Saturday, May 1, 2010

چلودووهەمین ساڵوەگەری شەهادەتی سمایلی شەریفزادە


چلودووهەمین ساڵوەگەری شەهادەتی سمایلی شەریفزادە

حەسەنی قازی

سمایلی شەریفزادە لە ساڵی ١٩٤٢ی زایینی لە مەهاباد لە بنەماڵەیەکی بازرگان دا هاتە دنیاوە، زۆر منداڵ بوو کە بابی کۆچی دوایی کرد. ئەو دەورەی سەرەتایی و ئامادەیی تا پۆلی پێنجەمی دەبیرستان لە مەهاباد خوێند و دوایە لە دەبیرستانی شەووڕۆژی ئەلبورز لە تاران دیپڵۆمی وەرگرت.سمایل لە سەردەمی خوێندن دا هەمیشە لە باشترین شاگردانی پۆل بوو و لە بەشی ئێلێکترۆنیک لە زانستگەی فەننی زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندن دا و چوار مانگ بەر لەوەی دەرسی زانکۆ تەواو کا دەستی لە خوێندن هەڵگرت و چوو بۆ باشووری کوردستان
سماییل هەر لەو ساڵانەی لە دەبیرستان دەیخوێند لە بەر خوێندنەوەی کتێبی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ بێ بەشی گەلی کورد و ئەو زوڵم و زۆرەی ڕێژیمی دیکتاتۆری حەمەڕەزاشا لە خەڵکی دەکرد، ئاشنا بوو و بۆیە لە خەباتی نهێنی سیاسییەوە گلا. ئەو هەر بە چوونی زانستگەی فەننی لە گەڵ گرووپە مارکسیستییەکانی زانکۆی تاران دۆستایەتی پەیدا کرد، ساڵی ١٩٦١ کاتێک کۆماندۆکانی ڕێژێمی شا هێرشیان بردە سەر زانکۆی تاران چەند ڕۆژێک گیرا. سماییل یەک لە تێکۆشەرانی هەرە هەڵسووڕاو بوو لە نێو خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران
لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٤٢ی هەتاوی دوای هێرشی ساواک بۆ سەر تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و گەلی کورد لە تاران و، لەشار و گوندەکانی کوردستان ئەو وەبەرنەهات و توانی خوی بگەێێنێتە باشووری کوردستان.لەوێ لەگەڵ خەباتی سیاسی و بەرەوژووربردنی ئاستی تێگەیشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی، لە گەڵ نووسەری ئەم دێڕانە دەقی پارێزگارینامەی خوسرەوی ڕووزبە ی لە دادگەی عەسکەری کردە کوردی
سمایل و هاوڕێیانی لە ساڵی ١٩٦٧ هاتنەوە نێو کوردستانی ئێران و لە بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت، بانە و مەهاباد لە نێو کۆمەڵانی خەڵک دا دەستیان کرد بە کاری ڕێکخستن و سیاسی، بەڵام لە بەر ئەو گوشارەی لە کوردستانی عێڕاقەوە لە سەریان بوو بۆ بەرگری و مانەوەی خۆیان زۆر زوو لە گەڵ هێزەکانی ژاندرام و نیزامی ڕێژیمی شا تووشی تێکهەڵچوون هاتن . سمایل هەمیشە دەیگوت : " ژیان لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و خەبات کردن بۆ ئازادییان باشترین زانکۆیە"
سمایل لە بەشێک لە نامەیەکدا کە لە ١٣-٢-١٩٦٥ بۆ دۆستێکی خۆی لە ئوڕووپای نووسیوە دەڵێ:" ئەمن هەر بە عیشقی ئازادی دەژیم و لەوپێناوە دا چەرمەسەرییەکی زۆرم دیتووە. بەڵام هەر وا لە سەر ئەو ڕێگایەی گرتوومەتە بەر سوورم و هەتا دێ بەحەق بوونی ئەو خەباتەم زیاتر بو ڕوون دەبێتەوە و بە هیوای گەیشتن بە سەرکەوتن دەژیم."
لە بەهاری ١٩٦٧یش لەو سەر و بەندە دا کە خەریکی خۆ ئامادە کردن بوون بۆ چوونەوەی کوردستانی ئێران هەر بۆ ئەو دۆستەی دەنووسێ: " برا گیان بۆ خۆت دەزانی ئەمن خەریکی کار و کاسبیم و لە هەر کوێ بازار گەرم بێ و کڕیار زۆربێ بار و کووتاڵی خۆم لە سەر زەوی دادەنێم. ئێستاش کە وەزعی ئێرە بە داخەوو بۆ کارو کاسبی لەبار نییە بە پێویست دەزانم شوێنی کارو کاسبی خۆم بگۆڕم و ڕوو لە چیا کەم. هۆی سەرەکی ئەو کۆچ کردنە ئەوەیە کە لێرە گوشارمان زۆر لە سەرە و تاب هێنانی زۆر ئەستەمە.... سەفەرێکی دوورو درێژمان لە بەرە. ئێستا چیا و کوێستان ناخۆش نین و هەورە تریشقە زۆرە و زیاتریش دەبێ..،" و لە بەشێک لە دوایین نامەیدا کە لە کوردستانی ئێرانەوە لە بەهاری ١٩٦٨ نووسیویەتی دەڵێ: " وەرزێران بە گەرمی پشتیوانیمان لێدەکەن. وەزع زۆر باشە، ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە ڕێبەرایەتییەکی دڵسۆز و دروستی هەبێ دەتوانێ پۆلوویەک بێ گڕ لە سەرانسەری ئێران بەر دا"
لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ی هەتاوی ژاندارمەکانی ڕێژیم لە نزیک گوندی "دارێنە" لە ناوچەی بانە ئەو چێایەیان گەمارۆ دا کە سمایل و هاوڕێیانی لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانیدا دامەزرابوون.سمایل و هاوڕێیانی لێیان وەدەست هاتن و دوای شەڕێکی قارەمانانەی ٦ سەعاتە لە نێوان ٥ پێشمەرگەی فیداکار و هێزێکی ٣٥٠ کەسی لە هێزی ‌ژاندرام و دەستنێژی ڕێژێمی حەمە ڕەزا شا، گولەی بازووکا سینگی ئەو ڕۆڵە قارەمانەی گەلی کوردی پێکا و چرای تەمەنی کورت، بەڵام پڕ لە شانازی وی کووژایەوە. لەو شەڕە دا سمایلی شەریفزادە، میرزا محەمەدی شادمانی، حوسێنی ڕەحمان ڕابی و عەلی عەوڵا کۆڵی کووژران و یەکێک لە پێشمەرگەکان توانی لەگەڵ ئەوەشدا کە بریندار ببوو ئاڵقەی گەمارۆ تێک بشکێنێ و نەکەوێتە دەست دوژمن. تەرمی سمایلیان نەداوە بە بنەماڵەکەی، بەڵکوو بە نهێنی لە گۆڕستانی "کوچکە ڕەش"ی شاری سنە ناشتیان. لەبیرت ناکەین سمایل گیان

No comments: