Saturday, May 16, 2015

کوشتنی زاڵمانە و دڕندانەی فەرخوندە لە کابول


فەرخوندە ئینسانێکی بێ سووچ و تاوان  بە ڕۆژی ڕووناک لە سەر هیچ و خۆڕایی  بووە قوربانی کۆمەڵێک "ئینسان"ی کاڵفام و بە شێوەیەکی دڕندانە لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٣ لە نێوەڕاست شاری کابول کووژرا. بەرنامەی نمودار" تێلێڤیزیۆنی نەورۆز کە بە زمانی فارسی بڵاو دەبێتەوە سەبارەت بەوجینایەتە گەورەیە لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنانی تێکۆشەری ئەفغانی لەوانە، مەلالی جوویا قسەی کرد کە لە خوارەوە وەرگێڕاوی دەقی  پرسیار و وڵامەکان دەخوێننەوە.
حەسەن قازی
١٦ی مەی ٢٠١٥

بەرنامەی " نمودار" لە تێلێڤیزیۆنی نەورۆز
2015.03.25
کوشتنی زاڵمانە و دڕندانەی فەرخوندە  لە کابول

زەهرا سوڵتانی ، لە دامەزرێنەرانی  کەمپەینی عەداڵەت بۆ فەرخوندە

پوویا عەزیزی پێشکێشکاری بەرنامەی "نمودار" :  خانمی سوڵتانی بە بۆچوونی ئێوە ئەو جینایەتە دەکرێ لە کامە 
ڕەهەندگەل دا لێکاڵابکرێتەوە؟


زەهرا سوڵتانی:  سڵاوتان لێ بێ لە ئێوە و خانمی غەففار و بینەرانی بەڕێزی تێلێڤیزیۆنەکەی ئێوە. بە بۆچوونی من ئەگەر بمانەوێ لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە چاو لەو مەسەلەیە بکەین ئەوە جۆرەیەک زەنگی مەترسی یە بۆ ئێمە، بۆ وەچەی ئێمە. ئەو کەسانەی کە پێیان وا بوو ووڵاتی ئێمە خەریکە پێش دەکەوێ  دەستڕاگەیشتن بە زنجیرەیەک شتی پچووک وەکوو حاکمییەتی قانوون،  مافی ژن،  زۆر لەو شتانەی کە ئێمە پێمان وا بوو خەریکە پێش دەکەون  لە ڕاستییدا وەک ئەوە وایە ئێمە تازە خەبەرمان بووبێتەوە و ببینین کە  نا، لە کۆمەڵی ئێمە دا دەکرێ ڕووداوێکی ئاوا ڕوو بدا.  و بە بۆچوونی من ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە هێندێک ناوەند ، رێزێک لە تاکوتەرای تیژئاژۆی دینی  چەندە دەتوانن لە سەر خەڵک، لە سەر شێوەی جووڵانەوەی خەڵک شوێن دا بنێن. لە لایەکی دیکەوە، زەنگێکی مەترسییە  لە بەر ئەوەی کە ووڵاتی ئێمە ئەفغانستان هەم لە لایەن تالیبانەوە زەختی لە سەرە و هەم لە لایەن داعشەوە . یانی هەموو ڕۆژێ خەبەر دەگاتێ کە بەڵێ لە فڵانە جێگا ئاڵای داعش هەڵدراوە. و ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر جێگای نیگەرانییە. لە ڕاستیدا  بنچینەگری ...

پوویا عەزیزی:  لە ڕاستیدا  بنچینەگری دینی و پەرە سەندنی لە ووڵاتی ئەفغانستان ئێوە بە زەنگێکی مەترسی دەزانن و 
ئەو ڕووداوەش بە نموونەیەک لەو زەنگی مەترسییە دادەنێن ؟



زەهرا سوڵتانی:  بەڵێ ئاوایە! چونکە ئێمە تا ئێستا وامان بیر دەکردەوە کە دوژمنێکمان هەیە بە ناوی تالیبان و دوژمنێک بە ناوی داعش, یان دەوڵەتێکی بێ کیفایەتمان هەیە کە لە زۆر بواران دا کورتیی دێنێ ، بەڵام ئێستا ئێمە بەخەبەر هاتووین و دەبینین کە تەنانەت دەستەیەکی گەورە لە خەڵکی کۆمەڵی ئێمە بیرو ڕای ئەو چەشنەیان هەیە  کە دەتوانن کردەوەیەکی ئەوەندە قێزەوەن بکەن.
پوویا عەزیزی : ئەمن هەر ئەو پرسیارە لە خانمی  سیلەی  غەففار دەپرسم. خانمی سیلەی غەففار ئەگەر گوێتان لە دەنگی من دەبێ  ئێوە ئەو جینیایەتە لە چ ڕەهەندێک دا بە شیاوی لێکاڵا کردنەوە دەزانن؟

 سیلەی غەففار  قسەبێژی  حیزبی هەمبەستەگی  ئەفغانستان



سیلەی غەففار:  لەگەڵ سڵاو لە ئێوە و هەموو بینەرەکانتان . بە داخەوە ڕۆژی پێنجشەمە یەکێک لە بەژانترین و  دڕندانەترین و دژی ئینسانیترین کردەوە بە دژی ژنێک کرا  کە بە درێژایی مێژووی ئەفغانستان وێنەی نەبیندراوە و ئەو جۆرە زەبر و زەنگانە  بە شێوەی جۆر بە جۆر لە ماوەی چاردە ساڵی ڕابردوو دا بە دژی ژنانی ئەفغانستان کراون . بە ناوی دین، بە ناوی مەزەب زەبروزەنگی جۆر بە جۆر  کراوە  و ئێستاش دیسان  ئەم گۆیا ئیسلام پارێزانە ،  ئەوانەی کە ناوی خۆیان ناوە ڕێبەرانی جیهادی ئیسلام  بۆ ئەوەی کە بتوانن دەستەڵاتی خۆیان بە سەر خەڵک دا بسەپێنن  و بەو شێوەیە بییانەوێ درێژە بە حاکمییەتی خۆیان بدەن  لەو جۆرە جینایەتانە لە ووڵات دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر لەوە بترسێنن و لە هەمان کات دا بە خەڵک نیشان بدەن کە ئەوان خاوەن هێز و دەستەڵاتن و  هەر کارێکی کە بیانەوێ دەیکەن  بێ ئەوەی پرسینەوەیان لێ بکرێ. بەداخەوە لە لایەکی دیکەوە دەبینین  کە ئەو جۆرە  کردەوە دژی ئینسانییە لە بەر چاوی پۆلیس و  ئۆرگانەکانی ئەمنییەتی دا دەکرێ  کە پۆلیس لەو کردەوە دڕندانەیەی دا کە بە دژی فەرخوندە کرا نەک هەر بینەرێکی بێ هەست بوو بەڵکوو  لە هەمان کاتدا پشتیوانیشی دەکرد لەو ڕووداوە. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە دەبینین کە خۆشبەختانە  خەڵکی ئەفغانستان بێدەنگ نەبوون و  لە داهاتووش دا قەت بێدەنگ نابن ، چونکە خەڵکی ئەفغانستان گەیشتوونە ئەو ئاکامە کە بێدەنگی ئاخرین مەتەرێز و سەنگەر نییە، ئێمە دەبێ دەنگ هەڵبڕین و  نابێ لەوە زیاتر  دەرد و کوڵ  و بەدبەختی  تەحەمول بکەین و نابێ  لەوە زیاتر فەرخوندەکانی دیکە ببنە قوربانی. بە شێوەیەک  کە بە درێژایی مێژوو و هەر وەک گوتم لە ١٤ ساڵی ڕابردوو بەم لایەوە  ژنی ئەفغان کەوتە بەر دەستدرێژی،ژنی ئەفغان سووتێندرا، ژنی ئەفغان زیندە بە چاڵ کرا، ژنی ئەفغان سەنگەسار کرا  ، ژنی ئەفغان  ،  کچی شەش ساڵان و سێ مانگان  هەر لە لایەن ئەو بنچینەگرە مەزەبیانە و مەلاکان  کە لە مزگەوتەکاندا لێی دانیشتوون   دەستدرێژیان کرا سەر. هەر لە بەر ئەوە تووڕەیی و بێزاریی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆز زیادتر بوو. .... ئەوە بووە هۆی ئەوە کە دەنگی پڕۆتێست و بێزاری خۆیان بە دژی ئەو زەبرو زەنگانە بەرز بکەنەوە.
پوویا عەزیزی : خانمی سیلەی غەففار ئێوە پێتان وایە ئەو زەبروزەنگانەی کە بە ناوی دین و مەزەب و جیهاد و هتد دەکرێ و باستان کرد کە لە کۆمەڵی ئەفغانستان دا هەیە ، لە زێهنییەتی هێندێکان دا، بە چ شێوەیەک دەکرێ مرۆڤ بەرەو روویان بێتەوە؟ بۆ وێنە ئێمە دیتمان خانمی سیمین غەزەل حەسەن زادەش لە کاردانەوەی یەکەمی دا، لە کاردانەوەیەکی بە پەلە دا تەقریبەن بەرگری لەو کردەوەیە کرد. ئێوە پێتان وایە چلۆن دەکرێ پێش بە پەرەسەندنی ئەو زێهنییەتە بگیرێ و نەهێشترێ کە زیاتر لەوە لە بیروڕای مەردوومی ئەفغانستان دا ڕەگئاژۆ بکا؟
سیلەی غەففار: لە ئەفغانستان بەو شێوەیەی کە هەموو جیهان شاهیدە لە ماوەی ئەو چەند دە ساڵە شەڕ و زەبروزەنگ و دڕەندەییە دا دەستی یەکەم  دەستی  ئەمپریالیزمی ئەمێریکا بووە کە تا دوێنێ نۆکەرەکانی لە ژێر ناوی دەستەی تەنزیمی و دواتر تالیبی و ئەمڕۆش حەول دەدا بە هێنانە ڕووی قەسابەکانی دژی مرۆڤ بە ناوی داعش بە کورتی بتوانێ لە ئەفغانستان دا جێ پێی خۆی قایم بکا و مەبەستە ستراتێژی و ئابووری و سیاسییەکانی خۆی بە تایبەتی لە ناوچە [دا جێ بە جێ بکا]، جا بۆیە ئەوانە هەمیشە حەول دەدەن یارمەتی  ئەو گرووپ و ئەو حیزبانە بدەن کە جینایەکار و بنچینەگر و دژی ژن و دژی عەداڵەت خوازین و پشتیان بگرن بۆ ئەوەی دەنگی ئازادیخوازی خەڵک کپ بکرێ، ئەو کەسانە و زۆربەی ئەو حیزبانە ئێمە لە ڕابردووش دا دیتمان چ حیزبە حەوتەوانەکان و چ حیزبە هەشتەوانەکان و چ ئەوانەی سەردەمی  " خەلق " و " پەرچەم"  هەمیشە حەولیان دا دین و مەزهەب بکەنە ئامرازێک بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک کپ بکەن . ئەوانە لە ژێر پەردەی ئیسلام دا هەمیشە درێژەیان داوە بە جینایەتی خۆیان تا بتوانن بەو شێوەیە حاکمییەتی خۆیان بە سەر خەڵک دا بسەپێنن.  ئەو کەسانەی ئەو کردەوەیان کردووە ، چەند لومپەن و سەرسەرییەک بوون بەڵام داخودا بە سەرکردەیی کێ، بە قسەی کێ و بە پشتیوانێ کێ ئەوەیان کردووە؟ بە پشت ئەستووری ئەو جینایەتکارانەی کە هێشتا لە پلەی بەرز لە دەوڵەت دا دانیشتوون و ئەوان هێشتا سواری بۆقەتە ملی خەڵک بوون و هێشتا خوێنی ئەو میلەتە دەمژن و هێشتا لە کیسە و دراوی خەڵک دەخۆن و داو و دەستگا بۆ خۆیان ساز دەکەن. جا بۆیە ئەو کەسانەن کە پشتیوانی لە لومپەن و سەرسەرییەکان دەکەن  بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کردەوە دژی ئینسانییانە بکەن و فەزایەکی دڕندانە بە سەر ووڵات دا بسەپێنن. ئەوان لە هەمان کاتدا دەیانەوێ کە خەڵکی ئەفغانستان هەمیشە لە ژێر ستەم و زۆرداری دا بێ و خەڵکی ئەفغانستان لە جەهلێک دا ڕابگرن . بۆچی؟ چونکە دەزانن ئەگەر خەلكی ئەفغانستان ووشیار ببنەوە و بەتایبەتی ئەگەر ژنانی ئەفغانستان  دەنگی خۆیان بەرز کەنەوە و ئەگەر ژنی ئەفغانستان ببێ بە سیاسی ئیدی جێ پێیەک بۆ ئەوانە نامێنێتەوە، ئیتر ئەوانە چبڕ ناتوانن درێژە بە حاکمییەتی خۆیان بدەن . ئەگەر ئێوە دیتبیتتان داوای هەموو پڕۆتێستکاران  لەو چەند ڕۆژانە  لە گۆشە و کەناری ئەفغانستان دا ئەوە بووە کە ئەو جینایەکارانەی لە پلە بەرزەکانی دەوڵەت دان و پشتیوانی لەو جۆرە لومپەن و سەرسەریانە دەکەن دەبێ هەرچی زووتر دەستەڵاتیان لێ بستێندرێ و وەلا بندرێن. ئەوانە هەرچی زووتر دەبێ بکێشرێنە بەر مێزی محاکەمە و ئەوانە دەبێ لە ئاست خەڵک دا ووڵامدەرەوە بن و خەڵک بڕیار بدەن کە دەبێ ئەوانە دادگایی بکرێن. چونکە ناکرێ چاوەڕوانییەکی ئاوامان لە دەوڵەت هەبێ.
پوویا عەزیزی: سپاس بۆ ئێوە خانم. ئیزن بدەن بچینە سەر هێڵی سکایپ و هەر هەمان پرسیار لە خانمی سوڵتانیش بکەین . خانمی سوڵتانی چۆن دەکرێ مرۆڤ لە گەڵ پەرەپێدانی ئەو زیهنییەتە لە ناو خەڵکی ئەفغانستان دا ڕووبەڕوو بێتەوە و رێگا نەدرێ لەو زیاتر بتەنێتەوە؟
زەهرا سوڵتانی: بەڵێ! لە ڕاستیدا هەر وەک گوتم ئەو ڕووداوە زەنگێکی مەترسی بوو بۆ خەڵک کە سەرنچ بدەن کە لە کۆمەڵ دا لە ڕاستیدا چ ڕوو دەدا. ئەو بیروڕا توندئاژۆیانە لە ڕاستییدا خەریکن پەرە دەستێنن. جا ئەو کەمپەینەی کە ئێمە وەڕێمان خستووە لە ئاستی فەیس بووک دا و ئێستا پلانی ئەوتۆمان هەیە بۆ داهاتوو کە گەڵاڵەیە یان لایحەیەکی قانوونی بۆ تۆمار کردن  ئامادە بکەین . ئێمە لەوە تێدەگەین کە هاتنە دەرەوەمان بۆ ناو جادە و کۆڵان و خۆپێشاندان کردنمان و نیشاندانی تووڕەیی خۆمان ئەوە باشە ، بەڵام دەبێ زنجیرەیەک کاری بنەڕەتی بکرێن  کە لە نێو ئەوانە دا ئێمە و هێندێک لە دۆستانی چالاکی کە بەیەکەوە قسەمان کردووە گەیشتووینە ئەو ئاکامە  دەبێ سیخوڕی بە سەرەوە کردن و کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندە ئیسلامییەکان و مزگەوتەکان هەبێ.
پویا عەزیزی: لە ڕاستییدا ئێوە دەتانەوێ بەو شێوەیە ڕێبازێک وەبەر بگرن کە ئەو ڕێبازە بتوانێ کۆنتڕۆڵ بە سەر ئەو شوێنانەی دا کە مەزهەبییەکان تییاندا خەریکی گەشەسەندنن بخاتە چوارچێوەی قانوونەوە!
زەهرا سوڵتانی: بەڵێ! وا  وەبەرچاو دێ  ئێمە، دەوڵەت و کۆمەڵ ئاگایان لێ نییە کە لە هێندێک لەو ناوەندە پەروەردەییانە دا چ دەگوزەرێ. سەرنج بدەن کە ووڵاتی ئەفغانستان یەکێک لە نەخوێندەوارترین، بەڵێ یەکێک لە نەخوێندەوارترین ووڵاتانی جیهانە و ئەو ژمارە ناوەندە پەروەردەییانە و ئەو ناوەندە ئیسلامیانەی کە هەن ئەوانە چ دەبەنە ناو میشکی خەڵک؟ و یەکێک لە خواستەکانی ئێمە لە دەوڵەت لە ڕاستیدا  ئەوەیە کە بەرنامەیەک وەڕێ بخا بۆ سیخوڕی بە سەرەوە کردن و  کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوەندە ئیسلامی و مزگەوتانە و ببین کە لە نێو ئەو مزگەوتانە دا چ ڕادەبرێ و چ جۆرە قسەیەک دەکرێن و ئەو کەسانەی کە ئەو تریبوونانەیان بە دەستەوەیە بەرگری لە چ جۆرە کەسانێک دەکەن و سەبارەت بە کێ قسە دەکەن ، وا وێ دەچێ کە دەوڵەت  سەبارەت بە، نازانم سەریان بە چییەوە زۆر قاڵە بەڵام  وا وێدەچێ سەبارەت بە کۆمەڵی خۆیان زۆر نازانن و  لە مەڕ ئەوەی کە لەو ڕێکخراوانە و لەو ناوەندانە دا  چ ڕادەبرێ نازانن.
پوویا عەزیزی:  ڕاستە، جار جار  دەنگو باسی ئەوتۆ لەو مەدرەسانەوە دەگەنێ کە مامۆستاکانی ئەو مەدرەسانە لەگەڵ منداڵان هەلسوکەوتی ئازاردەرانە دەکەن و هێندێک جار خەبەری دەستدرێژی کردن بۆ سەر منداڵانیش لەو مەدرەسانە دا بڵاو بووەتەوە.
زەهرا سوڵتانی: بەڵێ! و ئەو جۆرە دەنگووباسانە  و ئەوەی کە لەو ناوەندانە دا چ ڕوودەدا دەبێ بگاتە گوێی خەڵک ، چونکە ئەگەر مەردووم بزانن  بۆ وێنە مزگەوتێک کە دەگوترێ ماڵی خودایە ئیتر بۆ کچێک، ئیتر بۆ ژنێک ، ئیتر بۆ منداڵێک شوێنێکی لەبار نییە ، شوێنێکی ئەمن نییە، بنەماڵەکانیش کاتێک بەو مەسەلەیە بزانن ئیزن نادەن منداڵەکانیان ڕوو لەو ناوەندانە بکەن و پێش بە بە پەرەسەندنی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە و ئەو جۆرە بیرکردنەوانە  دەگیرێ. ئەوە یەکێک لەو شتانەیە کە ئێمە زۆر لە بەرچاومانە و هەر وەک دەزانن لە ووڵاتێکی نەریتی وەک ئەفغانستان  توێژی پیاوانی دینی حەسانەیەکی تایبەتییان هەیە و ئێمە دەمانەوێ کەمێک تەحەدا لەو مەسەلەیە بکەین و هیوادارین بتوانین تا ڕادەیەک ئەو مەسەلەیە بگۆڕین. شێوەی چاو لێکردنی کۆمەڵ ، دەوڵەت لەو ڕوحانییەتە و لەو ناوەندانە هێندێک بگۆڕین.
پوویا عەزیزی: ئیزن بدەن لە خانمی سیلەی غەفار پرسیارێکی دیکە بکەم. خانمی سیلەی غەففار ژنان بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان  ڕێک بخەن لە ئاست ئەو هێرشانە تەنانەت ئەگەر کۆمەڵی پیاومەزنی و دەوڵەت نەیەوێ پاشەکشە بکا و مافی ئەوان ڕەچاو بکا،ئەوان 
خۆیان دەبێ چ بکەن؟


سیلەی غەففار: لەهەموو شت گرینگتر ئەوەیە کە ژنان دەبێ بگەنە ووشیاریی سیاسی خۆیان و ئەرکی کەسانی وەک ئێمە کە ئیدیعای پارێزگاری لە مافی ژن و مافی ئینسان دەکەین ئەوەیە کە ئێمە دەبێ مەردوم ڕوون بکەینەوە، بە تایبەتی ژنی ئەفغان ڕوون بکەینەوە و لە فکری ئەوە دا بین کە ئاستی سیاسیی ژنان هەرچی زیاتر بەرەو ژوور بچێ و تا ئەو کاتەی کە ژن ووشیار نەبێتەوە بە هیچجۆر ناتوانێ بە ئازادیی خۆی بگا. تەبعەن دەبێ حەولیش بدەین بۆ بەرەوژووربردنی ئاستی خوێندەواری ژنان، ئەو کاتە واتە ئەو دەمەی کە هەموو ژنان یەک بگرن دەتوانن بگەنە ئازادییەکانی خۆیان و بۆ ئەوە دەبێ خەباتێکی شێلگیر بکرێ. لە هەموو دنیا ئەوە نیشان دراوە کە لەو ووڵاتانەی دا کە ژنان بە لانی کەمەوە بە ئازادیی بە ڕێژەی خۆیان گەیشتوون ، لەوێ ژنان خۆیان هەستاونە سەرپێ و خەباتیان کردووە. لە بەر ووشیار بوونەوەیان ژنان هەستان بە دژی ملهوڕی، بە دژی زۆرداری و دژی بێعەداڵەتی خەباتیان کرد و  درێژەیان بە خەباتی شێلگیری خۆیان دا تا گەیشتنیان بە ئازادییە ڕێژەییەکان. لە لایەکی دیکەشەوە ئەوەیە کە ئێمە دەبێ لە ڕاستییدا دەوڵەتێکی مەردومی مان هەبێ، یانی دەوڵەتێک کە بناغەکانی لە سەر بنەمای دێمۆکڕاسی و سکولاریسم داندرابێ ، لە حاڵەتێکی ئاوا دا دەتوانین بڵێین ژنان دەتوانن بگەنە جۆرە فەزاییەک بۆ ئەو ئیدیعایانەی ئێمە دەیکەین لەمەڕ وەکوویەکی ژن و پیاو  و ئەوە لە هێندێک ووڵاتان هەیە، بۆ نموونە لە تورکییە و ووڵاتانی دی کە لەگەڵ ئەوەشدا کە موسوڵمانن و ئیسلام هەیە بەڵام لە بەر ئەوەی سیکۆلاریسم دەستەڵاتدارە دیسان وەزعی ژنان باشترە لەو ووڵاتانەی کە بنچینەگرە مەزەبییەکان حاکمییەتیان بە دەستەوەیە . بۆ وێنە ئێران و ئەفغانستان فەرقیان نییە هەردووکیان  بە دەستی بنچینەگرییەوە زاڵەیان دێ. جا بۆیە کاتێک ئێمە دەڵێین دەوڵەت دەبێ لە سەر بنەمای سکولاریسم دابندرێ ، و دین لە سیاسەت جوێ بێ، و دین لە کاروباری سیاسی دا موداخەلە نەکا ...

پوویا عەزیزی: خانمی سیلەی غەففار دەنگی ئێوە تێکەڵ دەبێ، بە داخەوە لێی تێناگەین. خانمی سوڵتانی ئەگەر ئێوە وەکوو دوا قسەتان شتێکتان هەیە فەرموون لەگەڵ بینەرانمان باسی بکەن تا ئەوەی کە بچینە سەر دۆسییەکەی دیکەمان.
زەهرا سوڵتانی: بەڵێ، شتێکی کە من دەمەویست، بە داخەوە سەبارەت بەو مەسەلەیە قسە ناکرێ. بڕوانن مەسەلەی مافی ژنان زۆر مەسەلەیەکی گرینگە و بێگومان دەبێ پێوەی بچاردرێ، بەڵام لەوە باوەڕە دام لەبەر ئەوەی خانمی غەففار زوربەی قسەکانی تەرخان کرد بۆ باسی مەسەلەی مافی ژنان ، ئەمن پێم وایە ئەو مەسەلەیە مەسەلەیەکی تەواو ئینسانی و مەسەلەیەکە گرێدراوە بە سەردەست بوون و حاکمییەتی قانوون و مەسەلەیەکە کە گرێدراوە بە ئەرکەکانی پۆلیس  کە ئایا ئەوان دەزانن ئەرکیان چییە ؟ ئایا دەزانن کە کاتی گرتنی کەسێک یان ئەوەی ڕووبەروو هاتن لەگەڵ ڕووداوێک  نابێ خۆیان داوەری بکەن و بە هۆیەوە کارەساتی ئەوتۆ ڕووبدا . ئەمن پێم وایە کە ئەو بابەت زۆر بەرەو ئاڕاستەیەک دەچێ کە نابێ بچێ . ئەوە لە ڕاستیدا دەرفەتێکە کە کۆمەڵی ئێمە بێ و سەبارەت بە قانوون قسە بکا ، بۆ لە سەر کردنەوەی مافی ژنیش هێندێک تریبوون هەیە ..
پوویا عەزیزی: باشە خانمی سوڵتانی حاکمییەتی قانوون و حاکمییەتی قانوون سەبارەت بە ژنان، لایەنێکی پێوەندیدار دەوڵەتە. خانمی سەیلەی غەففاریش هەر ئاماژەی بەو بابەتە دەکرد کە دەوڵەتیش دەبوا لەو بارەیەوە هاوکاری بکا بەڵام  وا دیارە تائێستا دەوڵەت لەو بارەیەوە چ هاوکاری نەکردووە.
زەهرا سوڵتانی: بەڵێ ئەوە دروستە، بەڵام قسەی من ئەوەیە کە لە حاڵی حازر دا قسەی ئێمە دەبێ جەخت لەوە بکاتەوە کە، ئەگەر وای دا بنێین کە ئەوە پیاوێک بووە و ئاگری لە قورئان بەرداوە و کووشتوویانە، لێرە دا قسە لە سەر کەمتەرخەمی پۆلیسە، قسە لە سەر بیرکردنەوەی بنچینەگرانەی ئیسلامی کۆمەڵی ئەفغانستانە ، باسەکە دەبێ بەرەو ئاڕاستەیە بچێ کە  ئێمە چۆن دەتوانین شاروومەندەکانی خۆمان بپارێزین!
پوویا عەزیزی: یانی ئێوە زیاتر جەخت دەکەنەوە لە سەر لایەنی  پەروەردەیی مەدەنی ئەو بابەتە و زیاتر حەول دەدەن پەروەردەی مەدەنی لە کۆمەڵ دا زیاتر پەرە پێبدەن کە تاکووتەرا، سازییەکان و مەردوم بتوانن زیاتر ناسیاو بن لەگەڵ قانوونێتیی لە کۆمەڵ دا و خانمی سەیلەی غەففار لە لایەکی دیکەوە حەولیان دا کە ڵە ڕوانگەی سیاسیشەوە چاو لەو بابەتە بکەن.
زەهرا سوڵتانی: بەڵێ، بەڵێ! لە ڕوانگەی سیاسیشەوە دەکرێ لێی بڕواندرێ . لە ڕاستیدا دەکرێ گوشار بهێندرێ بۆ سەر دەوڵەت  کە هێندێک بەرنامە بەڕێوەبەرێ، هێندێک لە سەر چلۆنایەتی بۆ نموونە لە پەروەردەی ئەو پۆلیسانەی لە سازی و دەستگا قەزاییەکان دا کار دەکەن ئاڵوگۆڕ پێک بهێنن ، بەڵام قسە لە سەر ئەوەیە کە من لەگەڵ ئەوە ڕێک نیم  کە ئەو  مەسەلەیە مەسەلەیەکی زەبرو زەنگە بە دژی ژن. ئێوە تەنانەت  ئەگەر تەماشای ئەو ڤیدێئۆی ئەو کەسانە بکەن کە  فەرخوندەیان وەبەر بەردان داوە، یەکێک لەو کەسانەی کە بەردێکی گەورە دێنێ و سەری فەرخوندەی پێ دەکوتێ دەڵێ من هەر لەوێ نەبووم خەریک بووم بەوێدا تێدەپەڕیم بە منیان گوت  کە پیاوێکی مەسیحی ئەمریکایی ئاگری لە قورئان بەرداوە ، یانی لەوێ دەنگۆی زۆر هەبووە.
پوویا عەزیزی: ڕاستە خانمی سوڵتانی، لەوێ دەنگۆی جۆر بە جۆر هەبووە بەڵام ئێمە ناتوانین باس لە هەموویان بکەین  لە بەر ئەوەی ئەو لایەنانەی کە دەنگۆکانیان ساز کردووە لە بەرنامەکەمان دا  بەشدار نین. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم کاتە کورتەی بەرنامەکەی ئێمە و لە بەر ئەوەی دۆسییەی دیکەشمان هەیە داوای لێبوردنتان لێ دەکەم  و دەبێ ماڵئاواییتان لێ بکەم  و هەر وەها لە خانمی سەیلەی غەففار  بۆ ئەوەی بچینە بەشێکی دیکە لە بەرنامەکە و ئەو قسانەمان گوێ لێ بێ کە خانمی سیمین غەزەل حەسەن زادە هێناویانەتە گۆڕێ ، ئێمە قسەمان لەگەڵ کرد ، ئەو  نکووڵی لەو قسانە دەکا و ئەو تێچن و وێنانەی لە فەیس بووک دا بڵاو کرابوونەوە ڕوون دەکاتەوە. ئێستا گوێمان لەو وتووێژە کورتە دەبێ بۆ ئەوەی دوایە بچینە سەر بابەتی دیکە.
وتووێژی ئاستە کراو لە گەڵ سیمین غەزەل حەسەن زادە، جێگری وەزاڕەتی پەروەردەی ئەفغانستان
سیمین غەزەل حەسەنزادە: ئەمن لێرە دا سەبارەت بەو دەنگوباسە خەتای خۆم قەبووڵ دەکەم نەک لەبەر  پاراستنی مانەوە و دەستەڵات ، لە بەر ئەوەی نەدەبوو ئەمن زوو بە بیستنی ئەو خەبەرە نەدەبوو تەنانەت ڕستەیەکیش بنووسم، دەبوو خەبەرەکە بە تەواوی بۆ من ڕوون بووباوە، دوای ئەوەی بکەرەکانی دەناسران، ڕەهەندەکانی قەزییە کە دەزانرا ئەو دەم ئەمن دەبوو بیر وڕای خۆم دەر بڕیبا. بەڵام وەکوو موسوڵمانێک ، ئاشکرایە کە پێڕۆی هەر ئایینێک دەبێ ببێ پیرۆزییەکانی بۆی گرینگە چ یەهوودییەت، چ مەسیحییەت ، چ ئەهلی هنوود. ئەمن وەکوو موسوڵمانێک کاتێک دیتم، بیستم و خوێندمەوە کە ژنێک ئاگری لە چەند بەرگ قورئان بەرداوە ، چ ژن بێ ، چ پیاو، ئاگر دە دڵم بەر بوو  ئەمن نووسیم کە خەڵک بۆ پاراستنی باوەڕە دینییەکانی خۆیان بە گیان و دڵ بەرگری دەکەن و لە ڕستەی دواتر دا ئایەیەکی قورئانم هێناوە کە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە خودا دەڵێ ئێمە ئەو کەلامەمان نارد و ئەمن دەی پارێزم. ئەوە هیچ باسی ئەوەی تێدا نییە کە من بۆچی ئەوەم نووسیوە و ئەگەر مەردمیش لە بەر سووتاندنی قورئان کەسێک ، چ ژن، چ پیاو هەر کەسێکی دیکەیان سووتاندووە، ئێوە مەبنە کاسەی داغتر لە ئاش چونکە خودا دەیپارێزێ. هەر ئەوانە هاتوون ئەو ڕستەیەی منیان سوور کردووە و لە سەر وێنە خوێناوییەکانی ئەو یایە بێ سووچە و وێنەیەکی ژنێکی دیکەیان بڵاو کردووەتەوە و دەستاودەستیان پێ کردووە لە فەزای فەیس بووک و لە فەزای مەجازی و بە ڕستەی قێزەوەن و بوختانی زۆر شەرمهێنەر کە بەمنیانەوە لکاندووە ، بوختانی ئەوەیان بە من کردووە کە گۆیا موعین (جێگر)ی وەزاڕەتی پەروەردە ڕوانگەی کاربەدەستێکی پەروەردە ئاوایە و پشتیوانی کردووە لە جینایەت بە دژی ژنێک . وەڵاهی لەو خەبەرە دا کە ئێوەش بۆخۆتان دەکرێ لە فەزای فەیس بووک دا ئەسڵی پۆستەکەتان پێ نیشان بدەم لەوێدا نە باسی فەرخوندە کراوە نە باسی ڕەهەندەکانی جینایەتەکە کراوە، تەنیا بەکارهێنەڕێک خەبەرێکی بڵاو کردبووەوە و من زوو بە پەلە جووڵامەوە ، بەڵام بۆ دیفاع لە قورئان ئەوەم نووسی نەک بۆ دیفاع کردن لە جینایەت بە دژی ژنێک . باشە! بەڵام دوایە کە من گبە ڕەهەندەکانی ئەو جینایەتەم زانی لە ڕێگای دیمەونی ڤیدێئۆیی یەوە کە بڵاو بوونەوە و من دیتمن سوێندم بە خودا، سوێندم بە ئینسانییەت کە لەگەڵ هەموو تازیەباران فرمێسکم هەڵڕشت  و ئەو جینایەتەم مەحکووم کرد ، دڵم شکا، وەلەرزە کەوتم کە چۆن کەسانێک کە سانێک لە دێوجامەی دین، لە دێوجامەی موسوڵمان  کەلک وەردەگرن و جینایەتێکی ئاوای دژی بەشەری دەکەن. بەڵام ئیدی ئەو دەمی درەنگ ببوو، خەڵک، بەکارهێنەرانی فەیس بووک ، بەکارهێنەرانی دنیای مەجازی  بوختانەکانیان لە بەر هەرچی بووبێ دیارە بۆ ڕووخاندنی کەڕامەتی سیاسی من، بۆ ئەو گرێیانەی کە ڕەنگە لە ئاست من دە دڵیان دا بووبێ ، یان ڕەنگە لە بەر ئێرەیی بردن بە من لەو قسەی من کەلکیان وەرگرت و لە تەواوی دنیا دا بڵاویان کردەوە کە بەڵێ ژنێک لە جینایەت بە دژی زنێکی دیکە دیفاعی کردووە و پشتیوانی لێ کردووە. ڕاستی بابەتەکە ئەوە بوو کە گوتم و ئەمن تا دوایین دڵۆپە خوێنی کە دە بەدەنم دابێ لە بیروڕای خۆم بەو شێوەیە دیفاع دەکەم کە ڕستەکەی من گێڕانەوەی ئایەیەکی قورئان بووە لە پۆستێک دا کە هیچ جۆرە پشتیوانییەک لە ڕەهەندی جینایەتەکە و ئەو کردەوە نا ئینسانییەی کە بە دژی فەرخوندە کرا بوو نیشان نادا و هیچ وێنەیەکی فەرخوندەشی تێدا نەبووە. چەند سەعات دواتر کە ڕەهەندەکانی ئەو جینایەتە بۆ من ڕوون دەبێتەوە و من لە بەر پەلەپەلیان نەکرا لە خوارەوەی پۆستەکە دا کامێنت بنووسم  داوای پەشیمانیم کرد، داوای لێبوردنم کرد لە بەکارهێنەران کرد کە بەڵێ هەستە ئیسلامییەکانی من ئەمنی ناچار کرد کە ڕستەیەکی ئاوا بنووسم ، بەڵام ئەو جینایەتە ڕەهەندەکانی زۆر بەربڵاوترن.
پووپا عەزیزی: ئەوە قسەکانی خانمی سیمین غەزەل حەسەنزادە بوو جێگری وەزاڕەتی پەروەردەی ئەفغانستان لە پێوەندی لەگەڵ کامێنتێک دا کە لە فەیس بووک داینابوو و بوو بە بابەتێکی دڕکاوی و قسەی لێ ساز بوو. بەڵام کووژرانی فەرخوندە بوو بە هۆی پڕۆتیستی زۆر لە هەموو جێگایەکی جیهان. ئەفغانستانییەکان لە هەموو جێگایەکی دنیا لەگەڵ ئەو پڕۆتێستانە کەوتن ، بەشێک لەوانە دەبینین و دوایە درێژە دەدەین بە بەرنامەکەمان.
پوویا عەزیزی: و ئێستا لە سەر هێڵی تەلەفوون خانمی مەلالی جوویا سیاسەتمەداری ئەفغانستانیمان لەگەڵە . ئێمە داوامان لێ کرد لەم بەرنامەیەی ئێمە دا بەشداری بکا و پەیامی خۆی لەو بارەیەوە ڕا بگەیێنێ. خانمی جوویا ئەگەر گوێتان لە دەنگمە سڵاوتان لێ بێ و ئێمە چاوەڕوانی پەیامی ئێوەین:

مەلالی جوویا، ئەندامی دەرکراوی لوویی جەرگە و کەسایەتی ناسراوی ئەفغانستان


مەلالی جوویا: سڵاو لە ئێوە و هەموو بیستەرانی بە حورمەت. ئەمنیش بە نۆرەی خۆم جینیایەتی نائینسانی و دڕندانە بە 
دژی فەرخوندەی مەزلووم کە لەلایەن ئاڵاهەڵگرانی دین مەحکووم دەکەم و سڵاو دەنێرم بۆ ڕووحی پاکی فەرخوندەی خۆشەویست. ئەو جینایەتە و ئەو محاکەمە سەحراییە لە لایەن جینایەکارانی سەدەکانی نێوەڕاست ، ئەویش لە نێو دڵ وهەناوی کابول دا بووە هۆی واق ووڕمانی جیهان و دڵی هەموو ئینسانە شەریفەکانی وە ژان هێنا.  فەرخوندەی گەنج کە ٢٨ سال لە بەهاری تەمەنی تێنەدەپەڕی بەدەستی سەرسەرییەکانی جاهیل و دین فرۆش بە تاوانی قورئان سووتاندن لە پێش چاوی خەڵک بە شێوەیەکی قێزەوەن و زاڵمانە ئاگری تێ بەردرا ، کوشتنی فەرخوندە بەو شێوەیە  بە ڕێکەوت نەبوو بەڵکوو پێشاوپێش پلانی  بۆ داندرابوو ، ئەو دڕندانە کە خۆیان بە سالاری دین دا دەنێن وەک سەییاف و سماییل خان و جینایەکارەکانی دی دژی ژن وا ئێستا بەشێکن لە دەستەڵات دەستیان دەو داهەیە بۆ ئەوەی ژنانی ئێمە بترسێنن  و جینایەتەکانی ساڵانی ١٩٧٠کان وەبیر خەڵکی ئازارچێشتووی ئێمە بهێننەوە و هێز و قەوەتی خۆیان ڕا بنێن . بکەری ئەو جینایەتە  چەند لوومپەنی وەک  شەڕەف ... نین بەڵکوو ئەو کەسانەن کە لە کۆشکەکان دا دانیشتوون و لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەی ڕابردوو دا لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕا پشتیوانییان لێ کراوە و دەکرێ و بکەرانی ئەو جینایەتە ئەوانن. هێزەکانی ئەمنییەتی ئەفغانستان و پۆلیس  ئەو جۆرەی لە ڤیدێئۆیەکاندا دەبیندرێ لەوێ هەر چاوەدێر نین بەڵکوو شەریکی ئەو تاوانکارییەن. ئەمنییەتێکی کە سەرۆکەکەی جینایەتکارێکی وەک علوومی بێ کە ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆشە، نەک هەر دادخوازی ناکا بەڵکوو تێدەکۆشن وەک ئەو جینایەتانەی کە بە دژی فەرخوندەکانی دیکە کراون لە بیر بکرێن یان بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک  بە گرتنی چەند لومپەن کارێکی وا بکەن تا شەپۆلی تووڕەیی مەردومی ئێمە بەربەست بکرێ. ئەمن سپاسی خەڵکی خۆمان دەکەم کە دەستیان کرد بە پڕۆتێستی هەراو و نیشانیان دا لە بەر جینایەتی ئاوا دا ترسیان ڕێ نانیشێ بەڵکوو دەنگی دادخوازی خۆیان بە یەکگرتوویی بەرز کردەوە و ئەوە خۆی ووشیاری خەڵکی ئێمە دەسەلمێنێ . لەگەڵ تەقدیر لە ئاست ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان ، هەزاران جار لەعنەت و بێزاری دەنێرم بۆ کەسانی وەک سیمینی حەسەنزادە،حیشمەتی... ، مەلا نیازی ، زەڵمەی زابلی و نائینسانەکانی دی کە ئەو جینایەتەیان تەئیید کرد و وێژدان و شەڕەفی خۆیان دە بن پێ نا. لە کۆتایی دا سەرەخۆشی ناکەم لە بنەماڵەی فەرخوندەی شەهید ، بەڵکوو وەک زۆر جار گوتوومانە تێدەکۆشم بە  ملە و خەبات تۆڵەی بستێنمەوە . دیتنی ئەو شانۆ بەژان و دڕندەیانە هێزێکی زیاتر دەدا بە من و من داوا لە خەڵکی خۆم دەکەم وەرن ببینە یەک دەنگ و یەک مست نەهێڵین خوێنی پاکی فەرخوندە و فەرخوندەکان ببێتە پێشێلی بەرژەوەندییە خائینانەکانی حاکمە کانی جەهالەت پیشەی سەردەم.
پوویا عەزیزی: سپاستان دەکەم خانمی مەلالی جوویا، سیاسەتمەداری ئەفغانستانی. پارتی کەژار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارەیەوە بەیانییەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێ ئەو هەڵسوکەوتە نموونەیەکە لە زالمیی قەلبی زیهنییەتی پیاو مەزن لە کۆمەڵی ئەفغانستان دا. ئێستا گوێمان لەو بەیاننامەیە دەبێ و دیسان لە ستودیو لەگەڵتان دەبین.
 پوویا عەزیزی: دوایین میوانی ئەم بەرنامەیە  لە سەر هێڵی سکایپ خانمی مەریەمی مەسیح تێکۆشەری ئەفغانستانی یە. خانمی مەسیح ئەگەر  دەنگی من دەبیستن بەخێر بێن بۆ بەرنامەی ئێمە.
مەریەم مەسیح : لەگەڵ سڵاو بۆ ئێوە ئاغای پوویای  عەزیزی و هەر وەها بینەرانی عەزیز، هیوادارم هەموان  ساغ و سڵامەت بن. من دەمەوێ بە کورتی باسی پێشینەی بارو دۆخی ژنانی ئەفغانستان لە بەرنامەی ئێوە دا بۆ بینەرانی خۆشەویست باس بکەم.
پوویا عەزیزی: لە ڕاستیدا پرسیاری منیش لە ئێوە هەر لەو ڕێبازە دا بوو کە ئەو قەتڵەی کە کراوە پێشینەی چ بووە و چ بە سەری ژنانی ئەفغانستان هاتووە و لە چ وەزعێک دان؟
مەریەم مەسیح: بەڵێ بەتەواوی. بە داخەوە لەهەموو سەر و بەند و بڕگەیەک دا کۆمەڵی ئەفغانستان کۆمەڵێکی پیاو مەزن بووە و لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵە دا کە حکوومەتی ئەفغانستان کاری کردووە و ئەگەر کارێکیش کرا بێ بە داخەوە کەم بووە و تەنانەت دەتوانین بڵێین ناچیز و یا هیچ بووە. بە داخەوە هەمیشە لە لایەن ئێن جی ئۆیەکان و لە لایەن دامەزراوەکانەوە و هەر وەها لە لایەن ئەو ئافیسانەی ڕا کە بە ناوی ژنان ، یان بە ناوی جێندر کراونەتەوە تەنێ لە هۆڵێکی پچووک دا خانمەکان کۆ دەکەنەوە و فێریان دەکەن سەبارەت بە ماف و حقووق و جێندر کە تەنانەت هێندێکان لە ماناکەشی تێ ناگەن. هەر بۆیەشە کە ئەگەر ئێوە لە چەند ۆرک شاپ یان چەند خول بە دوای یەک دا بەشداری بکەن  بەداخەوە لە هەر ۆرک شاپێک دا و لە هەر بەرنامەیەک دا لە ژێر ناوی چیندر یان ناوی ژن ئێوە هەر گوێتان لە هەمان ئینسانە جۆر بە جۆرەکان و هە هەمان بابەتەکان دەبێ. و بە داخەوە لە سەر بنەما کار نەکراوە و لە ڕووی جەماوەرییەوە کار نەکراوە و هەر تەنێ فوکوس کراوە لە سەر ئەو ۆرک شاپانە و تەنێ بەوشتانە بەس کراوە. بە داخەوە ئێمە دەبێ لە سەرەتاوە دەست پێبکەین و کاری سەرەتایی بکەین. من شتێک بە نموونە باس دەکەم. کاتێک ئێمە دەمانەوێ منداڵی خۆمان لە خوێندنگە نێونووس بکەین  یەکەم شتی کە لێی دەپرسن ناوە و ئەویش ناوی باوکە و هیچ کات سەرنج نەدراوەتە سەر ناوی دایک. لە زۆربەی ووڵاتانی دنیا ناوی دایک زۆر زۆر گرینگە و  دەوری دایکیش زۆر زۆر گرینگە ، بەڵام لە ئەفغانستان نا، ئەگەر ئەو منداڵە گەورە بێ و بگاتە تەمەنی ژوورووتریش ئەگەر بیشی کووژی باسی ناوی دایکی خۆی ناکا و هەر وەها کاتێک کە دەچێتە زانکۆ ئێمە داوای لێدەکەین و پێی دەڵێین ئەتۆ دەبێ ڕووناکبیر بی  و ئەوە زەمانێکە کە دارەکە ئیتر گەورە بووە و ئێمە ناتوانین چاوەڕوانییەکی ئاوامان لێی هەبێ، ڕەنگە بتوانێ ژیان و بیرکدنەوەی خۆی هێندێک بگۆڕێ ، بەڵام هیچ کات ناتوانێ ببێتە ئەو ئینسانەی کە ئەگەر هاتبا و لە تافی منداڵی دا کاری لە سەر کرابا. و ئێمە هەمیشە هاوار دەکەین مافی هاوبەش ، دەبێتە هۆی ساز بوونی یەکسانی  و دەبێ ژن و پیاو یەکسان بن. ئەمن دەمەوێ بڵێم لە ئەفغانستان بەداخەوە زانیارییان داوە بەڵام  تواناییان نەداوە ، بۆ وێنە زۆر لە ژنان لە ئەفغانستان سەربەخۆیی ئابووریان نییە و بە باوەڕی من ئەگەر کەسێک سەربەخۆیی ئابووری نەبێ ، ناتوانێ سەربەخۆیی فکریشی هەبێ. ئیمە لە ۆرک شاپەکان دا هاوار دەکەین کە مافی ئێوە [لەگەڵ پیاوان] یەکسانە ، مافی ئێوە ئەمەیە و ئەوەیە بۆ نموونە پیاوێک ناتوانێ زۆرتان لێ بکا. ئێوە بۆتان هەیە پارێزگاری لە مافی خۆتان بکەن یا دەتوانن ووڵامدەرەوەی خۆتان بن، بەڵام شەو هەر هەمان ژن کە دەچێتەوە ماڵە خۆی بە شووەکەی دەڵێ ئەتۆ ناتوانی ئەم کارە بکەی و ئەو کارە بکەی ، ئەگەر هەمان شەو هەمان شوو شەپڵاغەیەک لە ژنەکە بدا، ژنەکە جێیەکی نییە بۆی بچێ و هیچ سەربەخۆییەکی نییە چونکە دەست لە گیرفانی شووەکە دایە ، ژیانی بەستراوەتەوە بە هەمان پیاو و هیچ سەربەخۆییەکی نییە و هەر لێرە دایە کە ...
پوویا عەزیزی: خانمی مەسیح با من پرسیارەکەم بەم شێوەیە درێژە پێ بدەم بەلە بەرچاو گرتنی کاتی کورتی بەرنامە، ئەو جووڵانەوەیەی ژنان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی خانمی فەرخوندە و ڕێگایان نەدا پیاوان بچنە ژێر تابووتەکەی و خۆیان تابووتەکەیان هەڵگرت . کارێکی ئاوا، پریشکەیەکی ئاوا بۆ هاوپێوەندی ژنان و ڕاهێزاندنیان بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان کۆمەڵی خۆیان بەرەو پێش بەرن و مافی خۆیان لە کۆمەڵێکی پیاو مەزنی دا بە دەزگایی بکەن. بە بۆچوونی ئێوە هەڵسوکەوتێکی دروستە یان ڕەخنەی ئێوە هەیە؟
مەریەم مەسیح: ڕێگام پێ بدەن لە سەرەتاوە زۆر زۆر سپاسی گشت ئەو ژنانە بکەم  کە لەو ڕۆژە دا دەورێکی زۆر گرینگ و بەنرخیان گێڕا و هەر وەها بڵێم  کە تابوویەکی زۆر زۆر گەورە و چەندین ساڵە، یان چەندین هەزار ساڵەیان شکاند و کارێکی زۆر زۆر باش کرد و هەر وەها من پێم وایە ئەوە دەتوانێ شوێنێکی زۆر لە سەر داهاتووی ئەفغانستان بکا. هەر وەها دەمەوێ لە هەموو ئەو دۆستانەی کە لەو ڕۆژە دا چالاک بوون و لە چەندین  گردبوونەوە دا کە لە ویلایەتی هەڕات دا بەڕێوە چوو ،لە ڕۆژێک دا یان لە دوو ڕۆژ لە دوای یەک دوو گردبوونەوە کران ، لە کابول دوو گرد بوونەوە کرا، لە بەلخ و بامیان و هەر وەها لە زۆر لە ووڵاتانی دنیا و هەر وەها ئێمە دوێنێ شەوێ گردبوونەوەیەکمان هەبوو لە شاری واشنگتن دی، سی و لەوێ هەزار مۆم مان بۆ فەرخوندە داگیرساند و هێندێک ووتار دران. ئەمن دەمەوێ ئەو حەرەکەتانە بەدەوام بن تا ئەوەی کە شوێنی خۆی لە سەر کۆمەلی پیاو مەزنی ئەفغانستان بکا. بە داخەوە حکوومەتی ئێمە بە ساڵان ناکام بووە و پێم وایە ئەگەر ئێمە ئامرازی گوشار هێنان نەبین لە سەر دەوڵەت. دەوڵەت هیچ کارێک بۆ ئێمەی ژن نەکا، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەوڵەت ناچارە هەلومەرج ئامادە کا و ئەگەر نایکا ئێمەی ژن دەتوانین ئامرازی گوشار بین لە سەر دەوڵەت. ئەگەر کات هەبێ ئەمن دەمەویست لە سەر کووژرانی فەرخوندە، لە سەر ئەو کارەساتە گەورەیە چەند ووشەیەک بڵێم.
پوویا عەزیزی: دەقیقەیەکمان کات هەیە فەرموو لە خزمەتتان داین!
مەریەم مەسیح: بەڵێ، هەمیشە لە هەموو دینەکاندا، لە جێگای جۆر بە جۆری دونیا ئەوە پێڕۆیانی دینەکانی ئەوێن کە گورزی زۆری لێ دەدەن. و هەر وەها لە ئەفغانستانیش دینی ئیسلام لە لایەن پێڕۆیانییەوە زەبری توندی وێکەوتووە و هەمیشە لە ڕێگای ئاخوندەکان و مەلاکانەوە کە بە شێوەیەکی دیکە و بە زمانێکی دیکە دەست لەو دینەوە دەبەن و چەواشەی دەکەن زەبری زۆری وێ کەوتووە و بە داخەوە فکری لاوانی ئێمەی تێک داوە و ئەوانی هێناوەتە سەر دوو ڕێیان  و هەر کابەکیان شتێک دەڵێن . ئەمن پێم وایە کە باوکی فەرخوندە بە پێی قسەی پۆلیس لەسەرەتاوە گوتوویە کە کچی ئێمە نەخۆشی ڕووحی بووە و دوایە سەنەد و بەڵگەیان نیشان داوە کە ڕۆژێ پێنج جار نوێژی کردووە و مەدرەسەی دینی تەواو کردووە یا کچی ئێمە زۆر ڕێکپۆش و موحەجەبە بووە ، بە بۆچوونی من ئەگەر کچ موحەجەبە نەبێ ، ئەگەر کچ خوێندنی دینی نەبوو، ئەگەر کچەکە کافریش بایە ، حەڕەکەتێکی ئاوا، کارەساتێکی ئاوا ئەویش لە یەک کیلۆمیتری کۆشکی سەرۆککۆماری دا ئەفغانستان دا ، لە ڕاستیدا و لەو ڕاستیدا کارێک بوو بە دوور لە چاوەڕوانی، کارێکی زۆر زۆر قیزەوەن  بوو و کارێک بوو کە هیچ کات ئێمە ژنانی ئەفغانستان لە بیری ناکەین و هیچ کات لە بەرانبەری دا بە ئارامی دانانیشین و تا بتوانین و تا ڕيگ لە بەدەنمان دایە و تا خوێن لە ڕەگمان دایە ئێمە بەرگری دەکەین، ئێمە خەبات دەکەین .

پوویا عەزیزی: سپاستان دەکەم خانمی مەریەمی مەسیح بۆ بەشداری لە بەرنامەکەمان دا.   
















No comments: