حاجی مسته‌فای داودی، ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی ئازەربایجان
حاجی مسته‌فای داودی، له پێشدا ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی ئازەربایجان (مجلس موءسسان آذربایجان) دوایه، ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی کوردستان.
به‌شداری کردنی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی مه‌هاباد له مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان دا
حه‌سه‌نی قازی
نه‌مر مه‌نافی که‌ریمی له چاوپێکه‌وتنێک دا له گه‌ڵ گۆواری دوومانگانه‌ی "ڕوانگه" (ژماره‌ی 15، گه‌لاوێژی 1382ی هه‌تاوی/ ژووییه‌ی 2003) له ووڵامی پرسیارێک دا سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی مه‌هاباد - ته‌ورێز ده‌ڵێ:
"حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان ده‌یه‌ویست مه‌ڵبه‌ندی موکریان بخاته ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆی و کاتێک خه‌رێک بوون مه‌جلیسی میللی خۆیان پێک بهێنن وه‌کوو شاره‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان له مه‌هابادیشیان گێڕابووه‌وه.بۆ نوێنه‌رایه‌تی مه‌هاباد له‌و مه‌جلیسه دا حاجی مسته‌فای داودی، که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین، وه‌هابی بلووریان، من و عه‌لی ڕیحانی هه‌ڵبژێردراین . له ڕۆژی کرانه‌وه‌ی مه‌جلیسه‌که دا نوێنه‌رانی شاره‌کانی ئازه‌ربایجان یه‌ک به یه‌ک قسه‌یان کرد و پێپیرۆزهی خۆیان ڕاگه‌یاند و دوایه ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنیان وا به‌جێ ده‌هێنا که فیدایی و سهرلهپێناوی ئازه‌ربایجان بن و کاتێک نۆره گه‌یشته نوێنه‌ری مه‌هاباد؛ حاجی مسته‌فای داودی هه‌ستا سه‌رپێیان و ڕایگه‌یاند ئێمه پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان ده‌بین به‌ڵام سوێندی نه‌خوارد که فیدایی و سهرلهپێناوی ئازه‌ربایجان بێ. بۆ به‌یانییه‌که‌ی بێ ئاگاداری حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان له ته‌ورێزه‌وه گه‌ڕاینه‌وه مه‌هاباد و له مه‌هاباده‌وه نامه‌یه‌کمان بۆ ته‌ورێز نارد و ڕامان گه‌یاند ئێمه به‌شێک نین له ئازه‌ربایجان و ده‌مانه‌وێ خۆمان سه‌ربه‌خۆ بین. هه‌ڵبه‌ت دوای پێکهێنانی مه‌جلیسی میللی ، ئه‌وان ده‌سته‌ی وه‌زیرانی خۆشیان ڕاگه‌یاندبوو و ڕوونووسی نێوی وه‌زیره‌کانیان بۆ تاران و مه‌هاباد و بۆ حیزبی تووده ناردبوو. ئێمه‌ش له مه‌هاباد دانیشتوویه‌کی [دانیشتنێکی] نائاساییمان پێک هێنا و له‌و کۆبوونه‌وه‌یه دا ده‌سته‌ی وه‌زیرانی خۆمانمان هه‌ڵبژارد و هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌کان به ته‌واوی به پێی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بوو. بۆ وێنه مه‌حموودی وه‌لیزاده که دیپڵۆمی کشتوکاڵی له که‌ره‌ج وه‌رگرتبوو به پێی ڕاوێژی ئه‌ندامانی ئاماده له کۆبوونه‌وه‌که دا، وه‌کوو وه‌زیری کشتوکاڵ هه‌لبژێردرا . ئێمه‌ش ڕوونووسێک له بڕیاره‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه و لیستی وه‌زیره هه‌ڵبژێردراوه‌کانمان بۆ تاران و ورمێ و ته‌ورێز نارد."
له ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان ئۆرگانی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان دا سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رایه‌تی شاره‌کان و پێک هاتنی مه‌جلیس زۆر بابه‌ت بڵاو کراوه‌ته‌وه.پێشتر له "ڕوانگه" دا ده‌قی ئه‌و تێلگرافانهمان بڵاو کرده‌وه که له کوردستانه‌وه(ناوچه کوردنشینه‌کانی ئازه‌ربایجان)بۆ پیرۆزبایی له دامه‌زراندنی فیرقه‌ی دێمۆکڕات ناردرابوون و ئه‌وه‌ی له هه‌موویان گرینگترتێلگرافی محه‌مه‌دی یاهوویه که به نوێنه‌رایه‌تی بیست هه‌زار نه‌فه‌ر له ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ناردوویه و له ژماره‌ی 3ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان،چوارشه‌مۆ 21ی خه‌رمانانی 1324 دا چاپ کراوه و ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ له‌وسه‌ر به‌نده دا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕاگه‌یێندراوه، به‌ر له‌وه‌ی که له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری هه‌مان ساڵ دا یه‌که‌م کۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێ.
له ژماره‌ی 62ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا (جومعه 3ی سه‌رماوه‌زی 1324ی هه‌تاوی) چه‌ندین بابه‌ت سه‌باره‌ت به کۆبوونه‌وه‌کانی مه‌جلیسی دامه‌زرێنه‌ران ( مه‌جلیسی موئه‌سیسان) بڵاو کراوه‌ته‌وه. له نووسراوه‌یه‌ک دا له ژێر سه‌ردێڕی " سێهه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی کۆنگره‌ی گه‌ل" دا هاتووه: " .... ئاغای نه‌وبه‌ری ڕایگه‌یاند ئاغای حاجی مسته‌فای داودی له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه وه‌ک نوێنه‌ر هاتوون بۆ لای ئێمه و په‌یمانمان ده‌دنێ و قه‌ولی شه‌ڕه‌ف ده‌دن هه‌ر ده‌قیقه‌یه‌ک هه‌ر پێشهاتێک بۆ ئازه‌ربایجان بێته گۆڕێ ئه‌وانیش ئاماده‌ن. (چه‌پڵه‌یه‌کی زۆر).
دوایه ئاغای داودی هاته ژوورێ ( به چه‌پڵه و ته‌شویقی به گوڕ پێشوازی لێ‌کرا). ئاغای داودی گوتی ده‌مه‌وێ به زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆم، زمانی کوردی قسه بکه‌م و ئاغای پیشه‌وه‌ری گوتیان زۆری پێ خۆشحاڵین، فه‌رموون به زمانی خۆتان قسه بکه‌ن. ئاغای داودی ده‌ستی به قسه کانی کرد ( چه‌پڵه‌ی به‌گوڕی ئاماده بوان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ). ئاغای نه‌وبه‌ری قسه‌کانی ئاغای داودی وه‌رده‌گێڕا [سه‌ر زمانی ئازه‌ربایجانی].
ئاغای نه‌وبه‌ری: ئێستا ئه‌وه فه‌رمایشاتی ئاغای داودی ته‌رجومه ده‌که‌م. خۆی و هاوڕێکه‌ی میرزا مه‌نافی که‌ریمی ناساند.ئێمه ئێرانین و بە ته‌جزییه‌ی ئێران ڕازی نین. ئێمه له به‌ر زوڵم و گوشاری مه‌ئمورانی ده‌وڵه‌ت ناچار بووین حیزبی خۆمان ساز که‌ین.له پێناو هاوکاریی وحه‌ولی هاوبه‌شی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان دا هه‌میشه هاوفکرتان ده‌بین.....
....دوایه ئاغای پیشه‌وه‌ری ووڵامی پیرۆزبایی نوێنه‌ره کورده‌کانی دایه‌وه و گوتی: کورده‌کان هاوماڵی ئازهربایجانهکهمانن و خێزانێکن له‌و. با که‌س حه‌ول نه‌دا له نێوان ئێمه و ئه‌واندا دووبه‌ره‌کی ساز بکا. سڵاوی ئێمه به ئاغای قازیی محه‌مه‌د و میلله‌تی کورد بگه‌یێنن. " کۆبوونه‌وه‌ی سێهه‌م له 30 مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر سه‌عات 12ی ته‌واو به کۆتا هات."
له ژماره‌ی 63ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا (دووشه‌مۆ 4- ی سه‌رماوه‌زی 1324- ی هه‌تاوی) دا به‌یاننامه‌ی مه‌جلیسی موئسیسانی میللی (کۆنگره‌ی میللی) به زمانی فارسی بڵاو کراوه‌ته‌وه و له 8 ماده دا داواکانی ئه‌و مه‌جلیسه باس کراوه. ئه‌و به‌یاننامه‌یه له لایه‌ن هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی کۆنگره‌ی میللی (مجلس موءسسان آذربایجان) ئیمزا کراوه که 16 که‌سن و له‌وانه یه‌کیان حاجی مسته‌فای داودی یه.
به پێی نووسینێکی دیکه‌ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان ( ژماره‌ی 64، سێشه‌مۆ 6-ی سه‌رماوه‌زی 1324-ی هه‌تاوی) له دانیشتنی چواره‌می کۆنگره‌ی گه‌ل دا 39 که‌س وه‌کوو هه‌یئه‌تی میللی ئازه‌ربایجان هه‌ڵبژێردراون که له نێو ئه‌واندا نێوی حاجی مسته‌فای داودی وه‌ک نوێنه‌ری مه‌هاباد و ته‌قی خانی بۆزچهلوو وه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵکی کورد و عه‌شیره‌تی قه‌ره‌په‌پاغی سندووس یش هه‌یه.
له‌و نووسینانه‌ی آذربایجان ڕا ده‌رده‌که‌وێ که له کاتی پێکهاتنی "کۆنگره‌ی میللی یان مه‌جلیسی موئه‌سیسان" و دانانی ڕێ‌و شوێن بۆ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان کورده‌کان نه‌کشاونه‌ته‌وه و حاجی مسته‌فای داودی وه‌ک ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی ئازه‌ربایجان هه‌ڵبژێردراوه.پاش ئه‌وه‌ی که هه‌ڵبژاردن کراوه وا دیاره 5 کورسیش بۆ نوێنه‌رانی کوردستان ته‌رخان کراوه و ئه‌و نامه‌یه‌ی ژێره‌وه که له ژماره‌ی 86- ی آذربایجان دا چاپ کراوه (چوارشه‌مۆ 5-ی به‌فرانباری 1324-ی هه‌تاوی) هه‌ر هه‌مان نامه‌یه که نه‌مر مه‌نافی که‌ریمی له چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی له گه‌ڵ بڵاو کراوه‌ی "ڕوانگه" دا له ساڵی 2003 باسی لێوه کردووه. شایانی باسه نه چاپه‌مه‌نی حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان و نه ئی کۆماری کوردستان له هیچ کوێ باسی کێشه‌کانی نێوخۆیان نه‌کردووه و به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه له سه‌ر یه‌کتری دواون.ته‌نێ بیری وورد ده‌توانی له توێی نووسینه‌کان دا هه‌ست به جیاوازییه‌کان بکا وه‌ک له‌م نامه‌یه‌ی ژێره‌وه دا ده‌بینین که ناڕاسته‌وخۆش بێ قسه‌ی نه‌مر میرزا مه‌نافی که‌ریمی دادگرێته‌وه.
نامه‌ی کورده‌کان به زمانی فارسی چاپ کراوه و وه‌رگێڕاوه کوردییه‌که‌ی ئاوایه:
" پیرۆزبایی
ئێمه 5 که‌س نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی کوردستان له لایه‌ن حیزبی دێمۆکڕات و جه‌نابی ئاغای قازیی محه‌مه‌د ڕێبه‌ر و پێشه‌وای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێمان ئه‌سپێردراوه که خۆمان به شوێنی پیرۆزی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان بناسێنین و له‌وه‌ی که له‌و مه‌جلیسه دا 5 کورسی بۆ نوێنه‌رانی کوردستان ته‌رخان کراوه له لایه‌ن گشت خه‌ڵکی خودموختاری کوردستانی ئێران و به تایبه‌تی به ناوی حیزبی دێمۆکڕات له قووڵایی دڵه‌وه سپاستان ده‌که‌ین و له‌و خۆش نییه‌تی یه‌ی ئێوه هه‌تا بلێی سپاس وێژین. ئێستا پێمان خۆشه له لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه‌وه به عه‌رزی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان ڕابگه‌یێنین که به گیان و ماڵ بۆ هه‌موو جۆره هه‌وڵدانێکی هاوبه‌ش و هاوکاری ئاماده‌ینه، هه‌ر وه‌ها داوخوازمان ئه‌وه‌یه که له‌م ڕۆژانه دا که مه‌جلیسی میللی کوردستان ده‌کرێته‌وه له لایه‌ن مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجانیشه‌وه چه‌ند نوێنه‌ر بنێردرێنه مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی بۆ پته‌و کردنی پێوه‌ندی کولتووری و ئابووری و بازرگانی دوو لایه‌نه هه‌موو جۆره هه‌ولدانێکی هاوبه‌ش بکرێ و له کۆتایی دا له خودای به‌رز سه‌رکه‌وتن و به‌خته‌وه‌ری مه‌جلیسه پیرۆزه میللییه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان له ژێرسهربهخۆیی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران دا به ئاوات ده‌خوازین."
وه‌ک میرزا مه‌نافی که‌ریمی باسی کردووه ئه‌و پێنج نوێنه‌ره بریتی بوون له: حاجی مسته‌فای داودی، مه‌نافی که‌ریمی، عه‌لی ڕیحانی، وه‌هابی بلووریان و که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین.
دیاره له‌و ناوه دا وێڕای پێوه‌ندی ڕه‌سمی هه‌ر دووک لا، حه‌ول دراوه جگه له کاناڵی ڕه‌سمیش نیشان بدرێ که له کوردستانه‌وه پشتیوانی له پێک هاتنی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان ده‌کرێ.
آذربایجان له ژماره‌ی 64 دا (سێشه‌مو 6ی سه‌رماوه‌ز) نامه‌ی که‌سێک به نێوی ئیمامی ( که زۆر وێده‌چێ ئی عه‌بدولڕه‌حمانی ئیمامی له دامه‌زرێنه‌رانی ژێکاف بێ که له ساڵانی چالاکی ژێکاف دا زۆر جار سه‌ری له ته‌ورێز دا بوو) بڵاو کردووه‌ته‌وه. هه‌ر وه‌ها له ژماره‌ی 87 (جومعه، 7- ی به‌فرانباری 1324- ی هه‌تاوی) پیرۆزبایی کوردێک له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م دا به خه‌تی درشت چاپ کراوە.
ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی آذربایجان
تیشکی خۆری ڕۆژنامه‌ی به‌ڕێزتان دوای ساڵه‌های ساڵ له ئاسۆگی خاکی زێڕینی ئازه‌ربایجان دا سه‌ری هه‌ڵدا و گیانێکی تازه‌ی به به‌ر زمانی میللی ئازه‌ربایجانی دا کرده‌وه.
ئه‌و بلبله شه‌یدایه ده‌نگی بێستانی ئازادی ئه‌و میلله‌ته نه‌جیبه‌ی له سه‌رتاسه‌ری کوردستان بڵاو کردووه‌ته‌وه. به ڕێگه‌ی ئه‌و نامه‌یه وه له لایه‌ن خۆم و گشت برایان و خوشکانی کورد پیرۆزبایی دامه‌زران و دانانی مه‌جلیسی موئه‌سیسانی ئازهربایجانتان لێ ده‌که‌م و به ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێم. بژی خودموختاری،پایه‌دار بێ زمانی میللی ئازه‌ربایجان .
مه‌هاباد- ئیمامی
پیرۆزبایی
پیرۆزبایی
ته‌شکیلی حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان و دامه‌زرانی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان له دڵه‌وه له ئاغای شه‌بوسته‌ری سه‌رۆکی مه‌جلیسی میللی و ڕێبه‌ری ده‌وڵه‌تی میللی ئاغای پیشه‌وه‌ری پیرۆزبایی ده‌که‌م
عهبدوخالیدی کهرباسیی مه‌هابادی
عهبدوخالیدی کهرباسیی مه‌هابادی
No comments:
Post a Comment