Monday, November 17, 2014

تامیلەکان شانبەشانی کوردەکانی ڕۆژئاوا ڕاوەستاون و پاکتاوی ئێتنیکی بە دەست ئیسلامیستەکان شەرمەزار دەکەن


 
تێبینی:  ماکی ئەم نووسراوەیە لە ٤ سێپتامبری ٢٠١٣ لە ماڵپەڕی
 دا بڵاو کراوەتەوەRojhelat.info
تامیلەکان شانبەشانی کوردەکانی ڕۆژئاوا ڕاوەستاون و پاکتاوی ئێتنیکی بە دەست ئیسلامیستەکان شەرمەزار دەکەن
" خەباتمان لە هەموو شوێنێک دەبێ، و لە دڵمان دا.
ئەو ئاڵایانەی کە شاهیدی مەرگی ئێمە بوون، ئەو
ئاڵایانەی بە خوێنی ئێمە شەڵاڵ بوون،وەک گەڵای داران
لە وەرزی بەهاران زیاد دەکەن."

- بابلۆ نێروودا
ئێمە بە پەژارەیەکی زۆرەوە خەبەری دڵتاوێنی پاکتاوی ئێتنیکی کوردی مەدنیمان لە ڕۆژئاوا بە دەست گەیشت. دەگوترێ کە چەتە ئیسلامیستەکانی سەر بە ئەلقاعیدەی جەبهەتولنوسرە لە ڕۆژئاوا / کوردستانی ڕۆژئاوا، کە لە باکووری سوورییە هەڵکەوتووە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا ئەو کوشتارە بێ بەزەییانەیان کردووە. هەر وەها دەگوترێ کە کەسی مەدەنی دە نێو ماڵەکانی خۆیاندا قەسابی کراون، ژن و منداڵان ئەتک کراون ، و هەر وەها سەربڕینیش هەبووە.
لە گوزارشتێکی لە قاودەرانە  لە ماڵپەڕی  " ئۆپن دێمۆکڕاسی " دا تێکۆشەرێکی کورد دەڵێ" خەڵک لە تەل ئەبیەژ  هەر ئاوا هێرشیان کردە سەر ئێمە کورد ، چونکە پێشنوێژە عەڕەبەکان فەتوایان دەر کرد بوو کە لە ڕووی ئایینییەوە کوشتنی پیاوانی کورد ، و دوایە تاڵانی موڵک و ماڵیان و کۆیلە کردنی ژن و منداڵیان  حەڵاڵە. بەڕاستیش ترسێنەرە مرۆ شتێکی ئاوا لە مزگەوتێکەوە ببیسێ کە لە شارێکی پچووکی وەک تەل ئەبیەز دا  دەرگای بە دەرگاتەوەیە."
سەرهەڵدان بە دژی ڕێژیمێکی دیکتاتۆڕی نەک هەر ماف بەڵکوو ئەرکی گەلێکی چەوساوەشە – ئەوە دەرسێکی بەنرخە کە چەوساوەکان فێری بوون لەوەتا شۆڕشی بەشکۆی ژاکۆبێنی لە فەڕانسە.
شۆڕشی فەڕانسەی ڕۆبسپییێر هەر وەها فێری کردین کە ئەو سەرهەڵدانەی چاكە لە بیر دەکا و جێگۆڕکێ بە کۆمەڵێک لە دیکتاتۆران لەگەڵ کۆمەڵێکی دی دەکا سەرهەڵدان نییە، بەڵکوو بەربەرییەتە. ئێمە دەزانین کە ئەو گۆیا 'سەرهەڵداوانە"ی  ئەلنوسرە  و ' سەرهەڵداوەکان' ی دیکەی ئیسلامی لە سوورییە بە ووردی نوێنەرایەتی ئەو بەربەرییەتە دەکەن. هەموو تێکۆشەرانی پێشکەوتنخواز دەبێ بە دژی ئەو کردەوە دڕندانە و نائینسانییانەی ئەو زڕە   سەرهەڵداوانەڕاپەڕن.
ئەمێریکاییەکان، لە بەر خەسڵەتی دووڕوویانەی خۆیان هەرا و زەنایەکی زۆریان نایەوە کە بەڵێ هێزەکانی ئەسەد بە چەکی کیمیایی پەلاماری خەڵکیان داوە. بەڵام تەنێ بە چلو و نیوەچڵی و بە نابەدڵی کوشتاری کوردەکانیان شەرمەزار کردووە. تورکییەش کە ئاکەپە ئیدارەی دەکا  بێ شەرمانە و بێ ئەوەی گوێ بداتە پێواژۆی ئاشتی لە گەڵ پ.ک.ک و بە پێشێل کردنی هەموو پێوانە ئینسانییەکان، یارمەتی چەتە ئیسلامیستە دژە کوردەکانی داوە لە سوورییە.
کاتێک خەبەری ئەو زوڵم و کارەساتانەی لەگەڵ کوردان کراوە بە چالاکگەران و خەڵکی ئاسایی تامیل نادوو گەیشت ، کاردانەوەی ئەوان دەڕبڕینی تووڕەیی و بێزاری بەحەق بوو. تێکۆشەرانی تامیل نادوو، بزووتنەوە جەماوەرییە سیاسییەکانی  وەک بزووتنەوەی ١٧ی مای، بزووتنەوەی خوێندکارانی باڵاچاندران، بزووتنەوەی لاوانی موسوڵمان بە دژی جێنۆساید، ڕایانگەیاند لە کاتی تەنگانە و خۆڕاگری دا بە نیشانەی هاوپێوەندی لە لای کوردەکان ڕاوەستاون.  ئێمە بە توندی نەک هەر ذڕندەییەکانی چەتەکانی ئەلنوسرە شەرمەزار دەکەین ، بەڵکوو  ئەو هێزە نێونەتەوەییانەش مەحکووم دەکەین کە یارمەتی ئەو ‌هێزە وەحشیانە دەدەن و دەیان حاوێننەوە.
ئێمە دەزانین کە چ جێنۆسایدێک بە دژی براکانمان لە تامیل ئێلام کرا کە ئیمپریالیستەکان پشتیوانیان لێکرد. ئێمە هەر وەها  دەزانین کە چۆن دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا -  کە ڕاوێژی عەسکەری دا بە سری لانکا بۆ ئەوەی گەلی تامیل ئێلام بۆمباران بکا و بێ ئەوەی متەقی لێوە بێ تەماشای کرد کە دەوڵەتی جێنۆسایدانەی سری لانکا  چەکی کیمیایی بەکار هێنا بە دژی تامیلەکانی ئێلام -  ئێستا ئەوە هاواری لێ هەستاوە لە سەر ئەوەی کە گۆیا ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێ. پشتیوانی سەربەستراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا لەو ئیسلامیستانەی کە پاکتاوی ئێتنیکییان لە مەڕ کوردەکان بەڕێوە بردووە شایانی مەحکووم کران و بێ شەرمانەیە.
خەباتی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی ئیدێئۆلۆژیکی ڕێبەری پ.ک.ک. ئوێجاڵان  و خەباتی تامیلەکانی ئێلام کە  بیری پیراپاهاران بەڕێوەی دەبرد دە ڕاستیدا زۆر شتی هاوبەشیان هەیە، ئەوان خەباتی هەرە پێشکەوتنخوازین لە هەرێمەکانی لە مەڕ خۆیان دا. ئەوان بە لێبڕاوانە سکولارن، بەڕێوەبردنی عەداڵەتی جینسییەتی لە ناویاندا زۆر لە پێشترە لە هەلو مەرجی هەرێمەکانیان، و هەر دووکیان دژایەتیان کراوە، سەرکوت کراون و پەیتا پەیتا پشتیان بەردراوە نەک هەر لە لایەن ووڵاتێکەوە ، بەڵکوو لە لایەن دامەزراوەکانی  کۆمەڵگەی  نێونەتەوەیش. کە وابوو، هاوپێوەندیی نێوان کوردەکان لە سەرتاسەری دنیا و تامیلەکان لە سەرتاسەری دنیا  پێویستە پەرە بستێنێ.
خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست  لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی دا لە هەموو خەباتێکی دیکە زیاتر نوێنەرایەتی ویستی عاقڵانە، مۆدێرنیتی و یەکسانیخوازی دەکا و هەر وەها ساز کردنی کۆمەڵەیەکی عادڵانە، سکوولار و هەموو گرەوە. مرۆ دەتوانێ بە ڕەوایی بێژێ خەباتی کوردی تەنیا هیوایەکە بۆ گوڵکردنی ئەو جۆرە نرخانە  لە هەرێمەکە دا
پ.ک.ک. بە دروستی داوای کردووە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبێ ڕێ دەرکا بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. چەتە ئیسلامیستەکان و هاودەستە ئەمپریالیستەکانیان  ناتوانن خۆڕاگری ڕۆژئاوا لە پێناو  ئاشتی، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆ دا بترسێنن.
دەبا بە سەدان، بە هەزاران ، بە سەدان هەزار ڕۆژئاوا چرۆ دەرکەن لە هەر جێیەک لەو جیهانە دا کە خەڵکی گیرۆدەی
دادپەروەری هەبن.

-کارتیک مانۆهاران  – نووسەر و شڕۆڤەکارێکی دانیشتووی بریتانیایە

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ

No comments: