ورده ڕیشاڵی قه‌تڵی عامی خه‌ڵکی سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری به ده‌ست ڕووسه قه‌یسه‌رییه‌کان ; گێرانه‌وه‌ی یای ئاگوستا گودهارت
ورده ڕیشاڵی قه‌تڵی عامی خه‌ڵکی سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری به‌ده‌ست ڕووسه قه‌یسه‌رییه‌کان*
" وه‌ته‌نی مه‌حبووبی **
کوردستانی بڵیند
ئه‌رزێکی پڕ یادگاری
له جه‌حێڵی من "
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ی خواره‌وه له ژماره‌ی 12ی ساڵی 7ی کوردستان میشنێری، سێپتامبری 1916، لاپه‌ڕه‌ی
3-7 *** له ژێر سه‌رنووسی " ئه‌زموونه‌کانی یای ئاگوستا گودهارت" دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
به‌داخه‌وه کوردستان میشنێری نێوی نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ی تێدانییه. له‌وسه‌روبه‌نده دا ل.ئێچ.زیمر سه‌رنووسه‌ری کوردستان میشنێری و ف.لامارتین جیگری سه‌رنووسه‌ر بوون و ئه‌و بابه‌ته ده‌بێ یه‌کێک له‌وان له سه‌ر بنه‌مای گێڕانه‌وه‌ی یای گودهارت و نووسینه‌کانی ل.ئو.فاسوم نووسیبێتی که هه‌ر دووکیان شاهیدی پێکدادانی ئه‌ڕته‌شی ترکی عوسمانی و هێزی ڕووسییه‌ی قه‌یسه‌ری بوون و هه‌ڵخه‌ڵه‌تانی کورده‌کان له تێوه‌گلان له‌و شه‌ڕانه له به‌ره‌ی ترکانیان به چاوی خۆیان دیتووه.
حه‌سه‌نی قازی
ئه‌زموونه‌کانی یای ئاگوستا گودهارت ( Augusta Gudhart )
سابڵا‌غ له سه‌رووی کوردستانه، شارێکه 10000 دانیشتووی هه‌یه و له خوارووی ده‌ریاچه‌ی ورمێ هه‌ڵکه‌وتووه و له سنووری ترکییه‌وه نزیکه‌ی ڕۆژه ڕێیه‌ک دووره. ته‌ورێز که له‌سه‌ر ڕێگای ئاسنه که‌وتووه‌ته سه‌رووی ڕۆژهه‌ڵاتی سابڵا‌غ و مه‌ودای تا ئه‌و شاره چوار ڕۆژه ڕێیه. ده‌وروپشتی سابڵا‌غ شاخاوییه و له‌و شاخانه‌وه ده‌کرێ شاخه‌کانی شنۆ له سنووری ترکییه، که به‌فر دایپۆشیون ببیندرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سابڵا‌غ به هاوینان زۆر گه‌رمه. ڕۆژ له ئاسمانه‌وه قرچه له ئه‌رزی هه‌ڵده‌ستێنێ و له نێوان مانگی ئاوریل و ئۆکتۆبر دا هیچ باران نابارێ. چۆمێکی باریک و ته‌نک به نێو شاریدا ده‌ڕوا، و ئاوێکی ئه‌وه‌نده‌ی نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌و ئاوه‌ش که له بیری حه‌وشه‌ی خانووبه‌ره‌ی میسیۆنه‌که‌مان هه‌ڵی ده‌هه‌نجێنن زۆر که‌مه و ده‌بێ ده‌ستی پێوه‌بگیرێ.
زه‌وی و زاری ناوچه‌که ئه‌گه‌ر ئاو بدرێن به پیت و به‌رکه‌تن.ترێی زۆر خۆش، قه‌یسی، هه‌ڵووچه،گوێز و هتاد. به‌رهه‌می وێنده‌رێنه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتووانی سابڵا‌غ له کوردی موسوڵمان پێک دێ. جگه له‌وان نزیکه‌ی 50 ماڵه هه‌رمه‌نی و 100 ماڵه جووله‌که له‌و شاره دا ده‌ژین. تاجری مووسڵی که له سه‌ر چۆمی ده‌جله‌یه و له ڕووبه‌ڕووی نه‌ینه‌وای که‌ونارایه هاتووچووی ئه‌و شاره ده‌که‌ن. ئه‌وان مه‌سیحیی کاتۆلیکن و به شێوه‌یه‌کی گشتی چوونه‌ته مه‌دره‌سه‌ی فه‌ڕانسه‌یی، به‌ڵام ستانداری ئه‌خلاقییان له خواره‌وه‌یه.
زۆربه‌ی کورده‌کان له سابڵا‌غ کاسبکارن و به ته‌جاڕه‌تی پچووک ده‌ژین، ئهوانیدیکهیان جگه له خانووه‌کانیان، خاوه‌نی پارچه زه‌وێکیشن که ڕه‌نێوی ده‌هێنن. لادێکان و ده‌ره‌وه‌ی شاران ئی ئاغاکانن. به ئاسایی وه‌زعی گوزه‌ران و ژیانیان باشه. دانیشتووانی لادێکان ڕه‌عییه‌تی ئه‌و ئاغایانه‌ن و به‌ته‌واوی به‌وان به‌ستراونه‌ته‌وه و ده‌بێ نیوه‌ی به‌رهه‌می خۆیان بده‌ن به وان. مه‌ڕدار و شوانان له چیایان سه‌ربه‌خۆییه‌کی زیاتریان هه‌یه.
پێستی به‌ده‌نی خه‌ڵکی خۆجێیی هه‌ر وه‌ک ئوڕووپاییه‌کان سپییه به‌ڵام، ئه‌گه‌ر تاولێیان دا هێندێک ڕه‌ش هه‌ڵده‌گه‌ڕێن. جاروبار فارسێک یان تاتارێک ده‌نێو دانیشتوواندا ده‌بیندرێن. ئه‌و جۆره که‌سانه تاجرن و سه‌ر به ڕێڕه‌وی شیعه‌نه. وه‌ک هه‌موان ده‌زانن، دوو فیرقه‌ی سونی و شیعه له نێو موسوڵماناندا دۆژمنی یه‌کترن.
له سه‌ره‌تای چالاکییه‌کانی میسیۆنه‌که‌ماندا، یای گودهارت یارمه‌تی دوکتور ئێدمان (E. Edman )ی ده‌دا، به تایبه‌تی له ده‌رمانگه‌ی میسیۆنێ. گودهارت له ماوه‌ی سێ مانگان دا توانی ئه‌وه‌نده زمانی کوردی فێر بێ خه‌ڵک له قسه‌کانی خۆی تێ بگه‌یێنێ. کاتێک دوکتور ئێدمان له ساڵی 1914 گه‌ڕاوه سوێدێ، یای گودهارت به ته‌نێ به‌رده‌وام بوو له سه‌ر کارکردن له شار‌و ده‌وروبه‌ری دا و ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستی هاتبا ته‌نه‌خی نه‌ده‌کرد له یارمه‌تیدانی خه‌ڵک. دیاره خزمه‌ته‌کانی وی زیاتر به ژنان و منداڵان به‌رته‌نگ بوو به‌ڵام، پیاوانیش زۆرجار داوای یارمه‌تییان لێ ده‌کرد به تایبه‌تی بۆ مه‌ڵحه‌مکردنی برینیان. به گشتی خه‌ڵکی ئه‌و شاره له ڕه‌گه‌زێکی خۆڕاگر و به‌تاقه‌تن، زۆرجاری واهه‌بووه نه‌خۆش چاک بوونه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وکاتانه‌ش که نه‌خۆشه‌وان زۆری به‌لاوه ئه‌سته‌م بووه بوێرێ هیوایه‌کی ئاوای هه‌بێ. یای گودهارت به سواری ده‌چوو بۆ سه‌ردانی نه‌خۆشی لادێکان، و خزمه‌تکارێکی پیریشی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد. خزمه‌تکاری میسیونێره‌کان بۆیان نییه چه‌ک هه‌ڵگرن به‌ڵام هه‌ر کاتێک کورده‌کانی دانیشتووی ناوچه‌ی شاخاوی ویستبایان یای گودهارت چاو له نه‌خۆشه‌کانیان بکا به پڕچه‌کی به دووی دا ده‌هاتن، ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی بترسێ یان هه‌ست به مه‌ترسییه‌ک بکا له‌گه‌ڵیان ده‌چوو.
کاروباری دینی، که‌شیش فاسوم ڕایده‌په‌ڕاند. ئه‌و به‌ر له چوونی بۆ سابڵا‌غ چه‌ندین ساڵ له ورمێ ژیابوو، له‌وێ به‌ته‌واوی له زمانی کوردی ڕاهاتبوو، ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له نێو سریانییه‌کاندا کاری ده‌کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده‌کان مه‌یلێکی زۆر که‌میان تێدایه باوه‌ش له مه‌سیحییه‌ت وه‌ربێنن فاسوم حه‌ولی دا، به تایبه‌تی به ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی کتێبی مه‌سیحی بۆ سه‌ر زمانه‌که‌یان کاریان تێبکا. ئه‌و کتێبی پرسیار‌و وڵامی له‌مه‌ڕ بنه‌ماکانی دینی مه‌سیحی (catechism ) و کتێبی شێعرانی ڕووحانی وه‌رگێڕا سه‌ر زمانی کوردی، پاییزی ڕابردووش وه‌رگێڕانی کتێبی پیرۆزی چاخی نوێی (New Testament ) ته‌کمیل کرد، جگه له‌وه کتێبێکی ڕێزمانیشی نووسی.
به ئاسایی پیاوان، ده‌توانن بخوێننه‌وه، ئه‌وه‌ش له مه‌لایان (که‌شیشی موسڵمان) فێربوون و ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدایه ئه‌ده‌بییاتی مه‌سیحی بخوێننه‌وه. ژنان نه‌خوێنده‌وارن. که‌شیش فاسوم توانی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی پچووکی نزاخوێنی مه‌سیحیی لووتێری له نزیک 70 ئه‌ندامان پێک بهێنێ. ئه‌وانه بریتین له دانیشتووانی هه‌رمه‌نی، ئه‌و جووله‌کانه‌ی له کلیسا وه‌رگیراون و هێندێک سریانی. فاسوم هیوادار بوو کورده‌کانیش به‌ره‌ولای خۆی ڕاکێشێ. له یه‌كیک له‌و چوار ده‌ست خانووبه‌ره‌یه‌یدا که پێگه‌ی میسیۆن پێک ده‌هێنن، دۆعاخانه‌یه‌کی به مه‌به‌ستی دۆعاکردن و نزا و پاڕانه‌وه ساز کرد. ئه‌و خانووبه‌ره‌ی چالاکییه‌کانی میسیۆنی تێدا ده‌کرێ کرێ یه، به‌ڵام؛ له‌و سه‌ری شاریش ئێستا پارچه مڵکێک کڕدراوه، که هێشتا نه‌چوونه نێوی، و هێشتا بناخه‌دانانی کلیسایه‌کیش ده‌ستی پێ نه‌کردووه.
ماوه‌یه‌کی کورت له دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕهه‌ڵگیرسا، هه‌رێمی درواسێ هه‌رمه‌نستانی ترکییه، به هیوای وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی به یارمه‌تی ڕووسه‌کان له دژی ترکییه ڕاپه‌ڕی. ژن و پیاوان چه‌کیان هه‌ڵگرت و له هێندێک شوێن له هه‌رمه‌نستان هیچ ترکێک مومکین نه‌بوو له سه‌رخیابانان خۆی ده‌رخا به بێ ئه‌وه‌ی ژیانی له مه‌ترسی نه‌که‌وێ. وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن ئه‌و ڕاپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانه به ده‌ستی ترکییه سه‌رکوت کرا و ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک له شوێنی خۆیان هه‌ڵکه‌ندران و دوور خرانه‌وه.زۆر له هه‌رمه‌نییه‌کان چوونه پاڵ ئه‌ڕته‌شی ڕووسییه و له گه‌ڵ ئه‌وان که‌وتن.سه‌باره‌ت به‌و ده‌رکردنه و ئه‌و کوێره‌وه‌ریانه‌ی به‌دوویدا هات، چاپه‌مه‌نی هه‌رمه‌نی زۆر ڕاپۆرتیان بڵاو کرده‌وه، ته‌نانه‌ت بێ شه‌رمییان گه‌یانده ئه‌و ڕاده‌یه ئه‌فسه‌ره‌کانی هێزه‌نێوه‌ندییه‌کان تاوانبار بکه‌ن به دنه‌دانی ترکه‌کان بۆ کوشتووبڕ و کرده‌وه‌ی بێ به‌زه‌یانه.به‌ڵام، هیچ باسی ئه‌وه‌یان نه‌کرد بۆچی ترکه‌کان ئاوا توند و تیژ جووڵاونه‌ته‌وه.
بێگومان، خوێنه‌وه‌رانمان وه‌بیریان دێ، ماوه‌یه‌ک به‌ر له هه‌ڵگیرسانی شهر، ڕووسییه و ئینگلیستان ئێرانیان له نێو خۆیاندا دابه‌ش کردبوو. ڕووسییه سه‌رووی ئێران و، ئینگلیستان خوارووی ئێرانی هه‌ڵگرت. نێوی ئه‌و شوێنانه‌یان نا " مه‌ڵبه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندی". سابڵا‌غ له مه‌ڵبه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسییه دایه و له ئاکامدا تا ده‌ره‌جه‌یه‌ک له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئیداره‌ی ڕووسییه دا بوو. تا 2ی دیسامبری 1914 پڕیشکی ئاوری شه‌ڕ نه‌گه‌یشته سابڵاغێ. له‌و ڕۆژه دا ڕووسه‌کان ئه‌و شاره‌یان به جێهێشت. له نێو ئه‌واندا کونسوولی ڕووسییه ش هه‌بوو، که لووتێرییه‌کی فه‌نلاندی بوو و له‌گه‌ڵ میسیۆنێره‌کانی ئێمه زۆر مێهره‌وانانه جووڵابووه‌وه [ مه‌به‌ست ڕه‌حمه‌تی ئالێکساندر ئیاسه - تێبینی حه‌سه‌نی قازی ]. دوای ماوه‌یه‌کی کورت ئه‌و پیاوه گه‌وره و به‌ڕێزه له میاندواو به ده‌ست ئێرانییه‌ک کووژرا. ده‌سته‌یه‌کی پچووکی عه‌سکه‌ری ترک سابڵاغیان داگیر کرد، هێزه‌که‌یان بریتی بوو له کوردی ترکییه له ژێر فه‌رمانده‌ریی ئه‌فسه‌رێکی هه‌رمه‌نی نوێ موسوڵمان که له‌به‌ر ئه‌و له دین وه‌رگه‌ڕانه ده‌رجه‌ی هه‌ڵکشابوو. کورده‌کان توندوتیژ نه‌بوون به‌ڵام له گوێن قشقهڵه تاڵانیان ده‌کرد. به‌تایبه‌تی چه‌ند هه‌رمه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ند له قوربانییه‌کانی ئه‌و تاڵانکارییه بوون. پێگه‌ی میسیۆنی ئێمه‌ش ساف ساف تاڵان کرا. گله‌یی و گازندی که‌شیش فاسوم کارێکی وای کرد هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دزرابوون وه‌ربگیرێنه‌وه.
ترکه‌کان تا مانگی مه‌ی ساڵی 1915، له‌وبه‌شانه‌ی سه‌رووی ئێران خۆیان داکوتابوو، ئیتر چیدیکه چه‌ت له کاری میسیۆنه‌که‌ی ئێمه نه‌خرا.ڕووسه‌کان جارێکی دیکه هه‌ڵه‌سوونیان هێناوه و پێشڕۆییان کرد. ژماره‌یه‌ک له ئێرانییه شیعه‌کان شان به شانی ڕووسه‌کان شه‌ڕیان ده‌کرد [ ده‌بێ مه‌به‌ست له سواره و ده‌ستوپێکوڕه‌ی سهمهدخانی شوجاعوده‌وله بێ – تێبینی حه‌سه‌نی قازی ]،ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌و دوژمنایه‌تییه‌ی له ئاست سونییه‌کان هه‌ستیان پێده‌کرد. کورده سونییه‌کانیش له به‌ره‌ی ترکه‌کان دا بوون. له میاندواو که له سه‌رووی ڕۆژهه‌ڵاتی سابڵا‌غ هه‌ڵکه‌وتووه، هه‌ر دووک هێز تووشی یه‌ک هاتن، هێزی ترکان به شێوه‌ی سه‌ره‌کی له کورده‌کان پێک هاتبوو و له‌و شه‌ڕه دا ئه‌وان سه‌رکه‌وتن. شاری چکۆڵه‌ی میاندواو گیرا، سه‌رکه‌وتووه‌کانی شه‌ڕ ده‌ستیان کرد به تاڵان و کوشت‌وبڕ. ڕووسه‌کان هه‌تا سۆفیان که له سه‌رووی ڕۆژهه‌ڵاتی ته‌ورێزه، ئه‌وشاره‌ی که له‌سه‌ر رێگای هێڵی ئاسنه ڕه‌تێندران و پاشه‌کشه‌یان پێدرا. له ته‌ورێزێ ده‌سته‌ڵاتی کۆنسوولی ئه‌ڵمان پێشی به تاڵان و کوشتاری زیاتر گرت. به‌ڵام، له سۆفیان هێزی ترکه‌کان به ده‌ست ڕووسان جووقه‌واریان لێ بڕا. کۆنسوولی ئه‌ڵمان له ته‌ورێزێ توانی خۆی ڕزگار کا و هه‌ڵێ بۆ به‌غدایێ.
دیسان ڕووسه‌کان جارێکی دیکه گه‌ڕانه‌وه سابڵاغێ و 1000 سه‌ربازی ئێرانیشیان له‌گه‌ڵ هات. ئه‌وانه جه‌ماعه‌تێک شڕه‌خۆر و تاڵانچی بوون و ده‌ستبه‌جێ ده‌ستیان کرد به تاڵان و ڕووتکردنی شاره‌که. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتووان له شاری هه‌ڵاتن. نزیکه‌ی 250 که‌س پیاو، ژن و منداڵ که له‌به‌ر ده‌ستکورتی و نه‌داری خۆیان پێیان وابوو چ هۆیه‌ک نییه هه‌ڕه‌شه‌یان له سه‌ر بێ و له گیانی خۆیان بترسێن، کووژران. نزیکه‌ی 1000 کورد، 200 جووله‌که، و گشت هه‌رمه‌نییه‌کان و مووسڵییه‌کان په‌نایان برده به‌ر پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان، له‌وێ به‌سه‌ر یه‌ک دا که‌وتبوون، هیچ جێیه‌ک نه‌بوو که‌س بتوانێ لێی دانیشێ. ئه‌وه له‌سایه سه‌ری ژه‌نه‌ڕاڵێکی ڕووسی بوو که ئه‌وان ڕزگاریان بوو.
سه‌عات 1ی دوای نیوه‌ڕۆ ڕووسه‌کان به‌و هێزه پشتیوانه‌ی له‌گه‌ڵیان بوو هاتنه‌وه و له سه‌عات 9ی شه‌وێ دیسان ڕۆیشتنه‌وه. ئه‌و جه‌ماعه‌ته قه‌رباڵغه‌ی په‌نایان بۆ خانووی میسیۆن هێنابوو بڵاوه‌یان لێ کرد، یای گودهارت چووه ده‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی برینداران بهێنێ و موداوایان بکا.دیاره، له‌و شوێنه پچووکه‌دا، چ جێیه‌کی وا نه‌بوو ئه‌وان ئۆقره‌ی لێ بگرن. نزیکه‌ی 60 که‌س له حه‌ساری میسیۆن له بن داران ڕاکێشران. زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون. هه‌ر سێ که‌س له‌وانه مردن. ڕۆژه‌کانی دواتر زۆرکه‌سی دیکه که خۆیان له شاخان و باغاندا شاردبووه‌وه، ڕوویان له میسیۆنی ئێمه کرد، هێندێکیان به‌ده‌نیان داڕووشابوو یان به گولله بریندار ببوون. ئه‌وانه مانگی ئووتی ساڵی پێشوو توانیان له پێگه‌ی میسیۆن ده‌رکه‌ون.
هه‌تا مانگی ژووییه‌ی ساڵی 1915 وه‌زع به نیسبه‌ت ئارام بوو، له‌و مانگه دا دیسان ترکه‌کان هاتنه‌وه. دوو هه‌رمه‌نییان به تاوانی جاسووسی کردن بۆ ڕووسه‌کان کوشت. ده‌نا ده‌ستیان له‌که‌سی دی نه‌دا.
له‌مانگی ئۆکتۆبری 1915 ڕووسه‌کان له ژێر په‌نای ئاوری تۆپخانه‌دا پێشرۆیییان کرد. ترکه‌کان له لایه‌کی شاری سه‌نگه‌ریان هه‌ڵکه‌ندبوو و ڕووسه‌کانیش له لایه‌کی دیکه خۆیان داکوتابوو. سابڵا‌غ له دۆڵێک دایه‌و هه‌ر گڤه گڤی مووشه‌کانی به‌سه‌ره‌وه بوو یان زرم وه سه‌ربانه‌گڵێنییه‌کانی ماڵان ده‌که‌وت. ئه‌و تۆپپارانه نزیکه‌ی 6 سه‌عات به‌رده‌وام بوو و ترکه‌کان پاشه‌کشه‌یان کرد. کاربه‌ده‌ستانی شاری لێی سواری ئه‌سپان بوون و چوونه لای ڕووسه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی تکایان لێ بکه‌ن ده‌ست له شاری بپارێزن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یای گودهارت زمانی ڕووسی ده‌زانی، ئه‌گه‌رچی نه‌خۆشیش بوو، له‌گه‌ڵیان چوو.دیسان ژماره‌یه‌کی زۆر داڵده‌یان هێنا بۆ پێگه‌ی میسیۆن. حه‌ولدان و تکا و ڕه‌جا بۆ ئه‌وه‌ی ڕووسه‌کان ده‌ست له شاری نه‌وه‌شێنن کاری خۆی کرد و زیاتر له به‌ر تێکۆشانی کۆنسوولی ڕووسییه و ژنه فه‌ڕانسه‌ییه‌که‌ی بوو که‌پێشی کاره‌ساتێکی گه‌وره گیرا. که‌س نه‌کووژرا به‌ڵام، نه‌یان توانی پێشی ساڵداته ڕووسه‌کان بگرن ژنانی به‌له‌نگاز نه‌که‌نه قوربانی نه‌وسی خۆیان. ئه‌و ده‌می یای گودهارت، بۆ ماوه‌یه‌ک، هیچی له ده‌ست نه‌ده‌هات بۆ خه‌ڵکی شاری، چونکوو چه‌ق و تای تیفۆئید دایگرتبوو و بڕستی لێ بڕیبوو.
10 رۆژ دواتر ڕووسه‌کان دیسان پاشه‌کشه‌یان کرد به‌ڵام سێ حه‌وتوو دواتر هێزێکی گه‌وره‌یان هێنا بۆ شاری بۆ ئه‌وه‌ی سابڵا‌غ به یه‌کجاری داگیر بکه‌ن. له‌مانگی دیسامبری 1915 دا جارێکی دیکه به ده‌ست ترکه‌کان له شاری ده‌ر کران و به‌ره‌و میاندواو ڕه‌تێندران. یای گودهارت که بناوبیر ببووه‌وه یارمه‌تی کرد به ناشتنی ئه‌و ڕووسانه‌ی له شاخه‌کان کووژرابوون و مه‌یته‌کانیان ده‌ستبه‌جێ نه دۆزرابوونه‌وه. ئه‌و جاره ترکه‌کان هێندێک ئه‌فسه‌ری ئه‌ڵمانییان له گه‌ڵ بوو و زۆری پێ گه‌شانه‌وه که‌گوێیان لێ بوو که‌سێک [ گودهارت] به زمانی ئه‌ڵمانی قسه‌یان له گه‌ڵ ده‌کا. ئه‌وان شه‌وی ساڵی نوێیان له گه‌ڵ دانیشتووانی پێگه‌ی میسیۆن تێپه‌ڕ کرد.
له 17ی ژانڤییه‌ی ساڵی 1916 دیسان ڕووسه‌کان هه‌ڵه‌سوونیان هێناوه. دوای چوار ڕۆژ شه‌ڕ له نێوان میاندواو و سابڵا‌غ دا ترکه‌کان ناچار بوون پاشه‌کشه بکه‌ن و سابڵاغیان به جێهێشت. ساڵداته ڕووسه‌کان که هێندێکیان خه‌ڵکی سیبیری و ژماره‌یه‌کیان قازاخ بوون، شاره‌که‌یان داگیر کرد وئه‌وجار شه‌پۆلێکی ترسێنه‌ری سزادان، تێکدان و کوشتن به سه‌ر ئه‌و شاره بێ به‌خته و دێیه‌کانی ده‌وروبه‌ری دا کشا.له به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر له کورده‌کان له ئه‌ڕته‌شی ترکییه دا و شانبه‌شانی ئه‌وان شه‌ڕیان ده‌کرد، خه‌ڵکی کوردی دانیشتووی شاره‌که که‌وتنه به‌ر شاڵاوی قه‌ڵاچۆ کران و قڕ کران.
ڕووسه‌کان سێ شه‌و و سێ ڕۆژ شاریان تاڵان کرد و خه‌ڵکیان کوشت. ئه‌و مروکوژانه هه‌رکه‌سێکیان که‌وتبا به‌رده‌ستی یان ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی ده‌رخستبا ده‌یان کوشت. منداڵی چکۆله‌یان باری داشقان ده‌کرد ده‌یانبردنه چیایان و ده‌یان کوشتن. پیاوان به کۆمه‌ڵ به ده‌ستڕێژی موسه‌لسه‌ل کووژران. ژنان و کچان ته‌نێ به‌وه ڕزگاریان ده‌بوو ئه‌گه‌ر مرۆکوژه‌کان ویستبایان ئه‌تکیان که‌ن. له به‌ر ئه‌وه‌ی پێگه‌ی میسیۆن 7 ئه‌فسه‌ری نه‌خۆشی ڕووسی لێ که‌وتبوو هێرش نه‌کرا سه‌ری. نزیکه‌ی 200 ژن و منداڵ توانیبوویان خۆ بگه‌یێننه پێگه‌ی میسیۆن و له‌وێ داڵده درابوون . ڕۆژ و شه‌و ناڵه و هاواری ئه‌وانه‌ی له‌برینی خۆیاندا ده‌تلانه‌وه و گیانیان ده‌دا وه‌به‌ر گوێیان ده‌هات، تائه‌وه‌ی بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر شاره‌که‌دا کێشا. زۆر خه‌ڵک به یه‌خسیر گیران و بردرانه ڕووسییه. ژماره‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ی کووژران به 10000 که‌س ته‌خمین ده‌کرێ. ئه‌و ژن و کچانه‌ی نه‌یان کوشتبوون به‌شێکیان له گه‌ڵ خۆیان برد. له‌ته‌ورێزێ ژنی کورد یه‌کی به 5 دۆڵار ده‌فرۆشران. له نێو سابڵاغێ دا ژماره‌ی کووژراوان 7670 که‌س بوو که زۆربه‌یان پیاو بوون. که‌شیش فاسوم هه‌ر له ماڵێک دا 150 مه‌یتی دۆزییه‌وه. ڕووسه‌کان ده‌ستیان له جووله‌که‌کان و مووسڵییه‌کان نه‌وه‌شاند و نه‌یان کوشتن. به‌شێکی زۆری شاری کاول کرا. ته‌واوی ده‌وروبه‌ری شاری، تا مه‌ودای دوو ڕۆژه ڕێ تێک و مه‌کان درا. سێ حه‌وتوو له دوای ئه‌و قه‌تڵی عامه مه‌یتێکی زۆر هێشتا نه‌نێژرابوون. سێ حه‌وتوو له‌دوای ئه‌و حوکمی تێڕۆر و توقاندنه فه‌رمان درا به میسیۆنێره‌کان شاره‌که به جێ بهێڵن. دووڕۆژیان مۆڵه‌ت درایه خۆیان کۆ که‌نه‌وه. ڕووسه‌کان به‌ڵێنیان پێدان مڵک و که‌لوپه‌له‌کانیان بپارێزن به‌ڵام، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی میسیۆنێره‌کان بڕۆن ده‌ست کرا به تاڵانی شته‌کانیان. به‌شێک له که‌لوپه‌له‌کانیان له لای جووله‌که‌یه‌ک ئه‌نبار کرابوو، ئه‌وانه ئه‌وده‌می ده‌ستیان لێ نه‌درا، به‌ڵام 8 ڕۆژ دواتر ئه‌وانیشیان برد.
دواتر یای گودهارت به چاوی خۆی دیتی که دووکه‌شه‌فی زێو، چه‌رخێکی دروومان وکه‌لوپه‌لی دیکه‌ی که ئی خۆی بوون له خیابانه‌کانی ته‌ورێزێ ده‌فرۆشران، ئه‌گه‌رچی ڕووسه‌کان کاغه‌زیان بۆ مۆر کردبوو ده‌ستیان لێ ناده‌ن. هه‌رمه‌نییه‌کانیش له‌و تاڵانه دا به‌شدارییان کرد. ئه‌وان ناقووسی پێگه‌ی میسیۆنیان دزی بوو و بردبوویان بۆ کلیسایه‌کی خۆیان له مه‌راغه. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر له بنه‌ماڵه هه‌رمه‌نییه‌کان ساڵی بێشتر له نێوان 2ی دیسامبر تا 29ی مه‌ی دا میسیۆن په‌نای دابوون و پاراستبوونی.
میسیۆنێره غه‌واره‌کان چوونه ته‌ورێزێ که مه‌قسه‌دی هه‌ره نزیکیان بوو. چه‌ندین نه‌فه‌ر وشتر و چه‌ند سه‌ر ئه‌سپیان له به‌رده‌ست نرا بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره. کاروانه‌که‌یان 20 که‌س ده‌بوو، که 10یان منداڵ بوون، میسیۆنێره‌کان خزمه‌تکاره‌کانیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد. 10 ڕۆژی کێشا هه‌تا بگه‌نه ته‌ورێزێ. له ڕۆژه‌کانی یه‌که‌می سه‌فه‌ره‌که‌یاندا به ڕێگاوه جگه له مه‌یتی خه‌ڵکی کووژراو و کاولکاری نه‌بێ هیچی دیکه‌یان به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت. له نوخته‌یه‌ک 50 مه‌یتیان بژارد که‌له‌سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که کرابوون. هێندێک له مه‌یته‌کان ده‌ست و لاقیان نه‌مابوو، ئاژه‌ڵان ده‌میان تێ نابوون و خواردبوویانن. له جۆگه‌یه‌ک دا نزیکه‌ی نیوسه‌عاته ڕێیه‌ک له دێیه‌که‌وه، مه‌یتی 100 منداڵانیان چاوپێکه‌وت.
ئه‌و منداڵانه‌ی له گه‌ڵ کاروانه‌که بوون له پێش هه‌مواندا مه‌یته‌کانیان دیبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زستان بوو، سه‌فه‌ری ئه‌و کاروانه زۆر زه‌حمه‌ت بوو.زۆرجار به‌ده‌نیان له به‌فر دا ده‌خووسا و شه‌ڵواریان به ئه‌ژنۆیانه‌وه ده‌یبه‌ست.جار جار ئه‌گه‌ر ڕۆژ سه‌ری له‌بن هه‌وران ده‌رهێنابا، سه‌رو چاوی ده‌سووتاندنه‌وه، بۆیه هه‌موو ڕوویان بلۆقی ده‌رکردبوو.
له‌وکاروانه دا دوومنداڵ تووشی سوورێژه بوون، هه‌رچۆنێک بوو ده‌بوو له‌گه‌ڵ خۆیانیان به‌رن و نه‌ده‌کرا به جێیان بهێڵن. دواجار، له 21ی فێڤرییه‌ی [ 1916] گه‌یشتنه ته‌ورێزێ. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوورێژه‌دار بوون هیچ ماڵێک وه‌خۆی نه‌ده‌کردن. ئاخره‌که‌ی ماڵێکی چوار ژوورییان به کرێ گرت. له‌و ماڵه‌دا 13 که‌سی که له کاروانه‌که‌دا بوون دامه‌زران. منداڵێکی دیکه‌ش تووشی سوورێژه بوو و منداڵێکیش به ئازاری سیل مرد.
میسیۆنیڕه‌کان تا 2ی ژووییه‌ی 1916 له ته‌ورێز مانه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چ ئاسۆیه‌کی ڕوونیان بۆ چوونه‌وه و کار کردنه‌وه له پێگه‌که‌یان به‌دی نه‌ده‌کرد، ئاخری بڕیاریان دا بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌مریکا. ئه‌و شتانه‌ی مابوویانه‌وه فرۆشتیانن بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌نه خه‌رجی سه‌فه‌ری رێگایه و هێندێکیشی بده‌ن به‌و منداڵانه‌ی که بۆ به‌ڕێچوونیان به‌وان به‌سترابوونه‌وه و به‌گردبڕی چ ده‌روویه‌کیان شک نه‌ده‌برد.
ئه‌وان ئێرانیان به‌جێ هێشت. که‌شیش فاسوم و یای گودهارت دوای سه‌فه‌رێکی پشووبڕ و دژوار به ڕووسییه و تێپه‌ڕین به تفلیس، مۆسکۆ، پێتڕۆ گڕاد و دوایه به فه‌نلاند و سوێدێ دا به که‌شتییه‌کی نۆڕوێژی گه‌یشتنه‌وه ئه‌مریکا.
* ئه‌م سه‌رنووسه له لایه‌ن نووسه‌ره‌وه داندراوه
** به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی که نه‌مر ل.ۆ. فاسوم (L.O.Fossum ) بۆ گه‌لی کوردی داناوه.
*** ئه‌و ژماره‌ی کوردستان میشنێری له‌به‌رده‌ست نووسه‌ر دا نه‌بوو. زۆرسپاسی خانمی کاترین لوندین
(Catherine Ludeen) ئارشیویستی سه‌ره‌کی کلیسای لووتێری ئینجیلی ئه‌مریکا له شیکاگۆ و یای کاره‌ن
تێریل (Karen Terrill ) كچی برازای نه‌مر ئاگوستا گودهارت ده‌که‌م بۆئه‌وه‌ی گه‌وره‌ییان کرد و ئه‌و
ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری یان له به‌ر ده‌ست نام
No comments:
Post a Comment