Thursday, April 29, 2010

بۆ بیرەوەری فڕێد هاڵیدەی



بۆ بیرەوەری فڕێد هاڵیدەی


من ئەمڕۆ زانیم فڕێد هاڵیدەی دوێنێ لە بارثێلۆنا بە نەخۆشی شێرپەنجە مردووە. ئەو خەبەرەم زۆر پێناخۆش بوو، ئەگەرچی لە مێژ ساڵ بوو نەم دیبوو. هەر بە خوێندنەوەی ئەو خەبەرە لە فەیس بووک دا سیمای شەهید مەنووچێهری کەڵانتەری م، هاتەوە بەرچاو. لە ساڵی ١٩٧٣ یان ١٩٧٤ بوو لە لەندەن بەڕێگەی مەنووچێهر دا چاوم پێی کەوت. فڕێد و مەنووچێهر ئەو دەمی کۆمیتەیەکی پشتیوانییان لە گەڵ بزووتنەوەی زوفار ساز کردبوو و زۆر بە ڕێکوپێکی دەنگوباسی دەستێوەردانی ئەڕتەشی حەمە ڕەزاشایان لەو وڵاتەی کەنداو لە قاو دەدا و پشتیوانیان لە تێکۆشەرانی ئازادیخوازی ئەوێ دەکرد
ئەو سەروبەندی فڕێد خەریکی نووسینی کتێبی " عەڕەبستانی بێ سوڵتان " بوو و دۆستایەتی نزیکی لەگەڵ مەنووچێهری شەهید هۆیەک بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە کارو چالاکییەکانی ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێرانی ئەندامی کۆنفێدراسیۆنی جێهانی ئاگاداربێ. لە پاییزی ساڵی ١٩٧٦وە ئیدی ئەمن لە ئینگلیستان نەمام. بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی شا، وابزانم لە ساڵی ١٩٧٨ دا بوو مەنووچێهری کەڵانتەری سەرێکی لەسوێد دا و ئەوە ئاخر جار بوو کە بیبینم. ساڵێکی پێ نەچوو ڕێژیمی حەمە ڕەزا شا ڕووخا. گۆڤاری مێریپ ڕێپۆرت کە فڕێد بە بەردەوامی تێیدا دەنووسی باسی ئاڵوگۆڕەکانی دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەلتەنەتی و شێکردنەوەی بارو دۆخی نوێی بڵاو دەکردەوە. هەر لەو سەروبەندە دا وتارێکی زۆر وردی فڕێد هاڵیدەی لە گۆواری " نیو لێفت ڕێڤیو" دا بە نێوی " شەڕوشۆڕش لە ئەفغانستان" بڵاو ببووەوە، ئەمن ئەو نووسراوەیەم وەرگێڕا سەر زمانی کوردیی سۆرانی و پێم خۆش بوو هەرچۆنێکە نوسخەیەک بۆ خۆشی بنێرم. دوای ماوەیەک نووسینێکی بێوەی مێژوونووسی ناسراو ئیسحاق دۆیچێرم سەبارەت بە بزووتنەوەی "سۆلیدارنۆچ" لە پۆلەند وەرگێڕا و، هەر وەها زنجیرەیەک بەڵگەی"کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی کوردستانی ئێران " کرانە زمانی ئینگلیسی و گشت ئەوانە لە لایەن ئینتیشاراتی سمایلی شەریفزادە لە سوێد بڵاو کرانەوە، بە خۆشییەوە توانیم نێونیشانی پۆستی فڕێد هاڵیدەی ببینمەوە و هەموو ئەو بڵاوکراوانەم بە بەردەوامی بۆ دەنارد
لە نامەیەک دا ئاگاداری کردم نامیلکەکەی لە مەڕ لەهیستانی بردووە بۆ تامارا دۆیچێر و ئەو زۆری پێ گەشاوەتەوە نووسینەکەی بە زمانی کوردی ببینێ و هەر وەها بۆخۆشی زۆری پێخۆشە شۆڕشگێڕانی کورد لە کوردستانی ئێران بە خوێندنەوەی نووسینی وی لە مەڕ ئەفغانستان زانیاری زیاتریان دەست دەکەوێ. پێزانی خۆی ڕاگەیاندبوو کە لە مەڕ بزووتنەوەی خۆڕاگری لە کوردستان ئاگاداری بۆ دەنێرم
دواتر لە مێریپ ڕێپۆرت دا چاوپێکەوتنێکی هەموولایەنەی لە گەڵ دوکتور قاسملوو لە سەر بارودۆخی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە
دوایین نامەی هاڵیدەی بۆ من لە ساڵی ١٩٨٠ یان ١٩٨١ بوو کە تێیدا داوای کردبوو چلۆنایەتی بارو دۆخی پەنابەڕێتی لە سوێدێی بۆ بنووسم و گوتبووی ئەو زانیارییانەی بۆ کوردێکی ئێرانی پێویستە بە نێوی عەبباسی وەلی کە خزمێکی هەیە و لەوانەیە پێویست بکا لە وڵاتێکی ئوڕووپایی داوای پەنابەری بکا
دوای خۆ داسەپاندنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و کوشتاری بەربڵاوی ئازادیخوازان، مەنووچێهری کەڵانتەری لە کاتێکدا دەیەوێ لە سنووری ئێران و پاکستان بپەڕێتەوە لە تێکهەڵچوونێک دا لە گەڵ هێزی ئێران دەکووژرێ. بە بۆنەی مەرگی مەنووچێهر، فڕێد هاڵیدەی بیرەوەری هاوکارییەکانی خۆی و مەنووچێهری کەڵانتەری بۆ پشتیوانی لە خەباتکارانی زوفار و بزووتنەوەی دژی ڕێژیمی شا لە مێریپ ریپۆرت دا بڵاو کردەوە و یادی ئەو دۆستەی خۆی بەرز نرخاند
بێگۆمان فێڕید هالیدەی لە دووتوێی ئەو هەموو کتێبە زانستیی و وتارەجۆر بەجۆرانەیدا کە بڵاوی کردووەتەوە هەر دەمێنێ، هەروەک شەهید مەنووچێهری کەڵانتەری کە یادی لە لای ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ناسیویانە قەت لە بیر ناکرێ
حەسەنی قازی
٢٧-٤-٢٠١٠

1 comment:

Unknown said...

من له رێگای خوێند‌نه‌وه‌ی وتار و کتێبه‌کانی ئانتۆنی گیدێنز له‌‌گه‌ڵ بیر و ڕامانی فرێد هالیده‌ی ئاشنا بووم، نه‌مانی خه‌سارێکی گه‌وره‌یه بۆ زانسته کۆمه‌لایه‌تی و سیاسییه‌کان به‌تابه‌ت بۆ زانستگه‌ی ئێل ئیس ئی
رووحی شاد
کاوه ئاهه‌نگه‌ری