدە ساڵ پاش کۆنگرەی یازدەهەم پێک هات. پ.ک.ک لە نامەیەکدا کە لە
٤ی مەی دا
بڵاو کراوەتەوە و ڕووەو
خەڵک و چالاکانی بزووتنەوە نووسراوە ، ئاماژەی بەم بابەتە کردووە:
"چاوخشاندنەوەیەکی دووبارە بە
دوو دەیەی ڕابردوو ئەم خاڵانەی
خوارەوە ئاشکرا دەکا: سەرەڕای ئەوەی کە پارادایمی نوێ بە
مەبەستی قووڵکردنەوەی پێوەندی
لەگەڵ کۆمەڵگە گەڵاڵە کرابوو،
لە کردەوە دا ئەوە کادرەکان
بوون کە زیاتر لە هەموان لە کۆمەڵگە دوور کەوتنەوە، لە هەلومەرجێک دا کە تەواوی
بزووتنەوە بەرەو پاککردنەوەی
تاوان لە خۆی ( بە دژی شەقڵی تێڕۆریسم) دەجووڵا. لە کاتێکدا
کە مەبەست ئەوە بوو کە دامەزراوەکان بەهێزتربن و شێوەی ژیانی پێکەوەیی و
سوسیالیستی بە خۆدا بین،
ئەوەی کە بە کردەوە
ڕووی دا،بریتی بوو لە گەشەکردنی فەردییەت و مشە
خۆری (مصرفگەرایی). ئاشکرایە کە لە تەعامول لە تەک
جەماوەردا،
ئێمە لە پێشکێشکردنی
پەروەردەی پێویست و پتەوکردنی ڕێکخستن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەڕاستی دێموکراتیک سەرکەوتوو نەبووین.
لە بواری نیزامیش دا
نەمانتوانی پەروەردە و ڕێکخستنی کاریگەر بۆ بەرگری کۆمەڵایەتی لە خۆمان پەرەپێبدەین یان جێبەجێ بکەین. ئێمە لە چیاکاندا ماینەوە، لە ئاستی
یەکینەکانی پارتیزانی
کە لە کۆمەڵگە جیا بوون
و بە تەواوی لە ژێر گەمارۆد ابوون.
ئەم بارودۆخە نەک تەنیا
بووە هۆی زیادبوونی تەلافاتی مرۆیی، بەڵکو کاریگەری سیاسی و بانگەشەیی خەباتی چەکداریشمانی
لاواز کرد. وردە وردە،
توانای ئێمە بۆ شەڕی کاریگەر داكشا بۆ ناوچەیەکی
جوگرافیایی زۆر بەرتەنگ".
پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییەکان، بە تایبەتی لە بواری شەڕی ئالگۆریتمی و چاودێری دەستبەجێ، تاقکەوتوویی بزووتنەوەی کوردستانیان قووڵتر کردووەتەوە؛ چونکە وڵاتانی ئەندامی
ناتۆ لەو ساڵانەی دواییدا
سەرەتییان داوە بە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئانکاڕا. لە
هەمان کاتدا، خودمختاری کوردەکان لە سوریا لەگەڵ هەڕەشەی ناوەندچێتی ڕژێمی ئەو وڵاتەدا رووبەڕووە
و نفووزی تورکیا لە باکووری عێراق، بەپەسندی لاوەکی ناوخۆیی، روو لە زیادبوونە. ئەم
بارو دۆخانە
بوونەتە هۆی ئەوەی کە چەقی
تەوەرەی سیاسی پارتیی کرێکارانی کوردستان لە خەباتی چەکدارانەوە بەرەو پەیڕەوکردنی
مەشروعیەتی مەدەنی و دامەزراوەیی لە سەرتاسەر ناوچەی کوردی بچێ. ئەم جێگۆڕکێیە، جۆرێک چەکدانانی ڕەمزی و
گواستنەوەی ستراتێژیکی
پیشان دەدا کە تێیدا
خەباتی
کوردەکان بەرەو بواری
سیاسی و دەرەوەی سنووری دەگوێزرێتەوە؛ شوێنێک کە هێزی گەل لە دەرەوەی چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی نیزامی دەناسرێندرێتەوە.
کەمبوونەوەی پرۆسەی ڕاکێشانی هێز بۆ پ.ک.ک، ژمارەی زۆری
تەلافاتی مرۆیی، واتە ئەو
شەهیدانەی
لە ڕۆژئاوا کووژراون و
نەتوانینی ئەوەی کە
هاوپەیمانییەکانی دژی
داعش بکرێ
بە پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی بەردەوام، پێویستی دیسان تەنزیمکردنەوەی ستراتیژیک
زەق دەکاتەوە.
لەو ڕووەوە ،
بە چاوی
پشتیوانان،
پێشنیاری ئوێجاڵان
بە تەسلیم داناندرێ،
بەڵکو گونجانێکی هۆشیارانەیە لەگەڵ واقعیەتە گۆڕاوەکانی ژێئۆپۆلیتیکی ونیزامی؛ لە نێویاندا ڕوانگەی بەستنی ئاگربەستێکی کاتی لە
قەندیل و ڕۆژئاوا.
لەسەر بنەمای بۆچوونی زۆرێک لە شیکەرەوە کوردەکان، هەڵوێستی
ئوێجاڵان لە
هەمان کاتدا کاردانەوەیەکی
دژبەری دێرینەی وییە لەگەڵ ئیسراییل[6] وبێ مەیلی ئەو بە نیسبەت ئەوەی کە
بزووتنەوەی کوردەکان، بە هۆکاری ستراتێژی، ناچار بێ بچێتە ناو هاوبەندییەکیی تاکتیکی یان
پراگماتیکی لەگەڵ ئیسراییلێک کەخەریکی جینۆسایدە لە فەڵەستین. بە باوەڕی وان ، هەر ئەم نیگەرانییە هۆکارە بۆ
پەیڕەوی کردنی چارەسەرە سیاسییە پێشوەختەکان لە لایەن ئوێجاڵانەوە بۆ ئەوەی پێش بە دروستبوونی هاوپەیمانی ئەوتۆ بگیرێ.
پشتیوانەکانی دیکەی بزووتنەوەی کوردەکانیش پێیان وایە کە ئەو بڕیارەی ئوێجاڵان و پ.ک.ک
هەوڵێکی پراگماتیکییە بۆ ڕێگریکردن
لەوەی کوردستان ببێتە "غەززەیەکی دیکە"
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا . ئەوان پێیان وایە کە بەرتەنگییە نیزامییەکانی پ.ک.ک لە بەرامبەر میکانیزمەکانی
شەڕی نێوان دەوڵەتی و نێودەوڵەتی پێشکەوتوو لە رووی تێکنۆلۆژییەوە، لەگەڵ هەڵمەتی بێوچانی
تورکیا بۆ لەناوبردنی کوردستان و روژئاوا، پێویستی بە سەرلەنوێ تەنزیمکردنەوەی سیاسی بووە.
ئەم گۆڕانکارییەی ڕێباز لە
هەمان کاتدا لە ژێڕ تاوی
کەمبوونەوەی توانایی مادی و ڕەمزی هاوپێوەندیی
جیهانی لە گەڵ دۆزی کوردەکانە؛ هاوپشتییەک کە هەتا بڵێی لاوازترە لە
پشتیوانییەک کە لە فەڵەستینییەکان
دەکرێ بە
تایبەتی لە لایەن جیهانی عەرەب و دیاسپۆراکەیەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر تورکیا
سیناریۆیەکی وەک غەززە لە دژی کوردەکان جێبەجێ بکا، توانایی یان ئیرادەیەک (یان نزیکەی
هیچ ئیرادەیەک) لە ئاستی ناوچەیی یان نێودەوڵەتیدا بۆ دەستێوەردان بوونی نابێ. لە دۆخێکدا کە
ئامرازە ماددییەکانی بەرگری کەم بوون و کۆمەڵگەی ناوچەیی یان جیهانی لە ئاستێکی
یەکساندا بوونی نییە، تێکۆشەرانی
کورد ناچارن بۆ مانەوەیان
ستراتێژی جێگرەوە هەڵبژێرن. لەو ڕووەوە، بۆ زۆرێک لە چالاکانی کورد، ئەم بڕیارە نەک وەکوو پاشەکشە بەڵکو وەک تاکتیکێکی عاقڵانە و پراگماتیکی دادەندرێ بۆ بەردەوامی مانەوە
لە زەمینەیەکی ژێئۆپۆلیتیکی دا کە
رۆژ لە دوای رۆژ قورس تر دەبێ، و
باشاری ناکرێ.
تێگەیشتن لەو بادانەوە ستڕاتێژیکییە بە بێ فەرق پێکردن بە تێچووی قووڵی ئینسانی ئەو
کێشەیە مومکین نییە. گەریلا شۆڕشگێڕە کوردەکان،
ئەندامانی پ.ک.ک و بە تایبەتی خەڵکی مەدەنی، لە سوان و پرۆسەی فلبوونی پێکدادانی بەردەوام لەگەڵ
هێزی دەوڵەتی کە تا ئێسقان بە
نیزامی کراوە ڕەنج دەکێشن، تێچووی لەسەر یەک کەڵەکەبووی شەڕ گەیوەتە قۆناغێک کە
ئیتر تەحەمول ناکرێ. هەزاران لاو ژیانیان لەدەستداوە،
شارەکان بە تەواوی وێران بوون، بنەماڵەکان لێک دابڕاون، لەشەکان
بریندار بوون، و چەندین وەچە بە ئەزموونی
زیندان، ئەشکەنجە، دەربەدەری، ناسەقامگیری و مۆری (تێرۆریست) لێدان گەورە بوون.
ئەم کۆبوونەوەی ڕەنج و مەینەتە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵدا، وشەی
"ئاشتی" بە مانایەکی نوێوە گرێداوە: ئاشتی نە وەک تەسلیم بوون، بەڵکوو پێویستییەکی سەرەکی،
هەناسەیەک کە دوای دەیان ساڵ خنکان، چاوەڕوانییەتی.ژیان، پشوویەک
کە لە دوای دەیان ساڵ خنکان، چاوەڕوانی بوون.
لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیاوە ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بە ستڕاتێژییەکی سیاسی کە تورکیا،کە لە لایەن رەجەب تەیب
ئەردۆغانەوە گەڵاڵە
کراوە هاوسەنگە؛ ئەردۆغان دەیەوێ
دەسەڵاتی خۆی لە بەرتەنگییەکانی قانوونی بنەڕەتی لە
ساڵی ٢٠٢٨تێپەڕێنێ.
ئەو بە پیشاندانی خۆی وەک مێعماری
پرۆسەی نوێی ئاشتی، هیوادارە بەشێک لە دەنگدەرانی کورد بەرەو لای خۆی ڕاکێشی و لە
هەمان کاتدا ئۆپۆزسیۆن
لێک داببڕێ.
ئەم بانگەوازە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی
چەکدارانە کە بە شێوەی ئاشتیخوازی پێشکش دەکرێ، لە ڕاستیدا کەڵەکێکە بۆ تێکدانی هاوپەیمانی نوێ
لە نێوان هێزە کوردەکان و هێزە پێشکەوتووەکانی ئۆپۆزسیۆن. پشتیوانی تاکتیکی
دەنگدەرانی کورد، بە تایبەتی بەرێگەی
پارتیی
دێمۆکراتی
گەلان
(کە ئێستا بووە بە پارتی
یەکسانی گەلان، دەم)،
لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبووڵ و ئانکاردا دەورێکی حەیاتی هەبوو.ئەم ستراتێژییە، دەیەوێ باڵە سێکولار- نەتەوە خوازەکانی پارتیی کۆماریی
گەل (CHP) لەو دەستە
هێزانە جوێ کاتەوە کە ئامادەی گفتوگۆ و دان و ستاندن لەگەڵ بزووتنەوەی کوردن، و لە
هەمان کاتدا، وێژمانی ئەمنییەتی بە
مەبەستی دەرخوارد دانی ناوخۆیی
بپارێزێ. ئەم ئەندازیارییەی
هەڵبژاردنە لەسەربنەمای
حیساباتێکی دوو فاقی داندراوە: لاوازکردنی وەگەڕکەوتنی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن و
ڕێگریکردن لە هێزە کوردەکان بۆ
رەخنەی ڕەپ و ڕوو لە ڕێژیم، لە
ترسی دە مەترسی کەوتنی ئەو
ئاشتیە موحتەمەلەی کە هەیە.
بزووتنەوەی کورد لەم دۆخە ئاڵۆزەدا کەوتووەتە هەڵکەوتێکەوە کە پڕۆتێستەکانی پارکی گەزی لە ساڵی ٢٠١٣ وەبیر دەهێنێتەوە. وەک ئەو دەمیش کە وا بوو، هەر کرانەوەیەک بەرەو گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەت،
بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال بەمانای بە ڕەسمییەت ناسینی شەرعییەتێتی، تەنانەت کاتێک کە
دەوڵەت خۆی
بابەتی سەرەکی پڕۆتێستە.
ئەم تەنگەژەیە
بزووتنەوەی کورد ناچار دەکا هەڵوێستێکی هاوسەنگ وەربگرێ: بەشداریکردن لە هەوڵەکانی
ئاشتی، بەبێ ئەوەی لە سیاسەتی نهادی تورکیادا یەکانگیربێ یان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی هەراوترەکان وەک بزووتنەوەی پارگی گەزی دوور
بکەوێتەوە. ئەنجامی ئەم دۆخە جۆرێک لە تاقکەوتنەوەی ستراتێژییە، بەڵام لە هەمان کاتدا
دەتوانێ دەرفەتێک بێ بۆ دروستکردنی فەزایەکی سیاسی خودموختار کە تێیدا دۆزی کورد بەبێ دەست بۆ چەک بردن، بەڵام هەروەها بە بێ پاشەکشە، دەرببڕدرێ و بەیان بکرێ.
لەم ناوە دا،
ئەردۆغان هێشتا لە وێژمانی
ئەمنییەتی کەلک وەردەگرێ، کەسایەتییە سیاسییە
کوردەکان وەک تاوانبار پیشان دەدا و کلیشەی "دوژمنی ناوخۆیی" کاوێژ دەکاتەوە، هەوڵ دەدا بۆ پتەو کردنی پێگەی کۆنسێرڤاتیڤی خۆی.
ئەم ناکۆکییە لە نێوان سەرکوتکردنی بەردەوام و زمانی ئاشتیخوازانەی ئاشتی، سەلمێنەری
سروشتی ئامرازی و بەدبینانەی ئەم دەستپێشخەرییەیە:
ئەمە نە پابەندبوونێکی ڕاستەقینەی دەوڵەتی ئەردۆغان بە چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵکو جووڵەیەکی تاکتیکییە کە لە ژێر
پەردەی گفتوگۆدا پێشکێش
دەکرێ.
هەم ئەردۆغان و هەم تەواوەتی دەوڵەتی تورکیا بە دوای ئەوەوەن کە بە رێگەی چەک داماڵین، تێکەڵکردنی کوردستان و
سەرچاوەکانی لەگەڵ
بازاڕەکانی سەرمایەداری بە
جیهانی بووی هاوچەرخدا ئاسان بکەن. ئەردۆغان لە وتارێکدا
کە تەرخانکرابوو بۆ
پرۆسەی نوێی ٢٠٢٥، بە ڕوونی ئامانجەکانی سەرمایەداری پشت ئەم دەستپێشخەرییەی دەربڕی:
"تورکیایەکی
بێ تێرۆریزم،
ئابووری تورکیا دەباتە
شوێنێکی بەرزتر لە هەموو شتێک. کاتێک بەم ئامانجە بگەین، یەکێتی ژوورەکانی
بازرگانی وبوورسی
کاڵای تورکیا یەکەمی ئەوانەن لێی
سوودمەند دەبن. لەم خاڵە بەدواوە، تورکیا لە لیگێکی نوێدا
پێشبڕکێ دەکا."
بە هەمان شێوە، محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا، ڕایگەیاند کە وڵات لە ماوەی
پێنج دەیەی ڕابردوودا نزیکەی ١٫٨ تریلیۆن دۆلاری خەرج کردووە بۆ "خەبات بە
دژی تیرۆریزم"،
و کۆتاییهێنان بەم پێکدادانە دەتوانێ سەرچاوەی ئابووری چاوڕاکێش بۆ تورکیا
بێنێ.
بەڵام، ئەم پێویستییە ئابوورییانە هەربە مولاحەزە ناوخۆییەکان سنووردار نین. بەڵکو لە چوارچێوەی بەرزەفڕییە ژێئۆپۆلیتیکییە هەراوترەکانی تورکیا دا جێ
دەگرن. پرۆسەیەک کە بە ناوی ئاشتی ٢٠٢٥ ناسراوە لە
نێوان تورکیا و پ.ک.ک ،
تا ئەو جێیەی کە پای ئەردۆغان دەگرێتەوە،
نە هەنگاوێکی ڕاستەقینە
بەرەو ئاشتەوایی، بەڵکو مانۆرێکی ژێئۆپۆلەتیکییە کە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی
هێزی نیزامی
، سیاسی و ئابووری کوردەکانە، وەک پێش
شەرتێک بۆ یەکخستنی تورکیا لە گەڕانی جیهانی
سەرمایە، بە مەبەستی
بەرزکردنەوەی پێگەی وڵاتێکی پەراوێزی لە پێکهاتەی سەرمایەداری بە جیهانی بوو دا و دەستەبەر کردنی
مانەوەی لەم سیستمە دا.
لە ناوەندی ئەم ستراتیژییەدا،
وەدیهێنانی
پرۆژەی "کۆریدۆری
ناوەڕاست" هەڵکەوتووە:
رێگایەکی بازرگانی ئەو پەڕئۆراسیایی
کە چین لە رێگەی ئاسیای ناوەڕاست، قەوقاز و تورکیاوە بە ئورووپا دەبەستێتەوە. ئەم
کۆریدۆرە، تورکیا وەک ناوەندێکی لۆجستیکی لە گەڕانی سەرمایەداری جیهانیدا جێگیر
دەکا. ئەم رێگایە بۆ دەسپێشخەری
"گەڵاڵەی
پشتێن و جادە"ی چین BRI [ ٧] پرۆژەیەکی چەند تریلیۆن دۆلاری بۆ بەستنەوەی چین بە ئورووپا. " ئەفریقا و رۆژهەڵاتی
ناوەڕاستە
بە
رێگەی وشکانی
و دەریایی، رۆڵێکی سەرەکی هەیە، و هەروەها بۆ "کۆریدۆری هیند-رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست-ئورووپا" (IMEC) [٨]،
پرۆژەی ژێرخانی ڕقەبەری
کە بە پشتیوانی دەوڵەتە
یەکگرتووەکان گەڵالە
کراوە بە
مەبەستی دەستەبەر کردنی باڵادەستی
ژێئۆپۆلیتیکی و بازرگانی ڕۆژئاوا.
نەخشەی رێگای
کۆریدۆری ناوەڕاست
لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم ئاسۆیە بە دەستپێشخەری "رێگای پەرەپێدان" (Development Road) بەهێزتر کراوە:
پرۆژەیەک بە نرخی ١٧ ملیار دۆلار کە لە لایەن عێراق، تورکیا و وڵاتەکانی کەنداوی فارسەوە سەرکردایەتی دەکرێ و کەنداوی فارس لە رێگەی بەندەری گەورەی فاو
لە عێراق، بە
خاکی تورکیا دا
بە ئورووپا
دەبەستێتەوە. ئەورێگاییەی پێشنیارکراوە ڕاستەوخۆ بە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا،
واتە کوردستان و ناوچەی نفووزی پ.ک.ک
دا، تێدەپەڕێ، و لە ئەنجامدا،ڕەهەندی ژێئۆپۆلەتیکی هەوڵەکان بۆ
کۆنتڕۆڵکردنی کوردەکان زیاتر زەق
دەکاتەوە. بە دوای ڕووداوی ٧-ی ئۆکتۆبر و
بە دەم جینۆسایدی
ئیسرائیل دژی فەڵەستینییەکان، ئاراستەگەلە
ژێئۆپۆلەتیکییەکانی ناوچە زیاتر ناسەقامگیر بوون، و ئەم
دۆخە، شەپۆلێکی نوێی سیاسەتدانانی
ستراتێژی
بە
دەوری تەوەرەی کۆریدۆرەکانی
گواستنەوە سازکردووە؛
دۆخێک کە تێیدا، دەوری سەرەکی
تورکیا لە بوارەکانی لۆجستیک و دیپلۆماسیدا هەتا دێ زیاتر پڕ ڕەنگ کردووە.
لە دۆخی لەبەریەک هەڵوەشانی هاوسەنگی نەریتی هێز لە ناوچەی شام و کەنداوی فارس، کۆنتڕۆڵی
تورکیا بەسەرئەو ڕێبازە ژێرخانییانەدا،
بە تایبەتی ئەو ڕێگایانەی کە
بە شوێنی
نفووزی ئێران و سووریا دا
تێدەپەڕن، بۆ بلۆکەکانی رۆژئاوایی و نارۆژئاوایی، زیاتر لە جاران بووە بە پێویستییەکی حەیاتی.
بەڵام بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێ ئەم کۆنتڕۆڵە پتەو بکا، دەبێ هەموو ئاکترە نادەوڵەتییەکان (subaltern)، بە تایبەتی هێزە
کوردەکان، لەناو ببا. لەبەر ئەمە، چەک کرانی پ. ک.ک نابێ تەنیا هەر وەک چەک دانانی نیزامی دابندرێ
، بەڵکو دەبێ وەک کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکدارانەی
کوردەکان لە چوارچێوەی نەزمێکی
نوێی ئەمنیەتی ژێرخانی سەیر بکرێ. بە پووچەڵبوونەوەی "کۆریدۆری
شیعەیی"
ئێران (تەوەری
تاران- دیمەشق- بەیروت)، ڕووخانی
ڕێژێمی
ئەسەد، و هەڵپسانی تەوەری پ.ک.ک و هێزەکانی دێمۆکڕاتیکی سووریا (SDF) لە ژێر گوشاری دەوڵەتە
یەکگرتووەکان و ئیسراییل،
ئاکترە
کوردەکان بە شێوەیەکی پێکهاتەیی لە مامڵەکانی هێزی ناوچەیی فت کراون. تورکیاش بە پشتیوانی لاوەکی ناتۆ، ئۆپێراسیۆنە نیزامییەکان و پرۆژەکانی
ئەندازیاری دیمۆگرافی بۆ پتەو
کردنی داسەپاندنی سولتەی خۆی بە سەر ناوچەی کوردستان دا بەڕێوە بردووە. لە بەستێنێکی
ئاوا دا "ئاشتی" دەبێتە چەمکێک کە
لە جیات ئاشتی سیاسی، زیاتر شێوەیەکی "ئارامکردنی سەرمایەدارانە" بە خۆیەوە دەگرێ:
شوێنێک کە ئاشتی
سیاسی جێگەی خۆی بە کۆنتڕۆڵی فەزایی
و نیزامی
دەدا تا گەڕانی سەرمایە، کاڵا و نفووزی ژێئۆپۆلیتیکی لە کۆریدۆرە ئەمپریالیستتەکاندا بێ پسانەوە دەرهێندرێن و کۆنتڕۆڵ
بکرێن.
لەبەر ئەمە، پشتیوانی ئەردۆغان لە بانگەوازی پ .ک. ک بۆ چەک دانان، دەبێ لە چوارچێوەیەکی
فراوانتری گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسەنگی
هێزی
ناوچەیی کە خەریکی گۆڕانە لێک بدرێتەوە. ئەمە هەروەها نیشانەی کەلکوەرگرتنی
ستراتێژی
تورکیایە لە دینامیکەکانی
" دۆزی کورد" بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕقەبەری وەک ئیسراییل و ئێران. لە
دەباڵ یەکچوونێکی ئاڵۆز لە حیسابە
سیاسییەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی، پاڵی بە تورکیاوە ناوە بۆ وەبەر گرتنی تاکتیکێکی
ئەوتۆ. ئەو خاڵە بە ڕوونی لە نامەی کۆمیتەی ناوەندی پ.ک.ک ش لە بەرواری ٤-ی مەی دا
هاتووە:
" گەرمبوونی قۆناغی سێیەمی جەنگی جیهانی لە
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامەکانی پێکدادانی غەززە کە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە دەستی
پێکرد، زەربە
بەرچاوەکانی
حەماس و حیزبوڵا دژی
هێرشەکانی ئیسراییل،
و هەڵوەشانی
ڕێژێمی
بەعس لە سووریا (کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی گۆڕانکارییە بەرفراوانە ناوچەکان بۆ ئێران و تورکیا)، هەموو ئەمانە دەورێکی بڕیاردەریان هەبووە لە گەیشتنمان بەم
قۆناغە. ترس و نیگەرانی وجوودی
لە ناو دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتە
کوالیسیۆنەکەی
ئاکەپە-مەهەپە، بە تەنیشت فشارەکانی ئێمە و خەڵکی تورکیا بۆ گۆڕانکاری دێمۆکڕاتیک و هەروەها لە لایەن
سیستمی سەرمایەداری دەرەوەی سنووری
لەهۆکارە سەرەکییە کاریگەرەکان بوونە لەسەر هەڵوێستەکانی
دەوڵەت باغچەلی و وێژمان و بانگەوازە ناسراوەکانی. بەم پێیە، ئێمە لە ئاکامی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و نیزامییانە گەیشتووینەتە
ئەم قۆناغە.".
لە هەمان کاتدا،لە
بیرمان نەچێ کە لەم ڕۆژگارە دا
دەسەڵاتە دەوڵەتییەکان بە کەلکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژی پێشکەوتووی چاوەدێری،
لێکدانەوەی داتای کەڵان، هۆشی دەسکرد و ئۆلگاریتمەکانی ڕچەهەڵگرتن دەتوانن ئاکترە
نادەوڵەتییەکان بە وردییەکی بێ وێنە بناسنەوە و بیانکەنە ئامانجی هێرشەکانیان،
و کاتێک کە بزووتنەوەیەک کۆنتڕۆڵی خاک ، دامەزراوە خۆسەرەکان یان رێگاکانی
لۆجستیکی سەقامگیر بەدەست دەهێنێ، هەر ئەم کەڵەکەبوونی
توانایی و دەسەڵاتە دەیکاتە نیشانە و پەلاماری وردی تێکنۆلۆژییانە؛ بەم پێیە، بزووتنەوەیەکی
وا بۆپاراستنی مانەوەی خۆی ناچارە سەرلەنوێ بەخۆی دا بێتەوە و قەوارەی خۆی بگۆڕێ ( وەک
بوونە تۆڕی شەبەکەیی، پەڕاگەندیی
یان گۆڕینی تاکتیکە ئۆپێراسیۆنییەکان). پارادۆکسێکی قووڵ لێرەدا
هەیە: بزووتنەوەیەک کە لە رووی خاک و رێکخستنەوە هێزێکی بەرچاوی هەیە، ناچار
بووە بە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی
خۆی، تەنیا
لەبەر ئەوەی کە هەر ئەم هێزە لە
هەمبەر فت کردنی ئۆلیگاریتمییەوە شیاوی سەدەمە وێکەوتنە. لەم دەربیجەیەوە، پێشنیاری ئوێجاڵان بانگەوازێکە بۆ سەرلەنوێ
بیرکردنەوەی بنەمایی لە مانای خەباتی
شۆڕشگێڕانە لە سەردەمێکدا کە بە
درۆنەکان، داتای گەورە و چاودێری گشتگیر دەناسێندرێ. ئەم پێشنیارە،
بزووتنەوەی کورد بانگ دەکابۆ
شێوەیەک لە بەرخوەدان کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی
چەکدارانەی تێ دەپەڕێنێ، شێوەیەک لە توانایی و دەسەڵات کە لە بێ دەنگی دا مانا
دەبەخشێ، نەک لە دەنگی قرمەی گوللە.
لە شەڕی
گەریلاییەوە تا گواستنەوەی
سیاسی: تەنگەژەکان،
هیواکان، ئاسۆکان
ڕاگەیاندنی ئەگەری بەلاوە نانی خەباتی چەکدارانە لە لایەن پ.ک.ک وە لە
مانگی فێڤرییەی ٢٠٢٥ پرسیاری بنەڕەتی لەمەر ئەو بارودۆخانە دێنێە گۆڕێ کە تێیدا خەباتێکی پارتیزانی درێژخایەن بتوانێ
بگاتە پڕۆسەیەکی سیاسی، ئەویش لە بەستێنک دا کە بە سەرەڕۆیی ڕیشەدار، سەرکوتی
بەردەوام و بنبەستی ئێدێئۆلۆژیک دیاری دەکرێ و دەناسرێتەوە. لە
کاتێکدا کە هێندێکان
ئەمە وەک نیشانەیەکی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ستراتێژی و ئایدیۆلۆژی سەیر دەکەن،
ئەم بڕیارە هێشتا هەتا بڵێی لێڵە.
دەوڵەتی تورکیا، ئەم ساتەی ناو نەناوە بە " پێواژۆی ئاشتی" بەڵکوو وەکوو" پرۆسەی
پاکسازی لە تیرۆر" (Terörden arındırma süreci) نێوزەدی دەکا. هەڵوێستێکی سزادەرانەی وەبەر گرتووە کە بە
ڕوونی لە زمانی ئاشتەوایی ساڵی ٢٠١٥ دوورە و ئەوە گومانی جیدی سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە چارەسەرێکی
دادپەروەرانە و گشتگیر دێنێتە
گۆڕێ.
ئەم دۆخە کۆمەڵێک پرسیاری خێرا لەبەردەممان قوت دەکاتەوە: ئایا
دێمۆکراتیزەکردن
لە تورکیادا دەکرێ
تەنیا
لە چوارچێوەی ژێستە ڕەمزییەکان وەک ئازادکردنی بە مەرجی عەبدوڵا ئوێجاڵان (و
ئەگەری هێنانی وی بۆ
پارلمان
بۆ بانگەوازکردن لە کوردەکان بۆ پاشەکشە لە قەندیل و وەبەر گرتنی رێگای سیاسی ئاشتی)
یان پێدانی ئیمتیازی بەرتەنگی کولتووری
بناسێندرێ؟
یان ئەوەی کە دیموکراتیزەکردن پێویستی بە چاکسازیی قووڵی قانوونی بنەڕەتی،
ئازادکردنی بە کۆمەڵی
زیندانییە سیاسییەکان و ناسینی فەرمی مافگەلی بە کۆمەڵی کوردەکانە،
لەوانە خۆسەری ناوچەیی و مافی خوێندن بە زمانی کوردی؟ ئایا
گەڕاندنەوەی حوکمی ئەو
شارەدارییانەی وا هەڵوەشاون، گەڕانەوەی پاتراوەکان یان دەرچوونی لێبووردەیی گشتی دەتوانێ قەناعەت
بە پ.ک.ک بێنێ کە ڕێبازێکی سیاسی ئەوتۆ کراوەتەوە کە دەکرێ پشتی پێ
ببەسترێ؟ زۆر کەس لەوە دەترسن کە ئەردۆغان، لە دوای
تەسبیت کردنی ئەو
ئامرازە سیاسییانەی
کە دەیەوێ ،
لە بەرعۆدەییەکانی
خۆی پاشگەز بێتەوە، وەک ئەوەی لە پرۆسەی تێکشکاوی ٢٠١٥دا ڕووی دا، و بەم شێوەیە مەترسی
گەڕانەوە بۆ پێکدادان و شەڕ لە دۆخێکدا کە بزووتنەوەی کوردی دەکرێ تووشی
دابڕان و کەمبوونەوەی مەشڕوعییەت بووبێ، زیاد بکا.
بە پێچەوانەی پرۆسەکانی دیکەی ئاشتی، لەوانە پێکدادانەکانی
ئەڕتەشی
کۆماریخوازی
ئیرلەند لە ئیرلەندی باکوور، هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆلۆمبیا
(FARC) لە
کۆلۆمبیا، یان رێکخراوی ئێتا (ETA) لە
ئێسپانیا،
دەوڵەتی تورکیا لە چوونە ناو پرۆسەکانی دۆزینەوەی حەقیقەت و ئاشتەوایی، سەرلەنوێ پێداهاتنەوەی قانوونی بنەڕەتی،
یان ناسینی واقعی و سیاسی خۆی بدزیوەتەوە.
لە کۆلۆمبیا، بۆ
نموونە، چەک دانان
لەگەڵ دەستپێشخەری
دادپەروەری تێهەڵێنانەوە هاوکات
بوو، ئەو
دەستپێشخەرییانەی کە زۆرجار لە لایەن ژنان و لە پاشبەجێماوانی توندوتیژی
دەوڵەتییەوە بەڕێوە دەبردران. پۆتانسییەلێکی هاوشێوە لە
بزووتنەوەی ژنانی کوردیش دا هەیە،
بەڵام دۆخی کوردەکان هێشتا وەک حاڵەتێکی ڕێزپەڕ ماوەتەوە، چونکە لەگەڵ بە تاوانبارکرانی سیستماتیک و حاشا کردن لە بوونی مەسەلەیەکی سیاسی ڕووبەڕوون.
لە هەمان کاتدا، ئەوەی کە دۆخی پ.ک.ک
لە زۆرێک لە نموونەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، پشتیوانی لێکردنێتی لەلایەن بزووتنەوەیەکی جەماوەریی مەدەنی و
سیاسی بە هێز و بە نفووز. ئەم تێکۆشانە نە تەنیا لە بواری نیزامی دا، بەڵکو لە بوارەکانی
مەدەنی و سیاسیشدا ڕیشەی قووڵی دا
کوتاوە.
بڕیاری پ.ک.ک
بۆ هاتنە
ناو پرۆسەی چەک دانان،
لە هەمان کاتدا ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەم بزووتنەوەیە سەرلەنوێ ئاشکرا دەکا.
سەرەڕای ئەوەی کە عەبدوڵا
ئوێجاڵان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە زیندان دایە، هێشتا هەر مەرجەعی دەسەڵاتی بێ رقەبەرە لە ناو بزووتنەوەکەدا و ستروکتووری لە سەرەوە بۆ خوارەوەی بریاردانی ڕاهێزاندووە
کە ئەوەش بە نرخی فت کردنی پلورالیزم و وێژمانە ناوخۆییەکان وەدی هاتووە. وتەی
ئەم دواییەی ئەو ــ "دەتوانم
بڵێم کە دژبەرانی ئەم پرۆسەیە هیچ نرخێکیان نییە. ئەوان سەرناکەون" ــ نیشانەیەکە لە ئولگوویەک کە
تێیدا دەسەڵاتی کاریزماتیک جێگەی هاوبەشی
بە کۆمەڵ دەگرێتەوە و قەیرانێک ساز دەکا لە مەڕ مەشرووعییەت کە
تێیدا، خەباتگێڕان و چالاکان
ناچارن پەیڕەوی بکەن لە
فەرمانەکانی لە سەرەوە ڕا بۆ خوارێ، بەبێ ئەوەی میکانیزمێک بۆ هاوبەشی کردن لە بڕیاردانەکان یان
رەخنەکانی ئەوان لە مەڕ ئەم
پرۆسەیە هەبێ. ئەم کۆکردنەوەی هێز
لەناوەند، پێگەیەک لە هێزی تێکۆشەری ناسیاسیکراو کە پشتیوانی
بزووتنەوەکە دەکەن، بەرهەم دێنێتەوە
و پرۆسەی دێمۆکراتیزاسیۆنی ناوخۆیی کەبۆ تێپەڕبوونێکی واقعی
پێویستە پشتگوێ دەخا.
لە ڕوانگەیەکی
سیاسی دا کە خەریکی
ئاڵوگۆڕە، هێندێک لە لێکدەرەوان جەخت لەسەر دوو گۆڕانکاری دەکەنەوە کە دەتوانن هەنگاوگەلی سەرەتایی بن لە ڕێبازی چەک دانان و تێپەڕ بوون بەرەو نەزمێکی دێمۆکراتیک. یەکەم، لە هەنگاوێکی ڕەمزی دا،
کۆمەڵێک لە گریلاکان،
کە هێندێکیان
پێشتر لە پلەی ڕێبەرایەتی دا
بوون، بە ئامادە بوونی میدیاکان بە ئاشکرا چەکەکانی خۆیان دانا بەیاننامەیەکیان بڵاو
کردەوە کە تێیدا ڕاگەیاندرا: "ئێمە ئامادەین لە سیاسەتی دێمۆکراتیکدا بەشداری بکەین". دووەم، چاوەڕوان دەکرێ کە پارڵمانی تورکیا دامەزراوەیەک بە
ناوی کاتی "کۆمیسیۆنی
ئاشتی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی دێمۆکراتیک" دامەزرێنێ کە ئەرکی ئەوە دەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی گەڵاڵە کا بۆ
پشتیوانی لە پرۆسەی چەک دانان
و چاکسازییە دێمۆکڕاتیکە فراوانترەکان.
ئەگەرچی لەوانەیە ئەم دەستپێشخەرییانە لە سەرەتاوە
بەرتەنگ و ڕەمزی بن، لایەنگرانی ئەوان ئەوە بە نیشانەی بوونی ئیرادەی هاوبەش بۆ پێشوەچوون لە پرۆسەی ئاشتی سەیر دەکەن.
بەڵام، ئەزموونەکانی پێشوو، لەوانە ناردنەوەی سێ دەستە لە گریلاکان بەرەو دەوڵەتی تورکیا، بە شێوەیەکی ئاشکرا و لە چوارچێوەی ژێستێکی ئاشتیخوازانە، لە
نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٧ کە بە شکست
کۆتایی هات، سەلماندی کە ئەم جۆرە هەوڵانە تا چ ڕادەیەک لە بەرامبەر سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت شیاوی سەدەمە وێکەوتنن و چلۆن ئەو بێ باوەڕیی بناغەییەی
کە ماوەتەوە، هەر دەبێتە ئاستەنێگ بۆ دەستڕاگەیشتن بە چارەسەییەکی پایەدار. وا
وێناچێ کە گریلاکان یان ڕێبەرایەتی پ.ک.ک
بە نیسبەت مەترسییەکانی ئەو ڕێبازە تووشی ساویلکەیی بووبن، ئەوان بە ئاشکرا بە
ئیحتیاتیی ستراتێژی و قووڵ بیرکردنەوەی سیاسی بۆ ئەو پڕۆسەیە دەچن و بەوشیارییەوە بژاری چوونەوە بەرەو خەباتی چەکدارانە
ئەگەر پێویست بکا بۆ خۆیان دەپارێزن. هەر
وەک بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی
بەڕێوەبەری یەکێتیی کۆمەڵگەکانی کوردستان KCK، لە چاوپێکەوتنێک دا لە دوای
چەکدانانی ڕەمزی ٣٠ گریلا لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە مانگی ژووییە ڕایگەیاند:
"ئەگەر ئێمە بەبێ مەرج لەهەموو داواکارییەکانی
دەوڵەت رازی بین، ئەنجامەکە ئەوە دەبێ: لە گرووپەکانی دیکەش چاوەڕوان دەکرێ هەمان
کار بکەن، چەکەکانیان لەناوبەرن، بگەڕێنەوە تورکیا و تەسلیم بن. ئەگەر ئەم شێوازە
ببێتە هەڵوێستێکی باو، چارەنووسی کە لە چاوەڕوانی ئێمە و هاوڕێکانماندا دەبێ یان
زیندانە یان مرگ. بەڵام ئێمە ئەم جۆرە داهاتوویە قبووڵ ناکەین. دەوڵەتی تورکیا
دەبێ ئەمە تێبگا."
بەڵام، هێندێک لایەن لە ناو بزووتنەوەکەدا، ئەم
ساتە وەک دەرفەتێک دەزانن بۆ
تێپەڕاندنی میراتی لە سەرەوە بۆ
خوارەوەیی ، نیزامیچێتی و لینینیستی.تێپەڕین بەرەو هاوبەشی بەرینتری مەدەنی و خۆتازەکردنەوەی
ناوخۆیی دەتوانێ پێگەی پەکەکە لە چوارچێوەیەکی دێمۆکڕاتیکدا سەرلەنوێ دیاری بکا.
سەرهەڵدانی پارتی دەم (DEM) وەک ئاکترێکی گرینگ لە شانۆی سیاسی دا، ئەو دەرفەتە دێنێتە گۆڕێ کە ڕێکخراوەیەکی کە لە سەر
بنەمای
" دۆزی کورد" داندراوە پێکهاتوو لە
چالاکان
و ئاکترە
سیاسییە کوردەکان ببێتە هێزێکی
پلورالیستی کە
بتوانێ هێزە دێمۆکراتییەکە
بەربڵاوترکانی تورکیا لە دەوری یەک کۆ کاتەوە.
بەڵام، مەترسی وازلێهێنان، چ لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە و چ لە لایەن پشتیوانانی
نێونەتەوەییەوە،
هێشتا جددییە، و وەدیهاتنی
بەڵێنی نوێکردنەوەکان
پەیوەستە بە چاکسازیی بناغەیی و نەک
هەر بە سازش و بەڵێنی زارەکی.
بوونی چوارچێوەیەک بۆبەڕێوەچوونی عەداڵەتی تێهەڵێنانەوەش شتێکی ئەساسی یە.
بەبێ بە ڕەسمی ناسینی
توندوتیژی و تاوانەکانی ڕابردوو، بە تایبەتی ئەو تاوانانەی کە لە ماوەی "شەڕی قڕێژ" لە ساڵانی ١٩٩٠
دا و
لە ماوەی توند و تیژیی
ساڵانی ٢٠١٥ تا
٢٠١٦، کراون
هیچ ئاگربەستێکی پایەدار پێک نایە. دۆزینەوەی حەقیقەت، قەرەبووکردنەوەی خەسارەت و پاک کردنەوەی ڕیوایەتە نەتەوەییەکان لە
کۆلۆنیالیزم، پێشمەرجی پێویستن بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ئاشتییەکی پڕمانا. ئەگەر وا
نەبێ، بیرەوەری
بەکۆمەڵی کوردەکان
هێشتا بە
برینداری
و چارەنەکراوی
دەمێنێتەوە و ئەم برینانە دەتوانن قەتماغە
بکەن بۆ دیسان دەسپێکردنەوەی زەبر وزەنگ و توندوتیژی.
چوارچێوەی ناوچەیی، پرۆسەی چەکدانانی بە شێوەیەک زۆر ناسەقامگیر
کردووە. سووریا هێشتا لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و ئاگربەستی لاواز لە نێوان
هێزە کوردەکان و هەیئەتی تەحریر ئەلشام (HTS) کە دوای بەڕێوەچوونی "کۆنفرانسی یەکگرتنی کوردی" دامەزراوە، رۆژ لە دوای رۆژ
زیاتر لە ژێر مەترسیدایە. بەردەوامی ئۆپێڕاسیۆنە نیزامییەکانی تورکیا دژی پێگەکانی
کورد لە عێراق و سووریا (لەوانە زیاتر لە ٥٠٠ هێرشی هەوایی بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پ.ک.ک لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە مانگی مەی دا)
ئەگەری هەرتێپەڕێنێک بەرەو
ئاشتی زۆر لاواز دەکا. لە هەمان کاتدا، پێشنیارە پشت پەردەکانی کە لە لایەن ئانکاراوە کراون ــ
وەک ناسینی خۆسەری
کوردی لە سووریا لە بری هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک ــ هێشتا ناڕوونن و جێی باوەر نین. هەر هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر روژئاوا دەتوانێ پێکهاتە مەدەنی ونیزامییەکانی پرۆژەی کوردی بە تەواوی هەڵوەشێنێ.
پ.ک.ک
بەو پەیکەربەندی دەرەوە نەتەوەییەی کە هەیەتی نە تەنیا هێزێکی پارتیزانی
کەلەلا و ئیزۆلە نییە، بەڵکو بەشێکە لە تۆڕێکی بەربڵاو و هەراو کە
لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە بە ناوی " یەکێتیی کۆمەڵگەکانی کوردستان " KCK دامەزراوە و ئەم پارتییانە وەبەر دەگرێ "
پەیە دە" لە سووریا (٢٠٠٣)، " پژاک " لە ئێران (٢٠٠٤) و "
پ.چ.د.ک " لە عێڕاق (٢٠٠٢)، کە دیارە ئێستا ئەوەی دوایی هەڵوەشاوە و نەماوە. ئەو رێکخراوە دەستە خوشکانە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت
سەربەخۆن، بەڵام لە ڕووی ئیدێئۆلۆژیکەوە لە گەڵ ڕوانگەی ئوێجاڵان سەبارەت بە
" کۆنفێدڕالیسمی دێمۆکڕاتیک" هاوبیرن و بە تایبەتی بە ڕێگای
دەستپێشخەریی ژنان ڕیشەی قوولیان لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا داهێشتووە.لێڵی لە بانگەوازی ئوێجاڵان دا بۆ چەکدانان – کە
ئایا تەنیا
لقی تورکیا لە
پ.ک.ک یان ڕێکخراوە هاوپەیمانەکانیش دەگرێتەوە – دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا. هێندێک لێکۆڵەرەوە پێیان وایە
ئەگەری ئەوە هەیە کادرە نیزامییەکان بگوازرێنەوە
بۆ بەرەکانی
دیکە وەک پژاک یان ڕۆژئاوا، نەک ئەوەی بە تەواوی لە مەیدانی چەکداری دەرکەون؛ ئەمەش مانای ئەوەیە کە
لەوانەیە هەڵوەشاندنەوەکە
ستراتێژی
نەبێ بەڵکو تەنیا تاکتیکی بێ. بە هەمان
شێوە، چارەنووسی ئەو هێزە
گریلاییانەی کە لە چیای قەندیلن هێشتا نادیارە، چونکە ئەو سیگناڵانەی ئانکارا دەیان نێرێ لێڵ و ناکۆکن و
سنووری نێوان دەنگۆ و ڕاستی دەشێوێنن. بۆ نموونە ، شامیل تایار، ئەندامی پارتی
داد و گەشەپێدان (AKP)، ئیدیعای ئەوەی
کرد کە
نزیکەی ٣٠٠ ئەندامی سەرەکی پ.ک.ک
دەگۆازرێنەوە بۆ وڵاتانی سێیەم وەک ئافریقای باشوور و نۆرویژ، و
نزیکەی ٤٠٠٠ گریلاش بەرە
بەرە لە سنوورەکانەوە وەردەگیرێن. بەڵام ئەم جۆرە لێدوانە
نافەرمییانە لە نەبوونی
هەڵوێستی
فەرمی و ڕوون دا
چ گرینگییەکیان هەیە و دەوڵەتی تورکیا بە ڕاستی چ هەنگاوی بەکردەوە بەدەر لە ژێستی سەرزارەکی هەڵ
دەهێنێتەوە؟
لە ناو تورکیادا، سەرکوتکردنی پارتیی کۆماری خوازی گەل (جەهەپە) لە لایەن ئەردۆغانەوە –
پارتییەک
کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە ناسیۆنالیزمی سێکولار و بەشداری لە سیاسەتە دژە
کوردییەکاندا هەیە – ناکۆکی قووڵی
ناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئاشکرا دەکا. بۆ
زۆرێک لە کوردەکان، جەهەپە
هێشتا بەشێکە لە کێشەکە، نەک چارەسەرێکی جێگرەوە؛ ئەمەش پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی دێمۆکڕاتیکی گشتگیر ئاڵۆزتر دەکا. لە هەمان کاتدا، گرژییە ناوکۆییەکان لە ناو بزووتنەوەی کورد،
لەگەڵ ئینسیجامی
دەسەڵاتخوازانەی ئەردۆغان، بووەتە هۆی بەردەوامبوونی پارچەپارچەبوونی مەیدانی
سیاسی و ڕوانگەی
سازدانەوەی سیاسی فرە دەنگی
تاریک دەکا.
بزووتنەوەی کوردی سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، توانایەکی
سەرنجڕاکێشی سەبر و خۆگونجاندنی
ستراتێژی
لە خۆیەوە نیشان داوە. ئەم
بزووتنەوەیە هێشتا بەردەوامە لە گەڵاڵە
کردنی ئاسۆی سیاسی کە دژ بە نیزامیچتی دەوەستێتەوە و لە
هەمان کاتدا جەخت لەسەر مافی بەرگری
ڕەوا دەکا و خۆی بە درێژەی خەباتە جیهانییەکانی
دژە کۆلۆنیالیزم دەزانێ.
بۆ نموونە، لە ڕۆژئاوا، ئیدارەی خۆسەر
هێشتا بنەمایەکی
ئەمنی بەهێزی هەیە کە بریتین
لە هێزەکانی سوریای دێمۆکڕاتیک (SDF)، ی.پ.گ./ی.پ.ژ. و
هێزەکانی ئاسایش کە بە
گشتی زیاتر لە ٨٠ هەزار نەفەرن.
لە ڕۆژهەڵات لە
ئێرانیش، پژاک بەردەوامە لە ڕێکخستنی بەرگری دژ بە ڕێژێمی ئێران. ئەم پێکهاتانە
نیشاندەری بزووتنەوەیەکی قووڵی
ڕەگئاژۆکردوو و دەرەوەی سنوورین کە ناکرێ هەر بە دیاردەیەکی گریلایی بزاندرێن.
ئەم بنەمایە مادییە نیشان دەدا کە تەنانەت ئەگەرئەم پرۆسەیەی ئێستاش تێک بچێ، پ.ک.ک. و
هاوپەیمانەکانی دەتوانن بچنە قۆناغێکی نوێ و شایەد دوورودرێژتر و بەربڵاوتری خۆڕاگری وبەرخوەدان. بەدەیان
ساڵ شەڕی نابەرانبەر،
ئینسیجامی
ئایدیۆلۆژیک، و پێوەندییە
کۆمەڵایەتییەکان توانایی
مانەوەیەکی داوە بەم بزووتنەوەیە کە لە ناو زۆرێک لە گەمەکارە شۆڕشگێڕەکان دا بێ وێنەیە. شەرعییەتی ئەم بزووتنەوەیە نەک تەنیا لە توانای نیزامییەوە، بەڵکو لە پەروەردەی هۆشیاری سیاسی،
ئازادیی
جێندری، و
خۆبەڕێوەبەری گەلییەوە سەرچاوە دەگرێ.
لە دڵی
ئەم هیوایەی
ئێمەدا، بەڵام پرسیارێکی ئەخلاقی قووڵ شاردراوەتەوە: ئایا داواکردن لە
گەلێک کە ئێستا لەگەڵ لە پەراوێز خران،
سەرکوت، هەژارییەکی پێکهاتەیی، و
تاوانبارکرانی
بەردەوام ڕووبەڕووە، بۆ هەڵگرتنی باری خەون ڕزگاریدەرەکانی ئێمە، لە
دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ و دژی سەرمایەداری یەوە بگرە تا فێمێنیسمی نێو نەتەوەیی و دژی
فاشیزمی بێ دەوڵەت، ئایا بێ ئینسافانە نییە؟ ئایا
دەتوانین بە وجدانێکی ئاسوودە لە گەلێک کە لە دۆخێکی ژێئۆپۆلتیکی لە شکان هاتوودا گەمارۆ دراوە بمانەوێ بەتەنێ ببێ بە
هەڵگری ئۆتۆپیا شۆڕشگێڕانەکانی ئێمە؟ چلۆن هێزێکی شۆڕشگێڕی دە پەراوێز خراو،
ئیزۆلە لە ڕووی سیاسی و نیزامییەوە، و بێ بەش لە پشتیوانیی دەوڵەتی یان نێو
نەتەوەیی یان پشتیوانیی هێزي شۆڕشگێڕە چەکدارەکانی دیکە، دەتوانێ نە تەنیا وەک
ڕێکخراوەیەک، بەڵکوو وەکوو بزووتنەوەیەکی جەماوەری هەڵگری ئاسۆی سیاسی و کردەوەی
ڕزگاریدەر بمێنێتەوە؟ چلۆن دەتوانێ لە موحیتێک دا کە لە ژێر سوڵتەی دەوڵەتە
بەهێزەکان و گەمەکارانی ئیمپریالیستی دایە، کە ئامادەن بە ڕێگای پاکسازی ئێتنیکی و
توندوتیژیی جینسی سیستماتیک و تەنانەت جێنۆساید لەناوی بەرن، پرێنسیپەکانی
خۆی لە کاتێکدا کە ماویشەتەوە بپارێزێ؟ ئەم
کاتە قەیراناوییە
ناچارمان دەکا بە خۆماندا
بێینەوە: چلۆن دەکرێ بە نیسبەت سیاسەت هەڵوێستێکی ڕادیکاڵمان هەبێ لە جیهانێک دا
کە هەتا دێ زیاتر بەرەو نیزامیچێتی و دەسەڵاتخوازی دەچێ، بێ ئەوەی کە تووشی لە خۆ
بوونەوەی ڕۆمانتیک یان چۆکدادانی سیاسی بین؟ لە ڕاستیدا، ئەوەی کە لە مەترسیدایە، تەنیا چارەنووسی گرووپێکی چەکدار
نییە، بەڵکو ئەگەری بەڕێوەچوونی پڕۆژەیەکی
سیاسییە کە پارادایمەکانی خەباتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرلەنوێ دیاری کردووەتەوە. لە کاتێکدا کە سێبەری شەڕێکی دووبارە قورسایی خۆی خستووەتە سەر بەستێنی بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان و
پەرەسەندنی نیزامیچێتی،
بزووتنەوەی کوردی هێشتا پرسیارێک
دەکا کە جیهان دەگرێتەوە: چۆن دەکرێ لە نەبوونی دەوڵەت و لە ڕووبەڕووبوونەوەی
سەرکوتێکی قورسدا تێکۆشانی
ڕزگاریدەرانە
بە زیندوویی ڕابگرین ، بە بێ
ئەوەی مل بدەین بە نەمان یان سازان؟
تێفکرینەوە
لە هەڵوەشاندنەوە
لە ڕوانگەی جێندرییەوە
بزووتنەوەی ژنانی کورد، کە بە ساڵان لە سێبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان
(پ.ک.ک)دا بوو، لە دەیەی ١٩٩٠ بە
دواوە وەک چالاکگەرێکی بەهێز و نیوەسەربەخۆ لە شانۆی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخستنی
سیاسی دا
سەری هەڵێنا،
بزووتنەوەیەک کە زۆر کەس وەک "شۆڕشی
ژنان لە ناو دڵی
شۆڕشی
دژە کۆلۆنیالیزمی کوردستان"
ناوزەدیان کردووە. لە
سەرەتادا، ژنانی خەباتگێڕی
کورد لە ناو پێکهاتەیەکی بابمەزن و بە نیزامی کراو خرانە پەراوێزەوە؛
بەڵام هەر ئەم دەرکردنەیان کردە دەرفەتێکی
ستراتێژی
و لەگەڵ عەبدوڵا ئوێجاڵان،
ڕێبەری
پ.ک.ک، پێوەندییەکی
دیالکتیکی
و دوولایەنەیان دامەزراند.
ئەم پێیوەندییە،
کە بە پێچەوانەی بۆچوونە بەرچاوتەنگ
و زۆرجار بابمەزنییەکان لە
دەرەوەی قالبەکانی بابمەزنانە دا بوو، دەرفەتێکی ئافراند تا هەر دووک لای ئەو پێوەندییە بکەن
بە سەرچاوەیەکی سیاسی شیاوی پشت پێ بەستن بۆ ئەویتر بێ: ئوێجاڵان لە توانایی
کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی ژنان بۆ پەرەپێدانی ئیدەکانی و سازکردنەوەی پ.ک.ک کەلکی
وەرگرت، و ژنانیش لەو دەسەڵاتە ڕەمزییە وی بۆ دانانی ڕزگاریی جێندری لە ناوەندی
خەباتی کورد دا کەلکیان وەرگرت.
بە ڕەسمییەت ناسینی ژنان لە لایەن ئوێجاڵانەوە وەک "هێزی پێشەنگی شۆڕش"،
ڕۆڵێکی گرینگی
هەبوو لە سەرلەنوێ دیاریکردنی سەرکردایەتی و شەرعییەت لە بزووتنەوەیەکدا کە بۆ
ماوەیەکی زۆر بە پیاوێتی شۆڕشگێڕانە دەناسرا. ئەو نەک تەنیا داوای پێکهاتنی پێکهاتەی هاوتەریبی ژنان کرد، بەڵکو
ناوی "ژنۆلۆژی" لێ نا وەک زانستێکی
فێمینستی کە لە ناوەندی
ڕوانگەی دا کۆنفیدراڵیزمی دێمۆکراتیک هەبوو، و بە قووڵی پشتگیری لێ کرد. لە بەرامبەردا، ژنانی
کوردیش شەرعییەتیان دا بە
سەرۆکایەتی ئیدێئۆلۆژیکی وی. بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٩٩،
پاش گیرانی ئوێجاڵان،
ژنان پشتگیرییان لە بانگەوازی وی
کرد بۆ وەستاندنی خەباتی چەکدارانە، سەردەمێکی قەیراناوی کە
لەگەڵ شەپۆلێک لە جیابوونەوە لە ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٤ هاوکات بوو (نزیکەی ١٥٠٠
تێکۆشەر
پ.ک.ک یان
جێهێشت، لە دۆخێکدا کە سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە
بە ئایدیۆلۆژی و ناکۆکییەکانی ناوکۆیی دواجار
لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بووە هۆی دەستپێکردنەوەی
خەباتی چەکدارانە).
وفاداری ژنان لەم سەروبەندە
قەیراناوییە دا هەڵبژاردەیەکی ستراتێژیک بوو بۆ پاراستنی ئینسیجامی ئایدیۆلۆژی لە ناو دڵی جوێنوونەوەکان و سەرکوتەکان دا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم وفادارییە هێندێک سنووری هەبوو. هێندێک پێشنیار بۆ
سەربەخۆیی زیاتر – لەوانە دامەزراندنی
پارتیی
کرێکارانی ژنانی کورد – لە لایەن کۆمیتەی ناوەندی پ.ک.ک.ەوە رەتکرانەوە، و ئەمە
نیشاندەری بەردەوامیی بەرتەنگییە
پێکهاتەییەکان بوو. سەرەڕای ئەوە، هاوپەیمانی نێوان ژنان و ئوێجاڵان بەردەوام بوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە
گۆڕانی ئایدیۆلۆژیکی ئوێجاڵان
لە ساڵی ٢٠٠٥دا بەرەو کۆنفێدراڵیزمی
دێمۆکراتیک
بەرانبەریی جێندرری
لە ناوەندی مۆدێلی سیاسی نوێدا دانا. ئوێجاڵان لە ساڵی ٢٠١٢دا رەتیکردەوە کە لەگەڵ هەیئەتی ئاشتی دیداربکا، مەگەر ئەوەی نوێنەرانی
بزووتنەوەی ژنانیش لەو دیدارە دا
ئامادە بن، هەنگاوێک کە پێداگری دەکرد لە سەر پێگەی حەیاتیی ژنان.
ژنان بە شێوەیەکی ڕەمزی،
لە ساڵی ٢٠١٣دا، لە ڕۆژئاوا،
لە ڕۆژی لە دایکبوونی ئوێجاڵان دا پێکهاتنی یەکەکانی پاراستنی
ژن (YPJ) یان ڕاگەیاند، جەختکەدنەوە -_یەک
لەسەر متمانەی ئەوان بە ڕوانگەی
ئوێجاڵان سەبارەت بە خەباتێکی خودموختار.
ئەم پارادۆکسە – سازکردنی خودموختاری ژنان بە ڕێبەریی پیاوێک –
گرژی و تەنگەژی بناغەیی تێدایە. لە
کاتێکدا کە وێژمانی
ئوێجاڵان جەخت دەکا لەسەر بێ ناوندێتی وچەکدانان، دەسەڵاتی
کاریزماتیکی وی
هێشتا لە دوندی خۆی دایە.
ڕوانگەی
فێمینستی بزووتنەوەکە، لەو
ڕووەوە، لەگەڵ جۆرێک پێوەندیی ستراتیژی چووە دەباڵ یەکەوە. بانگەوازە
بەردەوامەکانی ئوێجاڵان
بۆ چەکدانانی پ.ک.ک، بە تایبەتی لەم
ساڵانی دواییدا، ئەم ناکۆکییەیان
زەقتر کردووەتەوە: ئەم بانگەوازانە لە لایەکەوە ئالنگاری پیاوێتی بە نیزامیکراوی ڕیشەداردەکا لە
خەباتە شۆڕشگێڕانەکان
دا، و
لە لایەکی دیکەشەوە، دەبنە هۆی
وڕووژانی هێندێک گومان سەبارەت بە ئاستی نفووزی ژنان لە پێواژۆی پاش نیزامی.
لە ڕووی مێژووییەوە، خەباتی چەکدارانە دەرفەتی بیندران، ڕێبەرایەتی کردن و وەرگرتنی شەرعییەتی
سیاسی داوە بە ژنان. ئامادەبوون لە مەیدانی نەبەرد دا، کە بە گشتی دەرگای بەڕووی ژنان دا گاڵە درا بوو. بڤە جێندررییەکانی
شکاند و سەرمایەی ماددی وڕەمزی بۆ ژنانی بزووتنەوە و بۆ جینسی ئەوان بە شێوەیەکی گشتگیرتر دابین کرد، تەنانەت ئەگەر ئەم پێواژۆیە هێندێک جار نۆڕمی بابمەزنیشی بەرهەم
هێنابێتەوە، ئەوەی کە هێندێکان پێی ئێژن " پیاوەتی وەرگیراو"؛ واتە
دووپاتە کردنەوەی نۆڕمە بابمەزنییەکان لە ژێرە پەردەی یەکسانی شۆڕشگێڕانە دا. هەرچەند
گۆڕانکاری ئێستا بۆ نانیزامێتی
دەرگای
نوێ دەکاتەوە بۆ کردەوەی فێمێنیستی کۆمەڵگە تەوەر و نەک لە سەرەوە بۆ خوارەوەیی،
بەڵام هاوکات هەڕەشەیەکە بۆ ئەو جۆرە ستروکتوورانەی کە لە برگەی جۆر بەجۆر دا
ژنانی پاراستووە لە هەمبەر دەکار کرانی توندو تیژی دەوڵەتی و هێز و دەسەڵاتیان داوە بە وان.
ئەم تەنگەژە
و گرژییە، بابەتی دمەتەقەیە سەبارەت بە داهاتووی بزووتنەوەی ژنانی کورد.
ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک پرسیاری دەستبەجێ و بنەڕەتی دێنێتە گۆڕێ:
ئایا بزووتنەوەی ژنانی کورد لەم ساتە
مێژووییە کەڵک وەردەگرێ بۆ
تەسبیت کردنی خودموختاری تەواوی خۆی؟ گەلۆ بۆچوونێکی فێمێنیستی وجیاوازی دەبێ
سەبارەت بە هەڵگەڕانەوە ستڕاتێژیکە؟ گەلۆ ئەو هەڵوەشاندنە دەبێتە هۆی لاواز بوونی
هەڵکەوتی ژنان لە خەباتی کوردی دا یا
دەبێتە هۆی ڕاهێزان و بەهێز بوونی؟
چەکدانان دەکرێ هەنگاوێک بێ بەڕەو ئاشتیی فێمێنیستی یان قەڵشت و سەدەمە وێکەوتنی ستڕاتێژیک.
هێندێک
لە خەباتگێڕان
لایەنگری پرۆسەیەکی
موحتاتانە ومەرجدارن بۆ چەکدانان: بەو مەرجەی دامەزراویی کردنی قەوارە جێگرەوەکان دەستەبەر بکرێ، بە ڕەسمییەت ناسینی
نێونەتەوەیی هەبێ، و پارێزگاری لە مافی ژنان بکرێ چونکوو پێیان وایە کە ئەم ڕێبازە
دەتوانێ کۆتایی بدا بە سوڵتەی زەینی شەڕی پیاوانە و فەزا بکاتەوە بۆ ئەکتی
ڕادیکاڵ، کۆمەڵگە تەوەر و نە لەسەرەوە بۆخوارەوەییی فێمینیستی.
خەباتی
چەکداری شۆڕشگێڕانەی کوردی کە لەکۆنەوە
لەسەر ئیدەئالگەلی پیاوانەی
وەک قارەمانێتی، شەهادەت، و وێرەکایەتی
نیزامی داندرابوو، ئیستا بە بانگەوازی ئوێجاڵان دەخریتە بەر ئالنگاری. بانگەوازێک
کە هەوڵێکە بۆ بردنی بزووتنەوە بەرەو ئاسۆیەکی فێمینیستی، هەڵبڕاو و دابڕاو لە
پیاوەتی بە نیزامی کراو. لەگەڵ ئەوەشدا، هێندێکان وشیارمان دەکەنەوە کە
چەکدانان لەوانەیە جارێکی دیکە
ژنان بخاتە بەر توندوتێژی بابمەزنانە و سەرکوتی دەوڵەتی، بە
تایبەتی ئەگەر دەسکەوتەکانی
هێزەکانی پارێزگاری لە ژنان وەک
یەکەکانی پاراستنی ژن (YPJ) یان
یەژا ستار
(YJA-Star) لە رووی سیاسییەوە نەپارێزدرێن.
ژنانی کورد و تورک، لە دەرەوەی مەیدانی نیزامی، هەمیشە دەوری تەوەرەییان گێڕاوە لە بەرخوەدانی مەدەنی و هەوڵەکانیان
لە پێناوی ئاشتی دا. "دایکانی ئاشتی" (DayikênAşîtîyê) ئەو ژنانەی کە
منداڵەکانیان لە تێکهەڵچوونەکانی
نێوان پ.ک.ک و دەوڵەتی تورکیادا لەدەست داوە – لە دەیەکانی ١٩٩٠ و
٢٠٠٠دا بوونە ڕەمزی
بەرخوەدانی
ناتوندوتیژی.
کەمپینی
وەک " دەست لە
هاوڕێم مەدە" (١٩٩٠) و "ژنەکان پێکەوە دەمەشن" تۆڕێکی گەلییان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ناسیۆنالیسم، ڕەگەزپەرستی و
شەڕ لە دەوری یەک کۆ کردەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا، "دەستپێشخەری فێمینستی لە پێناو ئاشتی" (BİKG) ژنانی
لە ئێتنیک و
نەتەوە جیاوازەکان کۆکردەوە بۆ داواکردنی چەکدانان، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی کۆمەڵایەتی، و ئاشتییەکی
گشتگیر. [٩]
ئەم بزووتنەوانە نیشاندەری ئەوە بوون کە ژنان چۆن توانیویانە ئەزموونی لەدەست دان، توندوتیژی، ولە پەراوێز دا ژیان لە تورکیادا بکەنە کردەوەی سیاسی.
ئوێجاڵان لە نامەیەکدا لە زیندانی ئیمرالییەوە، بە
بەرواری ٣٠ی مەی، ڕووەو
ئاکادێمی ژنۆلۆژی، دیسان جەختی کردەوە کە ڕزگاری ژنان پێوەری راستەقینەی
سۆسیالیزمە و ئەوەی بە بنەمای خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆی وەسف کرد. ئەو ژنۆلۆژی بە پڕۆژەیەکی گۆڕانکار و
بەردەوام وەسف کرد و ژنانی
بە ڕێبەرانی توانایەکی ئاشتی و دێمۆکڕاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا زانی. ڕاستییەکە
ئەوەیە کە ئوێجاڵان
بۆ بەرەو پێشچوونی ئەو تێپەڕینە پشت
بە ژنان دەبەستێ، چونکە ئەوان، پێشتریش، پێشەنگی هەوڵەکانی ئاشتی بوون لە کوردستان دا.
هەڵبژاردنی
بەسێ هوزات[10] -- یەکێک لە فەرماندە لەمێژینەکان، سەرۆکی هاوبەشی یەکێتیی کۆمەڵگەکانی کوردستان ( (kck،
و لە هاوڕێیانی نزیکی سەکینە جانسز، کەسایەتی فێمینیستی ڕەمزی پ.ک.ک کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە
پاریس تیرۆر کرا--
وەکوو
کەسایەتی سەرەکی ڕێوڕەسمی ڕەمزی
چەکدانان لە ١١- ژووییە، بەردەوامی ڕێبەرایەتی ژنان لە
بزووتنەوەی کوردی دا دا دەگرێتەوە. ئەو هەنگاوە، تەنانەت لە ساتە وەختی تێپەڕیش دا
نیشاندەری بەرعۆدەیی ئیدێئۆلۆژیکی بزووتنەوە بە ڕزگاریی جێندری و ڕێزدانانە بۆ میراتی فێمێنیسمی شۆڕشگێڕانەی
کوردی.
ئالنگاری هەنووکە
بریتییە لەهەڵسەنگاندنی ناکۆکییەکانی
چەک دانان: سازکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئەخلاقی فێمینیستی و
پێویستییەکانی بەرگریی ڕەوا، لە
نێوان خۆسەری و هاوپەیمانییە ستراتێژییەکان،
و لە نێوان ئاشتیسازکردن و عامیلییەتی
سیاسی. هەر پرۆسەیەکی ئاشتی لە داهاتوودا دەبێ لەسەر
واقیعیەتە
زیندووەکان و ڕوانگە سیاسییەکانی
ژنانی کورد دامەزرێ.
دەوری
ئەوان نەک پەراوێزی بەڵکو بنەڕەتی بووە. و ئەوە بڕیارە ستراتیژییەکانی
ئەوانە، نەک هەر ئی ئوێجاڵان،
کە لاپەڕەی دواتری مێژووی بزووتنەوەی کوردی دەنووسێ.
بەسێ هوزات، بە جلوبەرگێکی جیاواز و پێشەوەی هەموان دا، و وەک پێشەنگێک، لە حاڵی چوون بەرەو ڕێوڕەسمی ڕەمزی چەک داماڵینی پ.ک.کە لە ١١- ی ژووییەی ٢٠٢٥
ئەنجام
لە ڕوانگەی
لایەنگرانی پ.ک.ک وە،
ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێکخراوە نابێ وەک کۆتایی خەباتی کوردەکان سەیر بکرێ، بەڵکو دەبێ وەک نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و هێشتا
دیارینەکراو لە بەرگری چاو
لێ بکرێ. ئەم
دیدە، کە هێندێک
خوشبینی ستراتیژی پێوە دیارە،
پێویستی بە بیرلێکردنەوەیەکی
رەخنەیی هەیە. ناساندنەوەی
بەرخوەدان لەبەستێنێکی ئاوا ئاڵۆز دا پێویستی بە تێگەیشتنێکی
ورد لە بەرتەنگییەکان،
ناکۆکییەکان ، و مەترسییە
ناوخۆییەکان یەتی.
بە واتایەکی تر، ئەگەرچی ئەم رێبازە دەتوانێ ئاسۆی نوێ لە بەر دەم بزووتنەوەکە بکاتەوە، بەڵام نابێ بەبێ شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی رەخنەیی وەک
چارەسەرێکی کۆتایی و ئاشکرا قبوڵ بکرێ. بۆ شەرعیەتدان بەم پرۆسەیە، دروستکردنی
میکانیزم بۆ
تێهەڵکێشکردنی بۆچوونە رەخنەییەکانی
ئەندامان و چالاکانی
پ.ک.ک، بە تایبەتی ژنان و زیندانیانی سیاسی، پێویستە.
پ.ک.ک رووبەڕووی کۆمەڵێک ئالنگاری دەباڵ یەکەوەچوو بووەتەوە:
لە فشاری نیزامی
و تێکنۆلۆژییەوە بگرە تا دەگاتە بەرتەنگییە سیاسییەکان لەئاستی
ناوخۆیی و هەرێمی دا.
ئەم بار و دۆخە
توانای بزووتنەوەکەی
بۆ بەردەوامبوون لە سەر
خەباتی چەکداری وبەرەو پێشبردنی
گۆڕانکارییە بنەماییەکان بە شێوەیەکی زۆر کەم کردووەتەوە. هەڵگەڕانەوە بەرەو شێوازە مەدەنی قانوونییەکان بە
سازدانی قومارێکی ستراتێژی گەورە دەژمێردرێ. ئەگەرچی
ئەم گۆڕانە بایەخی تێڕامان و
تاقیکردنەوەی هەیە، سەرکەوتنی بە وەدیهاتنی
کۆمەڵێک مەرجی سەرەکی بەستراوەتەوە؛ بەبێ ئەوان، مەترسی شکست یان هەڵدێران بەرەو پەراوێز زۆر لە سەرەوە دەبێ.
جگە لەوە، گرژی
نێوان فشارەکانی دەوڵەت و ڕوانگەدرێژخایەنەکانی
پ.ک.ک بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەیەکی
سیاسی هەنگاو بە هەنگاو،
هێندێک پرسیار لە مەڕ دەرفەت و زەمانی ئەو
تێپەڕینە دەورووژێنێ.
بێتوو ئەم پرۆسە سیاسییە جارێکی تر تووشی بە تووشی چەت
تێخستنی ئەردۆغان بێتەوە، پ.ک.ک ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارانە. نەک
لەبەردەستەوەستانی، بەڵکوو لە درێژەی لۆژیکێکی سیاسی کە پاڵپشتی کەڕامەتی بە کۆمەڵ
و مافی دیاریکردنی چارەنووسە. سەرەڕای ئەوە، گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری
لەوانەیە بە ئاستەنگ و تێچوویەکی زۆرەوە تەواو بێ کە بە شێوەی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی گەلی
کورد.
بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردەکان تەنیا چالاکوانێکی تاکتیکی نییە،
بەڵکو هەڵگری پرۆژەیەکی سیاسییە کە
ئاڵنگاری چەمکەکانی ستانداردی حاکمییەت و شەرعیەت لە ئاستی هەرێمی دا دەکا. هەر گۆڕانکارییەکی سەرەکی لە ئاڕاستەی ستڕاتێژییەکەی دا پێویستی
بە تیگەیشتنی پێوەندییەکانی نێوان بەرتەنگەییە بنەماییەکان،
مەترسییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان،
و پێوەندییە
نابەرانبەرەکانی
هێز لە ئاستی
ناوخۆیی، هەرێمی، و نێودەوڵەتی یە. لە باشترین دۆخدا، هەڵگەڕانەوەی بزووتنەوە بەڕەو دامەزراوە سازی نەک هەر
دەتوانێ شەرعییەتە سیاسییەکەی ڕاهێزێنێ، بەڵکوو ڕێبازی ئاشتی نێوان
باڵە کوردییەکانیش – بە تایبەتی
لەگەڵ ڕقەبەری کۆنی وەک پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان ( پ.د.ک) – هەموار کا.
خۆ ئاڕاستە کردنەوەیەکی ستڕاتێژیکی ئەوتۆ دەتوانێ زەمینە سازی مێعمارییەکی سیاسی
دەرەوەی سنووری بێ بۆ کوردەکان؛ مۆدێلێک کە بۆ گەمەکارە نێونەتەوەییەکان،
بەتایبەتی هێزە ڕۆژئاواییەکان زیاتر شیاوی لێ تێگەیشتن و پەژراندنە کە هەمیشە چاویان
لە داوخوازی کوردەکان هەڵبڕیوە لە بەر
ئاڕاستەی بەرژەوەندە ستراتێژییەکانی خۆیان لە تەک ئانکارا دا.
بەڵام، ئەم ناساندنەوەیەی
بەردەوامی بەرخوەدانی کوردی
ڕووبەڕووی ئالنگاری چاوڕاکێشی ناوخۆیی یە؛ لەوانە گرژی و تەنگەژەی باڵەکان و
پێویستیی ئاشتی ناوخۆیی کە دەبێ هاوکات لەگەڵ پەژرانی ناوچەیی و جیهانی بەرەو پێش
بچێ. هەر چەند، ئەو پڕۆسەیە دەتوانێ دەرفەتی
ستروکتووری سیاسی، گشتگیرتر و شەرعی تر بڕەخسێنێ.
دواجار، ئەو گۆڕانکارییەی کە لە زمان و شێوەکانی بەرخوەدان دا
پێشنیارکراوە
و کە لە لایەن
عەبدوڵا ئوێجاڵان ولایەنگرانی
پ.ک.ک.ەوە گەڵالە کراوە،
وڵامێکە بۆ واقعیەتەکانی
چاودێری
تێکنۆلۆژی و شێوازە نوێیەکانی
شەڕ. ئەم گۆڕانکارییە، ئالنگاری
قالبە نەریتییەکانی بەرخوەدانی چەکدارانە دەکا و پێداگری دەکا لە سەر پێویستیی
گونجان، بەرگە گرتن، و ناساندنەوەی هێز و دەسەڵات لە قالبە نوێ و کەمتر بینراوەکان
دا.
*ئەم وتارە وەرگێڕانێکە بە فارسی لە Making Sense of the
PKK’s self –Dissolution: What does it Mean for the Middle East بە قەڵەمی سومەیە ڕۆستەم
پوور کە لەم لینکە دا دەبیندرێتەوە
وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ کوردی: حەسەن قازی
پاینووسەکان:
[١] "پرۆسەیەک
کە بە دوازدەهەمین کۆنگرەی ئێمە کۆتایی پێهات، لە ٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ دەستی پێکرد؛
کاتێک کۆمەڵێک
لە ئێمە لەگەڵ خوشکەزای
سەرۆک ئاپۆ کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیە وڵامێک بوو بۆ قسەکان و بانگەوازەکانی سەرەتای ئۆکتۆبر کە لە لایەن دەوڵەت
باغچەلی، سەرۆکی پارتی حەڕەکەتی
میللی تورکیا (MHP)، هاتبوونە گۆڕێ.
سەرۆک ئاپۆ لەم کۆبوونەوەیەدا بە ئاشکرا رایگەیاند کە " ئەگەر مەرجی پێویست دابین بکرێ ، ئەو لە ڕووی تیۆری و بە کردەوە توانایی ئەوەی هەیە کە دۆزی کورد لە بەستێنی توندوتیژی و پێکدادانەوە بگوازێتەوە بۆ بواری
سیاسەتی دێمۆکڕاتیک
و چارەسەری یاسایی."
لە مانگەکانی دوای ئەوە، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان شاندی پارتیی یەکسانی و دێمۆکراسی گەلان (پارتیی دەم) و ڕێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمرالی
بەڕێوەچوو. ئەم دیدارانە هاوکات
بوون لەگەڵ پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە زیاتر فۆڕمی دا بە پڕۆسەکە.
سەرەتا نامەی نارد بۆ
سەرکردایەتی پارتییە
سیاسییەکان لە
تورکیا و پاشان هێندێ نامەی
بۆ ئێمە نارد.
لەم نامانەدا، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بەو چالاکییانەی لە ژێر ناوی پ.ک.ک دەکرێن و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدارانە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ڕاسپاردەی مێژوویی ئەم خەباتە
کۆتایی پێهاتووە. ئێمە لە وڵام دا
ئامادەیی خۆمان بۆ
بەڕێوەبردنی کۆنگرەی پێشنیارکراو ڕایگەیاند،
بەڵام پێداگریمان کرد
کە بڕیاری ئەوەندە بنەڕەتی
تەنیا بە ئامادەبوون و ڕێبەرایەتی ڕاستەوخۆی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆنگرەکەدا دەکرێ بدرێ. ڕێبەر ئاپۆ لە هەنگاوی دواتردا،
لە رێگەی شاندی
پارتیی دەم،
"بانگەوازێکی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دێمۆکراتیک" دەرکرد (لە ٢٧ی شوبات). لەم
بانگەوازەدا داوای لێکردین کۆنگرەکە ببەستین و بڕیاری فەرمی بدەین بۆ کۆتاییهێنان بە
چالاکییەکان لە ژێر
ناوی پ.ک.ک و خەباتی چەکدارانە.
ئەو هەروەها
ڕایگەیاند
کە ئامادەیە بەرپرسیارێتی تەواوی مێژوویی ئەم دەستپێشخەرییە وە ئەستۆ بگرێ. بە دوای ئەم بانگەوازە دا، لە بەیاننامەیەکی گشتی دا کە لە یەکی مارس بڵاومان کردەوە، جارێکی تر
هەڵوێستی خۆمان
کە پێشتر لە نامە بۆ ڕێبەر
ئاپۆ ڕامانگەیاندبوو،
داگرتەوە.
بۆ پشتگیریکردنی ئەم پرۆسەیە، ئاگربەستێکی یەک-لایەنەمان ڕاگەیاند و بیروڕای گشتیمان لێ ئاگادار کرد.
ئەم بەرەوپێشچوونانە
گفتوگۆیەکی بەربڵاوی
لە ناوخۆ و لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ورووژاند.
ئێمە چالاکانە
لەم گەنگەشانە دا بەشدار
بووین، ڕوانگەی خۆمان دەربڕی
و هەوڵمان دا لە
رێگەی هەڵسەنگاندنە نووسراو
و زارەکییەکان،
تێگەیشتنێکی ڕوون
سەبارەت بەم پێواژۆیە لەبەر دەست
گەل و هاوپەیمانەکانمان بنێین.
جگە لەوە، ناوەرۆکی ئەو دیدارانەی
کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دران و هەر
وەها ئەو ڕێنوێنییانەی کە لە لایەن سەرکردایەتی
پ.ک.ک و پ.ا.ژ.ک.
(پارتیی
ژنانی ئازادی کوردستان) بۆ رێکخستنی پارتیەکەمان ئامادە کرابوون، هەمووی بە تەواوی بە ئاگاداری و ڕەزامەندی هەیئەتی کۆنگرە بەرێوە بردران." بۆ زانیاری سەبارەت بە دەقی تەواوی بەیاننامەکە،
سەیری بەیاننامەی کۆمیتەی
ناوەندی پ.ک.ک بکەن بەرواری ٤-ی مەی ٢٠٢٥. "
[٢]. " ئاسۆی
ئێمە بۆ سەردەمی نوێ، لەسەر بنیاتنانەوەی
کۆمەڵگە لەسەر بنەمای نەتەوەی دێمۆکراتیک،
بنەماکانی ئیکۆئابووری و کۆمونالیزم دامەزراوە. بۆ دامەزراندنی فەلسەفی ئەم پێکهاتەیە-- لە ڕەهەندە
ئایدیۆلۆژییەکانەوە بگرە
تا دەرکەوتنی لە بەستێنێکی
کۆمەڵایەتی بەرفراوانتردا-- ئێمە بەرپرسیارێتی گەڵاڵە کردنی چوارچێوەی تیۆری و
چەمکیی
ئەو وەئەستۆ دەگرین.
ئێمە خەریکی شکڵدان بە
کوتە ئایدیۆلۆژیکەکان، پڕۆگرامی پڕاتیکی و ڕەهەندە تاکتیکی – ستڕاتێژییەکانی
داهاتووین. کۆمەڵگەی دێمۆکڕاتیک پڕۆگرامی سیاسی ئەو سەروبەندە پێک دێنێ. ئامانجی
وی بە دەرەجەی یەکەم دەوڵەت نییە. سیاسەتی کۆمەڵگەی دێمۆکڕاتیکە، سیاسەتی
دێمۆکڕاتیکە... سۆسیالیسمی دێمۆکڕاتیکیش بە مانای دێمۆکڕاسییەکە کە ڕەگ و ڕیشەی دە
بەستێنی کۆمەڵایەتی دایە. ژیانی ئازادی گەلان تەنیا لە رێگەی کۆمونەوە هەڵدەسووڕێ.... بۆ تێپەڕاندنی
مۆدێرنیتە و "سۆسیالیزمی
واقعی" کە خزمەتی پێ دەکرد، ئێمە هەوڵمان دا
شیکردنەوەیەکی نوێ و تیۆرییەکی بەدیل
لە مەڕسۆسیالیزم بهێنینە گۆڕێ. ناوی ئەو چوارچێوەیەمان نا "مۆدێرنیتەی دێمۆکڕاتیک". لەم چوارچێوەیەدا، نەتەوەی دێمۆکڕاتیک وەک بەدیلێک بۆ دەوڵەت-نەتەوە دێتە گۆڕێ ؛ کۆمۆن و کۆمۆنالیزم جێگەی سەرمایەداری دەگرنەوە؛ و ئابووری-ئیکۆلۆژی جێگەی
پیشەسازی دەگرێتەوە. شیکردنەوەی گونجاو
بۆ پشتگیریکردن و شرۆڤەکردنی ئەم گۆڕانکارییە چەمکییانەش ئامادە کران... سەرکەوتن لە کوردستان
کاریگەری لەسەر سوریا، ئێران، و عێراقیش دەبێ. کۆماری تورکیا ئەم هەلەی دەبێ کە خۆی دووبارە بنیات بنێتەوە، دێمۆکراسی قبوڵ بکا، و دەورێکی پێشەنگ لە هەرێمەکەدا بگێڕێ ... بە متمانەوە دەڵێم کە دژبەرەکانی ئەم
پرۆسەیە، لە
نرخی راستەقینەبێ بەرین،
و دواجار تێک
دەشکێن.
بەڵام، جێبەجێکردن و وەدیهێنانی
ئەم ڕوانگەیە
بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هەموو لایەنە پێوەەندیدارەکان. کۆنفیدراڵیزمی
هەرێمی خۆی وەک پێویستییەکی ڕەها
دەردەخا؛ و
لە هەمان کاتدا، ئەم رێگەیە حەوجێی
بە دەرکەوتنی شێوەیەکی نوێ لە ئەنترناسیۆنالیزم هەیە" .
[٣]. لە فۆلکلۆری تورکیا و هێندێک ناوچەی کوردستان، دا دەگوترێ "گای زەرد" بە ئاژەڵێک دەڵێن کە بە ئارامی و بێ جووڵە
وەستاوە و هیچ کاردانەوەیەک لە ئاست
مەترسی لە
خۆیەوە نیشان نادا، وەک ئەوەی خۆی تەسلیمی چارەنووس کردبێ . ئەم تەعبیرە بەرە بەرە بووەتە
هێمایەک بۆ ئەو تاکوتەرا یان گرووپانەی کە بەرانبەر مەترسی و هێرشەکان دۆش دادەمێنن و بەبێ بەرگری ڕێگە دەدەن سەدەمەیان پێ بگا یان
پەرتەوازە بن.
[٤] پارتی داد و گەشەپێدان بە
توندکردنی سەرکوتەکان وڵامی دایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩، "دادگاکانی KCK "بوونە هۆی
گیرانی
نزیکەی ١٠ هەزار کەس، لەوانە سیاسەتمەداران، پارێزەرانی مافی مرۆڤ، چالاکانی یەکێتییەکان، و
فێمینیستەکان کە هەموویان تۆمەتی بەربڵاوتری تیرۆریزمیان وەپاڵ درا.
[٥] چەمکی "کۆمۆن" بووەتە تەوەرەی سەرەکی ئەندێشەی ڕێبەری پ.ک.ک.
لە ڕوانگەی ئوێجاڵانەوە، کۆمون نیشانەی ڕاستەقینەی ئیرادەی گەلە و لە
دژایەتی تەواو دایە لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوە کە ئەو بە درێژەی چەکداری سەرمایەداری
دەزانێ.
دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنی
لە سەر بنەمای شارەدارییە
دێمۆکڕاتیکەکان تەنیا کاتێک هەڵدەسووڕێ کە لە خەباتێکی بەتەکووز و دژی سەرمایەداری
گرێ درابێ؛ خەباتێک کە لە سەر بنەمای دیتنێکی سیاسی ڕووناک و ئیرادەیەکی پتەو
داندرابێ. بە بێ ئەو تۆوانە، ئەو پڕۆژەیە مەحکوومە بە شکان.
[٦]. یەکێک لە هۆکارەکانی دوژمنایەتی کۆنی پ.ک.ک.
لەگەڵ ئیسراییل،
دەوری
ئەم ڕێژیمەیە
لە گرتنی
عەبدوڵا ئوێجاڵان لە ساڵی ١٩٩٩. ئەگەرچی ئیسراییل بە فەرمی حاشای کردووە لە بەشداری
خۆی لەم ئۆپێراسیۆنەدا
بەڵام بەڵگە و شایەتی دانە
نافەرمییەکان دەیسەلمێنن
کە موساد رۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە
لە دۆزینەوەی شوێنی نھێنی ئوێجاڵان و گواستنەوەی زانیاری بۆ دەسگای هەواڵگری تورکیا (MIT).هێندێک لە شیکەرەوان ئەم هاوکارییە لە چوارچێوەی پێوەندییە ستراتیژییەکانی
تورکیا و ئیسراییل دا لێک دەدەنەوە لە ساڵانی ٩٠ەکان دا؛ ئەو پێوەندییانەی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەئەمنییەتیەکان بە دژی دوژمنە هەرێمییەکان وەک
ئێران، سوریا، و گرووپە نادەوڵەتییەکان وەک پ.ک.ک و حیزبوڵا مەیی بوو. ئەم کۆمپلۆ نێونەتەوەییە کە بە
هاوکاری ئیسرائیل ئەنجام درا، شەپۆلێک لە تووڕەیی لە نێو کوردەکان دا ورووژاند. یەکێک
لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتی، سەفاڕەتخانە و کونسوڵخانەکانی ئیسراییل لە ئورووپا بوو، بە تایبەتی لە
وڵاتانی ئەڵمان ،
هۆلەند، فەڕانسە، و سویس. لە بەرلین، چالاکانی کورد کونسوڵخانەی ئیسراییلیان داگیر کرد بۆ ناڕەزایەتی
دەربڕین لە ئاست
ئەگەری دەوری
ئیسراییل
لەم گرتنە دا؛
ناڕەزایەتییەک کە ڕووبەڕووی
سەرکوتکردنێکی توندوتیژ هات
و بووە هۆی کوژرانی چوار کەس لەو کەسانەی پڕۆتێستیان دەکرد.
[٧]. China’s
Belt and Road Initiative
[٨].India-Middle East- Europe Corridor
[٩]. لەو بارەیەوە بۆ وێنە تەماشای ئەم وتارە بکەن
[١٠] بنەماڵەی بەسێ هوزات لە قوربانیانی کوشتارێکی خوێناوی بوون کە دەوڵەتی
تورکیا لە ساڵی ١٩٣٨ بە دەم
راپەڕینی دەرسیمەوە
دژ بە کوردەکان ئەنجامی دا. باوک
و باپیری کووژران و برا و خوشکیشی بە دەست دەوڵەتی تورکیا کووژران. داپیرەی، کە
لەو کوشتارە ڕزگاری ببوو، پاش وەخۆ کردنی
ئەشکەنجە و ئازارێکی
زۆر لە لایەن سەربازانی تورکەوە، توانیویەتی هەڵبێ. خەباتی بەسێ هوزات تەجەسومی بەردەوامی
بزووتنەوەیەکی چەند وەچەیی بە دژی
شۆوێنیزمی فەرمانڕەوایە لە مەیدانی سیاسی تورکیا دا.
لینکی کورتکراوە لە ماڵپەڕی "نقد": https://wp.me/p9vUft-4SW