Tuesday, May 8, 2012

دەقی ووتەکانی پرۆفێسۆر "ئەمیر حەسەنپوور" لە سێمیناری: خەباتی سیاسی هەنووکەیی سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی

دەقی ووتەکانی پرۆفێسۆر "ئەمیر حەسەنپوور" لە سێمیناری: خەباتی سیاسی هەنووکەیی سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی
هەندێک ووشە بەکاردێنم کە پێم وابێ دەبێ لەبەرچاوتان بێ . یەکیان "سۆرانی ئاخێو"ه‌. من سۆرانی ئاخێو بە کەسیک دەڵێم کە بە سۆرانی قسان دەکا، دە ئاخێوێ، وەک من، من ئەلان سۆرانی ئاخێوێکم. "سۆرانی‌خواز"، مەبەستم لە کەسێکە، کە پێی وایە لەهجەی سۆرانی، لەهجەی سەرەکی زمانی کوردیە، لەهجەی پێشکەوتووی ی زمانی کوردیە و زمانی ڕەسمی و زمانی ستانداردی کوردی دەبێ سۆرانی بێ . کەوابێ جیاوازی ئەوانەتان لەبەرچاو بێ . من کە سۆرانی‌ئاخێوم، سۆرانی‌خواز نێم. بەڵام هێندێک لە سۆرانی ‌ئاخێوەکان، سۆرانی‌خوازن. هەروەها من دەڵێم کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا، ناڵێم کوردستانی باکوور، باشوور و هتد، لەبەر ئەوەی کە پێوەندی زمانی کوردی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، بۆ ئەو باسەی کە من دەیکەم گرینگە. باشترە بڵەین کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا. مەسەلەکە ڕوونتر دەکاتەوە. من هەروەها دەڵێم "کورمانجی"، نەک کوردی باکوور. دەڵێم "سۆرانی" نەک کوردی ناوەڕاست. بۆیە لەپێش دا ئەوانەم باس کرد، چونکە زۆر جار بەعزە کەسێک ڕەخنە دەگرن و دەڵێن بۆچی تۆ دەڵێی کوردستانی عێراق. یا سۆرانی‌ئاخێو و سۆرانی‌خواز تێکەڵاو دەکەی.

لە پێش دا بڵێم کە کوردی لەبارەی نفووسەوە، ژمارەی ئاخێوەران، 40مین زمانی دنیایەیە. لە دنیادا نیزیکەی 6600 تا 7000 زمان هەیە. زمانی کوردی زۆر زۆر لە سەرێیە. 40مین زمانی دنیایە، ئەگەر بە 20 میلیۆنی دابنێین. ئەوە ئامارێکە کە لە ساڵانی 1980 هەبووە کە ئاخێوەرانی زمانی کوردیان بە 20 میلیۆن داناوە. یانی لە سویدی و هولەندی و نۆڕوێژی و ئیرلەندی و ئەوانە لەپێشترە لە باری نفووسەوە. بەڵام لە باری توانایی کولتووری و لە باری ئەوەی کە زانستی پێ بگووترێ، پێی تۆماربکرێ و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ لە تەواوی ئەو زمانانە لە دواترە زمانی کوردی. لە باسی لەهجەکان دا، زمانی کوردی وەک زۆربەی زمانەکانی دنیا فرە لەهجەییە. بەڵام لە زمانی کورد دا مەسەلەی لەهجەکان بووه‌تە مەسەلەیەکی تەواو سیاسی. ئەوڕۆ باسی سیاسیەتی ئەو لەهجانە دەکەم.

لەهجەی سەرەکی زمانی کوردی، لە باری ئەو کەسانەی کە قسەی پێدەکەن، کورمانجیە کە لە سەتا 70 تا 75ی کورد زمانان بە کورمانجی دەئاخێون. لەهجەی دووهەم سۆرانیە کە لە ئێران و لە عێراق هەیە. کورمانجی لە گشت پارچەکانی کوردستان هەیە. لە قەفقاز، لە تورکیا، لە سووریا. لە سووریا تەنیا کورمانجی هەیە. لە ئێران، لە ئاسیایی ناوەندیش ئەوەندەی کوردی لێ بێ، گشتیان کورمانجی زمانن. بەڵام سۆرانی تەنیا لە ئێران و عێراق قسەی پێدەکرێ. سێهەم دەستە لەهجەی "هەورامی" و "زازایی"ە. زازایی لە تورکیا هەیە و هەورامیش لە سنووری ئێران و عێراق. ئاخێوەرانی هەورامی کەمترن لە زازایی و لەهجەکانی تر. دەکرێ بڵێین دەستە لەهجەیەکی تر هەیە کە من جار وبار پێی دەڵێم "کرماشانی" کە لە خوارەوەی لەهجەی سۆرانیە و ئەویش زۆرتر لە کرماشان و بەڵام جار جار لەوبەری سنووریش قسەی پێدەکرێ. کۆمەڵە لەهجەن ئەوانە. لەو لەهجانە دا سێ لەهجەی ئەدەبی هەن. "هەورامی" لە سەدەی 16ەوە، "کورمانجی" لە سەدەی 16ەوە و دەستیکردووە بە نووسین و ئەدەبیات. زۆرتریش ئەدەبیاتی شێعری بووە تا پەخشان، "سۆرانی" سێ سەدە دوای کورمانجی ئەدەبیاتەکەی دەستیپێکرد. لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە دا

تا ساڵی 1898 کە هەوەڵ ڕۆژنامەی کوردی بڵاوبۆوە، ئەو سێ لەهجانە، هەر کامەی لە ناوچەی خۆی گەشەی دەکرد و پێوەندییەکی بەرین نەبوو لە نێوان ئەو لەهجانەدا. گەرچی پێوەندی نێوان سۆرانی و هەورامی کەمێک زیاتر بوو. لە 1989، کە هەوەڵ ڕۆژنامەی کوردی چاپکرا، ئەوکات کێشەی لەهجە هاتە گۆرێ بەڵام نەک بە شێوەی سیاسی. ئەوانەی کە ئەو ڕۆژنامەیان بڵاوکردەوە کورمانجی‌ئاخێو بوون و زۆربەی ڕۆژنامەی کوردستان بە لەهجەی کورمانجیە. جار و بار لەو ڕۆژنامانە و گۆڤارانەی کە دواتر بڵاوبوونەوە، ئەوانەی کە سۆرانی ئاخێو بوون، بە سۆرانی شتیان نووسیوە و لەو گۆڤارانەی ساڵانی سەرەتای سەدەی بیست دا دەقی سۆرانیش هەیە. ساڵی 1918 بڕگەیەکی یەکجار گرینگە ئەویش تێکچوونی دەوڵەتی عوسمانیە. بەشی هەرە گەورەی کوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی دابوو، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوایی ئەو سنوورەی کە ئێستا بەینی عێراق و ئێران و تورکیایە. هەر ئەو سنوورە بەو ئەو زەمانیش. بە تێکچوونی دەوڵەتی عوسمانی، کوردستان دابەشبووه‌وه‌ و بەشی کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا پەیدابوون. لێرە بە کورتی دەڵێم تا ساڵی 1918، لە سەراسەری کوردستان، لەهجەی کورمانجی لەهجەی سەرەکی بوو. هەوەڵ ڕۆژنامە بە کورمانجی بوو. کوردستان، 1898. هەوەڵ کتێب بە کورمانجی بوو، "ئەلفبایێ کورمانجی" ساڵی 1909، "خەلیل خەیاڵی مۆتکی"، بڵاویکردەوە. هەوەڵ قەوانی کوردی بە زمانی کورمانجی بوو، هەوەڵ جار کە دەنگ تۆمارکرا، ساڵی 1902، ئەو دەمی سێ گۆرانی کوردی تۆمار کراوە کە بە زمانی کورمانجین. یەکێک لەو گۆرانیانە دە دوازدە ساڵ لەمەوبەر، لە ئاڵمان بڵاوکرایەوە. هەوەڵ فەرهەنگی وشە "نۆبهار"ی "ئەحمەدی خانی"، لە سەدەی 17 بە کورمانجی بڵاوکرایەوە. هەوەڵ ڕێزمانی کوردی، ئیتالیاییەک بە ناوی "گارزۆنی" نووسی، کە لە سەدەی 18 دا بوو و بە کورمانجی بوو. هەوەڵ وەرگێڕانی "شەڕەفنامە" بە کوردی، بە کورمانجی بوو، "مەلا مەحموودی بایەزیدی"، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە دا ئەنجامی دا. هەوەڵ وەرگێڕانی ئینجیلەکان، 1856 بە کورمانجی بوو و بە خەتی ئەرمەنی چاپکرا. هەوەڵ باسی رێفۆرمی ئەلف و بێی کوردی، لە گۆڤارە کورمانجی زمانەکانی سەردەمی عوسمانی بڵاوبۆوە، بە تایبەت لە "ڕۆژی کورد" لە ساڵی 1913 دا، هەوەڵ دیوانی شێعر کە کوردان بۆخۆیان چاپیان نەکرد، ئاڵمانیەک بە ناوی "هارتمەن" لە ساڵی 1906، "دیوانی مەلایێ جزیری" بوو کە چاپی کرد، ئەویش هەر بە کورمانجی بوو. تەواوی ئەو هەوەڵانە بە کورمانجی بوون. لەو ماوەیە دا شتێک بە سۆرانی چاپ نەکراوە. تەنیا یەک شت هەیە، گۆڤاری "پەیژە"، یەک ژمارەی لە ساڵی 1914 لە بەغدایە چاپکراوە، هیچ شتێکی دیکە نەبووە بە سۆرانی.

بەڵام لە ساڵی 1918 دا، پێوەندی لەهجەکان گۆڕا. دابەشبوونی دووهەمی کوردستان، پەیدابوونی تورکیا و عێراق و سووریا، بوو بە هۆی ئەوەی کە لەهجەی کورمانجی، کە لەهجەی سەرەکی بوو، سەرکوت بکرێ، [کورمانجی] بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، لە ساڵی 1925ەوە سەرکووت کرا، لەهجەی هەرە گەورەی کوردی، لەهجەیەک کە پێشینەی ئەدەبی زۆریش لە سۆرانی زیاتر بوو و ئەو هەموو هەوەڵانه‌ی بوو کە باسم کرد، لە تورکیا سەرکوت کرا. زۆربەی گەلی کورد ئێستاش هەر لە تورکیا، کورمانجی زمانن، بەڵام ڕێژیمی کەماڵیستی تورکیا ئەو لەهجە و زمانی کوردی سەرکوت کرد. لە ئێرانیش، لە ساڵی 1921 بەو لاوە، گشت لەهجەکان سەرکوت کران. لە ئێران گشت لەهجەکان هەن. کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، بێجگە لە زازا، لەهجەکانی تر گشتیان هەن. لە ئێرانیش سیاسەتی سەرکوت و زمانکووژی بە تایبەت لە دەورەی پەهلەوی هەوەڵ دا یەکجار زۆر توند و تیژ بوو و لە دەورەی پەهلەوی دووهەمیش دا درێژەی هەبوو.

لە سووریا، کورمانجی، ڕێگەی پێنەدەدرا لە خوێندن و نووسین دا دەکاربێ بەڵام بۆ ماوەیەک بە تایبەت لە شەڕی جیهانی دووهەم دا، سووریە کە لە بەر دەست دەوڵەتی فەڕانسە دابوو، چاپەمەنی کوردی هەبوو، ڕادیۆی کوردی هەبوو کە گشتی ئەوانە بە کورمانجی بوون.

لە کوردستانی عێراق، لە ساڵی 1918 به‌م لایه‌وه‌، زمانی کوردی هەلی بۆ هەڵکەوت لە خوێندن و چاپەمەنی و ڕادیۆ و دەزگای ئیداری دا بەکاربێ. دیارە لەهجەی سۆرانیان دەکارهێنا. دەوڵەتی بریتانیا که‌ عێراقی لەبەردەست دابوو، لەهجەی سۆرانی دەکارهێنا، ئەوەش لەبەر ئەوەی بوو کە دیارە لە کورستانی عێراق، زۆرتری کوردان بە سۆرانی قسەیان دەکرد، ناوچەی سلێمانی کانگای بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد بوو و شارنشینی لەوێ زیاتر بوو لە چاو ناوچەی بادینان. ناوچەی بادینان زۆرتر ناوچەیەکی عەشیرەیی بوو و خوێندەواری کەمتر تێدابوو. لە ناوچەی سلێمانی، عوسمانیەکان لە زووه‌وه‌، لە ساڵانی 1860ەوە مەدرەسەیەکی عەسکەریان دانابوو کە لەو مەدرەسە عەسکەرییە دا چینیێکی ڕۆشنبیری مۆدێرنی کورد پەیدا ببوو. من پێموایە ئەگەر دابەشبوونی دووهەم نەبا، کوردستانی تورکیا ئاوا دابەش نەبا، کورمانجی وەک لەهجەی سەرەکی دەماوە. چ ئازادی نووسینی هەبا، چ نەیبا.

لە کوردستانی عێراق، هەلێک هەڵکەوت بۆ ئەوەی زمانی کوردی دەکار بێ . ڕاستی ئەوە بوو دەوڵەتی عێراق کە ئینگلیز دایمەزراند، زۆری پێ خۆش نەبوو کە زمانی کوردی پەرە بستێنێ، پێیان وابوو زمانی کوردی، ناسیۆناڵیزمی کوردی بەرەو پێش دەبا و لەگەڵ ئەوەش دا ، دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی بریتانیا بڕیاریان دابوو، دەبوو کوردان ئازادی ئەوەیان هەبێ لە مەدرەسەی سەرەتایی بە کوردی بخوێنن بەڵام لە باشترین وەخت دا، زیاتر لە 15 مەدرەسە نەبوو. ئەویش زیاتر لە ناوچەی سلێمانی بوو. لە هەولێریش چەند مەدرەسەیەک هەبوو. تەواوی پلەکان و کلاسەکانی ئەو مەدرەسانە بە کوردی نەبوو. چەند پلەیەک بە کوردی بوو و سیاسەتی تەعریب ئەو زەمانیش هەر هەبوو. لە چاپەمەنی دا کتێب زۆر کەم چاپ دەبوو، دەوڵەتی بریتانیا ڕێگەی نەدەدا، ڕۆژنامەی کوردی هەبێ، چون پێیان وابوو، ڕۆژنامەی کوردی، ناسیۆناڵیزمی کورد پەرەپێدەدا بەڵام مەجەلە و گۆڤار هەبوون. بەڵام گۆڤارێک بڵاودەبۆوە و باش ماوەیەک تەواو دەبوو. خوێندەواری زۆر نەبوو و بۆ وێنە گۆڤاری گەلاوێژ کە گۆڤاری هەرەباشی سۆرانی بوو، شەش ساڵان بڵاوبووه‌وه‌، زۆر بە زەحمەت دەیتوانی ژمارەی دوایەی بڵاوبکاتەوە. چەند جار گۆڤاری گەلاوێژ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەوانەی پارەی ئابوونە نادەن، ناویان بڵاودەکاتەوە! تکای دەکرد کە پارەی ئابوونە بدەن، کەم کەس پارەی دەدا، ئاخرەکەشی هێندێک له‌ ئەو کەسانەی کە پارەیان نەدابوو کێشا مه‌حکه‌مه‌ و ناوی بەعزە کەسێکیشی نووسی. لە باری کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە، کورد هێشتا کۆمەڵگایەکی دەرەبەگایەتی بوو، خوێندەواری دەورێکی زۆر گرینگی نەبوو و ئەوەندەش کە هەبوو، ناسیۆناڵیستی کورد، ئەوەندەی کە چاپیان پێ خۆش و جوان بوو، بەڵام وەزعەکە ئاوا بوو کە زۆربەی خەڵک لە دێهات دا دەژیان. لە گوندەکانیش دا خوێندەواری و مەدرەسە نەبوو. شارەکانیش، شاری زۆر بچووک بوون. چاپەمەنی هێشتا نەبوو، لە باری ئیقتسادی سەرمایەداریشەوە هێستا وای لێنەهاتبوو کە وەک دیاردەیەکی سەرمایەداری لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ. لە ئیدارەکانیش دا، لە شارەداری سلێمانی، جار و بار شتێکیان بە کوردی دەنووسی بەڵام ڕاستیەکەی، وەختێکی ئاگەهیان دەدا لە گۆڤارەکان دا، زۆرتر بە عەرەبی بوو تا بە کوردی. لەو باروودۆخە دا دیار بوو، ڕۆشنبیری کورد، کە تازە پێکدەهات، زۆرتر بە زمانی عەرەبی، لە کاری ڕۆشنبیری دابوو. زمانی کوردی، زمانێکی ڕۆشنبیری نەبوو.

لە سۆڤیەت، کورمانجی هەلی بۆ هەڵکەوت کە ببووژێتەوە و بە ڕاستیش بووژاوە. لە سۆڤیەت کورد زۆر کەم بوو، نزیکەی 60 هەزار کەسێک بوون، لە ئەرمەنستان و لە ئازەربایجان و گورجستان، بەشێکیشیان لە ئاسیا ی ناوەندی، لە تورکمەنستان بوون. ژمارەیان زۆر کەم بوو بەڵام هەر لە سۆڤیەت، لەهجەی کورمانجی کە بەکارهێنرا و گشت کوردی سۆڤیەت بە کورمانجی قسەیان دەکرد، کتێبێکی زۆر بڵاوبووه‌وە. کە دەڵێم زۆر، مەبەستم لە "زۆر"ێکی نسیبیە. دواتر باس لە ئامارەکە دەکەم. ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" بڵاوبووه‌وە کە تا ساڵی 1991، کە لە کوردستانی عێراق هەلێک هەڵکەوت، "کوردستانی نوێ" و "خەبات، ئۆرگانی حیزبەکان، ڕۆژانە بڵاوببنه‌وه‌، ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" تا ئەو زەمانی، کۆنترین ڕۆژنامەی کوردی بوو کە هەر حەوتووه‌ی سێ جار بڵاودەبووه‌وه‌. زۆرتر لە چوار لاپەڕە دابوو بەڵام جاری وابوو زیاتر لە 4 لاپەڕەش بوو، لە گشت ڕۆژنامەی کوردی، زۆرتر دەوامی بوو و دەورێکی گرینگی بوو لە کۆد کردنی زمانی کوردی، لەهجەی کورمانجی.

ڕادیۆ ئیرەڤانیش [کە دواتر باسی دەکەم] دەورێکی یەکجار گرینگی گێڕاوە، شەڕێکی زۆر گەورە سازبوو لە سەر ڕادیۆ ئیرەڤان. نیو سەعات بەرنامەی بە کورمانجی هەبوو، دەوڵەتی ئەمریکا و ئینگلیز و فەرانسە و ئێران و تورکیا و عێراق و تەواوی ئەوانە لە سەر ئەو نیو سەعات بەرنامە بە کورمانجی، شەڕیان بوو. ئەڵبەتە هەر لەبەر لەهجەکەی نەبوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەش بوو لە ڕادیۆیەکی سۆڤیەت بوو.

باسی سۆرانی‌خوازان ئەوەیە: دەڵێن سۆرانی ئەوەندە وەپێشکەوتووە کە کورمانجی نایگاتەوە، سۆرانی لە عەرشە، کورمانجی لە چاڵاوێک کەوتووە ناگاتەوە ئەو عەرشەی. باسەکەیان ئەوەیە کە سۆرانی وەها پێشکەوتووە کە ئەگەر بشمانهەوێ، کورمانجی بۆ ئەوەی نابێ دەکاری بهێنین کە خوێندن و نووسین و کاری پەروەردە و لەکاری ئیداری و ڕۆشنبیری دا. من دەڵێم وا نیە. سۆرانی و کورمانجی لە یەک ڕادە دان. سۆرانی لە ئاسمان نیە. نە سۆرانی نە کورمانجی نەیانتوانیوە بەرەنگاری مۆدێرنیتە بن، بەرەنگاری دنیای مۆدێرن. هەر وەها پێم وایە کە بە گەورە دانان و بە پێشکەوتوو دانانی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی لە باری سیاسییەوە، سیاسەتێکی شۆڤێنیستیە. مەنزوور لە سیاسەتی شۆڤینسیتی هەر ئەوەیە کە بە گەورەدانانی لەهجەی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی. من تەنانەت دەتوانم ئەوەش بڵێم، لەگەڵ ئەوەشدا، کە لە ماوەی نەوەد ساڵی ڕابردوو دا، سۆرانی هەنگاوی بۆ پێشەوە هەڵگرتووە بەڵام کڵۆڵ کراوە، داماوکراوە، نارۆشنبیر کراوە، یانی بۆتە زمانێک کە کاری ڕۆشنبیری پێناکرێ. دواتر زیاتر باس لەوەش دەکەم.لە کوردستانی عێراق سۆرانی ئەو هەلەی بۆ هەڵکەوت کە بنووسرێتەوە و بخوێندرێ ، لە مێدیا دا دەکاربکرێ بەڵام ئێستا ئەو پرسیارە دێنمە گۆڕ کە زمانی کوردی چۆن تووشی کێشە بوو. باش لە کێشەی زمانی کوردی نەگەیشتن، نەک تێگەیشتن بەڵام بە جۆرێک لە کێشەکە گەیشتن کە زمانەکەی کڵۆڵ کرد.

زۆربەی ڕۆشنبیری کورد پێیان وابوو کە کێشەی زمانی کوردی، کێشەی خۆماڵی و بێگانەیە. ئەوەی کە ئەلفو بێ‌یەکە خۆماڵیە یا بێگانەیە، عەرەبیە یا کوردیە، ئەوەی کە ووشەکان، کوردین یا بێگانەن، هێنایان کێشەکەیان ئاوا لێکرد، بەڵام ئەوە کێشە نەبوو. کێشە ئەوە بوو کە زمانی کوردی دواکەتبوو لە زمانە ئورووپاییەکان، ئێستا پێوەندی هەیە لەگەڵ زمانە ئورووپاییەکان، زمانی کوردی و کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، تەنانەت لەگەڵ مۆدێرنیتەی سۆسیالیستیش لە کێشە دایە. دەبێ تەکلیفی خۆی ڕوون بکاتەوە، چ دەکا لەگەڵ دنیای مۆدێرن؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بە تایبەتی سەر مەسەلەی ووشەکان. کوردی بە کاری دنیای مۆدێرن نەدەهات لە ساڵی 1918، ئەمن دەڵێم کە تەنانەت کوردی، فارسی و عەرەبیش، کە ئەدەبیاتێکی گەلێک دەوڵەمەندتر لە کوردیان هەبوو، ئەوانیش ئەو کێشەیان هه‌بوو. بەڵام کێشەی زمانی کوردی زۆر جیددی تر بوو. چون زمانی کوردی، ئەدەبیاتی فارسی نەبوو کە هەم پەخشانی هەبوو، هەم شێعر، ئەویش ئەدەبیاتێکی یەکجار دەوڵەمەند و بێ وێنە، زمانی کوردی، ئەدەبیاتی عەرەبی نەبوو. ئەوەیش هەر وا، ئەدەبیاتێکی کلاسیکی بێ وێنە، هەم پەخشان و هەم شێعر و فەلسەفە و مێژوو و ئیقتساد. لە گشت بابەتێک دا، زمانی فارسی و عەرەبی، پێشینەیەکی کلاسیکی دەوڵەمەندیان هەبوو. نەک لە مۆدێرن. تەنانەت تورکی عوسمانیش پێشینەیەکی وای هەبوو، بەڵام کوردی هیچ یەک لەوانەی نەبوو.
لە شەرت و مەرجێکی ئاوادا کە کوردی ئاوا دامابوو، ڕۆشنبیری کورد هاتن لە کوردستانی عێراق کوتیان کە کێشەی زمانی کوردی ئەوەیە کە ئەلف و بێ یەکەمان عەرەبییە یا کوردی. ئایا هەمزە کوردیە یا عەرەبی! ئەوەیان کردە کێشە، فکری لێ بکەوە، حەرفی هەمزە لە ئەلف و بێی کوردی دا ئایا ئەوە عەرەبییە یا کوردی. هاتن وەختێکی زۆریان دانا، هەڵڵایەکی زۆریان سازکرد لە سەر ئەوەی. بەڵام باسی ئەوەی دەکەم کە چیان لە دەنگەکان و ئەلف و بێ کرد. زەرەرێکی زۆر کە لە زمانی کوردی درا، بەو شێوە زمانەکە هەژار کرا، مەسەلەی وشە لە زمانی کوردی دابوو. لە ئەلف و بێ ڕا جارێ باسی ئەوەی بکەم دەستیان کرد بە ئەوەی کە بیکەن بە لاتین بەڵام دە حکوومەتی عەرەبی عێراق دا نەدەکرا. هەوەڵێ دەوڵەتی ئینگلیز بەرنامەی هەبوو کە بیکاتە لاتین بەڵام زۆر زوو لەوەی لایاندا و هەر ئەلف و بێی عەرەبی مایەوە. ڕۆشنبیری کورد، تا ڕادەیەک، ئیمکانی ئەوەی هەبوو کە چاکسازی ئەلف و بێی عەرەبی بکا. ئەو پڕۆسەی کە لە سەنعەتی "فقه اللغه" دا پێیان دەگووت "ئێعراب" بە حرووف کردیان. ئەو حەرفانەی کە پێیان وابوو عەرەبییە، وەک ص و ض و ئەمانەیان لابرد و هەموویان کردە ئەو حەرفانە کە پێیان وابوو کوردییە. ئەوە شتێکی زۆر خەراپ نەبوو بەڵام بە ڕاستی پێویست نەبوو. زمانی عەرەبی ئەو کارەی نەکرد و هیچ موشکلەیەکیشی نیە، زمانی فارسی نەیکرد و هیچ موشکیلەی نیە، زمانی چینی کە کۆنترین زمانی دنیایە کە ئەدەبیاتی نەپساوەی هەیە، هەر ئەلف و بێی نیە. زمانی چینی هەر نیشانەی هەیە نەک ئەلف و بێ، زۆریش لە زمانی کوردی، پێشکەوتووتر بووە. هەر دەمهەوێ ئەوە بڵێم کە پێویست نەبوو، ئەلف و بێ ئاوا بگۆڕن. ئەو هیچ، تەنانەت لەو ساڵانەی دواییدا، ڕیزی ئەلف و بێی کوردیش دەگۆڕن. ئێوە فکری لێبکەنەوە لە سوید بیانهەوێ ڕیزی ئەلف و بێی سویدی بگۆڕن! حەرفێکی ببنە ئەولاتر، سەر و خواری پێبکەن، نەزمی کۆمەڵگای سوید تێکدەچێ چونکە گشت شتێک لە سەر ئەساسی ڕیزی ئەلف و بێیە بەڵام لە کۆمەڵی کوردەواری دا ئەوانە گرینگ نین. کۆمەڵێکی دواکەوتووە، بە کەیفی خۆت وەرە بیگۆڕە. چەند کەس لە فەرهەنگەکان دا گۆڕیویانە. هیچیش نەقەوماوە. تەنانەت دەیانویست کە دەنگەکانیش پەتی بکەن و کردیان. دەنگی /ح/، دەنگی /ع/، دەنگی /ق/، دەنگی /غ/، دەیانگووت ئەوانە دەنگی بێگانەن و عەرەبین و دەبێ وەلایان بنێین. بەڵام زمانی کوردی پڕە لەو دەنگانە، ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی پڕە لەو دەنگانە. هەژاری شاعیر لە بەربەرەکانی ئەو بۆچوونە، لە بەرانبەر ئەوانەی کە دەیانگووت دەنگی /ق/ عەرەبییە و دەبێ فڕێی بدەی گوتبووی: قورقرۆچکەت بگرم، وەک قشقەڵە وە قڕە‌قڕت خەم؟ [بە پێکەنینەوە]. شتێکی ئاوای گووتبوو! بەڵام ئەو جوورە ڕەخنانە هیچ کاریگەری نەبوو و پەتی‌گەران کاری خۆیان کرد.

هەروەک کوتم، کێشەی سەرەکی کە زمانی کوردی کڵۆڵ کرد، سۆرانی کڵۆڵ کرد، مەسەلەی ووشەکان بوو. هەر زمانێکی زیندوو، ئەگەر ووشە نەخوازێ لە زمانی دیکە، دەکرێ بڵێین کە زمانێکی زۆر زیندوو نیە. زمانی زیندوو یانی زمانێک کە پێوەندی لەگەڵ زمانەکانی دیکە هەیە و ووشە دەخوازێ و ووشە دەدا. لە کوردستانی عێراق هاتن، ووشەی خوازراوی تورکی و فارسی و عەرەبیان وەلانا بەڵام زۆرتر ووشەی خوازراوی عەرەبیان وەلانا. چون عەرەبیان بە دوژمن دادەنا، چون دەوڵەتەکە عەرەب بوو. پێیان وابوو، چون فارس بە ڕەچەڵەک لەگەڵ کورد یەکەن، ئاریایین، کەمتر بەرەنگاری زمانی فارسی دەبوونەوە. تا ڕادەیەک بەرەنگاری تورکیش دەبوون. بەو سیاسەتە، من پێموایە، لە هەر شتێکی کە کردیان خەراپتر بوو، زمانی کوردیان هەر تەواو کۆڵەوار کرد. لێکۆڵینەوەیەک هەیە، "جەمال جەلال عەبدووڵا" کردوویەتی، تێزی دوکتۆرایەتی، لەو لێکۆڵینەوە دا دەرکەوت کە لە ساڵی 1924 تا 1939، ووشەی خوازراو لە چاپەمەنی کوردستانی عێراق دا، لە سەدا 46 بووە، چل و شەش خاڵ چوار. لە ساڵی 1939 تا 1958، ئەو لە سەدی چل و شەشە بوو بە سەدی 9. نۆ، خاڵ پێنج، یانی تەواو کەم بووە. یانی زمانەکە تا ساڵی 1958 زۆر پەتی کرا. لە ساڵی 1958 تا ساڵی 1973، ووشەی خوازراو بوو بە 4.4 لە سەد، یانی زمانەکە یەکجار زۆر پەتی کرا! کەوابوو لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵە دا، پەتی کردن بە ڕاستی سەرکەوت بەڵام من پێموایە کە لەو سەرکەوتنە دا تۆوی دواکەوتوویی چاندرا. بە بژارکردنی زمانی کوردی، زمانەکەیان هەژار کرد بە بۆچوونی من.

ئێستا کتێبێکی فیزیک، شیمی، ئیقتساد، بیۆلوژی، ئانترۆپۆلۆژی، ئەگەر بتەوێ لە ڕادەی زانکۆ دا بە سۆرانی بنووسی، زۆر زەحمەتە، ناکرێ، کارێکی یەکجار سەختە. زمانێکە کە ناڕۆشنبیری کراوە، کراوەتەوە ئەوەی کە دەوڵەتەکان دەیانەویست بیکەن. لە ئێران دەگوترا، لەهجەی کوردی، گویش کوردی، لەهجەی فارسیەوە و هیچ ئیرادێکی نیە با لە قسەکردن دا خەڵک دەکاری بهێنن، لەهجەی ماڵێیە. ئەوە سیاسەتی ناڕۆشنبیرکردنی زمانی کوردی بوو کە سیاسەتی شای دووەم بوو. شای هەوەڵ کە ڕێگەی نەدا قسەشی پێبکرێ. یانی زمانی کوردی زمانی زانست و کاری فکری نەبوو. بە داخەوە، ڕۆشنبیری ناسیۆنالیستی کورد، تەواو ئەو کارەیان کرد کە دەوڵەتی ئێران دەیەویست بیکا. ئەوەش پێتان وانەبێ تەنیا بیر و بۆچوونی منە. من تا حەوتوویەک لەمەوبەر دەمزانی کە گۆرانی شاعیریش وا فکر دەکاتەوە بەڵام بەڵگەیەکی وام نەبوو، هەر لە نووسینەکانی ڕا دەمزانی. حه‌وتوویەک لەمەوەبەر، هەر بە هەڵکەوت، لە کتێبخانەی هەرزان بووم، ئەو کتێبەم دیتەوە، من ئەوەم نەدیتبوو، ئەوە بەرهەمی پەخشانی گۆرانە. بزانین گۆران، لە ساڵی 1960 لە ڕۆژنامەی ئازادی ژمارە 50، تشرینی یەکەمی 1960 چی نووسیوە. گۆران لەوێدا، سۆرانی لە کوردستانی عێراق بەروارد دەکا لەگەڵ کورمانجی لە هەرمەنستان لە یەکیەتی سۆڤیەت و باسی ناتەواوی وشەی کوردی دەکا و دەڵێ: "بەرابەر بەم ناتەواوییەی ووشەی کوردیە، خۆپاراستن لە بەکارهێنانی ووشەی بێگانە، بەرەو ئەوەی بردووین کە هێزی دەربڕینمان[تەعبیرمان] لە چوارچێوەیەکی تەسکا قەتیس بمێنێ، ئەمە هەر نەک لە بابەتی زانست و فەلسەفە و بیری زانیاری ورد دا، بەڵکوو لە جەرگەی هونەری وێژەییشدا، کە زۆرتر بەری بیر و هەست و نیازەکانی ناو تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ خۆیەتی و ...". گۆران دواتر باسی کورمانجی لە سووریا و سۆڤیەتستان دەکا. گۆران دەڵێ: "بە تایبەتی سۆڤیەتییەکان [مەبەست کورمانجەکانی سوۆڤیەت] ڕێگایەکیان گرتووە بۆ گەشە و پێشخستنی زمان و وێژە، بە تەواوی بە پێچەوانەی هی ئێمەیە. ئەوانە بایەخی زۆریان بە پێشخستنی بیر و ناوەڕۆک داوە، لەباتی بایەخدان بە بژاری زمان، لە ووشەی بێگانە".

من چەند نموونەیەکتان بۆ دێنمەوە. من سێ ووشە دەڵێم کە لە فارسی دا هەیە و لەگەڵ ئەوەش دا کە لێک نزیکن بەڵام جیاوازن. یەکیان "قاعدە" کە بە ئینگلیزی دەبێتە "روول". یەکیان "مقررات" کە بە ئینگلیزی دەبێتە "رێگیولەیشن"، یەکیان "قانون" کە بە ئینگلیزی دەبێتە "لۆ". لە هەڤاڵێکم پرسی ئەوانە بە سویدی دەبنە چی، کوتی قاعده دەبێتە "ڕێگێل"، "رێگلێرینگ" و قانوون دەبێتە "لاگ" کە هەر "لۆ"ی ئینگلیزیە. قاعده، مقررات، قانون، هەرسێکی دیارە عەرەبیە، فارسی ئەو سێ ووشەی لە عەرەبی وەرگرتووە، با بزانین فەرهەنگی گیرفانی ئینگلیزی – کوردی جاف چی کردووە لەوەی: هەرسێکی داناوە بە "یاسا"! یاساش لە زمانی موغولی وەرگیراوە. فەرهەنگی جاف، قەبووڵی ناکا، قانوون وەک کوردی دابنێ، یاسای دادەنێ کە موغولییە! بۆچی "یاسا"ی موغولی لە "قانوون"ی عەرەبی باشترە؟ ئەگەر کەسێک ئەوەم بۆ ڕوون بکاتە زۆری سپاس دەکەم! بۆ قانوون کوردی نیە؟ عەرەبی بۆ خۆی لە یونانی وەرگرتووە. ووشەیەکی ناونەتەوەییە، لە زۆر ووڵاتی دنیا دەکاری دێنن، بۆچی ناسیۆناڵیستی کورد، زمانی کوردی لەو وشەیە مەحڕووم دەکات؟ ئەمن زۆرم پێخۆشە ئەوەی بزانم. یا چەند ووشەی دیکە وەک "جرم، جنایت، جریمه، اتهام"، ئەوانە لێک نزیکن بەڵام جیاوازییان یەکجار زۆرە. بۆ کاری دادگا و عەداڵەت و ئەوانە زۆر موهیمە کە جیاوازی ئەوانە بناسین. زۆربەی ڕۆشنبیری کورد، تەنانەت کتێبکی کە فەرهەنگی ووشەی قانوونیە، گشت ئەوانە بە "تاوان" دادەنێ! شتی وا ئەخر چۆن دەبێ؟ چونکە ئەوانە عەرەبین، ڕۆشنبیری کورد تەحەمولیان ناکا! لە جیاتی تەواوی ئەوانە "تاوان" دەکاردێنێ ، ئاخر ئەوە چ زمانێکە کە نەتوانێ ئەو جیاوازییانەی لەبەرچاو بێ ؟

ووشەیەکی تازەتر کە لە زمانە ئورووپاییەکان، لە ئینگلیزی دا پەیدا بووە، "جێندر"ه‌، زمانی فارسی زۆر زوو، "جنسیت"ی بۆ دانا، با بزانین ڕۆشنبیری کورد چی لێکردووە! ڕۆشنبیری کورد، جێندر دەکاتە ڕەگەز! بەڵام ڕەگەز، نزیکەی حەفتا هەشتا ساڵە لە کوردی دا لە جیاتی "راس" دانراوە کە فارس پێی دەڵێن "نژاد". لەوانەشە "ڕەگەز" و "راس"ی ئورووپایی هاوریشە بن، مومکینە ئاوا بێ، بەڵام ڕۆشنبیری کوردی کە ناتوانێ "جنسیت" قبووڵ بکا چونکە عەرەبیە، جێندر دەکاتە "ڕەگەز"، دەڵێ ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێر. ڕەگەز، وەک ڕەگەزی سپی و ڕەش دەکار هاتووە لە کوردی دا بەڵام چونکە هیچ چارەیان نیە و عەرەبیشیان پێ گڵاوە، دەڵێن ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێر! بۆ وا لە زمانی کوردی دەکەن؟ پرسیاری من ئەوەیە، ڕۆشنبیری ناسیۆناڵیستی کورد بۆ بەربینگی زمانی کوردی بەرنادا؟

وشەیەکی وەک "ئەبستراکت" واتە "مجرد"، زۆر دەکار دێ، هەر ڕۆژنامەیەکی چاوی لێبکەی، لە فیلم ڕا بگرە هەتا شتی تر، وشەی ئەبستراکتی تێدایە. چاو لە فەرهەنگە کوردییەکان بکەن بزانن بۆ ئەبستراک ؛ مجرد، چ دادەنێن! ڕووت! نەبینراو، نادیار، جیا، جیاواز، ئەوانە هیچیان مانای ئەبستراکت نین. چاو لە فەرهەنگە فارسیەکان بکەن بزانن چەندە ووشەی باشیان بۆ داناوە. "مجرد"یان بۆ داناوە، مجردیش لە عەرەبی ڕا هاتووە و هیچ ئیرادێکی نیە. موجەرەد، چوونکە کورد دەکاری هێناوە، بووه‌تە کوردی، عەرەبی نیە ئیتر. هەزار ووشەی تر هەیە، وەک ئیمکان، ئیحتمال. ئیمکان چی بۆ دادەنێی؟ چاو لە فەرهەنگە کوردییەکان بکە! زمانی کوردییان کڵۆڵ کردووە.

چاو لە دوو فەرهەنگی گرینگی کوردی بکەن کە لەو ساڵانەی دواییدا بڵاوبوونه‌تەوە. فەرهەنگی ئازادی ئینگلیسی-کوردی، فەرهەنگێکی هەرەگەورەی دوو زمانییە، دوکتور قەرەداخی تەواوی تەمەنی خۆی خەریکی ئەو فەرهەنگە بووە، زیاتر لە پەنجا ساڵە، ئەمن ئاگام لێیە، چەندە خەریکی بووە. فەرهەنگەکەی دی، لە زانکۆی کوردستان بڵاوبووه‌تەوە لە سێ بەرگ دا، فەرهەنگی فارسی-کوردی، ئەویش لە باری تکنیکی فەرهەنگ نووسینەوە یەکجار پێشکەوتووە. بەڵام بە بۆچوونی من هەردووک فەرهەنگ تووشی کێشەی سیاسەتی پەتی کردن بوونە، بە جۆرێک کە ووشەیەک کە کوردی پەتی بۆ نابینرێتەوە دێن تەعریفی دەکەن! تەعریف کردن بۆ فەرهەنگی یەک زمانی دەبێ ، وەک فەرهەنگی زەبیحی. فەرهەنگی قامووسی زەبیحی ئەگەر بۆ وێنە چاو لە وشەی "ئاوارە" بکەی، بە کوردی پێت دەڵێ کە ئاوارە یانی چی، تەعریفی دەکا لە ڕستەیەک دا و نموونەیەکیشی بۆ دێنێتەوە. لە فەرهەنگی دوو زمانی دا، قەت نەبووە کە ووشەیەکی زمانی ئەسلی کە دەیهێنی، بێی تەعریفی بکەی، دەبێ بەرانبەری بۆ دانێی بەڵام بۆ وێنە فەرهەنگی کوردستان، فارسی-کوردی، کە ئێستا هەیە لە کتێبخانە دا و دەتوانن چاوی لێبکەن، پۆمپی بێنزینی تێدایە، پۆمپی بێنزین فارسیە و فەرهەنگەکە لە بەرانبەر ئەو وشەیە دا هاتووە تەعریفی کردووە و نووسیویەتی، جێگایەکە کە ماشێن دەچێ و لەوێدا بەنزینی هەڵدەگرێ یا لێیدەدا! شتێکی وا. ئەوە فەرهەنگی دوو زمانی نیە ئیتر، وەک فەرهەنگی یەک زمانی لێکردووە.

تاکتیکێکی دیکە کە دەکاری دێنن، فەرهەنگی ئازادی بۆ وێنە. زۆر جار چەند ووشەی هاومانامان هەیە، نزیکن لە مانادا، هەر وەک کووتم وەک جەریمە و جرم و هتد. کاتێک چەند ووشەی ئاوا لێک نزیک هەن، فەرهەنگی ئازادی، چونکە نەیتوانیوە بۆ هەر یەک لەوانە ووشەی کوردی پەتی ببینێتەوە، بۆ چەند ووشەی جیاواز، یەک ووشەی کوردی دەکاردێنێ. لە ڕاستیدا من هەوڵم داوە بۆ نووسینی کوردی و ئینگلیزی ئەو فەرهەنگەی دەکاربهێنم. بەکاری من نەهات. فەرهەنگەکە بێ کەڵکە، بێ فایدەیە. عومرێک هەوڵ و تەقەللای دوکتۆر قەرەداخی بە بۆچوونی من بەفیڕۆ چووە. حەیف بوو، نەدەبوو وای لێبێ. ئەگەر ئەو سیاسەتی پەتیکردنەوەی وەلانابا، فەرهەنگەکە زۆر سەرکەوتوو تر دەبوو. دیارە من زۆر باش دەزانم، زمانی کوردی وەک ئینگلیزی و فارسی نابێ. ئەوان ووشەیان یەکجار زۆرە، بەڵام دەکرا زۆر ووشەی خوازراو کە دوو سەد سێسەد ساڵە بوونە کوردی، دەکرا ئەوانەی تێدا بێ و فەرهەنگەکان باشتر بن.

سۆرانی خوازەکان دەڵێن کورمانجی زۆر لە سۆرانی وەدواکەوتووە، لە باری چەندێتیەوە. هەر لەو ساڵانە دا، لە ساڵی 1921 تا 1980 یانی لە ماوەی 59 ساڵ دا، لە یەکیەتی سۆڤیەت، زۆرتر لە ئەرمەنستان، زیاتر لە 377 کتێب بڵاوبۆتەوە. فکری لێبکەوە لە کوردستانی عێراق، 65 ساڵ، 918 کتێب. ئەوەشتان لەبەر چاو بێ، نفووسی کورد لە یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵانی 1920 نزیکەی 60 هەزار کەس بووە و لە کوردستانی عێراق نزیکەی نیو میلیۆن بووە. یانی کوردی عێراق، زیاتر لە 10 بەرابەری کوردی سۆڤیەت بوون بەڵام 918 کتێبیان بەرانبەر بە 377 کتێبی سۆڤیەتستان هەبووە. ئەگەر ئامارم هەبا و زانیبام تا ساڵی 1985 چەند کتێبی تر لە یەکیەتی سۆڤیەت بڵاوبۆوە، ڕەنگبوو، ژمارەی کتێبی بە کورمانجی سۆڤیەت ببا بە 400. ئەگەر ئەو کتێبانەی بە کورمانجی و لە سووریا و لە دەرەوەی وڵاتیش بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، بێنینە سەری، دەبێتە نزیک بە 400 کتێب. لە عێراقیش چەند کتێبێک بە کورمانجی لەو ماوەیە دا بڵاودەبووه‌وه‌. بەعزە ساڵێک بوو لە کوردستانی عێراق، کتێب هەر بڵاونەدەبووه‌وه‌ یا جاری وابوو، هەر یەک یا دوو کتێب بڵاودەبووه‌وه‌. لە 1931 تا 1937 لە ئەرمەنستان 163 کتێب بڵاوبووه‌وه‌، لە ماوەی شەش ساڵ دا، هەر لەو ماوەیە دا 52 کتێب لە عێراق بڵاوبووه‌ته‌وه‌. بەداخەوە لە ساڵی 37 و 38ەوە، لە یەکیەتی سۆڤیەت، بەشێک لە کوردەکانی قەفقاز ڕاگوێزران بۆ ئاسیای ناوەندی و چاپەمەنی کوردی لە ساڵی 1938 تا ئاخری شەڕی جیهانی دووهەم ئیتر نەبوو، لە کوردستانی عێراقیش، لە ساڵانی شەڕ، کتێب زۆر زۆر کەم بڵاودەبووه‌وە. بەڵام پێوانەیەک بۆ بەرواردکردنی ئەوانە، ئەوەیە کە ژمارەی کتێب بە پێی هەزار کەس بپێوین. ئەوە دیققەتێکی زۆرتری هەیە. ئەگەر ژمارەی کتێبەکان دابەشبکەین بە سەر نفووسی کوردەکان، لە 1920 تا 1985 لە کوردستانی عێراق، 2.1 لە سەد کتێب چاپ بووە و لە سۆڤیەت 6.4 لە سەد. شەش لە کوێ و دوو لە کوێ! یانی ئەگەر بە گوێرەی نفووس بەراوەردیان بکەین، لەو ماوەیە دا کە باسکرا، لە کوردستانی عێراق 2 کتێب و لە سۆڤیەت 6 کتێب بڵاوبووه‌تەوە. بە گوێرەی ڕۆژنامەش هەر وا. لە سۆڤیەتستان، هەر وەک وتم، "ڕێیا تازە"، هەر سێ ڕۆژ جارێک بڵاودەبووه‌وه‌ و ئەگەر دابەشی بکەین بە سەر نفووسی کوردی سۆڤیەت دا ئەوان زۆرتریان ڕۆژنامە هەبووە لە کوردستانی عێراقێ.
سۆرانی خوازان لە ساڵانی ڕابردوو دا وتوویانە کە زۆربەی کوردستانی عێراقێ بە سۆرانی قسە دەکەن و ئەوە دەبێ ببێتە زمانی ڕەسمی و زمانی ستاندراد و ناڵێن کورمانجی نابێ قسەی پێ بکرێ بەڵام دەڵێن دەبێ کورمانجی بۆ ژیانی ڕۆژانه‌ی ناوماڵ و بازار و مەزرا و ئەوە باشە هەروەها کورمانجی دەبێ ووشەکانی کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی کە سۆرانی پێ دەوڵەمەند بکرێ. تەنانەت ڕۆشنبیرێکی کورد کوتوویەتی کە "ئەگەر کوردی باکوور دەیانەوێ ڕزگار بن، ئازاد بن، دەبێ سۆرانی فێر بن"!. ئەوە زۆر خۆشە ئیدی! بۆخۆتان لێکی بدەنەوە بزانن ئەوە مانای چیە؟ ئەمن بەو بۆچوونانە دەڵێم "شۆڤێنیزمی سۆرانی"! بە گەورە زانین و بە سەرکەوتوو دانانی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی و ئەوەی کە بگوترێ کە ئازادی بە زمانی سۆرانی دەبێ ئەوە ئیتر یەکجار شۆڤێنسیتیە!

ساڵی 1991 گۆڕانێکی گرینگ بوو لە زمانی کوردی دا. لەو ساڵە دا دەوڵەتی تورکیا ئیجازەی دا کە کوردی تورکیا، جا چ زازا و چ کورمانج، لە ماڵی خۆی بە زمانی خۆی قسە بکا بەڵام قسە کردن لە پارلەمان و لە کاروباری حیزبی و سیاسی قەدەخە بوو. بەو خەباتەی کە کوردی تورکیا کردیان، نەک لەبەر ئەوەی کە سۆرانیان دەزانی، به‌ڵکوو له‌ به‌ر ئەو خەباتەی کە لە پێناو مافی زمانی کردیان، ئێستا لە تورکیا چاپەمەنییەکی یەکجار زۆر بڵاودەبێتەوە بە زمانی کورمانجی، مۆسیقای کوردی بە گشت لەهجەکان، یەکجار زۆر بەرهەم هێنراوە، ڕادیۆ هەیە، تلویزیۆن هەیە، یەکەم تلویزیۆنی ساتاڵایتی کوردی بە کورمانجی بوو. لە خۆراسان، لە ئێرانێ، بە کورمانجی دەنووسن، لە سووریاش تا ڕادەیەک شت بڵاودەبێتەوە. 1991 هەر ئەو ساڵە بوو کە سۆڤیەت تێکچوو، کورمانجیش نشستێکی زۆری بوو. شتێک کە گۆڕاوە ئەوەیە کە تێکنۆلۆژی تازەی زمان پەیدابووە، گشتتان ئاگادارن، زۆربەی ئێمە دەکاری دێنین، ئینتێرنێت و ئەو جۆرە تەلەفۆنە تازانەی کە پەیدابوونە، کە گشت کارێکیان پێدەکرێ و بۆخۆشیان کامپیوتێرن و هتد. تێکنۆلۆژی تازەی زمان، هیچ حەدێکی نیە، لە 10 ساڵی داهاتوو دا، دەکرێ زۆر هاسان، مەتنێکی کوردی کە بە سۆرانی[ئەلف‌وبێی عەرەبی] نووسراوە، زۆر ئاسان دەتوانی بیکەی بە خەتی لاتین و بە پێچەوانەوە، تێکنۆلۆژییەکە کە هیچ سنوورێک ناناسێ. وەزعی زمان لە تەواوی دنیا دا دەگۆڕێ و لە کوردستانیش دەگۆڕێ، بەڵام ئەو کێشە سیاسییانەی کە کوتم دەبێ خەباتی سیاسی لە سەر بکرێ.

شتێکی کە سۆرانی‌خوازەکان دەیڵێن ئەوەیە کە "ئەگەر لە کوردستانی عێراق، کە لە ساڵی 2005 لە قانوونی ئەساسی عێراق دا، زمانی کوردی بووه‌تە زمانی رەسمی سەراسەری عێراق، ئەوەش ڕووداوێکی گرینگە، ئەوان دەڵێن ئەگەر کوردی، هەم سۆرانی و هەم کورمانجی، لەهجەی ستانداردی ڕەسمی بن، ئەو ڕەسمییەتە[لە عێراق] تێکدەچێ، دەڵێن تەنانەت نەتەوەی کورد دەبێتە دوو نەتەوە و دابەش دەبێ! من تەنیا یەک شت دەڵێم و تەواوی دەکەم. زمانی سربی-کرۆ واتی هەبوو، لە یۆگۆسلاوی پێشوو، لە کورمانجی سۆرانیش لە یەکتر نزیکتر بوو، زمانی چێک-سڵۆڤاکی هەبوو، ئەوانە لێک جودا بوونەوە و بوون بە دوو نەتەوەی جودا. من دەڵێم ئیمکانی ئەوەی هەیە کە کورمانجی و سۆرانی لێک جودا ببنەوە بەڵام شتێکی کە زۆر ئەوەی هان دەدا کە لێک جودا ببنەوە، هەر ئەو سیاسەتی سۆرانیخوازییە. ئەوەی کە بە زەبر و زەنگ، سۆرانی دابسەپێنی بە سەر کورمانجی زمانانی بادینان. ئەوە ئەوان هان دەدا بەرەو جوێبوونەوە نەک سیاسەتێکی دێمۆکراتیک. هەتا سیاسەتی زمانی دێمۆکراتیزە تر بێ، ئیمکانی یەکگرتنی گەلان، ئیمکانی یەکگرتنی چینی کرێکار، ئیمکانی یەکگرتنی زەحمەتکێشان زیاتر دەبێ. هەتا زیاتر بڵێی نەتەوە، یانی یەک زمان، یەک ووڵات، یەک لەهجە، زووتر، دووبەرەکی و سەد بەرەکی درووست دەبێ. ڕێگا دێمۆکراتیزە کردنە. کەسێک کە باوەڕی بە دێمۆکراتیزەکردنی ژیانی خەڵک بێ لە کوردستان یا لە ناوچە دا، دەبێ لە باری زمانی دا و هەروەها لە باری سیاسی دا، دەبێ سیاسەتێکی تەواو دێمۆکراتیکی هەبێ. ئەگەر نەیبێ، شۆڤێنیزم سەردەکەوێ. من بە هیچ جۆرێک ناڵێم هەر کەسێکی کە تا ئێستا کوتوویەتی کە سۆرانی دەبێ ڕەسمی بێ و دەبێ زمانی ستانداردی بێ شۆڤێنسیتە، من ئەوەی ناڵێم، بەڵام ئەوەی دەڵێم کە کەسێکی پێی وابێ کورمانجی دواکەوتووە و سۆرانی ئەوەندە وەپێش کەوتووە کە هەموو کورمانجی ئاخێوان دەبێ سۆرانی بکەنە زمانی کولتوری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری، من دەڵێم ئەو سیاسەتە، سیاسەتێکی شۆڤێنیستیە. زۆر کەسیش کە ئەو سیاسەتەی ڕەچاو دەکا، نازانێ خەتەری ئەو سیاسەتەی چیە و نازانێ کە ئاڵتێرناتیڤی دی هەیە.

زۆر سپاستان دەکەم و ئومێدەوارم ڕەخنەم لێ بگرن.



بەڕێوەبەری سێمینار: کتێبخانەی کوردی ستۆکهۆڵم/ ٢٨ی ئاپریلی 2012

تۆمارکردنی دەنگ: کەریم مەرەسەنە
وێنە: چالاک محەممەد

نووسینەوەی تێکست: مەسعوود مەناف

*سپاس بۆ ماڵپه‌ڕی "ناوه‌ندی نووچه‌ و شرۆڤه‌ی ڕۆژ" بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایان دا ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاگوێزینه‌ ڕوانگه‌ش



1 comment:

j said...

zor spas bo ewesh ke billawtan kirdewe.
jaffer