Tuesday, December 12, 2017

عەبباس وەلی : کوردەکان حەوجێیان بە ڕێبەرێکی عاقڵە


 گازێتە دوڤار (دیوار) ٩-ی دیسامبری ٢٠١٧

عەبباس وەلی : کوردەکان حەوجێیان بە ڕێبەرێکی عاقڵە

پرۆفێسۆر.دوکتورعەبباس وەلی، بە هەڵسەنگانی بڕیاری ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لە لایەن مەسعوود بارزانییەوە و ئەو شتانەی بە دوویدا هاتن دەڵێ: " ئەو هەر دەبێ خۆی بە خەتابار بزانێ بۆ ئەوەی بە سەری خۆی و بە سەری نەتەوەکەی هێنا " . وەڵی بە داوخوازی گۆڕان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا کە بکرێ ئینسانەکان بەشداریی دێمۆکڕاتیکیان دەستە بەر بکرێ و شەفافییەت هەبێ  ئاوا درێژە بە قسەکانی دەدا: " کوردەکان حەوجێیان بە ڕێبەرێکی عاقڵە، کەسێکی دووربین کە بتوانێ لە دەرەوەی ئەمڕۆ بیر بکاتەوە،  حەوجێیان بە ڕێبەرێکە ئەمڕۆ ببینێ و نەخشە بۆ بەیانی دابنێ. سیاسەتی کوردی پڕ بووە لە قارەمانەتی و فیداکاری بەڵام عەقل و ڤیزۆنی نەبووە.

وەجدی ئاربای
دیار بەکر – لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە تورکیا ڕووداوەکان خێرا تێدەپەڕن. هێندێک بابەت بەر لەوەی قسەیان زۆر لە سەر کرابێ و تەواو ڕوون بووبنەوە بەلاوە دەندرێن.  لە ڕاستیدا ماوەیەکی زۆر بە سەرئەنجام درانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان تێ نەپەڕیوە. دیارە پێشوەچوونەکانی دوای ڕێفراندۆم لە نزیکەوە پێوەندی پەیدا دەکەنەوە بە تورکیا و کوردەکانەوە. لە بەر ئەوە ڕێفراندۆم و پێهاتەکانی لە ڕۆژەڤی گرینگی هێندێک سیاسەت دا بوو. ئەگەر قسەشی لەسەر نەکرێ هێشتا بابەتێکی گرینگە. هەر چەند ڕۆژەڤ چەشناوچەشن و پریش بێ، دۆزی گرینگی وەک دۆزی کورد دەکرێ وەبخرێ بەڵام ناکرێ لە بیر بکرێ.
 داوامان لە پڕۆفسۆر دوکتور عەبباس وەلی کرد کە لە نزیکەوە بە دووی پێشوەچوونەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەچێ و سەبارەت بە کوردان کتێبی زۆر گرینگی نووسیوە، هەڵسەنگاندی خۆی لە سەر ئەو ڕێفراندۆمەی لە باشووری کوردستان کرا باس بکا. وەلی ڕەخنەی خۆی سەبارەت بە شێوەی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەکە پێشتر باس کرد بوو، لەم وتووێژەی ئێستا دا بۆچوونەکانی  سەبارەت بە بڕیاردان بۆ ڕێفڕاندۆم، بەشداری لە رێفراندۆم، ڕووداەکانی دوای ڕێفراندۆم ، ئەستاندنی کەرکووک و شوێنە جێ ناکۆکییەکانی دیکە  لە دەست کوردەکان و قەیرانی سیاسی لە باشووری کوردستان دەهێنێتە گۆڕێ . هەڵبەت  ڕێگای دەرچوون لەو قەیرانەش باس دەکا...  

بەڕێز وەلی ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی سەبارەت بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆێی لەباشووری کوردستان و دوایین پێشوەچوونەکان قسەتان لەگەڵ بکەین. بەڵام لە پێشدا، لە ڕێفراندۆمەوە دەست پێ دەکەین. بۆچی دینامیکەکانی باشووری کوردستان لە بەر چاو نەگیرا کاتێک بڕیار درا خەڵک بچنە پای سندووقی دەنگدان. ئێستا وا وەبەرچاو دێ ئەوە بۆچوونێکی ڕاست نەبووە. باشە بە دیتنی ئێوە بۆچی سەرەڕای دژایەتی لەگەڵ ڕێفراندۆم ئەو ڕێفراندمە بۆ سەربەخۆیی کرا؟


ئەنجامدانی ڕێفراندۆم بڕیارێکی شەخسی بوو کە لەبەر هۆی تایبەتی سیاسی بەڕێوە چوو. داعش تێک شکێندرابوو و ئاغای بارزانی حەوجێی بەوە بوو دەستەڵاتی خۆی سەقامگیر بکا بەر لە پەیدا بوونی سەردەمێکی نوێ لە سیاسەتی عێڕاق و هەرێمی دا. ئەو ئەو ڕاستییەی دەزانی سەردەمی دوای داعش لە سەر بنەمایەکی نوێی پارسەنگی هێزەکان دادەندرێ و ئەوە بە مانای ئاڕایشێکی تازەی هێزەکان دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە عێڕاق و سووریا دا بە تایبەتی. ئاغای بارزانی و ڕاوێژکارە بێگانە و خۆماڵییەکانی دەیانزانی ساز کردنەوەی دەستەڵاتی سەروەری عێڕاق لە ڕۆژەڤ دایە و ئێران دەورێکی کلیلی و بڕیاردەرانەی تێدا دەگێڕێ. ئەوە ئاشکرا بوو کە دەوڵەتێکی سەروەری کە ئێران پشتیوانی لێ بکا لە دوای عێڕاقێکی کە قەیرانی لە پشت سەری خۆی جێهێشتووە مەیلی زۆر پتەوی بە ناوەندەوە گرێ دان لەخۆیەوە نیشان دەدەا ، وڕاستەوڕاست دەستدرێژی دەکا بۆ سەر ئۆتۆریتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، و ساز بوونی کێشەی ناوخۆیی و خیلاف لە سەر خاک زۆر مومکینە. بارزانی بۆ ئەوەی بتوانێ ڕووبەڕووی ئەو هەلومەرجانە ببێتەوە حەوجێی بەوە بوو دەستەڵاتی خۆی سەقامگرتوو کا و مەشرووعییەتی خۆی ببووژێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە بە جیدی سەدەمەی وێکەوتبوو و دابەزیبوو. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێرسەرۆکایەتی ئاغای بارزانی دا بۆ ئەوەی لە بەرانبەر دژایەتی و ناڕەزایەتی ناوخۆیی کە ڕوویان لە زیاد بوون بوو ئۆتۆریتەی خۆی ڕابگرێ و بیپارێزێ  بە ئاشکرایی شانی دابووە بەر کردەوە و پێواژۆگەلی ناقانوونی، و نموونەی هەرە زەقی ئەو کردەوانە داخستنی بە تۆبزی پارڵمانی کوردستان، وەلانانی ئەو وەزیرانەی کە لە پێکهاتەی حکوومەت دا بەشێوەی دێمۆکڕاتیک هەڵبژێردرابوون ، وسکووت کردنی ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر و ئاکادێمیکان و داسەپاندنی بەرتەنگی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە، ئەوانە بە جیدی سەدەمەی دابوو لە بنەمای مەشرووعییەتی سیاسی وی. ئیدی چبڕ نەدەکرا ئیدیعای مەشرووعییەتی دێمۆکڕاتیک بکرێ کاتێک بناغەی قانوونی دەستەڵاتەکەی لاواز کرا بوو. لە سیستمێکی پارڵمانی دا قانوونی بوونی دەستەڵات بریتییە لە ڕادەی مەشرووعییەتی دەستەڵات. بەڵام ئاغای بارزانی ماوەی سەرۆکایەتی خۆی درێژ کردەوە بە بێ ڕەزایەتی پارڵمان کە دەستگای سەرەکی قانوون دانانە لەو سیستمە دا. ئەوە مانای ئەوەیە کە لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوو دا  سەرۆکایەتییەکەی وی قانوونی نەبووە و هەر بۆیەش مەشڕووع نەبووە. مەشرووعییەتی دێمۆکڕاتیکی جەماوەری نەبوو. ئاغای بارزانی بەوەی دەزانی و حەولی دا بە بیانووی شەڕ بە دژی داعش و پێویستی یەکێتیی نەتەوەیی بۆ بەرگری لە نیشتمان دایپۆشێ. بەڵام کە شەڕ تەواو بوو بیانووەکانیشی چ ئعتباریان نەما و ئەوە کاتێک بوو کە مەشڕووعیەتی سەرۆکایەتییەکەی داشکا. ئەوە دەکرا بە ڕێگای کردنەوەی پارڵمان و بانگەوازی هەڵبژاردنی نوێ تۆڵەی بکرێتەوە . بەڵام ئاغای بارزانی دڵنیا نەبوو لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان ، خراپتر بوونی هەلومەرجی ئابووری و دارایی و سوخت بوونی حکوومەت زەربەی لە جەماوەرێتی وی دابوو. خەڵک چاوەڕوان بوون کەلک وەربگرن لە هەناردە کردنی نەوت، بەڵام هیچیان نەدی. سەبارەت بە داهاتی نەوت هیچ زانیارییان نەدرایە، خەڵک لەوە تێ نەدەگەیشتن بۆ چی حکوومەت هیچ داهاتی نییە بۆ جێ بە جێ کردنی بەرعۆدە داراییەکانی، دانی مووچە و هتاد. ئەو لەوە دەترسا ڕوو لە خەڵک بنێ و داوایان لێ بکا بۆ خولێکی دیکەش ماناداتی بدەنێ. هەر وەها دڵنیاش نەبوو لە پتەو بوونی ئیتیلافەکەی لەتەک یەنەکە دا کە بە هۆی دوو هۆکارەوە پارێزرابوو: یەکەم دابەش کردنی داهاتی نەوت و دووهەم  وەلا نانی گٶڕان لە پێواژۆی ڕەسمی سیاسی ( گۆڕان پارتییەکی تازەیە کە بە سەرکەوتووییەوە ملی لە یەنەکە سوو و لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە پارڵمان دا پلەی دووەمی بە دەست خست)، و بەو شێوەیە بێ بەش کردنی لە دەرفەتی گێڕانی دەورێکی بڕیاردەرانە لە شانۆی سیاسی دا. ڕێکخستنی سیاسی سەرۆکایەتی و فەرماندەیی هەم لە کەدەپە و هەم لە یەنەکە دا نا- مۆدێرنە، لە سەر بنەمای پێوەندییە نەریتییەکانی عەشیرە و تایفە داندراوە  کە تێیدا سەرۆکی عەشیرەت و سەرۆکی تاییفە پلەو پایەی هەرە بەرزیان هەیە. دەستەڵات شەخسسییە و بە ئاسایی موتڵەقە و سێ و دووی لێ ناکرێ ، و ئەوە خۆی لە دەستەڵات و قسەڕۆیشتوویی تایفەکانی بارزانی و تاڵەبانی دا دەنوێنێ کە سەرۆکی ئەو دوو پارتییانەن. ئەوەش تاڕادەیەک بۆچوونی بە ئامراز دانانی ڕێفراندۆم لە لایەن بارزانییەوە شی دەکاتەوە، ڕێفراندۆم  کە وەک ترۆپکی ماف و ئازادییە دێمۆکڕاتیک و مەدەنییەکانی خەڵک وایە. بارزانی مانداتی خەڵکی دەویست بۆ ئەوەی مەشرووعییەتی قانوونی – سیاسی خۆی  تازە کاتەوە و سەقامی پێ بدا کە هەر لە داشکان دا بوو. ئەو بە گردبڕی هیچ مەبەستی ئەوە نەبوو کە ئاکامی ڕێفڕاندۆم جێ بە جێ بکا هەر وەک ئەوەی کە چەندین جار زۆر بە ئاشکرایی ڕاگەیاند. ئەو مانداتی خەڵکی دەویست وەکوو ئامرازێک بۆ بووژاندنەوەی مەشڕووعییەتی سیاسی خۆی و وەکوو کارتێکی بەرەوە  لە پێواژۆی موزاکەرە لە گەڵ حکوومەتی بەغدا لە سەروبەندی دوای نەمانی داعش دا. ئەو بۆچوونە ئامرازیانە سەبارەت بە ڕێفراندۆم و لە ڕاستیدا سەبارەت بە مافە مەدەنی و دێمۆکڕاتیکەکان و ئازادییەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بە گشتی  کاراکتێری ملهوڕانەی دەستەڵات و تەبیعەتی شەخسی حوکمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێ. دەرکەوتنی پێوەندییە نەریتییەکان سەبارەت بە داهاتی نەوت لە قەوارەی دەستەڵاتی سیاسی دا شێوەیەکی تایبەتی لە زاڵبوونی ساز کردووە کە ئەمن پێی دەڵێم " زاڵبوونی عەشیرەتیی نەوتی – میراتی"  کە تێیدا ئۆتۆریتەی سیاسی بە ڕێگای تۆڕی پاتڕۆن – موشتەری لە سەر بنەمای دانی داهاتی نەوت لە بری وەفاداری سیاسی  دەپارێزدرێ و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەو تۆڕە موشتەرییانە هاوتەریبی قەوارەی ڕەسمی دەستەڵات لە حکوومەت دا هەڵدەسووڕێن و خۆیان لە قەوارەی ڕەسمی ئۆتۆریتە و مەشرووعییەتی دێمۆکڕاتیک دەدزنەوە. لە حکوومەتێکدا  کە لە سەر بنەمای زاڵبوونی عەشیرەتی نەوتی – میراتی  داندرابێ دەستەڵات بە گرژی شەخسییە و ئۆتۆریتە لە بناوانەوە نەریتییە. بە باوەڕی من پڕۆژەی ئاغای بارزانی سەبارەت بە ڕێفراندۆمی نا ئیلزامی، داوخوازی بۆ وەدەست هێنانی مانداتی دێمۆکڕاتیک بۆ درێژ کردنەوە و سەقامپێدانی دەستەڵاتی شەخسی خۆی ، دەبێ لەو چوارچێوەیە دا ببیندرێ. حیسابە هەڵە ستراتێژیکەکانی کە گەیشتە ' کارەسات' هاو تەریب بوو لەگەڵ ترسی لە ئاکامەکانی مانداتێکی دێمۆکڕاتیک کە خەڵک لە ڕێفراندۆم دا پێیان دا.  

ئەگەر چی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕێفراندۆم دا بەشداریان کرد لە خوارەوەی ئەو ڕێژەیەی بوو کە چاوەڕوان دەکرا، بەڵام ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی دەنگیان دا بە سەربەخۆیی زۆر بەرز بوو . بۆجوونی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟

هێندێک خەڵک دەستیان گێرایەوە لە دەنگدان، ئەوان بە هۆی جۆر بەجۆر پشتیوانیان لە ڕێفراندۆم نەکرد، یان بە بەفەردی یان بە کۆمەڵ، واتە، وەک بەشێک لە کۆمەلەیەکی دەستەیی یان سیاسی، بەڵام لە دوایین دەقیقە دا ئەوان بڕیاریان دا دەنگ بدەن و چوونە پای سەندووقان. ئەوەش بە تەواوی لە بەر تەبیعەتی ئەو بابەتەی بوو کە دەنگی بۆ دەدرا: ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بابەتێکی سیاسی زۆر حەساس و عاتیفییە، زۆر زەحمەتە لە جێدا دژایەتی لەگەڵ بکرێ یان دەست بگێڕدرێتەوە لە بەشداری تێدا کردنی هەر بە پێی زەمینەی مەنتقی. لە ڕاستیدا، هەر ئەو مەنتیقەی کە مرۆڤ لە نیشتمانی خۆی دا بەسەربەخۆیی بژی، لە خاک و زێدی مێژوویی خۆیدا ، ئەوەندە هێزێکی دنەدەرە کە هەموو ئامانجی سیاسی مەنتقی ، هەموو جۆرە تێفکرین و دەستگێڕانەوەیەک وەپاش دەدا، واتە، تەنانەت ئەگەر هێندێک کەس ئەنجامدانی ڕێفراندۆمیان بە ناوەخت ، هەڵە و نا بەجێش  زانیبێ بڕیاریان دا دەنگی بۆ بدەن لە سەر بنەمای هەست و سۆز. ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئامانجێکی ناسیۆنالیستییە ، و خۆی لە خۆی دا ئاوێتەی ڕۆمانتیسیسمی سیاسی و هەست و نەست بووە بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی خاوەنی ماڵی خۆی و خۆی خاوەنی  تەعەلوقاتی خۆی بێ. ئەوە بە ووردی لە باشووری کوردستان ڕوویدا و ژمارەی بەرزی دەنگی ئا لە ڕێفراندۆم دا شی دەکاتەوە.

ئەو نامەیەی کە وەزیری کارو باری دەرەوەی ئەمریکا رێکس. دەبلیو. تیلرسن بۆ مەسعوود بارزانی نووسیوە و تێیدا داوای لێدەکا ڕێفراندۆم وەدوایە خا بڵاو بووەوە. سەرەڕای ئەو نامەیەش ، ئێوە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم چۆن لێکدەدەنەوە بەو چاوهەڵبواردنەی کە لە پێشنیارەکانی ئەمریکا کرا؟ بۆچی بارزانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە هێند نەگرت؟

وا وێدەچێ کە تێگەیشتنی بارزانی لە ناوەرۆکی ئەو نامەیە ، و لە ڕاستیدا تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێفراندۆم بە گشتی، لە سەر بنەمای زنجیرەیەک حیسابی هەڵەی بنەڕەتی بووبێ. بە باوەڕی من ئاغای بارزانی لە لایەکەوە  ئامانجە سیاسییە ستڕاتێژییە درێژ خایەنەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە عێڕاق خراپ لێکدایەوە ، و تا ڕادەیەکی زۆریش چاوی هەڵبوارد لە کێشەی بەرژەوەندی و دوژمنکاری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێڕاق دا. ئەو پێی وا بوو کە ترسی ئەمریکا لە هێژێمۆنی سیاسی و نیزامی  ئێران لە عێڕاقێکی یەکگرتوو لە ژێر حوکمڕانی زۆربەی شیعە دا هۆکارێکی بڕیاردەرە لە بیر کردنەوەی ستڕاتێژیکی ئەمریکا سەبارەت بە عێڕاق دا ، بارزانی پێی وا بوو سەڕەڕای ئەو شتانەی کە سیاسەتمەدارانی ئەمریکایی بە قسە و بە ڕواڵەت دەیڵێن لە  لەحزەی حەساس دا و بە کاتی خۆی پشتیوانی دەکەن لە هەڕێمێکی کوردستانی لایەنگری ئەمریکا لە عێڕاق دا بۆ ڕاگرتنی پارسەنگ و بەگژ داهاتنەوەی حکوومەتێکی شیعە لە عێڕاق کە سەر بە ئێران بێ. پشتیوانی ئاشکرای  عەڕەبستانی سعوودی و ئیسراییل لە ڕێفراندۆم ، دوو هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا لە هەرێم دا، دەکرێ گرینگ بووبن بۆ ئەوەی پێی وا بووبێ خوێندنەوەکەی لە ناوەرۆکی نامەی تیلرسن دروستە. هەر وەک ئەو دوای ئەو کارەساتە گوتی کە پشتیوانی ئەمریکا ئاکامەکەی یارمەتی نەبوو. ئەوە مانای ئەوەیە ئاغای بارزانی پێی وا بووە کە پشتیوانی سەرداگیراوی ئەمریکا دەگاتە یارمەتیدانی چالاک. بەڵام بەڕوونی دیارە ئەوە وادانانێکی هەڵە بووە لە سەر بنەمای خوێندنەوەیەکی هەڵەی بەرژەوەندییە ستراتێژیکە درێژخایەنەکانی ئەمریکا لە عێڕاق و لە ناوچە دا بە گشتی. ئاغای بارزانی نەدەبوو بەرعۆدەییەکانی ئەمریکا لە ئاست سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێڕاقێکی فێدێڕاڵی یەکگرتوو بە کەم  دابنێ. ئەو دەبوو ئەو ڕاستیەی لە بەرچاو بێ کە ئەمریکا هەر نەبێ دەساڵی ڕەبەق هاوکاری کرد لەگەڵ ئێران بۆ پشتیوانی کردن و سەقامگیر کردنی حکوومەتی ئاغای مالیکی لە عێڕاق. ئەو هاوکارییە بێ پسانەوە بەردەوام بوو دوای هێرشی داعش و شکانی ئەڕتەشی عێڕاق و هەڵوەشان و ڕووخانی حکوومەتی مالیکی. ئەمریکا دەستی ئێرانی ئاواڵە کرد و دەستی وەبەر نەهێنا  بۆ ساز کردنی حەشدی شەعبی، میلیشیای زەبەلاحی شیعە لە ژێر فەرماندەیی سپای قودسی ئێران ، لقی دەرەوەی ووڵاتی سپای پاسدارانی شۆڕش، بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی ئاغای عەبادی  و ئەڕتەشی شڕوشەوێقی عێڕاق لە شەر بە دژی داعش دا. ئەمریکا و ئێران لە ئامانجێکی بەرزی ستراتێژیک دا لە عێڕاق هاوبەشن: ئەویش بەرعۆدەیی یە لە ئاست سەروەری و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتی عێڕاق. ئەو مەسەلەیە لە رووداوی گرتنی کەرکووک دا بە دەست حەشدی شەعبی، کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکا ، و یەکەکانی جەیشی عێڕاق سەلماندی کە بڕیاردەرانە بوو، لە کاتێکدا ئەمریکا لەوێ ڕاوەستا بوو و چاوی لە پێواژۆیە بوو بە بێ ئەوەی حەول بدا خۆی تێوەردا و پێش بەو هێرشە بگرێ. ئاغای بارزانی هەڵەیەکی گەورەی ستڕاتێژیکی کرد. ئەو پێی وابوو کە لە عێڕاقی دوای داعش دا هەلومەرجی هاوکاری نێوان ئەمریکا – ئێران ئیدی چبر بەردەوام نابێ ، و ئەوەی کە ئەمریکا ئامادە دەبێ پشتیوانی لە خۆی و لە پڕۆژەکەی بکا لە دژی ڕێژیمێکی شیعە لە بەغدا کە ئێران پشتیوانی لێ دەکا. ئەو تووشی هەڵەیەکی پیس هات بۆ بە کەم دانانی بەرعۆدەیی ئەمریکا لە ئاست سەروەریی عێڕاق دا. بەرعۆدەیی ئەمریکا لە ئاست سەروەری و یەکپارچەیی خاک لە دەرەجەی یەکەمی گرینگی دایە بۆی بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕووداوانەی کە لە وەتا ساڵی ٢٠١١ لە ووڵاتی دراوسێ لە سووریا دەقەومن. شکانی بەهاری عەڕەبی و سەرهەڵێنانی ئیسلامی جیهادی لە بەشی عەڕەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە گرینگی پلە یەکی ستاتوسی دەوڵەتە ناوەندییە سەروەرەکان بۆ پاراستنی هێمنی و نەزم دادەگرێتەوە.

ئایا دەکرێ بگوترێ کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی دوای ڕێفراندۆم دیپڵۆماسییەکی باش  ئەنجام بدا بۆ ئەوی ئاکامی ڕێفراندۆمەکە بۆ دنیا شی بکاتەوە و لە لایەن بیرو ڕای جیهانییەوە پەسند بکرێ؟  بە بۆچوونی ئێوە کارێکی ئاوا مومکین بوو بکرێ؟

لە حاڵی حازر دا هەلومەرج لە بواری پێواژۆی سیاسی و دیپڵۆماتیک و هەلسوکەوت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆردژوارترە. ئاکامی ڕێفراندۆم گەیشتە تاکخستنەوەی سیاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر ئەو تاکخستنەوەیەی کە ئاکامەکەی شکانی سەرۆکایەتی سیاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پڕۆژەی ڕێفراندۆم بوو بەتەواوی. هەر وەک پێشتر گوتم حیسابی هەڵەی سیاسی و هەڵەی ستراتێژیک هەڵویستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لاواز کرد، دەستەڵات، پرێستیژ و نفووزی زۆر بە جیدی سەدەمەی وەیکەوتووە لە بەر حیسابی هەڵە وخەتای مەزنی ستراتێژیک و خراپ ڕاپەڕاندنی هەڵە سیاسییە- ستڕاتێژیکەکان. کەم رێی تێدەچێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێ ئەو دەستەڵاتە سیاسی و ئەو نفووزەی کە لە دەستی داوە بەو زووانە وەدەست بهێنێتەوە. لە ڕاستیدا، وا دەردەکەوێ بە هەموو حیسابێک لە هەلومەرجی ئاسایی سیاسی و دیپڵۆماتیک دا ماوەیەک دەخایێنێ بۆ ئەوەی سەبات پەیدا کاتەوە و هەڵوێستێکی سیاسی ' چالاکانە' ی هەبێ لە عێڕاق و لە ناوچە دا.
بەڵام هەلومەرجی هەنووکە دەکرێ بگۆڕدرێ بێتوو قەیرانێکی گشتی لە عێڕاق یان قەیرانێکی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بێتە گۆڕێ. هەر وەک پێشتر گوتم وەزنی جێئۆپۆلیتیکی و گرینگی ستراتێژیکی باشوور، هەرێمی کوردستان لە عێڕاق بەگشتی و ئی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێ زۆر خێرا بگۆڕدرێ لەهەلومەرجی حەساس و گرینگ دا، ئەوان دەکرێ وەزنی جێئۆ پۆلیتیک و گرینگی ستراتێژیک بە دەست بهێنن زۆر زیاتر لە وەزنی واقعی سیاسی و گرینگی خۆیان لە هەلومەرجی قەیرانی سەرانسەری و هەڵوەشانی ئۆتۆریتەی ناوەندیی سیاسی لە عێڕاق دا .
بە لەبەر چاو گرتنی تایبەتمەندیی مێژوویی و سیاسی  دەوڵەتی عێڕاق ئەگەری ئەوەی قەیرانێکی ئاوا بگاتە لە بەریەک هەڵوەشانی دەستەڵاتی دەوڵەت و نەزمی سیاسی  لەعێڕاق وەنەبێ ڕێی تێنەچێ. عێڕاق ' دەوڵەتێکی دوای کۆلۆنیال ' ە و لەوێ قەوارەی باڵا دەستی سیاسی بە سەبات نییە. زۆر جار لەسەر بنەمای ئیتیلافێکی سیاسی لە شکانهاتوو دادەندرێ لە نێوان هێزە کۆمەڵایەتی – سیاسییەکان دا کە ڕقەبەری یەکتری دەکەن، بە قووڵی دابڕ دابڕن  لە ڕووی پێوەندییەکانی دینی و ئێتنیکی و کۆمەڵییەوە و بە پێی وەفادارییەکانی تاییفەیی/ عەشیرەتی نەریتی. ئەو قەوارە بێ سەباتە و سەقام نەگرتوویە  زۆر جار لە لایەن کەسایەتییەکی بەهێزی سیاسییەوە یەکدەخرێ و یەکگرتوو دەکرێ کە زەبرو زەنگ بە کار دەهێنێ  نەک قانوون بۆ ئەوەی تەسلیمییەتی سیاسی بەدەست بێنێ نەک ئەوەی کە بە پێی تەوافوق و ڕێک کەوتن هەلسوکەوت بکا. لە عێڕاق، وەک زۆربەی دەوڵەتەکانی دوای کۆلۆنیالی ، ‌هاووڵاتێتی بریتییە لە ' ناسێنەیەکی هاوبەش ' کە بە سەر دانیشتووان دا دەسەپێندرێ، لە لایەن دەوڵەتەوە بە کار دەهێندرێ بۆ ئەوەی بە ئامانجە ' ئەمنییەتییەکانی' خۆی بگا و  زاڵبوون و باڵادەستی خۆی بە سەر ئێتنیکە جیاوازەکان، دانیشتووانی دینی و عەشیرەتی لە خاکەکە دا دە کار بکا بۆ گەشاندنەوەی  نەزمی سیاسی. هاووڵاتێتی لە ناوەرۆکی دێمۆکڕاتیکی مافە گشتییە مەدەنی و دێمۆکڕاتیکەکان و ئازادییەکان شۆراوەتەوە کە لە ڕووی نەزەرییەوە بەستراونەتەوە بە چەمکی هاووڵاتێتی.بەردەوامی قەوارەیەکی سیاسی ئەوتۆ و شێوەکانی پێوەندیداری دیکەی دامەزراوە سیاسییەکان و پێواژۆیەکان لە سیاسەتی عێڕاقی دا زۆر بە ڕوونی نیشان دەدا کە سیاسەت لە سەر بنەمای تەوافوقێکی گشتی بەربڵاوی جەماوەری داناندرێ و ئەوەی کە پڕۆسەی سیاسی هێشتا نەبووە بە دامەزراوەییی . ئێستا نزیکەی سەدەیەکە عێڕاق دەوڵەتێکی دوای کۆلۆنیال ە ، بەڵام لەوە دا بەتەواوی  شکستی هێناوە کە ناسێنەیەکی سەرتاسەری و یەکگرتووی عیڕاقی بەرهەم بێنێ. هەڵوشان و لە بەریەک چوونی خێرای جەیشی عێڕاق لە بەرانبەر داعش دا، بەخێر هێنانی گەرمی داعش لە ناو کۆمەڵگەی سوننی لە عێڕاق، و لەو دواییانە دا سەرهەڵێنان و پەیدا بوونی حەشدی شەعبی، هێزێکی عەسکەری بە تەواوی شیعە، کە لە سەر بنەمای ناسێنەی دینیی شیعە ڕێک خراوە ، وە بیر هێنەرەوەیەکی بەهێزە بۆ سەلماندی نەبوونی ناسێنەنەیەکی سەرتاسەری یەکگرتوویی عێڕاقی. گشت ئەوانە ڕاستی ئارگومێنتی من دادەگرنەوە کە دەوڵەتی دوای کۆلۆنیال لەوە دا تێک شکاوە کە ناسێنەنەیەکی سەرتاسەری یەکگرتوویی عێڕاق ساز کا و ئەوەیکە پێوەندییەکان و پێبەندییەکانی تایفەیی و نەریتی هێشتا باڵادەست و زاڵن لە بواری سیاسی دا. ئەو هەلومەرجانە بێ سەباتی و قەیرانیان لێ دەکەوێتەوە چ لە ئاستی ووڵات و چ لە ناوچە دا.  

بۆچوونت چییە سەبارەت بەو هەلسەنگاندنانە کە دەڵێن حکوومەتی هەرێمی کوردستان حیسابی بۆ جووڵە سیاسییەکانی حکوومەتی ناوەندی عێڕاق و هەر وەها تورکیا و ئێران نەکردبوو کاتێک کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی دا؟ ئایا دەکرێ بگوترێ ئەوە کورت بینییەکی سیاسی بوو؟

ئەمن پێم وایە من تا ڕادەیەکی زۆر ووڵامی ئەو پرسیارەم داوەتەوە، یان هەر نەبێ هێندێکی، جا بۆیە لێرە دا هەر ووڵامی حکوومەتی کوردستان بۆ دراوسێکانی شی دەکەمەوە، تەسەوری هەڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لەمەڕ هەڵکەوتی تورکیا و ئێران و بەرژەوەندییە کورت خایەن و درێژخایەنەکانیان لە سیاسەتی عێڕاق دا گەیشتە حیسابی هەڵەی ئەوان لە مەڕ کاردانەوەی ئەو دەوڵەتانە لە هەمبەر ڕێفراندۆم دا. ئێران و تورکیا دوو ووڵاتی دراوسێ بوون کە دەوری گرینگیان گێڕا لەو کارەساتە دا کە پڕۆژەی ئاخرشەڕی رێفراندۆمی بە دوو دا هات. لە پێوەندی لەگەڵ تورکیا دا، وا وێدەچێ ئاغای بارزانی لە سەر ژمارەیەک مژاری سیاسی و ئابووری جەختی کرد بێ. لە بواری ئابوورییەوە جەخت لە سەر برەوی پێوەندی و تێکەڵاوی بازرگانی دەکرا لەوانە هەناردە کردنی نەوت بە ڕێگای تورکیا دا ، کە بە هەراوی وا دادەندرا بە هاسانی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەر دووک لا بکا. وا وێدەچێ ئاغای بارزانی وای حیساب کردبێ کە پێوەندییەکانی ئابووری و دارایی بۆ حکوومەتی تورکیا گرینگی ستراتێژیکییان هەیە. لە ڕووی سیاسییەوە، ئاغای بارزانی و ڕاوێژکارانی پێیان وا بووە لە ئیتیلافێکی ستراتێژیک دان لەگەڵ حکوومەتی ئاکەپە. دژایەتی کردنی پ.ک.ک و پەرەسەندنی نفووزی لە هەرێم دا لە ناوەندی ئەو ئیتیلافە ستڕاتێژیکە دابووە.بارزانی دەستی  ئەڕتەشی تورکیای کردەوە بۆ بەڕێوەبردنی عەمەلیات بەدژی پ.ک. ک لە باشوور. و تەنانەت بێ گوێدانە پێناخۆش بوونی زۆری حکومەتی عێڕاق ڕیگای دا بە تورکیا بۆ مۆڵ دانی هێزی شەڕ لە سەر خاکی کوردستان. لەوە دەرچێ  ئاغای بارزانی نفووزی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی کورد لە تورکیا بەکار هێنا بۆ یارمەتیدانی ئاکەپە لە هەڵبژاردنە جۆر بە جۆرەکاندا، چ لەهەڵبژاردنی سەرتاسەری و چ لە هەڵبژاردنی جێیی دا. ئەو کاریگەرانە یارمەتی کرد بە بەربەرەکانی هەڵبژاردنی ئاکەپە بە وەگەر خستنی پشتیوانەکانی لە ناو کۆمەڵگەی کورد لە تورکیا دا بۆ ئەوەی دەنگ بدەن بە کاندیداکانی ئاکەپە. لەو ساڵانەی دواییدا ئاغای ئەردۆغان پشتیوانی ئاشکرای بارزانی بەکار هێنا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ نفووز و خۆشەویستی لە ژێدەی هەدەپە و بۆ سەقام پێدان وبرەو پێدانی مەشڕووعییەتی خۆی وەکوو ڕێبەرێکی تورک بە هەبوونی پشتیوانێکی بەهێزی دەنگدەران لەناو کۆمەڵگەی کورد دا. هاوکاری ستراتێژیکی ئەوان لە بەرپێشوەچوونەکانی ڕۆژئاوا، سەدەمەی پێ گەیشت و لاواز بوو، واتە بە دەرکەوتن و سەرکەوتنی پەیەدە و یەپەگە  لە ڕۆژئاوا و ناتوانایی هێزەکانی سەر بە بارزانی بۆ پێشگرتن لەو پەرەسەندنە. حکوومەتی تورکیا هیوای ئەوە بوو پارتییە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی لایەنگری بارزانی بەکار بهێنێ بۆ ساز کردنی هێزێکی بە وەکالەتی کاریگەر لە ڕۆژئاوا. بەڵام حەولی بارزانی بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە تێک شکا و سەری نەگرت، سەرەڕای بەرتەنگی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەر پەیەدە و یەپەگەی داسەپاند لە ناوچەی سەر سنوور و لە باشووری کوردستان دا. هاوکاری پتەوی نیزامی لە نێوان یەپەگە و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  لە سوورییە هۆی سەرەکی بوو بۆ دەپەراوێز کەوتنی هێزەکانی لایەنگری بارزانی لە ڕۆژئاوا.  لە ناوخۆی تورکیاش، گۆڕانی جەختی ستراتێژیکی لە سیاسەتەکانی ئاکەپە دا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ژووەنی ٢٠١٥ و ئەو ئیتیلافەی ئاکەپە – مەهەپە کە بەدووی داهات بواری هاوکاری بۆ هێزەکانی سەر بە بارزانی بەرتەنگتر کرد. ئەوەش لە شکانی ئەو حەولانە دا خۆی دەنێوێنێ کە بۆ زیندوو کردنەوەی نێوانی هەدەپە – تورکیا دەدرێ، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە هەدەپە لە بواری سیاسی و پڕۆسەی سیاسی قانوونی بە تۆبزی دوور خراوەتەوە. دوایین بیروڕا پێوییەکان دەڵێن  هەدەپە توانیویە پشتیوانی دەنگدەرانی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی کورد دا بپارێزێ سەرەڕای ئەو هەموو هەنگاوە دوژمنکاریانەی بە دژی ئەو پارتییە، سەرۆکایەتییەکەی، ئەندامان و لایەنگرانی کراون. ئەوە بە ڕوونی نیشان دەدا بارزانی و لایەنگرانی لە ناو کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژئاوا و باکوور ناتوانن چاوەڕوانییەکانی ئاکەپە جێ بە جێ بکەن و وەکوو هێزی کاریگەر بجووڵێنەوە  و بایەخی ستڕاتێژیکی ئەوان لە حیساباتی سیاسی حکوومەتی تورکیا دا بە شێوەیەکی بەرچاو لە کورتێی داوە. لەو ڕوانگەیەوە پێشوەچوونەکانی ئەو دواییانەی ڕۆژئاوا زۆر گرینگ بوون چونکە وا وێدەچێ ئاغای بارزانی  گرینگی ستڕاتێژیکی ئەوانی بۆ حکوومەتی تورکیا بەکەم دانابێ. ئەو پێشوەچوونانە، ناتوانایی بۆ گۆڕینی ستڕاتێژی هەنووکەی
ئەمریکا و ئاکامی موحتەمەلی بۆ تورکیا لە سووریا و تارمایی ڕۆژئاوایەکی ئۆتۆنۆم لە ژێر حکوومەتی پەیەدە دا دەورێکی گرینگی گێڕا لە دژایەتی حکوومەتی تورکیا دا بە دژی ڕێفراندۆمی ئاغای بارزانی. مەترسی داوخوازی جەماوەریی سەربەخۆیی لە باشوور، تەنانەت ئەگەر لە لایەن هاوپەیمانێکی جێی بڕوای وەک مەسعوود بارزانیش بانگەوازی بۆ بکرێ ، زۆر لە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا قورستر بوو، بە لانی کەمەوە لە هەلومەرجی هەنووکەی لەگۆڕانهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ئاغای بارزانی و دەستە ڕاوێژکارە لێزانەکانی  زۆر بەجیدیش هەڵوێستی ئێران و ئامانج و مەبەستەگەلی ڕێژیمە شیعەکەیان بە هەڵە تێگەیشتن و بە هەڵە لێک دایەوە. ستڕاتێژی پارسەنگی ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی دوای داعش دا لە عێڕاق بە تەواوی ئاکامی پێچەوانە بوو. هەر وەک من پێشتر لەم وتووێژە دا شیم کردەوە، ئاغای بارزانی و ڕاوێژکارانی چاویان لە بەرعۆدەییەکانی ئەمریکا لە ئاست سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێڕاق هەڵبوارد، و لە ئاڵۆزی و پێچەڵپێچ بوونی پێوەندییەکانی ئێران – ئەمریکا ش تێ نەگەیشتن لە عێڕاقی دوای داعش دا.

دوای ڕێفراندۆم و دانەوەی کۆنتڕۆڵی کەرکووک بە حکوومەتی ناوەندی عێڕاق، قسەی وا هاتە گۆڕێ کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ئامادەکاریی ئابووری، دیپڵۆماتیک و عەسکەری نەکرد بوو بۆ سەربەخۆیی؟ ئایا لەگەڵ ئەو بۆچوونە هەی؟

بەڵێ لەگەڵ ئەوە هەم. ئەمن لە وتووێژو بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی دا بەر لە ئەنجام درانی ڕێفراندۆم و دوای ڕێفراندۆم  ئاماژەم بەو لایەنە کردووە. نەبوونی ئەو ئامادەکاریانە هەم هۆ و هەم نەتیجەی لێکدانەوەی هەڵەی ستڕاتێژیکی بارزانی و داوەری سەقەت و ڕووخێنەری بوو. ڕێفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی بە ڕوونی کارێکە بۆ سەروەری سیاسی. ئەوە ڕاگەیاندنی مەبەستە  بۆ حوکمڕانی سەروەر بە سەر دانیشتووانی خۆت لە خاک و نیشتمانی خۆت دا.
بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئیرادەی سەروەری خۆت کە بە سەربەخۆیی لە خاکی خۆت دا قانوونان دابنێی و جێ بە جێیان بکەی، بریتیی یە لە ڕاگەیاندنی مەبەستی خۆت بۆ ساز کردنی  سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری و دەرەوەیی و جێ بەجێ کردنیان. ئەو تواناییانە پێویستییان بە هەلومەرجی دیاری کراوی شیاو هەیە، هەلومەرجی دیاریکراوی وەدیهێنانیان، بەڵام لە سەرووی هەموو شتێکەوە  پێویستی بە هەلومەرجی  عەسکەری- ئەمنییەتی ، ئابووری – دارایی، سیاسی – دامەزراوەیی هەیە. ئەو هەلومەرجانە دەبێ ساز بکرێن بۆپشتیوانی و ڕاگرتنی ڕاگەیاندنی مەبەست بۆ دامەزراندنی سەروەر، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕاگەیاندنە تەنیا جووڵەیەکی تاکتیکی بێ و لە ڕووی قانوونییەوە ئیلزامی نەبێ. ئاغای بارزانی و ڕاوێژکارانی زۆر ساویلکە بوون لەوەیدا کە پێیان وا بوو جووڵەیەکی تاکتیکی پێویستی بەو هەلومەرجانە نییە  بۆ ئەوەی بیپارێزن و پشتیوانی لێ بکەن، بە تایبەتی کاتێک بە هەڵە تێگەیشتن، بە هەڵە لێکدانەوە و تەنانەت بە هەڵە نیشان دان لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە  دەسلمێ ،چ لە ناو خۆ و چ لە دەرەوە. هەڵبەت هەلومەرجی سیاسی – ئەمنییەتی و سیاسی – دامەزراوەیی  لە دوای ڕێفراندۆم سەلماندیان کە بڕیاردەرانە بوون. ڕووداوەکانی ١٦-ی ئۆکتۆبر ، کەوتنی کەرکووک و ئەو کارەساتەی لێی کەوتەوە بە ئاشکرایی ئەو خاڵە دەسەلمێنێ . زۆر بە ڕوونی نیشانی دا ئاغای بارزانی سەرۆکایەتی حکوومەتێکی دەکرد کە هێزێکی یەکگرتووی عەسکەری – ئەمنییەتی نەبوو  لە سەر ئەرزی واقع و فەرماندەییەکی یەکگرتوویی عەسکەری – ئەمنییەتی نەبوو کە بتوانێ بڕیاری یەکگرتوو بدا و ڕاستەو ڕاست ئۆتۆریتەی خۆی لە هەموو خاکەکە دا بەکار بێنێ. کەدەپە و یەنەکە دوو ئەستوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، هەر کامەیان هێزی پێشمەرگەی  و دەستگای ئەمنییەتی و قەوارە سەرۆکایەتی و فەرماندەیی لەمەڕ خۆیان هەیە، ئەو نایەکگرتووییە و ئەو دەستە بەندییە سیاسییەی کە لێی دەکەوێتەوە بە قووڵی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا هەڵدەسووڕێ. ئەوە لە قەوارە سیاسییەکەی دا ناسۆرێکە کە لە سەر بنەمای ئیتیلافێک لە نێوان کەدەپە و یەنەکە هەڵنراوە. ئەو ئیتیلافە ئاکامی مەسڵەحەتێکی سیاسی و پڕاگماتیسمێکی ڕووتی سیاسی یە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی کورت خایەنی ئەو دوو پارتییە سیاسییانە . ئەو ئیتیلافە لە سەر بنەمای بە ڕەسمی ناسینی ناوچەی دەستەڵات و نفووزی یەکتری بوو لە لایەن ئەو دوو پارتییانەوە، زۆنی کەدەپە ، گۆیا زۆنی زەرد بە ناوەندێتی هەولێر، زۆنی یەنەکە، گۆیا زۆنی کەسک، بە ناوەندێتی سڵیمانی. ئەو هێز دابەشکردنە مەسڵەحەتییە بە ڕێگای ئیمزا کردنی پەیماننامەیکی نهێنی پارێزراوە  بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت لە نێوان ئەو دوو پارتییە دا. ئەو ڕێکەوتنە، بە تایبەتی بە ڕەسمی ناسینی دوولایەنەی ناوچەی نفووز، کە بە کردەوە لە ساڵی ٤ -٢٠٠٣ وە  پەیڕەو کراوە لە ڕوانگەی هەر چەمکێکی یەکەتییەوە کە لێی بڕوانی ناکۆک و ناسازگارە.  لە ڕاستید، بەرنامەیەک بوو بۆ شەریکایەتی هێز و دابەشکردنی داهات ، تا ئەوەی کە ئێدارەیەکی یەکگرتووی سیاسی بێ. جا بۆیە لە دوای کارەساتەکە کە گەیشتە لە کیس دانی  % ٥٢  لە خاک و %٦٠ ی داهاتی نەوت کاتێک  ئاغای بارزانی لە تێلێڤیزۆنەوە ڕایگەیاندخیانەتی پێ کراوە ، قسەکانی  بە هێند وەرنەگیرا. چونکە هەموو کەس دەیزانی ئەو کەسانەی ئەو دەڵێ خەیانەتیان لێ کردووە و کەرکووکیان ڕادەستی حەشدی شەعبی ژێر فەرماندەیی ئێران کردووە، لە پڕێکدا لە زەوی سەریان دەر نەهێناوە ، نا، تەواو بە پێچەوانە، ئەوان سەرۆکانی دەستگای ئەمنییەتی و فەرماندەیی سیاسی یەنەکە بوون: هەموو کەس دەزانێ کە پاڤڵ تاڵەبانی، ئاراس و لاهۆر شیخ جەنگی لە ئەندامانی ناسراوی تاییفەی تاڵەبانی ن و بەو شێوەیە بەشێکن لە بلۆکی دەستەڵاتی نایەکگرتوو کە وەکووتر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەناسرێ. لەوە دا هیچ گۆمان نییە کە ئەوان خیانەتیان بە نەتەوەی خۆیان کرد بە ڕادەست کردنی کەرکووک و پاشماوەی شوێنە جێی ناکۆکییەکان بە میلیشیایەکی شیعەی عێڕاقی کە لە لایەن ئێرانەوە ڕێک خرا بوو، بەڵام ئەو خیانەتە مێژووییە دەبێ لە ڕووی سیاسییەوە چاو لێ بکرێ، واتە، لە چوارچێوەی دینامیکی پێواژۆی سیاسی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا کە لە سەرقەوارەی بنەمای شەریکایەتی دەستەڵات  داندراوە لە نێوان کەدەپە و یەنەکە دا. پارسەنگی هێز کە بەڕێگای ساز کردنی ناوچەی نفووز و داهاتەوە دەپارێزدرێ بە سەرهەڵهێنان وخۆشەویستیی خێرای بزووتنەوەی گۆڕان  لە ساڵی ٢٠١١ چەتی تێکەوت. سەرکەوتنی گۆڕان لە هەڵبژاردن دا دوو ساڵ دواتر جێی بە یەنەکە لێژ کرد وەک دووهەمین پارتیی گەورە لە پارڵمان دا و ئەوە بووە هۆی زیاد بوونی لە زێدەی  زاڵبوونی کەدەپە لە قەوارەی شەریکایەتی دەستەڵات  لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا. وا وێدەچێ یەنەکە ئەوەی پەژراند بێ کە بکەوێتە پلەی دووەمەوە لە حکوومەت دا تا ئەو جێیەی کە پەدەکە دەورێکی سەرەکە بگێڕێ بۆ بە گژداهاتنەوە و بەربەست کردنی نفووزی گۆڕان لە پێواژۆی سیاسی دا. جا بۆیە یەنەکە تا دوایی  پشتیوانی کرد لە سیاسەتەکان و کردەوەکانی دژی گۆڕانی ئاغای بارزانی.  لە ڕاستیدا خەبات بە دژی گۆڕان و حەولدان بۆ وەدەرنانی لە پڕۆسەی سیاسەتی ڕەسمی  بە مەبەستی پاراستنی هەلومەرجی شەریکایەتی دەستەڵات لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا بوو بە بابەتێکی گرینگ لە قەوارەی ئیتیلافی نوێ و گۆڕاو دا، بەڵام بارزانی بەردەوام بوو لە سەر سیاسەتەکانی ملهوڕانە وکردەوە دەرهاوێژەکانی خۆی دوای دەپەراوێز خستنی کاریگەری گۆڕان و دەستی کرد بە سێرە گرتن لە هێندێک ئامانجی تایبەتی ناوەندی دەستەڵات و نفووز لە ناوخۆی یەنەکە دا. ئامانجی ئەوە بوو یەنەکە لەت بکا و جوێبوونەوەی ناوخۆیی تێدا ساز کا. ئەو دەیەویست ئۆپۆزیسیۆنی دژی حوکمڕانی خۆی لە ناوخۆی یەنەکە دا دەپەراوێز بخا و بە سەر ئەو لایەنە دا زاڵ بێ  کە ئامادە بوو باڵا دەستی ئەوە پەسند بکا و یارمەتی بدا لە بواری هێژێمۆنی زاڵبوونی دا ، واتە ئەو دەستەیەی کە بریتی بوون لە بڕبڕە پشتی تاییفەی تاڵەبانی. خیانەتی ١٦-ی ئۆکتۆبر بە جۆرێک کاردانەوەیەکی توند بوو لە لایەن ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە لە ناوخۆی یەنەکە دا لە حاڵی زیاد بوون دا بوو لە بەرانبەر ملهوڕی و سیاسەتەکانی ئاغای بارزانی  کە مەبەستی ئەوە بوو هەموو دەستەڵات لە ژێر فەرماندەیی خۆی دا کۆ بکاتەوە. لە ڕاستیدا تۆوی خیانەت لە ناو قەوارەی دەستەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا چەکەرەی کرد. بەو مانایە نیشانەی ناسۆرێک بوو لە قەوارەی دەستەڵات دا  کە بارزانی سازی کرد و سەرۆکایەتی کرد بۆ ماوەی ١٤ ساڵ . ئەو هەر دەبێ خۆی بە خەتابار بزانێ بۆ ئەوەی بە سەری خۆی و بە سەری نەتەوەکەی هێنا

بە تایبەتی  دوای تەسلیم کردنی کەرکووک، ڕەخنە لە پارتییە سیاسییە کوردەکان زیادی کرد. مەسعوود بارزانی وەک ڕێبەرێک و پێداگری وی لە سەر ڕێفڕاندۆم کەوتنە بەر ڕەخنەی هەرە زۆر و دوا جار ئەو دەستی لە کار کێشاوە . سیاسەتمەدارانی کورد چاوڕەوانی چ داهاتوویەک دەکەن ئێستا؟  ئایا ئێمە دەبێ چاوەڕوان بین ڕێبەرێکی نوێی بەهێز یان پارتییەکی نوێی بەهێز سەرهەڵێنن دوای وەفاتی جەلال تاڵەبانی و دەست لە کار کێشانەوەی بارزانی؟


خەڵک بە جیدی ناشادن سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری، ئەوان بە دروستی خەتا دەهێننەوە  سەر سەرۆکایەتی سیاسی ، حکوومەت و پارتییە سیاسییەکان، گەندەڵی سیاسی و لاوازییان.  ئەوان داوای گۆڕان دەکەن  کە بتوانێ دەستەبەری بەشداریی دێمۆکڕاتیک و شەفافییەت بێ. ئەوە مانای پڕۆسەیەکی کراوەی سیاسی  و پلورالیزمی ڕاستەقینە و بەشداریی جەماوەریی ، لێپرسینەوەی دێمۆکڕاتیکە لە سیستمێکی لە بەر یەک هەڵوەشاوی سیاسی دا. بەڵام ناکرێ مرۆڤ چاوەڕوانی گۆڕانی گرینگ بکا چونکە هەموو ڕێبەرە سیاسییەکان و پارتییەکان بە قووڵی لە خەڵک دەترسێن ، ئەو ترسە لە خەڵکی ئاسایی وایان لێ دەکا بە ئەگەری زۆر لە سەر حوکمڕانی سازشت بکەن لە سەر حیسابی مافە مەدەنی و دێمۆکڕاتیکەکان و ئازادییەکان. دەرکەوتن و سەرهەڵێنانی ڕێبەرێکی نوێی بەهێز کە بتوانی خەڵک دەنگ دا ، ئەوان لە دەوری خۆی و بەرنامە سیاسییەکەی کۆ بکاتەوە، کەسایەتییەکی بە ڕاستیی نەتەوەیی لە حاڵی حازر دا هەتا بڵێی نامومکینە. ئەوەی پێویستی پێی هەیە تەنێ هەر ڕێبەرێکی بە هێز نییە، پیاوێکی بەهێز کە خەڵک بەرەو پێشەوە بەرێ، بەڵکوو ڕێبەرێکی بەهێز پێویستە کە ئاوەز و ڤیزۆنی هەبێ. کوردەکان حەوجێیان بە ڕێبەرێکی عاقڵە، کەسێکی دووربین کە بتوانێ لە دەرەوەی ئەمڕۆ بیر بکاتەوە، رێبەرێک کە بتوانێ ئەمڕۆ ببینێ و نەخشە بۆ بەیانی دابنێ. ڕێبەرێکی ئاوا لە سیاسەتی کوردی دا جێی دیارە. بە باوەڕی من ئەوە لاوازی هەرە سەختی سیاسەتی کوردی بووە، نەبوونێکی هەرە گەورە  کە ئاکامی کارەساتاوی لێ کەوتووەتەوە بۆ کۆمەڵی کورد.  سیاسەتی کوردی پڕ بووە لە قارەمانەتی و فیداکاری بەڵام عەقل و ڤیزۆنی نەبووە. تەنێ دەکرێ مێژووی کورد بخوێنییەوە بۆ ئەوەی ڕاستی تاڵی ئەو دەربڕینەی تێدا ببینی. مێژووی کورد مێژوویەکی پەرۆشە، مێژووی چاوەروانی بوێرانە و هێوای لە کیس چوو، مێژووی فیداکاری و خیانەت، شکان و نائومێدی یە.

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە بۆ تورکی : تارکان توفان
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە بۆ کوردیی سۆرانی : حەسەن قازی
وەرگێڕانی  شیکردنەوەی ئاربای سەبارەت بە وتووێژەکە
لە تورکی یەوە: حەسەن قازی 






No comments: