Monday, April 27, 2015

بە بۆنەی پێنجەمین ساڵی کۆچی دوایی فڕێد هاڵیدەی دۆستی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست


بە بۆنەی پێنجەمین ساڵی کۆچی دوایی فڕێد هاڵیدەی دۆستی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
حەسەن قازی
٢٦ ئاوریلی ٢٠١٥
ڕۆژی ٢٦ی ئاوریلی ٢٠١٠  دڵی گەورەی فڕید  هاڵیدەی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بارثێلۆنا لە بەر نەخۆشی شێرپەنجە لە کوتە کەوت. هاڵیدەی لە باوکێکی ئینگلیسی و دایکێکی ئیرلەندی لە فێڤرییەی ١٩٤٦  لە شارێکی پچووکی سنووریی جمهووری ئیرلەند لە دایک بوو. ئەو نەک هەر پسپۆڕێکی کارو باری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو زمانزانێکی گەورەش بوو و بە دوازدە زمان لەوانە عەڕەبی و فارسی دەیتوانی بخوێنێتەوە و بنووسێ . بیستنی خەبەری مردنیم زۆر پێناخۆش بوو، ئەگەرچی لە مێژ ساڵ بوو نەم دیبوو. هەر بە ئاگادار بوون لەو خەبەرە لە فەیس بووک دا،  سیمای شەهید مەنووچێهری کەڵانتەری م، هاتەوە بەرچاو. لە ساڵی ١٩٧٣ یان ١٩٧٤ بوو لە لەندەن بەڕێگەی مەنووچێهر دا چاوم پێی کەوت. فڕێد و مەنووچێهر ئەو دەمی کۆمیتەیەکی پشتیوانییان لە گەڵ بزووتنەوەی زوفار ساز کردبوو و زۆر بە ڕێکوپێکی دەنگوباسی دەستێوەردانی ئەڕتەشی حەمە ڕەزاشایان لەو وڵاتەی کەنداو لە قاو دەدا و پشتیوانیان لە تێکۆشەرانی ئازادیخوازی ئەوێ دەکرد
ئەو سەروبەندی فڕێد خەریکی نووسینی کتێبی " عەڕەبستانی بێ سوڵتان " بوو و دۆستایەتی نزیکی لەگەڵ مەنووچێهری شەهید هۆیەک بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە کارو چالاکییەکانی ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێرانی ئەندامی کۆنفێدراسیۆنی جێهانی ئاگاداربێ. لە پاییزی ساڵی ١٩٧٦وە ئیدی ئەمن لە ئینگلیستان نەمام. بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی شا، وابزانم لە ساڵی ١٩٧٨ دا بوو مەنووچێهری کەڵانتەری سەرێکی لەسوێد دا و ئەوە ئاخر جار بوو کە بیبینم. ساڵێکی پێ نەچوو ڕێژیمی حەمە ڕەزا شا ڕووخا. گۆڤاری مێریپ ڕێپۆرت کە فڕێد بە بەردەوامی تێیدا دەنووسی باسی ئاڵوگۆڕەکانی دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەلتەنەتی و شێکردنەوەی بارو دۆخی نوێی بڵاو دەکردەوە. هەر لەو سەروبەندە دا وتارێکی زۆر ووردی فڕێد هاڵیدەی لە گۆواری " نیو لێفت ڕێڤیو" دا بە نێوی " شەڕوشۆڕش لە ئەفغانستان" بڵاو ببووەوە، ئەمن ئەو نووسراوەیەم وەرگێڕا سەر زمانی کوردیی سۆرانی و پێم خۆش بوو هەرچۆنێکە نوسخەیەک بۆ خۆشی بنێرم. دوای ماوەیەک نووسینێکی بێوەی مێژوونووسی ناسراو ئیسحاق دۆیچێرم سەبارەت بە بزووتنەوەی "سۆلیدارنۆچ" لە لەهیستان  وەرگێڕا و، هەر وەها زنجیرەیەک بەڵگەی"کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی کوردستانی ئێران " کرانە زمانی ئینگلیسی و گشت ئەوانە لە لایەن ئینتیشاراتی سمایلی شەریفزادە لە سوێد بڵاو کرانەوە، بە خۆشییەوە توانیم بە ڕێگای  ناونیشانی گۆواری " نیو لێفت ریفیو" فڕێد هاڵیدەی ببینمەوە و هەموو ئەو بڵاوکراوانەم بە بەردەوامی بۆ دەنارد
لە ساڵانی  ١٩٨٠ تا ١٩٨٢ لەگەڵ هاڵیدەی زۆر نامەمان ئاڵوگۆڕ کرد. بە خۆشییەوە بەشێک لەو نامە کورتانەی هالیدەی م هەر پاراستووە و لە پێنجەمین ساڵی نەمانی دا وێنەی ئەو نامانە لە گەڵ وەرگێڕانی کوردییان بڵاو دەکەمەوە.نامەی یەکمیان ڕووی لە " انتشاراتی سماییلی شەریفزادە" یە.

١٧ی ئووت ١٩٨٠
دۆستانی خۆشەویست،
گۆواری "نیو لێفت ڕیڤیو" ئەو نامەیەی ئێوە لە ٨ی ژووییەی ئەمساڵ نووسیوتانە لە گەڵ دوو کۆپی لە ووتارەکەی من لە سەر ئەفغانستان کە ئێوە بڵاوتان کردووەتەوە پێ دام. ئەمن ناتوانم کوردی بخوێنمەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی فارسی و عەڕەبی دەزانم بەلانی کەمەوە دەتوانم چەند برگەی لێ هەڵکڕێنم و ئەمن دڵنیام  ئەو وەرگێڕانە بە باشی کراوە. ئەوە زۆر جێگەی دڵخۆشییە مرۆڤ بزانێ کە ئێستا دەکرێ هاوڕێیانی کورد ئەو دەقە بخوێننەوە ، و ئەوە زیاتر دەهێنێ کە مرۆڤ بەردەوام بێ لە سەر نووسین کاتێک دەبینێ کارەکانی کەلکێکی ئاوایان هەیە.
لەگەڵ باشترین ئاواتم بۆ خەباتی ئێوە و بۆ دۆزی ڕەوای گەلی گورد،
برای دڵسۆزتان، فڕێد هاڵیدەی، ئیمزا
٢٥ی سێپتامبری ١٩٨١
ئاغای قازی خۆشەویست،
سپاس بۆ ئەوەی ئەو کارانەی ئامادەیان دەکەی بۆ منیان دەنێری، ئەمن هەتا بڵێی ئەوانم بەدڵە و بە سەرنجڕاکێشیان دەزانم. ئەگەر بۆت هەڵدەسووڕێ تکایە لە ناردنیان بەردەوام بە.
ئەمن ئەو کۆپییانەی وەرگێرانەکەی ئێوەم [ لە سەر لەهیستان] دا بە خانمی دۆیچێر کە حەوتووی ڕابردوو بۆ نانی نیوەڕۆ لامان میوان بوو، ئەو بەو کارە زۆر خۆشحاڵ بوو. سەبارەت بە لەهیستان لە ژمارەی ١٣٠ی " نیو لێفت ڕێڤیو"ش  دا بابەت بڵاو دەبێتەوە.
ئەمن دڵنیام  ئێوە دوایین ژمارەی " مێریپ ڕیپۆرت " تان دیوە کە تێیدا  ئەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ قاسملۆ کردوومە بڵاو بووەتەوە، ئەگەر نەت دیوە ، ئەمن دەتوانم بۆت بنێرم.
برای دڵسۆزتان   فڕێد هاڵیدەی ، ئیمزا

٧ی ژووەنی ١٩٨٢
هاوڕێی خۆشەویست قازی،
دۆستێکی کوردم ڕووی لێناوم سەبارەت خزمێکی کە دەیەوێ هەتا زووترە ئێران بە جێ بهێڵێ. ئەو کەسە بیستوویەتی حکوومەتی سوێد  بە عەلاقەوە پەنابەریی سیاسی دەدا بە کوردەکان ، و ئەمن دەمەوێ لێت پرسم داخودا دەتوانی لەو بارەیەوە یارمەتیدەری بی و ئاگادارم کەی. چ هەلومەرجێک پێویستە بۆ ئەوەی دەوڵەتی سوێد پەنا بە کەسێک بدا؟  ئەگەر کەسێک  لە تورکییە بێ ، باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی حەول بدا و بتوانێ پەنابەریی لە سوێد وەربگرێ چییە؟ هەر زانیارییەک لەو بارەیەوە زۆر یارمەتیدەر دەبێ. ئەگەر بۆت هەڵبسووڕێ و بتوانی بەر لە ١٣ی ژووەن بۆ ژمارەی  ٠١٨٨٣٩٤٦٤ تەلەفۆنم بۆ بکەی و ئاگادارم کەی ئەوە باشتریشە. ئەگەریش نەکرا، تکایە هەرچی زووتر ووڵامی ئەم نامەیەم بدەوە.
برای دڵسۆزت ، فڕێد هاڵیدەی  ئیمزا،

فڕێد هاڵیدی لە ساڵی ٢٠٠٢ بوو بە ئەندامی ' ئاکادێمی بریتانیا ' و ئەو کاتەی لە مەدرەسەی ئابووریی لەندەن"لاندن سکوول
 ئاف ئێکنامیکس" پڕۆفێسۆر بوو لە ساڵی ٢٠٠٩ دژایەتی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو پڕۆژە هاوبەشانەی کە ئەو زانکۆ هەرە بە پرێستیژەی بریتانیا لەگەڵ بنیاتی قەزافی وەڕێیان خست.هاڵیدەی
بە پرێشتیژەی بریتانیا لەگەڵ بنیاتی موعەمەر قەزافی لەگەڵ کاری  زانستی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام  بە زمانێکی ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە بۆچوونەکانی خۆی دەهێنا گۆڕێ و ئەوە لە خەسڵەتە بەرچاوەکانی وی ب/
.

دوای خۆ داسەپاندنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و کوشتاری بەربڵاوی ئازادیخوازان، مەنووچێهری کەڵانتەری لە کاتێکدا دەیەوێ لە سنووری ئێران و پاکستان بپەڕێتەوە لە تێکهەڵچوونێک دا لە گەڵ هێزی ئێران لە بەلووچستان  دەکووژرێ. بە بۆنەی مەرگی مەنووچێهر، فڕێد هاڵیدەی بیرەوەری هاوکارییەکانی خۆی و مەنووچێهری کەڵانتەری بۆ پشتیوانی لە خەباتکارانی زوفار و بزووتنەوەی دژی ڕێژیمی شا لە مێریپ ریپۆرت دا بڵاو کردەوە و یادی ئەو دۆستەی خۆی بەرز نرخاند

بێگۆمان فێڕید هالیدەی لە دووتوێی زیاتر لەو پەنجا کتێبە زانستیی و  ئەو ووتارەجۆر بەجۆرانەیدا کە بڵاوی کردووەنە تەوە هەر دەمێنێ، هەروەک شەهید مەنووچێهری کەڵانتەری کە یادی لە لای ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ناسیویانە قەت لە بیر ناکرێ
















No comments: