Thursday, October 13, 2011

باسی کوردستان لە ڕۆژنامەی "آذربایجان" دا-٢٥، قاسمی قادریی قازی لە نەخۆشخانەی شووڕەوی لە تەورێز



باسی کوردستان لە ڕۆژنامەی "آذربایجان " دا - ٢٥
آذربایجان، ژماره‌ی ٦٦ (٣٥٥) خولی دوەم، جومعە ١ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی/٢٢ی نۆڤامبری ١٩٤٦

سپاس

ئەمن قاسمی قادریی قازی لە بەر ئەوەی سەخت تووشی نەخۆشی جەرگ هاتبووم سەری زۆر دوکتورانم دا و بە تەواوی لە [چاکبوونەوە] ناهومێد ببووم.لەو دواییانە دا ڕووم لە نەخۆشخانەی شووڕەوی کرد و لە ئاکامی تەداوی ماهیرانەی دوکتور سەمەدۆف دا چاک بوومەوە،بۆیە ئەو پەڕی سپاسی خۆم نیسبەت بە بەڕێزیان دەردەبڕم و زۆریان لێ مەمنوونم.
ژمارە ٣٧٧

تێبینی: قاسمی قادریی قازی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ.ک. لە مانگی ئووتی ١٩٤٥ لە نیزیک ورمێ لە گەڵ عەبدولڕەحمانی زەبیحی ، دڵشادی ڕەسووڵی و ٢ کەسی دیکە لە لایەن مەئموورانی حکوومەتی نێوەندییەوە گیران و ماوەی ٨ مانگ لە تاران لە زیندان دا بوون.
بە پێی زانیارییەک کە لە ڕۆژنامەی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە. لە ڕێگای هاتنەوە دا بۆ مەهاباد، قاسمی قادریی قازی لە بەر نەخۆشی لە تەورێز بە جێ ماوە:(کوردستان ژمارەی ١٩، دووشەمۆ ٦ی ڕەشەمەی ١٣٢٤/٢٥ی فێورییەی ١٩٤٦. " برایانی عەبدولڕەحمانی زەبیحی و دڵشاد کە لە پێشدا وەڵامی ئازاد بوونی ئەوانمان دابوو بە شانازێکی زۆر شەوی ٣- ١٢ – ١٣٢٤ واریدی ماڵی خۆیان بوون و چاوی برا و ئازادیخوایەکان و کەسوکاریان پێ ڕوون بوو. برا قاسمی قادری لە بەر زەعفی مەزاج چەند ڕۆژێک لە بیمارستانی شووڕەوی لە تەورێز دەمێنێتەوە، ئەم ڕۆژانە بە هوـیدی خودا دەگەڕێتەوە.لە خودا دەخوازین برا و کەسوکاری ئەم خۆشەویستانە هەمیشە بە یەکتر شاد و دڵخۆش بن.").
وەک لەو نووسینە کورتەی "آذربایجان" ڕا دەردەکەوێ، دیارە نەخۆشی قاسمی قادریی قازی لێی کۆن کردووە و دیسان ڕووی لە نەخۆشخانەی شووڕەوی کردووەتەوە. ئەم وێنەیەی لێرەدا دەیبین،بۆ یەکەمجار لە کتێبی " سێبه‌ری ئازادی " هه‌وراز و نشێوه‌کانی مێژووی خه‌باتی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف" نووسینی که‌ماڵی عه‌بدوڵاهی، بنکه‌ی ژین، سلێمانی،2008" دا بڵاو کراوەتەوە، قاسمی قادریی قازی لە سەر تەختی نەخۆشخانەی شووڕەوی لە تەورێز نیشان دەدا و ئه‌و که‌سه‌ی له‌ ژوور سه‌رێتی محه‌مه‌دی تۆکمه‌چی له‌ ئه‌فسه‌رانی کۆماری کوردستانه‌. به‌ پێی قسه‌ی نووسه‌ری"سێبه‌ری ئازادی" ئەم وێنەیە دوای به‌ربوونی قادریی قازی له‌ زیندان واته‌ مانگی ڕەشەمەی ١٣٢٤و،له‌ کاتی که‌وتنی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شووڕه‌وی له‌ ته‌ورێز هه‌ڵگیراوه‌.
ڕەحمەتی مەنافی کەریمی لە کاربەدەستانی سەرەکی کۆماری کوردستان لە دوایین چاوپێکەوتنی لە گەڵ گۆواری ڕوانگە
(ژمارەی ١٥، گەلاوێژی ١٣٨٣ی هەتاوی/ ژووییەی ٢٠٠٣)، لە گەڵ شتی دیکە دا دەڵێ:
"کۆمیته‌ی ناوچه‌یی که‌ به‌ کاروباری دانیشتوانی شاری و ناکۆکییه‌کانی نێوان خه‌ڵک به‌ تایبه‌تی کاسبکاران و بازاڕییان ڕاده‌گه‌یشت و گیروگرفته‌کانی ئه‌وانی به‌ پێی توانای خۆی ڕاده‌په‌ڕاند و ئه‌ندامه‌کانی بریتی بوون له‌ قاسمی قادریی قازی، قادری موده‌ریسی،محه‌مه‌دئه‌مینی شه‌ڕه‌فی، وه‌هابی بلووریان، وه‌هابی قازی ، عه‌لی ڕیحانی، محه‌مه‌دی یاهوو مونشی ده‌فته‌ری ئه‌و کۆمیته‌یه‌ بوو و کاروباری له‌مه‌ڕ نامه‌ ئیدارییه‌کانی ڕادەپەڕاند."بەو پێیە دەردەکەوێ کە قاسمی قادریی قازی لە پێکهاتەی حیزب و کۆماریش دا بەرپرسایەتی هەبووە.

No comments: