Thursday, November 6, 2014

هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و کاردانەوەکانی لە سەر ناوچە


بابەتی کۆنفڕانسێک بوو کە ئێوارەی سێشەمە ٤ی نۆڤامبر لە بینای سەرەکی پاڕڵمانی ئوڕووپا لە بروکسێل بە ڕێوە چوو. ئەو کۆنفڕانسە لە لایەن دەستەی دۆستایەتی کوردی پاڕلمانی ئوڕووپا ڕێک خرابوو و ژمارەیەکی بەڕچاو لە پاڕلمانتارانی ئوڕوپا، نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و بێگانە تێیدا بەشدار بوون. چەندین دەستگای تێلێڤیزیۆنی کوردی و لاوەیی باس و خواسەکانی کۆنفڕانسیان ڕووماڵ کرد.
کورتەیەک لە قسەکانی ووتاردەران

یای ماری- کریستین ڤێرگیات ئەندامی پاڕڵمانی ئوڕووپا لە فڕاکسیۆنی چەپی یەکگرتوو لە سەر ناوی دەستەی دۆستایەتی کورد لە پاڕڵمانی ئوڕووپا بەخێر هاتنی بەشداران و بەتایبەتی یۆرگن کلووت ی کرد کە دۆستێکی لە مێژینەی کوردانە لە پاڕلمانی ئوڕووپا. ڤێرگیات گوتی: کۆبانی بۆ زۆر لە ئینسانان لە سەر کورەی زەوی بووە بە سەمبۆلی بایەخە گەورەکان و ئەوەش شانازییەکە بۆ گەلی کورد. دوایە ووتار دەرانی بە بەشدارانی کۆنفڕانس ناساند.
ئادام ئوزوون ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان گوتی ئێمە چەند کەس لەو پانێلە دا لە سەر بار و دۆخی کۆبانێ و خەباتی گەلی کورد دەدوێین بەڵام گرینگ ئەوەیە ئێوەش کە هاتوونەتە ئەم کونفڕانسە بە هێنانە گۆڕی قسەکانتان دانیشتنەکەمان دەوڵەمەندتر بکەن. ئوزوون گوتی لە سەرەتاوە زۆر لایەن پێیان وابوو داعش هەر دە گژ شیعان ڕۆدێ، بەڵام  وەک بینرا هێڕشەکانی لە سەر کوردان چڕ کردەوە، داعش پێی وا نەبوو تووشی ئەو خۆڕاگرییە گەورەیەی تێکۆشەرانی ئازادی گەلی کورد و هاوخەباتەکانی دێ و ئێستا ئەوە کۆبانێ ٥٠ ڕۆژە خۆڕاگرییان لە بەرانبەر دا دەکا.ئەو خۆڕاگرییە هەوێنی بەیەکەوە ژیانی جیاوازییەکانە. نە داعش و نە لایەنی دی چاویان لە بەر ئەوە هەڵ نایە.
حکوومەتی تورکییە لە سەرەتاوە بە ئاواتەوە بوو بەرخوەدانی کۆبانێ بشکێ و بێ داگیری بکا، بەڵام خۆڕاگری تێکۆشەرانی کۆبانێ زۆر حساباتی پوچەڵ کردەوە. لە ١ی نۆڤامبر ڕۆژی جیهانی هاوپێوەندیی لەگەڵ کۆبانی لە نیزیکەی سەد ووڵاتی جیهان خەڵک بەشێوەی جۆر بەجۆر هەستی هاودەردی و بەستراوەیی خۆیان بەو ئیدەئالانەی کۆبانێ دەیانپارێزێ نیشان دا.
ئوزوون لە درێژەی قسەکانی دا باسی پێویستی دانی یارمەتی ئینسانی کرد بە لێقەوماوانی شەڕ و بە تایبەتی جەختی کرد لە سەر بار ودۆخی دڵتەزێنی ئێزەدییەکان. بە دوای قسەکانی ئوزوون دا فیلمێکی بەڵگەیی کە دوو فیلمسازی بێلژیکی لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٤ لە سەر کانتۆنی جزیرێ و شەرڤانانی یەپەژە ئامادەیان کرد بوو نیشان درا و سەرنجی بەشدارانی ڕاکێشا. یەک لە فیلمسازەکان بە کورتی باسی چۆنییەتی هەڵسووڕانی کانتۆنەکانی کرد و ڕاگەیاند ئەو مودێلە کە مۆدێلی تەبایی گەلان و جیاوازییانە دەبێ ببێتە ڕەمزێک بۆ سوورییەی داهاتوو هەمووی.
یای گابرییێل زیمر سەرۆکی فڕاکسیۆنی دەستەی کۆنفێدڕاڵی چەپی یەکگرتوو لە پاڕلمانی ئوڕووپا باسی ئاکامەکانی شەڕی داعش لە کۆبانێ ی لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئوڕووپا هێنا گۆڕێ و لە قسەکانی دا گوتی: ئەو زوڵم و زۆرەی لە کورد کراوە بە بەرەکەتی خۆڕاگری کۆبانێ لە ڕەهەندی جیهانی دا خۆی دەر دەخا. لە وەزعی ئەمڕۆ دا قەیرانێکی گەورەی ئینسانی لە ئارا دایە . ئەمن بە دڵنیاییەوە دەبێ بڵێم کۆبانێ بووە بە سیمبولێکی ئینسانی لە ئاستی جیهانی دا هەر بۆیەش کەوتن و شکانیشی تڕاژێدییەکە نەک هەر بۆ خەڵکی کورد و ناوچە بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی جیهان. بە داخەوە تورکییە بە ڕێگای جۆر بە جۆر خۆی دزیوەتەوە لە بەدەنگەوە هاتنی کۆبانێ. نازانم بۆ ئەوەندەی خایاند هەتا ١٥٠ پێشمەرگەی کورد ڕێگایان بدرێ بگەنە کۆبانێ؟ بۆچی دەبێ تورکییە شەرتی تێوەگلانی خۆی  لەگەڵ حەولی ئیتیلافی جیهانی بە دژی داعش بە حەول
دان بۆ ڕوخاندنی ڕێژیمی ئەسەد ببەستێتەوە؟
گرینگە ئێمە بەردەوام بین لە سەر پشتیوانی لە خەباتکارانی کورد لە هەموو کوردستان و حەول بدەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەسەری ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد. ئەگەر حکوومەتی تورکییە هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێ، بێگومان ئوڕووپاش دەکەوێتە هەڵوێستێکەوە کە شەرتی قورستر لە سەر ئەو ووڵاتە دانێ ئەگەر چ مەیلی هاتنە ژوورەوەی ئوڕووپای تێدا هەبێ.
بە دوای یای زیمر دا، یای بودیل سێبالۆس ئەندامی پارتی ژینگەی سوێد لە پارڵمانی ئوڕووپا و یەک لە ئەندامانی فڕاکسیۆنی چەپی یەکگرتوو باسی ئەزموونی خۆی و بە دەنگەوە هاتنی دۆزی کوردی کرد لە سوێد. گوتی لە بەر چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوە زۆر جار ئوڕووپاییان دەستیان دەبەسترێ، بۆ وێنە ئەمن  لەو دواییانە دا لە گەڵ ژەنەڕاڵێک دوام سەبارەت بە ئەوەی کە بوونی پ.ک.ک. لە لیستەی تێڕۆری ئەمێریکا و یەکێتیی ئوڕووپا دا زۆر بێ جێیە و چەت لە زۆر کاران دەخا و ئەویش بە ئاشکرایی گوتی قسەکەت ڕاستە بەڵام ئەوە لە بەر تورکییەیە کە لادرانی ناوی پ.ک.ک. لەو لیستەیە وەدوایە خراوە. سێبالۆس لە درێژەی قسەکانی دا گوتی ئێمە دەبێ بە هەموو شێوەیەک یارمەتی کوردان بدەین و بە شێوەی جیدی دەبێ تێبکۆشین ڕێگای یارمەتی بە داعش بگیرێ . ئەو دەورەی ژنان لە ڕۆئاوا دەیگێڕن بۆ هەموان نموونەیەکی ئینسانی و داپەروەرانەیە. بەداخەوە حکوومەتان لە ئوڕووپا هێشتاش لە چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوە و پاراستنی یەک پارچەیی ئەرزی دا بۆ بابەتەکە دەچن. ئێوەی کورد دەبێ بە ئێمە بڵێن ئێمە چ بکەین. من بەو هیوایەوە هاتبوومە ئەم کونفڕانسە ڕزگاری کۆبانێ پێرۆز بکەین،ئەوە هەر وەدی دێ.

بە دوای قسەکانی بودیل سێبالۆس دوکتور کامڕانی مەتین وانەبێژی ئەڕشەدی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکسی بریتانیا لە سەر دەوری ئاکتۆرە جۆر بە جۆرەکان لە ڕۆژئاوا و سوورییە بە گشتی قسەی کرد و ڕایگەیاند هەم ئەمێریکا، هەم یەکێتیی ئوڕووپا و هەم کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر لەوەی زیاتر هەتا ئێستا کردوویانە دەبێ بیکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی بەڵای داعش کە هەڕەشەیە لە سەر هەموو ئینسانییەتی پێشکەتوو. مەتین لە قسەکانی دا سیاسەتە دژە کوردییەکانی تورکییەی سەبارەت بە کۆبانێ و ڕۆژئاوا لە قاو دا و گوتی ئەو دوژمنایەتییە بە پلەی یەکەم لە بەر ئەو نەزمە دادپەروەرانە وئینسانییە کە کانتۆنەکان دایانمەزراندووە، هەر وەها ڕایگەیاند پێکێشی تورکییە لە سەر بەستنەوەی هاوکاری خۆی لەگەڵ ئیتیلاف بە شەرتی حەول دان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئەسەد دەتوانێ ببیتە هۆی هەلائیسانی شەڕێکی گەورە
لە ناوچەدا.


دواین ووتاردەری ئەو کۆنفڕانسە بەڕێز ساڵح موسلیم بوو.موسلیم لە قسەکانی دا بە کورتی باسی گووران و پەیدا بوونی داعشی کرد لە سوورییە  و گوتی ئەوانە چ سنوورێک بۆ ئینسان کوشتن و دڕندەیی ناناسن و ئامرازێکن بۆ سەرکوتکردنی دەستکەوتی کورد و گەلانی دی لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا. موسلێم ئاماژەی کرد بە خەباتی پەیەدە لە ساڵی ٢٠٠٤وە  بە دژی ڕێژیمی ئەسەد و گوتی ڕێگای ئێمە ڕێبازی سێیەم بوو، ئێمە ناتوانین هاوکاری گۆیا " ئۆپۆزسیۆن"ێک بین کە  مافی نەتەوەی کورد بە ڕەسمی نەناسێ. لە ساڵی ٢٠١٢ زۆر شوێنی ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگار کران.ئێمە لە سەرەتاوە باسی ئەوەمان دەکرد کە داعش و دەستە بنچینەگرەکانی دیکە دەبنە مەترسی گەورە لە سەر هەموو لایەک بەڵام کەس بە قسەی ئێمە گوێی نەدەبزووت و ئێستا  دوای هێرش بۆ سەر مووسڵ و پەڵامارەکانی ئەو چەند مانگەی دوایی داعش بۆ  شنگار و بۆ سەر ڕۆژئاوا و بە تایبەتی  کۆبانێ نێوەرۆکی ئەوانە بۆ زۆر لایەن ڕوون بووەتەوە. ئێمە بۆ پێکەوە نانی کانتۆنەکان " هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی" مان پەسند کرد . لە کانتۆنەکان دا زمانی سوریانی لەگەڵ کوردی بە ڕەسمی ناسرا. لە ڕیزکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل دا هەر کورد نا بەڵکوو ئەندامانی سەر بە نەتەوەکانی دیش هەن.ئێمە دەمانەوێ لە چوارچێوەی سوورییەیەکی دێمۆکڕات دا ماف و ستاتوسی هەموان پارێزراو بێ و هەموو دە ئازادی دا بەیەکەوە بژین.لە کانتۆنەکان دا ژنان لە هەموو بوارێک دا بە کردەوە بەشدارن و ڕەنگە نموونەی ئەو وەکهەڤی یە لە هیچ کوێ نەبێ. لە کۆبانێ قارەمانەتییەکی گەورە دەکرێ ٥٠ ڕۆژە هێرشی لە سەرە. هێرشی هەوایی ئیتیلاف بۆ سەر داعش و هاتنی هێزی پێشمەرگە و تاکوتەرای ئەڕتەشی ئازاد یارمەتییە بۆ کۆبانێ. من پێم خۆشە لێرە دا دیسان دڵنیاتان بکەمەوە کە کۆبانێ ناکەوێ. خەبات دەکا و لە سەر بەرخوەدان بەردەوامە . کۆبانێ نیشانەیەکە بۆ درەخستنی ڕاستی. تەڤگەری ئێمە پارێزەری نرخە نێونەتەوەییەکانە. لە حەسەکە، لە سەرێ کانی یێ کچ و کوڕی کورد کلیساکان لە هێرشی داعش دەپارێزن. بزانن ئەو دڕندانە لە مووسڵ و شنگار  چییان نەکرد؟ تێکدانی جێی پیرۆز و کەلەپووری مێژویی، فرۆشتنی ژنان و... ئینسانییەت هەموو ئەو شتانە دەتوانێ ببینێ. ئێمە پارێزگاری لە خوشکوبرایەتی گەلان دەکەین. ئێستا کۆبانێ بووە بە سەمبولی گشت لایەک. لە خۆپێشاندانێک لە ئاوسترالیا گوترا ئێمە بۆیە هاوار دەکەین بۆ کۆبانێ چونکە نرخەکانی ئێمەش دەپارێزێ.
ئەو هەنگاوانەی کە دەستبەجێ دەبێ بنرێنەوە ئەوەیە کە ڕێگای یارمەتی دان بە داعش و دەستە هاو شێوەکانی بگیرێ. باشە ئەو هەموو چەک و جبەخانە مۆدێڕنە لە کوێ دێنن؟ پنتی دوویەم ئەوەیە چەکی ئێمە چەکی کلاسیکن، ئەگەر چەکی بە کوالیتەمان هەبێ دەتوانین باشتر شەڕ بکەین. نوختەی سێیەمیش هەبوونی کۆریدۆرێکە بۆ یارمەتی ئینسانی بە کۆبانێ. گەمارۆی سەر ڕۆژئاوا  دەبێ هەڵگیرێ، ئەو نەزمە دێمۆکڕاتیکەی ئەوێ دەبێ بپارێزرێ. سیستمی ئێمە دەبێ ببێتە مۆدێل بۆ هەموو لایەک. لەبواری بە گژ داهاتنەوەی سەلەفییەت لە ئورووپا ووڵاتانی ئوڕووپایی دەبێ حەولی خۆیان چرتر کەنەوە. ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو ناوچە تامپۆنەین کە تورکییە قسەی لێوە دەکا ، ئێستا نیزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کەس لە کۆبانییەوە چوونەتە باکووری کوردستان و تورکییە، دەبێ هەلومەرجی گەڕانەوەی ئەوان بۆ شوێنی خۆیان ئامادە بکرێ. تورکییە پێوەیە دێمۆگڕافی ئەوێ بگۆڕێ ئەوە بۆ ئێمە جێی نیگەرانییە.
دوای تەواوی بوونی ووتارەکان، زۆر لە بەشداران پرسیار و بۆچوونی خۆیان هێنا گۆڕێ و بەڕێز ساڵح موسلیم لە ووڵامی پرسیارێک دا کۆبوونەوەی "دهۆک" ی بەرز نرخاند و گوتی ئێستا هەموو لایەنەکان و هێزە سیاسییە کوردەکان لە یەکتری نیزیک بوونەتەوە و ئەوەش خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد دەکا.
هەموو ووتاردەران پێویستی دەرخستنی ناوی پ.ک.ک یان لە لیستی ڕێکخراوەی تێرۆریستی ئەمێریکا و ئوڕووپا هێنایە گۆڕێ و ڕایان گەیاند ئەو هەنگاوە هەم بۆ بەرقەراری ئاشتی لە تورکییە و هەم بۆ خەباتی گشتی بە دژی داعش زۆر گرینگە.
لەبەر ئەوەی بەڕێز دوکتور مەتین خۆی کورتەی ووتارەکەی بڵاو دەکاتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا زۆر بە کورتی ئاماژە بە قسەکانی کراوە کە لە لایەن بەشدارانی کۆنفڕانسەوە پێشوازییەکی زۆری لێ کرا.

حەسەن قازی
 سێشەمە شەو 4ی نۆڤامبری 2014


No comments: