Sunday, November 7, 2010

لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانیی کوردی، ڕابردوو و ئێستا: پێداچوونه‌وه‌یه‌کی گشتی



لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانیی کوردی، ڕابردوو و ئێستا: پێداچوونه‌وه‌یه‌کی گشتی

مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور له‌ کاناداوه‌ بە تەله‌فون له‌ کۆنفڕانسی زمانی کوردی لە لوس ئانجلیس (جومعە 5ی نۆڤامبری 2010) به‌شداری کرد و پوخته‌ی باسه‌که‌ی بۆ ڕوانگه‌ش ناردووه‌ و لێره‌دا وه‌رگێڕاوه‌که‌ی ده‌خوێننه‌وه‌.
حه‌سه‌نی قازی

ئه‌م یه‌که‌م کۆنفڕانسه‌ سه‌باره‌ت به‌ لێکۆڵیینه‌وه‌ له‌ زمانی کوردی گرینگه‌، نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ یه‌که‌م کۆنفڕانسه‌ له‌ مه‌ڕ زمانناسیی کوردی له‌ ئه‌مریکای باکووری به‌ڵکوو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێشکێش ده‌کرێن زۆربه‌یان سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کولتووری زمانی کوردین. کۆنفڕانس، کۆنفڕانسێکه‌ له‌ مه‌ڕ زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆمه‌ڵناسیی زمان و زمانناسیی ئێتنیکی کوردی.لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر زمانی کوردی که‌م کراوه‌ و پێویسته‌ درێژه‌ی پێ بدرێ. گرینگی ئه‌و کۆنفڕانسه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌شه‌ چونکه‌ زمانی کوردی هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ سه‌ره‌ و له‌ مه‌ترسی دایه‌. ئه‌و زمانه‌ تا ئێستاش له‌ ترکییه‌،ئێران و سوورییه‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگ و نه‌مان ده‌کا.قسه‌ له‌ سه‌ر به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌یه‌. کوردی چله‌مین زمانی گه‌وره‌ی دنیایه‌، به‌ڵام له‌و ووڵاتانه‌ی باس کران ئاخێوانی بۆیان نییه‌ وه‌ک زمانی دایکی به‌و زمانه‌ په‌روه‌رده‌ ببینن و ئه‌و مافه‌یان لێ زه‌وت کراوه‌.له‌ هه‌لومه‌رجێکی ئاوا دا، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ زمانی کوردی کارێکی زیادی نییه‌، به‌ڵکوو هه‌ر جۆره‌ باس کردنێکی وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی مان و نه‌مانێتی.به‌ دڵنیاییه‌وه‌، کوردی زۆر نیشانه‌ی چاوڕاکێشی تێدایه‌ بۆ زمانناسان و کوردستانیش مه‌کۆی دیمه‌نێکی زمانی سه‌رنجڕاکێشه‌، کوردستان ‌له‌و چه‌ند شوێنه‌ که‌مه‌یه‌ که‌ زمانانی ئارامیی نوێی تێدا ماوه‌ته‌وه‌ که‌ ئاسۆرییه‌کان، جووله‌که‌کانی [ڕۆژهه‌ڵات] و هه‌رمه‌نییه‌کان قسه‌یان پێده‌که‌ن،له‌ ژێنۆسیدی 1915 دا هه‌رمه‌نییه‌کان و ئاسۆرییه‌کان به‌ کرده‌وه‌ خاشه‌ بڕ کران و دواتر جووله‌که‌کانیش له‌ کوردستانه‌وه‌ کۆچیان کرد و له‌ ڕووی زمانییه‌وه‌ کوردستان زیاتر بوو به‌ شوێنێکی یه‌کده‌ست. زمانی کوردی خۆشی به‌ده‌ست زمانکوژییه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی.

هێندێک له‌وانه‌ی له‌ سه‌ر زمانی کوردیان کۆڵیوه‌ته‌وه‌ له‌ مه‌ڕ ئه‌و زمانکوژییه‌ی به‌ سه‌ر کوردی هاتووه‌ بێ ده‌نگه‌یان لێ ڕاکردووه‌. ئه‌و بێده‌نگی و وسکوت بوونه‌ کرده‌وه‌یه‌کی سیاسییه‌.له‌ ڕووی ڕه‌وشتی لێکۆڵینه‌وه‌وه‌،ئه‌وه‌ کارێکی نابه‌رپرسانه‌ بووه‌ له‌ مه‌ڕ کوشتنی بابه‌تێک که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی له‌ سه‌ر کراوه‌، واته‌ زمانی کوردی بێده‌نگی هه‌ڵبژێردرێ و هیچ نه‌گوترێ. سه‌ده‌ی 21یه‌که‌م سه‌ده‌ی زمانکوژییه‌ و وا ته‌خمین ده‌کرێ‌ نیوه‌ی زمانانی دنیایێ تا کۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ نه‌مێنن.

لێکۆڵینه‌وه‌ هه‌ره‌ به‌راییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردی له‌ ڕۆژئاوا له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م له‌ لایه‌ن میسیۆنێره‌کانه‌وه‌ (واته،‌ گارتزۆنی )، دیپلۆماتانه‌وه‌ ( واته‌، ژابا ، یۆسف زیائه‌دینی خالیدی) و، زمانه‌وانان ( واته‌، ئۆسکار مان) ده‌ستی پێکرد. ئه‌وان خزمه‌تی گه‌وره‌یان به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی زمان کرد. کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ئوڕووپا له‌ زمانیان ده‌کۆڵییه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو ده‌بوو‌ زانیاریده‌ر یان ئاخێوی بوومی به‌ زمانه‌که‌ ببیننه‌وه‌. ئه‌مڕۆکه‌ و له‌م ڕۆژگاره‌ دا شوێنی لێکۆڵینه‌وه‌ گۆڕاوه‌.له‌م کۆنفڕانسه‌ دا بۆ نموونه‌، ئاخێوانی بوومی و نابوومی ئاماده‌نه‌ و قسه‌ ده‌که‌ن.له‌ ڕابردوو دا هه‌ر پیاوان له‌ زمانی کوردییان ده‌کۆڵییه‌وه‌ ( جگه‌ له‌ ڕێزپه‌ڕی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت نه‌بێ)، به‌ڵام ئێستا له‌ کۆنفڕانسێکی ئاوا دا هه‌م ژنان و هه‌م پیاوان به‌شدارن. هه‌ر وه‌ها وه‌چه‌یه‌کی نوێی کوردان له‌ ترکییه‌، ئێران، عێڕاق و سوورییه و هه‌نده‌ران‌ سه‌رهه‌ڵ دێنن و به‌ کاری لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانییه‌وه‌ خه‌ریکن. ئه‌وه‌ خۆی هه‌لومه‌رجی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ زمانی کوردی گۆڕیوه‌.

ساڵی 1991 نوخته‌ وه‌رچه‌رخانێکی گرینگه‌ له‌ بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانی کوردی دا. له‌و ساڵه‌ دا ترکییه‌ هێڵای کورده‌کان له‌ ژیانی تایبه‌تی خۆیان له‌ نێوماڵان و له‌ کووچه‌ و کۆڵانان به‌ کوردی قسه‌ بکه‌ن. هه‌ر له‌و ساڵه‌ له‌ عێراق، کۆنتڕۆڵی حکومه‌تی نێوه‌ندی به‌ سه‌ر زۆربه‌ی به‌شه‌کانی کوردستانی عێڕاق دا نه‌ما و حکوومه‌تێکی هه‌رێمی کوردستان دامه‌زرا. پێشوه‌چوونێکی دیکه‌ له‌و ساڵه‌دا هه‌ڵوه‌شانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت بوو که‌ تێێدا هێندێک پشتیوانی له‌ زمانی کوردی ده‌کرا و به‌ نه‌مانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت ئه‌و پشتیوانییه‌ش نه‌ما.

ده‌سته‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ گرتن و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی نیوه‌ سه‌ربه‌خۆی کوردی له‌ ڕووی زمانییه‌وه‌ هێندێک ناکۆکی خولقاندووه‌. ئه‌من له‌و کاته‌ کورته‌ی لێره‌ دا هه‌مه‌،ته‌نێ به‌ کورتی ئاماژه‌ به‌ سێ بابه‌ت ده‌که‌م،
1) بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی کورد هێزی سه‌ره‌کی بووه‌ بۆ خوڕاگری له‌ هه‌مبه‌ر زمانکوژی دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێستا که‌ له‌ کوردستانی عێڕاق ده‌سته‌ڵاتی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ بۆچوونێکی نادێمۆکڕاتیکی وه‌به‌رگرتووه‌ له‌ مه‌ڕ کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمی،له‌هجه‌ی ستاندارد و نکووڵی ده‌کا له‌ ته‌بیعه‌تی جووتستاندارد و فره‌ له‌هجه‌یه‌تی زمانی کوردی. 2) سیاسه‌تێکی تیژپه‌ڕی په‌تیگه‌ری له‌ گۆڕێ دایه‌ که‌ کۆڵه‌ی زمانی کوردی کوتاوه‌. به‌ دڵنییایه‌وه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تێکی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ت نییه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌موو ئاسته‌ ڕه‌سمیه‌کان دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌و په‌تیگه‌رییه‌ به‌ر له‌ دامه‌زرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و له‌ ساڵانی 1920کانه‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌.3) حه‌ول دان بۆ پلان داڕشتنی زمانی چڵ و نیوه‌چڵ و بێ که‌لکن.

Saturday, November 6, 2010

پوخته‌ی به‌شێک له‌ ووتاره‌کانی کۆنفڕانسی زمانی له‌ زانکۆی کالیفۆرنیا – لوس ئانجلیس



ڕۆژی جومعه‌ 5ی نۆڤامبری 2010 کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریکایی کوردی په‌روه‌رده‌ له‌ ئه‌مریکای باکووری به‌یارمه‌تی کۆمه‌ڵێک له‌ داوده‌زگای زانکۆیی و کولتووری کۆنفڕانسێکی سه‌باره‌ت به‌ زمان و کولتووری کوردی له‌ زانکۆی کالیفۆرنیا له‌ لوس ئانجلیس به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ زانایانی کورد و لاوه‌یی پێک هێنا. کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریکایی کوردی په‌روه‌رده‌ کورته‌ی هێندێک له‌و ووتارانه‌ی به‌ر له‌ کۆنفڕانسه‌که‌ به‌ زمانی ئینگلیسی له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌یان دا بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. ‌ به‌شێک له‌ هه‌لێنجاوه‌ی ئه‌و باسانه‌م وه‌رگێڕاوه‌ و بۆ ئاگاداری هۆگرانی زمانی کوردی له‌ ڕوانگه‌ دا بڵاویان ده‌که‌مه‌وه‌.

حه‌سه‌نی قازی


جەعفەری شێخەلئیسلامی، زانکۆی کارلتن، مەدرەسەی زمانناسی و سیاسەتی زمانی، کانادا

زمانی کوردی و سیاسەتی زمانی لە ئێران

ئەم ووتارە لە پلەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی سیاسەتی زمانیی ئێران دەکؤڵێتەوە لە وەتا پێکهاتنی ڕێژیمی پاشایه‌تی" مۆدێرن کەرەوە"ی پەهلەوی لە ساڵی 1925 تا ساڵی 2010. دوای ناساندنی نەخشەی زمانی ئێران بە کورتی، لە بابەتە کەدا باسی سیاسەتی ڕەسمی دەکرێ لە ئاست زمانە کەمایەتییەکانی وەکوو کوردی.ووتارەکە لە گەڵ ناساندنی زمانی کوردی لە ئێران جەخت لە سەر چلۆنایەتی بەکارهێنان و پاراستنی دەکا وەک زمانی کۆمەڵگەی کوردی، لە پەروەردە و لە میدیا دا، هەم لە ئێران و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، هەم لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و هەم لە سەروبەندی دەستەڵاتی رێژیمی ئیسلامی دا سیاسەتی (ئا) فرە زمانێتی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاک و یەکێتی نەتەوەیی داندراوە، (ب) بە کار هاتنی زمانانی نا فارسی بەرتەنگ کراوە و،(پ) زمانی فارسی سەر خراوە و بەکار هاتووە وەک ئامرازێک بۆ داڕشتن و یەکگرتنی سیاسەتێک بە ئامانجی یەکدەست کردنی ئێتنیکی و زمانی . لە کاتێکدا بەردەوامی ئەو سیاسەتە زمانییە ی هەر دوو ڕێژیمەکان بە ئاشکرایی بە دەرەوەیە، جیاوازییەکانیشیان سەرنجیان دەدرێتێ بە تایبەتی لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانانەی لە جوگرافیای زمانی دا ڕوویانداوە. بۆ نموونە ئەو دەستکەوتەی زمانی کوردی لە هەرێم دا وەدەستی هێناوە وەک زمانی ڕەسمی لە عێراق لە ساڵی 2005 ەوە و هەر وەها کەمتر بوونەوەی گوشار و سیاسەتی زمانکووژی ترکییە لە وەتا ساڵی 1991. تیکنۆلۆژی نوێی پێوەندی و هەر وەها تۆڕی پێوەندی کۆمەڵایەتی و زمانی نێو کوردەکان بە تێپەڕاندنی سنووران له‌ نێوان هەموو کوردەکان لە سەرتاسەری کوردستان دادەوروپشتی زمانی گۆڕیوە بەڵام هێشتا جێگەی بە سیاسەتی ڕەسمی " یەک نەتەوە/ یەک زمان" چۆل نە کردووە و ئەو سیاسەتە هەر ماوە. فارساندنی گەلە نافارسەکان هێشتاش وەک بەردی بناخەی سیاسەتی زمانی ڕێژیمی ئیسلامی درێژەی پێ دەدرێ.


کریستیان سینکلێر، زانکۆی ئیکسێتر

ترکییە: سیاسەتی زمانی . میدیا و ، زمانی کوردی.

مەبەست لە پلان داڕشتنی زمانی تێکۆشانی زانایانە و نەخشە دانانی بە تەکووزە بۆ کار تێکردن یان گۆڕینی ئاکاری زمانی ئەوانیتر،ئامانجی ئەو پلانە دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی زمانی بە تەواوی بێ یان دەستەیەک بێ لە نێو ئەو کۆمەڵگەیە دا ( O’Laoire, 2000) . لە ترکییە، وێژمانی ڕەسمی بریتییە لە، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان و ئەوەش هیچ جێیەک ناهێڵێتەوە بۆ هیچ جۆرە دەربرینێک بە کوردی. سەرەڕای بە دەیان ساڵ زۆرداریی زمانی لە کوردان، حکوومەتی ترکییە لە ژانڤییەی 2009 کاناڵێکی کوردیی کردەوە (TRT6 ). لە 13ی نۆڤامبری هەمان ساڵدا ئانکارا گشت ئەو لەمپەرانەی لابرد کە لە سەر رێی بەکارهێنانی زمانە کەمایەتییەکان لە بڵاو کردنەوەی میدیایی دا مابوون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بە مانای ئەوە نییە میدیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی ترک دا ئازاد بێ بۆ باس کردنی بابەتی لە مەر کوردان.میدیای کوردی تا ڕادەیەک ڕێگای پێ دەدرێ ، بەڵام هەر جۆرە بابەت و پەیامێکی لایەنگری لە کورد بە توندی بەرتەنگ دەکرێ. ئەم ووتارە لە هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەو بڕیارانە دەکۆڵێتەوە؛ چەند نموونە لە کارتێکەرییەکانی نێوخۆیی و دەرەکی بریتین لە پارتییە سیاسییە کوردییەکان لە چوارچێوەی ترکییە دا، ئاکەپە ، ڕۆژ تیڤی، یەکێتی ئوڕووپا و پەیدا بوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.ئەو نووسینە هەر وەها چاولە زۆرداریی مێژوویی زمانی دەکا لە لایەن دەوڵەتانەوە و ئەو هۆکارانەی کە هێشتاش دەگەنە بەرتەنگی و ڕاو نان لە بەر بەکارهێنانی کوردی لە میدیا دا.

ئۆپنگین ئەرگین، زانکۆی 3ی پاریس / سۆربۆنی نوێ

بارودۆخی زمانی کوردی له‌ ترکییه‌ لە ڕووی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە: لێکدانەوەیەکی شیکاریانە لەمەڕ هۆکاره‌سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان و کردە زمانییەکان

زمانی کوردی لەترکییە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئاخێوانی یەكجار زۆرە ( بە تەخمین دەوری 15 - 20 میلیۆن کەس) و تێکەڵاوی مێژوویی خۆی لە گەڵ زۆر لە زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، زۆر بە دەگمەن بووه‌ته‌ بابەتی لێکۆڵینەوە و باس لێوە کردن لە ڕووی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە. مەبەستی ئەم ووتارە ئەوەیە ڕەهەندەکانی کۆمەلایەتی سیاسی بار و دۆخی زمان لە هەرێمی کوردیی ترکییە بە ووردە ڕیشاڵ ڕابخرێتە بەرچاوان و هێندێک دەرئەنجام پێشکێش بکرێن سەبارەت بە کردەوەی زمانی ڕۆژانەی ئاخێوان. لەم لێکۆڵینەوەیە دا بیرۆکەی جۆرناسی ئێدواردس دەکار هێندراوە بۆ شیکردنەوەی هۆکارە کۆمەڵایەتی سیاسییەکان. ئێدواردس یازدە مەقوولە/ هۆکار پێشنیاز دەکا وەکوو لایەنی حەشیمەت ناسی، کۆمەڵایەتییانە، زمانەوانیانە و هتاد. هەر هۆکارەی بە پێی " ئاخێو" ، "زمان" و " چوار چێوە" شی کراوەتەوە؛ بەم پێیە، ئەو مۆدێلە بە گشتی 33 گۆڕەر پێشنیاز دەکا بۆ ئەوەی شیکردنەوەیەکی هەموو لایەنە بڕەخسێ. ئێدواردس دەڵێ شیکردنەوەی ئەو هەموو ڕەهەندانە دەتوانێ لایەنی زەق و دەرفەتەکانی بارودۆخێکی تایبەتی زمانی بە دەستەوە بدا. لەم لێکۆڵینەوەیە دا زانیارییەکانی لەمەڕ کردەوەی زمانی بە ڕێگای پرسیارنامەک کۆ کرانەوە کە بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە گەڵاڵە کرابوو و نموونەی ووڵامی 76ئاخێو لە سێ چوارچێوە دا وەرگیران، واتە لەبەستێنی شارنشین بوون، نیوە شارنشین بوون و لادێ نشین بوون دا. لە ووڵامەکاندا، تەمەن، جینسی کۆمەڵایەتی و چوارچێوە کۆنتڕۆڵ کران؛ لە لێکدانەوەکە دا ئەوان وەک گۆڕەری سەربەخۆ لە بەرچاو گیران لە گەڵ ئاستی خوێندەواری زانیاریدەرەکان. بنەما تێۆرییەکانی پرسیارنامەکە لە سەر چەمکی وەک دوو زارێتی و شیکردنەوەی بواری جاشوا فیشمەن ( 1967 ، 1968 ) و زیندوویه‌تی زه‌ینی ئێتنیکی زمانی بۆرهیس و هاوکارانی (1981) داندراوه‌. له‌ ڕوانگه‌ی جاشوا فیشمه‌نه‌وه‌ (1967 ، 1968) سه‌بات و ڕۆنیشتنی بارودۆخی دووزارێتی هه‌لومه‌رجێکی گرینگه‌ بۆ پاراستنی زمان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بێتوو دۆخی سه‌بات و ڕۆنیشتن له‌ ئاکامی گۆڕانی ده‌سته‌به‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌لومه‌رجی زمانه‌کانی ژێر لێکۆڵینه‌وه‌ دا هه‌ڕه‌شه‌ی لێبکرێ، ئه‌زموونی زمانی باڵاده‌ست جۆره‌یه‌که‌ که‌ بادانه‌وه‌ که‌ له‌ ڕووی توانایه‌کییه‌وه‌ ده‌توانی بگاته‌ گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌که‌.‌ کاری بۆرهیس و هاوکارانی ( 1981)، مۆدێلێکه‌ ‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆری زیندوویه‌تی ئێتنیکی زمانی گیلز و هاوکارانی هه‌ڵنراوه‌ (1977)، ئه‌و مۆدێله‌ حه‌ول ده‌دا له‌ بۆچوونه‌کانی ئه‌ندامانی گرووپه‌که‌ بگا له‌ هه‌مبه‌ر گۆڕه‌ره‌ زه‌قه‌کانی زیندوویه‌تی ئێتنیکی زمانی دا. شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندکانی فاکتی له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌ده‌بییاتی به‌رده‌ست و ڕاپۆرتی کۆمه‌ڵناسانه‌ی ده‌ستی یه‌که‌م که‌ له‌ لایه‌ن نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ و ڕێکخراوه‌ نا حکوومه‌تییه‌کان له‌ ترکییه‌ و نووسراوه‌ی نێو گۆوار و بلۆگان سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ کرابوون به‌ڕێوه‌ چوون. شێکردنه‌وه‌که‌ ده‌یسه‌لمێن‌ چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی زیندوویه‌تی ئێتنیکی زمانی کۆمه‌ڵگه‌ی زمانی ڕاده‌هێزێنن.بۆ نموونه‌، هه‌لکه‌وتی جوگرافیایی که‌مایه‌تی کورد، که‌ به‌ گشتی له‌ ڕووی حه‌شیمه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌ دا زۆربه‌یه‌، ئه‌و کارانه‌ی که‌ له‌ سه‌ر داڕشتنی په‌یکه‌ره‌ی زمانی کوردی کراون که‌ تاراده‌یه‌ک بووه‌ته‌ هۆی ده‌سته‌به‌ر کردنی ستاندارد بوونی کوردیی نووسراو، چالاکییه‌کانی کولتووری و سیاسی له‌ سه‌ر ته‌وه‌ری ئێتنیکی که‌ ‌ بووته‌ هۆی ده‌سته‌به‌‌ر کردنی ددان پێداهاتن و ناسینی به‌ کرده‌وه‌ی ئه‌و گه‌له‌ و زمانه‌که‌ی،هتاد. له‌ کاتێکدا، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، له‌ جێدا پله‌و هه‌ڵکه‌وتی زاره‌کی بوونی زمانی کوردی له‌ سه‌رتاسه‌ری سه‌ده‌کانی پێشوو دا، هه‌نگاو‌ی زۆر توند و تێژ هه‌ڵێنان بۆ به‌رته‌نگ کردنی به‌کارهاتنی زمانه‌که‌ له‌ بورای گشتی دا و فت کردن و ده‌رهاویشتنی ره‌های ئه‌و زمانه‌ له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌،ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که‌ شارنشینی له‌ نێو کوردان دا سازی کردوون و هتاد، ئه‌و هۆکارانه‌ن که‌ گه‌یشتوونه‌ ته‌/ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و جێیه‌ی ‌ ئه‌و زمانه‌ له‌ هه‌مبه‌ر زمانی سه‌ر ده‌ست دابڕووخێ و هه‌ر وه‌ها به‌رته‌نگکرانی به‌کار هێنانی ته‌نێ له‌ چه‌ند بواران دا. شیکردنه‌وه‌ی کرده‌وه‌کانی زمانی که‌ لێره‌ دا له‌ به‌ر که‌می کات ته‌نێ چه‌ند ده‌رئه‌نجامێکیان نیشآن دراوه‌ ، ده‌یسه‌لمێنن‌ ئیدی کوردی چبڕ زمانی پێوه‌ندی نییه‌ له‌ نێو ئاخێوانی دا و ؛ ئه‌وه‌ی که‌ ئاخێو هه‌تا گه‌نجتر، په‌روه‌رده‌دیتووتر، خوێنده‌وارتر بێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوار چێوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دا بێ زمانی کوردی که‌متر به‌ کار ده‌هێنێ ‌ ؛ ئه‌وه‌ی که‌ زمانی سه‌رده‌ستی ترکی له‌ ئه‌و جۆره‌ بوار و هه‌لومه‌رجی پێوه‌ندییانه‌ دا که‌ له‌ ڕووی نه‌ریتییه‌وه‌ کوردی یان تێدا به‌کارهاتووه‌ هه‌بوونی خۆی تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو داسه‌پاندووه. له‌ کۆتاییدا ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌و ئاکامه‌ گه‌یشتووه که‌ هه‌لومه‌رجی زمانی کوردی له‌ ترکییه‌ وێده‌چێ نموونه‌یه‌ک بێ له‌ " دوو زمانێتی به‌ بێ دوو زارێتی" به‌ پێی زاراوه‌ی جاشوا فیشمه‌ن و به‌و پێیه‌، پێواژۆی گۆڕانی زمانی به‌رده‌وامه‌.‌ ‌


هاشمی ئه‌حمه‌دزاده‌، مامۆستای لێکۆلینه‌وه‌ی کوردی، ڕۆژهه‌ڵاتناسی، زانکۆی ئێکسێتر، بریتانیا.

به‌کارهاتنی زمان له‌ ڕۆمانه‌ کوردییه‌کان دا

له‌ساڵی 1935 به‌م لایه‌وه‌ ڕۆماننووسانی کورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش که‌ زمانه‌که‌ زمانی په‌روه‌رده‌ نه‌بووه‌ ڕۆمانه‌کانی خۆیان به‌و زمانه‌ به‌رهه‌م هێناوه‌.75 ساڵ له‌ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ و چاپ بوونی یه‌که‌م ڕۆمانی کوردی و به‌ره‌وپێشجوونی ڕیشه‌یی له‌و ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌ واته‌ له‌ ڕۆماننووسی دا، به‌ تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوو دا، مرۆ ده‌کرێ له‌ خۆی پرسێ‌ چۆنه‌ ڕۆمانی کوردی پێی کراوه‌ نێشانه‌ و پێداویستییه‌ زمانییه‌کانی جێ به‌ جێ بکا، له‌ کاتێکدا زمانی کوردی، جگه‌ له‌ به‌شێکی کوردستان نه‌بێ، نه‌ له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ دا به‌ کار هاتووه‌ و نه‌ بۆ کارو باری ئیداری. ئه‌م نووسینه‌ی لێره‌ پێشکێش ده‌کرێ تێده‌کۆشێ ئه‌و ڕازه‌ی ڕۆمانی کوردی وه‌ ڕوو بخا و بناسێته‌وه‌، به‌ له‌ به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که‌ ژانری ڕوماننووسی کوردی هاوشانی یه‌کتری به‌ سێ دیالێکتی کوردی به‌ره‌و پێش ده‌چێ. له‌وه‌ش ده‌رچێ، ووتاره‌که‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ ڕوونی کاته‌وه‌ داخودا به‌کارهاتنی زمان له‌ ڕۆمانه‌ کوردییه‌کاندا توانیویه‌ توانایی خۆی بۆ ساز کردنی زمانی له‌بار بۆ هه‌رکام له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی بدۆزێته‌وه‌؟ به‌ گێڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک نموونه‌ له‌ ڕۆمانه‌ جێاوازه‌کان و، شێوازی خۆ ده‌ربڕین و قسه‌کردنی که‌سایه‌تی جیاواز له‌ ڕۆمانه‌کان دا، ئه‌م ووتاره‌ ده‌ڵێ نێشانه‌ و خه‌سڵه‌ته‌کانی شێواز له‌ ڕۆمانه‌ کوردییه‌کان دا زۆر له‌وه‌ دوورن که‌ بتوانن هه‌رکام له‌و که‌سایه‌تیانه‌ی له‌ ڕۆمانه‌کانیان دا جێ ده‌گرن به‌ زمانی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ پێشکێش بکه‌ن. له‌ ڕاستییدا، له‌ نیشانه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کانی ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ی که‌ له‌ زۆربه‌ی ڕۆمانه‌‌ کوردییه‌کان دا به‌ کارهاتوون ده‌رده‌که‌وێ له‌ ڕۆمانه‌کان دا به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌کی که‌سایه‌تییه‌کان " که‌سایه‌تی پانن" و، " که‌سایه‌تی خڕ" نین. ووتاره‌که‌ هه‌ر وه‌ها چاوی له‌وه‌ش کردووه‌‌ له‌ ڕۆمانه‌کاندا ئه‌و زمانه‌ی به‌کار هاتووه‌ له‌ ڕووی شێوه‌ی وتووێژه‌وه‌ چۆنه‌ و هه‌ر وه‌ها له‌ ئاستی به‌ر له‌ قسه‌ کردن دا واته‌ له‌و کاته‌ دا که‌ ڕۆماننووس حه‌ول ده‌دا بۆ شیکردنه‌وه‌ی بیری که‌سایه‌تییه‌کان به‌ر له‌وه‌ی وه‌قسه‌یان بهێنێ.

یۆنا سابار، زانکۆی کالیفۆرنیا، لوس ئانجلیس

کاردانه‌وه‌ی زمانی کوردی له‌ سه‌ر زمانی ئارامیی نوێ

ته‌نانه‌ت ئارامی نێو ئینجیلیش کاردانه‌وه‌یه‌کی خه‌ستی فارسی به‌سه‌ره‌وه‌ دیاره‌، به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی په‌یڤه‌وه‌. له‌هجه‌کانی مۆدێرنی ئارامیی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌ توندی که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر کارتێکه‌ری فارسی و کوردییه‌وه‌، نه‌ک هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ووشه‌یه‌کی زۆری خوازراوه‌یان ( له‌وانه‌ ووشه‌ی که‌ دیسان خوازراونه‌ته‌وه‌) له‌ گشت بواری مانا ناسی دا تێدایه‌ ، به‌ڵکوو کارتێکه‌ری ڕێزمانیش، له‌وانه‌ ده‌نگسازی، ووشه‌ ڕۆنان و سینتاکس. ئه‌و کارتێکردنانه‌ له‌ هێندێک بواری زمانی پسپۆڕی دا زیاترن تا ئه‌وانیتر، بۆ نموونه‌ له‌ مۆرفۆلۆژی ناوان دا. له‌ ناوچه‌ی جووله‌که‌نشینی کوردستان دا ،هه‌موو که‌س کوردی ده‌زانی، کوردیی زمانی پێوه‌ندی دوو کۆمه‌ڵگه‌که‌ و زمانی کڕین و فڕۆشتن بوو، له‌ گه‌ڵ زمانی هاوبه‌شی جووله‌که‌یی یان مه‌سیحی ئارامیی نوێ. زۆربه‌ی موسیقا و فۆلکلۆر به‌ گشتی کوردی بوو و به‌وشێوه‌یه‌ کارتێکه‌ری خه‌ستی به‌ سه‌ر ئارامیی نوێوه‌ به‌رچاو بوو.

مکاییل ل. شایه‌ت ، کتێبخانه‌ی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا

خه‌ونی من له‌ مه‌ر سیستمی په‌روه‌رده‌ی کوردی

قسه‌کانم له‌ مه‌ڕ خه‌ونی منه‌ سه‌باره‌ت به‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ی کوردی که‌ تێیدا هه‌م کورمانجی و هه‌م سۆرانی هه‌ردووکیان فێری منداڵه‌ مه‌دره‌سه‌یی کورد بکرێ. چه‌مکی ڕێزی دوولایه‌نه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو له‌هجانه‌ دا و هه‌ر وه‌ها له‌هجه‌ و زمانه‌کانی دی له‌ کوردستان دا به‌شێکه‌ له‌ پێواژۆی نه‌ته‌وه‌ دروستکردنی کوردی...
(ئه‌وانه‌ بۆچوونی منن و نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵوێستی خاونکاره‌که‌م واته‌ کتێبخانه‌ی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا ناکه‌ن)

هشیار ئوێزسۆی، زانکۆی تێگزاس له‌ ئاوستین

تیپه‌ سه‌رهه‌ڵداوه‌کانی W،X،Q و لایه‌نی پێگریان و پێکه‌نیناوی سه‌رکوتکردنی زمانی کوردی له‌ ترکییه‌

مشتومڕی سیاسی سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردی له‌ ترکییه‌ به‌ تایبه‌تی دوای ده‌ستپێکردنی حه‌ول دانی ترکییه‌ بۆ هاتنه‌ نێو یه‌کێتی ئوڕووپا له‌ ساڵی 1999 وه و، هه‌ر وه‌ها شوێن وه‌ده‌ستهێنان له‌ ئاستی ئیداره‌ی ناوچه‌یی له‌ هه‌رێمی کوردی دا له‌ لایه‌ن پارتی لایه‌نگری کوردی هاده‌پ‌ هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵ دا ‌ خه‌سڵه‌ت و گورجییه‌کی جیاواز و تایبه‌تی داوه‌ به‌ مشتومڕی‌ له‌ مه‌ڕ زمان . له‌ ساڵی 2001 حکوومه‌تی ئیتیلافی ترکییه‌ ماده‌ی 42ی قانوونی بنچینه‌یی هه‌موار کرد که‌ پێشتر ئه‌و ماده‌یه‌ به‌کار هێنانی کوردی له‌ په‌روه‌رده‌ی ڕه‌سمی دا قه‌ده‌غه‌ ده‌کرد.له‌ ساڵی 2002 وه‌ پارتیی داد و گه‌شه‌ پێدان که‌ هێشتا له‌ سه‌ر ده‌سته‌ڵاته‌ ئه‌و هه‌موار کردنه‌ی وه‌ک چاکسازییه‌ک نیشان داوه‌ و ڕێگه‌ی داوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌چوونی هێندێک مافی به‌رته‌نگی زمانیی کوردی؛ وه‌کوو په‌روه‌رده‌ی کوردی به‌ ڕێگای کردنه‌وه‌ی ده‌وره‌ی خوسووسی،کاناڵی تێلێڤیزیۆنی ته‌ڕه‌ته‌ شه‌ش.کردنه‌وه‌ی ئه‌نیستیتوویه‌کی زانکۆیی که‌‌ له‌وێ دا زمانی کوردیش له‌ گه‌ڵ زمانی دیکه‌ ده‌خوێندرێ و، به‌ ڕه‌سمی لابردنی قه‌ده‌غه‌ له‌ سه‌ر به‌کارهێنانی زمانی کوردی له‌ کاتی سه‌ردانی زیندانیان له‌ لایه‌ن خزمه‌‌کانیانه‌وه، به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر کاغه‌ز. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا زۆر له‌ کوردان ڕه‌خنه له‌و حه‌ولانه‌ ده‌گرن و به‌ هه‌نگاوی که‌میان داده‌نێن و پێیان وایه‌ بۆیه‌ کراون بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ترکییه‌‌ بۆ ئه‌ندامه‌تی له‌ یه‌کێتی ئوڕوه‌پا دا خۆش بکرێ و، داوخوازی زۆر ڕێفۆرمی ڕیشه‌یی تر ده‌که‌ن به‌ره‌و په‌سند کردنی ڕه‌سمی په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی دایکی و به‌ کارهاتنی ته‌واوی کوردی له‌ خزمه‌ته‌کانی شاره‌داری و ژیانی گشتی و سیاسی دا.ئه‌من له‌م ووتاره‌ دا به‌ پشت به‌ستن به‌ لێکۆلینه‌وه‌ی مه‌یدانی خۆم که‌له‌ نێوان ساڵانی 2005 و 2008 له‌ دیاربه‌کر (ئامه‌د) کردم بۆ وه‌رگرتنی ده‌ره‌جه‌ی دوکتورایه‌که‌م، لێره‌ کورته‌ی ئه‌و مشتو مڕانه‌ له‌سه‌ر زمانی کوردی ده‌گێڕمه‌وه، به‌ تایبه‌تی شوێنگێڕی ئه‌و زۆردارییه‌ جێی گریان و جێی پێکه‌نینه‌ی ده‌که‌م که‌ ده‌وڵه‌تی ترک ده‌رحه‌ق به‌ زمانی کوردی کردوویه‌ و ووڵامدانه‌وه‌ی کورده‌کان به‌و زوڵمه‌ به‌ڕێگای سیاسه‌تی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌وه‌. یه‌كیك له‌ جه‌خته‌‌ سه‌ره‌کییه‌کانی من له‌م ووتاره‌ دا ئه‌وه‌ ده‌بێ که‌ چۆن به‌ کارهێنانی تیپه‌کانی W،X و Q‌ له‌ نووسین دا – ئه‌و تیپانه‌ی که‌ له‌ ئه‌لفوبێی ترکی دا نین و له‌ ڕووی قانوونییه‌وه‌ وه‌ک " تیپی تاوانکار" ڕاو ده‌نرێن – خه‌سڵه‌تێکی سه‌رهه‌ڵداوانه‌یان په‌یدا کرد.گاڵته‌ جاڕییان به‌ ده‌وڵه‌تی ترک کرد، که‌ هه‌تا ئێستاش پشت ده‌به‌ستێ به‌ چه‌مكێکی تاکانه‌ی کولتووری، زمانی و ناسێنه‌یی وه‌ک به‌ردی بناغه‌ی کۆماری ترکییه‌. جا بۆیه‌ ئه‌من باسی ئه‌و ورووژان و هه‌ڵچوونانه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ کار هێنانی تیپی W،X و Q‌ نایانه‌وه‌ وه‌کوو چاویلکه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌ بۆ وورد بوونه‌وه‌ له‌هه‌لومه‌رجی ئێستای مافی زمانی کوردی و خه‌باتی به‌رده‌وامی کورده‌کان له‌ پێناو به‌کارهێنان و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمانه‌که‌یان له‌ ترکییه‌.

سه‌رچاوه‌: http://www.kaes.us/

Friday, October 29, 2010

چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌ک له‌ محه‌مه‌دی قازی


چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌ک له‌ محه‌مه‌دی قازی

حه‌سه‌نی قازی

ڕه‌نگه‌ محه‌مه‌دی قازی تاکه‌ که‌سی بنه‌ماڵه‌ی قازی بێ که‌ له‌ نێو فارس زمانان دا له‌ هه‌موویان زیاتر ناسراوه‌. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌، محه‌مه‌دی قازی زیاتر له‌ 70 ڕۆمان و کتێبی به‌ نێوبانگی له‌ زمانی فه‌ڕانسه‌ییه‌وه‌ کردووه‌ته‌ فارسی و درۆ نییه‌ ئه‌گه‌ر بگوترێ هیچ فارس زمانێکی کتێبخوێن له‌ ئێران نییه‌ نێوی وی نه‌بیستبێ.
محه‌مه‌دی ئیمامی کوڕی میرزا عه‌بدولخاله‌ق ( ئیمام جومعه‌) له‌ تافی مێردمنداڵی دا کوردستانی به‌جێ هێشتووه‌ و له‌ تاران خوێندوویه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ش له‌وێ بۆی نه‌لواوه‌ به‌ زمان و ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه‌ خه‌ریک بێ.
ئه‌من شانازی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ یه‌کێک له‌وکه‌سانه‌بووم، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له‌تاران ده‌ژیام هه‌میشه‌ حه‌ولم له‌گه‌ڵ ده‌دا لایه‌ک له‌ زمان کوردی بکاته‌وه‌. قازی له‌ به‌ر هه‌ڵکه‌وتی ڕووناکبیرانه‌ی خۆی زۆر به‌ ساڵان به‌رله‌وه‌ی کتێبی باسیل نیکیتین وه‌رگێڕێته‌ سه‌ر زمانی فارسی ئه‌و کتێبه‌ی خوێندبووه‌وه‌. زۆرجار له‌ مه‌جلیسان باسی ئه‌وه‌ی ده‌کردچۆن ئه‌میر نیزامی گه‌ڕووسی باڵنده‌یه‌کی له‌ سینگی خۆی ناوه‌ و به‌درۆ گوتوویه‌ قورئانه‌ وسوێندی پێخواردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مزاغا بێته‌ سابڵاغێ هیچ مه‌ترسی له‌ سه‌ر ژیانی نییه‌ و به‌ ده‌ک و دۆڵاب هه‌مزاغای مه‌نگوڕی کێشاوه‌ته‌ ئه‌وێ و ناجوانمێرانه‌ کوشتوویه‌تی.
یه‌که‌م کتێبی محه‌مه‌دی قازی ' زارا، عشق چوپان' که‌ تائێستا به‌ چه‌ند وه‌رگێڕانی کوردییه‌وه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ربنه‌مای ژیانی ڕاستینه‌ی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی به‌له‌نگاز که‌ تووشی نه‌خۆشی گولی بوون هه‌ڵنراوه‌. محه‌مه‌دی قازی له‌ ڕێگه‌ی مامی دوکتور جه‌وادی قازییه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ نێوه‌رۆکی به‌یتی کوردی و به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌یتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئاڵمانی ئۆسکارمان له‌ زمان ڕه‌حمان به‌کره‌وه‌ به‌ یارمه‌تی میرزا جه‌وادی قازی گرده‌وه‌کۆیی کردوون ناسیاوی هه‌بوو، جارێکیان له‌ مه‌جلیسێک دا به‌و زمانه‌ ڕه‌وان و خۆشه‌ی چه‌ند برگه‌یه‌ک له‌ به‌یتی 'لاس و خه‌زاڵ' بۆ جه‌لالی ئال ئه‌حمه‌د نووسه‌ری به‌نێوبانگی ئێرانی وه‌رده‌گێڕێ،به‌ تایبه‌تی ئه‌فسانه‌ی گوورانی ئاوله‌‌مه‌ی لاس له‌ سه‌ر پشتی شێر. زۆر جار ده‌یگوت جه‌لالی ئه‌حمه‌د پێی گوتووم ئه‌من له‌جیات تۆبایه‌م ئه‌و شاکارانه‌ی ئه‌ده‌بی زاره‌کی گه‌لی کوردم وه‌رده‌گێڕا و خۆم له‌ ده‌قی فه‌ڕانسه‌یی نه‌ده‌دا.
جارێکیان که‌ تازه‌ وه‌رگێڕانی کتێبی ' آزادی یا مرگ ' ی نووسه‌ری زۆربا، نیکۆس کازانتزاکیس ده‌رکه‌وتبوو و ئه‌من به‌هه‌ڵپه‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورت دا خوێندمه‌وه‌‌، هه‌ستم کرد له‌ زۆر جێگه‌ ووشه ‌و بێژه‌ی په‌تی کوردی به‌کار هێناوه‌ و ده‌م زانی ئه‌وانه‌ له‌ زمانی فارسی دانین. له‌ مه‌جلیسێکدا له‌ ماڵی خۆی که‌ چه‌ند نووسه‌ری ناسراوی ئێرانی وه‌ک غوڵامحوسێنی ساعیدی و مه‌نووچێهری هه‌زارخانی لێبوو پێم گوت، ئه‌و کاره‌ت زوڵمێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ هه‌نبانه‌ی ووشه‌ و ته‌عبیری کوردی چونکوو ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌و ده‌قه‌ به‌ فارسی بخوێنێته‌وه‌ ئیدی ئه‌و جۆره‌ ووشه‌ و بێژانه‌‌ به‌ هاسانی ده‌بنه‌ ماڵی زمانی فارسی و ده‌که‌ونه‌ لاپه‌ڕه‌ی قامووسان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌تۆ نووسیوته‌. چاکم له‌ بیره‌ یه‌ک له‌و ووشانه ' که‌ندال' و بێژه‌که‌ش 'هه‌وا بۆ گوتنی' کوردی بوو که‌ ئه‌و نووسیبووی: 'هوائی برایمان بخوان'‌ . ئه‌گه‌رچی ئێستا دوای نزیکه‌ی چل ساڵ له‌وده‌مییه‌وه‌ پێم وایه‌ ووشه‌ خواستنه‌وه‌ی زمانان له‌ یه‌کتر وه‌نه‌بێ شتێکی سه‌یر بێ، هه‌ر بووه‌ و هه‌ر ده‌ش بێ.


لەگەڵ محەمەدی قازی لە شایی پەری فەتتاحی قازی و یۆسفی تەوحیدی لە تاران، ئێوارەی سێشەمۆ ٢٤ی خەرمانانی ١٣٤٣ی هەتاوی ، ئووتی ١٩٦٤ی زایینی، ماڵی بووکێ. پێویستە بڵێم ئەمن لەودەرفەتە دا جلوبەرگی شاییم نەبوو، و ئەو کوت و شەلوارم لە هاوڕێم سوارەی ئێلخانیزادە خواستبووەوە


ئه‌و کاته‌ی له‌ تاران ده‌ژیام دوای ئه‌وه‌ی به‌ حه‌ولێکی زۆر توانیم به‌رگی یه‌که‌می کتێبی ئۆسکارمان په‌یدا بکه‌م و، زۆرم خۆ ماندوو ده‌کرد به‌یته‌کان بهێنمه‌ سه‌ر خه‌تی عه‌ڕه‌بی ( به‌ ساڵان دواتر مامۆستا هێمن له‌ به‌غدا له‌ گه‌ڵ دوکتور ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د ئه‌و کاره‌ گه‌وره‌یه‌یان ڕاپه‌ڕاند و کۆڕی زانیاری کورد بڵاوی کرده‌وه‌)،ئه‌گه‌رچی له‌ نووسینی کوردی دا کول بووم توانیم محه‌مه‌دی قازی پێمل بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ به‌یتی 'لاس و خه‌زاڵ' وه‌ربگێڕینه‌ سه‌ر زمانی فارسی، ئه‌من وه‌رمگێڕا و ئه‌ویش ده‌قه‌ فارسییه‌که‌ی کرده‌ فارسی! و له‌ گۆوارێکی به‌ ڕمێنی ئه‌وسه‌روبه‌ندی تارانێ دا بڵاو کراوه‌، دواتریش له‌ گۆواری 'ارک' دا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ تێکۆشه‌رانی ترکی ئازه‌ربایجانی له‌ ته‌ورێز ده‌ریان ده‌کرد، به‌یتی ' سه‌یده‌وان' مان که‌ له‌ زمانی به‌یتبێژێکی خه‌ڵکی گوێگجه‌لی نووسیبوومه‌وه‌ بڵاو کرده‌وه‌.

محه‌مه‌دی قازی یه‌ک له‌و ئینسانه‌ هه‌ره‌ قسه‌خۆشانه‌ بووه‌ ئه‌من له‌ ژیانمدا ناسیبێتم‌. له‌ سه‌ر ده‌می ڕێژیمی بله‌وه‌زی کوڕی ڕه‌زاخان له‌ کۆڕ و کۆمه‌ڵی گشتی دا دژایه‌تی ده‌ربڕین و ڕه‌پ و ڕوو ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ داو وده‌زگای داپلۆسێنه‌ر زۆر ئاسته‌م بوو، به‌ڵام خه‌ڵکی مووقه‌ڵێش و وورد بین ڕێگایه‌کیان هه‌ر ده‌دۆزییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌کانی خۆیان بکه‌ن و محه‌مه‌دی قازی یه‌ک له‌و که‌سانه‌ بوو. له‌ میوانییه‌ک دا که‌ ته‌نانه‌ت یه‌ک دوو ئه‌فسه‌ریشی لێ بوو باسی ئاخر نوکته‌ی تازه‌ ده‌کرا. محه‌مه‌دی قازی چیرۆکی ئه‌و شێر و گوێدرێژه‌ی گێڕایه‌وه‌ که‌ له‌ دوڕگه‌یه‌کی که‌له‌لا هه‌وای نه‌وس زۆریان بۆ دێنێ، ئه‌و به‌ زانایی هه‌موو جارێ که‌ باسی شێره‌که‌ی ده‌کرد ده‌یگوت: " ئه‌علاحه‌زره‌ت ! سوڵتانی جه‌نگه‌ڵ "،که‌س نه‌بوو له‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی تێنه‌گا‌ ئه‌ویش ئه‌علاحه‌زه‌رتی شایشان بوو که‌ هێشتا نه‌ببوو به‌ 'ئاریامیهر'. له‌ بیرمه‌ یه‌کێک له‌ ئه‌فسه‌ره‌کان که‌ دۆستێکی پێشکه‌وتووی ئازه‌ربایجانی بوو بۆ شوێنه‌ ونکه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی دوایه‌ به‌ربینگی پێ نه‌گرن که‌ گوێی له‌ چیرۆکێکی ئه‌وتۆ هه‌ڵخستووه‌ مه‌جلیسه‌که‌ی به‌جێ هێشت.
ڕه‌حمه‌تی دوکتور هاشمی شیرازی له‌تاران،هه‌موو ساڵێک به‌ بیانووی ساڵڕۆژی له‌ دایکبوونی یه‌کێک له‌ منداڵه‌کانی میوانییه‌کی گه‌وره‌ی ساز ده‌کرد بۆ به‌رزڕاگرتنی بیره‌وه‌ری و پێیرۆزه‌ی دووی ڕێبه‌ندان. ساڵێکیان ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ کورده‌کانی دانیشتووی تاران له‌و جێژنی له‌ دایکبوونه‌ دا له‌ ماڵی دوکتور شیرازی کۆببوونه‌وه‌.
یه‌ک له‌ میوانه‌کان بۆ زۆربه‌ی ئاماده‌ بووانی مه‌جلیسه‌که‌ نه‌ناسراو بوو، به‌ڵام ده‌نگی یه‌کجار زۆر خۆش بوو و یه‌ک دوو مه‌قامی فارسی گوت و، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌شوهه‌وای مه‌جلیسه‌که‌ کوردی بوو،بۆ ئه‌وه‌ی نه‌کا لۆمه‌ی بکه‌ن،له‌ جیات ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌ندی مه‌قامه‌کان بڵێ ده‌یگوت: ' ببوورن، به‌ڵام ئه‌من دایکم کورده‌'، قازیش به‌ ده‌نگی به‌رزه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناسیاوییه‌کی پێشووی له‌ گه‌ڵی هه‌بێ چه‌ند جار گوتی: ' زیا جان ( ئه‌و میوانه‌ پاشناویی زییایی بوو) قۆربانێ ماده‌رێت ( قوربانی دایکت بۆ ئه‌و ده‌نگه‌ت) و به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بانی ئاغای زییایی ڕه‌وانده‌وه‌ و دواتر‌ بوون به‌ دۆستی زۆر نزیک.
برای پچووکتری نووسه‌ری ئه‌م کتێبه‌ خودالێخۆشبوو سه‌رهه‌نگ حه‌سه‌نی فه‌تتاحیی قازی، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ کورد بوون نه‌شۆرابووه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ڵکه‌وتی خۆی که‌ ئه‌فسه‌ری ئه‌ڕته‌ش بوو، به‌ هیچ جۆر به‌ لای باسی سیاسی و ئه‌وه‌ی بۆنێکی دژایه‌تی ڕێژیمی لێ هاتبا نه‌ده‌چوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دۆستایه‌تییه‌کی زۆر گه‌رم و نزیکی له‌ گه‌ڵ محه‌مه‌دی قازی هه‌بوو. قسه‌ی مه‌جلیسێک که‌ ئه‌وان هه‌ر دووکیانی لێبان ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ خۆشتر ده‌بوو. جه‌ناب سه‌رهه‌نگ که‌ زۆربه‌ی خزمان ئاوایان بانگ ده‌کرد، له‌ دوایین زه‌واجی خۆی دا نێوی زۆر تۆخی فارسی که‌ زیاتر درینگه‌ی نێوی براکانی شای لێوه‌ ده‌هات له‌ منداڵه‌کانی نابوو ( هیوادارم ئێستا که‌ ئه‌م دێڕانه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ له‌ دڵیان گران نه‌یه‌)، محه‌مه‌دی قازی هه‌رکاتێک هاتبا ماڵی سه‌رهه‌نگ فه‌تاحیی هه‌ر چاوی به‌یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی که‌وتبا یه‌ک به‌خۆی هه‌رای ده‌کرد : " سه‌لام ئاغایێ والاحه‌زره‌ت! ( به‌ براکانی شایان ده‌گوت والاحه‌زره‌ت). محه‌مه‌دی قازی تازه‌ کتێبی ' بحثی در باره‌ء مفهوم انجیلها' ی وه‌رگێڕابوو، ڕه‌حمه‌تی حه‌سه‌نی فه‌تتاحیی قازی بیستبوویه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ هێندێک کۆروکۆمه‌ڵ به‌ نێوه‌رۆکی ئه‌و کتێبه‌ هه‌ڵبه‌زنه‌وه‌. به‌محه‌مه‌دی قازی ده‌ڵێ: قازی ئه‌تۆ به‌و قه‌ڵه‌مه‌ت ئاخری نانی ده‌می منداڵه‌کانت ده‌بری، ده‌ست هه‌ڵگره، زمانت گاز بگره‌!! قازیش ده‌ڵێ: قه‌ڵه‌مێک بتوانێ ببرێ و هه‌ڵدروێته‌وه‌ نابێ هه‌ڵپه‌سێردرێ.
هاوسه‌ری محه‌مه‌دی قازی خه‌ڵکی شاری ڕه‌شتی سه‌رووی ئێران بوو . نێوی ئێران خانم بوو، نه‌خۆشی دڵی هه‌بوو و محه‌مه‌دی قازی زۆری به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بوو و بۆ ته‌داوی بردبوویه‌ له‌نده‌ن و دوای عه‌مه‌لێکی سه‌رکه‌وتوو گه‌ڕانه‌وه‌ تارانێ. به‌ڵام ساڵێک دواتر که‌ ده‌بوو بۆ به‌رده‌وامی ته‌داوییه‌که‌ بچنه‌وه‌ ئوڕووپا، به‌ داخه‌وه‌ ئێران خانم ئه‌وڕۆژه‌ی ده‌بوو هه‌ڵفڕن بۆ له‌نده‌ن ماڵاوایی له‌ ژیان کرد. بڕیار وا بوو ئه‌من له‌ خزمه‌ت جه‌ناب سه‌رهه‌نگ دا بۆ به‌ڕێکردنیان بچینه‌ فڕۆکه‌خانه‌ی مێهراباد، به‌یانی زوو ته‌له‌فۆنی ماڵی سه‌رهه‌نگ فه‌تتاحییم کرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانم که‌نگێ وه‌ڕێکه‌وین بۆ فڕۆکه‌خانه‌ ؟ گوتی چوونی فڕۆکه‌خانه‌ پێویست ناکا ده‌بێ بچینه‌ سه‌رقه‌بران!
که‌ چووینه‌ ماڵی محه‌مه‌دی قازی خزمی هاوسه‌ری زۆربه‌یان له‌وێ کۆببوونه‌وه‌ و یه‌کده‌نگ به‌ زمانی گیله‌کی هاواریان ده‌کرد: " ئیران مه‌ن ترۆ خایه‌م' و له‌ سه‌ر و ڕووی خۆیان ده‌دا. ته‌نانه‌ت له‌و که‌شوهه‌وایه‌ش دا، نه‌ محه‌مه‌دی قازی و نه‌ سه‌رهه‌نگ فه‌تتاحی قسه‌ی خۆشیان لێ نه‌ده‌بڕا. دوای عه‌رزی ته‌سلییه‌ت، جه‌ناب سه‌رهه‌نگ ڕووی له‌ محه‌مه‌دی قازی کرد و به‌ ئاسپاییه‌ک پێی گوت : قسه‌ی خۆمان بێ قازی هێندێکیش سه‌رت سووک بوو. خۆ تۆ ئه‌وه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ هه‌دادانت لێ بڕا بوو!!
دواتر کاک محه‌مه‌د بۆ ئه‌وه‌ی وه‌جاغی ماڵی سارد نه‌بێته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خوشکی گه‌وره‌تری ئێران خانم؛ کیشوه‌ر خانم
که‌ خانمێکی بێوه‌ ژن بوو وه‌ک به‌ زاراوه‌ی ناقۆڵای ئه‌م ڕۆژگاره‌ی باشوور ده‌ڵێن :" ژیانی هاوسه‌رگیری" پێک هێناوه‌! ئه‌منیش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌م له‌ قسه‌ی خۆش وه‌رده‌م پێم ده‌گوت : ' قوربان جه‌نابت فاتیحی کیشوه‌ری ئێرانی' به‌ڕاستیش له‌ باری ئه‌ده‌بییه‌وه‌ هه‌ر وابوو.
ئه‌و ده‌مه‌ی کتێبی " خاطرات یک مترجم" ده‌رکه‌وت و دوایه‌ له‌ کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق هێندێک هه‌رای لێ ساز بوو، و ڕه‌خنه‌ له‌ محه‌مه‌دی قازی گیرا ئیدی ئه‌من له‌ ئێران نه‌مابووم. وابزانم له‌وباره‌یه‌وه‌ هێندێک ناحه‌قی له‌ محه‌مه‌دی قازی کرا. محه‌مه‌دی قازی وه‌ک خۆی جوان بوو، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی من و تۆ ده‌مانه‌وێ.



لە شایی یای بوخارایی و مەحموودی سەیفی قازی لە هۆتێل مێترۆپلی تەورێز، بانەمەڕی ١٣٤٩ی هەتاوی. ئەوەی هەر دووکمان ڕوومان وەرگێڕاوە هۆیەکی تایبەتی هەیە


سەرچاوە: "کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، خەلیلی فەتاحی قازی، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم . هەولێر 2009. لاپه‌ڕه‌ی 240- 236

Friday, October 22, 2010

یادی هێمن



یادی هێمن

له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای چله‌کانی هه‌تاوی، ئه‌گه‌رچی گه‌لی کورد ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی ئازادی نه‌بوو بۆ چالاکی ئاشکرای سیاسی، به‌ڵام له‌ ژێر کاردانه‌وه‌ی بارودۆخی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌و به‌ری سنوور، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ گشتی و له‌ موکریان بە تایبەتی باس و خواسی سیاسی و ئاگاداری له‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌و دیو و کۆ کردنه‌وه‌ی یارمه‌تی و بلاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی بارزانی و ناردنی ده‌وا و ده‌رمان و زۆر کاری دیکه‌ له‌ ژێر ڕێبه‌رایه‌تی حێزبی دێمۆکراتی کوردستان دا که‌ شەهید عەبدوڵای ئیسحاقی ( ئه‌حمه‌د ته‌وفیق) ڕێبەری دەکرد به‌ شێوه‌ی نیوه‌ ئاشکرا و نیوه‌ نهێنی هه‌ر به‌رده‌وام بوو. ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ تا به‌سترانی کۆنگره‌ی دوویه‌می حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌ سونێ له‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی 1342ی هه‌تاوی و تا ماوه‌یه‌کیش دوای ئه‌و هه‌ر درێژه‌ی هه‌بوو.
له‌ شه‌وی نه‌ورۆزی ساڵی 1343 ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێمۆکرات له‌ شاره‌کانی موکریان و له‌ سنه‌ و تاران گیران و ژماره‌یه‌کی ئه‌وه‌نده‌ زیاتریش کار و ده‌رس،کاسبی و ماڵ وحاڵیان به‌جێهێشت و به‌ره‌و کوردستانی عێراق چوون.

به‌ر له‌وه‌ی له‌ هاوینی ساڵی 1342ی هه‌تاوی له‌ گه‌ڵ نه‌مر فایق ئه‌مین( سوله‌یمانی موعینی) و کۆمه‌ڵێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی که‌وم و، بۆ یەکەم جار بچم بۆ کوردستانی عێراق و، مایینێک به‌ دیاریی به‌رم بۆ ئه‌حمه‌د تۆفیق که‌ وابزانم ئه‌ویش پێشکێشی مه‌لا مسته‌فای کرد، – ئه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم وێنه‌یه‌کی مه‌لا مسته‌فا بە سواری ئه‌و ماینه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ - له‌ مه‌هاباد هێمنم زۆر ده‌دی، به‌‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وەی له‌ زستانی ساڵی 1341 دا کووره‌خانه‌ی شافیعی ته‌قییه‌وه‌ و بووه‌ هۆی مردنی سێ برای شافیعی ( یۆسف، سوله‌یمان و داود) و دوو کرێکار ( کاک عه‌زیز و مام ده‌رویش) له‌ کاتی ناشتنیان و له‌ سه‌ر قه‌بران سه‌ره‌ڕای به‌فر و سه‌رماوسۆڵ خه‌ڵکێکی زۆر به‌شدارییان کرد. له‌وێ هێمن شێعرێکی خوێنده‌وه‌. کوڕی یۆسفی شافیعی له‌ ده‌بیرستانی ئیبنی سینا له‌ گه‌ڵ من هاوکلاس بوو و ئێمه‌ شاگرد مه‌دره‌سه‌ بۆ هاوخه‌می له‌گه‌ڵ وی ده‌رسمان ته‌عتیل کرد و چووینه‌ سه‌ر قه‌بران و ته‌نانه‌ت دواتریش له‌ مزگه‌وتی سوور له‌ لایه‌ن هاوکلاسه‌کانی کوڕی یۆسفی شافیعی ڕێوڕه‌سمێک به‌ڕێوه‌چوو و له‌وێدا منیش وتارێکم پێشکێش کرد.
بیستنی ئه‌و شێعره‌ی هێمن له‌ سه‌ر قه‌بران به‌ ده‌نگی خۆی که‌ داروبه‌ردیشی وه‌گریان ده‌خست و به‌ تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ‌سوله‌یمانی شافیعی که‌ مامۆستای ده‌بیرستان بوو به‌ تێکۆشه‌رێکی حیزبی ده‌ناسرا کارێکی زۆر گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی من کرد. تا ئه‌و ده‌می له‌ خوێندنه‌وه‌ و نووسینی کوردی دا زۆر کول بووم.
هه‌رچۆنێک بوو نووسخه‌یه‌کی ئه‌و شێعره‌م وه‌ده‌ست خست و ده‌ستم کرد به‌خوێندنه‌وه‌ و له‌ ڕوو نووسینه‌وه‌ی تا وای لێهات هه‌مووم له‌به‌ر کرد و ئێستاش دوای زیاتر له‌ 46 ساڵ به‌شێکی زۆرم هه‌ر له‌بیرماوه‌. بێ پێوه‌نان ده‌توانم بڵێم دوای ڕاهاتن له‌و شێعره‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و نووسینی کوردی ڕاهاتم و به‌دوای ئه‌مه دا‌ یه‌ک له‌و که‌سانه‌ بووم ، ئه‌گه‌ر هێمن شێعرێکی تازه‌ی گوتبا،یان شێعرێکی کۆنی خۆی نووسیباوه‌ و به‌ ده‌ستخه‌ت بڵاو بووبا‌وه‌ نوسخه‌یه‌کم هه‌ر ده‌ست ده‌خست.
سه‌فه‌ری یه‌که‌مم بۆ سه‌نگه‌سه‌ر که‌ پێگه‌ی سه‌ره‌کی کاک ئه‌حمه‌د تۆفیق بوو هێنده‌ی پێنه‌چوو. وا بڕیاردرا بۆ ڕاپه‌ڕاندنی هێندێک ئه‌رک و کاری حیزبی بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌و دیو، که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ و کاره‌کانم له‌ تاران و بورازجان ( به‌ نیوه‌ و نیوه‌چڵی ) ڕاپه‌ڕاند ئه‌وجار بڕیارم دا بۆ به‌شداری له‌ کۆنگره‌ی دووه‌مدا بچمه‌وه‌ کوردستانی عێراق و له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ گه‌ڵ هێمن سێ ده‌فته‌ری شێعره‌کانی خۆی دامێ‌ بیبه‌م بۆ ئه‌و دیو بۆ لای کاک ئه‌حمه‌د بۆ ئه‌وه‌ی مشووری چاپ کردنیان بخورێ. ‌ ئه‌و ده‌فته‌رانه‌ ‌ به‌رگی چه‌رمی ڕه‌شیان هه‌بوو به‌ خه‌تێکی زۆر خۆش نووسرابوونه‌وه‌ و هێمن زۆرم له‌ به‌ر پاڕاوه‌ ئاگام لێیان بێ نه‌فه‌وتێن و ئه‌گه‌رهاتوو چاپ نه‌کران هه‌رچۆنێک بێ بیانگه‌ینمه‌وه‌ ده‌ست خۆی. له‌بیرمه‌ ده‌یگوت ئه‌وانه‌ بۆ من وه‌ک " مه‌سحه‌فی ڕه‌ش" وان _ ڕه‌نگی به‌رگه‌کانیان ڕه‌ش بوو _ بۆ من زۆر پیرۆزن، ئه‌گه‌ر له‌ نێوبچن سه‌گ و شوانی کاری ئه‌ده‌بیم دێته‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو شێعرانه‌ی له‌و ساڵانه دا‌ نووسیومن نامێنن. وابزانم هێمن بۆ مه‌حکه‌مکاری ئه‌گه‌ر هاتبا و ئه‌و ده‌فته‌رانه‌ کەوتبانە ده‌ست ساواک شێعرێکیشی تێدا نووسیبوو که‌ به‌ نابه‌دڵی خۆی و به‌ تۆبزی داوایان لێ کردبوو له‌ ڕێوڕه‌سمێک دا بیخوێنێته‌وه‌. ئه‌وشێعره‌ش گله‌یی و گازند بوو له‌ مه‌ڕامی کۆمۆنیستی، ئه‌گه‌ر له‌زینم دا مابێ مه‌تله‌عه‌که‌ی ئاوا ده‌ستی پێده‌کرد :" ئامۆژگارییه‌کانی لێنین درۆیه‌ " _ نه‌قڵ به‌ مه‌عنی _. به‌ڵێ ده‌فته‌ره‌کانم برد و دیاره‌ چاپ کردنیان نه‌ڕه‌خسا، به‌ ڕاستی ئێستا هۆیه‌که‌یم له‌ بیر نه‌ماوه‌ و دیاره‌ ناشمه‌وێ له‌ خۆوه‌ هۆیه‌کی بۆ داتاشم. پاش ماوه‌یه‌ک که‌ ئیدی زانیم ئه‌وه‌ ناکرێ بۆ ئه‌وه‌ی خیانه‌تم به‌ ئه‌مانه‌ت نه‌کردبێ، له‌ قه‌ڵادزێ وه‌ به‌ ده‌ستێکی ئه‌مین دا که‌ براده‌رێکی خه‌ڵکی گاگه‌ش بوو ده‌فته‌ره‌ گۆرینه‌کانم بۆ هێمن نارده‌وه‌ و زۆر خوشحاڵ بووم که‌ دوایه‌ زانیمەوە به‌ ساخ و سڵامه‌ت به‌ ده‌ستی گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌.
جگه‌ له‌و شێعره‌ی که‌ بۆ برایانی شافیعی و دوو کرێکاری کووژراوی ‌ کووره‌خانه‌ که‌ له‌به‌رم کردبوو، هه‌ر ئه‌و سه‌روبه‌ندی شێعری ئه‌خته‌ر و شێعری ڕاوچیانیشم له‌به‌ر کردبوو. له‌گه‌ڵ شێعرێکی هێمن بۆ بارزانی که‌ وابزانم تا ئێستا له‌ هیچ کوێیه‌ک چاپ نه‌کراوه‌. ئه‌و پارچه‌ شێعره‌ ئاوا ده‌ست پێده‌کا :

وێنه‌ت گه‌یشته‌ ده‌ستم و ڕوون بۆوه‌ چاوی من
سارێژ بوو زامی کۆن و برینی هه‌ناوی من
ئه‌ی بابی کوردی، ڕۆڵه‌یی ئازا و قاره‌مان
چاتر نموونه‌ سووره‌ گوڵی باغی نیشتمان
......
له‌ ساڵی 1974 ی هه‌تاوی که‌ کۆکراوه‌ی شێعری هێمن بۆ یه‌که‌مجار له‌ لایه‌ن " بنکه‌ی پێشه‌وا" که‌ سه‌ر به‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو له‌به‌غدا چاپ کرا، ئه‌و شێعره‌ی تێدا نه‌بوو و شێعری ڕاوچیانیش له‌ هێندێک جێدا ئالوگۆڕی به‌سه‌ر هاتبوو. له‌ کۆتاییه‌کانی شێعری ڕاوچیان دا هێندێک به‌یت هه‌بوون‌ بۆنی نائومیدی و ده‌سته‌وه‌ستانییان لێده‌هات که‌ دیاره‌ هێمن یان به‌ سه‌لیقه‌ی خۆی یان به‌ پێشنیاری که‌سانی ده‌وروبه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌رهاویشتبوو.



شانازی هه‌بوونی نووسخه‌یه‌کی " تاریک وڕوون" م هه‌یه‌ که‌ هێمن به‌ خه‌تی خۆی بۆی ئیمزا کردووم و به‌ دیاری بۆی ناردبووم بۆ له‌نده‌ن.له‌ هه‌ڵگێڕ وه‌رگێڕی ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ دا هه‌ر پاراستوومه‌ و یه‌ک له‌و کتێبانه‌یه‌ که‌ له‌خۆم دوور نه‌کردووه‌ته‌وه‌. داخم ناچێ ده‌ به‌رگ له‌و کتێبه‌ که‌ له‌ برلینه‌وه‌ به‌ پۆست ناردم بۆ له‌نده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ کۆنگره‌ی خوێندکاران له‌وێ به‌ دۆست و ناسیاوانی بفرۆشم له‌ پۆست دا سه‌ریان تێداچوو. شوێن پزر بوونی پرێسکه‌ی پۆستی هه‌ر تایبه‌تێتێکی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست نییه‌.
ئه‌وکاته‌ی که‌ به‌یاننامه‌ی ده‌سته‌ی 7 که‌سی " پێڕه‌وانی کۆنگره‌ی چواره‌می حیزبی دێمۆکراتی کوردستان " بڵاو بووه‌ وه‌ ئه‌من ئه‌ندامێکی چالاکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووم. به‌ نێوی ته‌شکیلاتی ئوڕووپا به‌یاننامه‌یه‌کی توندو تیژم له‌ سه‌ر گرووپی 7 که‌سی نووسی و بڵاوم کرده‌وه‌ - بابم یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی گرووپی 7 که‌سی بوو _ که‌شوهه‌وای سیاسی ئه‌و سه‌روبه‌ندی و ئه‌و غه‌در و زۆردارییه‌ی له‌ گه‌لی کورد ده‌کرا،مه‌ودای نه‌ده‌هێشته‌وه‌ بۆ هیچ هه‌ڵوێستێکی دیکه‌، به‌ڵام به‌عه‌قڵی خۆم له‌و سه‌روبه‌ندیشدا ده‌متوانی هێڵێکی جوێکه‌ره‌وه‌ بکێشم له‌ نێوان هێمنی سیاسی و هێمنی شاعیر دا که‌ دنه‌ی کوردانی دەدا بۆ خه‌بات و هه‌ستان.پێم وایه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌ دا ئه‌گه‌رچی بە نێو باسی بابم، ڕه‌حیمی سه‌یفی قازی م کردووه‌، به‌ڵام نێوم له‌ هێمن نه‌هێناوه‌.
که‌ هێمن مرد، ئه‌من هێشتا ئه‌ندامی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووم،له‌ هه‌مان کاتدا له‌ کار‌ و خه‌باتی پێوه‌ندیدار به‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان دا به‌شداریم ده‌کرد،له‌وانه‌ ئه‌نیستیتووی کورد له‌پاریس که بۆ یه‌ک یان دوو ده‌وره‌ له‌ ئه‌ندامانی شووڕای ئیداری و هه‌ر وه‌ها ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی دوو بڵاو کراوه‌ی ئه‌و ئه‌نیستیتووه‌ بووم " مطالعات کردی" که‌ به‌ چوار پێنج زمان و هێڤی ( هیوا) که‌ به‌ کرمانجی و سۆرانی و به‌ ئه‌لفوپێتکه‌ی عه‌ڕه‌بی و لاتینیی کوردی ده‌رده‌که‌وت.
ماوه‌یه‌ک دوای مه‌رگی هێمن فێدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردستانییه‌کان له‌ سوێد که له‌‌ ڕێکخستن و په‌ره‌پێدانی دا بۆ ماوه‌ی 3- 4 ساڵان ده‌ورێکی زۆر چالاکم تێیدا هه‌بوو بۆ به‌رز ڕاگرتنی بیره‌وه‌ری هێمن له‌ شاری ستۆکهۆڵم ڕێوڕه‌سمێکی به‌ڕێوه‌ برد. ئه‌من و چه‌ند ئه‌ندامێکی دیکه‌ی حیزب له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ دا به‌شداریمان کرد، به‌ڵام بۆ پاراستنی دیسیپلینی ڕێکخستنی خۆمان پێمل کرد له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ دا وه‌کوو گوێگر دانیشین و لا و نه‌عه‌م هیچ نه‌ڵێین. به‌ڵێ ڕێوڕه‌سم کراوه‌ و ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی له‌ پانێله‌ که‌ دا قسه‌یان ده‌کرد،به‌داخه‌وه‌ ئاگادارییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌ سه‌ر لایه‌نی ژیانی ئه‌ده‌بی هێمن نه‌بوو.ئه‌و که‌سه‌ی نموونه‌ی شێعره‌کانی ده‌خوێنده‌وه‌ ئێستاش له‌بیرمه‌ ته‌نانه‌ت یه‌کێکیشی به‌ ته‌واوی و به‌ بێ له‌نگی و گرێ بۆ نه ده‌‌خوێندراوه‌. وا بزانم ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین بێ حورمه‌تی به‌ بیره‌وه‌ری هێمن بوو، چونکە هه‌م له‌خۆی و هه‌م له‌ که‌سانی دیکه‌م بیستبوو چه‌نده‌ی پێ زویر ده‌بوو کاتێک گوێی له‌ که‌سانێک ده‌بێ به‌ له‌نگ و لۆری شێعره‌کانی ده‌خوێننه‌وه‌.
دواتر له‌ " سه‌ره‌تای" تاقه‌ ژماره‌ی "مطالعات کردی" که‌ به‌ فارسی ده‌رچووه‌ شتێکی کورتم له‌ سه‌ر مەرگی هێمن نووسیوه‌ که‌ پێم وایه‌ له‌وان ساڵان دا ده‌بێ به‌ جۆره‌یه‌ک ڕچه‌ شکێنی دابندرێ. به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌م له‌به‌رده‌ست نییه‌ که‌ عه‌ینی ئه‌و ڕستانه‌ی له‌وێدا نووسیومه‌ لێره‌ بگێڕمه‌وه‌ به‌ڵام کورته‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ نووسیبووم :
" ئه‌گه‌رچی هێمن له‌و ساڵانه‌ی دواییدا تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی هات، به‌ڵام ئه‌و بڕگه‌ کورته‌ له‌ ژیانی به‌ هیچ کولوه‌جێ نابێ به‌ هۆکارێک دابندرێ بۆ‌ چکۆڵه‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وره‌ گرینگ و گه‌وره‌یه‌ی شێعری هێمن له‌ گه‌شانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ی هه‌ست و نه‌ستی خۆ بوون و وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی دا گێڕاویه‌تی و، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ هیچ له‌ نرخ و ده‌وری هێمن که‌م ناکاته‌وه‌" قسه‌کانم به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ گه‌ڵاڵه‌ کردبوو ‌ ته‌نانه‌ت هیچ تیژپه‌ڕێکی "پارێزەری دیسیپلینی حیزب"یش نه‌یده‌توانی له‌ دژی ده‌رکه‌وێ. بڵێی له‌به‌ر جێ پێ له‌ق نه‌بوونم ئاوام نووسیبێ؟ ده‌بێ وابێ ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر واش بێ نه‌ ئه‌وده‌می و نه‌ ئێستا لێی په‌شیمان نیم.
دواتر له‌ ساڵانی 2000 -2001 له‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی حه‌فتانه‌ی کوردی دا که‌ به‌ ستانداری کرمانجی سه‌روو و به‌ ئه‌لفوپێتکه‌ی لاتینی له‌ ئوڕووپا بڵاو ده‌بووه‌، چه‌ند شێعری هێمن و سه‌ره‌تای " تاریک و ڕوون" م هێنا سه‌ر خه‌تی لاتینی کوردی و بڵاوم کرده‌وه‌. هه‌ر ئه‌و ده‌می ده‌ستمکرد به‌ شیکردنه‌وه‌ی ووشه‌ و بێژه‌کانی ناو " له‌ کوێوه‌ بۆ کوێ" به‌ کوردیی کورمانجی و له‌ زنجیره‌ ووتارێک دا که‌ گه‌یشته‌ ژماره‌ی 100 له‌ ماڵپه‌ڕی ڕۆژەڤ دا به‌ ناوی " هێمن نامه‌" بڵاوم کرده‌وه‌. مه‌به‌ستم ناساندنی په‌خشان و وشه‌ و بێژه‌ی کوردیی نێوه‌ڕاست له‌ زمان هێمنه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ره‌وانی شێوەزاری کوردیی سه‌روو بوو. هیوا دارم هه‌لێک هه‌ڵبکه‌وێ ئه‌و زنجیره‌ ووتارانه‌ وه‌کوو نامیلکه‌یه‌ک بڵاو بکه‌مه‌وه‌.



به‌خۆشییه‌وه‌ له‌ نێو وه‌چەی دواتری نووسه‌ر و شاعیرانی کورد دا به‌تایبه‌تی له‌ کوردستانی ئێران،هێمن ناسی زۆر باش هه‌ڵکه‌وتوون. ئەمن خۆم هه‌ر باس و لێکدانه‌وه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ شێعر و پەخشانی هێمن به‌ بێ ئاگادار بوون له‌ بۆچوونه‌کانی" هێدی"،
"عه‌زیز ئاڵی" و " جه‌عفه‌ری شێخه‌لئیسلامی " به‌ ناته‌واو ده‌زانم.

حه‌سه‌نی قازی
یه‌کشه‌مو 13ی ژووییه‌ی 2008 ‌

تێبینی: وێنەی هێمن ئی ساڵی 1357ی هه‌تاوییه‌ و له‌ سابڵاغ هێدی (جه‌حفه‌ری حوسێنپوور) هه‌ڵیگرتووه‌. وێنەی گڵکۆی هێمن کاوەی محەحموودیان کێشیاویه‌ ، ئه‌و وێنانه‌ هه‌ر دووکیان لە ماڵی محەمەدەمینی شێخولئیسلامیی موکری،مامۆستا هێمن لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیس بووک وەرگێراون.ئەو دیوە سیروانی چەڵەبی بەڕێوەی دەبا.

http://www.facebook.com/pages/Hemini-Mukryani-Mamosta-u-Shairi-Kurd/106170919423990?ref=ts#!/group.php?gid=105160578195

Tuesday, October 19, 2010

بیره‌وه‌رییه‌ک‌ له‌ ئازا سه‌کری ) قادری لوتفیانی)


(بیره‌وه‌رییه‌ک‌ له‌ ئازا سه‌کری ) قادری لوتفیانی
"دوایین شێعر و دوایین ماڵئاوایی"
سیاوه‌شی گۆده‌رزی

ده‌فته‌رێکی "شێعر"م له‌ گه‌ڵ خۆم بردبووه‌ پێشمه‌رگایه‌تی. نازانم به‌ زمانی ئیمڕۆ ناوی چی لێبنێم، هه‌ستی گه‌نجێکی کورد بوو به‌رانبه‌ر به‌ خۆشه‌ویستی پێشمه‌رگه‌ له‌ نێوان ته‌مه‌نی 10 هه‌تا 15 ساڵی. ئه‌و قۆناغه‌ له‌ ته‌مه‌ن که‌ هه‌ست به‌ سه‌ر هه‌موو شتێکدا زاڵه‌ و ته‌نیا هه‌سته‌و هه‌ست. پێشمه‌رگه‌کان شێعره‌کانیان خۆش ده‌ویست، زۆر جار پێشمه‌رگه‌کان له‌م سه‌نگه‌ر بۆ ئه‌و ‌ سه‌نگه‌ر بانگیان ده‌کردم و بۆم ده‌خوێندنه‌وه‌. هه‌موو شێعره‌کان پێداهه‌ڵدانی شاخ و به‌نده‌ن و گیانبه‌ختکردووانی به‌تایبه‌تی "هێزی بێستوون"ی حیزبی دیمۆکرات بوون. به‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی له‌ "قانیع" شێعره‌کان هۆنرابوونه‌وه ‌و پڕبوون له‌ وشه‌ی کوردستان، خه‌بات، ڕق، تۆڵه‌، دوژمن، شه‌هید، کڵاشینکۆف، ئارپیچی، نه‌سره‌وتن، سه‌رکه‌وتن، کۆڵنه‌دان، چۆکپێدادان، نیشتمان، پێشمه‌رگه‌، هێرش، خوێن و سه‌دان وشه‌ی ئاگراوی له‌و چه‌شنه‌....

وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی تازه‌هاتووی 16 ساڵانه‌، ڕێگه‌م که‌وته‌ "زانکۆ"ی حیزب، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تازه‌هاتووه‌کان ده‌نێردرانه‌ ده‌وره‌ی فێربوونی چه‌ک‌ و ته‌قه‌مه‌نی و به‌کارهێنانی چه‌که‌ جۆراوجۆره‌کان. ناوچه‌ی کامیاران به‌ هۆی دوورهه‌ڵکه‌وتنی له‌ ناوه‌ندی حیزب، هه‌تا نوێپێشمه‌رگه‌کانی هێزی بێستوون به‌ڕێده‌کران بۆ ئه‌وێ لانیکه‌م له‌ چه‌ند شه‌ڕێکدا به‌شدارییان کردبوو و وه‌ک ده‌ڵێن ده‌ست و په‌نجه‌یه‌کیان له‌ گه‌ڵ دوژمندا نه‌رم کردبوو.

"زانکۆ" ناوێکی زل و له‌ قه‌را خۆ نه‌بوو، نازانم هه‌ر بۆیه‌ یان دواتر ئه‌و ناوه‌ گۆڕدرا و بوو به‌ "فێرگه‌". یه‌کێک له‌ مامۆستاکانمان مامۆستا ئازا، نه‌مر قادر لوتفیانی(ئازا سه‌کری) بوو. مامۆستای چه‌ک و چۆڵ نه‌بوو، هی شێعر و ئه‌ده‌بیش نه‌بوو، وانه‌ی سیاسی ده‌گوته‌وه‌. هه‌تا بڵێی ئه‌م مامۆستایه‌ خۆشه‌ویست و له‌ به‌ر دڵانی تازه‌ پێشمه‌رگه‌کان بوو. ساده‌ و ساکار و خۆماڵی بوو. جلێکی ساده ‌و ساکار و هاوکات شل و شه‌وێقی ده‌ به‌ر ده‌کرد. له‌ هه‌مووی سه‌رنجڕاکێشتر جۆری به‌ستنه‌وه‌ی جامه‌دانییه‌که‌ی بوو، پێم سه‌یر بوو بۆ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو پێشمه‌رگانه‌دا ته‌نیا ئه‌و وه‌ک باشوورییان جامه‌دانی له‌ سه‌ر ده‌نا. جگه‌ره‌کێشێکی عه‌جایب بوو، جگه‌ری به‌غدای به‌ جگه‌ره‌ هه‌ڵده‌کرد. هه‌میشه‌ کاغه‌ز و قه‌ڵه‌می له‌ گیرفاندا بوون و له‌م پێشمه‌رگه‌ و له‌و پێشمه‌رگه‌ی پرسیاری چیا و به‌نده‌ن و ناوی ناودار و قاره‌مانانی گیانبه‌ختکردووی "دیمۆکرات"ی هه‌رێمه‌ جیاجیاکانی کوردستانی ده‌کرد، دواتر به‌ چاپبوونی "کوردستانی خوێناوی" ده‌رکه‌وت‌ ئه‌و خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌ بۆ هۆنینه‌وه‌ی "کوردستانی خوێناوی" بووه‌.

ڕۆژێک له‌ گه‌رمه‌ی هه‌را و به‌زمی "زانکۆ"، زوو هه‌ستان، سنگه‌خشکه‌ چوون، ته‌قه‌ و ڕه‌قه‌ی چه‌که‌کان، سیله‌گرتن و گوللـه‌هاویشتن، فێربوونی نه‌زم و دیسیپلینی سه‌ربازی و فێربوونی کورته‌ مێژووی حیزبی دیمۆکرات، هاوڕێیه‌کم به‌ مامۆستا ئازای وت: مامۆستا ئه‌م سیاوه‌شه‌ شاعیره‌ و ده‌فته‌رێکی شێعری هه‌س. مامۆستا ئازا ده‌فته‌ره‌که‌ی لێوه‌رگرتم، چاوی به‌ ده‌فته‌ره‌که‌دا گێڕا، زوو زوو مژی له‌ جگه‌ره‌که‌ی ده‌دا و ده‌یوت هه‌ر بژی، زۆر زۆر جوانن. ده‌بێ ئه‌مه‌یان (پێشمه‌رگه) له‌ جێژنی 26ی سه‌رماوه‌ز، ڕۆژی پێشمه‌رگه‌دا بیخوێنییه‌وه‌. یه‌که‌م جار بوو جێژنی 26ی سه‌رماوه‌ز ده‌گیردرا، یه‌که‌م جار بوو له‌ مێژووی حیزبدا ڕۆژێک بۆ ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ دیاری کرابوو

بیست و شەشی سه‌رماوه‌زی 1984 هۆڵی "زانکۆ" له‌ گه‌ڵاڵه‌ (هه‌رێمی سنووری سلێمانی) جمه‌ی ده‌هات. هه‌موو چه‌شنه‌ پێشمه‌رگه‌ و چه‌کدارێکی تێدا بوو، پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی و باشووری، مجاهید و چریک و هی دیکه‌. وه‌ک دابی جێژنه‌کان به‌رپرس و میوانه‌کان له‌ پێشه‌وه‌ و ژن و منداڵ و پێشمه‌رگه‌کانیش له‌ پشته‌وه‌ دانیشتوون. مامۆستا ئازا پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه‌ بوو، دوای خوێندرانه‌وه‌ی چه‌ند په‌یامێک و وته‌ی به‌رپرسی "زانکۆ" مسته‌فای هیجری، پێشکه‌شکار ڕووی له‌ من کرد و وتی ئێستاش شاعیری لاو سیاوه‌ش گۆده‌رزی شێعرێکتان به‌ ناوی "پێشمه‌رگه‌" بۆ ده‌خوینێته‌وه‌. هه‌ستام به‌ خۆم و ده‌فته‌ره‌که‌م و به‌ دڵه‌خورپه‌ ڕووم له‌ سه‌کۆی خوێندنه‌وه‌ کرد، نازانم چۆنم خوێنده‌وه‌ به‌ هه‌رحاڵ به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان هاتمه‌وه‌ و دانیشتم.

چه‌ند ڕۆژێک دواتر، بانگیان کردم و وتیان بڕیار دراوه‌ که‌ تۆ بچی بۆ ده‌وره‌ی ده‌رمانی و برینپێچی و ئیتر پێویست ناکا لێره‌ بی و ده‌بێ بچی بۆ "کا‌رێزه"‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی "25ی گه‌لاوێژ".

له‌ مامۆستا ئازا و "زانکۆ" ماڵئاواییم کرد و ئیتر هه‌تا نزیک به‌ دوو ساڵی دیکه‌ نه‌مدیته‌وه‌. به‌ برینداری گه‌ڕابوومه‌وه‌ ناوه‌ندی حیزب، ڕۆژێک له‌ حه‌وشه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی 25ی گه‌لاوێژ له‌ ناکاو چاوم به‌ مامۆستا ئازا که‌وت. هه‌روه‌ک دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان جلوبه‌رگی له ‌به‌ر و هه‌مان جامه‌دانی له ‌سه‌ر و دیسان جگه‌ره‌ به‌ده‌مه‌وه‌. به ‌په‌له‌ چوومه‌ لای و به‌ گه‌رمی سڵاوم لێکرد و خه‌رێک بوو ئامبێزی بم و ئه‌ملا و ئه‌ولای ماچ بکه‌م، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێکی نه‌ناسراوی دیبێت، زۆر به‌ ساردی وه‌ریگرتم‌. به ‌دڵشکاوی لێی دوورکه‌وتمه‌وه‌ و له‌ بیری ئه‌وه‌دا ڕۆچووبووم که بۆ مامۆستا ئازا نه‌یناسیمه‌وه، ‌ هاوڕێیه‌کم که‌ له‌‌ نه‌خۆشخانه‌ کاری ده‌کرد وتی نه‌تزانیوه‌ مامۆستا ئازا نه‌خۆشه‌؟ ته‌واو تێکچووه،‌ ئه‌وه‌ تازه‌ له‌ لای دوکتور له‌ سلێمانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و وادیاره‌ تووشی نه‌خۆشی له‌ بیرچوونه‌وه‌ بووه ‌و که‌س ناناسێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ دوایین دیداری من و مامۆستا ئازا بوو، نه‌ک دوایین دیداری مامۆستا ئازا به‌ڵکوو دوایین ماڵئاوایش بوو له‌و‌ جۆره‌ شێعرانه ‌و ماوه‌یه‌کی به ‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕی که‌ ده‌فته‌رکه‌م سووتاند. به‌ڵام ئێستا و ئێستاشه‌ قادر لوتفیانی(مامۆستا ئازا)، چیرۆکی "بامیه‌ی شیله‌دار" و "کوردستانی خوێناوی"م له‌ بیر نه‌چوونەوە و وه‌ک یادگارێکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ئازا سه‌کری نوسخه‌یه‌کی "کوردستانی خوێناوی"م وه‌ک ئه‌مانه‌ت لای خۆم پاراستووه‌.
یادی ئازا سه‌کری به‌خێر‌!



* وێنەی نەمر قادری لوتفیانی بە سپاسەوە لە ماڵی کاک هێدی لە فەیس بووک خوازراوەتەوە

Monday, October 18, 2010

کۆبوونەوەیەکی شاندی پارتیی ئاشتی و دێمۆکراسی لە شاری تۆرانتۆی کانادا



ئێواری ڕۆژی پێنجشەمۆ ١٤ی ئۆکتۆبر نێوەندی کۆمەڵگەی کوردی لە شاری تۆرانتۆ- کانادا بە بۆنەی سەردانی شاندێکی پارتیی بەدەپە لەم ووڵاتە کۆبوونەوەیەکی بە ناوی " حەولدان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە تورکییە" لە هۆڵی یەکێتی جیهانی کڕێکاران ڕێک خست. لەو کۆبوونەوەیە دا یای ئامینە ئاینا نوێنەری پارتیی دەتەپە لە پارلمانی تورکییە، نوێنەری بەدەپە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ڕێز نەزمی گوڕ ، پرۆفێسۆر ئەمیری حەسەنپوور لە زانکۆی تۆرانتۆ، جیم کاراجیانی ئەندامی پارتیی لیبێراڵ لە پارلمانی فێذێرالی کانادا ووتاربێژی سەرەکی بوون.




پڕۆفێسۆر حەسەنپوور لە قسەکانی دا لە گەڵ شتی دیکە گوتی:
" به‌خێرهاتنی میوانه‌کان ده‌که‌م که‌ له‌ تورکییه‌ و ئه‌مریکاوه‌ هاتوون. بوونی وان لێره‌ زۆر یارمه‌تی ده‌دا که‌ هاووڵاتییان و سیاسه‌ت به‌ ده‌ستانی کانادایی له‌گه‌ڵ کوردی تورکییه‌ دیالۆگیان هه‌بێ و زانیاری په‌یدا بکه‌ن سه‌باره‌ت به‌ باری سیاسی تورکییه‌ و کێشه‌ی کورد. که‌ باسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کانادا و کێشه‌ی کورد ده‌که‌ین یان کێشه‌ی گه‌لانی ژێرده‌ستی دی وه‌ک هه‌رمه‌نی و ئاشۆری که‌ ده‌یانه‌وێ باری سه‌ختی ژیانی خۆیان بگۆڕن، ئه‌وانه‌ی که‌ وه‌ک ئێمه‌ له‌ مێژه‌ تێکۆشاوین له‌ دژی زولم و زۆر ته‌جروبه‌ی ناخۆشمان هه‌بووه‌. ده‌وڵه‌تی وه‌ک کانادا ده‌ربه‌ستی چاره‌نووسی گه‌لانی بێ ده‌وڵه‌ت نین. مافی گه‌لانی ژێرده‌ست، دابین کردنی چاره‌نووسیان، له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا بایه‌خی پێنادرێ. ته‌نانه‌ت کاتێکی گه‌لێک ده‌وڵه‌تیشی هه‌بێ وه‌ک ئێستا که‌ کۆماری هه‌رمه‌نستان هه‌یه‌، هێشتا ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ئاماده‌ نییه‌ ژێنۆسیدی گه‌لی هه‌رمه‌نی له‌ تورکییه‌ی عوسمانی به‌ ره‌سمییه‌ت بناسێ.
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کانادا له‌ سه‌ر بنچینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری دابین ده‌کرێ که‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ له‌ هه‌مان کاتدا سیاسی و عه‌سکه‌رییه‌. ئه‌وه‌ به‌و مه‌عنایه‌ نییه‌ که‌ هاووڵاتیی کانادایی، کورد و غه‌یری کورد، نابێ خه‌بات بکه‌ن بۆ گۆڕینی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شی ئیجرایی* ده‌وڵه‌ت، واته‌ کابینه‌، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌گێڕی و رێگه‌نادا پارلمانیش ده‌ورێکی جیدی بگێڕێ، دیسان هاووڵاتی ده‌بێ چالاکی خۆی بکا بۆیه‌ ئه‌و وه‌زعه‌ بگۆڕێ. ئێسته‌ کانادا زۆر چالاکه‌ له‌ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و له‌ شه‌ری ئه‌فغانستان دا به‌شداریده‌کا و له‌ عێراق کاری به‌‌ سه‌نعه‌تی نه‌فته‌ و له‌ کاروباری عه‌سکه‌ریش دا ده‌ور ده‌گێڕێ‌. کوردستانی عیراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی نیوه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ هێندێک کاروباردا (وه‌کوو نه‌فت) ده‌ستی ده‌ڕوا که‌ پێوه‌ندیی به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کوردی کانادایی زۆر نین ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ ده‌توانن چه‌ند کارێکی سه‌ره‌تایی بکه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌دا. چالاکی هه‌ره‌ که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شداری بکه‌ن، به‌ ده‌نگدان، له‌ وه‌ی که‌ حکوومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیر هارپر دیسان هه‌لنه‌بژێردرێته‌وه‌. سه‌رباقی ئه‌وه‌ی که‌ کانادا هه‌موو کاتێ پشتیوانی تورکییه‌ی کردووه‌، کوردی تورکییه‌ به‌ خه‌باتی خۆیان باروودۆخی سیاسی ئه‌و وڵاته‌یان گۆڕیوه‌. له‌ تورکییه‌ رێفۆرمی سیاسی و قانوونی کراوه‌ به‌ڵام هێشتا، له‌ ژێر چاوه‌دێری یه‌کێتی ئورووپا، به‌ رێفۆرمی قانوونی مافه‌ سه‌ره‌تاییکان وه‌ک خوێندن به‌ زمانی کوردی پێشێل ده‌کا. سیاسه‌تی کانادا کۆپی سیاسه‌تی ئه‌مریکایه‌، له‌ رابردوو دا له‌ حکوومه‌تی سه‌رۆک وه‌زیر پیێر تروودۆ دا، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کانادا له‌ ئه‌مریکا بڕێک لایدا به‌ڵام ئێسته‌ وانییه‌. ئێسته‌ حکوومه‌تی هارپر به‌ بێ شه‌رت و مه‌رج پشتیوانی له‌ ئیسرائیل و ریژیمه‌ ئه‌پارتایده‌که‌ی ده‌کا. له‌و بارودۆخه‌دا، هاووڵاتیی کانادایی، کورد و غه‌یری کورد، له‌ سه‌رێتی تێبکۆشی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بگۆڕێ؛ به‌ فیربوونی زۆرتر سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌، به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاریی و وشیاریی سه‌باره‌ت به‌و سیاسه‌ته‌، به‌ هاوکاریکردن و پشتگیری کردن له‌ خه‌باتی خه‌ڵکی دی، و به‌شداریکردن له‌ خه‌باتی سیاسی... ‌
ئامینە ئاینا دوایین قسەکەری کۆبوونەوەکە بوو و لە ووتارەکەی دا لە گەڵ شتی دیکە دا ڕایگەیاند:
کێشەی کورد لە تورکییە هەر پرسێکی کولتووری و مافی مرۆیی نییە، بەڵکوو پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی یە و پڕۆژەی خۆسەری دێمۆکراتیی بەدەپە ووڵامێکە بۆ ئەو کێشەیە کە نێوەرەۆکەکەی جگە لە پرسی کولتووری و مافی مرۆ شتی دیکەش وەبەر دەگرێ. ئاینا قسە کانی سەرۆکوەزیری تورکییە ئەردۆغانی وەدواداوە کە شاپە و گاپەی ئەوە دەکا زۆری کار کردووە بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد و گوتی بە پێچەوانەی ئەو قسانە هێشتا نکووڵی کردن لە مافی کوردان و سیاسەتی تواندنەوەی کوردان بەردەوامە . ئاینا جەختی کردەوە یەکێتی کوردان لە ئاستی جیهانی دا بۆ لە سەر کردنەوەی داوخوازییەکانیان زۆر گرینگە. بە دوای قسەکانی ئاینا و پرسیاری ئامادەبوان و ووڵامدانەوەی ئەندامانی پانێل کۆبوونەوەکە دوایی هات.شایانی باسە لەو کۆبوونەوەیە دا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی کانادا و دۆستانی کانادایی کوردان بەشدار بوون.



وێنه‌ و هه‌واڵ : سەرداری سەعدی

Friday, October 15, 2010

ڕاپۆرتی ئاڵفرێد بێورگر سکرێتێر و خەزێنەداری کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات




ڕاپۆرتی ئاڵفرێد بێورگر سکرێتێر و خەزێنەداری کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات

وەرگێڕان و شرۆڤە: حەسەنی قازی


ڕاپۆرتی سکرێتێر و خه‌زێنه‌داری ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ، کۆلۆمبوس، ئۆهایۆ
بۆ‌ کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری له‌ 6- 7 ی دێسامبری 1932 دا
به‌ ئاماده‌ بوونی : جه‌نابی ئیچ. ماکێنسن سه‌رۆک، سکرێتێری کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری جه‌نابی ئالفرێد. ک. بێورگر و دوکتور. ڕ. ئی. گۆڵاده‌ی


پێگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات

١. ئێمە چه‌ندین نامه‌مان له‌ جێگری کۆنسوولی ئه‌مریکا له‌ تاران به‌دست گه‌یشتووه‌. ئه‌و نامانه‌ و وڵامه‌کانیان له‌ به‌ر ده‌ستتان دایه‌.ئامۆژگاری ده‌که‌ین وڵامه‌کان و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌بێ له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌ڵبگیرێن په‌سند بکرێن

٢.له‌ به‌رواری 12ی نۆڤامبری 1932، نامه‌یه‌کی ئاغای مان مان به‌ ده‌ست گه‌یشت،که‌ له‌ لایه‌ن خانمی باشیمۆنه‌وه‌ نووسیویه‌، داوا ده‌کا ئێمه‌ ڕێگا بده‌ین به‌ دانه‌وه‌ی گۆڕی باشیمۆن و ته‌سلیم کردنی به‌ دوکتور شاڵک. خانمی باشیمۆن له‌ داواکه‌ی دا ده‌ڵێ:" ئه‌و پێی خۆشه‌‌ پاشماوه‌ی ئیسک و پرووسکی باشیمۆن له‌و مڵکه‌ بنێژرێ که‌ ئی میسیۆنه‌ له‌سابڵاغێ و به‌ گردبڕی له‌ گه‌ڵ دوکتور شاڵک ڕێک که‌وتووه‌ که‌ ئه‌و ناشتنه‌وه‌یه‌ جێ به‌ جێ بکا.دراوی ئه‌و زه‌وییه‌ی لێی ده‌نێژرێ و خه‌رجی بردنه‌وه‌ی له‌ ته‌ورێزێ ڕا هه‌مووی ئه‌ڵمان [ میسیۆنی ئه‌ڵمانی] وه‌ئه‌ستۆی ده‌گرێ. " خانمی باشیمۆن به‌ هیچجۆر نایه‌وێ ناره‌حه‌تییه‌ک بۆ میسیۆن ساز بکا به‌ڵام هه‌ست ده‌کا‌ ده‌بێ داوخوازییه‌که‌ی جێ به‌ جێ بکرێ
ئێمه‌ ئاوامان وڵام داوه‌ته‌وه‌: " کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات هیچ دژایه‌تییه‌کی له‌ گه‌ڵ داوخوازییه‌که‌تان نییه‌، ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و شه‌رت و مه‌رجانه‌ی له‌ نامه‌که‌تاندا باستان لێوه‌ کردووه‌ ڕه‌چاو بکرێن." " ئێمه‌ کۆپییه‌ک له‌ نامه‌که‌تان ده‌نێرین بۆ میسیۆنێره‌کانمان و بۆ ئه‌نجومه‌نی گۆڕستانی پڕۆتێستان له‌ ته‌ورێزێ
" میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات و میسیۆنێره‌کانی ئیدی چبڕ له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ به‌رپرسیاره‌تییه‌ک ناخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان." ئێمه‌ نامه‌مان نارد بۆ ئه‌نجومه‌نی میسیۆن [ له‌ ساباغێ] و بۆ چارلز.یێ.لام ، سێکرێتێری ئه‌نجومه‌نی گۆڕستانی پڕۆتێستان له‌ ته‌ورێزێ. ئامۆژگاری کۆبوونه‌وه‌ ده‌که‌ین ئه‌م هه‌نگاوه‌ په‌سند بکا

٣. وا وێده‌چێ هه‌ر دووک له‌ مێسیۆنێره‌کانمان [ مه‌به‌ست ئا. هێنری مولێر و ئاگوستا گودهارت ه‌ ح.ق.] بڕیاریان داوه‌‌ مڵکی برایم عه‌جه‌م که‌ به‌ته‌نیشت پارچه‌ زه‌وییه‌کانی فاسومه‌وه‌یه‌ ڕابگرن. ئێمه‌ هێشتا هیچ وڵاممان نه‌داونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ نامه‌که‌ماندا بۆ کۆنسوولخانه‌ [ی ئه‌مریکا] باسی ئه‌و مڵکه‌مان نه‌کردووه‌ وه‌ک داوخوازێک به‌ دژی وی. چونکه‌ تا ئێستا داوای ئه‌و شوێنه له‌وی ده‌که‌ینه‌وە
ئامۆژگاری ده‌که‌م جارێ له‌ کرده‌وه‌ی دیکه‌ ده‌ست ڕابگرین و چاوه‌ڕوانی قسه‌ی میسیۆنێره‌کانمان بین

٤.چەندین نامه‌مان به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌ تێیاندا باسی ئه‌وه‌ ده‌کرێ خانمی مولێر وه‌زعی له‌شساخی باش نییه‌. دوکتور لام له‌ نامه‌که‌ی دا له‌و باره‌یه‌وه‌ زانیاری باشمان ده‌داتێ و ده‌ڵێ کاتی مانه‌وه‌ی خانمی مولێر له‌ ئێران ڕه‌نگه‌ کورت بکرێته‌وه‌. ئه‌من له‌ ووڵامی خۆمدا بۆ وی بۆم باس کرد بۆ چی ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌که‌ی هێندێک دوو دڵین.پێشنیازم کرد ئه‌وان کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن ‌ خانمی مولێر له‌ ته‌ورێز یان ورمێ ئاگاداری لێ بکرێ
ئامۆژگاری ده‌که‌م ئه‌م ووڵامه‌ ئاوا بدرێته‌وه‌ ( نامه‌کان له‌ به‌ر ده‌ستتاندایه‌). هه‌ر وه‌ها ئامۆژگاری من ئه‌وه‌یه‌ ‌ئێمه‌ وه‌کوو ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سپاس و خۆشه‌ویستی خۆمان ده‌رببڕین بۆدوکتور لام بۆ ئه‌و سه‌رنجه‌ مێهره‌وانانه‌یه‌ی که له‌ ئاست ئێمه‌ و میسیۆنێره‌کانمان نیشانی داوه‌

................................... .٥

٦.جەنابی مولێر ڕاده‌گه‌یێنێ‌ گشت مه‌دره‌سه‌ بێگانه‌کان تا پۆلی حه‌وته‌م، ده‌بێ به‌ پێی نه‌زم و نیزامی حکوومه‌تی ئێران به‌ڕێوه‌بچن. ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م زستانه‌ شاگرده‌ کوڕه‌کانمان بێ مه‌دره‌سه‌ بن
ئامۆژگاری من ئه‌وه‌یه‌ داوا له‌ جه‌نابی مولێر بکه‌ین باشترین ڕێگا ببینێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ خوێندن نه‌بن و زیاتر بخوێنن

٧.ئاغای مولێر خه‌رجی حاواندنه‌وه‌ی کوڕه‌کانی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ و مانگانه‌ داوای 3.50 قڕان بۆ هه‌ر کامێک له‌وان ده‌کا. ئامۆژگاری ده‌که‌ین ئه‌و دراوه‌ی بدرێتێ

٨.جه‌نابی مولێر له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی دا ده‌ڵێ ‌ 5 مه‌لا به‌ گردبڕی عیسایان قه‌بووڵ کردووه‌‌.ئه‌و له‌ گوزارشته‌که‌ی زیاد ده‌کا و ده‌ڵێ، یه‌كێک له‌وان‌ ناچار بووه‌ ماوه‌یه‌ک هه‌ڵێ و خۆی بشارێته‌وه‌،ئێستا ئه‌و پیاوه‌ گه‌نجه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ دادگای ئێرانی دا بووه‌ به‌ قازی.ئێمه‌ ئه‌م به‌شه‌ وه‌ک زانیاری پێشکێشی کۆبوونه‌وه‌ ده‌که‌ین
ئه‌م زانیارییه‌ی خواره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ مڵکی مێسیۆن تازه‌ له‌ لایه‌ن جه‌نابی هێنری.ئا. مولێره‌وه‌ به‌ ده‌ستمان گه‌یشتووه‌

سابڵاغ، ئێران، 5ی نۆڤامبری 1932

ئاگاداری سه‌باره‌ت به‌ مڵکی میسیۆن

مڵکی ڕه‌حیم خان: نه‌خشه‌ییم له‌ گه‌ڵ نامه‌که‌ی پێشوو دا ناردبوو.وه‌ک پێشتر ڕامگه‌یاند بوو ئێمه‌ به‌ ته‌واوی دڵنیا نه‌بووین‌ چه‌نده‌ له‌و مڵکه‌ ئی میسیۆنه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ قه‌باڵه‌یه‌کمان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو. له‌ قه‌باڵه‌که‌ دا هاتووه‌ که‌ مڵکه‌که‌ تا خانووبه‌ره‌ی ڕه‌حیم خان درێژ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام کاتێک ئێمه‌ دیوارمان به‌ ده‌وری خانووه‌که‌ماندا کێشا وامان پێ باش بوو داوخوازی وی به‌ جێ بهێنین و ڕێپێڵگه‌یه‌کی بۆ بهێڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌که‌ی ویش بگاته‌ خیابانێ. ئه‌وه‌ ئه‌و موڵکه‌یه‌ که‌ شه‌وکه‌ت خانم خه‌سووی نایب سەمەد داوای ده‌کا. ڕه‌حیم خان قسه‌که‌ی به‌رپه‌رچ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ ئه‌و قه‌ت ئه‌و مڵکه‌ی نه‌فرۆشتووه‌



ئه‌و مڵکه‌ به‌ دوو ڕیزه‌ خشتی گڵی له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ دیواری به‌ ده‌ور دا ڕایه‌ڵ کراوه‌، ڕه‌نگه‌ نرخی فرۆشتنی به‌ 150 تا 250 تمه‌ن ته‌واو بێ. ئه‌و مڵکه‌ به‌ دیوارێکی ڕاست له‌ مڵکی میسیۆنی ئێمه‌ جوێ ده‌بێته‌وه‌ که‌ ده‌گاته‌وه‌ سه‌ر خیابان، ئه‌و خانووبه‌ره‌یه‌ ئێستا چۆله‌.هیچ دژوارییه‌کمان نایه‌ته‌ سه‌ر ڕێ بۆ ڕاگرتنی کاتێک که‌ سه‌بت کردنی ڕه‌سمی گشت مڵک و خانوو ده‌کرێ ئه‌وده‌می سه‌مه‌د ده‌توانێ داوای بکا مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین بیسه‌لمێنین که‌ تێیدا ده‌ژین و به‌کاری ده‌هێنین

مڵکی وه‌ستا عه‌لی حه‌مامچی: ئه‌و مڵکه‌ له‌ لایه‌ن شاڵکه‌وه‌ له‌سه‌ر نێوی وه‌ستا حوسێنقوڵی [ حوسێنه‌ که‌ڵه‌] کڕدراوه‌. قه‌باڵه‌ی ئه‌و مڵکه‌ له‌ لایه‌ن وه‌ستا حوسینقوڵییه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی قازی محه‌مه‌د ڕاگوێزراوه‌ بۆ میسیۆن،له‌ حه‌وتووی دوایی مانگی ئۆکتۆبر دا، هه‌موو دراوسێیه‌کان به‌ ئیمزای خۆیان شاهیدییان داوه‌ بۆ ئه‌و ڕاگوێستنه‌. بۆ ئه‌و قه‌باڵه‌یه‌ هیچ دراوێک نه‌درا به‌ حوسێنقوڵی و بۆ نووسینی قه‌باڵه‌که‌ش هیچ خه‌رجییه‌ک نه‌درا به‌ قازی محه‌مه‌د. ئه‌وه‌ ئه‌و مڵکه‌یه‌ به‌ گوێڕه‌ی ئه‌و دیاگڕامه‌ی ئه‌من بۆ خانووبه‌ره‌کانی میسیۆنم کێشاوه‌ته‌وه‌ ده‌بێ به‌ ژماره‌ی 22، 24 و 25 و شوێنه‌ کراوه‌کانی نێوانیان



مڵکی میرزا مسته‌فای لبادی: ئه‌و موڵکه‌ بە نێوی ئه‌ڵڵا وێردی کڕدراوە و، ئه‌ڵلا وێردی له‌ دوایین حه‌وتووی مانگی ئۆکتۆبری 1932 دا به‌ ئاماده‌ بوونی محه‌مه‌دی قازی ڕای گوێسته‌ سه‌ر نێوی میسیۆن. بۆ ئه‌و ڕاگوێستنه‌ هیچ دراوێک نه‌درا به‌ ئه‌ڵاوێردی یان قازی. ئه‌و ڕاگۆێستنه‌ی مڵکه‌ له‌ لایه‌ن 6 که‌س یان زیاتر له‌ دراوسێیه‌کانه‌وه‌ ئیمزا کرا.ئه‌وه‌ مڵکی ژماره‌ 23 یه‌ به‌ پێی دیاگرامه‌که‌



مڵکی عه‌لی قه‌سساب و برایه‌که‌ی مام وسووی قه‌سساب: ئه‌و مڵکه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی ئیداره‌ی دوکتور شاڵک دا بۆ میسیۆن کڕدراوه‌. به‌ پێی ئامۆژگاری قازی [ محه‌مه‌د]، قازی محه‌مه‌د به‌ ده‌ستی خۆی قه‌باڵه‌که‌ی نووسی و میرزا ڕه‌شیدیشی بانگ کرد بۆ شاهیدی دان که‌ قه‌باڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌که‌ی نووسیوه‌. ئێستا له‌و قه‌باڵه‌یه‌ دا به‌ڕوونی هاتووه‌ ‌ ئه‌و مڵکه‌ ئی میسیۆنی ئه‌مریکایی یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ به‌ر ده‌م قانوونیش [دادگاش] دا شاڵک ناتوانێ هیچ ئیدیعایه‌ک بکا، بۆ ئه‌و کاره‌ 30 ڕیاڵ درا به‌ میرزا ڕه‌شید.بۆ ئه‌و قه‌باڵه‌یه‌ هیچ ئیمزای دیکه‌ پێویست نه‌بوو. ئه‌وه‌ ئه‌و مڵکه‌یه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی باشووری ته‌ویله‌ی میسیۆن.ئه‌و قه‌باڵه‌یه‌ له‌ 5ی نۆڤامبری ساڵی 1932 دا ساغ کرایه‌وه‌

ئێمزا : هێنری. ئا. مولێر
میسیۆنی ئه‌مریکایی، سابڵاغ، ئێران

١٠.جەنابی مولێر ڕاپۆرتێکی ناردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنی خانوویه‌کی پچووک که‌ .... قڕانی تێچووه‌ له‌ سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌کانی فاسوم وه‌ک خانوویه‌ک بۆ یه‌کێک له‌ خزمه‌تکاره‌کانی. ئه‌و له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی دا ده‌ڵێ: " ئه‌وه‌م به‌ مووچه‌ی خۆم دروست کردووه‌ و هه‌ر کاتێک میسیۆن بییه‌وێ ده‌کرێ بڕووخێندرێ ئه‌گه‌ر پێویست بێ مڵکه‌که‌ بۆ کاری دیکه‌ به‌ کار بهێندرێ." ئامۆژگاریم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و کاره‌ په‌سند بکرێ

١١.جەنابی مولێر ده‌ڵێ چووه‌ بۆ سه‌ردانێکی باشووری ده‌ریاچه‌ی ورمێ و به‌ ته‌مایه‌ ماوه‌یه‌کی زیاتر به‌وێ دا بگه‌ڕێ. ئامۆژگاریم ئه‌وه‌یه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ ته‌شویق بکرێ

١٢.جه‌نابی مولێر له‌ ڕاپۆرتێکدا باس ده‌کا ‌ یای گودهارت بۆ پشوو دان چووه‌ بۆتارانێ.گودهارت خۆشی پێی ڕاگه‌یاندووین له‌و سه‌فه‌ره‌ دا پێوه‌یه‌ چاوی تاقی بکاته‌وه‌ و ته‌داوییان بکا. ئه‌من وڵامم داوه‌ته‌وه‌‌ ئێمه‌ ناتوانین خه‌رجی سه‌فه‌ره‌که‌ی بده‌ین به‌ڵام پێمان خۆشه‌ خه‌رجی نه‌خۆشخانه‌ بده‌ین به‌ هه‌ر میسیۆنێرێک بێتوو نامه‌یه‌کمان بە ئیمزای ئەو دوکتورەی بۆ تەداوی چووەتە لای بۆ بنێرێ
.................


ئەو سەنەدە لە ئارشێڤی کۆمەڵەی لوتیری میسیۆنی ڕۆژهەڵات وەرگیراوە و سەرنووسی باسەکە ئی وەرگێڕە

Friday, October 8, 2010

دەستچنێکی نامەکانی هێنری مولێر لە سابڵاغەوە 8


دەستچنێکی نامەکانی هێنری مولێر لە سابڵاغەوە 8

بەشێک لە پرسیارە بە ووردە ڕێشاڵەکانی دەستەی بەڕێوەبەری له‌ جه‌نابی هێنری ئا. مولێر و وڵامه‌کانی

وه‌رگێڕان و شرۆڤه‌: حه‌سه‌نی قازی

[ به‌رواری نووسینی ئه‌و نامه‌یه‌ به‌ پێی ئه‌و به‌شانه‌ی جه‌نابی ئاڵفرێد‌ بێورگر له‌ " لوتێران ئۆریانت میشن " دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌ ده‌بێ مه‌ی 1932 بێ ح. ق.]


ئه‌لف: ده‌کرێ به‌ ووردی باسی تێکۆشانه‌کانی خۆتمان بۆ فیر بوونی زمان بۆ بکه‌ی. ڕۆژێ چه‌ند سه‌عات له‌ کاتی خۆت ته‌رخان ده‌که‌ی بۆ خوێندنی زمان؟


هێنری ئا. مولێر: بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ووردی و به‌ ته‌واوی باسی ئه‌وه‌ بکه‌م ده‌بێ ئه‌و شتانه‌ دووپاته‌ بکه‌مه‌وه‌ که له‌ نامه‌کانی پێشووم دا باسم کردبوون. ئه‌من زۆر به‌ ووشیارانه‌ خۆم ناچار کردووه‌ هه‌رکاتێک و له‌ هه‌ر شوێنێک بگونجێ به‌ فێر بوونی زمانه‌وه‌ خه‌ریک بم. به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵنه‌سووراوه‌ ئه‌و جۆره‌ی پێم خۆشه‌ له‌و کاره‌ دا شێلگیر بم. ته‌نێ هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کاره‌کانی دیکه‌م به‌لاوه‌ بنێم وبمه‌وێ به‌ زمانه‌وه‌ خه‌رێک بم ڕێگه‌ خۆش ناکا. نه‌ هیچ کوردێک و، نه‌ هیچ که‌سی دیکه‌ که‌ گوێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی کوردی من بگرێ، یان گوێی لێ بێ که‌ به‌ کوردی قسه‌ ده‌که‌م ده‌توانێ بڵێ له‌و کاره‌ دا سه‌رنه‌که‌وتووم. و به‌ تایبه‌تی مامۆستاکه‌م ، میرزا محه‌مه‌دی قازی ئه‌وه‌ ناڵێ و هه‌ر ئه‌و بۆ خۆی ده‌زانێ که‌ چه‌ندی ده‌رس پێ گوتووم. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌من هێشتا پێویستیم به‌ دیلمانج هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانی ته‌واو پێویست بێ،یان له‌ قسه‌ کردن له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستان دا و هتد. و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گشت کاتی خۆم بۆ فێر بوونی زمانی کوردی ته‌رخان کردووه‌، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی ڕه‌سمی له‌ قسه‌ کردن به‌ زمانی کوردان بێزارن و سڵی لێ ده‌که‌نه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌تۆش بزانی وه‌ک منیش دهز‌انم که‌سی وا هه‌یه‌ ‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ پێنج ساڵ لێره‌ بوون جاری وایه‌ هێشتا دیلمانج به‌کار ده‌هێنن. ئه‌من سه‌باره‌ت به‌ زمانان جادووگه‌رێک نیم . له‌وانه‌یه‌ به‌ سستی پێشکه‌وم به‌ڵام هه‌ر فێری ده‌بم.

له‌ پاییزی ڕابردووه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی مامنێونجی ڕۆژێ سێ سه‌عات خه‌ریکی فێربوونی زمان بووم.ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ ورمێ بووم له‌ پێگه‌ی میسیۆنی ورمێ مامۆستایه‌کی زمانم ڕاگرت و ڕۆژێ چه‌ندین سه‌عات ده‌رسی خسووسی پێ ده‌گوتم.زۆرم پێ سه‌یر بوو که‌ بۆم ده‌رکه‌وت تورکی زۆر له‌ کوردی هاسانتره‌ و ئه‌من هیچ دوو دڵ نیم له‌وه‌ی بڵێم که‌ هه‌موو که‌س ده‌توانێ دوای شه‌ش مانگ خوێندنی تورکی به‌و زمانه‌ وه‌عز بکا. له‌وێ میرزا ئه‌حمه‌د قسه‌یه‌کی زۆر باشی له‌ سه‌ر من کرد بۆ دۆستانمان له‌ ورمێ سه‌باره‌ت به‌ فێر بوونی زمان له‌ لایه‌ن منه‌وه‌که‌ دوایه‌ بۆی گێڕامه‌وه. ئه‌من ئه‌وه‌ به‌ خۆم ناڵێم به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ ده‌یڵێم تۆی لێ ئاگادار بی.


ب. مامۆستای ئێستای زمانت کێیه‌؟


هێنری ئا. مولێر: کوردێکه‌ نێوی میرزا ڕه‌حمانه [ مه‌به‌ست له‌ عه‌بدولڕه‌حمانی گیوی موکریانییه که‌ له‌ ڕاپۆرتی دیکه‌ دا مولێر زیاتری باس کردووه‌. ح.ق] ‌ ، هه‌موو ڕۆژێ دێ و سه‌عاتێکم ده‌رس پێ ده‌ڵێ. له‌و ماوه‌یه‌ دا ئێمه‌ به‌یه‌که‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ین و هه‌رکامێکمان حه‌ول ‌ده‌ده‌ین زمانی ئه‌ویدیکه‌ فێر بین.ئه‌وه‌ لەوەتا دەستم کردووە بە فێر بوونی زمان تا ئێستا باشترین شێوه‌ بووه‌، ئه‌من ناتوانم میرزایه‌ک په‌یدا بکه‌م که‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئینگلیسی فێرکه‌م یان دراوی بده‌مێ ده‌رسم پێ بڵێ. محه‌مه‌دی قازی ده‌یه‌وێ دوای ڕه‌مه‌زان له‌ سه‌ر خوێندنی ئینگلیسی له‌ لای من به‌رده‌وام بێ. دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵ وی زۆر به‌نرخه‌ به‌ڵام وه‌ک مامۆستایه‌کی زمانی کوردی سسته‌، ته‌نانه‌ت خه‌مساردیشه‌. جار جار ئه‌من وا بیر ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌و پێی وایه‌ هه‌تا ئه‌من کوردی که‌متر بزانم باشتره‌ بۆ دینه‌که‌یان.



س. چ جۆره‌ ناسیاوی و دۆستایه‌تییه‌کت له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک په‌یدا کردووه‌؟

هێنری ئا، مولێر: زۆر خه‌ڵک هه‌ن که‌ئه‌من سه‌رم لێداون و له‌ گه‌ڵیان ناسیاوییم په‌یدا کردووه‌. هه‌ر حه‌وتوویه‌ک له‌ ژماره‌یان زیاد ده‌کا. ئه‌من چه‌ندین کۆڕی پچووکی دۆستانم پێکه‌وه‌ ناوه‌ و له‌و بڕوایه‌ دام پێوه‌ندی هێندێکیان هه‌ر له‌ به‌ر دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵ من و چایی خواردنه‌وه‌ بە یەکەوە نییە، به‌ڵکوو هه‌ودای دۆستایه‌تییه‌که‌یان له‌وه‌ گرژتره‌. له‌ سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆجێی یه‌‌ که‌ ئه‌من بنه‌مای هیوای خۆم هه‌ڵناوه‌ باشترین شێوه‌ ببینمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ڕووناکایی ئینجیلیان له‌ دڵی بگه‌ڕێ. به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی لاو به‌ بێ ڕێزپه‌ڕ – له‌ یه‌که‌میانه‌وه‌ هه‌تا دواییان – به‌ گومانه‌وه‌ له‌ دین و کرده‌وه‌ی بابه‌کانیان ده‌ڕوانن. دیاره‌ هه‌ستی دینی به‌هیچجۆر تێیاندا نه‌مردووه‌ به‌ڵام پرسیاریان له‌ مێشکی دا ساز بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ داب و نەریتیان که‌ ئه‌وه‌ش له‌ نێو لاواندا له‌ هه‌موو شوێنێک ‌هه‌ر وایه‌. بیری نوێ له‌جیات بیری لایەنی جه‌زمی ئیسلام ته‌نانه‌ت ڕێی ده‌ر کردووه‌ بۆ ناو کۆروکۆمه‌ڵی بنه‌ماڵه‌ هه‌ره‌ ده‌مارگرژه‌کانیش. هێندێک له‌وان له‌ مێژه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵی پڕ بوون و تا بۆقه‌ته‌ ملیان هاتووه و، کاتێک بیانه‌وێ به‌ ئاشکرایی نه‌زمی کۆنی شته‌کان تووڕ هه‌ڵده‌ن، ئه‌وه‌ به‌ مانای ڕاکردن و خۆ ده‌رباز کردنه‌. ساڵ و زه‌مان خه‌ریکه‌ ده‌گۆڕێ. زۆر له‌ خه‌ڵک ناسیۆنالیزمیان کردووه‌ته‌ بیانوویه‌ک بۆ به‌لاوه‌ نانی داب و شوێنه‌ دینییه‌کان له‌ کاتێکدا هێندێکی دیکه‌ ڕه‌پوڕوو ده‌ڵێن خۆیان له‌ نیری ڕێبه‌رانی دینی ڕزگار کردووه‌ و به‌ ئاشکرایی لایه‌نگری و پشتیوانی له‌ ئازادیی دینی ده‌که‌ن.
ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی دانیشم و ئه‌م لاپه‌ڕانه‌ بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری و هه‌ر وه‌ها بۆ دۆستانم بنووسم،له‌ دڵه‌وه‌ زۆر ده‌پاڕامەوه‌ ‌بڵێی‌ بۆ ساڵی تازه‌ شادی ئه‌وه‌م هه‌بێ که‌سێک به‌جیدی پرسیارم لێبکا و ئه‌گه‌ر بکرێ یه‌که‌م میوه‌ی کاره‌کانمان پێ گه‌یشتبێ و پێتان ڕابگه‌یێنم. ئه‌من ئه‌و ڕۆژانه‌ زۆر خۆشحاڵم؛ یه‌که‌م له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پاڕانه‌وه‌کانم وه‌دی هات و یه‌که‌م پرسیارکاری ڕاسته‌قینه‌م لێ په‌یدا بوو. هێندێک له‌و بڵاڤۆکانه‌ی دابوومێ بیانخوێنێته‌وه‌ به‌پرسیاریی وی ورووژاندووه‌،ئه‌و هه‌موو جۆره‌ پرسیارێکی لێکردم سه‌باره‌ت به‌ ئینجیل. دوێنێ هات و داوای بڵاڤۆکی زیاتری کرد چونکه‌ بڵاڤۆکه‌کانی دیکه‌ی داوه‌ به‌ خزمه‌کانی و بڵاڤۆکێکی زۆری له‌ به‌رده‌ست دا نه‌ماوه‌.جارێک پێی گوتم ئینجیلێکی فارسی هه‌بووه‌،دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین چیرۆکی سه‌باره‌ت به‌ پێغه‌مبه‌ران تێدا خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ له‌ سه‌ر " پێڕست"ه‌که‌یان نازانێ ته‌نانه‌ت ناتوانێ بۆ جاری دووهه‌م هه‌مان چیرۆکی تێدا ببینێته‌وه‌. ئاشناکردنی له‌ گه‌ڵ کورتترین کورته‌ی ئینجیل شادییه‌ک بوو بۆ هه‌ردووکمان که‌ ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ر فیلیپێک و خه‌سێندراوێکی ئیتیۆپیایی بوو. ئێمه‌ دانیشتین و ده‌ستمان کرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئینجیلی کوردی و قسه‌کانی عیسامان له‌ وه‌عزی چیای دا خوێنده‌وه‌.به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی هه‌تا نیوه‌ییمان خوێندبێته‌وه‌ ‌ چه‌ندین جار گوتی " ئه‌یش، ئێمه‌ قسه‌ی ئاوامان نییه‌،" و هه‌ستا سه‌رپێیان وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی ئه‌و ناچاره‌ دۆزینه‌وه‌ی گه‌وره‌ی خۆی باس بکا بۆ یه‌که‌م که‌سی که‌ چاوی پێی ده‌که‌وێ. ئه‌و کوڕه‌ لاوه‌ چوار مامی مه‌لای هه‌یه‌ و یه‌كێک له‌وان گه‌وره‌ترین ده‌سته‌ڵاتی دینییه‌ له‌ سابڵاغێ. ئه‌و دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵ کوڕی مه‌لاکان هه‌یه‌ و بڵاڤۆک و نامیلکه‌کانیان ده‌داتێ. ئه‌و کوڕه‌ مه‌لایانه‌ ناڕاسته‌وخۆ پرسیاریان کردووه‌ داخودا ئه‌من ئێواره‌ی دره‌نگ کاتێک هه‌وا تاریک دادێ له‌ ماڵه‌ خۆم میواندارییان لێ ده‌که‌م یان نا؟ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی جارێ سه‌ره‌تاییه‌ به‌ڵام تۆوێکی باش داچێندراوه‌- ئه‌من پێم خۆشه‌ ئێوه‌ش له‌و شادییه‌ی خۆمدا هاوبه‌ش بکه‌م و به‌ر له‌ هه‌مووشت له‌ خوڵای بپاڕێنه‌وه‌ که‌ دڵی ئه‌و لاوه‌‌ بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ددان به‌ عیسا دا بهێنێ وه‌ک گه‌وره‌ و ڕزگاری ده‌ری خۆی.

له‌وه‌ش زیاتر ، ده‌کرێ بڵێم گشت کاربه‌ده‌ستان به‌ بێ ڕێز په‌ڕ زۆرم ڕێز لێ ده‌گرن. ئه‌و جارانه‌ی نه‌بێ که‌ ده‌خۆنه‌وه‌ ده‌نا زۆر جار به‌ بانگهێشتنم گه‌وره‌م ده‌که‌ن و، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆی دا، موجامه‌له‌یه‌که‌. هه‌ر وه‌ها دراوسێ هه‌ژاره‌ کورده‌کانی میسیۆنه‌که‌شمان – یه‌ک به‌ یه‌کیان دۆستی منن و هێچیان سڵ ناکه‌نه‌وه‌ له‌ داوای یارمه‌تی ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌کیان هه‌بێ. ئه‌من له‌ زۆر که‌سان له‌و ڕێزه‌ ئاساییه‌ی که‌ له‌ بێگانه‌یه‌کی ده‌گرن، زیاتر نیزیک بوومه‌ته‌وه‌. ده‌بێ پێی لێ بنێم ته‌سه‌ورێکی هه‌ڵه‌م هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌و دژوارییانه‌ی که‌ دێنه‌ سه‌ر ڕێگای میسیۆنێرێک له‌ پێگه‌یه‌ک دا که‌ موسوڵمانه‌. هه‌رکه‌ باوه‌ڕی دۆستێکت وه‌ده‌ست هێنا ده‌کرێ به‌ دڵی کراوه‌ له‌ گه‌ڵی بدوێی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵ بۆچوونه‌که‌شت نه‌بێ.

د. به‌ ووردی باسی بۆچوونی هه‌رمه‌نییه‌کان، کورده‌کان و کاربه‌ده‌ستان بکه‌ سه‌باره‌ت به‌ میسیۆنه‌که‌مان.

هێنری ئا. مولێر: هه‌رمه‌نییه‌کان: ئه‌و خه‌ڵکه‌ توند به‌ ڕێبازی شێوه‌ی دینه‌که‌ی خۆیانه‌وه‌ نووساون.بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌وان به‌ره‌و مه‌سیحییه‌تی پێشکه‌توو ڕابکێشین ده‌بێ به‌ ووردی له‌سه‌ر منداڵه‌کانیان کار بکه‌ین. زۆر له‌ لاوان و ژنانی گه‌نج ده‌نێویاندا مرخێکی ڕاسته‌ قینه‌ سه‌باره‌ت به‌ چالاکی دینی له‌خۆیانه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تی به‌شدارییان بدرێتێ. ئه‌وه‌ی که‌ من له‌ پێناوی ئه‌واندا حه‌وجێم پێیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ ئامۆژگاری بکرێم و یارمه‌تی بدرێم بۆ ساز کردنی به‌رنامه‌یه‌کی خولقێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی په‌روه‌رده‌ی دینی بۆ ئه‌وان.زۆر جار به‌ بۆنه‌ی زه‌واج، غوسڵی ته‌عمید و ڕێوڕه‌سمی ناشتن سه‌رم لێداون.به‌ته‌واوی له‌وه‌ تێده‌گه‌م بۆچی ئه‌وان توند به‌ قه‌شه‌ پیره‌که‌یانه‌وه‌ نووساون چونکه‌ به‌ زمانی خۆیان ووشه‌ی خوڵای ده‌خوێنێته‌وه‌ و به‌ زمانی خۆیان له‌ به‌ر خوڵای ده‌پاڕێته‌وه. ئه‌و بۆچوونه‌ دۆستانه‌یه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆمن ڕه‌خساندووه‌ پێوه‌ندیم به‌ ژیانی بنه‌ماڵه‌یانه‌وه‌ هه‌بێ و ئه‌وه‌ نه‌ده‌کرا ئه‌گه‌ر ئه‌من له‌ ئاست ئه‌وان به‌ ته‌واوی خه‌مسارد با‌م.
بۆچوونی ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌ میسیۆنه‌که‌مان به‌ گشتی دۆستانه‌یه‌، چونکه‌ زۆریان له‌ کاتی ته‌نگانه‌ و پێداویستی دا یارمه‌تی دراون. ئه‌من به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر کاری ده‌رمانی میسیۆن له‌وباره‌یه‌وه‌ جه‌خت ده‌که‌مه‌وه‌. پێویست به‌ گوتن ناکا له‌وانه‌یه‌ هێندێکیان ته‌نێ له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی مادی بۆچوونێکی باش له‌ ئاست ئێمه‌ له‌خۆیانه‌وه‌ نیشان ده‌ن. ئه‌وه‌ش به‌شێکه‌ له‌ ته‌بیعه‌تی ئینسان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان دا.

کورده‌کان: هه‌ڵبه‌ت دیاره‌ که‌ مرخ و عه‌لاقه‌ی کورده‌کان له‌ ئاست میسیۆنی ئێمه‌ به‌ ته‌واوی به‌ کار و خزمه‌تی ده‌رمانی ئێمه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. کاری بانگه‌شه‌ و بڵاو کردنه‌وه‌ مه‌سیحییه‌ت و په‌روه‌رده‌ له‌ نێو ئه‌واندا، له‌ ئاستێکی ئه‌وه‌نده‌ به‌رته‌نگ دا کراوه‌، که‌ له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان قه‌تیان ئه‌وه‌یان به‌ بیریش دا نه‌هاتبێ. ( ئه‌من ته‌نێ سه‌باره‌ت به‌و چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی ده‌دوێم) ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له‌ نێوکوردان دا هه‌ن زۆر چاوڕاکێشن ،بێتوو ئێمه‌ به‌ جیدی ده‌ست به‌و به‌رنامه‌یه‌ بکه‌ین ئه‌و ده‌می ده‌توانین به‌ دروستی بۆچوون و کاردانه‌وه‌ی ئه‌وان ته‌خمین بکه‌ین . ‌‌

*پۆرترەی گیوی موکریانی کاری بەڕێز عەبدوڵای سەمەدی یە و بە سپاسەوە لە لاپەڕەی فەیس بووکی بەڕێز هێدی وەرگیراوە

Friday, October 1, 2010

ده‌ستچنێکی نامه‌کانی هێنری مولێر له‌ سابڵاغه‌وه‌ 7



سه‌باره‌ت به‌ گوێستنه‌وه‌ی مه‌یتی باشیمۆن له‌ سابڵاغه‌وه‌ بۆ ته‌ورێز
نامه‌ی هێنری ئا.مولێر [ بۆ جه‌نابی بێورگر سکرێتێری کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات]

وه‌رگێڕان و شڕۆڤه‌: حه‌سه‌نی قازی

1.ڕاپۆرت بۆ مانگی ئۆکتۆبری 1929
. سه‌رنج بده‌ قه‌ڵه‌می " دراوی گۆڕستان 50 قڕانه‌". ئه‌من 100 قڕانم ته‌رخان کرد بۆ ئابوونه‌ی ساڵانه‌ بۆ ئاگاداری لێکردن لە گۆڕی باشیمۆن له‌ لایه‌ن کارگێڕانی گۆڕستانی پرۆتێستان له‌ ته‌ورێزێ. یای گودهارت له‌گه‌ڵم ڕێککه‌وت ئێمه‌ و میسیۆن گشت ئه‌و خه‌رجه‌ له‌ نێو یه‌کتری دا به‌ش بکه‌ین.
هۆیه‌کی دیکه‌ی ئه‌من ئه‌و دراوه‌م دا له‌ به‌ر ده‌رهێنانه‌وه‌ و ڕاگواستنی پاشماوه‌ی مه‌یتی پیرۆزی جه‌نابی باشیمۆن بوو له‌ 7ی ئۆکتۆبر وگواستنه‌وه‌ی له‌ سابڵاغه‌وه‌‌ بۆ گۆڕستانی ته‌ورێز. ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوی هه‌شت ساڵ دوای ئه‌و ڕۆژه‌ی کووژرا،بۆ خۆم، له‌ گه‌ڵ یای گودهارت و دوو له‌ خزمه‌تکاره‌کانمان زۆر به‌ دیقه‌ت گۆڕه‌که‌مان داوه‌ و پاشماوه‌که‌مان له‌سندووقێک نا ( که‌ نزیکه‌ی 24 x 12x 12) ده‌بوو. زۆر به‌ جوانی پارچه‌یه‌کی ڕه‌شمان له‌ ده‌ورییه‌وه‌ پێچاو له‌ 14ی ئۆکتۆبر سندووقه‌که‌م له‌ گه‌ڵ خۆم برد بۆ ته‌ورێزێ. له‌وێ جه‌نابی Christy Wilson له‌ گه‌ڵم هات بۆ گۆڕستان،له‌ سه‌ر قه‌بران مه‌زمووری 90م خوێنده‌وه‌ و دۆعایه‌کی کورتم کرد. جه‌نابی ویلسۆن نزا و پاڕانه‌وه‌که‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌برد. ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ی له‌و گۆڕستان دراوه‌ به‌ میسیۆنی ئێمه‌ ژماره‌ 32 ه‌ ( به‌ پێی نه‌خشه‌ی ئه‌وێ) له‌ نێوه‌ندی گۆڕستانه‌ که‌ به‌ ته‌نیشت قه‌بری جه‌نابی Jesssup، شوێنه‌که‌ باشه‌. ته‌نێ دوو خزمه‌تکاره‌که‌مان ئاگایان له‌ گوێستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌یته‌ له‌ سابڵاغه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌من ئه‌وه‌م له‌ ئه‌مریکا به‌ وشه‌یه‌کیش چییه‌ به‌ که‌س ڕانه‌گه‌یاندووه‌ .یای گودهارت پێی وایه‌‌ خانمی باشیمۆن جارێ ئه‌و خه‌به‌ره‌ی پێ خۆش نابێ. ئه‌من پێم وایه‌ ئێمه‌ دواتر ده‌بێ کارێکی وا بکه‌ین‌ کێله‌ قه‌برێکی باشی بۆ ساز که‌ین .چاوه‌ڕوانی بڕیاری ئێوه‌ ده‌که‌ین له‌و باره‌یه‌وه‌ دیاره‌، جارێ هیچ پەلەیەک نییه‌.‌
......................................................

چه‌ند شتێکی زیاتر: ئه‌من خۆشحاڵم که‌ ئه‌تۆ ده‌رفه‌تت بووه‌ چاوت به‌ یای Burgess بکه‌وێ. بێگومان ئه‌و زانیاری زیاتر و باشتری سه‌باره‌ت به‌ هێندێک بابه‌تان پێ داوی که‌ ئه‌تۆ ده‌تویست بیان زانی. ئه‌من به‌و نامانه‌ دا چوومه‌ته‌وه‌ که‌ دایکوباوکم بۆیان ناردووم و بۆم ده‌رکه‌وت له‌ 43 نامه‌ی که‌ بۆیان نووسیوم، 8یان ون بوون، وا وێده‌چێ لە چەندێک لەو نامانە دا زانیاریی پێویست سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجی سه‌فه‌ری من نووسرابێ. بابم ده‌نووسێ که‌ خه‌رجی ناردنی خێرای چه‌مه‌دانه‌کانمان له‌ تاڤگه‌ی نیاگاراوه‌ بۆ شاری نیۆیۆرک نزیکه‌ی 22 دۆڵاری تێ چووه‌، سه‌باره‌ت به‌ باشتر بوونی وه‌زعی ناوچه‌یی له‌ سابڵاغێ، ئێستا بڕیار وایه‌ پردێک به‌ سه‌ر چۆمی دا ڕایه‌ڵ بکرێ له‌ ڕووبه‌ڕووی ماڵی قازی عه‌ڵی یان له‌ نزیک مڵکه‌که‌ی ئێمه‌، له‌و به‌هاره‌ دا. به‌ پێی باشترین خه‌به‌ری که‌ به‌ ده‌ستم گه‌یشتووه‌ کارێکی زۆر که‌م ده‌کرێ به‌ مه‌به‌ستی ناچار کردنی [خه‌ڵک] بۆ ده‌ست پێداهێنان و باشتر کردنی خانووبه‌ره‌کان به‌ ته‌نیشت خیابانی تازه‌وه‌. جا بۆیه‌ ئه‌من پێم وا نییه‌ ئێمه‌ کێشه‌مان هه‌بێ یان ناچار بین‌ به‌ته‌نیشت خیابانه‌وه‌ دیوارێک به‌ده‌وری مڵکه‌که‌مان دا بکێشین.



هیوا دارین ئێوه‌ ئه‌م نامه‌ درێژه‌تان به‌ دڵ بێ و بتوانین له‌ دادێ دا ڕاپۆرتی ڕێک و پێکترتان بۆ بنێرین. به‌ دڵنییایه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی پشتگه‌رمی ئێمه‌ ببیسین که‌ ئێوه‌ له‌ ئه‌مریکا دیمه‌نێکی باشترتان بێته‌ به‌رچاو سه‌باره‌ت به‌ کاری ئێمه‌ لێره‌. زۆرم پێخۆشبوو وشه‌ی " کورده‌کان" و " کوردستان" له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ میسیۆنه‌ لاوه‌ییه‌کان له‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "لوتێران ستاندارد " دا باسی لێوه‌ ده‌کرێ. ئێمه‌ ده‌زانین ئێوه‌ زه‌حمه‌تێکی زۆر ده‌کێشن و بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاروباره‌کان ده‌پاڕێنه‌وه‌ و، ئێمه‌ش هه‌ر وا ده‌که‌ین و، له‌ دۆخێکی ئاوا دا چۆن ده‌کرێ کار کردن له‌ پێناو گه‌وره‌مان دا سه‌رنه‌که‌وێ؟
له‌ دڵه‌وه‌ پێم خۆشه‌ هه‌ر جۆره‌ بۆچوون یان ڕاستکردنه‌وه‌یه‌که‌تان پێ باش بوو له‌م نامه‌یه‌ دا بیکه‌ن.

زۆر دڵسۆزتان، ئیمزا هێنری. ئا. موڵێر

Thursday, September 23, 2010

ده‌ستچنێکی نامه‌کانی هێنری مولێر له‌ سابڵاغه‌وه‌ 6



ده‌ستچنێکی نامه‌کانی هێنری مولێر له‌ سابڵاغه‌وه‌ 6

وه‌رگێڕان و شرۆڤه‌: حه‌سه‌نی قازی

وه‌نه‌بێ گشت ئه‌و نامه‌ و ڕاپۆرتانه‌ی میسیۆنێره‌کان له‌ سابڵاغه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری میسیۆن له‌ ئه‌مریکایان ناردووه‌ له‌ چاپه‌مه‌نییه‌‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات دا بڵاو بووبنه‌وه‌‌، هێندێکیان که‌ زانیاری زۆر وورد و به‌ نرخیان له‌ سه‌ر سابڵاغ و ناوچه‌ی موکریان تێدایه‌ له‌ ئارشیوی میسیۆن دا پارێزراون.وێڕای سپاس بۆ به‌ڕێز ماتیو هه‌ند به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری نێونه‌ته‌وه‌یی " کۆمه‌ڵه‌ی به‌ڕه‌وپێشبردنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست" که‌ جێگره‌وه‌ی میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاته‌، بۆ ئه‌وه‌ی کۆپی به‌شێک له‌ سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ کانی میسیۆنی کوردستانی له‌ به‌ر ده‌ست ناین،نێوه‌ نێوه‌ هێندێک له‌و به‌ڵگانه‌ له‌ "ڕوانگه‌" دا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌.

بۆ جه‌نابی ئا.ک. بوێرگر،
534 Buckeye Street,
Hamilton, Ohaio

سابڵاغ، ئێران
30 سێپتامبری 1930

ژماره‌ی سێری 2

کۆپییه‌ک له‌م نامه‌یه‌ بۆ ماکێنسن ناردراوه‌

جه‌نابی بێورگری خۆشه‌ویست:

هێندێک ئاگاداری زیاتر سه‌باره‌ت به‌ مڵک و ماڵ و قه‌باڵه‌ وسه‌نه‌د:

به‌ گوێری دوایین نامه‌ی دوکتور شاڵک بۆ دوکتور یۆناتان [وێنه‌تان] بۆمان ده‌رده‌که‌وێ،وا دیاره‌ دوکتور شاڵک وا زوو ده‌ست له کاری‌ قۆڕی دووڕوویانه‌ی خۆی هه‌ڵناگرێ و ڕه‌نگه‌ هێندێک گێره‌ و کێشه‌ی دیکه‌ی هاتبێته‌ سه‌ر ڕێ که‌ پێشی به‌وه‌ گرتووه‌‌ ده‌ستبه‌جێ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئێران.وێناچێ شاڵک ئه‌مساڵ به‌ هیچ جۆر بتوانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵام وا دیاره‌ زۆر نیگه‌رانی ئه‌و دوازده‌ سندووقه‌ ته‌خته‌یه‌یه‌‌ که‌ لێره‌ له‌ سابڵاغێ له‌ خانووی شاڵک به‌جێی هێشتووه‌[ ئه‌وه‌ یه‌ک له‌ خانووه‌کانی میسیۆن بووه‌ که‌ ئه‌و نێوه‌یان لێ ناوه‌. ح.ق ] و زۆر به‌ نهێنی له‌ دوکتوڕ یۆناتانی پرسیوه‌‌ داخودا ئه‌و سندووقانه‌ هێشتا به‌ باشی ئاگادارییان لێده‌کرێ یان گودهارت یان مولێر به‌ تاڵانیان بر‌دوون. دوکتور یۆناتان ڕه‌پ و ڕوو پرسیاری لێکردم چۆن ووڵامی دوکتور شاڵک بداته‌وه‌ و چی پێ بڵێ و ئه‌منیش دوکتور یۆناتانم حاڵی کرد نابێ خۆی به‌‌ نێوبژیوانی من بزانێ. به‌ڵام ده‌زانم دوکتور یۆناتان شاڵکی ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌ که‌ هێشتا ده‌ست له‌ سندووقه‌کانی نه‌دراون و‌ ئه‌وه‌ش ڕاسته‌. له‌وه‌ش زیاتر ئه‌و نامه‌یه‌ی دوکتور شاڵک هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عه‌زیز ئه‌ڵمان [ ئه‌ڵمانیشی ] تێدا بوو که‌ قه‌باڵه‌ی 2 به‌شی ئه‌و مڵکه‌ی که‌ بریتی بوو له‌ " حه‌ساری په‌روه‌رده‌" خستووه‌ته‌ سه‌ر نێوی خۆی. ئه‌گه‌ر ئه‌من هه‌ڵه‌ نه‌بم پێشتر شاڵک ئه‌و مڵکه‌ی له‌ سه‌ر نێوی عه‌زیز بۆ میسیۆن کڕیبوو به‌ڵام کاتێک ڕۆیشت قه‌باڵه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ خۆی برد و ئێستا عه‌زیز ئه‌ڵمانی قه‌باڵه‌ی نوێی ساز کردووه‌ به‌ کۆکردنه‌وه‌ی لیسته‌ی ئیمزا لێره‌ له‌ سابڵاغێ و ئه‌وانه‌ی ئیمزایان کردووه‌ هه‌موویان شاهیدییان داوه‌ ئه‌و موڵکه‌ ئی عه‌زیز ئه‌ڵمانی یه‌.
ئه‌من ئه‌و ماوه‌یه‌ زۆر سه‌رقاڵ بووم بۆ جێ به‌ جێ کردنی کاره‌کان و بۆ ئه‌وه‌ی بزانم سه‌باره‌ت به‌ قه‌باڵه‌کان چم له‌ ده‌ست دێ. به‌ ڕێگای قازی عه‌لی و میرزا محه‌مه‌د،کوڕی قازی عه‌لی،به‌ گردبڕی دڵنیا کراوم ئه‌وان له‌و بابه‌ته‌‌ ده‌کۆڵنه‌وه‌ و ناهێڵن عه‌زیز ئه‌ڵمانی(که‌ به‌ باوه‌ڕی وان پارێزه‌رێکی " که‌ڵکباز‌"ه‌ ) مامڵه‌کانی ئێمه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێ. میرزا محه‌مه‌د پێی گوتم ئه‌و له‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ ته‌ماشای قانوونی نوێ ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ ‌ قازییه‌کانی کاروباری شه‌رعی به‌ پێی ڕێژیمی تازه‌ی ئێران هێشتا تا چ ڕاده‌یه‌ک بۆیان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر کاروباری سه‌ودای مڵک ده‌ستێوه‌رده‌ن و بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ بده‌ن. کاتێک میرزا محه‌مه‌د ئه‌وه‌ی ڕوون کرده‌وه‌ ئاگادارم ده‌کاته‌وه‌ داخودا سه‌رداری موکری ده‌کرێ قه‌باڵه‌یه‌کی تازه‌مان بداتێ یان نا بۆ ئه‌و موڵکه‌ی له‌ سه‌ردار کڕابوو( واته‌ مڵکی نه‌خۆشخانه‌). میرزا محه‌مه‌د هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌ش ڕوون ده‌کاته‌وه‌ داخودا کوڕانی شێخاڵی خان ( شێخ عه‌لی خان) ده‌کرێ قه‌باڵه‌یه‌کی تازه‌مان بده‌نێ بۆ به‌شی باغچه‌که‌مان که‌ خیابانی پێدا کێشرا و له‌تی کرد. ئه‌وانه‌ی دوایی که‌ باسم کردن له‌ دێیه‌ک ده‌ژین که‌ لێره‌وه‌ ڕۆژه‌ ڕێیه‌ک که‌متر دووره‌ و ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌وانیش وه‌ک سه‌رداری موکری پێیان خۆشه‌ قه‌باڵه‌ی نوێ بده‌ن به‌ میسیۆن ئه‌گه‌ر داوخوازییه‌کی ئه‌وتۆیان لێ بکرێ.ئه‌و لایانه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ خۆڕایی ئه‌و خزمه‌ته‌مان پێ بکه‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پێویستیمان به‌ یارمه‌تی ئه‌وان هه‌بێ ئه‌من ده‌زانم‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ریمان ڕه‌خنه‌ ناگرێ ئه‌گه‌ر میسیۆن دراوێکیان بداتێ بۆ ئه‌و کات و زه‌حمه‌ته‌ی ده‌یکێشن.ده‌زانم ئێوه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ موافه‌قه‌ت ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ باشترین سیاسه‌ت ده‌بێ له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌.



حوسینقوڵی [ حوسێنه‌ که‌ڵه‌ ] به‌ننا، که‌ له‌و دواییانه‌ دا ئێوه‌ وێنه‌که‌یتان له‌ ڕۆژنامه‌ی " لوتێران ئۆریانت میشن " دا بڵاو کردبووه‌وه‌‌ له‌و ماوه‌ی دوایی دا زۆر پیس نه‌خۆش که‌وتووه‌ و ئه‌من زۆر جار سه‌رم لێداوه‌. ئه‌و ئه‌و قه‌باڵه‌یه‌ی پێ نیشان دام سه‌باره‌ت به‌ مڵکی میسیۆن که‌ له‌ سه‌ر نێوی وی نووسراوه‌، ئه‌من زۆر به‌ ووردی ته‌ماشای قه‌باڵه‌کانم کرد و بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌و قه‌باڵه‌ تایبه‌تییانه‌ی که‌ به‌ ده‌ست وییه‌وه‌ن بریتین له‌ قه‌باڵه‌ی 18 پارچه‌ زه‌وی. ئه‌و ئاماده‌یه‌ هه‌رکاتێک داوای لێ بکه‌م ئه‌و قه‌باڵانه‌م بداته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت کاتێک ئه‌من ئه‌و قه‌باڵانه‌ له‌ ده‌ست وی وه‌رده‌گرمه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانی بڕێک پاداشت ده‌کا به‌ تایبه‌تی چونکه‌ نزیکه‌ی مانگێکه‌ له‌ سه‌رگازی پشت
به‌ جێگا وبان که‌وتووه‌. ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌ دام ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری میسیۆن ئه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تێکی باش ده‌زانێ بۆ ئه‌وه‌ی میسیۆن دیسان ببێته‌وه‌ خاوه‌نی ماڵ و مڵکی خۆی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی قه‌باڵه‌یان له‌ سه‌ر نێوی خه‌ڵکی بوومیش بێ.
ئێمه‌ ته‌واو به‌ ڕێکه‌وت میوانداریمان کرد له‌ حاکمی سابڵاغ له‌ پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان و دواجار زانیمان ‌ حکوومه‌ت نه‌خشه‌یه‌کی ئه‌وتۆی هه‌یه‌ بۆ دیوار کێشان به‌ ته‌نیشت خیابانه‌وه‌ و هیچ لاری له‌وه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر شتێکی باشتر دروست بکرێ و ، دابین کردنی ئاویش به‌ ڕێگای بیر لێدان له‌ حه‌وشه‌ی چه‌ندین خانووان دا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ: ئاسته‌کردن و نه‌خشه‌ بۆ دروستکردنی خانووبه‌ره‌ی تازه‌ زۆر به‌ ووردی چاوه‌دێری به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌کرێ.هه‌ر وه‌ها سیستمێکی تازه‌ی ماڵیات دانیش داده‌مه‌زرێ. گودهارت و من ئه‌و داوایه‌شمان لێکرد‌ کارێکی ئه‌وتۆ بکا ئه‌و خیابانه‌ی که‌ له‌ نێوان مڵکه‌که‌ی ئێمه‌ و مزگه‌وت دایه‌ ته‌خت و سافوسوف بکرێ. وێده‌چوو حاکم ئه‌و داوایه‌ی به‌دڵ بێ و ئه‌من پێم وایه‌ ڕۆژێک ئه‌و بڕیارێکی چاک ده‌دا له‌وباره‌یه‌وه‌.
ئێمه‌ وامان دانابوو له‌ 29ی سێپتامبر [ 1930] بۆ پشوودانه‌ کورته‌که‌مان بچین بۆ ‌ ورمێ، به‌ڵام کاتێک له‌ ئیداره‌ی پۆلیس داوای ئیزنم کرد ده‌ستبه‌جێ ئه‌و داوایه‌یان وه‌دوایه‌ داوه‌ چونکه‌ پاسپۆرتم پێ نه‌بوو که‌ ئێستا ئه‌وه‌ له‌ تاران گیری خواردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌دایکبوونی فیلیپ کارڵ ی کوڕمی تیدا ئاسته‌ بکرێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ جێگای ده‌ستڕوویشتوو ئه‌وانن ئه‌من ده‌بوو ده‌ستبه‌جێ تێلگرافێک بنێرم بۆتاران و ئێستا چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی پاسپۆڕته‌که‌م ده‌که‌م. هه‌ر چۆنێک بێ ئێران وایه‌ ئیدی.
وه‌بیرم دێ کاتێک خانمی مولێر و من له‌ لای تۆ بووین له‌ هامیلتۆن سه‌رنجم ڕاکێشای سه‌باره‌ت به‌ ژنێکی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نێوی خانمی John Lionberger خه‌ڵکی ئۆماها له‌ نێبراسکا. له‌ گه‌ڵ زۆرشتی دی که‌ باسمان کرد و له‌ بیر چوونه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دیداره‌ کورته‌ یه‌ک حه‌وتووییه‌مان دا، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و نێوه‌ت وه‌بیر نه‌یه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ بوو کاتێک ڕۆژنامه‌کان ئاگادارییان بڵاو ده‌کرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ زه‌واجی ئێمه‌ و ده‌یاننووسی: کچێکی خه‌ڵکی ئایۆ وا، که‌ له‌ پێگه‌ی میسیۆن له‌ دایک بووه‌، له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کوردستان،" یان " بابی بووكێ ڕێوڕه‌سمی زه‌واجه‌که‌ به‌ڕێوه‌ ده‌با" و هتاد، دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌، ئه‌و ژنه‌ی خه‌ڵکی ئۆهاما سه‌ری لێداین و گوتی ئه‌و له‌ پێگه‌که‌ی ئێمه‌ پشتیوانی له‌ میسیۆنێرێک ده‌کا و له‌ ژنه‌که‌می پرسی داخودا ئه‌و یای داڵ ده‌ناسێ؟ ئه‌و خانمه‌ هات بۆ شاییه‌که‌ی ئێمه‌ و وه‌ک دیاری سیکه‌‌ زێڕێکی 5 دۆڵاری داینێ و به‌ خانمی مولێری گوت ئه‌و وه‌نه‌بێ زۆر حه‌زی له‌ کاری میسیۆنه‌کان بێ به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ ئازایه‌تی ده‌زانێ بۆ هه‌ر کچێکی که‌ شان بداته‌ به‌ر کارێکی ئه‌وتۆ و ئه‌گه‌ر ئه‌و کارێکی له‌ ده‌ست بێ که‌ بتوانێ ژیان بۆ خانمی مولێر ئاسووده‌تر بکا ئاماده‌یه‌ هه‌موو شتێک له‌و پێناوه‌ دا بکا. ئێمه‌ حه‌ولمان دا به‌ نامه‌ ئاگاداری که‌ین که به‌ سڵامه‌تی‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ شوێنی مه‌به‌ستمان به‌ڵام به‌ ڕواڵه‌ت ئه‌و نامه‌یه‌ی ئێمه‌ی به‌ ده‌ست نه‌گه‌یشتبوو وخانمی Kearns به‌ ته‌له‌فون ئه‌وی له‌ سڵامه‌تی ئێمه‌ ئاگادار کردبوو. ئه‌وه‌ی خوراوه‌ به‌شێکه‌ له‌ نامه‌ی خانمی Kearns، ( دایکی خانمی مولێر) له‌ نامه‌یه‌ک دا که‌ له‌ به‌رواری 3ی ئووت [ 1930] بۆ هاوسه‌رمی نووسیوه‌:
" یه‌ک دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر خانمی Lionberger ته‌له‌فونی کرد و له‌ حاڵی تۆی پرسی. پێم گوت ئه‌تۆ دڵپه‌شێوی بۆچی وڵامی نامه‌که‌ی تۆی نه‌داوه‌ته‌وه‌.پێی گوتم پێت ڕابگه‌یێنم ‌ له‌و دواییانه‌ دا مێرده‌که‌ی مردووه‌ و پێش ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ حاڵی باش نه‌بووه‌. ئه‌و پرسیاری لێکردم داخودا ئه‌تۆ قه‌تت باسی کچێکی چکۆڵه‌ به‌ نێوی په‌ری بۆ کردووم. هه‌ڵبه‌ت پێم گوت ئێستا ئه‌و په‌رییه‌ ئه‌تو وه‌ک کچی خۆت وه‌خۆت کردووه‌. ئه‌و گوتی پێت بڵێم له‌ زمان وییه‌وه‌ له‌ په‌ری بپرسی‌ و پێی بڵێی ئه‌وه‌ ئه‌و خانمه‌یه‌ که‌ بووکه‌ شووشه‌ی بۆ ناردبووی. ئه‌و هه‌ر وه‌ها زۆریشی له‌ خۆت ده‌پرسی."



" ئه‌و خانمی Lionberger ه‌ هه‌میشه‌ له‌ حاڵی یای داڵ یش ده‌پرسێ.وای نێو ده‌هێنێ که‌ کچێکی زۆر باش بێ و سه‌رکۆنه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری میسیۆن ده‌کا که‌ باشی له‌ گه‌ڵ نه‌جووڵاونه‌ته‌وه‌. ئه‌و گوتی ئه‌و جارێ حه‌وڵ ده‌دا بزانێ یای داڵ له‌ کوێیه‌. ده‌یه‌وێ له‌ ماڵی منداڵان له‌ ئۆماها کارێکی بداتێ. نازانم ناکرێ هێنری ئاگاداری کا که‌ یای داڵ چی کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خانمه‌ ده‌ست هه‌ڵگرێ له‌ تاوانبارکردنی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ خراپ جووڵانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ یای داڵ. ئه‌و خانمه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ئه‌عسابی تێک چوو بوو و زۆر پیس سه‌غڵه‌ت بوو."
ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ بزانین خانمی lionberger ژنێکی زۆر کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌، له‌ نێو پێڕۆیانی ڕێڕه‌وی لوتێری دا زۆر به‌نێوبانگه‌- بۆ جلوبه‌رگی جوان ده‌به‌ر کردن و، له‌ ڕابردووه‌ دا دراوێکی زۆری ته‌خشان په‌خشان کردووه‌ بۆ کاری مرۆ دۆستانه‌. ئه‌و جۆره‌ی ئه‌من له‌ قسه‌کانی تێگه‌یشتم ئه‌و هه‌ر ته‌نێ دراوێکی که‌می نه‌داوه‌ به‌ یای داڵ و بێگومان بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانه‌ خه‌رجی سه‌فه‌ریشی دابین کردووه‌ که‌ داڵ توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران دوای ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی خۆی له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بڕی. به‌له‌به‌چاو گرتنی ئه‌وه‌ی که‌ یای داڵ له‌ ئه‌مریکا هێشتاش خۆڵ له‌ چاوی هێندێک که‌س ده‌کا ئێمه‌ هه‌موو هۆیه‌کمان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌و بڕاویه‌ دابین که‌ خانمی lionberger هیچ ئاگای له‌و شتانه‌ نییه‌ که‌ قه‌وماون له‌وه‌تا دوایین پێوه‌ندییه‌ نامه‌ییه‌کانی له‌ گه‌ڵ داڵ. ئه‌و ژنێکی زۆر به‌ ویقار و خوێنده‌واره‌ و ئه‌من به‌ گه‌رمه‌ ئامۆژگاریم ئه‌وه‌یه‌ ‌ جه‌نابی بێورگر پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ بکا و ئه‌گه‌ر هه‌ڵسووڕێ بچێ و چاوی پێی بکه‌وێ. ئه‌گه‌ر پشتیوانی ویش به‌ره‌و میسیۆن ڕانه‌کێشرێ، به‌لانی که‌مه‌وه‌ ده‌کرێ سه‌باره‌ت به‌ داڵ ڕوون بکرێته‌وه‌ و، ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌و کاره‌ نرخی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ کاتی بۆ به‌خت که‌ی، به‌ڵام هێشتا هیوادارم ئه‌و قازانجی هه‌بێ بۆ ئه‌و کاره‌ی ئێمه‌ ده‌که‌ین.زۆرم پێ خۆش ده‌بێ له‌ بڕیار یان بۆچوونی ئێوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاگادار بم.
نێونیشانی خانمی Lionberger ئاوایه‌: 5106 Izard Street , Omaha, Nebr
به‌د‌ڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ هیوادارین و ده‌پاڕێینه‌وه‌ که‌ پێگه‌که‌مان لێره‌ به‌ زوویی باشتر ڕێک بخه‌ین و ژماره‌ی مێسیۆنێره‌کان زیاتر بکرێ و، به‌ر له‌ هه‌موو شت، هه‌رچی زووتره‌ دوکتورێکی باش بگاته‌ ئێره‌. ئه‌من به‌ته‌واوی له‌و باوه‌ڕه‌ دام بێتوو ژماره‌ی ستافی میسیۆنه‌که‌مان زیاد بکرێ پشتیوانی لێکردنمان له‌ وڵاتیش [ له‌ ئه‌مریکا] زیاد ده‌کا و، ئه‌گه‌ر کاره‌کانمان جوان ڕێک بخرێن ئه‌و ده‌می پشتیوانی له‌ میسیۆن ده‌کرێ بودجه‌یه‌کی به‌رده‌وامی هه‌بێ له‌ سه‌ر بنه‌مای پشتگرتن له‌ لایه‌ن هێندێک ده‌ستگای کلیساییه‌وه‌، ئه‌و ده‌می هه‌مووشت به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو یه‌کلا ده‌بێته‌وه‌ و چالاکییه‌کانمان زۆر باشتر به‌ره‌و پێش ده‌چن. ئێمه‌ زۆر به‌رزه‌فڕانه‌ له‌ کاره‌کانمان ده‌ڕوانین و ماندوویه‌تی کاری ڕۆژانه‌ له‌ بیر ده‌به‌ینه‌وه‌ و بناخه‌ی شتی باشتر له‌ دادێ دا داده‌نێین. ده‌بێ لێم ببووری لێره‌ دا جارێکی دیکه‌ش به‌شێک له‌ نامه‌ی شه‌خسی خانمی Kearans [ خه‌سووی هێنری مولێر. ح.ق] ت بۆ باس ده‌که‌م.

" له‌و به‌شه‌ دا مولێر لیسته‌یه‌ک له‌و شتومه‌ک و باربووانه‌ی هێناوه‌ که‌ خانمی کیرانس ئاگاداری کردوون له‌ سندووقان نراون و بۆ نه‌خؤشخانه‌ ئێرانی له‌ مه‌شهه‌د ناردراون . ح.ق.] دوایه‌ خانمی کیرانس له‌ نامه‌که‌ی زیاد ده‌کا و ده‌نووسێ: له‌وه‌تی ئه‌وانه‌مان ناردووه‌، سێ پرێسکه‌ی دیکه‌ش هاتوون. ئێمه‌ ئه‌وانه‌ ده‌نێرین بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری له‌ نیۆیۆرک و ئه‌وانیش هه‌موویان ده‌نێرن بۆ ئێران له‌ گه‌ڵ ئه‌وشتانه‌ی که‌ ژنان و خه‌ڵکی گه‌نج باربووی ده‌که‌ن. به‌ له‌به‌رچاو گرتنی بارستایی سندووقی شت بۆ منداڵان
( نرخی 20 دۆڵاره‌) مرۆ ده‌توانێ بیهێنێته‌ به‌رچاوی که‌ خه‌ڵکی گه‌نج و ژنان چ جۆره‌ شتێک ده‌نێرن. بۆ نموونه‌ ، خه‌ڵکی گه‌نجی ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی بڵاف 200 ته‌نزیلی چاوداپۆشیان نارد ( که‌به‌شه‌وێک له‌ ماڵی ئێمه‌ دروستیان کرد)، ده‌رزه‌نێک ده‌سماڵی چایی و ده‌رزه‌نێک په‌ڕۆی منداڵان. ده‌توانن بیری لێ بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ چ کارێکی باشه‌ بۆ ئه‌یاله‌تی ئایۆ وا؟ ژنانی سه‌ر به‌ کلیساکه‌مان داوای ته‌نزیلی چاو داپۆش، باندی برین پێچانه‌وه‌، پیژاما و خاولی حه‌مام و هتادیان لێکرا، هێنده‌ زۆر بوو له‌ بیرم چووه‌ته‌وه‌ چه‌نده‌ بوو. باشه‌ بۆ پێگه‌که‌ی ئێوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ چ کراوه‌؟ خه‌ڵک ده‌بێ بۆ ئێوه‌ش کاری وا بکه‌ن و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ یارمه‌تییه‌کی باش ده‌بێ بۆ پێگه‌که‌تان. ته‌نێ لیسته‌یه‌ک له‌و شتانه‌ی پێویستیتان پێیانه‌ بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ری بنێرن با ئه‌وانیش له‌حه‌ول دابن کڕوکاشێکتان بۆ بکه‌ن. کاتێک ئه‌و سندووقه‌ ده‌نێردرا بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری، ئه‌من هه‌ر خوڵا خوڵام بوو ئه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ بنێرن!"
لێمان ببووره‌ که‌ به‌شێک له‌ نامه‌یه‌کی خسووسیت بۆ ده‌گێڕینه‌وه‌ به‌ڵام پێمان وا بوو ڕه‌نگه‌ به‌دڵتان بێ و له‌وانه‌یه‌ تۆوی گه‌ڵاڵه‌ کردنی نووسینێکی هه‌ر ئاوای بۆ " لوتێران ئۆریانت میشن" تێدا بێ که‌ که‌سێک بینووسێ.
تکایه‌ په‌یوه‌ست له‌ گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌ ڕاپۆرتی ماڵی خه‌زێنه‌دار بۆ مانگی سێپتامبری ساڵی 1930یش وه‌ربگرن. گودهارت دیسان ئه‌وه‌ لێره‌ نییه‌ و به‌ ماشێن چووه‌ته‌ دێیه‌کی دراوسێی شاری بۆ ئاگاداری له‌ نه‌خۆشێک و له‌وانه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ خۆی بیهێنێ بۆ ئێره‌ و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌من پێم خۆشه‌ ڕاپۆرته‌ ماڵییه‌که‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌ دا بۆ ئێوه‌ بنێرم ، داهاتی ده‌رمانگه‌یه‌که‌مان، ئه‌گه‌ر له‌و مانگه‌ دا چ داهاتێکی بووبێ، له‌ گه‌ڵ ڕاپۆرتی مانگی دادێ دا به‌ڕێ ده‌که‌م. ته‌ویله‌که‌مان ته‌عمیر کراوه‌: ئه‌و کارانه‌ی کردوومانن بریتی بوون له‌ ده‌ست پێداهێنانی ئاخوڕه‌ کۆنه‌کان و دروست کردنی یه‌کی تازه‌ : سواغ کردنی دیوارێک به‌ قوڕ و کا ( له‌ بنه‌وه‌)، و چاککردنه‌وه‌ی ئاخوڕی مانگاکان به‌ به‌رد و کا کراوه‌.سه‌ده‌قه‌ و خێرات: ئه‌وانه‌ بریتین له‌ 1 تمه‌ن بۆ خه‌رجی ناشتنی کچی عه‌زیزی هه‌رمه‌نی، 1 تمه‌ن بۆ حوسێنه‌که‌ڵه‌ و، 2 قڕان بۆ گێڕێکی کورد.

زۆر دڵسۆزتان،
ئیمزا: هێنری. ئا. مولێر

له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆسته‌ی دوایی دا که‌ بۆمان هاتبوو نامه‌یه‌کی باشی جه‌نابی ماکێنسێن ی تێدا بوو. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پێم وایه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ی که‌ بۆ ئێوه‌م نووسیوه‌ هێندێک شتی که‌میشی تێدا بێ ئه‌ویش پێی خۆشه‌ بیان زانێ، کۆپییه‌ک له‌م نامه‌یه‌ بۆ ئه‌ویش ده‌نێرم- جگه‌ له‌ دوایین بڕگه‌ نه‌بێ.
‌هێ. م.