Tuesday, July 9, 2024

وتوێژ لەگەڵ دوکتور سیڤان سەعید، پڕۆفێسۆری هاوکار لە زانکۆی شانشی نۆرماڵ چین سەبارەت بە بارودۆخی کوردان لە وڵاتی قازاغستان

وتوێژ لەگەڵ دوکتور سیڤان سەعید، پڕۆفێسۆری هاوکار لە زانکۆی شانشی نۆرماڵ چین سەبارەت بە بارودۆخی کوردان لە وڵاتی قازاغستان
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژ دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور سیڤان سەعید پڕۆفێسۆری هاوکار لە دیپارمانی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەی دەریای ڕەش لە زانکۆی شانشی نۆرماڵ لە وڵاتی چین. دیارە بەڕێزیان زۆر جار لە بەرنامەی  ڕاوێژ دا ئێمەی بە سەر کردووەتەوە و زۆر خۆشحاڵین ئەم جاریش لە وڵاتێکی دووری وەکوو چینەوە هاتووە و لەگەڵ بەڕێزیان چاوپێکەوتنێکمان دەبێ. زۆر زۆر بەخێر بێێ دوکتور سەعید.
سیڤان سەعید: زۆر سپاس ڕۆژتان باش.
قازی: زۆر سپاستان دەکەم. وا بزانم یەکەم قۆناغت بەرەو هاتنەوە بۆ ئوڕووپا لە چینەوە وڵاتی قازاغستان بووە وایە؟
سیڤان سەعید: بەڵێ
قازی: باشە مۆناسەبەتی چوونت بۆ قازاخستان ئەمجارە چ بوو؟
سیڤان سەعید: پێشەکی زۆر سپاس، زۆر خۆشحاڵم کە گەیشتوومەتە ئوڕووپا و دیسان لە خزمەت ئێوە دا ئەوڕۆ لە بەرنامەی ڕاوێژ بەشدارم. ئەوەی کە منی برد بۆ کازاغستان لە ڕاستیدا کۆنفڕانسێک بوو، بەدەر لەوەی کە چەند زانکۆیەک هەن لە کازاخستان کە وەکوو پارتنەر یان وەکوو هاوبەش کاری هاوبەشیان هەیە لەگەڵ زانکۆکانی چین، من لەلایەن یەکێکیانەوە لەوێ لە کۆنفڕانسێک بووم، لە دوانی دیکەشیان دا وەکوو مامۆستای زائیر، مامۆستای میوان لەوێ چەند بابەتێکم پێشکێش کردووە لە سەر ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەو ڕەوشە تازەیەی کە لەوێ دەگوزەرێ بەتایبەتی دوای شەڕی غەزە. لەبەر ئەوە من ماوەیەک لە کازاغستان مام. ئەوەی ڕاستی بێ ئەوە یەکەم جارم نەبوو لەوێ، بەڵام ئەوجار تۆزێک جیاوازتر بوو.
قازی: باشە بابەتی سەرەکی کۆنفڕانسەکە چ بوو؟
سیڤان سەعید: زیاتر بە هۆی ئەو مەدە درێژەی کە لە چینەوە دێ بۆ دونیا، کۆنفڕانسەکە لە سەر چین و ئاسیای ناوین بوو، ئەو وڵاتانەی ئاسیای ناوین یان ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترێ ستان، پاکستان، ئەفگانستان، کازاغستان، ئوزبەکستان، قیرقیزستان لەگەڵ تورکەمنستان ئەوانە  پێوەندییەکی جیاواز و تایبەتییان هەیە لەگەڵ دەوڵەتی چین و لە ڕووی ئابوورییەوە گرینگی خۆیانیان هەیە چونکە دەروازەیەکن بەرەو ڕووی دونیا، لە ڕۆژئاوا و باشووری چینەوە ئەگەر حیسابی بکەین، لەبەر ئەوە کۆنفڕانسەکان زیاتر ڕەبتیان بەچینەوە هەیە، منیش لەبەر ئەوەی لە چین کاری ئاکادێمیک دەکەم بەشێک بووم لەو چالاکی و پڕۆگرامانەی کە لەمەڕ کۆنفڕانسی چین و ئاسیای ناوین هەیە. ئەو کۆنفڕانسە کۆنفڕانسێکی گەورەیە، ساڵانە نزیکەی ٨٠، ٩٠ بابەت و لێکۆڵینەوە تێیدا بەشداری پێ دەکردرێت. من لەوێ لە ڕاستییدا بەشداریم کرد لە بابەتێک دا کە  زیاتر پێوەندی هەبوو بە ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە، بەڵام دەمویست قسە لە سەر هێزی چین بکەم  کە دەتوانێ چی بکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەمان نموونە بۆ ئاسیای ناوینیش دەبێت یانی بڵێم بۆ سێنتڕاڵ ئەیژا، ئەو وڵاتانە، بە تایبەتی کازاغستان  گەورەترینیانە و لەو باوەڕە دام گەورەترینیانە و لەو باوەڕە دام دەوڵەمەندترینیانە، بە نەوت دەوڵەمەندە و بە مەوادی تەبیعی زێدە، ئیدی جۆڕێک بوو لە تێهەڵکێش کردنی ئەو دوو هەرێمە، هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەگەڵ ئاسیای ناوین و دەوری چین لەو ناوە دا. لەوێ هێندێک نیقاش و ئەو شتانە کرا. بەڵام بەدەر لەوە ئەمن لەوێ شتی دیکەم بینی زیاتر بۆ من ئینترێسانت بوو نەک هەر کۆنفڕانس .
قازی: دەگەینە مەسەلەیەکی گرینگ، دەزانین لە وڵاتانی ئاسیای ناوین و بە تایبەتی لە قازاغستان خۆشی کە وڵاتێکی موهاجیر وەرگرە، یانی زۆربەی ئەوانەی کە لەوێن یانی گەلانی بە کەمایەتی کراو و لە کازاغستان دەژین بەک گڕاوند و ڕەچەڵەکێکی دیکەیان هەیە، یانی لە بناوانە لە وڵاتێکی دیکە ڕا هاتوونە ئەوێ و ئەوە کۆنسێپت و چەمکێک لەگەڵ خۆی دێنێ کە جەنابت ناوە " ناشوێن " dislocated. پێم خۆش بوو لەو چەمکە ڕا دەست پێ بکەین. ئەو چەمکە واتە " ناشوێن" لە باری تیورییەوە چۆن شرۆڤە دەکرێ؟
سیڤان سەعید: وشەی " ناشوێن" زۆر گونجاوە، کەسێک کە لە جێی خۆی نەماوە، هەڵکەندراوە لە جێی خۆی بەڵام لە شوێنێکی تر ئەژی دوو بوویەری ئەساسی دێتە پێشەوە. یەکەمیان نۆستالژیایەک بۆ ژیانی پێشووی ئەوەی کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن historical land کە لە واری مێژوویی خۆی کە باب و باپری لێی ژیاون، لە لایەکی دیکەوە ئینتگڕەیش لەگەڵ ئەو وڵاتەی کە لێی هەیە. جا کازاغستان نموونەیەکی گرینگە بۆ ئەوە؛ نزیکی سەد جۆر ئێتنیکی تێدایە . گۆڕانی ئەو سەد ساڵە،ئەو سەد ساڵە کە سۆڤیەت لەوێ حاکم بووە و کازاغستان بەشێک بووە لە سۆڤیەت، کازاغستان بە کار هاتووە وەکوو جێیەکی زۆر بە پیت، جێیەکی زۆر مەزن، گەورە کە جێگەی ئەوەی هەبووە کە خەڵکی بۆ بنێردرێ لە هەر شوێنێکی دنیاوە لە ژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت دا. لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەو ئێتنیکانەی لەوێن بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەوانەن کە نەخوازراو بوون لە شوێنی خۆیان دا لە لایەن دەوڵەتەوە و بە هۆی کێشە و هۆی جیاواز جیاوازەوە. بە هۆی هۆکاری جیاواز جیاواز نێردراون بۆ ئەوێ. لەو ئێتنیکانەی کە من لەوێ زیاتر تەماشایان دەکەم سیانن؛ کوردەکان، تاتارەکان لەگەڵ چەچەنییەکان.
قازی: بوونی چەچەنەکان لەوێ پێوەندی هەیە بە دوو شەڕی ناوخۆییەوە لە چەچەنستان و لە فێدراسیۆنی ڕووسیا ڕووی داوە، ئەوانە کەنگی گەیشتوونە ئەوێ پێت وابێ؟
سیڤان سەعید: ئەو ئێتنیکانە هەر یەکەیان لەبەر هۆی جیاواز هاتوون بۆ ئەوێ. بۆ وێنە ئەوەی کە ئێستا پێی دەگوترێ چەچەنستان شوێنێکە کە هیچ شەڕی تێدا نییە، بەشێکە لە ناو ڕووسیای فێدڕاڵ دایە و دیارە ئەوە چۆنە. کۆنفلیکتەکە لە ناو خۆی بووە و پێویستی بەوە نەبووە خەڵکی لێ دەر بکرێ بەو شێوەیەی کە هەیە. بەڵام بە هۆی کێشەی ناوخۆییەوە، بە هۆی شەڕەوە هێندێک لە خەڵکەکەی نەیانویستووە لەناو ناوچەی شەڕ دا بن چوونەتە کازاغسیان دەوڵەتیش تەماشای کردووە و هیچ ڕێگرییەکی لەوە نەکردووە.
مەسەلەی چەچەنەکان ئەوەیە بەڵام مەسەلەی تاتارەکان مەسەلەیەکی جیاوازترە کە ئەوانە نیوەیان تاوانبار کراون بە خیانەت لە دەوڵەتی سۆڤیەت. ئەو حیکایەتانە هەموو ئی زەمانی ستالینە و ئەو کێشانەی کە ئەو سەروبەندی ڕوویان داوە. زیاتر من لە سەر ئەو چەند ساڵە جەختم کردووە کە ستالین ئیدی هێز دەگرێتە دەست و تەماشا دەکا کۆمەڵێک کێشە هەیە دەبێ بە ڕێگای توندی و قەوەتەوە جێ بەجێ بکرێ و بە شێوەیەکی زۆر قەهری و قەسری و خراپ، هێندێک لەو ئێتنیکانە بەتایبەتی کوردەکان و تاتارەکان دەنێرێتە شوێنی دوور، پاتراویان دەکا بە زمانی کوردی زۆر پەتی. دەیانێرێتە شوێنی دوور و لەوێ هەزار جۆرە مەینەت و ئەشکەنجە دەبینن هەتا دەگەنە ئەمڕۆ کە ئێمە باسی دەکەین.  جا ئەوە بۆ من گرینگە باسی ئەوە بکەم کە لە ساڵی ١٩٣٧وە هەتا ئەوڕۆ لە نزیکی ئەو نەوەد ساڵە دا ئەو دوو چەمکەی کە من دەیهێنم لە ئەنجامی ئەوەی کە خەڵک
dislocate دەبێ لە ئەنجامی ئەوەی کە لە جێی خۆی نامێنێ، هەم نۆستاڵژیایەکی هەیە بۆ وڵاتی خۆی، هەم ئینتگرەیشنێکی پێویستە لە وڵاتی خانەخوێ.
قازی: ئێستا بیێنە سەر بارودۆخی کامیونیتی کورد کە لەوێ هەیە. دیارە ئەمن بابەتێکم لەو بارەیەوە خوێندەوە وا بزانم ستاتستیک، ئامارێکی ڕەسمی ئەوتۆ بەدەستەوە نییە، بە پێی ئەو مەقالەیە لایەنێک دەڵێن ٤٠.٠٠٠ و لایەنێکی دی واتە کوردەکان خۆیان کە لەوێ هەن دەڵێن ژمارەیان ٢٠٠.٠٠٠ ە بەڵام  وا بووە لە زەمانێک دا کە خەڵک هاتوونە قازاخستان نەیانویستووە بە ناوی خۆیان بەڵام ڕەنگە وەک ئازەری ناوی خۆیان نووسیبێ. دیارە وەکوو خەڵکی بوومی کورد لەوێ نەبووە پێشتر وانییە؟
سیڤان سەعید: بەڵێ  ئەوە وڵامەکەی نەخێرە، لەو شوێنە دا کە پێی دەگوترێ کازاغستان مەگەر بە ڕێکەوت وەکوو ئێستا لە چین. لە چین ئێستا کامیونیتی کورد نییە بەڵام تاکوتەرا هەن دەچن لەوێ دەخوێنن. ئێستا ئەمن  لەوێ کار دەکەم ناتوانین بڵێین کوردەکان لە چین دەژین. بەو شێوەیە بەڵام ئەوەی کە ڕووداوێکی مێژوویی ڕووی داوە خەڵک خراونەتە ناو قیتارەوە و ناردراون بۆ ئەوێ و تەبعید کراون، شتێکی ئاوا لە کازاغستانێ لە پێش ١٩٣٧ دا نەبووە.لە سێ مەرحەلە دا کورد هێندراون بۆ ئەوێ. لە ساڵی ١٩٣٧ یانی دوای ئەوەی کە ئەو ئێنتیتییە نافەرمییەی کە پێی  دەگوترێ کوردستانا سۆر ئەوە دەڕووخێت، لە ساڵی ١٩٣١ دەڕووخێت بەڵام هێندێک کەس دەڵێن لە ساڵی ١٩٢٩. ئەو چەند ساڵە لەوێ کوردان لەوێ لە بەینی بەرداشێکی کێشەی نێوان ئازەرییەکان و ئەرمەنییەکانن، لەوێدا ناسێنەی کوردی تەقریبەن بە شێوەیەک معامەلەی لەگەڵ دەکرێ کە نیوەیان دەڵێن ئەمانە ئێزیدین، نیوەیان دەڵێن ئەمانە کوردن، کوردەکان دەڵێن ئێمە ئێزدین بەس کوردین، نیوەیان دەڵێن نەخێر ئێمە بەس ئێزیدین کورد نین لەوێدا جیاکارییەکی قوح، خراپ ڕوو دەدا لەو ناوە دا. ئەوانەیان کە ئێزیدین زیاتر بە جێ دەکرێن لە جێگای وەک ئەرمەنستان و گورجستان دا بەڵام ئەوانەیان کە کوردی سوننین تەقریبەن لە سەدا سەد ئەوانە گەیشتوونەتە کازاغستان.
قازی: یانی ئەوە بە ئانقەست کراوە لە لایەن کاربەدستانی دەوڵەتەوە؟
سیڤان سەعید: لە سۆڤیەت بەڵێ. ئەوانە لەسەر سنوورەکانی تورکیا بوون، لە سەر سنوورەکانی ئەو شوێنانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت دان بەڵام پێیان وایە ئەوانە خەریکی خیانەتن لە دەوڵەتی خۆیان. بوویەرێکی زۆر ناخۆش هەیە کە ئەمن لێرە حەز دەکەم باسی بکەم. ئەوەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەیانییەک زوو ئۆردووی سۆڤیەت دێت بۆ ئەو شوێنانەی کە کوردی لێ دەژین لە سەر سنووری قارس و لە سەر سنووری ئازەربایجان و نەخجەوان و ئەو شوێنانەی کە لە ڕووی مێژووییەوە ئێستا جار جار ناگۆڕنۆ قەرەباخ یان ئارتساخی پێ دەڵێن  دێن بۆ خانەوادەیەک کە بۆ وێنە دایکێک و باوکێک و شەش حەوت منداڵن دەڵێن گەورەترین نێر لەو ماڵە دا کێیە ئەگەر سەرووی چواردە ساڵ بوو بێ ئیتر باوک بوو یان برا گەورە هێناویانە بردوویانە کوشتوویانە. بردوویانن نازانین کووژراون یان نا دوایی لە داکیومێنتەکاندا دەردەکەوێ. من دەتوانم بڵێم نزیکی چل خانەوادە ئەوانەی کە کەم تا زۆر قسەم لەگەڵ کردوون، هێندێکیان باسی ئەوە دەکەن، لەگەڵ چەند کەسێکیان قسەم کردووە چل خانەوادە بەیانی کە هەڵدەستن لە خەو دەیانبەن.
قازی: باشە ئەوەی کە گوتوویانە بە شێوەی زارەکییە ئیدی. لە وەچەیەک ڕا هاتووە گەیشتووەتە وەچەیەکی دی، چونکوو  ئەوانەی کە ئەو باسە دەگێڕنەوە بۆ خۆیان ئەو دەمی لەگەڵ نەبوون. وا نییە؟
سیڤان سەعید: ئەوانەی کە باسی دەکەن بۆ وێنە یەکی وەکوو پرۆفێسۆر نادرۆڤ ئەو بۆخۆی پێنج ساڵ تەمەنی بووە کە برا گەورەکەی براوە ون بووە، دوایی کە تەبعید کراون خراونە ناو ترەینەوە ئەم لەگەڵ دایکی و چەند منداڵ نیوەیان مردوون. دەگێڕنەوە کە لە ناو ئەو ترەینە دا ڕێگە نەبووە خەڵک هیچ خواردن بخوا یا هەر هیچ شتێکیان پێ بێ، هەر کە خواردنێک کە خۆیان پێیان بووە خواردوویانە، ڕێگە نەبووە بچنە توالێت، ئەوە ئی زەمانی ساڵی ١٩٣٧ ە. ئەو ساڵە لە هەموو ناڕەحەتترە، دوایە کە دێنە هەر ستەیشنێک هەر کەس مرد بێ لەناو ترەینەکە فڕێیان داوەتە خوار یانی لە خانەوادەیەکی دە کەسی ڕەنگە دوو تا سێ کەس توانیبێتی بەرگەی ئەوە بگرێ و بژی و بمێنێ . دوای ئەوە هەر کەسێکیان هەڵدابێتە خوارەوە لە ستەیشنێک دا
قازی: باشە بۆ ئەوە بەڵگەی مێژوویی هەیە یان هەر ڕیوایەتە؟
سیڤان سەعید: جا ئێستە قسە لە سەر بەڵگەی مێژوویی دەکەم. ئەوە ڕیوایەتە ئەوەی ئەمن دەیڵێم بەڵام دوای چەند ساڵێک لە سۆڤیەت کە کورد دەبێتە نەسلی دووەم  کە وردە وردە خوێندەواریان تێدا دروست دەبێ، دەگەنە مۆسکۆ دەخوێنن دەبن بە پرۆفێسۆر، دەگەنە ناو دەوڵەت لە ناو دەوڵەت دا ئەو داکیومێنتانە دەردێنن دەنووسرێت جا ئێستا ئەمن ویستم ئەمە وەکوو داکیومێنتێک بڵێم. برای گەورەی پرۆفێسۆر نادر کەریمۆڤیچ نادرۆڤ، ئاپێ نادری پێ دەڵێن لە کازاغستان، کەسێکی بە ناو دەنگ بووە، چوار ساڵ لەمەوپێش وەفاتی کردووە، عالمێکی کیمیا بووە. ئەو کاتە ئەو مەوالیدی ١٩٣٢ یە ئەوە ١٩٣٧ ڕووی داوە. یانی ٥ ساڵ تەمەنی بووە ١٩٣٢ بۆ ١٩٣٧. بیست ساڵ دوای ئەوە کە داکیومێنت دێتە دەرەوە عەبدوڵای برای کە برا گەورەیان بووە لە کاتێک دا خوێندەواری نەبووە بەڵام تاوانبار کراوە بەوەی کە ئەمە ئەندامی موخابەراتی ئێران و تورکیاش بووە، لە سەر ئەوە ئێعدام کراوە. تەبعەن ئەو بەیانییەی کە دەڵێم هەستان بردنیان منداڵەکانیان خستووەتە ترەینەوە و ئەوانیدییان کوشتووە، ئەو بەیانییە کەس ئەوە نازانێ کە کێ بووە و چۆن بووە ئەمە بە ڕیوایەت گێڕدراوەتەوە بەڵام دوایی لە داکیومێنت دا نووسراوە کە ئەمانە موخابەراتی ئێران و تورکیا بوون و دژی دەوڵەتی سۆڤیەت خەباتیان کردووە لە بەر ئەوە بە خیانەت تاوانبار کراون و ئێعدام کراون. ئەوە داکیومێنتن هەن، بەڵام ئەوەی کە وەکوو من دەیڵێم ڕیوایەتە ئەوەیە گرینگییەکەی لەوەدایە ئەمن پارالێل کە قسە لە سەر ئەوە دەکەم، بیر لەو بویەرانە دەکەمەوە بیر لەو دوو چەمکە دەکەمەوە کە نۆستالژیای ئەوان بۆ وڵاتی خۆیانە و ئینتێگرە بوونی لە وڵاتی خانەخوێ دا.
قازی: وەجبەی یەکەم کە هاتوون لە کوێیان دامەزراندوون؟ بردوویاننە دیهات یان لە شار دایانمەزراندوون؟
سیڤان سەعید:  وەک عەرزم کردی دوو شت زۆر گرینگە لێرە دا بیڵێم، لە هەر ستاسیۆنێک دا کێ مرد بێ فڕێیان داوەتە خوارەوە. ئەوانەی کە هاتوون لە چەند شوێنێک دامەزرێندراون بۆ وێنە خانەوادە هەبووە کوڕێکیان هەڵداوەتە خوارەوە هەشت سەد کیلۆمیتر لەویدیکەیان دوورترە دوایە بە هەزار ناڕەحەتی یەکتریان دۆزیوەتەوە. بۆ نموونە ئاپێ نادر لەگەڵ دایکی ئەگەر هەر نموونەی ئەو خانەوادەیە و سەدان خانەوادەی وا  کە هەیە دوای چەند ساڵێک یەکێان لە ژامبول یەکیان لە نزیک ئاڵماتی کە شەشسەد حەوت سەد کیلۆمیتر لە یەک دوورن بە هەر وەسیلەیەک بێ یەکتریان دۆزیوەتەوە و دیسانەوە یەکیان گرتووەتەوە. بەڵام بە زۆری کوردەکان لە شوێنێک دابەزیون، هەڕێمێکە پێی ئەوترێ هەرێمی ژامبول، ژامبول ژابایڤ شاعیرێکی بەناوبانگە لە کازاغستان و شاعیرێکی سۆڤیەتە، ئەو مەنتیقەیە بە ناوی ئەوەوە هەیە تەقریبەن هەشسەد کیلۆمیتر، حەوتسەد کیلۆمیتر لە ئاڵمایتی دوورە، ئاڵمایتی ئێستا پێتخەتی وڵاتەکە نییە، ئێستا نوور سوڵتان پێتەختە بەڵام ئاڵمایتی گەورەترین شارە کە زیاتر لە ٢ میلیۆن دانیشتووی هەیە بەڵام نزیکەی سەد گرووپی ئێتنیکی تێدایە، کوردەکان لە ناو ئەو سەد ئێتنیکە دا بە دوازدەهەمین لە قەڵەم دراون لە ڕووی عەدەدەوە.
قازی: باشە ئێستا ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە هێندێک بگەڕێینەوە دوایە وەجبەی دووەمی کە کورد هاتوون بۆ ئەوێ لە کوێ ڕا بووە؟
سیڤان سەعید: دوای شەڕ ١٩٤٤ کەوتوونەتە ئەوێ، دیسان ئەوانە پاشماوەی ئەوانە بوون کە نەگەیشتوون، ئەوانەن کە لە سەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا لە ناو ئازەربایجان و ئەو شوێنەی  کە کێشەی لە سەرە لە ناو ئازەرییەکان و ئەرمەنییەکان، کوردەکان لەو بەینە دا بوون.
قازی: خۆ ساڵی ١٩٤٤ خۆ ئەو کۆنفلیکتە بەو شێوەیە نەبووە. لە دەورانی سۆڤیەت دا ئەو کێشەیە وەڕوو نەکەوتبوو.
سیڤان سەعید: ئەو کێشەیە وەکوو ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨ دیتمان دەر نەکەوتبوو، بەڵام ئەو کاتە ئەوە بە مەسڵەحەتی ئەرمەنییەکان دەشکێتەوە، بەڵام لەوێدا کوردەکان هەر گوناحن. یەک شت زۆر گرینگە زۆربەی کوردەکانی دنیا ئی هەر چوار پارچە بە تایبەتی ئی ناو وڵات لەگەڵ ئەرمەنییەکان دا هاوسۆز و دلخۆش و ڕقیان لە ئازەرییەکانە، لەوێ بە پێچەوانەیە، لەوێ ڕقیان لە ئەرمەنییە، ئازەرییەکانیان بە لاوە خۆشەویستترە.
قازی: مەرحەلەی دووەم یانی هاتنی وەجبەی دووەمی کوردەکان بۆ کازاغستان ١٩٤٤  بووە دوایە مەرحەلەیەکی سێیەمیشت باس کرد کە دە ڕاستیدا ئەو مەرحەلەی سێیەمە پێوەندی هەیە بە نۆگۆرنۆقەرباغ و ئەوانەوە.
سیڤان سەعید: بەڵێ، بەڵام ئەو مەرحەلەی سێیەمە ئاسانترە وەک ئەوەی کە بگوتڕی ماڵباتمان هەیە لە کازاغستان، مەئماوەیەک هەیە لەوێ، ئەوانە هێندێکیان بە خواهیشتی خۆیان دەڕۆن هێندێکیشیان تەنانەت بۆ بیزنیسیش دەچن بەڵام ئیدی ئەو شوێنە جێ دەهێڵن، ئەو شوێنەی کە لە ڕووی مێژووییەوە پێی دەگوترێ کوردستانا سۆر، ئەو شوێنەی ناوبەری ئەرمەنی و ئازەرییەکان ئەوێ بە تەواوی جێ دەهێڵن ئێستا ئەوێ ڕەنگە بە تەواوی کوردی هەر لێ نەبێ. ئەوە لە ١٩٨٨ بۆ ساڵئ ١٩٩٠ ە. 
قازی: ئێستا ئەو گرووپە کوردانە زیاتر لە چەند شوێن هەن؟
سیڤان سەعید: بە زۆری لە ئاڵماتین، تەقریبەن ئێستا نیوەی کوردان لە ناو شار دا دەژین. ئەگەرچی چەند ساڵ بەرێ حەفتاوپێنج لە سەدیان لە گوندەکان دەژیان. ئەوە شتێکی جالب هەیە کە هێناویانن دوای چەند ساڵێک  کە دەوڵەتی سۆڤیەت ئەو کاتە لە کۆماری ئۆتۆنۆمی کازاغ ڕێگەیان پێ دەدەن کە بە دڵی خۆیان بژین. دەڵێن کاکە ئێمە لە وڵاتێک داین کە هەمووی چیایە بە بێ کانی و چیا ناژین ئیجازەمان بدەن بچین لەو شوێنانە دۆڵێک بدۆزینەوە بیکەین بە گوندی خۆمان. چەندین گوندیان ئاوا ئاوا کردووە لە سیفرەوە کە بینیویانە. هێندێک قسەی تر هەیە کە کوردەکان بۆخۆیان دەیڵێن بەڵام پشتڕاست ناکرێتەوە پێش ئەوەی ئەمان بگەنە ئەوێ کازاغەکان نەیان زانیوە چاند و کشتوکاڵی باش بکەن هەر تەنیا لە سەر خواردنی گۆشتی حەیوانات و بە تایبەتی پەروەردەی ئەسپ و مانگا ژیاون، یانی بەس گۆشتیان خواردووە. کوردەکان دەستیان هەیە لەوە دا کە یارمەتییان داون کە بڵێن شتێک هەیە چاندنی گەنم و جۆ زۆر ئاسانە یانی بەشێک لەوکولتوورەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە. لەبەر ئەوەی زۆرینەی کوردەکان چوونەتە دەرەوەی شاران لەوێ گوندیان بۆ خۆیان ئاوا کردووە لە نزیکی کانی و بەفر و ئەوە. من بۆ خۆم  چوومەتە گوندیانەوە لە بن شاخێکە وا دەزانی کوردستانە. شاخە و بەفرە، یانی مانگی شەش بەفری تێدایە. و ژیانێکی زۆر کوردەوار دەژین. یانی جۆرێک لە ژیانی نۆستالژیایان لەگەڵ خۆیان هێناوە. و  هەموو ژیانی ڕۆژانەیان کوردی یە.
قازی: یانی ئەو کوردانە لە ڕووی مەزەبییەوە کوردی ئێزێدییان دە نێو دا نییە؟
سیڤان سەعید: نەخێر سەد لە سەد سوننین بەڵام  ژمارەیەکی کەم زۆر زۆر کەم ڕەنگە بڵێم کەمتر لە گوندێک چەند ماڵبات هەن زازان.
قازی: یانی بە زمانی زازایی قسە دەکەن.
سیڤان سەعید: بەڵێ زۆربەی هەرە زۆریان سوننین و نەود و هەشت لە سەدیان کوردی کورمانجن.
قازی: ئەوانەی کە لە دێهاتن دیارە زیاتر بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و مەڕدارییەوە خەریکن. دەرجەی خوێندەواری چۆنە دە نێویان دا؟
سیڤان سەعید: من ئەو بەشە ناو دەنێم کوردەکان و کازاغ، کوردەکان و دەوڵەت. ڕاستی ئەگەر تەماشای ئەم ١٥ ساڵەی ئەخیر بکەی لە ٢٠٠٥ بەم دیوە دا کە کرانەوەیەکی گەورە لە کازاغستانیش ڕوو دەدات، هێندێک قانوونی بنەڕەتی دەگۆڕێ.
قازی: ببوورە ئەوانە لە ٣٧ و ٤٤ و هەتا ڕووخانی سیستمی سۆڤیەتی یانی هەڵوەشانی سیستمی سۆڤیەت  خاوەنی ستاتوسێکی تایبەتی لەمەڕ خۆیان نەبوون. وا نییە؟ ئەو ستاتوسە دوایە پەیدا بووە.
سیڤان سەعید: ئەو ستاتوسە لە ٩٥وە، لە  ١٩٩٧وە تەقریبەن وردە وەردە دەوڵەتی کازاغ ئەڵێ با ئێمە فرە ئێتنیک بین  بەڵام بە ناشناڵێتێکی کازاغی. لەبەر ئەوە ڕێگە دەدەن کە هەر کەس هەر ئێتنیکێکی هەیە بیهێنێتە زمان، لە خوێندن دا ڕێگا دەدەن دەرسی هەڵبژاردە هەبێ. کوردەکان بۆ خۆیان مەکتەبی خۆیانیان هەیە یانی لەگۆڕ توانایی و قەوەتی خۆیان ئەگەر ئەتوانن بخوێنن بڕۆن بخوێنن، خۆتان مامۆستای خۆتان بەرهەم بێنن واتە ئیکتیفای زاتی. ئەوە لە ساڵی ١٩٩٧وە تەقریبەن تەواو جێ دەگرێ بەڵام  پێشتر ئەوانە بەس ویستوویانە بژین. بەڵام بە هەوڵ و کۆششی خۆیان توانیویانە لە ماڵی خۆیاندا بە زمانی کوردی خۆیان قسە بکەن. یانی هەموو کوردێک لەوێ تەقریبەن فرە زمانە، یان سێ زمان دەزانێ؛ ڕووسی دەزانێ، لە وەختە زمانی هەموو سۆڤیەت بووە، کازاغی دەزانێ و کوردییەکەی خۆی لە بیر نەکردووە. حەز دەکەم لێرە هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی ئاپێ نادر شتێکی خۆش بڵێم کە ئەو لە ناو ماڵباتی خۆیاندا، بە تایبەتی لە ناو کوردانی ئاڵمایتی وتوویەتی ئێمە مەجبوورین بە زمانی دایکی خۆمان قسە بکەین لە ماڵەوە تەنانەت وەکوو جۆکێک وتوویەتی من خۆم ڕووسی نازانم. لە کاتێکدا پرۆفێسۆر بووە، وتوویەتی من ڕووسی نازانم بە منداڵانی گوتووە ئێمە هەموومان مەجبوورین بە کوردی قسە بکەین ئەمن بۆخۆم ڕووسی نازانم. گوتوویانە بە ڕووسی قسەت لەگەڵ دەکەین گوتوویە من نازانم بەس کوردی دەزانم. ڕۆژێک چاویان لێ بووە بە تەلەفۆن لەگەڵ مۆسکۆ قسەی کردووە بە ڕووسی. هێندێک منداڵ گوتوویانە خۆ ئەوە ئاپێ نادر دەزانێ بە ڕووسیش قسە بکا، وتوویەتی نا من نازانم بە ڕووسی قسە بکەم  بەڵام ئەوە بەرەکەتی ئەم تەلەفوونەیە بەس ئەم تەلەفوونەم بەدەستەوە بێ دەتوانم تۆزێک بە ڕووسی قسە بکەم کە  دامنا دیسانەوە زمانم هەر دەبێتەوە بە کوردی. تەبعەن دوایە منداڵ گەورە دەبن دەزانن کە مەسەلەکە ئەوەیە کە بە شیدەت دەیانەوێ زمانی خۆیان ون نەکەن و ئاپێ نادر یەکێکە لەو کەسانەی کە وەکوو ڕیش چەرموویەکی ئەوان  دوایە دەبێ بە دامەزرێنەری کۆمەڵەی "یەکبوون". یانی دەمەوێ بڵێم وجوودی نۆستالژیای ئەوان بۆ  لە بەین نەچوونی زمانەکەیان بە ڕاستی بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە ڕۆیشتووە.
قازی: باشە دەرەجەی خوێندەواری چەندەیە بە پێی ئەو لێکۆڵینەوە و دیدارانەی کە بەڕێزت هەتبووە؟
سیڤان سەعید: ویستم بڵێم پێش ١٥ ساڵ ئەوە زۆر کەمە. نوخبەیەک کە دەسەڵاتێکی نەبێ ناگاتە ئەوێ. بەڵام ئێستا بە بەربڵاوی هەیە. بۆ وێنە من لەگەڵ چەند زانکۆی ئەوێ کە تۆزێک پێوەندیم هەیە و لەوێ بووم دەزانم سەدان خوێندکاری باش هەنە، سەدان کورد هەن کە لە شوێنی زۆر بەرز دان. بۆ وێنە لە ناو تیمی سەرۆککۆمار دا کوردی خوێندەواری عاقڵی لێیە، چەندین کەس هەنە. سەرۆکی زانکۆ هەیە کوردە لەوێ. سەرۆکی بەشەکان هێندێکیان کوردن. دۆزگەری وڵاتەکە کوردە، چەندین فەرماندارم بینیوە کە وەختی خۆی فەرمانداری سۆڤیەت بوون بەڵام ئێستا کورد بوونەکەیان زیاتر دیارە.
قازی: ئێستا ئەگەر بێینە باری قانوونی. ئەو قانوونەی کە ڕێگای داوە ئەو ئێتنیسیتیانە کولتووری خۆیان بپارێزن وڕێکخراوی کولتووری خۆیان هەبێ کەنگێ ڕێکخراوێکی ئاوا دامەزراوە لە کازاغستان بۆ کوردەکان؟


سیڤان سەعید: لە ساڵی ١٩٩٥ بەم لایەوە  "یەکبوون" دروست دەبێ، ئێستاش تێلێڤیزیۆنێک هەیە بەناوی  "یەکبوون" لە سەر کاناڵی یوتیوب ، دوایە کۆمەڵەی " بەربانگ" دروست دەبێ. بەربانگ ڕێکخراوە چەند ئافیسێکی هەیە لە  چەند شوێنێکی تر دا. بەڵام بەدەر لەوە، هەر لە ئاستی بەدەنە و هەر لە ئاستی جڤاکی بۆ خۆی کوردەکان زۆر ئاکتیڤن، کورد هەر بە خەیاڵی خۆیەوە کە دەزانێ خۆی لەگەڵ جڤاک ڕێک بخا، خۆ ڕێک خەر بێ، خۆ سەر بێ  زۆر خۆسەرانە چەندین پێوەندی و ڕایەڵی جڤاکی جوان هەیە لە ناو وڵاتەکە دا کە خەڵک بە دەمی یەکترییەوەن. بۆ وێنە من بۆ خۆم لەوێ دەعوەت کرام بۆ شاییەک، هەم کوڕەکە و هەم کچەکە کە ژنوشوویییان کردووە، زەواجیان کردووە بە یەکەوە نە دایکیان هەیە نە باوک. بەڵام ماڵبات، گەڕەک، هاوڕێیان، خزمان مەسرەفێکی گەورەیان کردووە و ئەم کچ و کوڕەیان گەیاندووە بە یەک و پارەیان بۆ کۆ کردوونەتەوە. جاری وایە لە دەعوەتێکدا دوو سێ هەزار کەس کۆ دەبێتەوە، سێ چوار کیلۆ زێڕ کۆ دەبێتەوە بۆ ئەو بووک و زاوایانە. یانی ئەو شتانە لە ناو کورد دا ئێمە هەمانبووە لەوێ ون نەبووە.
قازی: ئەو ڕێکخراوانە وەکوو باسمان کرد لە پێشدا " یەکبوون" و دوایە  "بەربانگ" ستاتوسێکی ڕەسمییان هەیە
سیڤان سەعید: بەڵێ هەیانە.
قازی:  شێوەی چالاکییەکانیان چۆنە بۆ وێنە بۆنە وڕێوڕەسمی نەورۆز  وابزانم تەئسیری زۆر هەبووە و هەیە.
و دووەم ئەوەیە کە تێکەڵییان لەگەڵ ئەوەی ئەوان بە نیشتمانی سەرەکی خۆیانی دادەنێن کە کوردستان بێ چۆنە؟
سیڤان سەعید: ئەوەی کە زۆر گرینگە هەر دوو کۆنسێپتەکە هاوتەریب دەڕوا. لە کاتێکدا نۆستاڵژیایان هەیە بۆ وڵاتی خۆیان، داییم لە وڵاتی خۆیان دا دەژین کە وڵاتی دایکە و کوردستانە، سترانەکانیان هەمووی لە سەر ئەوەیە، چالاکییەکانیان لە سەر ئەوێ یە، دڵیان لەوێیە. من زۆر کەس دەبینم لەوێ کە دڵیان لە زیندانی ئادێرنەیە کە بیر لە سەلاحەدین دەمیرتاش دەکەنەوە چەندین پیاوی پیر بە من دەڵێن  ئەو ڕۆژە مە گۆهدار بووین سەلاحەدین گۆت ٤٢ ساڵ من دەخەنە زیندان ژمارەی پێڵاوەکانی من ٤٢ یە یانی لەوێ دەژین. لەوێ لەگەڵ دۆزی خۆیان دا دەژین، لە ڕۆژئاوا دەژین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئینگرەیشنێکی باشیان هەیە لەوێ هەر بوویەرێک کە ڕەبتی بە چالاکی کولتووری خۆیانەوە هەبێ بە کاری دەهێنن بۆ ئەوەی کە مانیفێستۆی خۆیانی پێ بکەن. بۆ وێنە لە هەر بوویەرێک دا کە لە ٩٠ کان و ٢٠٠٠ کاندا هەبووێ، خراپەیەک ڕووی دابێ لە وڵاتی خۆمان دا لە کوردستاندا ئەوان لەوێ پڕۆتێستی خۆیان کردووە. بۆ وێنە لە ئاڵمایتی لە دژی تانسوو چیلەر موزاهەرە کراوە. بەڵێ هەموو ساڵێ لەوێ نەورۆزێکی گرسەیی مەزبووت لەوێ ڕێک دەخرێ. نەورۆزی کوردان بەشدارە لەگەڵ نەورۆزی هەموو وڵاتەکانی تر دا کە بە تایبەتی لە کازاغستان هەیە بەڵام  ئاگرکردنەوە بەس هی کوردە لەوێ. کازاغەکان جلی جوان دەبەر دەکەن، ئەوان نەورۆز بە هی خۆیان دەزانن پێی دەڵێن " نەڤرووز"  وەکوو گەلێکی شەرقی بەڵام کوردەکان نەورۆزی خۆیان بە کوردانە دەکەن بە ئاگر کردنەوە، ئاگر بەشێکی مەسەلەکەیە. یانی لەوێ ناسێنەی خۆیان پاراستووە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ناسێنەی کازاغیش دا هەن. بۆیە چالاکییەکانیان زیاتر کولتووری یە.
قازی: لە باری پاراستنی زمان دیارە خۆ ئەوە هەر بە شێوەی شەفەوی و زارەکی نییە کە هەر لە ماڵێ دا قسەی پێ بکەن. ئایا مەدرەسە و خوێندنگە هەیە بۆ خوێندنی زمانی کوردی؟ و هەر وەها ئامرازی ڕاگەیاندن

سیڤان سەعید:  لە زەمانێک دا کە ئیمکان نەبووە مەکتەب دروست بکرێ نەک تەنیا لەوەی کە دەوڵەت نەهێشتبی هەر ئیمکان نەبووە کۆمەلگەکە کوردایەتی بکا و مامۆستای کوردی بدۆزێتەوە بۆ منداڵ، ئەوە بنەماڵە، ماڵبات ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرتووە. و نووسینی کوردی بە ئەلفووبێی سیریلیک بووە بەڵام ئێستە جێ کەوتووە مەکتەبی کوردی هەیە و ئەلفوبێی کوردی دەخوێنن و بە ئەلفوبێیەکی لاتینی وەکوو باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بە کوردی دەنووسن و مەکتەب هەیە لە گوندەکان دا، مەکتەب هەیە لە شارەکاندا. لە شارەکان بە ڕەسمی مەکتەب هەیە کە دەتواندرێ دەرسی هەڵبژاردەی تێدا بێ و مامۆستای کوردی دەرس بڵێتەوە، ئەوە بە پێی ئیمکان و پێداویستییە. بۆ وێنە لە پۆلێک دا ئەگەر دە منداڵی تێدا بێ دەکرێ مامۆستا دەرسی کوردییان پێ بڵێ پێویست ناکا کازاغەکە بیخوێنێ، ڕووسەکە مەجبوور نییە بیخوێنێ یان ئیتنیسیتەکانی تر. ئەو ئیمکانە ڕێ پێدراوە و هەیە. بەڵام لە گوندەکان دا مەکتەب هەیە بۆ وێنە گوند هەیە هەمووی کوردە. من چوومە گوندێک هەمووی کورد بوون، نزیکی ٢٥٠ ماڵە، مەکتەبیان هەیە، مزگەوتیان هەیە، وا دەزانی لە گوندێکی لە دەوری باتمان. یانی گوندێکی وەهایە کە تەماشا دەکەی لەوێ زمانی کوردی زمانێکی ڕۆژانەیە بە کار دێت. لە شارە گەورەکاندا هەمیشە هەر سێ زمانەکە بە کار دێنن. کوردێک لەگەڵ کوردێک بە کوردی قسە دەکا، لەگەڵ هاوڕێکەی بە کازاغی یان بە ڕووسی قسە دەکا، لە فەرمییەت و نووسین دا بە کازاغی و بە ڕووسی.
قازی: باشە ئەو لیتێراتوور، چاپەمەنی و کتێبی کوردی چۆن دەگاتە ئەوێ؟ یان خۆیان بەرهەمیان دێنن بۆ مەدرەسەکان بۆ مەکتەبەکان؟
سیڤان سەعید:  پێش ئەوەی کە ئەم کرانەوە گەورەیە ڕوو بدا و یوتیوب و فەیس بووک و ئەو هۆکارانەی ڕاگەیاندن ئەوەندە هاسان بەردەست بن بۆ وێنە من بۆخۆم بە ڕێگای زووم دا لە بێوەندی دام لەگەڵ هێندێک مامۆستا لەوێ. وەک ئەوە وایە لەوێ بم. چەندین دەرفەتی پێوەندی باش هەیە بە تایبەتی لە ڕووی زمانییەوە چ ئەنیستیتووە کوردییەکان لە ناو کوردستان یان  لە دەرەوە لە دیاسپۆرا، ئوڕووپا پێوەندیان لەگەڵیان هەیە. و ئەو ماتریاڵانەی کە لە ئوڕووپا بەکار دێن، لەویش بە کار دەبردرێن و هێندێک ماتریاڵ خۆیان لەوێ بەرهەمیان هێناون بۆ یارمەتی قوتابییەکان زمانی کازاغی و ڕووسی بە کار دێن. بۆ وێنە قامووسێکیان ئامادە کردووە، قامووسێکیان بەرهەم هێناوە  ڕووسی بە کوردی، چەند هەزار وشەی تێدایە، ئەو وشانەی کە ڕۆژانە بە کار دێن، ئەو وشانەی کە دەبێ لە ناو نەچن. یانی ئەوە جۆرە خەباتێکن کە خەڵک لەوێ دەیکەن.
قازی: ئەوەندەی کە جەنابت لەوێ چاوەدێریت کرد بێ لە باری زمانییەوە دیارە زمانی قازاخی زمانی سەرەکەیە  لە وڵاتەکە زمانی ڕەسمی دەوڵەتە.
سیڤان سەعید: بەڵام  ڕووسیش
قازی: دیارە ڕووسیش جێگای خۆی هەیە. دەمویست پرسم کە تەئسیری ئەو دوو زمانانە لە سەر کوردییەکەی وێ چۆنە؟ چەندە مرۆڤ وشەی دەخیلی ڕووسی یان قازاغی کە شێوەزارێکە لە تورکی لە کورمانجی ئەوێدا دەبیسترێ
سیڤان سەعید: جارێ شتێک بڵێم زمانی کازاغی زۆر دوورە لە تورکییەوە
قازی: وەک تورکی سەر بە بنەماڵەی ئاڵتایی یە
سیڤان سەعید: بەڵام زۆر لەیەک دوورن، ئەگەر یەکێک زۆر زێهنی نەداتێ لەیەک تێ ناگەن، کابرا دەبێ خۆی هۆگری بۆ زمان هەبێ. بەڵام کورد لەوێ ئەوانەیان کە کوردی زۆر جوان قسە دەکەن تەنیا لەگەڵ ئەو کوردییە کورمانجییەی کە من ستاندارد خوێندوومە و فێری بووم  تەنیا چوار وشەم بیست جیاواز بێ. ئەوان بە مرۆڤ دەڵێن مەڤر ، مەڤرێ مەیە یانی مرۆڤی ئێمەیە. وشەیەکی دیکەیان هەیە کە زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ من دەڵێ " ئەز گلێکی ژ تە ڕا بێژم"  یانی قسەیەک بۆ تۆ باس بکەم، پێت بڵێم، وا بزانم لە سۆرانیش دا هەمانە لە وشەی گلەیی کردن دا بەڵام ڕەنگە تۆزێک نێگاتیڤ بێ. گڵێکی ب تە بێژم یانی قسەیەکت پێ بڵێم. شتێکی دیکەی کە بۆ من زۆر چاوڕاکێشە وشەی ساڵ دەخەنە پێش ڕەقەمەکەوە. بۆ وێنە ئێمە دەڵێین ساڵی ١٩٣٧ ئەوان دەڵێن ١٩٣٧ ساڵی ئەم  هاتن ڤڕ، ساڵی ١٩٣٧ هاتینە ئێرە. وشەی ساڵەکە دەخەنە دوای. ئەم سێ جارا هاتن ڤر، ١٩٣٧ ساڵی هاتن ڤر، ١٩٤٤ ساڵی
قازی: ئەوە دەتوانێ تەئسیری زمانی قازاغی بێ ئیدی.

سیڤان سەعید: یەک وشەی تریشیان هەیە وەختێک کە چاییەکی تێدەکەن کورمانج دەبێژێ داگرە یان تێیکە. ئەو دەبێژن هەل دە، چایێی خوە هەل دە، هەلدان لای ئێمە یانی بیخۆیەوە، بەش ئەو کە چایەکە تێ دەکا ئەوە دەڵێ.
قازی: بە هەر حاڵ ئەوانە ئەزموونی تەجروبی بەڕێزتە.
سیڤان سەعید: بەڵام من بە زۆری کە قسەیان لەگەڵ دەکەم بە ڕاستی هیچ شتێک نابینم کە خالیس کوردی نەبێ لە قسەکانیان دا. ئەوانەیان کە زمانزانن بۆ نموونە هەیانە کە زمانی خۆی باش پاراستووە. بەڵام گەنجەکان ئەوانە کە لە لحازی فیربوون دان هێشتا جار جار وشەی ڕووسی تێکەڵی قسەکانیان دەکەن. وشەی ڕووسی و ئێستا وردە وردە ئینگلیزی دەست پێ دەکا.
قازی: هەستی خەڵک بە گشتی دیسان بە پێی چاوەدیڕییەکانی بەڕێزت بەرانبەر بە نیشتمان چۆنە؟ زیاتر لە باری زمانی و فەرهەنگییەوەیە و کاردانەوەی ئەو چالاکییانە کە کراوە بە تایبەتی لە وڵاتانی ئاسیای ناوین، زیاتر ئاگاداری بارودۆخی باکووری کوردستانن وایە، یان باشووریش تا ڕادەیەک؟
سیڤان سەعید: هەر چواریان ڕاستی. بۆ وێنە من مرۆڤ دەبینم ناوی کوڕی خۆی کردووەتە بارزانی، کوڕەکەی ناوی بارزانی یە لەبەر ئەوەی ئەو ناوەی پێ خۆش بووە. ئێستا ئەو خەڵکەی کە من پێوەندیم لەگەڵیان هەیە لە من زیاتر ئاگایان لە ڕۆژئاوایە. تەعقیبی هەر خەبەرێک دەکەن بزانن ڕۆژئاوا چی بە سەر هات. من دوو حەفتە لەوە پێش لەوێ بووم کۆمەڵێک لەو هاوڕێیانە کە من دەچم دەیان بینم  زۆر خۆشن بەشێدەت خەریک بوون نیقاشیان دەکرد هیوادارین ستاتوی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ئەو هەڵبژاردنانە دوا بخا لەبەر ئەوەی دەترسن دەوڵەتی تورکیا شتێکی خراپ بکا، یانی تەنانەت هێندێکیان نامەیان دەنووسی بۆ ئەوێ. یانی بە شێدەت لەگەڵ دۆزەکەی خۆیان دان لە هەر چوارپارچەی کوردستان. چەندین زارۆک هەیە ئێستا ناوی ژینایان لێ ناون یانی بە بێ ئەوەی هیچ ئەمرێک هەبێ، هیچ شتێک هەبێ بڵێ کاکە وا بکەن. چەندین کەس هەنە منداڵەکانیان ناو ناوە هەڤرین. هەڤرین خەڵەف کە تێکۆشەرێکی ڕۆژئاوا بوو و داعش شەهیدی کردووە بە شێوەیەکی هۆڤانە. یانی ئەوانە کۆمەڵێک ڕایەڵن کە مرۆڤ هەمیشە بە خاکی خۆیەوە، بە کولتووری خۆیەوە، بە ژیانی خۆیەوە، بە ستڕاگڵ و خەباتی خۆی دەبەستێتەوە و شتێکە زۆر زۆر تایبەتییە لە بەر چاوی من دا ئەگەر بۆ وێنە موقاڕەنەی کەین بە خەباتی ئێمە لە ئوڕووپا. لە ئاڵمانیا یەک دوو میلیۆن کورد هەیە، سەدهەزاریان دەکەونە سەر جادە هێندێک خزمەت دەکەن ڕۆژانە ئێمە دەرگیرین بە کورد بوون لێرە و شەڕێکە لەگەڵ ئەوە دا، لەوێ هەشت هەزار کیلۆمیتر دوورە و بۆ خۆیان ژیانێکی تریان هەیە، وەزعێکی تریان هەیە پێویستییان بەوەیە کە  لەوێ ئینتیگرە ببن بەڵام لەگەڵ ئینتیگرە بوونەکەشیان دا بیریان نەچووە کە وڵاتێکیان هەیە کە تێێدا ڕۆژانە دەرگیرن بەو شتانەوە. بۆ وێنە ژمارەی ئەو سترانانەی کە ئەمن لەوێ لە شاییەکیان دا گوێم لێ دەبێ هیچی فەرق نییە لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر لە بینگۆل لە شاییەک دا بووبم گوێم لێیان بووبێ. ئەوەی کە ڕۆژانە لە ناو یوتیوب و ئەوانە دا تەماشای دەکەن، ئەو ئینستاگرام و فەیس بووک کە گەنجەکانیان بە کاری دێنن هەمیشە بەشێکی تێدایە، لە ژیانی سەرەکییان دا ئەوەیە کە ئێمە وەتەنێکمان هەیە ناوی کوردستانە و ئێمە بۆ ئەوێ ئەژین.
قازی: ئەمن لە جێگایەکدا خوێندمەوە کە وابووە کە خەڵک لەوێوە چوون پەیوەست بوون بە گریلا  لە باکووری کوردستان و تەنانەت ‌هێندێک چوونە باشووری کوردستانیش. لە سەر ئەوە زانیاری چەندە هەیە و ئەوە چۆنە؟
سیڤان سەعید: بە ڕەسمی وەفدی ئەو خەڵکە هاتوونەتە کوردستان، هاتوونەتە باشووری کوردستان و ئامادەییان دەربڕیوە ئەگەر خزمەتێک هەیە ئێمە بیکەین لەبەر ئەوەی فەرمییەتێک هەیە لە باکووری کوردستان دا.  مەترسی نییە بۆ دەوڵەتی خۆیان کە ئێوە چی ئەکەن، چونکە کورد بوون لەوێ مەمنووع نییە. بەڵام بەشدار بوون لە سیاسەت دا لە بەر ئەوەی لەوێ دەوڵەتەکە هێندێک هێژێمۆنی ڕووسیا، تورکیا و چین و ئەوانەی لە سەرە ئەوە لەوێ خراپە بەڵام گەل بەشێوەیەکی زۆر پتەو پەیوەستن بە شۆڕشەوە بە تایبەتی لە باکووری کوردستان و چەندین خەڵک لەوێوە سەفەربەر کراوە چوونەتەوە لەوێ شەهیدیان هەیە،دایکە شەهید هەیە لەوێ، دایکە گریلا هەیە لەوێ، ئەوە شتێکە کە سەفەربەرییەکی تێدا کراوە بەڵام ئەوە ئێستا لە لحازی قانوونییەوە مەمنووعە وەکوو ئەوە کە لە ئاڵمانیا، لە سوێدیش مەمنووعە. بەڵام ئەوە خەڵکی نەوەستاندووە کە لەوێ ئەو هاوسۆزییەیان هەبێ بە شێوەیەکی زۆر عاقاقڵانە جووڵاونەتەوە سەبارەت شێوەی خەباتی خۆیان. کارێکی وایان کردووە کە پەیوەست بوونیان بەردەوامە.
قازی: ئەی پێوەندی لەگەڵ باشوور چۆنە؟ لە دوای هەڵبژاردن لە باشوور لە ساڵی ١٩٩٢ لەو دەمییەوە تێکەڵییەکی بەردەوام هەبووە یان ئەوەی کە هەر جار وبار سەردانێک کراوە؟

سیڤان سەعید: وەکوو کاری بازرگانی دوو سێ کەسم دیتووە کە بیزنسمەن بوون، لە هەولێر و سلێمانی تەجاڕەتیان کردووە. کوردەکانی ئەوێ دەوڵەمەندن و بەشدارن لە هەندێک پڕۆژەی ئابووری باش دا و لە لایەن دەوڵەتیشەوە رێگەپێدراوییەک هەیە چونکە ئەو ئێتنیسیتانە بۆیان هەیە کێ ئازایە بڕوا ئیشی خۆی بکا. یانی سەر بە ئێتنیکێک بوون ڕێی لێ نەگرتوون کە بتوانن بچنە باڵا و ناو دەسگای دەوڵەتەوە. وەکوو باسم کرد پێشتر دۆزگەر لەوێ کوردە. یان چەندین کەسی بە ناو و دەنگ هەن لە ناو دەوڵەت دا، لە ناو تیمی سەرۆککۆمار دا کوردی باش هەیە. من یەکێک لەوانم دیتووە. ئەوە وای کردووە کە ئەو پێوەندییانە پێوەندییەکی بەردەوام بێت. بۆ وێنە من لە بیرمە کە مام جەلال بۆ یەکەم جار بوو بە سەرۆک کۆمار ئاپێ نادر چووە سلێمانی و چووە بەغداش. و ئەوەی کە ئێستا زۆربەی لە ناو کوردەکاندا باس دەکەن ئەوەیە ئاپی نادر بە مام جەلالی گوتووە تۆ سۆرانی ئەو کورمانجییە جوانە لە کوێ فێر بووی، ئەوە هەر بۆ تەئریخ مام جەلال کوردییە کورمانجییەکەی زۆر جوانە کە قسە ئەکات. مام جەلال پێی وت بوو کاکە ئێوە هەشتا لە سەدی ئێمەن. بۆ من گرینگ نییە کورمانجی فێر ببم تۆ لەو دوورەوە بۆ کورمانجی فێر بووی بۆ لە بیرت نەچووەتەوە. ئەو جۆرە ئاخافتنانە هەیە و پێوەندی هەیە. هەر یەکێک لەو کەسانەی کە من لەوێ بینیم کوڕەکە خۆی ناو ناوە بارزانی لە خۆشەویستی خەباتی کوردان ئەگەرچی ئێستا زۆر نێگاتیڤ تەماشای باشووری کوردستان دەکات ئەو هاوڕێیە. مەبەستم ئەوەیە هەمیشە پێوەندییەکی ڕووحی بە نیشتمانەوە هەیە. ماڵ بۆ ئەوان کوردستانە بەڵام گلەییان لە دوو شت هەیە، هەم لە پارتییە سیاسییەکان و هەم گەلی کوردیش لەوێ ئەویش ئەوەیە کەبە پێی خۆیان دوو شت بۆ ئێمە ڕاست دەکەنەوە یەک ئەوەی کە ئەرمەنییەکان ئەو دۆستە باشەی ئێمە نین کە ئێوە ئەزانن چونکە ئەرمەنی ئێمەیان زیاتر ئەزییەت داوە و قڕ کردووە هەتا ئازەرییەکان.

قازی: دیارە ئێمە لێرە باسی نەتەوەکانی دیکە ناکەین.
سیڤان سەعید:  نوختەی دووەمیش بێدەنگی کردن و خۆ نەبان کردن لە شتێکە کە پێی دەگوتری کوردستانا سۆر و ئەو ئازارو ئەشکەنجەی کە ئێمە لە شوێنەکانی دەرەوەی کوردستان چێشتوومانە. پێیان وایە کوردەکان لەو بوارانە دا بێ خەمن.
قازی: ئێمە دەزانین کە لە هێندێک لە جمهوورییەکانی سۆڤیەتی پێشووش، ئەو کۆمارانەی کە ئێستا سەربەخۆییان هەیە. لە ئەرمەنستان، لە گورجستان، لە ئازەربایجان و لە فێدراسیۆنی ڕووسیا لەوانەش کورد هەن. پێوەندی کامیونیتی کورد لە قازاغستان لەگەڵ کوردەکانی دیکەی سۆڤیەتی پێشوو چۆنە؟
سیڤان سەعید: کۆمەڵەیەک هەیە لەوێ بە ناوی کۆمەڵەی کوردێن قەفقازیا کوردی قەفقازیا کە دەڵێی ئەو سێ چوارەیە ئەرمەنستان، ئازەربایجان، گورجستان لانیکەم بەشێک لە داغستان لە ڕووسیا دا ئەوانە بۆ خۆیان کامیوتییەکن ، بەڵام  کوردێن سوڤیەتی بەرێ ئەویش ناوێکی ترە هەیە، بەڵام بۆ خۆیان حەزیان لەم دوو وشەیە نییە بەخۆیان بڵێن کوردێن سۆڤیەتێ بەرێ. پێیان وایە ئەو خاکەی کە ئیستا قەفقازە خاکی ئەوانیش بووە چەندین هەزار ساڵ لەمەو بەر کوردیش لەوێ ژیاوە بە پێچەوانەی کازاغستانەوە کە کوردی بۆ براوە بۆ ئەوێ سەد ساڵ لەمەو پێش ئەوە لەوێدا دیبەیت هەیە نازانین چۆنە بەڵام  ناوبەرێکی زۆر هەیە لە بەر ئەوەی کە ئەوانە کولتووریان زۆر زۆر یەکە، بە تەنیا هەر لە  یەک ناچێ، بەڵکوو هەر یەکێکە. دیرۆکیان یەکێکە. ئەمانە بەشێکیان براونەتە ئەوێ، بەشێکیشیان  لەوێ ماونەتەوە. بەڵام فەرقەکە ئەوەیە ئەوانەی کە بە زۆری ئێزیدی بوون  لە گورجستان و ئەرمەنستان ماونەتەوە، ئەوانەیان کە سوننی بوون براونەتە ئەو دوورە وڵاتە، خۆ تەنیا هەر لە کازاغستان نییە لە بیشکەک کۆمەڵەی کوردی هەیە و کوردی لێیە لە ئوزبەکستانێ. بیشکەک پێتەختی قرقزیستانە. لە قرقزیستان و لە ئۆزبەکستان کورد هەیە. تەقریبەن لە هەموو ئەو وڵاتانە کەم تا زۆر کامیونیتی کوردی هەیە کە لەوسەد ساڵە دا براونەتە ئەوێ بەڵام لە کازاغستان بە ڕەسمی ٤٤ هەزار کەس  ناوی خۆی لە تەزکەرەکەی نووسیوە من کوردم و ڕێگەی پێدراوە بەڵام نزیکەی ٢٠٠ هەزار خەڵک هەن ئەوەی کە هەر کەس دەیڵی و ئەگەر بە لۆجیکیش تەماشای بکەی لەو سەد ساڵە دا بە هاسانی ئەوەندە زیادیان کردووە. مەسەلەن من خەڵکم دیتووە سی ساڵ تەمەنی بووە پێی دەڵێن چەند حەب زارۆکێن تە هەیە، ئەڵێ دە یانی بە سی ساڵ ئەتۆ ئەو هەموو منداڵەت هەبێ، ئەڵێم ئەو هەموو منداڵەت بۆ چییە، ئەڵێ بلا کورد زۆر بن. یان کورد ڕەنگە زیاتریش بن لە ٢٠٠ هەزار، بەڵام ئەوە تەنیا ستاتێستیکێکە کە وا دەڵێ.
قازی: کاتمان زۆر نەماوە پێم خۆش بوو باسی ئەوەش بکەی لێکۆڵینەوەکانی دیکە لە دیپارتمانەکەتان لەمەڕ ناوچەی دەریای ڕەش ئەوە چۆنە؟


سیڤان سەعید: ڕاستی ئێستا بە تایبەتی لە چین، ئاکادێمیای چینی تەرکیزێکی زۆر دەخاتە سەر ئێریا ستادی. کە تەرجەمە دەبێ ئێریا ستادی بۆ زمانی چینی پێی ئەوترێ study of region and country یانی وشەی area study یە ئینگلیسییەکە خراپ تەرجومە دەبێ. زیاتر لە سەر region ەکان واتە هەرێمەکان ئیش دەکرێت. یانی ئێریا ستادی بۆ خۆی حەقلێکە، فیلدێکە لە لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی دا. تۆ شوێنێک دەگری لە سەر هەموو لایەنەکانی لێکۆڵینەوە دەکەی، نەک تەنیا باسی سیاسەت بکەی لە شوێنێک دا بەڵکوو هەموو ڕەهەندەکانی ئەو شوێنە. بۆ وێنە ئێستا ئێمە لە هەرێمی دەریای ڕەش، ناوەندێکی تازەیە کە کردوومانەتەوە کە پێوەندی هەیە بە  area study یەوە لە هەمان کات دا ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوینیشمان هەیە، ناوەندی ئاسیای ناوینیشمان هەیە ئەوانە وەیەکچوونیان هەیە، هەمان مێتۆد بەکار دێ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموویان دا. لەوێ ئەوە بەشێکە لە هەڵکشانێکی گەورە کە ڕوو دەدا بە تایبەتی لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکڕاین دا ئێستا چڕبوونەوەیەکی زۆری لە سەرە. ئێشەکە زیاتر لەوێوە دەنگی بەرز دەبێتەوە لەبەر ئەوە من ئێستا لەو بەشەش دا چالاکم.
قازی: زۆر سپاس داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم بۆ ئەوەی کە وەختت دانا هاتییە ستێرک تیڤی و بەرنامەی ڕاوێژ
سیڤان سەعید: زۆر سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەشمان کە دەگەڵ بەڕێز دوکتور سیڤان سەعید پرۆفێسۆری هاوکار بوو لە زانکۆی شانشی نۆرماڵ لە وڵاتی چین. هیوادارم ئەم بەرنامەیەتان بەدڵ بووبێ تا دیدارێکی دیکە هەر بژین بەخۆشی.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە دانی بەیانی دووشەمە ٢٤-ی ژووەن ئاستە کراوە و ئێوارەی پێنخشەمە ٢٧-ی ژووەنی ٢٠٢٤ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ لە حیسابی ڕاوێژ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە دا تەماشا بکەن. 
 https://youtu.be/8Zf9BBdgPrc?si=F9xm6M_zDDeP4264













 

No comments: