چاوپێکەوتنی گۆڤاری مەتین لە گەڵ دوکتور ئەمیری حەسەنپوور
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دوکتور ئەمیری حەسەنپوور
پێشکه‌وتووبوونی سۆرانی و دواکه‌وتووبوونی کورمانجی یه‌کێک له ئه‌فسانه‌کانی شۆڤینیسمی سۆرانییه
سازدانى: ناسر منبەری
د. ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له ساڵی 1943 له شاری مه‌هاباد هاته دونیا و هه‌ر له‌وێ ده‌رسی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی خوێند و له 1960 له زانکۆی تاران درێژه‌ی به خوێندن دا. له پێشدا زمان و ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیسی خوێند(باکالوریا 1964)، دوایه ماوه‌یێک له مه‌دره‌سه‌ی ناوه‌ندی مه‌هاباد ده‌رسی کوت و له ساڵی 1968 ده‌ستی کرد به خوێندنی زمان‌ناسی له زانکۆی تاران (ماجسته‌ر 1970) و له 1972 له زانکۆی ئیلینوی له ئه‌مریکا ده‌وره‌ی دوکتورای کامیونیکه‌یشنی ده‌ست پێ‌کرد. تێزی دوکتوراکه‌ی لێکۆلینه‌وه‌یێک بوو سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ستانداردبوونی زمانی کوردی. سه‌ردێڕی تێزه‌که ئه‌وه‌بوو:
فاکتۆری زمان له گه‌شه‌کردنی نه‌ته‌وه‌یی دا: ستانداردبوونی زمانی کوردی 1918-1985
The Language Factor in National Development: The Standardization of the Kurdish Language, 1918-1985
ئه‌و تێزه له سالی 1989 دا ته‌واوبوو و له لایه‌ن زانکۆی ئیلینۆیه‌وه په‌سندکرا و له ساڵی 1992دا وه‌ک کتێبێک له ئه‌مریکا به سه‌ردێڕی ناسیۆنالیسم و زمان له کوردستان، 1918-1985 بڵاوبۆوه:
Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985
ئه‌و کتێبه وه‌رگێڕدراوه‌ته ترکی:
Kürdistan’da Miliyetçilik ve Dil, 1918-1885 (Istanbul: Avesta, 2005)
ئه‌و لێکۆڵینه‌وه به‌رهه‌می عومرێک تێکۆشانی له بواری زمانی کوردی و که‌ڵک وه‌رگرتن له زانستییه‌کانی زمان به‌تایبه‌ت زمان‌ناسی و زمانناسیکۆمه‌ڵایه‌تییه. د. حه‌سه‌نپوور خۆی ده‌ڵێ:
"من کاتێکی له ساڵی 1976 ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌م وه‌ک تێزی دوکتورا ده‌ست پێ‌کرد ئاگام له باری ده‌کارهێنانی زمانی کوردی له هه‌ر چوارپارپه‌ی کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو. ڵه ئه‌مریکا، روژنامه‌ی ر‌یا ته‌زه‌ی چاپی یێه‌ره‌وان ئابوونه بووم و به‌شێکی زۆری چاپه‌مه‌نی یه‌کێتی سۆڤێتم وه‌ده‌ست ده‌که‌وت، له ئیران خۆم ژیابووم و له خه‌باتی زمانییدا چالاک بووم، زۆربه‌ی چاپه‌مه‌نی کوردی کوردستانی عێراقیشم له 1976 وه‌ده‌ست که‌وت، و چاپه‌مه‌نی کۆنی کوردی عوسمانی و سووریه‌شم تا راده‌یێکی په‌یداده‌کرد. هه‌روه‌ها نامه‌نووسین و وتووێژێکی زۆرم کرد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که له پرۆسه‌ی ستانداردبوون دا چالاک بوون، بۆ وێنه ته‌وفیق وه‌هبی، ع. زه‌بیحی، سادق به‌هائه‌دین ئامێدی، مسته‌فا نه‌ریمان، ع. شه‌ریف وانلی، جه‌ماڵ نه‌به‌ز ... بێجگه‌له وانه، به‌شێک له ئارشیوی ئینگلستان له زه‌مانی ئینتیدابی عێراقم وه‌ده‌ست که‌وت. پرسیاری سه‌ره‌کی لێکۆڵینه‌وه‌که‌م ئه‌وه بوو که چۆن سۆرانی به په‌یدابوونی ده‌وڵه‌تی عێراق له سه‌ر بنچینه‌ی بن-له‌هجه‌ی سلێمانی پرۆسه‌ی ستانداردبوونی ده‌ست پێ‌کرد و تا ساڵی 1985 تا چ راده‌یێک ستانداردببو."
"هه‌روه‌ک کوتم من کاتی ده‌ستپێکردنی لێکۆڵینه‌وه‌که پێموابوو زۆر شت سه‌باره‌ت به زمانی کوردی ده‌زانم. به‌ڵام زوو پێمزانی که روانین و ته‌جره‌به‌کردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ تێگه‌یشتن زۆر پێویستن، به‌ڵام ته‌واونیین و تێگه‌یشتنی کێشه‌که پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل به شێوه‌یێکی زانستی و به‌پشتبه‌ستن به تیۆری زمانناسییه‌وه هه‌یه. بۆ وێنه له‌و پرۆسه‌یه‌دا، من بۆم روون بۆوه که زمانه‌کانی دنیا تایبه‌تێتی زۆریان هه‌یه و بارودۆخی مێژووییشان زۆر جیاوازه. ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زۆرتر راکێشام پرۆسه‌ی ستانداردبوونی زمانی وه‌ک نۆروێژی و ئالبانی و هه‌رمه‌نی بوو که دوو ستانداردیان هه‌یه به‌ڵام نموونه‌ی وه‌ک سربی و کرۆواتیشم له به‌رچاوده‌گرت یان زمانی بنگاڵی که له‌به‌ر جیاوازیی ئایینی و دابه‌شبوونی بنگاڵ لێکهه‌ڵبراون. یه‌کێک له ئاکامه‌کانی ئه‌و لێکۆلینه‌وه‌یه ئه‌وه بوو که زمانی کوردی زمانێکی جووت -ستاندارده و دوو له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی کورمانجی و سۆرانی هه‌رکام ئه‌و پرۆسه‌یان له سه‌ده‌ی بیست دا ده‌ست پێ‌کرد به‌ڵام کورمانجی له زۆر بواران دا له سۆرانی له‌پێشتربوو."
د. حه‌سه‌نپوور ماوه‌یێک له 1979 له زانکۆی سنه ده‌رسی کوت و له 1987 به‌ولاوه له کانادا مامۆستای زانکۆی ویندسر، زانکۆی کنکۆردیا و زانکۆی تورانتۆ بووه.
1- ئێوە لە نامەکەتان بۆ ئاكاديميای كورد دەستنیشانتان کردووە کەگۆیا ئاکادیمیا زمانی ستانداردی بەلاو داناوە و کێشەکەی کردووە بە کێشەی زمانی ڕەسمی، مەبەستتان لەم جیاکردنەوەیە چییە؟
من نازانم بۆ ئه‌کادیمیا باسی ستانداردبوونی وه‌لانا و باسی ره‌سمیکردنی هێناگۆڕێ. دیاره ستانداردکردن و ره‌سمیکردن دوو پرۆسه‌ی جیاوازن. ده‌لوێ زمانێک دوو له‌هجه‌ی ستانداردی هه‌بێ به‌لام هه‌ر یه‌کێکیان ره‌سمی بکرێن. ستانداردبوون یه‌کدابه‌دوو پێک نایە و به‌کاوه‌خۆیی و له‌ماوه‌یێکی تا راده‌یێک درێژخایه‌ندا ده‌گوورێ به‌ڵام ره‌سمیکردن به بڕیارێکی حکوومه‌ت ده‌سبه‌جێ وه‌دی دێ. هه‌روه‌ها که‌س ناتوانێ ئه‌وه بسه‌لمێنێ که ته‌نیا سۆرانی ستانداردبووه و کورمانجی له سه‌ده‌ی پازده‌وه تا ئێسته قه‌تیس ماوه و به‌و بیانووییه له مافی ره‌سمیبوون بێبه‌شبکرێ.
2- هۆکاری سەپاندنی ڕەسمی کردنی شێوەزاری سۆرانی بە سەر شێوەزارەکانی دیکە لە باشووری کوردستان لە چی دا دەبینن؟ واتە کێشەکە بۆچی لەو بازنەیە دەرناکەوێت ؟
دیاره ئه‌گه‌ر بێتوو کوردی به گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق یه‌کێک له دوو زمانه ره‌سمییه‌کانی عێراق دابندرێ و ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر کاغه‌ز نه‌مێنێ و ببێته پراتیکی حکوومه‌ت، له زۆر بوارندا ده‌کاردێ (وه‌ک قانوون، به‌ڵگه‌ی ره‌سمیی، کاری ئیداره‌یی، کاری عه‌سکه‌ری...) و پێویسته بڕیاربدرێ که کام له‌هجه‌ی کوردی ده‌بێته زمانی ئه‌و حکوومه‌ته، واته زمانی ره‌سمیی. هه‌روه‌ها، له نێو سنووره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمیش دا ئه‌و کێشه‌یه دێته‌گۆڕێ: زمانی حکوومه‌ت له بادینان کام له‌هجه‌یه؟
زۆر که‌س پێی وایه که نه‌ته‌وه یه‌ک زمانی هه‌یه و زمانه‌که‌ش یه‌ک ستانداردی هه‌یه و کوردیش وه‌کوو فارسی و تورکی ده‌بێ یه‌ک ستانداردی هه‌بێ. به‌ڵام ژیانی زمان له دنیادا زۆر جۆراوجۆره و زمانی واهه‌یه دوو له‌هجه‌ی ستانداردی هه‌یه وه‌ک هه‌رمه‌نی و ئالبانی و نۆروێژی. ده‌کرێ له کوردستانی عێراق دا، هه‌ردوو له‌هجه ره‌سمی بن و کاروباری حکوومه‌تیش به‌ڕێوه‌بچێ. زۆربه‌ی باسه‌کان له بازنه‌ی یه‌ک نه‌ته‌وه/یه‌ک زمان/یه‌ک ستاندارد نایه‌نه‌ده‌ر.
3- ئەگەر بەو شێوازە پڕۆسەی دەسەڵات کردنی تەک شێوەزاری سۆرانی بەرەو پێشەوە بچێت ڕێگا بۆ چی مەترسیگەلێک دەکاتەوە؟ یان داهاتووی ئەم پڕۆسەیە دەبێتە چێ و هەتا کوێ بەردەوام دەبێت؟
خه‌لکی بادینان له 1991 دوای لاچوونی دیکتاتۆری به‌عس له سه‌ر به‌شێکی زۆری ناوچه‌که، له‌هجه‌ی خۆیان له نووسینی هه‌مه‌چه‌شنه به‌تایبه‌ت له کووچه و کۆڵان و دووکانه‌کان ده‌کار هێنا و ئێسته له خوێندن و له کارگێڕی دا ده‌کارده‌هێندرێ. ئه‌وه بڕیاری خه‌ڵکه‌که‌یه. ئه‌گه‌ر بێتوو ته‌نیا سۆرانی ره‌سمی بێ، ئه‌و باری باوه له مه‌ترسی ده‌که‌وێ. ره‌سمیکردنی له‌هجه‌یێک ده‌سه‌ڵات ده‌دا به ئاخێوه‌رانی و ده‌سه‌ڵات له ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کانی دی حاشاده‌کا. هێندێک له سۆرانی-ئاخێوه‌کان ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی له‌هجه‌ی خۆیان بپاریزن و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دابه‌ش نه‌که‌ن. بیانوویه‌که‌شیان ئه‌وه‌یه که زمانی دوو-ستاندارد نه‌ته‌وه ده‌کاته دوو پارچه و ئه‌وه نابینن که خه‌ڵکله باروودۆخی ئازادی و دیمۆکراسی دا زۆر باش پێکه‌وه ده‌حاوێنه‌وه به‌ڵام سیاسه‌تی زاڵبوون و دژی-دێمۆکراسی ده‌بێته هۆی ناره‌زایی و لێکهه‌لبران.
4- جەنابتان لە میدیاکاندا باسی دیاردەیەک بە ناوی "شوڤینیسمی سۆرانی" تان کردووە کە لە باشووری کوردستان خەریکە بەهێز دەبێت،دەتوانن بە شێوازێکی بەرفرەتر ئەم دیاردەیە پێناسە بکەن؟
شۆڤینیسمی زمانیی بۆچوونێکی سیاسییه که زمانێک یان له‌هجه‌یێکی (زۆرتر زمان و له‌هجه‌ی خۆی) پێ له زمان یان له‌هجه‌کانی دی باشتر، جوانتر، پێشکه‌وتووتر، ده‌وڵه‌مه‌ندتر، ره‌سه‌نتر، یان رێکوپێکتره. شۆڤینیسم رێبازێک، بۆچوونێک، فکرێک یان تێگه‌یشتنێکی سیاسییه. وشه‌ی "شۆڤینیسم" زاراوه‌یێکی سیاسییه و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باری مانایی مه‌نفی هه‌یه، من وه‌ک جنێو ده‌کاری ناهێنم. "شۆڤینیسمی سۆرانی" بڕوا به‌وه‌یه که له‌هجه‌ی سۆرانی له له‌هجه‌کانی دی باشتر، پێشکه‌وتووتر، ده‌وڵه‌مه‌ندتر، ره‌سه‌نتر و رێکوپێکتره. ئه‌و شۆڤینیسمه، له‌هجه‌کان پله‌به‌ندی یان به‌رزونزم ده‌کا (ده‌یکاته هیرارشی)، سۆرانی له سه‌ره‌وه داده‌نێ و ئه‌وانی دی له خواره‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌رێ مافی ئاغایه‌تی و سه‌روه‌ری هه‌یه و ئه‌وانی خۆارێ ده‌بێ ژێرده‌ست بن. شۆڤینیسم بڕوای به به‌رابه‌ری و ئازادی و ماف نییه. ئه‌و شۆڤینیسمه هه‌م شیوه‌ی توندوتیژ و هه‌م شێوه‌ی ئه‌هوه‌نی هه‌یه. توندووتیژه‌کان سووکایه‌تی به له‌هجه‌کانی دی و ئاخێوه‌رانی ده‌که‌ن.
سۆرانی ئاخێوه‌کان رێبازی سیاسی جۆراوجۆریان هه‌یه. هێندێک له سۆرانی ئاخێوه‌کان دژی شۆڤینیسمی سۆرانین و له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت کورمانجی ئاخێوی واهه‌بێ که لایه‌نگری ره‌سمیکردنی سۆرانی بێ. من خه‌ریکی نووسینی زنجیره‌یێکم سه‌باره‌ت به شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی.
5- بەگوێرەی ئێوە ئاکادیمیای کوردی لە باشووری کوردستان تەنیا ئەرکی ئەوەیە کە کێشەی زمانی کوردی تەنیا لە چوارچێوەی باشووری کوردستاندا بنرخێنێت یان نا؟ بۆچی؟
ئه‌رکه‌کانی ئه‌کادیمیا ده‌توانن زۆر به‌رین بن به‌ڵام دیاره حکوومه‌تی هه‌رێم ئه‌رکه‌کانی ئه‌و رێکخراوه‌ی دیاریکردوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانی کوردی به دابه‌شبوونی کوردستان له‌ت وکوت بووه، له دنیای ئه‌وڕۆدا ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کان، به تله‌ڤیزیۆنی مانگۆله و ئینترنێت و کرانه‌وه‌ی سنووره‌کان، زۆرتر له هه‌ر زه‌مانێکی دی گوێیان له یه‌کتر هه‌یه و چاپه‌مه‌نیش زۆر له جاران زیاتر له ناویاندا بڵاو ده‌بێته‌وه. جابۆیه هه‌ر باسێکی زمانی کوردی له هه‌ر پارچه‌یێکی کوردستان ئه‌گه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی له به‌ر چاو نه‌بێ له لێکدانه‌وه‌دا تووشی هه‌ڵه ده‌بێ و له باری زانستییه‌وه بایه‌خی که‌م ده‌بێ. به‌ڵام دیاره ئه‌کادیمیایێکی که حکوومه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی هه‌رێمی خۆی دایمه‌زراندبێ، نایه‌وێ بڕیاربدا بۆ پارچه‌کانی دی کوردستان.
6- ئێوە لە نامەکەتاندا باسی ئەوەتان کردووە کە دیالێکتی کورمانجی لە بواری زمان‌ناسی، زمانناسیی کۆمەڵایەتی وکۆمەڵناسیی زمان هیچ شتێکی لە سۆرانی کەمتر نییە،ئەگەر لەم بوارانەدا شێوەزاری کورمانجی لە سۆرانی کەمتر ببوایا دەبووە هۆکاری ئەوە ڕێگا بۆ ڕەسمی کردنی شێوەزاری سۆرانی بکرێتەوە؟
پێشکه‌وتووبوونی سۆرانی و دواکه‌وتووبوونی کورمانجی یه‌کێک له ئه‌فسانه‌کانی شۆڤینیسمی سۆرانییه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه راستیش بێ، ئاخێوه‌رانی کورمانجی مافی زمانی خۆیان هه‌یه -مافی خویندن و نووسین، و ده‌کارهێنانی له‌هجه‌که‌یان له کارگێڕی و گشت بوارێکی دی‌دا، به کورتی مافی ره‌سمی بوون.
7- وەکوو ئێوەش دەزانن لە کۆمەڵگای کوردەواری دا 5 شێوەزاری سەرەکی وەک، كورمانجي، سوَراني، کەلهوڕی، زازاكي و سۆرانی پێێان وسە دەکرێ،لە باشووری كوردستانيش جيا لە شێوەزارەکانی کورمانجی و سۆرانی، هەورامی و کەڵهوڕیش قسەیان پێ دةكريت، ئايا جووت ستانداردي شێوەزار، چارەسەرییە؟ ئەگەر چارەسەرییە چی بەسەر کەلهوڕی و هەورامی دێت؟ یان لە نێو پڕۆسەی جووت ستاندارد كردن دا هەر دوو دیالێکتی هەورامی و کەلهوڕی چۆن جێگای خۆیان دەگرن؟
ره‌سمیکردنی سۆرانی و کورمانجی کۆتایی به نابه‌ربه‌ری نێوان له‌هجه‌کان ناهێنێ. له کوردستانی عێراقدا، زۆربه‌ی خه‌ڵک به سۆرانی و کرمانجی قسه‌ده‌که‌ن و ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کانی دی ده‌بی مافی زمانی وه‌ک خویندن و نووسین به له‌هجه‌ی خۆیان هه‌بێ. له کۆمه‌ڵگه‌یێکی فره-له‌هجه‌ییدا ره‌سمیکردن، چ ئی یه‌ک له‌هجه بێ چ دوو له‌هجه، دابه‌شکردنی نابه‌رابه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زمانیی، سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، و له بنچینه‌دا کارێکی نادیمۆکراتییه. به‌ڵام کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تی "مۆدێرنی" ئێستا به بێ زمانی ستاندارد و ره‌سمی ناحاوێنه‌وه، و نابه‌رابه‌ریی زمانیی و له‌هجه‌یی به‌شێکه له نیزامی کۆمه‌ڵایه‌تی که پڕه له نابه‌رابه‌ریی چینایه‌تی، جینسێتی، دینی، قه‌ومی، ره‌گه‌زی و هتد. ئه‌و نابه‌رابه‌رییانه لێک جوێ نین و به یه‌کتره‌وه به‌ستراونه‌وه و پێکه‌وه سیستیمێک پێکدێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له کۆمه‌ڵگه‌ی فره-له‌هجه‌ییدا له‌هجه‌کان نابه‌رابه‌رن، هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیستێمه‌دا ده‌کرێ پێوه‌ندیی زمانیی، به تایبه‌ت پێوه‌ندی له‌هجه‌کان، وا دابڕێژرێ و رێکبخرێ که ته‌بعیزی زمانیی که‌متر بکرێ و ئاخێوه‌رانی له‌هجه ناڕه‌سمییه‌کان مافی زمانیی و مرۆڤییان پێشێلنه‌کرێ.
8- بابێینە سەر نامەکەتان بۆ ئاکادیمیا، ئەو ساختەکارییەی کر ئاكاديميای كورد لەسەرنامەکەتان کردی چۆن ئەنجام درا؟ و هۆکاری ئەنجام دانی چی بوو؟
ئه‌کادیمیا نه‌ده‌بوو نامه‌ی خۆی له‌باتی نامه‌ی من یان نامه‌ی هه‌رکه‌سی دی بخوێنێته‌وه. وادیاره، ئه‌وه‌ی خۆشیان ده‌ینووسن زۆر بایه‌خی بۆ دانانێن. بۆچوونه‌کانی من و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌کادیمیا (له کێشه‌ی ره‌سمیکردن دا) ته‌واو لیک جیاوازه، جا بۆیه ئه‌و هه‌ڵه‌کردنه زۆر جێی سرنجه.
9- لە گفتوگۆیەکدا کە لە گەڵ ڕادیۆ زایەڵە ئەنجامتان داوە ئەو هەڵوێستەی ئاکادیمیا وەک هەڵوێستێکی سیاسی بە ناوتان کردووە، دەتوانن تۆزێک ڕوونتری بکەنەوە؟
مه‌به‌ست له هه‌ڵوێستی سیاسی له‌و کێشه‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌کادیمیا له‌پێشدا، به‌بێ لێکۆڵینه‌وه، له سه‌ر کێشه‌یێک وه‌ک کێشه‌ی ره‌سمیکردن ساخبووبێته‌وه و له باتی پشتبه‌ستن به به‌ڵگه و زانیاری و زانست بییه‌وێ به کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ بڕیاربدا و کێشه‌یه‌که وه‌ک مافی زمانیی چاولێ نه‌کا. دیاره ئه‌ندامانی ئه‌کادیمیا یه‌ک بۆچوونیان نییه به‌ڵام پێویسته رێکخراوه‌یێکی وا به شێوه‌یێکی دێمۆکراتی نوێنه‌رانی گشت له‌هجه‌کانی تێدا بێ و ده‌وری چالاکیان ثيَ بسپێردرێ. هه‌روه‌ها بێجگه له فره‌له‌هجه‌یی، کوردستان ولاتێکی فره‌زمانییه و کێشه‌ی زمانه که‌مایه‌تییه‌کانیش وه‌ک ئاسۆری و تورکمه‌ن له‌گۆڕێ دایه و نوێنه‌رانی ئه‌وانیش ده‌بێ کێشه‌کانی خۆیان لێکبده‌نه‌وه و بۆ چاره‌سه‌رکردنی حه‌ول بده‌ن و ئه‌کادیمیا ددان بنێ به سه‌ربه‌خۆیی و لێپرسراوی وان له کێشه‌کانی زمانی خۆیان...
10- سەبارەت بە ساختەکاری ئاکادیمیا لە نامەکەتان و ئەو هەڵوێستانەی لە مەڕ زاڵ و ڕەسمی کردنی شێوەزاری سۆرانی کە پێش دەکەوێت، چ چاوەڕوانییەکتان لە میدیای کوردی بە تایبەتی باشووری کوردستان هەیە، هەر وەها ئایا هەڵوێستی ڕووناکبیرانی کورد سەبارەت بە دژبەرایەتی لە هەمبەر ڕەسمی کردنی شێوەزاری سۆرانی لە باشووری کوردستان ، چالاک دەبینن یان نا؟ بەڕای ئێوە دەبێت چۆن بێت؟
من پێم وایه نابێ په‌له‌بکرێ له بڕیاردان له‌و کێشه‌یه‌دا. پێویسته به گیانێکی ئازادیخوازانه، مافخوازانه و به بۆچوونێکی دیمۆکراتیی گشت لایه‌نی ئه‌و کێشه‌یه لێکۆڵینه‌وه‌ی لێبکرێ و لیکبدرێته‌وه و هیچ بریارێک به بێ پرس و راوێژ به ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کان نه‌درێ. تا ئێسته هیچ لیکۆلینه‌وه‌یێک سه‌باره‌ت به‌و پرسیارانه نه‌کراوه: چه‌ندێتی و چۆنێتی له‌هجه‌کان بۆ وێنه چه‌ند له‌هجه هه‌یه، له کوێن، ژماره‌یان چه‌نده، خه‌ریته‌ی له‌هجه‌کان چییه، و زۆر پرسیاری دی؟ هه‌رکام له له‌هجه‌کان له چ بوارێک دا ده‌کار دێن: خوێندن له سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی، زانکۆ، چاپه‌مه‌نی (له سالی 1991 ه‌وه تا ئێسته چه‌ند گۆڤار و رۆژنامه و کتێب به هه‌رکام له له‌هجه‌کان بڵاو بوونه‌وه)، رادیۆ، تله‌ڤیزیۆن، ئینترنێت؟، چه‌ندێتی و چۆنێتی ده‌کارهینانی زمان (ئاخێوه‌ری هه‌ر له‌هجه‌یێک چ زمان و له‌هجه‌یێکی دی ده‌زانن و قسه‌ی پێده‌که‌ن، له ژیانی رۆژانه‌دا بۆ چ مه‌به‌ستێک چ زمانێک و چ له‌هجه‌یێک ده‌کاردێنن؟)، کارتێکردنی له‌هجه کوردییه‌کانی تورکییه و ئیران و سورییه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات له باری زمانیی کوردستانی عێراق؟ کۆسپ و به‌رهه‌ڵسته‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم له بواری زمان و له‌هجه‌کان؟ کێشه‌ی زمان له نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و حکوومه‌تی به‌غدا چۆنه؟ به‌رهه‌ڵسته‌کان چین؟ و زۆر پرسیاری دی.
جا کاتێکی ئه‌و گشته پرسیاره وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه، نه ئه‌کادیمیا نه میدیا نه رۆشنبیران ناتوانن باش له کێشه‌کان تێبگه‌ن. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ هه‌نگاوێکی خێرا به‌ره‌و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان هه‌ڵبگرێن ده‌بێ وه‌لامی ئه‌و پرسیارانه بدرێته‌وه، ئه‌ویش به لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی. ئه‌و کێشه‌یه به شه‌ڕه‌جنێو و تاوانبارکردن جێبه‌جێ نابێ. ئه‌وه ناکۆکی یان کێشه‌ی سیاسی-زمانییه و رێگه‌ی چاره‌سه‌رکردنی سیاسی-زمانی هه‌یه. من پێموایه رۆشنبیران، کاربه‌ده‌ستان و میدیای سۆرانی ئاخێو ئه‌رکی سه‌رشانیان له هه‌موان قورستره. سۆرانی ئێسته له پله‌وپایه‌ی ده‌سه‌ڵات دایه و ده‌بێ سۆرانی ئاخێوان زیاتر له کورمانجی ئاخێوان تێ‌بکۆشن بۆ به‌رابه‌ریی دوو له‌هجه سه‌ره‌کییه‌که و بۆ دابینکردنی مافی زمانیی له‌هجه‌کانی دی. کێشه‌که، سیاسییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان خۆی سه‌رچاوه‌یێکی ده‌سه‌ڵاته و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به شێوه‌ێێکی نابه‌رابه‌ر دابه‌شکراوه و پێویسته ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ به‌رابه‌ریی دابین بکرێ. له هه‌مان کاتدا، کێشه‌که زمانییه له به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که فره‌له‌هجه‌ییه و نابه‌رابه‌ریی ده‌سه‌لاتی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی تێکه‌ڵاوی نابه‌رابه‌ری له‌هجه‌کان ده‌بێ و له ئاڵۆزیی ئه‌و ناکۆکیانه دا، جیاوازی زمانی جێی ناکۆکی دی ده‌گرێته‌وه و زمان ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی ناره‌زایی و ناکۆکی.
زۆر سپاسی بەڕێزتان دەکەم بۆ بەشداربوونتان لەم وتووێژە.
No comments:
Post a Comment