پەیامی بەڕێز ڕیوار ئاودانان بۆ ' کنگرە آزادی ایران' یەکشەمە ٢٩-ی مارسی ٢٠٢٦
بەشداری نوێنەری پەژاک سەرهێل لە پانێلی " ئێرانی بێ دووچاوکی، بەشداری و یەکتری زیاد کردن
دەسەڵات لە چەشناوچەشنی دایە
کۆنگرەی ئازادیی ئێران، ڕۆژی دووەم، ٢٩-ی مارسی ٢٠٢٦
دوکتور ئارام حیسامی لە ئەندامانی کۆمیتەی کۆئۆردیناسیۆنی کۆنگرە: ئێستا ئاخرین وتاری ئەم بەشە
ڕیوار ئاودانان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی و وتەبێژی پارتیی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
بە سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسانەی بۆ جوانی لە خەبات و بەرخوەدان لە پێناو ئازادی، دێمۆکڕاسی و بەرابەریدا گەڕاون و بە ڕەنج و خوێنی خۆیان ڕێگایەکی هەرمانیان بەرەو داهاتوویەکی ڕووناک نەخش کردووە.
ئێران لە سەروبەندێکی هەرە ئاڵۆز و یەکێک لە چارەنووس سازترین دەمە مێژووییەکاندا بەسەر دەبا. شەڕی هەموو لایەنە لە لایەکەوە و ئیرادەی مەزنی مەردم بۆ گۆڕێنێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەکی دیکەوە فەزایەکی هەرە ئالۆز و پڕ لە ترس و هیوای ئافراندووە.
ئەوەی کە ئێستا چ کەردەن و داهاتووی سیاسی ئەو سەرزەوییە چی لێ دێتەوە؟ پرسیاری زۆر گرینگ و شایانی سەرنجدانن. دەبێ بێ ئەوەی مرۆ بکەوێتە ئەو قالبە زەینییانەی کە هەن و ئەو قالبە لاساییانە، لێگەڕانە بۆ پرسیاری ئاوا وڵامی دروست و چارەساز بدۆزینەوە.
ئێمە پارتیی ژیانی ئازادیی کوردستان (پەژاک) باوەڕمان وایە کە ئەنتگڕاسیۆنی دێمۆکڕاتیک لە نێوان هەموو سازمانەکان و ئەو کەسایەتییانەی کە خۆیان لە ئاست داهاتووی وڵاتەکەیان بە بەرپرس دەزانن، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بە سڵامەت لەو گەوە بە مەترسییەی مێژوویی تێپەڕن زۆر بە نرخە و ئەوپەڕی گرینگە. هەبوونی ڕوانگەیەکی کراوە،چەشناوچەشنی خواز، ڕەخنەگرانە و ڕەخنە وەرگرانە لەو ڕێبازە دا یارمەتیدەرمان دەبێ. ئەگەرچی ئێستا تێپەڕین لە جمهووری ئیسلامی وەکوو ئەسڵیترین کێشە لە بەردەم ئازادیی خەڵکی ئێرانە، بەڵام بەقەد ئەو بابەتەش نەخش کردنی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دەورانی دوای جمهووری ئیسلامی هەتا بڵێی پێویستە. ئەوە هەنگاوەکانی هەنووکەی ئێمە هەوێنی فەردا و داهاتووی ئێمەن.
بۆیە ئەو جەرەیانانەی کە بە پێداگرییەوە هەوڵ دەدەن هەموو کێشەکانی بسپێرن بە سبەینێی دوای جمهووری ئیسلامی ناتوانن ڕوانگەیەکی پۆزیتیڤ لەمەڕ ئێرانێکی چەشناوچەشن خواز و دێمۆکڕاتیک بنەخشێنن. هەر چەند ناکرێ هەموو کێشەکان بە جارێک و هەنووکە چارەسەر بکرین بەڵام بەلانی کەمەوە دەبێ بیر لە پڕێنسیپ و پێوانەی هاوبەش بۆ چارەسەر کردنی کێشە ڕێشەدار وجیدییەکانی وڵات بکرێتەوە و هێندێک لانی کەم دیاری بکرێن بۆ ئەوەی بکرێ لە سەر بناغەی ئەوان مرۆ بگاتە پێکهاتنێکی گشتی و چەشناوچەشنی خوازانە بۆ گەیشتن بە هەنگاونانەوەی هاوبەش. لەو ڕێبازە دا دەبێ خۆمان بپارێزین لە پێش داوەری، هەڵسوکەوتی دووچاوکی لەگەڵ کردن و ئەو شەقڵانەی کە لە داوخوازەکانی ڕەوتە جۆرەبەجۆرە سیاسییەکان دەدرێ، بۆ ئەوەی بتوانین لە فەزایەکی سالم، دەنگ و بیری یەکتری بە باشی ببیستین و ئەو خاڵانەی تێیاندا هاوبەشین بدۆزینەوە.
ئێمە ناسێنە جۆر بەجۆرەکانی دانیشتووی ئێران دەبێ لە دید، ڕەنج و داوخوازەکانی یەکتر تێ بگەین. ئەو تابڵۆیەی کە پەرگالی بێ بەزەیی دەوڵەت- نەتەوە بەدژی چەشناوچەشنە ناسێنەییەکانی ئێران نەخشاندوویە دەبێ وەلا بنرێ. چونکە تابڵۆیەکی ئەوتۆ قەت نیشاندەری ڕاستی نەبووە و نییە.
ئەزموونی سەد ساڵەی دەوڵەت نەتەوە لە ئێران و خەبانی هێزەکانی دژ و بەرهەڵستکاری نیشانی داوە کە نە ناوەندێتیی دەتوانێ کێشەکانی ئێمە چارەسەر بکا و نە لە ناوەند خۆ دزینەوە. ناوەند دەبێ شوێنێک بێ بۆ بەشداریی هەموان و بڕیاردان سەبارەت بە کێشە کەڵانەکانی وڵات. نەک ئەوەی ببێتە مەکۆیەک بۆ کۆ کردنەوەی هێز. ناوچەکانیش دەبێ بە خۆ بەڕێوەبەریی خۆیان لە مەیدانی سیاسەت دا بێ پسانەوە و چالاکانە ئامادە بن و بتوانن بە پێی ناسێنە و داوخوازە ڕەواکانی خۆیان بڕیار بدەن و چالاکیان هەبێ.
لەو چوارچێوەیە دا بە بیروڕای پەژاک پەرگالی کۆماری دێمۆکڕاتیک دەتوانێ بژارێکی بەدڵ بۆ سەردەمای دوای جمهووری ئیسلامی بێ. ئەگەرچی ئێمە ئامادەین بۆ گەنگەشە و گفتوگۆ سەبارەت بە هەر پەرگالێکی دێمۆکڕاتیکی دیکە وەکوو پەرگالی فێدێڕال – دێمۆکڕاتیکیش. ئەوەی کە لە داهاتوو دا چ جۆرە پەرگالێکی سیاسی دابمەزرێ پێویستی بە گەنگەشە و گفتوگۆی ڕووناکە و ئەوە بەستراوەتەوە بە کراوە بوونیی فکریی هەموو لایەنەکان. دەبێ هێنانە گۆڕی هیچ بابەتێک بە بڤە، تابوو دانەندرێ و بە گەنگەشە و هەڵسەنگاندنی ئازادانەی هەموو پێشنیارەکان، بیروڕاکان و بژارەکان دەرەتانی ئەوەیان هەبێ کە پێکهاتنێکی گشتی دێمۆکڕاتیکیان لەسەر بکرێ.
نوختەیەکی دیکە ئەوەیە کە بەبێ ئازادیی ژنان دێمۆکڕاسی تەنێ گاڵتەیەکی زمانییە. تا ئەو کاتەی کە ژنان نەبن بە خاوەنی لەش و ڕەوان و هزر و ڤیانی خۆیان و بە شێوەی هەرە ئازاد لەهەموو بوارەکانی ژیاندا بەشداریی چالاکانە نەکەن هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێ. ئەگەر ئێرانی گنخاو و سەرەڕۆیانە هەمیشە لە ژێر کەڵەوەی، پیاومەزنی و بابمەزنی هەڵسوکەوتیی قەیومیانە بووە، بەڵام ئێرانی ئازاد و دێمۆکڕاتیک لێبڕاوانە بە هزری ژنان، ڤیان و بەشداری ژنانی ئەو سەرزەوینە دەمەیێ. شۆڕشی مەزنی ژن، ژیان، ئازادی ئیسپاتێکی ڕۆشنە لەمەڕ ئەو حەقیقەتە.
بە باوەڕی ئێمە ئەزموونی دەوڵەتی مۆدێڕن لەو سەدەیەی دوایی ئێراندا نیشانی داوە کە ئەندازیاریی بەزەبروزەنگی کۆمەڵایەتی، وەلانان، فت کردن و سەرکوتکردنی ناسێنەکان و داسەپاندنی یەک زمان، یەک کولتوور، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا ویەک مەزهەب نەک ئەوەی چەسپێکی کاریگەر نییە بۆ بەیەکەوە بەستنی ناسێنە جۆر بەجۆرەکان و نابێتە هۆی ئەنتگڕاسیۆن بەڵکوو ئاکامێکی نییە جگە لەیەک هەڵپچڕان و قەڵشتی لە زێدە نەبێ.
پێداویستییەکی زۆر هەیە بە بەڕۆژکردنی پێوەندییە مێژووییەکان لەنێوان ناسێنەکان و ئێتنیکەکانی دانیشتووی ئێران دا. وشەی کلیلی ئەم کارە ئەنتگڕاسیۆن یان هاوپێوەندیی دێمۆکڕاتیکە. ئێران دەبێ ببێتە ماڵێکی هاوبەش و باوەشێکی کراوە و وەرگر بێ بۆ هەموو دانیشتووەکانی. ئێمە ئەو باوەشە ئاواڵە و وەرگرە بە ئەنتگڕاسیۆن یان هاوپێوەندیی دێمۆکڕاتیک ناوزەد دەکەین. بێتوو هاوپێوەندیی دێمۆکڕاتیک ساز بکرێ هەموو ناسێنەکان و کۆمەڵگەکانی ئێران بە ڕەزایەتی خاتری خۆیان و بە ئیرادەی ئازادی خۆیان پەیوەست دەبن بە کۆماری دێمۆکڕاتێک یان هەر مۆدێلێکی دێمۆکڕاتیکی سیاسی دیکە کە هەموو شارومەندان و کۆمەڵگە نەتەوەییەکانی ئێران لەسەری پێک بێن.
لە ڕوانگەی ئێمەوە پەژاک دیاریکردنی ستاتوسێکی سیاسی کۆنکرێت بۆ میللەتی کورد لە پەرگالی سیاسی و حقووقی ئێرانی داهاتوو دا یەکێک لە گرینگترین نێشاندەرەکانی دێمۆکڕاسی دەبێ. شێوازی بۆچوون بۆ ئەو بابەتە دەبێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە لە سەردەمی دوای جمهووری ئیسلامی دا تا چەند لە سەرەڕۆیی مێژوویی و زۆرداریی ناسێنەیی کە لە پەرگالی حوکمڕانی سیاسی ئێران دا نیهادینە بووە، تێپەڕیوین.
لە کۆماری دێمۆکڕاتیکی ئێراندا کە زەمینەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک و ماف بۆ هەموو ئێتنیکەکان هەبێ هیچ پێویستی بە چەک و پێک هەڵپڕژان نابێ. ئێمە وەک پەژاک هەر ئەوەندەی کە خۆمان لە ئاست داهاتووی سیاسی کوردستان بە بەرپرس دەزانین، هەر ئاواش دەمانەوێ ئامادەیی خۆمان بۆ شكڵ پەیداکردنی ئێڕانی نوێ و دێمۆکڕاتیک ڕابگەیێنین.
لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەو کەسایەتییانە دەکەین کە بۆ ئەو گرفتەی کە لەمەڕ بەشداری پەژاک لە کۆنگرەی ئازادی ئێران دا پێک هات هەڵوێستی بوێرانە و دێمۆکڕاتیکیان لە خۆیانەوە نیشان دا و تەنانەت ژمارەیەک لەو کەسایەتییە هێژایانە خۆیان کێشایەوە لەبەشداری لەم کۆنگرەیە دا. کاردانەوەی ئەو خۆشەویستانە سەلماندی سەرەڕای ئەو میراتە قێزەوەنەی کە بە درێژایی سەدەیان مۆنۆپۆلیزم و سەرەڕۆیی مۆری خۆی لە فەزای سیاسی ئێران داوە بەڵام ویژدانە وشیارەکان،ڕامانە ئازادەکان و ڤیانە سەربەخۆکان هەرئاوا لە مەیدانی ژیاندا ئامادەن و هەر ئەوە پشتیوانییەکی مەزنە کە درێژە بدەین بە خەباتی خۆمان تا گەیشتن بە ئازادی و سەرکەوتن.
هەر بژی خەباتی دێمۆکڕاتیکی مەردمی ئێران
ژن، ژیان، ئازادی
چەپڵەی گەرمی بەشداران
تێبینی: ئەم وتارە لە فارسییەوە وەرگێڕدراوە

No comments:
Post a Comment