Tuesday, June 24, 2025

Tuesday, June 10, 2025

Wednesday, June 4, 2025

لە دایکبوونی وڵات، نووسینی پڕۆفێسۆر ستوارت ئێڵدن، وەرگێڕانی بۆ کوردیی سۆرانی دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی ، لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی مادیار


 هەرێم، هێز و باڵا دەستی


پێشەکییەک بۆ وەرگێڕانی ' لە دایکبوونی وڵات '

پڕۆفێسۆر عەباس وەلی

 دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی کارێکی گەورە، نموونەیەکی سەرنجڕاکێش لە پایبەندیی شێلگیرانەی هزری و سیاسی گەیاندووەتە ئاکام. ' لەدایکبوونی وڵات ' وەک بەرهەمی ستیوارت ئێڵدن، کە خۆی بەرگێکی چاوراکێشی تژی لە وردەکاریی ئاڵۆزکاویی دیرۆکی و چەمکی، لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی – سۆرانییە، دەسکەوتێکی بچووک نییە. گەر ڕاشکاوانە لە سەری بدوێم، ئەو کاتەی کاک ئازاد لە ویستی خۆی بۆ وەرگێڕانی ئەو کتێبە ئاگاداری کردم، بە کەمێک گومانەوە پێشوازیم لەم ویستە کرد. دوا بە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی، تێڕامان لە ناوەرۆکەکەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ، باسوخواسی جۆراجۆر سەبارەت بە بەڵگاندنە مێژوویی و بانگەشە تیۆرییەکانی ئەم کتێبە لە سێمینارەکانی زانکۆی بۆغازیچی، هۆکاری باش بوون تا وەرگێڕانی ئەم کتێبە گومانم لەلا دروست بکات. بەڵام کتێبی بەردەست سەلمێنەری بێبنەمابوونی گومانەکەی منە. کاک ئازاد بە گوڕو تین و پەرۆشیی بەردەوامی خۆی، وەرگێڕانەکەی دەستپێکرد و بە پابەند بوون بە ڕاستگۆیی و وردبینی هزرییەوە ئەم کارەی بەڕێوە بردووە. ئەم کورتە پێشەکییە ڕێزلێنانمە بۆ زانستی و ڕێزلێنان لە دەسکەوتە فکرییەکانی. بەڵام   لە سەرووی ئەمانەشەوە، رێزلێنانێکە بۆ بەشداری و پشکی ئەو لە گەشەپێدانی چاندی فکری جدی لە کوردستان. پێویستە سوپاسگوزاری بین.

    لەدایکبوونی وڵات کتێبێکی سەرسووڕهێنەرە و بەلەبەرچاوگرتنی قووڵی و بەرفراوانی لێکۆڵینەوە و وردەکاریی زانستی، هیچ کتێبێکی دیکە لە سەر ئەم مژارە ناتوانێ ڕکەبەرایەتیی لە گەڵدا بکات. ستیوارت ئێڵدن لێکۆڵینەوەیەکی بەڵگەنامەیی لە مەڕ تێریتۆری وەک چەمکی ستڕاتێژیی سیاسی لە دیسکۆرسی ڕۆژئاوا دا، لە سەردەمی یۆنانییەکانەوە تا سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێڕن بەرهەم هێناوە. لە ڕاستیدا، ئەم کتێبە ژینۆلۆژیای چەمکی هەرێم، تێریتۆرییە لە دیسکۆرسی سیاسی ڕۆژئاوا دا و بە ڕوونی کاریگەریی تیۆریکاڵی فۆکۆ لەو بارەیەوە نیشان دەدات. ژینۆلۆژیای هەرێم بە پێی گۆڕانی فۆڕمەکانی هێز و حکوومەت، چۆنێتی کەڵکوەرگرتنی فۆڕمە جیاوازەکانی هێز لە هەرێم بە ئامانجی دەستەبەر کردنی باڵا دەستیی بە سەر کۆمەڵگە دا ئەنجام دراوە. بە واتایەکی دیکە، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە شەرت و مەرجەکانی ڕژیمەکانی باڵا دەست بە پێی گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هێز و دەسەڵات. زایەڵەی ئەم پەیوەندییانە لە تەواوی کتێبەکەدا زەنگ دەداتەوە و هەر ئەمەش دەزووی رێنوێنکەری لێکۆڵینەوە مێژووییەکەی ئێڵدن پێک دەهێنێت.

     ئێلدن خوێندنەوەیەکی دەقییانەی بەرفراوان بۆ دەقە گوڵبژێرکراوەکانی هزری سیاسیی ڕۆژئاوا، لە ناو چوارچێوە مێژووییەکانی خۆیاندا،واتە بە پێی دۆخی جێگیرکراوی فۆڕمگرتنی خۆیان، دەستەبەر دەکات. ئەم مێتۆدە لە لێکۆڵینەوە، بە بەرفرەیی لە لایە
ن مێژوونووسانی هزری سیاسی، وەک کوینتێن سکینر و جان پۆکۆک کەڵکی لێ وەرگیراوە کە بە شێوازێکی سەرەکی لە ژێر کاریگەریی نووسراوە هێگێلییەکانی فەیلەسۆفێکدا بە ناوی  ر.جی. کۆلینگوود بوون و بە دوای ڕاستیی دیرۆکیی بەڵگاندنە مێژووییەکان لە هاوشێوەیی و گونجانی نێوان ڕووداوە مێژووییەکان و نواندنەوەی دیسکۆرسیڤیان لە ناو دەقدا دەگەڕان. سەرەڕای ئەوەش، ئێلدن هۆکاری کەلکوەرگرتنەکەی لەم مێتۆدە دەگەڕێنێتەوە بۆ کاریگەریی مێژوونووسی ئەڵمانی، ڕاینهارد کۆزلێک و بیرۆکەکانی ئەو سەبارەت بە مێژووی چەمکییانە. کۆزلێک بە ڕەتکردنەوەی جیاوازیی ئەپیستمۆلۆژیکاڵ لە نێوان وشە و شتەکان،سۆبژێکت و ئۆبژێکت، تێگەی نواندنەوەی شت بە وشە ڕووداوی دیرۆکی بە دەقی مێژوویی دەخاتە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوە. بە پەیڕەو کردنی بیرۆکەکانی کۆزلیک، ئێڵدن پێی وایە مێژووی چەمکی کە بەم شێوازە هەستی پێ دەکرێت، مێژوویەکی ماددییە، هەر بۆیە پێشنیازی ئەوە دەکات کە دەشێ جیاوازیی نێوان وشە و شت بۆ بنەما ئۆنتۆلۆژیکەکان کورت بکرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە لە دیرۆکی چەمکی، ژێر خانی خوێندنەوەی بەرفرەی ئێڵدن بۆ دەقە دەسچنکراوەکانی هزری سیاسیی ڕۆژئاوا دەستەبەر دەکات. بە چڕبوونەوە لە سەر هەلومەرجەکانی پەیوەندیی نێوان  هێز و شوێن وەک دەرەنجامی ئەو خوێندنەوەیە، تێزی سەرەکیی ئێڵدن ئەوەیە کە چەمکی هەرێم وەک فەزایەکی سنووردارکراوی ژێر فەرمانی دەوڵەتێک، پێکهاتەیەکی مێژوویی مۆدێڕن و دیاردەیەکی بەرهەمهێنراوی مێژووە لە سەر دەمانی مۆدێڕنە دا.
    تێزی ئێڵدن، واتە کاکڵی بەڵگاندنەکەی لەم کتێبە دا، ئاماژە بۆ دیرۆکێکی بەدیلی بیچمگرتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ڕوانگەی هەرێمەکەیەوە
دەکات. بەڵام ئەم  ڕوانگەیە بڕبڕەوی مشتومڕەکانی ئەم کتێبەش پێک دەهێنێت. مژاری ئاماژە بۆ کراو لێرە دا،خوێندنەوەی ئێڵدنە بۆ فۆکۆ و بەکارهێنانی دیسکۆرسی فوکۆیە سەبارەت بە هێز و باڵا دەستیی؛ بە تایبەت ژینۆلۆژیای بایۆ – هێز و ڕۆڵی هەر یەکەیان بۆ هەرێم، حەشیمەت و دانیشتوانەکەی کە دیارکراوە. بە بەرز نرخاندنی پەیوەندی و کاریگەری لە سەر ژینۆلۆژیاکەی خۆی لە توێژینەوەی دیرۆکیدا،ئیڵدن سەرسامیی خۆی بە مێتۆدی فوکۆ دەردەبڕێت. سەرەڕای ئەوەش، ئێڵدن بە دەرەنجامەکانی توێژینەوە و ژینۆلۆژیکەکەی خۆی لە مەڕ گواستنەوە لە هێزی دادوەرییەوە بۆ بایۆ –هێز لە مەڕ هەرێم، ناکۆکیی خۆی نیشان دەدا.  ئێڵدن بە ڕەچاوکردنی مێتۆدی فوکۆ، چەمکە سیاسی – ئابووری و جیۆپۆلەتیکییە پەیوەندیدارەکان بەهەرێم ڕەت دەکاتەوە کە لە لێکۆڵینەوە مێژوویی و سیاسییە باوەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕندا جێگیر کراون. لە جیاتی ئەوە، ئێڵدن هەرێم یان تێریتۆری وەک تەکنۆلۆژیایەک پێناسە دەکات کە بەهۆی هێزەوە پێک هێنراوە و بە هۆی هێزەوە جێگیر کراوە تا باڵا دەستی دەستەبەر بکات. لەمە زیاتر،ئێڵدن پێی وایە تێریتۆری یان هەرێم فەزایەکە سەروەری لە ناویدا بە کار دەهێنرێت؛ واتە مەڵبەند یان هەرێم بریتییە لە ڕادەی فەزایی سەروەری. هەرێم ئەو مەڵبەندەیە کە سەروەری بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت. تا ئێرە ئەوەندە تەواو و باشە. دواتر ئێلدن لە ناکۆکینواندن لەگەڵ ئەو بەڵگاندنەی فوکۆ کە پێی وایە لەگەڵ سەرهەڵدانی بایۆ –هێز، هەرێم ڕۆڵی ناوەندی و بنچینەیی خۆی وەک تەکنۆلۆژیای باڵا دەستی لە دەست دا و جێگەی خۆی دایە دەستی هەڵسەنگاندنی ئاوەزمەندانەی هێز کە لە لایەن حەشیمەتەوە گیراوە.
     
کاکڵی ژینۆلۆژیای هێز لە ڕوانگەی فوکۆوە، گۆڕانی فۆڕمەکانی باڵا دەستییە لە سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێڕندا. جیۆپۆلەتیکی هەرێم مژاری سەرەکیی حوکمڕانی بوو، پێش ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی شازدەیەمدا، ئەو کاتەی ماکیاڤێلی خەریکی فۆرمولەکردنی ئایدیاکانی خۆی بوو سەبارەت بە هێز و سیاسەت، جێگەی خۆی دایە بایۆ – پۆلێتیکی حەشیمەت. ئێلدن لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەم لێکدانەوەیەی فوکۆ سەبارەت بەم بابەتە کۆک نییە. ئێڵدن پێی وایە هەرێم یان مەڵبەند نە لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاستدا مژاری دەسەڵاتداریی سیاسی بووە و نە لە لایەن حەشیمەتیشەوە وەک مژاری باڵا دەستی لە سەرەتای سەدەکانی مۆدێرندا جێگۆڕکێی پێ کراوە. بەڵکوو، بە پێچەوانەی بەڵگاندنی فوکۆوە، مەڵبەند و حەشیمەت هاوشانی یەکتر گەشەیان کردووە و پێگەکەیان لە ڕەچاوکردنی ستڕاتێژیی هێز، لە پلەی یەکەمدا، لە ڕووی سیاسییەوە بە هۆکاری تەکنۆلۆژیاکانی زاڵبوون پێناسە کراوە.
    سەرەڕای گرنگیی ڕۆنانی چەمکی تێریتۆری – هەرێم یان مەڵبەند – من پێم وایە ئێلدن سەبارەت بە ئارگیومێنتی فوکۆ لەمەڕ جێگۆڕکێپێکرانی تێرێتۆری لە لایەن حەشیمەت لە سەرەتاکانی سەدەی مۆدێڕن لە ئەوڕووپا، زیادە ڕەوی دەکات. نابێت بەڵگاندنی فوکۆ بەم واتایە بێت کە هەرێم یان مەڵبەند خرابێتە پەراوێزەوە یان لە هەڵسەنگاندن یان لەبەرچاوگرتنە ستراتێژیکەکانی هێز دا وەلا نرابێت. لەوە زیاتر، ئەم گرنگییە بەم هۆیەوە دابەزی کە هێزی دادوەری یان سەروەری و تەکنۆلۆژیاکانی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتداری پێگەی سەرەکیی خۆیان لە پەیوەندییەکانی باڵادەستبووندا لە کیس چوو. بە واتایەکی دیکە، لە دیسکۆرسی فوکۆ دا، باسوخواس لەمەڕ بەرزبوونەوەی ژمارەی حەشیمەت و دابەزینی یەکگرتوویی هەرێم، کاریگەری بە تیۆریکرد
نەکەی ئەوە لە وەدیارکەوتنی بایۆ – هێز و حکومەتداری  (governmentality) دا. بەلەبەرچاوگرتنی چوارچێوەی بەڵگاندنی فوکۆ،لێژبوونەوە و داخزانی هەرێم، دەرەنجامێکی دابەزینی هێزی دادوەرییە لە پێکهاتەی باڵا دەستی حاکمدا. دەسەڵاتی دادوەری و فۆرمەکانی پەیوەندیدار بە حوکمڕانی، بە بەراورد لەگەڵ بایۆ – هێز و تەکنۆلۆژیاکانی حکومەتی مۆدێڕندا، تووشی نوشوستی و دابەزین بوون. لێرە دا، ئارگیومێنتی بنەڕەتی ئەوەیە کە تەکنۆلۆژیاکانی حوکمڕانی لەو تەکنۆلۆژییانەی governmentality پێویستی پێیان هەیە، جیاوازن؛ واتە لە کاتێکدا ئەوەی یەکەم پێویستی بە هیچ گەڕانەوە و ئاماژەیەک بۆ حەشیمەت و دانیشتوان و سۆبژێکتە ئازادە فەرمییەکان نییە، ئەوەی دووەم ناتوانێت بە بێ ئەو کارو چالاکی بکات. کاکڵی ئارگیومێنتی فوکۆ ئەوەیە، هێزی دادوەری و بایۆ – هێز، بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی و زاڵبوون، پێویستیان بە ماتریکسێکی جیاواز لە ئاوەزمەندێتی و عەقڵانییەت هەیە. بە واتایەکی دیکە، لە ژینۆلۆژیای فوکۆ دا لەمەڕ هێز، جیاوازیی چەمکی لە نێوان تەکنیکەکانی دەسەڵاتداری (rule) و تەکنۆلۆژیاکانی حکومەتدایە (government). سەرەڕای ئەوەی ئێڵدن بە ڕوونی ئەم جیاوازییە بنەڕەتی و چارەنوسسازە دەناسێتەوە، بەڵام چاوی خۆی لە دەرەنجامەکانی ژینۆلۆژیای بایۆ-هێز و وەدیارکەوتنی حوکمداری(governmentality) ی مۆدێرن لە ڕۆژئاوا لە لایەن فوکۆوە دەنوقێنێت.
     بەم پێیە،ئێڵدن دەیەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە فوکۆ نەک هەر لە سەر بنەمای دیرۆکی، هێزی دادوەری و بایۆ – هێز لێک جیادەکاتەوە، بەڵکوو لە سەر بنەمای چەمکیش جیۆپۆلەتیک و بایۆ – پۆلەتیک بە جۆرێک لە بەرامبەر یەکدا دادەنێت؛ گوایە ئەم دووە، هەر کامیان دوو شێوازی جیاوازی باڵادەستی دە
نوێننەوە و بوونی یەکیان بە واتای نەبوونی ئەوەی دیکەیە. دواتر ئێڵدن بەم شێوەیە ئارگیومێنت دێنێتەوە کە هەرێم و حەشیمەت وەک شێوازگەلی حکومەتکردن بە سەر خەڵک و خاکدا، هاوکات سەرهەڵدێنن و هەر دووکیان فاکتەری یەکلاکەرەوەی پێکهاتەی فۆڕمە مودێڕنەکانی باڵا دەستین. بە واتایەکی تر، ئێڵدن پێی وایە بایۆپۆلەتیک و جیۆپۆلەتیک لەگەڵ یەکدا لە تەنگەژە دا نین، یان ئاڵتەرناتیڤی یەک نین، بەڵکوو وەک فێنۆمێن لە چەند لاوە و لە چەند ڕێگەوە، لەگەڵ یەکدا تێچنراون و پەیوەستی یەک بوون. ئێڵدن لەمەش زیاتر لە سەری دەڕوات و پێی وایە کۆنتڕۆڵکردنی هەرێم پێویستی بە ملکەچکردنی خەڵک هەیە،حکومڕانیکردن بە سەر خەڵکدا پێویستی بە فەرماندان بە سەر خاکدا هەیە. بەم مانایە، ڕەخنەی ئێڵدن لە فوکۆ بیرهێنەرەوەی ڕەخنەی جۆرجیۆ ئاگامبێنە لە کتێبی هۆمۆساکر دا. ئاگامبێنیش هەر بەم شێوازە لەگەڵ دەرەنجامی ژینۆلۆژیای بایۆ-هێزی فوکۆ و هەڵکشانی بایۆ – پۆلەتیکدا لە ڕۆژئاوا ناکۆکە؛ ئەمەش خۆی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیچمگرتنی سەردەمانی پێش مۆدێڕن. لە بەردەوامیدا لە بەڵگاندنەکەی فوکۆ دا سەبارەت بە دابەزینی هێزی حاکم یان هێزی دادوەری و جێگۆڕکێپێکرانی لە لایەن بایۆ-هێز و فۆڕمە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕەخنە دەگرێت. خوێندنەوەیەکی ورد و تیژبینانەی چەند چاپتەری دوایی کتێبەکەی فوکۆ، پێویستە بەرگری لە کۆمەڵگە بکرێت، بۆ نیشاندانی هەڵەی دادوەریکردنی ئاگامبێن بەسە. لە سەر ئەم بنەمایەش، فوکۆ دژایەتیی هێزی دادوەری و بایۆ- هێز ناکات، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا، فوکۆ سەرنج دەداتە پێگەی ڕێژەیی ئەم دووە لە پێکهاتەی باڵا دەستیی سەروەریدا کە خۆی ئاماژەیەکە بۆ گێڕانی ڕۆڵی ڕێژەیی لە لایەن تەکنۆلۆژیاکانی دەسەڵات و حکومەت کە نەزم و تەکووزیی سەروەری دەستەبەر دەکەن. بەڵام ئێڵدن، بە پێچەوانەی ئاگامبێنەوە، بە دووبارە گێڕانەوەی قەرزی خۆی بۆ فوکۆ و دداننان بە کاریگەریی فوکۆ لە سەر خۆی، ئەویش نەک تەنها یەک جار، سەرەڕای ناڕەزایەتیدەبڕینەکانی سەبارەت بە بەڵگاندنەکانی فوکۆ لە مەڕ پرسی تێریتۆری/ مەڵبەند، لە ژینۆلۆژیای بایۆ-هێز دا، کۆتایی بە ڕەخنەی خۆی دەهێنێت. ئێڵدن پێی وایە جوگڕافیازانەکان داکۆکییەکی جیۆپۆلەتیکاڵ لە پرسی حەشیمەت لە بایۆ-پۆلەتیکدا دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، فوکۆ ئەو تواناییە بۆ ئێمە دەستەبەر دەکات تا بە گرنگیدان بە دانیشتوانی ناو سنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان، بیر لە پرسی مەڵبەند و هەرێم بکەینەو، تا جەختێکی دیرۆکی بۆ پرسی جیۆ پۆلەتیک دەستەبەر بکرێت.
    بە بڕوای
من، ئێڵدن لە بەکارهێنان و جێبەجێکردنی ژینۆلۆژیای فوکۆ دا، ڕەوتێکی یەکانگیر و تۆکمە پەیڕەو ناکات. زۆر جار پابەند بوونی ئێڵدن بە بەکۆنتێکستکردنی دەقەکانەوە، ناچاری دەکات لە لایەنیی بنەڕەتیی مێتۆدی ژینۆلۆژیای فوکۆ،واتە تیۆریزە کردنی هەڵکشانی نابەردەوامی مێژوو بە پێی گۆڕانی پەیوەندییەکانی باڵادەستیی، چاوپۆشی بکات. لە ڕوانگەی فوکۆوە، باسوخواسی گۆڕانی فۆڕمەکانی حکومەت لە ژێر کاریگەریی هێز دا ڕوو دەدات و هاوکات هەلومەرجەکانی گۆڕانی هێز بەرەو باڵادەستیش دەنوێنێتەوە. کەچی ئێڵدن لە ڕادەبەدەر سەرنج دەخاتە سەر ئامادە بوون-نەبوونی تێرمی territory لە دیسکۆرسی بیرمەندانی سیاسیی ڕۆژئاوا بەر لە سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێڕن و ناو ئەو سەردەمەشدا. وا پێ دەچێت تەوەری ڕێنوێنکەر لێرە دا پەیوەندیی نێوان وشەکان و شتەکان بێت، کە فوکۆ خۆی لە کتێبی The Order of the Thingsدا زەقی دەکاتەوە. بەڵام ئەوەی لە تێگەیشتنی ئێڵدندا لە تێگەیشتن لە فوکۆ لەبەرچاو نەگیراوە، لێدوان و گێڕانەوەی ژینۆلۆژیا وەک مێتۆدێکی لێکۆڵینەوەی دیرۆکی، بە پێچەوانەی بە کۆنتێکستکردنی دەق، پەیوەندیی نێوان وشە و شتێک کە لە گێڕانەوە یان خوێندنەوەی فاکت – ڕووداوی مێژوویی دادەمەزرێت، ئەوە لە لایەن هێزەوە پێک هاتووە و هەر بۆیە پێویستە بە پێی فۆڕمی باڵا دەستیی زاڵبوون تێ بگەین. لە ژینۆلۆژیای فوکۆ دا، باڵا دەستی هەم کاریگەری و هەمیش هەلومەرجی پەیوەندییەکانی هێزە.
    ئامانجی من لێرە دا، بەرگریکردن لە چۆنێتی هەڵسووڕاندن و بەکارهێنانی تێڕوانینەکانی فوکۆ لەمەڕ دیرۆک نییە. ئەوە ڕاستە کە د
یسکۆرسی فوکۆ لە ئاماژە بۆ کردن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و دەقەمێژووییەکان/ڕووداوەکاندا، هەندێک جار ناتەبایی بەرچاو لەمەڕ خۆیان دەردەخەن وئەوەش دیرۆکناسان، شرۆڤەکارانی دەقەکان و ئەرشیڤکاران ئاماژەیان بۆ کردووە؛ هەر بۆیە ئێڵدن ڕاست دەکات لە سەر ئەم مژارە تانە لێ بدات.هەر وەها ڕەوایە ئێڵدن سەبارەت بە مامەڵەی فوکۆ لەگەڵ نووسراوە دیرۆکییەکان و بەکار هێنانی مێژوو بۆ بینا کردنی ئارگیومێنتە تیۆریکەکانی وریا بوونی خۆی نیشان بدات. بەڵام ڕەتکردنەوەی دیسکۆرسێکی تیۆریک  بە هۆکاری ناتەبابوون و نەگونجان لەگەڵ ئەو فاکتانەی فاکتی مێژووییان پێ دەوترێت، شێوازێک بۆ ڕەواییبەخشینی دیسکۆرس/ تیۆرییە کە ئێڵدن بۆ بە کۆنتێکستکردنی دەق بەکاری هێناوە. پێویستە  لە بیرمان نەچێت فوکۆ بۆ داڕشتنی پێکهاتەی دیرۆکی – تیۆریکاڵی خۆی، چەمکی بیچمگرتنی دیسکورسیڤ
(
discursive formation) بە کار دەهێنێت، ئەمەش خۆی ئاماژە و گەڕانەوەیەکە بۆ دیسکۆرسێک و هەلومەرجە نادیسکورسیڤەکانی ئیمکان. هەلومەرجەکانی ئیمکانی چەمکە تیۆرییەکان هەرگیز لە پێناسەکردنەکانیان لە دیسکۆرسدا لەبەر چاو نەگیراون. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ناتەبابوون و نەگونجان لەگەڵ فاکتەکاندا شیکارییە،نە تیۆرەکەی فوکۆ پووچەڵ دەکاتەوە و نە ئێڵدن لە هیچ شوێنێکی کارە گەورەکەیدا بانگەشەی پووچەڵکردنەوەی دەستکەوتە تیۆرییە بەرچاوەکانی فوکۆ دەکات.
    لەگەڵ ڕەخنەی ئێڵدن لە فوکۆ ها
وڕابین یان نا، کتێبی ' لە دایکبوونی وڵات' خاڵێکی وەرچەرخان و بەشداربوونێکی یەکلاکەرەوەیە لە توێژینەوە سەبارەت بە هێز و باڵا دەستی لە سەردەمی یۆنانی کەڤنارەوە تا سەردەمانی دەسپێکی ئەوڕووپای مۆدێڕن.بەلەبەر چاوگرتنی پێگەی بنەڕەتی و گرنگی مەڵبەند یان هەرێم لە فۆڕمەکانی هێز و باڵادەستیدا کە پرسی کوردیان لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە چوار دەوڵەتی حاکمدا پێک هێناوە و هەر وەها گرنگیی فۆرمەکانی بەرخوەدان لەهەمبەر باڵادەستیدا، کە دوا بەدوای ئەوە گەشە پێدانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی مۆدێڕندا پێناسە کردووە، پێویستە هەموو ئەو کەسانەی هۆگری چارەنووسی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتن لە جیهانی هاوچەرخدا، ئەم کتێبە بخوێننەوە.
عەباس وەلی
ئاپریلی ٢٠٢٣
لەندەن

     


 بەرگی دەقی ماکی  کتێبی لە دایکبوونی وڵات 


پڕۆفێسۆر  ستوارت  ئێڵدن  نووسەری   لەدایکبوونی وڵات