دوای شۆڕشی شێخ سەعید: کۆچبەری زۆرەملێ و سیاسەتی نەفی کردن (١٩٢٥-١٩٢٩), نووسینی مەروە فرات
دوای شۆڕشی شێخ سەعید: کۆچبەری زۆرەملێ و سیاسەتی نەفی کردن (١٩٢٥-١٩٢٩)
وتار / مەروە فرات
٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٥
لە وێنەکەدا لە چەپەوە بەرەو راست: رەسیم بەگ، خورشید بەگ،
فەهمی بەگ لە لجێ، شێخ عەلی ڕەزا ئەفەندی کوڕی شێخ سەعید ئەفەندی (دانیشتوو)، تەوفیق
بەگ و ئیحسان نووری پاشا.
ئەم کافرەی ئێرە ئەمساڵ چەند ساڵە تەواو بوو،
دەستی
خۆی دەکاتەوە، دیرەگەی دینی محەمەد دەهەژێنێ،
گەورە
گەورەی کوردستان کە گرتوویانن، کە کوشتوویانن،
ئەوانەی
کە ئیعدامیان کردن، ئەوانەی کە نەفی کران،
ئەمساڵ
تەرش و تاڵانی وانیان، هاویشتە شاران،
دەیاندا
بەر مەزاتێ، هەی هەی! [١]
دوای
بزووتنەوەی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥، کۆماری تورکیا، وەک بەشێک لە پلانی ئیسلاحاتی
شەرق، سیاسەتی نەفی کردن و کۆچبەری زۆرەملێی بەرامبەر کوردان جێبەجێ کرد. ئەم سیاسەتە،
کە سزایەکی قورس بوو، بووە هۆی کۆچکردنی زۆر کەس کە بەشداری بزووتنەوەکە بووبوون یان
بە پشتیوانی لەو حەڕەکەتە تۆمەتبار کرابوون، ناچار بوون کۆچ بکەن بەرەو ئێران، عێراق
و سوریا. ئامانجی دەوڵەت لەم سیاسەتە ئەوە بوو کە بە بڵاوکردنەوەی کوردان بەپێی
جوگرافیا، پۆتانسیەلی بەرخۆدانیان بشکێنێ، کۆمەڵگەی کوردی پارچە بکا، پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان،
هەستی پێوەبەستەیی و بیرەوەرییەکان لاواز بکا و بەم شێوەیە تواندنەوەی کوردان جێبەجێ
بکا. بەڵام، بە شێوەیەکی ئیرۆنیک، هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ لەناوبردنی بیرەوەری، بەهۆی
چیرۆکەکانی مەنفا کە لە بیرەوەری خێزانەکانەوە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە،
نە تەنێ سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بووە هۆی زیندوومانەوەی بزووتنەوەی شێخ سەعید لە
بیرەوەری کۆمەڵایەتی کورداندا.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم وتارە سیاسەتی نەفی کردن کە دوای ساڵی ١٩٢٥ بەرامبەر کوردان
جێبەجێ کراوە و کۆچبەرییەکانی ئەو سەردەمە، بە تایبەتی بە تیشکخستنە سەر بنەماڵەی
شێخ سەعید، لێکدەداتەوە. بنەماڵەی شێخ سەعید دوای ساڵی ١٩٢٥ سێ جار نەفی کراون: لە
ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٩، ١٩٣٥-١٩٤٧ و ١٩٦٠. بەڵام، ئەم وتارە تەنێ لەسەر کۆچبەری و نەفی
کردنەکانی ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٩ دەوەستێ و دوو
تەوەرەی سەرەکی دەگرێتەوە: یەکەم، کۆچبەری پیاوانی خێزانەکە بۆ ئێران و عێراق و پێوەندییە
دیپلۆماتی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان (بە تایبەتی شێخ عەلی ڕەزا و شێخ مەهدی) لەوێ.
دووەم، نەفی کردنی ژن و منداڵانی خێزانەکە بۆ ئیسپارتا لە چوارچێوەی یاسای جێگیرکردندا.
بۆیە، وتارەکە کۆچبەری زۆرەملێ و سیاسەتی نەفی کردن دوای ١٩٢٥ بە رێگەی چارەنووسی
بنەماڵەی شێخ سەعید، بە بەکارهێنانی ئارشیڤەکانی خێزانی و شایەدەکانی نەفی کران، دەکۆڵێتەوە.
[٢]
کۆچبەری و چالاکییەکانی شێخ عەلی
ڕەزا و شێخ مەهدی بۆ ئێران و عێراق (١٩٢٥-١٩٢٨)
کاتێک
شێخ سەعید لە پردی عەبدولرەحمان پاشا گیرا، شێخ عەلی ڕەزا و کاروانەکەی لە مەلەزگرێ
بوون. بە بیستنی هەواڵی گیرانی، هێزەکانیان بڵاو بوونەوە و هەوڵیاندا خۆیان لە هێرشەکانی
دوژمن بپارێزن. پلانیان کرد کە بەرەو چیاکانی ئێران بچن، لە شەمزینانەوە پەیوەست
بن بە هێزەکانی ئەوێ و بەرخۆدانەکە بەردەوام بکەن. بەپێی ئەم پلانە، بە هێزێکی نزیکەی
١٤٠ سوارەوە لە مەلەزگرێوە بەرەو ئێران کۆچیان کرد. لە رێگەدا، لەلایەن هۆزەکانی حەیدەران
و ئادەمانەوە رووبەڕووی هێرش بوونەوە و بۆ ماوەیەک لە چیای تەندورەکدا مانەوە. لەبەر
نەبوونی خواردن، ناچار بوون ئەسپەکانیان بکەنە قوربانی و گۆشتیان بخۆن.
کاتێک گەیشتنە کلیساکەندی لە ئێران، لە چیاکاندا
لەگەڵ سوارەکانی حەسەنان لە چاوەڕوانی دا بوون. هەندێک لە کاروانەکە نەیانویست لەگەڵ
ئێرانییەکان کۆببنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی شەڕ نەکەوێتەوە، بڕیاریان دا کە بچن. شێخ عەلی
ڕەزا لەگەڵ ئەمیر لەشکر کۆبووەوە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە مافی پەنابەری لە دەوڵەتی ئێران.
ئێرانییەکان لە کلیساکەند شەرتیان دانا کە چەکەکانیان رادەست بکەن. شێخ عەلی ڕەزا
ئامادە بوو ئەم شەرتە قبووڵ بکا و تەفەنگەکان رادەست بکا، بەڵام کاتێک هەندێک کەس،
وەک شەمسەدینی کوڕی خالید بەگ و نەبۆ، ئامادە نەبوون تەفەنگەکانیان رادەست بکەن،
ناکۆکی سەری هەڵدا. لە کۆتاییدا، شێخ عەلی ڕەزا تەفەنگەکانی هەموویان کۆکردەوە. بەڵام
کاتێک یەکێک لە حەسەنان تەقەی کرد، سەربازە ئێرانییەکان بە مێترالیۆز تەقەیان کرد
و ٢٥-٢٦ کەس لەوێ گیانیان لەدەست دا (لەوانە برای شێخ سەعید، شێخ دیادین، و کوڕی
خالید بەگ). هەندێک لە ساغەکان هەڵاتن، هەندێک گیران و دەست بە سەر پارە و زێرەکانیان دا گیرا.
١٥-٢٠ کەس گیران و نزیکەی ٦ مانگ لە زیندانی تەورێزدا مانەوە. دوای ئازادبوون، شێخ
عەلی ڕەزا و بنەماڵەکەی چوونە لای سمکۆ ئاغا، بەڵام کاتێک تێگەیشتن کە سمکۆ ئاغا
قبووڵ ناکا هێزەکان یەکبخەن، بەرەو رەواندوز چوون و لە ماڵی سەید تەها مانەوە. دوای
ئەوەی ئینگلیزەکان دژایەتی مانەوەیان لە رەواندوز کرد، بەرەو بەغدا کۆچیان کرد و
ساڵ و نیوێک لەوێ مانەوە. لە ماوەی مانەوەیان لە بەغدا، شێخ سەڵاحەدین لە ئەکادیمیای
شەڕ پەروەردەی وەرگرت و شێخ عەلی ڕەزا لە قوتابخانەکان وانەی دەگوت.
سەرنجڕاکێشە کە بنەماڵەی شێخ سەعید لەم سەردەمەدا چالاکییە سیاسییەکانی خۆیان و پێوەندییەکانیان
لە هەرێمەکەدا بەردەوام کرد. لە بەڵگەنامەیەک کە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە هەولێر پەیدام
کرد، دەردەکەوێ کە شێخ مەهدی، برای شێخ سەعید، لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٥دا چاوپێکەوتنێکی
گرینگی لەگەڵ رۆژنامەی "ژیانەوە"
لە سلێمانی کردووە. ئەم چاوپێکەوتنە، کە یەکەمین بەڵگەنامەیە کە تا ئێستا ماوەتەوە
و تێیدا ئەندامێکی بنەماڵەی شێخ سەعید باسی بزووتنەوەکە دەکا، نزیکەی ٦ مانگ دوای
کۆتاییهاتنی بزووتنەوەکە ئەنجام دراوە. شێخ مەهدی لەم چاوپێکەوتنەدا هۆکارەکانی سەرهەڵدان
و سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکەی باس کردووە. لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، شێخ مەهدی بەمشێوەیە
ناسێنراوە: "شێخ مەهدی ئەفەندی، برای قارەمانی بزووتنەوە و قیامی کوردستانی
باکوور شێخ سەعید ئەفەندی." لە خوارەوە بەشێکی گرینگی ئەم چاوپێکەوتنە پێشکێش
دەکەم:
لە وێنەکەدا لە چەپەوە بەرەو راست: رەسیم بەگ، خورشید بەگ، فەهمی بەگ لە لجێ، شێخ عەلی ڕەزا ئەفەندی کوڕی شێخ سەعید ئەفەندی (دانیشتوو)، تەوفیق بەگ و ئیحسان نووری پاشا.
"هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەو شۆڕشە چی بوو؟"
"راستە کە جەنابی شێخ سەعید
ئەفەندی گیرا و بەشێک لە هێزە نەتەوەییەکان ئەسیر کران، بەڵام نابێ ئەمە وەک شکستی کوردان و سەرکەوتنی تەواوەتی
تورکەکان سەیر بکرێ. دەتوانم بڵێم کە هەرچەندە ئیمکاناتمان کەم بوو، سەرکەوتن لای
ئێمە بوو. چونکە ئەو هێزانەی کە هێنرابوونە کوردستان، ئەوانە بوون کە لە ماوەی ١٥
رۆژدا سپای یۆنانیان لە ئاناتۆلیا دەرکردبوو و لە ساڵی ١٩٢٠دا سپای نەتەوەیی ئەرمەنیەکان
ناچار کردبوون پاشەکشە بکەن. سەرەڕای کەمایەتییەکانمان، ئێمە زۆر زیاتر بەرخۆدانمان
کرد. راستە کە ئێستا شۆڕشەکە لەبەرچاو کۆتایی هاتووە، بەڵام چونکە ئەو بیر و هزری
پیرۆزە لە دڵی هەر کوردێکدا جێگەی گرتووە و بۆ ئێمە ئاشکرا بووە کە کورد و تورک
ناتوانن پێکەوە بژین، هیوادارم کە لە دەرفەتێکی دیکەدا شۆڕشەکە سەرلەنوێ بکرێتەوە
و ئێمە بە بەدەستهێنانی مافە شەرعییە نەتەوەییەکانمان سەربکەوین و خۆمان لە ژێر زوڵم
و زەبری ئەو بێدینانە دەربخەین."(١٧ی کانوونی یەکەم، ١٩٢٥، سلێمانی، رۆژنامەی
ژیان) [٣]
چوار ئەندامی بنەماڵەی شێخ سەعید، لەوانە شێخ دیادین، لە کاتی کۆچکردن بۆ ئێران گیانیان
لەدەست دا. ئەوانەی کە مانەوە بریتی بوون لە کوڕەکانی شێخ سەعید (شێخ عەلی ڕەزا، شێخ
سەڵاحەدین، شێخ خیاسەدین) و مامیان شێخ مەهدی. وەک ئاماژەم پێ کرد، خێزانەکە هەوڵیدا
چالاکییە سیاسی و زانستییەکانی خۆی لە هەرێمەکەدا بەردەوام بکا. لە عێراق، شێخ خیاسەدین
لە دەوەری بارزان لە لای بارزانییەکان گیرساوە.
شێخ مەهدی لە مەدرەسەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی وانەی بە منداڵان دەگوت. شێخ فەخرەدین،
کوڕی شێخ تاهیر، ئاوا باسی ئەو سەردەمە دەکات:
"شێخ مەهدی برسی و بێ پارە بوو، بەڵام شەرمی دەکرد بڵێت برسیم. تا کاتی
خواردن دەهات، دەیگوت: 'دەچم.' خوێندکارەکان دەیانگوت: 'سەیدا، پێش ئەوەی بڕۆی، لەگەڵمان
شێو بخۆ.' بەمشێوەیە خواردنی دەخوارد. لە هوتێلێکدا دەنووست، بەڵام پارەی نەبوو بیدا.
کەسانی باش هەبوون. گوتی: 'رۆژێک کاتێک لە هوتێلێکدا لە خەودا بووم، پیاوێکی زانا
و دەوڵەمەند سەردانی کردم. ناوی ئەو پیاوەی پێ گوتم، بەڵام ئێستا بە بیرم نایە. شەو
تێپەڕ بوو و ئەو نەدەڕۆیشت. تێگەیشتم کە شتێک بە من دەدا. دەمویست ئەو شتە بە من
بدا و بڕوا تا لەم پەشۆکاویە دەربچم. لە کۆتاییدا، هەستا و کاتێک ماڵاواییمان کرد،
جوزدانێکی قورسی خستە گیرفانم. دوای چوونی، جوزدانەکەم کردەوە و زۆر زێری تێدابوو.
چوومە بازاڕ و بەو زێرانە هەندێک شتەم کڕی.'" [٤]
شێخ عەلی ڕەزا، کە لە نامەیەکدا بۆ کۆمەلی گەلان خۆی وەک "شێخ سەعیدزادە شێخ
عەلی ڕەزای پالوویی، سەرۆکی حکومەتێک کە لە کوردستاندا دامەزراوە" ناساندووە،
لەم سەردەمەدا چالاکییە سیاسییەکانی بەردەوام کرد. دیارە کە شێخ عەلی ڕەزا لە قۆناغی
دامەزراندنی خۆیبون رۆڵێکی چالاک گێڕاوە و بۆ پێوەندی و هاوپەیمانییە دیپلۆماتییەکان
کراوەتر بووە. وەک لە نامەکانی بۆ کادرەکانی داشناکتسیوون دەردەکەوێ، نزیکایەتی لەگەڵ
سۆڤیەتەکان خراپ نەدەدی، ئەگەر سوودێکی بۆ کوردان هەبوایە. لەبەر ئەوەی فەڕانسەییەکان
نەیانھێشت شێخ عەلی ڕەزا بەشداری کۆنگرەی خۆیبون لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ بکا، مامی وی،
شێخ مەهدی، لەسەر ناوی بنەماڵەکە بەشداری کرد. بنەماڵەی شێخ سەعید دژ بە پێشنیازی
دابەشکردنی زەوی لە نێوان کورد و ئەرمەنیەکان بەپێی تۆمارەکانی سەرژمێری لە کۆنگرەکەدا
نارەزایەتییان دەربڕی. دوای ئەم نارەزایەتییە، لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٨دا نامەیەک
نووسرا کە تێیدا گوتراوە شێخ عەلی ڕەزا لە کۆمەڵەکە کەشاوەتەوە. بە یاسای لێبوردنی
ساڵی ١٩٢٨ (٢٨ی ئاداری ١٩٢٨)، شێخ عەلی ڕەزا، شێخ مەهدی، شێخ سەڵاحەدین و شێخ خیاسەدین
گەڕانەوە کوردستانی باکوور.
نەفی کردنی ژن و منداڵانی بنەماڵەی
شێخ سەعید بۆ ئیسپارتا (١٩٢٦-١٩٢٩)
پلانی
ئیسلاحاتی شەرق، کە لە ئەیلوولی ١٩٢٥دا ئامادە کرابوو، لە سەردەمی سەرەتای کۆماری
تورکیادا وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی ئاسایش و تواندنەوە سەبارەت بە کێشەی
کورد دەرکەوت. سیاسەتی نەفی کردن وەک بەشێک لەم پلانە داسەپێندرا. لە سەردەمی
عوسمانیدا، کوشتنەکان و کۆچبەری زۆرەملێ بە ناوی "ئیسلاحات" جێبەجێ دەکران
و ئەو یەکە لەشکرییەی کە لەم پڕۆسەدا خزمەتیان دەکرد، بە "فرقەی ئیسلاحیە"
ناو نرابوون. هەمان کولتور لە سەردەمی کۆماردا بەردەوام بوو و دەسگایەکی تایبەت بە
ناوی "فرقەی ئیسلاحاتی نەفی کران" دامەزرا. یەکەمین رێساکانی یاسایی سەبارەت
بەم بابەتە "یاسای بناغەکردن" بە ژمارەی ٨٨٥ (٣١ی مایسی ١٩٢٦) و "یاسای
گواستنەوەی هەندێک کەس لە هەرێمی رۆژهەڵاتەوە بۆ ویلایەتەکانی رۆژاوا" بە
ژمارەی ١٩٠٧ (١٠ی حوزەیرانی ١٩٢٧) بوون. زۆر جار، کردەوەکانی نەفی کردن پێش دەرچوونی
یاساکان جێبەجێ دەکران.
لە ئەغردر، ئەو دوورگەیەی کە بنەماڵەی شێخ سەعید
بۆ وێ نەفی کرابوو
ژن و منداڵانی بنەماڵەی شێخ سەعید، کە لە گوندی قۆلهەسارێی خنووس دەژیان، لە نێو نەفی
کراوەکاندا بوون. پێش نەفی کردن، دەست بەسەر هەموو موڵکەکانی خێزانەکە دا گیرا و لە
مەزادێکی تایبەت لە خنووس فرۆشران. لە کاتی نەفی کردن، سەرەتا خێزانەکە لە خنووسەوە
برانە ئەرزرۆم. لە کاروانی نەفی کران لە ئەرزرۆم، تووشێ سەرۆکی هۆزی حەیدەران، کۆر
حوسێن پاشا، هاتن. لە نێوان پاشا و فاتمە خانم، خوشکی خالید بەگی جبری و هاوژینی شێخ
سەعید، کە بە کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو دەناسرا، گفتوگۆیەک سەری هەڵدا. کاتێک حوسێن
پاشا فاتمە خانمی دی، چووە لای و ویستی دڵخۆشی بداتەوە و پێی گوت: "ئێمە چی
بکەین؟ هیچ شتێکمان لەدەست نایە." فاتمە خانم وەڵامی دا گوتی: "پاشا، ئێستا
هیچ خەمێکم نییە، چونکە پەڵەکەت بە گولیەکەمەوە گرێ دراوە، تۆش هاتووی بۆ من باسی
خۆت بکەی؟"
دوای تۆمارکردنی کاروانی نەفی کراوان لە ئەرزرۆم، بە عەرابەی گا برانە ترابزون. لە
ترابزونەوە بە کەشتی بۆ ئەستەنبوڵ نێردران و لە ئەستەنبوڵەوە بەرەو ئەنتالیا
گوازرانەوە. نیوەی خێزانەکە بۆ موغلای میلاس و نیوەیەکی دیکە بۆ ئیسپارتای ئەغردر
نێردران. ئەوانەی کە بۆ ئەغردر نێردران، لە دوورگەیەکی بچووک لە گۆڵەکەدا جێگیر
کران، کە نە کەشتییەکی دەریایی هەبوو بۆ گەیشتن بە شار، نە ئاوی خواردنەوە، خواردن
یان شوێنێکی گونجاو بوو.
خێزانە نەفی کراوەکان لە زۆر ویلایەت و ناوچەدا بڵاو کرانەوە. جگە لە خێزانی شێخ سەعید،
منداڵانی خالید بەگی جبریش بە زۆر لەم دوورگەیە جێگیر کران. دواتر، بەدیعوززمان سەعید
کوردی لەو دوورگەیە دامەزرێندرا. نەفی کراوان لەبەر شەرتی نامرۆیانەی دوورگەکە لە
وەزعێکی سەختدا بوون و بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕان کە بچنە ناوەندی ناوچەکە. شێخ محەمەد،
کوڕی گەورەی خێزانی شێخ سەعید کە ١٤ ساڵی تەمەن بوو، چووە لای قەیمەقامی ئەغردر،
ساڵح بەگ، و داوای مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە ناوەندی ناوچەکەی کرد. مۆڵەت درا و خێزانەکە
کۆچی ناوەندی ناوچەکەی کرد.بەدیعوززمان سەعید کوردی، کە ئاگادار بوو کە خێزانی شێخ
سەعید لە ئەغردرە، سەردانی کردن. مەلا سەعید زێرێکی دا بە شێخ محەمەدی ١٤ ساڵان و
گوتی: "محەمەد، دوو زێرم هەیە. یەکێکیان بە خێزانی شێخ سەعید دەدەم، ئەوی دیکەش
بۆ خۆمە... لێرە هیچ شتێک نییە کە بیکەم. من مەلام. ئەگەر کارێکم هەبوایە کە
بتوانم پێی بژیم، نەمدەهێشت نیازتان بە هیچ کەس بێ." [٥]
شێخ ئەحمەد، کوڕی بچووکی شێخ سەعید، نەفی ئیسپارتایە وەها باس دەکات: "پاییز
هات، بەفر باری و ئێمە نەفی ئەغردری ئیسپارتا کراین. سێ ساڵ لەوێ ماینەوە.
ئاتاتورک لە ساڵی ١٩٢٨دا لێبوردنێکی گشتی دا و ئێمە گەڕاینەوە شاری خۆمان. ماڵەکەمان
سوتابوو و هیچ شتێک نەمابوو. سەرلەنوێ ئاوەدانمان کردەوە. لە ساڵی ١٩٣٤دا، دیسان نەفی
کراین." لە ٢٨ی ئاداری ١٩٢٨دا لێبوردن درا، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٩دا مۆڵەت درا کە
خێزانی شێخ سەعید بگەڕێتەوە شاری خۆیان. [٦]
قسەی کۆتایی
سیاسەتی
نەفی کردن تەنها هەڵکەندنێکی میکانیکی نەبوو؛ وەک کردەوەیەکی دەوڵەتی چەندلایەنە
بوو کە ئامانجی بێموڵککردن، تواندنەوە و لەناوبردنی بیرەوەری بوو. لە کاتێکدا کە پیاوانی
بنەماڵەی شێخ سەعید کە سنوورەکانیان تێپەڕاند، هەوڵیاندا هاوپەیمانییەتییەکی نوێ
دروست بکەن و هەبوونی سیاسی خۆیان بپارێزن، ژن و منداڵانی بەجێماو شایەدە بێدەنگەکانی
نەفی کران بوون. گرینگە بزانرێ کە شێخ عەلی
ڕەزا بە پێوەندییەکانی لە ئێران و عێراق و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی خۆی وەک
کەسایەتییەکی دیپلۆماتیک دەردەکەوێ، بەڵام ئەم لایەنەی دیپلۆماتیکییەی لە گێڕانەوە
مێژووییەکاندا بە تەواوی نەخراوەتەڕوو. هەروەها، چیرۆکی ژنان، کە لە سەرهەڵدانەکە
و پڕۆسەی نەفی کراندا رۆڵیان هەبووە، کەم جار باس کراوە.
ئەم چیرۆکانەی پاتراو بوون گرینگن چونکە نیشانی دەدەن کە بیرەوەرییەکان چۆن شکڵ دەگرن.
ئەم دەنگانە، کە لە ئارشیڤ، شایەدەکان و گێڕانەوەکانی خێزانەکانەوە سەرچاوە دەگرن،
نەک پارچەبوونی بیرەوەرییەکی کۆمەڵایەتی ڕوون دەکەنەوە، بەڵکو نیشانمان دەدەن کە چۆن
سەرلەنوێ ساز دەکرێنەوە. بۆیە، نەفی کردن تەنێ وەک شکستی جوگرافیایی نابینرێ، بەڵکو
وەک پڕۆسەیەک کە لە بیرەوەریدا هێڵی قووڵ دەکات و بۆ گواستنەوەی لە وەچەیەکەوە بۆ
وەچەیەکی تر.
مەروە فرات لە زانکۆی تێکنیکی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لە ئانکارا خوێندکاری دوکتورایە لە بەشی زانستی سیاسی.
چاوکانییەکان
[١] عومەر گونەش، ئیبراهیم
شاهین، ئانتۆلۆژیای دەنگبێژان ٣- دەنگبێژ حوسەینۆ، وەشانی نووبھار، ئەستەنبووڵ،
٢٠٢١، ل. ٥١
[٢] بەشێکی گرینگی ئەم وتارە
لە گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئەندامانی خێزانی شێخ سەعید وەرگیراوە.
[٣] ئەم چاوپێکەوتنە یەکەمجار
لەگەڵ ئەم وتارەدا بڵاو دەکرێتەوە. کاتێک بۆ کۆنفرانس و لێکۆڵینەوە لە هەولێر
بووم، بەڕێز مەجید ئەم بەڵگەنامەیەی پێدام و بەڕێز حەسەن قازی و بەڕێز عامر تاهیر یارمەتییان
دام بیهێنمە سەر خەتی لاتینی. سپاسیان دەکەم. تەواوی دەقەکە و وەرگێڕانی تورکییەکەی
لە کتێبی لێکۆڵینەوەمدا بڵاو دەکەمەوە.
[٤] مالمیسانیج. (٢٠٠٩). من
شێخ سەعیدم دی. ئەستەنبووڵ: وەشانخانەی واتەی.
[٥] گۆڤاری نووبھار، تەمووزی
١٩٩٦، ژمارە: ٤٦.
[٦] کەمال ئاڤجی، ئاژانسی هەواڵی
فورات، ٢٣-٢٤ مایسی ٢٠٠٧
سەرچاوە: Kurd Araştirmalari
No comments:
Post a Comment