ده‌ستچنێکی ڕاپۆرته‌کانی هێنری ئا. مولێر له سابڵاغه‌وه
ده‌ستچنێکی ڕاپۆرته‌کانی هێنری ئا. مولێر له سابڵاغه‌وه
خه‌به‌ری کۆچی دوایی ' قازی عه‌لی'
حه‌سه‌نی قازی
له زنجیره‌ی وه‌رگێڕان و شیکردنه‌وه‌ی به‌شێک له چاپه‌مه‌نییه‌کانی ' کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات' له‌مه‌ڕ کار و چالاکییه‌کانی له کوردستان پێشتر به کورتی باسی جه‌نابی هێنری ئا. مولێر Henry A.Muellerمان کرد. له ژماره‌کانی 'لووتێران ئۆریانت می‌شن ' که له ساڵی 1329 وه له جیات 'کوردستان میشنێری' بلاو کراوه‌ته‌وه، له نێوان ساڵانی 1930 – 1936 دا زۆر نامه و ڕاپۆرتی مولێر بڵاو کراونه‌ته‌وه.هێنری ئا. مولێر دوایین میسیۆنێری ' کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات' بووه له سابڵاغێ و له‌مه‌و دوا ده‌ستچنێک له نامه و ڕاپۆرته‌کانی که له 'لووتێران ئۆریانت می‌شن' دا بڵاو کراونه‌ته‌وه پێشکێش ده‌که‌ین.
له' لووتیڕان ئۆریانت می‌شن' ژماره‌ی 5ی، ساڵی 22، سێپتامبری 1930 له ژێر سه‌رنووسی' پێگه‌که‌مان له ئێران'
هێندێک یادداشت سه‌باره‌ت به نامه‌کانی که‌شیش موڵێر دا هاتووه:
" ئه‌من ده‌زانم ئێوه پێتان سه‌یر ده‌بێ ببینن ئێمه به بێ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ئێوه‌ڕا مۆڵه‌ت بدرێین یان ئامۆژگاری بکرێن ده‌ستمان کرد به دیوار کێشان ( به لای ڕۆژئاوای خانووبه‌ره‌که‌مان) دا. له ڕاپۆرته‌که‌م دا هێندێک دوودڵ بووم باسی ئه‌وه‌تان بۆ بنووسم. تکایه وا مه‌زانن ئێمه حه‌ولمان داوه به که‌یفی خۆمان بجووڵێینه‌وه و سه‌ربه‌خۆ کار بکه‌ین. له نامه‌یه‌کی پێشتووتر دا سه‌باره‌ت به مڵک و خانووه‌که‌مان و ویستی حکوومه‌تی ئێران بۆ دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک به‌ڵای ڕۆژئاوای خانووبه‌ره‌که‌ی ئێمه دا بۆم نووسیبوون.ته‌خت کردنی که‌لاوه‌ی کۆن و پاک کردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی له سه‌ر دروست بکرێ دوومانگه به‌ڕێوه‌یه و له‌و کاری ئاماده کردن و پاککردنه‌وه‌یه دا، باربه‌ر و ئه‌و پیاوانه‌ی به‌ردیان ده‌ردهێنا و شوێنه لاڕووخاوه‌کانیان ته‌خت ده‌کرد به به‌رده‌وامی
به باری داشقانه‌وه ده‌هاتنه نێو حه‌وشه‌ی مڵکه‌که‌ی ئێمه و به‌که‌یفی خۆیان چیان پێ خۆشبا ده‌یانکرد، له به‌رد بردنه‌وه تا ده‌گا به‌شتی دی. با باسی ئه‌وه‌ش نه‌که‌م گاڕان و ڕانه مه‌ڕ و بزن هه‌میشه به حه‌وشه‌ی خانووه‌که‌مان دا تێده‌په‌ڕێندران.ئه‌من به وه‌ده‌ست خستنی هێزی کاری هه‌رزان و به‌ده‌سته‌وه بوونی که‌لوپه‌لی پێویست دیوارم به‌ره‌ولای باشووری خانووبه‌ره‌که‌مانه‌وه هه‌ڵچنی. داوام کرد بناخه‌که‌ی باش بکۆڵن بۆ ئه‌وه‌ی دیوارێکی قایمی له سه‌ر ساز بکرێ، دیوارێکی ئه‌وتۆ که له هه‌لومه‌رجی ئاسایی دا هه‌ر نه‌بێ 25 ساڵ به‌رگه ده‌گرێ. له‌هه‌ڵکۆلێنی بناخه بۆ دانانی دیوار دا ئێمه به‌ردێکی زۆرمان دیته‌وه که پێویستی به به‌ردی تازه نه‌ده‌کرد.ئه‌من دروست کردنی ئه‌و دیواره‌م به به‌ننایه‌ک ئه‌سپارد ڕۆژێ به 5 قڕان و له گه‌ڵ دوو شاگردی که حه‌قده‌ستی ڕۆژانه‌یان یه‌کیان 2 و ئه‌ویدییان 3 قڕان بوو. جا ئێستا له لای ڕۆژئاوامانه‌وه دیوارێکی باش کێشراوه و کاره‌که هه‌مووی 48 دۆڵاری تێچووه."
" له ڕۆژئاوای ئێران لاوان ووشیار بوونه‌ته‌وه و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به شێوه‌ی ژیانی کۆن نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وان باسی سینه‌ما، دوکانی نوێ، جلوبه‌رگی نوێ و ئازادییه‌کی نوێ له ته‌ورێزه‌وه ده‌بیستن، و هه‌ر که‌سێکی پێی وایه ده‌توانێ بخوێنێته‌وه و بنووسێ، ده‌یه‌وێ ببێته که‌سێک بۆخۆی و ده‌ست له ژیانی کۆنی خۆی به‌ردا. ته‌نانه‌ت ئه‌و منداڵه بێ دایوبابه‌نه‌ش که له لای ئێمه گه‌وره بوون هه‌ر وان.ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گیروگرفته دژواره، کێشه‌یه‌کی که زۆر له باب و دایکانی خۆجێی له گه‌ڵ کوڕه‌کانیان ده‌ی ئه‌زموون. ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنی هێشتا هه‌بوونی میسیۆنه‌کان زۆر پێویسته."
" سمکۆ " کووژرا
" دوای چه‌ندین ڕۆژ بڵاو بوونه‌وی ده‌نگوباسی هه‌ڵئایسانی شه‌ڕێکی تازه له‌م ناوچه سنوورییه دا و گوێستنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ده‌سته و تیپه‌نی سه‌ربازانی ناوچه‌یی به شه‌وانه، له‌پڕ خه‌به‌ر هات "سمکۆ " ڕۆژی جومعه 18ی ژووییه [ 1930] له نزیک شنۆ کووژراوه. ئێوه ڕه‌نگه گشت خه‌به‌ری ئه‌و ڕووداوه‌تان له ڕۆژنامه‌کاندا خوێندبێته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئه‌و چۆن کووژراوه ئێمه نازانین، ده‌ڵێن جه‌ماعه‌تێک له سه‌رهه‌ڵداوانی خۆی له گه‌ڵ بووه، وا دیاره ئێرانییه‌کان ئه‌و جار باش توانیویانه له ته‌ڵه‌ی خه‌ن. حه‌وجێ به گوتن ناکا له‌وه‌تی ئه‌و خه‌به‌ره بڵاو بووه‌ته‌وه خه‌ڵک هه‌ستیان زۆر وورووژاوه."
"سمکۆ" له نێو کوردان دا وه‌ک " ڤیلا" وا بوو له نێو مێکزیکییه‌کان دا. ئه‌و هه‌ر ئه‌و پیاوه بوو که ناڕاسته‌وخۆ به‌رپرسی کوژرانی میسیونێرییه‌که‌مان باشیمۆن، و ئه‌زموونی ئازار چێشتنی میسیۆنێرییه‌کانی دیکه‌مان بوو. ئه‌وه‌ی کاری خراپ ده‌کا ده‌بێ تۆڵه‌ی بداته‌وه. بێگومان ئه‌و چ هه‌ستی به خه‌ته‌ر نه‌کردووه به‌ڵام دوا جار ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هات که له واترلوو قه‌وما( ئاماژه‌یه به شکانی سه‌ختی ناپێلیۆن بۆناپارت له به‌ره‌ی واترلووی بێلژیک ح.ق) له چاپه‌مه‌نییه‌کانی ئێمه‌دا ئه‌و وه‌ک سمایل ئاغا باسی لێوه کراوه........
له‌و مانگانه‌ی دوایی دا میسیۆنێرییه‌کانمان له پێگه‌که‌ماندا هێندێک شتیان ته‌جره‌به کردووه که حه‌وجێی به عه‌قڵ و له سه‌ره‌خۆیی خه‌ڵکی زۆر به ئه‌زموونتر بووه؛ به‌ڵام ئه‌وانیش توانیویانه به‌ڕه‌ی خۆیان باش له قوڕاوێ ده‌رکێشن. له کۆبوونه‌ی ئه‌و دواییه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری دا به پێویست زاندرا ئه‌م بڕیاره‌ی خواره‌وه بدرێ: " ئێمه له قووڵایی دڵه‌وه په‌سنی میسیۆنێرییه‌کانمان ده‌ده‌ین بۆ ئاکاری عاقڵانه و دیپڵۆماتیکی خۆیان و به‌و شێوه‌یه توانیویانه هێندێک کێشه‌ی لابه‌لا به لا دا بخه‌ن."
له ژماره‌ی 1ی ساڵی 24ی ' لووتێران ئۆریانت می‌شن ' مانگی ژانڤییه‌ی ساڵی 1932 دا نامه‌یه‌کی دوورودرێژی هێنری ئا. مولێری بڵاو کردووه‌ته‌وه و تێیدا باسی کۆچی دوایی ' قازی عه‌لی' و جێگرتنه‌وه‌ی له لایه‌ن میرزا محه‌مه‌د ( پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د) ی کردووه.
" سابڵا‌غ، ئێران ، 31ی ئۆکتۆبری 1931.
Rev.A.K. Boerger,
534 Buckeye Street, Hamilton, Ohio, U.S.A.
جه‌نابی بێور‌گری خۆشه‌ویست:
ڕۆژ، حه‌وتوو و مانگ و ته‌نانه‌ت ساڵانیش زۆر به خێرایی تێده‌په‌ڕن – ئێستا ئێمه ئه‌وه سێ ساڵه لێره‌ین – و کاتێک ئاوڕ له‌وکارانه ده‌ده‌مه‌وه که له‌و ماوه‌یه دا لێره کردوومانه، و بیر له‌وانه‌ش ده‌که‌مه‌وه که ده‌بوو بکرێن و ئه‌و ئه‌رکانه‌ش که ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ڕابپه‌ڕێندرێن، ئه‌من هه‌ست ده‌که‌م ده‌بێ بۆ ماوه‌یه‌ک هیچ نه‌که‌م و هه‌ر له به‌ر خۆمه‌وه دانیشم و بیر بکه‌مه‌وه. هه‌ر کاتێک خه‌ریک ده‌بم ده‌ست بکه‌م به نووسینی نامه‌یه‌کی شه‌خسی بۆ ئێوه، یان بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری، هه‌ست ده‌که‌م چم به ده‌سته‌وه نییه له سه‌ری بنووسم و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم هه‌ر ووشه‌ی ڕووتن و به‌شێکی که‌من له‌و کاره ڕاسته‌قینه سه‌خته‌ی که کراوه، که زۆر پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ووره‌ی ئێوه بپارێزێ بۆ پشتیوانی کردن له کاره‌کانمان. به‌ڵام ڕێگه‌م بده هه‌م ئه‌تۆ و هه‌م ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری دڵنیا بکه‌مه‌وه که کار و چالاکی میسیۆنی به گشتی له‌م پێگه‌یه دا، و دوایه‌ش به‌تایبه‌تی، هێندێک له‌و ته‌گه‌ره و کۆسپانه‌ی که ئێمه ده‌بوو له سه‌ر ڕێگای خۆمانی وه‌لا به‌رین، به شێوه‌یه‌کی زۆر باش ده‌ڕوا. ئه‌گه‌ر ئه‌من ئێستا له به‌رده‌م ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری دا ئاماده بام و ڕاپۆرتێکی زاره‌کیم پێشکێش کردبا ، یان هێندێک له پشتیوانانی وه‌فاداری خۆمانم سه‌باره‌ت به‌و کاره ئاگادار کردبا،یان ئه‌وه‌ی شانسی ئه‌وه‌م بووبا چه‌ند دۆست و لایه‌نگرێک له ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی پشتیوانمان لێ ده‌که‌ن زیاد که‌م ئه‌و ئاوتێکی گه‌وره ده‌بوو پێی بگه‌م. باوه‌ڕ به‌و قسه‌یه بکه کاتێک ده‌ڵێم ئه‌و دووساڵ و نیوه ده‌رسێکی گه‌وره‌ی فێر کردووم، و ئه‌مڕۆکه گه‌رمی و شه‌وقی کار دایگرتووم و وه‌ک بڵێسه‌ی ئاورم بۆ گه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و کاره گه‌وره‌یه و قوزتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه ئێمه به‌ره‌و خۆیان ڕاده‌کێشن. ئه‌من فێر بووم خه‌ڵکێکی زۆری که پێوه‌ندییان پێوه ده‌که‌ین خۆشم بوێن، و به برای خۆمیان دابنێم.ئێستا بۆ من وه‌ک موعجیزه‌یه‌ک وایه که کار کردن له‌و پێگه‌یه دا به نسیبی من بوو، جا بۆیه تکام ئه‌وه‌یه باوه‌ڕی خۆتان به ئێمه و کار‌و چالاکییه‌کانمان له ده‌ست مه‌ده‌ن، چونکه له‌وانه‌یه نامه‌کانی ئێمه هه‌ر کورته‌یه‌ک له‌و شتانه‌ی تێدا بێ که کردوومانه و ئه‌من نه‌توانم ده‌نگوباسی ته‌واو ئاماده بکه‌م که ئێوه پێتان خۆشه له ڕۆژنامه‌ی میسیۆن دا بڵاوی بکه‌نه‌وه.
سه‌باره‌ت به ڕاپۆرتی کاری شه‌خسی، ئه‌وه زیاتر بریتی بووه له سه‌ردانی خه‌ڵکی خۆجێی و قسه له گه‌ڵ کردنیان، له جیات ئه‌وه‌ی دانیشم و له لای مامۆستایه‌ک ده‌رسی زمان بخوێنم. ئه‌من به به‌رده‌وامی به سواری چوومه‌ته ' قوم قه‌ڵا' و له‌وێ مه‌وعیزه‌م کردووه.هێندێک له عیساییه‌کانی دانیشتووی ئه‌وێ به توندی سکاڵا و گازنده‌ی ئه‌وه‌یان له لا کردووم که ئاغای ئه‌وێ پێی خۆش نییه ڕۆژانی یه‌کشه‌مۆ بۆ نزا و پاڕانه‌وه له ده‌وری یه‌کتر کۆ ببنه‌وه و فه‌رق و جیاوازییه‌کی به‌رچاوی له‌گه‌ڵ کردوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئاغاکه‌ی ئه‌وێ هه‌تا بڵێی به دۆستانه له‌گه‌ڵ ئێمه هه‌ڵسوکه‌وتی کردووه، و قه‌ت گوێم لێ نه‌بووه گله‌یی و گازندێکی له ئاست عیساییه‌کانی ئه‌وێ له لای من درکاندبێ. له به‌راییه‌کانی هاوێن دا ئه‌من ڕێوڕه‌سمی ناشتنی دوو منداڵی هه‌رمه‌نیم به‌ڕێوه برد. له‌وه‌تی ڕابی فرانتزا چالاکییه‌کانی له نێو بازاڕ، چاییخانه‌کان، و له لای تاجره‌کان ده‌ست پێکردووه، ئه‌من کاتی ئه‌وه‌م هه‌بووه خه‌ڵکێکی زیاتر بێنه سه‌ردانم _ و له‌و ده‌مییه‌وه ئه‌ده‌بییاتی عیسایی زیاتریشمان بڵاو کردووه‌ته‌وه.
پێوه‌م ڕاسپێرمه تارانێ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ت و چاپه‌مه‌نی تازه‌تر و ته‌واوترم بۆ بنێرن بۆئه‌وه‌ی له پاییز و زستانێ دا به‌کاریان بهێنین.
به‌شێک له کاره‌که‌م یان ڕاستتر وایه بڵێم کاتم، ته‌رخان کرا بۆ چاوه‌دێری کردن به سه‌ر ته‌واو کردنی دیواری لای ڕۆژئاوای حه‌وشه‌ی خانووبه‌ره‌که‌مان و هه‌ر وه‌ها زیاد کردنی نهومێک له سه‌ر دوو ژووره‌کانمان. له 3ی مانگی ئۆکتۆبر [ 1931 ] منداڵه‌کانم برد بۆ دامه‌زراندیان له مه‌دره‌سه له ورمێ و له به‌ر ئه‌وه‌ی چ وه‌سیله‌ی هاتووچوو ده‌ست نه‌ده‌که‌وت ناچار بووم حه‌وتوویه‌ک له‌وێ بمێنمه‌وه.
بێگومان،ئه‌وه ڕاسته که گشت دروست کردنی خانووان و هه‌ڵچنینی دیواران له پێگه‌یه‌کی دوور له ووڵات دا ده‌بێ تا ئه‌و ڕاده‌یه شانی وه‌به‌ر بدرێ که له کاره‌که ده‌وه‌شێته‌وه و پێویستی پێ هه‌یه. ئه‌وپه‌ڕی بێ به‌ختی ئه‌وه‌یه که ئه‌من لێره تاقه که‌سێکم به سه‌ر کاره‌کان ڕاب‌گه‌م و ده‌بێ خۆم به گشت ئه‌و جۆره کارانه‌شه‌وه خه‌ریک که‌م، و دیاره ئێوه‌ش له لای خۆتانه‌وه ئه‌من به به‌رپرس ده‌زانن.
سه‌رده‌می ئاوا دێته پێشێ مرۆ ده‌بێ هه‌موو کاتی خۆی به‌ختی کاری دنیایی و ساتوسه‌ودای ڕووت بکا و ئه‌وه‌ش له به‌ر چاکه‌ی دادێی میسیۆنه‌که. له هه‌ر دوو لای دراوسێی خانووه‌که‌ی ئێمه دا ئێستا خانووی تازه و دیواری تازه دروست کراون و هه‌ڵنراون به ته‌نیشت خیابانه‌وه. هه‌موو شاری سابڵا‌غ وه‌ک شارێکی نوێ دێته به‌رچاو. ڕه‌نگه له‌بیرت مابێ به لای ڕۆژئاوای خانووه‌که‌ی ئێمه دا چه‌ندین چاوه خانووبه‌ره‌ی ڕووخاو و کاول هه‌بوون ئێستا ئه‌وانه هیچیان نه‌ماون و له جێی وان چه‌ندین خانووبه‌ره‌ی تازه و هه‌ر وه‌ها نێوه‌ند و یانه‌ی ئه‌فسه‌ران دروست کراون.مڵکێک که چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به 40 تمه‌ن ده‌کڕدرا ئێستا به سه‌د تمه‌ن یان زیاتر ده‌فرۆشرێ. به هێنانه گۆڕی ئه‌و قسانه ده‌مه‌وێ سه‌رنجتان بۆ سه‌ر ئه‌و ڕاستییه ڕابکێشم هه‌ر ده‌ستێکی ئێمه به خانووبه‌ره‌که‌مانی دا ده‌هێنین یان تاقه خشتێکی تازه‌ی که تێی ده‌گرین نرخی مڵکی باشی میسیۆنه‌که‌مان ده‌باته سه‌رێ. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خانووبه‌ره و مڵکه‌که‌مان به چاکی ڕابگرین ده‌بێ هێندێک دراوی باشی لێ خه‌رج که‌ین یان که‌سێکی دی بهێنین و ئه‌و کاره‌مان بۆ بکا که به که‌یفی خۆی دراومان لێ بستێنێ، دیاره ئه‌وه‌ش به دڵنیاییه‌وه به دڵی ئێمه نابێ. ئه‌و پێشنیازه بوو ئیمه‌ی ناچار کرد به‌ڵێن بده‌ین ئێمه ده‌ست ده‌که‌ین به کێشانی دیواری سه‌ر خیابانێ له‌و زستانه دا:
بار و دۆخی دارایی
ئه‌وه جێگه‌ی شوکرانه‌یه نرخی گۆڕینه‌وه‌ی دۆڵار له ئێران له ماوه‌ی چه‌قبه‌ستنی ئابووری دا ئاوا له سه‌ره‌وه‌یه. پۆندی ئینگلیسی داشکاوه و هه‌ر وه‌ها تاڕاده‌یه‌کیش دۆڵار. ئاغای پاین Payne ، خه‌زێنه‌داری میسیۆنی ئه‌مریکایی پرێسبیتێرییه‌کان له تاران، چه‌که‌کانی به خۆڕایی بۆ خورد کردووینه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌من پێم وایه بڕه مزه‌یه‌کی بده‌ینێ به‌جێیه، ئه‌و به نرخێکی زۆرباشتر له‌وه‌ی که بانک ڕێگا ده‌دا دراومان بۆ ده‌گۆڕێته‌وه، تا کوو ئێستا هیچ گیروگرفتێکم نه‌بووه بۆ خورد کردنه‌وه‌ی چه‌ک له لای تاجرانی بازاری لێره، ئه‌گه‌رچی له ورمێ ئه‌مریکاییه‌کان ده‌بێ به ڕێگای پۆسته‌وه داوای دراو له ته‌ورێز بکه‌ن.ئێستا ئێران قه‌ره‌پووڵی کۆن کۆ ده‌کاته‌وه و سکه‌ی نوێی په‌هله‌وی وه‌گه‌ر خستووه و ئێمه گێره و کێشه‌یه‌کی زۆرمان هه‌یه بۆ په‌یدا کردنی سکه‌ی نوێ یان له کۆڵ خۆکردنه‌وه‌ی دراوی کۆن.ئه‌گه‌ر ئێستا 5000 دۆڵارێکمان به ده‌سته‌وه بووبا به‌و نرخه‌ی که ئێستا هه‌یه قازانجێکی زۆرمان ده‌کرد. له‌وه‌تا گه‌یشتووینه ئێره حه‌ولمان داوه بارودۆخی دارایی خۆمان به‌پێی ئه‌و به‌رنامه ئابوورییه‌ی ئێوه داتان ڕشتووه ڕێک بخه‌ین. ئێوه نووسیوتانه مووچه‌یه‌کی زۆر که‌وتووه‌ته سه‌ر یه‌ک که هێشتا بۆتان نه‌دراوه و ئاسۆی وه‌زعی دارایی زۆر باش وه‌به‌ر چاو نایه. ئه‌و قسه‌یه و ده‌ربڕینی دیکه‌ش له مێژه وای کردووه داوای گۆڕینی ئاستی مووچه‌که‌مان نه‌که‌ین جگه له‌وه‌ی نه‌بێ که ده‌قڕانێکی به نیسبه‌ت دۆڵار لێ زیاد بکرێ. ئه‌وه بابه‌تێکه ئه‌من نامه‌وێ زۆری باس بکه‌م و حه‌ول ده‌ده‌م جارزتان نه‌که‌م و زۆری له‌سه‌ر ناڕۆم
منداڵه بێ دایوبابه‌کانمان
دوو کوڕه‌کان و ماری خۆیان ناتوانن ئه‌و جۆره‌ی که ده‌بێ بۆتان باس بکه‌ن چه‌نده به‌وه خۆشحاڵن له ورمێ ده‌ستیان به مه‌دره‌سه کردووه و له‌وباره‌یه‌وه زۆر شوکرانه بژێرن، هه‌موو هاوێنێ ئه‌وان شادی خۆیان ده‌رده‌بری، و چاوه‌ڕوانی مانگی ئۆکتۆبریان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌وه پۆلی ده‌رس تا نۆمانگی دیکه. دیاره ئه‌وه ئه‌مساڵ بۆ ئێمه‌ش جێی خۆشحاڵییه‌کی زۆر بووه و لای یه‌کتری باسمان ده‌کرد منداڵه‌کان به دڵنیاییه‌وه له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه باشتر بوون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان هێشتا جارێ زۆر له‌وه که‌م ئه‌زموونترن تێبگه‌ن دۆستانی میسیۆنی ئێمه چ فیداکارییه‌ک له پێناویان دا ده‌که‌ن – ئه‌وان وه‌کوو منداڵی دیکه وان – به‌ڵام ته‌نانه‌ت له ئێستاوه له‌م ووڵاته موسوڵمانه دا له ئیده‌ئالی عیسایی تێده‌گه‌ن. به‌پێی ڕاپۆرتی مامۆستاکانیان له ورمێ وه ئه‌وان زۆر به ئه‌ده‌بن و ده‌رسه‌کانیان چاک ده‌خوێنن و منداڵه‌هاوپۆله‌کانیشیان خۆشیان ده‌وێن.
ئه‌مساڵ خه‌رجی ئه‌و منداڵانه هێندێک زیاتر ده‌بێ چونکه ئێستا چوونه‌ته پۆلی چواره‌م. ئه‌و خه‌رجه ده‌رسی ئینگلیسی، حاواندنه‌وه و زیاد بوونی مانگانه‌ی خوێندنیش وه‌به‌ر ده‌گرێ. به‌ڵام له جیات ئه‌وه‌ی ئه‌من مانگانه 8 تمه‌ن بده‌م بۆ هه‌ر کام له کوڕه‌کان کارێکی وام کردووه خۆیان نانی به‌یانی خۆیان ئاماده که‌ن، نانی نیوه‌ڕۆ له رێستوران بخۆن و له شوێنی خه‌وتنیشیاندا شێوێکی گه‌رمیان هه‌بێ.
کۆچی دوایی ' قازی عه‌لی'
سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبر [ ی 1931] ، دراوسێ و دۆستی مێهره‌وانی له‌مێژینه‌مان قازی عه‌لی، دوای حه‌وتوویه‌ک نه‌خۆشی سه‌ری نایه‌وه. زیاتر له 3000 که‌س مه‌یته‌که‌یان تا سه‌ر قه‌بران به‌ڕێ کرد، به‌رله‌وه‌ی گیان بسپێرێ، یای گودهارت ڕۆژ و شه‌و به لایه‌وه بوو، و به دڵنیاییه‌وه ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی قازی ئه‌و چاکه‌یه‌یان له‌چاو دایه. ئه‌و بۆنه‌یه جارێکی دیکه میسیۆن و کاری ئێمه‌ی به باشترین بنه‌ماڵه‌کانی سابڵاغی و به‌سه‌دان پیاوی که له دوور و نزیکه‌وه هاتبوون ناساند. کوڕی قازی عه‌لی ، میرزا محه‌مه‌د، به‌ڕه‌سمی بوو به قازی کاتێک له سه‌ر قه‌بران عه‌بای درێژ‌و ئه‌ستووری بابی به سه‌ر شانی دا درا. قازی عه‌لی هه‌موو جارێک سپاسی سڵاو ناردنی ئێوه‌ی ده‌کرد و ده‌بێ ئێوه‌ش وه‌ک ئه‌مریکاییه‌ک له نامه‌یه‌ک دا بۆ کوڕه‌که‌ی قازی عه‌لی وه‌بیربهێننه‌وه وسه‌ره‌خۆشی لێ بکه‌ن. ئه‌و به گه‌یشتنی نامه‌یه‌کی ئه‌وتۆ شانازی ده‌کا و له‌و باره‌یه‌وه باسی له‌گه‌ڵ کردم.
چه‌ند شتی دیکه‌ش هه‌بوون ده‌بوو باسیان بکه‌م به‌ڵام جارێ بۆ ئه‌م پۆسته با ئه‌وه‌نده به‌س بێ. به زوویی نامه‌ی دیکه‌ت بۆ ده‌نووسم، وه‌زعی له‌شساغی هه‌موومان باشه و ئه‌مساڵ مالاریا توخونمان نه‌که‌وت و ئێمه‌ش له‌و باره‌یه‌وه زۆر شوکرانه بژێرین. به‌وهیوایه‌ی ئێوه‌ش باش بن. له‌گه‌ڵ مێهره‌وانه‌ترین سڵاو بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری و هه‌موو دۆستان، و به تایبه‌تی ئه‌ندامانی خێزانی خۆت.
دڵسۆزتان،
هێنری ئا. مولێر "
هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌ی ' لووتێران ئۆریانت می‌شن ' دا ئا.ك. بێورگر سکرێتری به‌ڕێوه‌به‌ری و به‌رپرسی ماڵی 'کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات' یاداشتێکی کورتی سه‌باره‌ت به‌و نامه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ی هێنری ئا. مولێر بڵاو کردووه‌ته‌وه که له به‌شێکی دا هاتووه:
" ...ئێمه به بیستنی خه‌به‌ری مردنی قازی عه‌لی به‌داخه‌وه‌ین، که دۆستێکی گه‌وره‌مان بوو. ئه‌و له‌لای کورده‌کان زۆر خۆشه‌ویست بوو _ پیاوێکی هه‌تا بڵێی تێگه‌یشتوو و به ڕاو ته‌گبیر بوو و ده‌یتوانی بێرو ڕای پێڕۆیانی دابڕێژێ و ته‌بیعه‌تی هه‌ڵه‌شه و نابه‌جێ نه‌رم کاته‌وه. ئه‌و پیاوێک بوو که له سه‌ر قسه‌ی خۆی ڕاده‌وه‌ستا و هه‌تا بڵێی که‌سێکی به ئینساف و دادپه‌روه‌ر بوو. ئه‌و ماوه‌یه‌ی که ئێمه له سابڵا‌غ بووین، ئه‌و زۆر مێهره‌وانی گه‌وره‌ی له گه‌ڵ کردین و ئێمه بۆ هه‌میشه وه‌ک دۆستێکی ڕاسته‌قینه ئه‌ومان له بیر دا ده‌مێنێته‌وه......
__ ئا.ك. بێورگر "
No comments:
Post a Comment