Tuesday, October 28, 2014

هاوپرسەکی شیرین پایزن لە بەرنامەی "360 دەرەجە" ی تێلێڤیزۆنی سی ئێن ئێن تورک لەگەڵ بەڕێز سالح موسلیم هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک

هاوپرسەکی شیرین پایزن لە بەرنامەی  "360  دەرەجە" ی تێلێڤیزۆنی سی ئێن ئێن تورک
لەگەڵ بەڕێز سالح موسلیم هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک
جومعە شەو  24ی ئۆکتۆبری 2014
شیرین پایزن: ببوورن ئەو بەشەی بەرنامەکەم بە پەلە تەواو کرد، چونکە لە برووکسێل میوانێکمان هەیە. کاتمان دیاری یە، بۆیە ڕوو لە پرووکسێل دەکەم و دەڵێم: ئێستا ساڵح موسلیم لیدەری پەیەدە لە لە برووکسێلەوە لە بەرنامەی زیندوو دا لەگەڵمانە، کەسێک کە ئەم ڕۆژانە نێوی زۆر لە سەر زمانانە. بەخێر بێی ساڵح موسلیم!
ساڵح موسلیم: خێراندار بی، سڵاو و حورمەت
شیرین پایزن: زۆر سپاستان دەکەین. ئێستا لە باسی مەسەلەی دار و شینایی لە ئەستەنبووڵ دەگەڕێینەوە سەر مەسەلەی کۆبانێ. کاک ساڵح موسلیم پرسیار زۆرن بەڵام، ئەمن بێ ئەوەی کات بە فێڕۆ بدەم، ئەگەر دەتانەوێ لە بابەتەکانی هەرە دوایی، هەرە گەرم ڕا دەست پێ بکەم و ئەم پرسیارانە لە بەڕێزتان بکەم. بەر لە هەموو شت [بڕیارە] کۆڕیدۆرێک بکرێتەوە و پێشمەرگە بە مەبەستی یارمەتی دانی کۆبانێ لە ڕێگای تورکییەوە دێ. لە پێشدا بڕیار بوو ٢٠٠ کەس بێن، ئێستا ئەوە سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە ئەو ئەژمارە بۆ ١٥٠ کەس دابەزیوە، چونکە بە پێی قسەی وی ئەڕتەشی ئازادی سوورییەش یارمەتی دەکا. ئێوە دەڵێن چی؟ چەند پێشمەرگە دێن؟ لەو بارەویەوە چ ڕێکەوتنێکتان کردووە لە گەڵ بارزانی ؟ لە گەڵ سەرۆکایەتی بارزانی و حکوومەت، دوایین بارودۆخ چییە لەو ڕووەوە؟ لە پێشدا با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین.
ساڵح موسلیم: بەڵێ! وەک دەزانن ئەمن دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە باشووری کوردستان بووم،لەوێندەرێ چاوم بەکاربەدەستانی ئەوێ کەوت. لە باری سیاسییەوە ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە . لە ڕوانگەی ئێمە جێی قەبووڵە کە پێشمەرگە لەوێوە بچنە کۆبانێ. لەو چاوپێکەوتنانەی دا کە لەوێ هەمان بوو ئەوەمان قەبووڵ کرد. ئێستا مەسەلەی لایەنی تێکنیکی ماوەتەوە. ئەو لایەنە تێکنیکییەش لە نێوان فەرماندەیی پێشمەرگە و فەرماندەیی یەپەگە (یەکینەیێن پاراستنی گەل) یەکلا دەکرێتەوە، ئەوان لە ڕووی تێکنیکییەوە ڕێک دەکەون. هەم لە ڕووی ژمارە، هەم لە مەڕ ڕێگای چوونیان و هەم بەرواری چوونیان. هەر وەها لە سەر ئەوەی کە چ جۆرە چەکێک لە تەک خۆیاندا بەرن. حەوجێ بە چەکی بە کوالیتەیە. جا لە بەر ئەوە ئەو مەسەلەیە بەستراوەتەوە بە چاوپێکەوتنی ئەو دوو لایەنە.پێم وایە لە ماوەیەکی کورت دا دەگەنە ڕێکەوتنێکی ئەوتۆ!
شیرین پایزن: داوخوازی ئێوە بە کۆنکرێت چەند کەسە، یانی ئەو هێزی پێشمەرگەیەی دێ چەند بێ؟ پێتان وایە ئەو هێزە بۆ یارمەتی کۆبانێ دەبێ لە چەند کەس پێک بێ؟ ئایا ئەو ژمارەیەی ئێوە دەتانەوێ دێ؟ لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟
ساڵح موسلیم: لە مەر ئەژمارەوە لە جێدا باسیان کرد. گوتیان هەر چەندی بتانەوێ دەتوانین پێشمەرگە بنێرین، بەڵام ئەوە بەستراوەتەوە بە شەڕڤانانمان لەوێ واتە تاکو تەرای یەپەگە لەوێ. بە ئەندازەی کافی شەڕڤان هەیە ، بەڵام ئێستا هاتنی ئەو ئینسانانە، ئەو پێشمەرگانە  لە ڕووی کوالیتییەوە گرینگە، کە لە هێندێک بوار دا بریتی دەبن لە کەسانی پسپۆڕ، بە تایبەتی لە بواری بەکارهێنانی چەکوچۆڵ و جبەخانە. مەسەلەکە بەستراوەتەوە بە پسپۆڕایەتییەوە. بۆیە یەپەگە دیاریی دەکا کە حەوجێی بە چەند کەس هەیە و چ جوورە چەکێکیان دەوێ و ئەگەر لەو ڕووەوە ڕێکەوتن بکرێ ئەوان بەو شێوەیە دێن.
شیرین پایزن: یانی ئێوە باسی ڕێکەوتنی خۆتان لە گەڵ بارزانی، ڕێکەوتن لە نێو ئێوە و سەرۆکایەتی کوردستانی عێڕاق دەکەن. وایە؟ داخودا تورکییە بە تایبەتی بەرتەنگییەکی بۆ ئەوە داناوە؟ کە بڵێ ئەوەندە کەسە دەکرێ بە زەوی ئێمە دا تێپەڕێ.
ساڵح موسلیم: نەخێر شتێکی ئاوا نییە. لە سەر ئەژمار بە لێبڕاوی شتێکی ئاوا لە ئارا دا نییە. یانی ئەوە هەر پدک ە نییە. یانی ئێمە لەوێ  لە گەڵ سەرۆکایەتی وێ چاوپێکەتنمان دەبێ، هەر وەها لە گەڵ فەرماندەرانی پێشمەرگە. تەبیعی یە وەک دەزانن بارزانی سەرۆکی ئەوانە، سەرۆکی هەرێمەکەیە. ئەو ڕێکەوتنانە بە ڕێگای ویدا دەکرێن. بەڵام ، پێشمەرگەکان تەنێ هەر پێشمەرگەی  پدک ە نین ، ئەو پێشمەرگانە پێشمەرگەی حکوومەت یان پێشمەرگەی ئیدارەی وێندەرێن و بە پێی بواری پسپۆڕایەتییان دەدرێن.
شیرین پایزن: ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان گوتی کە ئەڕتەشی ئازادی سوورییەش دەچێتە کۆبانێ، گوتی لەوانیشەوە یارمەتی دێ. بەڵام بە دوای ئەوە دا ئێوە ڕوونکردنەوەیەکتان بڵاو کردەوە و ڕاتان گەیاند ، ئەوان با بچن بەرەیەکی دوویەم بکەنەوە. ئەو قسەیەتان وا لێک درایەوە کە ئێوە یارمەتی ئەڕتەشی ئازادی سوورییەتان ناوێ! داخودا پشتیوانی ئەڕتەشی ئازادی سوورییەتان ناوێ؟ یان بۆچی کرانەوەی بەرەیەکی دوویەمتان دەوێ؟
ساڵح موسلیم: نەخێر، شتێکی ئاوا لە گۆڕێ دا نییە. ئێستا لە جێدا ئەڕتەشی ئازادی سوورییە شان بە شانی یەپەگە لە کۆبانێ شەڕ دەکا.دەستەی فورات بورکان، ئەحرار ئەلڕقاء. لیواء تەحریر، چەبهەتولئەکڕاد هەن، ئەوانە هەموویان یەکەی ئەڕتەشی ئازادی سوورییەن و ئەوانە شانبەشانی یەپەگە شەڕ دەکەن و ئێستا کە گرووپی تازە یان یەکەی تازە کە بیانەوێ بێن، هەر چۆنێک بێ لە نێوان یەپەگە و ئەڕتەشی ئازادی سوورییە دا دیدار هەبووە یانی هێندێک چاوپێکەوتن کراوە، ئەوان بەیەکەوە ڕاوێژ دەکەن. ئێمە هیچ کات خۆمان [ لە هاوکاری] ئەڕتەشی ئازاد لا نەداوە و هێندێک لە گرووپەکانی لەگەڵ یەپەگە ڕێک دەکەون و بەو شێوەیە دێن بەڵام بێ ئەوەی لەگەڵ یەپەگە ڕێک کەون نایەن. بەپێی تێگەیشتنی ئێمە چەند بژاردەیەک هەن کە ئەو ڕوانگەی بۆم باس کردن هێندێک لەو بژاردانە بوون. یانی ئێوە وەزعی کۆبانێ دەزانن، ئێستا گەمارۆ دراوە، و لە جێیەکی دی بەرەیەک کردنەوە گەمارۆی دەوری کۆبانێ سووکتر دەکا. ئەوە بۆچوونێکە و بەستراوتەوە بە ڕێکەوتنی نێوان یەپەگە و ئەڕتەشی ئازادی سوورییە.
شیرین پایزن: یانی ئێوە دەڵێن کە ئەڕتەشی ئازادی سوورییە لە نوختەیەکی دیکەوە یارمەتی بکا ئەو دەمی ئەو گەمارۆیەی کە داعش کردوویە لاواز دەکەین و دواجار پێویست ناکا هەموان لە جێیەک کۆببنەوە. ئایا دەکرێ قسەکەی ئێوە ئاوا تەرجومە بکەینەوە یان ئاوا کورتی کەینەوە؟
ساڵح موسلیم: یانی لە هەر جێیەک بە گرینگ دا بندرێ لەوێ دەکرێ. ئەگەر لاوازییەک شتێک هەبێ دەکرێ ئەوە تێ هەڵبهێندرێتەوە. یانی ئەوە بەستراوەتەوە بە ڕێکەوتنی ئەو دوو هێزە. دەتوانم ئەوە بڵێم.
شیرین پایزن: باشە، کاک ساڵح، ئێوە هاتنە ئانکارا و چوونەوە،بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا دیتنی ئانکارا لە مەڕ ئێوە هەتا بڵێی بە ئیحتیات و بە پارێز و بە مەودایە و تەنانەت سەرۆک کۆمار گوتی: کە پ.ک.ک. و پەیەدە یەکن. ئایا ئێوە لە گەڵ ئەو نرخاندنەن؟ ئەوەی کە پ.ک.ک. بۆ تورکییە چییە دیارە. ئێوە لەو بارەیەوە خۆتان وەک لایەنێکی بە یەکدانانێکی ئاوا دەبینن؟ سەبارەت بەو ڕوونکردنەوە چ دەڵێن؟
ساڵح موسلیم: خانم، بەڕێز ئەردۆگان لە هەر کوێ کورد هەبێ بە دژیان هەڵوێست دەگرێ. دژی دەستکەوتەکانی کورد ڕادەوەستێ. ئێمە هیچکات نەبووینە پ.ک.ک. لە جێدا پ.ک.ک. پارتییەکی کوردە. ئەگەر لە نێو ئەواندا کێشە هەبێ ئەوە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە باکوور،پێوەندی بە تورکییەوە هەیە.ئێمە پارتییەکی سوورییەین، حەول دەدەین لە گەڵ پێکهاتەکانی سوورییە ڕێک کەوین.چ ئەڕتەشی ئازادی سوورییە بێ، چ ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە بێ. ئێمە لە سوورییە خەریکی ڕێکخستنی کاروبارەکانی نێوخۆی ئەوێین و هێج کات نابێ بە پ.ک.ک. دابندرێین.ئەردۆغان هەلدەستێ لە بەهانەیەک دەگڕێ و ئەو قسەیە بەکار دەهێنێ کە بەڵێ ئەوانە پ.ک.ک. ن و فڵان. ئەوە بە ئاشکرا نیشان دەدا کە دژی دەستکەوتەکانی کورد ڕادەوستێ، دژی ناسێنەی گەلی کورد هەڵوێست دەگرێ. باشە ئێمە لە نێو سوورییە چمان دەوێ؟ دەمانەوێ لە ماڵی خۆمان لە سوورییە لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکە یانی لە گەڵ عەڕەبەکان، سوریانییەکان و تورکومانەکان و ... بژین و لە نێو خۆماندا پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتیمان ئیمزا کردووە. دەمانەوێ سیستمێک ساز کەین. دەمانەوێ سوورییەیەکی دێمۆکڕاتیک ساز بکەین. جا ئەو دێ دژی ئەوانە هەڵوێست دەگرێ. لەوێ، لە سوورییە کوردەکان ناسنامەیەکی کوردییان دەست دەکەوێ، کوردەکان ستاتوسێکیان دەبێ، جا بۆیە بۆ دژایەتی لەگەڵ ئەوە لە بیانووی جۆر بە جۆر  دەگەڕێ.
پێشتر یانی لە ٢ ساڵ لەمەو بەرەوە خەباتی ئێمە لە گۆڕێ دا بووە و هەڵدەستێ بە ئێمە دەڵێ ئەوانە لایەنگری ڕێژیمن. لە کاتێکدا ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٤ بەملایەوە لە جێدا خەباتێکمان بە دژی ڕێژیم هەیە، چاو لە وانە هەمووی هەڵدەبوێرێ و بە دوای ئەوە دا پێمان دەڵێ پ.ک.ک. یی و فڵانن. لە بیانووی ئەو جۆرە دەگەڕێ بۆ دە پەراوێز خستنی ئێمە و لە جێدا بە دژی دەستکەوتەکانی کورد هەڵوێست دەگرێ. ئێمە ئەوە قەبووڵ ناکەین، ڕدەی دەکەینەوە. ئێمە قەت پ.ک.ک. نەبووین خۆشی دەزانێ و ڕاستییەکانیش دەزانێ. ئەمن چەندین جار هاتوومەتە ئەستەنبووڵێ و لە گەڵ هێندێک لە کاربەدەستان دیدارم هەبووە، لە لایەکەوە لە تورکییە لەگەڵ کاربەدەستانی پایە بەرز دا دیدار دەکەین و ڕۆژی دواتر لە پاشملەمان پێمان دەڵێن ئەوانە تێڕۆریست و فڵانن. بۆ خۆشی ئەوە زۆر باش دەزانێ. ئێمە هیچ کات – بەڕێز ئەردۆغان و کاربەدەستانی دیکەش دەزانن ئێمە هیچ کات نەبووینە تێڕۆریست و ئەگەر بەرگری لە ناسێنەی خۆمان بکەین ، ئەگەر لە نێو سوورییە دا بەرگری لە مافە دێموکڕاتیکەکانی خۆمان بکەین، ئەگەر لە گەڵ پێکهاتەکانی سوورییەیی ڕێک بکەوین، ئەوە هیچ کات ناکرێ بە تێڕۆریست بوون دابندرێ، ئەو هێزەی کە شەڕی هەرە قورس لەگەڵ داعش دەکا ئێمەین. جا بۆیە با بۆخۆی ڕوونکردنەوەیەک بدا کە تا چەندە یارمەتی ئێمە دەدا.
ئەگەر بە ڕاستی بییەوێ بە دژی داعش شەڕ بکا، بییەوێ بە دژی داعش خەبات بکا، دەبێ شانبەشانی ئێمە ڕابوەستێ و دەبێ یارمەتی ئێمە بکا، بەڵام هەر هەستێ و دانیشێ چوو زانم!.. با هەڵوێستی خۆی ڕوون کاتەوە.
شیرین پایزن: باشە! ئێوە دەڵێن چی؟ تورکییە، ئانکارا دەڵێ لە گەڵ مەترسییەکی ئاوا بەرەو ڕویە ئەگەر ئێمە یارمەتی چەکیان پێ بکەین . ئەو چەکانە دەکەونە دەست پ.ک.ک. و دواتر هەمان ئەو چەکانە ڕووی لوولەکانیان لە تورکییە دەکەن. داخو دا ئێوە وەک پەیەدە لە ئاست تورکییە هیچ هەڵوێستی دوژمنانەتان هەیە؟ هیچ داوخوازی ئەرزیتان لە تورکییە هەیە؟ سەبارەت بەو ترسانە دەڵێن چی؟ چونکە لە نێو بیروڕای گشتی دا ئەو نیگەرانیانە هەن و خەڵک بیری لێ دەکەنەوە! ئەو چەکانە دەگەڕێن، دەگەڕێن و ڕۆژێک لە تورکییە دەدەن! لەو بارەیەوە ئێوە چ دەڵێن؟
ساڵح موسلیم: دەزانی ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٤وە شەڕی ئەو ڕێژیمە [ ڕێژیمی سوورییە ] دەکەین و خەباتی بە دژ دەکەین و هێزەکانی یەپەگە ش بە لانی کەمەوە لە دوو ساڵ لەمەو بەرەوە لە مەیدان دان.ئەو هەموو حەولە دەدەین بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی خۆمان. با پێمان بڵێن و بیسەلمێنن تەنانەت ئەگەر تاقە گولەیەکی ئێمەش ڕووی لە تورکییە بوو بێ. ئێمە زۆر جار گوتوومانە: قەت و هیچکات بە دژی تورکییە نابین و نەبووین و لەمەو دواش نابین. یانی ئەگەر ئەو داعشە ، ڕوداوێکی تێپەڕ و کاتی بێ، بەڵام ڕۆژێک دێ بکشێتەوە و بڕوا، بەڵام ئێمە و گەلەکانمان بە هەزاران ساڵە بەیەکەوە ژیاوین. لەبەر ئەوە هیچکات جگە لە دۆستایەتی نەبێ مەبەستێکی دیکەمان نییە، زۆرجارمان گوتووە. باسی هێمنایەتی سنوور دەکرێ، دیارە هێمن بوونی سنوور لە هەموان زیاتر پێوەندی بە ئێمەوە پەیدا دەکاتەوە. ئێمە لە هەر دوو بەری سنوور خزم و خوێشمان هەیە. ئێستا خەڵکێکی کە بە تۆبزی لە کۆبانێ ڕەتێندراوە یان لە شوێنی خۆی هەڵکەندراوە لە لای خزمەکانی خۆیان حاواونەتەوە. لە جێدا هەموو گوندییەکان خزم و کەسی یەکترین، بەیەکەوە ژیاون.یانی ئێمە هیچکات مەترسییەک بۆ تورکییە ساز ناکەین.هەمیشە چاوەڕێی دۆستایەتی و برایەتی بووین لە لایەن خەڵکی تورکییەوە، گەلانی تورکییەوە، دەمانەوێ ئەوە بەردەوام بێ. جا بۆیە ئەگەر بتەوێ لە گەڵ گەلی کورد و لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوا دۆستایەتی بکەی، بەلانی کەمەوە ئەو گەلە دەبێ ناسێنەی هەبێ، یانی ناکرێ کوردێکی بێ ناسنامەمان بوێ. ڕۆژئاوا فریوی گەمەی ئاوا ناخوا. چونکە ئیدی خەڵکی ئەوێ خۆی دەناسێ و دۆستەکانیشی دەناسێ. قەت نە دژی تورکییە بووە و نە دەبێ. جا بۆیە ئەگەر چەکێک بێ یان یارمەتییەک بکرێ، دەبێ ئەویان پێ خۆشیش بێ، چونکە ئەگەر ئێمە لەوێ بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین، باری سەر شانی تورکییەش کەمتر دەبێتەوە، ئەگەر سبەینێ داعش بگاتە تورکییە کەس نازانێ ئاکامەکانی چ دەبێ.
شیرین پایزن: قەت بە کۆنکرێت داوای چەکتان لە تورکییە کردووە؟ لە ئانکارا کاتی دوایین دیدارتان داوای چەکتان لە تورکییە کرد؟ ئەوە یەکەم. پرسیاری دوویەم ئەوەیە کە سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی ئەو کەسەی کە داوخوازی کرانەوەی کۆریدۆری کردووە لە جێدا ڕێبەری پەیەدە ساڵح موسلیم ە. ئێمە ئەو داوخوازییەی ویمان بە حکوومەت گەیاندووە، بەڵام حکوومەت دوایە ڕایگەیاند ئێمە [ واتە حکوومەتی تورکییە ] گوتوومانە دەبێ کۆڕیدۆر ساز بکرێ و ئەوەمان بە ئەمێریکاش ڕاگەیاندووە. ئەوە یەکەم، دوویەم داخودا داوخوازی چەک وەرگرتنتان هەیە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ بەڕێز! لە چواری ئەم مانگە؛ لە سێی ئەم مانگە لە کاتی دیدارمان لە تورکییە و چاوپێکەوتنی کاربەدەستان، ئەو دەمی پێمان گوتن ئێمە تاکوتەرامان ئەوەندەیە، چەکمان ئەوەندەیە. هێزمان هەیە لە کانتۆنی جزیرێ، لە کانتۆنی عەفرینێ، ئەوانە دەتوانن بێن بۆ بەشداری لە پاراستنی کۆبانێ. ئەو کاربەدەستانەی ئێمە دیتمانن بۆخۆشیان گوتیان کە کۆبانێ نابێ بکەوێ و ئێمە لە سەر کۆبانێ دەکەینەوە و خاوەندارێتی لێ دەکەین. کەوتنی کۆبانێ بۆ ئێمە بە مەترسی یە. ئێمەش گوتمان باشە، ئەگەر بۆ ئێوە بە مەترسی بێ، ئێمە لەوێ بەرگری لە خۆمان دەکەین و هەر لە بەر ئەوەش دەبێ پشتیوانی لەو بەرگرییە بکرێ. ئێوە ئەوەندەی لە دەستتان دێ بیکەن، ئێمەش بۆ ئەوە کۆریدۆرێکمان دەوێ، بۆ ئەوەی کە تاکوتەرامان، شەرڤانانمان بکرێ لە کانتۆنی جزیرێ و یان لە کانتۆنی عەفرینەوە پێیدا تیپەڕن و خۆیان بگەیێننە کۆبانێ. وەک دەزانن بەر لە ١٥ مانگەوە لە سەر سنوور تانکیش مۆڵ دراون و بە پێی ڕێوشوێنی عەسکەری ئەوان دەبوو هێندێک شت بکەن. بەڵام نە دیفاعیان لە خۆیان کرد و نە بەرگرییان کرد لە ئێمە. یانی لە ڕاستیدا ئێمە داوای موداخەلەمان نەکرد بەڵام، بۆ ئەوەی هەر نەبێ بتوانین هێزی خۆمان، تاکوتەرای خۆمان بگەیێنینە ئەوێ داوای کرانەوەی کۆریدۆرمان کرد.داوامان کرد، دیارە بەڵێنیشیان داینێ و گوتیان لە زەمانێکی کورت دا کارێکی ئاوا دەکەن. بە داخەوە هەتا ئێستا چاوەڕێ دەکەین و هێشتاش چەتی تێدەخەن و ئەو کۆریدۆرە نییە و ناتوانین ئینسانەکانمان بگەیێنینە ئەوێ و ئێوە دەزانن لەوێ چ ڕوو دەدا.
شیرین پایزن: ئێوە هەم چاوتان بە کاربەدەستانی مەدەنی حکوومەت دەکەوێ، هەم لەگەڵ (میللی ئیستیهبارات تەشکیلاتی) دادەنیشن و هەم عەسکەرەکانیش دەبینن. لە مەڕ ئەو یارمەتییەی کە دەبێ لە ئانکاراوە بە ئێوە بکرێ، لە مەڕ ئەو کۆڕیدۆرە، سەبارەت بە هاتنی پێشمەرگە، ئێوە جیاوازییەک لە بۆچوونەکانیان دا دەبینن؟ پێتان وا هەیە بۆچوونی جیاوازیان هەبێ؟
ساڵح موسلیم: دەزانی لە نێو ئەو کەسانەیدا کە ئێمە دیدارمان لەگەڵیان هەبووە چ جیاوازی بۆچوون و فڵانمان نەدیوە. بەڵام ئاوای لێ دێ، ئەگەر ئەو بەڵێنانەی دەدرێن جێ بە جێ نەکرێن و ئەگەر یەک لەوێڕا تەلەفۆن بکا و بڵێ هێندێک گیرو گرفت هەن، ئەو دەمی مرۆ دەگاتە ئەو ئاکامە کە دیارە لە هێندێک شوێنەوە چەت دەکارەکە دەخرێ. بەڵام داخودا ئەوانە چن ئێمە نازانین، دەکرێ مەسەلەی نێوخۆیی بن. بەڵام ئەو کەسانەی کە بەڵێن دەدەن بە ئێمە و دەڵێن دەتان پارێزین و لە کۆبانێ خودی دەردەکەوین و فڵان و فیسار دەکەین، دوایە ئەگەر بەڵێنەکانیان پێک نەهات بە لێبڕاوییەوە مرۆ وای بۆ دەچێ کە بەڵێ ئەوە هێندێک چەت و گیروگرفت ساز دەکرێ، بەڵام کێن ئەوانەی ئەو چەت و گرفتانە ساز دەکەن نازانین .
شیرین پایزن: تێ گەیشتم! ئێستا لە سەر مەسەلەی چەک. لە پێوەندی لە گەڵ چەک دا، حکوومەت ڕوونی کردەوە و ڕایگەیاند ئێمە بە لێبڕاوی دژی دانی چەکین بە پەیەدە. بەڵام دەی ئەوە چۆن دەبێ؟ چەکی پێشمەرگەکان چۆن دێ؟ داخودا کۆریدۆرێکی هەوایی دەکرێتەوە؟ تا ئەو جێیەی بزانم پێشمەرگەکان بە فڕۆکە دێن. ئێوەش گوتتان ئەوانە هێزی تایبەتین. باشە لە سەر مەسەلەی چەک داوخوازی ئێوە چییە؟ بۆ وێنە داواتان لە ئەمێریکا چییە؟ ئەوە دەزانین کە بەڕاستی ئەمێریکا لە گەڵ ئێوە دانیشتووە. داوخوازیتان لە واشنگتن و لە ئانکارا چ بوو لە سەر مەسەلەی چەک؟
ساڵح موسلیم: دەزانی، ئێمە داوای پشتیوانی و یارمەتی دەکەین. ئێوە دەزانن بەڵای داعش چییە! لەوێ تانکیان هەیە، تەنانەت تانکی ئابرامسیان هەیە، هامڤی یان هەیە، ئەوانە هەموو چەکی زرێهی ن. ئەو چەکە کلاسیکانەی کە لە دەست یەپەگە دایە تێری ئەوانە ناکەن. ئێمە حەوجێمان بە چەکی بە کوالیتە هەیە. چەکی ئاوامان دەوێ کە بتوانن بەرەنگاری ئەو تانکانە ببنەوە. ئەگەر چەکمان لە بەر دەست دابایە، ڕەنگ با هیچ پێویستی بە پەلاماری هەواییش نەبووبایە ، بەڵام لە بەر ئەوەی چەکی ئاوامان بە دەستەوە نییە، بە دڵنیاییەوە چەکی ئاوامان دەوێ بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین. لە لایەکی دیکەوە داعش بە ئاخرین مۆدێلی چەک تەیار کراوە. بە تانکە ئابرامسەکان  تەیار کراوە بە هامڤی تەیار کراوە. ئەو چەکانەش کە بەدەست ئێمەوەن چەکی کلاسیکین و دەرەقەتی چەکەکانی ئەوان نایەن. لە بەر ئەوە ئەگەر ڕۆژئاوا ، ئەگەر ئەو ئیتیلافە نێونەتەوەیی یە بە دەنگ ئێمەوە هاتووە و لە ئینسانەکان خاوەندارێتی دەکا و پێشبینی ئەوەی کردووە کە جێنۆسایدێک بەڕێوە بێ، ئەوە ئەرکی ئینسانییەتی کە کارێک بکا. ئێمە ئاوای لێ تێدەگەین. بەڵام بۆ ئەوەی کاری هەرە چاک بکا، بەلانی کەمەوە لە بەرانبەر ئەو چەکە مۆدێڕنانە دا دەبێ لە دەست ئێمەش دا چەک هەبن. دەکرێ وەک ئەوانەی لە هەواوە بەردرانەوە ئەگەر کۆریدۆر بکرێتەوە دەکرێ یارمەتی بکرێ. دیارە ئەگەر پێشمەرگەش بییەوێ بێ ، بە دڵنیاییەوە بە بێ چەک و بە دەستی بەتاڵ نایەن .. لە جێیەکەوە..
شیرین پایزن: کاک ساڵح! بەڵام ئێوە وا قسە دەکەن کە نازانن کەنگێ کۆریدۆر دەکرێتەوە، نازانن چەک هەیە یان نا! یانی هیچ زانیاری نایە بۆ ئێوە؟ یانی وەک ئەوەی قسەمان لە سەر کرد هێشتا شتەکە نەبڕاوەتەوە؟. بۆ وێنە ئەو کۆریدۆرە کەنگێ دەکرێتەوە؟ ئەگەر کراوەتەوە داخودا پێشمەرگەکان دەستیان کردووە بەوەی پێیدا دەرباز بن؟ کەنگێ دەرباز دەبن؟ زانیارییەکی کۆنکرێت لە دەست ئێوە دا نییە؟
ساڵح موسلیم: دەزانی، لە بەر ئەوەی ئەو شتانە گشتیان کاری تێکنیکین ، لە بەر ئەوەیە ئێمە نایانزانین. تا ئەو جێیەی من بزانم کۆریدۆر کراوەیە و هەر کاتێک لایەنەکان ڕێک کەون تێدەپەڕن. ئێمە هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە کە گیر و گرفتێک هاتبێتە گۆڕێ و ئەوەش مانای وایە کە دەتوانن دەرباز بن. تورکییە چرای سەوزی داگیرساندووە بۆ کردنەوەی کۆریدۆر. یانی ئەمن ئەو کاتەی کە لە کوردستان بووم ، لە جێدا، بەڕێز بارزانی و کاربەدەستانی دی گوتیان  ئیتر تورکییە چرای سەوزی داگیرساندووە و ئێمە مەسەلەکە جێ بە جێ دەکەین. ئێمەش لە سەر ئەو بنەمایە چاومان بە فەرماندەی پێشمەرگان کەوت. ئێستا لە نێوان یەپەگە و فەرماندەی پێشمەرگان دا ڕێکەوتنی تێکنیکی دەکرێ و چ پێویست بێ و پێویستی بە دیدار هەبێ بەو پێیە جێ بە جێی دەکەن.
شیرین پایزن: وەک دەزانن لە دهۆک کۆبوونەوەیەکی گرینگ کرا. و لە نێو بزووتنەوەی کورد دا جیایی هەیە، لە نێو گرووپە کوردەکان دا و بە تایبەتی لە نێوان پەیەدە و بارزانی دا. باشە ئێوە بە سەر ئەو جیاوازییانە دا زاڵ بوون؟ ئاکامی هەرە گرینگی ئەو کۆبوونەوەیەی دهۆک چییە؟ لەگەڵ بارزانی لە سەر کام پنت ڕێک کەوتن؟ ئەو کۆبوونەوەیە چ جۆرە ئاکامی گرینگی لێ کەوتەوە، دیارە پێوەندیدار بە تورکییەوە؟
ساڵح موسلیم: وەک دەزانن ئەو بەڵایەی داعش لە هەموان زیاتر بە کۆڵی کوردانەوەیە، یانی لە مووسڵ بێ، لە شنگار بێ ، لە جزعە بێ، لە کانتۆنی جزیرێ بێ، لە کۆبانێ لە هەرجێگایەک بێ ئیتر ئەوە بە دژی کوردان وەکوو ئامرازێک بە کار دەهێندرێ. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوردەکان زیاتر لە یەکتری نیزیک ببنەوە، زیاتر  لەوە حەول بدەن بۆ یەکێتیی خۆیان. جا بۆیە ئێمە لە ڕۆژئاوا و لە گەڵ پارتییەکانی ئەوێ ڕێک کەوتین.لە ڕابردووەوە هێندێک گیر و گرفت لە نێوانمان دا هەبوون، بە سەر ئەوانە دا زاڵ بووین و جێبەجێمان کردن. ڕەنگە بزانن کە دوێنێ کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی کرا و ئەو ڕێکەوتنە ڕاگەیێندرا کە لە سەر ٣ خاڵی سەرەکی کراوە.
یەکەم: هەیئەتێک پێک دەهێندرێ، ئەوە هەیئەتێکی کوردی دەبێ، هەیئەتێکی سیاسی
دوویەم: لە بەڕێوەبەرایەتی دا هاوبەشی پێک دەهێندرێ
و سێیەم یەکێتیی هێز ساز دەکرێ.
لەو ٣ بوارە دا هێندێک ڕێکەوتن کرا، یانی ئێمە لە ڕۆژئاوا یەکێتیی کوردانمان دابین کرد. هێندێک لایەنیش ئەوەیان پێ خۆش نییە و بە باشی نابینن. تەنانەت لە گەڵ بارزانیش رێک کەوتین. بارزانی بە ڕاشکاوی گوتی بۆ من هەولێر و کۆبانێ وەک یەک وان. واتە یارمەتی دەدا. پاشان وەک دەزانن هێزەکانی یەپەگە ، هێزەکانی پێشمەرگە هەم لە تل کۆچەر، هەم لە ڕەبیعە و هەم لە شنگار شانبەشانی یەک بە دژی بەڵای داعش شەڕ دەکەن. ئێستا بە دژی داعش یەکگرتووییەکی ئاوای کوردی ساز دەبێ.
شیرین پایزن: لەو یارمەتییەی کە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا وەرتان گرتووە ڕازین، بە کافی دەزانن؟ ئەوان بە ڕێگای پێشمەرگەوە یارمەتی چەکتان دەدەنێ. لەو بارەیەوە هیچ ڕێکەوتنێکتان کرد؟ چاوەڕوانیتان لە ئەمێریکا، لە واشنگتن چییە؟ و لەو یارمەتییانەی بە ئێوەیان کردووە ڕازین؟ پێتان وایە کافی یە ئەو یارمەتییانەی کردوویانە؟
ساڵح موسلیم: نەخێر! لە سەر مەسەلەی داعش، لە سەر مەسەلەی کۆبانێ یارمەتی زۆر زیاترمان دەوێ. لێدان لە هەواوە هەبووە لە کۆبانی و ئەوە هێشتا بەردەوامە. ئەوە زۆر کاریگەرە، زۆر بە کەلکە.دەمانەوێ ئەوە درێژەی هەبێ. و دوویەم هەتا ئەو دەمەی کە چەکمان دە دەست دا نەبێ بە دژی تانک و چەکی دیکە ئەوە هەست بە کەمایەسییەک دەکەین. دەتوانم ئەوەش بڵێم کە ئەو هێزەی ئیتیلافی نێونەتەوەیی یە تەنێ هێزی هەوایی یە، بە هێزی هەواییەوە پەلاماری داعش دەدا. هێزی ئێمە لە سەر زەوی یە. یانی هێزی هەرە کاریگەر بە دژی داعش، هێزێک کە بە تەواوی لە بەرانبەری دا ڕاوەستاوە و پشتی شکاندووە تاکە هێزێکە، ئەویش تەبیعی هێزی یەپەگە یە. جا بۆیە پێویستە لەگەڵ یەپەگە پێوەندییەکی زۆر چڕتر هەبێ، هەم لە ڕووی تەیار کردنەوە و هەم لە ڕووی پێوەندییەوە و هەم کاری هاوئاهەنگ و کۆئۆردینە و ئەوە پێویستی بە پێوەندییەکی زۆر چڕتر دەکا. هێشتا لە سەرەتا داین و هیوادارم لەوەی دواوە پێوەندییەکان زۆر چڕتر بن.
شیرین پایزن: داخودا ئەمێریکا لەو ڕووەوە چرای سەوزی داگیرساندوە؟ هێندێک بەڵێنی دا یان چرای سەوزی دا لە ڕووی پێوەندی چڕتر لە گەڵ یەپەگە ؟
ساڵح موسلیم: یانی وەکوو گوتم ئێستا لە سەرەتای پێوەندییەکان داین.ئەو لێدانە هەواییانە نیشانەی ئەوەن و هەر دوێنێ بەڕێز ئەردۆغان هەستا و گوتی پەیەدە ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی یە و یان هەر وەک داعشە و لەو قسانە، ئەمێریکا گوتی نا، گوتی ئێمە وەک تێرۆریست چاو لە پەیەدە ناکەین و بە تێڕۆریستی نازانین، جا بۆیە جیاوازی دانان و بەلانی کەمەوە هەبوونی بۆچوونێکی دی لە ڕوانگەی ئێمەوە جێی خۆشحاڵی یە. هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوو دا بتوانین پێوەندی چڕ دابمەزرێنین.
شێرین پایزن: لە لایەن قسەوێژیی حکوومەتەوە لێدوانێکی ئاوا هات کە ساڵح موسلیم ، مەبەستییان ئێوەیە، لەمەڕ ئەو پێواژۆیەی چارەسەرییە دەبێ هەڵوێستێکی هاوتەریبی هەبێ و پێویست دەکا پشتیوانی لە پێواژۆی چارەسەری بکا! ئایا ئێوە پشتیوانی لەو پێواژۆیە دەکەن؟ بۆچوونتان لە مەڕ کاریگەری عەبدوڵا ئوێجاڵان لە سەر ناوچەکە چییە؟ وەک دەزانن لەو دواییانە دا زۆر ڕووداو لە تورکییە قەومان. سەبارەت بە پێواژۆی چارەسەری بۆچوونتان چییە؟ پشتیوانی دەکەن لەو پێواژۆیە؟
ساڵح موسلیم: دیارە، دیارە کە بەڕێز ئوێجاڵان ڕێبەرێکی کوردە، فکری خۆی هەیە، فەلسەفەی هەیە و ئێمە ڕێزێکی زۆری بۆ دادەنێین. ڕێبەرێکی کوردە لەوە دا هیچ گومانێک نییە. ئەوە بە حورمەت و خۆشەویستییەوە دەڵێین. ئەوە یەکەم ، دوویەم مەسەلەی پێواژۆی چارەسەری ئەوە لە هەر کوێ بێ ، لە هەر کام پارچەی کوردستان بێ ، لە ڕۆژئاوا، لە باکوور، لە باشوور لە هەر جیگایەک بێ جێی شادمانی و پێ خۆش بوونە. بە دڵنیاییەوە ئەوەمان دەوێ و ئەگەر بە ڕاستی ئاشتییەک هەبێ ، چارەسەرییەک هەبێ ئەوە بۆ ئێمەش زۆر بە کەلک دەبێ. لەو ڕووەوە ئەوەی لە دەست ئێمەش بێ دەتوانین بیکەین. نازانم چمان لە دەست دێ بەڵام ئێمە لێبڕاوانە پشتیوانی لەو پێواژۆیە دەکەین. بەڵام ئێمەش هەین، ئێمەش وەنەبێ نەبین. یەک هەستێ و بییەوێ ئێمە لە یەکتری جوێ کاتەوە و تەنانەت لەوێ بێدەنگمان کا و لە چارەسەری بگەڕێ ، ئەوە شتێکی دیکەیە. بەڵام چارەسەری لە مەڕ ئێمە چارەسەرییەکی جیاوازە. پێشتریش گوتوومانە چارەسەری ئێمە لەگەڵ خەڵکی سوورییە دەبێ، لەگەڵ پێکهاتەکانی سوورییە دا دەبێ. لە نێو سوورییەی دێمۆکڕاتیک دا دەبێ. چارەسەری لە باکوور شتێکی دیکەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەکرێ هاوتەریب بن. بۆیە ئەوەی لەو بوارە دا لە دەستمان بێ دەیکەین.. پشتیوانی دەکەین... بە دڵنیاییەوە. بەڵێ.
شیرین پایزن: بەڵێ ، ئێستا حکوومەت سەرەتی دانێکی هەیە ئەویش؛ ڕۆیشتنی ئیدارەی بەشار ئەسەدە، دەڵێن مکوڕ دەبێ بڕوا چونکە بنەمای ئەو گیروگرفتانەی لە گۆڕێ دا هەن بە ڕێژیمی ئەسەد دەزانن. بۆچوونی ئێوە چییە؟ یانی ئەسەد بەو شێوەیە دەڕوا؟ بۆ وێنە ئێوە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی سوورییە دا دەتانەوێ وەک ناوچەیەکی خۆسەر بمێننەوە یان دەنا بارودۆخ بەرەو پێکهاتەیەکی جیاواز دەچێ؟ لەو پێوەندییە دا چۆن لەو کۆریدۆرەی کە تورکییە دەیەوێ پێکەوەی بنێ دەڕوانن؟
ساڵح موسلیم: ئەمن پێم وایە مەسەلەی ڕۆیشتن یان نەڕۆیشتنی ئەسەد مەسەلەیەکە لە مەڕ سوورییە و هەموو خەڵکی سوورییە ڕۆیشتنی وییان دەوێ. ئێمە لە پێش ساڵی ٢٠٠٤وە دژی ئەو ڕێژیمە خەبات و ملە دەکەین. بۆیە ئەو لایەنەی کە زوڵم و زۆری هەرە زۆری لە دەست ڕێژیمی ئەسەد، ڕێژیمی بەعس چێشتووە ئێمەین. بۆیە دواخوازی ئێمە هەرچی زووتر ڕۆیشتنی ئەو ڕێژیمەیە و لەو ڕووەوە کەس نابێ گومانی هەبێ. هەر بۆیەشە ئێمە پارچەیەک بووین لە شۆڕشی سوورییە، بەڵام هەمیشە ئێمەیان خستووەتە بەر سێبەر، خستیانینە دواوە ، و هێندێک شت هەبوون، یانی بۆ نموونە ئێمە لە سەرەتاوە دەمانەویست هاوشانی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە ببزووین و بجووڵێینەوە بەلام تورکییە لەو ڕێبازە دا گیرو گرفتی ساز دەکرد و چەتی تێدەخست. ئەوانە زیاتر لە ئەستەنبووڵ و ئانکاڕا دادەنیشتن و ئێستا هێندێکیان بە ڕاشکاوی دەڵێن کە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ ئێوەش پێوەندی دامەزرێنین بەڵام ئانکارا پێشی ئەوە دەگرێ. لە بەر هەر هۆیەک بێ باببێ ئیتر ئەوە نابێ ئاوا بمێنێ. ئێمە تەواو چاوەڕوانی پێچەوانەی ئەوەمان دەکرد. بە دڵنیاییەوە بۆ دامەزراندنی سوورییەیەکی دێمۆکڕاتیک هێندێک لە حەولەکان دەبێ یەک بخرێن. یانی بە هیچ دانانی کوردەکان ئەمن نازانم چ قازانجێکی بۆ تورکییە تێدایە؟ لەوە تێناگەم. یانی لە ڕاستییدا ئەگەر ئێمە لەوێ ناسنامەیەکمان هەبێ، مافێکمان هەبێ؛ مافە دێمۆکڕاتیکەکانمان بستێنین ، ئەوە بە قازانجی تورکییەیە. لە جیات ئەوەی ئاوای بۆ بچن و ئاوای لێ تێبگەن، تەواو بەراوەژووی ئەوەی لێک دەدەنەوە. ئێمەش دەمانەوێ لە دەست ئەو ڕێژیمە ڕزگاریمان بێ ، بۆ ئەو مەبەستە هاوکاری دەکەین لە گەڵ هێزەکانی دی لە پێناو سوورییەکی دێمۆکڕاتیک دا، سوورییەک کە ناوەندگر نەبێ . ئێمە لە ڕۆژئاوا مۆدێلێکمان ساز کردووە، ئەو مۆدێلە دەتوانێ ئۆلگوویەک بێ، نموونەیەک بێ بۆ هەموو سوورییە، ئەگەر بە ڕاستیش مەبەستمان ساز کردنی سوورییەکی دێمۆکڕاتیک بێ. ئێمە بەشێکین لە سوورییە و ئێستا حەول دەدەین سیستمی خۆمان دانێین و عەڕەبەکانیش ئەوە قەبووڵ دەکەن، جا بۆ دەبێ تورکییە هەستێ و لە گەڵ دەستکەوتی کورد لێرە لە سوورییە ئەوەندە دوژمنایەتی بکا، ئەوەندە لە دژی دەرکەوێ. ئەمن سەردەدەری لێ ناکەم. بەو جۆرە گەمانە هەر دەیانەوێ ئێمە دوور خەنەوە هەم لە ئۆپۆزیسیۆنی سورییە و هەم لە هێزەکانی دیکە.

شیرین پایزن: باشە، ئەی لە سەر ئێران. لە لایەن ئێرانەوە چەندە پشتیوانیتان لێ دەکرێ؟ داخوادا بە بۆچوونی ئێوە ئێران ئاکتۆرێکی گرینگە لە ناوچەکە دا؟ بۆ وێنە لەو پێوەندییە دا یارمەتیتان لە ئێران وەرگرتووە؟ یان بە پێچەوانە ئێران دژی ئێوەیە؟ ئێران چۆن دەبینن؟ تکایە بە کورتی ووڵام بدەنەوە! لەو پێواژۆیە دا ئێران چۆن بزووتەوە؟ پێوەندیتان هەیە؟
ساڵح موسلیم: یەک دوو جار لە گەڵ کاربەدەستانی ئێران دانیشتووین. بەدڵنیاییەوە ئێران ووڵاتێکی گرینگە، ئەویش ووڵاتێکە لە ناوچەکەدا قورسایی خۆی هەیە، بەڵام هەمیشە لایەنگری ڕێژیمی ئەسەد بووە و پشتیوانی لەو ڕێژیمە کردووە. یانی ئەگەر لایەک بییەوێ پێوەندی پێوە بکا دەیەوێ ئەوان لە ڕێژیمی ئەسەد نیزیک کاتەوە. بۆ وێنە هێندێک شت هەبوو دەبوو ئێمە کردبامان ئێران چەتی تێخست و پێشی پێ گرت. بۆچوونیان ئەوەیە دەڵێن دەبێ لەگەڵ ڕێژیم بن. ڕەفتاریان ئاوا بوو. بە دڵنیاییەوە ئێران پشتیوانی لە ڕێژیم دەکا ، لە بەر ئەوە لەگەڵ ئێران هیچ پێوەندییەکمان نەبووە و نییە و لەو ڕوانگەیەوە هێچمان لە نێوان دا نییە.
شیرین پایزن: داخودا پەیەدە لە قەندیلەوە ئەمر وەردەگرێ؟ تەئسیری قەندیل لە سەر پەیەدە چەندەیە؟ چونکە لەو ڕووەشەوە لە تورکییەوە زۆر ڕەخنەتان لێ دەگیرێ، ئەوە یەکەم، دوویەم دەڵێن : " کۆبانی کەوت، دەکەوێ" ئەوە ڕاستە یان نا؟ لە کەوتن نیزیکە؟ و هەر وەها دەگوترێ ئەوێ خەڵکی مەدەنی تێدا نەماوە، با ئەو دوو پرسیارەش بکەم دوایە کاتمان تەواو دەبێ. فەرموون!
ساڵح موسلیم: بە گوتنی قەندیل مەبەست پ.ک.ک. یە. ئێمە لەگەڵ قەندیل یانی پ.ک.ک. هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتیمان نییە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ پ.ک.ک. پارتییەکی کوردی یە و پارتییەکی بە تەئسیرە. وەک پدک، وەک ینک ، وەک گۆڕان و پارتی دیکەش هەن و ئێمە لە گەڵ هەموویان پێوەندیمان هەیە بە دڵنیاییەوە. تەنانەت ڕەنگە پشتیوانی هەرە گەورەی سیاسی لە ئێمە لە لایەن پ.ک.ک وە بێ. بەڵام قەت پێوەندییەکی ئۆرگانیکمان لە گەڵیان نەبووە و ئێمە ئەمرەکانمان لە کەس وەرناگرین. ئێمە پارتیمان هەیە، بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە . لە سوورییە لە ڕۆژئاوا ئیدارەمان هەیە کە لە پێکهاتەی جۆر بە جۆر پێکدێ ، سوورییەیەکانی تێدایە ، عەڕەبی تێدایە، ئێمە بڕیارەکانمان خۆمان بۆخۆمان دەیاندەین و لە هیچکەس ئەمر وەرناگرین.
شیرین پایزن: مەسەلەی " کۆبانی کەوت ، دەکەوێ" هەیە، ئەو قسەیەی کە خەڵکی مەدەنی تێدا نەماوە،
ساڵح موسلیم: کۆبانێ ناکەوێ، نا کۆبانێ ناکەوێ. لە کۆبانێ دا هێشتا خەڵکی مەدەنیش هەن. یەپەگە ش هەیە و ئەو هێزانەی کۆبانی دەپارێزن هەن. لە جێدا ئێوە دەبینن لە نێو کۆبانێ دا مێدیا هەمیشە ئەو خەڵکە مەدەنییەی کە هێشتا لەوێ دەژین نیشان دەدا. هێندێک لە ئینسانەکان دە نێو ماڵەکانیان دا ماونەتەوە و لەوێ گیریان خواردووە چاوەڕوانی ڕزگاری کۆبانی دەکەن. وەک دەزانن لەوێ هێزی بەرگری هەن، بەرخوە دەدەن ، جا لە بەر ئەوە کۆبانی ناکەوێ بەڵکوو کۆبانی بەرەو سەرکەوتن دەچێ.
شیرین پایزن: دوایین پرسیار، ئایا بەو زووانە دێن بۆ ئانکارا یان ئەستەنبووڵ؟ دوایین پەیامتان چییە بۆ حکوومەت ، بۆ ئانکارا و بۆ تورکییە و بۆ ئەوانەی کە تەماشامان دەکەن؟

ساڵح موسلیم: پەیاممان ئەوەیە، کە برایەتی نێوان گەلان تێک نەدەین و زەرەری پێ نەگەیێنین. یان چاکەیان لە گەڵ بکەین یان لێیان گەڕێین گەلان خۆیان دۆستایەتی خۆیان و ئەرکەکانی خۆیان لە ئاست یەکتری بە جێ بهێنن. دوژمنایەتی ساز کردن یان هێندێک ڕەفتاری هەڵە کردن بە قازانج و لە بەرژەوەندی گەل دا نییە. لە بەر ئەوە ئێمە هەمیشە دەستی دۆستایەتی خۆمان درێژ دەکەین. دە بڵا دەستمان دە هەوا دا نەمێنێتەوە. بەڵام دەبێ شتێکی دروست و دۆغری بکرێ ناکرێ ڕۆژێک وەرمان گرن و ڕۆژی دواتر پێمان بڵێن تێڕۆریست، ئەوە لە هیچ کەس ناوەشێتەوە. ئەگەر بە ڕاستی بانگهێشتنمان بکەن و بتوانین لە سەر بابەتی شیاوی لێدوان بدوێین، ئەوە بە قازانجی گەلەکانمانە، هەم ئێوە و هەم عەڕەبەکان و هەموو گەلان.


شیرین پایزن: چاوەڕوان دەکەن لە ئانکاراوە بانگهێشتن بکرێن؟ دەڵێن ئێستا کۆبوونەوەیەکی دی بکرێ باشترە؟ لە سەر مەسەلەی کۆریدۆر، لە سەر دەرباز بوونی پێشمەرگەکان داوخوازییەکتان هەیە؟ داوخوازی کۆبوونەوە؟

ساڵح موسلیم: مەسەلەی داوخواز و فڵان نییە. هەر کاتێک لەبار بێ و هاتنمان پێویست بێ دێین، ئەوە دەکرێ سبەینێ بێ ، دەکری پینج ڕۆژی دیکەش بێ. هەر کاتێک هاتنمان لە بەرژەوەندی گەلەکەمان دابێ ئەو دەمی ئێمە هەین، دەشچینە ئانکارا، دەشچینە ئەستەنبووڵیش.
شیرین پایزن: باشە زۆر سپاستان دەکەین ساڵح موسلیم بۆ ووڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئێمە، بۆ بەشداریتان لە بەرنامەی " ٣٦٠ دەرەجە"دا، ئەوەندەی لە قسەکانتان تێ گەیشتم هێشتا سەبارەت بە کرانەوەی کۆریدۆر و لە سەر ئەژماری ئەو پێشمەرگانەی کە بەرەو کۆبانی دەرباز دەبن شتێکی کۆنکرێت ناڵێن. دەڵێن هێشتا وتووێژ لەو بارەیەوە بەردەوامە. بەڵام لە ووڵامی پرسیاری ئەوەیدا کە ئەوە تا سبەی و دووی دەبێ، هێشتا بەبڕاوەتەوە!
ساڵح موسلیم: نا ئەوە جارێ بە تەواوی یەکلا نەکراوەتەوە،
شیرین پایزن: باشە، سپاستان دەکەین. بۆ بەشداریتان، بۆ ووڵامدانەوەی پرسیارەکانمان. ناوبڕێکی کورت دەدەین بە ٣٦٠ دەرەجە ، دوای ڕێکلامان لەگەڵتان دەبین ئەفەندم. لێمان جوێ مەبنەوە،
٣٦٠ دەرەجە تەواو بوو ، شەوگارێکی خۆش ئەفەندم!


دابەزاندن و وەرگێڕان: حەسەن قازی

سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆفەی ڕۆژ

No comments: