Wednesday, April 15, 2015

هاوپرسەکی لە گەڵ عەبدولواحید خەندەڕەش سەبارەت بە ووڵاتی نیو زیلەند

         هاوپرسەکی لە گەڵ عەبدولواحید خەندەڕەش سەبارەت بە ووڵاتی نیو زیلەند
حەسەن قازی
بینەرانی خۆشەویست! بە خێربێنەوە بۆ بەرمایەکی دیکەی " ڕاوێژ". لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانێکمان هەیە کە دەکرێ بڵێین لە بنی دنیایێ ڕا هاتووە ؛ بەڕێز عەبدولواحید خەندەڕەش کە لە زانکۆی وایکاتۆ لە ووڵاتی نیوزیلەند  را تەشریفی هاتووە. دیارە نیوزیلەند ووڵاتێکی ئاوایە کە (هاواڵانمان لە دیوی کۆنتڕۆڵ ئەگەر نەخشەکەی نیشان بدەن باش دەبێ)، ووڵاتێکی ئەوەندە دوورە لە ئێمەوە کە بۆ ئەوەی بەڕێیان بگاتە باکووری ئوڕووپا نزیکەی ٢٩ سەعات لە فڕۆكە دا بە ئاسمانەوە بووە. زۆر زۆر بەخێر بێی!
خەندەڕەش: زۆر زۆر سپاس مامۆستا!
قازی: دیارە دوایە دێینە سەر کاری زانستی و خوێندنتان لە نیوزیلەند، بەڵام لە سەرەتاوە باس بکەن کە چۆن بوو ڕێگاتان بەرەو نیوزیلەند دەر کرد؟
خەندەڕەش: ئەوەی ڕاستی بێ ئەمنیش وەکوو زۆربەی خەڵکی کورد ژیانم لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا بە سەر بردووە. منداڵ بووم، تەمەنم ٩ ساڵ، دە ساڵ بوو کە ئاوارە بووین دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ کوردستان ..

قازی: لە ساڵانی ١٩٨٠کان؟
خەندەڕەش: دروست لە ساڵی وەک لە یادم بێ پاییزی ساڵی ١٩٧٩ بوو سەرەتای پاییز بوو ئەگەر هێرش کرا بۆ هێندێک شارەکانی کوردستان و گیرانەوە یەکەم جار، ئێمە هەڵاتین ...

قازی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
خەندەڕەش: بەڵی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان . بابم پێشمەرگە بوو ئەو کاتە. ئێمە منداڵ بووین، ئاوارەی ئەو دیوی یانی باشوور بووین ئیتر ئەو ئاوارە بوونەمان درێژەی کێشا و هەتا ئێستاش هەر ئاوارە و دەربەدەرین. نەگەڕاینەوە ووڵات جا ئیتر شاخ و کێو و چووزانم هەتا تەنانەت باشووری عێڕاقیش هەمووی گەڕاین. چەند ساڵ ژیانمان بەو شێوەیە بە سەر برد. نەتیجە لە دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان ..

قازی: زەحمەت نەبێ ئەگەر لە بیرتە تاریخەکانیش بڵێ..
خەندەڕەش: بەڵی ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینی باشووری کوردستان کرا، بە حیساب دڵمان خۆش بوو کە پارچێک لە کوردستان ڕزگار بوو کەوتە ژێر دەستەڵاتی کوردییەوە، کورد خۆت حاکمییەتی خۆی دەکا. بەڵام بە داخەوە زۆری نەخایاند ئەوێ بۆ ئێمە بوو بە دۆزەخ. تێڕۆر و کوشتن و ڕفاندن و ئیتر هێرش کردنە سەر و ئەوانە دەستی پێکرد...
قازی: دەکرێ هێندێک شی بکەیەوە، دەو ساڵانە دا مەسەلەی تێڕۆر کردنی خەڵک چۆن بوو، مەبەستت لە کێیە؟
خەندەڕەش: مەسەلە ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩١وە تا یەک دوو ساڵ لەوێ حاکمییەت لە دەست " بەرەی کوردستانی" دا بوو و دوای ئەوەی کە هەڵبژاردن کرا و پارڵمان و حکوومەت دروست بوو، ئیتر دڵمان خۆش بوو کە جەوەکە دەگۆڕێ  و کار دەکەوێتە بن دەسەڵاتی کوردی. بەڵام، بە  پێچەوانەوە بەرە بەرە هەر لە ساڵی ١٩٩٣وە بەرە بەرە دەستیان کرد بە تێڕۆر کردنی ئێمە. جا تێڕۆرەکەش ئەوە نەبوو تەنیا کەسانێکی دیار بگرێتە بەر بڵێین کادرێکە، کابرایەکی  بە جۆرێکە و ئەوانە تێڕۆڕ کەن و تەواو بێ و ببڕێتەوە. شتەکە وا بوو بە تەڕ و ویشکەوە دەسووتا. بۆ نموونە ئێمە لە دیانا دەژیاین لە سۆران. مەلایەکیان تێڕۆڕ کرد. ڕاستە پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بوو بەڵام، چەند ساڵ بوو دانیشتبوو مەلایەتی دەکرد لە گوندێکی نیزیک دیانا. کابرایەکی دیکەیان تێڕۆڕ کرد، بڵێم چۆن بوو لاقێکی نەبوو، کابرایەکی پیری، پەککەوتەی بەدبەخت. یانی تیڕۆڕەکان تێڕۆڕی کوێرانە بوون بە ڕاستی.
قازی: جا ئەوانە بوون بە سەبەب کە ئێوە وا هەست بکەن کە ئەمنییەتی ژیانتان نییە ؟
خەندەڕەش: بەڵێ بێگومان . جا کە لە ٩٤ شەڕی نێوخۆیی دەستی پێکرد لە نێوان یەکێتی و پارتی دا ئەوە زیاتر تۆختر بووەوە گەیشتە ئەو ڕادەیەی لە ماڵی خۆمان دا کە شەو دەخەوتین دەبوایە نیگەهبابی و پاسەوانیمان لە خۆمان بکردبایە. باوەڕ بفەرموو تەنانەت پەنجەرەکەشمان ، تەنانەت پەنجەرەی ماڵیشمان بلۆکمان لە پێشی دانا بوو تا وەکوو نەکا بە پەنجەرە دا بێن نارنجۆکێک بخەنە ماڵمانەوە. یانی شتەکە بەو شێوەیە بوو، ئەوە بوو بە هۆی ئەوە  کە ئێمە بەڕاستی بێزار بین لە ژیانی ئەوێ. هەر چەند وەکوو ژیانی  شەخسی کار و کەسابەتمان هەبوو، هیچ عەیبمان نەبوو بەڵام، ئەمنییەت و تەناهی ژیانیمان نەبوو. دیارە ئەو کاتەش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، ئەو بەشەی کە بە کاروباری پەنابەران ڕادەگا یارمەتی ئێمەی دا. دەیزانی وەزعییەتی ئێمەی دەرک دەکرد . ئیتر خەڵکی بڵاو کردەوە بە ئەملا و ئەولا دا بۆ ووڵاتی سێهەم. ئێمەش لە شانسی خۆمان  ئیدی خۆشبەختی بوو ، بەد بەختی بوو پەڕیوەی ووڵاتی نیو زیلەند بووین.
قازی: لە چ ساڵێک بووە ئەوە؟
خەندەڕش: دروست ساڵی ٢٠٠٠، سەرەتای ٢٠٠١
قازی: ئەو ووڵاتانەی کە لە ژێڕ چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا پەنابەر وەردەگرن، دیارە هەر ووڵاتەی سیستمی وەرگرتنی پەنابەرانی بە پێی ڕێو شوێنی خۆی هەیە. ئی نیو زیلەند بە چ شێوەیەک بوو؟ یانی نوێنەری ناردبوو  بۆ کوردستان بۆ وەرگرتنی پەنابەر یان چۆناوچۆن بوو؟
خەندەڕەش: نیو زیلەند بە هەموویەوە سێ کاروان پەنابەری لە کوردستانەوە وەرگرت.

قازی: یانی کوردی ڕۆژهەڵات ؟
خەندەڕەش: بەڵێ کوردی ڕۆژهەڵات بە سێ کاروان وەرگیران. یەکەم جار نوێنەرەکەیان هات بۆ هەولێر ، لە گەڵ ئەوانەی کە دیارە پێش ئێمە قەبووڵ کران بۆ نیو زیلەند لە گەڵیان دانیشت بوو، هێندێک تەعریفی ووڵاتەکانی خۆیانی بۆ کردبوون. ووڵاتی ئێمە ئاوا خۆشە و وا بوو و وا چوو ، ئێوەش دێن بۆ ئەوێ و هیوادارین پێتان خۆش بێ. بەڵام ئەو کاتەی کە ئێمە چووین، ئێمە دوو خانەوادە بووین بەیەکەوە ڕۆیشتین بۆ نیو زیلەند، زیاتر ئەوە لە بەر هەوڵی کەسوکارمان بوو لەوێ، کە من بۆخۆم لە پێشدا خوشکم لەوێ بوو. ئەو برادەرەی دیکەش ئەویش هەر خوشکی لەوێ بوو بە هەمان شێوە. ئەوان بەجۆرێک فایلی ئێمەیان وەگەڕ خست. ئێمەش چووین بۆ ئەوێ. ئێمە پێشتر نوێنەری نیو زیلەندمان نەبینی. هەتاوەکوو گەیشتینە خاکی خودی نیو زیلەند.
قازی: ئێوە سەرەتای دامەزراندتان لەوێ چۆن بوو؟ لە ووڵاتێکی ئاوا دوور وەک لە سەرەتا دا گوتم بنی دنیایێ. سەرەتاکان چۆن بوو؟ لە پێش دا لە چی ڕا دەستتان پێکرد؟
خەندە ڕەش: خۆی بە حوکمی دوورییەکەی و دابڕاوییەکەی لە جیهان حکوومەت هێندێک ڕێوشوێنی تایبەتی داناوە. تەنانەت بۆ پێشگیری لە نەخۆشی، هەم نەخۆشی بنیادەم و نەخۆشی ئاژەڵ و نەخۆشی گیا و ئەوانەش. جا بۆیە کاتێک هەر کەسێک دەچێتە ناو ئەو ووڵاتەوە وەکوو پەنابەر، وەکوو ئێمە کە چووین دەبێ بە شێوەی ئیجباری لانی کەم  ٥ حەفتە لە کەمپێک دا بمێنێتەوە، تێکەڵ بە خەڵک نەبێ..
قازی: لە قەرەنتینە دا بێ؟
خەندەڕەش: بەڵێ. هەتا هەموو تێست و هەموو پشکنینێکی پزشکی بۆ ئەنجام دەدەن، تا لەوەی دڵنیا دەبن کە نەخۆشی نییە یان  نەخۆشییەکی هەیە و چارە سەری دەکەن. ئێمە دوای ئەوەی ئەوەمان تێپەڕاند چووین نیشتەجێ بووین لەو شارەی کە ماڵی خوشکمی لێ بوو.
قازی: نێوی چ بوو شارەکە؟ زەحمەت نەبێ هاوکارانمان نەخشەکانیش نیشان بدەن
خەندەڕەش: هامیلتن، هەتا ئێستاش هەر لەوێ دەژین هەر لە هامیلتن ئەوە بۆ ١٤ ساڵ دەچێ.
قازی: لە باکووری ئەوێ یە؟
خەندەڕەش: بەڵێ لە بەشی باکوورە. خۆی نیو زیلەند ٣ جەزیرەیە.
قازی: دێینە سەر ئەو بابەتەش با ئەو بەشە تەواو کەین.چ ماویەکی پێ چوو هەتا دامەزران؟
خەندەڕەش: دروست دوای ئەوەی کە چووین بۆ هامیڵتن ، خانوومان پەیدا کرد و نیشتەجێ بووین. دەستمان کرد بە خوێندن. ئەمن دایکوبابێکی پیرم هەبوو ئەوانە لە تەمەنێکی ئاوا دا بڵێین لە سەرەوەی ٦٠ ئیتر خوێندن بۆ ئەوان زەحمەت بوو. ئەتۆ نەخوێندەواریش بی زەحمەتترە. ژیان بۆ ئەوان زۆر سەخت بوو بە ڕاستی. بۆ ئێمەش سەخت بوو. ئەتۆ  لە ووڵاتێکەوە دەڕۆی و دەچییە جێیەک تەنانەت شەو و ڕۆژەکەشی جیاوازە. لە بەر کاتەوە نیزیکەی ١٢ سەعات جیاوازی هەیە لە گەڵ کوردستان. ئینجا ئاو و هەوای هەموو شتی جیاوازە. سروشتەکەشی بۆت تازەیە. ئێمە کە لێرە ( کوردستان) ڕۆیشتین بەهار بوو سەیرمان کرد لەوێ پاییزە. جا لە حاڵەتێکی ئاوا دا ئاسان نییە تا وەکوو لەشت، تاوەکوو بیر و هۆشیشت ڕادێ لەگەڵ ئەو وەزعە. ماوەیەکی خایاند هەتا دەستمان کرد بە خوێندن. من و براکەم دەستمان کرد بە خوێندن. ئیتر خوێندنی زمان و ئەملاو ئەولا، هەتا وەکوو دوایە گەیشتینە پلەی زانکۆ و ئەوانە.
قازی: چەندی  پێ چوو ئەو خوێندنەی کە پێشتر کردبووتان بگونجێ بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆ دەست بە خوێندن بکەن؟
خەندەڕەش: بە حوکمی ئەوەی خۆمان لە کوردستان پێشینەیەکمان هەبوو لە خوێندن ، کێشەیەکمان نەبوو بۆ خوێندنی ئینگلیزی. بەڵام خۆت دەزانی لەو ووڵاتانە زمانی ئینگلیزی هێندێک ستانداردی بۆ دیاری کراوە بۆ ئەوەی ئەتۆ بتوانی بچی لە زانکۆ بە زمانی ئینگلیزی بخوێنی  تاقیکردنەوەی تافل و ئادڤانس هەیە دەبێ تۆ بتوانێ لەوێ ڕێژەیەک بە دەست بێنی بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بەخوێندن بدەی لە زانکۆ!
قازی: زۆر باشە، با ئێستا هێندێک بێینە سەر ووڵاتەکە. چونکە ڕەنگە بە ڕاستیش، مەگەر ئەوەی ئینسان بە شێوەیەکی تایبەتی  کەسێک بواری جوغرافیای پێ سەرنجڕاکێش بێ بچێ لێی کۆڵیبێتەوە دەنا بەشێکی زۆر لە بینەرانمان لەوانەیە زانیارییان لە سەر ووڵاتی نیو زیلەند نەبێ. هێندێک ئاوا هێندێک زانیاری گشتی لە سەر نیو زیلەند باس بکە! ووڵاتەکە لە ئوقیانووسی ئارام هەڵکەوتووە، ئەگەر بکرێ هێندێک باس بکەی! دیارە زۆر بە ووردە ڕیشاڵ نا! تەنێ زانیاری زۆر گشتی!

خەندە ڕەش: دروست دەکرێ بڵێین ١٥٠٠ مایلێک دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیاوە. پێک هاتووە لە ٣ دوڕگە، دووی گەورە و یەکی پچووک. حەشیمەتەکەی نزیکەی چوار میلیۆن و نیوە، رەنگە لەوەش کەمتر بێ.  بەشی زۆری خەڵک لە باکوور نیشتەجێن. بەڵام لە لای خوارەوەی لەوانەیە هەر میلیۆنێک خەڵکی لێ بژی. دوڕگەیەکی پچووکی کە لە هەرە باشوور هەڵکەوتووە، چۆلە و کەسی لێ ناژی. بەڵام لە دەورو بەری ووڵاتەکە هێندێک دوڕگەی دیکەش هەن کە ئەوانەش هەر وەکوو خاکی نیو زیلەند حیسابن . لەوانەیە جۆرێک سەربەخۆییان هەبێ ، بەڵام هەر بە نیو زیلەند حیسابن. ئاو وهەواکەشی ئاو و هەوایەکی خۆشە، زیاتر بەهارییە ..
قازی: باشە ، لە ڕووی مێژووییەوە، کاتێک کە کۆلۆنیالیستی بریتانیایی چوونە ئەوێ و ویستوویانە جێی خەڵکی خۆجێیی بگرنەوە پێش ئەوان میللەتێک هەیە کە وا دیارە ئێستاش ژمارەیەکیان لەوێ هەر ماوە واتە ماورییەکان. ماورییەکان لە کوێوە هاتوون. هەر لە ناوچەی نزیکەوە هاتوون. لە ڕێگای زۆر دوورەوە نەهاتوون وا نییە؟
خەندە ڕەش: خۆی، ئەگەر لێرە ئیشاڕەیەک بەم نەخشەیە بکەم. ئەمە نیو زیلەندە و ئەو خەتەی کە دەیبینین کێشراوە بۆ سەرەوە ئەوێ کۆمەڵێک جزیرە، دوڕگەی لێن بە تایبەتی کۆمەڵێک دوڕگە لە پێیان دەڵێن کووک ئایلەند ، بە گشتی بە هەموویان دەڵێن " پۆلێ نێزیان ". ئەو خەڵکەی ماوریی لەوێوە هاتوون. لەوێوە ڕۆیشتوون گۆیا دەگوترێ هەزار ساڵێک لەمەو بەر یا هەزار و دووسەد ساڵێک لەمەو بەر ئەوانە بە سواری کەشتی گەڕاون. دیارە وەک زانایان جوغرافیا باس دەکەن پێشتە ئەو زانیارییە ئەو زانستە هەبووە کە گوتوویانە ووڵاتێکی ون بوو هەیە ، دیارە ئەوە ئیحتیمالی هەیە، بە ئەگەر دای دەنێن کە بە دوای ئەو ووڵاتە ون بووە دا گەڕاون گەیشتوونەتە نیو زیلەند. لە نیو زیلەند نیشتە جێ بوون. دوایە بەرە بەرە لەوێ بڵاو بوونەتەوە. وەک باس دەکرێ بە یەکجاریش نەچوونە. وەک دەڵێن بە حەوت کاروان ڕۆیشتوون، حەوت کاتی جیاواز لەوانەیە چەند ساڵێک بەینیان بوو بێ. ئیتر ئەوانە تا ئێستاش ماونەتەوە وەکوو حەوت عەشیرەت ماونەتەوە. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لە بارەی ئەوانەوە ئەوەیە کە دەڵێن گۆیا پێشریش بەر لەوان ( ماورییەکان) خەڵکێکی تر لەوێ ژیاون. ئەوانە پێیان دەڵێن " مووری مووری " گۆیا ئەو ماورییانە کە چوون بۆ ئەوێ لەگەڵ  " مووری مووریەکان" شەڕ و کێشەیان دە بەین دا پەیدا بووە. ئەمانە بەگێزتر بوونە بەرە بەرە ئەوانیان لە بەین بردووە، فەوتاندوویانن یەک کەسیان نەهێشتووە. تایبەتمەندییەک کە هەیە لە نێو " ماورییەکان" دا کاتی خۆی ئەوان گۆشتی ئینسانیان خواردووە . یانی دوژمەنەکەیان کوشتووە دوایی خواردووشیانە. بۆ نموونە من کاتی خۆی لە زانکۆ مامۆستایەکم هەبوو لە ماورییەکان بوو ، خۆی دیفاعی لە خۆیان دەکرد. پێی وا بوو ئەوە بوختانە پێیان دەکرێ، تۆهمەتە بۆیان هەڵدەبەسترێ، دەیگوت ئینگلیسییەکان ئەو شتانەیان بۆ ئێمە دروست کردووە، بەڵام دۆستێکی نزیکی خۆم کە ماوریی بوو ئەو مەوزووعەم لە گەڵ باس کرد گوتی نا ئەوە هیچ بوختان نییە، گوتی من  نەنکی 
خۆم باپیرمی خواردووە..



قازی: با ئێستا بێینە سەر مەسەلەی ئەوەی کە ئاوەدانکەرەوەکان ، ئینگلیسییەکان کەنگێ هاتوونە ئەوێ تەقریبەن؟
خەندە ڕەش: پێش ئینگلیسییەکان لە ساڵی ١٦٤٠ لەو دەورو بەرە دۆزەرەوەیەکی هۆلەندی  کە دەگەڕێ بە دوای ئەو ووڵاتە ون بووە دا ئەو سەرزەمینە ون بووە دا ڕێگای دەکەوێتە ئەوێ، تەواو دەورو بەری ئەو ووڵاتە دەگەڕێ  بە کەشتی ، لە بەشێک وا بزانم لە دووڕگەی سەروو دادەبەزێ و دەیەوێ بچێتە سەر خاکەکە و کەشفی کا بە جۆرێک. بەڵام، ماورییەکان کە ئاگادار دەبن لەگەڵیان دەکەن بە شەڕ و چەند کەس لە پیاوەکانی ئەو کابرایە دەکووژن. ئەو پیاوە نێوی " ئەبێڵ تاسمان" بووە . ئێستاش ئەو دەریایەی نێوان نیو زیلەند و ئاوسترالییا بە نێوی دەریای  تاسمان ناسراوە. پیاوەکان دەکووژرێن. ئەو کاتە نێوی دەنرێ " نیو زیلەند" ، چونکە زیلەند پێم وایە شارێکە یان ویلایەتێکە لە هۆلەندا م ئەویش ئەوەندی پێ جوان دەبێ دەڵێ لە جوانی دا وەک " زیلەند" وایە. ئیتر سەرەتای دۆزینەوەی نیو زیلەند ئاوا بووە بەڵام، دوای ئەوە نزیکەی سەد ساڵێک دوای ئەوە کاپیتان کووک یەکێک لە فەرماندەکانی ئیمپراتۆری بریتانیا، دەگەڕێ بە دوای ئەو ووڵاتەوە دەیبینێتەوە ، دەچێتە ئەوێ نیشتەجێ دەبێت و بەرە بەرە لەوێ دادەمەزرێن.
قازی: وا دیارە لە سەرەتا دا، بە پێی هێندێک سەرچاوە، ئەو کۆلۆنیالیستانە، ئەو ئاوەدانکەرەوە بریتانییایەکان حەولی ئەوە دەدەن کە بە تەواوی کولتووری خۆجێی بتوێننەوە و لە سەرەتا دا حەول ئەوە بوو کە بە ڕاستی  هەموو کەس دەبوو فێری زمانی ئینگلیسی بن. ئەو مەسەلەیە تاچ ڕادەیەک لە سەروبەندی ئێستا دا کە باسی زیندوو کردنەوە  و پاراستنی کولتووری ماورییەکان دەکرێ چەندە باسی لێوە دەکرێ؟ یانی حەول دان بۆ تواندنەوەیان لە ڕابردوو دا؟
خەندە ڕەش: خۆی لە مەر نیو زیلەند ئینگلیسییەکان وەک ئەوەی لە زۆربەی دنیا دا کردوویانە و ئەوەی بە توند و تیژی بۆیان نەکراوە بە نەرمی کردوویانە تێشیدا سەرکەوتوون. لە نیو زیلەندیش بە هەمان شێوە جووڵاونەتەوە. ماورییەکان بەو ئەخلاقە توندەی کە هەیان بووە زوو دەستەمۆ نەبوون بۆ ئینگلیسییەکان. ئینگلیسییەکان پێشکەوتوو بوون و بۆ نموونە هاتوون پەتوویەکیان داوە بە کابرایەکی ماوری و مەنتەقەیەکیان لێ کڕیوە، بەرە بەرە مەنتەقەیەکی زۆر دەکڕن و دەستیان بە سەر دا دەگرن و فشاریان بۆ ناهێنن، بەڵام کە شتی پێشکەوتوو و سەنعەتی تازەیان دەدەنێ ئەو خاکەیان هەموو لێ دەکڕن، دیارە لە هەمان کاتدا فەڕانسەییەکانیش گەیشتوونەتە ئەوێ فەڕانسەییەکان خەریک دەبن دەست بە سەر ووڵاتەکە دا بگرن بەر لە ئینگلیسییەکان. بەڵام لە ساڵی ١٨٤٠ ە وا بزانم ئەو دەور و بەرە یەکێک لە فەرماندە ئینگلیسییەکان کە حاکمی ئەوێ بووە لە لایەن ئینگلیستانەوە بەوە دەزانێت و خەبەری ئەوە دەزانێت کە فەڕانسەییەکان خەریکن دەست بە سەر مەنتەقەکە دا بگرن دەچێ عەشیرەتە ماورییەکان کۆ دەکاتەوە پەیمانێکیان لە گەڵ ئیمزا دەکا کە بە گوێرەی ئەو پەیمانە دەڵێ ووڵات ووڵاتی خۆتانە، خاک خاکی خۆتانە بەڵام با ئیدارە لە دەست ئێمە دابێت. پێک دێن لە گەڵیان تەواو. هەموو شتێک دەنووسرێ، ئیمزا دەکرێ و نیو زیلەند بە ڕەسمی دەبێ بە یەکێک لە کۆلۆنییەکانی بریتانیا. تا ئەو کاتە دەستیان لێ نادەن و فشارێک نایە بۆ سەر ماورییەکان بەڵام، دوای ئەوە بەرە بەرە تەنگیان پێ هەڵدەچنن. هەتا وەکوو دوای شەڕی دووەمی جیهانی . لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی بە ڕەسمی ئیتر زمانەکەیان قەدەغە دەکرێ، کولتوورەکەیان قەدەغە دەکرێ. تەنانەت چەندین جار قەتڵووعام دەکرێن. خەڵکێکی زۆر زۆریان لێ دەکووژرێ.ئەم سەرکوتکردنە  درێژەی دەبێ تا ساڵانی ٨٠کان، تا ساڵی ١٩٨٧ ئەو کاتە ئیتر بڕیار دەدرێ زمانەکەیان بکرێتە زمانی فەرمی لە پاڵ زمانی ئینگلیسی دا. ووردە ووردە خوێندن و ئەوانە دەکرێتەوە بە زمانی ماوری. ئێستاکەش گرینگییەکی زۆر بە زمانی ماوری دەدرێ. ئەڵبەتە ئێستا بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ڕابردوو دا کردوویانە، جگە لەوەی کە زۆر داوای لێ بوردنیان کردووە زۆری گرینگی پێ دەدەن بەو شێوەیەی کە دەیانەوێ زاراوەی ئینگلیسیی نیو زیلەندی دروست بکەن. بۆ ئەوەش چ دەکەن ووشە و چەمکی ماوری دێنن لەگەڵ زمانی ئینگلیسی تێکەڵی دەکەن.

قازی: باشە ئێستا بە تەخمین چەند لە سەدی ئەو حەشیمەتە ٥ میلیۆنییە بە زمانی ماوریی قسە دەکەن؟
خەندە ڕەش: دوو شت هەیە لێرە دا. یەکەم ئەوەی کە بڵێین ماورییەکان چەندن؟ ماورییەکان دوازدە لە سەدی هەموو حەشیمەتی نئو زیلەند پێک دێنن. بەڵام ئەوانەی کە بە زمانی ماوریی قسە دەکەن ئەوانە ژمارەیان زۆر کەمە. یانی دەکرێ بڵێین لە نێو ماورییەکان  خۆیان ١.٤  لە سەد بە زمانی ماوریی قسە دەکەن.

قازی: دیارە لە نێو ئەوانیشدا زۆربە چوونەتە سەر زمانی ئینگلیسی؟
خەندە ڕەش: زمانی ئینگلیسی وەکوو زمانی دایکییان بە کار دێنن. بە تایبەتی توێژی ئەکادێمی ماوریی ئینگلیسی زمانن خۆیان کەمیان هەیە.
قازی: باشە مەسەلەی زیندوو کردنەوە و بووژاندنەوەی ئەو کولتوورە کە گوتت لە ساڵانی ١٩٨٠ کان بەمڵایەوە پەێڕەو دەکرێ لە بواری گشتی دا؟ یانی بەرنامەی ڕادیۆ تێلێڤیزۆنی بە زمانی ماوریی زۆرترە یان چۆناوچۆنە؟
خەندە ڕەش: شێوازی ڕەسمی وەرگرتنی، فەرمی وەرگرتنی زمانی ماوریی یی ئەوەیە کە هەر دۆکومێنتێک، هەر بەڵگە نامەیەکی دەوڵەتی  دەنووسرێ ، هەر ئاگادارینامەک شتێک بڵاو دەکرێتەوە لە پاڵ ئینگلیسییەکە دا ماوریی هەیە. یا هەر سیمبولێکی دەوڵەتی بۆ حکوومەت بۆ ئیدارەیەک لەو ووڵاتە ، لەو مونتەقانە دادەندرێ و دروست دەکرێ نیشانەیەکی ماوریی تێدایە. دوو تێلێڤیزیۆنی تایبەت بە زمانی ماوریی هەیە ، ڕادیۆش کە حیسابی ناکرێ و هەر وەها ڕۆژنامە. ئەو پەڕی ئازادیی خۆیان هەیە لەو بارەیەوە. هەتا ئەم ساڵانەی دوایی حەولی ئەوە دەدەن تەنانەت ووشەی " نیو زیلەند" یش لابەرن بیکەن بە ماوریی. و ئاڵاکەش؛ کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئاڵاکەش بگۆڕن چیتر ئاڵای بریتانیا نەبێت لە جێگەی ئەو سیمبۆلێکی ماورییەکان هەیە ئەو دابنێن ئەو بکەن بە ئاڵای ووڵاتی بیو زیلەند. ئەوان خۆیان  بە نیو زیلەند دەڵێین " ئاو تیا ڕو وا " بە زمانی خۆیان. "ئاو تیا ڕو وا"  کە وەریدەگێڕنە سەر زمانی تر دەڵێن بە مانای
 " ووڵاتی هەورە سپییە درێژەکان" ە. هەمیشە ئاسمان پڕە لە هەور.
قازی: باشە، لە ڕوانگەی ئابوورییەوە وا بزانم زیاتر ووڵاتێکی کشتوکاڵی یە وا نییە؟

خەندە ڕەش: ووڵاتێکی کشتوکاڵی یە. ووڵاتێکە هەم گرینگی بە کشتوکاڵ دەدا هەم مەڕ و ماڵات و ئاژاڵداری. گۆشت و سپیایی ئەو جۆرە بەرهەمانەی زۆرە.
قازی: ئەی لە باری سەنعەتییەوە؟
خەندە رەش:  لە ڕووی سەنعەتییەوە ناتوانین بڵێین دواکەوتوو ە ، خۆی بە گشتی ووڵاتانی ڕۆژئاوا سەنعەتین  بە سەنعەت پێش کەوتوون بەڵام، نیو زیلەند جیاوازییەکەی لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دایە کە زۆر زۆر گرینگی بە ژینگە دەدات ، یەکجار زۆر. تەنانەت ئەو سەنعەتی کشتوکاڵی کە هەیەتی بۆ وێنە گەشە پێدانی ئاژەڵداری و ئاژەڵ بەخێو کردن تەنانەت لەوەش دا هێندێل لیمیت، هێندێک سنووری داناوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێ ژینگە پیس بکرێت. بۆ نموونە  تەنانەت پاشەرۆکی ئاژەل و ئەوانە کە بە جۆرێک گازی نێترۆژینی لێ بڵاو دەبێتەوە ئەوەش باجی لە سەرە، حکوومەت دەڵێ بەوە هەوا پیس دەبێ.

قازی: یانی مەبەستت ئەوەیە بڵێی کە سەرنجێکی زۆر دەدرێتە سەر ژیبگە پارێزی؟ ئەوە لە چی ڕا دێ؟ بە شێوەیەک پێوەندیی هەیە بە کولتوور و نەریتی خۆجێی ئەوێ دا یا چۆناوچۆنە؟   یان ئەوەی کە کۆلۆنیالیستەکان ئەو بۆچوونەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە؟

خەندە ڕەش:  خۆی لە لایەکەوە ئاوایە نیو زیلەند بە حوکمی ئەوەی ، ئەگەر ئاگادار بی چەند ساڵێک بوو دەیانگوت چینی " ئۆزۆن " لە لای نیو زیلەند، لە سەر نیو زیلەند تەنک بووە، نەخۆشی پێستی ، سەرەتانی پێستی دروست بووە.نیو زیلەندییەکان ئەوەیان زۆر بە هەند گرتووە، زۆر زۆر گرینگی پێ دەدەن. پێیان وایە کە خۆیان  تاوانبار نین دەوە دا. پێیان وایە ووڵاتە پیشەسازییەکان وەکوو ئەمریکا و ئاوسترالییا ئەوانە تاونباری سەرەکین بەڵام، خۆشیان حەولی ئەوە دەدەن کە هەر چەندی بۆیان بکرێ ئەوە قەرەبوو بکرێتەوە. ئەوە لایەنێکی مەسەلەکەیە، لایەنەکەی دیکەی ئەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە حیزبی کار کە کۆنترین حیزبی نیو زیلەندە و زۆرترین دەسەڵاتیشی لەو ووڵاتە دا بە دەست بووە. عادەتەن حیزبی کار چەپە. خۆیان بە چەپ دەزانن چەپیش بە شێوەیەکی نەریتی لایەنگری ژینگە و ژینگەپارێزی و ئەو جۆرە شتانەن. بۆیە ئەو تەئسیری کردووەتە ئەو لایەنەی ژینگە و گرینگی زۆری پێ دەدرێ. تەئسیری کردووەتە سەر  بیری کۆمەڵگاش بە گشتی. ئەگەر لە بیرمان بێ لە ساڵانی جەنگی سارد  بزووتنەوەیەک هەبوو کە ناویان لێ نابوو " پەیمانی کوییتۆ ". نیو زیلەند پێشەنگی ئەو ووڵاتە بوو لە دامەزراندنی " کوییتۆ " کە مەنعی بەکارهێنانی ووزەی ئەتۆمی دەکا. نیو زیلەند ئێستا توانایی ئەوەی هەیە کە کوورەی ئەتۆمی و ئەوانە دابنێ ، لە هەموو بارێکەوە، لە باری زانستییەوە ئەو تواناییەی هەیە بەڵام نایکا. بە گوێرەی ئەو پەیمانەی " کوییتۆ " خاکی ئەو ووڵاتانە، یا بڵێین ئاوی ئەو ووڵاتانەی کە ئەندامی " پەیمانی کوییتۆ" ن  نابێ ڕێگا بە هیچکەسێک بدەن بۆ نموونە کەشتی ئەتۆمی ئەمریکا ؛ هەر چەند ئەمریکا دۆستی نیو زیلەندیشە بەڵام، ڕێگەی پێ نادەن کەشتییەکەی بێت بە ئاوی نیو زیلەند دا تێپەڕێ چونکە بە ئەتۆم کار دەکا.
قازی: باشە، دەزانین کە هەموو ساڵێک تۆۆریستێکی زۆر ڕوو لە نیو زیلەند دەکەن ، توریست ئەتڕاکشنەکەی (سەرنجڕاکێشانی تووریستان بەرەو ئەو ووڵاتە ) لە بەر چییە؟  و زیاتر ئەو خەڵکانەی دێنە ئەوێ لە کوێ ڕا دێن؟ خەڵکی ئوڕووپایین؟ یان چۆنە؟

خەندە ڕەش: بە تایبەتی وەرزی هاوین کە لەوێ هاوین لە مانگی دوازدەوە دەست پێ دەکا. مانگی دوازدە و یەک و دوو بە ساڵی زایینی. ئەو کاتە کە لێرە دەبێ بە زستان لەوێ دەبێ بە هاوین، لەوکاتە دا تووریستێکی زۆر، گەشتیارێکی زۆر ڕوو دەکەنە نیو زیلەند لە ووڵاتەکانی دەور و بەرەوە دێن، ئاوسترالیا کەمتر چونکە هەر وەک ووڵاتی خۆیان وایە. لە لای مالێزی و ئەندۆنێزی و بۆ سەرەوەتر سینگاپوور و هەتا چین و ئەو دەور و بەرە. دیارە لە ئوڕووپاشەوە خەڵک زۆر دێن ، بە تایبەتی ئینگلیسییەکان ، ئەمریکا و کانادا خەڵک زۆر دێن لەو ووڵاتانەوە. ئەوەی جێی سەرنجە لە ڕووی گەشتیارییەوە هێندێک کڕکانی زیندوو لە نیو زیلەند هەیە ئەوە زۆر سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێ کە دەچنە سەریان ، هەتتا شوێنی وا هەیە مەکەی تێدا دەکەن . ئەو ئاوە دەکوڵێ خەڵک دەچێ مەلەی تێدا دەکا. ئەو جار دیمەنی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە ، شاخەکانی. زنجیرە شاخێک لە دوڕگەی خوارووی هەیە دروست لە شێوازی ئەو زنجیرە شاخی ئاڵپ ی ئوڕووپایە. ناویشیان لێ ناوە " ئاڵپ ی باشوور " ، هەمووی کەوتووەتە جەمسەری باشووری ئەولای دنیا. شێوازی تۆپۆگڕافییەکەی زۆر جار ئەمن خۆم وەک کوردستان دێتە بەرچاوم. لەگەڵ جیاوازییەکانی.
قازی: باشە. بێجگەلە خەڵکی ئوڕووپایی، یانی ئەو کۆلۆنیالیستانەی کە لە ڕابردوو دا چوونەتە وێندەرێ ئێستا  ئەو گرووپی غەیری بوومی کە لەوێ بن هەژماری کێهەیان لە هەموان زیاترە؟ خەڵکی ئاسیای زیاتر لێیە یان چۆناوچۆنە؟
خەندە ڕەش: تا ئێستاش ماورییەکان بە دەستەی ئێتنیکی دووەم دێن لە نیو زیلەند. لە دوای ماورییەکان ئاسیاییەکان دێن. ئاسیاییەکانیش بە تایبەتی چینییەکان  ژمارەیان زۆرە، بە دوای ئەواندا هیندی دێن.

قازی: چینی لە کوێ ڕا؟ کام بەشی چین؟
خەندە ڕەش:  کاتی خۆی لە سەردەمی شەڕی سارد دا هاتنی چینییەکان بە بەراورد لەگەڵ هەموو دنیا دا  زۆر زۆر مەحدوود کرا بووەوە. بە حوکمی ئەوەی کە چین ووڵاتێکی کۆمۆنیستی داخراو بوو دەبوایە بە زۆر فیلتێر دا تێپەڕن هەتاکوو بگەنە نیو زیلەند و نیشتەجێ بن لەوێ. دەنا چینی هەیە دووسەد ساڵە لەوێ دەژین. ئەوانە ڕابردوویان کۆنە وەکوو ئینگلیسییەکان. بەڵام، لە بەر ئەوەی کە مەحدوود کراون و فیلتێریان لە سەر ڕێگا بوو ژمارەیان هێشتا ئەوەندە زۆر نییە نەگەیشتووەتە ئاستی ماورییەکان و لەوان سەرەوەتر بەڵام، بەو حاڵەش هێشتا ژمارەیان زۆرە. بەشی زۆریشیان هەر لە خودی چینەوە هاتوون و لە تایوانەوە.

قازی: باشە، ئیمکانات بۆ ئەو کۆچبەرانە و ئەو کەسانەی کە دێن لەوێ دادەنیشن و دەیانەوێ لەوێ بژین چۆنە؟ دەرەتانی ئەوەیان دەدرێتێ کە کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن؟

خەندە رەش: ئەمن وەبیرم دێ یەکەمجار کە چووین بۆ نیو زیلەند چوون بۆ شاری هامیڵتن نیشتەجێ بووین ، چەند کەسێک کە بەرپرسی کاروباری پەنابەران بوون بەر لەهەموو شت دەهاتن بە منیان دەگوت ، ئەو کاتە دوو منداڵم هەبوون، لە هەموو شت گرینگترە ئەو منداڵانە فەرهەنگ و زمانی دایکیان لە بیر نەکەن. هەوڵ بدەن لە بیریان نەچێتەوە. ئەوە یەکەمین قسە بوو بە منیان گوت. ئەوێ ڕينگاوڕينگییەکی جوانی هەیە. زۆر جار بیستوومە خەڵکی خۆمان گلەیی دەکەن لێرە لە ئوڕووپا، گلەیی دەکەن لە وەزعی خۆیان دەڵێن جیاوازی دادەنێن دە بەینمان دا. دەڵێن لێرە پێمان دەڵێن ئەوە مووی زەردە، ئەوە مووی ڕەشە، ئەوە چاو ڕەشە، ئەوە چاو شینە. ئەوە لە لای ئێمە (نیو زیلەند) ناتوانم بڵێم سەداسەد نییە بەڵام خۆم هەستم پێ نەکردووە، ١٤ ساڵە لەوێم هەستم پێ نەکردووە.
قازی: یانی ئیمکاناتی پاراستنی کولتووری خۆیی هەیە بۆ پەنابەران و خەڵکی غەیریی خۆجێیی لەوێ؟


خەندە ڕەش: بەڵێ، بەڵێ بێگومان. حکوومەت ئەو ئیمکاناتەی فەڕاهەم کردووە. دەتوانێ هەرکەس بیهەوێ ، بۆ نموونە ئێمە کە ژمارەشمان زۆر نییە کوردەکانی ئەوێ، ژمارەمان ئەوپەڕەکەی ١٥٠٠ کەس دەبێ بۆ وێنە ماوەی چەند ساڵێک ڕادیۆمان هەبوو.
قازی: باشە ئەو ئیمکاناتە هەیە. با ئێستا بێینە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە وێندەرێ. ئەو گرووپی کوردییەی کە لەوێ دەژین. بەر لەوەی کە ئێوە بچن، لە ساڵانی لە ١٩٩٠ یان سەرەتای ٢٠٠٠ کە باست کرد وەک بزانی یەکەم کوردی کە گەیوەتە نیو زیلەند کێ بووە و کەنگێ چووە؟
خەندە ڕەش: وەکوو یەکەم کورد من خۆم زۆر بە دوای دا چووم بەڵام بۆ ساخ نەبووەتەوە یەکەم کورد کێیە.ئەوەی کە لێی دڵنیام لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینییەوە یەکەم کوردەکان چوون بۆ ئەوێ. دیارە ئەوانیش بە داخەوە هەر وەکوو من بە پەنابەری چوونە. یانی شێوەیەکی ئاوای بە خۆیەوە نەگرتووە ئێمەش وەکوو خەڵکی دیکە بە دوای خوێندن و شتی دیکە دا بگەڕێین هەر بە پەنابەری گەیشتووینەتە ئەوێ.
قازی: یانی لە ساڵی ١٩٩٤ بەملایەوە کورد چوون. زیاتر کوردەکانی کێهە بەشی کوردستان؟
خەندە ڕەش: بەشی زۆری کوردەکانی ئەوێ کوردی باشوورن. دوای ئەوان کوردی ڕۆژهەڵاتن. دیارە ئی باکوور و ڕۆژئاواشی لێیە بەڵام ژمارەکەیان زۆر نییە.
قازی: ئەوانە هەموویان وەکوو بەشە پەنابەر لە ڕێگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چوون؟
خەندە ڕەش: بەڵێ.

قازی: یانی ئاوا نەبوو کە یەکێک بە سەری خۆی هەستێ بچێ و بگاتە ئەوێ؟
خەندە ڕەش: چەند کەسێک هاتوون بەو شێوەیە. چەند کەسێکیش بۆ خوێندن هاتوون دواتر لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ و ئەوانەوە. بەڵام بەشێوە گشتی زۆربە وەک پەنابەر لەوێن.
قازی: باشە وەزعی ئەو کۆمەڵگەیە کە دەڵێی زیاتر وەک پەنابەر هاتوون چۆنە؟ زیاتر بە چی مەشغووڵن؟ وەچەی جەوان و خوێندنیان، ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی ئەو شتانە بکەی! کۆمەڵەی کولتووریان هەیە نییە؟ چالاکی هەیە؟ تەئسیراتی وەزعی کوردستان لە سەر ئەوان چۆنە؟ خەبەر دەگاتە وێ، ناگاتە وێ ئەو شتانە.
خەندە ڕەش: بەشێک لە بەدبەختییەکانی ئێمەی کورد هەر ئەوەیە وەک هیچکام لە کۆمەڵگاکانی دی نەبووین کە چووین بۆ ووڵاتان. نازانم ئیحتیمالی هەیە هەر ڕەنگە لە بەر ئەوە بێ ئێمە زۆر دوا کەوتین لە ڕۆیشتن بۆ ووڵاتان و کۆچبەر بوون و ئەوانە دا. هۆکارێکی دیکەشی ئەوەیە کە ئێمە بەشی زۆرمان لە شاخ بووین. پێشمەرگە بووین . خەڵکی دێهات و ئەملاو و ئەولاین کەممان شارستانین و شار نشین بووینە تاکوو چاومان کراوە بێت و خوێندەوار بین و ئەوانە. بەشی زۆری ئەو کوردانەی ئێمە کە لە نیو زیلەندن یان خوێندەوارییان کەمە یان نییە یان بە جۆرێک زمانیان نەزانیوە کاتێک کە چوون بۆ ئەوێ زۆربەمان تووشی زۆر گیر و گرفت بووین. یەکێک لە گیروگرفتەکان ئەوەیە کە ئایا چۆن کار پەیدا دەکەی؟ چۆن کارێکی باش! چۆن دەتوانی وەکوو ئەو خەڵکەی وێ بیزنسێک دا بنێی؟  وەکوو ئەو خەڵکەی کە هەر یەکەی لە ووڵاتێکەوە هاتووە بە کارێکەوە خۆی مەشغووڵ کردووە ووردە ووردە خۆی پێ گەیاندووە.

قازی: ئێستا بەڕێزت بابەتەکە تەفسیر دەکەی، ئەمن دەمەوێ  تەوسیفی بکەی بڵێی چۆنە؟ نەک ئەوەی بی نرخێنی.
خەندە ڕەش: وەسفەکەی ئەوەیە کە نەمان توانیوە وەک خيلکی تر پێ بگەین.
قازی: باشە، زۆربەی کوردەکان چ دەکەن؟
خەندە ڕەش: هێندێکیان کاری میکانیکی دەکەن. کاری خانووسازی و ئەوانە دەکەن.

قازی: ئەی لە ڕووی کاری کۆمەڵایەتی و کاری کولتووری. بوونی کۆمەڵەی کوردی ئەوانە چۆناوچۆنە؟
خەندە ڕەش: لە سەرەتاوە شتێک بە ناوی کۆمەڵەی کوردی هەبووە لە وێ. چەند کەسێک باش بوو ئەوانە خوێندەوارییان هەبوو پێشتر، زمانیان دەزانی ئەوانە کە گەیشتنە وێ ئەوەیان دروست کرد. ئەو کۆمەڵە کوردییە هەتا ئێستاش بووەتە چەترێک بۆ کوردەکانی ئەوێ. مەراسم و جەژن و ئاهەنگ و شتی وا دەبێ لێکمان کۆ دەکاتەوە یا دەبینی یادئاوەرییەک، بیرەوەرییەک ، ڕۆژێکی تایبەتی هەیە لە کوردستان ، جێژنی نەورۆزە یا خۆ ڕووداوێک ڕوودەدا ، لەوێ ئەو کۆمەڵە کوردییە خەڵکەکە کۆ دەکاتەوە خراپ نییە. بەڵام، بە حکوکمی ئەوەی کە کوردەکان دابەش بوون بە سەر ٣ شار دا ئەوەش..

قازی: لە کوێ دەژین زیاتر؟
خەندە ڕەش: بەشی زۆری کوردەکان لە شاری ئۆکلەندن. ئۆکلەند ئەو گەورە شاری ئەوێ لە بەشی باکوورە.  بەشی زۆریان لەوێن. بەشێکیشیان لە هامیڵتن ن  و بەشەکەی تریش لەو جەزیرەی خوارەوەن. شارێکە بە ناوی " کڕاس چرچ" ئاوا بە گشتی بە سەر ئەو ٣ شارە دا دابەش بوون.
قازی: باشە، پێوەندییان لە گەڵ کوردستانی چۆناوچۆنە؟ دیارە ئێستا بە بەرەکەتی تێکنۆلۆژی ئەو پێوەندییە زۆر زەحمەت نییە. بەڵام ئەو پێوەندییە تا چ ڕادەیەکە؟
خەندە ڕەش: سەرەتا زەحمەت بوو بەڵام ئێستا لەوەتا ئینترنێت و پێوەندییەکانی تێلێفۆنی ئاسان بوونەتەوە بێگومان جیاوازییەکی زۆر هەیە. ئێستا خەڵکەکەش  زیاتر لە جاران هاتووچۆ دەکا. پێشتر زۆر سەخت بوو.حەتتا هاتووچۆی فڕینیش، فڕۆکەش ئاسان نەبوو. یانی بۆ کوردستان زەحمەت بوو. بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لەو ڕووەوە وەزع باشترە وەک پێشوو نەماوە.
قازی: باشە ڕوداوەکانی کوردستان و ئەو بارودۆخەی لە بەشەکانی جۆر بە جۆری کوردستان هەیە هەم لە باکوور، هەم لە باشوور، هەم لە ڕۆژهەڵات و لەو دواییانەشدا بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا ئینعیکاسی لە چاپەمەنی و مێدیای نیو زیلەند دا چۆنە؟
خەندە ڕەش: نیو زیلەند بە گشتی بە حوکمی دورییەکەی ، ڕاستە ئەمڕۆ تێکنۆلۆژی ئینکاری ناکرێ کە پێش کەوتووە، بەڵام لە لایەنی خوغرافیاییەوە کە دوور کەوتووەتەوە لە باقی قاڕەکانی دنیا دابڕاوە بە ڕاستی، کۆمەڵگاکەشی دابڕاوە لە خەڵکی تر. زۆر کەس لەو ووڵاتە هەیە ئەسڵەن نازانێ کوردستان چییە . دەزانێ پێرشیا هەیە بەڵام ڕەنگە نەزانێ ئێران چییە. ئەو جۆرە شتە هەیە. جا ڕووداوەکانی کوردستانیش ناڵێم بێ کاریگەرین بەڵام، بە حوکمی ئەوەی کە ئێستا تێکنۆلۆژی پێش کەوتووە خەڵک زووتر شتەکان وەردەگرێ. بە تایبەتی کاتێک کە ڕووداوێکی گەورە ڕودەدا لە ڕۆژنامەکان دا ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە ڕووخانی ڕێژیمی عێڕاق ، ڕۆخانی ڕێژیمی عێڕاق کە زۆر شتی بە دوای خۆیدا هێنا، ئەو کاتە مەسەلەی کورد زۆر گەورە بووەوە ناڵێم ڕۆژانە بەڵام، بەردەوام نێو نێوە بابەتی جوان لە سەر کورد، لە سەر کوردستان بڵاو دەبووەوە لە ڕۆژنامەکاندا، لە سایتەکاندا و هەر وەها لەم دواییانەش دا مەسەلەی شەنگار و بە تایبەتی ش کۆبانێ ڕوخسارێکی دیکەی دا بە کورد. دۆستێکی خۆشەویستم هەیە لەوێ  پی ئێچ دی هەیە لە زانستی سیاسی باسی ئەوەی دەکرد لە کاتی کە هێرشەکەی سەر شەنگار کرا دەگوتت بە ڕاستی بە جۆرێک شەرمم دەکرد بچم بۆ زانکۆ، دیارە ئەگەر مرۆڤ لە سەر بابەتی سیاسی کار بکا مەجبوور دەبێ ڕۆژانە لە سەر بدوێ، بەڵام دوای ئەوەی کە مەسەلەی کۆبانێ هاتە پێشێ دەیگوت ئێستا شانازی بە خۆمەوە دەکەم. دەگوت ئێستا بە سەربەرزییەوە دەچم بۆ لایان، ئەوان باسی ئەوێم بۆ دەکەن. ئەوان تەعریفی ئازایەتی کچ و کوڕی کوردم بۆ دەکەن.

قازی: بەڵام ئەو مەسەلەی کە لە باری جوغڕافیاییەوە پەرتە و بە نیسبەتی ئەوەی کە تۆ لە کوێی قسەی لە سەر دەکەی بە دوور دادەندرێ بەڵام ئەوێش لە و چوارچێوە نێونەتەوەییانە دا کە هەیە لە هێندێک جێگاش دەوری هەیە بۆ نموونە وەک یەکەی پاراستنی ئاشتی لە ئەفغانستان ، یانی عەسکەری نیو زیلەندیش لەوێ هەیە یانی ئەوە نییە کە بە تەواوی هیچ تێکەڵی نەبێ. لەو پێوەندییە دا  لە گەڵ مەسەلەی کورد تێکەڵی چۆنە هیچی هەیە؟
خەندە ڕەش: من ناڵێم بە یەکجاری دابڕاوە. من دەڵێم کۆمەڵگاکەی زۆر ئاگادار نییە لە ڕووداوەکانی دەرەوە. دەنا وەکوو دەوڵەت با. پێم وا نییە سەبارەت بە کورد چ تێکەڵی هەبێ. نیو زیلەند ووڵاتێکە زیاتر پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی ، کەمتر خۆ لە کێشە هەڵدەقوتێنێ. ئەوەی ئەفغابستان ڕاستە لەوێ هێندێک سەربازی هەن . بەڵام سەربازەکانی سەربازی شەڕ نین . زیاتر بە کاری ئەندازیاری و ئەوانەوە خەریک دەبن. حەتتا بۆ عێڕاقیش ئامادە بوو هێدێک هێز بنێرێ. یانی خۆ دەپارێزێ لەوەی کە بە چاوێکی تر سەیر بکرێ لە لایەن خەڵکی ترەوە و بەرژەوەندە سیاسی ئابوورییەکانی تێک بچێ.
قازی: باشە ئێوە خوێندتان لە زانکۆ تا چ دەرەجەیەک تەواو کردووە ئێستا؟
خەندە ڕەش: من تەنیا لیسانسم تەواو کردووە.
قازی: تێزەکەت لە سەر چ بابەتێک نووسیوە؟
خەندە ڕەش: لە سەر پێوەندییە نێونەتەوەییەکان کە بەشێکە لە زانستی سیاسی!
قازی: دەتەوێ بەردەوام بی ؟
خەندە ڕەش: ئەگەر عومر باقی بێ دەمەوێ درێژەی پێ بدەم. 




قازی: وەکوو دیکە، دەزانم کە بەڕێزت خەڵکی ناوچەی " خانێ " ی ، خەڵکی شێن ئاوێ ی. شین ئاوێ ش  لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوو دا بە تایبەتی لە چاپەمەنی ئێران و لە دەرەوەی ووڵات و لە تۆڕە کۆمەڵییەکان دا زۆری باسی لێوە کرا. دوای تراژێدییەک کە لە مەدرەسەیەک قەوما ، وا بزانم کوورەیەک تەقییەوە، ئەوە هیچ ئینعیکاسی هەبوو لە لای ئێوە؟ بە ئیعتیباری ئەوەی کە تۆ خەڵکی ئەوێی و ڕەنگە ئەوەت بیستبێتەوە و پێت ڕاگەیاند بن. لە چاپەمەنی نیو زیلەند دا لە سەر ئەوە هیچ باس کرا؟
خەندە ڕەش: ئەوەی من لە یاد بێ نەخێر شتێکی ئاوا نەبوو بەڵام، بێگومان هەواڵەکە هەواڵێکی ناخۆش بوو بۆ من ، خۆم خەڵکی ئەوێم . دروست نازانم ئەو مەدرەسە هەر ئەوەیە کە خۆم لێم خوێندووە یان نا بەڵام من خۆم یەکەم ساڵی خوێندنم لە شێن ئاوێ دەست پێ کرد لە یادمە. بەڵام، وەکوو پێشتر عەرزم کردی ئەگەر ڕووداوی زۆر گرینگ نەبن زۆر جیهانی نەبن لە نیو زیلەند کەمتر دەبیسترێن. مەگەر کەسێک خۆی بڵاوی کاتەوە بە جۆرێک دەنا زەحمەتە شتی وا.

قازی: باشە، لەم سەفەرەی ئێستا کە بۆ ئوڕووپات کردووە حەول دەدەی سەری باشوور یان باکووری کوردستانیش بدەی؟ یان لە ئێستاوە دڵت تەنگ بووەتەوە بۆ نیو زیلەند لەو  ماوەیەی دا کە هاتوویە ئوڕووپا ؟
خەندە ڕەش: خۆی ئینسان بێ ئەمەگ نەبێ. نیو زیلەند دەرگایەکی باش بوو بۆ من. من توانیم لە نیو زیلەندەوە بە ڕاستی  جیهان بناسم. بە ڕاست من ئێستا زانست و توانای خۆم من هەرچی هەمە لەوێوە دەیزانم. پێش وەی بچم ئەوێ  بە ڕاستی دەتوانم بڵێم هیچم نەدەزانی ، هیچم نەدی بوو دەرگایەکی باش بوو بۆ من. ناتوانم و نامەوێ بێ ئەمەگییەک بکەم  دەربارەی ئەوێ. بەڵام، وەکوو خۆشی، وەکوو دڵ و دەروونی خۆم بە ڕاستی  بێگومان پێم خۆشە بچم بۆ کوردستان و پێم خۆشە لە کوردستان بمرم ، پێم خۆشە لە کوردستان ژیان بە سەر بەرم. ئەگەر بۆم بگونجێ بۆم بلوێ هەر ئێستا بە خۆم و بە ماڵ و منداڵم  دێمەوە بۆ کوردستان بەڵام. مەسەلە ئەوەیە ئایا دەگونجێ یان نا؟ 
قازی: باشە بەڕێز خەندە ڕەش زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
خەندە ڕەش: زۆر سپاس مامۆستا گیان، سپاس بۆ ئێوەش.
قازی: بینەرانی خۆشەویست  بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ئەم بەرنامەی " ڕاوێژ " یش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
===========
تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە  لە ئێوارەی یەکشەمە ١٢ی ئاوریلی  ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن .

















No comments: