Wednesday, March 18, 2015

شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان :هاوپرسەکی لەگەڵ نەواف خەلیل مێدیاکار و ڕۆژنامەنووس


 هاوپرسەکی لەگەڵ نەواف خەلیل مێدیاکار و ڕۆژنامەنووس سەبارەت بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان                               
حەسەن قازی

بینەرانی بەڕێز! ئەم کاتەتان باش بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لەبەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژ دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز نەواف خەلیل کە ڕۆژنامەوان و مێدکارێکی ناسراوە و هیوادارین  لەم بەرنامەیە دا بتوانین لایەنە جۆربەجۆرەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئەو هەلومەرجەی کە لە سوورییە و هەر وەها ڕۆژئاوای کوردستان هەیە هەڵسەنگێنین.
زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز نەواف خەلیل!

خەلیل
: گەلێک سپاس مامۆستا، بۆ بانگهێشتنتان!
قازی: بەر لە هەمووشت دەزانین کە ئێمە ئێستا لە مانگی مارس داین  و لەو مانگە دا زۆر ڕووداو لە مێژووی سیاسی هەموو بەشەکانی کوردستان دا قەوماوە. من دەمەوێ بەر لەوەی ئێمە دەست بە قسەکردن بکەین  لە سەر بابەتی سەرەکی خۆمان لەم بەرنامەیە دا، ئێوە لە سەر ئەو ڕووداوانە ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەنەوە چی دەڵێن و باسی کامە لەو ڕووداوانە دەکەن؟
خەلیل: لەو ڕووداوانەی کە مرۆڤ دەکرێ باسیان بکا بێگومان یەکیان  یازدەهەمین ساڵی سەرهەڵدانی ١٢ی مارسی  یازدە ساڵ لەوە پێشە لە قامشلۆ کە لەوێ سەرهەڵدانێک کرا ساڵی ٢٠٠٤.دیارە مڕۆڤ ناتوانێ حەلەبجە و ئەو کۆمکووژییەی کە چووە لە مێژووەوە کە هەزاران ئینسان لە ساڵی ١٩٨٨ شەهید کران، کە سبەینێ ساڵوەگەڕێتی، لە بیر بکا. لە ئاستی سوورییەش چوار ساڵ لەمەو بەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ دا لە سوورییە گەلی سوورییە بۆ جاری یەکەمین دوای چل ساڵ دەستەڵاتداری حیزبی بەعس ڕژانە کۆڵانان، دەنگی خۆیان بەرز کردەوە، ئەو جارە نەک بۆ لایەنگری و بە دروشمی لایەنگری لە حیزبی بەعس بەڵکوو هاواریان کرد لە پێناو کەڕامەتی خۆیان کە حیزبی بەعس  چل ساڵ بوو پێشێلی کرد بوو. لە مانگی مارس دا زۆر ڕووداوی دیکەش قەوماون لە هەموو ڕوویەکە وە شتی مێژوویی و هەر وەها کوشت و کوشتار و ڕووداوی خەمناک. ئەگەر لە مەڕ ڕۆژئاوا بڵێم  بە تایبەتی سەرهەڵدانی ١٢ی مارسی ٢٠٠٤ گرینگە. جارێکی دیش بڵێم ئەو سەرهەڵدانە جاری یەکەم بوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا کە گەلێک توانی  لە ئاست حکوومەتێکی تۆتالیتێر ( شموولی) سەر هەڵێنێ و دیسان بۆ جاری یەکەم بوو  لە کاتێک دا ئەو حکوومەتە هەر لە سەر کار بوو لە شاری کوردان پەیکەری حافز ئەسەد بابی بەشار ئەسەد تێک ڕووخێندرا.دیارە ئەوە بووە هۆی دوژمنایەتی و هەڕەشەی زیاتری حکوومەت بە دژی کوردان و دوای ئەو سەرهەڵدانە وەک دیتمان بە هەزاران تێکۆشەری کورد بەند کران و کەسانی وەک بابی جوودی و هێندێک لە بەرپرس  و ئەندامانی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە) و مامۆستا عوسمان سولەیمان ئەندامی پارڵمانی سوورییە لە ژێر ئەشکەنجە ڕێژیمی سوورییە دا شەهید کران.
قازی: باشە! ئێمە دەزانین ئەم خەباتەی ئێستا کە گەیشتووەتە ئەم ئاستە، ئەم دیاردەیەی کە لە هەموو ڕوویەکەوە دەکرێ وەک شۆڕش نێوی بەرین زەمینەی دەگاتەوە ساڵی ٢٠٠٤ وەک ئەوەی کە ئێوەش باستان کرد. دەکرێ لە لایەکی دیکەوە کاردانەوەی " بەهاری عەڕەبی" ، بەر لەوەی کە بەرژەوەندیی جۆر بە جۆر لە سوورییە مل لەیەک بسون و شەڕێکی ناوخۆیی کە دوایی نادیارە بقەومێ ، لە سەر بزووتنەوە و سەرهەڵدانی کوردان لە سوورییە باس بکەن؟
خەلیل: بەڵێ ئێستا زۆر ڕووناکبیری سوورییە دەڵێن ئەگەر ئێمە پشتگیریمان کرد با لە سەرهەڵدانی ١٢ی مارسی ٢٠٠٤ بەو ئازایەتییە نەدیتراوەی خەڵک لە خۆیان نیشان دا، بۆ  ئەو بینەرانەی کە نەخشەی ڕۆژئاوای کوردستان نازانن با بڵێم لە سەر سنووری باکووری کوردستانێ لە " دێرکی حەمکۆ" را بگرە هەموو شارەکانی ڕۆژئاوا تا دەگاتە حەڵەب و شامی پێتەخت جاری یەکەم بوو کە شتێکی ئاوا ڕووی دەدا. پێشتر خەڵکی سوورییە دەهاتنە کۆڵانان و دروشمیان بە لایەنگری لە حافز ئەسەد بابی بەشار ئەسەد بەرز دەکردەوە دیارە لە بن زەخت و زۆر دا. بەلام ئەو جارە خەڵک ئازایەتییەکی بێوێنەی نیشان دا و شتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە دوای ١١ ساڵان لە سەرهەڵدانی ١٢ی مارس دەیانگوت کورد بۆیە ڕاپەڕیون بۆ ئەوەی کارێکی وا بکەن ئەمێریکا موداخەلە بکا ، بەڵام ئەمێریکا موداخەلەی نەکرد. لەو سەروبەندی دا ئەمن پێم وایە چەند لایەنێک هەڵسەنگێندران و بە پتەوی ڕاوەستەیان لە سەر کرا، یەک لە دوای شەهادەتی " شێخ مەعشووقی غەزنەوی" ئیدی بزووتنەوەی سیاسی بە تایبەتی پەیەدە تا ئەو جێگەی من بەدوا داچوونم بۆ کردەوە گوتیان ئیدی پێویستە کە شێوەی خەباتێ بگۆڕدرێ...
قازی: لە بەر ئەوەی لەوانەیە هەموو بینەران وەبیریان نەیە ئەگەر بکرێ شێوەی شەهادەتی شێخ مەعشووق باس بکەی ، ئەو ڕووداوە چۆن بوو؟
خەلیل: بەڵێ! شێخ مەعشووقی غەزنەوی دوای سەردانێکی ئوڕووپا و بە تایبەتی دوای بەشداری لە ڕێوڕەسمی شەهادەتی گەنجێک بە ناوی فەرهاد و لەوێ گوتی ماف نادرێ  بەڵکوو بە هێز و باهوو دەستێندرێ و هەر وەها گوتی ئەمن پێم وایە فەرهاد لە ژێر ئەشکەنجە دا لە ئاست ئەشکەنجەکاران قەت چۆکی دانەدا و بەکورتی لە قسەکانی دا زۆر بە توندی لە بەرانبەر ڕێژیم دا ڕاوەستا . ڕۆژێکی خەبەر بڵاو بووەوە کە شێخ مەعشووق دوای گەڕی بۆ ئوڕووپا و چوونەوەی بۆ شامی پێتەخت دیار نەماوە و دوای چەند ڕۆژان مەیتەکەیان کە بێ شەرمانە بە شانۆسازییەک گوتیان هێندێکان کوشتوویانە و لە شوێنێک ناشتوویانە، ڕادەستی کوڕەکەی شێخ موڕشیدی غەزنەوی کرد. ئەویش دوای سەرهەڵدانی ١٢ی مارس ، لە ساڵی ٢٠٠٥ دیسان بووە هۆی ڕاپەڕینی بە سەدان هەزار کەس و بووە هۆی وورووژانی هەڕەشە و گوڕەشەی ڕێژیم ، نەک هەر ڕێژیم بەڵکوو پێکوڕەکانیشی. کاربەدەستانی پەیەدە دەڵێن لەو سەروبەندی دا ئێمە دامابووین چ بکەین، لە لایەکەوە ڕێژیم دوژمنایەتی دەکا، ئۆپۆزیسیۆنیش وەک ڕێژیم بە چاوی نەیاری چاو لە کوردان دەکا، کەسی مەدەنی لایەنگری ڕێژیم دەستیان دا گۆپاڵان و ماڵ و موڵکی کوردانیان تاڵان دەکرد. لەو سەرو بەندی دا تاڵانێکی زۆر کرا مامۆستا حەسەن ئەو دەمی سەردەمێکی جیاواز بوو .جا ئەو کاتەی کە شۆڕشی سوورییە قەوما لە نێو کوردان دا  دوو دیتنی جیاواز لە ئارا دا بوو. دیتنێک دەیگوت با ئێمە لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکەوین  و سبەینێ ئەگەر ڕێژیم بڕووخێ هەر وەک باشوور هێندێکمان دەبینە بەرپرسیاری ڕۆژئاوای کوردستان و هێندێکیش مومکینە ببن بەرپرسیار لە شامێ. و دیتنێکی دیکەش هاتە گۆڕێ و ئەویش دیتنی پەیەدە بوو ، دەیانگوت ئێمە دەبێ خۆمان حازری خۆمان بکەین ئەو شەڕە بەو زووانە کۆتایی نایە ، ئەگەرچی لە شەش مانگی یەکەم دا وێنەیەکی جوانیش خۆی دەنواند بە دروشمی مەدەنی و لە پێناو داواکانی هەموو سوورییە دا ، ڕاستە باسی کوردان نەدەکرا بەڵام دیسانیش ئەو حەولدانە جەماوەرییە ئەو هیوایەی لە ئاسۆ دا دەنەخشاند کە توانایی ئەوەی هەیە لە هەموو بارێکەوە بتوانێ ببێ بە شۆڕشێک بەهەموو ماناکانیەوە و دەیتوانی ڕووی جوانی سوورییە پێشکێشی مێژوو بکا.چونکە سوورییە خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە.بەڵام دوو لایەن دەرکەوتن، وەک باسم کرد لایەنێکی کورد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن کەوت و چاوەڕوانی ڕووخانی ڕێژیمی دەکرد و لای خۆیان وایان بیر دەکردەوە کە دوا جار یان ڕێژیم سەردەکەوێ و پەیەدە لە ناو دەبا و یان ئۆپۆزیسیۆن سەر دەکەوێ و پەیەدە لە ناو دەبا و کاروباران ڕادەستی ئێمە دەکا.لەو قۆناخە دا ئەو تێخوێندنەوەیەی کە ڕێژیم بە زوویی تێک ناڕووخێ لە بەر ئەوەی خاوەن ئەڕتەشێکی یەکگرتوویە، لە بەر ئەوەی ٤٠ ساڵە ئەو ئەڕتەشەی لە بەر دەست دایە، لە بەر ئەوەی ڕووسییە بە توندی پشتی دەگرێ، لە بەر ئەوەی ئێران پشتیوانی لێ دەکا و لە بەر ئەوەی کە حیزبوڵا هاتووەوتە ناو مەسەلەکە و کەم کەم بەرەو ئەوە چوو کە شیعە و سوننی لە بەرانبەر یەکدی بن و ئەو جار شیعەی دنیایەش پشتیوانی لێ بکەن. دیارە ڕێژیم لە جێدا ڕێژیمێکی کوژەرە ، دیکتاتۆرە و هەموو هێز و دەستەڵاتی زۆرداری خۆی بەکار دەهێنێ!
قازی: دواتر دێینە سەر مەسەلەی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە بە گشتی، ئەگەر لە مەسەلەی خۆڕێکخستنی کوردانەوە دەست پێ بکەین؛ دەزانین کە تا ساڵی ٢٠١٠ یانی تا " بەهاری عەڕەبی" و دەستپێکردنی ئەو خەباتەی کە ئێستا وەک دیارە داهاتووی هیچ ڕوون نییە، خۆڕێکخستنی کوردان بەو شێوەیەی کە هەیە چاوەڕواننەکراو بوو ، یانی کەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە لە ماوەیەکی وا کورت دا  کوردێک کە هەبوونیشیان  نکووڵی لێ دەکرا و لە ڕەسمییەتێ دا نەبوون لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە سوورییە. من پێم خۆشە ئێوە هێندێک تیشک بخەنە سەر لایەنی ڕێکخستن و ئەوە ڕوون کەنەوە. دیارە بینەرانی ئێمە دەزانن زۆر جار باسی " خۆسەری دێمۆکڕاتیک "، " خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک "  کراوە  و ئەوە زاندراوە کە ئەوە لە چوارچێوە و قالبی ترادیسیۆنێل لە ناوچە و دنیا دا کە لە شکڵی دەوڵەت – نەتەوە دا خۆ دەنوێنێ زۆر جیاوازە. و دەکرێ مرۆڤ ئەوە بڵێ بەشێک لەو سەرکەوتن و پێش  کەوتنەی تا ئێستا بە دەست هاتووە بەو فکر و قالبەوە گرێ دراوە. چونکە ئێمە دەزانین سێ ڕوکنی خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک هەیە، یەکیان ئەوەیە کە جارێکی دی سیاسەت دەهێنێتەوە نێو خەڵک یانی خەڵک لە هەموو لایەنەکەوە ڕێک دەخا بۆ ئەوەی دە ژیانی ڕۆژانە و دە سیاسەت دا بەشداری بکەن . نموونەی ئەوە لە ڕۆژئاوای کوردستانێ زۆر بە جوانی دەبینین. لایەنی دوویەم ژینگە پارێزی یە کە نازانم ئەو مەسەلەیە یانی ئێکۆلۆژی تا چ ڕادەیەک لەوێ لە کردەوە دا پیادە کراوە و مەسەلەی سێیەمیش یەکسانی جێندر یانی وەکوویەکی ژن و پیاو کە وەک دیارە ئەوە بە کردەوە لە بەرچاو دەگیرێ. جا من دەمەوێ لە سەر ئەساسی ئەو بنەمایە هێندێک شێوازی خۆ ڕێکخستن بە گشتی باس بکەی.
خەلیل: دەخوازم بە پەلە باسی بارو دۆخی سوورییە بکەم.
قازی: دوایە دێینە سەر سوورییە
خەلیل: مەبەستم سوورییەی کوردە، نەک سوورییەی سوورییەیی. لە ٨ی مارسی ١٩٦٨ پارتیی بەعس بە ڕێگای  کودەتایەکی عەسکەری دا دەستەڵاتی بە دەستەوە گرت. دوایە لە ساڵی ١٩٧٠ دا بابی بەشار ئەسەد، حافز هاتە سەر حوکم ، بە هاتنی حافز ئەسەد مەیدان و بواری ژیانی سیاسی تەنگتر بوو . ئەو دەمی بە پێی مادەی ٨ی قانوونی بنچینەیی سوورییە پارتیی بەعس دەوڵەت و کۆمەڵی بەڕێوە دەبرد. ئێستا ئەو مادەیە نەماوە، بەڵام ڕاستی ئاوا بوو و ژیانی سیاسی بە تەواوی تەزێندرا بوو. دەکرێ بگوترێ ژیانی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان دا توانیبووی زیاتر بە زیندوویی بمێنێتەوە بە بەراورد لەگەڵ پاشماوەی سوورییە.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارتییە سیاسییە کوردانەی کە لە ١٤ی ژووەنی ١٩٥٧ دا دامەزرابوون لە چوارچێوەیەکی زۆر کلاسیک دا مابوونەوە، کادری سیاسییان نەبوو، کادری عەسکەرییان نەبوو، کادری ڕاگەیاندن و ڕێکخستنیان نەبوو ، تەنێ بزووتنەوەی گشتین ، داوخوازی مافی کوردان دەکەن  و جار جار  بەیاننامەیەک ، مخابن بە زمانی عەڕەبی بڵاو دەکەنەوە. چونکە تەنێ هەر بە عەڕەبی بوو دەڵێم مخابن. هەموو پارتییەکان دیارە پەیەدەش دە ناویان دا  هەتا ئێستاش ئەو کەمایەسییەیان هەیە و هەر بە زمانی عەڕەبی بەیان دەردەکەن. لە ساڵی ١٩٧٩ کە دەسپێکی ناکۆکی لە نێوان ئیخوان و حافز ئەسەد بوو تا ساڵی ١٩٨٢ ئیدی ژیانی سیاسی لە سوورییە بە تەواوی بەربەست کرا، بەڵام ئەو دەمیش کوردان توانییان تا ڕادەیەک مانەوەی خۆیان بپارێزن بەڵام نەک تا ئەو ئاستەی کە بتوانن سەرهەڵدانێکی گەورە ڕێک بخەن. لە ساڵی ٢٠٠٤ لە بەر ئەوەی کە کوردان سەرهەڵدانێکی جەماوەرییان کرد زۆر لە پارتییە سیاسییەکان واقیان وڕما بوو و نەیاندەزانی هەلسوکەوتیان لەگەڵ ئەو سەرهەڵدانە چۆن بێ. هێندێک لایەنیان حەولیان دا پێشی پێ بگرن و ڕایبگرن. ئەو دەمی پەیەدە  لە سەر بناغەی ٢٠ ساڵ خەباتی پ.ک.ک. و لایەنگرانی پێک هات. پ.ک.ک. شێوەیەکی جیاوازی خەباتی لە سوورییە ئافراند بوو ، بە شێوەیەکی ئاوا کە خەڵک دەکرا زووتر لە یەک نزیک ببنەوە. کادری قامشلۆ دەکرا بچێ لە عەفرینێ کار بکا، ئی عەفرینێ بچێتە کۆبانێ، ئی کۆبانێ بچێ لە شام کار بکا، کەسی قایمی پەروەردە دەکرد، کەسی ئاوای کە لە ژێر ئەشکەنجەی دوژمن دا خۆڕاگر بن. جیاوازی پەیەدە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا دامەزرا لەگەڵ پارتییەکانی دی ئەوەیە. پارتییەکی کە کەسایەتی هەیە، کەسی پڕۆفێسیۆناڵی هەیە و کەسی کە دەکاران دا چوست و چالاک بن و لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئەفسەرێکی بەنێوبانگی ئیستیخباراتی سوورییە  بە قامک بۆ لای نوێنەری پەیەدە ڕادەکێشێ و دەڵێ ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن لە بن سەری ئێوە دایە، چونکە ئەو ئامرازانەی بە دەست ئێوەوەیە لە دەست پارتییەکانی دیکە دا نییە. مەبەست لە ئامراز ئەو دەمی  دەزگای ڕاگەیاندنی کوردستانی نزیک لە پەیەدە بوون ، ئامراز ئەو کادرانە بوون کە دەیانتوانی هەڵسوڕێن ، ئەوانەی کە پێشتر لە شەڕی چەکداری لە پێناو ئازادی دا بەشدار ببوون گشت وەک ئامراز و دەرفەت وا بوون. شتێکی دیکەش ئەوەیە پەیەدە نایشارێتەوە و بە ئاشکرا دەڵێ کە ئێمە دیتنی خۆمان لە سەر بناغەی فکری بەڕێز ئوێجاڵان گەڵاڵە کردووە. تێخوێندنەوەی سەرەکی لە سەر ئەو بناغەیە ئەوەیە کە ئێمە نایەڵین مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، هەموو جارێ کورد بوونە سەربازی خەڵکی دی، لە بزووتنەوەی ئەواندا بەشدار بوون ، فیداکارییان نواندووە، پێیان گوتوون دوای سەرکەوتن ئێمە لە داوخوازەکانی ئێوە دەکۆڵینەوە و لەبەر چاویان دەگرین. لە زەمانی ئاتاتورک وا بوو، سی چل ساڵ لەوە پێش لە گەڵ خومەینی ش هەر وا بوو و دەزانین لە سەرئەنجامی ئەو شۆڕشە دا شەهید قاسملۆ و هاوڕێکانی نامەردانە شەهید کران. پەیەدە دەیگوت ئێمە بەشێکین لە شۆڕشی سوورییە ، بەڵام ئێمە دەبێ حازریی خۆمان بکەین لەبەر ئەوەی ئەو شەڕە درێژ خایەن دەبێ و دیارە بۆ ئەوەش پێشتر پڕۆژە هەبوو مامۆستا حەسەن! ئەمن وەبیرم دێ لە ساڵی ٢٠١٠ دا دروشمی پەیەدە " سوورییەکی دێمۆکڕات و ڕۆژئاوایەکی خۆسەر و دێمۆکڕات " بوو. ئەو دەمەی کە ئەو دروشمەی بەرز کردەوە ڕێژیم زۆری لێ سڵەمییەوە و هەستی بە ترس کرد. هەتا ساڵی ٢٠١١ نزیکەی ١٥٠٠ کەس لە کادر و ئەندامانی پەیەدە دە زیندان دا بوون . کاتێک کە ئەو کڕوکاشانە دەستیان پێ کرد ئەو دەمی ڕووناکبیرێکی کورد مامۆستا خەلیل کالۆ هاوپرسەکییەکی لەگەڵ بەڕێز ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە کردووە و لەوێدا دەنووسێ دەڵێ من زۆر شتم پێ گوت و ئەو ووڵامی دامەوە ئەو قسانەی باسیان دەکەی زۆر باشن، بەڵام کاتمان نییە چونکە  ئێمە دەست دەکەین بە خۆ سازدانەوەمان و خۆ بەهێز کردنمان چونکە ڕێژیم زۆری ئازار داوین ، بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٤ هەتا ساڵی ٢٠١١  ڕێژیم هێڕشێکی زۆری کردنە سەری. حەولدان بۆ ساز کردنی بناغەی پەروەردەی زمان یەک لە ڕاوەستگەکانی قۆناغی تازەی خەبات بوو کاتێک پیرە پیاوێکی عەفرینی – پێم خۆشە لێرەوە سڵاوی بۆ بنێرم- ماڵی خۆی کردە خوێندنگە . ئەو دەمی کاتێک مەکتەب دروست کران پارتییەکانی دی دەیانگوت خەڵک لە حومسێ شەهید دەبن بۆچی لێرە مەکتەب دەکرێنەوە. نازانم پێوەندی ئەوە و کرانەوەی خوێندنگە چ بوو؟ چونکە لە حومس و شامیش خوێندنگەکان کراوە بوون. ئەو خوێندنگەیانەی کە کرانەوە، " سازی بنەماڵەی شەهیدان" وەک هێزێکی یەکگرتوو ڕێک خران  و دوای ئەوە ئیدی دەسپێکردنی سازکردنی هێزی ئاسایش و خۆپاراستنی یەپەگە ، لە سەرەتاوە بە ناوی یەپەگە نەبوو ، سازی و ڕێکخراوەی جۆر بە جۆر پێک هاتن. سازی زمان، سازی خۆ پاراستن، سازی جڤاکی، سازی بنەماڵەی شەهیدان . ئیدی پەیەدە لکەکانی خۆی پەرەپێدا ، خوێندنەوەی خۆی لە ڕووداوەکان جوێ  کردەوە و ڕایگەیاند ئێمە ناچار نین بەشداریی نوێژی بەکۆمەڵی ڕۆژانی ئینێی ئۆپۆزیسیۆن بین کە بە ناوی دین  لە دژی دین و نەتەوە پچووکەکان و ئێتنیکەکانی دیکە هەڵوێست دەگیرێ. ئیدی ئەو دەمی جودایی ساز دەبێ. بەشێک دەڵێ ئێمە چاوەڕوانی ئۆپۆزیسیۆن و ڕێژیم نەبین بۆ ئەوەی مافی خۆمان وەدەست بخەین، لە ڕووی فکرییەوە پڕۆژەیەکی ڕوون هەیە کە بە پێی فێرکردەکانی ئوێجاڵان گەڵاڵە کراوە لە پێناو مافی ژنان، جەوانان، لە پێناو پاراستنی ژینگە..
قازی: خۆ ڕێکخستن لە ڕووی نیزامییەوە چۆن بوو ؟
خەلیل: لە ڕووی ئیزامییەوە وەکوو فەرماندەکانی یەپەگە باسیان دەکرد. لە شەش مانگی یەکەمی شۆڕشی سوورییە دا زۆر دروشمی مەدەنی وەک باسم کرد بەرز کرانەوە بەڵام دیار بوو هەر ڕۆژی کە ڕادەبرد بەتایبەتی " اخوان المسلمین" کە لە ساڵی ١٩٧٩ – ١٩٨٢ دا  پێشەنگی شەڕڤان ( طلیعە مقاتل) یان هەبوو . ئەو ئەزموونەی کە سوورییەی بەتەواوی تێک دا ، ڕێژیمێکی دیکتاتۆر لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەش بزووتنەوەیەکی  ئیسلامی سیاسی یان ئیسلامی زۆر ڕادیکاڵ بوو. ئیدی ژیانی سیاسی سوورییە هیچ نەما. دیسان ئەوە ڕوون بووەوە کە دوای ئەوەی سوورییە و تورکییە پێک نەهاتن ، یانی حەولدان هەبوو لە ڕێگای ئێرانیشەوە کە " اخوان المسلمین"  بگەڕێنەوە سوورییە و ببن بە بەشێک لە دەستەڵاتداری سوورییە  ئەوان پێک نەهاتن، ئیدی ئێمە دیتمان کە هێندێک لە ئەڕتەش جوێ دەبنەوە و بەجێی دێڵن. قەتەر موداخەلەی کرد، سعوودییە موداخەلەی کرد و ئەوانە گرووپە ئیسلامییەکانیان ڕاهێزاند. ئەو دەمی ئەو ترسی ساڵی ٢٠٠٤ لە کاتی سەرهەڵدان و ٢٠٠٥ دوای شەهادەتی شیخ مەعشووقی غەزنەوی لە بەر چاوی کوردان بوو. ئیدی هێندێک لە جەوانانی ڕۆژئاوا و تێکۆشەری ڕۆژئاوا کە ئەزموونی مانەوە لە چیاکانی کوردستانیان هەبوو و ئەو حازرییەش کە چەند ساڵ پێشتر لە ڕۆژئاوا کرا بوو کەم کەم  بیری ئەوەی هێنا گۆڕێ کە کوردان ناوچەی خۆیان بپارێزن . کە ڕێژیم ناوچەیەکی بەجێ دەهێشت دەیەویست بشێوی و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتیش ساز بێ. لە هێندێک ناوچە پێکێشی لە خەڵک دەکرد کە ئەگەر دێمۆکڕاسیتان دەوێ ئەوە دێمۆکڕاسی یە و لە هێندێک شوێنیش وەک نموونە با باسی بکەم لە شاری دربەسی یێ هێشتا کە هێزی ڕێژیم هەر لەوێ بوو خەڵک تێک هەڵدەچوون مەئموورانی ڕێزیم دەیانگوت ئێمە موداخەلە ناکەین. مەبەستیان بوو بڵێن ئەگەر ئێمە بڕۆین ئێوە یەکتری دەخۆن. ئێوە کۆمەڵەیەکن یەکتری تەحەمول ناکەن و لەگەڵ یەک دەرنابەن.ئەو تێخوێندنەوە ستراتێژییە ئەو بوو کە : یەک مەسەلەکە ماوەیەکی درێژی پێ دەچێ، و چەکی زیاتری تێدا بە کار دەهێندرێ و لایەنە دینییەکان بەهێزتر دەبن و مافی کوردان قەبووڵ ناکرێ و ناپەژرێندرێ و هەوای ترس و خۆفی نێوخۆیی لە کۆبانێ و جزیرێ و عەفرینێ زیاتر دەکرێن ، دەبێ باوەری ئێمە بە هێزی سەربەخۆی خۆمان هەبێ و ئێمە و پێکهاتەکانی دیکە لە جزیرێ - لە کۆبانێ و عەفرینێ کورد تا ڕادەیەکی هەر خۆیانن- حازری خۆمان بکەین  . ئەو بنەمایە هێدی هێدی بە درەفەت و ئیمکانی گەلێک کەم داندرا ، ئەمن دوای ١٧ ساڵ چوومەوە و بە چاوی خۆم ئەو پێشوەچوونەم دی.
قازی: ئێوە کەنگێ چوون؟
خەلیل: پارەکە مانگی ئاوریل و ژووەنێ لەوێ بووم. هەموو ناوچەیەکیش گەڕام لە تل کۆچەر هەتتا تل حەلەف یانی سەر سنووری عێڕاقێ، سنووری باکووری کوردستانێ هەتتا لای دیکەش سەرێ کانی یێ. باسی ئەو زەحمەتی و دژوارییانەی هەبوون دەکرا، جار جاریش پێدەکەنین و دەیانگوت  ئێمە بە ئیمکان و دەرفەتی پچووک دەستمان پێکرد. لێرە دا مامۆستا شتێک هەیە: ئیدی کوردێکی باوەڕ بەخۆ هەیە و کوردێکیش هەیە کە باوەڕی بە خۆی نییە. کوردێک کە باوەڕی وایە بە ئیمکانی کەم دەتوانێ شتان ساز بکا و کوردێک کە دانیشتووە و چاوەڕوان دەکا یەکێک بێ و مافی بداتێ. دیارە لە جێدا کەس ماف نادا بە کوردان.
قازی: باشە! ئێمە دەزانین کە لە مانگی  ژانڤییەی ساڵی ٢٠١٤ " هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی " ئیمزا کرا بۆ بەڕێوەبردنی  ئەو سێ کانتۆنەی کە لە ڕۆژئاوا هەن و هەر لە ناوەکەی ڕا دیارە وەختێک دەڵێی هاوپەیمانی، ئەتۆ پەیمان لەگەڵ لایەنێکی دی، کەسێکی دی دەبەستی. وا دیارە لەوێدا زیاتر مەبەست لە گرووپی غەیری کورد بێ چ دەستەی ئێتنیکی یان پێڕۆیانی ئایینی جیاوازی غەیری موسوڵمان کە ئەوانیش لەو ناوچانە دەژین. من دەمەوێ بەڕێزت هێندێک باسی نێوەرۆکی ئەو هاوپەیمانییە لە پێوەندی لەگەڵ خۆسەری دێمۆکڕاتیک دا بکەی!
خەلیل: دە فەلسەفەی خۆسەری دا شتی سەرەکی بەگژداهاتنەوەی فەرهەنگی تۆتالیتێرە کە تەئسیری لە سەر هەموو پارتییەکان دا دەبیندرێ، دە ناویان دا پەیەدە و پ.ک.ک. و هەموو پارتییەکان. دەرمانی ئەوە یان بەرانبەری ئەوە بەڕێز ئوێجاڵان لەوە دا دەبینێ کە کۆمەڵ لە خۆی وورد بێتەوە و بنەمایەکی ئاوا ساز بکا کە ئەو خەڵکەی کە ئەتۆ بە ناوی ئەوان و بۆ ئەوان کار دەکەی بۆخۆیان ببن بە ئافرێنەری  پێشەڕۆژی خۆیان. ئەو هاوپەیمانییە ڕاستە لە لایەک را گرێدانی پەیمانێکە لەگەڵ سوریانی، چەچەن ، عەڕەب، ئاشووری و ئەرمەنیان بەڵام لایەنێکی دیکەشی ڕەنگدانەوەی  ئیرادەی خەڵکێکە کە ئەتۆ بە ناوی وان کار دەکەی . کاتێک کە " مەجلیسی گەلی ڕۆژئاوا" پێک هات نازانم وەبیرت دێ یان نا نزیکەی ٢٣٥ هەزار مرۆڤ لە هەڵبژاردن دا بەشداریان کرد. ئەو پرۆسەیەی کە بە کردنەوەی خوێندنگە لە عەفرین دەستی پێکرد ، دوای ئەوەی کە بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی گەلی ڕۆژئاوا زیاتر لە دووسەدهەزار کەس چوونە پای سندووقی دەنگان بە شێوەیەکی زۆر سادە، کورد بۆ خۆشیان ئەوانەی کە بەشداری ئەو هاوپەیمانییە دەبن یان سازییەکانی ژێر چەتری خەباتی جڤاتی ئازادی ( تەڤ دەم )  ئەوانیش بۆخۆیان بەشێکن لەو هاوپەیمانییە . لە  پێشدا ئەوان دیتنی خۆیان لە سەر گوتووە، لە نێو ئەواندا گەنگەشەی لە سەر کراوە بۆ ئەوە ببنە خاوەنی ئیرادەی ئازاد نەک ئەوەی کەسێک بێ بەوان بڵێ و ئەوانیش ئەرێی کەن و ئیمزای کەن. ئەگەر وا نەبێ ئێمە کولتووری دەوڵەتی دەستەڵاتدار دووبارە دەکەینەوە. کوردی کە  ئیدی بە ئیرادەی ئازادی خۆی  دەتوانێ بڵێ  ئەمن پێشەڕۆژی خۆم  ئاوا دەبینم ئەو شتە بە ڕاست دەزانم  و شتێکی دی بە هەڵە. دوای ئەوەی کە کورد بتوانن بە یەکەوە ئەو هاوپەیمانییە قەبووڵ بکەن و بپەژرێنن ئەو دەمی دەتوانن لەگەڵ نوێنەری  لایەنەکانی دیش ڕێک کەون. ئێستاش ئەوە بەردەوامە و تەڤ دەم یش ئامادەیە لەگەڵ  ئەنەکەسە کار بکا دیارە  ئەگەر خۆ بدەنە بەر کار و خۆیان لە کولتووری نەریتی ڕزگار کەن..
قازی: ئەنەکەسە ئەو ئەنجومەنی نیشتمانی کوردییە کە لە دەرەوەی هاوپەیمانییە و لە چەند پارتییان پێک دێ.
خەلیل: بەڵێ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیی کە  لە سەرەتاوە ١٦ پارتی بوون، دوایە بوونە ١٣ پارتی، دوایە ٩ پارتی مانەوە و ئێستا هەر ٦ پارتی تێدایە، ئەوەش پرۆسەیەکە کە ئێمە دەتوانین بە کورتی باسی بکەین.  هەرچەندەی بەشداری  لەو هاوپەیمانییە دا بکرێ ، ئەوەندەش ناو و ناوەرۆکی هاوپەیمانییەکە وەڕاست دەگەڕێ کە دەتوانێ لە روحی ئەو کۆمەڵەیە ، لە مێژووی ئەو کۆمەڵە و تەنانەت لە ژینگەی ئەو کۆمەڵەیە ، سەر هەرد و بن هەردی ئەم جڤاتە و لە ڕێگای سەروەری ئەم جڤاتە دا دەتوانێ شتەکانی خۆی بئافرێنێ. دەتوانێ شتێک بێنێتە مەیدانێ، بابەتێک وەلا بنێ و یەکی دی پێش بخا. دە نێو ئەو هاوپەیمانییە دا قانوون و ڕێوشوێن خۆ دەردەخا و شتێکی چاو ڕاکێشە لە لای ئێمە کە شێخێکی عەڕەب، شێخێکی عەشیرەی شەمەر بێ هاوپەیمانییەک ئیمزا بکا کە باسی وەکوویەکی ژن و پیاو  دەکا. ئەگەر کەسێکی پێشتر ماوەی ٢٠ ساڵ لە نێو ڕیزی پ.ک.ک. دا بووبێ یان لایەنگری پ.ک.ک. بووبێ یان لایەنگری لە تێزی بەڕێز ئوێجاڵان بکا و خاوەنداریی لێ بکا بێ ئیمزای کا شتێکی ئەوەندە سەیر و عەجیب نییە، بەڵام سەرۆکی عەشیرەتێکی عەڕەب ببێتە هاوسەرۆکی کانتۆنی جزیرێ و بێ ئەو هاوپەیمانییە ئیمزا بکا و بە تایبەتی مەسەلەی وەکوویەکی ژن و پیاو کە ئەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە چاپەمەنی جیهانێ دا، ئەوە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکوو لەگەڵ ژنێکی تێکۆشەری کورد هەدییە یووسف  بەیەکەوە هاوسەرۆکایەتی دەکەن. بنەمای ئەوە ئەو هاوپەیمانییەیە و بنەمایەک کە ئێستا " مەجلیسی نیزامی سوریانی" و " پارێزوانانی خابوور" ی ئاشووری کە بەشدار دەبن لە جێدا پێشخستنی ڕوحی ئەو هاوپەیمانییە کۆمەڵایەتییەیە. ئێمە نەک هەر دەبینە هاوبەشی ئەو سەرزەوییە لە ڕووی سەروەری و تەبیعەتەکەی ڕا و لە خێرو بێرەکەیدا بەڵکوو لە پاراستنیشی دا ئەو هاوبەشییەمان  دەبێ. و ئەو هاوپەیمانییە نەک هەر لە ڕووی نیزامییەوە بەڵکوو  ئێمە هەموو شت دەکەین بۆ ئەوەی ئەم  ناوچەیە وەکوو ناوچەیەکی نموونە بە سوورییەی داهاتووی نیشان بدەین. لە مەر مەسەلەی ژنان وەکوو نموونە ئەمن دەمەوێ بڵێم ، مەسەلەی ژنانیش گەلێکان لە دەرەوە ڕا چاوی لێ دەکەن و نازانن چۆن گەیوەتە ئەو قۆناغە. ئەویش ئەنجامی مێژوویەکی درێژە، یانی لە ساڵی ١٩٨٠ هەتا٢٠٠٣   ئەگەر تەماشای بکەی چەندین کچی ڕۆژئاوا شەهید بوون لە ژێڕ چەتری بزووتنەوەی ئازادی دا. زۆر کچ ماڵیان بەجێ هێشتووە خەباتیان کردووە و ژنانیان ڕێک خستووە، ئەوە لە پڕ لە ساڵی ٢٠٠٣ دا پەیدا نەبووە.بە پەیەدە را پەیدا نەبووە. بەر لەوە بیست ساڵ پێشتر لە خەباتێک دا بەرەو پێش چووە کە لە ژێر چەتری پ.ک.ک. دا کراوە. دوای دامەزرانی پەیەدەش ئیدی ئەو خەباتە زیاتر پێش خراوە بە پێی تیوری و ڕێبازی بەڕێز ئوێجاڵان  کە هێناویەتە گۆڕێ و لە ژێر ئەو چەترە دا ئەو خەباتە کراوە. ئیستا ئێمە بێتوو بڵێین هەموو شتێک ئەو جۆری کە دەبێ ببێ هەیە بێگومان وا نییە. هێشتا پێویستی بەوە هەیە کە سیستمی پەروەردە بە ئاوایەکی ڕێکوپێک گەڵاڵە بکرێ..

قازی: دێینە سەر ئەو مەسەلەیەش، بەڵام دەمەویست لێرە دا ئەو پرسیارە بکەم. دەزانی هێندێکان کە بەڕاستیش لە پڕاکتیک دا ئەو جۆرەی کە دەبێ نە هێزیان هەیە و نە ئیرادەی ئەوەیان تێدا دەبیندرێ کە بەشدارێکی چالاکانە لەو خەباتە دا بکەن  باسی ئەوە دەکەن کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە سوورییە هێشتا پێوەندیی خۆی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دا پاراستووە. لە مەرحەلەیەک دا کە دەبوو  مرۆڤ پێشی ئەوە بگرێ کە شەڕ بێتە نێو کوردستان و لەو شەڕی نێوخۆیی سوورییە دا ناوچەی کوردستان وێران بێ دروشمی خۆ پاراستنی ڕەوا لە گۆڕێ دا بوو، بەڵام دوای هێرش بۆ سەر کۆبانێ و پێشتریش لە سەرێ کانی یێ ئەو مەرحەلەیە چووە قۆناغێکی دیکە کە هێندێک جار هێزی کوردی مەجبوورە هێرشیش بکا نەک هەر ئەوەی خۆی بپارێزێ . پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەو پێوەندییە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بە چ شێوەیەک  بوو لە ڕابردوو دا و ئێستا چۆنە؟
خەلیل: مامۆستا وەک من گوتم لە دەسپێک ڕا یانی لە ٢٠٠٤ ڕێژیم زۆر هەڕەشە و گوڕەشەی لە پەیەدە کرد، لە کوردان بە گشتی و لە پەیەدە بە تایبەتی و وەک باسم کرد پێی دەگوتن ئەو ئامرازەی لەبەر دەست ئێوە دایە ،لە بەر دەست ئەوانیدی دا نییە. ئەو دەمیش هەر هەمان ئەو لایەنانە دەیانگوت پەیەدە هیچی ناوێ ، هەمان ئەو لایەنانە ئەو کاتەی کە ١٥٥٠ کادر و ڕێبەری پەیەدە لە زیندان دا بوون دەیانگوت ئەوە شانۆیەکە، مەسرەحییەکە، ئەوانە پیاوی رێژیمن . پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیم هەیە. لەوکاتەوە کە پ.ک.ک. هاتووە بۆ ڕۆژئاوا و بۆ سوورییە  ئەوانە هەر ئەو هەڵوێستەیان بووە. سی ساڵە هێرشی پ.ک.ک. دەکەن. سی ساڵە  پ.ک.ک. ڕەش دەکەن. دوای ئەوەی کە پەیەدە دامەزرا گەلێک هەول درا کە پێوەندیی ساز بکرێ، من زۆر لە نزیکەوە  بە دوای ئەو مێژووە دا چووم ، ئەوەی کە ئێستا دەیڵێن ئەودەمیش هەر دەیانگوت . یانی ئەوانەی کە دەچوونە نوێژی هەینیان و دروشمی ئەڕتەشی ئازادیان بەرز دەکردەوە و هیچ پێوەندی بە ئیسلام و ئیسلامی تەبیعی لای کوردانەوە نەبوو ، هەمان کەس ئێستا هێرشی یەپەگە دەکەن. یانی ئەو کولتوورەی کە خۆی بە پچووک ببینێ ، ئەو کولتوورەی کە یەکێک پارسێ بکا، سواڵکەری بکا خاوەنی کولتوورێکی ئاوان. تەنانەت لە ئوڕووپا، تەنانەت لە باشووری کوردستان وەک نموونە با من بڵێم دەڵێن پەیەدە نایەڵێ ئێمە کار بکەین..
قازی: ئەتۆ ئێستا باسی هەڵوێستی ئەو لایەنانە دەکەی، بەڵام ئەمن دەمەوێ لە هەڵوێستی بزووتنەوەی کوردی ڕا بۆی بچی. بۆ نموونە دەگوترێ لە شارێکی وەک قامشلۆ کە لەو ڕۆژانە دا لەوێ ڕووداوێک قەوما ئەویش گیرانی ڕۆژنامەنووسێکی سوێدی و ڕێنوێنەکەی بوو  لە لایەن دەوڵەتەوە کە دوایە ئاڵوگۆڕ کران لەگەڵ نیزامیانی دەوڵەتی.و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا بەشێک لە هێزی حکوومەتی ناوەندی لە قامشلۆ ماونەتەوە.یانی دەمەویست ئەو لایەنە هێندێک ڕوون کەیەوە.
خەلیل: قامشلۆ شارێکی گەورەیە و من پارەکە چووم و دیتم. لەوێ باسی  چوارگۆشەی ئەمنییەتی دەکرێ. جادەیەکە، کە ئەو جادەیە بەستراوە و هێزی ئیستیخبارات لەوێیە و فڕۆکەخانەش لە بەر دەست دەوڵەت دایە. ئەو کەسانەی کە باسی ئەو پێوەندییە دەکەن دەیانەویست  چوار ساڵ لەمەوبەریش ئەو شەڕە بکرێ. دەیانەوێ شەڕ بکرێ، بەڵام کاتێکیش شەڕ بکرێ ئاوا بێ کە ئەوان بۆخۆیان دە شەڕ دا نەبن. ئەگەر هێزێک لەوێ شەڕ بکا، لە سەریشی لە قاو دەدەن، دەڵێن ئەو بوو بووە هۆی شەڕ و کووژرانی خەڵک، وەکوو ئێستا لە کۆبانێ ش ئەو کەسانە هەر هەمان شت دەڵێن. ئەوە خەڵکی کۆبانێ و یەپەگە نەبوون کە شەڕیان ساز کرد، داعش هات و کوردان لە بەرانبەری دا کەڕامەتی خۆیان پاراست. لە قامشلۆ دا هەر جێیەک دە دەست حکوومەت دایە، هەموو جێیەکی دی و دەوروبەری لە دەستی یەپەگە و ئاسایش دایە. وەک نموونە مەسەلەی  هەڵبژاردن لەو ناوچەیە دا جێی سەرنجە. ئەو ناوچانەی کە هەلىژاردنی حکوومەتیان لێ نەکرا بە تەنێ ڕۆژئاوای کوردستان بوو. کاتێک دەوڵەت حەولی دا ئاسایش پێشی پێ گرت.

قازی: مەبەستت ئەو هەڵبژاردنەیە کە دەوڵەتی ناوەندی کردی؟
خەلیل: بەڵێ، ئی سەرۆک کۆماریی سوورییە، دیارە ئەوە وەک ڕێفراندۆم بوو نەک هەڵبژاردن. سەبارەت بە هەبوونی پێوەندی لەوێ. کورد نایانەوێ جەبهەی شەڕ زیاتر بکەن، رێژیمیش نایەوێ و ئەوە کارێکی عاقڵانەیە نییە ئەتۆ بچی شەڕی دەوڵەتێک  بکەی لە کاتێکدا ئەو ناتوانێ شەڕی تۆ بکا. بەڵام لەم بارەیەوە دەوڵەت هیچ ئعتیباری نییە . پارەکە ئەو دەمەی کە ڕێژیمی سورییە و ئێران ویستیان لە شاری حەسەکە (حسیچا) شتێک بکەن کورد ووڵامێکی زۆر توند و تیژی دانەوە. ئەمن بۆ خۆم بە هەڵکەوت لەوێ بووم. ئەو ڕۆژەی کە لە حەسەکە شەڕ قەوما ئەمن لە شوێنێکی فەرماندەیی یەپەگە بووم دیتم کە چۆنیان ووڵام دانەوە. لە ماوەی چەند دەقیقان دا فەرمان درا کە ووڵامی زۆر توندی سەربازانی ڕێژیم و ئێران بدرێتەوە.هێندێک لایەن نرخاندن ناکەن، ئەوەی دەیڵێن زیاتر نزیکە لە ناو زڕاندن و دەیانەوێ لەوێ کورد و ڕێژیم دە یەک بەردەن و یەکتری بکووژن بۆ ئەوەی دوایە بڵێن کە پەیەدە مقاشێک بوو دە دەست رێژیم دا و ئێستا ئەوە تووڕی هەڵداوە و ناتوانێ خۆی بپارێزێ. هەمان قسەشیان لە سەر کۆبانێ کرد. ئەوە تێخوێندنەوەیەکی سیاسی نییە ، ئەوە هەڵوێستێکە هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی بتوانن شتێکی ورووژێنەرانە و پرۆڤاکاتیڤ بکەن. ئەتۆ دەڵێی پێوەندی هەیە، پرسیار ئەوەیە کە ئەو پێوەندییە چۆنە؟ ئەگەر ئەو پێوەندییە هەبووبا ئەو بزووتنەوەیە بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر هەموو دنیا دا بە ئاشکرایی دەردەبڕێ، لە بەرانبەر تورکییە دا، لە بەرانبەر ئێران و هەموو کەس و لە بەرانبەری ڕێژیم دا. کاتێک کە پەیەدە لە ٣١ی مانگی ١٢ ساڵی ٢٠١٢ دا لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی سوورییە وەک بەشێک لە کۆئۆردیناسیۆنی گۆڕان، پەیمانێکی ئیمزا کرد و تێیدا هاتووە کە ئێمە واتە پەیەدە بە ڕوونی لەگەڵ ڕووخانی ڕێژیمە، ئەو دەمی هەر ئەو کەسانە دەیانگوت ئێمە لەگەڵ ئاڵوگۆڕین لە ڕێژیم دا نەک ڕووخاندنی. ئەگەر پەیەدە لەگەڵ ڕووخاندنی ڕێژیم بێ دەڵێن ئەوە شانۆ و مەسرەحییەیە، یەپەگە شەڕی بکا دەڵێن مەسرەحییەیە.باشە ئەوان با بڵێین پەیەدە شانۆ سازی دەکا باشە ئێوە خۆتان لە پڕاتیک دا چ دەکەن؟ ئەمن دیسان ئەوە دەڵێم: یانی پەنابەر، یانی کەسی ئێمەی خەڵکی کۆبانێ کە چوونە لای سرووجێ، بەداخەوە ئەو یارمەتییەی کە بە ڕێگای ئەو کەسانە ڕا هات بە سەر خەڵک دا دابەشیان نەکرد. و قسەکانیان هەر دە چوارچێوەی ناکۆکی نێوان ڕێکخراوەکان دایە.

قازی: باشە! ئەتۆ بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە باسی بەکارنەهێنانی زمانی کوردیت کرد بە تایبەتی لە چاپەمەنی ڕێکخراوە سیاسییەکان دا. من دەمەوێ پرسیارت لێ بکەم کە لە مەڕ زمانی کوردی و بە تایبەتی پەروەردە  ئەوە چۆن ڕێک خراوە و لە ماوەی ئەو سێ ساڵە دا بە تایبەتی دوای سازبوونی کانتۆنەکان مەسەلەی خوێندنی زمانی کوردی و بە گشتی پەروەردە چۆنە و نێوەرۆکی پەروەردە چۆنە؟
خەلیل: لە دەستپێکەوە شتێکی کە پەیەدە ڕاوەستەی لە سەر کرد مەسەلەی زمان بوو. لە عەفرینێ ڕا دەستی پێکرد لە ماڵی کوردێکی نیشتمانپەروەر ڕا دەستی پێکرد ئیدی ئێستا ئاکادێمی میر جەلادەت بەدرخان لە قامشلۆ هەیە ، پێش چەند مانگان باسی چاپ کردنی سێسەد و شێست هەزار کتێبی خوێندنی کوردی دەکرا. مامۆستا وەک ئێوەش دەزانن لە ڕۆژئاوا هەموو کەس (کورد) بە کوردی قسە دەکەن یان زۆربەی کەس بە کوردی قسە دەکەن و بە کوردیش بیر دەکەنەوە. بەڵام بە کوردی قسە کردن وەک بەدڵ بوو نە لە ئاستی ئاکادێمی دا بوو..

قازی: کوردی ئاوای کە زمانی خۆیان لە کیس دابێ هەن؟
خەلیل: زۆر کەم، لە شام هەبوون، کوردی کە زۆر کۆن چوونەتە ئەوێ بەڵام بە گشتی لە جزیرێ، کۆبانێ و عەفرینێ نا، کوردی کوردی نەزان نییە، لەوانەیە لە حەڵەبێ هێندێک هەبن کە زیاتر بە عەڕەبی قسە دەکەن تا کوردی ، بەڵام لە ڕۆژئاوا کێشەی قسە نەکردن بە کوردی نییە. ئەو کێشەیەی کە هەبوو ئەوە بوو  بزووتنەوەی کوردی کە لە ژووەنی ١٩٥٧  دەستی پێکرد چاپەمەنییەکانی بە کوردی نەبوو ئەگەرچی نەمری وەک جگەرخوین و عوسمان سەبری و وەک نوورەدین زازاشی تێدا بوو، یانی ناوداری کوردیش لەوێ بوون!

قازی: جەلادەت بەدرخان یش
خەلیل: بەڵێ میر جەلادەت بەدرخان بنەمای زمانی نووسینی کوردی داناوە.بەڵام، بزووتنەوەی کوردی ئەو دەرفەتەی کە هەبوو باش بەکار نەهێنا و بە زمانی عەڕەبی شتی بڵاو دەکردەوە هەتا ئێستاش هەموو پارتییە کوردییەکان ...
قازی: من سەبارەت بە چاپەمەنی پارتییە کوردییەکان نەم پرسی، دەمەوێ بزابن سیاستمی پەروەردە چۆنە؟ بۆ وێنە ئەو خۆ بەڕێوەبردنە، ئەو خۆ ڕێک خستنە  پەروەردە چۆن بەڕێوە دەبا و نێوەرۆکی ئەو پەروەردەیە چۆنە و فەرقی چییە لەگەڵ پەروەردەی پێشوو؟
خەلیل: وەختێک من باسی ڕۆژنامانم کرد باسی ئەو حاڵەم کرد کە تێیداین. باسی ئەو حاڵەی کە ئەگەر سبەینێ ئەو ڕێژیمە ڕووخا و ئۆپۆزیسیۆن گوتی باشە ئەی برادەرانی کورد فەرموون دەست پێ بکەن بە زمانی خۆتان بە منداڵانی خۆتان بخوێنن . باشە ئێمە چۆن پەروەردە بکەین. نە کتێب هەیە ، نە مامۆستا هەیە  و نە ئەو دەرفەت و ئیمکانەی کە بتوانێ شتێک بئافرێنێ هەیە جا بۆیە لەماوەی ئەو چوارساڵەی ڕابردوو دا زیاتر ڕاوەستە لە سەر ئەو لایەنە کراوە ، یانی ئامادە کردنی مامۆستای زمانی کوردی، پەروەردە کردنی مامۆستای کورد، ئەوانەی کە هەبوون پێشخستنیان و پەروەردە کردنی ئەوانیدی و بەو شێوەیە بەپەلە  زۆر گرینگە کە توانیان شتێکی ئاوا بکەن و لە ئەنجام دا ئێستا ژمارەیەکی زۆر مامۆستا هەن و لە گەلێک لە خوێندنگەیان دا سەرەڕای تەهدید و هەڕەشە و گوڕەشەی ڕێژیم و ڕاگەیاندنی بڕینی مووچەی مامۆستایان لە لایەن ڕێژیمەوە، کوردان توانیان بە  پێکێشییەوە مەسەلەی خوێندن بە کوردی بپارێزن.
قازی: باشە لە کانتۆنەکان دا هەمان ئیمکان بۆ  خەڵکی غەیری کوردیش هەیە، بۆ وێنە ئاسووری ، سوریانی یانی ئەوانیش زمانی خۆیان بە کار دەهێنن؟
خەلیل: ئاسۆری و سوریانی پێشتریش ئەو دەرفەتەیان هەبوو. یانی پێشتریش نەک لە خوێندنگە ڕەسمییەکان دا ، بەڵام دە خوێندنگەی تایبەتی خۆیان دا دەیانتوانی بە تایبەتی فێری زمانی سوریانی  بن بەڵام ئێستا زۆر خۆشە کاتێک کە باوەڕنامە دەردەکرێن سەر کاغەزەکانیان  بە زمانی کوردی و عەڕەبی و سوریانی دەنووسرێن. هەر سێ زمانی سەرەکی و هیوادارم لە تەل تەمر وەک چۆن ئێستا زمانی ڕۆمانش لە سویس ژمارەیەکی کەم پێی دەدوێن لەوێش واتە لە تەڵ تەمریش بە ئاسۆڕی بنووسرێ. شتێکی جیاواز لە ڕۆژئاوا و کانتۆنەکان دا هەیە پێشتر یەک زمان هەبوو و تاقە وێنەی سەرۆکی ڕێژیم بە دیواری خوێندنگەیانەوە بوو ، بەڵام ئێستا ئەو وێنەیە نییە و سێ زمان  بە کار دەهێندرێن و ئەوە دەکرێ نموونەیەک بێ بۆ پێشەڕۆژێ. حەولیش دەدرێ کە شێوەی پەروەردە نەک ئەو شێوەیە بێ کە شت لە بەر کردن بێ ئەتۆ شتێک بڵێی و منداڵان بە دووی تۆ دا بیڵێنەوە و دواجار منداڵ نەزانێ لە کتێب دا چ نووسراوە. حەول دەدرێ لە سیستمی پەروەردە دا لەوەی کە بۆ کورمانجی لە پێوەندی لەگەڵ باکوور دا کراوە کەلک وەربگیرێ هەر وەها لە باشوور و ئەو شتانەی کە لە کەمپی مەخموور کراون. ئەوەندەی من بزانم ئەو کتێبانەی کە لە سوێد چاپ بوون هێندێک  حەولدان هەیە کە بە گوێرەی هەلومەرجی ڕۆژئاوا هەموار بکرێن. بەڵام  دەرفەت و ئیمکانیش بەرتەنگ و کەمە. ئیمکانی مادیش کەمن و مامۆستاش کەمن . بەڵام جۆش و خرۆشێکی زۆر هەیە و لەوبارەیە بەپەلە کار دەکرێ!

قازی: ببوورە چونکە کاتمان زۆر نییە و زۆر مەسەلەی دیکەش هەیە کە قسەیان لە سەر بکەین ئەگەر مومکینە ووڵامەکان هێندێک کورتتر بن. پرسیارێکی دیکەش مەسەلەی یەکسانی ژن و پیاوە. ڕاستە ، بە تایبەتی بە ئۆرگانیزە کردنی یەپەژە ئێمە دەوری ژنان دەبینین  و بە تایبەتی ئەو خۆڕاگری و بەرخوەدانەی کە لە کۆبانێ کردیان ، ئەوانە تەواو لە بەرچاوە، بەڵام وەکوو دیکە، دیتنی خۆت بە تایبەتی ئەو ماوەیەی کە لەوێ بووی گۆڕان لە نێو ماڵ دا چۆنە؟ لە پێوەندی نێوان ژن و مێرد دا؟
خەلیل: بێگومان ستاتێستیکێکی ڕەسمی لە بەر دەست دا نییە بەڵام، ئەوەی کە من دەزانم ئێستا زۆر پیاو کەیفخۆش دەبن کە بڵێن هاوژینی من بەرپرسیاری فڵان جێگەیە، یان ئەوەی کە هاوژینی من چووەتە فڵان جێگە، یان ئەوە شەش مانگە کە کچی من لە فڵان بەرەی شەڕ دایە. دیسان دەڵێم ئەوە بەرهەمی ٣ ساڵ خەبات نییە ، ئەوە ڕينگدانەوەی ٣٠ ساڵ خەباتی گشتی بزووتنەوەی ئازادی یە کە ئێستا ڕەنگی خۆی پەیدا دەکا. پێشتر لە سەردەمی پ.ک.ک. دا خەباتی سیاسی بوو، بەشداری کردن لە کۆبوونەوان دا بوو یان فێر کردنی زمانی کوردی و یان کار لە مەزرا ڕنینەوەی نیسک و پەمۆ چنینەوە. یان ئەوەی کە کچێک دوای ماوەیەک دەچوو پەیوەست دەبوو بە خەباتی بەشێکی دیکەی کوردستان و خەباتی چەکداری دەکرد. ئێستا وا نییە. هەموو سازی و ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوا ، چ سازییەکانی خۆسەری، چ ناوەندەکانی پەیەدە، ئی یەپەگە بن یان ئاسایش ، هەر کامێکیان دەڵێی نە تەنێ کچیان تێدایە، بەڵکوو ژنیشیان تیدایە و ئەوەش دەبێ مرۆڤ سەرنجی بداتێ. لە بەڕێوەبەرایەتی پەیەدە دا، لە بەڕێوەبەرێتی خۆسەری دا، لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش دا بچییە هەر جێگایەک ئەتۆ کچ و ژنان دەبینی. شتی هەرە سەرەکی ئەوەیە ئیدی کەس ناتوانێ بە چاوی پچووک تەماشای ئەوان بکا. نەک تەماشا ناکا، ناشتوانێ و ناش وێرێ تەماشا بکا. چونکە ئەوە مافێک نییە کە تۆ دابێتت و سەدەقە و قەنجییەک نییە کە تۆ کردبێتت . ئەوە مافێکە کە ژنان بە تێکۆشینی خۆیان ئەستاندوویانە. ئەوەش لە بەرچاوە، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا. لە دەستگای ڕاگەیاندن دا، لە دەستگای نیزامی دا، لە دەستگای ئاسایش دا، هەر ناوچەیەکی بچی ژن دەبینی ، کچ دەبینی. لە هەموو  ڕێپێوان و میتینگێک دا دەبینی . دەبینی ژنێک بە ئامادە بوونی هەزاران ئینسان زۆر باوەڕ بەخۆ ، بێ ئەوەی چاو لە کاغەز بکا نوتق دەکا و بە پێی بۆچوونی خۆی و ئاستی خۆی لەو قۆناخە دەدوێ. بەڵام بە بڕوای من ئەوە بەس نییە. ئێستا ئاکادێمی یەکێتیی ستار ساز بوون، ئاکادێمی پەیەدە دامەزراون. ئاکادێمی گشتی نەک ئی ڕێکخراوەیان ساز بوون کە ئەوە زۆر بە دڵی منە. مافی هەموو پارتییانە کە ئاکادیمی خۆیان ساز کەن بەڵام، دەبێ ئاکادێمی گشتی ساز بن و ئەوانیش بتوانن سیستمی پەروەردەی ئەوتۆ ساز کەن کە ئەوەندەی دیکەش دەرفەتی ئافرێنەریی ژنان زیاد بکەن وەک مێژووی جوانی خۆیان.
قازی: ئەگەر هێندێکیش کات تەرخان بکەین بۆ سوورییە و مەسەلەی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە. چەند ڕۆژ  پێش لە سلیمانی سێیەمین " دیداری سلیمانی" لە زانکۆی ئەمێریکای وێندەرێ بەڕێوەچوو. لەو  فۆرومە دا خانمێک کە تا ڕادەیەک پسپۆڕە لە سەر مەسەلەی سوورییە  باسی ئەوەی دەکرد کە ئەو ئالتێرناتیڤی جۆر جۆر کە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوخۆیی سوورییە پێشنیاز دەکرێن هەموویان لە حاڵەتی ئاچمەز دان و پێش ناکەون. باسی چەند دەستپێشخەری دەکرد، دەستپێشخەری ڕووسییە لە لایەکەوە، دوایە ئەو حەولەی کە بەڕێز ستافان دێ میستورا  نوێنەری تایبەتی کٶڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوورییە دەیدا. بەڕێزت دوورنمای ئەو حەولانە چۆن دەبینی؟ وەزع بەرەو کوێ دەچێ؟
خەلیل: بە باوەڕی من ، تا ئەو جێگایەی من بە دوای داچووم  کە ئاگام لە هەڵوێستی ڕێژیمی سوورییە هەیە و ئەو جۆرەی کە دەیناسم و تا ڕادەیەکیش لە کار و باری ئۆپۆزیسیۆن سەردەر دێنم لە کورت مەودا و دەمی نزیک دا هیچ چارەسەرییەک لە ئارا دا نییە، بارودۆخ ئاڵۆزتر دەبێ، بە تایبەتی ئێستا حەول و کڕوکاشێکی سەرنجڕاکێش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەیە بە تایبەتی چوونی سەرۆکی تورکییە بۆ عەڕەبستانی سعوودی، هەر وەها پێوەندی قەتەر و تورکییا هەتا دێ پتەوتر دەبێ. دەگوترێ کە ڕێکەوتنێک ئێمزا دەکرێ لە نێوان ئەمێریکا و ئوڕووپا لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە لە سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لەو بارەیەوە جۆن کێری سەفەری ڕیازی کرد  و چاپەمەنی عەڕەبی باسی ئەوە دەکەین کە بە سعوودییەکانی گوتووە  خۆتان ئامادە بکەن بۆ قەبووڵی ڕێکەوتنێکی ئاوا. جا لە سەر پێوەندی ئەو پێشوەچوونانە لەگەڵ سوورییە ، لە سوورییە بارو دۆخ ئاڵۆزتر دەبێ ، ئەگەر ئەو پەیمانە ئیمزا بکرێ دەستێوەردانی سعوودییە لە سوورییە زۆر زیاتر دەبێ ، موداخەلە بە گوڕتر دەبێ . هەر جارەی کە پڕۆژەیەک دێتە مەیدانێ  بۆ وێنە بزووتنەوەی حەزم هەیە و بزووتنەوی جەبهەی ئیسلامی هەیە ئەوانە لەو دواییانەدا لەبەرانبەر جەبهەتولنوسرە دا تێک شکان، ئەوەش سەرنجڕاکێشە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا  دوو زەربەتی زۆر گورچووبڕ لە جەبهەتولنوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە کەوت یەک کووژرانی فەرماندەی نیزامی ئەوان بوو و ئەمڕۆش باسی ئەوە دەکرێ کە ١٢٠ کەسیان لێ کووژراوە. هەر کە باسی چارەسەرییەک دەکرێ بار و دۆخ ئاڵۆزتر دەبێ و دەستێوەردان زیاتر دەبی و هەر ترس و خۆف لە سەر ڕۆژئاوا  و خەڵکی دیکەی سوورییە زیاتر دەبێ. دێ میستۆرا حەول دەدا وەک نموونەیەک ..
قازی: بەڵام ئەو حەولەی کە ئەو دەیدا حەولێکی لۆکالە و هەموو سوورییە وەبەر ناگرێ.
خەلیل: ڕاستە حەولێکی لۆکالە بەڵام، مامۆستا ڕەنگە بینەران بە گرینگی حەڵەب نەزانن کە وەک شار شاری دووەمی سوورییەیە و جێیەکە کە شەر تێیدا زۆر توندە  و تورکییە حیسابی ناوچەیەکی تایبەتی خۆی بۆ حەڵەب دەکا. یانی ئەگەر شەڕ لە حەڵەب ڕاوەستێندرێ  ئەوە مانای ئەوە دەبێ کە هەم ڕێژێم هێندێک هەنگاوی بەرەو دواوە ناوە و هەم تورکییە. و ئەوە مانای ئەوە دەبێ کە تورکییە کارێکی وای کردووە کە قەتەریش هێندێک  هەنگاو بەرەو دواوە هەڵگرێ. یانی حەلەب تەنێ مەسەلەی شارێکی هەرێمی نییە . شوێنێکی مەزنی ئابووریی سوورییەیە ، شاری دوویەمی سوورییەیە و شارێکە کە تایبەتمەندی بۆ هەموو هەرێم هەیە. جا بۆیە ئەگەر لەوێ چارەسەرییەک هەبێ دەکرێ ببێ بە نموونە بۆ جێی دیکەش. بەڵام ئەوە سەری نەگرت.

قازی: باشە هێندێکیش باسی بارودۆخی ئێستای " اخوان المسلمین " ( برایانی موسوڵمان ) بکە ، پێشتر لە قسەکانت دا بە کورتی باست کردن . وەزعی ئەوان چۆنە ئێستا؟
خەلیل: بۆ ماوەیەک دەنگی " برایانی موسوڵمان" زۆر بەرز بوو. بە هێز بوو. لە لیبی دەستەڵاتدار بوون، لە توونس بزووتنەوەی نەزهە هاتبووە سەر کار کە اخوان المسلمین بوون، تورکییە زۆر پشتگیریی لێ دەکردن. بەڵام ئێستا دەبینین لە توونس وەزع گۆڕاوە و لە لیبی حەفتەر بووە بە فەرماندەی گشتی ئەویش زۆر دژایەتی تورکییە دەکا و لە تونسیش ئیدی دەستەڵاتدار نین، لە میسریش وەزعی وان دەزانین. سعوودییەش هەڵوێستی دژی " اخوان" ی هەیە و ئەوان بە بزووتنەوەیەکی " تێڕۆریست " دا دەنێ ، ئەوەش زەبرێک بوو لێیان درا ، ئێستا لە هەموو ڕوویەکەوە چارەنووسی خۆیان داوەتە دەست تورکییە ، باڵی نیزامی ئەوان هێشتا لە سوورییە هەن و کەسی کە لایەنگریان لەوان دەکرد هێندێکیان لە حەڵەب و لە حەمایێ ماون . مامۆستا ئێستا نزیکەی ١١ میلیۆن لە خەڵکی سوورییە لە کۆی ٢٣ میلیون حەشیمەت بوونە پەنابەر لە نێوخۆ و لە دەرەوەی ووڵات، جا بەو حاڵە چ بنکەیەکی کۆمەڵایەتی ئەوان بمێنێتەوە؟هێشتا لە سەر هەڵوێستی پێشوویانن، هێشتا نەیارەتی کوردان دەکەن ، کایە بە ووشان دەکەن بەڵام لە سەر هەڵوێستی پێشوویان بەرانبەر کوردان سوورن و وەک گوتم تا ڕادەیەکی زۆر ئیرادەی خۆیان داوەتە دەست تورکییە.
قازی: باشە! ئەگەر دەکرێ چەند گوتنێکیش لەسەر ئاوەدان کردنەوەی کۆبانێ و دەورو بەری باس بکە! هیچ حەولدانی جیدی هەیە بۆ ئاوەدان کردنەوەی کۆبانێ؟
خەلیل: لە نێو شار دا حەولدان هەیە. کۆمیتە پێک هاتوون دەست بەکار بوون. هیوا دارم کوردەکانی ئوڕووپا و بەتایبەتی خەڵکی دەوڵەمەند یارمەتی بکەن هەر وەها کەسی دەوڵەمەند لە باشووری کوردستان، ئەوانیش دەتوانن ئالیکار بن. لەو بارەیەوە سەردانی نوێنەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە و هەر وەها پێوەندی  لەگەڵ پسپۆڕانی شارسازی لە ووڵاتانی دیکە بەستراوە. تەنانەت داوخواز لە فەڕانسە و دەوڵەتی دیکەش کراوە. پەیەدە و بەڕێوەبەرایەتییەکەی و بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی کۆبانێ دەڵێن ڕاستە ئێمە لە پێناو پاراستنی خۆمان و نرخی خۆمان شەڕمان کرد ، خوڕاگریمان کرد و سەریش کەوتین ، لە هەمان دەم دا خۆڕاگری ئێمە بۆ پاراستنی هەموان بوو . ئەمێریکا کە لەو سەری دنیایێ ڕا دێ شەڕ دەکا و کورد سپاسی دەکەن و ئێمەش سپاسی دەکەین بەڵام دەزانێ ئەو ترسناک بوونە ترسناک بوونێکی نێونەتەوەیی یە . ئەو شارەی کە لە پێناو دنیا دا بەرخوەی دا ، لێی دەوەشێتەوە کە دنیا هەمووی ئالیکار بێ بۆ ئاوەدان کردنەوەی.
قازی: باشە! وەک دەزانین پێرێکەش لە کانتۆنی جزیرێ هەڵبژاردنی شارەدارییان بوو.نەتیجەی هەڵبژاردن چۆن بوو؟ ئێوە مەسەلەی هەڵبژاردن لەوێ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
خەلیل: هەڵبژاردن بەشێکە لە پڕۆسەی خۆسەری دێمۆکڕاتیک بۆ ئەوە بە ڕاستی گەل ببێتە خاوەن ئیرادەی خۆی، نەک بە قسە ، چونکە هەموو حکوومەتی دیکتاتۆری دنیایەش باسی گەل دەکەن بەڵام دەی چەوسێننەوە. بە باوەڕی من بەشدارییەکی باش لەو هەڵبژارنە دا کراوە بە پێی قسەی ئەو چاوەدێرانەی لەوێ بوون. جاری یەکەمە کە نەک پەیەدە یان تەڤدەم هەڵبژاردنی خۆ دەکەن وەک مەجلیسی گەل. ئەو جار رێ کراوە بوو بۆ هەموان بەشدار بن . ئەنجومەنی نیشتمانی بەشدار نەبوو دەیەویست هەڵبژاردن نەکرێ ، ئەوان دەڵێن ئێمە پێشنیازمان کرد هەڵبژاردن وەبخرێ، بەڵام تەڤدەم یش دەیگوت  ئێمە دەتوانین وەدەرنگی خەین بەڵام ئەگەر ئەوە کرا ئێوە بەڵێن دەدەن بەشدار بن؟ بە باوەڕی من پڕۆسەی فێر بوونی ژیانی دێمۆکڕاتیک هەنگاوێکی بە جێ و پیرۆزە. ئیدی یەکی کاندیدا، یەکی پاڵێوراو هەڵدەستی دەڵێ ئەمن بۆ شاری خۆ  ئەوە دەکەم ، بۆ ئاوەدانی، بۆ دابین کردنی ئاو، بۆ دابین کردنی ئێلێکتریک ، و بۆ پاراستنی ژینگە، ئێکۆلۆژی. ئەوە جاری یەکەمە لە سوورییە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە هەر تاکێکی ئەو گەلە دەتوانێ لە چارەنووسی خۆی دا بەشداری بکا و پێشنیازی خۆی بهێنێتە گۆڕێ و ئەوەش هەنگاوێکی بەرەو خۆسەری و بەهیزتر کردنی خۆسەری یە . خۆزگە برادەرانی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردیش بەشدارییان کرد با . چونکە هێندێک ئەرمەنیش بەشدار بوون، عەڕەبیش بەشدارییان کرد. سوریانیش بەشدار بوون شتێکی خۆش بوو. من پێم وایە ئەو ناوچەیەی کە لە سوورییە دەکرێ  هەڵبژاردنی تیدا بکرێ هەر ئەو ناوچەیەیە ئەویش  ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان ە.
قازی: ڕێزدار نەواف خەلیل گەلێک مەمنوون بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم
خەلیل: گەلێک سپاس بۆ ئێوەش
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی " ڕاوێژ" یش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە بە کوردیی کورمانجی کراوە و لە ئێوارەی یەکشەمە ١٥ی مارس لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرکدا بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدیۆی بەرنامەکە دەکرێ سەر لە حیسابی "ڕاوێژ" لە تۆری کۆمەڵی یووتوویب هەڵێنن
     

 


No comments: