ناوزڕاندن ، بێ ڕێزی و بوختان لە کتێبی "هەژاری مرۆڤ و دەور وبەری" دا
ناوزڕاندن ، بێ ڕێزی و بوختان لە کتێبی "هەژاری مرۆڤ و دەور وبەری" دا
بەشی یەکەم
حەسەنی قازی
کاک شێرکۆی هەژار بەندی ١٣ی بەرگی یەکەمی کتێبەکەی بۆ باسی " پێشەوا- هەژار" تەرخان کردووە. ئەمن حەول دەدەم لە دوو نووسراوە دا سەبارەت بە هێندێک شتی لەو چەند لاپەڕەیە دا هێناویەتە گۆڕێ بدوێم. یەکیان باری ئەخلاقی و ئەویتر لایەنی سیاسییە کە قسەی دیکەشی لێ دەبێتەوە. بەو هیوایەی بکرێ بە بۆچوونەکەی دا بێتەوە و لەمەو دوا بە پاڵپشتی بەڵگە شت بنووسێ.
نووسەر وا دەنوێنێ نێولێنانی بە "شێرکۆ" لە لایەن پێشەواوە بە شانازییەک بۆ خۆی بزانێ و لەو بارەیەوە دەنووسێ: ".... ناو لێ نانی کوڕی دەدا بە پێشەوا، پێشەوا دەڵێ نێوی بکە بە " شاە قەلەندەرماز"!، یا شتێکی تری لەو بابەتە. هەژار قەبووڵی ناکا
_ ئەدی ئەتۆ نەتکوت بە مەیلی خۆت نێوی بنێ؟، دە ئەمن وای نێو دەنێم.
_ بەڵێ کوتم، بەڵام ئەمن چووزانم ئەتۆ شتی وا دوور و درێژ و ناخۆشم بۆ دەبینیەوە.
_ چاکە، نێوی بکە بە "شێرکۆ"، بە نێوی مامی سەرداری گەورەی کوردان سەلاحەددینی ئەییووبی.
_ ئەوەیان بەڵێ، بە سەر چاوم.
ئیدی بەو جۆرە ناوی نووسەری ئەم دێڕانە بووە بە " شێرکۆ". هەژار – زۆر بە داخەوە- ڕێزنانی لەو ناونانەی پێشەوا بە زوویی خستە لاوە و ئەو ناوەی بە کار نەدەهێنا.... " و دوایە دەنووسێ: "بۆ پێویستیی ئاگاداری نەتەوەی کورد لە ژیانیی خێزانیی گەورە پیاوانی، کە پێشەوا حەتمەن وا بوو و هەژاریش کە لای بەشێکی گرنگ وا دادەندرێ، من دواتر دەگەڕێمەوە سەر باس"
بەڵام کاتێک مرۆ سەر لەبەری ئەو بابەتە دەخوێنێتەوە دەردەکەوێ نووسەر بەو قسەیەی خۆی وەفادار نییە و تەنێ بە پاڵپشتی دەنگۆ و قسەی بێ بەڵگەی نێوماڵان، کە ڕۆژانە بە هەزاران قسەی وا لە مەجلیسان ئاڵ و گۆڕ دەکرێن و کایەک دەکرێ بە کێوێک یان شتێکی نەبوو دەکرێ بە "ڕاستی"گۆیا دەیەوێ پەردە لە سەر شتی بڤە هەڵداتەوە.
بەر لە هەموو شتێک کاک شێرکۆ دەبێ ئەوەی لە لا ڕوون بێ کە نە پێشەوا قازی محەمەد و،نە هیچ کەسایەتییەکی گەورەی کورد نابێ لە سەر کار و کردەوەی خزمانیان داوەرییان لە سەر بکرێ.بەڵام بییەوێ و نەیەوێ بە هێنانە گۆڕی باسی بێ بناخە و بێ بەڵگە لە مەڕ پێشەوا و هێندێک شتی کە لەو نووسینە دا دەیگێڕێتەوە بێ ڕێزی بە پێشەوا و خۆشەویستی وی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کورد دەکا. پێشەوایەک کە هەر بە ڕاگەیاندنی یەکەم کۆماری کوردستان بووە بە ڕەمزێکی پتەوی ناسێنەی کوردی و هیچ حەوڵێک چ لە ناوەوە و چ لە دەورەوی کورد، سەری لە دارو بەردیش دا ناتوانێ ئەو هەڵکەوتەی لێ بئەستێنێتەوە.
لەو باسەی دا " ڕۆژێکی هاوینێکی ١٩٧٠ – ١٩٧٣ لە بەغدا" لە مەڕ ئەو قسانەی لە نێو گیوی موکریانی و کەسێک لە مەجلیسەکە و دوایە "هەژار" دا ئاڵوگۆڕ کراون بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەو پشت بە قسەی زارەکی دەبەستێ بە خۆشییەوە بەڵگەی نووسراو بەدەستەوەیە دەیسەلمێنێ ئەو دەنگۆیەی ئەو دەمی وەدووی گیوی موکریانی خراوە بە تەواوی بێ بناخە بووە و ئەوەش نامەیەکە هەر ئەو سەروبەندی واتە ساڵی ١٩٣٣ یەک لە میسیۆنێرە ئەمریکایییەکان لە مەڕ ئەو ڕووداوەی نووسیوە. لێرە دا ئەوەشی لێ زیاد کەم ئەو شێوەیەی کاک شێرکۆ باسی حاڵەتی قسەکردن و دەست تێکوتانی گیوی موکریانی لە کەلەکەی کەسانی دەوروبەری کردووە زۆر وە ڕاست دەچێ،چونکە ئەمن ئەوەم لە چەند کەسێکی دیکەش کە گێویان لە نزیکەوە دیوە، بیستووە.
ئەوەی کە لە زمان هەژارەوە نووسیویە، تەنێ لە قسە هەڵبەستنێک بەو لاوە هیچی دیکە نییە، چونکە لەو دەمەیدا کە خەستەخانەی شێروخورشیدی مەهاباد دامەزراوە تەنیا ژنێکی ئوڕووپایی لەوێ کاری کردووە و ئەویش لە بەر ئەوەی ژیانی هاوسەری لەگەڵ پیاوێکی کورد پێک هێناوە دەستی لە کلیسا و کۆمەڵەکەیان بەر داوە و هیچ ڕێی تێناچێ ئامادە بووبێ لە عەینی کاتدا لەگەڵ چەند کەسێک پێوەندی دڵداری هەبێ. کە وابێ هەم ئەو قسەیەی لە زمان هەژارەوە دەیگێڕێتەوە و هەم ئەوەی کە نووسەر دەڵێ هەژار، خۆی "پێ ڕاناوە"، هەر لە خانەی قسەڵۆک دا دەمێنێتەوە و بۆ خوێنەرەوەی وردبین و مووقەڵێش جێی باوەر نییە.
نووسەر ئیدیعا دەکا " پێشەوا زۆر لە گەڵ ئەولادیدا زبر بووە" ئەوەش بە پێی ئەوەی " خەڵکی سابڵاغ پێشەوایان دیتووە کە بە تێهەڵدان کوڕەکەی لە بازار پێش خۆ داوە" ئەو قسەیەی نووسەر هیچ بناغەی نییە، لە بەر ئەوەی تا ئێستا ئەوەی لە سەر پێشەوا نووسراوە، چ لە لایەن کوردانەوە و چ لە لایەن هەر بێگانەیەکی کە چاویان پێی کەوتبێ، باسی لەسەرەخۆیی و قووڵومەندی پێشەوایە و هیچ وێ ناچێ کەسێک بەو خوو و خدەیەوە لە گەڵ منداڵەکانی و تاقە کوڕەکەی زبر بووبێ. لێرە دا چەند نموونەیەک سەبارەت بە لەسەرەخۆیی و مەتانەتی پێشەوا دەگێڕمەوە.
ئارچیباڵد ڕوزڤێڵت کە لە مانگی سێپتامبری ١٩٤٦ لە سابڵاغ چاوی بە پێشەوا کەوتووە لەو بارەیەوە دەنووسێ:" ... لە سەرەخۆ و مەتین بوو. زۆر بە ئارامی قسەی دەکرد و زۆر زووش کاری دەکردە سەر ئینسان.." (ڕۆزڤێلت،کۆماری کورد لە مەهاباد،میدیل ئیست جورناڵ ژمارەی ٣، ساڵی ١٩٤٧). دوکتور قادری مەحموود زادە (ئاسۆ) سەبارەت بە کەسایەتیی قازی محەمەد دەنووسێ: لە میتینگێک دا " کاتێک جەنابی قازی محەمەد هاتە بەردەم خەڵک و دەیەویست قسەیان بۆ بکا. لەپڕ لە بەر خانووی شارەداری لە نێو ژمارەیەک خەڵکی چەکدار و تووڕە کاک حاجی ك.ب.ی مێردی پوورم بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە جنێو دان بە قازی محەمەد و قسەی ناشایستی پێ گوت و سووکایەتی پێکرد و ڕەخنەی توندی لێ گرت و داوای لێکرد لە شانۆ بچێتە دەرێ و کاری خەڵک بداتە دەست خۆیان، واتە هەر ئەو خەڵکەی کە بە تەمای ڕێبەریی داهاتووی ناوچە بوون. ئەمن لەو میتینگە دا لە دوومیتری لای ڕاستی خودالێخۆشبوو قازی محەمەد ڕاوەستابووم و بێ خەبەر لەو کاکە و برالەی کە لە پێشدا بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو، لەوێ واقم وڕمابوو. قازی محەمەد ژمارەیەک چەکداری لە خۆبوردووی بەدەورەوە بوو. بە کەمترین ئیشارەیەک لەوانەبوو لە پێش شارەداری حەمامی خوێن وەڕێ کەوێ. لەو دەمە ناسکە دا جەنابی قازی محەمەد بە لەسەرەخۆیی و مەتانەت و وریایییەکی زاتی کە لە کەسایەتی دا بوو، داینەواند و بێ ئەوەی نوتق بکا و یان وڵامێک بداتەوە لە گەڵ ئەو کەسانەی لەگەڵی هاتبوون بە ئارامی و ویقاری تەواوەوە چووەوە ماڵی خۆی و مەحکەمەی قەزاوەت لە تەنیشت مزگەوتی شا دەروێش. بەو کارە زانایانە و دووربینانەی خودالێخۆشبوو قازی محەمەد پێش بە هەرایەکی زۆر بە مەترسی گیرا... (خاطرات زندگی پر ماجرای دکتر آسو، چاپی یەکەم، ١٣٧٣ی هەتاوی. لاپەڕەی ١٤٠).
باشە کەسێک توانیبێتی ئاوا دەسەڵاتی بە سەر ئەعسابی خۆیدا هەبێ و نەپەشۆكێ چۆن دەکرێ لە گەڵ منداڵی خۆی زبر بووبێ؟ لە سەر کەسایەتیی پێشەوا لە جێگەی دیکەش دا شت نووسراوە، بەڵام ئەو دوو نموونەیەی سەرەوە لە لایەن دوو کەس کە لە نزیکەوە پێشەوایان دیتووە قسەی نووسەر کە لە سەر دەربڕێنێکی گشتی" خەڵکی سابڵاغ پێشەوایان دیتووە کە بە تێهەڵدان ئەو کوڕەی لە بازار پێش خۆ داوە" هەڵناوە، بنکۆڵ دەکا.
نووسەر ناوی کچی گەورەی پێشەوا " عیسمەت" ی بە هەڵە نووسیوە "مەعسووم" و ئەوەش ڕەنگە لە بەر ئەو قێزوبێزە بێ کە لە ناوی "مەعسووم" لە زەینی دا چەسپاوە. سەبارەت بە ڕێکەوتی لە دایکبوونی پێشەوا هەڵەی زەقی کردووە، بە پێی بابەتێک کە لە ڕۆژنامەی کوردستان دا چاپ بووە پێشەوا لە ١١ی بانەمەڕی ١٢٧٩ی کۆچیی هەتاوی لە دایک بووە.( کوردستان، ژمارەی ٢٥، ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٢٤). هەژاریش لە چێشتی مجێور دا دەنووسێ:" ڕۆژی شەشی شابان، ساڵی ١٣٣٩ هجری مانگی لە دایک بوم" بە بەراورد لە گەڵ ساڵی زاینیی پێشەوا لە ١٩٠٠ و هەژار لە ١٩٢١ لە دایک بووە و جیاوازیی تەمەنیان وەک نووسەر دەڵێ "٢٨" ساڵ نەبووە.
وەک لە سەرەوە باسم کرد، نووسەر بە هێنانە گۆڕێ ناوی چەند کەس لە بنەماڵەی پێشەوا کە چاکە و خراپەیان ناتوانێ هیچ پێوەندی بە وییەوە هەبێ، ناڕاستەوخۆش بێ ڕێزی بە بیرەوەری پێشەوا کردووە.
نووسەر دەڵێ بێوەژنی پێشەوا زۆر بە سەر ئەولادیدا زاڵ بووە و دوو کچی بە زۆر بە مێرد داوە بە جافەکان.ئەمن لە گەڵ مریەم خانمی قازی قسەم کرد و داوام کرد بێ پەردە هێندێک باسی ژیانی هاوسەریی خۆی لە گەڵ خودالێخۆشبوو سەرداری جاف بکا. بەپێچەوانەی قسەکانی نووسەر، نێوبراو پێی ڕاگەیاندم لە تەواوی ماوەی ژیانی هاوبەشیان دا کاک سەردار هەمیشە ئەو پەڕی ڕێزی لێناوە، زۆر جار کە سواری ماشین بوون بە حورمەتەوە دەرگای بۆ کردووەتەوە، دیارە وەک هەموو ژن و مێردێکی دیکە دمەقاڵەشیان بووە، بەڵام ئەوە قەت نەگەیشتووەتە بێڕێزی و ئەو قسەڵۆکانەی لێرە دا نووسەر بە زمان بەگزادە جافەکانەوە دەیکا (بێ ئەوەی ناویان بهێنێ) لە بوختانێک نەبێ زیاتر نییە.
من پێم وایە ئەو نووسراوانەی کاک شێرکۆ هەر نەبێ هەلی ئەوە دەڕەخسێنن، بە لێکدانەوەی قسەکانی هێندێک بابەتی کە باسیان لێوە دەکرێ بە ئاڕاستەیەکی دیکە دا بڕۆن و جنێو دان، سووکایەتی پێکردن و بۆختان بۆ هەڵبەستن بە هەر مەبەستێک بێ لە نووسینی جیدی دا کەم ببێتەوە؛ بۆیە دەمەوێ باسی ئەزموونی خۆم لە کەسایەتیی خودالێخۆشبوو سەرداری جاف بکەم. ئەمن هیچ هۆیەکی مەنتیقی و جێی قەبووڵ نابینم کاک شێرکۆ لە سەنگەری " کوردایەتییەوە" ئەو هەموو سووکایەتییە بکا. باشە ئەو شەرعییەتی ئەوە لە چی وەردەگرێ؟
سەرداری جاف کوڕی داودبەگی جاف ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد سەرۆکی بەگزادەی عەشیرەتی جاف بوو و لە نێو خەڵکی خۆی و کۆڕوکۆمەڵی دۆستانی دا مرۆیەکی خۆشەویست بوو.
بەدوای هەڵوەشانی ڕێژیمی پاشایەتی لە عێراق دا داود بەگ و بنەماڵەکەی و دواتر هێندێکی دیکە لە بەگزادەکانی جاف هاتنە ئێران، ماوەیەک لە کرماشان بوون و دواتر لە تاران ماڵیان دانا. حکوومەتی ئێران لە بەر بەرژەوەندیی خۆی و هەڵکەوتی جافەکان لە کوردستانی عێراق ڕێزی زۆری لێنان و منداڵەکانی داود بەگ و بەگزادەکانی دیکە لە تاران دەستیان بە خوێندن کرد.
ئەو ماوەیەی کە سەردار لە تاران لە زانکۆی حقووق دەیخوێند لە گەڵ زۆربەی خوێندکارانی کوردی سابڵاغی و سنەیی کە لە تاران بوون دۆستایەتیی نزیکی هەبوو. بەلانی کەمەوە ٦- ٧ کەس لە وانە کە ئەمن لە نزیکەوە دەیانناسم و ئێستا زۆربەیان ماون و لە سەرەوەی حەفتا ساڵانن، لە چالاکانی سیاسیی کورد بوون و دژی ڕێژیمی حەمەڕەزا شا خەباتیان دەکرد. ئەوان هەموویان دەیانزانی بنەماڵەی جاف پەنایان بۆ ڕێژیمی ئێران هێناوە،بەڵام سەرەڕای ئەوەش دۆستایەتییان لە گەڵ سەردار یەکجار زۆر خۆش بوو و پێم وایە ئەگەر زانیبایان لە ڕووی سیاسییەوە سەردار زەربەیەکیان لێ دەدا بێگومان دوورییان لێدەکرد،بەڵام هیچ دوور نییە لەو ساڵانە دا زۆریشی یارمەتی دابن و لەوانەیە لە داهاتوو دا لە بیرەوەریی هێندێک لەو کەسانە دا زانیاریی زیاترمان لەو ڕووەوە دەست کەوێ.
لە نەورۆزی ١٣٤٢ی هەتاوی ژمارەیەکی زۆر لە کوردان لە شارەکانی کوردستان و تاران کەوتنە بەر ڕاوەدوونان و گیران.یەک لەو خوێندکارانەی ڕزگاری بوو کاک حەمەدەمینی سیراجی بوو کە سەردار لە چنگ ساواکی ڕزگار کرد، شاردییەوە و کارهاسانی بۆ کرد بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیێنێتە کوردستانی عێڕاق، بڵێی چ هۆیەک جگە لە دۆستایەتی و سۆزی کوردایەتی دنەی سەرداری دابێ بۆ یارمەتییەکی ئەوتۆ؟ بڵێی ئەگەر ساواک پێی زانیبا کارێکی ئەوتۆی لێ قەبووڵ کردبا؟
دواتر جافەکان لە لایەن دەربارەوە زەوییان درایە و کاک سەرداریش بۆ خۆی لە دەربار دامەزرا، هەر وەک برادەری کۆچکردووم مستەفاخانی شێخ ئاغایی کە ئەویش لەگەڵ زۆربەی چالاکانی سیاسی دۆستایەتیی نزیکی هەبوو لە وانە دوکتور سادقی شەرەفکەندی کە دواتر لە سیاسەتەوە گلا.
دیارە لەو ماوەیەیدا کە جافەکان لە ئێران بوون، هەم لەگەڵ پاشماوەی عێلی خۆیان لە کوردستانی عێڕاق و لە بەغدا و هەم لەگەڵ جووڵانەوەی کورد و دواتر باڵەکانی بزووتنەوەی کورد لەوێ لە پێوەندیدا بوون. بە ڕووخانی ڕێژێمی شا و ئێعدامی بێ موحاکەمەی سالاری جاف،ئەوانیش چوونەوە عێڕاق و لە بەغدا ماڵیان دانایەوە و دەستیان کرد بە کڕوکاش بە دژی کۆماری ئیسلامی.
لەو ماوەیەی دا کە کاک سەردار لە بەغدا دەژیا، پێوەندییەکی چڕی لەگەڵ کوردەکانی ئەوێ واتە ئەو ڕۆشنبیرە کوردانەی لە بەغدا دەژیان هەبوو، لە وانە شکور مستەفا، محەمەدی مەلا کەریم و کێ وکێ. هەر وەها لەگەڵ کوردە ئێرانییەکانی کە لە ساڵی ١٩٨٣وە ئیتر ناچار بوون کوردستانی ئێران بە جێ بهێڵن و لە ناوچەئازادکراوەکانی کوردستانی عێڕاق دا بنکە بکەنەوە. دوای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانە بڕیاریان دا بچنە هەندەران دیسان لە بەغدا، سەرداری جاف کارهاسانی بۆ کردن و بەڕێی کردن بۆ ئوڕووپا. ئەو کەسانە حەق وایە بۆ خۆیان سەبارەت بەو چاکەیەی سەردار لە گەڵی کردوون بنووسن.
یەک لەو کەسانە ئێستا سکرتێری یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانی ئێرانە.دوای تێڕۆری عیفەتی قازی لە سوێد لە ساڵی ١٩٩١ سەردار و هاوسەری و منداڵەکانیان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی و تازییە سەردانی سوێدیان کرد،لەوێ بەدوورودرێژی باسی بۆ کردم کە چۆنی یارمەتی ئەو تێکۆشەرە کوردانەی داوە و تەنێ گازندەی ئەوەی بوو کە هێندێکیان هەر کە گەیشتنە ئوڕووپا دەست دەکەنەوە بە ناو و ناتۆرە لێدانم کە فڵانەکەس بەعسییە و فیسارە، بە ڵام لە بەغدا بە لارەملی لە ماڵـم بوون و ئەوەی لە دەستم هاتووە یارمەتیم پێکردوون، ئەمن هیچ چاوەڕوانی پاداش نیم بەڵام ئەوانیش حەق نییە ئاوا سپڵە بن.
هێژا محەمەدی مەلا کەریم لە وان ساڵاندا زۆر جار گەورەیی دەکرد و کتێب و چاپەمەنیی کوردی بۆ دەناردم، ئەمنیش لە چوونەوەی کاک سەردار دا کۆڵێکم کتێب و چاپەمەنی بۆ خودالێخۆشبوو شکور مستەفا و بەڕێز محەمەدی مەلا کەریم نارد. لەو شوێنەی کە نووسەر باسی "ئەسنادی لانەی جاسووسی" دەکا،باسی سەرداریش هەیە.لەوڕاپۆرتە دا جوان دەردەکەوێ سەردار چەندە کەسایەتی و حورمەتی خۆی لە بەر بووە و ڕاپۆرتدەرە ئەمریکایییەکە بە ئاشکرایی ئەوە دەنووسێ.
ئەو چەند نموونانەی سەرەوە هەر بە سەری خۆیان دەیسەلمێنن ئەو سیفەتانەی کاک شێرکۆ، کە ڕەنگە لە بەر نەزانی و بوونی مەعلووماتی کەم، بۆ سەرداری جافی ریز کردوون چەندە لە ڕاستییەوە دوورن،ئەمن لێرە دا نامەوێ ئینکاری پێوەندیی عەشیرەتی جاف لە سەردەمای جۆر بە جۆر دا لەگەڵ ڕێژیمەکانی ئێران و عێڕاق بکەم، ئەوە مەبەستی ئەم نووسینە نییە، بەڵام دەمەوێ ئەو چاکانەی خودا لێخۆشبوو سەرداری جاف لەگەڵ تێکۆشەرانی سیاسی، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد، چ لە ئێران و چ لە عێڕاق،لە ماوەی ژیانی خۆیدا کردوونی وەبیر نووسەر بهێنمەوە.
ئەوە یەک لەو جۆرە ناوزڕاندنە گۆترەیییانەی کاک شێرکۆیە، کە تەواو بە ڕێچکەی نووسەری "چێشتی مجێور" دا ڕۆیشتووە و لە خوت و خۆڕایی هەستی خەڵک بریندار دەکا. نەمر هەژاریش لە چێشتی مجێور دا ئەگەر هاتووە لە نێو تایفە یان بنەماڵەیەکدا بێڕێزی بە کەسێک یان چەند کەس کردووە بۆ خەڵک هەڵفریواندن یەکیانی گەورە کردووەتەوە. لە ڕێزی پێشەوای کەم کردووەتەوە، باسی لە مەڕ حەمە حوسێن خان و سەدری گەورە کردووەتەوە، ڕووهەڵماڵاوانە باسی شەهید سولەیمانی موعینی کردووە و زۆری بۆختان بۆ هەڵبەستووە و لە موقابیل دا شەهید عەبدوڵای موعینی گەورە کردووەتەوە. هێرشی کردووەتە سەر ڕەحمەتی جەعفەرئاغای کەریمی، بەڵام بە چاکە باسی کا حەمەدی برای کردووە، زۆر نموونەی دیکەی ئاوا لە چێشتی مجێور دا دەبیندرێن کە جوان دەردەکەوێ بە موهەندیسی و بە زانایی کراون.
کاک شێرکۆ لە پەراوێزی ئەو بەندەی کتێبەکەیدا ڕەخنە لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێ کە بۆچی نوێنەری خۆی ناردووە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی سەرداری جاف و قسەکانی تێکەڵاوی کۆمەڵێک وشەی ئەوتۆ دەکا کە لەو ساڵ و زەمانە دا لە کەسێک کە بڕووسکەیەک ئاگاداری کۆدی کۆمەڵایەتی بێ ناوەشێتەوە. کاک شێرکۆ لەو ڕاستییە ئاشکرایە خۆی نەبان دەکا،کە دەکرێ کەسێک بەلای یەکێکەوە بێ نرخ بێ، بەڵام بۆ خەڵکی دیکە خۆشەویست و پیرۆز بێ. چماڕێوڕەسمی ناشتن تەنێ بۆ دەربڕینی هاوپێوەندی و بەشداری لە خەم و خەفەتی کەسی لە دەستچوو دا نییە؟
لەبەشی دووەمی ئەم نووسراوەیە دا چەواشە کردنی بۆچوونەکانی ڕەحمەتی دوکتور عەزیزی شەمزینی لە لایەن نووسەری " هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری " باس دەکەم.
11 comments:
Saleh Harki کاک حەسەنی بەرێز:
دەستت خۆش بێت. بەڵام جارێكیتر دەیڵیمەوە کە ئەم بەرهەمەی شێركۆ، هێنده ناهێنی كه خۆتی پێوه ماندوو بكەیت. مەسەلەی کابرایە، کە بەردەکەی فرێداوەتە نێو بیرەکەو بە سەت عاقڵ دەرنایێت. بەهەر حاڵ نووسینێکی جوان بوو، ماندوو نەبیت
Azad Mastani kak hassan weray slawo rezam bo janabet men dagl kak saleh ham nazarem chon pemwaya ka sherko natana bet ba xalki rash basr mamosta hajar zor sapasi barezt dakam
Azad Mastani
Anvar Hasanpour كاك حەسەنی بەرێز دەستت خۆش بێ. دیارە منیش دەمھەوێ بە بەرفراوانی لە سەر ئەو كتێبە ڕاوەستە بكەم و قەت لە سەر ئەو ڕایە نیم كە نابێ گرینگی پێ بدرێ و لە بەر چاو نەگیرێ.
جێگە و پێگەی قازی محەمەد و ھەڤاڵانی لە مێژووی كوردستان دا ھێندە بەرجەستە و بە ھێزە كە من لە سەر ئەو باوەڕەم ئەگەر بەڵگەی مێژوویی بۆ ئەو بانگەشانە بدۆزرێتەوە كە كاك شێركۆ باسی كردوون ئەوا دیسانێش ناتوانرێ نكوڵی لێ بكرێ كە پێشەوا چ دەورێكی بووە و چەندە كاریگەر و بەرچاو بووە، بەڵام ئەو شتەی كە بۆ من جێگای سەرنجە ێەو ھەڵوێستەیە كە ئێوە گرتووتانە و دیارە زۆربەی ئەو كەسانەی لە سەر ئەو كتێبە شتێكیان نووسی بەم شێوەیە ھەڵوێستیان گرتووە، ئەوەیە كە بۆ دەبێ ئێمە ھێندە بە توندی ڕووبەڕووی ئەو بابەتانە بینەوە كە دەیان ھەوێ پیاوە مەزنەكانی مێژوومان وەك مرۆڤ نیشان بدەن؟ بۆ ناتوانین بڕوا بەمە بكەین كە شیمانەی ئەوەش ھەیە قازی محەمەد وەك ھەر مرۆڤێكی تر بۆ وێنە لە سەر نوێژ كردن یان شتێكی تر لە مناڵەكەی دابێ. لەو سەردەمەدا عەیب نەبووە ئەگەر كەسێك كچەكەی بە زۆر بە شوو بدا و ئەوە نەریتێكی كۆمەڵگاكەمان بووە. كەواتە بۆ دەبێ نەتوانین ئەو ڕاستێانە قەبووڵ بكەین یان لانی كەم بە نەرمی لە گەڵیان بجووڵێنەوە.
تەواوی دژبەرانی ماركس كە قسە لە قسە دەكەوێ دەڵێن: ماركس خەیانەتی بە ژنەكەی كردووە! ئێمە وای دادەنێین كە ئەوە ڕاست بێ. ئایا شتێك لە گەورەیی ماركس كەم دەبێتەوە؟ ئایا جگە لەوەیە كە تا ئێستاش جیھان لە سەر فكرەكانی ئەو بەڕێوە دەچێت و بۆ مەگەر كەس دەتوانێ نكۆڵی لە مە بكات.
بونیادگەرایی لە ھەموو شتێك دا نالەبار و دزێوە. من تەنیا داكۆكی لە سەر ئەوە دەكەم كە نەختێك سەكنایی بدەین بە خۆمان و ھیچ لامان سەیر نەبێ ئەگەر ببیسین مرۆڤێكی سەردەمی ئەو كات بە پێی كۆمەڵگای ئەو كات و وەك مرۆڤەكانی ئەو سەردەمە ژیاوەو بیری كردۆتەوە. با بێین بڕوا بكەین بەو خاڵە كە ئەو شتەی قازی محەمەدی كردە پێشەوا دوایین ھەڵوێستە ئەو مرۆڤە بوو و ڕەنگە ئەگەر ئەو ھەڵوێستەی نەگرتبا و قارەمانانە لە ناو گەلەگەكی دا شەھید نەببا، ئەوا ئێستا ھیچ كاممان ھێندە بە ھەستیاریەوە نیزیكی ئەو مەسەلە نەدەبووینەوە. ئەو كتێبەش جگە لە ھەژار دەیھەوێ دەورووبەرەێەشی وەك مرۆڤ نیشانی ئێمە بدات. جا من لە سەر ئەو بڕوایەم كە لە زۆر جێگەدا چێشتی مجێور چەندە بە بەڵگەوە قسەی كردووە، ئەو كتێبەش ئەوەندە. كەمێك سادەتر سەیری بكەن: چێشتی مجێور قسەی ھەژارە و ئەو كتێبەش قسەی كوڕی ھەژار. ھەر دووك وەك دوو مرۆڤ كە بۆیان ھەیە درۆ بكەن و بۆیان ھەیە ڕاست بڕۆن.
دیارە منیش ھەوڵ دەدەم كە بە زووترین كات ڕوانینەكانی خۆم لە سەر ئەو كتێبە بنووسم...
دەستتان خۆش بێ
(ببوورن ئەگەر ھەڵەی نووسینی تێدایە دەرفەتی پێدانچوونەوەم نەبوو)
Anwar Hassanpour
بەڕێز کاک ئەنوەر!
لە هەموو ئەو تێبینیانەی دا کە هەتا ئێستا لە سەر ئەو کتێبە نووسیومە،حەولم داوە بە پێی بەڵگە و مەنتیق بدوێم. لە بەشی یەکەمی ئەو نووسینەشدا کە لەمەڕبەندێکی کتێبەکەی کاک شێرکۆیە هەر ئاوام کردووە و وابزانم ئەگەر ئەو شێوەیە لە بەرچاو بگیرێ مرۆ ڕێزلەکات و کەسایەتی ئەو کەسانە دەگرێ کە ئەم دێڕانە دەخوێننەوە.بە پێچەوانەی بۆ چوونی جەنابت، تێخوێندنەوەی من لە بەشێکی زۆری ئەو کتێبە هەر ئەوە نییە کە نووسەر ویستبێتی "پیاوە مەزنەکانی مێژوومان وەک مرۆڤ نیشان بدا"، بەڵکوو بە پاڵپشتی دەنگۆ و قسەڵۆک حەول دراوە لە ڕووی سیاسییەوە،هەڵکەوتی کەسایەتییەکان تەماوی بکرێ.
هیوا دارم بە گشتاندنی باسەکە پاساو بۆ بوختان و ناوزڕاندن نەهێندرێتەوە، بەڵکوو بە پێی بەڵگە و مەنتیق یارمەتی نووسەر بدرێ
ئەوشتانەی کە دەبێ لێک هەڵاوێردرێن لە نووسینەکانی داهاتووی دا لە بەرچاوبگرێ.
حەسەنی قازی
astama chwen dan bkreta sangari kurdayatiu sukayati ba kasayati gawrai kurd ba be balgai bawar pekrawu sar chawai mejuyi.. dastt xosh kak hasan
Sherko Jalal
له ناو کورده واری خۆمان به بێ به ڵگه و دیکومه نت بوختان ده دریته پاڵ یه کتر ، ئه وه کاریکی زۆر نابه جێ یه و خزمه تی نووسین و میژوو ناکات ، به ڵگه گرنگه بۆ ئه وهی راستی و دروستی نیشان بدریت . له کتیبی چیشتی مجیور ی مامۆستا هه ژار و له کتیبی هه ژاری مرۆڤ و ده ور و به ری کوری هه ژار ئه و قسانه گه لیک زۆر به رچاو ده که ون که به بێ به ڵگه دراوه ته به ر خه ڵکی ئه گه ر چی ره نگه ئا سانیش بووه بۆ وه ده ست خستنی زانیاری به به ڵگه من ئه گه ر کتابی ماینکامپی هیتله ر م له ما له وه هه بیت مانای ئهوه نی یه من نازیم دهبیت به ڵگه هه بیت که من ئه ندامی نازییه کانم ه یان ئه گه ر کتابی میر مایکه ڤیلیم له ماڵ هه بیت واته مایکه ڤیلیم بۆ کوردی ئه وه ئاسانه بهبی به ڵگه بوختانی بۆ دروست بکریت .ئهو ره وشته ده بیت له نوسینی کوردی ده ر بکریت و کهسایه تی به بێ به ڵگه تاوانبار نه کرێت . کاک شیرکۆ هه وڵی داوه بتی هه ژار بشکینی و له و ریگایه وه خه ڵکی تریش تیکه ڵاوی باسه که ی بکات و کردویه تی له ده ره وهی عاداتی کورده واری ئه وه بڤه یه نابیت ناوی که س له که دار بکه یت . کاک حه سه ن بۆ ئه و ئامانجه هه وڵ ده دات که به بێ دهلیل و به ڵگه دروست نی یه ناو له که دار بکریت ، کاره کی باشه و ده ست خۆشی له کاک حه سه ن ده کهم و هیوادارم ههرده م قه ڵه مه کهی زیندوو بیت
Fahad Gardawan
Anvar Hasanpour بەر لە ھەر شتێك بۆ ئەوەی كەس بە ھەڵە تێنەگا دەمەوێ باس لەوە بكەم كە بە ھیچ شێوەیەك ئامانجی من پاراستنی ئەو كتێبە نیە و تەنیا و تەنیا لە گەڵ مەنتیقی ھەڵوێست گرتن لە بەرامبەر ئەو كتێبە ناكۆكم و لە بەر ئەوەی كە دەزانم كاك حەسەنی بەرێز ئامانجێكی زۆر بە جێ و گرینگی ھەیە ھێندە درێژەدادڕی دەكەم.
كاك حەسەنی بەرێز نازانم چەند تاقەتت دەبێ ئەو پرسیارەم وەڵام
بدەیەوە بەڵام ھەر چەندی كلیشەییش بێ ھەر دەیكەم. كە باس لە بەڵگە دەكەن پێم خۆشە بزانم بە وردی مەبەستتان چیە؟ بۆ وێنە بۆم جێی پرسیارە كە بۆ دەبێ وتەی كابرایەكی بیانی بە ناو ئارچیباڵد ڕوزڤێڵت لە سەر پێشەوا، كە ڕەنگە تەنیا جارێكی پێشەوا دیتبێ، ھێندە سەرنج ڕاكێش و ڕاست بێ و وەك بەڵگەیەكی مێژووی سەیری بكرێ، یان ھەر بەم شێوەیە وتەكانی دوكتور ئاسۆ، بەڵام وتە و نووسراوەی كوڕی ھەژار لە سەر بابی خۆی ناڕاست و پڕ لە عوقدە و ... بێت؟
ئایا ئەگەر "من"ێكی نۆوعی چەند ساڵی تر لە سەر ھەژار وتارێك بنووسم و وەك فاكت كەڵك لە كتێبی كوڕەكەی وەربگرم، ئەوا بە بەڵگەوە قسەم كردووە؟
بە ڕای من ئەو شێوازی نیزیكایەتییە لە گەڵ ئەم بابەتە ھەڵەیە. ئێوە دەتان ھەوێ بە قسەی كەسێكی تر كە مەشروعیەتی ئەویش بۆ ئێمە ڕوون نیە قسەی كەسێكی تری لە وێنەی ئەو ڕەد كەنەوە. من لە گەڵ ئەو مەنتیقە دا كێشەم ھەیە و بەشێكی زۆر لەو شتانەی لە سەر ئەو كتێبە و لەم لاپەڕەدا نووسران بەو جۆرە نووسراون. بە ڕای من بەر لە ھەر شتێك دەبێ پێناسەی بەڵگە بكەین. دەبێ ساخ بینەوە لە سەر ئەوەی كە ئایا مێژووی شەفاھی وەك بەڵگە قەبووڵ دەكەین یان نا؟ مەمنوون دەبم ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەم بدەنەوە...زۆر سپاس
ئەنوەر حەسەنپوور
Fenk Havrami
dar horay la xoy nabe naqalash
بەڕێز کاک ئەنوەر!
بەڕاستیش بە داهێنانی ئەم پرسیارە، یارمەتی دەکەی بە قووڵتر کردنەوە و بەکەلکتر کردنی بیروڕا گۆڕینەوە. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم سپاست دەکەم و ئەم هەلە دەقۆزمەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داوا بکەم لەو بەڕێزانەی لەم مەکۆیە دا نێونووسیان کردووە لە سەر ئەو باباتانەی دەنووسرێن بێدەنگ نەبن و بۆچوونی خۆیان بهێننە گۆڕێ.
لە ڕوانگەی منەوە لە سەرکردنەوە و پاراستنی ئەو کتێبە جێگای پەشێوی و دڵەڕاوەکێ نییە،چونکە هەر وەک ئەوەی تائێستا کردوومە، له قهدهر توانایی خۆم تێدهکۆشم هێندێک لە باسەکانی نێو ئەم کتێبە و نووسینەکانی پەیوەندیداری دیکەی نووسەری"هەژاری مرۆڤ" هەڵسەنگێنم و، بە پاڵپشتی بەڵگە و تێخوێندنەوەی مەنتیقی ئهوهی هەڵە،بوختان، بێ ڕێزی، شکاندنی کهڕامهتی خهڵک ،نێو زڕاندن و سهرپۆش له سهردانانه باس بکهم. دیاره له بهر سهرقاڵی بهکاری دیکهوه ههردهکرێ له سهر بهشێک له بابهتهکان جاروبارشتێک بنووسم.
پرسیارەکەت بەجێیە. بۆ پاساو دانی "ڕاستی" کە لەڕوانگەی منەوە چەمکێکی موتڵەق و ڕەها نییە، نووسەر
یان گێڕەوەرەی جیدی دەبێ بەرلە هەموو شت پشت بە سەرچاوە و بەڵگەی دەستی یەکەمی نووسراو ببەستێ.
ئەمن لە بەشی یەکەمی ئەم نووسراوەی سەرەوە دا هاتووم شاهیدی دانی دووکەسی کە هیچ پێوەندییان بەیەکەوە نەبووە و هیچ بەرژەوەندییەکی هاوبەش بە یەکەوەی کۆ نەکردوونەتەوە (خودالێخۆشبوو ئارچیباڵد ڕۆزڤێڵت و خودالێخۆشبوو دوکتور قادری مەحموود زادە (ئاسۆ) ) وەک بەڵگە بەکار هێناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیدیعای نووسەر کە بە پاڵپشتی سەرچاوەی نادیار و هەر وا لە گۆترە دەنووسێ" خەڵکی سابڵاغ پێشەوایان دیتوە کە بە تێ هەڵدان ئەو کوڕەی لە بازاڕ پێش خۆداوە" (لاپەڕەی ٨٩).ئینسانێکی کە بەپێی شاهیدی دووکەسی کە لە دوو دۆخی جیاواز دا دیتوویانە کەسێکی ئارام و لەسەرەخۆ بووبێ ئاستەمە باوەڕ بکرێ لە گەڵ منداڵی خۆی "زبر" بووبێ.
دیارە سەرچاوەی دەستی دووهەمی نووسراویش بۆ سازدانەوەی ڕووداوی مێژوویی دەکرێ پشتیان پێ ببەسترێ و لەو بوارە دا بۆئەوەی ئەوەی لێکۆلەرەوە پێی گەیشتووە بتوانێ پاساوی بدا، ئەرکی قورستر دەبێ و ڕەنگە پێویست بکا زۆر سەرچاوەی جیاوازی نووسراوە بەیەکەوە هەڵسەنگێنێ. هێندێک بابەتیش هەن دەکەونە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی ئینسانەکان و لە حەوزەی عموومی دا هیچ بایەخیان نییە.
ڕووداوی مێژوویی دەکرێ بە پێی مێژووی زارەکیش ( شفاهی) ساخ بکرێنەوە، بەڵام کارێکی ئاوا دەبێ بەو پەڕی هەستی بەرپرسیارەتی،پێداهاتنەوەی زانیارییەکان و بەراورد کردنی ڕیوایەتی جیاواز و بابەتیانە بێتە ئاراوە. ئەو ئەرکە ئەوەندەی دیکە قورستریش دەبێ پێتوو پێوەندی بە کەڕامەت و نێوبانگی تاکەکان پەیدا بکاتەوە.
لەوانەیە ڕووداوێک لە ڕابردوو دا بە شێوەی زارەکی " قسە کەوتە زارێکی/دەکەوێتە شارێکی" وەک ڕاستییەک، حەقیقەتێک قەبووڵ کرابێ، بەڵام دۆزینەوەی نامەیەک، سەنەدێکی نووسراو کە لە سەردەمی قەومانی ڕووداوەکە یان دواتر نووسرابێ،بەڵام پێشتر پێی نەزاندرابێ،بتوانێ ئەوەی بە "ڕاست" داندراوە بە تەواوی هەڵوەشێنێتەوە.
حەسەنی قازی
من دهنگۆی نوسرانی وهها کتێبێکم کهوتبوه به گوێ،بهڵام پێم وانهبوو هێندهش راست بێ به داخهوه من کتێبهکهم نهخوێندۆتهوه بهڵام کۆمهڵێک باسیم پچڕ پچڕ خوێندۆتهوهو بیستووه و زۆر به ههڵپهی خوێندنهییم.بهو کهمه تێگهییشتنهی خۆم به داخهوه ههست دهکهم دهستێکی فێرکار و هاندهر له پشت شێرکۆوه خهریکه هێرش دهکاته سهر ناوهندێک که ئهگهر نهڵێم ههمووی دهتوانم بڵێم زۆر بهی ئهوانهی کیانی نهتهوهیی کوردیان درووست کردووه -له وێدا قهراریان گرتووه.جیا لهمهی ههندێک نوخبهی مێژووی ههن بوونه سونبولێک بۆ ههموو لایهن و پارچه جیاوازهکانی کوردی.هێنانه بهر باسی ئهم قسانه چ یارمهتیهک به دۆزی نهتهوهی کورد دهکا.
من دهزانم زۆر روووووناکبیری تهریک کراو!ئهم ههله دهقۆزنهوه و به توندی باڵ به سهر شێرکۆ دا دهکێشن بهڵام با ههموو لایهنهکان و ئهو زهمینهیه که دهتوانێ ورووژاندنی ئهو باسانه به سوودی تهواو ببێ لێک بدهینهوه.زۆر سپاس بۆ ههستی به ئاگای کاک حهسهن
Kak Ramani beréz! wurujandini bas tenanet eger neyaranish sùdi lé bibinin céy metirsi niye.Nùsinekani kak Shérkoy Hejar le rùy métodolojiyewe zor allozin u le rùy nawerokishewe zoryan shiyawi rexne légirtinin. Be birway min qellemi sùr be ser ew qisane da késhan u lé bédeng bùnyan bijardey durust niye. Ba bikewéte ber lékallakirdinewe u ew shéwaze asti diyalogi néwkoyish beriztir deka!
Her biji,
Heseni Qazi
Post a Comment