نامه‌کانی یای ئاگوستا گودهارت له لووتێران ئۆریانت می‌شن دا
نامه‌کانی یای ئاگوستا گودهارت له ' لووتێران ئۆریانت می‌شن ' دا
حه‌سه‌نی قازی
یای ئاگوستا گودهارت له هه‌موو میسیۆنێرییه‌کانی دیکه‌ی لووتێری زیاتر له کوردستان ژیا، دیاره جگه له یای مارتا داڵ ( میس داڵ خانم ) نه‌بێ که له سابڵا‌غ مایه‌وه و له‌وێ بنه‌ماڵه‌ی پێکه‌وه نا. گودهارت له سه‌ره‌تای چالاکییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی لووتیری میسیۆنی ڕۆژهه‌لات له سابڵا‌غ و ده‌ور و به‌ری تا داخرانی پێگه‌که‌یان له ساڵی 1936له‌وێ خزمه‌تی به خه‌ڵک کرد و ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ناچار کران له سابڵا‌غ بڕۆن ماوه‌یه‌ک له ته‌ورێز و تاران و ئابادان کاری کرد و له ساڵی 1940 بۆ یه‌کجاری گه‌ڕاوه ئه‌مریکا.
ئه‌وم نامه‌یه‌ی خواره‌وه یای گودهارت له ژماره‌ی 2ی ' لووتێران ئۆریانت می‌شن' ی مانگی مارسی 1931 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه:
پێگه‌که‌مان له ئێرانێ، هێندێک بڕگه‌ی ئه‌و نامانه‌ی له‌و دواییانه دا پێمان گه‌یشتوون:
" ئه‌وه زۆر باش بوو بۆ ماوه‌ی حه‌وتوویه‌ک له گشت کاره‌کانم دوور که‌وتمه‌وه ئه‌و ده‌مه‌ی که چووم بۆ وڕمێ بۆ به‌شداری له " کۆنفرانسی [ میسیۆنێرییه‌کان ] له ئێران" یه‌کێک له نه‌خۆشه‌کانی خۆم له گه‌ڵ خۆم برد و ئه‌وه‌ش هیچ ده‌رفه‌تی حه‌سا‌نه‌وه و دوور که‌وتنه‌وه له ئه‌رکه‌کانمی پێ نه‌دام. چه‌ند ڕۆژی یه‌که‌م ئه‌و ژنه‌زۆر نه‌خۆش بوو، و ده‌بوو ده‌ق به‌وه‌ش بگرێ له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی دیکه دابێ. ئه‌من کاتێک نه‌خۆشخانه‌کانمان له سابڵا‌غ به جێ ده‌هێڵم هه‌میشه ئی وای لێیه له نه‌بوونی من دا تووشی ڕه‌نجێکی زۆر ده‌بێ. یه‌ک له نه‌خۆشه‌کانمان که له‌و دواییانه مرد ئه‌وه‌نده‌ی کار لێکردم هه‌تا حه‌وتوویه‌ک ناساز بووم و به جێ و بان لێی که‌وتم. هیوادار بووم بیگه‌یێنمه نه‌خۆشخانه‌یه‌کی باشتر، و له ڕێگایه له ماشێنه‌که‌م دا مرد. ئه‌و ژنێک بوو که کێشایی هه‌ر 250 پاوند ده‌بوو. مرۆ ببێ به دوکتوری دۆستانی خۆی وه‌نه‌بێ هێنده‌ش خۆش بێ. له ده‌ست دانیان زۆر سه‌خته، ده‌زانی ئه‌م کوردانه گشت ئه‌وه‌ن که ئه‌من وه‌ک دۆست لێره شکیان ده‌به‌م و ئه‌گه‌ر شتێک ڕووده‌دا ئه‌وان جار جار ده‌ڵێن: " ده‌زانی، ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه دۆستی تۆ نه‌بووبایه ئه‌وه ڕووی نه‌ده‌دا". دیاره زیاتر له‌وه‌ش ده‌ڵێن، به‌ڵام ئه‌وه دواتر به گوێم ده‌گاته‌وه، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێوه‌ش له وڵات دواتر له منه‌وه ده‌یبیستن.
ئێوه ده‌ڵێن ئێوه له وڵات هێندێک کار ده‌که‌ن، بریا زانیباتان ئێمه لێره چ ده‌که‌ین. ته‌ركی هێندێک له شه‌قامه‌کانی ئێڕه خشتی تێگیراوه. پیاوان ئێستا کڵاوێکی تازه [ کڵاوی په‌هله‌وی] له سه‌ر ده‌نێن. له عیشای خوڵایه ئێستا چه‌ند فایتوونێک هه‌یه ده‌توانین به کاریان بهێنین. ئه‌وه‌ی که ئێمه زیاتر پێداویستیمان پێیه‌تی ئه‌وه‌یه که خیابان یان کۆڵانی ده‌روازه‌ی ماڵی فه‌رماندار هه‌موو ڕۆژێ ته‌سکتر ده‌بێته‌وه.
پێنجشه‌مۆی ڕابردوو، زارووحی و ئه‌من چووینه سه‌ر شایی له دێیه‌ک. ئێمه هه‌موو ڕۆژه‌که له‌وێ بووین. له‌و ڕۆژه دا بووکیان نه‌هێنا بۆیه چاومان به بووک نه‌که‌وت.ئه‌و ڕۆژه 7 دۆڵارم بۆ کرێی ماشین که بۆ ڕۆژێک به ده‌ربه‌ست به کرێمان گرتبوو و نزیکه‌ی 10 دۆڵاریشم بۆ دیاری بردن بۆ ئه‌و داوه‌ته خه‌رج کرد، ئاوا بۆتان ده‌رده‌که‌وێ لێره چوونه سه‌ر شایی چه‌نده‌ی تێ ده‌چێ. خاوه‌ن شاییه‌که ماڵی ئاغا ( خاوه‌نی گوند) بوون و له‌گه‌ڵ من زۆر باشن جا بۆیه نه‌ده‌کرا به‌ده‌ستی به‌تاڵ وه‌ک که‌سێکی فه‌قیر بچمه وێنده‌رێ. ئه‌وان پێیان وایه ئه‌مریکاییه‌کان دراوێکی یه‌کجار زۆریان هه‌یه. هیچ باوه‌رمان پێ ناکه‌ن کاتێک ده‌ڵێین ئێمه چ دراومان نییه. له 27 ی مانگ [ ده‌کرێ 27ی نۆڤامبر یان دیسامبری ساڵی 1930 بێ. ح.ق] ئێمه چووینه سه‌ر شاییه‌کی دیکه. ئه‌وه داوه‌تێکی زۆر گرینگ نه‌بوو چونکه پیاوه‌که سێ ژنی هه‌یه. به‌ری به‌یانی بووکیان هێنا و چه‌ترێکیان له سه‌ر هه‌ڵدا بوو، پێیان وایه چه‌تری کراوه به سه‌ر بووکه‌وه پێوقه‌ده‌می باش ده‌کا. دیاره، به هه‌بوونی 3 ژن له ماڵێ دا، هه‌موو که‌س حه‌وجێی به شانس و به‌ختێکی باشتر هه‌یه. بووک کچی تاقانه‌ی پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو.
ئه‌م حه‌وتوویه یه‌کێک له کچه‌کانی شێخی [ گودهارت نێوی ئه‌و شێخه‌ی نه‌نووسیوه] و برایه‌که‌ی له شارین. ئه‌ویش شێخه -- به دڵنیاییه‌وه جۆره شێخێک،جگه له‌و شێخه و خانمه‌که‌ی و خوشکه‌که‌ی، خانمه‌کانی ماڵی قازی و چه‌ند که‌سێکی دیکه بۆ نانی نیوه‌ڕۆ میوانم بوون، به گشتی هه‌شت که‌س، ئه‌وه جگه له خزمه‌تکار و منداڵه‌کان که هه‌موویان کۆخه ڕه‌شه‌یان بوو. ئه‌من داوام له خانمه‌کانی ماڵی قازی کردبوو منداڵه‌کانیان له گه‌ڵ خۆیان نه‌هێنن. جا بۆیه مه‌جلیسه‌که زۆر قه‌ره‌باڵغ نه‌بوو. هه‌موو شتێک به شێوازی کوردی ڕێک خرابوو.ئێمه‌له سه‌ر عه‌رزی به ده‌وری سفره‌وه دانیشتین و که‌وچکیشمان به کار هێنا که ئێستا کورده‌کانیش فێر بوون به‌کاری بهێنن.
ئه‌وان ئیدی وه‌ک جا‌ران سه‌عات 10 یان 11 نانی نیوه‌ڕۆ ناخۆن به‌ڵکوو سه‌عات 12 یان 12.30. جار جار سه‌عات 3ش نانی نیوه‌ڕۆ ده‌خۆین.هه‌موو خانمه‌کان به‌ر له نانخواردن و دوای نانخواردن ده‌ستیان شوشت. دوایه دیسان چاییمان خوارده‌وه. دوای ئه‌وه هه‌موویان ده‌ستنوێژیان گرت بۆ نوێژ کردن. ئه‌وه‌م زۆر به‌لاوه خۆش بوو ئه‌وان ماڵی منیان ئه‌وه‌نده پێ خاوێن بوو که نوێژی تێدا بکه‌ن.
سه‌رتاسه‌ری ئه‌و هاوینه‌ی ئه‌من ئه‌وه‌نده‌ی پێم ده‌کرا و له ده‌ستم ده‌هات کاری ده‌رمانگه‌یه‌کم هه‌ڵسووڕاند. گوله‌کانیان له شاری ده‌ر کردووه جا بۆیه ئه‌وه کارێکی زۆر زیاتری خستبووه سه‌ر ئه‌ستۆم. چونکه ئه‌وان به ته‌پۆڵکه و به‌رزاییه‌کانی ده‌وری شاری دا بڵاو بوونه‌ته‌وه و ده‌بێ ئه‌و ڕۆن و ده‌رمانه‌ی پێویستییان پێی هه‌یه به ده‌ستیان بگا. هێندێکیان ده‌بێ ئه‌و شتانه‌یان بۆ ببردرێ چونکه بۆخۆیان ناتوانن بێنه نێو شاری و ئه‌گه‌ر ده‌رمانیان پێ نه‌گا ده‌رنابه‌ن. ئه‌وان برینه‌کانیان به خاوێنی ڕاناگرن و زۆر جار برینه‌کانیان لێیان پیس ده‌کا و له جیاتی چاک ببنه‌وه خراپتر ده‌بن. له دێیه‌کانی ده‌ور وبه‌ر له‌رز و تایه‌کی زۆر ناخۆش بڵاو بووه‌ته‌وه و ئێمه له شاری نه‌مان ده‌زانی ده‌توانین چی له گه‌ڵ بکه‌ین. چونکه هیچ دوکتوری باشمان نییه جابۆیه بۆ زۆر له نه‌خۆشیان ده‌بێ خۆمان به حه‌ول و ته‌وه‌کولی خوڵای بسپێرین.
موسوڵمانه‌کان زۆر به خێرایی له ژیان دا پێش ده‌که‌ون. ڕۆژی جومعه‌ی ڕابردوو مه‌دره‌سه‌ی کوڕان له باغی شاری دا شانۆیه‌کیان پێشکێش کرد. پێی ده‌ڵێن باغی " شێر و خورشید " وه‌ک خاچی سووری ئێمه. بۆ دیتنی شانۆیه‌که مه‌دره‌سه‌کان هه‌موو بڵیتی خۆڕاییان درابوویه. ئه‌من له‌گه‌ڵ 15 کچی موسوڵمان چووم بۆ دیتنی ئه‌و شانۆیه. ئه‌وان گشتیان ته‌مه‌نیان له نێوان 16 و 17 ساڵان دا بوو. بیری لێ بکه‌وه، ئه‌وان بۆیان هه‌یه تا سه‌عات شه‌شی ئێوارێ له خیابانان بن و بچنه تیاتورێک که هه‌م ژن و هه‌م پیاوی لێیه. له ته‌ورێزێ ئێمه ژنێکمان دی له سه‌ر مۆتۆڕسیکلێتێک به ته‌نیشت پیاوێکه‌وه دانیشتبوو. گشت ئه‌و شتانه به پێچه‌وانه‌ی قانوونی وڵات و دینه‌که‌یانه. به‌ڵام ئێستا ئیدی که‌س زۆر گوێ ناداته ئه‌و له‌مپه‌ر و به‌رهه‌ڵستانه! ئه‌وان به کاری خۆیانه‌وه خه‌ریکن. ئه‌و میسیۆنێرییانه‌ی ئێستا له ئێران کار ده‌که‌ن ده‌بێ کارێکی وا بکه‌ن له خه‌ڵکی وه‌دوایه نه‌که‌ون. ئیدی ئه‌و زه‌مانه نه‌ماوه میسیۆنێرییه‌کان ده‌بوو هێندێک خه‌به‌ری چکۆڵه بۆ خه‌ڵک بگێڕنه‌وه.ئێستا به پێچه‌وانه ئه‌وان باسی ئه‌وشتانه‌مان بۆ ده‌که‌ن که ئێمه ده‌مانه‌وێ یان نامانه‌وێ بیان زانین. کاتێک ئه‌و نامه‌یه‌تان به ده‌ست ده‌گا ده‌بێ بووبێته ژانڤییه‌ی 1931. ئه‌من هیوادارم ساڵی دادێ بتوانم باشتر کار بکه‌م.
هه‌ر ئێستا کچێکی پچکۆڵانه له ژووره‌که‌مه، ئه‌و کچی ئاغای قوم قه‌ڵایێ یه. له ماڵی خۆیان نه‌خۆش ده‌که‌وێ و ده‌یبه‌نه لای هه‌ر دوکتورێک گوتوویه ده‌مرێ جا بۆیه وه‌ک دوایین چاره هێناویانه‌ته لای من. ئه‌و کچه نه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌یه که ده‌مبرد بۆ نه‌خۆشخانه له ڕێگایێ مرد و پێشتر باسم کرد. ئێستا ئه‌وه جارێکی دیکه هاتوونه‌ته‌وه لای من. ئه‌وان هێشتاش باوه‌ڕم پێ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر کارێکم له ده‌ست بێ بۆ منداڵه‌کانیانی ده‌که‌م. ئه‌و منداڵه ته‌مه‌نی 12 ساڵه و له کوڕی پووری نیشانه کراوه. ئه‌ویان به سواری عه‌ڕابه‌یه‌ک هێنا که دوو که‌ڵ ده‌یکێشن. له پێشدا ترسم بوو ده‌رده باریکه، ئازاری سیلی هه‌بێ، به‌ڵام زوو بۆم ده‌رکه‌وت تووشی سه‌تڵوجه‌م بووه و تایه‌کی کۆنی مالاریای هه‌یه. ئه‌وه ئێستا یازده ڕۆژه هه‌ر له‌م ژووره‌ی دا بۆخۆم لێی ده‌نووم خستوومه. له شه‌ش ڕۆژی یه‌که‌م دا ژنێک و منداڵه به‌رمه‌مکانه‌که‌شی له لام بوون، و ئێمه هه‌ر سێکمان له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵه شێره‌خۆره‌یه له ژوورێکی پچکۆڵه دا ده‌نووستین.
ئیمزا: یای ئاگوستا گودهارت. "
له ژماره‌ی 6ی ساڵی 23ی ' لووتێران ئۆریانت می‌شن ' نۆڤامبری 1931 دا به‌شێک له ڕاپۆرتی سێ مانگانه‌ی یای گودهارت بڵا کراوه‌ته‌وه. " ڕاپۆرتی سێ مانگانه‌ی نه‌خۆشه‌وانه‌که‌مان یای گودهارت له سابڵاغه‌وه:
" له‌و سێ مانگه دا ئه‌من له ده‌رمانگه 381 نه‌خۆشم موداوا کردووه. نۆزده نه‌خۆشیش له ماڵی خۆیان موداوا کراون. له‌و ماویه دا شه‌ش جار سه‌ردانی لادێیانم کرد. به‌گشتی هه‌ر نه‌خۆشه‌ی 31 ڕۆژ له نه‌خۆشخانه که‌وتووه. ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌کان توانای ماڵی‌یان هه‌بێ ئه‌من دراوی له نه‌خۆشخانه که‌وتن و خوردوخۆراکیان لێ وه‌رده‌گرم. وه‌ک له ڕاپۆرته‌که‌م دا ده‌بینن ده‌رمان زۆر گرانه و ئێمه ده‌بێ زۆربه‌ی بده‌ین به خه‌ڵکی هه‌ژار و نه‌دار، چونکه زۆربه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژارو نه‌دار دێنه لای من بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تییان بده‌م. ڕاسته، زۆر له خانمه‌کانی ئه‌فسه‌رانی ئه‌ڕته‌شی ئێرانیش دێنه لامان، به‌ڵام ئه‌من هه‌میشه ناتوانم ئه‌وه‌نده دراوه‌ی پێم خۆشه لێیان بستێنم ،هه‌ر له‌و ماوه‌ی سێ مانگه دا ئه‌من سه‌ری گونده‌کانی " سه‌رده‌رابات" و " حه‌مامیان" م دا، ئه‌و دێیانه له نزیک بۆکانن. هه‌ژده ڕۆژ له‌وێ بووم. ئه‌و کاته‌ی له " سه‌رده‌رابات" بووم چه‌ندین چار چوومه لادێیه ده‌وروبه‌ره‌کانیشی. ڕۆژێکیان چوومه
" قۆڵغه‌ته‌په"، له‌وێ خوشکی ئاغاژنی دێی " ئیندرقاش" ژنی خاوه‌نی دێیه‌که‌یه.له‌وێ ئه‌و که‌یبانووه چێشت و خۆانێکی به پێی فیلان بۆ ساز کردبووم به‌ڵام شه‌وێکی هه‌تا بڵێی ناخۆشم لێ ڕابوارد، و کاتێک گه‌ڕامه‌وه سۆفی [ سه‌فییه!!] خانمی ژنی سه‌ردار ( به ئه‌گه‌ری زۆر مه‌به‌ست له عه‌لی خانی سه‌رداری بۆکانه - ح.ق) نه‌یده‌هێشت له ده‌رکه‌ی ماڵێی وه‌ژوورێ که‌وم. ئه‌و گوتی " جارێ بچوو و ئاوێک به خۆت داکه، جا دانیشته، چونکه ده‌زانم ئه‌تووش حاڵت له سه‌ردار باشتر نییه کاتێک له‌و دێیه ڕا هاته‌وه".
'حه‌مامیان' یه‌کێک له‌و گوندانه‌یه که له به‌رده‌ست پووری سه‌ردار دایه. ئه‌من به ڕێگای ' سۆفی خانم' ی ژنی سه‌رداره‌وه پێم له‌نێو ئه‌و بنه‌ماڵانه دا کراوه‌ته‌وه.
هێشتا هیوام دارم ئامرازه‌کانم به ده‌ست بگا به‌ڵام هێنانی گاز و هه‌موو جۆره ویشکه‌بارێک بۆ نێو وڵات قه‌ده‌خه کراوه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک له ژێر هێندێک هه‌لومه‌رج دا له گه‌ڵ خۆی بیانهێنێ.
گوله‌کان ئیزنیان پێدراوه بگه‌ڕێنه‌وه ئاوه‌دانییه کۆنه‌که‌ی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی سابڵاغێ. به‌ڵام ئه‌وان له چاوه‌خانووییه‌کی قوڕێنه نه‌بێ چی دیکه‌یان زیاتر نییه و چاڵاوه‌که‌شیان کوێر بووه‌ته‌وه. نزیک له شوێنه‌که‌یان چ ئاویان نییه. میسیۆنه‌که‌مان هێندێکی دراو دانێ، و ئه‌من بۆخۆشم دیاریی تایبه‌تیم دا به سێ له کچه‌کان.سێ له کچه‌کان دیوێکیان بۆخۆیان ساز کردووه و ده‌رگای هه‌یه، به‌ڵام نازانم ئه‌و زستانه چی‌یان لێ به‌سه‌ر دێ. گوله‌کان بیست و شه‌ش که‌سن و به هه‌موویان دوو دیویان هه‌یه. دوویان پیاون و ئه‌وانیدی هه‌موو ژن و کچن. هێندێک له پیاوه گوله‌کان که حکوومه‌ت پێشتر هه‌موویانی ناردبوو بۆ " میاندواو" له‌وێوه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌مان میسیۆنی لووتێری ڕۆژهه‌ڵات ده‌سته‌نگه ئه‌من ناوێرم به‌ڵێنێکی زۆر نه به گوله‌کان خۆیان یان به حکوومه‌ت بده‌م له سه‌ر ئه‌وشتانه‌ی که ئێمه له وانه‌یه له ده‌ستمان بێ بۆیان ئه‌نجام بده‌ین. به‌لێنم داوه به هێندێک له کچه گوله‌کان که یه‌رمه‌تییان پێبکه‌م بۆ سازکردنی دیوێک."
برایان، بۆ ده‌مێکی کورتیش بێ بیرێک له‌م گولانه بکه‌نه‌وه. ئه‌وان له‌شیان نه‌خۆشه - ترسێنه‌رانه‌ش نه‌خۆشه و ته‌نانه‌ت بۆ خۆشیان بێز له خۆیان ده‌که‌ن- له‌وه‌ش گه‌وره‌تر نه‌خۆشی ڕوح و ڕه‌وانیانه. هه‌لومه‌رجی به‌دنیان پێیان
ده‌ڵێ کۆتایی ژیانیان زۆر دوور نییه.روحیان له حه‌سره‌ت ڕزگاری دا و دڵنیا بوون له‌وه‌یه که گوناهانیان ببه‌خشرێ. ئه‌وان به دووی خوڵای خۆشه‌ویست دا ده‌گه‌رێن. هیچ که‌س نا به‌ڵام میسیۆنێرییه عیساییه‌کانی ئێمه ده‌توانن ڕێگایان پێشان ده‌ن و ده‌شیده‌ن.
....................................
ده‌سته گوله‌کان له ئاست بابه‌تی روحانی زۆر به‌سوێوه‌ن و له‌و ڕووه‌وه زۆر گوێقوڵاغن. ئه‌وه‌ش خۆزاییه چونکه کاتێک ئینسان له ته‌نگانه دایه خۆی به حه‌ول و قوه‌تی خوڵای ده‌سپێرێ....... ئه‌من وه‌بیرم دێ له یه‌کێک له سه‌رده‌کانم له کاوله‌که‌یاندا زۆر کارتی وێنه‌ی مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانم دێ که له هێندێک له میسیۆنێرییه‌کانی ئێمه‌یان وه‌رگرتبوو و به ڕێزه‌وه هه‌ڵیان گرتبوون و پاراستبوویانن [ مه‌به‌ست له یای هاننا شوێنهووده که‌له یه‌کێک له نووسینه‌کانی خۆیدا باسی دانی ئه‌و دیارییانه‌ی به‌و ئینسانه به‌له‌نگازانه کردووه.ح.ق)
گرفتی ئه‌و گولانه کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له به‌ر ده‌م میسیۆنه‌که‌مان دا."
' لووتێران ئۆریانت می‌شن' له ژماره4ی ساڵی 23 ی دا ، ژووییه‌ی 1933 نامه‌یه‌کی دیکه‌ی یای گودهارت ی بڵاو کردووه‌ته‌وه که بۆ ئاڵفرێد بێورگر سێکرێتێری به‌ڕێوه‌به‌ری و خه‌زێنه‌داری کۆمه‌ڵه‌که‌یانی نووسیوه:
" 1 ی ئاوریلی 1933
جه‌نابی بێور‌گری عه‌زیز:
له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌ی ڕابردوو دا ئه‌من زۆرم حه‌ول داوه بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی گوله‌کانی ناوچه‌ی سابڵاغێ ساخ بکه‌مه‌وه، ده‌گوترێ دانیشتووانی ئه‌م ناوچه‌یه بریتییه له 100000 کورد. ئه‌من 96 گولم دیوه‌ته‌وه، که زۆربه‌یان له‌م شاره دا و شاره‌کانی نزیکن. هێندێکیان له دێیه‌کان و له بنه‌ماڵه‌ی ئاغاکانن.
ئه‌م به‌شه‌ی ئێران زستانان هه‌وای ساردتره له جێی دی و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی تووشی نه‌خۆشی گولی دێن که‌متر بێ. له باشووری [ئێران ] نه‌خۆشیی گولی و مالاریا زیاتره.
له سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌توانم بڵێم ، گشتیان کاتێک دێنه لای من که زۆری لێ پیس کردوون و ئه‌ندامێکی له‌شیان پێوه‌چووه و چاره‌یه‌کی ئه‌وتۆی بۆ ناکرێ. کاتێک ئاغای دێیه‌که له دێیه‌که‌ی خۆی ده‌ریان ده‌کا، ئه‌وان ده‌چنه دێی گولان ئه‌و جۆره‌ی ئێمه نێومان له سه‌رپه‌نایه‌که‌یان ناوه. ئاغای ئه‌و دێیه، وه‌ک ڕه‌نگه ئێوه بزانن،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له نێو دێیه‌که دا ڕایان ناگرێ، ئه‌گه‌ر حه‌وجێیان به ئاگاداریی ده‌رمانی هه‌بێ، ده‌یاننێرێ بۆ ده‌رمانگه‌ی میسیۆن. ئه‌وان له ڕۆژانێکی دیاری کراو دا دێن بۆ ده‌رمانگه و ده‌رزییان لێ ده‌درێ. ئه‌من خۆم هه‌ر دوو حه‌وتووی جارێک ده‌چم بۆ دێی گولان.ئه‌گه‌ر بێتوو ڕووداوێکی له‌پڕ بێته پێشێ هه‌ر کاتێک بیانه‌وێ ده‌کرێ بێنه لامان. ئه‌من ده‌نێویان دا چه‌ند که‌سێكم دیوه‌ته‌وه که ئازاری ده‌رده‌باریکه‌یان هه‌یه و بۆ ماوه‌ی درێژ له گه‌ڵ گوله‌کان ژیاون و ئه‌وه‌ش ده‌کرێ کار له برینه‌کانیان بکا و ئه‌و نه‌خۆشییه‌شیان تووش کا.پێرێژنێک له دێیه‌که که کاری حه‌کیمی ده‌کا بۆ خۆی سیلداره و ده‌توانێ تووشیان کا.
ئێمه بۆ موداوای گوله‌کان ڕۆن و ده‌رمانی دیکه‌ی وا له لایه‌ن Leper Association ( کۆمه‌ڵه‌ی گولپارێزان)وه ڕائه‌سپێردراوه به کار ده‌هێنن. هاوینان که ئاو که‌مه، گشت گوله‌کان ده‌چنه قه‌راغ چۆمی و له‌وێوه نه‌خۆشییه‌که‌یان بڵاو ده‌که‌نه‌وه و له‌وێ له‌وانه‌یه مێشووله پێوه‌یان بدا و ئه‌و جار مێشووله‌کانیش به نۆری خۆیان باغچان و خه‌ڵکی دی تووش ده‌که‌ن.
به ئاسایی گوله‌کان خواردنیان باشه، زیاتر خواردنی خۆیان به سواڵ په‌یدا ده‌که‌ن یان خزم و که‌سوکاریان بۆیان ده‌هێنن. ئه‌وانه‌ی که بۆ خۆراکیش پێویستییان به یارمه‌تی هه‌یه میسیۆن ئه‌و یارمه‌تییه‌یان پێ ده‌کا. ئێمه هه‌ر وه‌ها جلوبه‌رگ و نوێن وبان و پێداویستی نێوماڵیشیان ده‌ده‌ینێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا له سه‌ر هێنانی هه‌موو جۆره ده‌رمانێک ماڵییات داندراوه، نرخی ده‌رمان له ئێرانێ زۆر گرانه.
کاری ده‌رمانگه ئه‌م زستانه زۆر زیاتر له جا‌ران بوو به‌ڵام دراوێکی زۆر که‌ممان له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پێدراوه. به ئاسایی ژنان بۆ موداوا ده‌هێننه لای من و زۆربه‌یان دراوێکی زۆر که‌م ده‌دن. هه‌ڵبه‌ت، خه‌ڵکی هه‌ژار ئازاری گه‌وره ده‌چێژن و ئه‌گه‌ر بتوانن خۆیان بگه‌یێنه ده‌رمانگه‌که‌مان ئێمه به خۆڕایی و بێ به‌رامبه‌ر موداوایان ده‌که‌ین. له کاتی به‌شینه‌وه‌ی ده‌رمان به خۆرایی و به بێ دراو مرۆ نازانێ له کوێ سنووری دیاری بکا.
ئه‌من بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی ساڵی تازه‌ی ئه‌مساڵم کرد به هاتن و به‌خێرهێنانی میوانان و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مانگی ڕه‌مه‌زان جووت که‌وتبوو، زۆربه‌یان به‌شه‌و هاتنه لام. ئێمه پێنج ڕۆژمان بۆ ئه‌و بۆنه‌یه ته‌رخان کردبوو. له ماوه‌ی پێنج ڕۆژان دا 149 که‌س سه‌ریان لێدام. ئه‌وه‌ش پێویستی به به‌کارهێنانی هێندێک زیاتری شه‌کر ده‌کرد بۆ که‌یک ساز کردن و چایی پێ خواردنه‌وه.ئه‌و ڕۆژانه شه‌کر هه‌تا بڵێی گرانه. ( سه‌رنج بده‌ن: ڕۆژی جێژنی سه‌ری ساڵی نوێ به ئاسایی ئه‌و کاته ڕه‌سمییه‌یه که میسیۆنێرییه‌کان میوانیان دێ ، له کاتێکدا له نه‌ورۆز دا وا داده‌ندرێ ده‌بێ میسیۆنێرییه‌کان بچنه ماڵی خه‌ڵکی خۆجێیی و پیرۆزباییان لێ بکه‌ن [ تێبینی بێورگر].)
21ی مارس جێژنی نه‌ورۆز بوو. ئێمه له‌و ڕۆژه دا سه‌رمان له زۆر ماڵان دا و هه‌ر وه‌ها له خه‌ڵکی هه‌ژاریش.له دانی به‌یانی ڕۆژی یه‌که‌می نه‌ورۆز دا چووینه دیده‌نی بنه‌ماڵه‌ی ڕێبه‌ره نیزامییه‌کان و حاکمی شار و، به گه‌رمی به‌خێرهاتن و میواندارییان لێ کردین. له ده‌رمانگه‌یه‌که‌ماندا یارمه‌تی ژنه‌کانی ئه‌وانیشمان داوه.
ئێستا جێژن ته‌واو بووه. به‌ڵام هێشتا به‌فر له سه‌ر عه‌زری ماوه و ئێمه هه‌موو به‌هارێ ده‌بێ کوره‌کانمان داگیرسێنین.
دلسۆزتان، ئاگوستا گودهارت "
وێنه‌کان:
__ وێنه‌ی یای ئاگوستا گودهارت و دوکتور ئێمانوێل هێدمان له به‌ر ده‌رگای ده‌رمانگه‌یه‌که‌یان له‌سابڵاغ ئی سه‌روبه‌ندی خولی یه‌که‌می چالاکییه‌کانی 'میسیۆنی کوردستان 'ه و له ساڵی 1913 یان 1914 هه‌ڵگیراوه
__ وێنه‌ی عه‌لی خانی سه‌ردار و عه‌لی ئاغای عه‌لییار به سپاسه‌وه له کتێبی: 'نگاهی به تاریخ مهاباد، سید محمد صمدی، انتشارات رهرو مهاباد،1373 [ی هه‌تاوی] وه‌رگیراوه.
__ وێنه‌کانی دیکه له ژماره‌کانی سه‌ره‌وه‌ی ' لووتێران ئۆریانت می‌شن' دا چاپ کراون
No comments:
Post a Comment