Tuesday, March 31, 2015

هاوپرسەکی لە گەڵ رابێعا خانمی ناهید


هاوپرسەکی لە گەڵ رابێعا خانمی ناهید
حەسەن قازی

بینەرانی خۆشەویست بە خێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی " ڕاوێژ" سبەینێ ١٠ی خاکەلێوە، ٦٨ ساڵ بە سەر لە سێدارە دانی پێشەوا قازیی محەمەد، سەدری قازی و سەیفی قازی دا ڕادەبرێ. وەک دەزانین حەوتوویەک دواتر لە ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی چوار ئەفسەری دیکەی کۆماری کوردستانیش هەر لە سابڵاغی، هەر لە مەهاباد لە دار دران. پێشتریش لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٥ دا یانی دوای تێکچوونی کۆمار لە سەقز و لە بۆکان هێندێک لە سەرکردەکانی کۆماری کوردستان لە سێدارە درابوون. شتێکی تایبەتی بەرنامەی ئەمجارەمان ئەوەیە کە نامەیەکی تایبەتی پێشەوا قازیی محەمەد بە زمانی کوردی وەک ئێستا لە ئەکران دا دەیبینن بەدەستمان هێناوە  کە ئەو نامەیە گرینگییەکی زۆری هەیە. پێشتر دیارە چوار نامەی پێشەوا قازیی محەمەد کە بۆ حەمەڕەشید خانی قادر خانزادەی نووسیوە لە بەرگی یەکەمی کتێبی " دەوڵەتیی جمهووری کوردستان، نامە و دوکومێنت"، کە لە لایەن  مەحموود مەلا عێزەتەوە گردەوەکۆیی کراوە چاپ بووە. هەر وەها ٣ نامەی پێشەوا قازیی محەمەد بە زمانی تورکی ئازەربایجانی کە بۆ باقرۆف ی نووسیوە پێشتر بڵاو بووەتەوە. بەڵام ئەو نامە تایبەتییە کە ئێستا لە ئەکڕان دا دەیبینن  نامەیەکە کە تا ئەوەی کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە دەکرێ یەکەم نامەی پێشەوا بە زمانی کوردی بێ 
  و نێوەرۆکەکەشی پێوەندی بە کولتوور و پەروەردەوە هەیە دەو سەروبەندی دا. پێشەوا ئەو نامەیەی بۆ خوارزای خۆی ڕابێعا خانمی ناهید نووسیوە کە ئێمە لەم بەرنامەیە دا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ کردووە سەبارەت بە ئەزموونەکانی  خۆی لەگەڵ خاڵەکانی ، با بەیەکەوە ئەو هاوپرسەکییە ببینین.
قازی: بینەرانی خۆشەویست لێرە لە لەندەن لە خزمەت ڕابێعا خانمی ناهیدین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی باسی هێندێک 
لە بیرەوەرییەکانیان بکەین سەبارەت بە پێشەوا قازیی محەمەد، سەدری قازی و سەیفی قازی. زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز ناهید بۆ ئەوەی قەبووڵت فەرموو کە ئەو چاوپێکەوتنەمان هەبێ. دیارە ئەمن بەڕێزت لە نیزیکەوە دەناسم بەڵام پێم خۆشبوو بۆخۆت باس بکەی. جەنابت نیسبەتت چییە لەگەڵ قازییەکان؟
ناهید: ئەمن خوشکەزای قازیی محەمەد و سەدری قازی م. دایکم نێوی ئامینە خانم بووە. دایکم لەگەڵ بابم ئیختیلافی پەیدا کردووە، ئەمن عومرم ٨ مانگ بووە ئەمنی هێناوەتە مەهابادێ ماڵی خاڵم. ئەمن لەگەڵ کچەکانی خاڵم و لە نێو خانەوادەی خاڵم دا گەورە بووم. زۆریشم لەوان محەبەت دیوە . خاڵەکانم بێ ئەندازە بۆ من باش بوون، بێ ئەندازە ئینسان بوون . قەت قەت جارێک لە من تووڕە نەبوون قسەیەکیان پێ نەکوتووم . شایەد ئەگەر خەتایەکیشم کرد بێ، کارێکی خیلافیشم کرد بێ ، لە بەر ئەوەی منداڵ بووم نەمزانیوە هەر سەرفی نەزەریان کردووە. زۆر زۆرم بۆ باش بوون بۆ خۆشیان ئینسانی زۆر باش بوون  خاڵەکانم. زۆر ئاگایان لە خەڵکی بوو، زۆریان خەڵک کۆمەک دەکرد هەتا ئەو جێگایەی بیانتوانیایە. ئەمن جوان لە بیرمە ئەوانە...

قازی: محەمەد حوسێن خانی سەیفی قازی هەم دایکی خوشکی دایکی قازیی محەمەد بووە هەم  بابیشیان برا بوون جا دەگەڵ دایکی جەنابیشت واتە لەگەڵ ئامینە خانمیش  هەر هەمان نیسبەتیان هەبووە! جا لە بەر ئەوە جەنابت سەیفی قازی ش وەک خاڵی خۆت حیساب دەکەی یان نا؟
ناهید: بەڵێ، بەڵێ . ئەویش وەک خاڵی خۆم حیساب دەکەم دروستە لێی دوور بووم بەڵام  من ئەو ئیحساسەم هەبوو ئەویشم وەک خاڵی خۆم  حیساب دەکرد و هەمیشە گوتوومە ٣ خاڵم هەیە.
قازی: زۆر باشە! جەنابت ئەگەر هێندێک بگەڕێیەوە سەر بیرەوەرییەکانت ، لە سەرو بەندی زۆر کۆنتر چت لە بیرە سەبارەت بە  خاڵەکانت؟ یەک یەک ئەگەر باسیان بکەین. سەبارەت بە خودی پێشەوا قازیی محەمەد چت لە بیرە لە سەرتای منداڵیت؟
ناهید: ئەمن بۆ نموونە لە بیرمە دەچووم ئاوم بە دەستی دا دەکرد ، قسەی بۆ من و ئەوانیدی دەگێڕاوە. دەیگوت کچەکان دەزانن ئەو سابڵاغە دەبێتە شاری ئێمە. جا سەر کێوەکانیش هەمووی دەکەین بە خانوو ، دەیانکەین بە مەدرەسە ، بە کتێبخانە . ئەنگۆش دەبێ کۆمەکمان کەن. ئەمنیش فکرم دەکردەوە و بە خۆم دەگوت جا چ کۆمەگێک لە دەست ئێمە دێ؟ دەیگوت کۆمەگمان بکەن یا بە قەڵەم یا بە قەدەم. دەبێ دەرس بخوێنن، دەرسەکەتان ئیدامە بدەن. کورد دەبێ ئیستیقلالی هەبێ، کورد نابێ ژێر چەپۆکە بێ، ئێمەش بۆ خۆمان  شارمان دەبێ، مەملەکەتمان دەبێ. هەمیشە قسەی ئاوای بە گوێچکەی ئێمە دا دەدا. هەمیشە ئەو قسانەی دەکرد. جوان لە بیرمە!
قازی: پێش ئێوە و خانمەخانم هیچ یەک لە کچەکان یان  پوورەکانتان خوێندەواریان نەبوو؟ نەیان خوێند بوو؟
 خوشکەکانی قازیی محەمەد و سەدری قازی بە پێی تەمەن لە چەپەوە بۆ ڕاست خەجیجە خانم، ئامینە خانم و فاتمە خانم

ناهید: بەڵێ . خوشکی دایکم، فاتمە خانم دەرسی خوێند بوو. دیارە ئەو زەمان مەدرەسە نەبوو بوو. خانمێک لەوێ بووە لە مەهابادێ
دەرسی بە خانمان دەگوت، ئەو کەسانەی کە پێی خۆش بایە...

قازی: كێ بووە ئەو خانمە وەک بزانی؟

ناهید : ناوی میرزا خانم بووە.
قازی: کێ بووە ئەو میرزا خانمە؟
ناهید: ئەو میراز خانمە خانمێکی تورک بوو لە سابڵاغێ ژیاوە. مێردەکەشی نێوی " سەمەد ئاغا " شتێکی ئاوا بوو زۆر چاکم وەبیر نایە ، پورم لەوێ لە لای ئەو خانمە دەرسی خوێندبوو.

قازی: یانی پێت وایە کە پوورە فاتم  ئەو یەکەم کەسە لە نێو ژنان  لە تایفەی قازی دا  خوێندبێتی، چوو بێتە مەدرەسە؟

ناهید: دروستە
قازی : یانی لە تایفەکانی دیکە، بەرەبابەکانی دیکەی قازی ژنی ئاوا نەبووە کە خوێندبێتی؟
ناهید: پێم وایە باجی سوڵتان و کچانی مامە سەیفیشم لە لای ئەو خانمە خوێندبوویان، بەڵام ئەوان زۆر زوو ماڵیان دەچێتە " گوێگجەلی " و لە دەرس خوێندن مەحڕووم دەبن. بەڵام پوورم ئیدامەی بە خوێندن دا بوو ، سەوادی هەبوو قوڕئانی دەخوێندەوە و زمانە فارسییەکەشی زۆر باش بوو. پوورم باسەواد بوو.
قازی: باشە! سەبارەت بە پێشەوا قازیی محەمەد چی دیکەت لە بیرە؟
ناهید: ئەوەی لە بیرم بێ جارێکی نازانم باغەوان دەبێ ، کێ دەبێ کارێکی خەتا دەکا کاکیشم (خاڵیشم) بانگی دەکا، بەڵام لەو کاتەش دا پێشەوا خەریکی وەرزش دەبێ میلی گەورەی بە دەستەوە دەبێ خەریکی وەرزش دەبێ. لە کابراش وایە ئەوە دەیەوێ بەو میلە لێی بدا! کابرا هەڵدێ، بە غار دان دەڕوا دەچێ شکایەت دەکا دەڵێ قازیی محەمەد بە باگردێنی لێی داوم . باگردێن بۆخۆت دەزانی بەردێکی گەورە بوو قەدیم بە سەربانیان دا دە‌هێنا بۆ ئەوەی دڵۆپەی نەکا.

قازی : لە لای کێ شکایەت دەکا؟
ناهید: نازانم ئەو زەمانی شارەبانی بووە ، کوێ بووە. دەڵێ قازیی محەمەد بە باگردێنی لێی داوم کە شتی وا نەبوو. قازیی محەمەد قەت  لە کەسی نەداوە، هەمیشە با محەبەت و مێهرەبان بووە لە گەڵ خەڵکی. ئاگای لە خەڵکی بووە . کابرا خراپ حاڵی بووە.
قازی: باشە جەنابت چی دیکەت لە بیرە، لە نێو بنەماڵە دا لە نێو فامیل دا بیستبێتت؟
ناهید: هەر ئەوانەم لە بیرە، زۆرم  وەبیر نایە. وەک پێش بەرنامە عەرزم کردی کاکم (خاڵم) دەسگیراندار بوو...
قازی: ئەو مەسەلەی دەسگیران گرتنەکەی چۆن بوو؟
ناهید: دەسگیراندارییەکەی ئاوا بوو کە دایکم و پوورە خەجیچ و پووری گەورەمان پوورە پیرۆزم کە گەورەی خانەوادەی قازی بوو. پیرۆزە خانم مەشهوور بوو، خوشکی مەڕحوومی قازیی عەلی بوو، بە سەوابدید و بە نەزەری خۆیان هاوسەرێکیان بۆ پەیدا کرد بوو کچی خاڵە گەنجاڵی بوو دەبێتە خاڵی دایکم و مامی بابم. ئەو خانمە نێوی مەرزە خانم و زۆر ژنێکی جوان دەبێ.
قازی: دەبێ بە کچی خاڵی قازیی محەمەد؟
ناهید: بەڵێ. دوایە هێندێک جلوبەرگ و شیرینی  و ئەنگوستیلەی ئەڵماس بە دیاری بۆ ئەو خانمە دەنێرن. دوایە پێشەوا فەرموو بووی ئەمن پێم خۆشە جارێک ئەو خانمەی ببینم ، ئێمە بەیەکەوە ژیان دەستپێدەکەین چۆنی نەبینم؟ هیوا دارم ئیجازە بدەن جارێک بیبینم. بەڵام خاڵی بەو قسەیە ناڕەحەت دەبێ ، دوای یەک دوو ڕۆژان هەرچی جلوبەرگ و شیرینی کە ناردرا بوو دەنێرنەوە بۆ ماڵی قازیی عەلی و دەستیان لێ نادەن. جوان لە بیرمە بە ساڵان دواتر پارچەی کراسەکەیان بۆ من و خانمە خانم کرد بە کراس.

قازی: باشە، جەنابت ئەو کاتەی کە حکوومەتی کوردی دروست بوو ، جمهووری کوردستان دروست بوو تەشریفت لە کوێ بوو ؟
ناهید: ئەمن لە " سڵەمانکەندی " بووم. خاڵۆژنم کە پووریشم بوو خوشکی بابم بوو

قازی : مەبەستت شاسوڵتان خانمە؟
ناهید: بەڵێ،ئەگەر کچەکانی مێردیان کرد، تووبا خانم چوو بۆ حەمامیان و خانمە خانم بۆ گوێگجەلی . ئیدی خانم بردمی بۆ سڵەمانکەندی داینام بۆ خۆی گەڕاوە. ئەمن بە داخەوە لەو زەمانی دا ئاگام لە هیچ نەبوو. لە دێی بووم، نە خەبەرم هەبوو و نە هیچ شتێک. بۆ خۆت دەزانی قەدیم خەڵک لە دێهاتی خەبەری لە هیچ شتێک نەبوو. نە تەلەفۆن هەبوو ، نە ڕادیۆ هەبوو، هیچ نەبوو. بەداخەوە ئەمن لەوانە مەحڕوومم ئاگام لێ نییە کە چ بووە چ نەبووە، مەگەر ئەوەی لە کتێباندا خوێندبێتمەوە.
قازی: مەبەستی من زیاتر تەجروبەی شەخسی خۆتە. ئەگەر دیسان بگەڕێیەوە سەر سەردەمی منداڵی سەبارەت بە مەڕحوومی سەردولئیسلام،سەدری قازی چت لە بیرە؟
ناهید: بێ ئەندازە ئینسانێکی باش بوو. ئینسانێکی موحتەڕەم. هەمیشە ئەگەر کارێکی بە ئێمە دەکرد بە من و خانمە خانم  شێر و خەتی  بۆ هەڵداویشتین قەت بە منی نەدەگوت هەستە بچۆ  فڵان کارەی بکە یا ئەوە. یان دەیگوت کێ کچی منە؟ هەر کامێکمان زووتر گوتبامان ئەمن ، کارەکەی پێ دەئەسپاردین. ئێمەش خودا خودامان بوو کارمان پێ بسپێرێ. چونکە ئینسانێکی زۆر گەورە، زۆر بە محەبەت و مێهرەبان بوو. ئەمن ناتوانم بڵێم کە ئینسانەتی و باشی  ئەو ئاغایەی تا چ ئەندازەیەک بووە!

قازی: بە شێوەی زۆر تایبەتی چت لە بیرە؟ حاڵەتێک، ڕۆژێک ، شەوێک، وەختێک ئاوا
ناهید: مەسەلەن کە دەچوو بۆ جێگایەک بۆ مێهمانی دەهات دەیگوت وەرن کچەکان بزانن ئەمن ئەوڕۆ چوومە کوێ لە کوێ میوان بووم؟ دادەنیشتین پێمان دەگوت بێرە دا ڕۆیشتی . نا، نا، بەوێدا نەڕۆیوم . ڕێگەکەمان دەگۆڕی ، بە خەیابانێ دا ڕۆیشتی. دەی باشە بە کێهە کووچەی دا لام دا.ئەو سوئال و جوابەی هێندە لێ دەکردین ئاخری ماڵەکەمان پەیدا دەکرد کە خاڵم لە کوێ دەعوەت بووە.

قازی: ئەوە لە سابڵاغێ؟
ناهید: بەڵێ  لە سابڵاغێ . ئەمن ئەودەمی لە " قاڕنجە" بوون خاڵم نە دیوە. خانمە خانم سێ چوارساڵی عومر بوو ئەگەر ماڵیان لە قاڕنجەی ڕا هاتوونە مەهابادێ.

قازی: باشە، ئەی سەبارەت بە حەمەحوسێن خانی چی؟ سەبارەت بە حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی چت لە بیرە؟
ناهید: بە داخەوە ئەمن لە " گوێگجەلی"  نەبووم.
قازی: یانی ئەوەندەی کە لە سەردەمی منداڵیت وەبیرت بێ قەت وا نەبووە تووشی بی لە نیزیکەوە قسەی لەگەڵ بکەی؟
ناهید: ژنێکی هێنا بە نێوی ئەفسەر خانم . ئەوەم لە بیرە. لە خانەوادەیەکی زۆر موحتەڕەم بوو. خانمەکە کاتێک بە بووک هات چەندی کڵفەت لەگەڵ بوو . خانمێکی زۆر موحتەڕەم و مولایم و لەسەرەخۆ بوو. بەڵام بە داخەوە ئەوەندەی عومر نەکرد ئەو خانمە. هیچ منداڵی نەبوو. پێم وایە ساڵێک یا دوو ساڵی ژن بوو. ئیدی چوو بۆ تەورێزێ نەخۆش بوو، بە داخەوە لەوێ مرد ئیدی نەگەڕاوە. خانەوادە زۆری بۆ ناڕەحەت بوون. کەمێکم ئەوانە لە بیرە، کە هاتن شتەکانیان بردەوە. خەڵک زۆری بۆ ناڕەحەت بوون ئێمەش هەر وا. دوایەش لە گەڵ شازدەخانمی مەلیک قاسمی ژیانی هاوسەری دەست پێکرد. ئەمن زۆر لەگەڵ ئەوان نەبووم. چاکم خەبەر نییە.
قازی: زۆر باشە! جەنابت لەو ماوەیەدا، فەرمووت ئەو دەمی کە لە " سڵەمان کەندی " بووی . دەزانین کە خاڵە سەدرت لە تاران  بۆ خولێک نوێنەری پارڵمانی ئێران بوو وەک بابت کە نوێنەری پاڕڵمان ببوو پێشتر، لە خولی سێزدەهەم دا وا بزانم. جەنابت لەو ماوانە دا هیچ لە تاران دەژیای یان نا؟
ناهید: بەڵێ لە تاران بووم لەگەڵیان.
قازی: کەنگێ؟
ناهید: هەر ئەو زەمانی کە خاڵم چووە تاران بوو بە نمایەندە، دەورەی چاردەهەم بوو. بابم لە خولی سێزدەهەم دا نمایەندەی سەقز بوو لە مەجلیس.
قازی: یانی ئەو دەمی لە مەهاباد حکوومەتی کوردی هەبوو بەڵام، لە عەینی حاڵیشدا سەدری قازی لە تارانێ دەژیا. باشە لە تارانێ لەو زەمانە چت لە بیرە؟
ناهید: شتێکی ئاوای وەبیرم بێ بیگێڕمەوە ، شتێکی وام لە بیر نییە بە داخەوە. هەر دەتوانم باسی مێهرەبانی و محەبەتی خاڵم بکەم کە چەند باش بوو، چەندە ئینساندۆست بوو، چەندە  مێهرەبان بوو. ناتوانم بە زمان بیڵێم. زۆرم چاکی و محەبەت  لە خاڵم دیوە. قەت قەت لە بیرم نەچووە هەمیشە لە دڵم دایە. هەمیشە باسی دەکەم لە لای هەرکەس کە شتێک پێش هاتبێ  ئەمن دانیشتووم باسی باشی و مێهرەبانی و ئینسانەتی و بوزورگواری خاڵم کردووە.
قازی: باشە ئەو دەمی کە گرتیانن، ئەو دەمی جەنابت لە کوێ بووی؟
ناهید: ئەو وەختی پێم وا بێ ئەمن لە مەهابادێ بووم کە خاڵمیان گرت چونکە هات خودا حافیزی لە ئێمە کرد، گوتی ئەوە من بۆ ماوەیەکی کاتی چەند ڕۆژێک نازانم لە کوێ دەبم ، دوایە دێمەوە ئیشاڵا یەکتری دەبینین. ئیدی ئەوە بوو کە نەمان دیتەوە تازە.
قازی: باشە چت لە بیرە لە وەختی گرتنیان؟

ناهید: لە وەختی گرتنیان دا ئەمن قەت نەچووم بۆ  لایان. زۆرم پێ خۆش بوو ئەمنیش جارێکی بچم بە نێوی ئەوەی کە شام و نەهاریان بۆ دەبەین. هەر ڕێک نەکەوت. زۆرم پێ خۆش بوو بچم  بیان بینم.
قازی: جەنابت ئەو وەختی لە تارانەوە هاتبوویە سابڵاغێ؟

ناهید: ئەمن عەرزم کردی لە " سڵەمان کەندی " بووم . دوایە دایکم دەگەڕاوە بۆ مەهابادێ ئەگەر خاڵم و ئەوان گیران. ئەمنیش لەگەڵ دایکم هاتمەوە بۆ مەهابادێ. ئەوە دەو زەمانەی دا بوو.
قازی: باسی ئەوە دەکرێ، دەگوترێ سەبەبی ئەوەی کە قازیی محەمەد و ئەوانە نەڕۆیشتن لەبەر ئەوە بووە کە
 " قەواموسەلتەنە"  بە جۆرێک بەڵێنی دا بوونێ ، وەعدەی دابوونێ ئەگەر ئەوان محاکەمە بکرێن . بەتایبەتی سەدری قازی وەختێک کە لە تارانێ بوو بچێتەوە سابڵاغێ و بازجوویی بدا ، ژیانیان دەپارێزرێ، ئەوە نییە کە ئیعدام بکرێن. جەنابت تا چەندە پێت وایە ئەو پەیمان و بەڵێنییە تا چ ڕادەیەک دروستە؟ شتێکە دروستە یان هەڵبەستراوە یان چۆناوچۆنە؟
ناهید:  نا دروست نییە. قەوامنولسەلتەنە هیچ کاری بۆ ئەوان نەکرد
قازی: مەبەستم ئەوەیە بپرسم ئەو دەمی قسەی ئاوات بیستبوو یان نا؟
ناهید: بەڵێ بیستوومە
قازی: ئەگەر بیستووتە، چۆنت بیستووە؟
ناهید: بیستوومە، بەڵام بە داخەوە هێندە لە مێژە هەمووم لە بیر چووەتەوە. شتم زوو لە بیر دەچێتەوە. دەنا بیستوومە ئەو وەختی باس دەکرا؟

قازی: چۆنیان باس دەکرد؟
ناهید:  ئەوەی کە قەوامولسەلتەنە قەولی پێ داون و هیچ نابێ بۆ ئاغاکان.  نیگەران مەبن. تەنانەت شازدە خانم وئەوانیش هاتن بۆ تارانێ. قەولیان پێ دا بوون بەڵام قەولەکەیان هەموو درۆ بوو ، هیچی ڕاست نەبوو. ئێمە زۆر ئومێدەوار بووین کە ئەوان ئێعدام ناکرێن  و ناکووژرێن.
قازی: باشە، ئەو ئومێدەوارییە  لە چی ڕا بوو؟ لە کوێ ڕا هاتبوو ئەو ئومێدەوارییە؟
ناهید: دەیانگوت وایان قەول داوە، گوتوویانە هیچ نییە. مودەتێک دەیانگرین ، شا نەزەری " لوتفی" لە گەڵیان هەیە. کە دیارە ئەوە درۆ بوو، ئەوە وا نەبوو . خانمەکان دە بەینی خۆیاندا قسەیان دەکرد ئێمەش گوێمان لێ دەبوو ئەوان دەڵێن چی.

قازی: یانی لەو سەروبەندی دا کەس لە سابڵاغێ ڕا نەچوو بۆ تارانێ  بۆ ئەوەی حەول بدا، بۆ ئەوەی پێوەندی بکا  لە گەڵ ئیدارەی جۆر بە جۆر؟ چونکوو لە جێگایەک شتێکی ئاوا نووسراوە کە ئەو دەمی مەڕحوومی " قازی حاجی ئاباد" چووەتە تارانێ حەولیان بۆ بدا بەڵکوو بتوانێ کارێکیان بۆ بکا . لە سەر ئەوە جەنابت هیچ ئاگاداری؟
ناهید: بەڵێ منیش ئەوەم بیستووە کە قازی حاجی ئابادێ چووەتە تاران، شازدەخانم چووە بەڵام نازانم چییان کردووە.
قازی: تێلێگڕافێک هەیە کە شا سوڵتان خانم و شازدە خانم ئیمزایان کردووە. تێلگڕافێکیان کردووە بۆ قەواموسەلتەنە ، بەڵام دیارە ئیمزای مینا خانم ی پێوە نییە. هەر شاسوڵتان خانم و فەروخلەقا خانم ئیمزایان کردووە .لە تێلگڕافەکە دا هاتووە کە باری جیسمیشیان لە زیندانێ دا باش نییە . ئەگەر سەبارەت بەو جۆرە شتانە هیچت بیستبێ وەبیرت بێتەوە؟

ناهید: عەزرت دەکەم زۆر شتم بیستووە بەڵام، بە چاکی و بە دروستی لە بیرم نین . دەنا ئەمنیش بیستوومە. تەنانەت کاکە حوسێن (خاڵە) لە زیندان دا نەخۆش بوو ، داوای کرد بوو کە ئەمن نەخۆشم دەبێ دوکتورم بۆ بێنن . بە دروستی نازانم ناڕەحەتییەکەی وی چ بوو؟ پێم وایە کەبەدی ناڕەحەت بوو.

قازی:  دیارە دوایە کاتێک گۆیا " محاکەمە" یان کردن  و حوکم دران و حوکمەکە بەڕێوە چوو . لە وەختی شەهادەتیان جەنابت لە سابڵاغێ بووی یان لە کوێ بووی؟
ناهید: لە سابڵاغێ بووم.

قازی: چۆن بوو؟ خەبەرەکەتان چۆن زانی؟
ناهید: سبحەینێ کە هەستاین لە خەوێ دەنگە دەنگی خەڵکی دەهات. عالەمێکی زۆر ڕژابووە سەر خەیابان و کووچان. دەی ئەوە چ خەبەرە چ باسە؟ ئاغاکان ئێعدام کراون. هەستاین بچین بۆ مەیدانی  " چوار چرا" یە. ئەمن نەمتوانی بچم. یانی هێزی ئەژنۆم نەبوو ، نەمتوانی بچم و نەشم توانی بیانبینم. بەڵام خەڵکێکی بێ ئەندازە زۆر چوو بوون بێ حەد و حیساب. بەڵام ڕاستی ئەمن بۆ خۆم فەتحی دڵم نەبوو بچم، بیانبینم بەو شکڵەی بە دارەوە. بەڵام، خەڵک زۆر چوون . بەڵام دوایە چووم بۆ سەر قەبران. دەیانگوت یەکێک لەو جاشانە نازانم کێ بووە ، پێم وایە کەسێکی ماڵی مەحموودیان بووە دەیانگوت دەهات و دەچوو و دەیگوت ئێوە بە سەزای کردەوەی خۆتان گەیشتن چونکە "خراپ " بوون. دیارە ئینسان دوژمنی هەر دەبێ، ئەویشم هەر لە خەڵکی بیست بۆ خۆم نەم دی. چونکە بۆ خۆم نەمتوانی بچم لە چوار چرا لە سەر دار بیانبینم.

قازی: دوای ئەو کارەساتە یانی، دوای ئەوەی قازییەکان بەو شێوەیە لە دار دران وا بزانم منداڵی هەرە گەورەیان خانمەخانم ، کوڕی ڕەش و عیسمەت خانم بوون وا نییە؟ ئەگەر وەبیرت بێ لەو سەروبەندی دا لە مانگەکانی ئەوەڵی لە سیدارە درانی قازییەکان  وەزعی ئەو خانەوادانە چۆن بوو بە گشتی؟
ناهید: وەزعیان خراپ نەبوو..
قازی: دوای کووژرانی ئاغاکان دەڵێم.
ناهید: ئەخر عەرزت دەکەم هەر ئەو وەختی. هەڵبەت ناڕەحەت بوون یەکجار زۆر بێ ئەندازە. عالەمێکی زۆر دەهات و دەڕۆیی. سەرەخۆشیکەر دەهاتن؛ ژنان زیاتر. خانمان دەهاتن. خانەوادەکان ئیزهارێکیان نەدەکرد بڵێن ئێمە کەمبوودێکمان هەیە. هەمانە یان نیمانە. ئەمن دواتر زانیم کە گوتراوە ئێمە شتێکمان نییە و ژیانمان زۆر بە ناڕەحەتی دەگوزەرێ. ئیدی ئەوە بوو خاڵۆژنیشم، شاسوڵتان خانم لە تارانێ ڕا گەڕاوە هاتەوە مەهابادێ. مەڕحوومی خانمەخانم گیان ئەو خۆی ئیدارە دەکرد. فکر دەکەم کەموکەسری نەبوو لە نەزەر ماڵییەوە.

قازی: باشە لەو زەمانی دا ئەگەر وەبیرت بێ چونکە مەنتەقەی سڵەمان کەندی نیزیکە لە شاری سەقز و شاری سەقزیش لە زەمانی جمهووریی کوردستان شارێک نەبوو لە ژێر حاکمییەتی کوردی دا بێ.ئێوە کە لە سڵەمان کەندی بوون ئەو دەمی، وەزعی سەقز و دەوروبەرەکەی چۆن بوو ؟
ناهید: دەورو بەر زۆریان نەدەزانی، هیچ خەبەرێک بەوان نەدەگەیی چۆن بزانن؟ ئەمنیش بە داخەوە لە سەقزیش نەبووم ، هەر لە سڵەمان کەندی بووم. سڵەمان کەندیش دێیەکی  مەترووکە و هیچی نەبوو. ئێمە هیچ خەبەرمان لە هیچ کوێ نەبوو.

قازی: باسی " سڵەمان کەندی " مان کرد. ئەمن وام لە بیرە کە بابت کە بۆخۆی هونەرمەندێکی زۆە گەورە بوو، نەققاشێکی باش بوو ، نەققاشێکی گەورە بوو. لە سڵەمانکەندی دیواری ماڵەکەی ڕازاندبووەوە بە نەققاشی . دەکرێ هێندێک باسی ئەو نەقاشییانە بکەی زەحمەت نەبێ؟
عەبدوڵا ناهید                                                                         


ناهید: لە دیوەکەی خۆی دا چوار جۆرە نەققاشی کرد بوو. لایەکی زستان بوو، لایەکی پاییز بوو، لایەکی بەهار بوو و  لایەکی هاوین و هەر لە سەر دیواریشی دروست کرد بوو. بەداخەوە دنیا ئەگەر وای لێ هات و نیزامی ئەرباب و رەعێتی نەما ، ئیدی ڕەعێتەکان ئەو نەققاشییانەیان هەموو ڕووخاند، هەموویان خراپ کرد. نەققاشی بێ ئەندازە جوانی هەبوو بابم ، یەکجار زۆر ئەلئانیش تابڵۆکانی هێندێکی ماوەتەوە لە لای خەڵکی یە بە یادگار هەڵیان گرتووە. نەققاشی دەکرد بۆ خۆی، مووزیکیشی دەزانی ،
تاریشی لێ دەدا، تا ئەندازەیەکی نووسەریش بوو .


قازی: یەکێک لە کتێبەکانی  بە نێوی " خاطرات من "  بە زمانی فارسی وا بزانم بە هیممەتی جەنابت و بە دەست نووسەرێکی کورد بژار کراوە و چاپ کراوە.


ناهید: کتێبی زۆر بوو..

قازی: کتێبی دیکەشی هەبوو؟ دەکرێ باسی ئەو کتێبانە بکەی زەحمەت نەبێ!
ناهید: کتێبەکانی دە تەلیسێکی گەورە دا بوون. لە تەلیشێکی گەورەیان دا دانا بوو بە بێ ئیحترامی و بێ حورمەتی نەیان دەزانی ئەو کتێبانە گرینگن. مامە عەلیم بابم هەرچی هەیبوو بردی لەگەڵ خۆی.  ئەو کتێبانەشی لەگەڵ خۆی برد. کتێبەکانیشی یەکیان ناوی " مصاحبە با شیطان " بوو.
قازی: چاپ کرا بوو؟
ناهید: نەخێر هەر دەستنووس بوو. یەکیان " احمد و رعنا " بوو. یەکێک ئەو " خاطرات من " بوو. ئەوەمان بە فێڵ لە مامم ئەستاند، نەی دەدا مامە عەلی، دەیگوت بۆ خۆم چاپیان دەکەم.  یەکێکیان " چگونە بە مریخ رفتم" ، یەکیان
 " پهلوانان گمنام" ئەوەیان پێنج شەش بەرگ بوو. عەرزت بکەم ئەو کتێبانەی هەبوو ، هەمووشیان دەستنووس بوون. بۆ خۆی نووسی بوونی بەڵام بە چاپ نەگەیشتبوون.
قازی: ئەو دەمی کە ئەو لە تارانێ بوو ، جەنابت وەبیرت دێ، جەنابیشت لە تاران بووی؟ لەگەڵ بابت لە تاران بووی؟ یانی پوورە ئامین یش لەوێ بوو؟
ناهید: نەخێر، عەرزم کردی ، ئەمن ٨ مانگم عومر بووە کە دایکم لە بابم جوێ بووەتەوە. ئەمن دایکم مێردی بە ئاغای ئەمیری کرد بوو. مامە سەیفم خودا عەفووی کا موافەقەتی کرد بوو لە سەر ئەو ئیزدیواجە. ئەمن دایکیشم قەت نەدەدی. زۆر کەم دەمدی. چونکە ئەوان لە " بەردە زەرد " دەژیان، ئێمە لە مەهاباد.

قازی: مەڕحوومی عەبدوڵای ناهیدی بابت چ ساڵێک وەفاتی کردووە؟
ناهید: ساڵی پێم وایە ١٣٢٤ی هەتاوی.
قازی: یانی دوای تەواو بوونی خولی ١٣ی مەجلیسێ؟

ناهید: هەر لە تارانێ نەخۆش بوو . دەچووە لای دوکتور. پێیان گوتبوو بچووە جێیەکی هەوای خۆش بێ. ئەویش فکری کرد بووەوە کە هیچ کوێ لە " سڵەمان کەندی " باشتر نییە . نەخۆشی سیلی هەبوو جا هاتەوە سڵەمانکەندی و لەوێ مەڕحووم بوو.
قازی: کتێبەکانی لە زەمانی حەیاتی خۆی دا چەندیان چاپ کرا بوون؟

ناهید: دوو سێ بەرگ لە " پهلوانان گمنام" . پێم وایە " چگونە بە مریخ رفتم" ئەو دوانەی چاپ کرا بوون. " خاطرات من" یشمان بە فێڵ و فەرەج لە ماممان وەرگرت، نەیدەدا. ئەمن پێم خۆش بوو ئەو کتێبانەی هەر وا یەکە یەکە لێ وەرگرم . " احمد و رعنا" دەیانگوت کتێبێکی زۆر جالبە ، " مصاحبە با شیطان" زۆر زۆر جالب بوو ئەو کتێبە. مامم نەیدەدا . تەواو ئەسباب و ئەساسییەی شەخسیشی، پیاوان تەسبێحیان هەیە، نازانم وەساییلی خۆیان هەیە هەمووی لە لای مامم بوون . نازانم بۆ چی بوو. ئەگەر دابێی بە منداڵەکانی بۆ یادگار با لە لایان بێ.

قازی: ئەو نەققاشییانەی کە دیوەکانی ڕەنگ کرد بوو. فەرمووت ئەو دیوانە ڕووخاون، نەماون هیچیان؟
ناهید: نەخێر نەماون. لەگەڵ خاک یەکسان بوون.
قازی: ئەی ئەو نەققاشییانەی کە بە ئاو و ڕەنگ کێشاونی؟

ناهید: ئەو دوو تابڵۆیانە  ( بە ئەنگوست ئاماژە دەکا بۆ سەر دیوار) لە لای من ماون. ئەمن چوار نەققاشی ویم هەبوو . دوویان لێ دزیم لە تاران. ئەڵبەت ئەو دوو تابڵۆیانەی دزران یەکیان ئی بابم بوو، ئەویدیکەیان ئی مامە فەیزووڵام بوو ، ئیدی ئەوانی دیکەش بڵاو بوونەوە لە لای مامەکانم و هەر یەکەی دوو و سێ تابڵۆی لە لا بوو. خانمەخانم و خانمی دایکشی سەرو دوو تابڵۆیان هەبوو.
خانم پێم وایە تابڵۆکانی خۆی دا بە مووزەی لە مەهاباد ، ئەلئان هەر دوویان ماوە.

قازی: وەکوو دیکە چی دیکە هەیە بی فەرمووی؟ زیادی کەی لەم ئینترڤیویە!
ناهید: نازانم ئەتۆ سێڵاوی مەهابادێت بیستووە ئەگەر کاکم (خاڵم) چووە بە سواری بۆ یارمەتی خەڵک؟
قازی: فەرموو باسی بکە! لە ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی ئەو سێڵاوە هاتووە
ناهید: سێڵاو لە مەهابادێ  هاتبوو. خەڵک چاوەڕوان نەببوون. لە پێشدا بارانێکی کەم باری بوو دوایە ببووە سێڵاوێکی زۆر. ماڵێکی زۆر ئاو بردبوونی، جا کاکم بە سواری ئەسپی چوو بوو خەڵکێکی زۆری پاراستبوو . خەڵکێکی زۆری نەجات دا لە مردنێ. دەنا ئاو دەیبردن دەخنکان. کاکم ( خاڵم ) زۆری زەحمەت کێشا بوو لەگەڵ خەڵکی ، کاری بۆ کرد بوون ، دەری هێنابوونەوە. بە ساڵان هەر خەڵک باسیان دەکرد.

قازی: ئی زەمانی سێڵاوی؟
ناهید: بەڵێ! دەیانگوت قازیی محەمەد ئەو کۆمەگەی کردووە، ئەو کارە چاکەی کردووە.قسە زۆرە بەڵام، بەداخەوە ئەمن لە بیرم نین. ئەوەندەشم  عەقڵ نەبووە ئەقەلەن بێنم ئەوانە بەو خەتە ناحەزەی خۆم و بەو بێ سەوادییەم هەر نەبێ یادداشتیان کەم.

قازی: یانی قەت هیچ حەولی ئەوەت نەداوە یادداشتی خۆت بنووسییەوە؟
ناهید: نەخێر نەمنووسیوە
قازی: بۆ چی ؟
ناهید: چونکە خاترەیەکی خۆشم نەبووە ، ئەگەر بمنووسیبایە خراپ دەبوو، پێم خۆش نەبوو  هیچ بڵێم!

قازی: یانی لەگەڵ منداڵەکانیش، لەگەڵ کوڕەکانیش کە دادەنیشی قەت وا هەبووە باسی قەدیمیان بۆ بکەی و باسی ئەو سەروبەندانەیان بۆ بگێڕییەوە؟
ناهید: جار جار دادەنیشم بۆ بەختیاری دەگێڕمەوە.هێندێک جار دەڵێن ئەتۆ بۆ خاتراتی خۆت نانووسی؟ ئاخە چ بنووسم. بنووسم ئابڕووی زۆر  کەسان دەڕوا.

قازی: لە چ ڕوویەکەوە ئابڕوویان دەچێ؟
ناهید:  باش نەبوون لەگەڵم بۆیە. لە بەر ئەوەی عەرزت دەکەم.

قازی: زۆر سپاست دەکەم کە وەختت دا بە ئێمە کە کاتت بگرین و هێندێک قسە بکەین  سەبارەت بە بیرەوەرییەکانت. زۆر سپاست دەکەم داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
ناهید: زۆر سپاس. ئینشائەڵا ئێوەش هەر بژین هەر بە خۆشی و سڵامەتی

===================================
تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە  لە ئێوارەی یەکشەمە ٢٩ی مارسی ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن .












No comments: