چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی دووەم
چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی دووەم
لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی " پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی بلووریانی کردووە.
غەنی بلووریان: حەتتا لەباری، حەتتا پێشمەرگەی تفەنگ بەدەست کە شەڕ دەکا زانایی سیاسی نییە. زۆر پایینە، زۆر کەمە. ڕابەرایەتی مومکینە شتێکی بزانێ، کەموو کووڕێک بەڵام لە خوارەوە کە دەبێتە بەدەنەی حیزب، بەدەنەی حەڕەکەت، بەدەنەی بزاو بەدەنەکە لادێیەکی بێ سەوادە. دیارە مەردانە دەیکا، شەڕی پیاوانە دەکا، خۆی بە کوشت دەدا بەڵام ئەگەر ڕووناکبیر زۆرتر دە ناو حیزبەکە دا بن حیزبەکە حەڕەکەی سالمترە، دروستترە.
وتوێژی دووەم ، ئەم وتوێژە، هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ بەڕێوەی بردووە.
لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی " ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ بلووریان.
و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج ئاڵقە لە دیسامبر ٢٠٠١ و ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.
لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی.
قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی لە
ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکان
نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە.
حەسەن قازی
دێسامبری ٢٠٢٦
هەڤپەیڤینی دووەم
هەڤپەیڤینی ئەحمەد باراچ کڵیچ لە مەد تیڤی لەگەڵ غەنی بلووریان ، ١٩٩٧
یانی نیزامی حیزبەکە قەویترە چونکوو ئەندامی زانا دە داخڵی، دە دەروونی حیزب دا ئەندامی زانا هەست دەکا، فام دەکا وەزیفەی خۆی کە دەبێ چ بکا لە حەڕەکەت دا بەڵام ئینسانی کە سەوادی نەبێ دە حەڕەکەت دا بەشداری دەبێ زانایی سیاسی نەبێ زۆر کاری بێ جێ دەکا، کاری خراپ دەکا، کاری خراپی بە خیلافی مەسڵەحەتی حیزب حەڕەکەیەکی دەکا کە بە زیانی حیزب تەواو دەبێ چون نافامێ بەعزە حەڕەکەیەکی دەکا.
بەڵام وەختێکی زانایی حیزب گریلاش هەیبێ، پیشمەرگەش هەیبێ زانایی سیاسی هەبێ حیزب زۆرتر ڕەهبەری دەتوانێ نەزم بدا بە سازمانی و تەشکیلاتی مونەزەمتر بکات. ئەوەیە کە وەزیفەی ڕووناکبیرانی کورد تێکەڵاو بوون دەگەڵ خەباتە، پتەوکردنی حیزب و پتەو کردنی حەڕەکە و بزووتنەوەکەیە، موحکەم کردنی ئەو حەڕەکەتەیە ئەوە وەزیفەیانە. کەسانێکی نایکێشن دەبێ فەسخ بکەن کە ڕووناکبیری کورد وەزیفەی تاریخێتی بۆ میلەتەکەی دەبێ خەبات بکات. چون ڕووناکبیری کورد هەست دەکا بە وەی کە میلەتی کورد ئەسیرە، میلەتی کورد بن دەستە. ئەو هەستەی کە تۆ دەکەی وەزیفەت بۆ دادەنێ. وەختێکی کە تۆ هەست دەکەی میلەتەکەت ئەسیرە وەزیفەشت، وەزیفەی ویژدانیشت بۆ دادەنێ کە دەبێ تێکەڵاوی خەبات بێ بۆ نەجاتی ئەو میلەتە. ئەوە وەزیفەی ڕووناکبیرانە دە شەڕایتی تاریخی ئەوڕۆ دا، دە شەڕایتی ئەوڕۆ و زەمان دا زۆرتر، خورتتر بەرەو خەباتی سیاسی بکێشرێن. بێنە ناو خەباتەوە بە قازانجی حەڕەکەی میلەتەکەمان.
ئەحمەد باراچ کڵیچ: مامۆستای هێژا ئێمە دەمانەوێ بە تایبەتی لەمەڕ تێکەڵی کوردان و سۆڤیەت و تەنانەت بەر لە ساز بوونی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ڕووسان بپرسین و پاشان دوای ئەوەی لە دوای ساڵی ١٩٤٥ کۆماری مەهاباد دامەزرا و لەو سەردەمی دا دە دامەزراندن و هەڵوەشانی کۆمار دا لەو سەر دەمی دا دیتنی ئێوە لەمەڕ تێکەڵاوی کورد و ڕووس چییە؟
غەنی بلووریان: دیارە تێکەڵیی کورد و ڕووس لە زووەوە بووە پێش ئینقیلابی ئۆکتۆبر بووە. لە سەرهەڵدانەکانی کورد چ لە کوردستانی عێڕاق، چ لە کوردستانی باکوور تورکیا، چ لە کوردستانی ئێران وەکوو ڕەهبەریی ئەو حەڕەکاتانە ئەو بزاوانەی کورد، ڕەهبەری جونبیشی کورد پێوەندی لەگەڵ تێزاریسم هەبوو، حکوومەتی تێزاری پێش حکوومەتی سۆڤیەتی. حکوومەتی پادشایی لە ڕووسیا. ئەو پێوەندییە بۆ ئەوە بۆ کە کوردەکان دژی ئیمپڕاتۆری عوسمانی شەڕیان ئەکرد بۆ ئازادی، دەیانەویست دۆستێک بگرن بۆ خۆ، ئیستفادەی لێ بکەن کەلکی لێ وەربگرن پشتیان بگرێ، پشتیوانیان لێ بکا دەستیان بۆ ڕووس درێژ دەکرد. ڕووسیش بۆ ئەوە ئەوان هان بدا دژی ئیمڕاتوری عوسمانی کە دوژمنی خۆی بوو، ئیستفادە لە کوردەکان بکات زۆرجار تێکەڵاوی دەگەڵ کوردەکان دەکرد بەڵام داوخوازی کوردەکانی بە تەواوی جێ بەجێ نەدەکرد. چی نەدەکرد ئا. ئەو دەم کە قازانجی خۆی دەبوو دەهات بە تەڕەفی کوردەکانەوە کە قازانجی خۆی تەواو دەبوو دەگەڕاوە دواوە. داوخوازی کوردەکانی قەبووڵ نەدەکرد. دەنگی لێ دەر نەدەهات، بێدەنگەی لێ دەکرد. ئەوە تاریخ، زۆر نووسراوە دە تاریخ دا ئەو حەڕەکەتەی ڕووسەکانی تەزاریسم دەگەڵ کوردەکان ئەو پێوەندییەیان هەبۆ زۆر بە تەکمیلی. بە تێر و تەسەلی ئەو ئیرتیباتە هەبۆ قەبلەن.
بە هەر سووڕەت ئیمپڕاتوری عوسمانی تێک چوو کوردستان دابەش کرا دیسان. لە ڕووسیا ئینقیلاب کرا، ئینقیلابی ئۆکتۆبر کرا لێنین هاتە سەر کار. ئەوەڵین کوردێکی کە دەگەڵ ئینقیلابی ئۆکتۆبری ڕووسیا و دەگەڵ لێنین پێوەندی گرت شێخ مەحموودی بەرزنجی بوو کە نامەی شاند، نامەی نارد بۆ لێنین بۆ سەرانی حکوومەتی سۆڤیەت داوای یارمەتی لێکردن، داوای کۆمەگی لێ کردن. داوای ئیتیحادی لێ کردن.
دیارە ئەو داوایەی شێخ مەحموودیش نەتیجەی نەبوو. لێنین و ئینقیلابی ئۆکتۆبر کە تازەهاتبوونە سەر کار لەو دەورە دا توانا و قودرەتێکی ئەوەیان نەبوو بتوانن کۆمەگ بە کورد بکەن. وە هیچ حەڕەکەتێکیان نەکرد دە موقابیل داوخوازییەکانی شێخ مەحموود. پەیوەندی بەینی شێخ مەحموود و ئەوە ئەمجارە بوو.
باراچ کڵیچ: لەبەر چێ لێنین نەی کرد، شێخ مەحموودی بەرزنجی دوو نامە، سێ نامەی ناردووە هەر وەک ئێوەش کوتتان داوخوازیان ئەوە بووە لەگەڵ سۆڤیەت بکەون. کوردیش مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێ و دوای ئەوە کە هیچ وڵامێکی ئەو داوخوازانە نادرێتەوە و هیچ یارمەتییەکیش ناکرێ. بۆچی لێنین ئالیکاری نەکرد. نە دژایەتی کرد و نە پشتیوانیش و هیچیشی لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد نەگوت.

بلووریان: شیعاری ئینقیلانی
ئۆکتۆبر پشتگرتنی زەحمەتکێشان و کارگەران و کرێکاران و میلەتی ئەسیر و چەوساوە
بوو. بە شیعار، بە دروشم
باراچ کڵیچ: لە باری تیۆری وا بوو
بلووریان: لە باری تیۆریک. پاشان شێخ مەحموودیش لە سەر ئەو دروشمانە کە درا ئومێدەوار بوو کە دەست درێژ کا بۆ یەکێتی سۆڤیەتی دەتوانێ کوردی چەوساوەی ڕەنجبەر بکەوێتە ئەو قۆناغە کە ئینقیلابی ئۆکتۆبریش کە دروشمی پشتیوانی لەمیلەتی ڕەنجبەر و لە زەحمەتکێشان و لە چەوسێنەران!! [چەوساوان] هەیە کوردیش کەلکی لێ وەربگرێ. لەبەر ئەوە بوو شێخ مەحموود نامەی شاند ئەگینا شێخ مەحموود کۆمۆنیست نەبوو. شێخ مەحموود ئینسانێکی، شێخێکی ئایینی بوو بەڵام لەبەر ئەوە تەجروبەی هەبوو کە ئەمپریالیزم و سەرمایەداری جیهانی پشتی کورد نەک ناگرن بەڵکە دژی کوردیش ڕادەوەستن، پشتیوانی دەکەن لەو حکوومەتانەی کە کورد ئەکووژێت [ئەکووژن].
شێخ مەحموود چ بکا دە موقابیل ئەوە دا. تەنها پەنایەکی کە شێخ مەحموود هەستی پێ دەکرد ئینقیلابی ئۆکتۆبر بوو. کە ئەوە بوو چەند نامەی شاند بۆ لێنین داوای پشتیوانی کرد بەڵام هیچ جوابی نەبوو. بۆچی جوابی نەبوو بە نەزەری من ئینقیلابی ئۆکتۆبر ئێستا [هێشتا] خۆی نەگرتبوو. بە چاکی حکوومەتی لێنین نەچەسپی بوو، خۆی نەگرتبوو بە تەواوی. یەکیش بە مەسڵەحەتی بەرژەوەندی خۆی نەدەزانی کە دەگەڵ ئینگلیس و سەرمایەداری ئێستا دژ بەرابەر بێ ئەو کارانە بکا لەبەر ئەوە هیچ، بێدەنگەی لێ کرد و مەسەلەی کورد بۆ ئەو مەسەلەیەکی ڕۆژ نەبوو کە پشتی بگرێت. لە قازانجی خۆی نەدەزانی.
کوردەکان، دیارە ئینقیلابی ئۆکتۆبر پاشان تەئسیراتی خۆی لە سەر کوردستان دانا. پاش ئەو بزاوە، شکستی بزووتنەوەکانی کورد تەئسیراتی خۆی دانا لە سەر کوردستان. وەکوو ڕووناکبیری کورد بەشی زۆری تێئۆری مارکسیستی – لێنینیستی قبووڵ کرد. زۆر ڕەوشەنفکران دەگەڵ ئەحزابی کۆمۆنیست تێکەڵاو بوون، بوون بە جوزوی ئەحزابی کۆمۆنیست لە ئێران، لە تورکییە، لە عێڕاق ئەو هاوکارییەیان کرد. بە خاتری ئەوەی ئومێدەوار بوون کە ئەو حیزبە کۆمۆنیستانە لیرە سەرکەون؛ لە کوردستاناتی موختەلیف، ئێران و عێڕاق و کوردستانی تورکییە و سوورییە سەرکەون ئەحزابی کۆمۆنیست کۆردەکانیش وەکوو جمهوورییەتەکانی سۆڤیەتی بتوانن ئەوانیش جمهوورییەتێک چێ بکەن لەو کوردستانانا بۆخۆیان.
بەو هەوایە دەگەڵ کۆمۆنیستەکان ڕێک کەوتن دیارە بەخاتری ئەوەی گیانی دژایەتی دەگەڵ سەرمایەدارییان هەبوو چون لە تاریخیان خوێندۆتەوە ڕەشەنفکرانی کورد کە سەرمایەداری هەتا ئێستا دژی کورد بووە دەگەڵ کورد دۆستایەتی نەبووە، هەمیشە پشتی دوژمنانی کوردی گرتووە. ئەگە وابێ دۆستی ئێستای ئێمە ئەو ئینقیلابی ئۆکتۆبرەیە. دەبێ ڕوو دە ئەوێ بکەین. ئەوە بوو کە ڕەوشەنفکرانی کوردی هان دەدا کە بەرەو دروشمی یەکێتی سۆڤیەتی و ئینقیلابی ئۆکتۆبر ڕابکێشن بچن بەرەو ئەو دروشمە.
ئەوە ئێستا ئەحزابی کۆمۆنیستی ئێستاش هەر لە کوردستان هەن، ماون دەگەڵ کۆمۆنیستەکانی میلەتەکانی دیکە تێکەڵن یا موستەقیل حیزبی کۆمۆنیستی خۆیان هەیە. ئێستاش دیارە یەکێتی سۆڤیەتی نەماوە بەڵام بەوەی کە مەسەلەی ئێعتیقاد بە تێئۆری کۆمۆنیستی ئێستاش هەر خەباتی خۆیان بەردەوام دەکەن بە نێوی کۆمۆنیسم و کۆمۆنیست و تێئۆری کۆمۆنیستی.
باراچ کڵیچ: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکەم جار تێکەڵی و پێوەندی کوردان و ڕووسان چۆن ساز بوو لە کام ساڵی دا؟
بلووریان: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٣١٧-ی ئێرانی [تەماشای کاغەزی سەر مێزەکە دەکا ح.ق] کە دەبێتە ١٩٣٨-ی زایینی/ میلادی یەکەم جار لە کوردستان لە مەهاباد کۆمەڵەی ژێکاف ناوی هاتە ئاراوە. ناوی هاتە ئاراوە، مەتڕەح بوو
باراچ کڵیچ: ئاشکرا کرا؟
بلووریان: نا، ئاشکرا کردن نا، مەتڕەح بوو یانی بە نهێنی
باراچ کڵیچ: بە دزی
بلووریان: بە نهێنی بە دزییەوە دەستیان بە کار کرد وە یەکەم نامەیان شاند، نارد بۆ یەکێتی سۆڤیەتی کە ئەو نامەیە بە ئیمزای یەکێک لەو ئەندامانە بوو کە کۆمەڵەی ژێکاف خەریک بوون چێ بکەن لە مەهاباد. دیارە وەکوو تەشکیلات و ڕێکخراوە هەنووز چێ نەببوو بەڵام کۆمەڵ هەبوون. کۆڕ و کۆمەڵەی کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، چێ ببوو. ئەوەڵ نامە ئەوان شاندیان بۆ یەکێتی سۆڤیەتی ساڵی ١٩٣٨، بەڵام هەر نامە بوو جوابێکیان وەرنەگرتەوە. جواب نەهاتەوە دەیانەویست خۆیان بناسێنن بە یەکێتی سۆڤیەت کە لێرە کورد حەڕەکەتی هەیە. کورد خەبات ئەکات. خۆ مەعرەفی بکەن بناسێنن ها، بە یەکێتی سۆڤیەت. ئەو نامە هەدەف ئەوە بوو.
بەڵام نەتیجەی نەبوو هەتا ساڵی ١٣٢٠-ی ئێرانی کە دەبێتە ١٩٤١-ی میلادی. لە ١٩٤١-ی میلادی دا کە شەڕی جیهانی دژی هیتلێر بوو ئینگلیس و ئەمریکا و ڕووس وە وەڵاتانی تر موتەحید بوون دژی هیتلێر. ئەو دەم لە ئێران ڕەزاشا پەهلەوی دە حوکم دا بوو. ڕەزا شا بەدەستی ئینگلیسیان لە ئێران هاتە سەر کار و بوو بە پاشای ئێران. ئینگلیسیان دەستیان تێدا بوو ئەویان کرد بە پادشای ئێرانێ. بەڵام پاشان کە هیتلێر شەڕی دەست پێکرد و زۆری هەموو ئوڕووپا گرت و هێندێک شووڕەوی داگیر کرد و زەمینی شووڕەوی داگیر کرد و ئەوانە، ڕەزا شا فکری کردەوە کە ڕەنگە هیتلێر لە دونیایە دا سەرکەوێ با من دەستی خۆم درێژ کەم بۆ هیتلێر دەگەڵی دۆستایەتی بکەم کە هاتە ئەو مەڵبەندە موەفەق بوو منیش بتوانم ئەو جمهوورییەتانەی سۆڤیەتی کە بەرێ هی ئێران بوون بستێنمەوە و هێندێکیش لە خاکی عێڕاق و هێندێک لە خاکی تورکییە و ئەوانەش بستێنم و ئێرانی گەورە چێ بکەم. لەبەر ئەوە دەستی درێژ کرد بۆ هیتلێر، ئیتیحادی دەگەڵ بەست وە هیتلێر عەوامیل و ئەندامی خۆی شاند بۆ ئێران لە ژێر پووششی سەفیر و کارمەندی دەوڵەتی و شیرکەتی ئەوانە هاتن جاسووسانی ئاڵمان بۆ ئیران وە دەستیان کرد بە سازمان دان و ڕێکخستنی عەشیرەی جنووب، جنووبی ئێران، وەکوو بە تایبەت لە مەنتەقەی خووزستان وەکوو بۆیر ئەحمەدی، وەکوو عەشاییری تری لوڕ و ئەوانە. کە بەڵکە بتوانێت جەبهەیەک لە ئێران بکاتەوە دژی سۆڤیەت کە هەمی نەفتی باکوو ئازەربایجان بستێنێ، هەمی لەو بەرەوە جەبهە بکا دژی سۆڤیەت شەڕ بکات، هەمیش دەستی بگاتە کەنداوی فارس هیتلێر. بەڵام موتەفیقین یانی دەوڵەتانی هەڤگر وەکوو ئینگلیس و ڕووس!، سۆڤیەت و ئەمریکا موتەوەجیهی ئەو حەڕەکاتانە بوون یەک، دوو پێویستیان بە جادەیەک هەبوو، رێگایەک هەبوو، ڕێگای تڕانزیت هەبوو کە لە خەلیجی فارسەوە، لە کەنداوی فارسەوە کۆمەک بکەن بە یەکێتی سۆڤیەتی دژی هیتلێر، یارمەتی بۆ بنێرن. ئەوە بوو ئەوان بەو دوو نییەتە کە هەم هیتلێر و عەوامیلی هیتلێر لێرە لە بەین بەرن لە ئێران و هەمی ڕێگا باز کەن بۆ تڕانزیت بۆ ناردنی سیلاح و ئەسلەحە بۆ یەکێتی سۆڤیەتی هاتنە ئێران. وەختێکی ئەوانە هاتنە ئیران غەربی ئیران ئینگلیس و ئەمریکا هاتن، بە تایبەت ئینگلیس، ئەمریکاش هات لە تاران دامەزرا وە شومالی ئێران کە مەنتەقەی ئازەربایجان وە خۆراسان وە مەنتەقەی مازندەران و گیلان بوو، باکووری ئیران یەکێتی سۆڤیەتی هات دای گرت [داگیری کرد].
ئەو تەقسیماتە بەر لەوەی هێرش بکەنە ئیران بەینی ئەو دەوڵەتانەی هەڤگر دیاری کرا بوو، موشەخەس کرا بوو. کە سۆڤیەت لێرە بێ، ئینگلیس لەوێ بێ، ئەمریکا لێرە بێ، بەو شێوەیەی تەقسیمیان کرد بوو. دیارە شومالیان دا بوو بە وی بۆ وەی کە
باراچ کڵیچ: یانی بەڕێزت دەڵێی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ئینگلیس و ئەمریکا پێوەندیان هەبوو؟
بلووریان: بەڵێ، بەڵێ
باراچ کڵیچ: و باکوور بۆ وان و باشووەر بۆ وان دە ناو خۆیان دا بەشیان کرد بوو؟
بلووریان: بەڵێ مەخسووسەن باشووریان [باکووریان] بە یەکێتی سۆڤیەت دا بوو کە نەیەتە خوارەوە بۆ وەی کە دەستی نەگاتە کەنداو. بۆ وەی دەستی نەشگاتە نەفتی ئیران. نەفتی ئینگلیس بوو ئەو دەم. بە دەستی ئینگلیسەوە بوو، یەکێتی سۆڤیەتییان دوور خستەوە بە شیمالی ئێران فەقەت مەحدوودیان کرد بوو دە کۆبوونەوەیەک دا کە بەینی ئەو سێ دەوڵەتە گیرابوو؛ وەختێکی دەچینە ئیران بۆ پێنج ساڵ ئیران داگیر دەکەین وە یەکێتی سۆڤیەتیش دەبێ لە شیمالی ئێران بێ و جنووبی ئێران بە دەست ئینگلیس و ئەمریکا و ئەوانەوە بێ.
ئەو دەم بەشی کوردستانی موکریان کە مەرکەزی مەهابادە جوزوی ئازەربایجان بوو کە من لێرە [ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک کە لەسەر مێزەکەی بەردەمێتی. ح.ق] لە ئاڵەکۆک دا تەوزیحم داوە کە بۆچی ئەو بەشە بۆتە ئازەربایجانی غەڕب و و ئەو بەشە کوردستانەیان لە کوردستانی تر جودا کردووەتەوە لە سەقز و سنە و کرماشان و ئیلام لەوانە بۆچی بە جوغڕافیای سیاسی ئەوانەیان لێک جیا کردۆتەوە. ئەوەم باس کردووە دەو کتێبەی دا. ئەو بەشەی کە دە ئازەربایجانێ دا بوو کەوتە دەست ڕووسەکان. وەبوو هۆردووی ڕووسان هاتن مەهابادیشیان داگیر کرد. گرت ئەڕتەشی ئێران و ئیداراتی سیاسی ئێرانیان دەرخست، خۆیان دامەزراند، کوردستان، ئەو بەشە کوردستانە ئازاد کرا.
یانی تەقریبەن دەتوانم بڵێم یەک چوارەمی هەموو کوردستانی ئێران بوو. ئەو بەشەی کە بە دەست سۆڤیەتەوە بوو. لە چواران یەک، بەقیە هەموو بەدەست ئینگلیس و ئەوانەوە بوو زیاتر، بەدەست ئینگلیسەوە بوو. کە ئەو مەنتەقانەیان نەدابوو بە سۆڤیەت. سۆڤیەت حەقی نەبوو لەو مەنتەقانە فەعال بێت. قشوون بەرێت، ئازەربایجانیان دابوویە. چون ئەوبەشەش موکریانیش جزووی ئازەربایجان بوو سۆڤیەت هات ئازەربایجانی داگیر کرد.
باراچ کڵیچ: یانی مەبەستی یەکێتی سۆڤیەت، جمهووری کوردی نەبوو؟
بلووریان: نەخێر مەسەلەی جمهووری کوردی نەبوو، مەسەلەی ئەوە بوو کە ئازەربایجان تەقسیم کرا بوو، داگیر کرا مولاحەزەت فەرموو، داگیر کرا، ئەوانە ئازەربایجانیان بەر کەوتبوو دەو تەقسیماتەی دا کرا.
ئازەربایجانیان بەر کەوت کە هاتنە مەهاباد، لە مەهاباد مەنتەقە ئازاد بوو، کۆمەڵەی ژێکاف، ئەو جارەکە لە دزییەوە، لە نهێنییەوە هات بوو بە ئاشکرا. کە یەکێتی سۆڤیەتی هاتە ئەوێ ئیدی حکوومەتی ئیران نەما لەوێ. حکوومەتی ئێران نەما لەوێ.
باراچ کڵیچ: یەکێتی سۆڤیەت بە کۆمەڵەی ژێکافی نەگوت فەرموو حوکم بکە!
بلووریان: نەخێر. کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، کۆمەڵەی ژێکاف وجوودی هەبوو، نەک سۆڤیەت چێی کرد بێت، نەک سۆڤیەت دروستی کردبێ. نە بێگانە دروستی کردبێ. کۆمەڵەی ژێکاف
باراچ کڵیچ: یارمەتی کۆمەڵەی ژێکافیشی نەدا؟
بلووریان: هیچ ئالیکاری نەبوو. هیچ، فەقەت یەک نامە کە کوتم کۆمەڵەی ژێکاف ناردی بۆ سۆڤیەت تەواو. کە سۆڤیەت هاتە مەهابادێ دە ساڵی ١٣٢٠ دا، ١٩٤١ هاتە کوردستانی مە، مەڵبەندی ئازەربایجان ئازاد بوو. کە کۆماری، مەنتەقەی موکریانیش کە کۆمار دوایە تێیدا چێ بوو ئەوەش دە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤیەت بوو. بەڵام کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، کۆمەڵەی ژێکاف ئەو جار بەخورتی هات و بە ئاشکرا هات خەباتی لە مەهاباد دەست پێکرد و لە مەنتەقە. وە پێوەندێکی نزیکتری دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی پەیدا کرد. بە ئومێدی ئەوە...
باراچ کڵیچ: ئەو پێوەندییە چۆن بوو؟ بە ڕێگای شەخس دا بوو؟
بڵووریان: بە ڕێگای حیزب دا بوو. کۆمەڵەی ژێکاف، بە ڕێگای کۆمەڵەی ژێکاف دا پێوەندی گرت دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی.
باراج کڵیچ: یانی یەکێتی سۆڤیەتی چۆن، بەڕێگای سەفاڕەتخانەی وان لەئازەربایجان؟
بلووریان: خودی یەکێتی سۆڤیەتی لە ئازەربایجانێ دابوو. ئەڕتەشی تێدابوو، کۆنسوولگەری تێدا بوو، شەخسیاتی سیاسی تێدا بوو، شەخسیاتی نیزامی و عەسکەری تێدا بوو بەڵام پێوەندیی ڕەسمی ئەوان، کۆمەڵەی ژێکاف موستەقیم و ڕەسمی دەگەڵ کۆنسوول بوو، کۆنسوولگەری یا تەورێز یا ئورمییە.
باراچ کلێچ: ئەوان هیچ داوایان لە کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو؟
بلووریان: ئەوان نا هیچیان نە دەخواست فەقەت پێوەندی هەبوو، ئەو دەم سۆڤیەت هیچ بەرنامەی نەبوو. ئەو دەمی کە هاتبۆ ئێرە هیچ بەرنامەی نەبوو. بەرنامەی ئەو دوو خاڵانە بوو کە لە سەرەوە باسم کرد کە داگیرکردنی ئێران بە مەبەستی ناردنی سیلاح بۆ سۆڤیەت و جەمع کردنەوەی فاشیزم لە مەنتەقەی ئێران بەو هەدەفە هاتبوون. دوایە خەبات کە لە کوردستان دەستی پێکرد، لە کوردستانی بندەستی عێڕاقیش، باشوور بارزانییەکان، سەرۆک بارزانی و ئەوان دە فەعالییەت و تەلاش و خەبات دا بوون. ئەوانیش وەختێکی یەکێتی سۆڤیەتی هات بۆ داخڵی موکریان ئەوانیش پێوەندییان دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی گرت، هەر وەکوو کۆمەڵەی ژێکاف پێوەندی گرت، حەڕەکەی بارزانیش پێوەندی دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی گرت لە حدوود، مەرز، چون بوونە هاومەرز. چون قوشوونی سۆڤیەت هات موکریانی گرت. موکریان مەرزی دەگەڵ مەرزی باشوورە ئیدی؛ کوردستانی عێڕاق. لەوێوە فورسەت بوو بۆ بارزانی کە دەگەڵ سۆڤیەت پێوەندی بگرێ. فەقەت پێوەندی، نە یارمەتی، کۆمەک. هیچی پێ نەکرد، فەقەت پێوەندی. ئەو پێوەندییە بە ئومێدی وەی بوو کە ڕۆژێک بتوانێ [بتوانرێ] ئیستیفادە لە سۆڤیەت بکرێ.
کە وابوو بارزانی نەیتوانی بە عیلەتی وەی ئینگلیس موتەوەجیهبوو کە ڕووس هاتۆتە مەرزەکە،حدوودەکە، سنوورەکە خەتەری حیس کرد ئینگلیس، سەرکوتی بارزانی کرد. سەرکورت بارزانی کرد، کە بارزانییەکان شکستیان خوارد هاتنە ئێرانێ، کوردستانی ئێران. هاتن بۆ مەنتەقەی موکریان هاتن بۆ مەهاباد، هاتە کوردستانی ڕۆژهەڵات. دەو بەینە دا کە یەکێتی سۆڤیەتی لەوێ بوو لە مەنتەقەی کوردستان یەکێتی سۆڤیەتی قشوونی نەبوو. هەوەڵێ قوشوونی هات تا ئەڕتەشی ئێرانی چەک کرد، سیلاحی لێ ئەستاند، حکوومەتی ئێرانی دەر کرد لەو مەڵبەندە. خۆی کشاوە چوو بۆ تەبرێز و ورمێ و ئازەربایجان، مەنتەقەی ئازەربایجان.
لەو کوردستانە نەما، ئەو کوردستانە ئازاد بوو. ئازاد، فەقەت کۆمەڵەی ژێکاف لەوێدا فەعال بوو.
باراچ کڵیچ: مامۆستا گیان هەر وەک ئێوە گوتتان لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبر زۆربەی ڕووناکبیری کوردان، پێشەنگی کوردان، ڕامانی سۆسیالیزم، کۆمۆنیزمیان وەخۆ کرد بوو و مۆسکۆیان پەسن دەدا. و سەرەڕای هەموو داوخوازێکیش هیچ یارمەتییەک لە سۆڤیەت وەرنەگیراوە. ئێوە دەڵێن ئەوان هیچ ئالیکاری کوردیان نەکردووە. وایە؟
مرۆ دەکرێ وا بڵێ؟

بلووریان: یەکێتی سۆڤیەت،
ئالیکاری کوردان؟ ئەوەی باسم کرد. دەپێشدا هیچ ئالیکاری نەکردۆ بە کورد.باراچ کلیچ: لە کوردستانی
ڕۆژهەڵاتیش نەیکردووە؟
بلووریان: لە ڕۆژهەڵاتیش هەر ئەوە بوو کە عەرزم کردی. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر ئەو ڕابیتەیەی کۆمەڵەی ژێکاف بوو بە نامە دانێک پاشانیش کۆماری مەهاباد چێ بوو. ئەو جارەکە ئێستا باسی دەکەین.
وەختێکی کۆمەڵەی ژێکاف ئاشکرا دەستی بە فەعالییەت کرد. سۆڤیەت، کوردستان، ئازەربایجان ئازاد کرا بوو بە دەست سۆڤیەتەوە بوو. ئیمکان هەبوو بۆ کۆمەڵەی ژێکاف کە بخەبتێ بە ئاشکرا. ئێ! خەباتی ئاشکرا بکات بەڵام ڕووسەکان دەگەڵ [لە] دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف ڕازی نەبوون.
باراچ کڵیچ: بۆچی ڕازی نەبوون؟ مەبەستی ئەوان چ بوو؟
بلووریان: لەبەر ئەوە نەزەریان ئەوە بوو، نەزەریان ئەوە بوو کە ئەوە وەختی نییە. شیعاری کوردستانی گەورە چێ کردن زەمانی نییە، فورسەتی نییە لێرە ئێستا وەختی نییە، وەختی نەهاتۆ.
باراچ کڵیچ: ئەخر کوردستانی گەورە هیچ کوردستانی پچووکیشیان نەویستووە.
بلووریان: نا، کوردستانی گەورە، کۆمەڵەی ژێکاف شیعاری، دروشمی کوردستانی گەورەی هەبوو. سۆڤیەت دەیگوت ئەو دروشمە نادروستە. دروست نییە، نە دروستە. دەبێ ئێوە دروشمتان بگۆڕن بیکەنە خودموختاری، حوکمی زاتی لە چوارچێوەی ئێران دا، ئۆتۆنۆمی. ئەوە بوو کە حیزبی دێمۆکڕات ئەو دەم شیعاری دێمۆکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی هێنا کایەوە، مەتڕەح کرد.
باراچ کڵیچ: ئەو داوخوازەی یەکێتی سۆڤیەت کێ بە ئێوەی گوت؟ سەفاڕەتخانە و کۆنسوولخانەی وان گوتیان یان؟
بلووریان:کاکی من، کۆمەڵەی ژێکاف، کۆمەڵەی ژێکاف دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و کۆنسوولگەری و سەرانی سۆڤیەتی کە دە ئێرانێ دا بوون پێوەندی هەبوو. ئەوان چوونە باکوو چەند دەفعە. قازیی محەمەد و چەند نەفەر لە سەرانی حیزب، کۆمەڵەی ژێکاف چوونە یەکێتی سۆڤیەت و دەگەڵ وانە پێوەندیان گرت، دەگەڵ باغرۆف و ئەوانە پێوەندیان گرت و ڕەئیس جمهووری ئازەربایجانی سۆڤیەت [ باقرۆف، ڕەئیس جمهوور نەبوو، بەلکوو لە نیوان ساڵانی ١٩٣٣ تا ١٩٥٣سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی کۆمۆنیستی ئازەربایجانی سۆڤیەت بوو. ح.ق] پەیوەندییان گرت و لەو پەیوەندییانە دا ئەو باسە کراوە کە ئێوە دروشمی کوردستانی گەورە هەڵمەگرن. دروست نییە ئێمە ناتوانین پشتیوانی لێ بکەین.
ئێمە وەک ڕووس ناتوانین پشتیبانی لە دروشمی کوردستانی گەورە بکەین بە خاتری ئەوەی کە ئەوان قەراریان دەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیس نەدابوو کە ئەوان پشتیبانی لە کوردان بکەن خۆ.
باراچ کڵیچ: حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان یەکەم جار کە هات دامەزراندن، دەستی سۆڤیەتی تێدا هەبوو؟
بلووریان: ئەوە عەرزت دەکەم ئێستا ئەوە. من عەرزم کردی کۆمەڵەی ژێکاف چێ بوو. کۆمەڵەی ژێکاف نە ڕووس دروستی کرد، کۆمەڵەی ژێکاف پێش ڕووس بێتە ئێران چێ کرابوو. کوتم یەک نامەی شاند بۆ سۆڤیەت. پاشان کە یەکێتی سۆڤیەتی بە ڕەهبەرانی کۆمەڵەی ژێکافی کوت دروشمی ئێوە، دروشمی کوردستانی گەورە زەمانی نییە، کۆمەڵەی ژێکاف کۆنگرەی گرت، بە نێوی حیزبی دێمۆکڕات کۆنگرەی گرت. یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێمۆکڕات چێ بوو، لەو کۆنگرەیە دا دروشمەکە گۆڕا.
باراچ کڵیچ: لە سەر مەبەستی
بلووریان: لە سەر داوخوازا کوردستانی گەورە گۆڕا، عەوەز بوو، تەغیر کرد بوو بە ئۆتۆنۆمی داخڵی ئیران. لە چوارچێوەی ئێران دا.
باراچ کڵیچ: ئەوە لەسەر داوای یەکێتی سۆڤیەت بوو؟
بلووریان: بەڵێ. یەکێتی سۆڤیەتی کوتی من پشتیوانی ناكەم لەو دروشمە. لە دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف پشتیوانی ناکەم. بەڵام لە خودموختاری داخڵ پشتیوانی دەکەم.
باراچ کڵیج: دەی خودموختاری کردە بەرنامەی خۆی بەڵام سۆڤیەت دیسان پشتگیری نەکرد.
بلووریان: جا پاشان باسی دەکەین.
باراچ کڵیچ: فەرموو
بلووریان: ئەوە بوو کە ئەوان دروشمەکەیان گۆڕی، ناوی کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی کردیان بە " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران" [ لە سەرەتای دامەزرانی حیزب و لە چاپەمەنییەکانی سەردەمی جمهووری دا لە هەموو جێیەک نووسراوە " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان". ح.ق]، دروشمەکەشیان بوو دێمۆکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان. ئیتر کۆمەڵەی ژێکاف نەما. بوو جوزوی تاریخ. ئێستا کۆمەڵە، ئێستا حیزبی دێمۆکڕاتە. حیزبی دێمۆکڕات هەمان کۆمەڵە بوون. تەواوی ڕەهبەرانی کۆمەڵەی بوون بە ڕەهبەرانی حیزبی دێمۆکڕات. ئێ، ناوی عەوەز بوو. کەسێکی تر نەهاتۆ حیزبی دێمۆکڕات دروست کا. کە واتە سۆڤیەت دروستی نەکردووە. ئەمانە ڕەهبەرانی کۆمەڵەی ژێکاف بوون کە هاتن بوون بە ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات لە یەکەمین کۆنگرەی دا نێوی کۆمەڵەیان گۆڕی، کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی بۆ حیزبی دێمۆکڕات. یانی تەئسیری ڕووسان نەک لە سەر چێ کردنی حیزبی دێمۆکڕات یا کۆمەڵەی ژێکاف بووبێ بەڵکوو تەئسیری سۆڤیەت فەقەت لە سەر گۆڕینی دروشمەکە بوو. حاڵی بووی؟
باراچ کڵیچ: تێگەیشتم
بلووریان: لەسەر دروشمەکە بوو [کوتیان] دروشمەکە نە ڕاستە بۆ ئەو دەورە و زەمانەی، نە باشە. ئەوە بوو دە ماوەیەکی کە کۆمەڵەی ژێکاف خەباتی سیاسی دەکرد فورسەت هەڵکەوت کە لە ئازەربایجان حەڕەکەتێک دەست پێ بکا. لەئازەربایجان حەڕەکەت دەست پێ بکا، نە کوردستان. لە ئازەربایجان ئەوەڵێ حەڕەکەتی دەست پێ کرد بە ڕەهبەری فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئیران. فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئێران کە ڕەهبەرییەتی وی پیشەوەری بوو کە مودەتی زۆر پازدە شازدە ساڵ، حەڤدە ساڵ لە زیندانی ڕەزا شا دا بوو ئازاد ببوو هاتبوو سەرۆکایەتی فیرقەی بە دەستەوە گرتبوو کۆمۆنیست بوو، جوزوی کۆمۆنیستەکانی دەورانی جەنگەڵ!! بوو پیشەوەری [ مەبەستی بزووتنەوەی میرزا کوچک خانی جەنگەڵی یە لە گیلان. ح.ق] کە ئەوە تاریخە باس ناکرێ لێرە. ئەو ڕەهبەری حەڕەکەی ئازەربایجانی [بەدەست] خۆیەوە گرت و جمهووری ئازەربایجانی چێ کرد، ئەوجا
[لە سەردەمی بزووتنەوەی فیرقە دا بە تەشکیلاتی خۆیان نەدەگوت جمهووری بەڵکوو بە " میلی حکوومەت " واتە حکوومەتی میللی ناویان دەبرد. ح.ق] کوردستانیش داوای کرد کە ئەویش کۆماری خۆی دروست دەکا.
کوردستان داوای کرد، نەک سۆڤیەت بڵێ دروستی بکەن. فام دەکەی؟
باراچ کڵیچ: بەڵێ.
بلووریان: کوردەکان خۆیان چوون لە کۆبوونەوەیەکی دا کە لە تەبرێز دەگەڵ قازیی محەمەد و هێندێک سەرانی کورد، ڕێبەرایەتی کورد ئەو دەم، عەشیرەت و سەرانی حیزب و ئەوانە چوون بەشدارییان کرد لە کۆبوونەوەکە دا دەگەڵ پیشەوەری و ڕووسەکانیش لەوێ بوون بۆ چێ کردنی کۆماری ئازەربایجان [حکوومەتی میلی نەک کۆمار. ح.ق]، قەراریان دا بوو لە کۆماری ئازەربایجان [ حکوومەتی میلی ئازەربایجان. ح.ق] کە کوردستان ببێتە خودموختار داخڵی ئازەربایجان قەراریان وا دا بوو. خودموختارییەکی فەرهەنگی و ئیداری بدەنێ و لە ژێر دەستی ئازەربایجانی ئێران بمێنێتەوە. ئەوە قازیی محەمەد قەبووڵی نەکرد، عەشیرەکانی کە دەگەڵی بوون ئەمەرخان کە لە دۆستانی سمکۆ بوو، ئەمەرخان، سمایل ئاغای سمکۆ بوو، ئەویش پازدە شازدە حەڤدە ساڵان لە زیندانی ڕەزا شای دا زیندانی بوو ئەویش دەگەڵ قازیی محەمەد بوو. ئەوانیش عەشایر دەگەڵ قازیی محەمەد هەستان گوتیان ئێمە قبووڵ ناکەین لە ژێر دەستی ئازەربایجان بین. ئێمە لە ژێر دەستی ئێران دەمانەوێ خۆمان ڕزگار بکەین، ئێمە چۆن بێینە ژێر دەستی ئازەربایجان. ئێمەش خۆمان حکوومەتی خۆمان چێ دەکەین. ئەگەر ناهێڵن ئێوە ئێمە چێ بکەین ئێمە بە زۆر چێ ئەکەین بە تفەنگ چێ ئەکەین.
دەزانی، ڕەنگە کەس نەزانێ ئەمە، ڕەنگە کەس ئیتلاعی لەو شتەی نەبێ کە من دەڵێم. نووسیومە دێرە دا [ ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک لە سەر مێزەکەی بەردەمی. ح.ق]، ئەوە، شایەد یەکەمجار بێ ئەوە باس کرا بێ. کە سۆڤیەت خودموختاری کوردستانی چێ نەکردووە. سۆڤیەت خودموختاری ئازەربایجانی چێ کردووە. حەقی کوردانی داوە بە ئازەربایجان کە ئازەربایجان بیدا؛ کە پیشەوەری لوتف بفەرموێ خودموختارێک بدا بە کوردان لە داخڵی ئازەربایجان دا. بەڵام کوردەکان قبووڵیان نەکرد کوتیان ئێمە خۆمان حکوومەتی خۆمان چێ دەکەین. وە هاتنە دەر لە کۆبوونەوەکە، هاتنە دەرەوە. ئیتر ڕووسەکان مەجبوور بوون دیتیان کوردەکان لەوانەیە شەڕ بکەن، سەرهەڵدان بکەن، ئێ، قبووڵیان کرد کوتیان بابە ئێ، ئێوەش بڕۆن حکوومەتی خۆتان چێ کەن.
حکوومەتی خودموختاری کوردستان لە مەهاباد، جەمهووری مەهاباد ئاوا چێ بوو. نەک ڕووسان کۆماری مەهابادیان چێ کرد بێ.
باراچ کڵیچ: بە دەستی کوردان چێ بوو.
بلووریان: بە دەستی کوردان چێ بوو. بە زۆری کوردان چێ بوو ئەو شتە. ئەوەی کە دوژمنان دەڵێن ڕووسان هاتن و حیزبی دێمۆکڕاتیان دروست کرد و ڕووسان هاتن کۆماری مەهابادیان دروست کرد ئەوانە هەموو درۆ و تەبلیغاتی دوژمنە.
باراچ کڵیچ: نەڕاستن ئەوانە
بلووریان: نە ڕاستن، ئەوە هەمووی دەو کتێبە دا [ئاماژە دەکا بە ئاڵۆک و بە دەستەوەی دەگرێ و نیشانی دەدا ح.ق] ئەمن هەمووم نووسیوە، ئەوانەم هەموو بە ڕاستی نووسیوە، لێرە تەوزیحاتی کەم دەدەم بەخاتری ئەوەی ئەو کتێبە نووسیێتی بە تەوزیح! لەبەر ئەوە فەقەت ئەمن ئەوەی ڕەد دەکەمەوە کە دەڵێن سۆڤیەت دەستی تێدا بۆ، حیزبی دێمۆکڕاتی دروست کردووە یا سۆڤیەت، بێگانە دەستی تێدا بۆ حیزبی دێمۆكڕات چێ بۆ ئەبەدا. حیزبی دێمۆکڕات خۆی واریسی کۆمەڵەی ژێکاف بوو، خۆیان کوردەکان چێیان کرد وە خودموختاری کوردستان بە دەستی کوردەکان چێ بوو.
دوایە قەرار بوو پینج ساڵ یەکێتی سۆڤیەت و ئینگلیس و ڕووس دە ئێرانێ دا بمێننەوە. پێنج ساڵ کە تەواو بوو ئەمریکا و ئینگلیس دەرچوون لە ئێران لەسەر ئەو قەرارە کە دابوویان. پەیمانێک کە بەستبوویان، ئیمزایان دابوو. یەکێتی سۆڤیەتیش دەبوایە دەرکەوێ، بەڵام یەکێتی سۆڤیەتی دەر نەدەکەوت. بۆچی دەر نەدەکەوت دەیەویست لە ئێران ئیمتیاز وەربگرێ، مافێک وەربگرێ لە نەفت. ها، جا ئەو دەم بچێتە دەرەوە.
وەبوو حکوومەتی قەواموسەلتەنە قەولی پێدا کە نەفتی شومال، شومالی ئیران بە دەستی ڕووسەکان چێ بکرێت لە ئێران.
باراچ کڵیچ: بەحری خەزەر
بلووریان: پەیمانیان ئیمزا کرد، قەبووڵیان کرد دەوڵەتی سۆڤیەت و دەوڵەتی قەواموسەلتەنە. بەڵام قەرار بوو ئەو پەیمانە بچێ لە مەجلیسی شووڕای میللی ئێران تەسویب بکرێ ئیتر. هەر ئەوەندەی مابوو، ئەگینا قەراری دەوڵەتی بەسترا بوو ڕەسمی. ئەوە بوو سۆڤیەت دەرچوو. سۆڤیەت کە دەرچوو، ئێمە، من لە یەکێتی سۆڤیەت بووم، ئەو دەمی من لە تەڕەف کۆماری مەهابادەوە دەگەڵ هێندێک برادەر چوو بووین بۆ دەرسی عەسکەری بخوێنین. کە مەهاباد تێک چوو من لە یەکێتی سۆڤیەت لە باکۆ بووم.
ئێمە ئێعترازمان کرد بە ڕووسەکان کە ئێوە بۆچی پشتیوانیتان نەکرد لە کوردستان؟ وە حەتتا لە ئازەربایجانیش کە بۆخۆتان سازتان کرد بوو. کوتیان ئاخر یەکێتی سۆڤیەتی لە شەڕی جەهانی دا ٢٤ میلیۆن کوشتەی داوە، مەملەتەکەی وێران بۆ،ئەمریکا و غەڕب، ئەمریکا و غەڕب ئێستا ئەتۆمیان هەیە ئەوە لە ناکازاکی و هیرۆشیمایان داوە، ئێمە ئەتۆممان نییە ئەگەر ئێمە نەهاتباینە دەرەوە و دەخالەتمان نەکردبا!! دەبووایە دەگەڵ ئەمان شەڕ بکەین و ئەگەر شەڕیشمان کردبا بە بۆمبی ئەتۆمی لێیان داباین ئێستا یەکێتی سۆڤیەت نەدەبوو پشتیوانی لە ئێوە بکا. ئێوە بێنێتە ئێرە دەرسی نیزام بخوێنن، مولاحەزەت فەرموو. بەڵام ئەگەر یەکێتی سۆڤیەتی هەر بژی و هەر بمێنێ و هەرزیندوو بمێنێ ڕۆژێک دێ دیسان تاریخییەن دیسان ئێمە یارمەتی بدەین بە کوردان. کوتمان ئێستا خۆ یارمەتیتان نەدا، پشتوو تێ کرد.
باراچ کڵیچ: پێتان وایە ئێستا فێدراسیۆنی ڕووسیا، سۆڤیەتی پێشوو ئالیکاری کوردان بکا؟ یانی هیوایەکی وات هەیە؟
بلووریان: من بە تەجروبەی ئەو سەفەرەم کە لە یەکێتی سۆڤیەت بووم و دەستم گەیشتە ڕەهبەرانی شووڕەوی، و لەوە دا [ ئاماژە دەکا بە ئاڵەکۆک. ح.ق] باسم کردۆ، کە قسەم دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت کردۆ لە سەر مەسەلەی کورد و داوای ڕادیۆی کوردیم کردۆ بۆ، ڕادیۆیەک بە زمانی کوردی بەرنامەیەک بە زمانی کوردی. نەک بۆ کورد، فەقەت بە کوردی بەرنامە. سیاسەتی ڕووس، ئی خۆی وەک بە ئازەربایجانی هەیە، بە فارسی هەیە با بە کوردیش هەبێ. خۆت چی دەڵێی بڵێ بەڵام بە زبانی کوردی بڵێ. جنێو بە کورد دەدەی بە زمانی کوردی بڵێ. ها، جنێویشمان پێ دەدەی بە زمانی کوردی جنێومان پێ بدە. بەڵام بە زمانی کوردی قسە هەبێ لە ڕادیۆ مەسکەو. من ئەوەم بۆ موهیم بوو کە دەنگی کورد لە مەسکەو بێتە دەرێ. ئەو دەم نەزەر وا بوو ئیتر.
حەتتا ڕازی بەوە نەبوون. ڕازی بەوە نەبوون کە کورد دەنگی لە مۆسکۆ بێتە دەرێ؛ لە ڕادیۆی سوڵح و تەڕەقی. کە ڕادیۆی سوڵح و تەڕەقی بە فارسی قسەی دەکرد، بە ئازەربایجانی قسەی دەکرد، ئازەربایجانی ئیران، بە ئازەربایجانی ئێران قسەی دەکرد، بە فارسی قسەی دەکرد بەڵام بە کوردی قبووڵی نەکرد قسە بکا. منیش دەمەویست بە کوردی قسە بکا بەڵام قەبووڵیان نەکرد.
وەختێکی ئەو ئامادە نییە حەتتا بە زمانی کوردێکی ساکار لە سەر ڕادیۆی سەدای میللی قسە بکا بە کوردی دروشمی خۆی بدا، نەک دروشم بۆ کورد حەتتا ئەوە قەبووڵ نەکا چۆن پشتیوانی لە حەڕەکەی کورد دەکا. بە مەسڵەحەت و بەرژەوەندی خۆی دەزانێ پشتی کورد بگرێ و ئەوە بکا. بەرژەوەندی ویش وەکوو دێرە دا [ ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک. ح.ق]، مەسڵەحەتی ویش وەک مەسڵەحەتی ئەمریکا و ئینگلیس و دونیای غەڕب مەسڵەحەتی بازاڕ بوو. مەسڵەحەتی ئیقتیسادی بوو. مەسڵەحەتی ڕەوابیتی سیاسی و ئیقتیسادی دەگەڵ حکوومەتی ئێران و ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدا هەیە. مەسڵەحەت ئەوە بوو.
باراچ کڵیچ: یانی سۆسیالیزم، کرێکار، پڕۆلێتاریا ، گوندی
بلووریان: ئەوانە قسەن خاڵە گیان. پڕۆلێتاریا [ی جیهان] موتەحید شەوید دروشمە. دروشم دەگەڵ عەمەل فەرق ئەکا. ئەوان دروشمیان هەبوو و ئێمەش وەدوای دروشمەکەی کەوتبووین پێمان وا بوو ڕاستە. ئێ.
باراچ کڵیچ: ئەمڕۆ ئێوە دەڵێن چی؟
بلووریان: ئیمڕۆ ڕوون بۆتەوە، هەموو کورد ڕوون بۆتەوە کە وەدوای دروشمی دەوڵەتان نەکەوێ، نەک سۆڤیەتی بەڵکە هیچ دەوڵەتێک. وەدوای دروشم نەکەوێ وەدوای عەمەلی دەوڵەتان کەوێ ئەگەر ڕاست دەکەن. کوردان پێوەندی موستەقیل بگرن، سەربەخۆ بگرن. نەک ئالەتی دەستی ئەم دەوڵەت و ئەم دەوڵەت بن، ببنە نۆکەری ئەم و ئەو بۆ پارە وەرگرتن یا بۆ کارێکی تر. بۆ میللەتی خۆیان دەتوانن بە موستەقیلی پەیوەندیش بگرن بە هەموو دەوڵەتی دنیایەوە بۆ قازانجی کورد، بەڵام موستەقیل، سەربەخۆ. ئەوە تەجروبەی تاریخی یە بۆ میللەتی کورد کە دەبێ تاریخی خۆی بەسەر دا، پێدا بچێتەوە، بخوێنێتەوە، بە قەولی کورد دەڵێ ئاوڕێک بداتە دواوە بزانێ ڕابردوو چییە.
تێبینی: ئەم چاوپێکەوتنەلە وڵاتی ئاڵمان کراوە و لە ساڵی ١٩٩٧ لە مەد تیڤی بڵاو کراوەتەوە. بەداخەوە ڕۆژ و مانگەکەی ئاستە نەکراوە. شوێنی وتوێژەکە دەکرێ ماڵی نەمر غەنی بلووریان بێ. ئەمە دووەمین هەڤپەڤینی ئەحمەد باراچ کڵیچ ە لەگەڵ بلووریان. بۆ هاسانکاری پرسیارەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتە کوردیی سۆرانی. وڵامەکانی بلووریان چۆنی ئاستە کراوە بێ هیچ گۆڕانێک دابەزێندراون.



No comments:
Post a Comment