Tuesday, June 7, 2016

ژیان و کارەکانی موری بووکچین ؛ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جانێت بیل

   
   
چاوپێکەوتن  لەگەڵ جانێت بیل، نووسەر، بژارکاری کتێب و هاوژینی موری بووکچین
تێلێڤیزۆنی ستیڕک، بەرنامەی ڕاوێژ
ئەم بەرنامەیە لە ڕۆژی دووشەمە ٢٣-ی مانگی مەی ٢٠١٦  ئاستە کرا و ئێوارەی
یەکشەمە ٥-ی ژووەنی ٢٠١٦ بڵاو کراوە

بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین  لە بەڕێز جانێت بیل. جانێت بیل نووسەرێکی ئەمریکایی یە  کە بەساڵان  وەک هاوژینی نەمر موری بووکچین بەیەکەوە ژیاون و لە سەر کارەکانی زۆر شتی نووسیوە، زۆر کاری کردووە. پێش ئەوەی دەست بە پرسیارەکانمان بکەین دەمەوێ بەڕێزیان بناسێنم. ئەگەر ئیزن بدەی بە کوردی هێندێکت بناسێنم بە بینەران !
جانێت بیل وەک باسم کرد  نووسەرێکی مژاری  سیاسی یە، بە تایبەتیش لە سەر ' شارەدارێتی ئازادانە ' و هەر وەها  ' ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی ' کاری کردووە.  ئەوە دیارە ئەوە کۆمەڵەی فکرانەیە کە لە لایەن موری بووکچینەوە  کاری بۆ کراوە. بیل کەسێکە ڕەخنە لە فێمینیزمی ئێکۆلۆژیستی دەگرێ. لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئەنیستیتووی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی دا خوێندی و لەوێوە دەستی کرد بە هاوکاری هەتاهەتایی لەگەڵ بووکچین. بە شێوەیەکی بەردەوام و چڕو پڕ کاری لەگەڵ کرد و لەماوەی بیست ساڵی دواتر دا و بە تایبەتی  لە سەر شیکردنەوە و باس کردنی ئێکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی لە ماڵی خۆیان لە بێرلینگتن، لە ڤێرمانت لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە ساڵی ١٩٨٧ وە تا ساڵی ٢٠٠٠  لەگەڵ بووکچین ڕۆژنامەیەکیان بڵاو دەکردەوە بە ناوی : ' گرین پێرسپێکتیفس ' ، یانی ڕوانگە کەسەکەکان. کە دوایە ناوەکەی گۆڕا بوو بە ' لێفت گرین پێڕسپێکتیفس '. بیل ' هەڵبژاردەیەک لە نووسینەکانی بووکچین ' ی ئێدیت کردووە و هەر وەها سەرەتای بۆ نووسیوە بە ناوی ' ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی و شارەدارێتی ئازاد ' کە لە ساڵی ١٩٩٨ بڵاو بووەتەوە، ' فکر کردنەوەی دووبارە لە سیاسەتەکانی ئێکۆ فێمێنیستی ' ، ئەو دەرسانەی کە دەکرێ لە تەجروبەی ئەڵمان وەربگیرێ.
بیل هەر وەها نووسەری ژمارەیەکی زۆر مەقالە و ووتارە لە پێوەندی لەگەڵ بیروباوەڕەکانی بووکچین دا، بە تایبەتی سەبارەت بە ' شارەدارێتی ئازادانە ' ، ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی، ئێکۆ فێمێنیزم '  بووکچین ئەو سەرەتاییەی کە جانێت بیل بۆ ' هەڵبژاردەی نووسینەکان ' ی نووسیوە بە باشترین سەرەتا دەزانێ کە بۆ کارەکانی نووسرابێ.
بیل هەر وەها پشتیوانی مافی کوردیشە لە باکووری کوردستان و  تورکییە  و بە تایبەتی لەگەڵ ئیدەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان ئاشنایەتی پەیدا کردووە . بەڕێز ئوێجاڵان لە زیندان دا ئیمکانی بووە بەشێک لە نووسینەکانی بووکچین بخوێنێتەوە و پێی خۆش بووە پێوەندی پەیدا بکا لەگەڵ بووکچین کە لە بەرنامەکە دا لە سەر ئەو مەسەلەیە زیاتر لە گەڵ بەڕێزیان قسە دەکەین.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ یانی لە دوای وەفاتی بووکچین جانێت بیل پێوەندی پەیدا کردووە لەگەڵ چالاکی و پشتیوانی کردن لە مەسەلەی کورد. لە ساڵی ٢٠١١ کتێبی  " ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک لە باکووری کوردستان " ی لە زمانی ئەڵمانییەوە کردووەتە ئینگلیسی  و لە ساڵی ٢٠١١ بەم لایەوە خۆی لە ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەک بە دوور دەگرێ و وەک کەسێکی سوسیال دێمۆکڕات خۆی دەناسێنێ.بەڕێز بیل هەر وەها یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی نێونەتەوەیی بۆ  بەرگریکردن لە بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان کە  لەم بەرنامەیە دا قسەی لە سەر دەکەین . لە بەشی یەکەمی بەرنامەکەمان  دا زیاتر لە سەر بووکچین ڕادەوەستین.



قازی : سپاس بۆ بەسەبربوونت و دیسان بەخێر بێی بۆ ئەم بەرنامەیە ، بەر لەهەموو شت پێم خۆشە بزانم چۆن لە گەڵ بووکچین پێوەندیت پەیدا کرد؟
بیل : سپاست دەکەم حەسەن بۆ ئەوەی بانگت کردووم بۆ بەرنامەکەت. ئەمن لە ساڵی ١٩٨٦ پێوەندیم لەگەڵ بووکچین پەیدا کرد کاتێک لە شاری نیۆیۆرک دەژیام و دەچوومە خوێندنگەیەک کە ئەو هاوێنان دەرسی تێدا دەگوت لە ڤێرمانت کە ویلایەتێکە لە باکووری شاری نیۆیۆرک و زۆر نزیکە لە کانادا. ئەو لەوێ خوێندنگەیەکی هەبوو و تێیدا ئیدێئۆلۆژییەکی بە دەرس دەگوتەوە بە ناوی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی. و لە ڕاستییدا من هاورێیەکم هەبوو کە ئەویش لەوێ دەرسی دەگوتەوە ، ئەمن لەو دانیشتنە دوو حەوتووییە دا بەشداریم کرد و زۆرم پێ خۆش بوو!
قازی: بەر لەوە ئەتۆ هیچ مرخت نەبوو بۆ سیاسەت ؟
بیل: با مرخم هەبوو بۆ سیاسەتی کەسک

قازی: ئەمن پێم وایە ئەتۆ لە بەشی تیاتریش دا خوێندووتە؟
بیل: ڕاستە. ئەمن پێشتر تیاترم خوێند بوو، هونەرم خوێندبوو و  وەک ئێدیتۆری کتێب کارم دەکرد بۆ وەشانگەران لە نیۆیۆرک و هێشتاش ئەو کارە دەکەم.
قازی: کە وابوو بە دەم ئەو خوێندنەی هاوینێ بەڕیزت مەیلت تێدا پەیدا بوو لەمەڕ ئیدەکانی بووکچین ؟
بیل: بووکچین ئانارشیست بوو ، ئەو وەک ئانارشیست ناسرا بوو، بەڵام ڕاستت پێ بڵێم ئەوە شتێک نەبوو  ئەمن حەزم لێی بێ. ئەمن حەزم لەو سیاسەتە تازەیەی لە مەر ئێکۆلۆژی بوو کە ئەو قسەی لێوە دەکرد، کە تێیدا خەڵک دەتوانن یەکتری ڕاهێزێنن [بە هێز بکەن] و لە ئاستی ڕوو بە ڕوو، لە هەبوون یان لە نەبوونی دەوڵەت دا. ئەو باسی پێویستی هەبوونی بزووتنەوەیەکی کەسکی دژی کاپیتالیستی دەکرد کە ڕادیکال بێ و دژی دەوڵەت- نەتەوە بێ ، چونکە ئەو شتانەی بە مەکۆ و هۆکاری قەیرانیی ئێکۆلۆژی دەزانی.

قازی: ئێستا ئەتۆ باسی ساڵانی ١٩٨٠ کان دەکەی وایە!
بیل: ئەرێ ، کۆتاییەکانی  ١٩٨٠کان. هەر تەنێ ئەوەش نا، ئەو فەلسەفەیەکی هەبوو کە لەگەڵ ئەو بۆچوونانە بوو  و بزووتنەوەیەکی سیاسیش کە ئەو دەیویست ڕێکی خا. جا بۆیە بەڕاستی زۆرم حەز لەو تەرکیبە بوو و کاتێک بانگهێشتنی کردم بچمە بێرلینگتن لە ڤێرمانت و کاری لەگەڵ بکەم  گوتم باشە، بڕیارم دا لە هۆدەی دانیشتنەکەیدا فەلسەفە و سیاسەتی لەگەڵ بخوێنمەوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر بکەم ، ئەو دەمی ئەو مامۆستایەکی خانە نشین بوو  و لە هەمان هۆدە لە شەوەکانی دیکەی حەوتوو دا  کۆبوونەوەی دەستەیەکی سیاسیمان دەبوو واتە کۆبوونەوەی
 ' کەسکەکانی بێرلینگتن '. ئێمە کارمان دەکرد لە پێناو ساز کردنی سیاسەتێکی ئێکۆلۆژی لە بێرلینگتن – ڤێرمانت.
قازی: لەو سەرەتایەی دا کە ئەتۆ بۆ ئەو  کتێبەت نووسیوە کە لە سەر کارەکانی بووکچین ە لە جێگایەک دا دەڵێی:
بووکچین پێی وایە : " خەڵک خۆیان بە سەری خۆیان ئامانجن  و ئامرازی ئەوە نین کە لە دژی یەکتری بەکار بهێندرێن" دەکرێ ئەوە زیاتر شی بکەیەوە!
بیل: ئەو دژی بە ئامراز کردنی خەڵک بوو ، ئەوە قسەیەکی گەورە نییە، ئەو پێی وا بوو لە ژێر سیستمی هەنووکەیی دا خەڵک لەوە ڕووتنێدراونەتەوە کە بتوانن لە ڕووی سیاسییەوە هەڵسوکەوت بکەن، تەنێ دەچنە پای سندووقان و دەنگ دەدەن!

قازی: مەبەستت لە سیستمی کاپیتالیزم دایە ؟
بیل: ئەرێ کاپیتالیزم، ئەوان هەر چەند ساڵەی جارێک دەچن دەنگ دەدەن بە نوێنەران  و دوایە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێ وەک ڕانە مەڕ سەر بەردەنەوە  و بێڵێن ئەو نوێنەرانەی هەڵیان بژاردوون بڕیاریان بۆ بدەن. ئەو لەو باوەرە دا بوو ئەوە زۆر خراپە، هەر وەها باوەری بە ئەوەش هەبوو کە کاپیتالیزم چەمکی هاووڵاتێتیی کەمڕەنگ دەکا و لەناوی دەبا و خەڵک دەکا بە مەسرەفکار، مەسرەفکارانی تاقەکەسیی ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ بەرژەوەندی سیستمی کاپیتالیستی بەرهەم هاتوون ، ئەو دەیوست چەمکی هاووڵاتێتی ساز کاتەوە، بیژێنێتەوە و پێی وا بوو ئەوە تەنێ لە ئاستی ناوچەیی دا دەکرێ ، لە سیستمێکی لەناوەند دابڕاوی سیاسی دا ، کە لە سەر بنەمای سوێ و مەسرەفی تاقە کەسیی هەڵنەنرابێ، بەڵکوو لە سەر بنەمای ژیاندنەوە و سازکردنەوەی کۆمەڵگەکان بێ لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا، کە دیارە ئەوە کارێکی زۆر دژوار بوو، چونکە ئێمە ووڵاتێکین کە بناخەی تا رادەیەکی زۆر لە سەر فەردییەت و خۆ ویستی داندراوە. ئەو پێی وا بوو ئەوە تەنیا ڕێگایەکە بۆ سازدانی سیاسەتێکی ئێکۆلۆژی چونکە ئەو دەستەڵاتەی کە بڕیار دەدا سەبارەت بەو شتانەی کە شوێن دەکەن لە سەر جیهانی نەتەوەیی  دەبێ لەلایەن خەڵکەوە خۆی بێ نەک لە لایەن شەریکەگەورەکان و خاوەن پیشەسازییەکان. چونکە خەڵک خۆیان لە ئاستی نەتەوەیی دا زۆر بە هەستترن بۆ پاراستنی هاویردۆر تا ئەوەی  کە کاپیتالیزم بیان چەوسێنێتەوە  بۆ سەدەمە دان لە هاویردۆر.
قازی: هەر لە هەمان ئەو سەرەتایە دا کە تۆ نووسیوتە لە زمان بووکچینەوە دەڵێی: " خەڵک دەتوانن کاروبارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن بە بێ ئەوەی چاویان لە دەستی دەوڵەت بێ " ! بەو قسەیە بووکچین پێی  وابوو کە ئیدەی
" دەوڵەت " لە سەردەمی هاوچەرخ دا ئەرکی پێشووی نەماوە؟ یان مەبەستی چ بوو ؟
بیل: ئەو پێی وا بوو دەوڵەت تەنێ سەرچاوەی زاڵبوونە و ناهێڵێ خەڵک چالاکانە لە سیاسەت دا بەشداری بکەن. ئەو دەیویست ئەنجومەنی شارومەندان پێک بهێنێ لە سەر بنەمای هێندێک مۆدێلی کە لە مێژوو دا هەبوون. کە ئەو دەمی خەڵک لە یەک کۆ دەبوونەوە لە ئەنجومەنان دا و ئەو بابەتانەیان دەهێنا گۆڕێ و بە ڕێگای بڕیار دانی دێمۆکڕاتیک دا دوای ئەوەی قسەیان لەسەر دەکرد  پێیانەوە دەچاران و دەنگیان لە سەر دەدا. لە نموونەکانی ڕابردووی مێژوو دا وەک لە یۆنانی کۆن دا لەو ئەنجومانە دا ڕێگای ژنان نەدەدرا، ڕێگای نا ئاتێنییەکان نەدەدرا ، بەڵام هەڵبەت لە جۆری مۆدێڕنی ئەو دامەزراوانە دا ژنان دەهێندرێنە ناوەوە، چ کۆیلەتی لە گۆڕێ دا نابێ هەر وەک ئەوەی لە ئاتێن هەبوو ، خەڵکی سەر بە ئێتنیسیتی جیاواز ، سەر بە کەمایەتی جیاواز هەمووی باوەشیان بۆ دەکرێتەوە وەکوو شارومەند. بووکچین ئەو چەمکەی وەک شارومەندان لە زەین دا بوو نەک وەک چەمکێکی دەپەراوێز هاوێژ. چەمکێک کە جیاوازیی هەموو لایەکان کۆ دەکاتە، خەڵکی سەر بە جینسییەتی جیاواز، ئێتنیستی جیاواز و دینی جیاواز دەتوانن بە شێوەیەکی یەکسان وەک شارومەند لەو ئەنجومەنانە دا و لە بڕیار دان دا  بەشداری بکەن.
قازی: بەڵام پرسیار ئەوەیە داخودا ئەو ڕاهێزاندنە [ هێز وەبەرنانە]  دەلوێ  لەکاتێکدا کە هێشتا دەوڵەت هەیە؟ بۆ نموونە  ئەگەر ئێستا تەماشای نەزمی جیهانی بکەین  ئێمە هێشتا گۆیا دەوڵەت – نەتەوە مان هەن . ئیدەکانی وی لە مەڕ دەوڵەت – نەتەوەکان چ بوو ؟
بیل: دیارە هەڵبەت ئەنجومەنێکی پچووکی شارومەندان لە گەڕەکێکی شاری دا بە سەری خۆی ناتوانێ بە دژی دەوڵەت – نەتەوە شەڕ بکا ، جا بۆیە ئەو دەیویست کە ئەنجومەنە جیاوازەکانی شارومەندان لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شاران ، لە شار و شارۆچکە و گوندان لەنێو خۆیاندا کۆنفێدراسیۆن پێک بێنن لە ئاستی ناوچەی بەربڵاوتر دا ، بە تایبەتی لە سەر هەرێمی ئێکۆلۆژی دا ، جا بەو شێوەیە دەتوانن بڕیار بدەن لە سەر ناوچەی هەراو کە لەو ئاستە دا هەموان دەگرێتەوە و بە زێدە بوونی بەشداری زیاتری خەڵک لە ئەنجومەنەکانی شارومەندان دا ، ئەوە ئەو کۆنفێدراسیۆنانە بەهێز دەکا و بە کردەوە ئەو کۆنفێدراسیۆنە دەبێتە هێزێکی دوولایەنە و بەدیلی دەوڵەت – نەتەوە، دەبێتە دەستەڵاتێکی جەماوەری و دەوڵەت – نەتەوە و کاپیتالیزم  لە تەنکەی دەدەن چونکە خەڵک زۆر شاد دەبن بە وەی کە بۆیان دەرەخسێ خۆیان بەشداری بکەن و حکوومەت بکەن بە سەر خۆیاندا تائەوەی کە ئەوانیدی حکوومەتیان بەسەر دا بکەن .
قازی: ئەی ناکۆکی لە نێوان ئەو دوانە دا چۆن دەکرێ ڕابپەڕێندرێ بە ڕێگای توند و تیژی یان بە ڕێگای دیالۆگ دا یان چۆن ؟
بیل: ئێمە هیوا دارین ئەوە بە ڕێگای توند و تیژی ڕا نابێ، بووکچین لەو باوەڕە دا بوو کە لە ئاستی هەرە نزم و پچووک ڕا  خەڵک بەرەو پشتیوانی لەو کۆنفێدراسیۆنە دێن ،
قازی: ببوورە دەکرێ هێندێک  لەسەرەخۆتر قسە بکەی!
بیل: خەڵک لە ئاستی جۆر بەجۆر دا  پشتوانی لە فێدراسیۆن دەکەن و ئەوەش زۆر گرینگە کە ئەڕتەش، ریزە خوارەوەکانی ئەرتەش واتە سەربازەکانیش بەرەو ئەوە دێن کە پشتیوانی لە فێدراسیۆن بکەن ، چونکە لە نموونەکانی پێشووی شۆڕش دا نموونەی ئاوا بیندراوە. واتە لە سەردەمی شۆڕشی فێڤرییەی ڕووسییە دا کە ئەڕتەش  ڕیزی خۆی گۆڕی و هاتە پاڵ شۆڕشگێڕان. ئێمە هیوادارین ئەوە بە هێمنی و بە ئاشتیانە بکرێ، کە داو و دەستگاکانی کۆن لە تەنکەی بدەن بە قازانجی دەستگای نوێ و جێی خۆیان بدەن بەوان و ئەگەر  ئەوە نەکەن بە ئاسایی وایە کە کێشەی چەکداری دێتە گۆڕێ.
قازی: دەکرێ هێندێکم باسی پێشینەی ژیانی بووکچین و چالاکییەکانی بۆ بکەی؟ ئەمن پێم وایە لە تافی لاوێنی خۆی دا تێکۆشەرێکی زۆر ڕادیکاڵ بووە لە بزووتنەوەی کرێکاری دا!
بیل: ڕاستە! ئەو کوڕی موهاجیریکی ڕووسی جوولەکە بوو کە لە ساڵی ١٩٢١ لە دایک بوو و بەو تاریخە ڕا دەزاندرێ کاتێک کە ئەو هێشتا مێر منداڵێک بوو نیویۆرک  لە سەردەمی هەرە ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دابوو  ، بزووتنەوەی مارکسیست – لێنینیستی ، ئەوە لە ماوەی قەیرانی ئابووری هەرە گەورە دا بوو؛
قازی: لە ساڵانی ١٩٣٠ یەکاندا؟
بیل : لە ساڵانی ١٩٣٠ یەکاندا کاتێک وا وەبەرچاو دەهات کە کاپیتالیزم خەریکە هەڵوەشێ لە بەر زۆر گیرو گرفتی جیاواز. و بزووتنەوەی مارکسیست – لێنینیستی کە بووکچین دوایە پێی گوت ستالینیسم زۆر بە هێز بوو ، جا بۆیە ئەو دەمی منداڵێک بوو ، چاردە ساڵی تەمەن بوو، لە سەردەمی هەرە ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دا. ئەو شۆڕشگێڕێکی بەرعۆدە بوو. و تەنێ دواتر لە ساڵانی ١٩٤٠کاندا حەولی دا پڕۆلێتاریا ڕێک بخا بە پێی ڕێبازی مارکسیستی بۆ شۆڕش کردن، بەڵام ئەو فەرقی پێ کرد  پڕۆلێتاریا ئیدی شۆڕشگێڕ نییە ، ئەوان زۆر میلیتانت بوون و زۆر بەهێز بوون و شەڕیان دەکرد لە پێناو هەبوونی هەلومەرجێکی باشتری کار، و سەعاتی باشتری کار، بەڵام  حەولیان نەدەدا بۆ شۆڕش کردن بە مەبەستی ڕووخاندنی کاپیتالیسم بەو شێوەیەی کە مارکس پێشبینی کرد بوو. و بە بێ ئەوە، بە بێ پڕۆلێتاریایەکی شۆڕشگێڕ  بووکچین پێی وا بوو مارکسیزم وەکوو ستڕاتێژییەکی سیاسی چ کەلکی نییە. جا بۆیە ئەو دەستی لە مارکسیسم هەڵگرت بەڵام بە پێچەوانەی زۆر لە هاوڕێیەکانی هاو وەچەی خۆی، کە چوون و باوەشیان لە سیستمی هەیی وەرێنا بووکچین ئەوەی نەکرد. ئەو دەیویست دیسان بە پڕۆژەی سۆسیالیستی دا بێتەوە و لە سەر ڕا بیری لێ بکاتەوە، واتە پڕۆژەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ، بە بیرکردنەوە لەوەی داخودا سنوورەکانی کاپیتالیسم دەبێ تا کوێ بێ؟ سنورەکانی کامانەن؟  چونکە ئەو کاپیتالیسمی پێ بە  سیستمێکی بەدکار بوو و ئەگەر سنوورەکانی ئەوە نەبوون کە کارڵ مارکس پێشبینی کرد بوو ، ئەی سنوورەکانی کامانەن؟ جا بۆیە لە ساڵانی ١٩٥٠ لەگەڵ گرووپێک کەوت کە هەمان بەرعۆدەییان هەبوو بۆ درێژە دان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە ئەو باوەڕی پێی بوو و ئەوان بە ووردی هەموو بابەتێکیان تاقی کردەوە کە دەنگو باسی بڵاو دەبووەوە و لە خۆیان دەپرسی داخودا ئەوەیە سنوورەکانی کاپیتالیسم؟ دەتوانێ ئەوە بێ؟


قازی : ئێستا ئەتۆ گەیشتییە ساڵانی ١٩٥٠ کان. ئەزموونی ئەو چ بوو لە سەروبەندی ڕاوە جادوویی جۆزێف مەک کارتی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ کاندا  بە دژی کۆمۆنیستان؟
بیل: ئەو دەمی ئەو  دەستی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هەڵگرتبوو . ئەو لە ساڵی ١٩٣٨- ١٩٣٩ دەستی لە بزووتنەوەی ستالینیستی بەر دا و دەستی هەڵگرت لەوەی ئیدی چ بڕ تڕۆتێسکیست بێ  لە ساڵی ١٩٤٦ ، جا بۆیە لەو سەردەمە دا کە تۆ باسی دەکەی واتە لە سەردەمی ڕاوە جادوویی مەک کارتیستی دا دا ئیدی  ئەو هیچ جۆرە مارکسیستێک نەبوو. ئەو گرووپەی ئەوی تێدا بوو هەموویان کۆنە تڕۆتێسکیست بوون و هەر وەها هێندێک سەهیۆنیست  و ئەوان لە ڕوانگەیەکی مارکسیست – لێنینیستییەوە تەماشای ئەو بابەتانەیان نە دەکرد. جا بۆیە گرووپەکەی وی نەکەوتنە بەر ڕاوەدوونانی سەردەمی مەک کارتی.
قازی: دەوڵەت تەحەمولی دەکردن یان چۆن؟
بیل: دەوڵەت چاوی لێ هەڵدەبواردان، چاوی لێ هەڵدەبواردن. ئەوان بە دوای ماسییە گەورەکان دا دەگەڕان کە لە ڕاستیدا کۆمۆنیستەکان بوون. خەڵک لە هالیوود و لە ئیدارە حکوومەتییەکاندا!
قازی: دەکرێ هێندێکم بۆ باس بکەی سەبارەت بە ئیدەکانی بووکچین کە بە شێوەی کتێب بڵاو کرانەوە و ئەگەر دەکرێ باسی هێندێک لە کتێبەکانی بکەی لەو سەروبەندی و لە دواتر دا
بیل: کاتێک  من دەلێم ئەو بە دوای بابەتی جیاواز دا دەگەڕا کە دەتوانێ سنوورەکانی کاپیتالیزم بێ ، ئەو پێی وا بوو بابەتی هەر گرینگ ئەودەمی ئێکۆلۆژی بوو، ئەو پێی وا بوو کشتوکاڵ ، بۆ نموونە فارمینگ گۆڕدراوە لە کێڵگەی پچووکەوە بەرەو فارمی زەبەلاحی پیشەسازی ، کە پرە لە مادەی شیمیایی، مادەی شیمیایی تێکەڵاوی خۆراک کراون و خۆڕاک دەرماناوی کراون و خۆراک دوور لەو جێگایانەی کە خەڵکیان تێدا دەژین واتە بە دوور لە شارەکان بەرهەم دەهێندرێ  و شارەکان خۆیان زۆر گەورە دەبن. ئەو لەو باوەڕە دا بوو هەر دووکیان دەبێ پچووک بکرێنەوە و ئەندازەیان کەمتر بێ. فارمەکان دەبێ بگەڕێنەوە ئەو سەردەمی کە پچووک بوون و لەگەڵ خاوەن فارمەکان بگونجێن نەک ژمارەی کرێکاران و بەرهەمی کشتوکاڵی دەبێ نۆرەیی بێ و تەنێ یەک جوورە حاسڵات بەرهەم نەهێندرێ بەڵکوو حاسڵاتی هەموو چەشنە بەرهەم بهێندرێ و بەو شێوەیە دەکرێ ئێمە خۆمان لەکۆڵ مادە شیمیاییەکان بکەینەوە. خەڵک ئەو خۆراکە مەسرەف دەکەن کە لە نزیک خۆیان بەرهەم هاتووە. بە پێی بۆچوونی وی شارەکانیش دەبوو لە ناوەند داببڕێن، ببنە یەکەی پچووک بۆ ئەوەی زەواجێک لە نێوان شار و لادێ دا پێک بێ ئەوەی کە ئەو ناوی نا بوو " کۆمەڵگە ئیکۆییەکان " . شارەکانیش زۆر سەدەمە بوون لە سەر سڵامەتی ئینسانەکان ، چونکە شارەکان هەوایان پیس دەکرد ، هەوای پیس، ئاوی پیس، لەو ساڵانە دا زۆر خراپ بوو. جا بۆیە بووکچین پێی وا بوو سنوورەکانی کاپیتالیزم دەبێ سەلامەتی ئینسانەکان بێ. ئێمە ناتوانین ئەو هەموو مادە شیمیاییانە لە بەدەن مان دا  تەحەمول بکەین و ئەو هەمووە هەوا و ئاوی پیسە ناتوانین تەحەمول بکەین. لەوە ڕا گەیشتە ئەو ئاکامە کە کۆمەڵ دەبێ لە ناوەند بکرێتەوە ، ئابووری دەبێ لە ناوەند بکرێتەوە و بە تایبەتی سیستمی سیاسی دەبێ لە ناوەند بکرێتەوە، چونکە ئەو یەکانەی کە حوکم دەکەن بە سەر ئەو کۆمەڵگە ئێکوییانە دا دەبن بە ئەنجومەنەکانی شارومەندان لە ناوچەیەک دا.
قازی: و بووکچین بەو کۆمەڵگە نا-ناوەندانە ، ئەو کۆمەڵە نا –ناوەندانە دەڵێ کۆمەڵەی مەنتقی.
بیل : کۆمەلەی عەقڵانی

قازی: عەقڵانی ؟
بیل: بەڵام  عەقڵانی بە مانایەکی زۆر تایبەتی. عەقڵانی بە مانای ئەخلاقی، نەک بە مانای ئامرازی.

قازی: باشە، ئەگەر باسی هێندێک لە کتێبەکانی بکەی و ناویشیان بەری!
بیل: باشە، هەڵبەت. یەکی هەرە گرینگیان  ' ئێکۆلۆژی ئازادی ' یە کە ئاسەوارێکی مەردمناسانە و مێژوویی  و فەلسەفی یە، ئەو ڕیشەی هێڕارشی زاڵبوونی پیر بە سەر جەوان دا دەدۆزێتەوە، زاڵبوونی پیاوان بە سەر ژنان دا ، زاڵبوونی ڕەگەزی جیاواز بە سەر یەکدی دا، زاڵبوونی کەشیشە دینییەکان، زاڵبوونی جەنگاوەران تا دەگاتە زاڵبوونی دەوڵەت و کاپیتالیزم. جا بۆیە ئەو ڕچەی گشت ئەو بەخۆداهاتنە هەڵدەگرێ ، بۆ ئەوەی کە بکرێ سیستم لەناو ببردرێ. مەبەستی ئەوەیە شی بکرێتەوە بەر لەوەی مڕۆڤ بتوانێ بیڕووخێنێ!

قازی: ئەوە کەنگێ بڵاو بووەوە؟
بیل: ئەو کتێبە لە ساڵی ١٩٨٢ بڵاو بووەوە
قازی: کتێبی دی؟
بیل: ئەمن پێم وایە کتێبی دووەمی هەرە گرینگی  ناوی  ' سەرهەڵهێنانی شارنشینی "، هەر وەها " شارنشینی بە بێ شاران " ە ، چەندین  ناوی هەیە.
قازی: پێم وایە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی تورکی؟
بیل: بەڵی وەکوو " شارنشینی بە بێ شاران " بەڵێ. لە بیرتە ئەمن باسی ' کۆنفێدڕاسیۆن' م کرد وەکوو پێکهێنانی دەستەڵاتی ڕووبەرووی دەوڵەت- نەتەوە کە بە توانایەکی دەیڕووخێنێ. لە کتێبی " شارنشینی بە بێ شاران " دا بووکچین ئەنجومەنەکانی شارومەندان و کۆنفێدراسیۆنەکانیان لە مێژوو دا شی دەکاتەوە و پێی وایە لە دەوڵەت – نەتەوە لە گشتی خۆیدا ، چ لە سەر بنەمای دەوڵەت بێ، یان نەتەوە. خەڵک بە توانایەکی  زۆر لە شکانهاتوویە و لە ئوڕووپا بۆ نموونە خەڵک بۆ ماوەی درێژ لە کۆنفێدراسیۆنان دا دەژیان  لە نێوان شار و دەوڵەت دا گرژیی زۆر  هەبوو و ئەو دووانە لە زاتی خۆپاندا دژی یەکتری بوون.
قازی: کتێبی دیکە؟
بیل: ' فەلسەفەی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی'  کە ئەویش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی. شڕۆڤەیەکە کە بووکچین پێی دەڵێ  ' خۆزا خوازی دیالێکتیکی ' کە فەلسەفەی پتەو کردنی گشت ئەوانەیە. ' بەرەو کۆمەڵێکی ئێکۆلۆژیکی' کتێبێکی دیکەیە کە بە تورکی بڵاو کراوەتەوە و بریتی یە لە وەرگێڕانی ووتاری جۆر بەجۆر  ئی ساڵانی  ١٩٨٠. کتێبێکی دیکەی بووکچینیش هەیە کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی بە ناوی: ' سازدانەوەی کۆمەل '  کە بریتییە لە کورتەیەکی هاسان لەمەڕ گشت ئەو  ئیدە پێچەڵپێچانە: فەلسەفە، سیاسەت ، مێژوو  لە کتێبێکی هاسان  ' ساز دانەوەی کۆمەڵ ' ، لە ساڵی  ١٩٩١ دا بڵاو کراوەتەوە و وەریشگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی.
قازی: چی دیش؟ دوایین کاری چ بوو ؟
بیل: دوایین کتێبی کە چاپ بووە ناوی '  شۆڕشی سێیەم ' ە ، کە ئەوەش باسی مێژووی بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەکا لە شۆڕشەکانی ئەمریکا و ئوڕووپا دا . یەکەم شۆڕش ، شۆڕشی بورژووازی بوو بە دژی سیستمی فێئۆدالیزم، شۆڕشی دووەم شۆڕشی ئاوتۆریتاریەنەکان ە ( ملهوورەکان)  وەک مارکسیستەکان بوو  بە دژی بورژووازی و شۆڕشی سێیەم شۆڕشی گەلانە بە دژی شۆڕشگێڕە ملهوڕەکان وەک مارکسیستەکان.
قازی: ئەمن وا بزانم بووکچین بەر لە سەرنانەوەی لە ساڵی ٢٠٠٦ ئیدی چالاکی نەبوو. ئەو لە ژیانی دا تا کەنگێ چالاک بوو؟
بیل: ئەو بە ساڵان لە ژیانی دا چالاک بوو و ئەو ئیدانەی بڵاو دەکردەوە. واتە لە گشت تەمەنی لاوەتی تا دوایی ژیانی. میژووی ژیانی بووکچین کە ئەمن لەو دواییانە لە ژیننامەکەی دا باسم کردووە بریتی یە لە حەول دان بۆ تەشویقی چەپی ئەمریکایی ، کە گشت ئەو ئیدانە وەخۆ کەن. و دوا جار وەک دەبینین ئەمریکا هێشتا ماوە، هێشتا کاپیتالیستە، هێشتا دەوڵەت – نەتەوەیە و خەڵک لە گرینگی قەیرانیی ئێکۆلۆژی تێ نەگەیشتن جا بۆیە ئەو سەرنەکەوت لە شۆڕش کردن دا کە هەموو ژیانی خۆی لە پێناو دا بەخت کرد.
قازی: باشە، یارمەتی تۆ خۆت چییە بۆ پەرەپێدانی ئیدەکانی؟
بیل: وەک گوتم لە ساڵی ١٩٨٦ بۆ یەکەم جار دیتم، ئەمن چوومە بێرلینگتن و کارم لەگەڵ کرد و یارمەتی من ئەوە بوو بەرگری لە ئیدەکانی بکەم. ئەو تووشی زۆر گێرە و کێشە هات لەگەڵ ڕێبازەکانی دی  لە بزووتنەوەی ئێکۆلۆژی دا. بۆ نموونە ڕێبازێک هەبوو بە ناوی ' ئێکۆلۆژی قووڵتر ' کە ئینسانەکانی لە زاتی خۆیاندا بە خراپ دەزانی، لە زاتی خۆیان دا بە بەد بۆ خۆڕست دا دەنا  و بووکچین بە پاڵپشتی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی ووڵامی دانەوە نا! خەڵک هۆی گیروگرفتەکە نین بەڵکوو ئەوە نەزمی کۆمەڵایەتی یە کە کێشەی ساز کردووە؛ کاپیتالیزم و دەوڵەت . و لە بەر ئەوەی ئینسانەکان ئەو نەزمانەیان ساز کردووە دەتوانن بیشی گۆڕن  و ئەوە هیوامان دەداتێ . جا ئەمن لەو کێشانە دا لە سەرم کردەوە، بەرگریم لە ئیدەکانی کرد و لەو بوارانە دا  ڕەخنەم نووسی و دوایە لە کۆتاییەکانی ١٩٩٠کاندا، دەزانی بووکچین ئەو کتێبە گەورەیەی نووسیبوو  ' شارنشینی بە بێ شاران '  و چەند ووتاری پچووک سەبارەت بە
 ' شارەدارێتی ئازادانە ' ، جا ئەوانە حەوجێیان بە پێشەکییەک، کتێبێکی ناساندن هەبوو  بۆ ' شارەدارێتی ئازادانە'  داوای لێکردم ئەو کتێبە بنووسم و ئەمن نووسیم بە ئینگلیسی ناوی کتێبەکە بریتی یە لە ' سیاسەتی  ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی داوای شارەدارێتی ئازادانە دەکا' کە ئەوە لەو دواییانە دا بە تورکی بڵاو کراوەتەوە لە لایەن وەشخانەیەک لە ئەستەنبووڵ.
قازی : ئەتۆ نزیکەی بیست ساڵ لەگەڵ بووکچین ژیاوی

بیل: نۆزدە ساڵ
قازی: لەو نۆزدە ساڵە دا قەت وا هەبوو شەڕە قسە و دمبەدمەتان بێ؟
بیل: [پێ دەکەنێ] ، جار جار ئێمە ڕێک نەبووین لە سەر چەمکی دەوڵەت – نەتەوە ، چونکە منیش بەو ئاکامە گەیشتم، ئەمنیش دیتم کە هیچ بەرەو پێشچوونێک نییە ، قەیرانیی ئێکۆلۆژی هەتا دا توندوتیژتر دەبێ و ئەو بزووتنەوەیە  کە ئەو دەیویست لە خوارەوە ڕا دەست پێ بکا رووی نەدەدا ، جا بۆیە ئەمن پێم وا بوو پێویستە هەر دووکیانمان هەبێ، مرۆڤ بچێتە ناو سیستمی سیاسییەوە و خەڵکی ئاوای هەبێ کە لە ناوخۆی سیستمەکە دا کار بکەن لە هەمان کات دا بزووتنەوەیەک لە دەرەوە ڕا هەبێ بۆ ئەوەی لە دوو لاوە گوشار بهێنرێ بۆ گۆڕان. بەڵام بووکچین لەگەڵ ئەو بۆچوونە دا نەبوو و بە تەواوی دژی دەوڵەت بوو.

قازی: ئەمن لە کارەکانی دا  هیچ ئاماژەیەکی تایبەتیم بە چەمکی ' زمان '  نەدیت . ئەو بۆچوونی لە سەر زمانان چ بوو؟ دەوری زمان، چەمکی زمان؟
بیل: بە داخەوە. ئێمە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژیان، ئەو بە قووڵی بیری لەو چەمکانە نەدەکردەوە. ئەو بابەتە لە دەورو بەری ویدا نەهاتە گۆڕێ بە داخەوە ئەمن ووڵامێکی باشم بۆ ئەو پرسیارە نییە.
قازی: و دوایە پێوەندی لەگەڵ دۆزی کورد، ئەوە کەنگێ دەستی پێکرد؟ وەک دەزانی مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی لەمێژینەیە هەر نەبێ لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دا لە جێگای جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە و هەیە  کە هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوە، بەڵام بە کردەوە هەم بووکچین و هەم ئێوە دەستتان کرد بە ناسینی بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان و لە تورکییە. دەکرێ هێندێک باسی ئەوە بکەی!

بیل: باشە، بەر لە هەمووشت بڵێم لە ماوەی شەڕی عێڕاق دا بووکچین سیمپاتییەکی زۆری هەبوو بۆ کوردەکان و لەبەر هێرش کردن بۆ سەر کوردەکان و  لەناو بردنی کوردەکان لە عێڕاق بە دەستی سەدام حوسێن  زۆر دڵگران بوو. بەڵام یەکەم پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مەسەلەی کورد لە مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٤ بوو. کە ئێمە ئی مەیلێکمان بە دست گەیشت کە چەند ئەڵمانی کە کاری هاوپێوەندییان لەگەڵ کوردەکان دەکرد بۆیان ناردبووین و تێیدا داوایان دەکرد دیالۆگێک لە نێوان بووکچین و هاوڕێکەیاندا، سەرۆکەکەیاندا [ ووشەی سەرۆک بە کوردی دەڵێ ] ئوێجاڵان، لە زیندان دا ساز بێ. و ئێمە زۆرمان پێ سەیر بوو، واقمان ووڕ ما.

قازی: بۆ وەرگرتنی پەیامێکی  ئەوتۆ؟
بیل: ئێمە ڕێزدار ئوێجاڵان مان بە مارکسیست – لێنینیستێک دەزانی ، ئەو جۆرەی کە بووکچین ببوو ، جا بۆیە لە داوخوازەکە نەدەگەیشتین. هەرچۆنێک بێ بووکچین ووڵامی پەیامەکەی دانەوە  و گوتی ئەوە هێندێک لە کتێبەکانی منە کە بە تورکی وەرگێڕدراون. بۆچی نایان خوێننەوە؟ دەرکەوت ' ئاپۆ' ئەو کتێبانەی خوێندبووەوە. جا بۆیە مانگێک دواتر ڕابیتەکان بۆیان نووسینەوە کە ئەوان بە ڕێگای پارێزەرەکانی دا ووڵامی بووکچین یان بە ئوێجاڵان گەیاندووە لە زیندانی ئیمرالی. جا ڕابیتەکان بۆیان نووسینەوە کە ئەو پێی خۆشە دیالۆگ لە نێوانیان دا هەبێ و ئەوەی کە ئەو کتێبەکانی بووکچینی خوێندووەتەوە ،  خۆی بە شاگردێکی زۆر باشی کارەکانی بووکچین دەزانێ ، ئەو خۆی بە ئێکۆلۆجیستێکی کۆمەڵایەتی دەزانێ بە پێی ناوی ئیدەکانی بووکچین و ئامانجی ئەوەیە یەکەم کۆمەڵ دروست بکا لە سەر بنەمای ئەو ئیدانە. و موری بووکچین ووڵامی داوە ئەوە زۆر زۆر باشە، ئەمن زۆر ماندوو و نەخۆشم بۆ ئەوەی دیالۆگێکم هەبێ ، بەڵام ئەمن زۆری پێ خۆشحاڵم ئێوە ئامانجێکی ئەوتۆتان هەیە و  دڵنیام  بزووتنەوەی کورد لە دەستی چاک دایە بە ڕێبەرێکی ئاوا کارامەوە.



قازی
: و ئەوتۆ دوایە خۆت لەگەڵ ئەو هەیئەتی نێونەتەوەیی یە کەوتی کە داوای ئازادیی ئوێجاڵان دەکا و  وا بزانم  ئێوە لە بەراییەکانی ساڵی ٢٠١٦ دا سەفەری تورکییەتان کرد چونکە ئەمن چاوپێکەوتنم هەبوو لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی ئەو هەیئەتە ؛ دوکتور ئێلی ڤان ڕووسل.

بیل: بەڵێ، ئەوە چەند مانگ  لەوە پێش بوو ، ئەمن ئێستا ئەوە چەند ساڵە لە بزووتنەوەی کوردەوە گلاوم.
قازی: بەڵام لە سەر بەشداری لەو هەیئەتە دا و سەردانی تورکییە. ئەوە چۆن بوو ؟
بیل: ئەوە هەیئەتێکی نێونەتەوەیی بوو و ئەمن دڵنیام ئێلی ئەوەی بۆ باس کردووی ئێمە حەولمان دا وەزیری دادی تورکییە ببینین بۆ ئەوەی ئیزن وەربگرین بۆ سەردانی دوڕگەی ئیمرالی. بەڵام ڕێگایان پێ نەداین و تەنانەت پارێزەرەکانیشی ڕێگایان پێ نەدراوە بیبینن، پارێزەرەکانی ئەوە چوارساڵە ڕێگایان نەدراوە بچنە دیداری ، داوخوازەکەی ئێمەیان قەبووڵ نەکرد بەڵام لەو ناوە دا ئێمە چاومان کەوت بە خەڵکی جۆر بە جۆری سیاسی کورد ، ئەندامانی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، ئەندامامی کونگرەی کۆمەڵەی دێمۆکڕاتی و لەگەڵ پارێزەران قسەمان کرد. ئەوان توانیان زانیاری زۆر باشمان بدەنێ و کاتێک ئێمە گەڕاینەوە حەولمان دا لە مەر ئەو سەفەرە بنووسین لە مێدیا دا لە ڕۆژئاوا و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ بکرێ. باسی ڕاوەدوو نانی خەڵک  و تێک ڕووخاندنی شارە کوردییەکانمان کرد لە باشووری ڕۆژهەڵات، واتە لە باکوور بە دەست دەوڵەتی تورک لە جزیرێ و هەموو ئەو شوێنانەی دیکەی کە بینەرانی ئێوە بە باشی لە سەریان دەزانن .
قازی: زۆر باشە، زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەمجارە. پێم وایە زۆر شتی دیکە هەیە قسەی لێوە بکەین و لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەمان دا لە سەریان قسە دەکەین. گەلێک سپاس بۆ ئەو کاتەی پێت داین.
بیل: بە خۆشییەوە  










No comments: