ویلیا‌م ئیگلتن: شێوه‌ی کار کردن له هه‌نده‌ران زۆر گۆڕاوه
ویلیا‌م ئیگلتن له ڕۆژی پێنجشه‌مۆ 27ی مانگی ژانڤییه ی 2011له ته‌مه‌نی 84 ساڵی دا ماڵاوایی له ژیان کرد. ئه‌و، هاو سه‌ری کاتلین ئیگلتن و حه‌وت منداڵ و نیزیکه‌ی بیست نه‌وه‌ی له پاش به‌جێ ماوه.بۆ بیره‌وه‌ری وی ئه‌م هاوپرسهکییهم له زمانی ئینگلیسییه‌وه وه‌رگێڕاوه و لێره دا ده‌یخه‌مه به‌ر چاوی خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد.
حه‌سه‌نی قازی
The Middle East Quarterly
FALL 2005 • VOLUME XII: NUMBER 4
دی میدڵ ییست کوارتێرلی
پاییزی ساڵی 2005 ، خولی 12 : ژماره‌ی 4
لاپه‌ڕه‌ی 77-69
ویلیا‌م ئیگلتن " شێوه‌ی کار کردن له هه‌نده‌ران زۆر گۆڕاوه"
سه‌فیر ویلیا‌م ئیگلتن، یه‌ک له پسپۆڕه هه‌ره به‌رچاوه‌کانی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایه سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و زیاتر له 50 ساڵه به کار‌و باری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه خه‌ریک بووه. ئه‌و له ساڵی 1949 له وه‌زاره‌تی کار‌و باری ده‌ره‌وه دا ده‌ست به کار بوو، دوای ئه‌وه‌ی پێشتر بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له هێزی ده‌ریایی ئه‌مریکا دا خزمه‌تی کرد بوو. ئه‌و پله‌وپایانه‌ی له‌و به‌ری ده‌ریایان هه‌یبووه بریتین له: دیمیشق (1951 تا 1953). به‌یڕووت ( 1953 تا 1954)، که‌رکووک (1954 – 1955 )، و ته‌ورێز ( 1959-1961 ). ئه‌و له ساڵی 1962 له مۆریتانیا بوو،له نێوان ساڵانی( 1967-1969)له عه‌ده‌ن له یه‌مه‌نی خواروو شارژ دۆئهفێری ئه‌مریکا بوو، (1967- 1969 ) و، دیپڵۆماتی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له ئه‌لجه‌زاییر (74- 1969)، لیبی (80- 1978) و، عێڕاق (84- 1980). دوای ناوبه‌رێکی کورت سه‌فیری ئه‌مریکا له سوورییه ( 88- 1984)، له دوای ئه‌مه بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵان وه‌ک جێگری کۆمیساریای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاری وه‌فریاکه‌وتنی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی کاری کرد. به دوای ئه‌مه دا وه‌کوو کاربه‌ده‌ستی پایه‌به‌رزی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له بۆسنیا و سه‌حرای ڕۆژئاوا کاری کرد به‌ر له‌وه‌ی له ساڵی 2003 بچێته‌وه باکووری عێڕاق وه‌کوو ڕاوێژکاری وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا. ئیگلتن له ساڵی 1948 له زانکۆی یه‌ل ده‌رسی ته‌واو کرد، هه‌ر وه‌ها له ئه‌نیستیووی زانستی سیاسی له پاریس و له مه‌دره‌سه‌ی وودرۆ ویلسنی زانکۆی پرینستنیش خوێندوویه‌تی. ئیگڵتن دوو کتیىی نووسیوه، كۆماری کوردیی ساڵی 1946 (1)و ناساندنی مافووره‌ی کوردی.(2) سوزان گێرشۆویتز، یارمه‌تیده‌ری لێکۆڵینه‌وه له ئه‌نیستیتووی ئینتپرایسی ئه‌مریکایی له 25ی مانگی مارسی ساڵی 2005 به ئی مه‌یل ئه‌م هاوپرسه‌کییه‌ی له گه‌ڵ کردووه.
عێڕاق
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ ڕه‌نگه له هه‌موو ئه‌ندامێکی دیکه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه زیاتر خاوه‌ن ئه‌زموون بی سه‌باره‌ت به عێڕاق و تێوه‌گلانت به ئه‌وێوه زیاتر بێ. ژیان له عێڕاق چۆن بوو کاتێک بۆ جاری یه‌که‌م له ساڵی 1954 دا گه‌یشتییه ئه‌وێ ؟
سه‌فیر ویلیا‌م ئیگلتن: ژیان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له عێڕاق ئاڵ و گۆرێ به سه‌ر دا هاتووه. ئه‌وانه‌ی که ته‌مه‌نیان ڕێگه‌یان پێ ده‌دا ساڵی 1954 وه‌بیر بهێننه‌وه به ئاسایی ئه‌و سه‌روبه‌ندی که ژیان هێندێک هاسانتر بوو گه‌وره ده‌که‌نه‌وه. حوکمی پاشایه‌تی قه‌بووڵ کرا بوو، به‌ڵان وه‌نه‌بێ خه‌ڵک ئاشقی بووبن، کاتێک پارتییه چه‌پییه‌کان حه‌ولیان دا بۆ ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆن، شا داوای له سهرۆکووهزیری کۆنه‌کار نووری سه‌عید کرد بێته مه‌یدانێ ئه‌ویش له لایه‌ن خۆیه‌وه کوردێکی که حیسابی بۆ ده‌کرا واته سه‌عید قه‌زازی کرده وه‌زیری نێوخۆ. هێرش و دهخهرکهمان نانی ئۆپۆزیسیۆن له لایه‌ن قه‌زازه‌وه له ساڵی 1954 له چاو ئه‌و هێرش و تێکپێچانهوانهی که له زنجیره‌یه‌کی یه‌ک به دوای یه‌کی کوده‌تای نیزامی دا قه‌ومان و که‌سانی میانهڕۆیان نه‌هێشت زۆر نه‌رم بوو. له پشته‌وه‌ی ئه‌و که‌شوهه‌وایه بڵاوکراوه‌ی ڕادیۆیی سه‌رۆک کۆماری میسر جه‌ماڵ عه‌بدولناسر و ده‌نگی ڕادیو عه‌ڕه‌به که‌ی به‌ر گوێیان ده‌که‌وت، که حه‌ولی ڕادیکاڵ کردنی خه‌ڵکی ده‌دا و له هه‌مان کات دا پاشایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی هاشمی شه‌رمه‌زار ده‌کرد [ له عێڕاق و ئۆدۆن] و وه‌ک ده‌ستنێژی بریتانیا و ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌یناساندن.
میدڵ ئیست کووارتێرلی : کۆمه‌ڵی عێڕاق به چ شێوه‌یه‌ک گۆڕابوو کاتێک ئه‌تۆ له ساڵی 1980 دا چوویه‌وه ئه‌وێ دوای هاتنه سه‌رکاری سه‌ددام حوسێن؟
ئیگلتن: سیاسه‌تی به‌رته‌نگ کردنی پێوه‌ندی نێوان عێڕاقییه‌کان و لاوه‌ییان که له لایه‌ن ڕێژیمی سه‌ددامه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چوو. یه‌ک له‌و گۆڕانانه‌ی بوو که من به زه‌قی هه‌ستم پێ کرد.ئه‌و ئه‌مریکاییانه‌ی که له سه‌ره‌تای ساڵانی 1950کان له عێڕاق بوون میوانداری دۆستانه و کراوه‌یی خه‌ڵکی عێڕاقیان له بیر ناچێ. کاتێک ئه‌من ده‌چوومه باکووری کوردنشین، ده‌متوانی بچمه هه‌ر جێیه‌کی پێم خۆش با و هه‌ر که‌سێکی ویستبام بیبینم. به‌ڵام له ساڵی 1980کانه‌وه، حکوومه‌تی عێڕاق سه‌فاڕه‌تخانه‌کانی به‌ته‌واوی له خه‌ڵکی عێڕاق تاق خستبووه‌وه، له‌وانه سه‌فاره‌تخانه‌ی ووڵاته عهڕهبییهکانیش. ئه‌و کاره‌شیان به‌و شێوه‌یه دامه‌زراند، ئه‌گه‌ر موخابه‌رات پێی زانیبا که‌سێک له گه‌ڵ شارۆمه‌ندێکی به‌یانی ده‌پێوه‌ندی دایه ده‌ستبه‌جێ لێیان ده‌پێچاوه.دیاره هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی لێپرسینه‌وه‌یان له گه‌ڵ ده‌کرا، سه‌ریان تێدا نه‌ده‌چوو، به‌ڵام به ئاسایی ئه‌و لێپرسینه‌وه‌یه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ر بکرێ که که‌س ئه‌و کاره نه‌کا. له هه‌مان کاتدا،کاردانه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت له عێڕاق،به تایبه‌تی له به‌غدا زۆر به‌ده‌ره‌وه بوو و،تێیدا خانوو وبینای وهزارهتخانان به‌رز ده‌بوونه‌وه و سه‌ریان له ئاسمان ده‌سوو. له سه‌ره‌تای شه‌ڕی نێوان ئێران- عێڕاق له ساڵی 1980، حکوومه‌تی عێڕاق له سه‌ر گه‌نجینه‌یه‌کی داهاتی پاشه‌که‌وتی 40 بیلیۆن دۆڵاری ئه‌مریکایی دانیشتبوو.جا بۆیه به‌لانی که‌مه‌وه له ساڵانی هه‌وه‌ڵی شه‌ڕی ئێڕان- عێڕاق دا ئه‌وه ده‌رفه‌تی دا به حکوومه‌تی عێڕاق که هه‌م نان و هه‌م تفه‌نگی پێ بکڕێ.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ قه‌تت چاو به سه‌ددام حوسێن که‌وت؟ ئه‌و یه‌کی چۆن بوو؟
ئیگلتن:ئه‌من قه‌ت له نیزیکه‌وه و دوو به دوو له گه‌ڵ سه‌ددام دانه‌نیشتم .به‌ڵام له چه‌ندین بۆنه و چاوپێکه‌وتنی ڕه‌سمی دا ئاماده بووم که ئه‌ویشی لێ بوو، له‌وانه دیداری دۆناڵد ڕامسفێڵد (3) و سه‌ددام که ئه‌وده‌می ڕامسفێلد نوێنه‌ری ئیداره‌ی ڕیگان بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ئێستا وه‌زیری به‌رگرییه. هه‌ڵبه‌ت وه‌کوو دیکه‌ش، سه‌ددام هه‌موو ڕۆژێ له تێلێڤیزیۆنه‌وه ده‌بیندرا.له ماوه‌ی شه‌ڕی عێڕاق- ئێران دا، سه‌ددام به دووی پشتیوانی دا ده‌گه‌ڕا له هه‌ر کوێ ده‌ستی که‌وتبا و بۆ ئه‌وه ده‌بوو سیمای خۆی گه‌وره کاته‌وه.ئه‌و خۆی به سه‌ر خه‌ڵک دا ده‌سه‌پاند و پێداههلگوتن و په‌رستنی شه‌خسی وی له زیاد بوون و په‌ره‌گرتن دا بوو، وای لێهات ببوو به نیوه خوڵایهک بۆخۆی. هێندێک له پێههڵادهرانی له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی دیپڵۆماتیک دا ئیدیعایان ده‌کرد ئه‌و به‌ڕاستی پیاوێکی دڵ نزم و خۆ به که‌م گره و هیچ به‌و هه‌موو په‌یکه‌ره زه‌به‌لاحانه‌ی لێی ساز کراوه و له مه‌یدانان ڕۆنراوه و ئه‌و وێنه گه‌ورانه‌ی که بێرو به‌وێ دا هه‌ڵاواسراون ڕازی نییه. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه ڕاست با،ئه‌و ده‌یتوانی به فه‌رمانێکی کورت کۆتایی بهوهبهێنێ. ئه‌من وه‌بیر دۆستێکی خۆمان که‌وتمه‌وه که نه‌ققاشێکی دیمه‌نی فۆلکلۆریکی کوردیی و یه‌زیدی (4) بوو که له به‌ر ڕاسپارده‌یه‌کی که بۆ کێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی زه‌به‌لاحی سه‌ددام پێی درابوو، تێک چوو و بردیانه نه‌خۆشخانه.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: که‌نگێ هه‌ستت پێ کرد هێرشی عێراق بۆ سه‌ر ئێڕان له تێکهه‌ڵچوونێکی سووک زیاتره؟
ئیگلتن: کاتێک له هاوینی ساڵی 1980 دا گه‌یشتمه به‌غدا، میدیای عێڕاق زۆرجار باسی تۆپ به‌یه‌کدادانیان ده‌کرد له شوێنه جیاوازه‌کانی سنوور له گه‌ڵ ئێران دا. هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو که درۆ و ڕاستی ئه‌و خه‌به‌رانه‌ی پێ تاقی بکرێته‌وه چونکه ڕۆژنامه نووسانی لاوه‌یی و دیپڵۆماتی بیانی ڕێگه‌یان نه‌ده‌درا بچنه ئه‌و جۆره شوێنانه. دوایه له به‌راییه‌کانی مانگی سێپتا‌مبر دا، له پێش دا له سنووری باکوور، عێڕاقییه‌کان هێرشیان کرد و چه‌ند شوێنێکی پچووکیان گرت که ئێران داگیری کردبوون. ئێمه به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی که‌م بۆمان ده‌رکه‌وت به پێی ڕێکه‌وتنی نێوان شا و سه‌ددام له ئه‌لجه‌زاییر له ساڵی 1975 ئه‌و شوێنانه درابوون به عێڕاق. که شه‌ڕ ده‌ستی پێ کرد، بۆ ماوه‌ی حه‌وتوویه‌ک، هه‌موو به‌یانییه‌ک خه‌به‌ری داگیرکردنێکی تازه ده‌درا.کاتێک ئیدی هیچ خاکی وا نه‌مابوو که عێڕاق نه‌ی ئه‌ستێنێته‌وه، عێڕاقییه‌کان به ڕه‌سمی ئه‌و به‌شه له په‌یماننامه‌ی ئهلجهزاییریان به هه‌ڵوه‌شاوه ڕاگه‌یاند که مافی خاوه‌نه‌تی هاوبه‌شی ده‌دا به ئێران به سه‌ر شه‌تاوی شهتهلعهڕهب دا ( به ته‌نیشت سنووری ده‌راوی خه‌لیجی فارسه‌وه]. له‌و قۆناخه دا بوو که بۆ من و خه‌ڵکی دیکه ده‌رکه‌وت پێداگرتنی عێڕاق له سه‌ر ئه‌و پنکهته شه‌ڕی به دوو دا دێ. ئه‌من پێم وایه دوو ڕۆژ دواتر بوو که شه‌ڕ ده‌ستی پێ‌کرد به ئه‌وه‌ی که هێزی هه‌وایی عێڕاق ژماره‌یه‌ک له چاڵه نه‌وتییه‌کانی ئێرانی بۆمباران کرد. به‌ره‌به‌یانی ڕۆژێک دواتر ئێرانییه‌کان به به‌کارهێنانی ئه‌و فڕۆکه‌وانانه‌ی له ئه‌مریکا په‌روه‌رده‌یان دیتبوو و هه‌ر وه‌ها به‌و فڕۆکانه‌ی له ئه‌مریکایان وه‌رگرتبوو به‌غدا، به‌سڕه و نێوه‌ندی دیکه‌یان بۆمباران کرد.
میدل ئیست کووارتێرلی: ووڵامی کۆمه‌لی عێراق چ بوو،دژ کرده‌وه‌ی چلۆن بوو؟
ئیگلتن: له ده‌سپێکدا شه‌ڕ له زۆربه‌ی عێڕاقییه‌کان دوور بوو. له سه‌ره‌تاوه پشتیوانییه‌کی به‌ربڵاو له شه‌ڕ ده‌کرا، هه‌م سه‌رۆکایه‌تی عێڕاق و هه‌م خه‌ڵک پێیان وابوو ئه‌و شه‌ڕه هه‌ر چه‌ند ڕۆژێک ده‌خایێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئێمه ئاگامان له‌وه نه‌بوو که جاده‌کانی شیعه نشین و تاک و ته‌رای ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڵێن چی. ئه‌من هه‌میشه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بووم خراپ لێکدانه‌وه‌ی سه‌ددام له سه‌ر ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵنرا بوو که گوشاری ده‌ره‌وه‌یی ده‌بێته هۆی ڕاوه‌ستانی شه‌ڕ له گه‌ڵ ئێران هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌و گوشاره کۆتایی هێنا به تێکهه‌ڵچوونی عه‌ڕه‌ب – ئیسرائیل ته‌نێ دوای چه‌ند ڕۆژێک. به ڕواڵه‌ت سه‌ددام له‌وه تێنه‌گه‌یشتبوو که هیچکه‌س له ڕۆژئاوا هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی له‌وه دا نییه ئاشتی به سه‌ر هیچ کام له لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ دا بسه‌پێنێ.
میدل ئیست کووارتێرلی: چوونه‌وه‌ت بۆ عێڕاق له مانگی مای ساڵی 2003 دا چۆن بوو، ئه‌و ده‌می که وه‌ک ئه‌ندامێکی ده‌سته‌یه‌کی ڕاستی دۆزینه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دامه‌زراندنه‌وه‌ی مولک وماڵ چوویه‌وه وێندرێ؟
ئیگلتن: چوونه‌وه‌م بۆ ئه‌وێ دوای دوومانگ له ته‌واو بوونی شه‌ڕ و ڕووخانی ڕێژیم ئه‌زموونێکی زۆر خۆش بوو. ئه‌من توانیم سه‌ردانی زۆر له دۆستی کۆنی خۆم بکه‌م، له‌وانه کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان له کوردستانی عێڕاق.جارێکی دیکه ده‌رفه‌تم بۆ هه‌ڵکه‌وت هه‌رکه‌سی پێم خۆش بێ بیبینم به بێ ترس له‌وه‌ی به قیمه‌تێکی گران له‌سه‌ریان بکه‌وێ. هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌ی موڵک و ماڵ، واته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی من بۆ ئه‌وێ ، بابه‌تێکی زۆر حه‌ساس بوو. ئه‌وه کاردانه‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ده‌بێ هه‌م له سه‌ر هه‌رێمی که‌رکووک و له داهاتووش دا ، نه‌ک هه‌ر له سه‌ر کوردستانی عێڕاق، به‌ڵکوو له سه‌ر عێڕاق خۆشی.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: پرێزیدێنت بووش عێڕاقی کردووه به چه‌قی حه‌ولدانی خۆی بۆ دامه‌زرانی دێمۆکڕاتی. به بۆچوونی تۆ دێمۆكراسی له ئاستێکی به‌ربڵاوتری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا ده‌لوێ و ته‌نانه‌ت شان وه‌به‌ردانی کارێکی ئه‌وتۆ ژێرانه‌یه؟
ئیگلتن: ئه‌وه پرسیارێکی زۆر باشه و ووڵامێکی ته‌واو زۆر زیاتر له‌وه هه‌ڵده‌گرێ که ئه‌من بتوانم بیده‌مه‌وه. تا ئه‌وجێگه‌یه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر به کارهێنانی زاراوه‌ی دێمۆکڕاسی به مانای هه‌ره گشتی – واته، نه‌ک هه‌ر ته‌نێ کۆپی کردنی سیستیمی ئێمه - زۆر شتی زیاتری دیکه هه‌یه که ده‌بێ بکرێن. ئه‌زموونی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه ئه‌و بووه که پێواژۆیه دێمۆکڕاتیکه‌کان به هاسانی ده‌ستیان تێوه‌رده‌درێ، یان زۆر زوو تێک ده‌شکێن کاتێک ده‌رده‌که‌وێ ئه‌ڕته‌ش به هاسانی ده‌توانێ ده‌سته‌ڵات به ده‌سته‌وه بگرێ.له ماوه‌ی شه‌ڕی سارد دا سه‌روبه‌ندی ئه‌وتۆ هه‌بوون که هه‌بوونی دێمۆکڕاسی زۆر، له‌وانه بوو دۆستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بخاته ژێر پێ. ئاماده‌یی له ئێمه دا بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له گه‌ڵ سیستمێکی که‌متر له ته‌واوی "دێمۆکڕاتیک" بگونجێنین له‌وانه‌یه له هه‌لومه‌رجی ئێستا دا بۆچوونێکی له‌بار بێ.
ئێران
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ میژوویه‌کی درێژیشت له ئێران هه‌یه.چلۆنایه‌تی ژیان له لووتکه‌ی شه‌ڕی سارد دا له ته‌ورێز چۆن بوو؟ که‌شوهه‌وای ئه‌و شاره که که‌متر له 100 میل له سنووری سۆڤییه‌تی پێشوو دووره چۆن بوو؟
ئیگلتن: ئێمه ئه‌و سه‌رچاوه به‌رچاوه‌ی که ته‌رخانمان کرد بوو بۆ کۆنسسولخانه له ته‌ورێزێ به‌وه‌مان پاساو ده‌دا که ده‌بوو " پۆستێکی گوێ هه‌ڵخستن" مان له ته‌نیشت سنووری سۆڤییه‌ت هه‌بێ، که له ئێمه‌وه که‌متر له 100 میل دوور بوو.کۆنسوولخانه‌که‌ی ئێمه له ساڵی 1945 جێیه‌کی به که‌لک بوو ئه‌و کاته‌ی چاومان به سه‌ر حه‌ولی سۆڤییه‌ته‌وه هه‌بوو بۆ زیاد کردنی هێزه‌کانی له ئازه‌ربایجان له‌و زه‌مانی دا که هیزه‌کانی ده‌بوو که‌متر کرابانه‌وه. (5) له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاتێک ئه‌من گه‌یشتمه ته‌ورێزێ، سنووری سۆڤییه‌ت به ته‌واوی هه‌م به ڕووی موسافیران وههم بۆ گۆێستنهوهی که‌ل و په‌ل داخرابوو. ئه‌و ده‌می ئه‌من له‌وێ بووم هیچ ڕووسێک له ته‌ورێزێ نه‌بوو و،له سه‌ر سنووریش شتێکی ئه‌وتۆ نه‌بوو که گوێی لێ ههڵبخرێ. وه‌بیرم دا ڕووسه‌کان له نێو سنووره‌که‌یاندا مووشه‌کێکی بڕی نێوه‌ڕاستیان دامه‌زراندبوو، به ڕواڵه‌ت بۆ کار تێکه‌ری له سه‌ر لایه‌نێک،جا مه‌به‌ست له بێگانان بووبێ یان خه‌ڵکی خۆجێیی و، قه‌تم ئه‌وه بۆ ڕوون نه‌بووه‌وه.نه فارسه‌کان و نه ئازه‌ربایجانییه‌کانی که له ئازه‌ربایجانی ئێران ده‌ژیان وێده‌چوو زۆر نیگه‌رانی نیزیکی جوگرافیایی خۆیان له یه‌که‌تی سۆڤییه‌ت بن.
میدل ئیست کووارتێرلی: کاتێک ئه‌تۆ له ماوه‌ی ساڵانی 1990 دا چوویه‌وه ئێران، کۆمه‌ڵی ئێران چ ئاڵوگۆڕێکی به سه‌ر دا هاتبوو؟
ئیگلتن: له ماوه‌ی ساڵانی 1990کاندا، ئه‌من چوار سه‌فه‌ری کورتم کرد بۆ ئێران. یه‌کیان بۆ به‌شداری کردن له نوێنهگایهکی نێونه‌ته‌وه‌یی مافووره بوو؛ له سه‌فه‌رێکی دیکه‌یان دا به مه‌به‌ستی یارمه‌تی کۆ کردنه‌وه و باربوو بۆ ده‌زگای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بوو بۆ وه‌فریا که‌وتنی فه‌له‌ستینییه‌کان، جارێکی دیکه بۆ به‌شداری له کۆنفڕانسێک دا بوو سه‌باره‌ت به سارایێڤۆ که ئه‌و ده‌می من له‌و شاره کارم ده‌کرد. بۆ ئه‌وه‌ی ووڵامێکی باشت ده‌ست که‌وێ ده‌بێ ئه‌و پرسیاره له که‌سێک بکه‌ی که ماوه‌یه‌کی زۆر زیاتر له من له ئێرانی دوای شوڕش له وێی به‌سه‌ر بردبێ.له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌من وای بۆ ده‌چم ته‌بیعه‌تی ئێرانی زۆر وه‌ک زه‌مانی به‌ر له شۆڕش ماوه‌ته‌وه و گۆڕانێکی ئاوای به خۆیه‌وه نه‌دیوه. تاکوته‌را هێشتاش میواندۆست و خوێنگه‌رمن. ڕه‌نگه ئه‌وه به سه‌یر دابندرێ که ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئێستا زۆر له زه‌مانی شا زیاتر له نێو خه‌ڵک دا خۆشه‌ویسته، چونکه له زه‌مانی شا دا شانه‌ی هه‌موو که‌مایه‌سییه‌کان له سه‌ری ئه‌مریکا دا ده‌شکا. هێندێک گۆڕان ڕوویانداوه، که ئه‌گه‌رچی بانهکی و ده‌سکردیش بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرینگن. بۆ نموونه، جلوبه‌رگی ئیسلامی بۆ ژنان، که ئه‌من پێم وایه ئێستا به‌رته‌نگی که‌متری له سه‌ره له چاو ئه‌وه‌ی له ساڵانی 1990کاندا هه‌بوو. دیاره شتێکی قۆرسیش هه‌یه که بۆ گاڵته نابێ سه‌باره‌ت به حوکمی ئیسلامی که دیاریی کردن و نێولێنانی زه‌حمه‌ته. ئێرانییه‌کان له تاق خستنه‌وه‌ی خۆیان، هه‌ر خۆیان زه‌ره‌ر ده‌که‌ن.
میدل ئیست کووارتێرلی: گه‌لۆ له‌و سه‌فه‌رانه دا ئێرانییه‌کان هه‌ستیان ده‌کرد به مێژوی ڕابردووی تۆ، کارکردنت له وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و تێکه‌ڵاویت له گه‌ڵ کورده‌کان؟
ئیگلتن: ئه‌وان تا ئاخرین سه‌فه‌ری من بۆ ئه‌وێ له ساڵی 1996 به‌وه‌یان نه‌زانیبوو کاتێک که مه‌ئموورینی ئاسایشتی ئێران پێوه‌ندی منیان به کتێبه‌که‌مه‌وه،کۆماری کوردستان بۆ ده‌رکه‌وت. ئه‌وه له مه‌هاباد ڕووی دا. بوونی من و هاوسه‌ره‌که‌م له هۆتێلێکی ئه‌وێ هه‌ستی به‌پرسیاری مه‌ئموورانی ئاسایشتی ورووژاند و بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر من بزانن ده‌ستیان کرد به لێپرسینه‌وه له وه‌رگێڕی تاجرێکی مافووره له‌وێ که هاورێیه‌تی ئێمه‌ی ده‌کرد له‌وێ. له‌وێ خه‌ریکی کۆ کردنه‌وه‌ی زانیاری بووم بۆ کۆنفڕانسێکی نێونه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر مافووره که له ئه‌ڵمان ده‌به‌سترا.به‌ڵام وه‌رگێڕه‌که له قسه‌کانی دا باسی کتێبه‌که‌ی پێشووی منیشی بۆ کردبوون. له‌و ده‌مییه‌وه ئه‌من چه‌ندین جار داوای ویزای سه‌فه‌رم کردووه، به‌ڵام پێیان نه‌داوم. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و بار‌و دۆخه له‌وانه‌یه هێندێک گۆڕانی به سه‌ر دا بێ. له مانگی فێڤرییه‌ی ئه‌مساڵ ( 2005)، حکوومه‌تی ئێران ڕێگه‌ی دا به چه‌ندین کوردی ئێرانی که به‌شداری بکه‌ن له کۆنفرانسێک دا له هه‌ولێر ( له کوردستانی عێڕاق) سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌من ئێستا داوای ویزا بکه‌م، پێم وایه وێده‌چێ کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی ئاماده بن ویزام بده‌نێ.
کورده‌کان
میدڵ ئیست کووارتێرلی: چۆن بوو کتێبێکت سه‌باره‌ت به" کۆماری کوردی له ساڵی 1946"دا نووسی؟
ئیگلتن: کاتێک ئه‌من له نێوان ساڵانی 1959 و 1961 له ته‌ورێز کۆنسوولی ئه‌مریکا بووم، ناوچه‌ی کونسوولخانه‌که‌ی من هه‌موو کوردستانی ئێرانی وه‌به‌ر ده‌گرت،که نێوه‌نده‌که‌ی شاری مه‌هاباده. له ژانڤییه‌ی ساڵی 1946، ئه‌و کاته که مه‌هاباد له نێوان دوو ناوچه‌ی داگیر کراو له لایه‌ن بریتانیا و ڕووسییه‌وه هه‌ڵکه‌وتبوو(له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی دا) له ئێران، کورده ناسیونالیسته‌کان له‌وێ کۆمارێکیان ڕاگه‌یاند. (6) ئه‌و کۆماره نه هه‌موو کوردستانی ئێران وه‌به‌ر ده‌گرت و نه ماوه‌یه‌کی درێژیش خۆی ڕاگرت.تا کۆتایی ساڵی 1946،ئه‌رته‌شی سوور ئازه‌ربایجانی ئێرانی چۆل کرد و ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ره‌و ئازه‌ربایجان و کوردستان وه‌ڕێ که‌وت و حکوومه‌ته ناسیۆنالیستییه‌کانی ته‌ورێز و مه‌هابادی تێک ڕووخاند.
ئه‌من نووسینێکی چاو ڕاکێشم له سه‌ر کۆمار خوێندبووه‌وه که له گۆواری میدڵ ئیست جورناڵ دا چاپ کرابوو(7) و لوتێنانت کۆلۆنیڵ ئارچی ڕۆزڤێلت ( ئه‌فسه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌ڕته‌شی ئه‌مریکا) نووسیبوی، که له ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کۆمار دا سه‌ری له کۆمار دابوو و له‌و نووسینه دا ڕێبه‌ری کورد قازیی محه‌مه‌دی به شێوه‌یه‌کی زۆر ئه‌رێنی نرخاندبوو. سه‌ردانی من له مه‌هاباد ده‌رفه‌تێکی تایبه‌تی بۆ هه‌ڵخستم بۆ دواندن و وتووێژ له گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی له کۆمار دا به‌شدارییان کرد بوو و، هه‌ڵسه‌نگاندنێکم له سه‌ر بنه‌مای قسه و گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌وان نووسی. تا ئێستاشی له گه‌ڵ بێ که‌س ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ست نه‌که‌وتووه به‌شێوه‌یه‌کی تازه و ته‌واو ئه‌و بابه‌ته بنرخێنێ،بۆیه کتێبه‌که‌ی من هێشتاش به سه‌رچاویه‌کی باوه‌رپێکراو و به بڕشت داده‌ندرێ له سه‌ر به‌سه‌رهاتی کۆمار.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: باشه چۆن بوو بڕیارت دا له مافووره‌ی کوردی بکۆڵییه‌وه؟
ئیگڵتن: سه‌ره‌ڕای به‌رته‌نگی پێک هێنان له پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی نێوان خه‌ڵکی بێگانه و عێراقییه‌کان، ده‌رگا له سه‌ر دیپڵۆماته‌کان و خه‌ڵکی دیکه ئاواڵه بوو بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیان له گه‌ڵ مافووره فرۆش و بازرگانانی دیکه له سووقی (بازاڕ) به‌غدا دا هه‌بێ. ئه‌من ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتمه به‌غدا، به ده‌ورو به‌رم ڕاگه‌یاند پێوه‌م بابه‌تێک له سه‌ر چندراوی کوردی بنووسم چونکه ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی سه‌روکاریان له گه‌ڵ مافووره هه‌یه هیچ لایان لێ نه‌کردووه‌ته‌وه. ئه‌و کاره نه‌ک هه‌ر بووه هۆی ئه‌وه‌ی زۆر دوا نیوه‌ڕۆی خۆش له گه‌ڵ مافووره فرۆشان ڕابوێرم، به‌ڵکوو سۆنگهیهکیشی بۆ ساز کردم بۆ پاساو دانی زۆر له سه‌فه‌ره‌کانم بۆ باکووری کوردنشینی عێڕاق. ئه‌من ده‌بوو بۆ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا ئیزنی نووسراوی حکوومه‌تی عێڕاقم هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانا نه‌بوو که دۆسته کورده‌کانم خۆیان له مه‌ترسی ناهاوێن له به‌ر پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌من هه‌ر که ئه‌من پێم ده‌گه‌یشته باکوور. هه‌رچۆنێک بێ، چاوم به چه‌ندین بنه‌ماڵه‌ی عه‌شیره‌تی که‌وت که زۆریان به‌لاوه گرینگ نه‌بوو پۆلیسی نهێنی دواتر لێپرسینه‌وه‌یان له گه‌ڵ بکا.کاتێک له ساڵی 2003 چوومه‌وه هه‌ولێر، تووشی یه‌کێک له‌و تاجرانهی مافووره هاتم که ئه‌و کاته‌ی له ساڵانی 1980 کاندا سه‌رۆکی ئیداره‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا بووم له به‌غدا زۆر جار چاوم پێی که‌وتبوو. کاتێک وه‌بیرم هێناوه دوای هه‌رجاره‌ی که سه‌رم له دووکانه‌که‌ی ده‌دا موخابه‌رات لێپرسینه‌وه‌یان له گه‌ڵ ده‌کرد پێکه‌نی و گوتی: ئه‌وه‌ی ده‌هێنا به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و دراوه‌ی له فرۆشتنی مافووره‌کان ده‌ستم ده‌که‌وت.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: با جارێکی دیکه بچینه‌وه دنیای عه‌ڕه‌ب. ئه‌تۆ به ماوه‌یه‌کی کورت دوای کۆده‌تای ساڵی 1951 گه‌یشتییه سووریا ؟
ئیگڵتن: ڕاسته. ئه‌و ده‌می به که‌شتی ده‌چووین بۆ شوێنی کارکردمان له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست.ئه‌من خه‌به‌ری ئه‌و کۆدهتایهم ئه‌و کاته‌ی له که‌شتی دا بووم پێ گه‌یشت. دیاره ئه‌و ده‌می چاوه‌ڕوانی کوده‌تا نه‌ده‌کرا، چونکه پیاوی به‌هێزی عه‌سکه‌ری ئه‌وده‌می ئه‌دیب شیشه‌کلی (8) ، هه‌موو کارێکی له ڕواڵه‌تێکی دێمۆکڕاتیک دا به‌ڕێوه ده‌برد.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: باشه سه‌فاره‌تخانه‌ی ئه‌مریکا له‌وێ چۆنی خۆ له گه‌ڵ دیکتاتۆری عه‌سکه‌ری دا گونجاند؟
ئیگلتن: کارمه‌ندانی سه‌فاره‌تخانه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان کوده‌تاکه‌یان پێ باش بوو و زۆر که‌س هیوایان وا بوو ئه‌وه ببێته هۆی هاتنه مه‌یدانی ڕێژێمێکی زۆر به سباتر و پڕاگماتیک تر. ئه‌زموونی سووریا له مه‌ڕ دێمۆکراسی له دوای شه‌ڕ به ته‌واوی وه‌نه‌بێ ئه‌زموونێکی خۆش بووبێ، خه‌ڵکی گه‌شبین وه‌ک ئاتاتورکێکی (9) موحته‌مه‌لی سووریه‌یی چاویان له شیشه‌کلی ده‌کرد، به‌ڵام خۆشه‌ویستی وی له نێو خه‌ڵک دا به‌ره به‌ره له ته‌نکه‌ی ده‌دا. ئێمه له سه‌ره‌تاوه زۆر شتی چاوڕاکێشمان ده وییدا به‌دی کرد. به‌ر له هه‌موو شت، ئه‌و دوژمنێکی توفی ناسیونالیزمی ڕادیکاڵی عه‌ڕه‌ب بوو. دیاره دۆستی شایانی بنه‌ماڵه‌ی هاشمی عێڕاق و ئۆردۆنیش نه‌بوو( که ئه‌وان هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا و بریتانیا بوون). ئێمه که له سهفارهتخانهوه ڕووداوه‌کانمان ده‌شۆپاند، زۆر جار به گومان بووین و دیاره بۆ ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی باشمان به ده‌سته‌وه بوو.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌و ده‌می ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌ب چه‌نده زه‌ق و به‌رجه‌سته بوو ؟
ئیگلتن: ماوه‌یه‌کی کورت دوای کوده‌تای سووریا، جه‌ماڵ عه‌بدولناسر کۆنتڕۆڵی میسری به ده‌سته‌وه گرت. هه‌رێمه‌که له نێوان دوو لایه‌ن دابه‌ش کرابوو ئه‌وانه‌ی پشتیوانی‌یان له ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌ب ده‌کرد و ئه‌وانه‌ی که دژایه‌تییان ده‌کرد. ده‌سته‌ی دوایی بریتی بوون له حکوومه‌ته پادشاییه خۆ پارێزه‌کان له عێڕاق،ئۆردۆن و عه‌ڕه‌بستانی سعوودی و، زۆربه‌ی عیساییه‌کانی لوبنانی. بۆ ماوه‌یه‌ک وا وه‌به‌رچاو ده‌هات که هیچ ناتوانێ پیش به ناسرو پشتیوانانی بگرێ ، به‌ڵام هێزه دژبه‌ره‌کان ئاخره‌که‌ی توانییان کهف و کوڵی ناسیۆنالیستی به‌ر به‌ست بکه‌ن. دیاره سه‌روبه‌ندی واش هه‌بوو ئه‌وان له سه‌رکه‌وتن زۆر نزیک بوون.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: بۆ وێنه ؟
ئیگلتن: دوای ساڵی 1958 و شاکوژی له عێڕاق، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و حکوومه‌تی بریتانیا به په‌له هێزیان برده لوبنان و ئۆردۆن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمانه بپارێزن و مه‌عنه‌وییاتی هاوپه‌یمانه‌کانمان له ناوچه که به‌هێز بکه‌ن.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ هێندێک باسی " کهف و کوڵی ناسیۆنالیستی " عه‌ڕه‌بت کرد. ئه‌و هه‌ستی ناسیونالیسته عه‌ڕه‌بییه له کوێ له هه‌موو جێگه‌یه‌ک گه‌شتر و گه‌وره‌ترین بووه؟
ئیگلتن: دیاره ئه‌و کتێبێکی تێ ده‌بێ ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ به‌شێوه‌یه‌کی له‌بار بار و دوخی ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌بی له جێگه‌ی جۆر به‌جۆره به‌یه‌که‌وه به‌راورد بکا چونکه هه‌ر ووڵاته‌ی له هه‌لومه‌رجی جیاواز دا سیاسه‌ت و بۆچوونی جیاوازی هه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌کرێ بگوترێ که چه‌قی ناسیونالیزمی عه‌ڕه‌ب قاهیره بوو.
میدڵ ئیست کووارتێرلی:با ئێستا بێینه سه‌ر ئه‌وه کاته‌ی که له سووریا سه‌فیر بووی. حافیز ئه‌سه‌د چ جۆره پیاویک بوو؟ وه‌ک که‌سێکی به‌رده‌نگی وت‌و ووێژ ؟
ئیگلتن: زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌بوو چاویان به ئه‌سه‌د بکه‌وێ و وتووێژی له گه‌ڵ بکه‌ن که‌سایه‌تی وی کاری تێده‌کردن. ئه‌و به‌وه به نێوبانگ بوو که زۆر ئێشک بێ به‌ڵام دڵساف و قسه له رووش بوو. ئه‌و دژبه‌رانی هه‌ته‌ڵه نه‌ده‌کرد، سازانی پێ زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڵێنی شتێکی دابایه، به ئاسایی قسه‌ی خۆت ده‌پاراست و نه‌ی ده‌شکاند. (10)
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ده‌کرێ ئه‌زموونی خۆت له سووریا له گه‌ڵ حافز ئه‌سه‌د به ئه‌زموونی خۆت له عێڕاق له گه‌ڵ سه‌دام حوسێن به‌راورد بکه‌ی؟
ئیگلتن: گوێستنه‌وه له ساڵی 1984 له کاتی شه‌ڕ دا له عێراق بۆ سووریای ئه‌سه‌د له زۆر رووه‌وه وه‌ک ئه‌وه ده‌چوو مرۆ له تاریکاییه‌وه بێته نێو ڕووناکایی. ئه‌وده‌می شام به نیسبه‌ت کراوه بوو به‌ڕووی بێگانان دا و ئێستاش هه‌ر ئاوایه.ئه‌و شک و دڕدۆدنگییهی که له عێڕاق هه‌بوو له‌وێ که‌متر بوو. نوێنه‌ره دیپڵۆماتیکه‌کان ده‌یانتوانی ببن به به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان.ئه‌سه‌د سه‌قامگرتوو به‌ڵام لاواز وه‌به‌رچاو ده‌هات. سه‌دام به پێچه‌وانه‌ی وی بوو، توف بوو به‌ڵام سه‌قامگرتوو نه‌بوو. هه‌ر وه‌ها جیاوازیش هه‌بوو له نێوان بناخه‌ی مۆدێڕن و جار جار چاو ڕاكێشی حکوومه‌تی عێڕاق له به‌غدا له‌گه‌ڵ بینای ئاسایی وه‌زاره‌تخانه‌کانی سووریا که به دیمیشق دا بڵاو ببوونه‌وه. دیاره جیاوازییه‌که‌ش له نێو ئه‌وانه دا بوو که له داهاتی نه‌وت دراویان ده‌ست ده‌که‌وت و ئه‌وانه‌ی که ئه‌و سامانه‌یان نه‌بوو. ئه‌گه‌رچی سووریا له زه‌مانی حوکمی ئه‌سه‌د دا چه‌ندین ده‌زگای ئاسایشتی و هه‌واڵگری ڕقه‌به‌ری هه‌بوو، به‌ڵام له چاو ئه‌و کهشو هه‌وا ده‌وڵه‌ته پۆلیسییه‌ی که له به‌غدا هه‌بوو و له ڕاده‌به ده‌ر کۆنتڕۆڵ ده‌کرا هیچ نه‌بوو.
میدیڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌گه‌ر مرۆ هه‌موو هه‌رێمه‌که له به‌رچاو بگرێ، به بۆچوونی خۆت پێت وایه کامه له ڕێبه‌ره‌کان ته‌فاهومیان هه‌بوو به‌ڕانبه‌ر به ڕۆژئاوا به‌گشتی و ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به تایبه‌تی؟ کامه‌یه‌ک له فه‌رمانڕه‌وایان لانی که‌می ته‌فاهوم و تێگه‌یشتنی هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که دنیای ده‌ره‌وه چۆن کار ده‌کا؟
ئیگلتن: ده‌کرێ بلێم ناکرێ مرۆ ڕاده‌ی تێگه‌یشتن و ته‌فاهومی تاک تاکی ڕێبه‌ره‌کان سه‌باره‌ت به ڕۆژئاوا بزانێ.به‌ڵام به گشتی ده‌کرێ بڵێم، ئه‌وانه‌ی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان ده‌کرد زۆر وێده‌چێ باشترین تێگه‌یشتنیان بووبێ و، ئه‌وانه‌ی که زۆرتر له ووڵاتی خۆیان ده‌مانه‌وه و که‌متر سه‌فه‌ریان ده‌کرد، وه‌کوو سه‌دام و ئه‌سه‌د، ڕه‌نگه لانی که‌می تێگه‌یشتنیان هه‌بووبێ.
لیبی
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ده‌ی با بچین به‌ره‌و باکووری ئه‌فریقا. له مهر موعه‌مه‌ر قه‌زافی چت له بیره؟، ئه‌و ده‌م گه‌نجێک بوو.
ئیگڵتن: له ماوه‌ی ئه‌و یه‌کساڵ و نیوه‌ی دا که له تریپۆلی به‌رپرسی سهفاڕهتخانه بووم قه‌ت هه‌ڵنه‌که‌وت جارێک دوو به دوو له گه‌ڵ ڕێبه‌ری لێبی دانیشم. ئه‌گه‌رچی قه‌زافی له ههمووجێیهک بوو له خۆپیشاندان دا، له کۆبوونه‌وه‌ی گشتی، کۆنفڕانس و بێ ناوبڕیش هه‌موو شه‌وێ له تێلێڤیزیۆن دا بوو.ئه‌و ده‌ور و به‌ری به هه‌یه‌جان و پڕ له خرۆشی به‌دڵ بوو که وه نێو که‌وێ وئاپۆرای خه‌ڵک وه‌دوای خۆی خا و دروشم بۆ سۆسیالیزم و شۆڕش بده‌ن به‌دژی "کۆنه‌په‌رستی". قه‌زافی که‌سایه‌تییه‌کی ئاڵۆزی هه‌بوو و هه‌یه‌تی. هێندێک گۆیا پسپۆڕ ئه‌و به شێت و شوور داده‌نێن،به‌ڵام قه‌ت به‌وه پێمل نه‌بووم که که‌س ئاگاداری له سه‌ر ئه‌وه هه‌بێ که ئه‌وه چییه ده‌ی بزوێنێ.به دڵنیاییه‌وه ئه‌و له گه‌نجێتی خۆیدا وه‌ک ئه‌ندامی هۆزێکی پچووکی به ته‌واوی ته‌ریک له تریپۆلی بێزارییه‌کی تێدا پێک هاتووه له ئاست ئه‌وانه‌ی ئه‌و پێی وابووه خه‌ڵکی ئاسایی ده‌ڕووتێننه‌وه. ئه‌وانه‌ی ئه‌و لێیان به گومان بوو بریتی بوون له دوکانداری ئاسایی و هه‌ر وه‌ها زێڕینگه‌ران.ئه‌و له‌و ده‌سته‌ی دوایی وه‌خۆ که‌وت به داشکاندنی نرخی زێڕ که ده‌کرێ به باییه‌کی که‌متر له بازاڕی جیهانی له لیبی بکڕدرێ. قه‌زافی ئه‌گه‌ر که‌یفی بزووتبا له تێلێڤیزیۆن دا به ڕێکخستنی سێمیناری پچووک له گه‌ڵ لاوان ده‌ستی ده‌کرد به ئاڵ وگۆڕی بیر و ڕا. موشکیله‌ی ئه‌وه بوو ده‌یویست له لیبی گۆڕانی شوڕشگێرانه بکا،به‌ڵام خه‌ڵکی لیبی له جێ‌دا خۆ پارێزن.داوخوازی وی بۆ ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌ست به سه‌ر فابریکان دا بگرن و به شێوه‌ی کۆمیته‌ی گه‌لیی خۆیان ئیداره بکه‌ن وه‌نه‌بێ قه‌ت لایه‌نگری لێ کرابێ.
میدل ئیست کووارتێرڵی: ته‌عامولی قه‌زافی له گه‌ڵ ڕێبه‌رانی دیکه‌ی عه‌ڕه‌ب دا چۆنه؟
ئیگلتن: له شانۆی نێونه‌ته‌وه‌یی دا، جاری وایه ده‌ڵێی ئه‌و خه‌ریکه سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره به ده‌ست بێنێێ به‌ڵام له پڕ ئه‌وه له خۆی تێک ده‌دا به جنێو دان به‌که‌سێک که پله‌و پایه‌ی گرینگ بێ.ئه‌و پێی خۆش بوو " ئه‌و جۆره‌ی که هه‌یه بیڵێ" به‌ڵام هه‌میشه له سه‌ر حیسابی که‌سێکی دیکه. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی وورژاندنی سه‌رۆک ده‌وڵه‌تێکی دیکه و، نه‌خشه‌کانی بۆ یه‌که‌تی یان هه‌رچییه‌کی هه‌یه تێک ده‌دا.
میدڵ ئیست کووارتێرلێ: دوای ئه‌وه‌ی قه‌زافی ده‌سته‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرت ساردی و ههلپسانێک له پێوه‌ندی نێوان واشنگتن و لیبی دا ساز بوو و ئه‌و له سێپتامبری 1969 فه‌رمانی دا پێگه‌ی هه‌وایی ئه‌مریکا له ویلوس دابخرێ . کاتێک به‌ڕێزت له‌وێ بووی، قه‌زافی هیچ حه‌ولی دا بۆ ئاشتبوونه‌وه و نزیکایه‌تی له گه‌ڵ ئه‌مریکا؟
ئیگلتن: ئه‌و سه‌روبه‌ندی ئه‌من له تریپۆلی بووم، له سه‌ره‌تاوه قه‌زافی زۆر به جیدی حه‌ولی ده‌دا پێوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا باشتر بکا.حه‌وله‌کانی هێندێک سه‌رکه‌وتووانه بوون به‌ڵام هیچی لێ شین نه‌بوو کاتێک ئێرانییه‌کان شۆڕشێکی ڕاسته‌قینه‌یان ده‌ست پێ‌کرد به خوپیشاندانی گه‌وره گه‌وره‌وه. قه‌زافی له پێشدا ڕه‌خنه‌ی گرت له ئه‌وه‌ی که ئێران دیپڵۆماته ئه‌مریکاییه‌کانی به بارمته گرتبوو،به‌ڵام دواتر خۆپیشاندانی زۆر گه‌وره‌ی ڕێک خست بۆ پشتیوانی له ئێران و دوندی ئه‌وه گه‌یشته هێرش کردن بۆ سه‌ر سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ئه‌مریکا له تریپۆلی له دیسامبری ساڵی 1979 دا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌می واشنگتن له‌وانه‌بوو ئاماده بێ که به ڕه‌چاو کرانی هێندێک شه‌رتومه‌رج پێوه‌ندی خۆی له گه‌ڵ لیبی بپارێزێ و نه‌ی پسێنێ، به‌ڵام ئه‌وه هیچی لێ شین نه‌بوو کاتێک ئه‌و ئاماده نه‌بوو چاوی به من بکه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر شه‌رتومه‌رجه‌کانی ئێمه بدوێین. کاتێک، له مانگی فێڤرییه‌ی ساڵی 1980 دا قه‌زافی هێرشێکی بۆ سه‌ر سه‌فاڕه‌تخانه‌ی فه‌ڕانسه ڕێک خست له کاتێکدا که فه‌ڕانسه‌ییه‌کان که‌لوپه‌لی عه‌سکه‌رییان پێ ده‌فرۆشت، وا بڕیار درا پێوه‌ندییه‌کانمان هه‌ڵپه‌سێرین و سه‌فاره‌تخانه دابخه‌ین.
میدڵ ئیست کووارتێرلی: کاردانه‌وه‌ی ناسیونالیزمی عه‌ڕه‌ب له لیبی و ووڵاته‌کانی دیکه‌ی باکووری ئه‌فریقا که تۆ سه‌رت لێدان چلۆن بوو و چه‌نده به‌هێز بوو؟
ئیگلتن: به درێژایی ساڵان ناسیونالیزمی عه‌ڕه‌ب زۆر له ڕاکێشانی خۆی له ده‌ست داوه. قه‌ت له موریتانیا، ئه‌لجه‌زاییر ، یان مه‌راکش ئه‌وه‌نده به‌هێز نه‌بووه له چاو ئه‌و ووڵاتانه‌ی که له کێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست زیاتر نیزیکترن. هه‌لوێستی لیبی له‌و ڕووه‌وه ڕارای پێوه دیاره به پێی ئه‌وه‌ی که قه‌زافی خۆی به عه‌ڕه‌بێک ، ئه‌فریقاییه‌کی باکووری یان ئه‌فریقاییه‌ک دابنێ.
یه‌مه‌نی خواروو
میدڵ ئیست کووارتێرلی: ژیان له ته‌نیا ووڵاتی کۆمۆنیستی دنیای عه‌ڕه‌ب دا چۆن بوو؟
ئیگلتن: ئه‌من له هاوینی ساڵی 1967 دا وه‌ک کونسوولی گشتی ئه‌مریکا گه‌یشتمه وێنده‌رێ له کاتێکدا که بریتانیاییه‌کان خه‌ریک بوون ڕێگایه‌کی ئه‌مین ببینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حکوومه‌ت به جێنشینێکی جێی باوه‌ڕ بئهسپێرن. ئێمه هه‌موو باسی ئه‌و ڕۆژه‌مان وه‌ک ڕۆژی "دوایی " ده‌کرد، که له به‌ر هۆی هێمنی ڕۆژێک وه‌پێش خرابوو.(11) ئه‌و ده‌می بریتانیاییه‌کان گه‌وره‌ترین گه‌له‌گه‌می بریتانیایی یان هێنابوو نیزیک ویشکایی که له‌کاتی هاتنه سه‌رته‌ختی مه‌له‌که ئێلیزابێت له ساڵی 1953 وه شتی وا نه‌بیندرابوو.
ئه‌وی شه‌وێ له نۆڤامبری 1967 کاتێک که تازه بریتانیاییه‌کان وه‌ده‌رکه‌وتبوون، له پڕ را سه‌روکه‌له‌ی ژماره‌یه‌ک چینی له ساڵۆنی هۆتێله‌که په‌یدا بوو که ده‌ستیان کرد به ئه‌وه‌ی میداڵی مائوتسێ تونگمان به یه‌خه‌ی کۆتهکانمانهوه بلکێنن.یه‌مه‌نی خوراوو که تازه وه‌ک ووڵاتێکی کۆمۆنیست سه‌ری هه‌ڵهێنابوو، به ڕاستی سه‌یر بوو. له ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک ساڵ و نیوه‌ی دیکه دا که له‌وێ مامه‌وه ئه‌من ده‌بوو به‌رگه‌ی بیستنی زۆر ووتاری درێژی کۆمۆنیستی بگرم. له هه‌مان کاتدا، باڵێکی چه‌پی پارتییه‌که لایه‌نگری شۆڕشێکی زۆر ڕادیکاڵتر بوو له کاتێکدا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له حکوومه‌ت دا بوون که‌متر مه‌یلیان له ئیدێئۆلۆژی بوو و زیاتر حه‌ولیان ده دا هه‌ر چونێکه ئه‌و ووڵاته هه‌ژاره ئیداره بکه‌ن. هه‌رچۆنێک بێ، به ڕواڵه‌ت سه‌رۆکایه‌تی گشتیان عه‌ینی ئه‌و کتێبانه‌یان خوێندبووه‌وه که بۆ جیهانی سێیه‌م گه‌ڵاڵه کراون و پڕن له ووشه‌ی وه‌ک " سۆسیالیزمی زانستی" و " کۆمپێرادۆر".
میدڵ ئیست کووارتێرلی: باشه ده‌راوی دم و قسه‌کانی سۆڤییه‌ت هه‌ستی دژی ئه‌مریکایی له یه‌مه‌ن نهدهگهشاندهوه؟
ئیگلتن: هه‌م سۆڤێتێکان و هه‌م ئاڵمانییه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان کاریان ده‌کرد بۆ بنه‌بڕ کردنی نفوزی ئه‌مریکا و بریتانیا له یه‌مه‌نی خواروو. نیزیکه‌ی ساڵ و نیوێکی کێشا که حکوومه‌تی یه‌مه‌نی خواروو بتوانێ بڕیار بدا بۆ پساندنی پێوه‌ندی له گه‌ڵ واشنگتن، که دیاره ئه‌وه‌ش ئه‌وانی ده‌خسته هه‌مان هه‌ڵوێستی ژماره‌یه‌ک له ده‌وڵه‌ته عه‌ڕه‌بییه‌کان که پێوه‌ندی دیپڵۆماتیکی خۆیان له گه‌ڵ ئه‌مریکا پچڕاندبوو له ماوه‌ی شه‌ڕی 6 ڕۆژه دا (شه‌ڕی عه‌ڕه‌ب – ئیسراییل له ساڵی 1967).
میدیڵ ئیست کووارتێرلی: یه‌مه‌نییه خوارووییه‌کان چۆنیان چاو له میسر و ناسر ده‌کرد، که ئه‌وانیش لایه‌کی شه‌ڕی خوێناویی نێوخۆیی ببوون له یه‌مه‌نی سه‌روو؟
ئیگلتن: له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پارتییه‌ی که له عه‌ده‌ن ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرتبوو ( به‌ره‌ی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی) ڕه‌قیبێکی جه‌بهه‌ی ناسریستی بوو، حکوومه‌تی یه‌مه‌نی خواروو میسری به دوژمن داده‌نا و ڕیگه‌ی نه‌ده‌دا به حکوومه‌تی میسر که له عه‌ده‌ن ده‌فته‌رێکی هه‌بێ.
وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه
میدڵ ئیست کووارتێرلی: کولتووری کار کردنی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوو دا چۆن گۆڕواوه؟ پێت وایه ئه‌و دیپڵۆماتانه‌ی ئێستای ئه‌مڕیکا که له هه‌رێم دا کار ده‌که‌ن هه‌مان ئه‌و به‌هره و زانایی زمانییه‌یان هه‌یه که ئێوه په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌تانبوو؟ داخودا ته‌بیعه‌تی ڕاپۆرتی دیپڵۆماتیک نووسین گۆڕاوه؟
ئیگڵتن: له ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوو دا کولتووری وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه زۆر گۆڕاوه. ڕه‌نگه له ماوه‌ی ساڵانی په‌نجاکان و شێسته‌کان دا گۆڕان زۆر زیاتر بووبێ تا دواتر.له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه به‌راییانه دا زۆربه‌ی پێوه‌ندییه‌کان به شێوه‌ی ڕاپۆرت و پێوه‌ندیی به نووسراوی دیکه بوو. تێلگراف، که به بێ نیشانه‌ی ناساندن و ووشه‌ی نه‌پێویستی دیکه گه‌ڵاله ده‌کران، ته‌نێ بۆ بابه‌تی کت‌وپڕ و خێرا به‌کار ده‌هێندرا. دوان و قسه کردن ووشه به ووشه ئاسته نه‌ده‌کران وه‌ک ئه‌و جۆره‌ی له کۆتایی 1960کاندا له زه‌مانی هێنری کیسێنجر دا بوو به باو. ئێستاش له وه‌زاڕه‌تی کار‌و باری ده‌ره‌وه دا خه‌ڵکی زۆر لێوه‌شاوه‌مان هه‌یه و به‌هره و توانایی زمانی ڕه‌نگه له ڕابردوو باشتر بووبێ . له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به داخستنی زۆر له کۆنسوولخانهکان ودامه‌زراندنی ده‌وروبه‌ری هێمنی به ده‌وری میسیۆنه دیپڵۆماتیکه‌کان دا، ده‌ره‌تانی به‌کار هینان و که‌لک وه‌رگرتن له به‌هره و توانایی زمانی که‌متر بووه‌ته‌وه. له به‌ر ئه‌و
ڕاستییه‌ی که ڕووداوه‌کان زۆر خێرا تێده‌په‌ڕن زۆربه‌ی کارگێڕانی وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له هه‌نده‌ران نه کاتی ئه‌وه‌یان هه‌یه و نه به‌رده‌نگیان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی به درێژی به کاری شیکردنه‌وه‌وه خه‌ریک بن. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان وه کاره‌کانی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی ڕا ده‌گا که له سه‌ر کار‌و بار له ده‌وره ده‌کۆڵنه‌وه و هه‌ر وه‌ها دامه‌زراوه بیر داڕێژه‌کان که شیکردنه‌وه‌ی به‌که‌لک و به کاتی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنن له چاو هێندێک له که‌ره‌سته ئاکادێمییه به‌راییه‌کان که زۆر جار کۆن ده‌بوون که‌لکیان زیاتره.
[1] New York: Oxford University Press, 1963.
[2] New York: Interlink Books, 1988.
[3] The Christian Science Monitor, Dec. 21, 1983.
[4] The Yezidis of Iraq practice a pre-Islamic religion centered upon a cult of angels.—Eds.
[5] See, for example, "Decree of the Central Committee of the Communist Party of the Soviet Union Politburo to Mir Bagirov, Central Committee Secretary of the Communist Party of Azerbaijan, on 'Measures to Organize a Separatist Movement in Southern Azerbaijan and Other Provinces of Northern Iran,'" The Cold War International History Project, Woodrow Wilson International Center for Scholars.
[6] The Mahabad Republic fell to the Iranian army in December 1946.—Eds.
[7] "The Kurdish Republic of Mahabad," July 1947, pp. 247-69.
[8] Adib ash-Shishakli (1909-64). In 1949, he overthrew Col. Muhammad Sami al-Hinnawi, who had seized power four years earlier. As defense minister, Shishakli dominated the civilian government, finally ordering the arrest of Prime Minister Fawzi Salu in November 1951. Overthrown in 1954, Shishakli spent his exile in Brazil.—Eds.
[9] Mustafa Kemal Atatürk is considered the father of modern Turkey.—Eds.
[10] Daniel Pipes gives an alternate assessment in "The Word of Hafez al-Assad," Commentary, Oct. 1999.
[11] Nov. 30, 1967
No comments:
Post a Comment