Thursday, November 26, 2020

Tuesday, November 24, 2020

Thursday, November 19, 2020

کتێبی سازمانی ئینقیلابی و کوردستان ، هەڵسەنگاندنی ئەنوەر سوڵتانی


 

کتێبی
سازمانی ئینقیلابی و کوردستان

ئامادە کردن و وەرگێڕانی حەسەن قازی

 

ئەنوەر سوڵتانی

"سازمانی ئینقیلابی و کوردستان"، ئامادە کردن و وەرگێڕانی حەسەن قازی، چاپی یەکەم، چاپخانەی مورتەزەوی، ئاڵمان، ٢٠٢٠، ڕووبەرگ کاری هونەرمەند ناسر قازی زادە، ٦٥٥ لاپەڕە، کوردی. ISBN: 978-3-9822262-7-9

 

لە ساڵانی دەیەی ١٩٦٠ دووبەرەکییەکی ئایدیئۆلۆژیک لە وڵاتانی سوسیالیستیدا تەقییەوە کە سەرەتا و بنەماکانی چەند ساڵێک بوو بە چاو دەبینران و لە ئەنجامدا کۆمەڵگای وڵاتانی سوسیالیستی بەسەر لایەنگرانی یەکیەتی سۆڤیەتی و چیندا دابەشکران. ئەگەر ناتەبایی و دژکارییەکان لەناوخۆی ئەو دوو وڵاتەدا هۆکار و بنەمای ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی هەبوو، لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، کە دیکتاتۆری و نەبوونی ئازادی دەرەتانی بە خەڵکەکەی نەدەدا تەنانەت بەشێکی کەمیش لە ئەدەبیاتی سیاسیی چین و یەکیەتی سۆڤیەتی بخوێننەوە و جیهانبینی و ڕوانگەی فەلسەفی-عەقیدەتییان بناسن، حزبە کومونیستە نەریتییەکان بە ماوەیەکی کەم دوو شەققە بوون و ژمارێکی بەرچاو لە لاوانی خوێنگەرم و خوازیاری کردەوەی شۆڕشگێڕانە، ئاڵای مائۆئیسم بەسەر شانەوە، ڕیزی خۆیان لە حزبە نەریتییەکان جیاکردەوە کە بە ڕێڤیزیۆنیست و ڕیفۆڕمیست و تەنانەت سوسیال-ئیمپریالیستیان دەناسین. دیارە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا حیسابەکان تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز بوو و کەمتر وابوو کەسانێک بە بێ بیرکردنەوە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، بە شەوێک ببێت بە مائۆئیست، وەک بە ڕۆژێکیش نەببوو بە کومۆنیست!

حزبی توودەی ئێران و حزبی شیووعیی عیراقیش، بە ئەندام و لایەنگرانی کوردەوە، لەو گۆڕانگارییانە بەدوور نەمانەوە. تەنانەت حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراقیش، وەک دوو حزب و دوو بەرەی ناسیۆنالیستی، بە ئەندام و لایەنگرانی چەپ و ڕاستەوە، ئەو دیوارە شکاوەیان بەسەردا ڕووخا و تووشی دووفاقەیی هاتن. ئەگەر بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵانی ١٩٦٨ و ٦٩ ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو دووبەرەکییە و پشتکردنە حزبە نەریتییەکە بزانین، دەتوانین دووبەرەکی نێوان باڵی بارزانی و جەلالی لە ساڵانی ١٩٦٤ تا ٦٦یتەمەنی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١)یشوەک دەرەنجامی ناڕاستەوخۆیئەو دیاردە جیهانییە بگرینە بەرچاو، باوەکوو زۆریش ناڕاستەوخۆ نەبوو!

بەداخەوە لاوازبوونی لایەنی تێئۆریک و خەریک بوون بە شەڕی چەکدارانەوە، بزووتنەوەی چەپ و نەتەوەیی کوردی لە ناوخۆوە ڕزاندبوو وئامادەی شوێنهەڵگرتن لە تەئسیری ڕاستەوخۆی بیری حزبە چەپەکانی گەلانی باڵادەست لە هەموو پارچەکانی کوردستان کردبوو. هەربۆیەش ڕێبەران و تیئۆریسیەنانی باڵی شۆڕشگێڕ لەناو حزبی توودەی ئێران و حزبی شیووعی عیراقی و حزبی کومۆنیستی تورکیاداتوانییان بەیارمەتی وەرگرتن لە "تیئۆریی شۆڕگێڕانەی"ی باوی ئەو ساڵانە، کە کورد تێیدا کۆڵ و ناتەواو بوو، فەزای فیکریی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن و ئەو ڕەوتە هەر لە دەیەی شەستی سەدەی پێشووەوە بە بەردەوامی مایەوە تا گەیشتۆتەئەمڕۆ، کەتێیدا بیری "حیکمەتی"نەک هەر لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە باشووریش بەسەر بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا،زاڵە و خەباتکارانی نەتەوەیی کوردی خستۆتە تەنگژەیەکی ترسناکەوە.

سەرەتای ئەو کارتێکەرییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی دەیەی شەستی سەدەی پێشوو کە "سازمان انقلابی" لە ناو بەشێک لە لاوانی ئەندام و لایەنگری حزبی توودەی ئێراندا سەریهەڵدا و ئەو ئەندامانەی حزب کە لە دەرەوەی ئێران دەژیان  و خوازیاری "کار و کردەوەی شۆڕشگێڕانە" لە ناوخۆی ئێران بوون، دەرفەتی هاودەنگی و هاوکاریی لاوانێکی شۆڕشگێڕی کورد، وەک نەمران ئیسماعیل شەریفزادە و مەلا ئاوارەیان لە ناو حزبی دیمەکراتی کوردستانی ئێراندا قۆزتەوە-"کومیتەی شۆڕشگێڕ"ی حدکاش بە هەمان بیر و هزرەوە لە بەژنی حزبەکە جیاببووە و دەیویست ببێتە لوکۆمۆتیڤی شۆڕش و قەتاری خەڵکی چەوساوەی کورد لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان بەشوێن خۆیدا بکێشێت- ئەو تیئۆرییەی وا بە کۆتایی ژیانی قارەمانانەی چێ گیوارا لە ئەمریکای لاتینیش تووشی نشوست هات.

هەرچۆنێک بێت، پەیوەندییەکان بەستران و بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە ئەودەم ئەندامانی کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکرات لە عیراق و لە پەراوێزی شۆڕشی ئەیلوولدا دەژیان، "سازمان انقلابی" هاوکاتکەوتە پەیوەندیی لەگەڵ باڵی جەلالیی شۆڕشی ئەیلوول و بەشێک لە ئەندامانی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ڕێزەکانی ئەواندا مانەوە و کار و خەبات و خزمەتیان کرد- کار و خزمەتێک کە هاوڕێ بوو لەگەڵ ڕژاندنی بیر وبۆچوونی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بۆ ناو دەمارەکانی بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان.

کتێبی "سازمانی ئینقیلابی و کوردستان" لەڕێگەی هەندێک بیرەوەری و هەڤپەیوین و یادداشت و هەڵبژاردەی کتێبەوە،مێژووی کار و هەڵسووڕانی ئەو ڕێکخراوە ئێرانییەی لە ناو بزاڤی نەتەوەیی گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کتێبەکە مامۆستا حەسەنی قازی ئامادەی کردووە. کاک حەسەن کە لێرەدا وەک ئامادەکارێکی ساکاری کتێبەکە دەردەکەوێت، لە ڕاستیداچ وەک لایەنگری بەکردەوەی کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی هەڵسووڕاوی کۆنفێدراسیۆنی جیهانیی خوێندکارانی ئێرانی لە ئوروپا، لەجەرگەی گەلێک لەو ڕووداوانەدا بوو کە لە کتێبەکەدا باسیان لێوەکراوە و بەوپێیە، شارەزای ڕەوتی کارەکان و ناسیاوی گەلێک لەو کەسایەتییانەیە وا کتێبەکە پێمانی دەناسێنێت، بەڵام  بەشێوەی هەمیشەیی، دەوری خۆی لە ڕووداوەکاندا کەمڕەنگ پیشانداوە و زیاتر وەک کەسێکی لاوەکی،تەنیا بەسەرهاتەکانی بۆ خوێنەر گێڕاوەتەوە.لەئەنجامدا، زانیاریی ناو کتێبەکە تا ڕادەیەکی زۆر دەستی ئەوەڵ و هی ناوخۆی ڕەوتەکەن، هەربۆیەش دەکرێ پشت بە ڕاستی و دروستییان ببەسترێت.

مامۆستا حەسەن سەربازێکی وونی شەڕگەی بەشێکی بەرچاو لە هەموو ئەو کێشە ئایدیۆلۆژیکەیە، کە لە کتێبەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، سەربازێک کە خەباتی هاوسەنگەرەکانی گرنگتر لە کارەکانی خۆی دەبینێت و لە ئەنجامدا خۆی دەخاتە سێبەری ئەوانەوە. خوێنەری کورد کە لە سی چل ساڵی ڕابردوودا دەیان بیرەوەریی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی بزاڤی نەتەوایەتی کوردی خوێندۆتەوە، لە هەموویاندا ڕاویی ڕووداوەکان واتە خاوەنی بیرەوەرییەکانی وەک قارەمانێک بینیوە کە لە سەنتەری هەمووکردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا بووە، هەرگیز هەڵەی نەکردووە و تەنیا نەیار و ناحەزەکانی ئەو بوون کە تاوانبار و بەرپرسی شکست و نەهامەتییەکان بوون؛ هەر بۆیەش دوور نییە پێی سەیربێت ئەگەر ببینێ لێرەدا قارەمانی دێوقڕان نەک ڕاوی خۆی، بەڵکوو کەسانی دیکەن! بەڵام خوێنەری شارەزای بەسەرهاتەکانی ئەو ساڵانە، ئەگەر ناسیاوییەوکی کەم و زۆری لەگەڵ ژیان و کەسایەتی و قەڵەمی مامۆستا حەسەن هەبێت،دەتوانێ بەباشی پەی بە ڕاستییەکان بەرێت. گەلی کورد دوای ئەو هەموو شکست و نشوست و دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆییەی وا لە ماوەی حەفتاساڵی ڕابردوودا تووشی هاتووە، ئێستا دەبێ بگەڕێتەوە سەربنەما و بنچینەکانی سەرەتایی و چاو بۆ هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی خۆی بگێڕێت. کتێبی مامۆستا حەسەن دەکرێ سەرچاوەیەکی جێگەی باوەڕ بۆ ئەو گەڕانەوە و ڕوانینە بێت. ئەمڕۆ سەردەمی دروشمی قەبە و لافیتەی گەورە نەماوە و کاتی بەخۆداچوونەوە و بیرکردنەوە و دۆزینەوەی هۆکارەکانە.

کتێبی مامۆستا حەسەن لە لایەکەوە ڕێزگرتنە لەو ئەندامە ئێرانییانەی"سازمانی ئینقیلابی" کە لە ناو کورد و بزاڤی نەتەوایەتی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار و خەباتیان کرد،[1] لە لایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری خوێنەرە بۆ تێگەیشتن لە ڕەوتی سەرهەڵدان و هەرەس هێنانیکومیتەی شۆڕشگێڕی حدکا، کۆمەڵەی ڕەنجدەران[2]، یەکیەتی نیشتمانی و بەگشتی، بەشێک لە مێژووی بیری چەپ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەڵسەنگاندنی کتێبەکە دەرفەت و کاری زیاتری پێویستە و شیکردنەوەی بابەتەکانی دەکەوێتە ئەستۆی کەسانی شارەزای مێژووی ئەو ساڵانە. بەداخەوە من بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی کوڕۆناوە تەنیا ئەم چەند دێڕەم پێ نووسرا.

١٨ / ١١ / ٢٠٢٠



[1] گەرچی هەندێکیان وەک خانبابا تهرانی، دواتر هەڵوێستیان گۆڕی و بە قورس و قایمی لە بەرەی دژایەتی بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورددا وەستان.

[2] و تەنانەت لە ڕێگەی ئەوەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات/ بۆکان
http://www.bokan.de/

Thursday, November 12, 2020

Rawêj, Thursday November 12, 2020, 19:00 hours CET

شۆوێنیزم، شۆوێنیزمی زمانی

 

شۆوێنیزم
شۆوێنیزم بریتی یە لە نیشتمانپەرەریی بێ سنوور و نا مەنتیقی، وەک جینگۆییزم واتە حەیرانی خۆ بوون. وشەکە لە ناوی نیکۆڵاس شوێڤەن ڕا داکەوتووە. شوێڤەن سەربازێکی فەڕانسەیی بوو و تەنێ بە وەی کە میداڵی نیزامی و مووچەیەکی کەمی هەبێ ڕازی بوو. وەفادارییەکی بێ سنووری هەست دەکرد بەرانبەر بە ناپپلیۆن و ئامادە بوو خۆی بۆ فیدا بکا. شوێڤەن بوو بە نوێنەری تیپەنێک کە هەموو شتێکی پیرۆز دەکرد کە لە دوای ١٨١٥ لە ناو جەنگاوەرانی قەدیمی ئەڕتەشەکانی ناپلیۆن دا باو بوو. دواتر شووێنیزم مانای هەر جۆرە ناسیۆنالیزمێکی تیژپەڕی پەیدا کرد کە بۆ دەربڕینی  لایەنگری یان بەسترانەوەی بی سنوور بە گرووپێکەوە یان شوێنێکەوە دەرببڕدرێ لە لایەن کەسێکی سەر بە گرووپەکەوە . زاراوەی شووێنیزم دەکرێ بۆچوونێکیش بی وەک هەستی باڵا دەستی، خۆ بە باڵاتر زانین لە جینسییەتێکی تر وەک شۆونیزمی پیاوانە. هێندێک لە لایەنگرانی مافی ئاژەڵان ئەو زاراوەیان بە کار هێناوە بۆ نیشاندانی هەمان بۆچوون لە لایەن مرۆڤانەوە بە نیسبەت بوونەوەری تر. وەک شۆونیزمی بوونەوەری.

بریتانیاکا

===

شوێنیزمی زمانی بریتییە لەوەی مرۆڤ باوەڕی وابێ ئەو زمانەی قسەی پێ دەکا لە هەموو ڕوویەکەوە باڵاترە لە زمانەکانی دیکە. بەوە دەگوتڕی شووێنیزمی زمانی. دەکرێ بەو سادەییە بێ کە ئاخێوەرانی تامیل هەر کە دەبینن هیچ ناتامیلێکیان لە دەوروبەر نییە دەست دەکەن بە قسە کردن بە تامیل تا دەگاتە جووڵانەوەی کۆلۆنیالیستە ژاپۆنییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا کە لە کورەییەکانیان قەدەغە کرد بە زمانی خۆیان قسە بکەن و تەنانەت ناچاریان کردن ناوی ژاپۆنیش دەکار بێنن

========

شۆوێنیزمی زمانی ، باڵا دەستە

هۆوارد ڕیچلر

 

فەڕانسەیی ڕقیان لە ئاڵمانییەکانە، ئاڵمانی ڕقیان لە لەهیستانییەکانە. ئیتالیایی ڕقیان لە یوگوسڵاوییەکانە، ئەفریقای جنووبی ڕقیان لە هولەندییەکانە، و ئەمنیش کەسم زۆر خۆش ناوێ!


-یادداشتی مێری ، ئاواك سییانەی کینگتن، دەوروبەری ١٩٦٠

یەک لە خسڵەتە کەمتر سەڕنجڕاکێشەکانی ناسێنەی ئێتنیکی و زمانی بەسترانەوەیەتی بە نادەربردن لە ئاست  ئەوانیدی دەرەوەی خۆی. زۆر لە زمانەکان ئەو کەسانەی کە لە یەکتر تێ دەگەن بە " ئاخێوەران " یان " گەل" ناوەزەد دەکەن – شەقڵی  " ئەوانیدی" و " زۆر بڵێ" لەو کەسانە دەدەن کە بەزمانێک قسە دەکەن لێی تێ ناگەیشترێ. باس کردنی چەند نموونە خراپ نییە. یۆنانییەکانی باستانی زاراوەی ناوی دەنگی باربارۆی ("زۆربڵێ") یان بە سەر هەر کەس دا دەبڕی کە لێی تێ نەدەگەیشترا، واتە هەر کەسێک کە زمانێک بێ لە زمانی یۆنانی دەکار کرد با. ئەو وشەیە وەک بارباروس ڕێی دەر کرد بۆ ناو لاتین، بە هەمان مانا، و وشەی وەک "بارباروس" و " بارباریان" یان بۆ زمانی ئینگلیسی بە  میرات بەجێ هێشت. چینییەکان ناوی " بابڕییەکانی جنووبی یان" بە سەر عەشیرەتەکانی میاو  و مۆسۆ لە باشووری چین دابڕی  هەر لەبەر ئەوەی لە زمانەکەیان تێ نەدەگەیشتن. سڵاوەکان  ناوی  نەمەت ( "بێدەنگ" یان " لاڵ" ) یان لە هاوسێ ئاڵمانییەکانیان نا.

ئەو دیتنەی کە زمانی مرۆ خۆی باڵاترە لە زمانی دیکە بەربڵاوە، و زۆر هۆ وسۆنگەی بۆ بەرگری کردن لەو بیرۆکە شۆوێنیستییە دەهێندرێتەوە. زمانێک لەوانەیە وەکوو کۆنترین زمان، زمانی هەرە مەنتیقی، هەرە شاعیرانە ، یان وەک زمانی خوداکان چاو لێ بکرێ. هێندێک لەو ئیدیعایانە بە تایبەتی زۆر گەوجانە هاتوونە مەیدانێ. نووسەری ئاڵمانی لە سەدەی شازدەهەم جەی.  جی. بێکانوس ڕاگەیاند زمانی ئاڵمانی لە بەر ئەوە لە زمانی دیکە  باڵاترە چونکە ئەو زمانەیە کە حەزرەتی ئادەم لە باغی عەدەن قسەی پێ دەکرد، بێکانوس ئیدیعای کرد بەخۆشییەوە شکانی دواتری بورجی بابل شوێنی لێ نەکرد چونکە ئاڵمانییە سەرەتاییەکان ( سیمبراییەکان)  بەشداریان نەکرد لە ڕووخان و تێکدانی ئەو بورجە دا. بێکانوس پێمان دەڵێ کە دواتر خوداوەندی تەبارەک وە تەعالا کارێکی  ئەوتۆی کرد کە تەوڕات لەزمانێکی ماکی ئاڵمانی کە ئێستا نەماوە  وەربگێڕدرێ بۆ سەر زمانی عێبری.

 زمانەکان ئامادەن بۆ ئەوەی خسلەتی نەرێنیی بخەنە ئەستۆی کارتێکەریی بێگانە. لە زمانی ئینگلیسی ئەگەرکەسێک بە بێ ئیزنی پێشوو لە سەر کار یان خوێندن حازر نەبێ بەوە دەگوتری French leave . فەرانسەییەکان تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە و بەوە دەڵێن   filer a L’anglais . نۆڕوێژییەکان و ئیتالیاییەکانیش لەگەڵ فەڕانسەییەکان دەکەون و بە دۆخێکی ئاوا دەڵێن " ئیزنی ئینگلیسی ".

ئەو ئیدیۆمە بیگانانەی کە ئاماژە بە ئینگلیسی دەکەن وێنەیەکن لەو بۆچوونەی کە لە ئاست جیهانی ئینگلیسی زمان دا هەیە  و وا وەبەرچاو دێ بۆیان دروستی ئینگلیسی زمانان لە ژێر پرسیار دا بێ.  لە زمانی فەڕانسەیی دا   " چاپاندنی کەسێک، دەستبڕینی کەسێک " بریتی یە لە  anglaiser quelqu’un و هەم لە زمانی فەڕانسەیی و هەم لە ئیتالیایی دا بە کایەی  کەڵەک و کوڵەک دەگوترێ " کەڵەک بازی ئەمریکایی " American swindle . لە زمانی سڕبو کڕۆواتی دا زاراوەی praviti se Englez  بە " هەڵسوکەوت وەک ئینگلیسی " وەردەگێردرێ واتە یان هەڵسوکەوتی ئەوتۆی کە هیچ هەڵەی تێدا نەبێ بەو هیوایەی کە بارودۆخەکە خۆی ئاسایی بێتەوە. لە زمانی فەڕانسەیی دا ئیدیۆمێکی گاڵتەئامیز کە ئاماژە بە ئینگلیسی دەکا بریتییە لە " ئینگلیسییەکان خەریکن دادەبەزن" Les Anglais ont debarque    کە ئەوەش تەعبیرێکە ئەگەر ژنێک بڵێ " سوڕی مانگانەم هەیە".

دەرەوەییەکان، ئەوانیدی دەشێ بە خەتابار دابندرێن بۆ خووی خراپ و بەد ڕەوشتی لە ناوماندا. هیچ شتێک  جوانتر لە نەخۆشی سفلیس ئەوە دەر نابڕێ. ئیتالیاییەکان ئەوە بە فەڕانسەییەکان دەبەستنەوە و پێی دەڵێن "نەخۆشی فەڕانسەیی" Mal francesse  . فەڕانسەییەکان قسەکە هەڵدەگێڕنەوە و بەو نەخۆشییە دەڵێن "نەخۆشی ناپل ". ئاڵمانییەکانیش هەر فەڕانسەیی نیشانە دەکەن و پێی دەڵێن " زیپکەی پیسی فەڕانسەیی"
Franzosen bsse Blattern . ئینگلیسییەکان پێی دەڵێن  " سفلیسی فەڕانسەیی،" یان نەخۆشی فەڕانسەیی" و بە سەر تاسی یەک کە لە سفلیس کەوتبێتەوە دەڵێن " تاجی فەڕانسەیی " French crown .  لە ئینگلیسی دا " فرانسەیییاندن"  Frenchified بە مانای  " نەخۆشی جووتبوون" ە و  " بەرازی فەڕانسەیی "  French pig  برینێکی جووتبوونە. ڕووسەکان ئەوە بە ملی لەهیستانییەکاندا دێنن و ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان پێی دەڵێن 
" نەخۆشی ئاڵمانی". لە زمانی هولەندی پێی دەڵێن  " سفلیسی سپانیایی "
Spaensche Pokken . هەر کە نەخۆشییەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چوو و گەیشتە هیندووستان، ژاپۆن و چین پێی گوترا " نەخۆشی پۆرتوگاڵی" و سەیر نییە کە تورکەکانیش ئەوەیان بە خەتای مەسیحییەکان دانا. دوا جار، لە سەدەی شازدەهەم دا ناوی
"سفلیس" ی لێ نرا کە وێدەچێ لەهەموو جیهان وای پێ بڵێن. ئەو ناوە لە ناوی شوانێکی سفلیسداری ئەفسانییەوە کەوتووەتەوە لە شێعری شاعیری ئیتالیایی جیرۆلامۆ فراکاستۆرۆ بەناوی
Syphilis, sive Morbus Gallicus . ئەفسانەکە جیرۆکی شوان سفلیس دەگێڕێتەوە کە کفر و نزاکانی خودای خۆری تووڕە کرد کە سیفلیسی داماوی تووشی نەخۆشییەکی نوێ کرد کە ئەو ناوەی لێ نرا. 

شۆونیزمی زمانی فەرمان دەدا کە زمانی زگماکی خۆ نەک هەر ئەوەی کە بە کارتێکەی بێگانان"چڵکی کردووە"  بەڵکوو ئەوەش کە زمانە بێگانەکان تەنانەت بەرپرسیاری هەو کردن و چڵک کردنەکانن.

دوایین کتێبی هۆوارد رێچلر ناوی ئەوەیە : بۆم هەیە یەک دوو قسەت لەگەڵ بکەم؟  دەکرێ بەو ئی مەیلە پێوەندی پێوە بکرێ
howard@theseniortimes.com     

وەڕگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                        

Rawêj Thursday November 12, 2020 at 19:00 hours CET

Tuesday, November 3, 2020

زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی / کۆمه‌ڵناسیی زمان

 

sociolinguistics

زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی زاراوه‌یه‌کە بۆ باسکردن و شیکردنه‌وه‌ی هه‌موو بواره‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان زمان و کۆمه‌ڵ به‌کار ده‌هێندرێ جگه‌ له‌و بوارانه‌ی نه‌بێ که‌ مه‌به‌ستیان ته‌نێ زانستکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕووته‌، وه‌ک ئێتنۆمێتۆدۆلۆژی. که‌ وابوو توێژینه‌وه‌ی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی کارێکه‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌ده‌ستخستنی تێگه‌یشتنێکی باشتر سه‌باره‌ت به‌ ته‌بیعه‌تی زمانی ئینسانی ده‌کرێ به‌ ڕێگای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ زمان له‌ social context   (هەلومەرجی کۆمه‌ڵایه‌تی) خۆی دا و/ یان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی تێگه‌یشتنی باشتر سه‌باره‌ت به‌ ته‌یبعه‌تی پێوه‌ندی و هاوکرده‌یی له‌ نێوان زمان و کۆمه‌ڵ دا. زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م بوارانه‌ وه‌به‌ر ده‌گرێ anthropological linguistics  زمانناسیی مه‌ردمناسانه، dialectology  له‌هجه‌ ناسی،discourse analysis  شیکردنه‌وه‌ی وێژیاک، ethnography of speaking ئێتنۆگڕافی قسه‌کردن، geolinguistics زمانناسیی جوگرافیایی language contact studeis لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ تێکه‌ڵاوی زمانی secular linguisticsزمانناسیی مه‌یدانی، the social psychology of language ده‌روونناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی زمان وsociology of language  کۆمه‌ڵناسیی زمان
sociolinguistic variable
بڕوانه‌ linguistic vaiable

sociology of language  
کۆمه‌ڵناسیی زمان لقێک له‌  زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تیکه‌ له‌ ئاستێکی به‌ربڵاو یان macrolinguisticزمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ڵان دا به‌و بابه‌تانه‌ی که‌ پێوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ پێوه‌ندی نێوان هۆکارگه‌له‌ کۆمه‌ڵناسییه‌کان و زمانه‌وه‌ خه‌ریک ده‌بێ و، به‌ تایبه‌تی له‌ گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ ده‌ستبژێر کردنی زمان به‌ستراونه‌ته‌وه‌.که‌ وابوو لێکۆڵێنه‌وه‌ی بابه‌تی وه‌ک multilingualism فره‌ زمانێتی language planning پلانداڕشتنی زمانی، language maintenance پاراستنی زمان و language shift گۆڕانی زمان وه‌به‌ر ده‌گرێ.

سەرچاوە: پئیر تڕادگیل، وشەنامەی زمانناسیی کۆمەڵایەتی. وەرگێڕ حەسەن قازی

ڕادیۆ دیالۆگ لەگەڵ __ جەعفەر شەیخولئیسلامی

Sunday, November 1, 2020