Sunday, January 13, 2019

خۆبەخشێکی سپای ئاشتی ئەمریکا پڕۆفێسۆر ئەمیر حەسەنپوور وەبیر دێنێتەوە: هەر لە لاوێتییەوە فێمێنیست بوو

                                                         
پرۆفێسۆر مێری ئیلەین هێگلاند و فەوزیە قازی لە سوێد، مانگئ ئووتی ٢٠١٨
خۆبەخشێکی سپای ئاشتی ئەمریکا پڕۆفێسۆر ئەمیر حەسەنپوور وەبیر دێنێتەوە:
هەر لە لاوێتییەوە فێمێنیست بوو
مێری ئیلەین هێگلاند، پڕۆفێسۆری مەردمناسیی کولتووری ، دیپارتمانی مەردمناسی، زانکۆی سانتا کلارا
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی

ئەمیر حەسەنپوور لە ساڵی ١٩٦٠ کاندا  پێشوازی کرد لە چەندین کەس لە خۆبەخشانی سپای ئاشتی ئەمریکا  لە شاری مەهاباد و ئەوەی لە دەستی دەهات کردی بۆ ئەوەی  ئەوان مانەوەیان لەو شارە بە خۆشی تێپەڕێنن و کاری خولقێنەرانە بکەن . مانەوەی ئێمە لە مەهاباد  ژیانی دوو لە ئێمە ئەمن و پڕۆفێسۆر توماس ڕیکسی بە تەواوی ئاڵوگۆڕ کرد – ئێمە چوار کەس بوون و دوو کەسمان بڕیارمان دا پایاننامەی خوێندنی بەرزی خۆمان سەبارەت بە ئێران بنووسین . ئێمە بەردەوام بووین لە سەر دەرس گوتنەوە و بڵاو کردنەوە سەبارەت بە ئێران. دوکتور ڕیکس لەمەڕ مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و من خۆم لەمەڕ مەردمناسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوو خۆ بەخشەکانی دیکەی سپای ئاشتی ئەمریکا لە مەهاباد بریتی بوون لە دەیل هاو  کە لە بەشی کشتوکال دا کاری دەکرد و ڕابێرت ئابرامسۆن*، کە وەکوو توماس ڕیکس ، لە دەبیرستانەکانی کوڕان لە مەهاباد دەرسی ئینگلیسی دەگوتەوە. ئەمیر ئێمەی بە خێزانەکەی خۆیان ناساند و بە گەرمی وەریان گرتین ؛ و لە ماوەی مانەوەم لە مەهاباد لە نێوان ساڵانی ١٩٦٦ – ١٩٦٨ دا  کە لەوێ لە دەبیرستان کچان دەرسی ئینگلیسیم دەگوتەوە ، ئەو دەرفەتەم بۆ هەڵکەوت گشت ئەندامانی بنەماڵەی ئەمیر و تەنانەت چەند کەس لە ئامۆزاکانیشی بناسم . بنەماڵەی ئەمیر  زۆر جار بانگیان دەکردمە ماڵی خۆیان. دایکی ئەمیر ئاشپەزێکی کارامە و دەستاو خۆش بوو ، و وەک ئەمیر بۆی باس کردم چەند جۆرە خۆراکێکی ساز دەکرد  کە ژنانی دیکەش لە مەهاباد لەوەوە فێر ببوون ئەو جۆرە خۆراکە دروست کەن و ئەو خۆراکانە کەوتنە لیستەی خواردنی دیکەی کوردی. ئاشکرایە دایکی ئەمیر زۆر کاری کردبووە سەر کەسایەتی ئەمیر و ئەو زۆر لە دایکی نزیک بوو . فاتمە قەسیمی هەتا بڵێی کەسایەتێیەکی نائاسایی هەبوو. ژن و هاوژینی ئەمیر شەهرزاد موجاب دەڵێ خەڵک بە " سەید زادە " بانگیان  دەکرد ، و هەڵبەت ئەندامانی ماڵێ بە " دایە" و " دایە خانم " ناویان هەڵدەدا. ژنێکی هەتا بڵێی بەهۆش و هەڵکەوتوو بوو ، فاتمە قەسیمی بە ڕواڵەت یەکەم ژن، یان لانی کەم یەک لە هەوەلین ئەو ژنانە بوو لە مەهاباد کە قورئانی ختم  کرد بوو . زۆر دەستڕنگین بوو بۆ ساز کردنی شتی ناو ماڵ، لە هەمان کاتدا فەیلەسووف و پیتۆڵ و بیرکەرەوەیەک بوو ، و تا ئەو جێگایەی من بزانم  بۆچوونی سەبارەت بە دین بۆچوونێکی عارفانە بوو. هەڵبەت  هاوکار و شەریکی ژیانی گشت تەمەنی ئەمیر ، پڕۆفێسۆر شەهرزادی موجاب  دایکی ئەمیری زۆر لە من باشتر دەناسێ و زیاتری دیوە و دەتوانێ زۆر زیاتر لە سەر خەسڵەتەکانی وی و پێوەندیی لەگەڵ ئەمیر بدوێ .
ئەمن لەو باوەڕە دام ئەمیر بەشێکی زۆر  سەبارەت بە فێمینیزم و بۆچوونی لە مەڕ ژنان، لە بەر بەسترانەوەی بەو دایکە هەڵکەوتوو و بەرزەوە فێرببوو، ئەمن ئێستاش هەموو ئەو کات و ساتەی لەگەڵ ئەو ژنە گەورەیەم بە سەر بردووە بە شانازییەوە بە بیر دەهێنمەوە ، ئەگەرچی دژوار بوو بەیەکەوە قسە بکەین چونکە من کوردیم نەدەزانی ، ئەویش فارسییەکەی هێندە ڕەوان نەبوو. ئاواتم ئەوە بوو زیاتری لێ فێر بووبام، ئەوە گەلێک ناخۆش بوو مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە  کە ئەمیر لە دایک و نیشتمانی دوور کەوتووەتەوە و ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دایکی ببینێ و تەنانەت ناتوانێ لە ڕێوڕەسمی ناشتنیشی دا بەشداری بکا، ئی بابیشی هەر وا، چونکە هەر دووکیان لە نەبوونی ئەمیر دا مردن.
           هەڵبەت، چاک دەزانم  نووسین سەبارەت بە ئەمیر کزە لە دڵی من و گشت ئەوانەی ناسیویانە هەڵدەستێنێ . بە ڕاستی ئاستەمە مرۆڤ قەبووڵ بکا ئەو ئینسانە تاقانە ، مێهرەبان ، دلسۆز و فیداکارە ئیدی چبڕ لە ناو ئێمە دا نییە بەڵام ئەمن پێم وایە دەکرێ  جەخت بکەینەوە  ئێمە بەخت یارمانە بۆ ئەوەی کەلک لە بەشێک لە زانست و ئاوەزی وەربگرین  و ئەو شانازییەمان هەبووە  لەگەڵی هەستاوین و دانیشتووین. ئەوەندەی ئەمن سەبارەت بە فێمینیزم، پیاو مەزنی ، ئیمپریالیزم ، و چەوسانەوەی چینایەتی فێر بووم لە دۆست و هاوکارە ئێرانییەکانمەوە فێر بووم.  ئەمیر پێشەنگی ئەو فێرکارانە بوو ، هەم بۆ من و هەم بۆ زۆر کەسی دیکە، ئەو پێشەنگێک بوو ، مامۆستایەک بوو، کەسێک بوو دلگرمی دامێ و هانی دام بەرەو پەروەردە ، لێکۆڵینەوە و ئینسانییەت.
             ئەمیر لە لای زۆر کەس خۆشەویست بوو، ئەو نەک هەر مامۆستا ، زانستکار ، تێکۆشەر ، کۆمۆنیستێکی سەر لە پێناو بوو ، بەڵکوو ئینسانێکی باش، مێهرەوان، دڵسۆز ، لەبەر دڵان و خەمخۆریش بوو. بەهرەیەکی تایبەتی  هەبوو بۆ نزیک بوونەوە و تێگەیشتن لە خەڵک و خۆ پێوە ماندوو کردن و سەرنجدانیان لە ناخی دڵەوە. ئەو دەیتوانی پێش بکەنێ، بزەی بێتە سەر لێوان و چێژ لە قسەی خۆش و لە نوکتە گێڕانەوە وەربگرێ. بوون لە مەحەزری ئەمیر دا مایەی شادی و کەیف خۆشی بوو، خەڵک وەک  ' کاک ئەمیر ' بانگیان دەکرد ، لە ڕاستیش دا ، هەر وا بوو ئەو وەک برایەک وا بوو بۆ زۆر لە ئێمە.  هێندێک لە ئێمەمانان پێمان دەگوت " ئەمیر خان "  نەک بە مانای  سیاسی یان  لە بەر هەڵکەوتی ئابووری  یان ئاستێکی بەرز لە هێرارشییەکی ڕواڵەتی دا، بەڵکوو لە بەر ئەوەی وەک لەزمانی ئینگلیسی دا دەڵێن ، لە خۆی دا " شازادەیەک " بوو. بە گوتنێکی دی، وەکوو ئینسانێک ، ئەو ئەوەندە لە ئاستێکی بەرزی ئینسانییەت دا بوو و بە پێی کاراکتێر و کەسایەتی خۆی و بە پێی فەلسەفە و باوەڕەکانی دەژیا .

                 ئەمیر خۆی بەختی کاری زانستی و تێکۆشان کردبوو ، بە هیچ جۆر گرینگی نەدەدا بە ماڵی دنیا ، مەقام و شانازی. کاتێک یەکێک لە برایەکانی هاتبوو بۆ سەردانی من ، باسی ئەوەی دەکرد ئەمیر لەوانەیە یەک یان دوو جووت گۆڕەوی و دەستێک پیژامەی هەبێ، ئێمە بە پێزانییەوە بیرمان لە خەسڵەتی ئەو پەڕ دەروێشانەی دەکردەوە و پێ دەکەنین. ئەمن وەبیرم دێ جارێک لە گەڵی دەچووم بۆ کۆنگرەی ئەمریکا بۆ چاوپێکەوتنی پیاوێک کە لە ئێران ژیا بوو و سەبارەت بەو ووڵاتە ووتاری بڵاو کردبووەوە؛ ئەمیر بە پێخاوسی بە هۆڵەکانی کۆنگرەی ئەمریکا دا دەگەڕا! ئەمن لە بەر خۆم دەمگوت ئەگەر لە بەر شەهرزاد نەبوایە ، ئەمیر چ گوێی نەدەدایە و دەیتوانی لە ناو خیابانان دا بژی. ئەمیر بە دوای مەقام، ماڵپەرستی ، یان شانازی و خۆ ڕانانەوە نەبوو بەڵکوو وێڵ و سەرگەردانی زانست و مرۆڤایەتی و عەداڵەت بۆ هەموان بوو. زۆر ساڵ لەمەو بەر ، لە ساڵی ١٩٧٢-١٩٧١ ، وەبیرم دێ لە تاران لە ئوتوبۆس  دا بووم و بۆ شوێنێک دەچووم لە پڕێکدا دیتم ئەوە ئەمیر لەکەنار جادە لە سەفی ئوتوبۆس دا ڕاوەستاوە و چاوەڕێ دەکا – کتێبێکی بە دەستەوە بوو و دیار بوو سەری دە کتێبەکە دایە. ئەمیر قەت کاتی بە فیڕۆ نەدەدا، هەمیشە دەیەویست بخوێنێتەوە، گەنگەشە بکا و شت فێر بێ. هەمیشە ئامادە بوو ئەوەی دەیزانێ بە دڵئاواییەوە لەگەڵ خەڵکی دی بەشی بکا. لێکۆڵینەوەکەی سەبارەت بە ڕاپەڕێنی وەرزێران لە ناوچەی مەهاباد  بۆ من جێی سەرنجێکی تایبەتی بوو ، چونکە ئەمن بە ڕێگای لێکۆڵینەوەی مەردمناسانەی خۆمەوە باسی خۆڕاگری جووتێرانم دەزانی لە چەندین لادێی نزیک شیراز .
               ئەو کاتەی لە تاران دەژیام، ئەمیر هەمیشە حەولی دەدا تێکەڵاویم هەبێ لەگەڵ ئەو ماڵە کوردانەی  لە وێندەرێ دەژیان، هەمیشە لە بیرم دابوو و بانگی دەکردم بۆ شایی کوردی و میوانداریی کولتووریی ماڵە کوردەکان. دواتر لە ئەمریکا کاتێک بەشداریم کرد لە پڕۆتێستی خوێندکارانی ئێرانی دا بە دژی سەردانی شا لە واشنتن ، دی سی، چاکم وەبیر دێ چۆن ئەمیر بە هەڵەداوان هاتە لام و ماسکێکی دامێ بۆ ئەوەی ڕووم داپۆشم ، خوێندکاران هەموو ڕوویان داپۆشیبوو بۆ ئەوەی نەکەونە بەر هێرشی تۆڵە کردنەوەی حکوومەت چونکە مەئموورانی ساواک وێنەی ئەو خوێندکارانەیان دەگرت کە پڕۆتێستیان دەکرد.
              یەک لە لایەنە تایبەتییەکانی کەسایەتیی ئەمیر ڕێز و حورمەتی زۆری بۆ ژنان و پێزانینی لە ئاست ژنان بوو. ئەو بوو بە فێمێنیست و لە  کۆشی دایکی دا فێر بوو ڕێز لە ژنان بگرێ. بە بۆچوونی من ئەمیر ئەو ڕێز و خۆشەویستی ، پێزانی و هاوپێوەندییەی لە ئاست دایکی هەستی پێ دەکرد گواستییەوە  بۆ ژنانی دیکەش. بە داخەوە دەبێ بڵێم زۆربەی هەرە زۆری تەنانەت پیاوانی ئاکادێمیکیش وێدەچێ ژنان بە کەمتر دابنێن. ئەوان سەرنجێکی کەم دەدەنە سەر ژنان یان کارەکانیان – تەنانەت کەمتر بۆ سەر کارە ئاکادێمیکەکانیان سەبارەت بە ژنان و جینسییەت. ئێمە دەکرێ ئەوە لە کۆنفڕانسە ئاکادێمیکەکان دا ببینین  کاتێک پانێلێک لە ژنانانی زانستکار کاری خۆیان پێشکێش دەکەن ؛ ژنان کاری زانستی پیاوان دەخوێننەوە و لەگەڵ ئاکادێمێکی پیاو لە پانێلان دا بەشدار دەبن ، بەڵام بە پێچەوانەکەی وەنەبێ هەمیشە وا بێ. زۆربەی هەرە زۆری زانایانی پیاو  وێدەچێ وا بیر بکەنەوە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ژنان و مژارەکانی لە مەڕ ژنان زۆر لەگەڵ چێژی ئەواندا یەک ناگرنەوە و هەر ئاوا لە ئاستی گشتیش دا. لەگەڵ ئەوەشدا ، ئەمیر لەو ڕووەوەش بەتەواوی و هەتابڵێی دەگمەن و تایبەتی بوو. ئەوە هونەڕیکی گەورە نییە مرۆڤ خۆی بە ئیدەئالی گەورەوە ڕابنێ. بەڵام بۆ زۆربەی ئێمە ئەوە شتێکی دیکەیە ئەگەر ئەو ئیدەئالانە بخرێنە بواری کردارییەوە. ئەمیر هەموو کات و ساتێک، و لە ژیانی ڕۆژانە دا بە پێی باوەرییەکانی هەڵس و کەوتی دەکرد . پێی وا نەبوو ژنان دەبێ بە کەمتر دابندرێن و کەمتر لایان لێ بکرێتەوە.  تەواو بە پێچەوانە ، وا وێدەچوو ئەو زۆر شت سەبارەت بە ژیان و ئەزموونی ژنان بزانێ و لێیان تێ بگا.  لەوەش دەرچێ ، ئەو وێدەچوو لە زۆر ڕووەوە بە تایبەتی خۆی لە جێی ژنان دابنێ، ئەو وێدەچوو بە پێی ئەو نرخانەی بۆی پیرۆز بوون لەگەڵ ژنان بجووڵێتەوە و ئەوان بە خوشکانی خۆشەویستی خۆی بزانێ. ئەمیر لێوەشاوەیی ئەوەی تێدا بوو لە گەڵ زۆر خەڵکی جیاواز بە شێوەیەکی دڵپاکانە ، ڕێزلێنانە، و یەکسان بجووڵێتەوە . دیارە ئەوە ژنانیشی وەبەر دەگرت. وەبیرم دێ لە ساڵی ١٩٧١ لە تاران  باسی دوکاندارێکم بۆ گێڕاوە ، کە ئەمن داوام لێکرد بوو چاویلکەکەم بۆ چاک کاتەوە، ئەویش بە چاوێکی دێ لە منی دەڕوانی و دەیەویست بەپێی بۆچوونی خۆی لەمەڕ ڕەوشتی ژنانی ئەمریکایی ڕەفتارم لەگەڵ بکا -  کە ئەوەم بۆ ئەمیر گێڕاوە لەوە زۆر تووڕە بوو و بەشداری ئەو هەستە ناخۆشەی بوو دە من دا پێک هاتبوو . کاتێک ئەمیر بۆی گێڕامەوە کە سەری ژنێکی پیری داوە لە فیلادێلفیا ** کە کاتی خۆی لە مەهاباد نەخۆشەوانێکی میسیۆنێر ببوو بەر لەوەی ڕەزا شا م،یسیۆنێرە بێگانەکان لە ووڵات دەر کا ، خۆشەویستی و هەستی ئەمیر لە ئاست ئەو خانمە وەکوو ئینسانێک  خۆی دەرخست. ئەو ژنە بەو تەمەنەوە هێشتا لە بیری ئەو سەردەمایە لە ژیانی دا بوو کە لە مەهاباد تێی پەڕاندبوو و ئەمیر دەیگوت ئیدی لەو تەمەنەی دا جگە لەو سەردەمە نەبێ چیدیکە نییە دڵی پێی خۆش کا. ئەمیر ناو نیشانەکەی ئەو ژنەی دۆزیبووەوە چوو بووە دیداری و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرد بوو و لە سەر کاسێتی دەنگ ئاستەی کرد بوو – وەک هەمیشە لێکۆلەرەوەیەکی بوێر .کاتێک لە ساڵی ١٩٧٧ ئەمیر سەردانی مەین ی کرد ئەمن لە سەر مانگ و ڕۆژی خۆم بوو و چاوەڕوان بووم کچەکەم  چاوی بە دنیا بپشکوێ . کاتێک دە ماشێن دا بووین و شۆفێرەکە  بە سەر تاسەی سەرجادە دا لێی دەخوڕی ئەمیر چەند جار گوتی " لەسەرەخۆتر، لەسەرەخۆتر". من قەت نەم دی کەسی دیکە تێ بگا یان هەست پێ بکا کە بە خێرایی بە سەر تاسەی سەر خیابان دا ئاژۆتن و هەڵبەزینەوە دەکرێ دژواری و تەنانەت ئێش و ژان بۆ ژنی دووگیان ساز کا.
             ئەمیر لە بەر قەوارە پیاومەزنییەکانی کۆمەڵ هەمیشە هەستی بە ڕەنجی ژنان دەکرد و خەمخۆری کول و کەسەریان بوو. کاتێک چەند ساڵ لەوە پێش باسی ئەو چاوپێکەوتنانانەم بۆ کرد کە لەمەڕ توندوتیژیی ناومال و زەبروزەنگی جینسی  کرد بووم لە ژیانی خێزانی لە ئێران دا ، ئەو باسی نموونەیەکی دڵتاوێنی بۆ کردم  کە لە کوردستانی ئێران قەومابوو: کچێکی  کەم تەمەن بە مێرد درابوو و کاتێک مێردەکەی لەگەڵی جووت ببوو ئەو کچە بەستەزمانە بەرگەی نەگرتبوو هەموو گیانی بریندار ببوو و خوێنێکی زۆری  لە بەر ڕۆیشتبوو. خزمەکانی کچەکەیان گەیاندبووە دوکتور، و لە ترسی ئەوەی دواتر لێ پرسینەوەیان لەگەڵ بکری، لەوێ بە حاڵی خۆی بە جێیان هێشتبوو، و ئەویش دەخوێنی خۆی دا گەوزا بوو و مرد بوو . ئەمیر و شەریکی ژیانی شەهرزادی موجاب  بە دوو قۆڵی سەبارەت بە کوشتن بە  بیانووی " نامووس " یان نووسیوە، هەر وەها لەمەڕ زەبروزەنگی دڵبێزی جێنسییەتی. هەڵبەت دیارە ئەمیر ژیانی خۆی بەختی دۆزی کورد کرد بوو، ئامانجی ئەوە بوو یارمەتی بکا بە پاراستن و لێکۆڵینەوەی زمانە کوردییەکان و مێژوو و پەرەپێدانی یەکسانی و عەداڵەت بۆ کوردەکان.  لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هیچ سڵی نەدەکردەوە لە ڕەخنەگرتن و سەرکۆنەی لایەنی پێوەندییە بەزیانەکانی پیاو مەزنی و پێوەندییە چینایەتییەکان  لە کولتوور ، کۆمەڵ و سیاسەتی کوردی دا .
            ئەمیر زانستکار، مامۆستا، تێکۆشەر و ئینسانێکی  بوێر و بێ خەوشی دڵپاک و شەریف  بوو، بە بۆچوونی من ئەو بە ژیانی خۆی درێژەی دا بە هۆش ، عاقڵێتی و ئینسانییەتی دایکی ، فاتمەی قەسیمی. بۆ من جێی داخە ، لەوەتا  بیست سی ساڵی ڕابردوو کە ماڵیان بار کرد بۆ تۆڕانتۆ  نەمتوانی هەڵس و کەوت و هامووشۆیەکی ئەوتۆم لەگەڵ ئەمیر و شەریکی ژیانی شەهرزاد  دا هەبێ ، ئەوە خەسارێکی گەورەیە  کە ئەو ناتوانێ درێژە بدا بە خەباتی خۆی لە کاری زانستی دا، لە تێکۆشان ، و دەرس دادان و تێکەڵاوییە ئینسانییەکانی لەتەک ئەوانیدی دا ، لەگەڵ ئەوەشدا ، ئەمن دڵنیام شەهرزادی موجاب  ماندوویی نەناسانە درێژە دەدا بە کاری زانستی و تێکۆشان لە بوارگەلێک دا کە ئەمیر و ئەو تێیدا هاوکار بوون.

دوو تێبینی وەرگێڕ:
*من لە کاک ئەمیری نەمرم بیستبوو لە مەهاباد لە بەر ڕەنگ و روخساری ئابڕاهامسۆن پێیان گوتووە ' برایمە سوور'
**مەبەست لە نەمر ئاگوستا گودهارت ە کە زیاتر لە بیست سال لەتەمەنی خۆی بەختی خزمەت بە خەڵکی مەهاباد و دەورو بەری کرد. کاک ئەمیر لە هاوینی ساڵی ١٩٧٧ دا چاوپێکەوتنی کرد بوو لەگەڵ گودهارت. بەخۆشییەوە ئەو دەنگە پارێزراوە و لە فیلمی بەڵگەیی 'میسیۆنی کوردستان 'دا  کەلکی لێ وەرگیراوە.

سەرچاوە:  دەروازە (گۆڤاری کوردی بۆ زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکان)،ژمارەی ٢، ئاوریلی ٢٠١٨، لاپەڕەی  ٢٤٠ – ٢٣٦ . جێی ئاماژەیە هەموو بابەتەکانی ئەو ژمارەیەی  ' دەروازە ' تەرخان کراوە بۆ بیرەوەری نەمر ئەمیر حەسەنپوور.

No comments: